ئارامتر بخوێنەوە!

هاوپەیوەندیی نێوان بزووتنەوەی ژنی کورد و ژنی ئێران
ئاڵا کوردستانی

ڕەنگە کاتێک لە دەستپێکەوە، تیشک دەخرێتە سەر سەردێڕی وتارەکە، هەر لە سەرەتاوە چاوەڕوانی ئەوە بین کە هاوپەیوەندییەکان دەستنیشان بکرێن و سەرەڕای ئاماژەگەلێک بە بڕێک جیاوازی کە زۆرجاریش نە بەدوای لێکدانەوەی قووڵ و بەدواداچوونەوەی ئەو جیاوازییانە و ڕەنگە تەنانەت بە ڕوانینی ئەرێنی و نەرێنییش بە جیاوازییەکان، بەڵام لەناو مەسەلەی ژن_تەوەر، توندوتیژی و هەموو هەڵاواردنە جێندەرییەکان بکرێت بتوێتەوە و بەگشتی لە ڕوانگەیەکی ئەرێنییەوە، باسی پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لە هەموو ژنانی بەناو ئێران، دژ بە هەموو هەڵاواردن و نایەکسانییە جێندەرییەکان بێهینینە گۆڕێ و ئاسۆی ژیانی ژنی کورد لەتەنیشت خەباتی بەناو ژنانی ئێران، و هەڵبەت لە ژێر سێبەری دەسەڵاتێکی سێکۆلار و دیموکرات و پلۆڕاڵی داهاتووی ئێران ڕوون ببینینەوە.
لە سەردەمی ئەوڕۆدا کە گەشەسەندن و پەرەسەندنی هەمەجۆرەی تەکنۆلۆژیا و سووشیاڵ میدیا و خێراییی ڕاگەیاندن و دەسپێڕاگەیشتنی ئاسان بە ئاگایی و زانست پەلی هاویشتووەتە هەموو سووچ و قوژبنی ژیانی مرۆڤی سەردەم لەهەموو سووچ و قوژبنی جیهان بە گەشەسەندوو و گەشەنەسەندوو، هاوپەیوەندیی ژنی کورد دەتوانێ لەم جوگرافیای سیاسیی داسەپاوە بەناوی ئێران بترازێت و ڕۆژهەڵاتی ناوینیش بەگشتی بپەڕێنێتەوە و خۆی لە هەموو جموجۆڵ و بزاڤی مێژوویی و هاوچەرخی ژنانی جیهان بەتایبەت ژنانی ڕۆژئاوا وەک دەسپێشخەر لە بەدواداچوونی مافەکانیان و هەروەها وەک بابەتێکی جێندەری و سێکسواڵیتە و هەموو تەوەرە پەیوەندیدارەکانییەوە ببینێتەوە، لێی تێبگات و فامی بکات و بڵێ ئیدی نا. هاوکات لەگەڵ بیستنی کوشتنی کچە دراوسێ یان خزمەکەی خۆی، بە مۆرکی کوشتنی نامووسی، ببێتە “ئێبی گیل ئادامز”، هاوژینی جان ئادامز سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا، و پێی بڵێت لە کاتی نووسینی یاسای نوێ و ڕاگەیەندراوی سەربەخۆیی(١٧٧٩)، ژنان لەبیر مەکەن و دەسەڵاتی بێسنوور بە مێردەکان و پیاوان مەدەن، چون ئەگەر بەم شێوەیە هەلسوکەوت بکەن، ئەوا ئێمەی ژنانیش شۆڕش دەکەین و ملکەچی ئەو یاساگەلە نابین. یان خۆی بە “ئولیمپ دێگۆنگ” ببینێتەوە کە وەک یەکێک لە ڕیێەرانی شۆڕشی فەڕانسە، لە کۆتایی شۆڕشەکە و سەرکەوتنی شۆڕش(١٧٩١)، کاتێک دیتی کە ڕاگەیەندراوی سەرکەوتنەکە هەر لە سەرەتاوە بەناو “مافی پیاوان”، دەرچووە، هەڵوێستی گرت و لەگەڵ ژنانی هاوسەنگەری ڕاگەیەندراوێکی نوێیان (بەناو مافی ژنان)، دەرکرد کە دژ بەو ڕاگەیەندراوە بوو کە مافی تەنیا تایبەت بە پیاوان دانابوو، و بەهۆی ئەم هەڵوێستەوە بە تاوانی دژەشۆڕش بوون، سەری لە ژێر تێخی گیوتین لە جەستەی جیا کرایەوە. یان سەر لە “ژوورێکی تایبەت بۆ خۆت”ی ویرجینیا وۆڵف(١٩٢٩) دەربێنێت و خۆی نزیک بە گاڵتە تاڵ و ڕەقەکەی نێو ئەم کتێبە ببینێتەوە کە وۆڵف تێیدا بابەتی “خوشکی شێکسپیێر” دەورووژێنێتەوە و دەڵێ، ئەگەر شێکسپیێر خوشکێکی بۆ وێنە بە ناو یودیتی بوایەت، چاوەڕواننەکراو بوو کە وەک براکەی ئاوەها شانۆنامەگەلێک بنووسێت. لە کاتێکدا شێکسپیێر دەیتوانی لە لەندەن و هۆڵەکانی شانۆگەری بگەڕێت، خوشکەکەی دەبوایە گۆرەوییەکانی بۆ بدووریایەت یان لە چێشتخانە ئاگاداری ئەوە بووایەت کە چێشتەکەی نەسووتێ و ئەگەر ئیشەکەی خۆی بە باشی جێبەجێ نەکردبایە، ئەوا لێدانێکی چاک لە لایەن باوک و دایکی چاوەڕوانی دەکرد. ئەگەریش شەهامەتی لەخۆی نیشان بدایەت و نزیکی ئەو هۆلانە ببوایەت لە بەڕێوبەری ئەوێ سکپڕ دەبوو و دەبوایە لە شەوێکی زستانیدا کۆتاییی بە ژیانی خۆی بهێنایەت. یان خۆی لە “ڕەگەزی دووەم”ی سیموون دوبوار، یان “سیاسەتی جێندەری”ی کیت میڵت، نووسراوەکانی ژۆزیڤین داناون، هێلین سیسکۆ، ژولیا کریستوا و لووس ئیریگاری و هتد ببینێتەوە و بەگژ مێژووی پیاوانە و زمان و فەلسەفە و ئەدەبیات و هونەر و زانست بە ئەرەستوو، ئاگوستین، دێکارت، شووپێنهاور، هێگل، نیچە، کانت، فرۆید و یۆنگ و هتد بچێتەوە و بلێت، تاکەی لەدەرەوەی مێژوو و سیاسەت و فەلسەفە و زانست و ئەدەبیات بم و تاکەی بە زمانی بەرتەسکی پیاوانەوە، فام بکرێم و بنووسرێمەوە. یان هێندە لەناو شەپۆلە یەک لە دوای یەکەکانی فێمێنیزم شەپۆلان بدات، و لە ئاکامیشدا بۆ ئەوەی بە ئارامییەک بگات، خۆی لە وتەی “ڕێبێکا وێست”، جێ بکاتەوە کە: “من خۆم هیچکات بەباشی تێنەگەیشتم کە فێمینیزم یانی چی. تەنیا ئەوەندەی لێ دەزانم هەرکات هەستێکم دەربڕی کە من لە مرۆڤێکی خاو و خلیچ یان سۆزانییەک جیا بکاتەوە، پێیان وتم،”فێمێنیست”.
ڕەنگە لە بەراوەردی ئەم دوو هاوپەیوەندییە، سەرەڕای پەسەندکردن و دیتنەوەی خاڵەهاوبەشەکان و کاریگەریی ئەو پەلهاویشتنە و وشیاربوونەوەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژی ژنان لەبوارە جیاجیاکاندا و چوونەسەرەوەی ئاستی تێگەیشتن و داخوازییەکانیان، هاوپەیوەندیی یەکەم نزیکتر و واقعیتر ببیننەوە لەبەر ئەوەی کە بزووتنەوە و بزاوتی هەر کۆمەڵگایەک و بەتایبەت ژنان، بە شوێنکەوتوو و گرێدراوی هەلومەرجی کۆمەڵگای خۆی پێناسە دەکرێت و هەر بۆیە ئەو خاڵە هاوبەش و هاوکاتانەی کە لە هاوپەیوەندیی یەکەمدا دەبینرێت، تەنانەت چارەنووسی هاوبەشیشیان بۆ پێناسە دەکرێت. بینینی خاڵی هاوبەش و هاوکات سەرەتا لەو جوگرافیای سیاسیی هاوبەشەی هەرچەند داسەپاوە و دینامیزمی جۆراوجۆری دەسەڵات و یاسا و نەریتی ئەم وڵاتە وەک عەرزی واقیع دەبینرێتەوە و بە خۆڕسکیش هەرجۆر خولیایەک و داخوازی و ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەم پانتایییەدا پێناسە و دیاری دەکرێت، بەتایبەت کە سەبارەت بەژنان، بەگشتی دەسەڵاتی ئێران واتە جۆری دەسەڵاتی ئێستای ئێران، بەردی بناخەکەی بە تەواوی دژەژن بووە (حیجابی زۆرەملێ، نەبوونی یەکسانیی جێندەری لە جومگە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، کێشەی کار و پێناسەی نەریتی لە ژن و ئاستی نزمی لە بنەماڵە، پرسی میرات، تەڵاق، خوینبایی و شایەتیدان و …)، و سەرەڕای نەبوونی ئازادییە سیاسیی و کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان بەگشتی، کۆسپ و تەنگەژە و بەربەستەکان بۆ چینی ژنان زۆر زۆر بەرفراوانتر بووە.
بە وەرگرتن و پەسەندکردنی ئەم شوێنکەوتوویی و گرێدراوییەی بزووتنەوەی ژنان بە هەلومەرجی کۆمەڵگای خۆیەوە، چەندە دەتوانین بڵێین کە ئەم ژینگەیە و ئەم پێناسەیە، ژینگەی سەرەکی و سەرڕاست و پەسوۆردی گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خەباتی ژنی کوردە؟ یان تا چ ڕادەیەک هاوپەیوەندییەکان و خاڵە هاوبەشەکان قورس و بنەڕەتی دەبینرێتەوە کە بۆ وینە، “دایکانی پارکی لالە” و “دایکانی خاوەران” و “کچانی شەقامی ئێنقیلاب”،.. هەڵگری ژینگە و پەسوۆردی خەباتی ژنی کورد بێت و وەک حەرەکەتی سێمبولیکیش بووبێت، لە ئاوییەر و پشت زرێبار و پارکی سەقز و … لەچکێکی سپی بگرێتە دەستییەوە و قژی بە بادا بدات و بڵێ، منیش کچی چوارشەممەی سپیم؟
لە وتەی دیکەدا، زۆر ڕوونە کە ورووژاندنەوەی چەمکی “ژنی کورد”، وەک ژنی ئێران، ژنی عەرەبستان، ژنی ڕۆژهەڵاتی ناوین، ژنی ڕۆژاوا و زۆر نزیکتر ژنی ڕەشپێست، خۆی لە خۆیدا هەڵگری دوو تایبەتمەندییە کە وەک وشەی “ژن”، هەڵگری هەمان بابەتی جیهانگربوونەکەیە کە هەر لە سەرەتاوە زەین بە لای دۆخی تایبەتی “ژنبوون” و ئەو ڕوانگە دووفاقێیەتیانە دەبات کە بەدرێژاییی مێژوو بەسەریدا داسەپاوە و بووتە هۆی بارگرانی و هەڵاواردنەکان و توندوتیژییەکان و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، بەتایبەت لە دونیای مودێڕنی ئەوڕۆدا لە هەموو کۆمەڵگاکان لە بەرامبەرکێ و ڕووبەڕووبوونەوەیدایە. بەو جیاوازییە کە بە پێی ئاستی پێشکەوتوو یان پێشنەکەوتوو، گەشەسەندوو یان گەشەنەسەندووییی کۆمەڵگاکان کە خۆی لەسەر فاکتەرگەلی بنەڕەتی واتە سیستەمی پەروەردە و یاسا و ئابووری و ئەمانیش لەسەر جۆری دەسەڵاتی سیاسی، واتە ئایینی یان سێکۆلار و هەڵبەت دینامیزمی جۆراوجۆری دەسەڵات و ئاستی ڕیزگرتن لە ئازادی و بەهاکانی هەڵدەسووڕێت و بە پێی پێگە و ئاستی بەشداربوونی ژنان لە هەموو جومگە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و ئاستی دەستەبەربوونی یەکسانیی جێندەریی و ڕەگەزی و هەموو مافەکانیان، وەک مرۆڤ و نیوەی کۆمەڵگا، دەبێتە هۆی دیاریکردنی ژنی ڕۆژهەڵاتی ناوین، ڕۆژاوا، ڕەشپێست، ئێران، عەرەبستان و هتد.
بەڵام کە لە ژنی کورد دەڕوانین، دەبینین کە ژنی کورد نە وەک ژنی ڕۆژاوایە نە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەگشتی، نە وەک ئێرانە و نە عەرەبستان و نە تورکیایە و نە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانە، و ئەوەش بەهۆی ئەوەیە کە ژنی کورد خۆی لە نەتەوەیەکی بندەستدا دەژیێت، نەتەوەیەک کە بە ژن و پیاو و منداڵ و ژینگە و داروبەردی لە دۆخێکی هەمیشە فەرمانکراویدا دەژین، نە خاوەن سەربەخۆییی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسی و کیانی سیاسییە و نە خاوەن شوناسی بڕواپێکراو لە ئاستی نێونەتەوەیی و گەلانی جیهاندایە. نەتەوەیەک کە خۆی لە پێناسە و پێگەیەکی سەرانسەر دووفاقێتییدا دەژیێت، بندەست و باڵادەست، داگیرکراو و داگیرکەر، کۆیلە و سەروەر، بۆئەوی تر و بۆخۆی، ناچالاک و چالاکو … نەتەوەیەکی بندەست کە بەردەوام هەموو هەڕەشەیەکی لەسەرە، ئەگەر کرا بەتەواوی لە ناسنامەی ناوەند و باڵادەست بتوێتەوە، یان وەک کەمینەیەکی ئێتنیکی دەبێت بەردەوام لە ژێر چاودێری و کونتڕۆڵ و فەرمان و پەروەردە و زمان و یاسای ناوەنددا بێت. لە هەژاریدا هێشتنەوەیان، پێشگوێخستنیان لە گەشە ئابووری و کۆمەڵایەتی و مرۆیییەکان، زمانکوژی و بەدوایدا تێفکرین و هزرکوژی، ئەگەر بۆیان بکرێ کۆمەڵکوژی دەکرێن و ئەگەریش نەکرێ، ڕۆژانە بە بیانووگەل و مۆرکی جۆراوجۆر، کۆڵبەری، قاچاخ، دژەشۆڕش، تەجزیەتەڵەب، هاوکاریی هێزە کوردییەکان و … دەکەونە بەر گوللـەی وێڵ، یان لە سێدارە دەدرێن و یان بەشێکی زۆر لە ژیانیان دەبێ لە زیندان بەسەربەرن یان زیندانی هەتاهەتایییان بۆ دەبڕێتەوە. تاڵانکردنی بەشێکی زۆری سەرچاوە سروشتییەکان وەک کانگاکان و کانزاکان و گاز و ئاو و هتد و کەڵکوەرگرتن و گواستنەوەیان بۆ شارەکانی ناوەند. تەنانەت بەوەش ناوەستن، ئاگربەردانی بەردەوامی دارستانەکان و ئاژەڵەکان و بەگشتی تێکدان و سەقەتکردنی ئێکۆسیستەمی ئەو دەڤەرەی کە تاکی کوردی لێ نیشتەجێیە، هەڵگری پەیامی زۆر ڕوون و ئاشکرایە و ئەوەیە وەک کورد، چ ژن، چ پیاو و چ ژینگەیەک کە تێیدا دەژیێت، مەحکووم بە تواندنەوە و لەناوچوونە. لە بارودۆخێکی ئاوەهادا و لە هەلومەرجێکدا کە کۆماری ئیسلامی وەک یەکێک لە جۆرەکانی دەسەڵاتی داگیرکەر کە بۆ خەڵکەکەی خۆیشی ڕەحم و سۆزی نابێت و بۆ پاوانخوازییە ئایینی و ئیدۆلۆژیکییەکانی خۆی هەموو پڕەنسیپە مرۆیییەکان دەنێتە ژێرپێ، ڕوونە کە بارودۆخی نەتەوەی بندەست بەگشتی و ژنانیشی بەتایبەتی چەند قات دژوارتر و ئاڵۆزتر دەبێت.
جموجۆڵ و بزوتنەوەی ژنی ناوەند و فارس_تەوەر بەناو ژنی ئێران، وەک ژنی گوتاری داگیرکەر لە چوارچێوەی داسەپاو و نەگۆڕ و پەتیی ئێرانیبوون واتە فارسییزمدا (ئێستا جیا لە جۆر و دینامیزمی دەسەڵات بە پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی یان مەشرووتە و ڕێفۆرمخواز و بناژۆخوازەوە)، چۆن دەتوانێ هەڵگری پەسوۆردی خەباتی ژنی کورد بێت، لەکاتێکدا خۆی بەشێکە لەو هزر و ئەندێشە و سیستەمی داگیرکارییە؟ ڕەنگە بگوترێت بە پێی چ بەڵگە و تێڕوانینێک هەر لە سەرەتاوە، ئەم بزووتنەوە و جموجۆڵانە بە فارس_تەوەر یان ناوەند_تەوەر ناوزەد دەکرێن، یان بگوترێت لە کۆمەڵگا و سیستەمێک کە بەدرێژاییی مێژووی، سیاسەتکردن و بڕیاردان وەک کلیشەیەکی پیاوانە بووە و خۆی هیچ بەشدارییەکی لەو داگیرکاری و هەڵاواردن و پاکتاوکردنانەدا نەبووە چۆن وەک بەشێک لە گوتاری باڵادەست دابنرێت و یان بە پێی چ پوتانسییەل و توانمەندییەک چاوەڕوانیی ئەوەی لێ بکرێت دژی بوەستێتەوە؟
سەلماندنی زۆر زەحمەت نییە. پێویستیش ناکات زۆر هەڵگەڕێینەوە بۆ قۆناغی دواتر وەک مەشرووتە و پاشایەتی و سەرەتاکانی شۆڕشی ئیسلامیی، دەتوانین هەر لە قۆناغی بەناو ڕێفۆرمخوازی هەتا ئێستا ئاوڕی لێ بدەینەوە و ئەو جموجۆڵە مەدەنی و کۆمەڵایەتییانە کە ڕێکخرا و یەک لەوان بزوتنەوەی ژنان و بەشداربوونیان لە کۆڕ و کۆمەڵ و چاپەمەنی و نووسین و دەنگ هەڵبڕینیان بۆ هەڵاواردنە یاسایی و نەریتییەکان و داخوازییەکانیان کە ناوچە کوردنشینەکانیشی لە ئاستێکی بەرچاودا گرتەوە. سەرەڕای بەشداریی بەرچاوی ژنانی کورد لە کەمپەینەکان و کۆڕ و کارگاگەلی فێرکاری سەبارەت بە هەڵاواردنە یاسایی و جێندەرییەکان و پەیوەندیی زۆر نزیک لەگەڵ چالاکوانانی ژنی ناوەند کە تەنانەت لە خۆپیشاندانەکان لە تاراندا بە مینی‌بووس لە شارەکانی کوردستانەوە بەرەو ئەوەێ ڕێدەکەوتن، چ گوتارێک و چ ئەکتێک و چ هەڵسوکەتێک و چ فیدبەکێکی تایبەت کە پیشاندەری ڕۆحێکی یەکگرتوو و کاری هاوبەش لە ئاستی بزووتنەوەیەکدا بێ کە دژ بە هەموو هەڵاواردنەکان بێت. بۆ وێنە، لە کام وتار یان تریبوون و یان وتووێژ و چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانی کە لە سەرەتاکانی ئەو قۆناغە بە فراوانی دەبینرا، بۆ یەک جاریش ژنێکی چالاکوانی ناوەندتەوەر بەکورتی و سەرڕاست ژنی فارس، باسی ئەو هەڵاواردن و تەنگەژە و بەربەستە ئێتنیکییەی پەرواێزنشینەکان، وەک بێمافیی زمانی و کولتووری، هەژاری، بارودۆخی ژنە زیندانییە سیاسییەکان، و هتدیان هێناوەتە گۆڕێ. لەکوێ باسی ئەوەیان کردووە (هەر وەک نموونەیەک) یەکێ لە بنەڕەتییترین توندوتیژییەکان کە دژ بە ژنانی نافارس دەکرێت ئەوەیە کە ناتوانن منداڵەکانیان بە زمانی دایکیی خۆیان پەروەردە بکەن و یان لە کوێدا باسی سەدان پیاوی کرێکاریان کردووە کە ئاوارەی شارەکانی ناوەند بوون بۆ بژێوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەیان، یان کۆڵبەری و کوشتن و نوقستانیی جەستە و .. دەیان دیاردەی ڕەشی دیکە کە سەرەتا و لەبنەڕەتدا بەسەر ژنان و بارودۆخی ژیانی ژنی کورد قورساییی بووە.
لەوە نەڕوانین کە ژنانی چالاکوانی کورد بەتێروتەسەلی کەوتبوونە ناو ئەو شەپۆلەی ناوەندتەوەرە، و ڕۆژ نەبوو کە لە سۆشیاڵ میدیاکانی ئەو کات و نووسینەکاندا باسی ژنە چالاکوانانی ناوەند نەکەن و لە هەموو هەڵسوکەوت و بانگهێشتنیان بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان و پرسینەوەیان و زیندان چوونیان بەئاگا بوون و ئاوڕیان لێ دەدایەوە و باسیان لێ دەکرد. پەیوەندییەک و فیدبەکێک کە لە ڕواڵەتیشدا هیچ حاڵەتێکی دوولایەنەی پێوە دیار نەبوو. تەنانەت ڕەنگ و بۆنیکیشی گرتبوو کە جار وابوو لەگەڵ بەشێکی زۆر لە ژنە چالاکوانانی کورد(نەک هەموویان) نەتدەوێرا تەنانەت وەک وروژاندنەوەیەک باسی ئەو دۆخە تایبەتەی کوردبوون بکەی، بەخێرایی دەیانوت ئەمە باسی مافی ژن و ئازادییەکانییەتە و کاری بەسەر نەتەوە و کوردبوون و باسی سیاسییەوە نییە! کە وای دەنواند ئەو پەیوەندییە و کارگاکانی فێرکاری و تێکەڵبوون لەگەڵ بزووتنەوەی ژنانی ئازادیخواز و مافخوازی ناوەند، پێشمەرجی ئەوە بوو کە دیسان تۆ خۆت نەبی بەڵکوو ئەویدی بی کە ژنی باڵادەست (هەرچەند ئازادیخواز و دێموکراسیخواز)، بۆتی دابین دەکات و چوارچێوەت بۆ دادەڕێژێتەوە. تەنیا تایبەتمەندییەک کە لە ژنی کورد و کۆمەڵگای کوردی بۆڵد دەکرایەوە و ئاوڕی لێ دەدرایەوە و بە زۆرییش دەبینرا، باسی خۆسووتاندن و خۆکوژی و کوشتنی ژنانی کورد بوو کە لێرەیشدا زۆر ژیرانە و زیرەکانە لە لایەن ژنانی ناوەندەوە و هەر لە ژێر کاریگەریی ڕوانگەی ناوەندتەوەرەوە (و هەڵبەت پیاوانی ئازادیخوازی فارسیش بێدەنگ نەبوون و زەحمەتی سازکردنی فیلم و موستەنەدیشیان دەکێشا) نەوەک باسێک کە بەرپرسیاریەتیی تەنانەت بەشێکیشی دەسەڵات بگرێتەوە، بەڵکوو زۆرتر ئاماژەیەک بوو بە کۆمەڵگایەکی سەرانسەر دواکەوتوو و چەقبەستوو و ژنکوژی کۆمەڵگای کوردی کە بەجۆرێک باسیان دەکرد و ئاوڕیان دەدایەوە کە وەک ناسنامە و شوناس و جەوهەری کۆمەڵگای کوردییە و تەنیا ڕیگاچارە و ڕزگاربوونیان لەوەدایە کە هەوڵ بدرێت کەمێک لەو شارستانییەتی ناوەند و فارسزمانە تەزرێق بکرێتە ناو ئەم کۆمەڵگای پڕ لە هۆڤیگەرییە، بەڵکوو ژنی کورد تاڕادەیەک ڕزگاری بێت.
ئەگەرچی لەلایەن بەشێک لە ژنانی چالاکی کوردەوە هەست بەو جۆرە ڕوانین وجۆری هەڵسوکەتی پڕ لە پارادۆکس و ئێلەک کردنانە و ناتەبایی لەگەڵ جەوهەری بزاوتی خۆیان وەک ژنی کورد کرابوو، بەڵام بە گشتی ڕۆحی چالاکی و جموجۆڵی ژنی کورد بە تایبەت لەو قۆناغەدا نەتەنیا هەڵگری ڕۆحی کوردی و هەڵکشان نەبوو، بەڵکوو لە تواندنەوە و داکشانێکی بەڕواڵەت پێشکەوتووخوازدا بوو، بە جۆریک کە ئاسەوارەکەیشی هەتا ئەم چەند ساڵەی دواییدا درێژەی هەبوو و ژن و نەتەوە، لە بەستێنی زەینیی چالاکیی ژنی کورد، هێندە کاڵ و وشک بووبووەوە کە زەحمەت بوو بە ئاوپژێنێک گەرووی تازە بکاتەوە. کە ئەگەر ڕووڕاست بین لەگەڵ خۆمان و داعشێک سەری هەڵنەدایەت، و ئەو ڕۆحە یاخیگەری و ئازایەتییەی ژنی کورد لە ڕووبەڕووبوونەوەی لە گەڵ داعش و دژەتیرۆر (بەتایبەت لە کۆبانی و ڕۆژاوا) نەبووایەتە چیرۆکی ڕۆژانەی میدیاکانی جیهان، زەحمەت بوو ئەو ڕۆحە دەرچووە لە زەین و جەستەی ژنی کوردی بەناو بیرجیاواز، بەئاسانی بێتەوە نێو ماڵی خۆی و ڕوون نەبوو کە ئێستا کەیسی زاراکان و ئانیساکان و دەیان چالاکوانی زمانی و ژینگەیی و مەدەنیی نیشتمانیی دیکەی کورد، لەژێر هێژموونی زاڵی هەواڵەکانی چالاکوانانی ناوەندتەوەر وەک نەسرین ستوودە و سپیدەی قوڵیانی و کێ و کێ، بۆ وێنە لە لاپەڕەکانی سۆشیاڵ میدیای ژنی کورد جێگایەکیان بۆ باسکردن و ئاوڕدانەوە ببوایە! ئیتر با ئەوەش بمێنێ ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ژنانی ناوەندتەوەر، بە بێدەنگیی هەمیشەییان لەبەرانبەر کەیسگەلێکی لەم جۆرە، مانیفێستی زەینی و چوارچێوەی خەبات و بزووتنەوەیان هەر لە پێشدا سەلماندووە کە بە دڵنیاییەوە ئەوانیش هەڵگری هەمان ڕاسیزمن کە ناسنامەی بنەڕەتیی دەسەڵاتی داگیرکەرە، بەو جیاوازییە کە ئەمان هەڵگری ڕاسیزمی شاراوەن و ئەگەر دەسەڵات شمشێری لە ڕوو دەبەستێت، ئەوا ئەمان لە پشتەوە بەستوویانە.
بەڕاستی بەکگراواندی مێژوویی و زەینیی ژینگەی ژنی کورد و بەگشتی کۆمەڵگای کوردی بەنیسبەت کۆمەڵگاکانی دیکە بەتایبەت دراوسێیەکانی هێندە تۆقێنەر و پڕئاڵۆز و دژوارتر بووە کە ئاوەها ئاسان ئامادەی هەرجۆرە تواندنەوەیەک لە گوتاری باڵادەستدا بن؟ و یان چۆن لە پرسی ژن تێگەیشتبوون کە دەبێت پشت لە نەتەوە و کۆمەڵگاکەی خۆی بکات و پێی سووک بێت یان پێی هیندە سەرەکی و بنەڕەتی نەبێت کە باسی دۆخی نەتەوەیی و نیشتمانی تایبەتی خۆی بکات؟ چما ژنی فارسیش پشتی لە ئێرانیبوون و فارسبوونی خۆی کردووە و دەڵێت من تەنیا بۆ ڕزگاریی ژن و پرسی ژن لەهەرکوێی ئەم ئێرانەدا بێ تێدەکۆشم، بەڵام حازر نابێت تەنانەت دان بە ڕاستییەکاندا بنێت و باسی ئەو جیاوازییانەی کە دۆخی تایبەتی ژنانی کورد و بەلووچ و عەرەب وەک نەتەوەی بندەست یان پەراوێزنشینی گرتووەتەوە، بورووژێنێتەوە.
یان دەکرێ بڵێین بەڕاستی لەو کاتانەی کە پشتیان لە دۆخی نەتەوەییبوونی خۆیان دەکرد و بەو عەقڵییەت و زەینییەتە کە ئەمە پرسی ژنە و کاری بە پرسگەلی دیکەوە نییە، یان ئەمە پرسێکی گشتگیر و جیهانگرە و نابێت بابەتەکان تێکەڵاو بکەین، یان کاتێک دەیانوت کۆمەڵگای کوردی تا قوڕقوڕۆچکەی دژی ژن بووگە و ژنی چەوساندووەتەوە، ئێستا چ زەروورەتێکە ژن شەڕی شوناسی کوردبوون بکات، و هتد، تا چ ڕادیەک ئاگاداری ئەو بەکگراوندە مێژوویی و زەینی و ژینگەیییەی خۆی بووە و لە مەعریفە و چاویلکەی خۆیەوە بە دۆخەکە و دیاردەکانی ڕوانییوە و لە کاتی هەڵسەنگاندنەکان و داوەریکردنی خۆی، خاوەنی سەربەخۆییی هزری و تێفکرینی خۆی بووە و نە “ئەویتربوون”!
ئێستاکە بێینە سەر ئەو بەکگراوندە مێژوویییەی کۆمەلگای کوردی بەگشتی. قەرار نییە پیا هەڵزنێین و شاخ و باڵی پێ بدەین، دیارە ئەمیش لە دەرەوەی ئەو پێناسە جیهانی و ناوچەیییە نییە، بەڵام بۆ خۆی خاوەن تایبەتمەندییەک بووە کە پێویستە ئاماژەیەکی هەرچەند کورت و خێرای پێ بکرێت.
ئەگەرچێ لێکۆڵەران و نووسەرانی کورد دان بەو ڕاستییەدا دەنێن کە بە هۆی ئەو ئاڵۆزییەی کە لە ڕەوتی مێژوودا، مرۆڤی کورد بە بەراورد لەگەڵ گەلانی دراوسێی، پێیدا دەرباز بووە، لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر مێژووی کۆمەڵایەتی و کولتوریی کۆمەڵگای کوردی زۆر کەمن و ڕوونە هەژارترین لاپەڕەکانیشی سەبارەت بە شێوەی گوزەران و پێگەی ژنانی کورد لە سەردەمە جیاجیاکانی مێژووە تا بە متمانەوە باسی بار و گوزەران و ئەگەری جیاوازیگەلێکی زۆر زۆر بەرچاو لەگەڵ ژنانی گەلانی دیکەدا بکرێت. ئەگەر بە پێی سەرچاوەکان، زاگرۆس وەک ئەو دەڤەرە جوگرافیایییە کە کوردەواری واتە کوردستانی تێدا هەڵکەوتووە و شوێنی لەدایکبوونی میترا، ئیلاهەی ژن و خواوەندی خۆرەتاو دانێین، هەتا پێش هێرشی عەرەبەکان، خاوەن شارەستانییەت و ئابووریی گەشاوە بووە و دواتر بووەتە ناوچەیەکی ئاڵۆز و جێگای تاڵانکردنی تاڵانکەرە یەک لە داوی یەکەکانی عەرەب، سەلجووقی، مەغوول، تاتار و …کە تەواوبوونی بۆ نەبووە و ئەگەرچی یەکگرتووییی خۆی لە دەست دا بەڵام بە پیاو و ژن و لاو، بەردەوام لە بەرەنگاریی تاڵانکەران و داگیرکەراندا بوون.
بەدڵنیاییەوە بەشێکی زۆرمان کتێبی شەرەفخانی بدلیسی وەک باوکی مێژوونووسیی کوردیمان خوێندووەتەوە و یان تاڕادەیەک ئاگاداری بابەتەکان و ڕووداوەکانی نێو کتێبەکە هەین، کە باسی بڕێک ژنی ناودار و بەهێزمان بۆ دەکات کە خاوەن پلە و پێگە بوون لە ناو خێڵ و عەشیرەی خۆیاندا، یان نووسینەکانی واسیلی نیکیتین و مینۆرسکی و بڕیک کتێبی دیکەی ڕۆژهەڵاتناسان و گەشتیارە بیانییەکان کە موحەمەدی قازی و ئیبراهیم یۆنسی وەریانگێڕاونەتەوە سەر فارسی، بەردەستی هەموومان کەوتووە کە بە جیاوازی باسی ژنی کورد و دراوسێکانیان هێناوەتە گۆڕێ، وەکوو شێوازی جلوبەرگ پۆشینیان و ئەوەی کە بەپێچەوانەی دراوسێ عەرەب و تورک و فارسەکانیان، ئەمان ڕوومەت و سەرسینگ و ملیان دانەپۆشیوە، زۆر ئازا بوون و لەگەڵ پیاوان زۆر بەئاسانی تێکەڵ بوون و پێکەوە دانیشتوون و خواردنیان لەگەڵ خوانی پیاوان جیا نەبووەتەوە، لەکارەکاندا شان بەشانی پیاوان سووڕاونەتەوە، سوارچاکی زۆریان تێدا بووە، بە بینینی بیانییەکان و میوانەکان خۆیان نەشاردووەتەوە و بەپێچەوانەوە زۆر بە ڕوویەکی گەشاوە، پێشوازییان لێ کردوون و هتد. وەک نموونەیەکی دیکەی بەرچاو، “کلۆدیوس جەیمز ڕیچ”، گەشتیار و سیاسەتوانی ئینگلیزی کە تاڕادەیەکی باشیش شارەزای زمانی کوردی بووە، لە گەشتنامەکەی خۆیدا(١٨٢٠ی زائینی) بۆ کوردستان (ئێران و عێڕاق)، کە “حەسەن جاف” وەریگێڕاوەتەوە بە فارسی، دەڵێت، “ژنی کورد وەکوو ژنی تورک و فارس و عەرەب نین، ژنی کورد خاوەن بڕیار و زۆر لە ژنانی تورک و فارس و عەرەب ئازاتر و سەربەخۆترن. کاتێک ژنانی کوردم بینی زۆرجار لەگەڵ بڕیاری چارەنووسساز بەشدار و هاوبەشی پیاوان دەبن، ژنی کورد زۆر ئازادانە و بێ پەچە دەتوانن لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا بگەڕین کە ئەم دیاردەیە لە نێو ژنی نەتەوەکانی دراوسێیاندا بە دەگمەنیش نابینرێت، ئازادیی ژنانی کورد وەک هیچکام لە نەتەوەکانی دراوسێی نییە و بەمانای وشە، کەسایەتییەکی خاوەن ڕێز و سەربەخۆی کۆمەڵگاکەیانن”.
هەروەها ناوی دەیان ژنی ناودارمان هەیە کە لانیکەم لەم دوو سەدەیەی کۆتاییدا کە بەشی زۆریان خاوەن تایبەتمەندی و هەڵکەوتەیی لە ناوەندی سیاسەت و بڕیاڕدان بوون یان خاوەن توانستی دیکە بوون. دەوڵەت خانی لوڕستانی، قەدەم خێری فەیلی، فاتمە قەرە، حەپسەخانی نەقیب، خاتوو شاناز ئەردەڵانی، مەستوورەی کوردستانی، ئامینەخانی بارام بەگی جاف، لەیلی و رەوشەن بەدرخانی، عادیلەخانم، شاخاتوونی بتلیس، خانم ئەردەڵانی، مەلیکە هەوادار ڕەوادی، فاتمەخانی ڕەواندز، فاتمەمەحیەدین و گوزیدەخانم، خانزادی میری سۆران، حەلیمەخانی هەکاری، ڕابیعەخانم سەرگەورەی نانەواکان، لەیلا قاسم و لەیلا زانا و بگرە سەدان ژنی دیکە کە لە ڕێڕەوە ئاڵۆزەکەی مێژووی کورد، تەنانەت ناویشیان سڕاوەتەوە یان پێویستی بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی زۆرترە.
ژنانی ڕۆژهەڵات وەکوو ژنانی ئێران لەگەڵ ڕووداوەکان و خۆپیشاندانەکان و شۆڕشەکانی سەردەمی پاشایەتیی پاڵەوی و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی و سەرەتاکانی شۆڕش، ڕۆڵی بەرچاو و گرینگیان گێڕاوە. ئەگەر ژنانی ناوەند دەچوونە ناو حێزبەسیاسییەکانی چریکی فیدایی و موجاهیدین و توودە، ئەوا ژنانی ڕۆژهەڵات چەکیان هەڵگرتووە و چوونەتە شاخ و هاوشانی پیاوان لەناو هێزەسیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بە چەپ و نەتەوەیییەوە، دژ بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی شەڕیان کردووە، بەو جیاوازییە کە سەرەتای دەرکەوتنی لەناو حێزبەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ دامەزراندنی کۆماری کوردستان کە بۆ یەکەمجاریش دەبن بە خاوەنی ڕێکخراوەی تایبەت بە خۆیان بەناو “یەکێتیی ژنانی کوردستان”، بە ڕێبەرایەتیی میناخانم هاوژینی پێشەوای نەمر (١٥ڕەشەممەی ١٩٤٦) و درێژەدان بە خەباتیان بۆ بەدەستهینانی کۆی مافەکانیان هەتا ئێستا.
گرنگی باسەکە لە پێناسەی ژینگەی سەرڕاست و گوتاری تایبەت و پەسوۆردی خەباتی ژنی کوردە کە دژ بە هەر چەشنە هەڵاواردن و داگیرکارییە و بەپێی بەکگراوەندە مێژوویییەکەی خۆی و هەموو ئەزموون و هەڵەکانی ڕابردوو و ئێستا، ناتوانێ لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی و مافخوازی و دیمۆکراسیخوازیی بەناو ژنانی ئێران کە هەڵگری هەمان گوتاری باڵادەست و بندەستە، خۆی پێناسە بکات و خۆی ببینێتەوە؛ ئەگەرچی وەک “ژنبوون”، لە بەشێک لەو ڕووبەڕووبوونەوانەی ژنی ناوەنددا، خاڵی هاوبەش ببینێتەوە. وەک ئەوەی کە بەشێک لە داخوازی و داواکارییەکانی بزووتنەوەی ژنانی ناوەند، بەشداریی ژنان وەک ژن، لە جومگە باڵاکانی سیاسەت و بڕیاردان بوو و کاتێک تەنانەت لە دینامیزمی دەسەڵاتی بەناو بناژۆخوازی ئێران کە دوو پۆستی گرنگی حکوومەت درا بە ژنان و هەروەها بەشداریی ژنانی زۆرتر وەک نوێنەر و شەوراکان بینرا، ئەوا ژنانی ئازادیخواز خۆیان وەک بەشێک لەو بژاردنانە و پۆستانە دیبێتەوە و دانیان بەوەدا هێنابێت کە بەشێک لە داخوازییەکانیان جێبەجێ بووە، بەتایبەت کە جێی ئاماژەیە لە خۆپیشاندانەکانی ئابانی ٩٨دا، هەر ژنە نوێنەری یەکێ لە شارەکان بوو کە ڕاستەوخۆ بە چەکی خۆی تەقەی لە خۆپیشاندەرەکان کرد. هیچ جیاوازییەک لەم هەڵسەنگاندنەدا نییە چون ئەوە گوتار و زەینییەت و بیرکردنەوەیە کە چوارچێوەی ئەکت و کردەوە و پێگە دیاری دەکات. ئێستا ژن بێ یان پیاو، لە چوارچێوەی گوتار و دەسەڵات و هێزی سیاسیی باڵادەستە کە وەک فۆکۆ ئاماژەی پێ دەدا، حەقیقەتی بوونی خۆی دەسەلمێنێت جا با حەقیقەتێکی ساختە و سەپێندراو بێت. هەربۆیە خۆدیتنەوە و خۆبەدەستەوەدان لەناو هەر بزووتنەوەیەک و باسی تایبەتی ئێمە، بەناو بزووتنەوەی ژنانی ئێران، بە هۆی دیتنەوەی بڕێک لە هاوبەشییەکان، دیسان هەڵپەسێراوی و سەرلێشێواویی ژنی کورد لە ناو گوتاری باڵادەست و ناوەندتەوەرە و هەڵسووڕانی هەمان سیکل و دۆخی مێژوویییە، ئەگەرچی ڕەنگ و بۆن و ڕواڵەتێکی دیکە لە خۆی ئاڕاستە بکات.
ژنی کورد پێویستی بە پێناسە و دەستنیشانکردن و تێۆریزەکردنی “چوارچێوەی ستەملێکراوی” یان (Grievance Framework) خۆیەتە، کە بتوانێ لە دەوری ئەو چوارچێوەیەدا هەموو جووڵە و وزە و بزووتنەوەی خۆی دیاری بکات و مانای پێ بدات و بەرەو پێشی ببات. ژنی کورد بە دیاریکردنی ئەو چوارچێوەیە، دەتوانێ بە باشی لەو هەڵپەسێراوی و شپرزەییە وەخت و ناوەختەی دەربازی بێت و وەک ئەکتەرێکی کارا و هەمەلایەنە لە دەوری فێمینیزم و سێکۆلاریزم و نەتەوەخوازیدا گوتار و ئامانجی خۆی بەهێزتر و دیاریکراوتر لە هەمیشە بەرەوپێش ببات و تەنانەت لە بازنەی ئەم سێگۆشەیەدا بە جۆرێک بناخەی فەلسەفەی ئەرک و ماف داکوتێت کە هەرجۆرە ئەگەری کلیشەڕوانینی پیاوانە و داسەپاو لە ڕەوتی هەرچەشنە ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی و چینایەتی و سۆسیالیزمدا بێ بایەخ و بی بنەما بکات.
ئەگەرچی بوونی ژن وەک پێشمەرگە و بەشێک لە هێزە سیاسییەکان جێی نکۆڵی نییە و ڕەنگە وەک شانازییەک لە مێژووی خەباتی ژنان بەتایبەت ژنانی ڕۆژهەڵات، شوێنپێی خۆی داکوتاوە، بەڵام ڕوونە کە ئەوجۆرەی کە پێویست بووە ئاوڕی یەکسانیی لێ نەدراوەتەوە (لە هەموو حیزبەکان بە دروشمی جیاجیا) و دەبینین کە هێشتا ژنان سەرەڕای ئەوە خاوەنی ئەزموونی مێژووییەکەی خۆیان لە دەسەڵات و بڕیاردان لە حکوومەتە خۆجێیەکان و هۆز و عەشیرەتەکان و هەروەها با ئەوەی کە هەر لە سەرەتاوە شان بە شانی پیاوان، بەشداریی خەباتی چەکداری و هێزی سیاسیی ئەم سەردەمە بوون، بەڵام نەیانتوانیوە درزێک بخەنە نێو ئەو بازنەی دەسەڵات و بڕیاردانە کە دیارە نەک لە ڕۆحی یەکگرتووی کوردیدا بەڵکوو لە کلێشەی پیاوانەییی داسەپاودا دەبینرێت (هەڵبەت هێنانەوەی ناوی تەنیا دوو سێ ژن ئەویش لە ئاستی خوارەوەی بڕیاردان، نابێتە هۆی ڕەتکردنەوەی کلێشەڕوانینی دەسەڵات و بڕیاردان لە هێزە کوردییەکاندا). کاتێک کە باسی ئەرک و ماف دێتە گۆڕێ، واتە ژنی کورد کە لە هەموو جموجۆڵە کۆمەڵایەتی و مەدەنی و سیاسییەکاندا، بە هێزە چەکدار و سیاسییەکانیشییەوە، نەتەنیا بەشداری دەکات بەڵکوو زۆرجاریش دەسپێشخەربوونی خۆی سەلماندووە، نەک وەک یاریدەدەر و بۆ شانازیکردنی پیاو و بزووتنەوەی کۆمەڵگای کوردییە، بەڵکوو ئەو لە بنەڕەتدا قەبووڵی بەرپرسیارەتی دەکات کە مافەکانی خۆی دەستەبەر بکات؛ نەک تەنیا ببێتە سیمبولێک بۆ خەباتی نەتەوەیی یان چینایەتی و هتد.
لە ڕاستیدا “نەتەوەخوازی” و نەتەوەسازی”، بەشی بنەڕەتی ئەو ئەرک و مافخوازییەیە کە ژنی کورد دەتوانێ لە چوارچێوەی ستەملێکراویی خۆیەوە لە پێناسەی ئەو سێگوشەی گوتار و ئامانجەدا، هەرچەشنە پاشنەگێڕیی پیاوسەروەریی بە شیوازی بنەڕەتی بلەقینێت و چاونەترستر لە هەمیشە و بێ ئەوەی ترازان یان لادانێک لە دۆخی نەتەوەییبوونی خۆی پێش بێت و بەخاوەندارێتیکردنی لە پڕۆسەی نەتەوەسازی کە ڕزگاریی خاک و نیشتمانی لە دەستی داگیرکەر وەک فاکتەری بنەڕەتییە، بەهێزتر ڕەوتی خەبات و ڕزگاریی خۆی لە هەرچەشنە هەڵاواردنێک، بەرەو پێش ببات. و تەنانەت دەبێتە بازنەیەکی بەهێز بۆ یەکگرتنەوە و دیتنەوەی گوتاری هاوبەشی کۆمەڵگای کوردی بەهەموو هێزەکان و دروشمەکانەوە. ئەگەرچی جێگای ئاماژەیە کە شپرزەییی گوتاری هێزەکوردییەکان خۆی بەشێکی بنەڕەتی و کارتێکەر لەو شپرزەیی و هەڵپەسراوییەی خەبات و بزووتنەوەی ژنی کورد بووە. ڕوونە و بە دەیان دیاردە و ڕووداو و هەموو ئەزموونەکان بە ئەرێنی و نەرینییەوە سەلماوە کە داگیرکەرانی کوردستان، هیچ جیاوازییەک لە نێوان ژن و پیاو و منداڵ و ژینگە و حیزب و هێزەسیاسییەکان بە چەپ و نەتەوەخواز و هەر چوارچێوە و دروشمی دیکە دانانێت و لە هەر جۆری دەسەڵات و دینامیزمی دەسەڵاتی خۆیدا گوتاری داگیرکاری و باڵادەستبوونی، بنەمای ڕوانین و ئەکت و دژەکردەوەیەتی بەرانبەر نەتەوەی بندەستی کورد. کەواتە هەروەهاش گوتارێکی هاوبەش و بەهێزی پێویستە کە هەڵگری هەمان قورساییی گوتاری داگیرکەر بێت کە بەرەوڕووی ببێتەوە. داگیرکەر بە داگیرکردنی خاک و نیشتمان، هەموو ناسنامە و ئەکتێک و بۆخۆبوونی لە هەموو ئەندامان و جومگەکانی نەتەوەی کورد گرتووە و ئەوا سەدەیەکی تریش کورد خۆی بە مافی ژن و مافی منداڵ و مافی کرێکار و مافی چینایەتیی و مافی زمانی و کولتووری یان بەشداریی دیموکراتیانە و هتد سەرقاڵ بکات لە کاتێکدا پەسوۆردی خەباتەکە و ڕزگاربوونەکەی لە ڕزگاریی خاک و سەربەخۆییدایە. گوتارێکی هاوبەش کە نەتەنیا هەموو ئەندامان و جومگە سیاسی و فیکرییەکان دەگرێتە خۆی، ڕەنگە چیتر نە لە خۆف و چاوەڕوانیی ترازانی هەر ڕۆژەی جومگەکان و هێزەسیاسییەکان، یان دڵەڕاوکێی یەکگرتنەوە و یەکنەگرتنەوەیان یان ئەگەری پێکهێنان یان پێکنەهێنانی بەرەی یەکگرتوودا ڕۆژ و شەومان بەسەربەرین، بەڵکوو بینەر و بیسەری ڕاگەیاندنی “دەوڵەتی کوردی لە تاراوگە” بین کە لە هەموو هێزەکوردییەکان و ئەکتەرەکان و لە سەرووی هەموویان ژنی کورد پێکهاتبێ. ئەمە نە وەک خولیایەکی منداڵانە یان دروشمێکی جوان و ڕازاوە و دڵخۆشکەرە بەڵام دوور لە عەرزی واقیع ببینیننەوە، بەڵکوو بە دڵنیایییەوە بە گۆڕین و داڕشتنەوە و نۆژەنکردنی زەینییەتەکانمان، عەرزی داسەپاوی بەواقیعکراوی ئێستامان بوونێکی تری پێ دەبەخشین.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان