ئارامتر بخوێنەوە!

ململانێ و هەڵاواردنی ئێتنیکی لە ئێران
توندوتیژی، هەژاری و بێکاری
شیکاریی بەراوردکاری ئێتنیکەکانی بەلووچ،کورد و فارس لە ئێران


زانکۆی نیۆ بۆلگاریا یونیڤێرسێتی

کەیهان یووسفی ـ خوێندکاری ماستەر لە ڕێبەریی ستراتژیک



پێشەکی

ژمارەیەکی بەرچاو لە بیرمەندانی سیاسی دەبێژن کە ڕیشەی سەرەکیی ململانێی ئێتنیکی بوونی خودی ئێتنیک نییە، بەڵکوو هۆکارەکانی ڕێکخراوەیی، سیاسی و ئابوورین. ئەم خاوەنڕایانە دەڵێن کە چەمکی شەڕی ئێتنیکی سەرلێشێوێنەرە چونکە دەمانگەیەنێتە بەرەنجامێکی گشتی کە گرووپگەلێکی دیاریکراو ناچار بە شەڕی هەمیشەیی لەگەڵ یەکترن، بەڵام لە ڕاستیدا زۆربەی شەڕە ئێتنیکییەکان بەرەنجامی بڕیارگەلی سیاسین[1].

ململانێی سیاسی پێویستی بە ئامادەبوونی کۆمەڵگایەکی تێکەڵاوی ئێتنیکی لەنێو سنووری یەک وڵاتدا هەیە.چونکە ململانێی سیاسی لەسەر بنەمای هەوڵ و تێکۆشانی دوو گرووپی جیاواز بۆ گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسیەوە دێتە ئاراوە، ئەمەش لە بنەڕەتدا پێوەندیی بە بوونی دەوڵەتانەوە هەیە[2].

ئێران وڵاتێکی فرە ئێتنیکە لەگەڵ ئایین و ئایینزای جیاوازدا. ئێتنیکەکانی فارس، ئازەری، کورد، عەرەب، بەلووچ، تورکمەن و … لە ئێراندا بوونیان هەیە. هەروەها ئایینزاکانی شێعە و سوننەی ئیسلامی و ئایینەکانی مەسیحی، جوو،زەرتەشتی، یارسان و بەهایی لە ئێران خاوەن شوێنکەوتووانی خۆیانن.

تا پێش دامەزراندنی دەوڵەتی مودێڕنی ناوەندگەرا لە لایەن ڕەزا شا[3]  و لە ساڵی  1925ز، ناوی ئێران، وڵاتانی پارێزراوی ئێران(ممالک محروسە ایران) بوو کە بە سیستەمی دێسنتراڵی(ناناوەندیی) نەریتی بەڕێوە دەچوو. ناوچەگەلێکی سەربەخۆ کە لە لایەن حاکمانی ناوچەییەوە بەڕێوە دەچوون.

شکڵ گرتنی  دەوڵەت ـ نەتەوەی مودێڕن لە ئۆرووپا شوێندانەری لە سەر نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوو. ئەم شوێندانەرییە لە ئێران لە  سەر توێژی خوێندەواری فارس کاریگەرییەکی ئێجگار زۆرتری هەبوو و ئەو بیرۆکەیەی لە زەینیاندا نەخشاند کە ئێرانێکی مودێڕن و یەکدەست بە ناوەندییەتی ئێتنیکی فارس و زمانی فارسی دروست بکەن.

لێرەدا ئاماژە بە ڕوانگەی هێندێک لەم خوێندەوار و خاوەنڕا فارسانە تا پێش شکڵگرتنی دەوڵەتی مودێڕنی ئێران لە لایەن ڕەزا شاەوە دەکەین:

میرزا فەتحعەلی ئاخوندزادە(12جولای 1812 – 9ی مارچ 1878) یەکێک لەو کەسانەیە کە تێڕوانین و ئایدیاکانی شوێندانەرییەکی زۆری لەسەر پەرەسەندن و بڵاوبوونەوەی ناسیۆنالیزمی فارسی لە ئێراندا هەبووە. ئاخوندزادە پێی وابوو کە ڕەگەز و زمان دوو فاکتەری گرنگن بۆ دروست کردنی نەتەوەیەک و باوەڕی وا بوو کە مرۆڤ دەبێت بە نیسبەت ڕەگەز و زمانەوە دمارگرژ بێت نەک ئایین[4].

میرزا مەلکەم خان(1834 -1908) ڕێگەچارەی مانەوەی یەکپارچەیی خاکی ئێرانی بە یەکگرتووییی زمان دەزانی. ناوبراو پێی وابوو کە زمانێکی یەکگرتوو دەتوانێت یەکیەتی ئێران بپارێزێت[5].

بەڵام گشتگیرترین تێڕوانین لە مەڕ سیاسەتی ئێتنیکی کە لە لایەن ڕەزا شاوە بە کردەیی کرا لەلایەن مەحموود ئەفشار یەزدییەوە(1893-1983) ڕاگەیەنرا. ئەو تێڕوانینی خۆی لەمەڕ یەکبوونی نەتەوەیی بەم چەشنە دەخاتە بەرباس:” بەڵام مەبەست لە تەواو کردنی یەکبوونی نەتەوەیی ئەوەیە کە لە هەموو وڵاتدا زمانی فارسی گشتگیر بێت، جیاوازیی ناوچەیی لە بواری جلوبەرگ و… چارەسەر بکرێت و نەمێنێ و پاشایەتیی خێڵەکی بە گشتی لە ناوبچێت. کورد و لوڕ و قەشقایی و عەرەب و تورک و تورکمەن و… هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ یەکتر نەبێت، هەر کامەیان جلوبەرگی تایبەت بە خۆیان لەبەر نەکەن و بەزمانی خۆیان نەئاخێون. بە ڕای ئێمە تا لە ئێراندا یەکیەتیی نەتەوەیی لە بواری زماندا وەدی نەیەت، هەر چرکە سەربەخۆییی سیاسی و تەواویەتی خاکی ئێمە لە مەترسیدایە[6].”

بژاردەکانی فارس لە بیری دروستکردنی ئێرانێکی بە هێزی مودێرن بۆ زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریی ئێرانی بوون. لە ساڵی 1925ز ڕەزا شا خۆی وەکوو شای ئێران ناساند و پاشایەتیی بنەماڵەی پەهلەویی لە ئێراندا دامەزراند.

” ئەگەر لە ئۆرووپا ئەوە نەتەوەکان بوون کە حکوومەتی نەتەوەییان دروست کرد، لە ئێران هەر وەک وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەسەڵاتی پەهلەوی حکوومەتێک بوو کە دوای دامەزران ویستی نەتەوە چێ بکات. دەوڵەت ـ نەتەوەی ئێران واتا حکوومەتێکی ناوەندگەرا لەگەڵ نەتەوەیەکی یەکدەست و دروستکراو. بۆ وەدیهاتنی ئەمەش پێویست بوو گشت ناسنامە ئێتنیکی و نانەتەوەییەکان لە ناو بچن.[7]

ڕەزا شا دەیهەویست ئێران یەکدەست بکات. کردەوەکانی ئەو هاوکات بوو لەگەڵ گەشەی ڕەگەزپەرەستی لە ئۆرووپا و دەرکەوتنی نازیسمی ئاڵمانی و فاشیزمی ئیتالیایی. ئەو تێدەکۆشا ناسنامەیەکی نوێ بۆ دانیشتوانی ئێران دروست بکات. ناسنامەیەک کە هەم پێیەکی لە ڕابردوودا بێت و هەمیش ئەوان یەکدەست بکات. ڕەگەزی ئێرانی لە ئەندێشەی ڕەزاشادا “ئاریایی” بوو. ناوبراو ڕەگەزی ئێرانییەکانی  بە ئاریایی دەزانی. ئەم ڕەگەزە پشتوانەیەکی دیرۆکیی شارستانیەتیشی هەبوو.لەم ڕوانگەیەدا ڕەگەزەکانی دیکە بێگانە و ئەویتر بەئەژمار دەهاتن و لە ڕاستیدا هەبوونی ئەوان حاشای لێ دەکرا[8].

لە تێڕوانینی ڕەزاشادا، فارسی وەکوو زمانی نەتەوەیی دیاری کرا و زمانەکانی دیکە پەراوێز خران.زمانی فارسی بە زمانی خۆمانە دەژمێررا. زمانێک کە دوژمنانێکی زۆری هەبوو و بوونی لە لایەن بیانییەکان و دوژمنانەوە هەڕەشەی لێ دەکرا. ناوەندەکانی ناسنامەسازیی ڕەزا شا لەو باوەڕەدا بوون کە هەموو زمانە غەیرەفارسییە ئێرانییەکان زمانی نانەتەوەیین و بە پێی پرۆژەی ناسنامەسازیی نەتەوەییی ئێرانی، ئەم زمانانە دەبێت لە ناو بچن ونەمێنن[9].

لە سەردەمی ئەودا، لە بەرکردنی جلوبەرگی ئێتنیکی و نەریتی،نووسین و بڵاوکراوە بە زمانی ئێتنیکەکانی دیکەی ئێرانی و هەرچەشنە خۆپیشاندانێکی کولتووری نافەرمی قەدەغە کرا و سەرپێچیکەران سزا دران. بەم چەشنە ئێران بە وڵاتێک دەزانرا کە خاوەنی یەک زمان، یەک کولتوور و یەک ئێتنیکە[10].

کردەوەکانی ڕەزا شا بۆ یەکدەست کردن و دروست کردنی یەکیەتی و یەکپارچەیی، ناەڕزایەتیی بەربڵاوی لە نێوان ئێتنیکەکانی دیکە لێ کەوتەوە. هەستی خاوەندارێتی و ئەمەگناسی بە ئێتنیک و گرووپە ئایینیەکان بەرزتر بووەوە. بزووتنەوە ناسنامەخوازەکان لە ئازەربایجان، کوردستان، عەرەبستان، بەلووچستان، لوڕستان و تورکمەن سەحرا سەریان هەڵدا.

تێکهەڵچوونی ئێتنیکی لەنێوان ئەم ئێتنیکانە و حکوومەتی ناوەندی لەم کاتەوە پەرەی سەند. دوای ڕەزا شا و لە سەردەمی حەمە ڕەزای کوڕی و هەروەها دوای شۆڕشی 1979 سیاسەتی ئێرانی یەکدەست و زمانی هاوبەش درێژە پێ درا. دەرکەوتەی ئەم تێکهەڵچوونە ئێتنیکییانە، سەرکوت، نەبوونی تەناهی لە ناوچە ئێتنیکییەکان، نەبوونی سەرمایەگوزاری حکوومەتی لەم ناوچانە، سیاسەتی پاشکۆ ڕاگرتنی ئابووریی ئەم ناوچانە، هەژاری و بێکاری و زیاتر بوونی ئەم تێکهەڵچوونانە بوو. گرێیەک کە حکوومەتی ناوەندی جیا لە سیاسەتی سەرکوت ئامادە نییە هیچ هەوڵێکی دیکەی بۆ بدات.



گریمانە بنەڕەتییەکان

بۆ گەیشتن بە بەرەنجامی ئەو شتانەی لە پێشەکیدا باسمان کرد، ئەم گریمانە بنەڕەتییانەی خوارەوە لە بەرچاو دەگیررێن:

     ململانێی ئێتنیکی پێویستی بە ئامادەبوونی کۆمەڵگایەکی تێکەڵاوی ئێتنیکی لە سنووری یەک دەوڵەتدا هەیە.چونکو ململانێی سیاسی لەسەر بنەمای هەوڵ و تێکۆشانی دوو گرووپی جیاواز بۆ گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسییەوە دێتە ئاراوە، ئەمەش لە بنەڕەتدا پێوەندیی بە بوونی دەوڵەتانەوە هەیە.

     پۆتانسیەلی ململانێی ئێتنیکی دیاردەیەکی جیهانییە، چونکە ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە تەنیا یەک ئێتنیک تێیاندا دەژی زۆر کەمە.

     بێچم گرتنی حکومەتێکی دێموکراتیک و فیدراڵ یان دروست بوونی وڵاتێکی سەربەخۆ بۆ هەر کام لە گرووپە ئێتنیکییەکان دەتوانێت ململانێی ئێتنیکی کۆتایی پێ بێنێ.

     ململانێی ئێتنیکی لە ڕێگەی کۆچی زۆرەملێ و دەرکردن و ژینۆسایدەوە بە شێوەی کاتی چارەسەر دەکرێت. سەرەڕای نامۆراڵی بوونی ئەم ڕێگەچارەیە تا کاتێک کە گرووپە ئێتنیکییەکان لە وڵاتێکدا پێکەوە بژین، ململانێی ئێتنیکی لەناو ناچێت.




پرسی ململانێی ئێتنیکی لە ئێران

  • ململانێ و هەڵاواردنی ئێتنیکی بۆ ماوەی نزیک بە یەک سەدەیە لە ئێراندا بوونی هەیە. پێکهاتەی ناوەندگەرای دەسەڵات، سیاسەتی سەرکوت، ئاسیملاسیۆن و پشت گوێ خستن مافی ئێتنیکەکانی دیکە نەیتوانیوە ئەم ململانێیە چارەسەر بکات.

لە وڵاتانی فرەئێتنیکدا، یاسای بنەڕەتی دەتوانێت پێناسەی ناسنامەی نەتەوەیی بکات و مافی گشت دانیشتووانی ئەو وڵاتە لەبەر چاو بگرێت.بەم چەشنە شارۆمەندانی ئەو وڵاتە هەست بە ئەمەگناسی و خاوەندارێتی بە نیسبەت وڵاتەوە دەکەن. بۆ نموونە، لە سویسڕا، ئاخێوەرانی ئاڵمانی و فەرانسەیی ناسنامەی سوویسی خۆیان لە سەرەوەی ناسنامەی ئاڵمانی بوون یان فەرانسەیی بوونی خۆیانەوە دەزانن. لەم چەشنە جڤاتانەدا دوو چەشن ناسنامە هەیە، ناسنامەی ئێتنیکی و ناسنامەی نەتەوەیی. ئەگەر یاسای بنەڕەتیی وڵات مافەکانی چەندین ئێتنیک بە قازانجی یەک ئێتنیک  پشت گوێ بخات، لێرەدایە کە ململانێ لەنێوان ناسنامەی ئێتنیکی و ناسنامەی نەتەوەییدا دێتە ئاراوە. ناسنامەی ئێتنیکی دەبێتە جێگرەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و هەست بە خاوەندارێتی و ئەمەگناسی بە نیسبەت ناسنامەی ئێتنیکییەوە چێ دەبێت. ئەم چەشنە لە وەفاداری و ئەمەگناسییە دەبێتە هۆکاری جیاوازی دانان لە پێکهاتەی سیاسی وڵاتدا.

جڤاتێکی فرەئێتنیکی هەمیشە هۆکاری ململانێی ئێتنیکی نیە، بەڵکوو ململانێی ئێتنیکی پێویستی بە هەست بە چەوساندنەوە لەلایەن گروپێکی ئێتنیکییەوە هەیە. کاتێک دەسەڵات بە شێوەی نایەکسان دابەش دەبێت و گروپێک هەست بە ستەم و چەوساندنەوە دەکات، بۆ دابینکردنی مافە پێشێلکراوەکانی دژی دەسەڵاتی چەوسێنەر هەڵوێست دەگرێـت.

لە لێکدانەوەی ململانێی ئێتنیکیدا، دوو ڕەهەند لە فۆرم و چەشنی ململانێ زۆر دیار و بەرچاوە[11].  فۆرمی ململانێ دەگەڕێتەوە بۆ چۆنیەتیی ڕوودانی ململانێ، کە دەتوانین بە شێوازێکی گشتی بە دوو فۆرمی توندوتیژ(شۆڕش،کوودەتا، جوداییخوازی) و ناتوندوتیژ(ناڕەزایەتی دەربڕین) پۆلێنەبەندی بکەین.ئەم ململانێیە یان لەگەڵ گرووپێکی ئێتنیکی دیکەیە یان لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی. لەم پێوەندییەدا دەتوانین ڕەهەندێکی سێهەمیش لە بەرچاو بگرین و ئەویش سەرچاوەکانی ململانێیە کە دەتوانێت سەرچاوەگەلی سیاسی، ئابووری و یان ناکۆکی ئێتینکی  و ئایینی بێت.

تیۆریی تەناهی (ستێنبرگ2007) دەڵێت تا هەر ڕادەیەک هەست بە نەبوونی تەناهی لە نێو ئێتنیکێکدا زۆرتر بێت،ئەگەری ئەوەی کە هەوڵی شۆڕش و کردەوەی توندوتیژانە بدات زیاترە. هەر بەم بۆنەیەوە دوو چەشن لە نائەمنیی سیاسی و ئابووری لە بەرچاو گیراوە.

تەناهیی سیاسی پێوەندیی بە ڕادەی شوێندانەریی یەک ئێتنیک لە سەر هاوکێشەکان لە نێو کۆمەڵگادا هەیە. تەناهیی ئابووری ئاماژە بە ڕادەی دەستێوەردانی حکوومەت لە ئابووری و پاوانکردنی بیاڤی ئابووری(بێ بەشبوونی گرووپە ئێتنیکیەکانی دیکە لە ئابووریدا) دەکات. بە وتەیەکی دیکە، تەناهیی ئابووری بە ڕادەی شوێندانەریی ئێتنیکێک لە سەر ئابووریی نەتەوەیی ئاماژە دەکات.

جێی ئاماژەیە کە چەشنەکانی تەناهی کە لە سەرەوە باس کران بە دابەشبوونی یەکسانی دەرفەتە سیاسییەکان، یەکسانیی سیاسی(وەکوو بەدەستهێنانی پلە و پایەی سیاسی،ئیمکاناتی ئابووری)، دەرفەتی ئابووریی یەکسان، خولقاندنی ئیش و کار، خەبات دژی ڕانت و بەرزبوونەوەی خۆشبژیوی ژیان پۆلێنبەندی دەکرێن. لە دابەشکاریی دادپەروەرانەی ئەم دەرفەتانەدا، تەناهی لە وڵاتێکدا بەرز دەبێتەوە و  پێش لە شەڕ و ململانێ لەگەڵ حکوومەت (خاوەنی ئەم سەرچاوە بەنرخانە) دەگرێت[12].

دوای پێک هاتنی دەوڵەتی مودێڕنی ئێرانی لەسەر بنەمای ئێتنیک و زمانی فارس، ئێتنیکەکانی دیکەی نیشتەجێی ئێران لە دژی سیاسەتی یەکدەست کردنی ڕەزا شا وەستان. ئەمەش بووە هۆی ململانێ و شەڕ لە ناوچەکانی ئازەربایجان، کوردستان، بەلووچستان، ئەلئەحواز و تورکمەن سەحرا. ئەم ململانێیە تا هەنووکەش هەر درێژەی هەیە.

حکوومەتی ناوەندی لە جیاتی پەرەپێدان و گەشەی ئابووری و سیاسی لەم ناوچانە، جەختی لەسەر بردنەسەرەوەی ژمارەی هێزی سەربازی و سەرکوتی زیاتری خەڵکی ئەم ناوچانە دەکات.

لەم نووسینەدا و بەپێی ئەو شتانەی لە سەرەوە خرایە بەرباس، تێدەکۆشین کە وەڵامی پرسیارەکانی خوارەوە بدەینەوە:

دەرکەوتە و ئاسەوارەکانی ململانێی ئێتنیکی چییە و چۆن دەتوانرێت ئەم ململانێ ئێتنیکییانە لە ئێراندا کۆتایی پێ بهێنرێت؟



گریمانە

گریمانەی سەرەکی ئەمە دەبێت کە تەنیا ڕێگە چارەی کۆتایی هێنان بە ململانێ و شەڕی ئێتنیکی لە وڵاتێکی فرەئێتنیکیدا، ددانپێدانان و دابینکردنی مافی گشت ئێتنیکەکانی ئەو وڵاتەیە. کۆتایی هێنان بە ململانێ و شەڕی ئێتنیکی دەتوانێت هەڵاواردنی سیاسی وئابووریش کەم بکاتەوە.

هەروەک لە سەرەوەش ئاماژەمان پێ دا، پێکهاتەی حکوومەتی ناوەندی لە ئێران وەکوو پێکهاتەیەکی ناوەندگەرای نادێموکراتیک هۆکاری بەرزبوونەوە و بەرینتر بوونی ململانێ و شەڕی ئێتنیکییە لە ئێران.

ئێتنیکە غەیرەفارسەکان لە ئێران لە سەر ئەو بڕوایەن کە سیستمێکی فیدراڵ دەتوانێت ببێتە هۆی دابەشبوونی دەسەڵات و دابەشبوونی دەسەڵات دەتوانێت ململانێی ئێتنیکی و لە ئاکامدا هەڵاواردنی سیاسی و ئابووری لە وڵاتی ئەواندا کۆتایی پێ بهێنێت.

هەر بەم پێیەش پارتەکانی ئەم ئێتنیکانە کە نافەرمی و لە دەرەوەی ئێرانن، لە ساڵی 2005ز “کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ” [13] یان دامەزرند.

ئەندامانی ئەم کۆنگرەیە ڕێکخراو و پارتەکانی خوارەوەن: ئەم پارتانە ئیزنی ئەوەیان نییە بە شێوەیەکی فەرمی چالاکیی سیاسی لە ئێراندا بکەن:

1-     بەرەی یەکگرتووی بەلووچستان ـ ئێران(کۆماریخوازەکان)

2-     بەرەی گەلی بەلووچستان

3-     بزووتنەوەی دێموکراتیکی فێدراڵی ئازەربایجان

4-     بزووتنەوەی نەتەوەیی ـ دێموکراتیکی تورکمەن

5-     پارتی یەکگرتووی لوڕستان و بەختیاری

6-     پارتی تەزامۆنی دێموکراتیکی ئەلاحواز (سەعوودی عەربیا)

7-     حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

8-     حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی ئێران

9-     پارتی گەلی بەلووچستان

10-   ڕێکخراوی داکۆکیکار لە مافی نەتەوەیی گەلی تورکمەن

11-   ڕێکخراوی خەڵکی کورمانج(کوردەکانی خۆراسان)

12-   ناوەندی کولتووری و سیاسیی ئازەربایجان

13-   ناوەندی کولتووری و سیاسیی گەلی تورکمەن

لە پەیڕەوی بنەڕەتی ئەم ڕێکخراوەیەدا هاتووە:

“ئێران وڵاتێکی فرە ئێتنیکە کە هەموو ئێتنیکەکانی دانیشتووی ئەم وڵاتە دەبێت بە شێوەی یەکسان و بە لەبەرچاوگیرانی مافی ئێتنیکی خۆیان لە مەسەلەی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا شەریک بن. مافێک کە تا هەنووکە لێی بێ بەش کراون.

پێکهاتەی حەشیمەتی وڵاتی ئێران بریتیە لە ئێتنیکەکانی بەلووچ، تورکی ئازەربایجان، تورکمەن، کورد، عەرەب، فارس، لوڕ و … کە هەرکامەیان خاوەنی سەرزەمینی مێژوویی و تایبەتمەندی نەتەوەیی خۆیانن.

ڕەوایی سیاسیی هەر دەسەڵاتێک، لە بە کارهێنانی ئیرادەی خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێت. هەر بۆیە ویستی گشت ئێتنیکە جیاوازەکانی دانیشتووی ئێران و لەبەرچاوگرتنی مافی نەتەوەیی یەکسان بۆیان لە هیچ هەلومەرجێکدا نابێت حاشای لێ بکریت و پشت گوێ بخرێت.

دامەزراندنی سیستەمی کۆماری فیدراڵ، لە سەر بنەمای تایبەتمەندیی نەتەوەیی ـ جوگرافیاییە کە پێبەندە بە بنەماکانی دێموکراسی،جاڕنامەی مافی مرۆڤ و کنوانسیۆنەکانی پێوەندیدار. سیستەمێکی سیاسی هەمیشەیی بە مەبەستی دەرکەوتنی ئیرادەی سیاسی کە گەرەنتیی مافی یەکسان بۆ گشت ئێتنیکەکان لە سنووری ئێرانێکی ئازاد ودێموکراتیکدا دەکات.

بە کردەیی کردنی ئیرادەی سیاسی لە سیستمێکی دێموکراتیک و فێدراڵدا دەبێت دەرکەوتەی ئیرادەی خەڵکانی دانیشتووی وڵات بە گشتی بێت.[14]

فێدرالیزم تیۆرییەکی خۆبەرێوەبردن و دابەشکردنی دەسەڵاتە کە بوونی هەیە و بەشێوەی پێکهاتەیی زیندوو و بەردەوامە(Riker، 1964: 5.) لە ڕەوتی مێژوودا، حکوومەتەکان و سیاسیەکان، لە فیدرالیزم بۆ سەریەکخستنی وڵاتانی چەند ئێتنیکی دوای ڕووخانی دیکتاتۆری کەڵکیان وەرگرتووە.

یەک لەو خاوەنڕایانە لەمباروە دۆناڵد هۆرۆویتزە، کەسێک کە لە ساڵی 1985 کە تێڕوانینەکانی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی فرە ئێتنیک لە دوو پەرتووکدا بڵاو کردەوە، ململانێی گرووپە ئێتنیکەکان لە ناوچەگەلێک وەکوو ئاسیا، کاراییب و ئەفریقا و لەوانە سێریلانکا، نیجێریا و گایانا. شەڕی دوور و درێژی ئێتنیکی نێۆخۆیی لە نیجریا وەکوو بابەتی لێکۆڵینەوە هەڵبژارد. هۆرۆویتز میکانیزمە جۆراوجۆرەکان کە لەم ماوەدا بۆ پێشگیری لە ململانێ و شەڕی ئیتینکی لە نیجێریا کەڵکی لێ وەرگیرا باس دەکات، یەک لەوانە دانی خودموختاری زیاتری ناوچەیی و هەرێمی بە گرووپە ئێتنیکییەکان بوو.

بۆ نموونە، لە سەرەتای قەیرانێک کە لە دوای سەربەخۆیی  لە ساڵی 1963وە دەستی پێ کرد، ئەم وڵاتە بە سەر سێ ناوچەی نایەکدەست و لەژێر دەسەڵاتی گەورەترین گرووپی ئێتنیکیدا دابەش بوو، تا ساڵی 1983،  بە هۆی توند و تیژی و شەڕی نێوخۆیی زیاتر لە یەک میلیۆن کەس کوژران. هەروەها  بە هۆی توندوتیژی و شەڕی نێوخۆییەوە، سێ ناوچەی سەرەکیی هەرێمی بوو بە نۆزدە هەرێمی خودموختار.

هۆرۆویتز ئیدیعا دەکات کە هەوڵەکان بۆ دروستکردنی هەرێمی زۆرتر و یەکدەستتر لە جیاتیی سێ هەرێمی نایەکدەست، ململانێی ئێتنیکی کەم کردەوە. بە هۆی ئەوەی کە ئەم گرووپانە توانای کۆنترۆڵ و خودموختاریی زیاتریان لە ناوچەکانی خۆیان بە دەست هێنا بوو و زۆرتریش لە ڕووی جیاوازیی زمانییەوە لە یەکتر جیا دەکرانەوە، ئەم دابەشکارییە قەیرانی ئێتنیکی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردەوە. ناوبراو دەنووسێت: زۆرتر بوونی هەرێمەکان بووە هۆی دابەش بوون و بچووکتر بوونی کێشەکان لە چوارچێوەی هەرێم وکۆمەڵگایەکی بچووکتردا و ئەمەش بووە هۆی بڵاوبوونەوە و لە کۆتاییدا نەمانی کێشەکان((Horowitz، 1985: 612-613)). [15]

نانسی بێرمێۆ لە وتارێک لە ژێر ناوی “تێڕوانینی نوێ بۆ فیدراڵیزم: هاوردەکردنی ڕێکخراوەکان”دەڵێت:” فیدراڵیزم یارمەتیی وڵاتان دەدات کە ئاشتی تێیاندا مسۆگەر بێت و پێش لە توندوتیژی لە وڵاتانی ناپیشەیی و جیهانی سێهەم دەگرێـت. ناوبراو پێی وایە کە فیدراڵیزم یارمەتیی یەکیەتی و دێموکراتیک بوونی وڵات سەرەڕای بوونی خواستی جیاییخوازیی هەرێمی کەمینەکان دەکات. بە وتەی بێرمێۆ، گەشە و پەرەسەندنی ناوەند و ڕێکخراوە فیدراڵیەکان هاندەرێکی بەهێزە وزۆر دەرفەت دەرخسێنێ کە بژاردەی ناوچە ئێتنیکییەکان بۆ چارەسەری کێشەکانی لە جیاتی پەنابردن بۆ شێوازی چەکداری و توندوتیژی ڕێگاچارەکانی دیکە بگرنە پێش[16].

لەم نووسینەدا ئێمە دەمانهەوێت نیشان بدەین کە دێسەنتراڵیزەکردنی پێکهاتەی دەسەڵات دەتوانێت ململانێ و شەڕی ئێتنیکی لە ئێراندا کۆتایی پێ بێنێت. فیدراڵیزم وەکوو پێکهاتەی سیاسی پێشنیاری ئێمە، پێکهاتەیەکە کە گریمانەی سەرەکیی ئەم لێکۆڵینەوەیەیە:

  • گریمانەی1: سیستمێکی دێموکراتیک و فیدراڵ واتە دێسانتراڵیزەکردنی دەسەڵاتی سیاسی دەتوانێت ململانێی ئێتنیکی لە ئێراندا کەم بکاتەوە. سیستمێکی فێدرال و دێموکراتیک دەرفەتێک بۆ دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری لە وڵاتدا دەرخسێنێ. ئەمەش دەتوانێت هەستی ئەمەگناسی و خاوەندارێتی ئێتنیکە غەیرەفارسەکان و کەمینە ئایینییەکان بۆ وڵات زیاتر بکات. ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ململانێ، سەرکوت، هەژاری و بێکاری لەم ناوچانەدا.

هەڵبەت لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دەبێـت گریمانەیەکی جێگرەوەمان هەبێت و ئەم گریمانە پێی وایە کە سیستەمی ناوەندگەرای نادێموکراتیک هیچ پێوەندییەکی بە ململانێی ئێتنیکییەوە نیە.



بگۆڕەکان

گریمانەی سەرەکیی ئێمە ئەمەیە کە ململانێ و هەڵاواردنی ئێتنیکی لە ئێران بە گۆڕینی پێکهاتەی حکوومەت چارەسەر دەبێت. پێکهاتەی ناوەندگەرا، تاک ئێتنیکی و نادێموکراتیکی دەسەلات لە ئێراندا هۆکارێکە بۆ بەرینتر بوونەوەی ململانێی ئێتنیکی، ململانێ و هەڵاواردنی سیستماتیک دژی ئێتنیکە غەیرەفارس و کەمینە ئایینیەکان لە ئێراندا. گۆڕینی پێکهاتە، دێموکراتیزاسیۆن و دێسانترالیزەکردنی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران، هەروەها بەشدار کردنی گرووپە ئێتنیکەکان لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا دەتوانێـت ململانێی سیاسی کەم بکاتەوە. هەروەها کۆتایی هاتنی ئەم ململانێیە دەتوانێت ناعەداڵەتی گەشەی ئابووری، هەژاری، بێکاری و سەرکوت  کەم بکاتەوە.

لەم نووسینەدا ئێمە ململانێ ئێتنیکیمان وەکوو بگۆڕی گرێدراو دەستنیشان کردووە. ململانێی ئێتنیکی لە وڵاتێکی فرە ئێتنیکی ڕوو دەدات. کاتێک گرووپێکی ئێتنیکی دەیهەوێت بە تەنیا دەسەڵاتی سیاسی بە دەستەوە بگرێت و ئێتنیکەکانی دیکە لێی بێبەش بکات. ململانێی ئێتینکی پێوەندیی بە چۆنیەتیی پێکهاتەی حکوومەت لە وڵاتدا هەیە.کاتێک گرووپێکی ئێتینکی دەسەڵات بە دەستەوە دەگرێت و ئەوانی دیکە لە دابەشکردنی دەسەڵات و دەستڕاگەیشتن بەئیمکاناتی حکوومەتی بێبەش دەکات، بەرخۆدان لەنێوان گرووپە ئێتنیکە بەشخوراوەکاندا پێک دێت و هەوڵ وخەبات بۆ بە دەستەوەگرتنی دەسەڵات یان بەشداری لە دەسەڵاتی سیاسی وڵات لە نێویاندا زیاتر دەبێت.ئەمەش دەبێتە هۆی  بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی و بە پێی نادێموکراتیک بوونی پێکهاتەی دەسەڵات، شێوازی ململانێیەکە توندوتیژی بە خۆوە دەگرێـت.

حەبیبۆڵڵا سەرباز، چالاکی سیایسی بەلووچ، گرنگترین خواستی خەڵکی بەلووچ لە ئێراندا بە حاکمیەتی سیاسی دەزانێت. ناوبراو لە وتوێژێک لەگەڵ کەناڵی یۆرۆنیوزی (فارسی)دەڵێـت:” تا کاتێک ئەم داواکارییە جێبەجێ نەبێت، ناتوانم هیوای ئەوەم هەبێت کە خواستەکانی دیکە وەدی بێـن.[17]

هەنووکە  پێکەوەبوونی ئێتنیکەکانی نیشتەجێی ئێران پێوەندییەکی ڕاستەقینەیان لەگەڵ پێکهاتە هەڵەیە کە دەسەڵاتی ناوەندگەرا چیێ کردووە نییە. دەسەڵاتی نەتەوەیی خەڵک بە زۆری لێیان ئەستێنراوە و دەبێت بۆیان بگەڕێنرێتەوە.

بگۆڕی سەربەخۆ :

  • پێکهاتەی سیاسیی دەسەڵات

پێکهاتەی سیاسیی دەسەڵات وەکوو بگۆڕی سەربەخۆ دەبێت لە بەرچاو بگیررێت.دێموکراتیزاسیۆن و دێسانتراڵیزەکردنی ئەم سیستەمە دەرفەتی بەشداری لە پێکهاتەی سیاسیی دەسەڵات بۆ گشت ئێتنیک و کەمینەکان دەخولقێنیت و هەروەها دەرفەتی ئابووری بۆ گەشەسەندنی ناوچەکانیان دەرەخسێنێت و ئەمەش دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ کەمکردنەوەی ململانێی ئێتنیکی.

ململانێی  ئێتنیکی لە پێکهاتەیەکی ناوەندگەرا و نادێموکراتیکدا دەبێتە هۆی هەڵاواردنی ئابووری و سیاسی و لە کۆتاییدا سەرکوت، هەژاری و بێکاری لە ناوچەی ئێتنیکە بێدەسەڵاتەکاندا بە دوای خۆی دێنێ. هەژاری، بێکاری و سەرکوت دەتوانن پاڵنەر بن بۆ قوڵتربوونەوەی ململانێ ئێتینکی.

” لە 12 ساڵی ڕابردوودا، بە پێی ئەو ئامارانەی لای ئێمە تۆمار کراون، ڕێژەی زۆربەی لە سێدارەدان و دەرکردنی حوکمی سێدارە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی بۆ ئەندامانی سەر بە ئێتنێکە غەیرەفارسەکان و کەمینە ئایینیەکان بووە. زیاتر لە 50 لە سەدیان کورد بوون و ئەوانی تریش بەلووچ و عەرەبن و ژمارەیەکی ئێجگار کەمیان فارس بوون.”ئەگەر  لە سێدارەدانی هاووڵاتیانی کورد و بەلووچ و عەرەب ئاماژەی پێ نادرێت و لە سەری زۆر  ڕاوەستان ناکرێت، ئەمە کەمتەرخەمیی ڕێکخراوەکانی چالاکی مافی مرۆڤە و ناکاریگەریی ئەوانە.” ئەمە وتەکانی مەحموودی ئەمیری موقەدەم، سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە وتوێژ لەگەڵ بەشی فارسی ماڵپەڕی یۆرۆ نیوزە[18].

ئێمە فاکتۆرەکانی خوارەوەمان وەکوو  بگۆڕی ناوبژیوان لە بەرچاو گرتووە:

  • بێکاری
  • هەژاری
  • سەرکوت

لە پێناسەیەکی زۆر سادەدا، پەرەسەندن بە ڕەوتێکی چەند ڕەهەندی(سیاسی، کۆمەڵایەتی،کەلتووری و ئابووری) لە بەرچاو دەگیررێت کە لە بەرەوپێشچوونی خۆیدا دەتوانێت هەژاری، بێکاری و نایەکەسانی و… کەم بکاتەوە.

سیستەمێکی ناوەندگەرای نادێموکراتیکی تاک ئێتنیکی هەموو دەسەڵاتێکی هەیە. ئەم سیستەمە دەسەڵات، سەرچاوەی ئابووری و سامانێکی زۆری لە ڕێگەی هێز و کۆنترۆڵەوە بۆ خۆی قۆرخ کردووە.ئەم چەشنە سیستەمە سیاسییە دەیهەوێت ئێتنیکەکانی دیکە یان لە ناو ببات و یاکوو لە نێوخۆیدا بتوێنێتەوە. لە جیاتی سەرمایەگوزاری بۆ پەرەپێدانی ئەم ناوچانە هێزی سەربازی خۆی زیاتر دەکات. دەسەڵاتی ناەندی دەیهەوێـت ئەم ناوچانە کۆنترۆڵ بکات و دژبەران سەرکوت بکات و هەر بۆیەش تێڕوانینێکی ئەمنیەتیی بۆ ئەم ناوچانە هەیە. نەبوونی سەرمایەگوزاری لەم ناوچانە دەبێتە هۆی هەژاری و بێکاری. هەژاری و بێکاری ململانێ ئێتنیکی قووڵتردەکاتەوە. دانیشتووانی ناوچە هەژار و بێبەشکراوەکان لە نایەکسانیی ئابووری و سیاسی ئازار دەکێشن و هەر بۆیە لە ئەگەری بوونی هێز و گرووپی ئێتنیکیی دژبەری دەسەڵاتی ناوەندی، ڕوو لەم گرووپ و بزووتنەوانە دەکەن. خەبات و تێکۆشان بۆ سڕینەوەی ئەم هەڵاواردنانە بەردەوام دەبێت و بە هۆی پێکهاتەی نادێموکراتیکی دەسەڵاتەوە، ئەم ناڕەزایەتی و تێکۆشانە توندوتیژیی لێ دەکەوێتەوە.



کەیسی هەڵبژێرراو و بەرەنجامە بەراوردکارییەکان

گرووپی ئێتینکیی جیاواز و پەیڕەوانی ئایینە جۆراوجۆرەکان لە ئێران دەژین.هەروەک لە سەرەوەش باسمان کرد، گرووپی ئێتنیکیی فارس، زمانی فارسی و ئایینزای شێعە نزیک لە یەک سەدەیە دەسەڵاتیان لە ئێراندا بە دەستەوە گرتووە.

قۆرخ کردنی دەسەڵات لەلایەن حکوومەتێکی تاک ئێتنیکی،ناوەندگەرا و نادێموکراتیکەوە بۆتە هۆکاری ململانێی ئێتنیکی و شەڕ لەنێوان حکوومەتی ناوەندی و ئێتنیکەکانی دیکە لە ئێران.

بە کردەکی کردنی سیاسەتی سەرکوت و لەناوبردنی ئێتنیکەکانی دیکە جیا لە توندوتیژی و سەرکوت بۆتە هۆکاری نەبوونی گەشەی ئابووری لەم ناوچانە و زیاتر بوونەوەی هەژاری و بێکاری.

کورد و بەلووچەکان بە هۆی جیاوازیی ئێتنیکی و ئایینی لەگەڵ فارسەکان لە بەردەم توندوتیژی وهەڵاواردنێکی زیاترن. ململانێی سیاسی وسەربازی  و گەشەی لاوازیی ئابووری بۆ نزیک لە یەک سەدەیە ئەم ناوچەیانەی تەنیوە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەم ناوچانە توانایی و سەرچاوەیەکی بەرچاوی ئابووری و سروشتییان هەیە. لەم بەشەدا پارامێترەکانی هەژاری، بێکاری، سەرکوت و لە سێدارەدان لەم ناوچانە لەگەڵ ناوچە فارسەکان لە ئێران بەروارد دەکەین.

حەشیمەتی ئێران لە ساڵی 2020 نزیکەی ٨٣٥٦٠١٦٢ [19] کەس بووە. بە پێی ئامارە حکوومەتییەکانی ئێران، 61 لە سەدی خەڵکی ئێران فارسن، 10 لە سەدی کورد و 2  لەسەدی بەلووچ[20] . چالاکانی ئێتنیکە غەیرەفارسەکان لەئێران بڕوایان بە ئامارە حکوومەتییەکان نییە کە لایەن حکوومەت یان ڕێکخراوە حکوومەتییەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە.

” کۆمیتەی سڕینەوەی هەڵاواردنی ڕەگەزیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لە 18 کارناس پێکهاتووە دەڵێت سەرەڕای سەرژمێریی حکوومەتی لە ساڵی 2007 لە ئێران، هیچ ئامارێکی ڕاستەقنیە لە حەشیمەتی ئێتنیکە غەیرەفارسەکان لە بەردەستدا نییە. هەروەها ئامادە بوون و بەشداریی ئەم ئێتنیکانە لە کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا کەمتر لەوەیە کە چاوەڕوان دەکرێـت. لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە:” ئەم کۆمیتەیە نیگەرانی بێبەشکرانی ئێتنیکەکانی عەرەب، ئازەری، کورد و بەلووچ و گرووپە غەیرەفارسەکانی دیکە لە مافە سیاسی،ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووریەکانیانە.

ئەم کۆمیتەیە هەروەها نیگەرانیی خۆی لە بێبەشکرانی ئێتنیکەکان و گرووپە کەمینە ئایینیەکان لە پێداویستیی وەکوو خانووبەرە، خوێندن، تەندروستی و کار دەربڕی.[21]

ئەنستیتۆی کورد لە پاریس ڕێژەی دانیشتووانی کوردستانی ئێران لە ساڵی 2020 بە دە میلیۆن کەس خەمڵاندووە واتا 12.5 لە سەدی حەشمیەتی ئێران. هەر ئەم سەرچاوەیە ئاماژە دەکات کە نزیکەی 1.5 میلیۆن کورد لە خۆراسانی باکوور لە ڕۆژهەڵاتی باکووری  ئیران و نزیک بە نیو میلیۆن کورد لە شاری تاران دەژین و بە گشتی ڕێژەی کورد لە ئێران 12 میلیۆن کەس واتا 15 لە سەدی حەشیمەتی ئێران پێک دێنن[22].

حەبیبۆڵا سەربازی  بەلووچ، لە لێکۆڵنەوەیەک لە ژێر ناوی” ناوچە و حەشیمەتی بەلوچستان(بەلووچستانی ڕۆژئاوا)، حەشمیەتی بەلووچەکانی ئێرانی بە  4،862،215کەس خەملاندووە و ئیدیعا دەکات کە نزیکەی 500 هەزار بەلووچی دیکەش لە دەرەوی بەلووچستان دەژین و بە گشتی حەشیمەتی بەلووچەکان لە ئێران دەکاتە 5،362،215 کەس، کە دەبێتە 6.4 لە سەدی حەشیمەتی ئێران[23].

رێکخراویی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتێکدا لە ساڵی 2018دا ڕایگەیاند:” کوردەکان لە ئێران لە پێشێلکاری مافە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریەکانیان ئازار دەکێشن و ناوچە کوردییەکان لە بواری گەشەی ئابوورییەوە پشت گوێ خراون. حکوومەتی ئێران نەک بۆ لە ناوبردنی هەڵاواردن دژی ئەم ئێتنیکە 12 میلیۆن کەسی هەوڵ نادات بەڵکوو چالاکانی مافی مرۆڤی کوردیش سەرکوت دەکات.[24]

عەلی یارموحەممەدی، نوێنەری ناوچەی بەلووچستان لە مەجلیسی ئێران لە وتوێژێک لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەری حکوومەتی ئیلنا لە ڕێکەوتی 24ی ئاپریلی 2020دا  دەڵێت کە خەڵکی پارێزگای بەلووچستان زیاتر لە74  لەسەدیان لەژێر هێڵی هەژاری، ئەمنیەتی خۆراکی و کاری هەمیشەییدان[25].

“مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە کۆنفرانسێکدا (کۆنفرانسی داهاتووی ئێتنیکەکان لە ئێران، کە 12 دێسەمبێری ساڵی 2019 لە پارلمانی ئۆرووپا بەڕێوە چوو) دەڵێت: فرەنەتەوەیی بوونی ئێران نەک لە یاسای بنەڕەتی و وێژمانی ناسیۆنالیزمی ئێرانیدا هیچ شوێنێکی نییە بەڵکوو وەکوو کێشەیەکی هەستیار و بابەتێکی ئەمنیەتی لێکدانەوەی بۆ دەکرێت.” تا ئەو جێیەی کە  سیمای شوێنی ژیانی ئێتنیکە نافارسەکان لە جۆگرافیایەکی سەرکوتکراو و داگیرکراو دەچێـت. سیمایەک کە نەبوونی هەرچەشنە دەرفەتێک بۆ چالاکیی سیاسی ئازادانە و یاسایی، دزینی سامان و سەرچاوەکانی کوردستان و گواستنەوەیان بۆ ناوەڕاستی ئێران خۆی نیشان دەدات. لەسێدارەدان و گرتن و بێ سەروشوێن کردنی چالاکانی و شۆڕشگێڕانی کورد، گواستنەوەی سەرچاوە ئاوییەکان، لەناوبردنی ژینگە و … میلیتاریزەکردنی شار و گوندەکان، ئەمنیەتی کردنی ئیدارە، شوێنە فێرکاری، مزگەوت و شوێنەگشتیەکان سیمای کوردستانن.[26]

نایەکسانیی سیاسی، هەڵاواردنی ئابووری، هەژاری و بێکاری  بوونەتە پاڵنەری قووڵتربوونەوەی ململانێی ئێتنیکی لە ئێران. سیاسەتی سەرکوت و پشت گوێ خستنی حکوومەتی ناوەندی لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا نەیتوانیوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکات و هەنووکە قەیرانەکە قووڵتر بۆتەوە.

ناوەندی لێکۆلینەوەی مەجلیسی شوورای ئیسلامی ڕاپۆرتێکی بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا هێڵی هەژاری و چۆنیەتیی هەڵسەنگاندنی ئەم هێڵەی لە ئێران بۆ ساڵی 2016 ز دیاری کردووە. لەم ڕاپۆرتەدا بە ناساندنی باوترین مێتۆدەکان بۆ هەڵسەنگاندنی هێڵی هەژاری (مێتۆدی تێچووی پێداویستیی بنەڕەتی و بە کارهێنانی وزە و خواردەمەنی) و بە تێڕوانینێکی نوێ هێڵی هەژاریی ڕەهای بۆ ساڵی 2016 و بۆ پارێزگاکانی ئێران دەستنیشان کراوە[27]. بەرزترین پلەی هێڵی هەژاری تایبەت بە پارێزگای بەلووچستانە. لە خشتەی خوارەوەدا دەتوانن ڕێژەی هێڵی هەژاری تایبەت بە پارێزگاکانی بەلووچ، کورد و فارسەکان ببینن.



نێوەنجی هێڵی هەژاری لە گشت پارێزگاكان: 12%
پارێزگا كوردییەكان % پارێزگا فارسەكان % پارێزگا  بەلووچەكان %
كرماشان 16.26 یەزد 6.23 بەلووچستان 38.31
ورمێ 17.23 فارس 7.99
ئیلام 14.15 خۆراسانی باشوور 9.35

خشتەی1. هێلی هەژاری لە ئێران2016

سەرچاوە: ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی شوورای ئیسلامی ئێران

هەر وەک لە خشتەی سەرەوەدا دیارە، نێوەنجی نرخی هێڵی هەژاری لە سێ پارێزگای کوردستان و پارێزگای بەلووچستان لە سەرەوەی نێوەنجی نەتەوەیی دایە و ئەمەش لە حاڵێکدایە نرخی هێڵی هەژاری بۆ سێ پارێزگای فارس لە خوارەوەی نێوەنجی نەتەوەیی دایە.

بێکاری یەکێک لەو فاکتەرانەیە کە دەتوانێت پاڵنەر بێت بۆ قووڵتر بوونەوەی ململانێی ئێتنیکی. نرخی بەرزی بێکاری لە ناوچەیەک بە بەراورد لەگەڵ ناوچەیەکی دیکە لە سنووری یەک وڵاتدا پێوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سیاسەتی حکوومەتی ناوەندیدا هەیە. هەست بە چەوساندنەوە، ئازار و هەڵاواردن لە نێو خەڵکی ئەو ناوچەیانەی نرخی بێکاریی لەسەرەوەیە زیاتر دەبێـت و هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە دەسەڵاتی ناوەندی هیچ هەوڵێکی شوێندانەر بۆ چارەسەریی ئەم کێشەیە نادات.

جیا لە ستەمی ئێتنیکی و ئایینی، ناوچەکانی کوردستان و بەلووچستان بەرەوڕووی هەڵاواردنی سیستماتیکی ئابووریش بوونەتەوە.

دوکتۆر زیا سەدرۆلئەشرافی، چالاکی سیاسی ئازەری، بێکاری لە ئێراندا بە بەرەنجامی هەڵاواردانی ئێتنیکی دەزانێـت. ناوبراو لە وتوێژێک لەگەڵ ڕادیۆ دۆیچەوێلەی فارسیدا وتوویە:” لە پلانداڕێژیی دەسەڵاتی ناوەندگەرادا هەڵاواردن هەیە، بۆ نموونە بەلووچستان و کوردستان ئەو ناوچانەن کە تێیاندا سەرمایەگوزاری ناکرێـت .[28]

رۆژنامەی ئێرانیی “دنیای اقتصاد” ئاماری بێکاری بۆ ساڵی 2019ی لە ڕێکەوتی 6ی ئاپریلی 2020دا بڵاو کردۆتەوە.ریپۆرتی ئەم ڕۆژنامەیە ئەنجامەکانی هەڵسەنگاندنی هێزی کاری لە زستانی ساڵی 2019دا نیشان لە بەرزترین و نزمترین نرخی بێکاری لەنێوان 31 پارێزگای ئێران دەستنیشان کردووە[29].  بەرزترین نرخی بێکاری تایبەتە بە پارێزگا کوردییەکانی سنە و کرماشان و نزمترین نرخی بێکاریش تایبەتە بە پارێزگا فارسەکانی خۆراسانی باشوور و مەرکەزی. لە خوارەوە ئێوە دەتوانن  بەراوردی ئاماری نرخی بێکاری  لە نێوان پارێزگاکانی کورد،فارس و بەلووچدا ببینن.

بێكاری پارێزگاكان: 2019
پارێزگا كوردییەكان % پارێزگا فارسەكان % پارێزگا  بەلووچەكان %
كرماشان 17.9 یەزد 8.8 بەلووچستان 11.3
ورمێ 14.5 فارس 7.99
سنة 20 خۆراسانی باشوور 6

خشتەی 2. بێکاری پارێزگاکان:2019

سەرچاوە: ڕۆژنامەی ئێرانی”دنیای اقتصاد”



کۆڵبەر

  • هەژاری، بێکاری و نەبوونی سەرمایەگوزاری تایبەتی و حکوومەتی لە ناوچەکانی کوردستان و بەلووچستان بۆنەتە هۆی دەرکەوتنی دیاردەی “کۆڵبەری”.
  • کۆڵبەر کرێکارێکە کە بە کار دەگیررێت بۆ گواستنەوەی شتومەک ل سەر پشت و کۆڵی لەنێوان سنوورەکانی ئێران، عێراق و تورکیە و هەروەها ئێران و پاکستان بە شێوەیە یاسایی و نایاسایی.
  • ئەم کۆڵبەرانە ڕۆژانە لەلایەن هێزە سنووری و ئەمنیەتییەکانی ئێرانەوە تەقەیان لێ دکرێت و دەکوژرێن و بریندار دەبن.

هرانا، ئاژانسی هەواڵنێریی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ ساڵی 2018، نووسیویە:” لە کوردستان دیاردەیەک دروست بووە کە بەرەنجامی نەبوونی گەشەی ئابووری لەم ناوچەیەدایە و دیاردەی کۆڵبەریی پێ دەگوترێت و هەروەها لە ناوچەی بەلووچستان دیاردەی گازووییل کێشان(هەڵگرتنی گازووییل) بەرچاو دەکەوێت. لە ناوچەی یەکەم هاووڵاتییانی کۆڵبەر بە دەستی هێزە سەربازییەکان دەکوژرێن و لە ناوچەی دووهەم زیاترین تەقەی بێ بنەما بۆ هەر کەسێکە کە گومانی هەڵگرتنی شتومەک یان قاچاخی سووتەمەنیی لەسەر بێت.[30]

کۆڵبەری، ئیشێک نیە کە هەڵبژێردرابێت، دۆخی نالەباری ئابووری کە بەرەنجامی سیاسەتی دەسەڵاتی ناوەندگەرایە لە ئێران، هەلومەرجێکی لە ناوچەکانی بەلووچستان و کوردستان پێک هێناوە کە خەڵک بۆ بژێوی ژیانی بنەماڵەکانیان ڕوویان لەم کارە کردووە.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕۆژانە لە مەڕ بریندار یان کوژرانی کۆڵبەران هەواڵ و ڕاپۆرت بڵاو دەکەنەوە. خشتەی خوارەوە ئاماری قوربانیانی کۆڵبەری کە بە هۆی تەقەی هێزە ئێرانیەکانەوە بریندار یان کوژراون نیشان دەدات. ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، کە هەواڵەکانی پێوەندیدار بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان بڵاو دەکاتەوە، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ ساڵی 2019 ئاماری کۆڵبەرانی قوربانی لە کوردستان بە 252 کەس ناو دەبات[31].

کەمپەینی چالاکانی بەلووچ کە هەواڵەکانی تایبەت با پێشیلکاریی مافی مرۆڤ لە بەلووچستان بڵاو دەکاتەوە، ئاماری قوربانیانی کۆڵبەری لە بەلووچستان بۆ ساڵی 2019 بە 280 کەس ناو دەبات[32].

قوربانیانی كۆڵبەری: 2019
ئێران(كۆی گشتی) بەلووچ كورد
292 116 176 بريندار
240 162 76 كوژراو

قوربانیانی کۆڵبەری: 2019

سەرچاوەکان: https://hengaw.net/en- http://balochcampaign.us/



سەرکوت و لە سێدارەدان

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێخکراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، ئێران یەکێک لەو  سێ وڵاتانەیە کە بەرزترین ڕێژەی لە سێدارەدانی جیهانی تێدا تۆمار دەکرێت.

ڕاپۆرتی ساڵانەی ماڵپەڕی هرانا، ئاژانسی هەواڵنێری چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە مەڕ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بۆ ساڵی 2020 لە بەشی پێشێلکاریی مافی ئێتنیکەکانی ئێراندا دەڵێت کە بۆ ساڵی 2020، 234 ڕاپۆرتی پێشێلکاری تۆمار کراوە و 286 کەس دەستبەسەر کراون[33].

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، 39 کەس بە 1721 مانگ زیندان حوکم دران و 88 کەسی دیکەش بانگهێشتی ناوەندە ئەمنیەتی و دادوەرییەکان کراون. لەو ناوچەیانەی کە کەمینەی سوننە نیشتەجێن 77 کەس دەستبەسەر کراون و 126 کەس بانگهێشتی ناوەندە ئەمنیەتی و دادوەرییەکان کراون و 22 کەس لە خوێندن بێبەش کراون. ڕاپۆرتەکە لە بەشی مافی ژیاندا دەڵێت، کە لە ساڵی 2020دا، 241 ڕاپۆرتی لە سێدارەدان تۆمار کراوە و 236 بابەتی لەسێدارەدان جێبەجێ کراون.

بە پێی ئامارێک کە لەلایەن ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تۆمار کراون، لە ساڵی 2020دا لانیکەم 59 هاووڵاتیی کورد لە سێدارە دراون و زیاتر لە 500 کەسی دیکەش دەستبەسەر کراون کە 153 کەسیان دادگایی و بە زیندان، ئەشکەنجە و لە سێدارەدران حوکم دراون. لەم ماوەیەدا 238 کۆڵبەر و کاسبکار  و هەروەها 30 کەس لە خەڵکی سڤیل بریندار کراون و کوژراون و هەروەها 40 کەس بە هۆی تەقینەوەی مینەوە کوژراون یان بریندار بوون، هەروەها  22 زیندانی لە گرتووخانەکانی ئێراندا کوژراون.[34]

کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لەمەڕ پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە بەلووچستان بۆ ساڵی 2019 دەڵێت:” لە ساڵی 2019دا 350 بابەتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە بەلووچستان تۆمار کراوە. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، 149 هاووڵاتی بەلووچ بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و ئەمنیەتی  لە ساڵی 2019دا دەستبەسەر کراون. ژمارەیەکی بەرچاوی هاووڵاتیان لە ناڕزایەتییەکانی ئەوساڵەشدا دەستبەسەر کراون کە ئامارێکی ورد لەمبارەیەوە لە بەردەست نیە. لانیکەم 116 کەس لە خەڵکی سڤیل بریندار و 164 کەسیش کوژراون.[35]



دەرەنجام

پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی ناوەندگەرا، نادێموکراتیک، تاک ئێتنیکی لە ئێران بۆتە هۆی ململانێ و هەڵاواردنی ئێتنیکی. بێکاری، هەژاری و سەرکوت لە ناوچەکانی ئێتنیکە غەیرە فارسەکان پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە پێکهاتەی دەسەڵاتەوە هەیە. ئەمەش بۆتە هۆی نائەمنیی سیاسی لەم ناوچەیانە و هەموو ئێراندا.

ڕێگەچارەی کۆتایی هێنان بەم  پرسە، سیستەمێکی سیاسیی دێموکراتیک، دێسانتراڵ لە ئێران و بە بەشداریی گشت گرووپە ئێتنیکی و ئایینیەکانە. سیستەمێکی دێموکراتیکی فیدرال دەتوانێـت هەلی بەشداری سیاسی و ئابووری بۆ گشت ئێتنیک و کەمینە ئایینییەکان لە ئێراندا بڕەخسێنێت.

بە بەشداربوونی گرووپە ئێتینکەکان لە دەسەڵاتی سیاسیدا، ئەوان تواناییی بڕیاردان لەسەر ناوچەکانی خۆیان بە دەست دێنن. بەم پێیەش پێشبینی دەکرێت کە هەڵاواردنی سیاسی و ئابووری دژی ناوچەکانی ئەوان نەمێنێت. سڕینەوەی ئەم هەڵاواردنانە دەبێتە هۆی سەقامگیری و تەناهیی سیاسی وئابووری. کاتێک خەڵکی ئەم ناوچانە هەست بکەن لەگەڵ شارۆمەندانی ناوچەکانی دیکە یەکسانن و مافیان پارێزراوە، هەست بە ئەمەگناسی وبەرپرسایەتی لەمەڕ وڵات دەکەن و ئەمەش بە چەشنێک دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی ململانێی ئێتنیکی. بوونی سیستەمێکی سیاسیی دێموکراتیک فەزا و هەلێک دەڕەخسێنێت کە ئەگەر ململانێی ئێتنیکی بە تەواوی لەناو نەچێت، لانیکەم شێوازی توندوتیژانەی ئەم ململانێیە شێوەی ناوتوندتیژ بە خۆوە بگرێت.

لە پێکهاتەیەکی دێموکراتیکدا، خەباتی توندوتیژ و چەکدارانە جێی خۆی دەداتە خەباتی مەدەنی و ناتوندوتیژ و پارلمانی.

بۆ نزیک یەک سەدەیە دەسەڵات لە لایەن فارسەوە لە ئێران قۆرخ کراوە. دەسەڵاتی ناوەندی تەواوی مێتۆدە نامۆراڵییەکانی بۆ تواندنەوەی ئێتینەکانی ئێران تاقی کردووەتەوە و تا هەنووکە ناسەرکەوتوو بووە.

هەموو هەوڵ و داواکارییەکی ئێتینکەکانی دیکەی ئێرانیش بۆ دێسانتراڵیزاسیۆن و دێموکراتیزاسیۆنی ئێران لە لایەن فارسەکانەوە ڕەت کراوەتەوە. گەرچی سیستەمێکی فیدراڵ و دێموکراتیک دەتوانێت چارەسەری ململانێی ئێتنیکی لە ئێران بێت بەڵام فرەخوازی و پاوانخوازیی فارس دژایەتی ئەمە دەکات. هەر بۆیەش ئەوەی ئێستا بۆ پێکهاتە ئیتنیکییەکانی ئێران وەکوو ڕێکار وڕێگای دەربازبوون لە قەیران وێنا دەکرێت، ماڵ ئاوایی کردن لە چوارچێوەی ئێران و لەبەر چاو گرتنی بژاردەی سەربەخۆییە.

پەراوێز

[1] https://en.wikipedia.org/wiki/Ethnic_conflictLijphart, Arend (Winter 2001). “Constructivism and Consociational Theory” (PDF). Newsletter of the Organized Section in Comparative Politics of the American Political Science Association. Giuliano, Elise (2011). Constructing Grievance: Ethnic Nationalism in Russia’s Republics. Cornell University Press

[2] Democratization and ethnic conflict. Author: Renee de Nevers Syracuse University-

[3] ڕەزا شا پەهلوی(15 مارس1878-26ی جوونی 1944) ناسراو بە ڕەزا شا، لە 15 دێسەمبێری 1925ز  بوو بە شای ئێران و لە كاتی هێرشی بریتانیا و یەكیەتی سۆڤیەت بۆ ئێران لە ڕێكەوتی 16ی سێپتەمبێری 1941دا ناچار كرا دەست لە كار بكێشێتەوە

[4] میرزا فتحعلی آخوندزاده، الفبای جدید و مکتوبات.به کوشش حمید محمد زاده، تبریز، نشر احیا

[5] فرشته نورانی، تحقیق در افکار میرزا ملکم خان ناڤم الدوله، تهران، شرکت سهامی کتابهای جیبی

[6] محمود افشار(1304)”مگلوب ما،وحدت ملی ایران” آنیده س1. ش

[7] علی مرشدی زاده ” ڕوشنفکران آژری و هویت ملی وقومی ، تهران، نشر مرکز

[8] محمد علی اکبری، تبارشناسی هویت ایرانی قارجاریه و پهلوی اول، تهران نشر علمی و فرهنگی

[9] محمد علی اکبری، تبارشناسی هویت ایرانی قارجاریه و پهلوی اول، تهران نشر علمی و فرهنگی

[10] علی الطائی، بحران هویت قومی در ایران، تهران نشر شادگان

[11] مجله بررسي پتانسيل تضاد قومي با تأكيد بر نابرابري اجتماعي 

[12] تحقیقات استراتژیک در مورد امنیت و نظم اجتماعی

سال هفتم ، شماره پیاپی 02 ، شماره اول ، بهار 2008

20-73 ص

[13] https://iran-federal.net/

[14] https://iran-federal.net/1398/12/28/773/

[15]  فصلنامه تحقیقات سیاست استراتژیک ، سال ششم ، شماره 21 ، تابستان 1396

[16] https://www.journalofdemocracy.org/articles/a-new-look-at-federalism-the-import-of-institutions/

[17] https://per.euronews.com/2019/02/02/iran-40-years-of-revolution-ethnic-demands-and-national-identity-crisis

[18] https://per.euronews.com/2020/10/10/world-day-against-death-penalty-iran-execution-eu-human-right-position-politics-minorities

[19] https://fa.wikipedia.org/wiki/%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86#cite_note-9

[20] https://web.archive.org/web/20200531140534/https://books.google.com/books?id=JT3Jo4Ekm7sC&printsec=frontcover#v=onepage&q&f=false

[21] https://www.radiofarda.com/a/o2_minorities_in_iran_face_discrimination/2139651.html

[22] https://www.institutkurde.org/en/info/the-kurdish-population-1232551004

[23] Area and population of Baluchistan (Western Baluchistan) Habibollah Sarbazi Baluch

[24] https://www.radiofarda.com/a/f7_amnesty_Iran_kords/458609.html

[25] https://www.ilna.news/

[26] https://www.dw.com/fa-ir

[27] https://rc.majlis.ir/fa/news/show/1089230

[28] https://www.dw.com/fa-ir

[29] https://donya-e-eqtesad.com

[30] https://www.hra-news.org/periodical/a-54/?fbclid=IwAR2UUzgoNQgAkxzUWbB3N1LmB-ValxZQ-zqypqzWHDvuDHHv3P6YnPKoi1A

[31] https://hengaw.net/en

[32] https://balochcampaign.us

[33] https://farsi.alarabiya.net/2020/12/30

[34] https://hengaw.net/en/news/statistical-report-on-the-human-rights-situation-in-iranian-kurdistan-during-2020

[35] https://balochcampaign.us

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان