ئارامتر بخوێنەوە!

هونەری بەرگری

قادر ئەلیاسی

بەر لەوەی باسی هونەری بەرگری بکەین، پێویستە ئاوڕێکی خێرا لە ژینگەی سەرهەڵدانی ئەو شێوە هونەرە بدەینەوە. چ بارودۆخێک یان چ شوێن و ژینگەیەک دەبێتە هۆی سەرهەڵدان یان لەدایکبوونی هونەری بەرگری؟ هونەری بەرگری بۆچی پێویستە و چ ڕۆڵێکی هەیە؟

ژینگە

هونەری بەرگری لە پلەی یەکەمدا لە دڵی سیستەمێکدا دەگوورێ و دواتر لەدایک دەبێ کە بە شێوەی خۆسەپێن، بەسەر ئەو ژینگەیەدا زاڵ دەبێ. ئەو سیستەمەش سیستەمێکی دیکتاتۆری و سەرەڕۆیە کە وڵاتێک دەخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و ڕێگا نادا خەڵک بە مافە ڕەواکانی خۆیان بگەن. لێرەدایە کە هونەری بەرگری هاوکات یان بەرودوا لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی دیکەی خەڵکدا دژی ئەو دەسەڵاتە سەرهەڵدەدا.

کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و سەرەڕۆ، نموونەیەکی زەق و بەرچاوی ئەو سیستەم و دەسەڵاتەیە کە نەتەوەیەکی وەک نەتەوەی کورد، دەچەوسێنێتەوە و لە هەموو مافێکی نەتەوەیی و سیاسی بێ بەشی دەکا. تاکی خاوەن هەستی ئەو نەتەوەیە بەپێی توانای هونەری و داهێنانی تاکەکەسیی خۆی بۆ بەرگری لە سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و شوناسی گەلەکەی لە چوارچێوەی ئەو توانایییە هونەرییەدا، لە چەند بواری جیاواز بەڵام پەیوەندیدار بە یەک، دەست دەکا بە ئافراندنی هونەر:

١ـ مافی ژێرپێکراوی ئەو گەلە بە شێوەی سروود، گۆرانی، پەیکەرتاشی و …هتد لە چوارچێوەی هونەردا وێنا دەکا و بەرهەمی دێنێ. بەم کارە ستەملێکراویی گەلێک دەخاتە بەر چاوی خەڵک و مرۆڤایەتی بەگشتی. بەو هەنگاوە هەم ستەمی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و داگیرکەر بەسەر ئەو گەلەدا لەقاو دەدا و هەم دنیای مرۆڤایەتی دژی ئەو ستەمە وریا دەکاتەوە.

٢ـ لەگەڵ لەقاودانی ئەو سیاسەتە دیکتاتۆرییە، گەل هان دەدا بۆ وەرگرتنەوەی ئەو مافە زەوتکراوانە، بە گژ ئەو سیستەمەدا بچنەوە.

٣ـ خاڵێکی دیکە، شی کردنەوەی ئەو چەمک و ئامانجە پیرۆزانەن کە نەتەوەیەکی ئازاد و سەربەست هەیەتی، وەک ئازادی، ئازاد ژیان، ئاشتی و پێکەوەبوونی ئاشتیخوازانە و… بە بەرجەستەکردنی ئەم خاڵەش بەرچاوڕوونی دەدا بە گەل و جیاوازیی نێوان گەلێکی بندەست و گەلێکی ئازاد ڕوون دەکاتەوە.

٤ـ بۆ ناساندنی سیستەمی دیکتاتۆری، ئەو ستەم و جینایەت و کردەوە نادادپەروەرییانە شی دەکاتەوە کە ئەو دەسەڵاتە دژ بە نەتەوەی کورد ئەنجامی داون یان ئەنجامیان دەدا. بەو کارەش وێڕای پەردە لادان لەسەر لایەنە شاراوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری، ئەو بەستێنەش بە نواندنی هونەر دەورووژێنێ.

٥ـ هونەرمەند جگە لە ناساندنی سیستەمی دیکتاتۆری، هەوڵ دەدا بە وێناکردنی داهاتوویەکی گەشی دوای ڕووخانی ئەو دەسەڵاتە، خەڵک بەسەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆریدا هیوادار بکا.

٦ـ ئەرکێکی دیکە ڕێزدانان و بەرز ڕاگرتنی یاد و ڕێبازی گیانبەختکردووانی گەلە کە لە پێناوی دەستەبەرکردنی مافە ژێرپێکراوەکانی گەلەکەیاندا گیانی خۆیان بەخشیوە.

وەک خۆیایە، هونەری بەرگریی کوری، دژکردەوەی هونەرمەندانی نەتەوەی کوردە کە لەگەڵ چەکی پێشمەرگە لە شاخ، بەرهەمی نووسەرانی خاوەن هەڵوێستی ئەدەبی بەرگری تێکەڵ بە ناڕەزایەتیی خەڵک دەبێ و شێوە خەباتێک بۆ بەرجەستەکردنی مافە ڕەواکانی خەڵک لە چوارچێوەی سروود و گۆرانیی شۆڕشگێڕیدا دێنێتە بەرهەم.

هونەری بەرگری، بەپێی ئەو خاڵانەی سەرەوە هەم پێویستە و هەم ڕۆڵێکی یەکجار گرینگی لە پێشخستنی خەباتی نەتەوەیەکدا هەیە. بەم پێیە، واتای هونەر دێتە گۆڕێ. بەڕاستی هونەر کە ئەم گشتە ڕۆڵە لەخۆ دەگرێ، چییە؟

هونەر واتاگەلێکی جۆراوجۆری هەیە. لە لێکدانەوەیەکی باودا بە ئاوێنەی باڵانوێنی ژیانی خەڵک لێک دەدرێتەوە. بەو واتایە، خاوەن هونەر لەگەڵ شادیی خەڵکدا شادە و هیوا و خۆشی دەبەخشێ و لەکاتی ماتەم و ڕۆژە کارەساتبارەکانیشدا پرسەگێڕە.

هونەر بە زمانی سانسکریتی “سوونەر”ە کە لە دوو وشەی “سوو” بە واتای باش و “نەر” یان نەرە بە واتای ژن و پیاو لێک دراوەتەوە. دواتر سوونەر لە زمانی ئاوێستاییدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بووە بە هونەر. بە جۆرێک “س” بووە بە “هـ” و لە ئەنجامی بێژەکردنی بە زمانەکانی تر و یەک لەوان زمانی کوردیدا، دەستەواژەی هونەر کەوتووەتە سەر زمان.

دوکتور حوسەین خەلیقی سەبارەت بە جیاوازیی هونەرمەند و زانا و پێوەندی لەگەڵ هونەردا دەنووسێ:

“جیاوازیی ھونەرمەند و زانای زانستی ئەوەیە، زانا بە پشت بەستن بە فەلسەفە یان ئامانجێک و بە پشتیوانی ڕوو لە کەمایەتی، تێدەکۆشێ پەردە لە سەر ڕاستی ھەڵبداتاوە. خاوەن ھونەر بە هەبوونی فەلسەفەیەک یان ئامانجێک و پشتگەرمی بە چلۆنایەتی، دەیھەوێ بەو ڕاستییە بگا. بەم جۆرە ھونەرمەند بەدیتنی باری نالەباری کۆمەڵ و بە پشتبەستن بەو ئامانجە کە ھەڵوێستگرتن و ھوشیارکردنەوەی خەڵکە و پاڵدان بەچلۆنایەتی کە ھەستی دەروونییە، ئەرکی خۆی ئەنجام دەدا.”

هونەر دەستکردی مرۆڤە کە بۆ شوێندانان لەسەر هەست و هۆش و بیری مرۆڤ یان بە مەبەستی ناردنی پەیامێک یان چەمکێک لە لایەن مرۆڤی هەستیارەوە (هونەرمەند) دێتە بەرهەم.

دەتوانین بێژین: هونەر توانست و لێزانییە لە بەرهەمهێنان و ئافراندنی جوانییەکاندا. هونەر جۆری زۆری هەیە کە دەکرێ بە ئاماژە بە هونەرگەلی وەک نیگارکێشان، پەیکەرتاشی، وێنەگری، نواندن و جووڵە (شانۆگەری و سەما)، مووزیک، وێژە و شیعر و… دنیای فرەوانی هونەر و چەشنی جیاوازی هونەر بناسێنین. لە هونەردا داهێنان و  نواندنی نوێ بۆ بەرجەستەکردنی هەست و سۆز و ئاوات و ئامانجی گەلێک دێتە کایەوە. بە بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمە هونەرییە، هونەرمەند دەتوانێ بەردەنگەکەی خۆی هان بدا بیر بکاتەوە و لە ئەنجامدا هەستی ببزوێنێ. هونەرمەند بەو بزواندن و هاندانە هونەرییە، بەرەبەرە لە دەربڕینی ڕاستی و دەردەکانی کۆمەڵ نزیک دەبێتەوە و لەوەش زیاتر بەرەو داهێنانی هونەری خاوەن پەیام هەنگاو دەنێ.

 

ئەگەر هونەری بەرگری ئەمە بێت، داهێنەری ئەو هونەرە کێیە؟ داهێنەری هونەری بەرگری، هونەرمەندێکە هونەرەکەی دەخاتە خزمەتی ڕێ و ڕێبازی گەلێکی ڕاپەڕیو. ئەو هونەرە مادام لە لایەن هونەرمەندێکی خاوەن هەڵوێستەوە دێتە بەرهەم، دەبێتە هونەری بەرگری و هونەرمەندەکەش بۆ خۆی وەک هونەرمەندی بەرگری ڕۆڵ دەگێڕێ. هونەرمەندی خوڵقێنەری هونەری بەرگری، خۆی وەک کەسێکی داکۆکیکار بۆ دەستەبەرکردنی مافی گەلەکەی دەردەکەوێ. چونکە هەم خۆڕاگرە و هەم داهێنەری هونەرە، بەوشێوەیە دەتوانێ جوانییەکانی بەرگری و خۆڕاگری، بە نواندنێکی باش و هونەرییانە بخاتە بەر چاو و گوێ و هزروبیری کۆمەڵ. ئەگەر هونەر هەڵگری ئەو پەیامە بێ کە پێی دەڵێن: هونەری بەرگری، پتر دەتوانێ ڕۆڵی لە تێگەیشتن و وشیارکردنەوەی خەڵکدا هەبێ. 

 

چەمکی بەرگری و خۆڕاگری بۆخۆی هونەرە. هونەری بەرگری کاتێک دێتە کایەوە، گوێگر هان دەدا بە قووڵی بیر بکاتەوە. کە باس لە هونەری بەرگری دەکرێ، ئیدی هیچ ڕێگایەکی دیکە  بۆ گەیشتن بە مافی ئەو گەلە جگە لە بەرگری نامێنێتەوە. کاتێکیش دەرگاکانی دیکەی گەیشتن بە مافە نەتەوایەتی و سیاسییەکانی گەلێک دادەخرێ، لەو کاتەدا دەست بردن بۆ خەباتی بەرگری بۆ خۆی هەرمانێکی هونەرمەندانە و بوێرانەیە.

ئەدەبی بەرگری

هیچ هونەرێک ئەگەر پێویست بێ بە شیعر و دەنگ بکەوێتە بەرگوێ، ناتوانێ بەبێ بەرهەمی ئەدەبی خۆی بنوێنێ. کەواتە دەقێکی ئەدەبی کە لە دووتوێی هونەری بەرگریدا خۆی دەناسێنێ و وەک ئەو هونەرە دەردەکەوێ، بە ئەدەبی بەرگری پێناسە دەکرێ. ئاوازی سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب کە ساڵی١٩٣٩ی زایینی لەلایەن شەهید “شێخ حوسەین بەرزنجی”یەوە دانرا، بەبێ ئەو دەقە شیعرییەی مامۆستا دڵدار، هەرگیز نەدەهاتە بەرهەم. کەوابوو بۆ ئەوەی بەرهەمێکی هونەری بە دەنگ و شیعر و مووزیکەوە بکەوێتە بەرگوێی خەڵک، دەبێ هونەرمەندی خاوەن هونەر، دەقێکی شیعریی لە بەر دەستدا بێ تا بتوانێ ئەو هونەرە بێنێتە بەرهەم. ئەدەبی بەرگری کە بەرهەمی ئەدیبان یان خاوەن هۆنەرانی خودان هەڵوێستە، بەشێکی تەواوکەری هونەری بەرگرییە. ئەگەر بمانەوێ هونەری بەرگری بە قامەتی مرۆڤێک یان دارێک بچوێنین و دەنگ و مووزیک قامەتەکە بێ، شیعر جلوبەرگی ئەو مرۆڤە یان گەڵا و لقوپۆی ئەو دارەیە کە سەرنجی ڕێبواری سەرەڕێ وەک بینەر یان بیسەر ڕادەکێشێ. 

ئەدیبانی قۆناغی بەرگری کورد کامانەن؟

ئەگەر بمانەوێ لە نێو بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورددا مێژوویەک بۆ ئەدەبی بەرگری دەست نیشان بکەین، جگە لە مەم و زینی خانی، بەرهەمێکی تری پێش سروودی نەتەوایەتیی “ئەی ڕەقیب”مان بەرچاو ناکەوێ. بۆیە سەرتەقەکێشی ئەو بوارە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش لە دامەزرانی کۆماری کوردستان. لە شاعیرانی ئەو سەردەمە دەتوانین ئاماژە بەناوی مامۆستایان پیرەمێرد، فایەق بێکەس، عەبدوڵڵا گۆران، دڵدار، قانع، کاکەی فەللاح، ع.ع.شەونم، جگەرخوێن و قۆناغی سەردەمی کۆمار مامۆستایان هێمن، هەژار و هێدی، بکەین. دوای ئەو قۆناغەش لە ڕۆژهەڵات سوارەی ئێڵخانیزادە، عەلی حەسەنیانی، چاوە شێخولئیسلامی، جەلال مەلەکشا، فەرەیدوون ئەرشەدی، ڕەحیم لوقمانی، قادر لوتفیانی (ئازا سەکری)، ئاشق ئیسماعیلی، ئەنوەر سوڵتان پەنا، ئەحمەد قادری، ناهید حوسەینی، ئەحمەد بازگر، ناسر حیسامی، ڕێبوار شێخولئیسلامی، عومەر غوڵامعەلی، ئاکۆئەلیاسی، سارۆ و کاوە خوسرەوی، و لە شۆڕشی باشووری کوردستان لە دوای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو خالید دلێر، کامران موکری، شێرکۆبێکەس، عەوڵڵا پەشێو، لەتیف هەڵمەت، رەفیق سابیر و… د.مارف عومەر گوڵ و…. شەهید مەلاعەلی سەر هەڵدەدەن. 

هونەرمەندانی قۆناغی بەرگریی کورد کامانەن؟

ئەو هونەرمەندانەی لە هونەری بەرگریدا بە سروود و گۆرانی و مەقامی شۆڕشگێڕانە توانیویانە ناوێکی ناسراو بن لەو بوارەدا، دەکرێ دیسان لە شێخ حوسەین بەرزنجییەوە دەست پێ بکەین کە دانەری ئاوازی سروودی نەتەوایەتیی “ئەی ڕەقیب”ـە. ئەو کەسانەی بە دەنگ لەو بوارەدا دەنگیان تۆمار کراوە و خاوەنی هونەری بەرگرین، دەکرێ بەشێوەی خوارەوە پۆلێن بکرێن:

قۆناغی سەردەمی پێش ساڵەکانی ٤٠ی زایینی بەملاوە کە دەنگی مامۆستایان تاهیرتۆفیق، حەسەن زیرەک، حوسەین عەلی، حەمەساڵح و قادر دیلان، ئیبراهیم خەیات، خالید دلێر، شوانپەروەر، حەمەجەزا، ناسر ڕەزازی، نەجمەی غوڵامی، کاڵێ ئاتەشین، تاهیر خەلیلی، مەرزیە فەریقی (ڕەزازی)، شەهریبانی کوردی، میکائیل جەهانمەیهەن، ئەبوو لەگزی، مستەفا دادار و قادر ئەلیاسی دەگرێتەوە.

ئەم دەنگانە جگە لە گۆرانی و مەقامی شۆڕشگێڕی، خاوەنی کۆمەڵێک سروودی نیشتمانی، سروشتی و یەکسانیخوازین.

جیاوازیی سروود لەگەڵ گۆرانی و مەقامی شۆڕشگێڕی

وەک ناوەرۆک هەر سێ شێوازەکە هەڵگری هونەری بەرگرین، بەڵام جیاوازییان لە جۆر و فۆڕمی هونەرەکەدایە، بۆ وێنە سروود لەباری ڕیتمەوە ماڕشە بەڵام گۆرانیی شۆڕشگێڕی دەکرێ بە ڕیتمگەلی جۆراوجور ئامادە بکرێ. مەقامی شۆڕشگێڕانە تەنیا بە هەڵبەست لە مەقامەکانی دیکە وەک ئای ئای و حەیران و لاوک جوێ دەکرێتەوە. سروودی “هێزی گەل”ی مامۆستا تاهیر تۆفیق ڕیتمی مارشی هەیە بەڵام لە ناوەرۆکدا لەگەڵ گۆرانیی “هێزی پێشمەرگە نابەزن”ی تاهیر خەلیلی و مەقامی “گۆمەشین”ی ناسر ڕەزازی یەکێکن و یەک پەیامیان هەیە. ئەویش پەیامی هونەری بەرگرییە.

هونەری بەرگری و حیزبایەتی

هونەری بەرگری نابێ مۆرکی حیزبایەتی و کەسایەتیی نێو حیزبی بەسەرەوە بێ. ئەو هونەرە بەرگری دەکا لە مان و مانەوەی گەلێک بەگشتی. حیزب و کەسایەتییەکانیش کە بەشێکن لە گەل و بۆ بەختەوەریی ئەو گەلە تێدەکۆشن. بۆیە هەموو هەوڵێک دەبێ ڕەنگدانەوەی گشتی وەک ئامانج و ویستی نەتەوەییی پێوە بێ. ئەگەر گەلێک گەیشتە قۆناغی سەربەستی و ژیانی بندەستیی خستە پشتی سەر، ئەوکاتە بە هەڵبژاردنی نوێنەرانی ئەو حیزب و لایەنانە متمانەی خۆی بەو حیزبانە دەبەخشێ و بەجۆرێک قەرەبووی ئەو خەبات و لەخۆبوردووییانە دەکاتەوە کە ئەو حیزب و لایەنانە لە پێناوی گەیشتنی ئەو گەلە بە سەربەستی و ئازادی کێشاویانە.

هونەر دەوری خۆی گێڕاوە؟ هێزە کوردییەکان گرینگییان بەو هونەرە داوە؟

هونەر لە هەر قۆناغێکدا توانیویەتی دەوری خۆی بگێڕێ، بەڵام لەبەر گرینگی نەدانی ڕێبەرانی جووڵانەوەکە بە هونەرمەندانی ئەو بوارە، ئەو دەورە نەیتوانیوە زۆر کاریگەر بێ. هونەر بە گشتی و هونەری بەرگری بەتایبەتی کاتێک باشتر گەشە دەکا کە گرینگی و شوێنی تایبەتی خۆی بدرێتێ. تا ئێستا هونەرمەند خۆی بەتەنیا و بەبێ ئاوڕدانەوەی ڕێبەرانی بزاڤەکە لە بەرهەمهێنانی هونەرەکەیدا کار و هەرمانەکەی ڕاپەڕاندووە. پێشمەرگەی شاخ تا چەک و لانیکەم پێداویستیی سەرەتاییی ژیانی وەک جلوبەرگ و خواردەمەنی بۆ دابین نەکرێ، شەڕی بەرگریی پێ ناکرێ. هونەرمەندیش پێویستی بەو پشتگیرییەیە لەلایەن شۆڕشەوە تا بتوانێ لەوە باشتر دەرکەوێ.

بە کورتی

هونەری بەرگری لە ئاکامی دەسەڵاتێکی ستەمکار لە لایەن هونەرمەندانی خودان هەڵوێستەوە دێتە بەرهەم و چەکێکی گرینگی وشیارکردنەوەی کۆمەڵانی خەڵکە و ڕێبەرانی بزاڤی ڕزگاریخوازی دەتوانن بۆ پاڵپشتی لە چەکی پێشمەرگە دژی داگیرکەر و بۆ پەیوەندی لەگەڵ خەڵک کەڵکی لێ وەرگرن. هیچ خەباتێک بەبێ هونەری بەرگری نە سەر دەکەوێ، نە لایەنی زیندووی شۆڕشگێڕی بەوشێوەیە بەرجەستە دەبێ کە بە هونەر وێنا دەکرێ.

هونەر لەگەڵ ئەوەی داهێنانێکی هونەرمەندانەیە، ڕووی جوانی و ئاستی شارستانییەتی کۆمەڵیش دەردەخا. تا ئێستا چەند دیاردەی هونەریی شۆڕشی سمکۆی شکاک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو شۆڕشە باڵکێشتر و بەرچاوتر بوون و باس کراون، ئەویش هەبوونی پیانۆیەک لە ماڵەکەی سمکۆی نەمر و چاپی ڕۆژنامەی کوردی بووە. هەر کۆمەڵگایەک چاپەمەنی و مووزیکی تێدا بوو، ئاستی ڕووناکبیری و شارستانیەتی بە بەراورد لەگەڵ ژینگەی بێ چاپەمەنی و مووزیک بەرزتر دەنرخێندرێ.

ژێدەر:

گوڵی سەربەستی، ژیان و بەرهەمی مامۆستا تاهیر تۆفیق، ١٩٨٣

ماڵپەڕی فارسی https://fa.iranfreedom.org/، هنر مقاومت چست؟ هنرمند مقاومت کیست؟؛ چرا «مقاومت کردن خود یک هنر است»؟

بەستێنی بوونی «ئەی ڕەقیب» بە مارشی نەتەوەیی، قادر وریا (دوو بەش)، ٢٠١٩

مێژووی سروودی ئەی ڕەقیب، قادرئەلیاسی، ٢٠١٠

مێژووی مۆسیقای کوردی، حەمەی حەمەباقی.

هونەری بەرگری، ویکی پیدیا

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان