ئارامتر بخوێنەوە!

وتووێژ لەگەڵ

حیکمەت محەممەد کەریم (مەلا بەختیار)


ڕوونکردنەوە:

خوێنەرانی بەڕێز ئاگادار دەکەینەوە کە ئەوەی لێرە دابەزیوە تەنیا بەشێکە لە وتووێژی گۆڤاری تیشک لەگەڵ ڕێزدار مەلا بەختیار. بە هۆکاری تایبەت، خۆمان لە بڵاو کردنەوەی تێکڕای چاوپێکەوتنەکە بواردووە و لە ئارشیودا پارێزراوە.


ژیاننامە

حیکمەت محەمەد کەریم، ناسراو بە (مەلا بەختیار)
– لە ساڵی 1954 لەشاری خانەقەینی دەوڵەمەند بەنەوت لەدایک بووە، کە دەکەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی عیراق.
– لە 10 / 06/1970 پەیوەندی بەکۆمەڵەی (مارکسی – لینینی)یەوە دەکا، ئەوەش چەند مانگێک دوای دروستبوونی کۆمەڵەکەوە.
– لە ساڵی 1974 پەیوەندی بەشۆڕشی ئەیلولەوە دەکا، بەڵام بەهۆی بیروباوەڕە چەپگەراییەکانیەوە بەرەوڕووی گوشار و ئاستەنگێکی زۆر دەبێتەوە.
– حیکمەت محەمەد کەریم یەکێک بووە لەوانەی لەلیستی ئەو سەرکردە داواکراوانە دابووە کە لەلایەن حکوومەتی عیراقەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووبوو، بەڵام هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی سەرکەوتوو نەبوون.
– دواتر دەبێتە لێپرسراوی تەواوی شانە نهێنییەکانی کۆمەڵە لەناو شارەکاندا، و بەپێناسی ساختە، بەشێوەیەکی نهێنی لەنێوان هەریەک لەشارەکانی (بەغدا، کەرکوک، کەلار، سەماوە، دیوانیە، فەلوجە، موسڵ، سلێمانی و هەولێر) هاتوچۆی دەکرد، بەمەبەستی پێکهێنانی شانەی چەکدار بۆ بەشداری پێکردنیان لە خەباتی چەکداریدا.

لەگرنگترین ئەو پلە و پایانەی مەلا بەختیار ئەرکی تێیاندا بینیوە لە ساڵی 1975 ەوە:
– لەساڵی 1975 دەبێتە ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان.
– لەساڵی 1976، دەبێتە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
– لەساڵی 1978، دەبێتە لێپرسراوی هەرێمی هەورامان.
– لەساڵی 1982، لێپرسراوی مەڵبەندی ڕێکخستنی سلێمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە.
– لەساڵی 1984، ئەندامی تیمی دانوستانکاری کوردی بووە لەگەڵ ڕێژێمی عیراق.
– لەساڵی 1991، لە ڕاپەڕینەکانی گەلی کورددا ڕۆلێکی بەرچاوی هەبووە.
– لەساڵی 1992، بەشداری کۆنگرەی لایەنە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکانی عیراقی کردووە لە ڤییەننا.
– لەساڵی 199٢، لە هەڵبژاردنی جەماوەری، دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان.
– لەساڵی 1993، دەبێتە لێپرسراوی مەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتیکەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
– لەساڵی 1995، دەبێتە سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان.
– لەساڵی 1999، بەشداری لەکۆنگرەی ئۆپۆزیسۆنی عیراقی کردووە لە “نیۆیۆرک”.
– لەساڵی 2001، دەبێتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
– لەکۆتایی سالی 2002، بەشداری کۆبوونەوەکانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی دەکات لە دابڵین.
– لەساڵی 2009، دەبێتە ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
– لەساڵی 2010 وە، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
لەبواری راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەدا:
گرنگترین کتێبە چاپکراوەکانى:
1. یاخیبوون لەمێژوو – 1998.
2. لەخزمەتى ئەدەبدا – 1998.
3. دیمواکرسی لەدوای جەنگی سارد – 1999.
4. کۆبەندى چەند بابەتێک – 1999.
5. دیموکراسی لەنێوان مۆدێرنێتە و پۆست مۆدێرنێتەدا- چاپى یەکەم- 2000و چاپى دووەم 2014.
6. ئازادی ئەقڵ و کۆمەڵی مەدەنی – 2001.
7. دیموکراسی و دوژمنانی – چاپى یەکەم- 2006.
8. چۆن چەپکێکء کام مێژووى کۆمەڵە؟! – 2012.
9. تۆتالیتالیزمى ڕۆحىء ئەرکەکانى رۆشنگەرى هاوچەرخ- 2013.
10. گوتارى ئەنکەرە وەرچەرخانى هاوچەرخى کوردایەتى- 2013.
11. وتارەکانى هەفتەیاد – 2013.
12. دووڕێیانى دیموکراسىء سەلەفییەت- چاپى یەکەم- 2014.
13. مخطط سياسي حديث في شرق الاوسط طبعةالاولى ٢٠١٤
14. شۆڕشی کوردستان و گۆڕانکارییەکانی سەردەم- چاپى پێنجەم – عەرەبى – لوبنان – 2015.
15. کوردستان، هەدەپە، تورکیا، ڕووەو کام بەستێنى سیاسى؟ – 2015.
16. پێشبینى سەرهەڵدانء مەترسییەکانى داعش – 2015.
17. کوردستان بەرەو سازان یان ترازان – 2017.
18. یەکەمین کۆڕ، یەکەمین مونازەرە – 2017.
19. گەشتێک بەرەو گۆڕانکارى سیاسى – 2017.
20. ئاڵوگۆڕە سیاسیەکانء هاوکێشە نوێیەکان –
21. لە بری بیرەوەری
– یەکەمین کۆڕی سیاسی دوای راپەڕینی( ١٩٩١) لە شەقڵاوە بەستووە .
– یەکەمین کۆڕی عەلمانی دژی سەلەفییەت ساڵی ( ١٩٩٤) ئەنجامداوە .
– یەکەمین مونازەرەی سیاسی و فکری ساڵی ( ١٩٩٥) لەگەڵ نەیاری ئایدیۆلۆژی سازداوە.
– لەساڵی 1996، سەرپەرشتیاری ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە.
– سەرنووسەری گۆڤاری وەرزی (مەدەنیەت) لەساڵی ( ١٩٩٨) .
– سەرنووسەری هەفتەنامەی (چاودێر) لە ساڵی ( ٢٠٠٤).
* دوا ئەرکی ڕوناکبیریی: سەرپەرشتیارو دامەزرێنەرى (پلاتفۆرمى دابڕان) و (فێمینیستى ڕۆشنگەری)یە.



تیشک:
سپاس بۆ ئەم دەرفەتە، وەکوو دەستپێکێک، مەلابەختیار چۆن خۆی ئەناسێنێت؟ لە قۆناغی ئێستای تەمەنیا ، بە گوێرەی بیروباوەڕەکانی، بۆچوونەکانی، دنیا چۆن ئەبینێت؟ وەکوو جاران ئەیبینێت یان بەشێوەیەکی دیکە بیر دەکاتەوە؟

مەلا بەختیار: نا، بێگومان وەکوو جاران نایبینم، بەڵام بەتەواوەتی لە جاران دانەبڕاوین، ئێستامان درێژەکێشاوی هەمان خەونەکانی ڕابردوومانە، ئایندەشمان لەسەر ئێستا ئەگەر باش بیر بکەینەوە بنیاد دەنێین، دنیا گۆڕاوە و ناکرێ ئێمە نەگوڕابین، پێموابێ لە هەندێ ڕێچکەیا بەردەوامین و لە هەندێ ڕێچکەیا تووشی ڕاچڵەکین بووین.
ئەوەی نەدەبوو ڕوو بدات ڕووی دا و ئەوەی دەبوو ڕوو بدات ڕووی نەدا، یان ئەوەی نەدەبوو بیکەین کردمان ئەوەی دەبوو بیکەین نەمانکرد، ئێستا لە بگرەوبەردەیەکی ئاوا داین.
من خۆم لەوەدا دەدۆزمەوە کە هەر خەوە شۆڕشگێڕ و دێموکرات و دادپەوەرییەکەیە، بەڵام زەمان و زەمینەکەی لە لای من گۆڕاوە.



تیشک:
بارودۆخی ئێستای باشوور هەست ئەکەی لە کەسێک ئەچێ هەناسەی سوار بووە و پشوو درێژیی نەماوە، بەجۆرێک ڕاڕایی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری هەیە لەم وڵاتە بەگشتی هەست ئەکەی ئینسانی کورد ورد بووە لە ناوەوە ڕووخاوە، چی وای کردووە ئەو بنبەستە سیاسییە دروست ببێ و بەهەرحاڵ سیاسەت بگاتە ئاستێک کە خەڵک هیچ ئینتیمایەکی بۆ هیچ شتێک نەماوە؟ لانیکەم ڕواڵەتەکە وا نیشان دەدات.

مەلا بەختیار: وەڵا ئاوای دەبینم دوو هەفتە لەمەوبەر لەسەر تەلەفزیۆن لە بەرنامەی کرانەوە وتم لە ٩٣،٩٤ـەوە پرۆژەیەکی جوان لە مێشکی سەرکردایەتی سیاسی کورد لە باشوور نەماوە، ئەوەی بوو بەناوی ڕێفڕاندۆم کردمان بەدەر لەوەی ناچمە ناو وردەکارییەکەی، تەوقیتەکەی هەڵەیە، پیلانەکەچەند گەورە بوو لەسەرمان، چۆن نەبوو، نەیتوانی ئەو خەوە جوانە بە دی بێنێ کە درێژەکێشانی ڕاپەڕینی بەردەوام بێت، ئێستا، ئەمڕۆ ڕۆژی یادی ڕاپەڕینە لە ڕانیە، ٣٠ ساڵی ڕەبەقە ڕاپەڕینمان کردووە . بە ٣٠ ساڵ سەنگاپوور بوو بە یەکێک لە پێشکەوتووترین وڵاتەکانی دنیا، رێک بە ٣٠ ساڵ، یانی ٦٥ دەستیان پێکرد لە ٩٥ تۆپ، سەرکەوتوو بوو.
ئیسە جەنابت لە من ئەپرسی مرۆڤی کورد داڕزاوە، یانی لە دوای ٣٠ ساڵ دوای ڕاپەرین، لە یادی ڕاپەڕینا بە من ئەڵێی مرۆڤی کورد داڕزیوە، مەعنای ئەوەتە هەموو ئەو خەونە جوانانەی لە ڕاپەڕین و پێش ڕاپەڕینا بوو ئەو خەونە جوانانە نەهاتوونەتە دی، بۆیە وامان بەسەر هاتووە، بۆیە وای لێهاتووە.
لە ڕاستییا بە ڕۆشنی ئەیڵێم، نامەوێ هیچ بشارمەوە، قەیرانی عەقڵی سەرکردایەتی سیاسیی کوردە، ئەوە قەیرانێکی گەورەیە، ڕاستە لە چاو ٢٠٠ سالی ڕابردوو ئێمە شکستی بەرەو هەرەسمان نەخواردووە، ڕاستە ئەوە شانازییەکی گەورەیە نە لەکاتی خەباتی چەکداری نە دوای ڕاپەڕین .
بەڵام بە دیوەکەی ترا بەدینەهێنانی ئاواتە بنەڕەتیەکانی ٣٠ ساڵی دوای ڕاپەرین، خۆی لە خۆیدا نائومیدییەکی گەورەی دروست کردووە، ئەم قەیرانە، قەیرانی نەبوونی عەقڵێکی ستراتیژیی سەرکردایەتی سیاسی کورد لە هەموو جمگەکان و بوارەکاندا ڕەنگی داوەتەوە.
ئێمە بەکورتی عەقڵی تەسکی حیزبایەتیمان تێنەپەڕاندووە لەسەرکردایەتیی سیاسیی حیزبییەوە ، بۆ سەرکردایەتیی دەوڵەتمەدارییەکی هاوچەرخ.



تیشک:
بەهەرحاڵ ئەو کێشانەی ئێستا کۆمەڵگا پێوەی دەناڵێنێ بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەست دەکەی شتێک نەماوە شکڵ بدات بەڕای گشتی، تەقریبەن ئەو بۆمبارانەی زانیاری کە هەیە و ئەو بێ کۆنتڕۆڵەی کە بە سەر ئەفکاریشدا هەیە بەسەر ئێمەیشا هەیە وای کردووە کە ئەسڵەن خەڵک نەزانێت چ پێگەیەکی هەیە، تەقریبەن پێگەی کۆمەڵایەتی تێکچووە، شەخس و پێگەی کۆمەڵگاکە کە ڕووداوەکان ناخوێنێتەوە بەرەو کوێ دەچن، لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕاستی ڕای گشتی هەیە؟ لە کوردستانیشا جەنابت وەکوو سیاسییەک پێتان وایە ڕای گشتی هیچ کات سیاسەتی ناچار کردووە ڕێرەوی خۆی بگۆڕێت؟

مەلا بەختیار: باجارێ بەشێکی کەمی پرسیارەکەی پێشووت باشتر ڕوون بکەمەوە، ئەویش ئایا بەتەواوەتی مرۆڤی ئێمە داڕزاوە؟ بەتەواوەتی نائومێد بووە؟ نا، من وای نایبینم بە تەواوەتی داڕزابێت، ئەم وێستگانە، ئەم پێچاوپێچانە لە مێژووی جیهان و گەلاندا هەیە لە هەموو کۆمەڵەکانی دنیایە، بەڵام کاتییە، تەنانەت دەزانین لە هەموو بەشەکانی کوردستان کارەساتی زۆر زۆر گەورە بەسەر میللەتی کورددا هاتووە ، ئەو کاتەی کە قۆناغێ زۆر دواکەوتووتر و کەمترین کەرەستەکانی بەرەنگاری و خۆڕاگریش هەبووە، ئەو کاتە کورد بەتەواوەتی هەرەسی نەهێناوە، لە بەرانبەر کارەساتەکاندا، ئێستاش هەر وا ئەبێ. ڕووداوەکانی ئێستە لە باشوور، جیاوازە لەگەڵ ڕۆژهەڵات و باکوور و ڕۆژئاوا، بۆ نموونە: ئەم ناڕەزایی و داڕزانییەی کە ئێستا هەیە ، بەدبەختییەکەی لەوە دایە کە هۆیەکەی خۆمانین ، بەڵام ئەشی بینین لە سۆشیال میدیایە، لە نێو نووسەرانە، لەنێو هونەرمەندانە، لە نێو ڕای گشتی و شەقامی سیاسی تازەیا، لە جۆرێک لە خۆپیشاندانی سیاسی تەندرووستییا، نەک هەڵەکان ، ئەمانە ئەبینین لە نێو ژیانێکی تازەین. ئەمە، ڕای گشتییەکی تازە ئەخوڵقێنێ لە کوردستانا، ئەمە زۆر زۆر گرینگە، ئایندەیشی تیا بەدی دێت.



تیشک:
کاریگەریی لەسەر سیاسەت داناوە وەها کە سیاسییەکان ڕەفتاریان بگۆڕێت؟

مەلا بەختیار: بێگومان دایناوە، هەر بە دەلیلی ئەوەی لە هیچ هەڵبژاردنێکدا یەکیەتی و پارتی و هەموو حیزبەکان، هەرچێ هەوڵ ئەدەن ناتوانن لەسەدا پەنجای زیاتر دەنگەکان بێنن .ئەمە نەک کاریگەریی داناوە، بەڵکوو ترساندووشنی .



تیشک:
ڕای گشتییەک هەیە کە هەڵقوڵاوی کۆمەڵگا بێت نەک دەرخواردی درابێ؟

مەلا بەختیار: ئینجا ئەمە گرینگە، تەواوکەری وڵامەکەی تریشمە، ئەویش ئەوەیە لە وڵاتێکدا دەستاودەستکردنی دەسەڵات نەبێ، رای گشتییش نییە، دەسەڵات لە هەموو بژاردەیەکدا قۆرخ کراوە، ئەوە زۆر ناتەندروستە، ئەمە جۆرێک لە هەژەموونی حیزبگەراییە بەناوی دێموکراسی، ناڵێم دیکتاتۆرییە، دەڵێم حیزبگەراییە بەناوی دێموکراسییەوە، من دایمەن وتوومە دێموکراسی تەنیا لە هەڵبژاردنی چوارساڵ جارێکدا نایبینم. دێموکراسی چەمکێکی فراوانە ، دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی تیایە، بوونی ڕای گشتیی تیایە، ڕەخنەی تەندروستی تیایە، تەواوی ئازادییەکانی تیایە، خەباتی مەدەنی تیایە، قبووڵکردنی جیاوازییەکانی تیایە، دۆڕاندن قەبووڵ کردنی تیایە. دێموکراسی پرۆسەیەکی مێژوویی، و کولتوورێکی مێژوییە،کە ئەمە ئەم پرۆسە مێژووییە لە ناو دەسەڵاتا هەیە، بەڵام لە نێو ژیانی کۆمەڵایەتییا لاوازە جارێ .



تیشک:
لایەنێکی تر باس بکەین، پێش ئەوەی باسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین، بارودۆخی پارچەکانی تری کوردستان دیارن. نوێنەرایەتیی هێزە سیاسییەکان دیارن زۆنە سیاسییەکان دیارن،تاڕاددەیەک ئێمە سەیری جوگڕافیای کوردستان بکەین کۆمەڵێ زۆنی ناوخۆییشمان هەیە، ئەو زۆنە ناوخۆییانە هەرهێزێکی سیاسی نوێنەری زۆنێکی سیاسین، تەنانەت ئەو مودێلی حیزبە سیاسییەکانی کوردیش ئەوەندە دوور نییە لە یەکتر یانی ئەگەربە گشتی لە ڕووی ڕەفتاری سیاسییەوە سەیریان بکەین، ئایا ئێوە پێتانوایە ئەو بارودۆخەی لێرە ڕووی داوە لە نێو پارچەکانی دیکە بەو شێوەیە ڕوو بداتەوە؟ مەترسیی ئەوە هەیە ئەو ناسیۆنالیزمەی کورد پاشەکشە بکات لە پارچەکانی تریشدا ؟ پێتان وایە یەک عەقڵییەتە لە نێو حزبە سیاسییەکاندا یان جیاوازییەک دەبینن؟

مەل ابەختیار: دیارە جەنابت وەکوو ئەگەر پرسیار دەکەی، منیش بە ئەگەر وڵام دەدەمەوە ناتوانم بە یەقین قسە بکەم.
یەکەم ئێمە لە باشوور نەدەبوو وابین، دەبوو نموونەکەمان جوانتر بێ و زۆر باشتر و گونجاوتر بێ، لە گەڵ ئەوگۆڕانکارییانەی کە ئێستا پێیا تێ ئەپەڕین، یان با بڵێم : بە کورتی ئێمە کارلێکێکی تەواومان لەگەڵ گۆڕانکارییەکان نەکرد، کارلێکێکی ئۆرگانیکیمان نەکرد کە کاریگەریمان هەبێ و ڕووداو و گۆڕانکارییەکانیش لەسەرمان کاریگەرییان هەبێ، بەداخەوە ئەمە نەکراوە، نەک ئەمە نەکراوە، بەڵکوو بەدرێژایی مێژوو لەساڵی ٧٠ وە کە کۆمەڵەی ڕەنجدەران دائەمەزرێ، سیستەمی حیزبایەتیی بنەماڵە قەبووڵ ناکەین، ئێستە چەندین بنەماڵە لە نێو حیزبەکاندا دروست بوون، ئێستا پێوەندیی کۆمەڵایەتی لە پێوەندییەکی کۆمەڵایەتیی پێشکەوتووەوە،کە خەونمان بوو، بۆ پێوەندییەکی کۆمەڵایەتیی عەشایری گەڕاوەتەوە، لە زۆر جومگەیا گەڕاوەتەوە .
ئیستە لە هەندێ شوێنا ئەگەر عەشایەر لەگەڵتا نەبێ دەرناچی بۆ هەڵبژاردن، مەحاڵە دەربچی، پێوەندیی عەشیرەگەریمان وا لێکردووە .
لەهەندێ شوێنا زۆر بە ئاشکرا هەندێ لە کۆنە سەرۆک جاشەکان و عەشیرەتەیان خۆیان ئامادە کردووە کە هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی بێتە پێش, ئەوانیش وەک جاری جاران چەک هەڵبگرنەوە و ببنە هێزی داردەستی داگیرکەران، ئایا لە بەشەکانی کوردستان ئەمە ڕوو دەداتەوە یان نا؟ بەڕای من ئەمە بەستەیە بە چۆنییەتیی گۆڕانکاری لە بەشەکانی کوردستان، ئەگەر لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بە هێزی چەکداری, کە ئێستا لە بەشەکانی کوردستان هەیە بە زەبری هێزی چەکدار گۆڕانکاری ببێ و بە عەقڵییەتی هێزی چەکدار بگەڕێنەوە ئەمەی ئێمە لەو بەشانەی کوردستان دووبارە دەکەنەوە ئێوە.
ئەگەر بە وەرچەرخانێکی ڕاپەڕین و بە کاریگەریی سیاسەتی گلووبال و سوشیال میدیا و تەکنیک و ئابووریی ئەم سەردەمە گۆڕانکاریی لەو بەشانەی کوردستان ڕوو بدات بەشی زۆری ئەم تەجروبە شکستخواردووەی ئیمە دووبارە نابێتەوە.



تیشک:
ئەو بەستێنانەی سیاسەت گەمەیان تیا ئەکات بەگشتی، بەهەر حاڵ ئەو مەترسییەی جەنابت باسی دەکەی، ئێمەیش هەستی پێدەکەین، کێشەکە ئەو هەرێمە ناوخۆییانەن کە لە زەینی ئێمەدان، شتێک هەیە بەناوی دێگەڵەی زەینی. دێگەڵەی زەینی شتێکە لە نێو ئەحزابی کوردیدا بوونی هەیە. ئەو بەر یەککەوتنی مەڵبەندە نێوخۆییەکان ئەوەیکە مەترسی دروست دەکا لەنێو سیاسەتی کورددا بەرەوڕووبوونەوەی ئەو مەڵبەندە نێوخۆییانەیە، ئەوەیکە جوگرافیای کوردستان لە ڕووی مەڵبەندییەوە موزاییکێکی ڕێک نییە، موزاییکێکی شێواوە، یانی مەڵبەندە نێوخۆییەکان پاڵنەری کاراکتەرە سیاسییەکانن کە هەر کەسێک بچێتە مەڵبەندی خۆی کە ئەمە مەڵبەندی منە، بۆچی لە زەینی سیاسییەکانی کورددا ئەو مەڵبەندانە ئەوەندە زەق ئەبنەوە، دواتر لەو مەسەلە گشتییانەی کوردستان ئەبێتە هۆی ئەوەیکە ناوچەیی ڕەفتار دەکەن؟

مەلا بەختیار: لەبەر ئەوەی لە مێژوویا ئێمە وەرنەچەرخاوین، بۆ لە ئەورووپا ئەمە ڕوو نادا؟ لەبەر ئەوەی ئەوان وەرچەرخاون ، ئەوان لە کولتوور و نەریت و پێوەندیی سەدەکانی ناوەڕاست و سەدەی نوێ، و سەدەی ڕینیسانس، دوایە ڕۆشنگەریی، دوایە بۆ ڕیفۆرمی ئایینی، دوای ڕیفۆرمی ئایینی بۆ شۆڕشی پیشەسازی و دیموکراسی و دوای شۆڕشی دیموکراسی، بەرەو ڕەهەندەکانی مۆدێڕنیتە و هەندێ جاریش بۆ پۆست مۆدڕنیتەیش ئەڕۆن، هەرچەند پۆست مۆدێڕنیتە سەرنەکەوت ، ئێمە لە کوێ وەرچەرخاوین؟ لە کوێ توانیومانە پێوەندیی کۆمەڵایەتیمان بگۆڕین ؟نەریتمان بگۆڕین، پرسیار جارێ لەنێو ئێمە قەدەغەیە ، هێشتا پرسیارە باوەکان ئەکەین ئێمە، پرسیاری ناباو قەدەغەیە لە ناو ئێمە، ڕەخنە قەدەغەیە هەمووی قەدەغەیە لە ناو ئێمە. هەژەمۆنی سەدەکانی نێوەڕاست ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەبیر کردنەوەی سیاسیی ئێمەدا زاڵە، کام سەرکردە زۆر خۆی بە مۆدێڕن ئەزانێ کۆمەڵێک لە ڕەفتاری ناو بنەماڵەکەی، ناو حیزبەکەی، ناو دەوروبەرەکەی ببینە، ڕەفتاری سەدەکانی ناوەڕاستە، بۆیە هەتا کۆمەڵەکەمان وەرنەچەرخێ ، وەرچەرخانی ناو خۆیی وەکوو پرۆسەکانی ئەورووپا، ڕۆژاوا ئەوە کۆتایی هاتووە .
ئێمە تەنانەت ئەتوانین پشت ببەستین بەو گۆڕانکاریانەی لەسەردەم و لە شۆڕشی زانیاری و خێراییا ،ئێستا ڕووبەڕوومان بووەتەوە، لەمەیا قەرەبووی ڕوونەدانی وەرچەرخانەکانی مێژوو مەگەر بکەینەوە، وەکوو ناو خۆی خۆمان گۆڕانکاری ڕیشەییمان لە دەست داوە، ئەو کاروانەی مێژوویەی لەدەستمان چوو ئەگەر دەسەڵاتیش لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بێتە دی، ئەگەر وەکوو ئەمەی ئێمە بیکەن، سەردەمەکەیش لە دەست دەدەن. ئیمە نەمانتوانی دەرفەتەکانی ئەم سەردەمەش بۆ قەرەبووکردنەوەی لە دەستچووەکانی ڕابردوو، بۆ وەرچەرخان بقۆزینەوە.



تیشک:
دیارە ساڵی ٢٠١٣ لە وتووێژێکدا دەڵێن کە ئەگەر یەکێتیی یەک کورسییش بەدەست بێنێ هەر یەکێتیی‌یە، ئەمە پرەنسیپی هەڵبژاردنە؟

مەلا بەختیار: نا، ئەوە هەڵە تێگەیشتن بوو لە قسەکەم، ئیسەیش ئەیڵیم هەتا کولتووری هێزی چەکدار زاڵ بێ لە ناو ئەم دوو حیزبانە، کورسی بهێنن و نەیهێنن دەسەڵاتەکە هەر قۆرغ ئەکەن، هەتا کولتووری سیاسیی هێزی چەکدار لە نێو ئێمەدا زاڵ بێ.
من لە ئێوە دەپرسم، کۆمەڵە و دێموکرات هەبوو لە بەشی زۆری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دێموکرات بە هەڵبژاردن نەیبردەوە؟ کۆمەڵەش لەو لاوە هێزی چەکداری هەبوو، لەو شوێنانەی هێزی چەکداری کۆمەڵە بوو دەسەڵات هەر بەدەست هێزی چەکداری کۆمەڵەوە بوو ئەگەر دیموکرات زۆرترین دەنگیشی بردبێ، وایە؟ با لەمە نەپەڕینەوە، ئێستا بەقەد ئەوەی یەکێتی دەنگی هێناوە لە بادینان و لە هەولێر، لە ئەنجومەنی شارەوانییەکان، دەسەڵاتمان هەیە لە ئەنجومەنی شارەوانییەکانی یەکێتی؟ نا، بەقەد ئەوەی پارتی دەنگی هێناوە لە سلێمانی ولە ناوچەکانی تر،. دەسەڵاتی هەیە؟ نا، بۆ؟ لێرە هێزی چەکداری ئێمە زاڵە لەو لاش هێزی چەکداری پارتی زاڵە .



تیشک:
یانی مەلا بەختیار پێیوایە هێزی چەکدار بەدیلێکە بۆڕای گشتی؟

مەلا بەختیار: بەدیل نا ،هێزی چەکدار تا ئێستاش ئەسەپێندرێتە سەر ڕای گشتی .



تیشک:
مەلا بەختیار ئەم ساڵانە لانیکەم لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام باس لە دابڕان دەکا، باس لە داڕزان دەکا، لە ڕۆشنگەرییا بۆ خۆشت قەبووڵتە کە یەکەم ئایا بەشێکی لەو واقعە ناو ناوە حیزبگەرایی؟ بە پلەیەک کەمتر لە دیکتاتۆری؟ بۆخۆت ئێستا دابڕاوی لەو واقعە یان بۆخۆشت بەشێکی لە حیزبگەرایی؟

مەلا بەختیار: جوانە، ساڵی ٩٢ کە یەکەم هەڵبژاردن کرا لە کوردستان، من وتارێکم لە کوردستانی نوێدا دابڵاوکردەوە بۆ ڕابەر هەڵبژاردن بوو، چوار کەس کاندید بوون ئەو کاتە: کاک مەسعود، مام جەلال، شیخ عوسمان لە گەڵ دکتور مەحموود، من وتارێکم نووسی ئەڵێم گرینگ ئەوەیە کە مام جەلال و کاک مەسعود ئەوەی کە ئەدۆڕێنی ڕابەرایەتی ئەویتر قەبووڵ بکا، گرینگ ئەوە نییە کە ئێستا ئەم هەڵبژاردنە هەیە من ٩٢ ئەم قسەیەم نووسیبوو لە کوردستانی نوێشدا بلاو بووەوە، لەسەدا سەد بڕوام بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات هەیە، بەهەموو کەموکۆڕییەکانی ئێستاش ئەبێ تاقی کەینەوە، زۆریش دژی ئەوەم بەهۆی هێزی چەکدارەوە هێژێموونگەرایی حیزبایەتی بە نیمچە دیکتاتۆرییەت بیسەپێنین، چوونکە ئەنجامەکەی ڕوونە، وەکوو ئێستا ئەبێ کە ئەیبینین، بەڵام ئایا ئەم خۆشباوەڕییەی من، ئەم دیدەی من لە فۆرمی ئێستای سیاسەتی کوردستان دێتە دی؟ بە قورسی دەبینم.



تیشک:
یەکێ لەو مەسەلانەی کە جەنابت بەردەوام بە مەترسیی دەزانی ئیسلامی سیاسییە، بەهەر حاڵ ئێمە هەست دەکەین لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەک کەمتر یان زۆرتر بڵاو بۆتەوە، پێتان وانییە باشوور دەسەڵاتێکی ئیسلامی یان دەوڵەتێک بە ئیسلامییەکان قەرزدارە؟

مەلا بەختیار: بۆ پێچەوانەکەی ناڵێێ؟ عیلمانی بوونێ قەرزارین، چوونکە هەموومان موسوڵمانین.



تیشک: مەسەلەکە ئاوا باس دەکەین، هەست ناکەن ڕێکەوتنێکی نهێنی لە نێوان ئیسلامی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسیدا هەیە کە کۆمەڵیان بۆ ئەوان جێهێشتووە و سیاسەتیش بۆ ئەمان؟ یانی کۆمەڵگە دراوەتە دەست هێزە ئیسلامییەکان چوونکە هەست دەکەن فەزایەکی زۆر کراوەی بێ مانا هەیە بۆ ئەوان و سیاسەتیش لە ئاستێکدایە، وەکوو ڕێکەوتنێک کە لە میسر ڕووی دا؟

مەلا بەختیار: ڕێکەوتن نابینم، بەڵام هەر بەستەیە بەو قسەی پێشووم، وەرچەرخانەکە لەسەدەکانی نێوەڕاست ڕووی نەداوە، بۆیە لەڕووی بابەتییەوە هێزە سیاسییە دێموکراسییە شەرمنەکانی ئێستا ئەکەن بە دۆستی بابەتیی هێزە ئیسلامگەراکان لە فەلسەفەشدا، وەرنەچەرخاوین کاکە ئەو عەقڵییەتەمان تێنەپەڕاندووە هیچمان تێنەپەڕاندووە، جورئەتی ڕەخنەمان نییە تا ئێستا.



تیشک: هەست بەمەترسییەکە ناکەن ؟ بۆ نموونە ئێمە دەزانین بارودۆخەکە لەباری کۆمەڵایەتییەوە چۆنە بەڵام ئەم هێزە نەرمە، کە وەکوو هێزێکی نەرم ڕەفتار ئەکات ئیسلامی سیاسی لە ناکاو وەربچەرخێ بۆ هێزە سەختەکە و کارەسات ڕوو بدات، چوونکە بەهەر حاڵ کاتێک بەستێنی کۆمەڵایەتییان ئامادە کرد ئەو کاتە پێموانییە هێزی چەکداریش بتوانێ بەرگەیان بگرێ؟

مەلا بەختیار: وەکوو ئەگەرێک ئەبێ حیسابی بۆ بکەیت، بەڵام من دۆخی کوردستان وا نابینم کە کوت و مت ئەوە بەدی بێ کە جەنابت دەیڵێی، یان وەکوو میسری لێبێ، دۆخی کوردستان وا نابینم، چوونکە هەڵبژاردنەکانی رابردوو ئەگەر ئەو حیزب و ئەم حیزب دەسکاریی ئەنجامی هەڵبژاردنی کردبێ، خۆ کەس ڕێگەی نەگرتووە هاووڵاتی کورد دەنگ بە هێزە ئیسلامییەکان بدا، ئەوان بە کاملی بە ئازادی خۆیان دەنگەکانی خۆیان کۆکردۆتەوە هەر هێندەشیان کۆ کردۆتەوە، بزووتنەوەی ڕزگاریی نەتەوەیی کوردستان تاڕادەیەکیش وابەستە بە دیموکراسی زاڵترە لە وڵاتی ئێمە بە هەموو بەشەکانییەوە. ئاڵتێرناتیڤەکەی هێزێکی ئیسلامگەرا نییە، مێژووی ئیمە شانازییەکی گەورەی تیا نییە لەڕووی سیاسییەوە بۆ ئیسلامییەکان، هەتا پشتی پێ ببەستن و بتوانن ببن بە ئالتێرناتیڤی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی، هیچ شانازییەکی تیا نییە بەڵکوو تا ئێستا مێژوو وەکوو خۆی نەنووسراوەتەوە ،ئەگینا قەڵەمڕەوەکانی ئیسلامی ئەوەی بەسەر کوردیان هێناوە، قەت داگیرکەرانی‌تر لەوە زیاتریان بەسەر کورد نەهێناوە، دەسەڵاتی دەرەبەگایەتیمان بەدەستی ئیسلامییەکان تیا چووە، دەسەڵاتی میرنشینەکەمان بە دەستی ئەوان تیا چووە، هەموو ڕاپەڕینەکانمان لە دوای میرنشینەکان بە دەستی دەسەڵاتە ئیسلامگەراکانی شیعە و سوننە تیا چووە، بچووکترین ناوکی خەباتی نەتەوایەتییان لەم کوردستانا نەهێشتووە، ئیسە چەندین دکتۆرا لەسەر ئەوە هەیە یەک و دووش نییە، سەلمێندراوە کە قەلەمڕەوەکانی عوسمانی و سەفەوی چییان لە ڕۆژهەڵات و باقی بەشەکانی دیکەی کوردستان کردووە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە درێژایی مێژوو بە دەست سەفەوییەکان و قاجارییەکان و شاهەنشاهییەکان بووە، لە درێژایی میژووش سێ بەشەکەی دیکەی کوردستان بەدەست عوسمانییەکان بووە، دە فەرموو نووزەیەکی ئازادیم بۆ بدۆزەرەوە لە ناو مێژوودا، تەنیا یەک نووزەی ئازادیم بۆ بدۆزەوە، نووزەی تیا نییە، دەی باشە ئەمانە هێزە ئیسلامگەراکانی هەموو بەشەکانی کوردستان دێن چی لە مێژوو هەڵ ئەگۆزن، چی ئەدۆزنەوە بۆ ئەوەی بڵێن کورد وەرن نموونەیەکمان هەیە کە لەسەردەمی فڵان و فڵان خەلیفە ئاوا مافی کورد دراوە بۆ ئەوەی کە کورد لە دەوریان کۆ ببێتەوە.
بە درێژایی مێژوو هیچ داگیرکەرێک ئایینی قەدەغە نەکردووە، نوێژی قەدەغە نەکردووە، خراپترین داگیرکەر باشترین ئازادی بە مەسەلەی ڕۆحییەکان داوە بەدرێژایی مێژوو، هەر ئەوە لە بەرژەوەندییان بووە کە ئازادی بە مەسەلە ڕۆحییەکان بدەن، بەڵام باشترین داگیرکەر بچووکترین ئازادی بە مەسەلە نەتەوەییەکان نەداوە.



تیشک:
ئەوەی کە ئێستا لە باشووردا هەیە وەک ئەزموونێک بووە، وەکوو ئەزموون بەڵام کرچ و کاڵ نییە، بەڵام ئەزموونێکی ناخۆشە، ئەوەی کە ئێستا هەیە ئانارشییە؟ ڕزگارییە، ئازادییە؟ ئەوەی کە ئێستا لە باشوور دەگوزەرێ کام لەم چەمکانە ئەگرێتەوە؟ لە توێی قسەکانی جەنابتا من وا تێگەیشتم کە مەلا بەختیار پێی وایە باشوور کۆمەڵگایەکی موسوڵمانە، کۆمەڵگایەکی ئیسلامی نییە وەکوو ئایدۆلۆژی، وایە؟

مەلا بەختیار: بەڵێ وایە



تیشک:
ئەوەی ئێستا لێرە هەیە وەکوو ئەزموون مەلا بەختیار پێی وایە چییە؟ ڕزگارییە، ئازادییە، ئانارشیزمە، سیستەمە، عەشیرەیە، حیزبایەتییە، چییە؟

مەلا بەختیار: بەشێکی ئەو پرسیارەم وڵام داوەتەوە، بەڵام ئێستا لە چیداین؟ لە دوای ڕاپەڕینەوە لە قۆناغی گوزەری دێموکراسییان، گرینگە ئەم چەمکە ڕوون بکەمەوە، تیۆریسییەنەکان لە دنیایا ٣ خانەیان بۆ قۆناغی گوزەری دیموکراسی داناوە، خانەی ڕەش کە هی سەردەمی سەدەکانی نێوەڕاست و داگیرکارییە، دیکتاتۆرییەتە، خانەی خۆڵەمێشی کە قۆناغی گوزەرە لە تاریکییەوە بۆ سەرکەوتن بۆ دیموکراسی بەڵام ئەچێتە خانەی خۆڵەمێشییەکە، خانەی سپی، کە لە خانەی خۆڵەمێشییەکە دەرباز ئەبێ دیارە دەبێ بە سەرکەوتوویی لێی دەرباز بی، لە باشووری کوردستان لەم خانە خۆڵەمێشییا بە تەواوەتی نەمانتوانیوە لە خانە ڕەشەکە ڕزگارمان بێ و هێشتا پێمان نەخستووە سەرەتاکانی خاڵە سپییەکە، کە دڵنیابوونە لە سەقامگیریی دیموکراسی، دڵنیا بوونە لە دادپەروەری، دڵنیا بوونە لە سەروەریی یاسا، لە ڕێساکان، لە کولتوورێکی تازەتر . لەم قۆناغە گیرمان خوارد و تووشی ئیشکالییەتی گەورەی شەڕی ناوخۆ و شکستی پرۆژەی ئابووری بووین، ئەمە بێگومان ئانارشیزمیش دێنێتە پێشەوە، ڕەشبینی دێنێتە پێشەوە، لێکەوتەی جۆراوجۆر دێنێتە پێشەوە بەڵام قۆناغەکە لە ڕووی بابەتییەوە هێشتا قۆناغی گوزەری دیموکراسییە، هەر ئەمە بووە لە دنیایا، شەڕی ناوخۆ لە قۆناغی گوزەر لە عالەما بووە، هەڵگەڕانەوە بووە، فاشیزم هاتووەتە کایەوە، دین هاتووەتە کایەوە، مەزهەب هاتووەتە کایەوە، عەشایەر هاتووەتە کایەوە، هەڵگەڕانەوەی ناوچەکان هاتووەتە کایەوە، دەستێوەردانی ئیقلیمی هاتووەتە کایەوە. ئەمە لە هەموو ئەزموونە دیموکراسییەکانی دنیادا بووە، ناپلئۆنیان کرد بە مەلیک، ناپێلئۆن ئامر لیوایەک بوو لە کۆشکی مەلیکی جاران لە شەڕێکەوە بوو بە ناپێلئۆن و دوایە خۆی کرد بە مەلیک، لە قۆناغی گوزەری دیموکراسیی فەڕەنسا ئەمە ڕووی دا، ئیسپانیا چی بەسەر هات لە قۆناغی گوزەرا؟ دوایی هەتا جەنگی دووەم فەرانکۆییەکان و کۆمارییەکان چییان نەکرد بەیەک؟ ئیتاڵیا چی بەسەر نەهات؟ ئاڵمان چی بەسەر نەهات؟ ئەمریکا چی بەسەر نەهات؟ کۆنگریسی ئەمریکی سووتا لە قۆناغی گوزەری دیموکراسییا؟ یانی ئەمریکا باشترین بڕیاری دا کە کۆیلەیەتی نەهێڵێ، کە چی بوو بەشەڕی نێوخۆ.
ئەم کێشانە ئەبێ تێیبگەین، بەڵام ئەبێ تێگەیشتنەکە بەپێی پرۆژەیەکی ستراتیژی بێ بۆ تێپەڕینی قۆناغی گوزەرەکە.



تیشک:
سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کورستان، ئێوە لە وتووێژێکدا ئەڵێن شۆڕش ڕاوەستاوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان [مەلا بەختیار: وتم پاشەکشەی کردووە،

قسەکانم لەبیرە و ڕەخنەکەیشتم لەبیرە] شۆڕش چییە؟ بریتییە لە چی و شێوەی پاشەکشەکەی چۆن ئەبینن؟

مەلا بەختیار: با ئەمە تۆزێک ڕوون بکەمەوە، هەر بەشێکی کوردستان خەسڵەتی خۆی هەیە، من لێت ناشارمەوە لە ئەنفالەکانەوە گەیشتوومەتە قەناعەت کە خەباتی چەکداری وەکوو ستراتیژی لە هەموو بەشەکانی کوردستان وەکوو جاران نەماوە، کە ئەڵێم لە ئەنفالەکانەوە مەبەستم لە دوای کۆتایی جەنگی ساردەوە، لە دوای هەرەسی سۆڤییەت، شۆرەویی و و ئەورووپای ڕۆژهەڵاتەوە، لە دوای ئەوە چین، ڕێچکەیەکیتری گرتە بەر و وازی هێنا لە پشتیوانیی هەر خەباتێک لە دنیا هەبێ وازی لێ هێناوە، لە میانمار کودەتا کراوە لەسەر جادەکان خەڵک ئەکوژرێ، دوێنێ ڕووسیە و چین هەر لەبەر ئەوەی ناکۆکن لەگەڵ ئەمریکا ڤیتۆیان بەکار هێناوە بۆ ئەوەیکە پرۆتیستی کۆدەتاچییەکان بکرێت، دنیا وای لێهاتووە، چین کۆمپانییەکی بچووک لە وڵاتێک بکاتەوە ناگوڕێ بە خەباتی ڕزگاری هیچ گەلێک لە دنیایا ئەمە دنیایە، بۆیە لای من ئەڵێم خەباتی چەکداری لە دوای جەنگی سارد بە ستراتیژیی ڕزگاریی گەلان نەماوە، ناڵێم بە تەواوەتی کۆتایی هاتووە، با ڕوون بێ لەلاتان، وەکوو یەکێک لە شێوەکانی خەبات بۆ قۆناغێ ئەمێنێ، بەکار دێ، ئەکرێ بخرێتە خزمەتی ستراتیژیی ڕاپەڕین و خەباتی مەدەنی. ئەمەیان لە جێی خۆی ئەبێ، من لەگەڵ هەرەس و ئاشبەتاڵ نیم بۆ هیچ بەشێکی کوردستان لە خەباتی چەکداری، بەڵام ئایا تاقە ڕێگای خەباتی ڕزگاریی گەلانی ژێردەستە، بە نەتەوەی کوردیشەوە تەنیا و تەنیا خەباتی چەکدارییە؟
ئایا خەباتی چەکداریی وەکوو ماوسێتۆنگ و گیڤارا و کاسترۆ و هۆشی مین و جەنڕاڵ جیاب وکاتی خۆی ڕێجێ دێبریە و ئەم تیۆریسییەنانە ئەیانوت، تاقە ڕێگای خەباتی ستراتیژیی گەلانی ڕزگاریخوازە، نەخێر، ئەمە لای من نەماوە، ئەکرێ خەباتی چەکداری بخرێتە خزمەتی ڕاپەڕین و خەباتی مەدەنی، ئەمانە ئەکرێ تەنها ئەوەندەی بەبەرەوە ماوە خەباتی چەکداری.
من لە ئێوە ئەپرسم پەکەکە جاران بڕبەنگت لێدایە ،ئەیوت لە چوار پارچەکەی کوردستان ڕزگارکردن بەملاوە، هەر چوار پارچەی بەیەکەوە تەقەڵ نەدەین قبووڵمان نییە، دەی ئیسە پەکەکە بە ئۆتۆنۆمییش ئەیژەنێ.
سەیرکە چی لێهات، ئەو خەباتە چەکدارییەی ئێوە کە نازانم ئەو کاتە تەمەنتان چەند بوو، من لە نێویاندا بووم لەگەڵ دانووستانەکانتان بووم .لەگەڵ مەرحووم قاسملوو و هەموو سەرکردەکانا بووم ئەو خەباتی چەکداری و هەزاران چەکدار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو جۆش و خرۆشە لەگەڵ ئێستا بەراورد بکەی، لەگەڵ ساڵی ٨١ و ٨٢ لەگەڵ شەڕەکانی بەراورد بکەیت، لەگەڵ هێزی پشتیوان لەگەڵتان بووین ئەگەر بەراوردی بکەیت لەگەڵ ئێستایا وەکوو یەکە؟ وەکوو یەک نییە، لە ٨٢ـەوە هەتا ئێستا سەرەتاکانی ٨٣ ـەوە تا ئێستا بۆ چل ساڵ ئەچێت پاشە کشەیە. خۆ کەس ناتوانێ بڵێ پاشەکشە نییە، ئیتر هۆکارەکانی چی بن یان چی نەبن، وازی لێ ئەهێنم وردی ناکەمەوە، بۆیە من پێموایە لە دنیای گۆڕاوا،ناکرێ خەباتی چەکداری نەگۆڕێ .



تیشک:
جگە لە لایەنی چەکداریی کاک بەختیار چۆن لە شۆڕش تێدەگات؟ پێیوایە شۆڕش دەبێ چۆن بێ؟ پێناسەی شۆڕش لە لای ئێوە چییە؟

مەلا بەختیار: پێناسەی شۆڕش بە چەمکە مارکسیستییەکە، یان زانستییەکە ئەوەیە پێوەندییەکانی بەرهەمهێنان کۆسپ ئەبێ لەبەردەم هێزی بەرهەمهێنان ئەو کاتە ئاڵتێرناتیڤی پێوەندییەکانی بەرهەمهێنان دروست ئەبێ، شۆڕش بەرپا ئەبێ یا لە شارەکان یا لە شاخەکان، ئەمە چەمکە زانستییەکەیەتی، بەڵام لە کوردستانا ئەم چەمکە، ئەم فۆرمە کوت و مت جێی نابێتەوە، هەمیشە پێوەندیی بەرهەمهێنان و هێزی بەرهەمهێنان لە ڕووی ئابوورییەوە بەدەست داگیرکەرانەوە بووە، مەسەلە نەتەوایەتییەکە زیاتر هاندەری ڕاپەڕینەکانی سەدەکانی ١٨ و ١٩ و ٢٠یش بووە لە هەموو بەشەکانی کوردستان بۆ ئەوەی کورد نەتوێتەوە خەباتی چەکداریمان کردووە، شۆڕشی ناو بووە، ڕاپەڕینی چەکداریمان ناو ناوە شۆڕش، تا ئیستەش هەر پێی ئەڵێن شۆڕش.
من ئەڵێم ئەمە کە شۆڕشە لە مێژووی ئێمەیا، لە دوای جەنگی سارد نابێ ستراتیژیی ڕزگاری بێ، من هەر ئەوەندە ئەڵێم، هیچی ترم نەوتووە، نابێ ستراتیژ بێ، ناڵێم کۆتایی پێ بێ، ناڵیم وازی لێبێنن، ئەڵێم نابێ تاقە ڕێگای خەباتی ستراتیژیمان بێ، ڕیگاکانی تر بگرینە بەر لەگەڵی .



تیشک:
ئێوە وەکوو حیزبێکی چەکدار ئیستاشی لەگەڵدا بێت، پێتان وایە لە باشوورا لە دوای قۆناغی ٩١ بەملاوە ئێوە لانیکەم بۆخۆتان پاشەکشەتان بە دیموکراسی کردووە؟

مەلا بەختیار: وتم ئێمە لە قۆناغی گوزەری دیموکراسی تووشی ئیشکالی گەورە هاتووین، شەڕی نێوخۆمان کرد، شکستی ئابووریمان هێناوە تا ڕادەیەک، ئیشکالی گەورە گەورەی سیاسیمان هەیە، چۆنییەتیی تیگەیشتنمان بۆ دیموکراسی، مەسەلەی مەدەنییەت و ڕۆشنگەری هەڵەی گەورە گەورەی تیایە.



تیشک:
چۆن ئەتانەوێ پاشەکشە بەو هێزی چەکدارە بکەن؟

مەلا بەختیار: بە کام هێز؟

ئەوەیکە ئێستا ڕێگرە لەبەردەم دیموکراسی؟
باشوور جیاوازە، باشوور هەرێمە، فیدراڵە، باشوور لە دەستووردایە، دەستوور دانی ناوە بە هێزەکەمان وەکوو بەشێک لە هێزەکانی عێراق، ئەبێ تەئمینی بکات، ئەبێ چەکداری بکات[ وەکوو عەقڵییەت؟] عەقڵییەت ئەمە شتێکی ترە، ئەم هێزە ئەبێ یەکگرتوو بێ، ئەبێ بچێتە چوارچێوەی یاسا، ئەبێ بچیتە چوارچێوەی دەستوور. لە کوردستاندا ئەبێ دەستوور بنووسرێت ئەوە جیاوازە لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان. ئێمە تازە توانیومانە بیگەیەنینە ئامانجێ لە ئامانجەکان، بەڵام نەمانتوانیوە ئامانجەکە لە دەستووری کوردستان باش فورموڵە بکەین و باشی بگونجێنین لەگەڵ ئەو دەسەڵاتانەی لە دەستووری عێراقدا بە ئێمە دراوە، ئەمە ئیشکالی گەورەیە بۆ ئێمە کە تیایا تا ئێستاش سەرکەوتوو نەبووین، تا دەستوور لە کوردستان دروست نەبێ، تا کێشەکانی بەینی هەرێم و بەغدا لە ڕووی دەستووریەوە چارەسەر نەبێ، ئەم هێژێموونییە چەکدارییە حیزبایەتییە لە کوردستاندا هەر دەمێنێ .



تیشک:
بە نیسبەت میدیاوە لە باشووری کوردستان ئێمە تا ئێستایش نازانین، زمانحاڵی حکوومەت کام میدیایە؟ دەزانین حکوومەتێک هەیە. بەس زمانحالی نازانین کێیە؟[ بەس وتە بێژەکەیەتی] نە تەلەفزیۆنی هەیە، ئێمەیش ئەزانین ئەو تەلەفزیۆنانەی کە ئێستا هەن جۆرێک لە بێ متمانەیی دروست بووە بە هۆی ئەو هەموو پارادۆکسی هەواڵ و شیکاری و ئەوانەوە، بارودۆخی میدیا چۆن ئەبینن لە باشوورا؟

مەلا بەختیار: وەکوو ئازادی، ئازادی هەیە لە میدیا، بیرمەندێکی ئێرانییە کە ناوەکەم بیر نەماوە، هاتە ئێرە وتی ئازادی و ماف لە میدیا زۆرە لە باشووری کوردستان، بەڵام ئەرکی تیا نییە، وەکوو ئازادی، ئازادی لە میدیا زۆرە، هەر گۆڤار و ڕۆژنامە و تەلەفزیۆنێک دەرئەکەی، ئەوەی داوای مۆڵەت بکا وەزارەتی ناوخۆ قەبووڵی ئەکا، دوای ئەوە دەتوانی دەریکەی، بەس بە شەرتێک تۆ وەزارەتی ڕۆشنبیریت ئاگادار کردبێ، بەڵام ئایا ئەم میدیایە میدیایەکە ئەچێتە خزمەتی ستراتیژیکی قۆناغی گوزەری دیموکراسی، بۆ سیستەمی دیموکراسی و چەسپاندنی دیموکراسی، بۆ ئەوەی کولتووری دیموکراسی بەشیوەیەکی سیستماتیک، لە ناو کۆمەڵ، لە زەینی خەڵک ،لە ناو ژنان بڵاو بێتەوە؟ نا، ئەو ستراتێژییە هاندەرێک نییە، یانی هەوێنێک نییە بۆ ئەو ستراتێژییە ڕاگەیاندنەی ئێستای کوردستان، بەڵکوو لە هەندێ بارەوە زەرەر ئەگەیەنێ .



تیشک:
ڕەنگە هۆکارەکەیش ئەوە بێ ئەوانیتر لە قۆناغی شۆڕشدان و لێرەش سیاسەتەکە زۆر پراگماتیستییە و سیاسەتەکە بە ڕۆژ ئەگۆڕدرێ. ڕەنگە ئێمەش لەوە تێبگەین کە بۆچی ئاوا سیاسەت ئەکرێ، هەرێمێکە چوار دەورەکەی ئاگرە .

مەلا بەختیار: گیڤارا کە چوو بۆ بۆلیڤیا، گیڤارا دووەم کەسایەتیی شۆڕشی کووبا نەبوو؟ و ئەوەیکە چوونەکەی بۆلیڤیا کارێکی زۆر گەورە و شۆڕشگێرانە و قارەمانانە بوو، ئایا کاسترۆ توانی ئەوەی بۆخۆی و بۆ کووبای ئەکرد بۆ گیڤارای بکات لە بۆلیڤیا؟ توانی هەر رزگاری بکات.
گیڤارا کە چوو بۆ ئوگاندا هێزی برد، پاشەکشەی کرد، کووبا توانی ئەوەی بۆ بکات کە لە کووبا بۆ خۆی ئەکرد؟ کاسترۆ توانی ئەوەی بۆ بکات کە بۆخۆی ئەکرد؟ ناکرێ. زۆر لە خەباتە چەکدارییەکان لە قۆناغەکانی هاوخەباتیش بوون بەڵام لە قۆناغێکی تر نەیانتوانیوە بابەتەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن، چوونکە کە دێیتە سەر دەسەڵات، ئێوەش هەر دێن ئیشەڵا ئەیشیبینی تاقیشی ئەکەیتەوە، تۆ کە هاتیتە سەر دەسەڵات ، دەسەڵات ئەپارێزیت ئەمە قاعیدەی هەموو دەسەڵاتێکی دنیایە، هەندێ شت لە دەست ئەدەیت، بەڵام دەسەڵاتەکە لەدەست نادەیت.


تیشک:
یانی بەو شێوە رەفتارەی کە ڕەنگە هێزەکانی دیکە بڕەنجێن بۆ نموونە رەخنەی هێزەکانی ڕۆژهەڵات یان لایەنەکانی تر کە هەیانە، هەندێ ڕووداو ڕوو ئەدەن کە بە زیانی ئەوانە، لاپەڕەی مێژوو هەڵنادەینەوە، ئەو کاتەیش ئێوە بە ڕەوای ئەزانن بەرانبەر بە هێزەکانی دیکە؟

مەلا بەختیار: ناڵێم بە ڕەوای دەزانم، بەڵام من بە قاعیدەی دەسەڵات قسەت لە گەڵ ئەکەم، یاسای دەسەڵات، حوکمەکانی دەسەڵات ڕوون ئەکەمەوە، حوکمەکانی دەسەڵات، پاراستنی دەسەڵات، ئەولەویەتی هەیە، پێش هەموو شتێکە، پێش پرەنسیپ و پێش دروشمە، ئەمە هەر وایە وا.


تیشک: ئیستا لەم باشوورە چەمکێک، بەهایەک بەناوی بەرژەوەندیی نەتەوەیی هەیە یان بەرژەوەندیی حیزبەکانە؟

مەلا بەختیار: هەیە، بەگشتی بەرژەوەندیی نەتەوەیی ناتوانین بڵێین فەرامۆشی بکەین بەڵام ئەم بەرژەوەندییە بە هەژەموونیی حیزبایەتی نوێنەرایەتی ئەکرێ.



تیشک:
یانی بەلای حیزبایەتیدا ناشکێتەوە، بەلای نەتەوایەتیدا ئەشکێتەوە؟

مەلا بەختیار: ناتوانم بڵێم بەلای نەتەوایەتی تەواو ئەشکێتەوە، ئەڵێم بەرژەوەندیی نەتەوایەتی هەیە، خەباتیشی بۆ ئەکرێ، قوربانیشی بۆ ئەدرێ، بەڵام لە ڕوانگەی تەسکی حیزبایەتییەوە خەباتی بۆ ئەکرێ.



تیشک:
شۆڕش، ئازادی، دیموکراسی، ئەو شتانەی جەنابت باسیان ئەکەی، لە باشوور ئایا ئیستا ئیدامەی هەیە یان ڕاوەستاوە؟

مەلا بەختیار: ئەمەی باشوور شۆڕش نییە، ئەمەی باشوور حوکمڕانییە، کاکە، [ شۆڕش مەبەستم خودی حوکمڕانییەکەش] ئەمە جێبەجێ کردنی ئەرکەکانی شۆڕشە لە ئیستایا، لە حوکمڕانییا، [ وەکوو ئەرکیش ئەو شتە بەڕێوە دەچیت؟] وتم لە قۆناغی گوزەری دیموکراسی تووشی ئیشکالی گەورە هاتووین، لە چوارچێوەیەکی دیاری کراوا وەستاوین، ئێستا خەوی گەورەمان لە ٩٤ـەوە نەماوە.



تیشک:
باسی ئەو هەوڵە فەرهەنگییانە بکەین، بەتایبەتی کە ئێوە فستیڤاڵی گەلاوێژتان هەیە، ئەوە هەر وا بەردەوامە و لە ناو ئەوەشا پلاتفۆرمی دابڕان هەیە (مەلا بەختیار: فستیواڵی سینەماش هەیە) لە یەک پرسیارا هەردووکی وڵام بدەنەوە. فستیڤاڵی گەلاوێژ جاران باشتر بوو، هەست ناکەن پاشەکشەیەک بە فستیڤاڵەکەوە دیارە و کوالێتی کارەکان دابەزیوە؟

مەلا بەختیار: فستیڤاڵ کاکە سامی سەرپەرشتی دەکات ئەمساڵ نەبێ بەهۆی کۆرۆناوە وامان بەسەر هات ئەگینا ئاخر فستیڤاڵ پێش کۆرۆنا لە فستیڤاڵەکانیتر گەشتر بوو، زۆر باشتر گەشەی کردبوو تەنها فەرقی ئەوەیە چڕمان کردووەتەوە، لە باتی ئەوەی ٦ ڕۆژ بێت کردوومانە بەچوار ڕۆژ هەر ئەوەندەیە، تۆزێ قەیرانی داراییش کاریگەریی هەبوو بەسەرمانەوە، ئەگینا لە چەشنایەتی فستیڤاڵا لە پرۆگرامی فستیڤاڵا کە شیعرو چیرۆک و ڕەخنە و هەڵسەنگاندنە، پرۆگرامەکەمان وەکوو خۆی هێشتوەتەوە، خەڵاتەکانمان وەکوو خۆی هێشتووەتەوە، کێبەرکێکەمان وەکوو خۆی هێشتووەتەوە و میوانەکانیشمان وەکوو خۆی هێشتووەتەوە.



تیشک:
بەشیکی زۆری بەشدارانی فستیڤاڵ قەڵەمی زۆر بەناوبانگ نین وەکوو جاران، قەڵەمە بەناوبانگەکان بەشداری فستیڤاڵ ناکەن ، هەموو جارێکیش دەموچاوێکی تازە ئەبینین ڕەنگە کەسانێک بن کە شایانی خەڵاتەکە نین؟

مەلا بەختیار: فستیڤاڵ بۆ قەڵەمە ناسراوەکان نییە، فستیڤاڵ بۆ قەڵەمە نەناسراوەکانە، فەلسەفەی فستیڤاڵ ئەوەیە قەڵەمی نوێمان ئەوێ نەک قەڵەمی کۆن، ئەوەیکە لە حەیاتی هیچی نەنووسیوە ئەمانەوێ ئەوە بهێنینە ناو کایەی ڕۆشنبیرییەوە، بۆیە تا ئیستا تەقریبەن ٢٥٠ قەڵەمی تازە لە شیعر و چیرۆک و لێکۆڵینەوە، بەهۆی فستیڤاڵەوە هاتوونەتە ناو کاروانی ڕووناکبیریی کوردییەوە. بۆ قەڵەمە کۆنەکان دیارە خۆیان پێیان جوان نییە بێنە گۆڕگۆڕێن لەگەڵ قەڵەمە تازەکان، پێیان وایە ئەگەر دەرنەچن شکستێکی گەورەیە.



تیشک:
یەکێک لە ڕەخنەکان ئەوەیە کە زۆرترین بەشدار بوو لەدەرەوە دێت و زۆر گرینگی بە فارسەکان و عەرەبەکان و ئەوانەی دەرەوە، تەقریبەن، قەڵەمی کورد یان بەشداربووی کورد زۆرجار پشتگوێ ئەخرێت لە سمینارەکان یان لە بابەتەکاندا؟

مەلا بەختیار: لەسەدا ١٠ی نییە ئەوانەی لەدەرەوە دێن، لەسەدا ٩٠ی کوردستانین .



تیشک:
حیزبایەتیش تەئسیری داناوە لەسەر فستیڤاڵەکە؟

مەلا بەختیار: ئەبەدەن، لە حەیاتی. هەتا جەنابی مام جەلال مابوو هەموو خەرجەکانی فستیڤاڵی ئەکرد، لەحەیاتی نەیپرسیوە کێ دەرەچی کێ دەرناچێ، لە ژیانیشیا فستیڤاڵ لە مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا باس نەکراوە، من هەر خۆم نەمبردووەتە مەکتەبی سیاسی یەکێتی تا قەزاوەتێکی تیا بکەن، دەستێکی تێوەربدەن، ئەبەدەن ئەبەدەن، ئیسەیش من خۆم ئەزانم لیژنەکانی فستیڤاڵ چۆن دائەنرێ، کێ ئەبەن هەتا ئەو دەقیقەیەی هەڵەسنە پشتی مایک ئەڵێن منم. کەمترین یەکێتی خەڵاتی وەرگرتووە بۆ ئاگاداریت.



تیشک:
یانی ئێوە ئاگاتان لە پێوەرەکان نییە؟

مەلا بەختیار: نا، ئەبەدەن. لیژنەکان بە نهێنی دائەمەزرێن، بابەتەکان بەنهێنی دێنە بەر دەستی لیژنەکان، ناوی هیچ نووسەرێک ناچیتە بەردەستی لیژنەکان، بە چاپکراوی ئەچێتە بەردەستیان، بەیەک فۆنتیش ئەچێتە بەردەستیان، کاتێک لیژنەکان هەڵسەنگاندنیان تەواو ئەبێ، کە ناوەکان ئەخوێندرێتەوە، ئەزانن کێ دەرچووە کێ دەرنەچووە.
پاکترین فستیڤاڵ لە مەنتەقەکە بۆ بە شایستەیی خەڵات بەخشین فستیڤاڵی گەلاوێژە، تا ئیستا کەس نەیتوانیوە عەیبێکی لی بگرێت.



تیشک:
یانی تا ئیستا بەشدار بووی لە پارچەکانی دیکەی کوردستان وەکوو جاران ماوە؟

مەلا بەختیار: بەڵێ، زۆر گەرمە. پارەکە زۆرترین خەڵاتی فستیڤاڵ بۆلێکۆڵینەوە، برادەرانی ڕۆژهەڵات بوو، لە کۆی ٦ لێکۆڵینەوە، ٤ لێکۆڵینەوەیان بردەوە .



تیشک:
پلاتفۆرمی دابڕان بە کوێ گەیشت؟

مەلا بەختیار: ئەمساڵ دوا کۆنفڕانسمان بە ئۆنلاین لە هۆڵێکی بچووکدا بەست، سەرکەوتوو بوو بەدەیان هەزار کەس سەیری کرد .



تیشک:
لە پلاتفۆرمی دابڕان، ئایا دابڕان لە شتێک هەیە بۆ شتێکیتر؟ خودی دابڕان چییە؟ دابڕان لە چی لە کێ؟

مەلا بەختیار: قەتیعەیە عەرەب ئەڵێ، دابڕانە لە هەموو نەریت و کولتوور و هەژەمۆنە سلبییەکانی ڕابردوو.
بۆ خۆشت دابڕاوی؟ بەڵێ ، زۆر
وەکوو چی؟ چۆن بزانین دابڕاوی؟
دابڕاوم لە پێوەندی عەشایری دابڕاوم، لە کولتووری خراپ دابڕاوم، لە نەبوونی ڕەخنە، دابڕاوم لە بێدەنگی. دابڕاوم لەوەیکە پاشکۆیەکی بێ رەخنە و بێ هەڵوێست و بێ بیری جیاواز بم، لە بیری حیزبایەتی لە ژیانی کۆمەڵایەتی، لە ژیان، دین و مەزهەب، لە هەمووی ئەمانە دابڕاوم.



تیشک:
ئایا وەکوو جاران چەپی؟ چ جۆرە چەپێکی؟

مەلا بەختیار: چەپێکی دیموکراتم بەڵێ خۆم بەچەپ ئەزانم، چەپی ئەم سەردەمە نەک چەپی ڕابردوو، چەپی تیۆری، باوەڕم بە دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا و ئەمانە هەر نەماوە و پێشم وانییە تەنیا متێع لە زێهنی مێژوویی، جاران کۆمۆنیست و مارکسیستەکان ئەیانوت بزوێنەری مێژوو بێت .



تیشک:
یانی ئیسە بڕواتان بەو ڕەخنانە هەیە کە ڕەحمەتی مەسعوود موحەممەد لەو چەپی کوردییە ئەگرت؟

مەلا بەختیار: بەڵێ هەندێکم باوەڕ پێیەتی
بۆ ئەوکاتە بڕواتان پێی نەبوو؟ نا، ٣ ساڵ لەمەوبەر نامەیەکم نووسی لە یادی مەسعوود موحەممەدا، نامەکە لە فستیڤاڵەکەیا خوێندرایەوە. ڕەخنەم لە خۆمان گرتووە، نووسیومە ئێمە هەڵە بووین، مەسعوود محەممەد ڕاست بوو.



تیشک:
پێشووتر چەپ لای یەکێتی ئایدۆلۆژیا بوو؟

مەلا بەختیار: کۆمەڵە لە ناو یەکێتی، بەڵام هێشتا هەر فەرقی بوو کۆمەڵەی ڕەنجدەران لەگەڵ کۆمەڵەی ئێران لە گەڵ پەکەکە جیاوازی بیرکردنەوەمان لەڕووی ئایدۆلۆژیاوە بوو، بە بزووتنەوەی نەتەوایەتی و ڕزگاری و ئەوانە زاڵ بوو بەسەر کۆمەڵەی ڕەنجدەرانا .



تیشک:
ئیستا ئەوەی کە ئەڵێن جاری جاران گوایە ئێستا ئەو شتە نەماوە، ئێستا وەکوو ئایدۆلۆژی نەماوە، ئیستا وەکوو تیۆری چۆن لە چەپ ئەڕوانن؟

مەلا بەختیار: من پێموایە یەک چەپ لە دنیایا نەماوە، یەک ڕاست نەماوە، کە ئەڵێی چەپ ئەبێ بپرسیت چەپی کام ڕاستیت، چوونکە چەندین چەپ هەیە و چەندین ڕاست هەیە.



تیشک:
بەڵام “ئانتۆنی گیدنز”ە وابزانم لە کتێبێکدا باسی چەپەکان ئەکات و ئەڵێ جاران چەپەکان ئەیانویست دنیا بگۆڕن، ئیستا ڕاستەکان ئەیانەوێ دنیا بگۆڕن، ئیستا ئەوەیکە دیفاع لە بارودۆخی ئەمری واقیع ئەکات چەپەکانن، زۆرتر تا ڕاستەکان ئیستا کۆنەپارێزەکان دەیانەوێ دنیا بگۆڕن؟

مەلا بەختیار: ئاخر قسەکەی من لەوەشەوە هاتووە، قسەکەی ئانتۆنی گیدنزم نەبیستووە چوونکە ئێمە کتێبی ئانتۆنی گیدنزمان ورگێڕاوەتەوە سەر کوردی ئەوە خەتی سێهەم، جەریانی سێهەمە ئەوە بەڵام ئەسڵی قسەکەی من ئەوەیە کە ئێستا لە ئەورووپا ڕاستڕەوەکان زۆر ڕیفۆرمخوازترن لە چاو سەد ساڵ لەمەوبەر، ساڵیکیان سوسیال دمکرات لە سوید دۆڕا لەبەر ئەوەی مۆدێرات لە سۆسیال دیموکرات زیاتر دیفاعی لە کرێکار ئەکرد، ئەو چەند ساڵە گۆڕانکاری زۆر لەسەر مەوقعەکان هاتووە بۆیە کە دەلێن چەپ، من ئەڵیم چەپی کام ڕاستی؟ ئەم زاراوە هین منە چەپی کام ڕاستی؟
ساڵی ٩٤ بوو لە سوید کۆڕێکم هەبوو، تازە ئاڵای شۆڕش لەگەڵ یەکێتی یەکمان گرتبوو، کۆڕێکی قەڕەباڵچ بوو، یەکێکی کۆنە ئاڵای شۆڕش لەخۆم هەڵسا ناوی ڕزگار بوو،ە وتی ئێمەی چەپ ئەم قسانەی تۆمان قەبووڵ نییە، وتم چەپی کام ڕاستی کاکە؟ وتی یانی جی؟ وتم کاکە ئێمە یەکێتی خۆمان بە چەپی پارتی ئەزانین، خۆمان بەچەپی ئیسلامی ئەزانین، خۆمان بەچەپی راستڕەوەکان ئەزانین، وتم تۆ چەپی کام ڕاستی خۆت ڕوون بکەرەوە تاوڵامت بدەمەوە .



تیشک:
شتێکی زۆر ڕوون، ڕەنگە ئەوە دوایین پرسیاری من بێ. ئێوە لە گەڵ ئەحزابی ئیسلامیدا بەتایبەت لە پلاتفۆرمی دابڕان، وابزانم ئەوان حەساسن بەو پلاتفۆرمە [بەڵێ زۆریش] ڕوانگەی ئەوان چۆنە بۆ ئەو پلاتفۆرمە؟ ئەوان چۆن ئەیبینن؟

مەلا بەختیار: ئەوان ئەم دروشمەی ئێمەیان قەبووڵ نییە، دین بۆ تاک و دیموکراسی بۆ هەمووان، ئەبەدەن ئەمەیان قەبووڵ نییە، ئێمە سوورین لەسەر ئەمە یانی لەم لاوە ئەڵێن ئایین بۆ تاک ئازادە، لە دیموکراسییەکەیش‌د اهەر ئازادە، ئەوان ئەڵێن نەخێر دەسەڵات هەر بۆ حیزبە ئیسلامییەکان و بۆ ئایینی ئیسلام ئەبێ، ئێمە ئەڵێین نەخێر ئایینی ئیسلام عیبادەتی شەخسی و ڕووحی بێ بۆ تاک و دەسەڵاتیش بۆ ئەرکە دنیاییەکان، وەکوو سیکۆلاریزم دین و دەسەڵات لەیەک جیا ئەکەینەوە ئەوە جیاوازییەکانمانە.


تیشک: دوایین قسەی کاک بەختیار بۆخوێنەرانی گۆڤاری تیشک بەتایبەتی کە لە ڕۆژهەڵاتا خوێنەری جیددی هەیە؟

مەلا بەختیار: هیوادارم کە تیشک، تیشکێکی تیۆری سیاسی، دیموکراسی، هاوچەرخ بێ، تۆزێک تێبینیم هەیە لەوەی کە زمانی داڕشتنتان زمانێکی ئاکادیمییە زۆرتر ئاکادیمی زاڵە بەسەریا، زۆر لەگەڵ ئەوەیا نیم ئەو جۆرە گۆڤارانە کوت ومت ڕەنگدانەوەی بڕیاری سیاسی سەرکردایەتی حیزبەکان بن، کراوەتر بن باشە، با کراوەتر بێ، بەکراوەیی ئەم گۆڤارانە جوانتر ئەبن، کاریگەرییان زیاتر ئەبێ لەسەر خوێنەر.


تیشک: ئەوە لەسەر تیشک بوو بۆ خوێنەری تیشک چیت هەیە؟

مەلا بەختیار: بەڕای من ئیستا خوێنەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆرە، خوێنەواری زۆرە نووسەری گەورەی زۆرە، ئەوەندەی من بیستوومە زیاتر لە ٢٥ هەزار ماستەر و دکتۆرا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، ئەمە لە گەڵ ساڵی ١٩٧٩ و ١٩٨٠ی زاینیی جیاوازییەکەی ئاسمان و رێسمانە . زۆر جیاوازە زۆر گۆڕاوە ئەمە یەک، ئەخوێنمەوە یانی ئیسە زمانی داڕشتن لە بەینی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانا جیاوازییەکانمان کەم ئەبێتەوە، یەک ئەدەبیاتە، ستانداردێ دروست ئەبێ لە ناومانا، ئەمە جێگای دڵخۆشییە، ڕەنگە ئەمە کاریگەرییەکەی تەلەفزیۆنەکان و ئەزموونی ئێمە بێ زیاتر، ئەمە ئاساییشە، خۆ لە ئەسڵا ئەم زمانەی ئێمە پێی ئەنووسین زمانی موکریانە، کە ناوی لێ نراوە سۆرانی بۆیە ئێوە ئەبێ ئەمە ڕەچاو بکەن، خوێنەواری زۆر گەورە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیا بووە نووسەری زۆر گەورە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیا بووە و جیاوازی زۆری هەیە لە بەینی بیرکردنەوەی بەشێکی زۆری ئەوانەی لە ڕۆژهەڵات لە شارەکان و لە زانکۆکان و لە پەیمانگاکان لەگەڵ هێزە سیاسییەکان کە ئیسە هێشتا ئۆردوگای چەکدارییان هەیە، هێشتا بیر لە ئایندەی چەکداری ئەکەنەوە، تیشک چۆن ئەتوانێ دەور ببینێ لەوەیکە پردێک بێ لە بەینی دیالۆگێکی لێک تێگەیشتن بۆ ئەم شکافەی کە دروست بووە؟ ئەمە گرینگە. هیوادارم توانیبێتم زۆر شت بڵیم کە نەوترابێ.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان