ئارامتر بخوێنەوە!

هاوپەیوەندیی نێوان بزووتنەوەی کوردستان و بزووتنەوەی ژنانی ئێران
ئەوین مستەفازادە

بۆ ئاوڕدانەوە لە هەرباسێکی بزووتنەوەی ژنان لە ئێران، ئەوەی سەرەتا ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، تایبەتمەندیی فرەنەتەوەیی لەو وڵاتەدایە؛ فرەنەتەوەیییەک کە خۆی لە جیاوازیی نەتەوەیی، ئایینی، فەرهەنگی، زمانی وهتدی نێوان نەتەوەکان دەبینێتەوە؛ هەروەها ئەگەر هەرکام لەو نەتەوانە بەهۆی ئەو جیاوازی و تایبەتمەندییانە، لەلایەن نەتەوەی باڵادەستەوە ڕووبەڕووی هەڵاواردن و بێبەشبوون ببنەوە، باسەکە ئاڵۆزتر دەبێت و مەسەلەی مافە مەدەنی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان و بێبەشکران لێیان و کاریگەریی درێژخایەن لەسەریان لەڕووی بەدواکەتوویی هێشتنەوە و گەشەنەسەندن و پەڕاوێزخراوی، دێتە ئاراوە.
هەروەها هەرکام لەو نەتەوانەش بەپێی تایبەتمەندی و جیاوازییەکانیان، وێڕای خاڵی هاوبەش، خاوەنی مێژوو و شوناسی جیاواز و جۆر و چییەتیی جیاواز لە بزووتنەوەکان، شۆڕشەکان، خواستەکان و ئامانجەکانیانن؛ بزووتنەوەی ژنانیش لە ئێراندا، یەکێکە لەو بزووتنەوانەی کە هەڵگری ئەو خسڵەتەیە.
بێگومان هەموو بزووتنەوە فێمێنیستییەکان لە دونیادا، وێڕای ئەو شەپۆلانەی کە لە قۆناغە جیاوازەکاندا تێپەڕیان کردووە و سەرەڕای جیاوازییان، لە یەک خاڵدا هاوبەشن کە ئەویش گەیشتن بە بەرابەریی ڕەگەزیی نێوان مرۆڤەکانە؛ بەڵام ئەوەی بووەتە جێگەی گرنگیپێدانی بەشێک لە فێمێنیستەکان، بەتایبەتی فێمێنیستی سەر بە نەتەوە و کەمینە جیاوازەکان لە وڵاتێکدا، بارودۆخی ژنان لەڕووی تایبەتمەندییە جیاوازەکانیان و چۆنیەتیی بەهرەمەندبوونیان لە مافە مەدەنی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان و ڕێگەی گەیشتن بەو بەرابەرییەیە.
بێ ئاوڕدانەوە لە 100ساڵی ڕابردووی خەباتی ژنانی ئێران، لە ئێستادا ژنان لە چاوی دەسەڵات وەکوو مرۆڤ و بەمافی یەکسان لەگەڵ پیاو چاویان لێ ناکرێت و وەکوو ئینسانی پلەدوو بەهەژمار دێن؛ بەجۆرێک کە نەتەنیا لە یاساکان و سیستەمەکانی وڵاتدا لە زۆر مافی سەرەتایی بێبەشن، بەڵکوو لە ڕێگەی یاسا و ڕێساکانیشەوە، کۆتوبەندیان بۆ دانراوە و ئەمەش بووەتە هۆی هەڵاواردن و کەلێنی گەوەرەی ڕەگەزی و بێبەشی و پەڕاوێزخرانی ژنان لە ئیمکانات و پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگا بە گشتی. لە ئێراندا ژنان بە گشتی بە پێی یاسا لە مافە سەرەتایییەکانی وەکوو مافی جیابوونەوە، وەرگرتنی منداڵ، پاسپۆرت و سەفەرکردن بێرەزامەندیی پیاو تا “تمکین”ی پیاو و … بێبەشن لەگەڵ حیجابی زۆرەملێ بەرەوڕوونە؛ بەڵام ئەمە تەواوی مەسەلە و کێشەکە نییە، ئەگەرچی هەوڵێکی زۆر هەیە تاکوو کێشە ئاڵۆز و زۆرەکانی ژنانی ئێران پێکەوە بە هەموو جۆراوجۆرییەکانییەوە بەو حاڵەتانە کورت بکرێتەوە.
وێڕای سیاسەتی کۆنترۆڵی هەمەلایەنەی ژنان لەلایەن حکوومەتەوە، پیاوان، وەکوو بەشێکی کاریگەر و کارتێکەر لە فەرهەنگی مێژووییی پیاوسالاری، لایەنێکی ئەو کۆنتڕۆڵ و باڵادەستییەن، بەڵام ململانێیەکانی بزووتنەوەی ژنان و چالاکانی ژن لە ئێستادا تەنیا ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سیستەمی سیاسی و کەلتووریی پیاوسالار نییە. بەڵکوو جیاوازیی نێوان بۆچوون و شێوازی ژنانی سێکۆلار و غەیرەسێکۆلار، بەرژەوەندی و خواستی ژنانی چین و توێژی جیاوازی کۆمەڵایەتی و ڕوانگەی قەومتەوەری چالاکان و بزووتنەوەی ژنانی فارس (ناوەند)، لە ململانێیەکانی دیکەی بزووتنەوەی ژنان لە ئێران بووە و هەیە.
لە ڕەوتی خەباتی ژنان، چ لە قۆناغی تاکتیک و چ لەکاتی کرداردا، ژنانی لادێ و شار هاوئاراستە نین. ژنانی سەر بە چینی کۆمەڵایەتیی باڵا و بەهرەمەند لە هەوڵی بەدەستهێنانی مافی خوێندنی باڵا، کار، هەڵبژاردنی ئازادانەی شوێنی ژیان، سەفەر، بەشداری لە تیمە ورزشییەکان و کەڵکوەرگرتن لە ئیمکاناتی خۆشگوزەرانی و بەرابەری لەگەڵ پیاوانی کۆمەڵگان؛ بەڵام ژنانی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا، ژنانی کرێکارو لادێ و شوێنە بێبەشەکان لە دەستڕاگەیشتن بە ئیمکاناتی سەرەتاییی ژیان، لە هەوڵی دەستڕاگەیشتن بە سەرەکیترین مافەکانی هەر مرۆڤێک وەکوو دەستڕاگەیشتن بە ئاوی خاوێن، تەندروستی، دەرمان، مافی خوێندن و مانەوە لە ژیانن.
ئەوەی چالاکانی ژن(فارس) کەمتر گرنگییان پێ داوە و چاوپۆشیی لێ کراوە، ململانێی نێوان چالاکانی ژنی ناوەند و دەرەوەی ناوەندە. چالاکانی ژنی ناوەند(فارس)، ڕوانینێکی قەومتەوەریان بەرانبەر ژنانی نەتەوە کەمینەکان هەیە و توانای تێگەیشتنی پێداویستییە تایبەتییەکانی ئەوانیان نییە و کاتێکیش ڕووبەڕووی خواستە تایبەتییەکانی ئەو ژنانە دەبنەوە، کارتێکەر بە ڕوانینی قەومتەوەر و باوەڕی ناسیۆنالیستییان، ئامادەی قەبووڵکردن و هاوڕێیی لەگەڵ ژنانی نەتەوەغەیرە فارسەکان و ژنانی دەرەوەی ناوەند نین. وەک چۆن مەسەلەی زمان و کەلتووری ژنانی نەتەوەکەمینەکان کە لە لایان زۆر گرنگە و بەشێکی تایبەت لە شوناسیانە، لە لایەن چالاکانی فێمێنیست/ناسیۆنالیستەوە، وەکوو هەڕەشەیەک بۆ ئایندەی ئێران چاوی لێ دەکرێت و لەو خاڵەی ناسیۆنالیستی ئێرانی و فێمێنیستی ناوەند بەیەک دەگەن، ژنانی نەتەوەکەمینەکان نەک هەر وەک هاوڕەگەز کە جگە لە کێشە گشتییەکانی ژنانی ئێران، کێشەی تایبەتی و ئاڵۆزی خۆشیانیان هەیە؛ بەڵکوو وەکوو هەڕەشەیەک کە باشترە چاپۆشییان لێ بکرێت، هەڵدەسەنگێندرێن.
هەربۆیە بۆ چوونەسەر باسی پەیوەندی و هاوپەیوەندیی نێوان بزووتنەوەی ژنانی کوردستان و بزووتنەوەی ژنانی ئێران، وێڕای ئەوەی چەند پرسیارێک دێتە ئاراوە، وەکوو:
ئایا پەیوەندی لە نێوان ئەو دوو بزووتنەوەیەدا هەیە و جۆری ئەو پەیوەندییە چۆنە؟
روانینی ئەو بزووتنەوانە بەرانبەر یەکتری چۆنە و لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت؟
ئایا پێویستە ئەو دوو بزووتنەوەیە پەیوەندییان هەبێ و هاوپەیوەندییەکانیان لەکوێ بە یەک دەگەن؟
جۆر و چییەتیی پەیوەندییەکان دەبێ چۆن بێت و کێ دیاریی دەکات؟
بۆ پەیوەندی و هاوپەیوەندی پێویستە چی بکرێت؟
کۆمەڵێک بابەت و مەسەلەی پەیوەندیداریش هەیە کە پێویستە بیانخەینە ڕوو، بۆ ئەوەی هەم وڵامی پرسیارەکان تا ڕادەیەک وەرگرین، هەمیش مەسەلە و خواستی خۆمان و ئەوان و پێویستیی بزووتنەوەی ژنان، لامان ڕوون بێتەوە، وەکوو:
پێکهاتەی بزووتنەوەی ژنانی ئێران
کورتکردنەوەی مەسەلەی توندوتیژیی ژنانی نەتەوە کەمینەکان بە کێشەی فەرهەنگی
گوتاری بزووتنەوە
تیۆریی چەندلایەنەی هەڵاواردن(ئینتێرسکشنالیتی)
فێمێنیست، ڕوانینی جیهانی و ڕێکاری خۆجێیی(محلی)

پێکهاتەی بزووتنەوەی ژنانی ئێران:
بزووتنەوەی ژنانی ئێران وەکوو بزووتنەوەکانی دیکەی مەیدانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران، پێکهاتەیەکی ناوەندگەرای هەیە و قەوارەکەی بە گشتی لە هێزی نەتەوە و مەزهەبی باڵادەست (فارس-شیعە) پێکدێت. ئەو خواستانەشی کە لەلایەن ئەو گرووپەوە (وەکوو ژنی ئێرانی) دێتە بەرباس و بەدواداچوونی بۆ دەکرێت، بە گشتی بێ لەبەرچاو گرتنی زۆرینە و جیاوزییە نەتەوەیی، ئایینی، زمانی و فەرهەنگییەکانی کۆمەڵگای ئێرانە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆ و چارەنووسسازی لەسەر ژیانی ژنانی گرێدراو بە هەریەک لەو کەمینانە هەیە. ستەمی چەندقات کە ژنێکی کوردی سوننەمەزهەب لە سیستەمی یاسایی و فەرهەنگیی ئێراندا پێوەی دەناڵێنیت، نەتەنیا لەلایەن فێمێنیستە ئیرانییەکانەوە بەڕسمی نەناسراوە و کەمتەرخەمن بەرانبەری، بەڵکوو هەوڵ بۆ کەمڕەنگ کردنەوەی شوناسە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان و زەقکردنەوەی ستەمی ڕەگەزی بەتەنیا دەدریت.
هەر بزووتنەوەیەک بەدواداچوون بۆ خواستی گرووپێک و ئەو ستەم و هەڵاواردنانەی کە بەرانبەری دەکرێت، دەکات؛ ئامانجی نەمانی ئەو ستەمانە و گەیشتن بە بەرابەرییە. سەبارەت بە ئێمەی کورد، خەباتی بزووتنەوەی ژنان بۆ بەرابەریی ڕەگەزی و خەباتی بزووتنەوەی نەتەوەیی بۆ بەرابەریی نەتەوەیی، لەڕاستیدا ڕێگەیەکی هاوبەشی هەیە، ستەمێکی هاوبەش ئەزموون دەکەین و ئامانجێکی هاوبەشیش هەیە، ئەویش بەرابەرییە؛ بەڵام گەیشتن بە هەرکامیان بێ ڕەچاوکردنی شوناسە جیاوازەکانی مرۆڤێک، بە بەرابەری و کۆمەڵگایەکی بەرابەر ناگات، بۆ نموونە چۆن دەتوانین قسە لە مرۆڤێکی ئازاد و بەرابەر بکەین، ئەگەر ژنێکی تورکی بەهایی، لە بواری نەتەوەیی و مەزهەبی بە بەرابەری نەگەیشتبێت.
هەربۆیە دەبێ ڕوانگەکان بگۆڕدرێن و جووڵەی ئەو بزووتنەوانە و پەیوەندی و کارکردنیان پێکەوە، لەپاڵ یەکتری بێت. ئەمەش وێڕای ئەوەی هەلی کەڵک وەگرتن لە دەرفەتەکان و کەسانی هاوبەش لە هەر بزووتنەوەیەک دەخاتە بەردەستی کەسانی دیکەش، پێویستییەکە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی بەرابەر کە هەرکام لەو بزووتنەوانە بەشێکن لە هیزی گۆڕان.
لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا بزووتنەوەی ژنانی ئێران(فارس) مەیلی بۆ ئەو جۆرە لە پەیوەندی هەیە؟
ئەوەی کە دەبێنرێت تائێستا چالاکانی ژنی فارس بە گشتی، وڵامێکی ڕوونیان بەو پرسیارە نەداوەتەوە. ئەمەش چەندین هۆکاری هەیە:
یەکەم؛ بە چاوێکی توندی “ئەمنیەتی” چاو لە بزووتنەوە نەتەوەیییەکان لە ئێران دەکرێت و ژنانی چالاکی ئێران(فارس) نایانهەوێت ئەو گوشارەی کە بە هۆی چالاکیی ژنانە لەسەریانە، بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ چالاکانی نەتەوەیی و بزووتنەوە سیاسییەکان زیاتر بێت و هەزینەی زیاتری بۆ بدەن، ئەم خۆبەدوورگرتنە تەنانەت بۆ چالاکێکی هەردوو بواری نەتەوەیی و ژنانیش دەبێندرێت. تەنانەت لە کاتی سەرکوتی چەندقاتیشدا، بۆ نموونە لەکاتی گیرانی ژنێکی کورد لەسەر هەر دوو بواری ڕەگەزی و نەتەوەیی، وەکوو “زارا محەممەدی”، ئامادە نییە بە شێوەی پێویست ئاوڕی لێ بداتەوە. بۆیە دەبینین هیچکات ژنێکی کورد یا عەرەب یان تورک، نابێتە هێمای یەکگرتنی دوو بزووتنەوە، بۆ نموونە سیاسی و ژنانە؛ چونکە وەکوو پێویست ئاوڕی لێ ناداتەوە، تا بیکات بە هێما.
دووەم؛ جۆری ڕوانگەی ژنی چالاکی ناوەندنشینی گرێدراو بە نەتەوە و ئایین و زمانی ڕەسمیی باڵادەست بەرانبەر ژنی پەڕاوێزخراوی گرێدراو بە نەتەوە، ئایین و زمانی ناڕەسمیی ژێردەست و کاریگەریی ڕاستەخۆی ئەو ڕوانینە لەسەر پەیوەندیی نیوان بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوەی گرووپە نەتەوەیییەکانی دیکەی ئێران، ڕوانگەیەکی وەک ڕوانگەی ژنانی سپیپێستی ئامریکا بەرانبەر ژنانی ڕەشپێست یان پەنابەرە. ڕوانینێکی لەسەرەوە بۆ خوارەوە، بێ لەبەرچاوگرتنی شوناسە غەیرەڕەگەزییەکان و خۆ بەناوەند و نوخبە زانین و گەڵالەداڕێژی و ئەولەوییەتبەندی بۆ خواستی ژنانی ئێران، بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازییە نەتەوەیی، زمانی، ئایینی و فەرهەنگییەکانی کۆمەڵگای ئێران کە کاریگەریی زۆری لەسەر بارودۆخی یاسایی و نەریتیی ژیانی ژنانی گرێدراو بە هەرکام لەو شوناس و کەمینانە داناوە. بۆ نموونە کاتێک ژنانی ئێران(فارس)، گۆڕینی یاسای میراتیان وەکوو یەکێک لە خواستەکان لە کەمپەینی 1میلیۆن ئیمزا هێنایە ئاراوە، لە ڕاستیدا چاویان تەنیا لە یاسایەک بوو کە بەرانبەر بە ژنی شیعە جێبەجێ دەکرا نە وەک ژنێکی سوننە کە بە پێی یاسای باری کەسی، دەتوانرێ لەو بەشە میراتەی کە دەدرێت بە ژنی شیعە، بێبەش بێت.
بە گشتی کاتێک ئێمە، باس لە نکۆڵی لێ کرانی شوناسمان وەکوو ژنێکی کورد دەکەین، وێڕای ئەو خواست و مەسەلانەی لەگەڵی دێتە بەرباس، ئەوان باس لەوە دەکەن کاریان لەسەر خۆکوژی و کوشتنی نامووسی لەو ناوچانەدا کردووە. هەروەها کاتێک باس لە پێویستی و دەرکی بزووتنەوەکەمان و پەیوەندیی بزووتنەوەی نەتەوەیی و ژنان دەکەین، ئەوان باس لەوە دەکەن کە هێنانەئارای خواستی بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوەی نەتەوەیی پێکەوە دەبێتە هۆی قەیران و شەڕ. وەکوو ئەو باسەی کە فێمێنیستە سپییەکانی ئامریکا دەیانکرد کە ئەگەر ژنانی ڕەشپێست مەسەلەی نەژادی بێننە گۆڕێ، باسی ڕەگەزی دەکەوێتە ژێر کاریگەری و بەلاڕێدا دەبرێت. ئەوە لەکاتێکدابوو کە لە دەیەی 1920، گرنگترین هاوپەیمانی بزووتنەوەی مافی دەنگی ژنان لە ئامریکا، بزووتنەوەی دژی کۆیلایەتیی ڕەشپێستەکان بوو.
تێنەگیشتن لەو واتایە کە مرۆڤەکان و شوناسیان لە یەکتری جیا ناکرێتەوە، ناتوانرێ یەکیان ببینرێ و یەکیان نا، یەکیان قەبووڵ بکەین و یەکیان نا و تەنانەت ئەولەوییەت بدەین بە یەکیان و ئەویتری دوابخەین؛ دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو بزووتنەوانەی کە پۆتانسیەلی هاوبەشیشیان هەیە، نەتوانن لەگەڵ یەک بکەون و هاوکاریی یەکتری بکەن، چونکە لەکۆتاییدا ناتوانرێ شوناسی هەموو مرۆڤەکان وەک یەکی لێ بکرێت.
ئینتێرسکشنالیتی، کە باسی ڕۆژی فێمێنیستەکان لە شوێنە ئاکادیمی و ئەکتیویستییەکانە؛ دان بەو شوناس و هەڵاواردنە چەندقاتەدا دەنێت. بۆ نموونە ژنێکی کورد کە نیگەرانیی مەسەلە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی هەیە و دیهەوێت ڕێگەیەک بگرێتەبەر، گرنگە یەکەمجار بۆ گرووپی ژنان ڕادەکێشرێت یان گرووپی نەتەوەیی، چونکە هەرکام لەو بزووتنەوانە هەوڵدەدەن کە شوناسی خۆیان زەقبکەنەوە لە پێناو گوتاریاندا، هەندێکجاریش وەک بزووتنەوەی ژنانی ئێران(فارس) بە مەترسیداری دەزانن بۆ ڕووبەڕوونەبوونە لەگەڵ ئاکامە ئەمنییەتییەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی. ئەو ململانێیە لەناو بزووتنەوەی نەتەوەییش بە شێوەیەکی تر دەبینرێت؛ لەناو حیزبە سیاسییە کوردییەکان، تا ساڵانێک زۆر هەوڵ دەدرا ژنان لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوەییدا پەروەردە بکرێن، بەڵام دواتر و بەتایبەت لەناو حیزبە چەپەکان خودی ژنان بە چوونەسەری ئاگایی لەو بەستێنە سیاسی و کۆمەڵایەتییە، گرنگییان بە باسی ژنی کورد دا.
جگە لەو ململانێیە، لە شوێنێکەوە ڕوبەڕووبوونەوەی ئەو بزووتنەوانە لەگەڵ یەکتری دێتەئاراوە. لە شوێنێک کە هەست بکرێت خواستی بزووتنەوەیەک، نەک هەر بەرانبەر بزووتنەوەیەکی دیکەیە، بەڵکوو بە زیانی بەرژەوەندیی میللی و یەکپارچەییی خاکە. شوێنێک کە چالاکێکی ژن(فارس) خواستە نەتەوەیییەکان بەدژی بونیادی وڵات دەزانێت، ڕوانگەی ناسیۆنالیستی لێرەدا ڕێگرە لە دانپێنان بە مافی بەرانبەر هەرچەندە دەزانێت لەسەر حەقیشە.
بەڵام مەسەلەیەک کە لەم نێوانەدا بوونی هەیە، ئەوەیە؛ کە بزووتنەوەی بەرابەریخوازی ژنان(فارس) لە ئێرانی هاوچەرخدا، جگە لە بزووتنەوە بەرابەریخواز و مەدەنییە نەتەوەیی، زمانی و ئایینییەکان و … لەگەڵ جۆرێکی دیکە لە بزووتنەوەی نەتەوەییدا بەرەوڕوون کە خۆی لە چوارچێوەی “جوداییخوازی”دا پێناسە دەکات. ئەو ئامانجەش کە ئەو بزووتنەوانە دیارییان کردەوە تەنیا “بەرابەری و نەمانی هەڵاواردن لەیاسا”دا نییە؛ بەڵکوو خوازیاری پێکهێنانی وڵاتێکی تاک نەتەوەیین. هەربۆیە بزووتنەوەی ژنان لە ئێران(فارس) ناچارە لەنێوان دوو ڕوانگەی “جوداییخوازی” و “بەرابەریخوازی”دا جیاوازی دانێت و هاوپەیمانی خۆی دیاری بکات.
لەگەڵ گەشەی گوتاری شوناسخوازی لە چەندساڵی ڕابردوودا لەلایەن گرووپە نەتەوەیییە جیاوازەکانەوە، ترسی ناسیۆنالیستە ئێرانییەکانیش زیاتر بووە. ناسیۆنالیستێک کە تایبەت بە گرووپ و حیزبێکی دیاریکراو نییە و تەنانەت لەناو بزووتنەوەی ژنانی ئیران(فارس)دا دەبینرێت. دانپێدانان بە گەشەی شوناسخوازی و ترس لە جیاییخوازی لەلایەک و دانپێدانان بە پۆتانسیەلی ژنانی نەتەوە جیاوازە غەیرەفارسەکان لە لایەکی ترەوە؛ لە وتاری “نوشین ئەحمەد خۆراسانی”، فێمێنیستی فارس لە بابەتی “جنبشهای قومیتی و مطالبات زنان” بە ڕوونی دەردەکەوێت، وەک دەڵێت: “ئەگەر بەشی غەیرەنەتەوەییی بزووتنەوەی ژنان نەتوانێت پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ژنانی “قەومییەتەکان” بە دروستی دیاری بکات و پەیوەندییەکی لۆژیکی و بەرابەری لەگەڵ دروست بکات، دەبێتە هۆی بێبەشبوونی ئێستا و داهاتووی بزووتنەوەی ژنان لە پۆتانسیەلەکانیان “.
نموونەیەکی دیکەی ئەو پۆتانسیەلە، بەشداریی ژنانی نەتەوە جیاوازەکان لە زۆرێک لە گفتوگۆ ستراتێژی و دانیشتەکانی پەیوەندیدار بە تێپەرینی کۆمەڵگای ئێران بەرە و دێموکڕاسییە، بەتایبەت لە دیاسپۆرادا. هەرچەندە لە ناوخۆ ئەو مەسەلەیە بە پێچەوانەیە، چونکە بەهۆی بارودۆخی داخراو، ئیمکانی چالاکیی ژنانی نەتەوە جیاوازەکان زۆرکەمترە لە چالاکانی ژنی غەیرەنەتەوەیی.
ئەو ڕاستییە لە نووسینی کەسانێکی وەک “نوشین ئەحمەد خۆراسانی”دا دەبینرێت کە بۆ خواستەکانی بزووتنەوە نەتەوەیییەکان سنوور دیاری دەکات و تا ئەو جێگەیە ئامادەی بایەخدان بەو خواستانە و پەیوەندیگرتنە کە لە چوارچێوەی یاسادا بتوانن دیفاع لە خۆیان بکەن و سەرووتر لە یاسا بیر لە جیاییی نەتەوەیی نەکەنەوە. تەنانەت ئەو ئەدەبیاتەش بەکاری هێناوە، ئەدەبیاتێکی سووکانە و بەتاوانبارکردنی نەتەوەکانە. هەر ئەو ڕوانینەشە کە نەتەنیا بێمتمانەیی قووڵتر دەکاتەوە، بەڵکوو دەبێتە هۆی بەرهەمهینانەوەی کڵێشەی نەرێنی دژی گرووپە نەتەوەیییەکان. وەک ئەوکاتەی کە فێمێنیستە ڕەشپێستەکان لە ئامریکا، داوایان کرد لەکاتی خستنەڕووی ئاماری تایبەت بە توندوتیژیی دژی ژنان لەناو ڕەشپێستەکاندا، بەجۆرێک هەڵسوکەت نەکەن کە ڕوانگەی نەژادپەرەستانە بەهێزبکات لە بەتوندوتیژزانینی کۆمەڵگای ڕەشپیشتەکان لە ئامریکادا. ئەمەش وەک ڕوانینی چالاکانی ژنی ناوەند(فارس) بە خەسارەکانی خۆسووتاندن و کوشتنی ناموسی لە کوردستان و خووزستان و شێوازی بڵاوکردنەوەیان لە ڕاگەیاندنەکانە بەجۆرێک کە لەبارەی ئەم گرووپانە، کڵێشەی توندوتیژیخوازی بەهێز بکات. خراپتر لەوەش؛ ئەو خەسارانە وەکوو بەشێک لە فەرهەنگی نەتەوەکان دەناسێنن و بزووتنەوەی نەتەوەییش وەکوو گومانلێکراوێک کە هەوڵی پاراستنی ئەو کەلتوورە دەدات(وەک بەشێک لە شوناسی نەتەوەیی)، دەبینن. ئیدعاییەک کە بە ڕوونی لە وتاری “فهیمە تفسیری” لەژیر ناوی ” ژنانی کورد و جیایی لە ئێران”دا دەبینرێت و دەڵێت: “جێگەی ژنانی کورد لە شوناسی نەتەوەیییان لە کوێیە؟ ئایا وا بڕیارە ئەوان وەک هێمای بەردەوامی نەتەوەکەیان، سوننەتە نەتەوەیییەکانی وەک خەتەنە، کوشتنی نامووسی، گوێڕایەڵیی بێ ئەملاوئەولای پیاوان بخەنە سەرشانی خۆیان و نەمانی هەڵاواردن و ستەم بە ئایدیاو دروشمی جودایی لە سەرچاوەی سەرکوت، دەتوانێ بە ئاواتە ڕۆمانتیکەکانیان بگەیێنێت؟”.
هەروەها دەڵێت: “لەهەموو دونیادا سەلمێنراوە کە بزووتنەوە نەتەوەیییە توندڕەوەکان لە کۆمەڵگاکانی جیهانی سێیەم هەروەک چۆن بەرە و گۆشەگێری و جودایی لە جیهان ڕۆیشتوون و سەربەخۆییی نەتەوەیییان لە سنووری زۆر پڕرەنگ لەگەڵ دونیای ڕۆژئاوا (کە بە هۆکاری بەدبەختییەکانیشانی دەزانن) پێناسە کردووە؛ خۆیان لە کۆتاییدا بەرهەمهێنەرەوەی خراپترین جۆری سەرکوت و باڵادەستی دەبن و ئەمەش لە ڕێگەی سەرکوتی ژنانی کۆمەڵگا و شوناسخوازیی نەتەوەیییان لە ڕێگەی دەسەڵات بەسەر جەستەی ژن دابین دەکەن. ژنانی کورد، ئەگەر بەو وێنە ئارمانجخوازە و وەکوو ئایدیایەکی بێ وێنە لە هەڵاواردن و ستەم، بیر لە جیایی لە ئێران بکەنەوە، دواتر ئەگەری هەیە تووشی دڵساردیی زۆر ببنەوە، چونکە ئەزموونی زۆرێک لە وڵاتان نیشانی داوە کە ئەو ڕوانگانەی پێداگری لەسەر شوناسە نەتەوەیییەکان بە شێوەیەکی دەرمارگژانە دەکەنەوە دەتوانن وەکوو شوناسە نەتەوەیییە دەرمارگرژەکان، بە ئاسانی فەرمانڕەوایی بەسەر جەستەی ژنەوە بکەن و سوننەتە دواکەتووەکان بە دژی ژنان زیاتر لە پێشوو بەرهەم بێننەوە و ژنان لە هەرچی “شوناسی نەتەوەیی” و “شوناسی قەومی”یە بێزار بکەن و وایان لێ بکەن تۆبە بکەن.”
هەروەها لەو وتارەدا، “خەتەنە”، “کوشتنی نامووسی” و “ملکەچیی بێئەملاوئەولای پیاو(تمکین)” وەکوو سوننەتی “قەومی”ی کوردەکان ناسێندراوە و هەوڵ دراوە بیخاتە ناو مێشکی ژنی کوردەوە کە ئەو کێشانە بە هۆی کوردبوونەوەن؛ وەک ئەوەی ژنانی ناوەندی ئێران توندوتیژیی نامووسی، چەندهاوسەری و “تمکین” لە پیاو ئەزموون نەکەن و ئەو دیاردانە تایبەت بن بە کوردستانێک کە خاوەنی بزووتنەوە نەتەوەیییە ڕزگاریخوازەکانە کە ئەوان لە ئەدەبیات و بیری خۆیاندا وەکوو گرووپی قەومی و توندڕە و دەیانناسێنن و لە هەوڵی جێگیرکردنیان وەکوو هێمای دیاری نەتەوەیی بن. “فەهیمە تەفسیری” و زۆرێک لە ژنانی چالاکی ناوەندنشین کە دەست لەسەر بابەتەکانی وەک توندوتیژیی نامووسی، کوشتن و خۆسووتاندنی ژنان لە دەرەوەی ناوەندی ئیران دادەنێن، لە هەوڵی خستنەڕوویان وەکوو تایبەتمەندیی فەرهەنگی، قەومی و نەتەوەیین؛ تەنانەت ئامادەی تاوتوێکردنی هەمەلایەنەی هۆکاری بوون یان بەردەوام بوونی ئەو خەسارە کۆمەڵایەتییانە لەو ناوچانە نین، ئەوەی کە هەژاری و گەشەنەسەندنی پیشەیی لەو ناوچانە، بوونی کەشی “ئەمنیەتی” و “نیزامی” لە سەردەمی جیاواز، نەبوونی خوێندەواری بە زمانی ئەو خەڵکە و ڕاگرتنیان لە پەڕاوێزخراویی سیاسیی کۆمەڵگا، بە هەموو بێبەشییە ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و …ەکان تا چ ڕادەیەک دەتوانێت هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو خەسارانە لە ناو بەشێک لە خەڵک و نەک هەموو ئەو نەتەوەیەدا بێت.
کۆی هەموو ئەو هۆکارانە، لە ترسە ئەمنییەتییەکانەوە بگرە، تا ناوەندگەرایی و ڕوانگەی ئێلیتیانە و کارتێکەریی بیرە ناسیۆنالیستییەکان و ترس لە نەمانی یەکپارچەییی ئێران و … بەربەستێکی جیدیین بۆ هاوکاری و هاوڕاییی بزووتنەوەی ژنان لەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوەغەیرەفارسەکان لە ئێراندا.
وێرای بەربەستەکانی وەک ڕوانگەی پیاوسالارانە و بە جددی وەرنەگرتنی خواستەکانی ژنان و لە ئەولەوییەت دانەنانیان؛ هەنگاوی یەکەم دەبێت بەڕەسمی ناسینی شێوە جیاوازەکان و هەڵاوردنی چەندقات بێت بۆ پێکهێنانی بەستێنێکی باش بۆ هاوکاریی بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوەی گرووپە نەتەوەیییەکان، لەڕاستای ئەو بەڕەسمی ناسینەیە کە ژنی کورد یان تورک دەتوانێت وەکوو ئەڵقەی پەیوەندیی نێوان دوو بزووتنەوە، ڕۆڵێکی زیاتر لە پێکهێنانی متمانە و پێویستیی یەکگرتن ئەنجام بدات.

کورتکردنەوەی مەسەلەی توندوتیژیی ژنانی نەتەوەی کەمینەکان بە کیشەی فەرهەنگی:
دیاردەی ژن کوشتن بە بیانووی “ناموس”، دیاردەیەکی جیهانییە و تایبەت بە جوگرافیا و سنوورێکی دیاریکراو نییە، بەجۆرێک کە ئامارە جیهانەییەکان باس لە کوشتنی 5000 ژن لە ساڵدا دەکەن. لەگەڵ ئەو ڕاستییەشدا، بارودۆخی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ڕوانگەی دەوڵەت، یاسا و سیستەمی دەسەڵات، ڕۆڵێکی گرنگی لە زیاد و کەم بوونی ئەو ئامارەدا هەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە ئێران لەگەڵ ڕوانگەیەک بەرەڕووین کە مەیلی هەیە ژنکوشتن بە “قەومی” بکات و وێڕای جۆراوجۆریی نەتەوەیی، مەزهەبی و زمانی لە ئێراندا، ژنکوشتن بەزۆری دەبەسترێتەوە بە کورد و عەرەبەکان. بەڵێ ناکرێت حاشا لە ژنکوشتن لەناو ئەو گرووپانە بکرێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە هەموو کورد و عەرەبێک ژنکوژ نییە، ئەم باسە هەموو ڕاستییەکەش نییە؛ ئەمەش نەتەنیا بوونی دیاردەی ژنکوشتن لە سەراسەری ئێران ناشارێتەوە، بەڵکوو بە شێوەیەکی جەوهەری و سروشتی ژنکوشتن، کورت دەکاتەوە بە کورد و عەرەب.
بە واتایەکی سادە، بە پێی ئەو ڕوانگەیە، کوشتنی ناموسی بەستراوەتەوە بە فەرهەنگی نەتەوەیی، بەبێ ڕەچاوکردنی پێکهاتەی ئەو کۆمەڵگایە؛ چونکە تاوتوێکردنی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی پێویستی بە لەبەرچاوگرتنی هۆکارە جیاواز و کاریگەرەکان بەو مەسەلەیە هەیە، وەکوو بێبەشییە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکان، سەرکوتی سیاسی، یاساکان، بارهێنان و پەروەردە و …
هەروەک چۆن فاتمە کەریمی، کۆمەڵناس، لە گفتوگۆکانی لەبارەی “توندوتیژی و کوشتنی ناموسی” باسی ئەوە دەکات بەنەتەوەیی کردنی ژنکوشتن دوو ئاسەواری دەبێت:
یەکەم؛ گرێدان و بەستنەوەی ژنکوشتن بەو گرووپانە، دەبێتە هۆی زەینییەتێک کە ژنکوژی وەکوو تایبەتمەندیی سروشتیی خۆیان چاو لێ بکەن؛ ئەم ڕوانگەیە تەنانەت لەناو هەندێک لە چالاکانی ژنان و مەدەنیش دەبینرێت کە جگە لە چاوپۆشی لە بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی کوردستان و خووزستان، ئەو خەسارانە وەک بابەتێکی سروشتیی ئەو نەتەوانە چاو لێ دەکەن.
دووەم؛ سڕینەوەی ڕۆڵ و پێگەی دەسەڵات لە کەمکردنەوە و بەرەنگار بوونەوەی ئەو دیاردەیە؛ دەسەڵاتێک کە خۆی دژەژنە و توندتیژی بەرانبەر بە ژنان دەنونێت و بەشێوەیەکی ئاگایانە و یاساییش کەڵک لەو بابەتانە وەردەگرێت و ژنکوشتن وەکوو تایبەتمەندیی گرووپە نەتەوەیییەکان چاو لێ دەکات و دەڵێت ناوەندەکانی حکوومەت لەمبارەیەوە هیچیان لە دەست نایەت. بەکارهێنانی ئەم ئامرازە بۆ حکوومەتێکی دژەژن، هەل و ئیمکانی سەرکوتی زیاتری ژنان دەرەخسێنێت و لە ڕۆڵی پێکهاتە یەکتربڕەکانی (بێبەشیی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و …) کە بەستێنێکی بەردەوامی ژنکوشتنن، چاوپۆشی دەکات.
هەر ئەم دوو ئاسەوارەش بوونەتە هۆی ئەوەی کە ئەگەر حاڵاتێکی ژنکوژی یان خۆسووتاندنی ژنان بەڕاگەیاندن بکرێ، بە ڕوانگەی ئەوەی ئەمە تایبەتمەندیی نەتەوەیی و کەلتووریی ئەم گرووپانەیە چاوی لێ بکرێت و چاپۆشی لە ڕۆڵی هەڵاواردنە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بکەن و ئەمەش کڵێشەی “فەرهەنگی توندوتیژی”ی تایبەت بەو گرووپانە، بەهێز دەکات. بۆیە جێگەی نیگەرانیی ئەو گرووپانە و تەنەنات حیزبە سیاسییەکانیشە کە ئەمە وەکوو تایبەتمەندییەکی نەتەوەیی بناسرێت و زۆر خۆ لەو باسە نەدەن، مەگەر لەو حاڵەتانەی کە مەسەلەکە پەیوەندیی بە هۆکارێکی دەرەکییەوە هەبێت، وەک خوکوژیی “فەریناز خوسرەوانی”کە لە ئەنجامی گوشاری کەسێکی سەر بە حکوومەتدا خۆکوژیی کرد.
پێویستە بگوترێت، کە مەسەلەکانی وەک نەبوونی ڕێکاری یاسایی و پشتیوانیی بنەمایی لە ژنان و یاسا دژەژنەکان، توندوتیژیی دژی ژنانی کوردی بەهۆی ئەزموونی هاوکاتی هەڵاواردنە ڕەگەزی و نەتەوەیییەکان چەندقات کردووە؛ تەنانەت زۆرێک لە ژنانی کورد، شانسێکی ئەوتۆیان بۆ گۆڕان و باشترکردنی بارودۆخیان نییە و چارەنووسێکی تراژێدییان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا بڵاوکردنەوەی بارودۆخیان و هەواڵەکانی پەیوەندیدار پێیان، ڕێگەیەکە بۆ هەستیارکردن و ئاگاییی ناو کۆمەڵگا لەم بارەیەوە. لە ئێستادا تابۆی باسکردن لەو هەواڵانە تەنانەت لەناو خۆپارێزترین چالاکانی سیاسی و مەدەنیشدا شکاوە.
هەربۆیەش پێویستە ئەو بابەتە وەک ئەوەی کە هەیە باسی لێ بکرێت بە هەموو لایەن و پێکهاتە کارتێکەر و کاریگەرەکانییەوە. بۆیە ئێمە چاپۆشی ناکەین کە ئەو توندوتیژییە نامووسییانە لە کوردستان هەن، بەڵام نابێت تاکلایەنە لێی بڕوانین کە تەنیا و تەنیا تایبەتمەندییەکی فەرهەنگی نەتەوەییی ئێمەیە، بەڵکوو دەیان ساڵ سەرکوتی سیاسی، بێبەشیی ئابووری و کۆمەڵایەتی و، ئەمنیەتی چاولێکردنی هەر بابەتێکی ئەو ناوچەیە لەلایەن حکوومەتەوە، بە دڵنیایییەوە توندوتیژیی دژی ژنانی زیاد کردووە. لەوەش گرنگتر دەسەڵات نەک هیچ بەرنامەیەکی بۆ کەمکردنەوەی ئەو خەسارانە نەبووە، بەڵکوو ڕێگریش بووە لە هەوڵی چالاکانی مەدەنی و ژنان، ئەمەش نیشاندەری کەڵکوەرگرتنی سیاسیی حکوومەت لەم بابەتەیە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەو ڕوانگەیەی کە هەموو بەستێینەکانی توندوتیژیی دژی ژنان دەگەڕێنێتەوە بۆ سیستەمی پیاوسالاری کۆمەڵگای کوردستان، هەڵاواردنی سیستەماتیکی بەرەنجامی دەوڵەت-نەتەوە کە نەتەوەکانی دیکەی پەڕاوێز و بێبەش کردووە و بووەتە هۆی بەهێزکردنی پیاوسالاری لەربەرچاو ناگرێت. ڕوانگەیەک کە ئیمکانی بینینی دەسەڵاتی ناوەندە-دەرەوە(پەڕاوێز) لەباردەبات و تەنیا فەرهەنگی ئەو کۆمەڵگایە دەکاتە ئامانج؛ لە کاتێکدا فەرهەنگ بابەتێکی نەگۆڕ و هەمیشەیی نییە و دەتوانێ بەپێی کات و بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی گۆڕانی بەسەربێت. هەروەک چۆن دەبینین بە هەوڵی بڵاوکردنەوەی ئاگاییی چالاکانی مەدەنی، “خەتەنە” لە کوردستان زۆر کەم بووەتەوە و تابۆی باسکردن لە توندوتیژییە ناموسییەکان شکاوە و تەنانەت جیابوونەوەش وەک مافێک چاو لێ دەکرێت؛ هەموو ئەمانەش بێ ئەوەی حکوومەت لەوبوارەدا بەرنامەیەکی بۆ ئەو ناوچانە هەبووبێت، دەستەبەر بوون.
هەربۆیە بەڕاست زانین و گشتیگیرکردنی ئەو ڕوانگەیە کە کوشتنی ناموسی و خەتەنە، تایبەتمەندییەکی نەتەوەیییە نەک تەنیا بۆ کوردستان، بەڵکوو بۆ هیچ گرووپ و کۆمەڵگایەک ڕاست نییە.
روانگەیەکی لە سەرەوە بۆ خوارەوە کە بە ناساندنی نەتەوەکانی دیکە وەک “قەوم” پاساو بۆ سیاسەتە پاوانخواز و سەرکوتکەرەکانی حکوومەت دێنێتەوە و ناسیۆنالیسم و نەتەوەی ئێرانیش تەنیا وەکوو نەتەوە و ناسیۆنالیزم و زمانی فارسی دەخەنەڕوو؛ بە جۆرێک کە فارسەکان مۆدێڕنن و نەتەوەکانی دیکەش پێشمۆدێڕن. کاتێکیش وەک تایبەتمەندیی نەتەوەیی چاو لەو باسە دەکەن، خۆێ لێ بێبەری دەکەن و دیمەنی ژنی کوردیش، هەمیشە وەک قوربانیی ئەو خەسارانە، نەک چالاک بۆ ڕووبەڕبوونەوەیان، نیشان دەدەن و بەرهەمی دەهێننەوە.
بە گشتی لە ئێران ژنان وەکوو یەکتری هەڵاواردن ئەزموون ناکەن و وەک یەکتریش ڕووبەڕووی توندوتیژی نابنەوە. بەڵکوو سیاسەتی دوڵەت-نەتەوە، نابەرابەریی لەنێوان ناوەندە-پەڕاوێز چڕ کردووەتەوە کە ئەمەش کاریگەریی لەسەر زیاتربوونی توندوتیژی هەیە؛ هەروەک چۆن ژنی عەرەب و کورد لەئێران تەنیا لەژێر ستەمی ڕەگەزیدا نین و ستەمی نەتەوەیی و کەمینەییشیان بەرانبەر دەکرێت.

گوتاری بزووتنەوە:
هیزی سیاسی لە ئێران، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێڕنەوە، لەهەوڵی یەکدەستکردن و تواندنەوەی کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان لە سیستەمی نەتەوەیی ناوەنددا بووە کە لەژێر ناوی شوناسی میللی، پێناسەی کردووە. بە چاولێکردنێکی سەرەکی لە بارودۆخی فەرهەنگی، سیاسی و ئابووریی کورد، بەلووچ، عەرەب، تورک، تورکمان، بەهایی، یارسان، کاکەیی و … لە ئابووری و فەرهەنگی میللی، ئەو ڕاستییە بە تەواوی ئاشکرا دەکات.
قەبووڵکردنی جیاوازیی گرووپە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ئێران، پێویستی بە تێگەیشتن لە گرنگایەتییان و بەڕەسمی ناسیننیانە لە بەستێنی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، وەکوو گرووپگەلێک کە هەرکامیان خاوەنی تایبەتمەندیی تایبەت بە خۆیانن لەلایەن ئەو ئێرانییانەی کە چەندکەلتووری و ڕاستیی کۆمەڵگای چەندنەتەوەیی، وەکوو هەڕەشەیەکی گەوەرە و مەترسیدار بۆ سەر یەکپارچەییی خاکی ئیران چاو لێ دەکەن. ئەوان بەهۆی تێگەیشتنی هەڵە لەو جیاوازییانە و ئاکامەکانی، لەسەر ئەو بڕوایەن کە هێنانەبەرباسی ئەو جیاوازییانە، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەستی جوداییخوازی و گۆڕانی سنوورەکانی ئێستای ئێران.
هەربۆیە، چالاکانی ژنی ناوەند(فارس)، هاوتا لەگەڵ ئەو ڕوانگەیە، بە چاوپۆشی لە جیاوازیی نەتەوەیی، ئایینی و چینانیەتیی ژنانی کۆمەڵگای ئێران (کە بە گشتی وەکوو کەلتووری ئێرانی دەیهێننە ئەژمار) ڕۆڵی دیاریکەری پیاوسالارییان لە بەرهەمهێنانەوەی شۆڤێنیزم لە بزووتنەوەی ژناندا لەئەستۆ گرتووە؛ بەجۆرێک کە بە ڕوانینێکی قەومتەوەرانە، داواکانی ژنانی ئێرانیان لە چوارچێوەی گوتاری فێمێنیستیی ناوەنددا پیناسە کردووە و خواستەکانیان لە چوارچێوەیەکی ناوەندتەوەردا خستووەتە ڕوو. ژمارەیەکیش چالاکی فێمێنیستی نەتەوەکان، تەسلیمی ئەو ڕوانینە بوونە و و گوتار و ڕواڵەتبەندیی فێمێنیستیی ناوەندیان بۆ خواستەکانی ژنان وەکوو چوارچێوەیەکی دانپێدانراوی ئەو بزووتنەوەیە بەڕەسمی دەناسن و بەرهەمی دەهێننەوە. ئەو ژمارەیە لە چالاکانی فێمێنیست پێیان وایە چالاکترین و بەهێزترین دەنگ بۆ کێشەکانی ژنانی ئێران، دەنگی چالاکانی نشتەجێی ناوەندە و هەربۆیەش باوەڕیان وایە چالاکانی ژنی غەیرەفارس، دەبێت لە تەنیشتیان ڕابوەستن و لە ئەزموون و شێوە و ڕوانگەیان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان کەڵک وەرگرن.
هەربۆیەش ئەو ژنانە توانای ناسینی جیاوازیی نێوان ئەزموونی ژیانی ژنانی ناوەندە و نەتەوەکەمینەکان و ئەو ستەم و ناعەداڵەتییە تایبەتانەی ئەزموونی دەکەنیان، نییە و ئەمەش ئەو کەلێنە گەورەیەی بەهێز کردووە کە بووەتە هۆی بێ متمانەییی ژنانی کەمینەکان بە ناوەند و لێکدابڕانی ژنانی ناوەند و دەرەوەی ناوەند. لەکۆتاییشدا ئەمە کەمکردنەوەی دەردی ژنان و دروستکردنی کۆمەڵگایەکی بەرابەر بۆ هەمووان وەدوا دەخات‎ و ئەمەش تەنیا تایبەت بە چالاکانی ناوخۆی ئێران نییە و ژنانی چالاکی ئێران(فارس) لە دەرەوەی ئێرانیشی گرتووەتەوە.
چالاکانی فێمێنیستی نەتەوە کەمینەکان کە سەرنجی خۆیان خستووەتەسەر کێشە تایبەتەکانی ژنانی دەرەوەی ناوەند و کەمینەکان، پێداگری لەسەر جیاوازیی نێوان خواست و ئەولەوییەتی فێمێنیستەکانی ناوەند و گرووپە نەتەوەیییەکان دەکەن. بۆ نموونە ئەو چالاکانە دەڵێن کاتێک چالاکانی گوتاری نزیک بە ناوەند بۆ ڕۆیشتنی ژنان بۆ ستادیۆم خەبات دەکەن، ژنێکی فێمێنیستی کورد، عەرەب و بەلووچ، بۆ نەمانی سوننەتی تێستی بکارەت خەبات دەکات.
هەربۆیە وەک ئەزموون نیشانی داوە، ئەستەمە خەباتی ژنانی نەتەوە جیاوازەکان بۆ ئەم جۆرە مافانە بۆ ژنی ناوەند سەرنجراکیش بێت. ژنانی ناوەند بە گشتی ئەو کێشانەیان بۆ یەکلابووەتەوە و بۆیەش خەبات بۆ لەناوبردنی ئەو سوننەتە بۆ ئەوان گرنگیی نییە. چونکە ئەوان وەکوو مەسەلەیەکی فەرهەنگی چاو لەو کێشانە دەکەن، نەک سیاسی، لە کاتێکیشدا کە حکوومەت ئەنجامدانی ئازمایشی تێستی بکارتی ناچاری نەکردووە، هەروەها ئەو فەرهەنگەش کە ئەوان پێیان خۆش نییە پێیەوە بناسرێنەوە؛ چونکە باسکردنی ئەو کێشانە لەلایەن ژنانی ناوەندەوە لە ڕاستای ئەو وێنەیە نییە کە دەیهەوێت وەکوو ژنی ئێرانی نیشانی دونیای بدات، وێنەیەک کە دەیهەوێت تەنیا ئەوە بێت کە وێڕای بوونی حکوومەتێکی دژەژنی ئیدیۆلۆژی، کۆمەڵگای ئێران مۆدێڕن و ئەمڕۆیییە.
لە لادێ و هەندێک شارەکانی کوردستان ئاماری خۆسووتاندنی ژنان لە سەرەوەیە؛ خۆسووتاندنێک کە ئەنجامی پیاوسالاری، هەژاری، نایەکسانی و هەموو ئەو توندوتیژییانەیە کە جوغرافیای سیاسیی ژیان بەسەریدا سەپاندوون و وەکوو نارەزایەتییەک پەنا بۆ خۆسووتاندن دەبەن، بەڵام فێمێنیستی ناوەند ئەوە بە کێشە و نیگەرانیی خۆی نازانێت.
یەکێک لە هۆکارەکانی زۆربوونی سەرکوت و ستەم دژی ژنانی نەتەوە جیاوازەکان، کەڵەکەبوون و ئاڵۆزبوونی نابەرابەرییە ئیتنیکییەکان، سەرکوتە سیاسییەکان، کێشە ئابوورییەکان و هەڵاواردنە ڕەگەزییەکانە. فێمێنیستی ناوەند بە گشتی سەرنجی خستووەتە سەر نابەرابەریی ڕەگەزی؛ بۆ نموونە نیگەرانی یەکدەستکردنی فەرهەنگی و بێبەشبوون لە مافی خوێندن بە زمانی دایکی نییە.
هەرچەندە زۆرێک لە چالاکانی مافی ژنانی نەتەوەجیاوازەکان لە ئێران باوەڕیان وایە کە نایەکسانییەکان، ژیانی بۆ هەموو ژنانی ئێران سەخت کردووە، بەڵام پێداگریش دەکەن کە بەتەنیا سەرنجدان بە خواست و نیگەرانیی ژنانی ناوەند، دەبێتە هۆی کەمتەرخەمی و چاوپۆشی لە کێشە و خواستی میلیۆنان ژنی کەمینەکان کە لە دەرەوەی ناوەند دەژین و دەنگ و خواستیان لەناو بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ناوەندتەوەردا، چاوپۆشیی لێ کراوە.
هەربۆیە تا کاتێک کە فێمێنیستی ناوەند لە ئێران نەتوانێت خەباتی خۆی لەژێر گوتاری “قەومتەوەر” بێنێتە دەرێ، ناتوانێت لەگەڵ ژنانی نەتەوە جیاوازەکان بەشێوەیەکی کاریگەر و ڕزگاریدەر هاوپەیمان بێت؛ هاوپەیمانییەک کە بەبێ بوونی خەباتی ژنان لە ئێران دژی هەڵاواردن و نابەرابەری، شانسی سەرکەوتنی نییە.

تیۆریی چەندلایەنەی هەڵاواردن(ئینتێرسکشنالتی):
هێنانەئارای هەر تیۆرییەک بۆ ئەوەیە کە باس لە کێشەیەک بکرێ کە نادیارە و وەکوو مەسەلەی سەرەکی نەخراوەتە ڕوو و دانیشی پێدا نەنراوە؛ چونکە باسکردن لەسەر هەر مەسەلەیەک، سەرەتا پێویستی بە پێناسەیەکی ڕوونە و دواتریش باسەکانی تاوتوێکردنی ئەو کۆمەڵگایە، بارودۆخ و یاساکان و سیاسەتدارێژی بۆ چارەسەری دێتە ئاراوە.
تیۆریی چەندلایەنەی هەڵاواردن لەسەر بنەمای ئەو گرنگییە، بۆ یەکەمجار 30ساڵ لەمەوبەر لە لایەن “کێمبرکی کرنشا”، فێمێنیستی ئافریقایی-ئامریکایی هاتە ئاراوە؛ کرنشا چەمکی “یەکتربڕ”ی(intersectionality) بۆ وەسفی هەڵاواردنی چەندلایەنە دژی ژنانی کەمینە لە کۆمەڵگای ئامریکا بەکارهێنا، لەراستیدا ئەو یەکەمین کەس بوو کە ئەو ناوەی لەو دیاردەیە نا. کرنشا دەڵێت : “بۆ چارەسەری کێشە، دەبێت ئەو کێشەیە پێناسە بکرێت و بۆ ئەوەی بتوانرێ پێناسە بکرێت، دەبێت ناوی لێ بنرێت، کێشە تا ناوی نەبێت ناتوانرێ چارەسەر بکرێت.”
کرنشا بە باسکردنی تیۆریی “یەکتربڕ” و ناولێنان لە ستەمی چەندلایەنە دژی ژنانی کەمینە لە ئامریکا، واتە ژنانی ڕەشپێست یان ئافریقایی- ئامریکایی، قسەی نوێی بۆ بزووتنەوەی ژنانی ئامریکا و جیهان پێ بوو.
بە پێی تیۆریی “یەکتربر” ژنانی کەمینە، لە سێ لایەنی سەرەکی، ڕەگەز، نەژاد و چینی کۆمەڵایەتی کە دواتر لایەنەکانی مەیلی جنسی و بێتواناییی جەستەییشی پێوە زیادبوو، ڕووبەڕووی هەڵاواردن دەبنەوە، ئەو لایەنانە لە شوێنێک دەگەن بە یەکتری و ژنانی کەمینە، ڕووبەڕووی یەکتربڕی ئەو هەڵاواردنە چەندلایەنەیە دەکەنەوە.
کرنشا، مافناس بوو و ئەو باسەی لەبنەڕەتدا بۆ ناسینی چەندلایەنیی هەڵاواردن دژی ژنانی ڕەشپێست لە بازاڕی کار بەکارهێنا. ئەو ژنانە نەتەنیا بەهۆی ژن بوون، بەڵکوو بەهۆی نەژادیشیان ڕووبەڕووی هەڵاواردن دەبوونەوە. ئەوان دەیانزانی چونکە هەم ژنن و هەم ڕەشپێست، هەڵاواردنیان بەرانبەر دەکرێت، لەکاتێکدا بەپێی یاسا نەدەبوایە بۆ هیچکامیان ڕووبەڕووی هەڵاواردن ببنەوە. بێتواناییی ئەو ژنانە لە وەسفی هەڵاواردن، بووە هۆی ئەوەی زۆرێک لە ژنانی ڕەشپێست و هەروەها ژنانی کەمینەکانی تری وەک پەنابەر و غەیرە ئینگلیسی زمان، بەهۆی هەڵاواردنی چەندقاتی “نەژادی و ڕەگەزی” لە بەشداریی سووڕی ئابووری بێبەش بن و مەحکووم بە مانەوە لە چینی ژیردەستدا بن.
لەراستیدا لەبەرچاو نەگرتنی بارودۆخی ئەو ژنانە، نیشاندەری بوونی هەڵاواردنی یەکتربڕ لە نێوان “بزووتنەوەی مافی مەدەنی” و “بزووتنەوەی فێمێنیستی” لە ئامریکادا بوو.
ئە و کێشانەی کە ژنانی ڕەشپێست لە ئامریکادا لەگەڵی بەرەوڕوو ببوونەوە، وێکچوونێکی زۆری لەگەڵ بارودۆخی خەباتی ژنانی کەمینەکان لە ئیراندا هەیە. ئەو ئەزموونەی کە ژنانی کورد، عەرەب، بەلووچ، تورک، تورکەمەن، گیلەک و لوڕ، ڕۆژانە وەکوو هەڵاورادنێکی یەکتربڕی هاوبەش لەگەڵی بەرەوڕوون و تەنانەت ئەگەر ناوەکەی نەزانن ڕۆژانە هەستی پێ دەکەن و هەموو لایەنەکانی ژیانیانی خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.
ئە و ژنانە، نەتەنیا لە ڕووی جوغرافیا، بەڵکوو لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگییەوە پەڕاوێز خراون و لەبەرانبەر ناوەندێکدان کە تەنانەت شارەدار و پارێزگار و فەرمانداریشیان لە لایەن ناوەندوە دەست نیشان دەکرێت.
ڕوانگەی ژنی ناوەند بەرانبەر دەروەی ناوەندە بەزۆری لەو ڕوانگەیە دەچێت کە ژنی سپی پێست بەرانبەر ژنی ڕەشپێستی ئامریکایی هەیبوو و ئەگەریش دان بە ستەمی زاڵی چەندقات بەسەر ئەو نەتەوانەدا بنێین، وەکوو بەرهەمێکی ناوخۆییی ئەو کۆمەڵگایە دەیبینن و پێکهاتە و سیستەمی گشتیی هەڵاواردنی نەتەوەیی کە هۆکاری هەڵاواردنە چەندقاتەکانە لەبەرچاو ناگرن.

لە ئێران ژنێکی سەر بە نەتەوە جیاوازەکان، هەروەک ژنێکی ڕەشپێستی ئەمریکی ڕووبەڕووی یەکتربڕی ڕێگەکانی هەڵاواردن دەبێتەوە و جۆرە جیاوازەکانی هەڵاواردن لەسەر بنەمای زمان، ئایین، ڕەگەز و نەتەوە ئەزموون دەکات و ئەزموونی ژنێکی پەڕوایزخراویش لەگەڵ ژنێکی ناوەند جیاوازیی هەیە.
کاتێک ژنانی دەرەوەی ناوەند، ناتوانن بە زمانی خۆیان بخوێنن، کار بکەن یان لە دادگاکان بەرگری لە مافی خۆیان بکەن و تەنانەت جلوبەرگی کەلتوورییان هۆکارێکە بۆ سووکایەتی، حیجاب بۆ ئەوان ئەولەوییەتی نابێت و ناتوانن لەگەڵ کەمپەینێکی وەکوو “چهارشنبەهای سفید” پەیوەندی بگرن، هەرچەندە پۆشینی زۆرەملێ ئەوانیش بگرێتەوە.
بزووتنەوە و ئەزموونی ژنانی ئێران لە ناوەند و دەرەوەی ناوەند بە تەواوی لێکتر جیایە و لێرەدا مەسەلەی چینە کۆمەڵایەتییەکانیش زیاتر زەق دەبێتەوە. ژنێک کە لە ناوەندە، بەپێی چینی کۆمەڵایەتی و شوێنی ژیانی، مەسەلەی ڕۆیشتن بۆ ستادیۆم و پۆشینی ئازاد دەبێتە چەقی خواستەکانی و لەو ڕەوتەشدا لە بارودۆخی ژنانی بوومەلەرزەلێدراوی کرماشان کە هەر وا لە چادردا دەژین و لە هەموو جۆرە ئیمکاناتێکی سەرەتاییی ژیان بێبەشن، یان ژنانی بەلووچ و عەرەب کە نیگەرانیی سەرەکییان دابینکردنی ئاوە و لەدوای هەر سێڵاو و بوومەلەرزەیەکیش ژیانیان دەچیتەوە سەر سیفر، تەنها شتێک کە بۆیان گرنگ نییە پۆشینە.
ئەرگەرچی هەموو دەستکەوتەکانی بزووتنەوە فێمێنیستییەکان بەهەنگاوێکی ئەرێنی هەژماردەکرێت، بەڵام سەرکەوتنی گرووپێکی تایبەت لە ژنان کە لە پوەنی زیاتر بەراوەرد بە ژنی پەڕاوێزخراوی دەرەوەی ناوەند بەهرمەندە، بەس نییە و لە وڵاتێکی وەکوو ئێرانیش کە بزووتنەوە فێمێنیستەکەی پەیوەست بە بزووتنەوەی جیهانیی فێمێنیست نییە و ژنانی کەمینەش لە پەروەردەی پێویست بۆ خستنەژێرپرسیاری بارودۆخیان بەهرەمەند نین، ئاسۆی گۆڕانی ئەو بارودۆخە و بەدەستهێنانی مافی ژنانی کەمینە، ناڕوونە.

فێمێنیست، ڕوانینی جیهانی و ڕێکاری ناوچەیی:
ئە و باسە بەو پرسیارە دەست پێ دەکەین، پێویستی بوونی “بزووتنەوەی ژنانی نەتەوە جیاوازەکان” لە کوێوە دێت؟
لە پەیوەندی لەگەڵ چالاکیی فێمێنیستی، پێویستە سەرەتا ئەوە ڕوون بکەینەوە کە بەپێی بیری شەپۆلی سێیەمی فێمێنیستی، سەرنجدان بە هاوپەیوەندیی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی کۆمەڵگایەک و ڕێکارەکان وەک یەک نین. بە واتەیەکی تر، هەر کۆمەڵگایەک بەپێی گەشەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی خۆی، ڕێکاری تایبەت بە خۆی بۆ بەرەوپێش بردنی چالاکیی فێمێنیستی دەگرێتە بەر.
چالاکیی فێمێنیستی لەگەڵ ئەوەی پێویستە پشت بە ڕوانینێکی جیهانی بۆ فێمێنیزم ببەستێت، لە هەمان کاتدا ڕێکارەکان بۆ هەر ناوچە و کۆمەڵگایەک دەبێ تایبەت بەو ناوچە و کۆمەڵگایە بێت. بۆ نموونە، ڕێکاری فێمێنیستیی کۆمەڵگای سوید ناتوانێ ڕێکارێکی بەرەوپێش بۆ هاوپەیوەندیی کۆمەڵایەتیی پاکستان بێت و بە پێچەوانەوە. لەناوخۆی ئێرانیش ڕێکارەکانی فێمێنیستی بۆ ژنانی کورد، تورک، عەرەب، بەلووچ و … ناتوانێت بۆ فارسەکان فاکتۆرێکی باش بێت. هەربۆیە چالاکی فێمێنیست بۆ ڕێکار ناتوانێ پشت بە گشتیبێژی ببەستێت و پێویستە فێمێنیستەکان جیهانی بیربکەوەنەوە و خۆجێیی کردار بنوێنن و ڕێکارو تاکتیک و تەکنیکەکانی بەرەوپێش بردنی کاری فێمێنیستی لە کۆمەڵگای خۆیان بەرنە پێش. بۆ نموونە کارێکی گرنگی فێمێنیستی بۆ ژنێکی کورد، بەرهەمهێنانی ئەدەبیاتێکی فێمێنیستی بۆ ژنی کورد لەسەر ئەو خاکەیە؛ کارێک کە کۆمەڵگای فارس لە ماوەی زیاتر لە 80 ساڵ دەسەڵاتداریی خۆیدا ئەنجامی داوە یان لانیکەم ئەلف وبێی ئەدەبیاتی فێمێنیستیی لەو ساڵانەدا جێگیر کردووە. هەربۆیە لەوانەیە ئەمە بۆ ژنێکی فارس کارێکی ئەساسی و سەرەکی نەبێت، بەڵام بۆ ژنێکی کورد، تورک یان بلووچ، ئەو کارە بەتایبەت پشتبەستوو بە زمانی دایکی، کارێکی بنەڕەتییە. هەر لەو ڕوانگەیەوەش دەردی جیاوازی ئەو کۆمەڵگایانە تاکتیک و تەکنیکی جیاوازی بۆ بەرەوپێش بردنی ئامانجەکان دەوێت و بۆ هەمووان یەک ڕێکاری گشتی ناگونجێت؛ بۆیە ئیمکانی هاوکاری هەیە، بەڵام دەروونیکردنەوەی هەموو ئەو بزووتنەوانە نا.
لەوانەیە دروستترین کار لە بارودۆخی ئێستادا ئەوەیە کە چالاکیی فێمێنیستی بۆ هەر شوێنێک بەجیا بێت و ئەوەش بە مانای جیاکردنەوە لە چالاکیی ژنان بە گشتی لە ئێران نییە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە بە مانای قووڵکردنەوەی چالاکییەکان لە نێوان هەموو ژنان و بە زمانی خۆیانە. لەوە زیاتر ئەگەر چالاکییە فێمێنیستییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران شێوە و شکڵی چالاکییەکی دینامیک لەخۆ بگرێت، هاوکاریی نێوان ئەو بزووتنەوانە بۆ بەرەوپێش بردنی چالاکیی فێمێنیستی، وەکوو پێویستییەکی حاشاهەڵنەگری لێ دێت. بە واتایەکی دیکە، فێمێنیسم دەبێتە پردی پەیوەندیی نێوان ژنانی سەر بە بزووتنەوە جیاوازەکانی ژنان؛ لەلایەکی دیکەوە ئەو شێوەیە لە چالاکیی فێمێنیستی، ناوەندگەراییی ئەو چالاکییە کەم دەکاتەوە و فێمێنیست بەزمانی ژنانی ناوچە جیاوازەکانی ئێران و زمانێکی ژنانە دەخاتە ڕوو و پانتاییی ئاگاییی فێمێنیستییش لەو شوێنانە بڵاو دەکاتەوە. هەربۆیە ئامانجی چالاکیی فێمێنیستی دەبێ پشت بە پێویستی ناوچە جیاوازەکان و گونجاو بەو شوێنە بێت.
لێرەدا تەنانەت ئەگەر بچینە سەر باسی فێمێنیستی سەروونەتەوەیش(فراملی) -هاوپەیمانی و پێکهێنانی پەیوەندیی سەروونەتەوەییی چەند نەتەویەک- کە خۆی لە بنەڕەتدا خوێندنەوەیەکە بۆ ئینێرسکشنالیتی، هەر دەگەڕێتەوە سەر باسی ئەوەی فێمێنیسم هەم جیهانییە هەم خۆجێیی(محلی). لە ڕاستیدا فێمینیزمی سەروونەتەوەیی یان ترانسنشناڵ، ڕوو تێ کردنێکی نوێیە بە چەمکێکی نوێ و هێندێک جاریش بەرانبەر بە فێمینیزمی نێونەتەوەیی دێتە بەرباس و وەک یەکتربڕێک چەمکەکانی، نەتەوە، نەژاد، ڕەگەز، مەیلی جنسی و ئابووری، بەیەکەوە گرێ دەدات. بۆ نموونە فێمێنیسمی ئافریقایییەکان نە وەکوو ژنێک یان ئافریقایییەک، بەڵکوو وەکوو چەمکێکی نوێ دەناسێنێت کە پێویستی بە باسی تایبەت بە خۆی هەیە، لە کاتێکدا فێمێنیسمی نێونەتەوەیی، تەنیا دەپەرژێتە سەر پێداویستیی ژنی سپی پێستی ئەورووپایی و ئامریکاییی چینی ناوەڕاست و هەوڵی گشتاندنی بەسەر هەموو ژنانی وڵاتان، بەبێ گرنگیدان بە پێداویستی و کێشە تایبەتییەکانیان دەدات.
لە ڕاستیدا “ترانسنشناڵ فێمێنیزم” گوتارێکی نزیک لە ئینتێرسکشنالیتیە و بەتایبەتی دوای کۆنفرانسی پەکینی 1995 و بە بەشداریی فێمێنیستە جیاوازەکانی وڵاتانی ئاسیا و ئافریقا و وڵاتە ئیسلامییەکان، فرەییخوازی و ئەویتربینیی کردە باسی تایبەتی فێمێنیزمی جیهانی. لە دوای ئەویش ڕووداوەکانی ١١ی سێپتامبر و سەرهەڵدانی ڕەوتە توندڕەوەکانی وەک داعش و ڕووداوەکانی سووریە، عێراق، تورکیە، ئێران و بە گشتی ناوچەکە، بووە هۆی کۆچی زۆری خەڵکی ئەو ناوچە کێشەلەسەرانە بۆ ڕۆژئاوا و ساز بوونی بەستێنی “ترانسنشناڵ فێمێنیزم” لە دیاسپۆرادا.
ڕەوتێکی لە کۆچ، کە خاڵی ئەرێنیی ئەو، لە ڕوانگەی نیکی کێدی، توێژەر و ڕۆژهەڵاتناسی ئەمریکی، “هاتنی بەشێکی زۆری ژنانی کۆچەری ڕۆژهەڵاتی بۆ ڕۆژئاوا بەتایبەت بۆ ناوەندە زانستییەکان، بووە هۆی ئەوەی ژنی ڕۆژهەڵات دەنگی خۆی بێت و ئیتر بە ناچاری ژنی ڕۆژئاوایی دەنگی ئەو نەبێت”. چوونی ژنان بۆ ئەو ناوەندانە و پەیوەندی لەگەڵ ناوەندە نێودەوڵەتەییەکان و چالاکان و کاناڵ و ناوەندە فێمێنیستییەکانی چەندین نەتەوە، بووە هۆی ئەوەی دووریی نێوان فێمێنیسمی خۆجێیی و فێمێنیسمی جیهانی کەمڕەنگ بێتەوە.
لە ڕۆژگاری ئاڵۆزی ئەمڕۆدا و لە ڕەوتی “بەجیهانی بوون”، یەکگرتووییی سەروونەتەوەییی فێمێنیستی، لە چەمکە سادە و سەرەتایییەکانی وەک خوشکانی جیهانی و گلۆبالی فێمێنیزم تێپەڕیوە و ئێستا بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی و هاوپەیوەندیی فێمێنیسمی چەند نەتەوە، پێکهاتە و زمانێکی تر پێویستە و گرنگیدان بە تیۆریی ئینتێرسکشنالیتی، بۆ ئاسانکردنی ئەو ڕێگەیە هەرچەندە بەهێزە، بەڵام هێندێک جاریش بەربەست دروست دەکات. ئەو بەربەستانەش لەو بارودۆخانەی کە لایەنی ڕەگەزیی ئینتێرسکشنالیتی لەبەرچاو ناگیرێت، ڕوودەدات؛ بۆ ڕووبەڕووبەنەوەی ئەو چاوپۆشییە بەئەنقەستەش، ستراتێژیی داهێنەری زانست هاتووەتە کایەوە کە لەو کاتانەدا جەخت لەسەر چەمکی ئینترسکشنال فێمێنیزم دەکات.
خێراییی ڕووداوەکان لە جیهان و و ناوچە و گۆڕانکاری لە هاوپەیوەندیی نەتەوەیی، ناوچەیی و سەروو میللییەکان، تێگەیشتنێکی نوێ و هەمەلایەنەی لە فێمێنیزمی سەرومیللی دروست کردووە. یەکگرتووییی فێمێنیزم لە هەر کات و شوێنێک و بەستێنێکی دیاریکراو، لەرێگەی گفتوگۆ، ڕێککەوتن، ئامانج و کرداری هاوبەش بەدەست دێت. چونکە فێمێنیزم هەم جیهانیە و هەمیش خۆجێیی، بەمەرجێکیش لە بەرانبەرێتی و پێکەوەییی نێوان هۆکارە خۆجێیی/ناوچەیی/نەتەوەیی یا هۆکارە سەروونەتەوەیی/ جیهانییەکان پێک بێت.
بۆ پێکهیێنانی ئەو یەکگرتوویییە سەروونەتەوەیییەش پێویست ناکات خەبات لە ڕەسەنی ڕاستەقینەی خۆی جیابکەینەوە و بە زۆری لەگەڵ پێناسە و پێوەرە جیهانییەکان بیگونجێنین، هەروەها پێویستیش ناکات خەبات لە داهێنانی خۆجێیی بەتاڵ بکەینەوە و وەکوو بەستەیەکی پاککراوە بیدەین بە جیهانی ئاڵۆزی نیئۆلیبرالیزم؛ بە پیچەوانەوە ئامراز و نەخشەڕێگای خەباتێک دەبێت لە خزمەتی ژینگەناسیی خەباتدا بێت و بە سەرنجدان بە ئامانجە دیاریکراوەکان، زەمینەی ڕاستەقینەی بابەتی هەر خەباتێک دیاری بکرێت. وەکوو هانا ئارێنت دەڵێت: “ئامرازەکان هەندێک جار دەتوانن زیاتر لە ئامانجەکان لەگەڵ چارەنووس و ئایندەی بزووتنەوە پەیوەندییان هەبێت”.
لەکۆتاییدا و بە گشتی پرسی ژن پرسێکی جیهانییە، بەڵام لە هەر وڵاتێک بەپێی بارودۆخی ژنان و هەلومەرجی حکوومەتەکان و یاساکان، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆز و ئاریشەدارە و خواست و چالاکاییەکانیش تایبەتمەندیی خۆیانیان هەیە. لەبارەی ژنانی کوردیشەوە مەسەلەی هەڵاواردنی چەندقات لە گۆڕێدایە. واتە بەهۆی شوناسی کوردبوون، ستەمی نەتەوەیی، بە هۆی شوناسی ژن بوون، ستەمی ڕەگەزی، بەهۆی شوناسی مەزهەبی، ستەمی ئایینی و هتدیان لێ دەکرێت؛ چونکە لە کۆمەڵگای ئێراندا، کوردێک لە ڕەوتی بەکۆمەڵایەتی بوونی، ناچار بە دەرکەوتنی ڕەسمی وەکوو شارۆمەندێکی فارسە، هەربۆیەش هەڵاواردان بەرانبەری چەند قاتە.
لە لایەکی دیکەشەوە لە وڵاتانێکی فرەنەتەوەی وەکوو ئێران، هەر ڕەوتێک، ئەو ڕەنگدانەوەیە لەخۆ نەگرێت، ناتوانێت سەراسەری و تەنانەت دێموکڕاتیکیش بێت. بۆیە بزووتنەوەی ژنان لە ئێران بەو جۆرەی کە هەیە سەراسەری نییە و کەم تا زۆر نوێنەرایەتیی بزووتنەوەی ژنی فارس دەکات و ژنانی سەر بە نەتەوەکانی دیکەش کە لەو ڕێکخستنانەدا چالاکی دەکەن، وەکوو تاک بەشدارن و ناتوانن لەو چوارچێوەیەدا وەک ژنێکی نەتەوەی جیاواز کە لەگەڵ هەڵاواردنی چەندقات و ئەنجامە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی بەرەوڕوویە، نوێنەرایەتیی ژنانی ئەو نەتەوەیە بکات.
هەربۆیەش دەبینین کێشەکانی ژنێکی نەتەوەی جیاواز وەک کورد، وەک چۆن ناتوانێت لە دادگایەک بەزمانی دایکی دیفاع لە خۆی بکات، تەنانەت بۆ دایکایەتی و پەروەردەی منداڵ دەبێ وەک فارسێک ڕەفتار بکات و شوناسی ژنێکی فارس بۆ چوونە ناو کۆمەڵگا، زانکۆکان، ئیدارەکان و قوتابخانەکان و … وەربگرێت و ئەمەش کاریگەریی لەسەر متمانەبەخۆبوون، شێوازی بیرکردنەوە و داهێنەری بە زمانی دایکی دادەنێت، هەروەها دەیان کێشەی دیکەش بە سەرپۆشی دەمێننەوە و ئاشکرا نابن و کەسیش لە بیری چارەسەری کێشەیەکی داخراو و شاراوەدا نییە.
گرنگی نەدان بە مەسەلەی مافی دێموکڕاتیک-نەتەوەییی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران لە ڕاستای دێموکڕاتیزەکردنی بە بێ مافەنەتەوەیییەکان، دەبێتە هۆی دووریی نێوان ژنانی ناوەند و ئەو ژنانەی کە هەم بۆ مافە نەتەوەیییەکان و هەم ڕەگەزییەکان هەوڵ دەدەن.
سروشتییە کە بەرەسمی ناسینی مافە جیاوازەکانی ئەو نەتەوانە دەبێتە هۆی لێک نزیکبوونەوەی ڕێکخستنەکانی بزووتنەوەی ژنان لە ئێران، بەڵام کاتێک ژنانی ناوەند تێگەیشتنێکی دروستیان لە بارودۆخی ژنانی نەتەوە جیاوازەکان نییە و تەنانەت ڕاگەیاندنە فارسییەکان و وێبسایتەکان، گرنگی بە هەواڵی چالاکانی ژنی نەتەوەکانی تر و سەرکوتیان نادەن، لە کاتێکدا هەواڵی ژنانی ناوەند لەهەر بارودۆخێکدا بڵاو دەکەنەوە و هەواڵی ژنانی چالاکی کوردیش کە بۆ ماف و شوناسی خۆیان خەبات دەکەن، بایکۆت دەکرێ و خواست و خەسار و گوتاریان باس ناکرێت، ڕوونە کە ئەو ڕەفتارانە بێمتمانەیی دروست دەکەن.
هەرچەندە ناکرێ کەمکاریی ژنانی نەتەوە جیاوزەکانیش باس نەکرێت کە بەو شێوەیەی کە پێوستە گوتاری خۆیانیان نەخستۆتە ڕوو؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە شێوەیەکی گشتی و وەکوو ژنانی کورد بەتایبەتی، ساڵانێکی زۆرە لە چوارچێوەی ڕێکخراو و حیزبە سیاسییەکاندا بۆ هەر دوو ئامانجی مافە بەرابەریخوازە نەتەوەیی و ڕەگەزییەکان خەبات دەکەن و ئەمەش خاڵی جوداییی ژنی کورد و فارسە.
وەک کۆتا قسەش، هەمیشە لە پەیوەندی لەگەڵ خەباتی ژنانی نەتەوە جیاوزەکان، ئەو مشتومڕە هەیە کە ئایا ئەولەوییەت لەو خەباتەدا بە مافی ڕەگەزییە یان نەتەوەیی؛ مشتومڕێک کە نە بۆ بزووتنەوەی ژنان و نە بزووتنەوەی نەتەوەیی هیچ قازانجێکی نییە و ئەو دوو بزووتنەوەیە دەبێت بە شێوەی هاوئاهەنگ و هاوتەریب و هاوشان بچنە پێشەوە و ئەگەر هەرکامیان دوا بکەوێت، کاریگەریی نەرێنی، هەردووکیان دەگرێتەوە. هەوەک چۆن لە هەڵاواردنی یەکتربڕ هەڵاواردن چەندقات دەبێت؛ سەرکەوتنی دوو بزووتنەوەش پێکەوە چەندقاتە و کاریگەریی ئەرێنیی هەر دوو بزووتنەوەی نەتەوەیی و ژنان دەگرێتەوە و بۆ زیندووڕاگرتنی هەردووکیشیان باشترین ڕێگا بردنەسەری ئاگایی و سەرمایەگوزاری لەسەر پەروەردە و فێرکارییە.

سەرچاوەکان:
بیست و پنجمین کنفرانس بنیاد پژوهشهای زنان ایران تحت عنوان “زنان برای تغییر: همکاری و مشارکت سیاسی”

https://shahrvand.com/archives/53285
http://asoyroj.com/farsi//detail.aspx?=hewal&jmara=6657&Jor=7
https://www.bbc.com/persian/blog-viewpoints-38200453

سلسله وبینارهای کمپین «علیه ناموس پرستی» درباره خشونت سیستماتیک دولتی علیه زنان در ایران

https://digari.org/%D8%AA%D9%82%D9%84%DB%8C%D9%84-%D8%AF%D8%A7%D8%AF%D9%86-%D8%B2%D9%86-%DA%A9%D8%B4%DB%8C-%D8%A8%D9%87-%D9%82%D9%88%D9%85%DB%8C%D8%AA-%DB%8C%D8%A7-%D9%85%D9%84%DB%8C%D8%AA-%D8%AE%D8%A7%D8%B5%DB%8C%D8%8C/
https://azdemokrasi.wordpress.com/2010/04/07/mosahebe-mahsa-mehdili/
https://farsi.alarabiya.net/fa/views/2019/03/09/%D8%B3%D8%AA%D9%85-%D9%85%D8%B6%D8%A7%D8%B9%D9%81-%D8%A8%D8%B1-%D8%AF%D9%88%D8%B4-%D8%B2%D9%86%D8%A7%D9%86-%D8%BA%DB%8C%D8%B1-%D8%AA%D9%87%D8%B1%D8%A7%D9%86%DB%8C-
https://www.radiozamaneh.com/405816
https://iranglobal.info/node/53185
http://feministschool.com/spip.php?article1660
http://feministschool.com/spip.php?article7366
https://fa.wikipedia.org/wiki/%D9%86%DB%8C%DA%A9%DB%8C_%DA%A9%D8%AF%DB%8C
https://fa.wikipedia.org/wiki/%D8%A7%DB%8C%D9%86%D8%AA%D8%B1%D8%B3%DA%A9%D8%B4%D9%86%D8%A7%D9%84%DB%8C%D8%AA%DB%8C

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان