ئارامتر بخوێنەوە!

هێرشی ناسیۆنالیزمی فارسی بۆ سەر جوغرافیای زاگرۆس

سمیرۆم لوڕستانی

ئاماژە

“بە چاو لێکردن لە مێژوویی دەسکاری کردنی دەسەڵات دارانی ناوەندی لە ئێران بۆمان دەردەکەوێ کە زیاترین ئاڵوگۆڕی جوغرافیایی لە زاگرۆس ڕووی داوە و هۆی ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر چەند خاڵ کە یەکەمیان پەیوەندی زمانی، مێژویی دانیشتووانی زاگرۆسە کە کوردن و بە بۆنەی شاخاوی بوونی ئەو ناوچانە هەمیشە توانای بەرگری کردنیان لە خۆیان بووە.

زاگرۆس کە گەورەترین زنجیرە چیای کوردستانە و لە دەڤەری وانێ ڕا دەست پێ دەکات و تا ناوچەی کرمان خۆی دەکێشێتەوە یەکێک لە کۆنترین شوێنەوارەکانی نیشتەجێ بوونی مرۆڤە کە مێژووی نیشتەجێ بوونی مرۆڤ لەو دەڤەرە بۆ ٤٠-١٠٠هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە.[i]  بە درێژایی مێژووش سەرەکیترین دانیشتوانی کوردان بوون. پارچەکانی دیکەی کوردستان لێرەدا باس ناکرێن  بەڵام لە ئێران لە بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی زاگرۆس هەندێک لە ناوچە کوردییەکان لە ژێر سیاسەتگەلێک وەک قەڵاچۆ، کۆچ دان و قڕکردنی شاعەباس ، نادرشا و ڕەزاشادا تێدا چوون[ii] و هەنووکە حیزبە کوردییەکان، تا ڵورستان ئەگەر بە کوردستان بزانن بە بۆچوونی خۆیان زۆر ڕادیکاڵانە جووڵاونەتەوە. بەڵام بەشێک لەو ڕووداوانە لە مێژووی کوردستان، لە جوغرافیایەکی بەرینتر لەو جوغرافیایەی ئێستە دا ڕووی داوەو بۆ وێنە  بەشێک لە  کوردەکان لە  شیراز و کرمان هەر لە پێش هاتنی ئیسلامەوە نیشتەجێی ئەو ناوچانە بوون و  ساسانییەکان کە دەسەڵاتێکی کورد زمان بوون[iii] لە شیرازەوە هاتوون و دوای ئیسلامیش هەر ئەو ناوچانە لە سەدەکانی یازدەهەمەوە تا چاردەیەم هەرلە ژێر دەسەڵاتی شوانکارەکان دابووە کە دەسەڵاتێکی کوردی بوون و ڕەچەڵەکی خۆیان هەڵدەگەراندەوە بۆ ساسانییەکان و لە سەدەی چاردەیەم تا پانزدەیەم ئەوە حەسەنەویەکانن کە بەسەر زاگرۆسی خواروو و زاگرۆسی ناوەند لە بووشەهرەوە تا هەمەدان  حوکمیان دەکردو ئەمانیش نەوەکانی شوانکارەکان بوون  و بە پێی قسەی حمدالله مستۆفی لە کتێبی “نزهەالقلوب[iv] ئەوسا ئەوە بەهار ناوەندی شارە کوردستانییەکان بووە ئەوەش بە پێی ئەوەی کە بەهار لە نێوان کرماشان- هەمەدان و سنە بووە لە ڕاستی نزیکە. تەنانەت دوو سەدە دوای ڕووخانی حەسەنەویەکانیش لە سەردەمی سەفەوییەکان‌دا کە شەڕەفخانی بەدلیسی  شەڕەفنامەی دەنووسییەوە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی سەفەویەکانی تا کەناری هۆرمز داناوە ئەوە زۆر جێگەی ڕاوەستان و تێڕامانە.  بە تەوژم هێنانی کۆلۆنیالیزمی ڕووسی و بریتانیایی بە سەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە هاوکات بوو لەگەڵ دەسەڵاتداری ئیل/قەومی قاجەردا لە ئێران[v]، تاقمێک ئیلیت کە زۆربەیان وەک سەفیر،  بازەرگان یا هەندێکیان خوێندکارگەلێک بوون کە لە لایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە بۆ وڵاتانی بیانی نێردرابوون و لە چەند وڵاتێک وەک فەڕانسە، ئاڵمان، بریتانیا و ڕووسیە دا جێگیر بوون. ئەو کەسانە بە دیتنی دۆخی دەسەڵاتی ناوخۆیی لە ئێران بە تایبەت دوای دوو شەڕ کە لەگەڵ ڕووسەکان‌دا کردیان و  بە چاولێکردن لە دۆخی پێشکەوتوویی وڵاتانی ڕۆژئاڤایی  و لە ژێر کاریگەری نووسراوانی بیانی  وا لە چەند سەدە پێشترەوە وەکوو : گەڕیدە، بازەرگان، قەشە و مەئمور هتد بە ناو ئیمپراتورییە ڕۆژهەڵاتییەکان‌دا گەڕابوون و بیرەوەری یان  لێکۆڵینەوەکانی خۆیان لەمەڕ ڕۆژهەڵاتییان لە چاپ دابوو و مێژوویی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتیان بەهشتی وێناکردبوو.[vi]

 ئیلیتی قاجاری تاراوگە کە لە وڵاتانێکی ئوروپایی دەژیان و ئەو وڵاتانە کە تێیان‌دا پرۆسەی دەوڵەت- میللەت سازببوو،  ئەو نووسەرانە لە ژێر کاریگەری دۆخی وڵاتانی ئوروپا پێیان وابوو وڵاتی خۆیان ئەگەر بە دەست پاشایێکی بە‌هێز بێت دەتوانێ پێشکەوێت. نووسەرانێک کە کەڵکەڵەی سووژەی ئێرانیان بۆ ساز ببوو لە سەردەمی دەسەڵاتی قاجاری بۆ یەکەمین جار بە خوێندنەوەی ئەو پەرتووکانە لە ڕابردووی ئیمپراتورییە ڕۆژهەڵاتییەکان  تەسویرێکی دەسکردیان بۆ مێژووی خۆیان هەڵبژارد کە تێیدا پاشا بۆ ئەوەی وڵاتێکی بەهێز ساز بکات کە ئیسلام بپارێزێت دەبێت هەموو مەترسییەکانی سەر دەسەڵات بسڕێتەوە. ئەو نووسەرانە هێڵەکانی وڵاتێکی یەکگرتوو و یەکدەستیان  کێشایەوەو  بۆ ناساندنی بیرۆکەی خۆیان، بە دانانی وەشانخانەکان لە وڵاتانی دەوروبەری ئێران وەکوو وڵاتی عوسمانی، ڕۆژنامەی سووری ئیسرافیل، لە هێندستان حەبلەلمەتین، لە قاهرە ئەختەر و سورەیا و دواتریش لە ڕۆژنامەگەلێک وەک تەربییەت و وەتەن لە تارانەوە دەستیان بە بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی ناسیۆنالیستانە کرد  لەهەمان کاتیش‌دا بە دزەکردن لە نێو جیلی دەسەڵات‌دار و ئەو کەسانەی کە توانای خوێندنیان بوو  لە نێو دەسەڵاتداران بە دوای داسەپاندنی بیرۆکەی وڵاتێکی یەک نەتەوەیی دا بوون. 

ئەوە لە حاڵێک دابوو کە واقعییەتی  مەمالیکی مەحرووسەی ئێران، پاشماوەی ئیمپراتووری گەلێک بوو فرە زمان و فرە کولتور کە بە درێژایی مێژوو چ لەسەردەمی ساسانییەکان و چ لەسەردەمانێک کە ئیسلام هاتە نێو جوگرافیای ناوچەکە و دەسەڵاتی خەلیفەکانی ئومەوی و عەباسی نموونەکانی بوون   و چ ئەو سەردەمەی کە تورکان و مەغولان لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە هێرشیان هێنایە ناوچەکە و لە ناوچەکە‎دا لەگەڵ ئاغاکانیان بە سەر دانیشتووانی ناوچەدا ویستیان حوکم بکەن؛ ئەگەرچی نەیانتوانی حکوومەتێکی سەقامگیریان هەبێت. ئەوەش خۆی هۆکارگەلێکی جیاوازی بوو وەکوو وەزعیەتی جوغرافیایی و فرە زمانی و فرە کولتوری لە ناوچە‌دا یا بە زمانێکی تر بوونی هێزە ناوچەییەکان کە هەردەم هۆی دابەش بوونی دەسەڵات بەسەر دەرەبەگەکان‎دا بوون و ئەو دەسەڵاتانەی ناچار دەکرد پارسەنگی هێز لە ناوچەکان‎دا بپارێزن. هەرچەند بەو دەرەبەگانە ناسناوی شا لە پەرتووکە مێژووییەکانی دەسەڵاتدارانی پێتەختنشین‎دا نەبەخشراوە بەڵام لەو ڕووەوە کە پاشای ئێران بە شاهەنشا دەناسرا ئەوە جگە لەوەی کە بەگەکانیش شا بوونە ناگەیەنێت.

 شاهنشا لە کۆتایی‌دا دەسەڵاتی بێجگە لە ناوچەی خێڵی خۆی و پایتەختی حکوومەتەکەی خۆی پەلکی نەکێشاوەو هەموو کات ناچار بووە لە هێزی خودی ناوچەکان کەڵک وەربگرێت و ئەو هێزانەش کە لە ناوچەکان‌دا بوون لە هەمبەر بڕە باجی ساڵانە  و قەبووڵی ئەوەی کە ئەگەر شاهەنشا یارمەتی هێزی شەڕکەری پێویست بێت ئەوە بە ناردنی هێز یارمەتی دەسەڵاتی ناوەندی بدەن.[vii] زۆرن ئەو میناکانەی کە کاتێک ویستوویانە قاعیدەی حکوومەت کردن بگۆڕن لە باشترین دۆخدا سەری خۆیان  و دەسەڵاتی تایفەکەیان توناوتوون بردووە. لەو نووسینە کورتەدا دەمانهەوێ ئاوڕێکی خێرا لە مێژووی هێرشی دەسەڵاتدارانی ناوەند بۆ سەر جۆغرافیای کوردستان دا بدەینەوە کە چۆن بە نێوی یاسا لە ساڵی ١٢٨٥بەم لاوە دەستیان کرد بە قەڵاچۆ و بە یارمەتی مۆدێرنیزاسیۆن توانیان ڕۆژهەڵات داگیر بکەن. 

 فارسە ڕووناکبیرەکانی سەردەمی قاجار لە دوای پەیماننامەکانی تورکەمەنچای و گوڵستان لە سیاسەتی تەوسەعەتەڵەبانەی ڕووسەکان دەترسان و هەر بەو مەبەستە خۆیان لە باوەشی ئینگلیزەکان دەهاویشت. ئینگلیزیش بۆ ئەوەی کە بتوانێ لە ناو سیاسەت داڕێژی دەسەڵاتی قاجاردا شوێن پێی خۆیی خۆش بکا و بتوانێ پێش لە سیاسەتەکانی ڕووسیا بگرێت، پشتیوانی لە دەستەیەک باوەڕمەند بە دینی بابی کرد کە لەو سەردەمەدا باوەڕمەندی بابییەت لە نێو کۆمەڵگەی خوێندەواری ئیمپراتوری قاجاری دا ڕوو لە زیاد بوون دا بوو.[viii]  ئەو دەستەیە بە هان دانی بازاڕییەکان و گووشارهێنان بۆ دەسەڵاتی پاشایەتی، بە کوتانی کۆ بوونەوەی دەسەڵات لە ناو دەستی یەک کەس دا کە پادشا بوو لە نێو ڕۆژنامەکان و لە کۆبوونەوەکانی خۆیان لە جەریانی بە فەلەک بەستنی دوو بازاڕی لە شاری تاران بە ڕێکخستنی مانگرتنێک، بوونە هۆی ئەوەی کە مزەفرەدین شا ناچار بە دەرکردنی فەرمانی مەشڕووتییەت بکەن. مزەفرەدین شا چوار ڕۆژ دوای واژۆ کردنی قانوونی ئەساسی کۆچی دوایی کرد و کوڕەکەی محەممەدعەلی میرزا بوو بە شا. محەممەد عەلی بە دژایەتی کردن لەگەڵ مەشروتییەت و داخستنی مەجلیس بووە هۆی گەڕانەوەی هێژموونی ڕووسەکان. لەو ناوەدا خێڵە کوردەکانی بەختیاری لە لوڕستان کە لەوانەیە ئینگلیزییەکانیش لە هان دانیان دەستیان تێدا بووبێ، بۆ کورت کردنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی بوونە یەکەمین هێز کە بەرەو تاران وەڕێکەوتن. بە دامەزراندنەوەی پاڕلەمان لە سەرەتاکانی ساڵی ١٢٨٦ی کۆچی مانگی بۆ یەکەمین جار کە ویستیان جوغرافیای پاشایەتی قاجاری بە پێی یاسا دابەش بکەن، بۆ یەکەمین جار لە جێگەی مەمالیکی مەحرووسەی ئێران وشەی مەملەکەتی مەحرووسەی ئێران بە کار هات و ئەوە بەو واتایە دێت  کە تا پێش ئەو مێژووە شایەکان بە ئارەزویی خۆیان لەگەڵ شایەک ڕێک کەوتوون هەر لە بەندی دوو و سێی  ئەو قانونە هاتووە کە ئێران بە سەر چەند ئیالەت‎دا دابەش بووە و ئەو ئیالەتانەش لە ویلایەتگەلێک پێکهاتوون؛ هەندێک لەو ویلایەتانە تابعی ناوەند و هەندێکیان تابعی ئییالەتن ئەوەی جێگەی تێڕامانە لەو یاسایەدا تەنێ باسی چوار ئیالەت دەکات و نە سنوورەکانیان باس کراوە نە ئامارێکی تێدایە کە بزاندرێ بەخشەکانی کیشوەر لە چی پێکهاتووە.[ix] لێرەدا دوو بۆچوون دێتە ئاراوە: یەکەم ئەوەیە کە حدوود و سنووری جوغرافیایی پاشایەتی دەزاندرێ و پێویست نەبووە باسی بکرێ دووهەم ئەوە کە حدوودەکە نازاندرێ و باسیان نەکردووە. دەسەڵات‌داری قاجاری دوای ئەو ڕووداوانە زۆری نەخایەند بەڵام قانوونەکە لە جێی خۆی مایەوە.

ڕەزاشا

  پاش لابردنی قاجارەکان، بە یارمەتی بریتانییەکان ڕەزا میر پێنج کە سەرگوردێکی ئەرتەشی قەزاق بوو هاتە سەر کار، بریتانیا و ئامریکا کە بە دوای پشتێندێکی تەناهی بوون لە بەرانبەر پێوەست کردن و دەستگەیشتنی یەکیەتی سۆڤییەت بۆ سەر ناوچەکانی باشووری دەسەڵاتی خۆی، چرای سەوزیان  بۆ  ڕەزا شا هەڵکرد کە ئێران لە وڵاتێک کە سیستمی بەڕێوە بردنی بە شێوازی ناوچەیی و بە ڕێککەوتنی سەرکردەی هێزە خۆجێیەکان بوو، بەرەوە وڵاتێکی کۆجێ و یەکپارچە هەنگاو هەڵێنێت.

 ڕەزاشا کە خۆی کەسێکی نیزامی و لە نێو بیرەوەری هاوسەردەمەکانی بە کەسێکی توڕەو دمشڕ وێنا کراوە لەو وەزعییەتە دا  لەگەڵ سەرکردە نیزامییەکانی وەک سێپەهبۆد ئەمیرئەحمەدی، سەرهەنگ شابەختی، سەرهەنگ خەزائی، سێپەهبۆد ئەمانوڵا جەهانبانی و سەرلەشکەر حاجعەلی ڕەزمئارا و هتد  دا بە شێوازێکی بە سیستمکراو  و لە ئاستێکی بەرفراوان‌دا دەستیان کرد  بە کوشت و کوشتار لە ماکۆ، هەورامان تا لوڕستان و خوڕەم‌ئاوا. ئەو سیاسەتە کە بناغەکانی لە سەردەمی قاجار  ئاخوندزادە و ئاقاخان کرمانی دایانڕشتبوو  لە ڕاستی‌دا  لەسەردەمی ڕەزا شا بوو بە سیاسەتی سەرەکی دەوڵەتێکی نامەشروعی لەوێنەی مۆدێڕن کە بە دوای سازکردنی میللەتێکی مۆدێڕنەوە بوو کە دەبوو باوەڕ بە یەک زمان، یەک خاک، یەک مێژوو، یەک مەزهەب، یەک ئاڵا لە پاشماوەی ئیمپراتورییەک ساز بکات کە تیایدا چەند زمان، فرە کولتوری و گەلێک مەزهەبی جیاواز دەژیان. لەو سەردەمەی وا ڕەزاخان خەریکی کوشت و کوشتار و ساز کردنی وڵاتێکی یەکدەست و یەکڕەنگ بوو کەسانێک وەک حەسەن تەقی زادە، حوسەین کازمزادە، لە دەرەوە ، لە ناوخۆی ئێرانیشەوە کەسانێک وەکوو سەعید نەفیسی،  فرووغییەکان، سەید ئەحمەد کەسرەوەی و عەبدولحوسەین تەیمورتاش و حەسەن پیرنیا وەک ڕووناکبیری فارسی زمان  بۆ بە خاک و خوێن کێشانی ناوچەی زاگرۆس و باقی ناوچەکان  لە کارەکانی ڕەزاشا بە نووسینەکانیان پشتیوانیان کرد. ئەم تاقمە بە خوێندنەوەیەکی نوێ کە لە ئوروپا سەری هەڵدابوو و لەویا مەبەستێکی تری دەپێکا کە لێرە دەرفەتی شی کردنەوەی نییە هەستان بە پشتیوانی لە ڕەزا میر پێنج، گڤتیان لە خوێندنەوەیەکی نوێ لە ڕابردووی مێژووی ئێرانی کرد و هەر لەم خوێندنەوەیە بوو کە هەڵگەڕانەوە  سەردەمی هەخامەنشی و لەویا کورۆشیان وەکوو پاشایەکی گەورە وێنا کرد چونکە ئەو یەکەمین کەس بوو کە ئێرانێک یەکپارچەو گەورەی درووست کرد و هەرچی پاشا بوو دەبوو باڵای بە باڵای کورۆش دا بگرن. کرمانجی وتەنی پاشایەک گەورە بوو کە تەوسەعە تەڵەب بێ و تەواوی وڵاتان لە ژێر ڕکێفی ئەو دابن.  ئەوان بە هەمان شێوە بەسەر ئەو پاشایانە دا هەڵیان کوت کە مێژوویان سەرانسەر پێکهێنانی مەنارەسەر و كێوە چاو بوو. دەسەڵات و ڕووناکبیرانی فارسینووس وەکوو دوو جەمسەری سەرەکی  بۆ پەرە پێدان بە وێژمانەکەی خۆیان، دەستیان کرد بە دامەزراندنی خوێندنگەکان لە سەرتاسەری ئێران و  لە نێو خوێندنگەکان دا، تەنیا زمانی فارسی ڕێگە پێدراو بوو و سیاسەتی سیستمی  نوێ،  بایەخێکی زۆری بە گشتی بۆ میدیا و پەروەردە بە تایبەتی دادەنا ئەوە لە حاڵێک‌دا بوو کە لە سەر ئەرزی واقع بە داگیرکردنی ئەو ناوچانە  کە لە ژێر دەسەڵاتی خانە ناوچەییەکان دا بوو هیچ پرسێک بۆ ڕا و باسی ئەوان یا دانیشتووانی ناوچەکان نەکرا. ڕووناکبیرانی فارسی نووس بە کردەوە دۆخێکی تازەیان لە ناوچە‌دا ئافراند کە  لەو جوغرافیای مەمالیکە مەحرووسەکانی ئێران بە  نیزامی پاشایەتی ئێران وەک یەکەیەکی ئەزەلی بە سنوورێکی دیاری کراو کە زاگرۆسیشی لە خۆ دەگرتەوە باس دەکرا. یەکێک لە سیاسەتەکانی ڕەزاشا گۆڕینی ناوی ناوچەکان و دەڤەرەکان بوو. بە وردبوونەوە بە هۆی گۆڕینی ئەو ناوانە بۆمان دەردەکەوێ کە چ شێوە ڕوانینێک بە سەر دەسەڵات داران و داڕێژەڕانی سیاسەتی پەهلەوی دا زال بووە. بۆ وێنە ڕەزاشا بە گۆڕینی ناوی هاڕون ئاوا کە ناوەندی دەسەڵاتداری خێڵی کەلهوڕەکان بوو بە شوێن ئەوە بوو کە بیری سەربەخۆیی چەند سەد ساڵەی کەلهوڕەکان لە زێدی خۆیان لە بیر بباتەوە و لە هەمان کاتیش دا وەبیریان بێنێتەوە کە ئەوان ئیتر لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی دان و بۆ ئەو کارەش ناوی هاڕون ئاوای بۆ شاباد گۆڕی. گۆڕینی ورمێ بۆ ڕەزاییە، سەڵماس بۆ شاهپور کە زێدی سمکۆخان بوو یان حسێن ئاوای پشتکۆ بە ئیلام، دێکورد بە شاریکورد، مەنسوورئاوای پشتکۆ بە مێهران، سابڵاغ بە مهاباد هەموو لەو چوارچێوەیەی سەرەوە دەکرێ خوێندنەوەی بۆ بکرێت. چەند ساڵ دواتر بە زیادبوونی فەرهەنگستان بە یەکێک لە ناوەندەکانی بڕیاردەر لەسەر نێوەکان  بە گۆڕینی نێوی تیکانتەپە بە تیکاب، چۆمی تەتەهو بە سیمین‌رود ، قریە عەرەب بە پولدەشت و قراعەینی بە سیە چشمە سیاسەتی ڕەزاشا لە ڕۆژهەڵات پەرەی سەند.[x]  

سیاسەتی فەرهەنگستان لە ساڵی ١٣١٦ بە داڕشتنەوەی ئیالەتەکان بە جۆرێکی تازە سیاسەتێکی نوێشی هێنایەوە نێو کایە کە تێیدا هێزە ناوچەییەکان بە دەستی یەک کۆنترۆل بکات
بۆ وێنە ئوستانی یەکەم خۆی، مەهاباد و ورمێ کە ئیدی دەبوو بە ڕەزایە ناوی بێت لەگەڵ تەورێز و ئەردەبیل یەک ئییالەت یا ئوستان بوون.[xi] هەر لەو تەقسیم بەندییەدا پارێزگای ڕۆژئاوایان لەو شارانە کوردستان، گەڕووس، کرماشان، باوندپور، پشتکۆ، لوڕستان، بروجێرد، هەمەدان، مەلایێر پێک هێنابوو کە زۆر زوو زانیان هەڵەیان کردووە و ئەو تەقسیم بەندییەیان داڕشتەوە. بە چاولێکردن لە سیاسەتی داڕشتراو بۆ تەقسیماتی جوغرافیایی بۆمان دەردەکەوێت کە پەهلەوییەکان لە ڕۆژهەڵات بەشوێن چ پیلان گەلێک بوون. لە هەنگاوی یەکەم‎دا بە دابەش کردنی کوردەکان لە سێ پارێزگای یەک کە لەگەڵ تورکەکان بن لە پارێزگای دووەمیش دەسەڵات بە گۆڕینی دێمۆگرافی ناوچە نەوتییەکان و هەر لەو ساڵە‎دا بە پێداچوونەوە بە تەقسیماتەکە بە دابڕینی کورد لە لوڕ هەنگاوی نا. لەمبەریشەوە بە ناونی پارێزگاکانی بە پێی ژمارە بە هیوا بوون تەواوی پێشینەی مێژوویی لە خەڵک بسڕنەوە. یان بە پارێزگاکردنی شوێن گەلێک کە هیچ پێشینەیەکی مێژوویی، ئابووری، فەرهەنگی نەبوو لەبەر ئەوەی کە بتوانن لە گرنگی شارگەلێک وەک ورمێ، تەورێز، کرماشان کەم کەنەوە.

دەسەڵات لەسەردەمی محەمەد ڕەزاشا بە یەک کردنەوەی ئوستانی سێ و چوار لە ژێر ناوی ئازەربایجان و لە دوای کۆماری کوردستان و بە تایبەت دوای دامەزراندنی ساواک بە زیادکرنی پارێزگاکان و بوچک کردنەوەی جوغرافیای ناوچەکان بووە هۆی دابەش بوونی ناوچەکان و لە بیر بردنەوەی پەیوەندیگەلی مێژوویی، فەرهەنگی، زمانی و نەتەوەیی لە ژێر دەسەڵاتێکی ناوەندی بۆ ئەوەی لە کاتی سەرهەڵدان دا بتوانن ساناتر کۆنترۆلیان بکەن. بە چاو لێکردن لە مێژوویی دەسکاری کردنی دەسەڵات دارانی ناوەندی لە ئێران بۆمان دەردەکەوێ کە زیاترین ئاڵوگۆڕی جوغرافیایی لە زاگرۆس ڕووی داوە و هۆی ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر چەند خاڵ کە یەکەمیان پەیوەندی زمانی، مێژویی دانیشتووانی زاگرۆسە کە کوردن و بە بۆنەی شاخاوی بوونی ئەو ناوچانە هەمیشە توانای بەرگری کردنیان لە خۆیان بووە. بۆ وێنە لە یەکەم دابەشکاری سەردەمی قاجاردا نێوی ئیالەتە کوردنشینەکان نەهاتووە کە هۆکارەکەی ڕوونە! لەسەردەمی ڕەزاشا دا کە دەست دەکەن بە دابەش کردنی پیلانی حکومی، کە لە ئەنجام‌دا ناوچەی دەسەڵاتداری خێڵەکان لە نێوان دوو یا تەنانەت سێ پارێزگادا دابەش دەکرێت. بۆ وێنە هەر ئیالەتی پێنجم کە ناوەندەکەی کرماشان بوو بە سەر پێنج ئوستان دابەش بوو و بە نێو کردنی ئوستانێک بە کوردستان  و دانەیەک بە لوڕستان و دواتریش ئوستانێک بە نێوی بەختیاری و چوارمەحاڵ و پارێزگای هەمەدان و ئیلام جارێکی تر شووناسی زاگرۆس نشینان لەیەک داببڕن و بڵێن کورد هەر لە کوردستان یا لوڕ هەر لە لوڕستان هەیەو بەو جۆرە بەختیاری لە لوڕ و لوڕیش لە کورد بە پێی جوغرافیا دابڕێندران و بە دامەزراندنی ئەو پارێزگایانە و دانانی پارێزگارێک کە تەنێ بە وەزارەتی کشوەر دەبوو وڵام بداتەوە و هەرجۆرە ناڕەزایەتی دەربڕینێک ناڕەزایەتی لەبەرانبەر سەڵتەنەت لەقەڵەم دەدرا. سیاسەتی پەهلەوییەکان تا ڕووخان لەبەرانبەر گۆڕینی ناوەکان و چکۆلەکردنەوەی ئوستانەکان بەردەوام بوو.

لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش‌دا لە لایەکەوە هەوڵدرا ناوەکان بگۆردرێن و لە لایەکی دیکەشەوە بە هەڵگیرسانی  شەڕی ئێران و عێڕاق بووە هۆی ئەوەی کە تێگەیشتنی باو لەسەر جوغرافیا بەرەو دەرەوەی وڵات بڕوات. لە هەمووشیان گرنگتر کۆماری تازە هەر میرات هەڵگری تەقسیم بەندییەکانی قاجاری و پەهلەوی بوو. بە پەراوێز کردنی زاگرۆس لە بەرانبەر ناوەنددا درێژەی ئەو سیاسەتە بوو لە لایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران کە هەر شوێن کەوتووی ڕژیمی پەهلەوی بووە. لە ساڵی١٣٦٢ بە دانانی چەند پێوەرێک کە لەوانە ڕێژەی دانیشتووانی ناوچەیە  هەوڵیان‌ دا کە  تەقسیماتی ئوستانی و شارستانی  بگۆڕدرێ بەڵام پێوەرەکانی لە لایەکەوە ستاندارد نین و لەولاشەوە دەکرێت بوەترێت کە زیاد و کەم کردنی ڕێژەی دانیشتوانی ناوچەیەک لە ژێر کاریگەری سیاستددارێژی دەسەڵات دارەکانە

سەرچاوەکان

[i][i] Trinkaus, E and F. Biglari (2006) Middle Paleolithic Human Remains from Bisitun Cave, Iran, Paleorient: 32.2: 105-1

[ii] هەرچەند مێژوونووسی وەکوو دەقی نووسراوە کە لە لایەن دەسەڵاتە کوردیەکان نووسرابێتەوە تا ئێستە وە دەست نەکەوتووە، بەڵام بەشێکی بەرچاوی مێژووی کورد و کوردستان بە زمانی بەیت، شێعر، پەند، فۆلکلۆر و هتد ماوەنەتەوە. بێجگەلەوەش بەشێکیشی لە نێو نووسراوەی دەوڵەتانی سەردەست و گەڕێدەکان دا ماونەتەوە و دەکرێت کەلکیان لێ وەربگردێت بەو مەرجەی کە بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە بخوێندرێنەوە.

[iii] محمد بن جریر طبری. تاریخ طبری، ابوالقاسم پایندە، تهران، اساطیر، چ پنجم، ١٣٧٥ش.

[iv] : مستۆفی حمدالله، نزهەالقلوب تصحیح میرهاشم محدث، تهران 1396

[v] : بۆ سەرەتا جار واتا وشەی ئیل/قەومی دووکتۆر مەسعود ڕۆستەمی لە کتێبی ” پربلماتیک مبارزه، خوانش فراایدئولوژی” بە کار هاتووە.

 [vi] بڕواننە : ئیدوارد سەعید، فرانتز فانۆن، گایاتری سپیواک و هتد

[vii] یرواند آبراهامیان. ایران بین دو انقلاب، احمد گل محمدی و دیگران، چ١١، تهران، نشر نی، ١٣٧٧

[viii] سید مقداد نبوی رضوی. مقدمە تاریخی. تاریخ مکتوم، تهران: پردیس دانش. ص ٤٠.

[ix] نعمت‌اللە محرمی و حسن مهربان. مجموعە قوانین و مصوبات تقسیمات کشوری، ج ١: ١٢٨٥ الی ١٣٦٣. تهران، گوهرشاد، ص ١١

[x] هەرئەو ص ٢١-٢٧.

[xi][xi] هەر ئەو ص ٣٧.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان