ئارامتر بخوێنەوە!
ناساندنێک بۆ کتێبی:
ڕەگوڕیشەکانی جینۆسایدی کورد،
بنیاتنانی نەتەوە و جینۆساید وەکوو بە شارستانی کردن و لە شارستانیەت خستن!
ئیبراهیم سادق مەلازادە
ئەم کتێبە، لە دوو توێی 250 لاپەڕەدا بەزمانی ئینگلیزی، لەلایەن چاپخانەی لێکزینگتن (Lexington)ی ئەمریکاییەوە دەردەچێت و لەبنەڕەتدا تێزی دکتۆرای نووسەرە. بەڵام بەدەستکاری کردنەوە لەمانگی پێنجی 2021 دەکەوێتە بازاڕەوە.
چۆن بتوانین لە شاڵاوەکانی ئەنفال تێبگەین؟ ئایا کێشەکە بەتەنیا لە شاڵاوەکانی ئەنفالدایە، یان دۆسیەی جینۆسایدی کورد لە باشووری کوردستان ئاڵۆزە و ڕەگوڕیشەی قووڵی هەن؟ لێرەوە، دەستپێک بۆ من ئاسان نەبوو. چەندە گەڕامە دواوە، ڕووداو لەدوای ڕووداو پرسی کورد و هەڵسوکەوتی حکوومەتی عێڕاقییان ئاڵۆزتر دەکرد. بۆیە بۆ تێگەیشتن لە هۆکارە بابەتییەکانی شاڵاوەکانی ئەنفال هەوڵەکانم چڕ کردنەوە، ئاخۆ ئەو شاڵاوانە ئەنجامی ململانێی کورد بوون لەگەڵ حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، یاخود هۆکارەکان زۆر لەوە گەورەتر و ڕیشەدارترن و پەیوەندییان بە پێکهاتەی دەوڵەتی عێراقەوە هەیە؟ لێرەوە دەبوایە دوو خاڵی سەرەکی شرۆڤە بکەم بۆ تێگەیشتن لەو ڕووداوانەی کە عێراق هەر لە 1920 ەوە پێیدا تێپەڕیوە، لەپێناو گەیشتن بە خاڵی بنەڕەتی، ئەویش پرۆسەی جینۆسایدی کوردە لە عێراق.
یەکەم: پڕۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت لە عێراق و هەژموونی عەرەب بەسەر دەوڵەتی عێراقدا. لە ئەنجامیشدا پەراوێزخستنی هەموو ئەوانەی عەرەب نین.
دووەم: پەرەسەندنی پان ئەتنۆ عەرەب سەنتریزم. لە ئاکامیشدا بووە هۆی دەرکەوتنی ئایدیۆلۆژیای بەعسیزم وەکوو نەخشەڕێگایەک بۆ پڕۆسەی جینۆساید.
کە واتە ئێمە لەبەردەم چەند چەمکێکی بنەڕەتی داین کە پێویستییان بە تێگەیشتن هەیە، لەوانەش: بیناکردنی دەوڵەت نەتەوە لە عێراق، هەژمۆنی زۆرینە بەسەر کەمینەدا لە چوارچێوەی دروستبوونی “ئێمە و ئەوان”، پرسی سیستمی سیاسی. هەروەها، ئاڕاستەی فیکری هەڵکەوتەی سیاسیی عەرەب، لە شافەیسەڵەوە بە هەردوو دیوی عەرەبیزم و سوننیزمەوە دەست پێ دەکات، تا بەهێزبوونی ناسیۆنالیزمی پان عەرەبیزم و لە ئاکامیشدا ئایدیۆلۆژیای بەعسیزم. کەی توانیمان لەو چەمکانە تێبگەین، ئەوسا بەئاسانی دەتوانین لەو پەیوەندییە تێبگەین کە کورد بە عەرەبی عێراقەوە دەبەستێتەوە. ئەوسا بە تەواوەتی لە چەمکی جینۆسایدیش تێدەگەین. ئەوسا لەوە تێدەگەین کە بنەڕەتی پەیوەندیی نێوان کورد و عەرەب، وەک پەیوەندیی نێوان کورد و فارس، کورد و تورک، پەیوەندییەکە کە لەسەر بنەمای جینۆساید دامەزراوە. بۆیە، لە حاڵەتی نایەکسانی و بە پاشکۆ کردن و هەژمۆنی ئەو نەتەوانە بەسەر کورددا، نەک هیچ مانایەک بۆ برایەتی لە ئارادا نییە، بەڵکوو ئەگەری جینۆساید هەمیشە لەبەردەستە و مەترسیی ڕوودانی هەیە.
چوارچێوەی تیۆری
لە ژینگەی دوای جەنگی یەکەمی جیهانیدا، پرۆسەی بە شارستانی کردن (Civilising Process) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتیش لە عێراق، بەژمارەیەک گۆڕانکاریدا تێپەڕی. بۆیە لە چوارچێوە تیۆرییەکەیدا، جەخت لەسەر سێ ئاست کراوەتەوە:
یەکەم: پڕۆسەی بە شارستانی کردن لە پەیوەندیی لەگەڵ نەتەوەسازی لە عێراقدا.
دووەم: بنەمای ئەتنۆسەنتریزم لە چوارچێوەی عەرەب سەنتریزمدا گەشەی کردووە، کە ناسیۆنالیزمی عەرەبی بەشێکە لێی.
سێیەم: چوارچێوەی پڕۆسەی لە شارستانی خستن و پرۆسەی جینۆساید لە عێراقدا.
دیارە کە تەواوی شرۆڤەی ڕووداوەکان لە چوارچێوەی تیۆریی “پڕۆسەی بەشارستانیبوون” دا کراوە، کە لەلایەن کۆمەڵناسی گەورەی ئەڵمان، نۆربێرت ئەلیاس، داهێنراوە. نۆربێرت ئەلیاس لە دووتوێی کتێبێکی نزیک بە 600 لاپەڕەییدا هەر بەناوی “پرۆسەی بە شارستانیکردن”، لێکۆڵینەوەی لەسەر میکانیزمەکانی گۆڕانکاریی مێژووی ئەوروپییەکان کردووە، لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە تا دەگاتە جەنگی جیهانیی دووەم. ئەوەی لێکۆڵینەوەکەی نۆربێرت ئەلیاس دەکاتە لێکۆڵینەوەیەکی جیاواز، بەیەکەوە بەستنەوەی ڕەفتار و ئاکاری خەڵکە بە پڕۆسەی سیاسی و سیستمی سیاسیی دەوڵەت و ئەو گۆڕانکارییانەی کە لەڕێی توندتیژییەوە هاتوون، تا دەگات بە بیناکردنی دەوڵەت نەتەوە، لە فۆرمە مۆدێرنەکەی دەوڵەتدا. دوای ئەوەش کتێبێکی دیکەی نووسیوە بەناوی (ئەڵمانەکان)، لەوێدا بەوردی باس لە پڕۆسەی توندوتیژی دەکات دژ بە جوو و دەستپێکی لە شارستانیەت خستن.
لە کتێبەکەدا، من نەچوومەتە ناو جەدەلی تێگەیشتنە جیاوازەکان لە چەمکی “شارستانیبوون”، کە خودی ئەلیاسیش خۆی لەو جەدەلە پاراستووە. ئەلیاس بەتەواوەتی خۆی لە جەدەلی یۆرۆسەنتریزم پاراستووە، داخۆ ئەوەی ئەوروپییەکان پێی گەیشتوون، شارستانییەتە یان نا، بەڵکوو وەسفی گۆڕانکارییەکان دەکات بەو پێیەی کە مرۆڤەکان خۆیان بە شارستانیەتی دادەنێن. تەنانەت ئەو زۆر بەوردی باس لەو جیاوازییەی تێگەیشتن لە چەمکی “بەشارستانیبوون” دەکات لەنێوان ئەڵمانەکان لەلایەک و بەریتانی و فەڕەنسییەکانیش لەلایەکی دیکەوە. بۆیە لەو ڕوانگەیەوە، ئەڵمانەکان چەمکی کولتوور بەهەمان مانای “شارستانیەت”، بەکار دێنن، چونکە لەجەنگی یەکەمی جیهانیدا، بەریتانی و فەڕەنسییەکان چەمکی بەشارستانیکردنیان وەکوو چەکێک لەدژی ئەڵمانەکان بەکار هێناوە.
ئەوەی لێرەدا زۆر گرنگە، میکانیزمی گۆڕانکارییەکانە، داخۆ ئەوروپا چۆن بەو ڕۆژەی ئەمڕۆیان گەیشتن، بەتایبەتیش پرۆسەی سیستمی سیاسی و چوارچێوەی دەوڵەت نەتەوە. دوای لێک هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتی ڕۆم لە سەدەی پێنجەمدا، ئەوروپا وەکوو ئاردی ناو دڕوو بوو بە سەدان پارچە و گەڕایەوە قۆناغی فیوداڵیزم. کەوتنە ناو ململانێیەکی خوێناوی دژ بە یەک. لەوێدا ئەلیاس بە وردی باس لە لە شارستانیەت خستن (De-civilising Process) دەکات، بەو مانایەی قۆناغی فیوداڵیزم شکستی بەشارستانیبوونە، کە ئەوکاتە باڵی خۆی بەسەر ئەوروپای ڕۆژئاوادا کێشابوو. بۆیە ئاڕاستەکانی هەڵوەشانەوە، یاخود هاوێشتنە دەرەوەی ناوەندیبوون بەمانای نەمانی سەنتراڵیزم کە ئەو ناوی دەنێت (centrifugal)، تا سەدەی یازدەهەم بەردەوام دەبێت. لەو کاتەوە ئاڕاستەی گەڕانەوە بەرەو ناوەندیبوون (centripetal)، دەست پێدەکاتەوە. ئەو دەست پێکردنەوەیە و چوون بەرەو ناوەندیبوون (سەنتراڵیزم)، بە پرۆسەیەکی خوێناوی و ژمارەیەک مۆدێلی دەستەڵاتدا تێپەڕیوە، تا گەیشتووە بە دەوڵەت نەتەوە. یەکگرتنەوەکان بە پەلاماردان و دەستبەسەرداگرتنی هەرێمەکان، بە شەڕ و کوشتاردا ڕۆیشتوون. گۆڕانکارییەکە لەسەر هەموو ئاستەکانی هەڵسوکەوت و ئاکاری خەڵک لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتی، ئابووری، کولتوری، سیاسی و ئاینیدا تێپەڕیوە، تا گەیشتووە بە فۆرمە جیاوازەکانی دەستەڵات، لە دەستەڵاتی نۆبل و شانشینەکانەوە، بە تێپەڕبوون بە دەستەڵاتی ڕەهادا تا دەگاتە دوا مۆدێلەکانی دەستەڵات و دەوڵەت نەتەوە.
ئەو پرۆسەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەو جۆرە بەڕێوە ناچێت، بەهۆی هاتنی کۆلۆنیالیزم و دەست گرتن بەسەر ناوچەکەدا و پاشان دابەشکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان، بەبێ ئەوەی بەشێک لەو نەتەوە و پێکهاتەیانەی ناوچەکە ڕۆڵیان لەو دابەشکارییەدا هەبووبێت. جەختکردنەوەی ئێمە لە کتێبەکەدا زیاتر لەسەر عێراقە، کە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی و داڕمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، کۆلۆنیالیزم دێت و وڵاتێک بەناوی عێراق دروست دەکات لەپاڵ وڵاتە دەسکردەکانی دیکەدا، بەبێ ئەوەی رەنگدانەوەی واقیعی دیمۆگرافیی ناوچەکە بن. بەبێ ئەوەش بەو پرۆسەیەدا بڕوات کە ئەلیاس ناوی دەنێت پڕۆسەی بەشارستانیبوون، بەڵکوو ڕاستەوخۆ بە پڕۆسەی لە شارستانییەت خستندا تێپەڕ دەبێت. لە ڕەوتی لە شارستانییەت خستنیشدا، جینۆساید هەمیشە ئەگەرێکی کراوەیە.
پڕۆسەی بیناکردنی دەوڵەت نەتەوە لە عێراق
بیناکردنی دەوڵەت نەتەوە لەعێراق لەژێر هەژمۆن و سەرپەرشتی کۆلۆنیالیزمی بەریتانی، بەلینگاوقووچی بەڕێوە دەچێت. سەرەتا بە هێنانی گروپێکی عەرەبی دەرەوەی عێراق، لە سەرەوەی هەمووشیانەوە شافەیسەڵ. بەو مانایەی هەر لەسەرەتاوە دەستەڵات دەدرێتە دەست گرووپی سوننەی عەرەب. (سوننە و عەرەب) بەمانای دوو ناسنامەی دیاریکراو، سوننیزم و عەرەبیزم، وەکوو دوو دیوی یەک دراو، دەکرێنە دەستەڵاتداری ئەو دەوڵەتە نوێیە. بێگومان، ئەو جۆرە هەژمۆنەی عەرەبی سوننە، لە خۆیەوە نایەت، بەڵکوو ڕەگوڕیشەی مێژوویی هەن. بە حوکمی ئەوەی عەرەبی سوننە لە عێراق گروپێکی نازهەڵگیراو و دەستلەپشتدراوی دەستەڵاتی عوسمانی دەبن. بە هەزاران عەرەبی سوننە دەچنە ڕیزی سوپای عوسمانی و پێگەیەکی گرنگیان لەو سوپایەدا دەبێت، جیا لەوەش ڕێژەیەکی زۆریان لە پێگەی جیاجیاوە بەشدار دەبن لە ئیدارە و بەڕێوەبردن، بەتایبەتیش لە هەردوو ویلایەتی بەغدا و بەسرەدا. بۆیە کە بەریتانیا هەردوو ویلایەتی بەغدا و بەسرە بەیەکەوە دەلکێنێت و عێراقی لێ دروست دەکات، دەستەڵاتدار هەر عەرەبی سوننە دەبن، جگە لەوەش ڕێژەیەکی زۆر لە ئەفسەری عەرەبی سوننە کە پێشتر بەشێک بوون لە سوپای عوسمانی، دەگەڕێنەوە عێراق و سوپای عێراقییان لێ دروست دەکرێت. خەمڵاندنی ژمارەی ئەو ئەفسەرانە، لە نووسەرێکەوە بۆ نووسەریکی دیکە دەگۆڕرێت، هەیانە باس لە 1600 ئەفسەری پلەداری عەرەبی سوننە دەکەن، بەڵام لەهەموویان متمانەدارتر، حەننا بەتاتۆیە، لە کتێبە گرنگەکەیدا لەسەر عێراق، باس لە گەڕانەوەی(700) ئەفسەری پلەدار دەکات بۆ عێراق و بەشدار دەبن لە پێکهێنانی سوپای عێراقدا.
بۆیە، لەڕووی ئیداری و سەربازییەوە، ئەو وڵاتە نوێیە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ژێر هەژمۆنی عەرەبی سوننەوە، کە خودی شافەیسەڵیش هەڵگری هەردوو ناسنامەی سوننیزم و عرووبە بووە و شانازیشی بەهەردوو ناسنامەکەوە کردووە. لەپاڵ ئەو هەژمۆنەی عەرەبی سوننەدا، عەرەبی شیعە و کورد دەکەونە پەراوێز یا باشتر بڵێم دەکرێنە پەراوێز. شیعەکان، خوو و قورساییان هەر لەسەردەمی عوسمانییەکانەوە دەخەنە سەر بواری بازرگانی و ئابووری، بەتایبەتی لە بەغدا، چونکە لە بواری ئیداریدا ڕێگایان پێ نەدراوە و لە بواری سەربازیشدا هەستیان بەهیچ جۆرە وەلاء و پابەندبوونێک بەو دەستەڵاتە سوننی مەزهەبە نەکردووە، بۆیە بۆ ئەوەی خۆیان لە خزمەتی سەربازی بدزنەوە، ڕەگەزنامەی عوسمانیزمیشیان ڕەت کردۆتەوە. بەڵام کورد، هەر لەسەرەتاوە لەدوڕیانێکی دیکەدا بوون، نەچانسی بواری ئیداری، نە سیاسی و نە سەربازی و نە بازرگانیشییان نابێت. پێدەچێت کۆمەڵێک هۆکار بۆ ئەو پەراوێزبوونە هەبووبن. لەوانەش:
یەکەم: کورد دوور بوون لە ناوەند، پڕۆسەی ئاوێتەبوون و تێکەڵبوون لەگەڵ ناوەند ئاسان نەبووە، هۆکارەکانیش جیاواز بوون، لەوانەش:
⦁ لەو سەردەمەشدا ئامرازەکانی هاتووچۆ زۆر لاواز بوون و هەموو کەسێک نەیتوانیوە بەئاسانی بگاتە بەغدا.
⦁ ئاشنا نەبوون بە عەرەب و دونیای عەرەبی بەقەد ئاشنا بوونیان بە ئیستەنبۆڵ و دونیای عوسمانی بە ئاڕاستەی ئیستەنبۆڵ. بە جۆرێک حەنا بەتاتۆ پێی وایە پەیوەندیی نێوان ویلایەتەکان لەوپەڕی لاوازیدا بووە. ویلایەتەکان بە (دەوڵەتە شار) وەسف دەکات، بەو مانایەی کە پەیوەندییان بەیەکەوە نەبووە.
دووەم: هەر لەسەرەتاوە ئاڕاستەی (عەرەب سەنتریزم) لە عێراق زاڵ بووە. بەر لە جەنگی جیهانی یەکەم، شەریفی مەککە لەگەڵ بەریتانییەکان ڕێک دەکەوێت بۆ ئەوەی جڵەوی عەرەب بگەڕێننەوە دەست خۆیان و چیتر باوەڕییان بەوە نەمابوو کە لەژێر چەپۆکی دەستەڵاتی عوسمانیدا بمێننەوە. ئەم وەرچەرخانە جۆرێکە لە خۆجیاکردنەوە و خۆدۆزینەوە، لە دەوری چەمکی عەرەبیزمدا. ئەم خۆجیاکردنەوەیەش لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی تورکە لاوەکان و پاشانیش کۆمەڵەی ئیتتیحاد و تەرەققی، کە ژمارەیەک ڕۆشنبیری عەرەبیش ئەندام بوون تیایدا. ئەو کاتانە خودی شافەیسەڵ، لە ئیستەمبۆڵ ژیاوە و لە مەکتەبی عەشیرەتلەری لە ئیستەمبۆڵ، خوێندوویەتی. هەموو ڕووداوە سیاسی و سەربازی و کولتورییەکانی بەچاوی خۆی دیتوون. ئاگاداری ئەو ڕوانگە سیاسییە بووە کە تورکە لاوەکان هێناویانە پێشەوە لە بزووتنەوەی دەستورییەوە بگرە تا گفتوگۆی هەژمۆنی تورکیزم بەسەر عوسمانیزم و ئیسلامیزم دا.
سێیەم: دوای سەرکەوتنی بزووتنەوەی جوداخوازیی عەرەبی بە هاوکاری کۆلۆنیالیزمی بەریتانی و فەڕەنسی و بڕیاردان لە دابەشکردنی ناوچەکە لەچوارچێوەی ڕێککەوتنامەی سایکس پیکۆت، بەریتانیا بڕیاری دروستکردنی عێراق دەدات لەپاڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە. لێرەشەوە، عەرەب سەنتریزم لە دونیابینی عەرەبدا بەتەواوەتی جێگای خۆی کردۆتەوە. تەنانەت خولیا و خواستی شەریفی مەککە، دامەزرناندنی یەک دەوڵەتی عەرەبی بووە، بەڵام دوایی ئەوەیان بۆ ناچێتە سەر و بەریتانیا دەوڵەتی ئەردەن و عێراقییان بۆ دروست دەکات و لەسەر سینییەکی زێڕین پێشکەشی ئەو بنەماڵەیە دەکات، لەتۆڵەی هاوکارییان لەگەڵ ئینگلیزدا. بۆیە کە شافەیسەڵ لەلایەن بەریتانییەکانەوە، دەهێندرێت بۆ عێراق، شافەیسەڵیش (ساطع حوسری) بەئەسڵ یەمەنی دێنێت کە ئەوکاتە عەرەبیشی باش نەزانیوە و یەکێک بووە لە تورکە لاوەکان. ئەو پیاوە مونەززیر و بانگخوازی سەنتراڵیزمی عەرەبایەتی بووە. کەدەهێندرێت بۆ عێراق، بۆ چەند ساڵێک یەکسەر دەکرێت بە بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی پەروەردە و بۆ ماوەیەکیش وەزیری پەروەردە. بۆ ماوەی زیاتر لە دوو دەیە، لەو وەزارەتەدا ئەرکە سەرەکییەکەی ئەو پیاوە، بەعەربیکردنی پەروەردە لەڕووی زمان و بە عرووبەکردنی ئاڕاستەکان لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە بووە.
ئەم پەراوێزخستنەی کورد، هێندە مەبەستدار بووە، لەگەڵ ئەوەی کە پێگەیەکی ئۆتۆنۆمی دیار لە ڕێککەوتننامەی کۆتاییهێنان بە ئینتیدابی بەریتانیش لە 1932 دەدرێت بە کورد، بەڵام یەک ڕستەشی تیا جێبەجێ ناکرێت.
چوارەم: دەبێ ڕۆڵی نێگەتیڤ و ناڕەسەنی بەریتانییەکانیشمان بیر نەچێت کە بەریتانییەکان خۆیان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداربوون لە تێکشکاندنی هەیبەتی کورد و هەموو ئەو هەوڵ و کۆششانەی کە کورد خۆیان داویانە بۆ سەربەخۆیی، تا ئەو ئاستەی چەکی کیمیاوییان لە سلێمانی و ڕەواندوز بەکار هێناوە. بۆیە، مەحاڵ بوو بۆ ئەو دەستەڵاتە ساوایەی عێڕاق بتواێت بەسەر خواست و ئیرادەی کورددا زاڵ بێت، ئەگەر پشتیوانیی دەوڵەتی کۆلۆنیالست نەبوایە. بەو پێودانگەشەوە دەتوانین بڵێین، دوای کشانەوەی بەریتانییەکان، دەستەڵاتی بەغدا ڕۆڵی کۆلۆنیالیزمی جێگرەوەی بینیوە و دەبینێت.
لێرەدایە، نەگبەتیی دەوڵەت نەتەوە لە عێراق، کە بەریتانییەکان بەخەیاڵی مۆدێلی دەوڵەت نەتەوەی ئەوروپی ویستوویانە دەوڵەت نەتەوەی عێراق گەشە پێ بدەن و بە زەبروزەنگ ناسیۆنالیزمی عێراقی بسەپێنن بەسەر سەنتراڵیزمی عەرەبی و سوننیزم و شیعیزم و کوردبوونیشدا. بەڵام سەنتراڵیزمی عەرەبی هێندە بە هێزەوە هەر لە سەرەتاوە بناغەی خۆی دادەڕێژێت، ئیدی بوارێک بۆ غەیرە عەرەب لەناو دام و دەزگاکانی ئەو دەوڵەتە نوێیەدا نامێنێتەوە. لەوێشدا کێشە سەرەکییەکە دەست پێ دەکات. کێشەکە لە پرسی کوردەوە دەست پێ دەکات. کورد، لە هیچ هەلومەرجێکدا ئامادەی توانەوە لەناو بۆتەی سەنتراڵیزمی عەرەبیدا نەبوون، کە میشێل عەفلەق لەچەند سەرچاوەیەکی نووسینەکانی خۆیدا جەختی لەسەر دەکاتەوە و پێی وایە کورد بەدرێژایی مێژووی عەرەب خزمەتی بەرژەوەندییەکانی عەرەبییان کردووە، بەڵام ئەوە ئیمپریالیزمە وای کردووە کورد لەو هاوکێشەیە بێنە دەرەوە. عێراقیش بەو ناسنامە خۆسەپێنەرەوە، هەرگیز ئامادە نەبووە بەئاڕاستەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی فرە نەتەوە “لەدەرەوەی سەنتراڵیزمی عەرەبیدا” کار بکات. ئا لێرەوە ململانێی سەنتراڵیزمی عەرەبی و سەنتراڵیزمی کوردی دەست پێ دەکات. بەڵام ململانێکە هەمیشە لە بەرژەوەندیی سەنتراڵیزمی عرووبە یەکلایی بۆتەوە، هەروەکوو لە ئێرانیش ململانێکە لە بەرژەوەندیی پان ئێرانیزمدا یەکلا بۆتەوە و لە تورکیاش لە بەرژەوەندی پانتورکیزمدا یەکلا بۆتەوە. بۆ ئەمەش کۆمەڵێک هۆکار هەن و پێویستی بە لەسەر وەستان و توێژینەوەیە.
ئەم یەکلابوونەوەیەی سەنتراڵیزمی عەرەبی، لە بۆتەی عێراقدا، لەشەڕی دژ بە کورد، کۆمەڵێک ڕەهەندی جیاواز وەردەگرێت. لە سەردەمی پاشایەتیدا، زیاتر ئاڕاستەی پەراوێزخستن بە خۆیەوە دەبینێت. ئەو کوردانەش کە بەشداربوون لە دەستەڵات یا لە سوپای عێراقیش، لە سەردەمی پاشایەتیدا، کە ناویان دەهێنرێت، هەوڵی تاکەکەسی بوون نەک نموونەگەلێک لە چوارچێوەی ستراتیژیەتێکی نەتەوەیی کوردیدا، کە زۆربەشیان لە ڕوانگەی حەنا بەتاتۆتەوە، موستەعرەب بوون. هەروەها شانبەشانی ئەو پەراوێزخستنەی کوردیش، سەنتراڵیزمی عەرەبی بەردەوام لە بەهێزبووندا بووە. لەناو ئەو سەنتراڵیزمەی عرووبەشەوە، بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی بە ڕەهەندە فاشیزمییەکەیەوە، بەهێزەوە سەر دەردێنێت. دواتریش بەعسیزم وەکوو مۆدێلێکی هەرە توندڕەو و فاشییانەی عروبە، دەبێتە واقیع و دەست بەسەر دامودەزگاکاندا دەگرێت. هەموو جارێکیش کورد لە دیدگای عرووبەدا بەهەموو فۆرمەکانییەوە، نەک هەر بەشێک نییە لە دەستەڵات، بەڵکوو کۆسپێکە لە بەردەم یەکێتیی نەتەوەییی عەرەب و سەنتراڵیزمی عرووبی و سەقامگیریی قوتری عێراق؛ بۆیە، بیرکردنەوەی عەرەبە سەنتراڵیستخوازەکان هەرگیز لە پێناو بەشداریپێکردندا نەبووە، بەڵکوو هەمیشە لەوەدا بووە، چۆن ئەو کۆسپە لە بەرپێی خۆیان لابەرن. کێشەیەک کە گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێ بدەم، عێراق و وڵاتانی دیکەی داگیرکەری پارچەکانی دیکەی کوردستانیش هەمیشە بە عەقڵی دەوڵەت بیریان کردۆتەوە و بیریش دەکەنەوە، بەڵام کورد نەیتوانیوە بە عەقڵی دەوڵەت بیربکاتەوە، تا ئەمڕۆش بەعەقڵییەتێکی دژە دەوڵەت بیری کردۆتەوە. لێرەدا ئەوە دەوڵەتە کە ڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتی لەناوبردن و جینۆساید دەگرێتە ئەستۆ. پێکهاتەی هەژمۆندار بەسەر دەستەڵات و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، خۆی لەپەنا دەوڵەتدا حەشار داوە. لێرەدا عەرەبی سوننە، نەک هەر بۆخۆیان بەڵکوو کوردیش پەنجەی ئەنجامدانی پڕۆسەی جینۆساید بۆ ئەو پێکهاتەیە درێژ ناکەن، بەڵکوو هەموو ئاماژەکان بۆ دەوڵەتن، بە غافڵ بوون لەوەی کە ماشێنی دەوڵەت لەلایەن ئەو گروپەوە بەڕێوە دەچێت، وەکوو ئەوەی لە ئێران فارس و لەتورکیاش تورک بەرپرسیاری سەرەکین لە هەموو باش و خراپەکانی دەوڵەت.
ئەو تێگەیشتنە دوو ڕەهەندی هەن:
یەکەم: پەیوەندیی بە ڕەهەندی دروست کردنی دەوڵەت نەتەوەوە هەیە، دەوڵەتێک بە ناسنامەیەکی تایبەتەوە، پێکهاتەکانی دەبێت لەناو یەک بۆتەدا بتاوێنرێنەوە و بکرێن بە عێراقی. ئەو تاواندنەوەیە ئەگەر بە خۆشیش نەبێت دەبێت بە هێز بێت. هەر لەسەرەتاشەوە، ئاڕاستەکان وەها بوون.
دووەم، ڕەهەندی ئایدیۆلۆژیی عەرەبسەنتریزمە، کە دەکرێت بە ناسنامەی سەرەکیی عێراق. ناسنامەیەک کە نەک هەر باوەڕی بە فرەیی و بەشداری پێکردن نەبووە، بەڵکوو باوەڕی بە سڕینەوەی هەموو ئەو کۆسپانە بووە کە ڕێگرن لە بەردەم سەقامگیریی دەوڵەت و سەرکەوتنی پان عەرەبیزمدا. بۆیە، لەو حاڵەتەدا جینۆساید بۆ گرووپی هەژمۆندار، دەبێت بە ئامرازێکی ڕەوا.
پرۆسەی جینۆساید
لە یادەوەریی زۆرینەی کورددا، تەنها شاڵاوەکانی ئەنفال دەستپێک و کۆتاییی پڕۆسەی جینۆسایدن. بەڵام لە ڕاستیدا شاڵاوەکانی ئەنفال، دوا قۆناغی پڕۆسەی جینۆسایدە، کە بەعس بە پڕۆسەی “چارەسەری ئەمنی” ناوی ناوە، بەڵام لەخودی خۆیدا “دواهەمین چارەسەرە”، لەسەر هەمان ڕیتمی “دواهەمین چارەسەر”ی نازییەکانی ئەڵمانیا لەدژی جووەکانی ئەوروپا.
بۆیە، لەو کتێبەدا زۆر بەوردی باس لە مێژووی هەڵسوکەوتی دەستەڵاتی دەوڵەت لە بەغدا کراوە لەگەڵ کورد. بەڵام، کە بەعسییەکان لە 1963 دێنە سەر دەستەڵات، لەچوارچێوەی قانونێکدا (حەرەسی قەومی) وەکوو میلیشیایەک لەپاڵ سوپای عێراقدا دروست دەکەن. مێژووی ئەم حەرەس قەومییە، مێژووێکی پڕ لەتاوان و کورد کوشتنە. زۆربەی ئەو خەڵکانەی لەو سەردەمەدا لەناوچەکانی دەشتی هەولێر و کەرکوک و ناوچە کوردییەکانی دیکەدا ژیاون، دروشمەکانی ئەو میلیشیا حکوومییەیان دێتە بیر، کە هاتوونەتە سەر خەڵکی گوندنشین، گوتویانە ئێمە بەدووین، کوانێ دوژمن.
لەوێوە، پڕۆسەی جینۆساید، بە شێوەیەکی مەنهەجی و ڕێکخراو دەست پێدەکات.
دوایی کە بەعس لە ساڵی 1968 دێتە سەر دەستەڵات، لە کوردە فەیلییەکانەوە دەست پێ دەکات. کوردە فەیلییەکان بەهۆی شیعە بوونییانەوە، وەکوو عەرەبی شیعە، بۆ ئەوەی سەربازی نەکەن، ڕەگەزنامەی عوسمانییان وەرنەگرت. کە عێراق دادەمەزرێت، ئەو ڕەگەزنامەیە بە عەرەبە شیعەکان دەدرێت بەڵام کوردە فەیلییەکان لێی بێبەش دەکرێن. بەو جۆرە کوردە فەیلییەکانیش، زیاتر پەنایان بۆ بازرگانی برد و ئەوان لە بەغدا پێگەیەکی بازرگانی و ئابووریی بەهێزیان هەبوو. بەعس، بەو پێگە ئابورییەی کوردی فەیلی قەڵس بوو، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبوو لە پشتیوانی کردنی خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەی سیاسیی کوردیدا. ئەوان پێشتر لە ڕەگەزنامەی عێراقی بێبەش کرابوون، کە لە خودی خۆیدا تاوانێکە و لە ئەنسکلۆپیدیای جینۆسایددا، بێبەشکردن لە ڕەگەزنامە، بەشێکە لە تاوانی جەنگ، یا بە جینۆساید هەژمار کراوە. لە ئاکامدا، وەکوو لاوازترین ئاڵقەی پێکهاتەی کوردی، بڕیاری لەبەریەک هەڵوەشاندن و جینۆسایدکردنیان درا. چوار هەڵمەتییان کراوەتە سەر، لە 1963، لە 1969 و 1970، هەروەها جارێکی دیکەش لە 1980 بۆ دواجار کۆتاییان بەهەموو بوونێکی کوردە فەیلییەکان هێنا.
دوابەدوای هەرەسی بزووتنەوەی چەکداریی کورد لە 1974، حکوومەتی ئەوسای عێراق، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەی کوردی دا، لەڕێی هەڵوەشاندنەوەی بونیادی ڕەهەندی گوندنشینیی کوردی و پانتایی کشتوکاڵ و ژینگەی کوردستان. لەبەریەک هەڵوەشاندنی ژینگەی کوردستان ستراتیژییەتێکی درێژخایەنی حکوومەتی عێڕاق بوو بەمەبەستی پێکانی چەند ئامانجێک. لەوانەش:
⦁ لەناوبردنی گوندەواری و ژینگەی کوردی و تەنانەت مۆدێلی بیناسازیی کوردی. هەندێک لە گوندەکان مێژوویان دەگەڕایەوە بۆ سەدان ساڵ. بونیادێکی کوردەوارییانەی ڕەسەنیان هەبوو. جارێکی دیکە ئەم مۆدێلە دەست ناکەوێتەوە. لە هەندێک گوند خانوو هەبوو چوار قات، تەنها بە قوڕ و خشتی قوڕ بینا کرابوون. تەنانەت سەرچاوەی ئاوەکانیشییان تەقاندنەوە. سەرچاوەی کشتوکاڵییان نەهێشت. تەنانەت سەرچاوەکانی گەشتیارییان وێران کرد. ئەوان هەر دژی مرۆڤەکان نەبوون. بەڵکوو سەرچاوەکانی ئاو و کشتوکاڵ و تەواوی ژیانیش وێران کران.
⦁ کۆکردنەوەی ئەو خەڵکانە لە ئۆردوگا زۆرەملێیەکان. کە چەند سیفەتێکییان هەبوو. لەوانەش، ئەو خەڵکەی دوێنێ لە گوندەکان بەرهەمهێن بوو و خۆی دەژیاند، ئەمڕۆ لەو ئۆردووگا زۆرەملێیانەدا، لەبەرهەمهێنان وەستێنران و کران بە بارگرانی بەسەر کۆمەڵگەوە. کۆمەڵگەکان لەسەر شەقامە سەرەکییەکان و شوێنە ستراتیژییەکان دروستکران و بە سوپا و هێزە ئەمنییەکان دەورەدران، بە مەبەستی دابڕان و لێکترازانی کۆمەڵگەی کوردی. بە شێوەیەکی مەبەستدار، خەڵکی گوندەکان دابەش دەکران بەسەر چەند ئۆردووگایەکدا، بۆ ئەوەی خەڵکی بەیەکتر ئاشنابوو لە شوێنێک کۆ نەبنەوە. لە هەموویش گرنگتر، ئەو خەڵکەی کە بێکار و کەسابەت کران، خرانە ژێر فشارێکی دەروونیی زۆرەوە، تاکە ڕێگا بۆ دەرچوون لەو فشارە، ڕۆشتن بوو بەرەو ئەو مەفرەزە و هێزانەی کە بەعس بە ناوی فەوجە خەفیفەکان دایدەمەزراندن. بەو جۆرە، دانیشتووانی ئەو ئۆردووگایانە زۆربەیان چەکدار کران و بەپێچەوانەی خواست و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان بەکار هێنرانەوە، یا هەرهیچ نەبێت بێدەنگ و بێڕەنگ کران.
⦁ بەعس ئامانجێکی ئایدیۆلۆژیشی پێکا، کە پێشتر نەیدەتوانی بیکات. لە زۆربەی هەرە زۆری گوندەکاندا ڕێکخراوێکی حیزبی بەعسی تێدا نەبوو. تاکە لایەن کە لەو گوندانە هەبوون، پۆلیس بوون، کە زۆربەیان پۆلیسی عەرەب بوون لە باشوورەوە دەهێنران، بەڵام ئەوانیش بە ئاشتی لەگەڵ خەڵک دەژیان و ڕێزیان لێ دەگیرا. کەم وا بووە بنکەیەکی پۆلیس لەلایەن پێشمەرگەوە پەلامار بدرێت. بەڵام لە ئۆردووگا زۆرەملێیەکاندا، بەعس توانی نووسینگەی حیزبی بەعس لەبەرامبەر ماڵەکان بکاتەوە. تەلەڤیزیۆن بەسەر هەموو ماڵەکان دابەش بکات و دەنگی بەعس و سەرانی دەستەڵات بگەیەنێتە هەموو ماڵێک کە لە گوندەکان بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی کارەبا و نامۆبوونی خەڵک بە بەعس لەناو گوندەکاندا، ئەو کارانە نەدەکران. لەوە بەدوا خەڵک لەهەموو ئاستێکدا کۆنتڕۆڵ کرا و بوارێک نەما هەناسەیەکی ئازادی تێدا هەڵمژن. ئەو خەڵکەی کە تا دوێنێ ئازادانە لەو کەژ و کێوانە دەسووڕانەوە، دوای ڕاگوێزران کران بە کۆیلە و خرانە زیندانێکی گەورەوە، تەنانەت لەهەوای پاکیش بێبەش کران.
بەعس بە پشتیوانی و هەژمۆنی پێکهاتەی سوننە، لە چوارچێوەی سوود وەرگرتن لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و پاشان بە سوود وەرگرتن لە کەشوهەوای جەنگ، دوای شەڕی عێراق و ئێران، کۆمەڵگەی کوردی دەکاتە مۆڵگەیەکی سەربازیی داخراو. دوای جینۆسایدکردنی بارزانییەکان، زەمینەیەکی پتەو دادەڕێژێت بۆ پڕۆسە سەربازییەکان و کۆتایی هێنانی تەواو بە هەموو ئەو هاوڵاتییانەی کە لەناو شارەکان ناژین، بەڵام ئەو جارەیان نەک بە کۆکردنەوەیان لەناو ئۆردووگا زۆرەملێیەکاندا، بەڵکوو بە زیندانی کردنیان لە کۆمەڵگا داخراوەکان و پاشانیش لەیەکتر جیاکردنەوە و ئینجا بردنیان بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکان و کوشتنیان بە شێوەیەکی ڕێکخراو.
ئەو زەمینەسازییە، بە دەرکردنی بڕیارێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەست پێ دەکات. تیایدا عەلی حەسەن مەجید بە بەرپرسی سەرەکیی هەموو ناوچەی “باکوور” دەستنیشان دەکرێت و لەو هەرێمەدا دەستەڵاتەکانی سەددام حوسێنی پێ دەدرێن. ئەو عەلی حەسەن مەجیدەی کە لە وتارێکیدا دەڵێت (دەچمە شیمال، یان شەلوار دەکەمە پێم، یان عەگالیان لەسەر دەنێم). لە شوێنێکی دیکە، کورد لە مرۆڤ بوونیش دادەماڵێت و دەڵێت (ئەو سەگانە چین، بە کیمیاوی لێیان دەدەم، کێ قسە دەکات، نەتەوە یەکگرتووەکان؟….تاد).. ئینجا پلانی لەناوبردن و جێبەجێکردن لەچوارچێوەی شاڵاوەکانی ئەنفال بەوردی دادەڕێژن. لەکتێبەکەشدا بەوردی باس لە شاڵاوەکانی ئەنفال کراوە.
پوختە
بەو جۆرە، لە کتێبەکەدا هەوڵ دراوە پڕۆسەی جینۆساید وەکوو یەک پاکێج پیشان بدرێت. ئاماژە بە هەموو ڕەهەندەکانی ئەو پڕۆسەیە کراوە. هۆکارەکانی لە چوارچێوەیەکی ورد و لە شرۆڤەکردنی دەوڵەتی عێڕاقدا لەڕۆژی دامەزراندنییەوە تا دەگاتە دوایین هەڵمەتی جینۆساید، خراونەتە ڕوو.