ئارامتر بخوێنەوە!

مانای “میللی دێمۆکراتیک”بوونی خەباتی کورد لە تێرمینۆلۆژی تێفکرینی چەپدا

ئیسماعیل شەریفی


“هەر لە کوردستانی خۆماندا و دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، هەژاریی تیۆری لەڕادەیەکدا بوو کە هەندێک لە هێزە سیاسییەکان پێیان وابوو ڕادەی ڕادیکاڵ بوون و چەپ بوون بەمە دیاری دەکرێ کە ڕێکخستنی خەبات بەگوێرەی قۆناغی شۆڕشی سۆسیالیستی دیاری بکەین. لە حالێکدا ئەوە فۆرماسیۆنی کۆمەڵگا بوو کە ئەم قۆناغەی دیاری دەکرد نەک ڕادەی چەپ بوون و ڕادیکاڵ بوونی هێزەکان.”


وەسفی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد وەک خەباتێکی “میللی دێمۆکراتیک” بە هۆی ئەندێشەی قاسملووە هاتە ناو دیسکۆرسی سیاسیی حیزبی دێموکراتەوە. ئەم تێرمە سیاسییە هەم لە کاتی ژیانی قاسملوودا و هەم دوای شەهیدبوونیشی بە شێوازێکی بەرفراوان لە ئەدەبیاتی حیزبدا کەڵکی لێ وەرگیراوە و وەک وەسفێکی بەڵگەنەویست و خاوەن مانایەکی ڕوون و بێگرێ‌وگۆڵ بەکار هاتووە. لە تێگەیشتنی گشتیدا “میللی”بوونی خەباتی کورد ئاماژە به فاکتەری نەتەوەیی ئەم خەباتە دەکات و “دێمۆكرات”بوونیشی ئاماژه بە گرینگیدان به بایەخ و مێتۆدە دێمۆکراتیکەکان بۆ بردنە پێشی پێواژۆی خەبات دەکات.

هەر دوو ئەم تایبەتمەندییانە ـ واتە نەتەوەیی‌بوون و دامەزراوبوون لەسەر مێتۆدە دێمۆکراتیکەکان ـ لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی حیزبی دێمۆکراتدا بەدی دەکرێن، کەوابوو وەپاڵ دانیان به شێوازی تێکۆشان و هەڵسووڕانی حیزب هەڵە نییە. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ ئەم زاراوە تایبەتە، لە دیسکۆرسی چەپدا مانای قووڵتر و سەرەکیتری خۆی دەبینێتەوە. ئەم دەستەواژەیە جگە لەوەی دەتوانێ وەسفی خەباتی گەلی کورد بێ، دەتوانێ ئاماژه به قۆناغێکی تایبەت لە ناو قۆناغەکانی شۆڕش و خەباتیشدا بکا.
قاسملوو وەک ڕووناکبیر و سیاسەتوان، کەسایەتییەکی چەپ بوو. واتە لە پاڕادایمی چەپەوە دەیڕوانییە بابەتە جۆراوجۆرەکان. لە فەلسەفەی مێژووەوە بگرە هەتا کاروباری ئابووری و شێوازی ڕێکخستنی خەبات و زۆر بابەتی دیکەش، لە دەلاقەی ئەم پاڕادایمەوە بۆ ئەو، مانای خۆیان دەدۆزییەوە.
قاسملوو لەناو بەرەیەک لە سیاسەتوانان و ڕووناکبیرانی کورددا پێگەیشت کە پاڕادایمی زاڵیان بە هۆی بیری چەپەوە بیچمی گرتبوو. ئەو کات “چەپ بوون” بۆ ڕووناکبیرێکی کورد ڕێسا بوو و “دژە چەپ بوون” هەڵاواردە بوو. لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا خەباتکارانی کورد لە بەرەی چەپدا خۆیان دەدیتەوە. جیاوازییەکە زیاتر لەمەدا بوو که چەپەکان خۆیان لە بەرەیەکی کوردستانیدا دەدیتەوە یان لە بەرەیەکی سەرانسەریی ناو وڵاتێکی وەک ئێران یان عێڕاقدا. زۆربەی خەباتکارە چەپە کوردەکان لە خەباتێکی کوردستانیدا خۆیان دەدیتەوە کە لەسەر بنەمای بیری چەپ بۆ لابردنی ستەمی نەتەوایەتی تێدەکۆشان. بەشێک لە خەباتکارە چەپە کوردەکانیش شکانەوە بە لای خەباتی نەتەواتەتییان به چەشنێک ڕاست‌ئاژۆیی و دووربوونەوە لە نۆڕمە ڕەسەنەکانی تێفکرینی چەپ دەزانی و زیاتر لە ڕێکخراوە سەرانسەرییەکان نزیک دەبوونەوە. ڕەنگه بتوانین بڵێین نموونەی هەرە بەرچاوی خەباتکارانی دەستەی یەکەم (چەپی نەتەوەیی) دکتۆر قاسملوو بوو و نموونەی ناسراوی خەباتکارانی دەستەی دووەمیش (چەپی سەرانسەری) عەلی گەلاوێژ بوو.
جیاوازیی تریش لەگۆڕێدا بوون. یەکێک لە گرینگترین جیاوازییەکان کە دەبوو به پێوەری پۆلێن کرانی ڕێکخراوە چەپەکان، بریتی بوو لە ئایدۆلۆژیی ڕەسمی وڵاتێک لە ئۆردووگای سۆسیالیستی کە ڕێکخراوە چەپەکان، ئایدۆلۆژیی ئەو وڵاتەیان به مۆدێلی دروستی ئایدۆلۆژیی چەپ دەزانی.
دیارە یەکەم وڵات کە نەک هەر له کوردستاندا بەڵکوو لە هەموو جیهاندا وەکوو مۆدێلێک بۆ رێکخراوە چەپەکان چاوی لێ کراوە، یەکیەتی سۆڤیەت بوو. شۆڕشی ١٩١٧ی یەکیەتی سۆڤیەت و سەرکەوتنی شۆڕشگێڕە چەپەکان لە ڕووخاندنی سیستمی تێزاری لە ڕووسیادا و هێنانە سەرکاری سیستمێک کە ببێ بە جەمسەرێک بە دژی هەموو جیهانی سەرمایەداری، ڕووداوێک نەبوو کە خەباتکارانی ئەو سەردەم لە هەر شوێنێکی جیهاندا، بتوانن سەرنجی خۆیانی لێ بدزنەوە و بۆ لای ئەو ئارمانجه هان نەدرێن کە بیانەوێ ئەو مۆدێلە سەرکەوتووە لە وڵاتی خۆشیاندا تاقی بکەنەوە. بەرخۆدان و شۆڕش و خەباتی چەکداری وەکوو تێکنۆلۆژییەک چاوی لێ دەکرا کە هەموو وڵاتێک خاوەنی ئەو تێکنۆلۆژییە نین و خەباتکارانی پڕۆفیشناڵی وڵاتان دەبوو ئەو تێکنۆلۆژییە له سەرچاوەیەکی ڕەسەن و باوەڕپێکراوەوە وەربگرن. دیارە بیری چەپ، بیری خەبات و بەرەنگار بوونەوە و شۆڕش بوو. مارکسیست لێنینیستەکانیش لە سۆڤیەتدا توانیبوویان سیستمێکی کۆنی زەبەلاح بڕووخێنن و دەستەڵات بەدەستەوە بگرن و لە هەمووش گرینگتر ئامادەی ئەوە بوون تێکنۆلۆژییەکیان ـ واتە تێکنۆلۆژی خەبات و شۆڕش ـ وەکوو پەکەیجێکی تاقیکراوه و باوەڕپێکراو، هەناردەی شوێنەکانی دیکەی جیهانیش بکەن و بەم شێوەیە وڵاتان هەرچی زووتر و زۆرتر بهێننە ناو ئۆردووگایەکی سۆسیالیستی کە خۆیان پێشەنگ و ڕابەری بوون.
حیزبی توودە لە ئێراندا و حیزبی شیووعی له عێڕاقدا لەسەر بنەمای ئەم گۆڕانکارییانەدا پێک هاتبوون و ڕووگەیان یەکەتی سۆڤیەت بوو. یەکیەتی سۆڤیەت هەتا ساڵی ١٩٤٩ دەوڵەتێکی بێ‌ڕکەبەری سۆسیالیستی بوو. لەم ساڵەدا مائۆ توانی کۆماری گەلی چین دابمەزرێنێ. نزیکەی دوو دەیە دواتر واتە لە دیەی ٦٠ی زایینی و ٤٠ی کۆچیدا، بەشێک لە هێزە چەپەکان لەسەر ئەم بنەمایە پۆلێن دەکران کە یەکیەتی سۆڤیەتیان به مۆدێلێکی باشتر بۆ تێفکرینی چەپ دەزانی یان چینی مائۆ؟
دوو هۆکار ببوونە هۆی ئەوەی بەرە بەرە بیری چەپی مائۆیی بتوانێ وەکوو مۆدێلێکی ڕکەبەر لەگەڵ مۆدێلی سۆڤیەت خۆی بسەلمێنێ. هۆکاری یەکەم زەبروزەنگێکی لەڕادەبەدەر دوای کۆچی دوایی لێنین لە سۆڤیەت بوو کە وای کردبوو هێزی ڕاكێشانی سۆڤیەت بۆ بزووتنەوە خەباتکارەکان هەتا ڕادەیەک لە کەمی بدا. هۆکاری دووەم ئەوە بوو که لە مۆدێلی چینیدا وەرزێڕان و گوندنشینان لەچاو کرێکاری پیشەسازی واتە پرۆلتاریادا گرینگایەتییەکی زۆر زیاتریان پێ دەدرا و ئەرکی سەرەکیی خەبات دەکەوتە سەرشانی ئەوان. ئەم بابەتە بۆ خەباتکارانی وڵاتانی جیهانی سێهەم قانێکی زۆر گەورە بوو. چونکه پڕۆلتاریا بەمانای ڕاستەقینەی خۆی لە زۆریەک لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا پێک نەهاتبوو. لە تێفکرینی چەپیشدا هێزی سەرەکی خەبات پڕۆلتاریا بوو. پڕۆلتاریا لە شارە پێشەسازییەکاندا بیچمیان دەگرت و ڕێکخراو دەبوون. کەوابوو لە وڵاتێکدا ئەگەر شاری پێشەسازی نەبووایە و پرۆلتاریاش بە مانای ڕاستەقینەی خۆی پێک نەهاتبا، بەگوێرەی ئەو مۆدێلە لە بیری چەپ لەو ولاتەدا شۆڕشیش سەری نەدەگرت. بەڵام ئێستا بەگوێرەی مۆدێلی چینی دەکرا ڕێکخستنی شۆڕشگێڕانە نە لە شار و لەسەر دەستی پرۆلتاریا بەڵکوو لە گوند و لەسەر دەستی وەرزێڕانی گوند بەڕێوە بچێ. ئەم بۆچوونه بۆ زۆریەک لە ڕووناکبیره خەباتکارەکانی وڵاتانی جیهانی سێیەم مزگێنییەکی سەرخۆشکەر بوو؛ هەواڵێک بوو بۆ دەرچوون لە بنبەستێکی تیۆری و عەمەلی؛ مژدەی دەست پێکردنەوەی خەبات و تێکۆشان بوو.
هۆکاری یەکەمین ئینشعاب کە لە حیزبی توودەدا ڕووی دا، کێشەیەک بوو کە لەسەر به مۆدێل زانینی سۆسیالیزمی یەکیەتی سۆڤیەت یان سۆسیالیزمی چینی سەری هەڵدا. حیزبی توودە هەر وەک پێش، یەکیەتی سۆڤیەتی به ڕووگەی خۆی دەزانی. بەڵام “سازمانی ئینقلابیی حیزبی توودە” کە لە حیزبی توودە ئینشعابی کردبوو، ڕێکخراوێکی مائۆئیست بوو و سۆسیالیزمی چینی به مۆدێلێکی دروستتر بۆ ئەندێشەی چەپ دەزانی.
سازمانی ئینقلابیی حیزبی توودە شوێندانانی لە کوردستانیشدا هەبوو. ئەوەی ڕاستی بێت یەکەم ئاشنا بوونی خەباتگێڕانی کوردی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئەندێشەی مائۆئیستی به هۆی هەندێک لە ئەندامانی ئەم ڕێکخراوەوە بوو کە هاتبوونە کوردستان. یەکێک لەو ئەندامانه کوروش لاشایی بوو. شۆڕشگێڕانی حیزبی دێمۆکرات لە ساڵانی ٤٦ و ٤٧، ناسیاوییان لەگەڵ ئەندامان و ئەندێشەکانی ئەم ڕێکخراوەیە هەبوو. ئەندێشەی مائۆئیستی دواتر لە ڕێکخراوه چەپه ئێرانییەکان وەکوو ڕێکخراوی پەیکار و ڕێکخروای چەپی کوردستانی وەکوو کۆمەڵەدا بناغەی ئایدۆلۆژیکی ئەو ڕێکخراوانەی پێک دەهێنا.
بابەتێکی گرینگی دیکە کە دەبوو بەهۆی جیاوازی لە ڕێکخراوە چەپەکاندا، جۆری خوێندنەوەی گەشە کردنی چینایەتی لە کۆمەڵگای ئێراندا بوو. لە ئەندێشەی چەپدا کۆمەڵگاکان بەگوێرەی ئەو قۆناغه ئابوورییانەی بڕیویانه و بەگوێرەی ئەو فۆرماسیۆنە کۆمەڵایەتییەی پێی گەیشتوون، بەسەر هەندێک قۆناغی وەک فیۆدال و بورژوا و سەرمایەدار دابەش دەکرێن. پرسیارێکی گرینگی بیرمەند و هەڵسووڕاوە چەپەکان ئەوە بوو کە کۆمەڵگای ئێرانی زەمانی پەهلەوی بەتایبەت دوای بەڕێوەچوونی بەرنامەی ئیسلاحاتی ئەرزی، چ جۆرە کۆمەڵگایەکە؟ ئایا کۆمەڵگایەکی فیۆداڵە یان پێی ناوەتە قۆناغی سەرمایەدارییەوە؟ ئەگەر کۆمەڵگایەکی سەرمایەدارە، چ جۆرە سەرمایەدارییەک تێیدا زاڵە؟
سازمانی ئینقلابیی توودە پێی وابوو کۆمەڵگای ئێران تەنانەت دوای بەرنامەی ئیسلاحاتی ئەرزیش هێشتا هەر کۆمەڵگایەکی فیۆداڵە و پێی نەناوەتە قۆناغی سەرمایەدارییەوە. بەرەی نوێی خەباتکارە چەپە ئێرانییەکان کە هەم لە باری فیکرییەوە و هەم لەباری تەشکیلاتی و ڕێکخستنەوەوە لە بەرەی پێشووی چەپەکان تێیانپەڕاندبوو، ئەو کەسانە بوون کە دواتر بناغەی دامەزرانی فیداییانی خەڵقی ئێرانیان دانابوو. ئەو کەسانە لە دوو ڕەوتی سەرەکی پێک هاتبوون کە دواتر یەکیان گرت و فیداییانی خەڵقی ئێرانیان پێک هێنا. ڕەوتی یەکەم بازنەی دەوری بیژەنی جەزەنی بوو و ڕەوتی دووەم ئاڵقەی مەسعوودی ئەحمەدزادە و ئەمیرپەرویزی پوویان بوون.
هەر دوو ڕەوتی فیداییان بەپێچەوانەی سازمانی ئینقلابیی توودە پێیان وابوو که کۆمەڵگای ئێران، فۆرماسیۆنی فیۆدالیسمی تێپەڕاندووە و پێی ناوەتە قۆناغی سەرمایەدارییەوە. دیارە ئەوانە لەسەر ئەم بڕوایە بوون کە سەرمایەداریی ئێران به‌پێچەوانەی سەرمایەداریی وڵاتانی ڕۆژئاوایی سەرمایەدارییەکی بەستراوەیە. ئەوان پێیان وابوو سەرمایەداریی بەستراوەی ئێران، پاڵی بە دەوڵەتی حاکم و بورژوازیی کۆمپرادۆر داوە و ئەم بەرەو پێشچوونه ڕواڵەتییە لە بنەڕەتدا خاوەنی خەسڵەتێکی پاشڤەڕۆیانه و کۆنەپەرستانەیە. جیاوازیی فیکریی ئەم دوو ڕەوتە لە دوو بواردا بوو. یەکەم، ڕەوتی ئەحمەدزادە و پوویان پێیان وابوو ئیسلاحاتی ئەرزی ناتەبایی چینایەتی لە ئێراندا قووڵتر کردووەتەوە و بەم هۆیە دەست پێکردنی خەباتی چەکداری دەتوانێ چەخماخەی شۆڕشێکی سەرانسەری لەم کۆمەڵگا دوو جەمسەرییەدا لێ بدا. بەڵام بیژەنی جەزەنی پێی وابوو بەرنامەی ئیسلاحات بەڕاستی هەتا ڕادەیەک شوێندانەر بووە و مەودای نێوان چینەکانی کەمتر کردووەتەوە و ئەگەرچی جەزەنیش خەباتی چەکداری ڕەت نەدەکردەوە، بەڵام پێی وابوو ئەو خەباتە دەبێ خۆی بە چەندین قۆناغدا تێپەڕێ و وەک ڕەوتی ئەحمەدزادە و پوویان پێی وانەبوو خەباتی چەکداری لە یەکەمین قۆناغی خۆیدا تەشەنە دەستێنێ و سەرانسەری دەبێتەوە.
جیاوازیی دووەم لەو دروشمانەدا بوو کە ئەم ڕەوتانە کردبوویانن به دوورەدیمەنی خەباتی درێژخایەنی خۆیان. دروشمی ڕەوتی جەزەنی ئەمە بوو: “بڕووخێ دیکتاتۆریی شا و پشتیوانە ئەمپریالیستەکانی”. دروشمی ڕەوتی ئەحمەدزادە ئەمە بوو: “بڕووخێ ئەمپریالیسم و سەگە زنجیرکراوەکانی”. لە بەراورد کردنی نێوان ئەم دوو دروشمانه هەندێک ڕاستیمان بۆ ڕوون دەبێتەوە. جەزەنی ئەگەرچی پێی وابوو سیستمی سیاسیی ئێران بەستراوەتەوە به زلهێزەکان، بەڵام هەتا ڕادەیەکی زۆریش دەیتوانی مەنتیقی دەروونیی سیستمی سەرەڕۆی زاڵ بەسەر ئێراندا ڕەچاو بکا. جەزەنی سیستمی پاشایەتی لە خزمەتی ئەمپریالیسمدا دەدیت بەڵام پێی وا نەبوو ئەو سیستمە هیچ ئیرادەیەکی سەربەخۆی نییە و ورد و درشتی ئاراستە و سیاسەتەکانی لە دەرەوە بۆ دیاری دەکرێ. لەبەرانبەر ئەم ڕوانینەدا ڕەوتی ئەحمەدزادە هیچ حیسابێکی ـ نە کەم و نە زۆر ـ بۆ سیستمی زاڵ بەسەر ئێراندا نەدەکرد و پێی وا بوو ئیرادەی سیاسیی سەرەکیی ئەو هێزەی وەکوو خودایەک قەدەری ئەم وڵاتە دیاری دەکات، هەر ئەمپریالیستەکانن.
هەموو ئەم باسانە بۆیە ورووژان هەتا ئەم ڕاستییە پێشانی خوێنەر بدەین لە ڕێکخراوە سیاسییەکاندا، هەر چەشنە هەڵوێست یان کردەیەکی سیاسی لەسەر شیکاریی وردی کۆمەڵگا و سیستمی زاڵ بە سەر کۆمەڵگادا دامەزراوە. کۆمەڵگا مەیدانی خەباتی سیاسییە، بەڵام ئەم کۆمەڵگایە مەیدانێکی تەختی بێ‌پێداویستی نییە کە هێزە سیاسییەکان بە هەر شێوەیەک بیانەوێ تێیدا هەڵبسووڕێن. هەر کۆمەڵگایەک خاوەنی پێکهاتەی خۆی و خاوەنی کۆمەڵە پێداویستییەکی تایبەت بەخۆیەتی کە ئەم پێکهاتە و پێداویستییانە، لە بیچم دان به چوارچێوەی خەباتی سیاسی شوێندانەرن. پێچەوانەی ئەمە دەبێتە “ئیرادە تەوەرییەکی ڕووت”. لە ئیرادە تەوەریی ڕووتدا ئەوەی گرینگی پێ دەدرێ ویست و داخوازیی بکەرە سیاسییەکانە و ئەوەی پشت‌ گوێ دەخرێ پێداویستی و داخوازیی کانتێکستە کۆمەڵایەتییەکەیە. هێزی سیاسیی ئیرادە تەوەرەکان زۆرتر وەکوو ئەستێرەیەک بۆ ماوەیەک دادەگیرسێ بەڵام زوو دەخوشێ و دەکوژێتەوە.
ئەمە که دروشمی ڕووخانی سیستم بدرێت یان نەدرێت، شەڕی چەکداری بکرێت یان نەکرێت، لە بزووتنەوەدا هاوپێوەندیی هێزە کۆمەڵایەتییەکان به چ شێوەیەک بێت و ڕابەرایەتی بزووتنەوە بسپێردرێتە کامە چینی ناو کۆمەڵگا و زۆر بابەتی هەندەکی و هەمەکی دیکە، هەموویان بەستراونەتەوە بەو شیکارییەی لە پێوەندییەکانی ناو کۆمەڵگا و لە جۆری سیستەمی سیاسیی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا دەکرێ. هێزێکی سیاسی کە ڕۆژێک دروشمی ڕووخانی سیستم دەدا و ڕۆژێکی دیکە پێی باشە بە جێبەجێ بوونی ئەسڵێکی یاسای بنەڕەتی قایل بێ، ڕۆژێک خۆی بە دەستپێکەر و دەسپێشخەری خەباتی چەکداری دەزانێ و ڕۆژێکی دیکە خەباتی چەکداری بە بێ‌کەلک دەزانێ، هەر لە بنەڕەتدا کردەوە و هەڵوێستەکانی دامەزراو لەسەر هیچ خوێندنەوە و شیکارییەکی قووڵ و وردی سیستم و کۆمەڵگا نییە. هەڵوێستی ئەوانە زۆرتر بەستراوەتەوە بە دوایین قسە و باس و بۆچوون که دەیبیستن.
باسێکی گرینگ لە ئەدەبیاتی سیاسیی چەپ بریتی بوو لە چۆنیەتی ڕێکخستنی هاوپێوەندیی نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکان و ئەسپاردنی ڕۆڵی ڕێبەری و پێشەنگایەتی بە یەکێک لە چینە کۆمەڵایەتییەکان. دیارە لە تێفکرینی چەپدا ئایدیالی جووڵانەوە ئەمە بوو کە ڕابەرایەتی جووڵانەوە بدرێتە دەستی پێشەنگترین چینی کۆمەڵگا کە لە ڕوانگەی ئەوانەوە چینی پرۆلتاریا بوو. بەڵام ئەم ئایدیالە هەمیشە وەدی نەدەهات. چونکه پرۆلتاریا له هەموو کۆمەڵگایەکدا وەکوو یەک گەشەی نەکردبوو. لە هەندێک کۆمەڵگادا هەر لە بنەڕەتدا چینێکی وەک کرێکاری پیشەسازیی وشیار و هەڵسووڕ لەگۆڕێدا نەبوو. لە هەندێک کۆمەڵگای تردا چینی کرێکار پەیدا ببوو، بەڵام ئەوندە بەهێز نەبوو جڵەوی جووڵانەوەیەکی بەربڵاو بگرێتە دەست و شۆڕش بگەیێنێتە سەرەنجام و سەری بخا.
بەم پێیە لە پاڕادایمی چەپدا کۆمەڵگاکان بەگوێرەی چۆنیەتی هاوپێوەندیی نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکان بۆ سەرخستنی شۆڕشێکی سەرانسەری، بەسەر سێ دەستەدا دابەش دەبوون یان باشترە بڵێین لە سێ قۆناغی جیاوازدا پۆلێن دەکران. قۆناغەکان ئەمانە بوون:
ـ قۆناغی دێمۆکراتیکی میللی
ـ قۆناغی دێمۆکراتیکی گەل
ـ قۆناغی شۆڕشی سوسیالیستی
دیارە لە ڕوانگەی چەپەوە پێشکەوتووترین قۆناغ، قۆناغی شۆڕشی سۆسیالیستی بوو. لەم قۆناغەدا چینی کرێکار بە ئاستێک لە پێگەیشتوویی و تەکامول دەگەیشت که بتوانێ بە تەنیا و بێ یارمەتی چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگا، جڵەوی شۆڕش بگرێتە دەست و سەری بخا. بەڵام ئەگەر چینی کرێکار بەم ئاستە لە گەشە نەگەیشتبا، دەبووایە هاوبەندی لەگەڵ چینەکانی تری کۆمەڵگادا ساز بکردایە. ئەم هاوبەندی و یەکگرتنەش دوو شێوازی هەبوو. یان چینی کرێکار هاوبەندی لەگەڵ چینەکانی تری کۆمەڵگادا ساز دەکرد بەڵام هەر خۆی دەبوو به ڕێبەر و پێشەنگی خەبات کە ئەمە دەبوو به “قۆناغی دێمۆکراتیکی گەل” یان بە بێئەوەی ڕابەرایەتی شۆڕش وە ئەستۆ بگرێ، هاوبەندی لەگەڵ هێزە کۆمەڵایەتییەکانی تردا دەکرد، ئەمەش دەبوو به قۆناغی “دێمۆكراتیکی میللی”. کەوابوو پێناسەی قۆناغەکان بەم شێوەیە بوو:
ـ قۆناغی میللی دێمۆکراتیک: خەبات بە هاوبەندی هەموو هێزە کۆمەڵایەتییەکان (وردە بورژوازی، بورژوازیی مام‌ناوەندی، چینی کرێکار، وەرزێڕان و ڕووناکبیرانی شۆڕشگێر) بەڕێوە دەچوو و ڕۆڵی ڕێبەرایەتیش لە دەستی چینی کرێکاردا نەبوو.
ـ قۆناغی دێمۆکراتیکی گەل: هاوبەندی لەگەڵ هێزە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە دەکرا بەڵام پێشەنگی خەبات چینی کرێکار بوو.
ـ قۆناغی شۆڕشی سوسیالیستی: چینی کرێکار ئەوەندە پێشکەوتوو و بەهێز بوو کە پێویستی به هاوبەندی لەگەڵ هیچ هێزێکی کۆمەڵایەتی دیکە نەبوو و توانای ئەوەی هەبوو بە تەنیا خەباتی بکردایه و شۆڕشی سەرخستبایە.
هەڵبژاردنی یەکێک لەم قۆناغانە پێوەندی بە ڕادەی چەپ بوونی ڕێکخراو و ڕێبەرە چەپەکان نەبوو. واتە وا نەبوو ئەگەر ڕێکخراوێک چەپێکی ڕادیکاڵ بایە یان ڕێبەڕێک زۆر چەپ بایە بژاردەی شۆڕشی سوسیالیستی هەڵبژێری و ئەگەر کەمتر چەپ و ڕادیکاڵ بایە، قۆناغی دێمۆکراتیکی گەل یان دێمۆکراتێکی میللی هەڵبژێرێ. هەموو هێزە ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕەکان ئامانجیان ساز کردنی شۆڕشێکی سەرانسەری بوو. بەڵام ئەوە چۆنیەتی فۆرماسیۆنی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا بوو کە دیاری دەکرد کۆمەڵگا لە کامە قۆناغدایە و باشترین ستراتێژی و جۆری ڕێکخستن بۆ خەبات کامەیە.
هەر لە کوردستانی خۆماندا و دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، هەژاریی تیۆری لەڕادەیەکدا بوو کە هەندێک لە هێزە سیاسییەکان پێیان وابوو ڕادەی ڕادیکاڵ بوون و چەپ بوون بەمە دیاری دەکرێ کە ڕێکخستنی خەبات بەگوێرەی قۆناغی شۆڕشی سۆسیالیستی دیاری بکەین. لە حالێکدا ئەوە فۆرماسیۆنی کۆمەڵگا بوو کە ئەم قۆناغەی دیاری دەکرد نەک ڕادەی چەپ بوون و ڕادیکاڵ بوونی هێزەکان.
قاسملوو کۆمەڵگای کوردستانی لە قۆناغی میللی دێموکراتیکدا دەدی و لە زۆربەی نووسراوە و لێدوانەکانیدا هەوڵی دەدا ئەم بابەتە بە زمانێکی ڕوون و شەفاف شی بکاتەوە.
داکۆکیی زۆری قاسملوو لەسەر ئەوە بوو کە ڕوونی بکاتەوە بۆچی لەگەڵ ئەوەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران حیزبێکی چەپ و سوسیالیستە، بەڵام حیزبێکی کۆمۆنیست نییە و هەر بەتەنیا حیزبی کرێکاران و زەحەمەتکێشان نییە؟
دیارە وڵامێکی زۆر ساکاری ئەم پرسیارە لە ڕوانگەی قاسملووە ئەوە بوو کە حیزبی دێمۆکرات هاوکات بۆ لابردنی سێ جۆرە ستەمی مەوجوود خەبات دەکات: ستەمی نەتەوایەتی، ستەمی چینایەتی و ستەمی سیاسی. ڕێگای لابردنی ستەمی نەتەوایەتی دابین کردنی مافی چارەی خۆنووسین لە قالبی خودموختاریدا بوو. ستەمی چینایەتی به هۆی جێبەجێ کردنی پرەنسیپەکانی سوسیالیزمەوە دەسڕایەوە و ستەمی سیاسیش بەهۆی پێڕەو کردنی ڕێوشوێنە گشتییەکانی دێموکڕاسییەوە چارەسەر دەکرا.
حەقیقەتێکی زۆر سادە لەلای قاسملوو ئەوە بوو کە حیزبێک کە بۆ ڕزگاری نەتەوەیی و لابردنی ستەمی نەتەوەیی کار دەکات ـ تەنانەت ئەگەر لە ناو ئەم نەتەوەیەشدا پێوەندییەکانی سەرمایەداری تەواو شکڵیشی گرتبێ و چینێکی کرێکاری گووراو و زۆر هەڵسووڕیشی هەبێ ـ ئەم حیزبە ناتوانێ هەر بە تەنیا حیزبی چینێکی دیاریکراو بێ. بۆ گەیشتن به ڕزگاریی نەتەوەیی دەبێ یەکگرتوویی و هاوئاهەنگییەک لە نێوان هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە وەرزێڕ و کرێکاری پیشەسازی و وردەبورژوا و بورژوای مامناوەندی و ڕووناکبیرانی شۆڕشگێردا ساز بێ.
نامیلکەی کورتەباس بەم پاراگرافەوە دەست پێ دەکا:
“یەکەم پرسیار کە دێتە پێش ئەمەیە کە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران کە حیزبێکی “مارکسیست” یان “مارکسیست ـ لێنینیست” یان “کۆمۆنیست” و بەگشتی حیزبی چینی کرێکار نییە، بۆچی باسی سۆسیالیزم دەکا؟” (کورتەباس، ٧)
وەک باسمان کرد زۆربەی هەڵگرانی ئەندێشەی چەپ و مارکسیستی لە کوردستاندا لە هەژارییەکی لەڕادەبەدەری تیۆریدا بوون، بەم حاڵەشەوە بۆچوونەکانی خۆیان بەشێوەی کۆمەڵە حەقیقەتێکی قەتعی و نەگۆڕ و گشتگیر دەدی و بە نیسبەتی بۆچوونەکایان لەوپەڕی دۆگمبووندا بوون. قاسملوو ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە نووسراوە و لێدوانەکانیدا دەیویست ناڕاست‌بوونی دوو بۆچوونی هەڵە نیشان بدا.
بۆچوونی هەڵەی یەکەم ئەوە بوو کە زۆربەی مارکسیستە کوردەکان پێیان وابوو لە سێ قۆناغی دێمۆکراتیکی میللی و دێمۆکراتیکی گەلی و خەباتی سۆسیالیستیدا، دوو قۆناغی یەکەم و دووەم هەر لە بنەڕەتدا شۆڕشی هیچ گەلێک بە سەرەنجام ناگەیەنن و هەر شۆڕشێک ئەگەر بیەوێ سەربکەوێ دەبێ به قۆناغی سێیەمدا تێپەڕێ؛ واتە چینی کرێکاری پێشڕەو، هەمیشە بێ یارمەتی چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا و هەر خۆی بە تەنیا دەتوانێ شۆڕشەکە بەڕێوە ببا و سەریشی بخات.
لە بۆچوونی هەڵەی دووەمدا هەندێک لە مارکسیستە کوردەکان دانیان بەوەدا دێنا کە لە هەندێک حاڵەتدا قۆناغی یەکەم و دووەمیش بۆیان هەیە شۆڕشی گەلێک سەربخەن، بەڵام شۆڕشی گەلی کورد لە قۆناغی سێیەمدایە و هەر شۆڕشێک لە کوردستاندا بکرێ، دەبێ زەحمەتکێشان بە بێ یارمەتی وەرگرتن لە چینە مام ناوەندییەکان و بە سڕینەوەی ئەوان بیانکات.
قاسملوو بۆ نیشاندانی ناڕاستیی بۆچوونی یەکەم، ئەو شۆڕشە چەپانەی بە نموونە دێناوە کە بە بێ پێشەنگ‌بوونی چینی کرێکار و تەنانەت بە بێ‌ئەوەی چینی کرێکار لەو وڵاتانەدا گوورابێ، سەرکەوتوون. دوو نموونەی هەرە بەرچاو لەو شۆڕشانە لە ڕوانگەی قاسملووە لە مەغوولستان و کووبادا ڕوویان دابوو. لە ساڵی ١٩٢١ لە مەغوولستاندا شۆڕش سەرکەوت. دکتۆر دەنووسێت:
“لە زەمانی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلیدا، مەغوولستان نەک هەر چینی کرێکاری لێ نەبوو، بەڵکوو بەنموونە یەک کارگەشی لێ نەبوو. هەموو شوان و کۆچەر بوون.” (کورتەباس، ٦٩)
لێرەوە دکتۆر قاسمڵوو ڕووی قسەی دەکاتە ئەو مارکسیستە کوردانەی کە لە هەژارییەکی تیۆریکی بەرچاودا بوون:
“ئەگەر ئەم بۆچوونه لە مەغوولستان سەرکەوت کە نە حیزبی چینی کرێکاری لێ بوو و نە تەنانەت حیزبێکی وەک حیزبی دێمۆکرات و نە ئەسڵەن هیچ ڕێکخراوێکی سیاسی دیکە و ئەگەر ئێستا مەغوولستان بۆتە وڵاتێکی سوسیالیستی، مانای ئەوەیە مێژوو ئەو دوگمەی ڕەت کردۆتەوە کە هێندێ لاوی ناشارەزا دووپاتی دەکەنەوە” (کورتەباس، ٦٩)
نموونەی دووەم کە لە شۆڕشەکەی مەغوولستانیش بەرچاوترە، نموونەی کووبایە:
“لە ساڵی ١٩٥٩دا شۆڕشی کووبا به سەرۆکایەتی فیدیل کاسترۆ سەرکەوت. ئەم شۆڕشە لە لایەن هیچ حیزبێکی چینی کرێکارەوە ڕێک نەخرابوو. نەک هەر ئەوە، فیدیل کاسترۆ لە ساڵی ١٩٥٩ و ١٩٦٠دا دژی کۆمۆنیست و دژی یەکیەتی سۆویەتی و وڵاتەکانی سۆسیالیستی بوو […] کاتێک فیدیل کاسترۆ دەستی کرد به شۆڕش، نە ڕێکخراوی هەبوو نە حیزبی پێشڕەوی هەبوو و نە نوێنەری چینی کرێکار بوو.” (کورتەباس، ٧٠ـ٦٩)
هەتا ئێرە قاسملوو ویستوویەتی ئەوە نیشان بدا کە ڕەت کردنەوەی دوو قۆناغەکەی دیکەی شۆڕش و پاوان کردنی شۆرش، هەر بە تەنیا لە شۆڕشێکدا کە چینی کرێکار بۆخۆی و بێ‌ یارمەتی وەرگرتن لە چین و توێژەکانی دیکە بە شێوەی مۆنۆپۆل بەڕێوەی ببا، لە مێژوودا نموونەی هەڵوەشێنەرەوەی هەیە و هەر بۆیە هەڵەیە. ئێستا دێتە سەر شی‌کردنەوەی ئەوە کە بۆچی لە کوردستاندا خەباتی ڕزگاریخوازانە ناتوانێ به قۆناغی سێیەمدا تێپەڕێ و دروست‌تر ئەوەیە کە خەباتی کورد بە قۆناغی میللی دێمۆکراتیکدا تێبپەڕێ.
ئیستدلالی ئەو لەم بارەیەدا، دەکرێ بە دوو بەش دابەش بکەین:
یەکەم. قاسملوو لە بەشی یەکەمی بەڵگاندنەکەیدا دەیەوێ نیشان بدا، بەدەستەوە گرتنی جڵەوی شۆڕش بە هۆی چینی کرێکاری شۆڕشگێرەوە لە کۆمەڵگایەکدا دەکرێ ڕووبدا کە سەرمایەداری ـ وەکوو سیستمێکی موناسباتی ئابووری و کۆمەڵایەتی ـ بە تەواوی تێیدا گوورابێ و چینێک بە ناوی سەرمایەدار و چینێکیش بە ناوی کرێکار لە هەناوی ئەم کۆمەڵە موناسباتەوە سەریان هەڵدابێ. ئینجا ئەو چینە بیچم گرتووەی کرێکار یان پرۆلتیاریا لە کۆمەڵگایەکی ئەوتۆدا ئەگەر هەندێک مەرجی دیکەی ودەست هێنابێ دەتوانێ جڵەوی شۆڕش وەدەست بگرێ. لە ڕوانگەی قاسملووەوە لە کۆمەڵگای کوردستاندا ئەگەرچی یەکەمین نیشانەکانی پەڕینەوە بۆ موناسباتی سەرمایەداری وەدی هاتووە بەڵام ئەم پەڕینەوەیە هێشتا لە سەرەتای خۆیدایە و ئەوەی راستی بێت نە سەرمایەدارانی ڕاستەقینە وەک چینێکی گووراو و نە کرێکاران وەک چینێکی ڕسکاو لە کوردستاندا هەن.
“ڕاستە کە کۆمەڵی کوردەواری پێی ناوەتە قۆناغی سەرمایەداری، بەڵام هێشتا خۆی بە تەواوی لە پێوەندییەکانی سەردەمی دەرەبەگایەتی ڕزگار نەکردووە. تەرکیبی کۆمەڵایەتی وڵاتەکەمان و تەرکیبی چینایەتی کۆمەڵی ئێمە، جیاوازییەکی تەواوی لەگەڵ کۆمەڵێکی سەرمایەداری هەیە” (کورتەباس، ٣٧)
قاسملوو بە زمانێکی زۆر ساکار ئەو ڕاستییە شی دەکاتەوە کە هەر دەوڵەمەندێک، سەرمایەدار نییە و سەرمایەدار بوون لەباتی ئەوەی وەسفی کۆمەڵێک لە مرۆڤەکان بێ، وەسفی جۆرێکی تایبەت لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانه:
“مارکس کە لە شی‌کردنەوەی سەرمایەداریدا هیچ کەس نایگاتێ، دەڵێ: سەرمایەداری پێوەندیەکی کۆمەڵایەتییە. ئەم تەعریفه ڕەنگه لەبەرچاوی ئەو کەسانە کە هەر باسی سەرمایەدار کرا، فەوری گیرفانی پڕ لە دراو و موڵک و ماڵیان وەبیر دێتەوە، هێندێک سەیر بێ. بەڵام لەڕاستیدا تەنیا ئەو کاتە دەتوانین باسی سەرمایەداری بکەین کە پێوەندییەکی کۆمەڵایەتی تایبەتی پێکهاتبێ واتە لە لایەک سەرمایەدار هەبێ و لە لایەکی دیکە کرێکار و لە بەینی ئەو دووانەدا پێوەندی چەوساندنەوە دامەزارابێ. چەوساندنەوە لەبەر ئەوەی کە کرێکار خاوەنی ئامرازی بەرهەمهێنان (وسایل تولید) نییە و بە ناچاری هێزی کاری خۆی دەفرۆشێ. کەوابوو دەوڵەمەند و سەرمایەدار لێک جیان. هەر سەرمایەدارێک دەوڵەمەندە، بەڵام هەر دەوڵەمەندێک سەرمایەدار نییە. جا ئەگەر لە ڕوانگەیەکی ئاوا بڕوانینە کوردستانی ئێران، دەبینین کە ئێستا لە کوردستاندا دەوڵەمەند هەیە، بەڵام سەرمایەدارێکی ئەوتۆ وەبەرچاو ناکەوێ” (کورتەباس، ١٦)
کەوابوو لە ڕوانگەی دکتۆر قاسملووە، فۆرماسیۆنی ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردستان لە نێوان قۆناغەکانی فیۆدالیزم و سەرمایەداریدا جێگیر دەبێ. لە کۆمەڵگایەکی ئەوتۆدا ناکرێ شۆڕشێکی سیاسی بەهۆی چینی کرێکارەوە بکرێ و کۆمەڵگا شێوازی سیێەمی شۆرش ئەزموون بکا.
دووەم. نەتەوەیەک لە لە قۆناغی ڕزگاری نەتەوەییدایە، پێویستی به یەکانگیری و تێک ئاڵقانی هەموو چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگای خۆی هەیە. لە کۆمەڵگایەکی ئەوتۆدا لابردن و سڕێنەوەی هەر چین و توێژێک بەمانای کوژاندنەوەی یەکێک لە داینەمۆکانی مۆتۆڕی شۆڕش و کز کردنەوەی تین و تەوژمی شۆڕشە و هەر لە جێدا بەمانای لادان لە ئارمانجی یەکگرتوویی نەتەوەیییە. لێرەدایە کە گرینگایەتی تێگەیشتن لە قۆناغی میللی دێمۆکراتیک، بۆ بەڕێوەبردنی خەبات بە باشترین شێوه خۆی دەنوێنێ:
“لەبەر ئەوە لە کوردستانی ئێستادا هەڵگرتنی دروشمی دژی سەرمایەداری پێویست ناکا. بەتایبەتی کە قۆناغی ئێستای خەبات قۆناغی میللی دێمۆکراتییە و سەرمایەداری لە کوردستان لە چینێکی یەکگرتوو و ڕێکخراودا خۆی نەنواندووە کە بەرامبەر به داخوازی میللی ـ دێمۆکراتیکی ئێمە ڕابوەستێ. تەنانەت بەپێچەوانەی ئەوە بورژوازی و وردەبورژوازی بەتایبەتی لە شاردا کە زۆرتر بازاڕی و بازرگانە، بۆخۆی یارمەتی خەباتی گەلی کورد دەدا و تێیدا بەشدارە” (کورتەباس، ١٦)



ئەنجام

لە ڕوانگەی قاسملووە ئەگەر دەستەواژەی میللی دێمۆکراتیک وەک وەسفی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد بەکار بێنین، ئەو دەستەواژەیە ئاماژە بۆ نەتەوەیی بوونی خەبات لە لایەک و دێمۆکراسیخوازانە بوونی خەباتەکە لە لایەکی دیکە دەکا. بەڵام ئەگەر میللی دێمۆکراتیک‌بوون وەک قۆناغێک لە خەبات چاو لی بکەین مانای ئەوەیە خەباتی نەتەوەکەمان لەناو سێ قۆناغی میللی دێمۆکراتیک، دێمۆکراتیکی گەلی و خەباتی سوسیالیستیدا لە قۆناغی میللی دێمۆکراتیکدایە و خەباتێکی لەو چەشنه، پێویستی بە سازدانی یەکگرتویی و یەکانگیرییەک لەناو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا و خۆپاراستن لە سڕینەوەی توانستی شۆڕشگێرانەی هەر یەک لە بەشەکانی کۆمەڵگایە. مانای ڕاستەوخۆی ئەم بۆچوونه ئەوەیە کە خەباتێکی ئەوتۆ لە بنەڕەتدا پێویستی بە نەخشەیەک بۆ دیاری کردنی مێکانیزمی پێوەندی ساز کردن لە نێوان بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵگا و چۆنیەتی ڕێکخستنی ئەو بەشە جیاجیانە بۆ بەرهەم هێنانی زیاترین وزەی شۆڕشگێڕانە، هەیە.



سەرچاوەکان

بهرزو، مازیار، شورشیان آرمانخواه، ناکامی چپ در ایران، ترجمه مهدی پرتوی، تهران، نشر ققنوس، ١٣٨٠
روشنایی، فرزاد، مارکسیست‌های ایدەالیست، تحول ایدئولوژی چریک‌های فدایی خلق، تهران، نشر اختران، ١٣٩٨
قاسملوو، عەبدوڵڕەحمان، کورتەباس، سوئید، کتێبی ئەرزان، ٢٠٠٣

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان