ئارامتر بخوێنەوە!

هەڵدانەوەی تواندنەوەی ژن لە كۆمەڵگەی كوردەواری
ژیوان کوردستانی

پێشەكی:

لێكدانەوەی كێشەی ژن لەناو كۆمەڵگەی مرۆیی و بەتایبەتی ژنی كورد، مێژوویەكی دوورودرێژی هەیە و پەیوەندیی بە كولتووری كۆمەڵگەوە هەیە و گەر سەرپێیی بڕوانینە كێشەكان، دەردەكەوێت ژنانی بەشێك لە وڵاتە پێشكەوتوو و دیمۆكراتەكان، توانیویانە سەروەرییەکانی خۆیان بپارێزن، بەڵام بەشی زۆری كۆمەڵگە دواكەوتووەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوین هێندە نەگۆڕاون‌. گۆڕینی ئاگاییی كۆمەڵگەش پڕۆسەیەكی درێژخایەنە و پێویستی بە پەروەردەیەكی بنەڕەتیی پێشكەوتووانە هەیە. كۆمەڵگەی كوردەواری لەم بوارەدا‌ سەقەتە. هۆكارەكەشی ڕوونه.‌ نەتەوەی‌ بێ دەوڵەت کە بە زمانی خۆی پەروردە نەكرابێت و كێشەكانی خۆی سەربەستانە چارەسەر نەكردبێت، حاڵی لەمە باشتر نابێت. ئەو چەمكانەی له ‌ناو كۆمەڵگەی كوردەواریدا باون‌ و زمانحاڵی مەحكوومبوونی ژن‌ لە كۆمەڵگەدان، مێژوویەكی دوور و درێژیان هەیە و دیسكۆرسێكیان سازكردووە کە ژنی تێدا كەوی كراوە و تا ئاستی نەبوون و سڕینەوەی ژن بەرەوپێش چووە. بۆ لێکدانەوەی کێشەی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا، پێویستە لایەنی مێژوویی و کۆمەڵایەتی لێک بدرێنەوە و لەم وتارەدا ناگونجێت. بەڵام لەم وتارەدا دەمانهەوێ لە هێندێک گرفت بكۆڵینەوه کە لەناو کۆمەڵگەی کوردەواریدا باون و كەسایەتییان لە ژنی کورد داماڵیوە و تا ئێستاکە ژنیان بە ژێردەستەیی هێشتووەتەوە.

ژێردەستەیی

کۆمەڵگەی کورد بە پێی دابونەریتێک کە هەیەتی، لە کۆمەڵێک لایەنی جۆربەجۆر، بۆنموونە لایەنی سیاسی، ئابووری و کەلتووری پێکهاتووە و ڕوونە ژن پێکهاتەی سەرەکییەکەی پێکدەهێنێت. کاتێک پرسی ژن دێتە ئاراوە، باشترین ڕێگە ئەوەیە، پلەوپێگەی ژن لەم کۆمەڵگەیە بە پێی ڕاستییەکانی لێک بدرێتەوە. پلەوپێگەی ژنی کورد لە بواری سیاسەت، ئابووری و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە چ ئاستێکدایە؟ ژن چەندە سەربەخۆیە؟ ڕێکخراوەی سەربەخۆی هەیە؟ هێندە توانای هەیە بەرگری لە مافەکانی خۆی بکات یان نا؟ هۆکارەکانی کۆیلەبوون و ژێردەستەییی ژن لە کوێوە سەرچاوە دەگرن؟
ژێردەستەیی جۆری هەیە: ژێردەستەییی سیاسی، ئابووری، ئایینی، خێزانی و …. مەبەست لە ژێردەستەیی ئەوەیە، کەسێک نەتوانێ بە عەقڵی خۆی بیر بکاتەوە و بڕیار لەسەر ژیانیی خۆی و لەشی خۆی بدات و کەسێک لە پشتەوە هەبێت ئەم ئیجازەیەی پێ بدات. مافە بنەڕەتییەکانی پێشێل کرابێت. کاتێک کەسێک لە سەربەخۆییی سیاسی بێبەری دەکرێت، واتە شوناسی نەتەوەییی لێ زەوت دەکرێت. کاتێک ژنێک نەتوانێ لە لایەنی کۆمەڵایەتی و یاسایییەوە خۆی بڕیار لەسەر ژیانی خۆی بدات، دەبێتە ژێردەستە. ئەم جۆرانە لە ژێردەستەیی لەناو کۆمەڵگەدا هەن و کاریان پێ دەکرێت. پڕۆسەی هاوسەرگیری کۆمەڵێک دیسکۆرسی هەیە، هەموو یاسا و ڕێساکەی ئایینە و هەمووی لە بەرژەوەندیی پیاودایە. کەمتر ژنێک هەیە لەم بوارانە بە چڕوپڕی بکۆڵێتەوە و تەنانەت کێشەی ژنان وەکوو شەڕێک سەیر دەکەن زیاتر لەوەی کە بۆ هۆشیارکردنەوە و گۆڕینی عەقڵیەتی کۆمەڵگە بێت، لێدانی یەکترە.

سیمۆن دیبۆڤار، لە کتێبی ڕەگەزی دووەمدا ئاماژەی بەوە کردووە: “ژن بە ژنی لە دایک نابێت بەڵکو کۆمەڵگەیە دەیکات بە ژن”. دیارە خەبات و شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا و ژنان لە وڵاتە ئیسلامییەکان بەراورد ناکرێت. لێرەدا چەمکی عەقڵییەتی ئیسلامی بەکار دێنین چونکە عەقڵییەتی ئیسلامی، واتە شێوازی بیرکردنەوە و میتافیزیکێک کە خەڵکی پێ دەستەمۆ کراوە. ئەو بیرۆکەیەی لە خەیاڵی زۆربەی ئەو کەسانەدایە کە بەو عەقڵییەتە گۆچ کراون و ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە خاوەنی بیری سەربەخۆن و خۆیان لەو عەقڵییەتە دەربازکردووە.
لە کۆنەوە ژن گرێدراوی دۆخێک بووە، ئایین و دابونەریتی پیاوسەروەری حوکمی بەسەردا کردووە. لە پەروەردەیەوە تا دەگاتە بەشوودانی، هەمووی لە ژێر ڕکێفی کەلتووری کورددا بووە و ئەم کەلتوورەش، بە درێژاییی مێژوو گۆڕانی بەسەردا هاتووە. کورد چونکە بۆخۆی خاوەنی دەوڵەت و سەربەخۆیی نەبووە، بەردەوام کەوتووەتە ژێر کاریگەریی وڵاتە سەردەستەکانی خۆی، بەڵام هێندێک ئازادیی هەبووە کە سنووردار بووە و نەیتوانیوە سەربەخۆ بێت. بۆیە ژنی کورد لەناو دۆخی چەقبەستووی کۆمەڵگەدا ژێردەستە بووە. هۆکارەکەی ئەوە بووە کە کەلتووری ئایینی وای لە ژن کردووە گوێڕایەڵی داخوازییەکانی پیاو بێت. ئەگەر ژنانێکی ئازا و بوێر لە کۆمەڵگەی کوردەواری بە درێژاییی مێژوو بووبێن، کچی دەستڕۆیشتوو و خاوەن دەسەڵات بوون. بەڵام بە گشتی ژن لە ناو کۆمەڵگەدا دەنگی کپ کراوە. هەر ناوچە و شارێکیش ڕوانگەکانیان بۆ ژن جیاواز بووە. لەتبوونی نیشتمانی، لەتبوونی جەستە و ڕۆحیشی لێ کەوتووەتەوە و ڕوانینی پیاوی باشوور، لەگەڵ ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات لێک جیاوازە و جۆری پەروەردەکەشیان بۆ ژن جیاوازە. بەڵام ئەوەی مەترسیدارە، لە هەموویاندا چونکە ئایینە بڕیار لەسەر ژن دەدات و یاسا و ڕێساکانی لە ئەستۆیە و لە بەرژەوەندیی پیاوە، ژن دەبێتە ژێردەستەی ئەو کەلتوورەی بڕیارەکان جێبەجێ دەکات.

کێشەی ئایینی و میتافیزیکی

وەک بابەت بڕوانینە کێشەکە، دەردەکەوێت ژن لە ژێر ڕکێفی ئاییندا سەربەخۆیییەکانی لێ زەوت کراوە. هۆکارەکەش ئەوەیە، لە ئایینی ئیسلامدا ژن دەکەوێتە خوار بنەماکانی ئایین و لە “فەرعی” ئاییندا باسی لەسەر کراوە. لە ئەسڵی ئایینەکەدا ژن نییە و بێبەرییە لە هەموو شتێک، چونکە ئایین موڵکی پیاوی ئایینی بووە و لە فەرعی ئایین و بەشی مامەڵەکردندا مافی بۆ دانراوە. وەکوو سامانی پیاو حەسێبی بۆ کراوە و ئەمەش وای کردووە بەردەوام داگیرکراو بێت و ئەم پەروەردەیە نەگۆڕدراوە و بەردەوامیشە. کەواتە ژن زۆر جار وەکوو نامووسێکی پیرۆز سەیر کراوە کە دەبێ بپارێزرێت تا ئەو کاتەی شوو دەکات. لە کۆنەوە باس لە چەمکێک دەکرێت ئێستە لە ناو خەڵکدا باوە، ئەویش چەمکی وەجاخە، (وەجاخی کوێر و وەچاوخی ڕۆشن). دیاردەیەکە بۆ ئەوەی ئاوەدانیی ناو ماڵ و پشتوپەنای بنەماڵە، کوڕ دیاریی دەکات نەک کچ، بۆیە دوعای بەخێرکردنەکەش بۆ منداڵبوون ئەویە: “خوا کوڕت بە نەسیب بکات”. ئەم پێشینەیە وای کردووە کچ بکەوێتە پەڕاوێزەوە و بەهای زیاتر بە نێرینە بدرێت. تەنانەت کوڕپەرەستی دیاردەیەکە لەناو بنەماڵەکاندا گرنگیی پێ دەدرێت. زۆربەی بنەماڵەکان لایان وایە کوڕ بۆ دواڕۆژ و کاتی پیری بەکاریان دێت بەڵام ئەم مافە بە کچان نادرێت. زیاتر وەکوو ڕێبوارێکی ناو ماڵە؛ زوو شوو دەکات و دەچێتە ماڵە مێرد!. کۆمەڵگەی کوردەواری شێوازی بیرکردنەوەکەی ئایینییە و منداڵێکە لە دایک دەبێت و بانگ بە گوێچکەدان و گەورەبوونی و جیاکردنەوەی دوو ڕەگەزی نێر و مێ و پڕۆسەی ژیانی هاوبەش، تا دەگاتە تەڵقین و بە خاکسپاردنی، هەمووی دیاردەیەکە ئایین و پیاوی ئایینی بەڕێوەی دەبن. ئەوانن دیاری دەکەن ژن چۆن هەڵسوکەت بکات و چۆن بژیێت. تەنانەت کاتی تەڵاقدانەکەشی پیاو دیاریی دەکات. نموونەکەی بەم شێوەیەیە: “من وەکوو پیاوێک ئەو خاتوونەم بە دوو هەزار تمەن تەڵاق دا!” ئەم شتانە لە نزیکەوە هەیە و ڕۆژانە دەکرێت. زۆر جار کەرەستەکە دەگۆڕن سا هەرچی بێت. بەڵام گەر سەرنجی بدەن، دەردەکەوێت دیسانەوە ژن لێرەدا ئەگەر مافی جیابوونەوەکەش هی ژنەکە بێت، دیسانەوە لە پڕۆسەی تەڵاقەکەدا ژن هەڵدەپەسێردرێت و دادەبەزێت بۆ مامەڵەیەکی بێ بەها.
لە هەناوی ئەم کەلتوورەدایە کە بە درێژاییی مێژوو، ژن بەشی لەبیرکراوی کۆمەڵگە بووە. بیرکردنەوەی ئایینی بە تایبەتی ئیسلامی، لایەنە میتافیزیکییەکەی تاقانە باوەڕە و پشت بە چەمکی “بوونی یەکتا” دەبەستێت. بۆیە ئەنتۆلۆجییەکەی دژی فرەڕەهەندییە و بوونێکی یەکگرتووی تاقانە دەخاتە پێش ماهییەتەکەی و هەرچەشنە فرەڕەنگییەک دەسڕێتەوە. دەرەنجامی ئەم میتافیزیکە، کۆمەڵگەیەکی یەکە(یەکڕەنگە) و جیاوازییەکان دەسڕێتەوە. لێرەدایە ژن وەکوو مڵک و نامووسی پیاو چاوی لێ کراوە. تەنانەت ئەمە لە زۆربەی ژنەکانیشدا ڕەنگدانەوەی بووە. بۆنموونە زۆربەی ژنە نەریتییەکان وا بیریان دەکەنەوە کە “پیاو خوای سەر زەویی ژنە!”. لە بواری پەروردەشەوە زۆربەی ژنان لە گوندەکان جگە لەوەی کە شانبەشانی پیاو ئیش دەکەن، لە هەمان کاتیشدا ئەرکی کاری ناوماڵیشیان لە ئەستۆیە و تاڵی و ناسۆرییەکانی ژیانیشیان لەگەڵدایە. ژنبەژنە و بەزۆر بەشوودان و زوو شووکردن و شتی دیکەش هەبووە. ئەمانە هەمووی لە کۆمەڵگەدا هەیە، لە زۆربەی گوندەکان ڕێگە نادەن کچەکان درێژە بە خوێندن بدەن و لایان وایە کچ پێویستی بە خوێندن نییە و دیاردەیەکی قێزەون بەناویی “خەتەنەکردن” پێشتر هەبووە، لەبەر ئەوەی لایان وابوو پیاو هەوەسی هەیە و ژن نابێ خاوەنی هەوەس بێت. هەست و سۆزی ژنیان بە چاویی سووک سەیر کردووە و ئەم دیاردەیە کۆن نییە. هێندێک لە پیرەژنەکان کەرەستەی خەتەنەکردنیان بووە و بەکارهێنراوە بۆ ئەوەی ژن لە هەستی ژنانەبوونی خۆی بێبەری بکەن! بەداخەوە لە هەندێ ناوچە هەیە. لەو دیاردانەی وا لە ژن قەدەغەکراون، پێکەنین بە دەنگی بەرز و چا خواردنە لە لای پیاوەکانیانە. بۆ ئەمەش دەبوا ژن ڕووی هەڵگەڕاندایەتەوە و چایەکەی بخواردایە، خۆ کۆکردنەوە و داپۆشینی لاقەکانی لەناو ماڵدا بۆ ئەوەی نامەحرەم نەیبینێت! زۆربەی ژنان لەناو مالیشدا خۆیان دادەپۆشی بۆ ئەوەی لایان وابوو، مەلایکەکانی سەرشانیان گوناحەکانیان دەنووسنەوە. خۆی ئەم بۆچوونانە جێی لێکۆڵینەوەیە و دەرەنجامیشی هەیە. کاتێک ژنێک لە ناو ماڵی خۆی ناتوانێ بە ئاسوودەیی دانیشێت و ژوورێکی سەربەخۆی بۆ خۆی نەبێت، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بیرکردنەوە ئایینییەی وای لە ژن کردووە لە تەنیاییی ناو ماڵەکانیشدا دیسانەوە خۆی بە خاوەن ماف نەزانێت و هەست بە ئاسوودەیی نەکات. کەواتە ژن وەکوو کەرەستەیەک بۆ ئەم مەبەستانە بەکارهێنراوە. ١. پیرۆزکردنی وەکوو نامووس بۆ منداڵخستنەوە و پاکداوێنی. ئەم کەرەستەیە بۆ ئەوەی تازە و جوانبوونی بە حەزی پیاو پێت. ٢. پیرۆزکردنەکەی وەکوو دایکی منداڵە و دەس لێ نەدراویی بۆ پیاو و کردنی بە مڵکی خۆی. زۆر جار ئەو ژانەی لە ناو ئەم بازنەیەدا کەوی نەکراون، بەرەوڕووی توندوتیژی و کوشتن بوونەتەوە. کەواتە لە کۆمەڵگەی دواکەوتووی ئایینیدا، ژن کەرەستەی بەردەستە، بەڵام کەرەستەیەکە هێندە بەردەستە لەبیر دەکرێت. بوونی وەکوو کەسایەتییەکی سەربەست هەڵدەپەسێردرێت. تا ئەو کاتەی ئۆبژەی حەزی پیاوە، ساتی و ئانی دەبینرێت؛ لە دوای ئەوە هەڵدەپەسێردرێت. بەڵام لە پڕۆسەی منداڵخستنەوە و پاکداوێنیدا، ئەو شتەی ئایین و پیاو داوای دەکات ڕێزی هەیە. لە دەرەوەی ئەم پڕۆسەیە، ژن یاخییە و مەترسیدارە؛ چونکە لە دیسکۆریسی کۆمەڵگەدا نامێنێت و ناچێتە ناو بازنەی ژێردەستەییەک کە پیرۆز کراوە و ئارەزووی پیاوە.
کاتێک کچ و کوڕێک عاشقی یەکترن و لە ژێرەوە خۆشیان لە یەکتر دێت، بە چاوی سووک سەیر دەکرێن. بەڵام کاتێک هەمووان دەزانن و دێنە ناو دیسکۆرسی هاوسەرگیری، ڕێزیان هەیە. چونکە ئەم نەریتە چاودێریی ئەو کەسانە دەکات بۆ ئەوەی لە نۆڕم لانەدەن. ئەوەی لە گوتاری ئایینی خۆی لابدات، مەترسییە بۆ ئەو دەسەڵاتە نەریتییەی دەستی بەسەر جەستە و دەروونی تاکەکاندا گرتووە. کەواتە ئایین و عەقڵییەتە میتافیزیکییەکەی، لە چەندین لایەنەوە ژنیان داگیر کردووە و کردوویانە بە ژێردەستە. لەشی لە مامەڵەکردندا داگیرکراوە و دەروونیشی بە ئیمان و ترس لە خودای ئەو دونیا و خودای ئەم دونیا واتە پیاو. ترس و سڵکردنەوە لەوەی کە نەکا تووشی گوناح بێتەوە، زۆربەی ژنەکانی کردووە بە ژێردەستە. ژنیش کە ئایینی بیری کردەوە، ئەو ترسە لە ئاییندا جێبەجێ دەکات و ڕازی دەبێت بە چارەنووسێک کە ئایین و باوک و برا بۆیان دیاری کردووە.

سەپاندنی بێ عەقڵی بەسەر ژناندا

دەمێکەیە ئەم بۆچوونە لەناو کۆمەڵگەدا هەیە کە ژن بە کەم عەقڵ دەزانن و تەنانەت گێلەپیاوەکانی ناو کۆمەڵگەش باوەڕیان بەم بۆچوونە هەیە و وەکوو خۆی ماوەتەوە. کاتێک بەها بە پەروەردەی ژنان نادرێت و کچ و کوڕ پێکەوە ناخوێنن و لێک دوور دەخرێنەوە، گەورەترین خەسار بە سۆز و هۆشیاریی هەردوو ڕەگەزەکە دەگەیەنێت. زیاتر لە بیست ساڵ ئەم دوو ڕەگەزە لێک دوور دەخرێنەوە. تەنیا لە کاتی هاوسەرگیرییە کە یەکتر دەبیننەوە. ئەمەش وا دەکات ژن و کوڕ یەکتر بە باشی نەناسن. تەنانەت زۆربەی پیاوەکان، کچێک کە دەیناسن بە سووک سەیری دەکەن و لایان وایە کەسێک کە نەیناسن بۆ هاوسەرگیری باشە! دیاردەیەک کە لە چەقی بیرکردنەوەی پیاواندا هەیە و ماوەتەوە، بێ عەقڵی یان کەم عەقڵیی ژنانە. چونکە ژن کەمتری لە نیوەی کۆمەڵگەیە و ناو و ناتۆرەی “عیفریتە، زەعیف، کەم عەقڵ، شەیتان” دراوەتەپاڵی، تەنانەت زۆربەی پیاوەکان بۆ سووککردنی یەکتری لە وشەی ژن و ژنانی کەڵک وەردەگرن. ژن وەکوو چەمکێکی سووک سەیر دەکرێت. زۆربەی ئەم وشانە لە ناو خێزانەوە دیسانەوە دادەسەپێنرێن و دیسکۆرسێکیان پێکهێناوە کە لە مێشکی هەموو پیاوێکدا، بە چەقبەستوویی ماوەتەوە.
لە ئوستوورەی ئاییندا، شەیتان توانی لە ڕێگەی ژنەوە ئادەم فریو بدات و ببێتە هۆی ئەوەی لە بەهەشت دەربکرێت. ئەم عەقڵییەتە وای کردووە پیاو مافی ئەوە بدات بە خۆی بڵێ هەروەها کە ئیجازەی مار بەدارە، ئیجازەی ژنیش لە ئێختیاری پیاودایە و دەتوانێ بە لێدان و سزادانی، ڕێگری لە شەیتان بوونی ژن بکات. زۆربەی پیاوەکان لایان وایە نابێ ڕاستییەکان لە لای ژن بدرکێنن و جێی متمانە نین، تەنانەت لە ئایین بۆ ئەم مەبەستە کەڵکوەردەگرن: “گوێیان لێ بگرن، بەڵام متمانەیان پێ مەکەن!”. دیاردەی بێ عەقڵیی ژن لەوەدایە، پیاو بە تەواو و کامڵ دەزانن و ژنیش بەشێک لە سامانی پیاوە و مڵکی پیاوە، چونکە ژن ناتوانێ سەربەخۆ بژی و ڕەگەزێکی زەعیفە و بەبێ پیاو خۆی پێ ئیدارە ناکرێت. بۆ ڕەت دانەوەی ئەم دیاردەیە باشتروایە لۆجیک بەکار بێنین.
A ژنە و B پیاوە، و ژن لە پیاو دکەوێتەوە، لە عاقڵ، عاقڵ دەکەوێتەوە و لە بێ عەقڵیش بێ عەقڵ دەکەوێتەوە. ئەگەر A ژن بێت و بێ عەقڵ، دەبێ پیاوەکەش کە لەو دەکەوێتەوە لە ژنەکە بێ عەقڵتر بێت. ئەم ڕوانگە هەڵە و نگریسانە هەیە و نەگۆڕدراوە و ئایین پاڵپشتیەتی و ئایینیش پیاو سازی کردووە و بەو ئایینە ژنانی دەستەمۆ کردووە. وەکوو بوخچەیەکی نەکراوە کە هەمان شمەکبوونی ژنە و تا دەگاتە داگیرکردنی ڕۆحی ژن هەمووی وای کردووە ژن لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا بە ژێردەستەیی بمێنێتەوە.
بەشی زۆری کێشەکە لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە کچ و کوڕ تا ئەو کاتەی ژیانی هاوبەش پێک دێنن لە یەک دوورن. نابێ فریوی دۆخی ئێستە بخوێن. گەرچی پەیوەندیی کچان و کوڕان باشتر بووە، بەڵام شێوازی بیرکردنەوەکان نەگۆڕاوە. چونکە عەقڵییەت لەو پەیوەندییەدا داگیرکردنە نەک ئازادی و دادپەروەری. چونکە کچ و کوڕ تامی ئازادییان نەکردووە و کچان لەژێر چاودێریی بنەماڵەدان و سەربەخۆیییان کەمە. کاتێک بیست ساڵ دوو ڕەگەز، هەستەکانیان پێکەوە گەورە نابێت، لە تەمەنی سەرەوەی بیست ساڵی و کاتی ژنهێنان و هاوسەرگیری یەکتر دەناسن، ئەویش بنەماڵەیە بڕیار دەدات و دواتر بە دەسپێکردنی ژیانێکی هاوبەشی ئاسایی، هیچ لە کێشەکان ناگۆڕدرێت. ژن دیسانەوە لە خۆشەویستی بێبەری دەبێت، چونکە پڕۆسەکە سۆزدارانە و مرۆیی نەبووە بەڵکو کەلتوورییە. ژن لە ناو ماڵدا دیسانەوە لە خۆشەویستی بێبەری دەبێت. دەتوانین بڵێین زۆربەی ژنەکان خۆشەویستیی مرۆیی وەکوو مافێکی سەرەتایی لە ناو ماڵدا بۆ هەمیشە لە چاڵ دەنێن. بەتایبەتی لە ناو گوندەکان ئەمە باوە. کوڕێک کە سەرشێت بێت و داگیر نەکرێت ڕێگەکەی لەوەدا دەبیننەوە ژنی بۆ بێنن، ژن وەکوو دەوایەک بۆ چارەسەری پیاوێکی سەرشێت بەکاردێنن. یان کچێک کە هاروهاج بێت، ڕێگەکەی لەوەدا دەبیننەوە زوو بە شو بدرێت. هەزاران کچی لەم جۆرە لە تەمەنی مێرمنداڵیدا بە شوو دەدرێن.
خراپتر لە هەمووی ئەمانە نەبوونی خۆشەویستیی ڕاستەقینە لەناو خێزاندایە. دیسانەوە ژن دەبێتە قۆربانی، چونکە کچ و کوڕەکە بە سەقەتی پەروەردە کراون و هەردوو پەروەردەی جیاوازیان هەیە و دوای لێک دابڕانێکی زۆر یەکتر دەناسن، ئەویش ناسینێکی سەرپێیی و درێژە بە ژیانی هاوبەش دەدەن. بەڵام زۆربەی خۆشەویستییەکانی ژن و پیاو کورت ماوەیە و خۆشەویستی و ناسینی قووڵ نەبووە، تەنانەت دوای هاوسەرگیرییش پڕۆژەی دوورماوەیان پێکەوە نییە کە بەرگەی ژیان بگرن. دوو لایەنی زێڕینی هاوسەرگیری واتە خۆشەویستی و وەفا و بەرگەگرتن بۆ درێژەدان بە ژیانی هاوبەش لە کیس دەدەن. ژن بۆ قەرەبووکردنەوەی خۆشەویستیی لەکیسچوو و لەش و ڕۆحی داگیرکراوی، منداڵ دەخاتەوە. پەنای پێ دەبات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بەکاری بێت. چونکە لە خۆشەویستیی ڕاستەقینەی پیاوەکەی بێبەرییە. بۆیە ژنان بە زۆری لە ناو ژیانی ڕۆژانەدا دەتلێنەوە، تەنانەت ژنێک کە کاری هەیە دیسانەوە ژیانی ئاساییی خۆی بەڕێوە دەبات و ئەرکی زیاتر دەبێت و شتێکی وەها لە بابەتەکە ناگۆڕێت.
ژولیا کریستیوا کێشەی ژنانی بەم شێوەیە لێکداوەتەوە: “بە دڕێژاییی مێژوو لەشی ژن هاوتابووە لەگەڵ مێیینەیی، ڕەگەزی بێ دەسەلات و بەدڕەوشت و فەتاوە و بە بەردەوامییش سووکایەتیی پێ کراوە”. دیسکۆرسی دایک لە مێژوودا نەبووە، جگە لەوەی کە لە ئاییندا وەکوو دایک پیرۆز دەکرێت و ڕەگەزی لێ زەوت دەکرێت و مەیل و ئارەزووەکانی دەسڕدرێتەوە. زانستیش ژن تا ئاستە سروشتی و بایۆلۆژییەکەی دادەبەزێنێت. زۆربەی ژنانیش ئەو جۆرە ژیانەیان لە لا ئاسایییە و بە کێشەشی نازانن. ژنێکی کورد هەلی ئەوەی بۆ نەڕەخساوە وەکوو سیمۆن دیبۆڤار یان لووس ئیریگاری یان بیرمەندانی بواری ژنان لە ئەورووپا بیر بکاتەوە. لە وڵاتێکی پێشەسازی و پێشکەوتوو کە پەروەردەیەکی پێشکەوتووی هەیە و هەموو ئیشیان هەیە و خاوەنی ئازادی و دادپەروەرین. بۆیە جۆری کێشەکان لێک جیاوازن و نەخوێندەواری وای کردووە زۆربەی ژنان نەزانن ئازادی چییە و مافیان کامەیە و ڕازین بە چارەنووسێک کە بۆیان دیاری کراوە. کاتێک لە خۆشەویستی بێبەری دەبێت، بۆ قەرەبوو کردنەوەی خۆشەویستی پەنا بۆ عیرفان و ئایین دەبات. یان ئەگەر کێشەکانی قوولتر بێتەوە و لە هەموو مافێکی بێبەری بکرێت، ناچار دەبێت خۆی بکوژێت.

سیاسەت داماڵین لە ژنان

بە درێژاییی مێژوو، لە ناو کورددا ژنانی سەرکەوتوو لە بوارەکانی ئەدەبیات و مۆسیقا و سیاسەتدا نموونەیان کەم نەبووە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ پیاوان دڵۆپێکن لە دەریا. بەردەوام ژنان لە سێبەری پیاودا ژیاون. ژنانی ئازا و بوێر کەوا خاوەنی دەنگی سەربەخۆی خۆیان بن لە ناو کوردا هەبوون، زۆربەیان لە کاتی خۆیدا چوونەتە ناو ڕیزی خەبات و شۆڕش و کەسانی سەرکەوتوویان تێدا هەڵکەوتووە. لەو کاتانەی وا شۆڕش گەرم بوو، لاوان دەچوونە ڕیزی خەبات و زۆربەی ئەو کەسانەش کەسانی پێگەیشتوو و خوێندەواری ئەو سەردەمە و دژی نەریتە کۆنەکانی ئەو سەردەمە بوون. نابێ لە بیری بکەین لە سەردەمی کۆمارەوە چونکە سەربەخۆیییەک هەبوو، پلانی باش داڕێژرا بۆ بنەبڕکردنی نەخوێندەواری و پێگەیاندنی کەسانی خوێندەوار، بەڵام کورد بێ دەوڵەتی و بێ دەرەتانی وای لێ کردووە لە سێبەری داگیرکەر هەر ئەوەندە گەشە بکات. بەڵام ئەوەی دواتر ڕوو دەدا کارەساتبارە و ئەویش زیندووبوونەوەی کەلتوورێکی ئایینیی دژە ژنە. ژنانیان بردەوە بۆ ناو ماڵ بۆ بێدەسەڵات کردنی. ئەرکی دەوڵەتی ئایینی و داگیرکەر، تواندنەوەی ژن لە ناو ماڵدا بوو و ئەرکی ژنی کردە بەخێوەکردنی منداڵ و خزمەت بە پیاو. زۆربەی ئەو ژنانەی لە ناو ڕیزەکانی شۆڕشدا بوون و تەنانەت ئەوانەی هەوادار و لایەنگری خەبات بوون، بە داخەوە کەوتنە دۆخێکی نالەبار. هەبوون ژنانێک کە خزمەتی زۆریان کرد و ناویان نەما، چونکە لە سێبەری پیاودا بوون و زۆربەی ئەوانەی لە لادێ و شارەکان مانەوە تووشی کارەساتی دڵتەزێن بوون. زۆربەیان هۆش و ئاگایییان لە زۆربەی پیاوەکان زیاتر بوو، بەڵام دوای لێپێچینەوە و ڕەوانەکردنیان بۆ بەندیخانەکان لە لایەن داگیرکەرانەوە، زۆربەیان لە لایەن جاشە کوردەکانەوە بە زۆری مارە دەکران یان بەزۆر دەدران بە پیاوە گێلەکانی ناو ئاوایییەکان، ئەمەش بۆ ئەوە بوو کە کۆمەڵگەی سەرەتایی و ئایینی، دژی ژنی سەربەخۆیە و بە یاخییان دەزانێت. ئەمەش بووە هۆی کپکردنی دەنگی سیاسیی ژنان و هۆکاری ئەوەی نەوێرن بەلای سیاسەتدا بچن. نموونەی زۆر لەو ژنە بەجەرگ و ئازایانە هەن کە بێ ناونیشان شەهید کران. دەستەمۆکردن و گۆڕینی ژن بۆ ڕەگەزی دووەم لە ناو کورددا، پێویستی بە لێکدانەوەیەکی قووڵ هەیە. بوونی زۆربەی ژنە ئازا و سەربەستەکانی ناو کورد، دەگەڕێتەوە بۆ متمانەیەک کە لە لایەن دایک و باوکەوە پێیان درابوو. کاتێک کچێک هەست بکات باوکی پاڵپشتییەتی و هەست بەوە بکات لایەنگرێکی بەهێزی هەیە، داهاتوویەکی باشی دەبێت و ترسنۆک نابێت و ئەم جۆرە کچانە دەتوانن کۆمەڵگە بەرەوپێش ببەن. دەتوانن منداڵی ئازا و بوێر پەروەردە بکەن. جان ستوارت میل، لە سەدەی هەژدە لای وابوو، هەموو ژنێک بەم باوەڕە پەروەردە دەکرێت کە کەسایەتیی شیاویی ئەوان بە دروستی دژ بە کەسایەتیی پیاوانە، ژنان نابێ پشت بە ویستی خۆیان ببەستن، بەڵکو دەبێت ببنە ژێردەستەی ویستی کەسانی دیکە. بەردەوام ژن لێبوردە بێت و خۆشەویستیی خۆی لە پێناو منداڵ و پیاوەکەی بێت. زۆربەی پیاوەکان ژنێکیان خۆش دەوێت کە جوان بێت و بە ژیانی خۆیەوە سەرقاڵ بێت و خزمەتی پیاوەکەی بکات. بەڵام کارەساتی گەورە لە کاتێکدا بوو کە زۆربەی ژنە ئازاکانی ناو کۆمەڵگە، لە لایەن پیاوی گێلەوە فەوتان و لەناوچوون. ناو و ناتۆرەی ناشیرین دەدرایە پاڵیان و زۆربەیان ناچار دەبوون ژیانێکی پڕ لە چەرمەسەری ببەنە سەر و ببن بە کۆیلەی گەمژەترین پیاوی ناو کۆمەڵگە. زۆربەی ژنانی کۆمەڵگەی کوردەواری، لە ئێستادا لە داوی جۆرێک پەروەردەدا قەتیسن، ئەویش پەروردەکردنیان بە زمانی فارسی و کەلتووری ئایینیی داگیرکەرە. ژن لە کەلتووری داگیرکەردا ژنێکی چارشێوی ڕەش پۆشە، هەموو مافێکی لێ زەوت کراوە و تەنانەت لە ڕەنگەکانیشدا، ڕەنگی ڕەشی بە نەسیب بووە و زۆریش ڕازییە. کچ و ژنە ئازاکان ناچارن ڕا بکەن، چونکە لە لایەن پیاوەکانیانەوە لایەنگرییان لێ ناکرێت. بەڵام ژن لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا جیاوازییەکی بنەڕەتیی لەگەڵ ژنی عەجەم هەیە و ئەویش ئەوەیە، ژنی کورد کێشەی نەتەوەیی و کەلتووریی تابیەت بە خۆی هەیە و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی جۆرێکی دیکەیە. بەڵام ئەم کەلتوورە نگریسە لە ناو ژنانی کورددا باوە: لاساییکردنەوەی داگیرکەرێک کە خۆی کۆیلەیە. لاساییکردنەوە لە کۆیلە خۆی کارەساتە و دیارە ژنی کوردی ناو ماڵ، بە زۆری لاساییی ژنی عەجەمی کۆیلە دەکەنەوە! جگە لەو کچ و ژنانە کە بیریان کردووەتەوە و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان بە لاوە گرنگە.

زەوتکردنی کەسایەتی لە ژنان

زۆربەی ئەو ژنانەی ئێستاکە لە خوێندن بێبەشن، بە زۆری لە لایەن ئەو بنەماڵانەوەیە کە لەڕادەبەدەر نەریتین. گەرچی بە بەراورد لەگەڵ کۆندا زۆر شت گۆڕاوە. ئێستاکە کچان و ژنانی خوێندەوار ڕووی لە زیادبوونن بەڵام بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافی یەکسان، کاری زۆری دەوێت. بەڵام لە ناو ژنانی ناوماڵ و کچانێک کە ئێستاکە خوویان بە مۆدی ڕۆژ گرتووە، زیاتر ژیانی بەرخۆری و ئەندامی جوان خۆی بەرجەستە کردووە. بە هۆی کاریگەریی کەلتووری داگیرکەری تورک و فارس و پەروەردەی داگیرکەرەوە، ئەم جۆرە لە کچان خۆیان بە لەش و ئەندامی جوانەوە پێشکەش پیاوان دەکەن؛ ئەو شتەی وا پیاو دەیهەوێ. مێکیاجی لە ڕادەبەدەر و بەکارهێنانی جۆرەکانی نەشتەرگەری بۆ ئەوەی ببن بە حۆریی خەیاڵی کە هەمان مێتافیزیکی جوانییە کە ڕەگ و ڕیشەی ئایینیی هەیە، چونکە ئایدیالی جوانیی لەشی ژن لە ئاییندا “حۆری”یە. ئەو بوونەوەرە خەیاڵییە، هەموو ئاییندارێک خۆی بۆ ئامادە کردووە لە دوای مردنی بە نەسیبی بێت.
ژنان و کچانی ئێستاکە چەند جۆرن: ژمارەیەکی زۆر کەمیان ئەویش خوێندەوارەکانی ناو زانکۆکانن و هۆشیارن و بیری نەتەوەیییان هەیە و دەنووسن و دەخوێننەوە. ژمارەیەکی زۆر لەو ژنان و کچانەی بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای سەلەفیگەری بۆ بنەبڕکردنی بیری نەتەوەیی لە ناو کورد، ئاینین. باشوور نموونەی زۆری لەم جۆرە کچ و ژنانە هەیە. ڕازین بەوەی کە پیاوەکانیان سێ ژنی دیکە بێنێت و کاریان منداڵخستنەوەیە و لە ناو ماڵدا کاریان خزمەتی پیاوە. لە زۆر شوێنی باشوور کاتێک دەچیتە ناو ماڵ، ژن بوونی نییە. ئەوەی هەیە سێبەرێکە لە ناو چێشتخانە کاری خزمەتی پیاوە و بەتەواوەتی ئازادیی قسەکردنیشی نییە و ناتوانێ لەناو پیاواندا دابنیشێت. زۆربەی کچەکانیش ناتوانن دڵدارییەکی سادەش بکەن چونکە دەکوژرێن، تەنانەت لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا ئاسایشیان نییە. ناچارن تەسویری ژنان و کچانی تر دابنێن!. جۆری دیکە لەو ژنانەی وا لە ڕێگەی نەشتەرگەرییەوە خۆیان دەکەن بە حۆری بۆ ئەوەیە ببنە ئۆبژەی ئارەزوو و حەزی پیاون، چونکە دەزانن حۆری هەمان ژنە ڕێک و جوانە خەیاڵییەکەیە کە پیاوی ئیماندار ئارەزویەتی؛ بۆیە دەیانهەوێ ببن بە حۆری بۆ ئەوەی خوا و پیاوەکەیان لێیان ڕازی بێت. بە لەت و پەتکردنی لەشی خۆیان تووشی وەهمی جوانیی خەیاڵی دەبن و ئەمەش بۆ خزمەتی پیاوی ئایینە کە نەخۆشترین جۆری پیاون. لێرەدایە کە کەسایەتیی سەربەخۆی ژن خۆی دەکات بەو شمەکەی پیاو لە ئاییندا دەمێکە لە شەرعەکەیدا لە بەشی فەرعی دایناوە و مامەڵەی پێوە دەکات. چونکە زۆربەی پیاوە ئایینییەکان کە حۆری پەرەستن و دەیانەوێ زیاتر لە ژنێکیان هەبێت، نەخۆشیی دەروونیی “سادیسم و مازوخیسم”یان پێکەوە هەیە. تەنانەت زۆربەی ئەو ژنانە لە چێژێکی سەرەتاییی لەشی خۆشیان بێبەرین. پێاوێک کە خۆشەویستی هەبێت، تەنیا دەتوانێ ژنێکی هەبێت و ژنیش بە هەمان شێوەیە. بەڵام زۆربەی پیاوە ئایینییەکان، منداڵیان پێ دەخەنەوە و گرنگی بە لەشی ژنەکە نادەن. بە ڕوونی دیارە ئەوەی ژنان دەیکەن هەمووی بۆ خزمەت بە پیاوە، چونکە هێندە بیرناکەنەوە سەربەخۆیی و ژیری و ڕێزگرتن لە خۆیان و لەشیان پەیوەندیی بە خۆیانەوە هەیە و شمەک نین بۆ خزمەت بە پیاو. ئەوەی پیاوی کورد بە زۆری دەیهەوێ ئەوەیە ژنەکەی جوان و گوێڕایەڵ بێت و بەهرەی هۆشیی نەبێت. چونکە کورد کەلتوورێکی ڕۆشنگەرانەی نەبووە و لە دەوڵەتی نەتەوەیی بێبەری بووە، لە خۆیدا ماوەتەوە و بەردەوام دژی خۆی وەستاوەتەوە و زەبر و گوشاری دەرەکیی داگیرکەر، سەرکوتی کۆمەڵایەتیی لێ کەوتووەتەوە. کۆمەڵگەی کورد دوو جار سەرکوتکراوە لە لایەن داگیرکەر و لە لایەن خۆیشیەوە. ڕێک باوەشی کردووەتەوە بۆ ئایدیای یەکسانکردن و داماڵینی جیاوازی لە بیرکردنەوە. بۆیە نوخبە و کەسە گەورەکانی کەم بووە و خۆخۆرییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی داگیرکراوە. کێشەی کەسایەتیی کورد وەهایە هێشتا نەیتوانیوە ببێ بە “کەسی کەسەکانی” خۆی. گەر سەیری مێژووی خەباتی جوولەکە بکەین دەردەکەوێت، سەرەڕای ئەو هەموو کوشتوبڕ و قەڵاچووکردن و ژینۆسایدە، بەڵام یەکگرتووتر بوون و بوون بە یەکێک لە بەهێزترین گەلانی جیهان لە هەموو بوارێکدا. بەڵام کورد پێچەوانە بوو. ئەوەندی زوڵمی لێ کراوە و چەوسێندراوەتەوە، زیاتر خۆخۆر و دژی خۆی وەستاوەتەوە. بەهەموو شتێک ڕازییە بەو مەرجەی وازی لێ بێنن!. لە کۆمەڵگەیەکی لەم شێوەیەدا، کەسایەتی لە ژنەکان دادەماڵرێت و ژێردەستەبوونی ژن خۆیشی منداڵی سەقەت پەروەردە دەکات. دایک خۆی لە سەرکوتی کچان شان بە شانی پیاوەکان ڕۆڵی گێڕاوە و زۆربەیان بە مافی خۆیان ڕازین. بەڵام منداڵی کوڕ بەرەڵا دەکەن و لایان وایە پیاوە و نێرە دەتوانن بەرگری لە خۆی بکات. بەڵام ئەم مافە بۆ کچ ڕەوا نابینن. چونکە لایان وایە کچان ڕەگەزێکی بێ دەسەلاتن و هەموو کەس دەتوانێ تەماحیان تێ بکات!. ژن وەکوو کەرەستەی سێکس و منداڵخستنەوە سەیر کراوە. بەڵام ئاوڕ لە مێشکی نادرێتەوە. گەر پەروەردەی باش بکرێت و ڕێگە لە سەروەرییەکانی نەگیردرێت، دەتوانێ وەکوو ژنانی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان خاوەنی کەسایەتیی خۆی بێت.
سیمۆن دیبۆڤار، بەڵگەی هێناوەتەوە کە پێویستە ژنان بەربەرەکانێ بکەن لەگەڵ ئەو پیاوانەی دژە ژنن، پیاوانێک کە دژ بە ژنان ڕاوەستاون بۆ ئەوەی ژنان هۆشیاریی تەواو دەستەبەر نەکەن. فێمێینیستەکان پێداگرییان لە خێرایی داهێنان بۆ ژیان و سەربەخۆیی کردووە و لە ڕێگەی بەرخۆدان لە بەرانبەر پیاوان، سەربەخۆییی یاسایی و زمانیی تایبەت بە خۆیان سەرلەنوێ ڕێک دەخەنەوە. لە لایەكی دیكەوە‌ ڕوونی دەكەنەوە ژنان‌ لە پێگەیەكی ڕێگەپێنەدراوی کۆمەڵایەتیدا جێگیر كراون و پێناسەیەکی نەگۆڕ بۆ جەستە و ڕۆحیان کراوە و پێویستە ژنان خۆیان لەو لەشەی پیاو لە بەرژەوەندیی خۆی پێناسەی کردووە و لەشی ژنی کردووە بە کۆیلەی خۆی، خۆیان ڕزگار بکەن. ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر ژنان شوێنكەوتوویەکی “ناڕەسەن”ن یان ئەوەی كە تاوانی ئیمانی خراپیان دراوەتەپاڵ، پێویستە ئیرادەی ئەوەیان هەبێت خۆیان لەو دۆخە دەرباز بکەن، ئەم كارە بە پڕۆژەی خۆتێكدان دەکرێت و ئەمەش هەوڵێكە بۆ دووركەوتنەوە لەو مێیینەیییەی لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو بۆ ژنان، تائێستاکە لە ئارادا بووە. ئامانجی دیبۆڤار هاندانی ژنان بۆ دەربڕینی سەربەخۆییی خۆیان و پۆلێنی توێژینەوەكانیانە کە ڕێگەیان پێ دەدا، بەرگری لە شوناسی خۆیان بکەن. ژنی ژیر و خوێندەوار کەلتوورەکە دەگۆڕێت و تەنانەت منداڵی باشتر پەروەردە دەکات، ئەمەش لەگەڵ عەقڵییەتی نەریتیی پیاوسەروەری ناگونجێت. چونکە ژنان و کچانی تێگەیشتوو، کەلتوور و عەقڵییەتی نەریتی دەگۆڕن و بۆ پیاوی ژیریش باشتر وایە پاڵنەری سەرەکی بن بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە و شانبەشانی ژنان دژی هەر چەشنە چەوساندنەوە و ژێردەستەیییەک یەکگرتوو بن، چونکە بە دروشم و هێندێک هەستی سەرەتایی، گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا ناکرێت.
لە دواییدا وەبیرهێنانەوەی چەند خاڵ گرینگە. ئازادی کاتێک مسۆگەر دەبێت کە کێشەی چەوساندنەوەی ژن بە هەر ناوێک نەمێنێت و ڕێگری لە ئازادییەکانی ژنان نەکرێت و کێشەی ماف و دەستەبەر کردنی یەکسانی، بە گۆڕینی پەروردە و عەقڵییەتی پیاوسەرەوەری جێبەجێ دەبێت. نابێ باس لە سەروەریی تاک لایەن بکرێت؛ بەڵکوو دەبێ بزانین ژێردەستەبوونی ژنان، کوشتی مێشکی زۆرینەی کۆمەڵگەیە. ئەگەر دادپەروەری ڕاستەقینە و یەکسان هەبێت کۆمەڵگە بەرەوپێش دەخات. کۆمەڵگەی کورد کاتێک پێشکەوتن بە خۆیەوە دەبینێت کە ژنانی ژیر و سەربەخۆ پەروەردە بکات. شۆڕش لە عەقڵ و هۆشیاریی ژنان و پیاوان تەنیا بە ئاگابوونەوە دەکرێت. پیاو کە سنوورێک بۆ داخوازییەکانی خۆی دانەنێت، کێشەکان وەک خۆیان دەمێننەوە. بەربەرەڵایی و داخوازیی زێدەڕۆیانە بە بێ لەمپەڕی ڕەوشتی و یاسایی، وای لە هێندێک پیاو کردووە مافی ئەوەیان هەبێت هەموو شتێک بە حەز و ئارەزوی ئەوان بێت. ئازادی و دادپەروەری کاتێک دەستەبەر دەبێت کە ژن و کچانی کورد ڕێگەیان پێ بدرێت بەشێکی چالاکی کۆمەڵگە بن و لە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگەدا چالاک بن و بە چاوی سووکی ڕەگەزی سەیریان نەکرێت. ئەمانەش بە ڕۆشنگەری و هۆشیارییەوە دەکرێت و چالاکانە لە هەل و دەرفەتەکان کەڵک وەربگیردرێت بۆ ئەوەی دەنگە ئازاکان لەناو نەچن.

سەرچاوەکان:

١. ڕەگەزی دووەم، سیمۆن دیبۆڤار، وەرگێڕانی قاسم سەنعەویی.
٢. ژێردەستەییی ژنان. جان ستوارت میل، وەرگێڕانی عەلایی تەباتەبایی.
٣. فەلسەفەی هایدیگەر، وەرگێڕانی، مەسعود حسەینی.
٤. لە مودێنیزمەوە تاکوو پۆستمۆدێرنیزم، لارێنس کۆهێن، وتاری ڕەگەزێک کە ئیدی ڕەگەز نییە.
٥. لووسی ئیریگاری، نوێل مەکۆفی، وەرگێڕانی مێهرداد پارسا.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان