ئارامتر بخوێنەوە!

وتووێژ لەگەڵ

عەبباس وەلی

کورتە کارنامە
عەبباس وەلی خەڵکی مەهابادە، خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی لە شاری تەورێز تەواو کردووە، خوێندنی باڵای لە تاران درێژە پێ داوە و لەوێ لە ساڵی ١٣٥١/ ١٩٧٣ لە زانکۆی میللی تاران لە زانستی سیاسیدا پلەی لیسانسی وەرگرتووە.
دواتر بۆ خوێندنی بەرز چووەتە بریتانیا، لە ساڵی ١٣٥٥/ ١٩٧٦ لە زانکۆی کیل پلەی ماستەری لە بواری تیوریی سیاسیدا بە دەست هێنا و لێکۆڵینەوەکەی بۆ وەرگرتنی ئەو پلەیە بریتی بوو لە ” تێپەڕین بەرەو کاپیتالیزم لە بیرکردنەوەی سیاسیی ڕووسی لە نێوان ساڵانی ١٨٦١ – ١٩١٧ دا”.
عەبباس بە نووسینی لێکۆڵینەوەیەک بە ناوی:” زەوی، کار و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێرانی بەر لە سەرمایەداریدا”.خوێندنی دوکتورای خۆی لە بواری کۆمەڵناسیدا لە زانکۆی لەندەن تەواو کرد.
لە ساڵی ١٣٦٣/ ١٩٨٣ پلەی پی ئێچ دی پێ درا لە کۆمەڵناسیی مێژووییدا و بەدوای ئەوەدا دەستی کرد بە لێکۆڵینەوەی دوای دوکتۆرا لە زانکۆی لەندەن و لەسەر پڕۆژەیەک کاری کرد بە ناوی: ” دین و ڕووناکبیران لە شۆڕشی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩دا” ( ١٩٨٣- ١٩٨٥ )
وەلی لە ساڵی ١٩٨٦ لە زانکۆی وەیلز لەشاری سوانزی کاریێری ئاکادێمی خۆی دەست پێ کرد و لەوێ تیۆریی سیاسی و سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە دەرس دەگوتەوە بەر لەوەی بگوێزێتەوە بۆ هەولێر لە ساڵی ٢٠٠٥ و بە پێی داوخوازی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زانکۆیەکی نوێ دامەزرێنێت.
عەبباس وەلی بۆ ماوەی سێ ساڵ لە هەولێر سەرۆکی دامەزرێنەری زانکۆی کوردستان بوو. ئەو لە ساڵی ٢٠٠٨ لە بەر بۆچوونی جیاواز لەگەڵ حکوومەت سەبارەت بە بەڕێوەبردنی زانکۆکە هەولێری بەجێ هێشت.
عەبباس وەلی دوای هەولێر چووە ئەستەنبوڵ و لەوێ لە زانکۆی بۆغازیچی بوو بە سەرۆکی بەشی بیری مۆدێڕنی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە دیپارتمانی کۆمەڵناسیی ئەو زانکۆیەدا (٢٠٠٨ – ٢٠١٧ )
لە ناو نووسینەکانیدا دەکرێ ئاماژە بەم کتێبانە بکرێ:
ئێرانی بەر لە سەرمایەداری: مێژوویەکی تیۆری (وەشانخانەی I.B. Tauris ١٩٩٣)
هێندێک بابەت لە سەر بنچینەی ناسیۆنالیزمی کورد ( وەشانخانەی Mazda ٢٠٠٣ )
کوردەکان و دەوڵەت لە ئێران: ساز کردنی ناسێنەی کورد ( وەشانخانەی I.B.Tauris ٢٠١٢)
ساڵانی لە بیرکراوی ناسیۆنالیزمی کورد لە ئێران ( وەشانخانەی Palgrave-Macmillan ٢٠١٩)
عەبباس وەلی ئێستا نووسینی دوو کتێبی نوێی بە دەستەوەیە : دەسەڵات و خۆڕاگری لە کوردستان ( ساڵی ٢٠٢١ دەردەکەوێ) و جمهووریی زەبروزەنگ ( ساڵی ٢٠٢٢ بڵاو دەکرێتەوە)



تیشک: ئایا ئیمە شتێکمان بە ناو ناسنامەی ئێرانی هەیە؟ ئەگەر هەمانە، ئایا ئەو ناسنامە ئێرانییە ناسنامەیەکی مێژووییە، بەو شێوەیەی کە بەشێک لە لایەنگەرانی ئەو ناسنامەیە باسی لەسەر دەکەن؟

عەباس وەلی: بەڕای من ناسنامەی ئێرانی وەکوو سازەی وێژمانی، یانی شتێکە، کە لە گوتارێکدا دروست کراوە، هەیە، بەڵام ئایا ئەو سازە وێژمانییە ئاماژە بە ڕووداوێکی مێژوویی دەکات یان نا ئەوە پرسێکی دیکەیە. بە باوەڕی من ئەو جۆرەی کە دامەزرێنەران و ئەو کەسانەی کە ئەو سازەیەیان دروست کردووە، واتە کێشەی سەرەکییان ئەوەیە کە بێنن و ئەو مێژووەی کە ئەوان دەیڵێن ئەوە ئاماژەی پێ دەکا، ئەو مێژووەی کە لەو پرۆسەیەدا، ئەو هۆڤییەتی ئیرانییە دروست بوو، بەڕای من کێشەی بنەڕەتی لەوێدایە.
نەک هەر پرسی فاکتە مێژووییەکان یانی ئەوەی کە فاکتە مێژووییەکان ئەوەی نیشان نادا، لەسەر ئەویش نووسراوە بۆ نموونە، پرسی یەکگرتووییی ئێران وەکوو دەوڵەتێک، پرسی حاکمییەتی ئێران و تێکڕای ئەو خاک و ناوچانەی کە بانگەشەی کردووە، پرسی یەکیەتی و بەرفراوانیی بەکارهێنانی زمانی فارسی و هەروەتر پرسی مێژوویەک، لە ڕووی تیۆریکەوە کە بنەمایەکی هەیە و سەرچاوەیەکی یەکگرتوویی هەیە کە ٢٥٠٠ تا ٣٠٠٠ ساڵ لەوەوپێش دەستی پێ کردووە و بەشێوەی پرۆسەیەکی تۆکمە، لۆژیکی لەو ٢٥٠٠-٣٠٠٠ ساڵەدا بەردەوام بووە و هەموو بزاڤەکانی ئەو لە هەر قۆناخێکدا شێوەیەک خستنەڕووی ئەو ناسنامەیە بووە، کە لە سەرچاوەکەیدا بوونی هەیە. ئەو شێوە مێژووگەراییە که لە بنەڕەتدا هیچ بەرگیرییەکی لێ ناکرێ، هەڵبەت زۆر کەم بۆ نموونە تەماشا دەکەی نە تەنیا “ئێرانشەهرییەکان”، بۆ نموونە:”کاتووزیانە، ئەحمەدی ئەشرەفە” ئەوانە کە لە دەوروبەری “Encyclopedia” ئێرانیکان، ئەوانە هەموو باوەڕیان بەو هۆڤییەتە مێژووییە یەکگرتووەی ئێرانی هەیە، بەڵام ئەساسەن لە ڕووی تیۆریکەوە یان لە ڕووی فاکتی مێژووییەوە ئەو ڕوانگەیە ناتوانێ ببێ. جا بۆیە ئەگەر بڵین لە وڵامی پرسیارەکەی ئێوەدا ئایا وەها ناسنامەیەک هەیە؟ دەڵێم: بەڵێ لە گوتاردا ئەوە دروستیان کردووە، بۆیە ئەوە دەبێ. هەر ناسنامەیەک سازەی وێژمانی هەیە، بەڵام ئاخۆ ئەو سازە بنەمایەکی مێژوویی هەیە یان نە؟ ئەوە پرسێکی دیکەیە.
پرسێکی دیکەش کە من لێرە دەمەوێ لەڕاستیدا ئاڕاستەی بکەم، ئەوەیە کە بەشی زۆری ئەو تیۆریسیەنە فارسانە، هەڵبەت نابێ هەر فارس بن، تورکیش هەن، بۆ نموونە وەکوو تەباتەبایی کە ethnicity تورک ئازەرییە، من لێرە دەڵێم وەکوو ئەو تیۆریسیەنانەی ئێران بۆ نموونە، ئەوانە لە ڕووی تیۆریکەوە زۆر کارەکانیان لاوازە، لەو بابەتەوە لە زۆربەی ئەو شوێنانەش هەر لە بنەڕەتدا هەڵەیە، من خۆم سەبارەت بەم پرسە “پرۆسەی بەردەوامی مێژوویی” مشت و مڕم لەگەڵ کاتوزیان کردووە، کە چۆن شتێکی وا لە ڕووی تیۆریکەوە جێی ڕاڤە و شرۆڤەیە، هیچ وڵامێکی نەبووە. بەڵام سەبارەت بەوەی کە دەڵێم ئەوانە لە ڕووی تیۆریکەوە تووشی نەخوێندەوارییەکی گەورە بوون، ئەوانە وا دەزانن کە هۆڤییەت/ناسنامە شتێکە کە ئەگەر بە کەسێ کە هەستێکی سیاسی یان مێژوویی هەیە پێوە بنووسێنن، ئەوە دەبێ، بەڵام وا نییە. ناسنامە، ئیمە دەزانین هەمیشە سازەیەکە کە لەپێوەندی لەگەڵ جیاوازی (difference) ئاڕاستە دەکرێ، ئەویش نە جیاوازی لە (diffrenece from)، یانی جیاوازی ئەم ناسنامە لە ناسنامەی دیکە، نا، ئەوە حاڵەتێکی تایبەتیە، دێفرنس ئینە (difference in) یانی جیاوازی لە دەرووندا، یانی ئەگەر ئەوان بیانەوێ ناسنامەی ئێرانی بەشێوەیەکی مێژوویی بێ پسانەوە لە سێ هەزار ساڵدا پێناسە بکەن، دەبێ بڵێن ئەو جیاوازییە دەروونیانە، ئەو سازە تیۆریکە چ بووە، کە لە سێ هەزار ساڵدا هەبووە و هیچ کاتێکیش نەگۆڕدراوە، لە کاتێکدا ئێمە دەزانین سەردەمێ ئەوە قەبایلێکی دەرەوەی فەلاتی ئێران بوون، کە لەگەڵ ئێرانیەکانی ئەو کاتە کێشەیان هەبووە، پاشان ڕومییەکان و یونانییەکان بوون و دوایە عەرەبەکان بوون و دوایی ئەوە مەغولەکان بوون، ئێستەیش لە سەردەمی مودێڕنیتەدا ئەو پێکهاتە وەکوو structure کە شتێک بسەپێنێ ئەو ناسنامەکانی دیکە، کوردی، تورکی، ئازەری و بەلووچ ..هتد لە بنەمای خۆیدا ڕاگرتووە و خۆی لە پێوەندی لەگەڵ جیاوازییەکانی کە لە دەروونی خۆیدا هەیە، ئەوانەی زیندانی کردووە لەوێدا پێناسە دەکاتەوە.
ئەگەر ئەم پێناسە تیۆریکە لەم ناسنامەیە بگرین، قسەی ئەو کۆمەڵە ئێرانیانە لە بنەڕەتدا لە ڕووی تیۆرییەوە جێی بەرگری نییە و تەنیا بەڕای من ئەوە گوتارێکی ئیدئۆلۆژیک، گوتارێک لە پێوەندی لەگەڵ ناسیوناڵیزمی ئێرانیدا، گوتارێکە کە دەیەوێ بەشێوەیەک یانی چوارچێوەیەکی وێژمانی و تیۆریک بۆ ناسیوناڵیزمی ئێرانی لە ڕووی مێژووی سیاسییەوە دروست بکات. پێموایە ئەو سازەیە کە لە ڕووی وێژمانییەوە دروسیان کردووە ئەویش بەشێوەیەکی یەکلایەنانە لە ڕووی تیۆرییەوە بەتەواوی هەڵەیە، ئەوە نە بنەمای مێژوویی هەیە، نە پێوەندیی لۆژیکی و تیۆریک.



تیشک:
زۆرسپاس، هەر لە دڕێژەی ئەو بابەتەدا، ئەو گوتارە ئێرانییە کە پێداگرە لەسەر ناسنامەیەکی مێژوویی لە سێ قۆناغدا دژایەتیی ئەویدی بووە، قۆناغی یەکەم کە دەگەڕێتەوە لە سەردەمی مەشروتیەت، دژایەتیی عەرەب هاتە ناو ئەو گوتارەوە، لە قۆناغی پەهلەویدا دژایەتیی تورکیش زیاد کرایە سەر دژایەتیی عەرەب و لە بیست ساڵی داوییدا بەجۆریک دژایەتیی کوردیش هەیە لەنێو گوتارەکەیاندا. خاڵی گرینگی باسەکە لێرەدا ئەوەیە کە بەشێک لەو نەتەوەیانە، بەشێک لە نەتەوەی عەرەب، بەشێک لە نەتەوەی کورد و بەشێک لە نەتەوەی تورک لە جوغڕافیایەکدا دەژین کە ئەو جوغڕافیایە بە ئیددعای کەسانێک باس لەسەر گوتاری ئێرانی دەکەن، لەو جوغڕافیایە، کە جوغڕافیای ئەو گوتارەیە. ئەو دوو هۆڤییەتە چۆن کۆ دەکریتێتەوە، لە کاتێکدا من کوردم، هاوکات هەم مەترسییەکم بۆ گوتاری ئێرانی لە دیدی ئەوانەوە و هەم ئەوەیکە کە بەشێکیشم لەو گوتارە. ئەوە ئیوە چۆن تاوتۆی دەکەن؟ ئایا پارادۆکسێ نییە لە نێوان ئەو گوتارەدا؟

عەباس وەلی: نا، ئەو گوتارە دەبێ لە چوارچێوەی ناسیۆناڵیزمدا بیبینین، لە ناسیۆناڵیزمدا ئەتۆ وەکوو جیاوازییەک، یان ئازەرییەکان وەکوو جیاوازییەک، تورکەکان، عەرەبەکان وەکوو جیاوازییەک لە دەروونی خۆیدا هەیە، بۆیە ئەو جیاوازیەیە، کە ئەو ناسنامەیە پێناسە دەکات. بەڵام لە لایەکی دیکەوە کە تەماشای بکەی ئەوە ناچارە لە ڕووی ئەو سازە یانی ئەو ڕووکەشە دەرەکییەی ئەو سازە، یانی بە ئینگلیسی دەبێتە constitutive outside ، ئەو سازە لە چوارچێوەیەکی وێژمانی ناسیۆناڵیستیدا ناچارە هەم لە ڕووی وڵاتەوە، نیشتمانەوە، خاکەوە، و هەم لە ڕووی ناسنامەوە ئەوانە بێنێتە پاڵ خۆیەوە، بڵێ ئەوانە، یانی بەشێک لەوانە هەمیشە ئەمە بووە، واتە منی هۆڤییەت، منێکی کۆییە، بەڵام واوەتر لەوەی، کە ئەو گشتییە و کۆییە پێناسە دەکات، ناسنامەی خۆدی خۆمە، ئەوەی فارس و شیعەو ئەو جۆرە شتانە.



تیشک: ئێوە لە چاو پێکەوتێنیکتاندا کە ساڵی ٢٠١٨ کراوە، باسی ئەوە دەکەن کە کۆمار ئیسلامی لە قەیرانی مەشروعییەتدا پێی ناوەتە نێو قەیرانی حاکمییەت، مەبەست لە قەیرانی حاکمییەت چییە لێرەدا چییە؟

عەباس وەلی: پێش ئەوەی من وڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، پێویستە چەن پرسی تیۆریک ڕوون بکەمەوە، یەکەم: ئەوەیە کە لە ڕوانگەی منەوە قەیران چییە؟ بۆ باسی ئەوە دەکەم؟ ئەمن قەیران بە حاڵەتێکی نائاسایی (Abnormal) واقعیەت ناڵێم، من قەیران بە دۆخێکی نائاسایی دەسەڵاتی سیاسی دەڵێم. چون نۆرم و نۆرمالیتی بە ڕای من دەسەڵاتی سیاسی پێناسەی دەکات، بۆیە ئەوە پێوەندییەکی تایبەتی پێکدێنێ،کە ئێمە بە شێوەی ڕاستەقینەیەکی ئاسایی (Normal) دەیناسین.
دووهەم: من پرۆسەی گشتیی قەیران وەکوو ڕووداو نابینم، بەڵکوو قەیران وەکوو پرۆسەیەک دەبینم، ئەو پرۆسە لە گەشەدایە، لە دۆخی گۆڕاندایە، لە هەر دۆخ و هەر قۆناخێکدا تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بەڵام گەوهەری ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ پرسی پێوەندیی دەسەڵات لەگەڵ واقعیەتی سیاسی ڕۆژ.
ئەگەر لێرەدا بە ووردی سەرنجی ئەوە بدەی، من وتوومە کە ئێستە دۆخی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە قۆناخی قەیرانی شەرعییەتی و مەشروعییەت و ڕەوابوون تێپەریووە و بە سیستەمی دەسەڵاتداری (حاکمییەت) گەیشتووە، ئەوە بەو مانایەیە کە قەیران شتێکی پرۆسەیە، لە خاڵی یەکەمدا کە من ئاماژەم بە پرسی قەیرانی مەشروعییەت کرد، لێرەدا باسی ئەوە دەکەم، کە لە ڕوانگەی منەوە مەشروعییەت چییە؟ و چۆن تووشی قەیران دەبێ؟ ئەوە پێویستە شرۆڤەی بکەم، پاشان دیسان کە دەڵێم ئێستا قەیرانی حاکمییەتە، پێویستە بڵێم حاکمییەت بۆ لە قەیراندایە؟ بۆیە دوو پرس لێرەدا ئاڕاستە دەکەم، کە لەگەڵ پرسیارەکانی دیکەتان پێوەندیی هەیە.
مەشروعییەتی سیاسی چەمکێکە کە تاڕادەیەک هاوکات لەگەڵ مۆدێڕنیتە هاتووتە ئاڕاوە، پێشتر ئەو چەمکە لە وێژمانی سیاسی و فەلسەفەی سیاسیدا ئاماژەی پێ نەدەکرا، چ فەلسەفەی سیاسی کە لەژێر کاریگەریی ئایین و مەزهەبدا بوو، چ فەلسەفەی سیاسی کە دژ بە ئایین و مەزهەب بوو، ئەیویست جۆرێک بنەماکانی سکۆلاریزم بۆ خۆی پێناسە بکات. لە تیۆریی دیمۆکراتیکدا مەشرووعییەت بە قانوونی بوون دەزانن، بەو مانایە کە ئەو دەسەڵاتەی کە قانوون دروست دەکات، بنیاتنەری قانوونە و بۆ خۆشی لە خزمەت قانووندایە، هەتا کاتێ کە ئەو هاوکێشەیە دوو لایەنەکەی پێکدێ، ڕێژیمەکە ڕەوایە (مەشرووعە). تا کاتێ کە حاکمەکە حکوومەتەکە بەشێوەی مەشرووع قانوون دروست دەکات، ناچارە بۆ خۆشی بەپێی ئەو قانوونە هەڵسوکەوت بکات، ئەوە ئەو ڕێژیمە لە ڕووی قانوونییەوە، مەشرووعە. دیارە پێوەری ئەو کارەش کە ئایا تا چەند ئەو ڕێژیمە بە قانوون وەفادار ماوە یا نەماوە، ئەوە قانوونی بنەڕەتییە، کە لەوێدا حاکمییەت بەشێوەیەکی قانوونی، حقووقی پێناسە کراوە و لەوێدا ناسنامەی دەسەڵاتی سیاسی پێناسە کراوە، هەروەها سنووری دەسەڵاتی سیاسی و قووڵی و بەرفراوانی دەسەڵاتی سیاسی و کارکردن و کاریگەری دەسەڵاتی سیاسی لەوێدا نیشان دەدا. ئەوە پێناسەیەکە کە بە گشتی لە تیۆری دێموکراتیکدا باسی دەکەن، دەڵێن ئەگەر دەسەڵاتێک کە سیستەمێکی بنیاتنەری قانوونی دێموکراتیکە، ئەو سیستەمە دامەزرێنەری قانوونی دێموکراتیکە دێت قانوون دروست دەکات و دەسەڵاتی دامەزرێنەری قانوون بۆ خۆی لە خزمەت ئەو قانوونەیە کە دروستی دەکات و لێی لانادات، هەڵبەت ئەوە بۆ چرکەی تایبەتە، چرکەی تایبەتیش باس دەکەم کە مەبەست چییە. بەڵام پێناسەی دیکەش لە شەرعییەتی سیاسی هەیە ئەویش پێناسەیەکە، کە ماکس ڤێبەر(Max Weber) دەیهێنێتە ئاراوە، ئەو دەڵێ: “ئەو قسانە هیچیان دروست نین، لە هەقیقەتدا مەشروعییەتی سیاسی ئەوە نییە کە لە ڕاستیدا ڕێژیمێک ڕەایە یا ناڕەوایە”، دەبێژێ گرنگ ئەوەیە کە خەڵک باوەریان هەبێ کە ئەو ڕێژیمە مەشرووعە. لە ڕاستیدا ئەگەر ئەو ڕێژیمە مەشرووعە یا مەشرووع نییە، ئەوە هێندە شتێکی گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە کە خەڵک ئەو کەسانەی کە حکوومەتیان لەسەر دەکرێ، هەڵبەت ئەو ناڵێ خەڵک، دەڵێ ئەو کەسانەی کە حکوومەتیان لەسەر دەکرێ باوەڕیان هەبێ کە حاکمییەت کە فەرمانیان(command) پێ دەدات، ئەو فەرمانە ڕەوایە. ئەو فەرمانە، ئەو دەسەڵاتە مەشرووعە. ڕەوابوون و مەشروعییەتی دەسەڵات پێوەندی بە خودی دەسەڵاتەوە نییە لە ڕوانگەی ماکس ڤێبەرەوە (Max Weber)، بەڵکوو ڕەوابوونی دەسەڵات دەگەڕێتەوە بۆ خەڵک، یانی ئەو کەسانەی کە حکوومەتیان لەسەر دەکرێ، چەندە باوەڕیان هەیە کە ئەو دەسەڵاتە مەشرووعە. پێوەری ئەویش ئەوەیە کە ڕێژیمەکە ئایا سەقامگیرە یان ناسەقامگیر؟ دیسان ماکس ڤێبەر(Max Weber) دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە ئەو ڕێژیمە لە ڕاستیدا سەقامگیرە یان ناسەقامگیرە دیسان پرسێکی لاوەکییە، گرنگ ئەوەیە کە ئەو کەسانەی کە حکوومەتیان لەسەر دەکرێ باوەڕیان هەبێ کە ئەو ڕێژیمە سەقامگیرە، بەڵام زۆربەی تیۆریسیەنە سیاسیەکان بەتایبەت چەپەکان و دێموکراتەکان لەگەڵ ئەو بۆچوون و ڕەوابوونە نین، ئەوە جۆرێک بە پاساوی دیکتاتۆری دەزانن، بە پاساوی دەسەڵاتخوازیی دەزانن، بەڵام ماکس ڤێبەر(Max Weber) دەڵیێت پێتان خۆش بێ ئەوەیە، پێتان ناخۆش بێ ئەوەیە.
ئەو پێناسە و بۆچوونەی سەبارەت بە مەشروعییەت کە لە تیۆریی دێموکراتیکدا هاتووە، ئەوە جوانە بەڵام لە پراکتیکدا شتێکی وا نییە. لە کردەوەدا ئەوە دەگەڕێتەوە سەر ئەو پرسە کە ئایا خەڵک بەڕاستی لەو باوەڕەدان کە ئەو ڕێژیمە مەشرووعە یا نە؟
ئەمن هەڵبەت ئەو ئیرادانەی کە تیۆریسیەنە چەپ و دێموکراتەکان لە ڤێبەری دەگرن بە دروستی دەزانم، پیموایە ئەو قسەیە کە ڤێبەر دەیکات، تەنانەت ئەگەر ڕاستییەکی زۆریشی لەپشت بێت، دەتوانێ پاساوێ بێ بۆ ڕێژیمە دیکتاتۆر و دەسەڵاتخوازەکان ئەوانەی کە پاساو بۆ دەسەڵات ئەهێننەوە. ڤێبەر دەڵێ: هەتا ئەو دەمەی کە خەڵک نارەزایەتییان دەرنەبڕیوە، واتە خەڵک باوەڕیان هەیە کە ئەو ڕێژیم و دەسەڵاتە مەشروعە، دەبێ قبووڵ بکرێت. بەڵام بەڕای من وا نییە، پێموایە، هەڵبەت بە ڕای شەخسی خۆم مەشروعیەت پێوەندیەکی ڕاستەقینەی هەیە لەگەڵ ئیدۆلۆژییەکی سەرەکی ڕێژیم و مکانیزمی ئیدوئۆلۆژی سەرەکی ڕێژیمە. ئەوە دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە ئیدوئۆلۆژی چییە و چۆن کار دەکا.
بە ڕای من فونکسیونە بنەڕەتییەکانی ئیدئۆلۆژی یەکیان ئەوەیە کە دەتوانێ ڕێکخستن بکات، دەتوانێ تەجهیز بکات، دەتوانێ واقعییەتێ بۆ خەڵک پێناسە بکات و بگێڕێتەوە، یانی ئەو شتەی کە ڕەنگە ڕاست بێ یان ڕاست نەبێ، بە شێوەیەک بیگێڕێتەوە، کە خەڵک ئەوە قبووڵ بکەن. یانی ئەو مکانیزمەی هەیە کە دەتوانێ لە لایەکەوە خەڵک تەجهیز بکات لە لایەکی دیکەوە خەڵک ڕێک بخات و لە لایکی دیکەوە واقعیەتێ کە خەڵک دەبێ باوەڕی پێ بکەن بۆیان بگێڕێتەوە، واقعی ڕاستی چەواشە بکات و بێ لە جیاتی ئەوە ڕاستییەکی دیکە بۆ خەڵک بگێڕێتەوە و باوەڕی پێ بکەن.
هەتا ئەو دەمەی کە بەڕای من ئیدوئۆلۆژیەک ئەو سێ تایبەتمەندی و چۆنایەتیەی هەبێ، ئەو سێ تواناییەی هەبێت لە کۆمەڵگادا، ڕێژیم دەتوانێ بانگەشەی ئەوە بکات کە مەشروعییەتی هەیە. یانی دەتوانێ مکانیزمی ئیدوئۆلۆژیک، ئەو هێز و تواناییەی هەیە کە تەجهیز بکات ئەو هێز و تواناییەی هەیە کە ڕێکخستن بکات، ئەو هێز و تواناییەی هەیە کە ئەو واقعیەتەی، ئەو وێنەیەی، ئەو شتەی کە بۆ خۆی بە ڕاستی دەزانێ بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێ، یانی ئەوەی بە خەڵکی بنوێنێ و خەڵک ئەوەی لێ قەبووڵ بکەن. بەڵام وەختێ کە ئیدۆئۆلۆژیی ڕێژیمێک ئەو توانایی تەجهیز، توانایی ڕێکخستن و توانایی دروستکردنی واقعییەتی بۆ خەڵکی نییە، بۆچی من لێرەدا دەڵێم: “دروست کردن” چون ڕاستەقینە سازەیەکە، ڕاستەقینە ئەوە نییە کە، ئەبێتە هەقیقەت، ڕاستەقینە ئەوەیە کە دەسەڵات دروستی دەکات، سازەیەکە، ئایا ئەو سازەی ئێستاش دەتوانێ دروستی بکات و دەرخواردی خەڵکی بدات، خەڵک قبووڵی بکەن، وەکوو ئەو جۆرەی کە لە دەستپێکی شۆرشدا کرا هەتا ١٠ساڵ، بەڵام پاش دە ساڵ دیتمان کە ئەو پرسە نەما و وەختێکی نەما ئێمە دیاردەیەکمان بە ناوی ڕێفۆرمخوازی هەبوو لە ئێراندا، ئەو ڕێفۆرمخوازییە چی دەگوت؟ ئەگەر ورد بڕوانینە قسەکانی تیۆریسیەنەکانی ڕێفۆرمخواز، دەڵێن: مەشرووعیەتی ڕێژیم دابەزیوە، ڕووخاوە. ئەوە بە چ مانایەکە؟ ئایا بەو مانایەیە کە ڕێژیم جومگەکانی دەسەڵاتی لە دەست داوە؟ نا! ئەوە بەو مانایەیە کە ئیدۆلۆژی یان پانتاییی گوتاری ئیدۆلۆژیک، ئیدۆلۆژیی سەرەکیی ڕێژیم، ئەو تواناییەی تەجهیزکردن، ڕێکخستن و بردنی خەڵکی بەرەو ئامانجەکانی کە لە ڕاستەقینەیەکی دروستکراو لە ڕێی دەسەڵاتیدایە، لەوێدا چەقیوە؛ ناتوانێ کار بکات، لە کاتێکدا هاوکات تەواوی نێڵ و ئەهرۆمەکانی دەسەڵاتی بە دەستەوەیە، تەنانەت لە دە ساڵی سەرەتای پاش شۆڕشی ئێرانیش بەهێزترە.
بۆیە کاتێ کە قەیرانی مەشروعییەت دەست پێدەکات، قەیرانی مەشروعییەت بەڕای من قۆناخێکە، کە لەو قۆناخەدا ئیدیۆلۆژیی سەرەکی ڕێژیم توانایی تەجهیز و ڕێکخستنی کەم کەم لە دەست داوە و لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە چیدی ناتوانێ ئەو ڕاستەقینە سیاسییەی کە خەڵک دەبێ باوەڕی پێ بکەن بۆ ئەوەی بە دوای ڕێژیم بکەون، چیدی ناتوانێ ئەو واقعیەتەی بەشێوەیەکی تۆکمە بۆ خەڵکی دروست بکات و لە پانتایی گشتیدا و لە پانتایی کۆمەڵگای مەدەنیدا پێشکەشی خەڵکی بکات، خەڵک باوەڕیان پێ نەماوە. ئەو باوەڕە ڕووخاوە، چون ئەو باوەڕە ڕووخاوە یانی توانایی تەجهیز و ڕێکخستنیشی نەماوە. ئەوە بەڕای من هێما و ڕواڵەتی بنەڕەتیی دەستپێکی قەیرانی مەشروعییەتی ڕێژیمە لە کۆماری ئیسلامیدا. ئەمە لووتکەی ئەو قەیرانەی لە ساڵی ٢٠٠٩کە دەبێتە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، لە قەیرانێک که پاشان بە بزاڤی سەوز/کەسک ناسرا، لەوێدا ئێمە ئەوەی دەبینین. بە باوەڕی من ئەو بزاڤەی کە سەری هەڵدا، بزاڤی سەوز، ئەوەیکە خەڵک چوونە دەرێ کە بە “رای من کو” دەستی پێکرد و دوایە بوو بە حەبس و خانەنشینی موسەوی، ڕەهنەوەرد و کەڕووبی، بە باوەڕی من ئەوە لووتکەی قەیرانی ئیدۆلۆژیکی ڕێژیم بوو.
ڕێژیم لەوێدا بەکردەوە نیشانی دا کە ئیدیۆلۆژییەکەی ئەو توانایەی لە دەست داوە، ئەو قەیرانە دەستی پێ کردووە، بەکردەوەیش ئەوە شتێکی دیار و ڕوونە، تیۆریسیەنە سیاسییەکان هەموو ئەوە دەزانن.
کاتێ کە ئیدویۆلۆژی ڕژیم ئەو توانایەی خۆی لە دەست دەدا، کاتێ ناتوانێ تەجهیز بکا، ناتوانێ ڕێکخستن بکات، ناتوانێ خەڵکی ناچار بکا بە شتێکی ناڕاست، وەکوو ڕاستییەک باوەڕ بکەن، لەو دۆخەدا هێدی هێدی و هەندێ کاتیش تەنانەت خێرا، سەبارەت بە بزاڤی سەوز دیومانە، خێرا بە بەکارهێنانی زەخت و گۆشار تووندوتیژی (violence) سیاسی، گوشار و زەختی سیاسی جێگای ئیدۆلۆژی دەگرێتەوە، ڕێژیم ئەو ڕوخسارە ڕاستەقینەیەی خۆی لەو دۆخەدا نیشان دەدات.
پاش بزاڤی سەوز بە ڕای من چیدی ناتوانین باسی گرنگی قەیرانی مەشروعییەتی ڕێژیم بکەین. ئەگەرچی قەیرانی مەشروعییەت هەروا بەردەوام دەبێ، بەڵام لەو پرۆسەیەی قەیراندا ئێمە ناتوانین بڵێین کە پرسی قەیرانی مەشروعییەت، قەیرانی سەرەکییە. هەر لە پێوەندی لەگەڵ ئەوەشدایە کە من ئیستدلال دەکەم کە پاش بزاڤی سەوز بە باوەری من پرسی ڕێفۆرم لە ئێراندا کارەکەی خەڵاس بووە.
تیۆریسیەنە ڕێفۆرمخوازەکان بەشی زۆری قبووڵیان کردووە، کە سیاسەتەکەیان شکستی هێناوە و ئەگەر ئێستەیش کە خاتەمی و بۆ نموونە ئەوانەی لە دەورووبەرین حەجاریان و ئەوانە دەیانەوێ ڕێفۆرم زیندوو بکەنەوە، بەڕای من تەنیا و تەنیا، ئێستا کە دەتوانن باسی لێ بکەن یان تەنانەت ماوەیەک ڕەنگە خۆی بگرێ تەنیا و تەنیا لەبەر ئەوەیە کە مەیدانەکە خاڵییە و ئۆپۆزسیونێکی سەربەخۆ و ناحکوومەتیی ئەکتیڤ لە ئێراندا ماف و دەرفەتی تێکۆشانی نییە، بۆیە کاتێ گۆڕپانەکە چۆڵە ئەوان دەتوانن دیسان بڵێن ئێمە خۆمان ڕێکخستووەتەوە، تەجهیز کردووەتەوە، بەڵام لە کردەوەدا بەباوەڕی من ئەوە بە ئەنجام ناگات.
بزاڤی سەوز بە ڕای من خاڵی سەرەکیی قەیرانی مەشروعییەتی ڕێژیم بوو. پاش وی مەشروعیەتی ڕێژیم یانی لە هەمان حاڵدا ئەو کەسانەی، واتە ڕێفۆرمخوازەکان هەموو ڕایان ئەوە بوو کە ڕێژیم مەشروعییەتەکەی دەڕووخێ، ڕووخاوە دەبێ پێشی بگرین، ڕێفۆرم پێویستە، ئەوەیە، یانی ئەو ئارگۆمێنتە کە بۆ پێویستی و گرنگی بە ڕێفۆرم لە ئێران دەکرا ئەو دەمە ڕێک گەیشتبووە ئەو ئاستە، کە ڕێژیم مەشروعییەتی نەماوە.
ئەمن ئیستدلالەکەم ئەوەیە کە پاش وی، ئێمە دەگەینە قۆناخێکی دیکە لە قەیران، کە ئەم قۆناخە لە قەیرانیش بە باوەڕی من قەیرانی حاکمیەتە. حاکمیەت یانی چی؟
حاکمیەت یانی دەسەڵاتی سیاسی، یانی ئەو هێزەی کە دەسەڵاتی پاوان و قۆرخ کردنی (monopoly)هەیە،کە قانوون دروست بکات و قانوون جێبەجێ بکات، دەسەڵاتی پاوان و قۆرخ کردنی هەیە، کە تەواوی ئامرازەکانی توندوتیژی (violence)، زەخت و گوشار و تەواوی چەک و ئامراز لە قۆرخی خۆیدا لە کۆمەڵگادا هەبێ.
ئەو پاوان و قۆرخ کردنەی هەیە کە تەواوی ئەو ئامرازانەی کە دەتوانێ دەسەڵاتی خۆی بەشێوەیەکی یەکگرتوو و یەکسان لە خاکی خۆی لە هەرێمی خۆیدا جێبەجێ بکات، ئەوانەی هەیە، ئەوە دەسەڵاتی حاکمە، بەڵام دەسەڵاتی حاکم کەنگێ؟ هەنووکە لە ئێران زۆر کەس ئەو باسە دەکا، ناوەندی دەسەڵاتی سیاسی کوێیە؟ ئەوە ئێستە ئێمە ڕووداوێکمان هەبوو کە بۆیە دەڵێم ڕووداوی بزاڤی سەوز زۆر گرنگ بوو، یانی خاڵی وەرچەرخان بوو لە مێژووی ئێرانی پاش شۆڕشدا.
لەوێدا ڕێک دەرکەوت حاکم لە ئێران کێیە و حاکمیەت لە کوێیە. چون ئەو پێناسەیەی کە لە حاکم و حاکمیەت دەیکەن، ئەوەیە کە دەسەڵاتێکی ئینحساری (monopoly) هەیە بۆ قانوون دروست کردن و بەرێوەبردنی قانوون، دەسەڵاتێکی پاوان و قۆرخ کردنی (monopoly) هەیە کە تێکڕای ئامرازەکان و ئامێرەکان و دۆخی زەخت و تووندوتیژیی (violence) سیاسی و نیزامی لە دەستی ویدایە، ئەو دەسەڵاتە بەکردەوە پیشان درا کە چ بوو. بەکردەوە پێشان درا کە ئەو دەسەڵاتە لە کوێ بوو. ئەو دەسەڵاتە لەوێ بوو، کە حاکم کەسێ کە دەڵێن لە دۆخێکی تایبەتدا قەیرانێکی وەکوو بزاڤی سەوز، کە لە ڕاستیدا بنەماکانی ڕێژیمی هەڵتەکاندبوو، لەو حاڵەتەیدا حاکم ئەو کەسەیە کە حاکمیەتی بەدەستەوەیە، ئەو دەسەڵاتەی هەیە، کە بێتە گۆڕەپانی سیاسەتەوە، قانوونی بنەڕەتی ڕابگرێ، قانوون ڕابگرێ، ناڵێم لە ناوی ببات، دەڵێم: ڕایگرێ، زۆری فەرق هەیە، لەگەڵ کودتا جیاوازە، قانوونی بنەڕەتی ڕابگرێ هەم لەگەڵ کودتای جیاوازە هەم لەگەڵ حکوومەتی نیزامی جیاوازە، ئەوە دۆخێکی تایبەتییە، حاڵەتی شازە، یانی حاکم دێت قانوونی بنەڕەتی بە هەڵپەسێردراوی ڕایدەگرێ، زەختی سیاسی، نیزامی و پاراستن بەکاردەهێنێ، تووندوتیژی (violence) بەکاردەهێنێ، لەبەر ئەوەی کە سەقامگیریی سیاسی دیسان لە کۆمەڵگادا دروس بکات. ئەوە نیشان دەدا که بزاڤی سەوز نیشانیدا، کە حاکمییەت سەنتەرەکەی بەیتی ڕەهبەری و ئامرازەکانیشی سپا و دەزگای زانیاری و بەسیج و ئەوانە بوون، یانی حکوومەت و ئۆرگانەکانی دیکە لە پێوەندی لەگەڵ پرسی حاکمییەت و دەسەڵاتداریدا بێ مانایە.
بەڵام بگەڕێینەوە بۆ پرسی قەیرانی حاکمییەت، بۆچی دەڵێم قەیرانی حاکمیەت؟ لێرەدا دەبێ پرسێکی تیۆریک ئاراستە بکەین، ئەویش ئەوەیە کە ئێمە لەبەر ئەوەیکە لەو پرسەی بگەین، پێویستە جیاوازییەکی تایبەتی دابنێین لە نێوان دەسەڵاتی سیاسی و سوڵتە/توانایی بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسیدا .
کەسێ کە دەسەڵاتی سیاسیی هەیە حەتمەن بەو مانایە نییە کە توانایی بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسیشی هەیە. دەسەڵاتی سیاسی ئامراز و هەلومەرجی تایبەتی پێویستە بۆ ئەوەی بتوانێ سوڵتە و توانایی بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسی دروست بکات. توانایی بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسی پێکهاتەیەکە(structure) کە ئەو تەواوی ئەو هێزانەی ئۆپۆزسیۆن بیدەنگ دەکا. لە نێوان خۆی دژی خۆی ڕادەگرێ، نەزمێک دروست دەکا کە ئەو نەزمە لە لایەک لە دەرەوە بەشێوەیەک سەقامگیری دەبێنرێت، لە ناوخۆوە وەکوو سەرکوت کردن و تووندوتیژی (violence) و ئەو جۆرە شتانەیە.
هەتا ئەو کاتەی ئەو چرکەی کە دەسەڵاتی سیاسی دەتوانێ و ئەو ئامرازانەی لە دەستیدایە، لەبەردەستیدایە کە ئەو دەسەڵاتی خۆی بکاتە سوڵتە بۆ ئەوەی لە ڕێی بەکارهێنانی قانوونەوە نەزم لە کۆمەڵگادا دروست بکات، هەتا ئەو دەمەی دەتوانێ بڵێ کە حاکمیەت تووشی قەیران نییە، بەڵام کاتێ کە حاکمیەت لەبەر ئەوەی کە دەسەڵاتی بکات بە سوڵتە لە کۆمەڵگادا ناچار دەبێ کە لە زەخت و تووندوتیژی (violence) سیاسی کەڵک وەرگرێ، ئەوە بەو مانایەیە کە پێکهاتەی قانوونیی دەسەڵات شکاوە/ ڕووخاوە. ئەوە بەو مانایەیە کە قانوون ناتوانێ چیدی ببێتە ئامرازی سەرەکیی گواستنەوە و وەرگێڕانی دەسەڵاتی سیاسی بە سوڵتە و تواناییی بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسی.
لە وەها دۆخێکدا ئێمە تووشی قەیرانی حاکمییەت دەبین. کاتێ دەبینین کە قەیرانی حاکمییەت وەکوو قەیرانێکی نەتەوەیی لێ دێت. نەتەوەیی لێرەدا مەبەستم لە ڕووی قانوونیەوەیە، لەو حاڵەتەیدا دەبینی ئەو پێکهاتەی سوڵتە دەشکێ، ئەو دەمی کاتێ شکا یانی لە باڵێک هاتە دەرێ، ئەو هۆڤییەتانە/ ناسنامانەی کە لە ژێر چەپۆکی ئەو پێکهاتەیەدا داسەپاون بە توندوتیژی (violence) و بە قانوون، ئەوانە دەردەکەون.
نموونەی ئەوەی لە ڕۆژئاوادا دەبینین، کاتێ کە لەوێ قەیرانی حاکمییەت بوو بە پرسێکی تێکڕای کۆمەڵگا، بوو بە پرسی شەڕی ناوخۆیی و ئەوانە. کاتێ کە ڕێژیمی ئەسەد چیدی نەیتوانی لە ڕێی قانوون بە شێوەی ئیدۆلۆژی و قانوون و ئەو شتانە کە دەسەڵاتی سوڵتەی سەقامگیر بکاتەوە، دەسەڵاتی بکاتە سوڵتە و سوڵتەی دروست بکات، توندوتیژیش (violence) کاریگەری خۆی لە دەست دا، ئەو دەمی ئەو پێکهاتەیە لە بنەوەڕا وەکوو بتەقێتەوە، ئاوای لێ دێت.
ئەو هۆڤییەتانە/ ناسنامانەی کە کپ کراون، ئەو هۆڤییەتانە/ ناسنامانەی کە بێدەنگ کراون، ئەو دەمی وەدەر دەکەون، وەکوو ناسنامەی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا. لە ئێران ئێستە ئێمە لە دۆخێکداین ئەو قەیرانەی حاکمییەت دەستی پێ کردووە، ڕێژیم تا ڕادەیەک لە قانوون تا ئاستێ دەتوانێ کەڵک وەرگرێ، کە ئەو دەسەڵاتەی زەختەی کە لە پشتیەوە قانوون هەیە، هەمووکات لەوێیە. بۆیە قانوون هەمووکات لە ڕێی زیندان و کەلەپچە و سەرکوت کردن، لە سێدارەدان و ئەشکەنجە کردنەوە جێبەجێ دەکرێ.
قانوون لە پرۆسەیەکی سڤیل دێموکراتیکدا دەسەڵاتی جێبەجێکردنی خۆی لە دەست داوە. بە بێ زیندان و سێدارە و ئەشکەنجە و هێرشکردن بۆ ماڵ و نازانم، کامپیۆتر بردن و سەرکوت کردنی ژنان و تێکۆشەران، ئەوانە هەموو نیشان دەدات کە ئەو ڕێژیمە ناتوانێ لە پرۆسەیەکی سیڤلی سیاسیدا لە ڕێی قانوون، دەسەڵاتەکەی خۆی بکات بە سوڵتە.
لە کاتێکداکە ئێمە دەزانین لە سەردەمی پاش بزاڤی سەوز، ئێمە دەزانین کە زەخت زۆرتر بووە، ئەندامەکانی پاراستن دەسەڵاتیان زۆرتر بووە، تێکەڵکردنی حکوومەتی لە ژیانی خەڵکدا زۆرتر بووە، زیندان زۆرتر بووە، لە سێدارەدان زۆرتر بووە، ئەوانە ئێمە هەموو دەزانین، بەڵام شێتیکیش کە دەزانین ئەوەیە کە دەسەڵاتی قانوون وەکوو ئامرازێکی سوڵتە سڤیل لەناوچووە و بەبێ ئەو توندوتیژی و لەسێدارەدانانە قانوون لەبنەڕەتدا لە ئێران ناتوانێ جێبەجێ بێت. بۆیە من دەڵێم کاتێ ئێمە دەبینین کە ڕێژیمێک ناتوانێ بەبێ بەکارهێنانی توندو تیژی و زەخت و گوشار دەسەڵاتی خۆی بکات بە سوڵتە و سوڵتەکەی بپارێزێ.
بۆ نموونە سەبارەت بە پرسی کوردی، ڕێژیم چیدی ناتوانێ بە شێوەی قانوونی لە ڕاستیدا ئەو کارە بکات، ئێستە ئەگەرچی هەمووکات ئەو سەرکوتە هەبووە، بەڵام دەبینین ڕێژەی لەسێدارەکان، ڕێژەی دەستبەسەرکردنەکان، ڕێژەی ئەشکەنجەکان، کوژرانەکان، هێرشەکان بە زەختی زۆرتر بووە و ئەو ڕۆخساری قانوونیی ڕێژیم لەگەڵ ئیدۆلۆژیی سەرەکیی ڕێژیم نەماوە، ئەگەرچی لە کوردستان ئیدۆلۆژیی سەرەکیی ڕێژیم هەمووکات زۆر لاواز بووە، بەڵام لە چوارچێوەی ئێراندا بەگشتی، ئەو هژموونییە نەماوە. ئەوە پێناسەی من لە قەیرانی حاکمییەتە. قەیرانی حاکمییەت، قەیرانێکە بوونی هەیە لە پرۆسەی ڤەگۆرینی دەسەڵاتی سیاسی بە توانایی بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسی. ئەگەر ڕێژیم نەتوانێ لە ڕێی قانوون ئەو ڤەگۆڕینە ئەو پرۆسەیە جێبەجێ بکات و لە پێوەندی لەگەڵ ئەوەدا هەمووکات زۆرتر و زۆرتر زەخت و تووندوتیژی (violence) بە کاربهێنێ، ئێمە لە دۆخێکداین کە دەڵێین حاکم ناتوانێ پێکهاتە و بنەمای سوڵتەی/توانایی بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسی بەبێ تووندوتیژی (violence) بپارێزێ.
لووتکەی قەیرانی حاکمییەت ئەوەیە کە کاتێ دێ کە بەکارهێنانی زەختیش بێ سوود دەبێ. ئیمە کەنگێ ئەو کاتەی دەزانین؟ ئەو کاتەی لە چوارچێوەی ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی خەڵکی بێبینرێ.
ئەگەر ئەو شۆڕشانە بەردەوام بان، بۆ نموونە ئەگەر شۆڕشی مانگی ئابانی ٩٨ بەردەوامی هەبایە، ئەو دەمی ئێمە بە کردەوە دەمانبینی کە زەختی سیاسی لە گۆرەپانی جووڵەی سیاسیدا کاریگەری خۆی لە دەست داوە.
ئەوە لووتکەی قەیرانی حاکمییەتە، پاش وی ئیدی پێکهاتەی سوڵتە دەپچڕێت. ئێمە ئەوەمان لە سوریەی دی، ئەوەمان بە شێوەیەک لە میسر دی، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ئەوەمان لە شۆڕشی ئێران دی. بۆ ماوەیەکی کورت دیتمان کە لە چوارچێوەی شۆڕشێکی زۆر گەورەدا زەختی سیاسی و نیزامی، بەکردەوە کاریگەریی خۆیان لە دەست داوە. ئەوە لووتکەی قەیرانی حاکمییەتە.



تیشک: کۆماری ئیسلامی، قانوونی ئەساسییەکەی لە کاتێکدا نووسی کە هەڕەتی دەسەڵاتی خومەینی بوو و دواتر لە ساڵی ٦٨ کە ئیتر هیچ گرووپێکی نەیار یا ئۆپۆزسیۆن لە مەیدانەکە نەمابوو، سەر لە نوێ پێداچوونەوەی لەسەر قانوونی ئەساسیدا کرد و ئەو شتەی نووسی کە بۆخۆی دەیویست. بەڵام لە پەنای ئەوە ئێمە بابەتێکی ترمان هەیە، بەشێوەی تەواو قانوونی بە ناوی حوکمی حکوومەتییەوە ئەوان لەو قانوونە دەدەن، ئەمە سەرەڕای باسی ئەوەیە کە سیستمێکی گەندەڵ وجوودی هەیە، بەشێوەیەکی تەواو قانوونی دێن ئەو قانوونە ژێر پێ دەخەن، هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە ئەو قانوونە ژێر پێ دەخەن دەبینین سەرمایەگوزارییەکی زۆر دەکەن بۆ پڕوپاگەندە ئیدۆلۆژییەکەیان، بە شێوەیەک کە دوو ڕۆژ لەوە پێش فەرماندەی سپای پاسداران گوتوویەتی سدا و سیما سەنگەری شەڕی نەرمی ئێرانە، ئەم دوانە چۆن پێکەوە گرێ دەدرێنەوە ؟هۆکاری چییە لە لایەک قانوونێک کە بۆخۆی نووسیویەتی و پێویستی پێیەتی بۆ تەداومی حکوومەتەکەی بە شێوەی قانوونی پێشێل دەکات و لەلایەکی دیکەش هەزینەیەکی زۆر لەسەر پڕۆپاگەندا دەکات بۆ پاراستنی خۆی؟

عەباس وەلی: رێک تا کاتێ کە بەرپرسی سپای پاسداران، یان پاسدارێکی گەورە دێت دەڵێ کە سەدا و سیما گرنگی ئەوەیە یانی ئەوە بەکردەوە نیشان دەدات و ڕێژیمیش بۆخۆی دەزانێ کە سەدا و سیما لە ئێران گرنگییەکی نییە. کەسێک نە باوەڕی بە سەدا و سیمای ڕێژیم هەیە، مەگەر ئەوانەی کە بنەماڵەی”شۆهەدای” ڕێژیمن و پێیان ڕادەگەن، پێموایە تاڕادیەک ١٥٪ ی خەڵکی ئیران لەگەڵ ڕێژیم مابن، ئەوانە ڕەنگە باوەڕیان بە سەدا و سیمای هەبێ و چاوی لێ بکەن و گوێی بدەنێ. بەڵام خەڵک نایکات و بۆیان گرنگ نییە، ئەوە بەو مانایەیە کە خودی ڕێژیم کە هەوڵ دەدات، واتە ئەو ئیدۆلۆژییەی کە هێزی لە دەست داوە، چیدی ناتوانێت خەڵک بێنێ و ئەوانە بەبێ بەکار هێنانی زەخت، تەنیا بە باوەڕمەندی، ئەوانە بێنێ باوەڕ بکەن بە واقعییەتێکی کە لە سدا و سیما وێنای دەکات و پێیان دەڵێ، خەڵک باوەڕیان بەوەی نەماوە و بۆخۆی نیشان دەدات کە ڕێژیم ئیدۆلۆژییەکەی داڕزیوە و ڕووخاوە، ئەوەی کە دەڵێن حوکمی حکوومەتی، حوکمی حکوومەتی لە ئێران هەمووکات لە قانوون گرنگتر بووە، هۆکاریشی ئەوەیە کە لە ئێران ئێمە قانوونی بنەڕەتییەکمان هەیە کە لەوێدا و ئێستا لە سەدەی ٢١ دا ئێمە حاکمێکمان هەیە کە قانوونی بنەڕەتی دەسەڵاتی موتڵەقی/رەهای دەداتێ.
ئێستا دەسەڵاتی موتڵەق/ڕەها ئیتر قانوونی بنەڕەتیی ناوێ، تەنیا حوکمی دەوێ. قانوونی بنەڕەتی کاتێ کە لە سیاسەتدا هاتووەتە گۆڕێ کە بتوانن بەڵگەیەک دروست بکەن، بەڵگەیەکی قانوونی دروست بکەن،کە سنووری دەسەڵاتی سیاسی ڕوون بکاتەوە و بڵێت دەسەڵاتی سیاسی تا ئێرە دەتوانێ بێت، پاش ئێرە ناتوانێت بێت.
دەسەڵاتی سیاسی دەبێ لە خزمەت قانووندا بێت، دەسەڵاتی سیاسی ناتوانێت بێ ئیزنی قانوون بچێتە ماڵی خەڵکییەوە، دەسەڵاتی سیاسی ناتوانێت خۆی تێکەڵ بکات لە پرۆسەی دامەزراندی قانووندا، ناتوانێ خۆی تێکەڵ بکات لە پرۆسەی بەرێوەبردن و جێبەجێکردنی قانوون، لە پرۆسەی قەزاوەت و دادوەریدا .
دەسەڵاتی سیاسی ناتوانێت بە تۆ بڵێ چی لەبەر بکە، چی لەبەر مەکە، ئەوانە کاتێک کە نین، کاتێ تۆ شتێکت بە ناوی دەسەڵاتی موتڵەق/ڕەها هەیە و ئەوەی دەدەیت بە یەک کەس کە ئەو یەک کەسەیش بە هەڵبژاردن نییە و دادەنرێت، بەو مانایەیە کە خودی قانوونی بنەڕەتی بێمانایە لە شوێنێ وەکوو ئێراندا .
قانوونی بنەڕەتی لەبەر ئەوەیە کە سنووری دەسەڵاتی سیاسی ڕوون بکاتەوە. پێوەندیی دەسەڵاتی سیاسی لەگەڵ شارۆمەندەکان، ئەوەی ڕوون بکاتەوە، مافی شارۆمەندەکان دیاری بکات ئازادی و مافەکانیان ڕوون بکاتەوە، کاتێ کە تۆ قانوونێکی بنەڕەتیت هەیە کە دەڵێ دەسەڵاتی موتڵەق/ڕەها بەدەست وەلی فەقیهە بەو مانایەیە کە وەلی فەقیـ‌هـ بۆ خۆی قانوونە، تۆ چۆن دەتوانی سنووری قانوونی بۆ کەسێک دابنێیت کە دەسەڵاتی موتڵەقی هەیە. ئەوە ناکۆکی لە مانادایە، ناکۆکی لە کردەوەدایە، بەڵام دیسان ئەوەی دەڵێن ئێمە قانوونی بنەڕەتییەکمان هەیە. ئەمن چەند ڕۆژ لەوە پێش وتارێکم نووسی بە نێوی “مشکلات دمکراتیک در قانوون اساسی ایران” ناونیشانەکەی ئەوە بوو، کە ناسنامەی نەتەوەیی و شارۆمەندی و کێشەکانی دێموکراتیک لە قانوونی بنەڕەتیی ئێراندا، قانوونی بنەڕەتی بێجگە لە پرسی دەسەڵاتی موتلەق، یەکێک لە کێشەکانی ئەوەیە، کە ئەو پێناسەیەی لە ناسنامەی نەتەوەیی ئێران دەیکات، کە بە پێی زمانی فارس و فەرهەنگی فارس و تاریخی فارس و مەزهەبی شێعەی ئەسنا عەشەرییە ئەوە لەگەڵ ئەو پێناسەیەی کە لە شارۆمەندی دەکەن و دەڵین شارۆمەند ئازادە و هەر کەسێک هەر ئێتنیستیەیەکی هەبێ، هەر زمان و مەزهەبێکی هەبێت لە ڕووی قانوونییەوە شارۆمەندی ئێرانییە، ئەو دوانە پێکەوە ناخۆن، ناکۆکن، یەکیان بە تەواوی بەپێی ethnicity ئێرانی، زمانی فارس، ئایینی شیعی لە مێژوو و فەرهەنگی فارس کە بە ئێرانی دانراوە پێناسە کراوە و ئەوەی دیکەش دەڵێ نەخێر شارۆمەندی لە ئێران ئازادە، هەر کەسێ دەتوانێ هەر مەزهەبێکی هەیە، هەڵبەت مەزهەب فەرمی، هەر زمانێکی هەیە، ئەوە بەو مانایە دێ کەسێکی وەکوو من کە لە بنەماڵەیەکی سوننی لەدایک بووە، زمانی دایکی کوردییە، ethnicity کوردە ئەو مێژووەی کە ئێستە دەمانەوێ لەسەری باس لە ناسنامەی کوردی بکەین و لە ژێر سوڵتەی/هەژموونی مێژووی فارس بیکێشینە دەرەوە، ئەو مێژووە جیاوازە . من دەمەوێ ئەوە بزانم، کە دەڵێ تۆ شارۆمەندی ئێرانیت، ئایا من ناسنامەی نەتەوەیی ئێرانیشم هەیە یان نە؟
لە بنەڕەتدا هیچ پێناسەیەکی نەتەوەیی ئێران، من نیمە. من نە فارسم، نە زمانم فارسییە، نە مەزهەبم شیعەیە، بەڵام حکوومەت دەڵێ تۆ شارۆمەندی ئێرانیت، ئەو ناکۆکییەی کە لە نێوان چەمکی شارۆمەندی و پێناسەی چەمکی ناسنامەی نەتەوەیی ئێران هەیە ناکۆکییەکی گەورە و زۆر مەترسیدارە، ئەو ناکۆکییە کە دەبێتە هۆی پاکتاو کردنی قەومی، ئەو ناکۆکییەیە، کە زیندانەکان لە ناسنامە سیاسییەکانی کەسانی دیکە پڕ دەکاتەوە. ئەو ناکۆکییەیە کە لەگەڵ پێناسەی حکوومەت لە ناسنامەی نەتەوەیی ناخوێنێتەوە، ئەو ناکۆکییەیە کە هۆڤییەتەکانی دیکە وەکوو ناسنامەی کوردی، تورک، ئازەری و بەلووچ کە بەشێوەیەکی زۆر ڕاشکاو و پانتاییەکی فەراقانوونیدا کە لەوێ قانوون نییە، توندوتیژی (violence) و زەخت و بەکارهێنانی توندوتیژی (violence) دژ بەو کەسانە لەو هەرێمەدا قانوونییە، چون لەبنەڕەتدا پێناسەی هۆڤییەتی/ ناسنامەی نەتەوەیی ئێران ئەوەی بە ئێمە دەڵێت: کاتێ کە تۆ ئەوەت قبووڵ نەکرد، تۆ خائینی، کاتێ کە تۆ هۆڤییەتی دەوڵەتیت قبووڵ نەکرد، تۆ خائینی، تۆ لە ڕووی قانوونییەوە لەو سنوورە کە قانوون سیاسەتی مەشرووع ئابووریی مەشرووع، فەرهەنگی مەشرووع دەناسێ، تۆ لەوە بەدەری. پرسەکە ئەوەیە، واتە قانوونی بنەڕەتیی ئێران پڕە لە ناکۆکی، بەڵام ئەوە شتێکە ئێمە دەبێ لەسەری بنووسین، دەبێ هێرش بکەینە سەری، ئێمە نابێ سەری خۆمان دابخەین بڵێن ئەوە کۆماری ئیسلامییە، وا نییە، چون تەنانەت ئەگەر ویلایەتی فەقیهیش بڕوا، ئەگەر سبەینێ لە ئێران قانوونی بنەڕەتی بگۆڕرێت، ویلایەتی فەقیە بگۆڕن، ڕێژیمێکی دیکە بێت، بەڵام دیسان چەمکی ناسنامەی نەتەوەیی بەپێی فەرهەنگ و زمان و ethnicityفارس پێناسە بکەن و مەزهەبی ڕەسمیش شیعە بێ؛ ئەمن دیسان ناتوانم بانگەشەی شارۆمەندیی دێموکراتیک لەو وڵاتەدا بکەم، چون ئەمە لەگەڵ ناسنامەی من یەک ناخوێنێتەوە، بۆیە کێشەی ئێمە تەنیا کۆماری ئێسلامی نییە، کێشەی ئێمە لە بنەڕەتدا لەگەڵ تەواوی ئەو دۆخەیە، کە هەیە، بۆیە دەبێ لەباتی ئەوەی وزەی خۆمان لەسەر شەڕ و هەڵا لەگەڵ خەڵکی دیکە بەفێرۆ بدەین، بەباوەڕی من ئەبێ بێین ئەو شتانە شی بکەینەوە و لەسەری بنووسین، ئەوانە بە خەڵکی نیشان بدەین بڵێین ئەوەتا ئەوەیە. دەنا هەر قانوونی بنەڕەتی، کە ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی لە ethnicity سەرەکی، زمانی سەرەکی، مەزهەبی سەرەکی ببەستێتەوە، ئێمە بندەست دەمێنین لەو قانوونە بنەڕەتیەیدا. هەتا ئەو شتەی هەیە، دەرفەتی ئەوە هەیە کە تۆ بە شێوەی قانوونی پاکتاوی قەومی بکرێیت، هەر ئەو جۆرەی کە سەدام لە عێراق بە شێوەی قانوونی کردی، هەر ئەو جۆرەی کە ئەردۆغان دەیکات.

مسباحی یەزدی ساڵی ٨٨ لە هەڕەتی بزووتنەوەی سەوزدا بابەتێکی بەڕاشکاوی باس کرد ئەویش ئەوە بوو گوتی کە خەڵک مافی هەڵبژاردنیان نییە و ئەمە کە خەڵک لە جمهوری ئیسلامیدا لە هەڵبژاردنێکدا بەشداری هەیە چاکەی وەلی فەقیهە، دیارە وەلی فەقیـ‌ه‌ موتڵەقیش قسەکەی مسباحی یەزدی پشتڕاست دەکاتەوە، هاوکات لەگەڵ ئەوە ئێمە دەزانین کە کۆماری ئیسلامی لە سەرەتاوە تا ئێستا ڕایەڵەیەکی دینیی لەپشت بووە و ئەو ڕایەڵە دینییە کە تەمەنی ٤٠٠ هەتا ٥٠٠ سال دەچێت لە ئێراندا پشتی ئەو ڕێژیمەی گرت و هێنایە سەرکار و ڕەقیبەکانی ئەوەڵی ئینقلابی بۆ حەزف کرد، لەم دۆخەدا ئایا ئێمە دەتوانین باس لەسەر ئەوە بکەین و پێداگر بین لەسەر مەسەلەی مەشروعیەتی ڕێژیم و مەسەلەی مەشروعیەتی حاکمیەت کاتێک کە دەزانین کە بنەڕەتەوە ئەم حاکمیەتە ڕایەڵەیەکی دینی هێناویەتە نێو دەسەڵاتەوە نەک ڕایەڵەیەکی کۆمەڵایەتی ؟
لێرەدا پرسێک هەیە کە پێم وایە پێوەستە بە وردی سەرنجی بدەین، ئێمە کاتێ دەڵین ڕایەڵەیەکی دینی ئەمن ئەوەم قبووڵ نییە، ئەو شتەی کە لە ئێران دروست کراوە و ئێستاش هەیە، ئەوە گوتار و وێژمانێکی سیاسییە، خوێندنەوەیەکی سیاسی لە دین ئەوەی دروست کردووە، ئەوە ئیدۆلۆژییە، کاتێ دەڵێم ئیدۆلۆژی ڕووخاوە، ئەوە ڕووخاوە.
کەسانی وەک شەریعەتی و خومەینی و ئەوانە ئەو تەفسیرانەی کە زۆربەی ئاخوندە گرنگ و بەناوبانگەکان تەفسیری خومەینییان لە ئەسڵی ئیمامەتی شیعی قبووڵ نییە، یانی مەبەستم ئەوەیە ئێمە کاتێ دەڵین ئەوە ئایینی بوو، ئێمە هەڵەیەکی گەورە دەکەین، ئەوە ئایینی نەبوو، ئەوە خوێندنەوەیەک لە ئایین بوو، ئەوە لە چوارچێوەیەکی سیاسی ئیدیۆلۆژیکدا کرا، ئەوەی کە ئێمە لەگەڵ ئێرانێک ڕووبەرووین مەزهەبی شیعە بەو شێوەیە نییە، ئەوە تەفسیرێکی سیاسی ئیدۆلۆژیک لە مەزهەبی شیعە بۆ دەسەڵات و دەسەڵاتدارییە، بۆیە لایەنی سیاسی ئەو گوتارە ئەو دیسکۆرسە زۆر بەهێزە، ئێمە لەگەڵ ئەوە ڕووبەڕووین، کاتێ ئەو گوتارە ئەو دیسکۆرسە بۆ خۆی وەکوو ئیدیۆلۆژی دەبێتە ئامرازی تەجهیز و ڕێکخستن و واقعیەت دروست کردن، پێکهێنانی وێنە و باوەڕ، ئەوە چیدی مەزهەبی ڕۆژێ پێنج جاران حەڤدە ڕکعەت نوێژ بکە و ڕۆژوو بگرە و بچۆ حەج و درۆ مەکە و زنا مەکە و ئەو جۆرە شتانە نییە، ئەوە دیسکۆرسێکی سیاسییە بۆ دەسەڵات و دەسەڵاتداری.
ئێمە نابێت پاش چل ساڵان کە لە ئێران ئەو دۆخە بوو، دیسان ئەو هەڵەیە بکەین کە نەتوانین لە نێوان ئیسلامی سیاسی و ئیسلامێک وەکوو مەزهەب فەرق دابنێین، ئەوە زۆر بنەڕەتییە.
چەند ڕۆژ لەوە پێش لە باسی تایبەت بە پرسی کۆمەڵە و ئیدۆلۆژیی کۆمەڵەدا ئەمن وتم کۆمەڵە هیچکات نەیتوانی تەفسیرێک یان ئانالیزێک، لە گەوهەر و سرۆشتی دەوڵەت لە ئێران بکات و بڵێت کە پێوەندیی مەزهەب لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێراندا چییە؟ چ کاریگەرییەکی هەیە ؟ ئایا هەروا فشەیە ؟مەزهەب هیچ نییە؟ کەوایە ئەو شرۆڤەیەی ئەتۆ لەسەرمایەداری لە ئێرانێ دەکەی و دەوڵەتی سەرمایەداری و نازانم فڵان، ئەوە دەتوانێت برزیلیش بێت، ئەوە دەتوانێت هەر شوێنێکی دیکە بێت کە سیستەمی سەرمایەداری و ئابووریی سەرمایەداری و حکوومەتی دەسەڵاتخوازی تێدایە. لێرە بۆ من سەیرە ئێستا ئێمە پاش چل ساڵان حکوومەتی ئیدیۆلۆژیک سیاسی کۆمەڵێ کەس لەسەر ئێران دیسان باسی مەزهەبی شیعە دەکەین.



تیشک:
یەک بابەت هەیە لێرەدا لانیکەمی لە چل ساڵی ڕابردوودا و لە سەرەتای ئینقلابدا لەسەر ئەو بناغە سوننەتییەی شیعە هەوڵیان دا کەسانێک دابمەزرێنن کە ئینقلابەکەیان سەر بکەوێت، بەڵام دوای ئینقلاب بەتایبەتی دوای ئەوەی کە خامنەیی هاتە سەر کار تەنانەت مەسەلەی مەرجەعی تەقلید لە ئایینی شیعەدا بۆ کەسانێک کە حکوومەت ڕەزامەندیی لەسەر نەبێ لانیکەم لە جۆغڕافیای ئێراندا سەرناگرێ، بە مەرجەعییەتی تەقلید کە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دینی شیعەیە بووەتە مەرجەعی تەقلیدی حکوومەتی، چون کەسانێک کە حکوومەت لێیان ڕازی نەبێ لە ئێراندا بە مەرجەعییەت ناگەن و هاوکات لەگەڵ ئەوە دەیان ڕێکخراوەی جۆراوجۆر دامەزراوە بۆ ئەوەی کە ئەو خوێندنەوە ئیدیۆلۆژییە کە ئاماژەتان پێ کرد ببرێتە نێو ڕایەڵەی دینی شیعەوە و لەرانبەری بەینی مەکتەبی ویلایەتی فەقیە لەگەڵ مەکتەبی نەجەف یان ئایەتوڵلا سیستانی کە باوەڕی بە فەقیهی سوننەتی هەیە، بەهەر حاڵە ئەمەش بابەتێکە دەبینی دەیان ڕێکخراوە یارمەتی دەکەن کە ئەو لەو تەقابلەدا وەلی فەقیهە بێتە سەرێ، ئێوە ئەو بابەتە چۆن دەبینن؟

عەباس وەلی: وەلی فەقیە کەسێکی مەزهەبی نییە خۆ، وەلی فەقیە ئێستە وەکوو شاهەنشایە لە ئێران، وەلی فەقیە ئەو کەسە نییە کە تەفسیر دەکات، وەلی فەقیە ئەو کەسەیە کە دەسەڵاتی موتڵەقی لەدەستدایە،
[بەڵام خامنەیی مەرجەع تەقلیدیشە لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتی لەدەستدایە]
مەرجەع تەقلیدێکە کە سازیان کردووە، ئەوە پرسێک نییە شیعە لە سەرەتاوە وا بوو، هەرگیز پرسی “ئیجتهاد” نەسەلمێنراوە لە هەر دەورەیەکدا کە مەراجعی تەقلید، بەگشتی عولەمای شیعە لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی پێوەندیی باشیان هەبوو، پێوەندیی ئابووری باشیان هەبوو وەکوو سەردەمی سەفەوییە بۆ نموونە بەشی زۆری ئەوانەی شاعەباسی سەفەوی ئەساسەن هات ئەو عولەمایەی لە ئێران بوون ئەوانەی ڕەت کرد، چوو عولەمای هێنا لە چەند شوێن وەکوو لە باشووری لوبنان، لە دەوروبەری نەجەف و کەربەلا و عێراق ئەو دەمی نەبوو بەو شێوەیە عێراق و بەشێک تەنانەت لای سەرەوە ئەفغانستان ئەوانەی هێنای.
ئەوانەی هێنا چی کرد؟ بۆخۆی چینێکی عولەما، چینێ بەشیوەیەکی گشتی بەکاری دێنم، گرووپێکی عولەمای دەوڵەتیی دروست کرد.
ئەوانەی هەموو کردە خاوەن مڵک و خاوەن زەوی. بۆچی بۆ نموونە ئەگەر تەماشای بکەین ئەوانە لە دوو جێگا لە ئیران زۆر گرنگ بوون؟ لە ئیسفەهان و ئازەربایجانی شەرقی و خوراسان، لەو سێ جێگایانە بەڵام ئەساسەن ئازەربایجانی شەرقی ئێستە. ئەو دەمی شەرقی نەبوو لە ئیسفەهان و پاشان خوراسان لەوانە ئەو دەمی ئیجتهاد بوو بە ئوسولی ئەخبار، ئەو شیعەی ئیجتهادی نەما هەتا کۆتاییەکانی سەردەمی قاجاڕ، ئێمە شیعەی ئیجتهادی نابینین، هەموو لەگەڵ حکوومەتی شا پەیوەندییان باشە و هەموو زەمیندارن، ژیانیان باشە، دۆعای بۆ حکوومەت و بۆ شای دەکەن و خورافات لە ئێران پەخش دەکەن لەبەر ئەوەی کە بەمانە حکوومەت بەردەوامتر بێ.
لە پاش کۆتاییەکانی دەورەی قاجاڕ ئێمە دەبینین کە هەندێک لە عولەما ئیدی مەزهەبەکەی پاش کەوتنی ئێرانێ وا زوو شکستەکانی لەشەڕەکان و هاتنی مۆدێڕنیتە و ئەوانە هەموو پرسێ بوون کە عولەما وە دنگ هاتن، وە دەنگ هاتنیشیان لە پێوەندی لەگەڵ ئەوەدا بوو کە سنوور بۆ دەسەڵاتی سیاسی دابنێن، کە قانوونی بنەڕەتی ١٩٠٦ نووسرا.
ئەوەیە کە پرسی ئێمە ناوەندی ئیجتهاد هەمووکات لەخزمەت سیاسەت بووە. ئێستەش شتێکە وەکوو سەردەمی شاعەباس زۆر تۆختر ئەوەیە کە عولەما لەبنەڕەتدا سەربەخۆیی فیکریی خۆیان بە بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی فرۆشتووە .
قوم و مەشهەد لە کۆنتڕۆڵی خامنەییدان، بەڵام نەجەف و کەربەلا لە کۆنتڕۆڵی خامنەییدا نین. پرسەکە ئەوەیە کە ئایا ئەو کۆنتڕۆلە دەمێنێ یان نامێنێ ئەو باسێکی‌ترە.
میسباحی یەزدی کە ئەوەی دەڵێی، ئاخوندێکی زۆر موحافزەکار بوو. هیچ کاتێک پێش شۆڕشی ١٣٥٧، هیچ کارێکی نەکرد. پاشان لە دەورەی خامنەیی و ئەوانەدا هاتە پێشێ، هەموو دەرفەتێکیان بۆ ڕەخساند. بوو بە سەرۆکی “مجتمعی ئیمام خومەینی” و چەند شوێنی‌تر، بوودجەیەکی یەکجار زۆریان پێ دا، بوو بە مەداحی خامنەیی.
بەڵام بگەڕێمەوە سەر ئەوە، لە شیعەگەریدا ئەساسەن خەڵک بەو ێیوەیە شتیان نەبووە، کاتێ دەڵێن کە ئیمام هەڵنابژێررێت، ئیمام خەڵک دەبێ دیاری بکەن، کاتێ کە دیاری دەکەن لە ڕووی زانستییەوە فڵان و فڵان و ئەوانە، ئەو پرسە هەیە. لە شیعەگەرییە کە “جێگرەوە بەپشت” هەیە ئێستە ئەگەر موجتەبا خامنەیی بێت و جێگای عەلی خامنەیی بگرێتەوە، ئەوە بە پێی بنەمای ئەسڵی ئیمامەتی شیعە کێشەیەکی نییە، تەنیا کێشەی ئەوەیە کە لە ئەسڵی ئیمامەتدا ئیمام “مەعسوومە”، ئەوانە ناتوانن بڵێن مەعسوومن ئەڵبەتە ئەویشی بۆ دروست دەکەن.



تیشک:
لە مەسەلەی قەیرانی حاکمییەتی کۆماری ئیسلامیدا ئێوە ڕۆڵێک بۆ ئەو نەتەوەیانەی دەبینن کە ناسنامەی فارس، شیعە خستوونیە پەراوێزەوە یان سەرکوتی کردوون یان بە جۆرێک لە جۆرەکان لە هەوڵی سڕینەوەیان دان ؟

عەباس وەلی: بەڵێ، بەباوەڕی من هەڵبەت لێرەدا سەبارەت بە سەرکوت کردنی کەمینەکان جیاوازی هەبووە، بۆ نموونە لە سەرەتای شۆڕش لە دەسپێکدا حکوومەتی کۆماری ئیسلامی زۆر هەوڵی دا، کێشە لە نێو کوردیدا دروس بکات بە بەهێزکردنی شیعە و شیعەگەری یا تەفسیری زۆر موحافزەکارانە لە ئیسلام و تەنانەت لە نێو سوننیەکاندا، بەڵام ئەوە بەکردەوە سەری نەگرتووە، بە پێچەوانە لەگەڵ شوێنێ وەک بەلووچستان لەکوردستان زمان و ethnicity ئێشتاش پرسی ناسنامەی کوردی بەپێی پێناسەی ناسنامەی کوردی و بەحیساب زمانی کوردی و مافی نەتەوەیی کوردی و ئەو جۆرە شتانە کە پێناسە دەکرێ زۆر هێزی لە مەزهەبی شیعە تەنانەت لە کوردەکانی شیعە بەهێزتر بووە، ئەوە حکوومەت لەو بارەیەوە شکستی هێناوە. لە کاتێکدا لە بەلووچستان لەو بارەیەوە تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە، ئێستە بڕێک ئەو شتە دەڕەوێتەوە، ئەو شتانەی کە حکوومەت دروستی کردبوو لەوێ، بەشێوەیەک لەوێش هێزی خۆی لە دەست دەدات، لەوێش ئۆپۆزۆسیۆن زۆرتر بووە. بۆ نموونە لە خووزستان ئەگەرچی عەرەبەکان بەشی زۆریان شیعەن، بەڵام ئەوانەش لەگەڵ ڕێژیم کێشەیان هەیە کێشەکەیان لەسەر ناسنامەی ئیتنیک و زمان و ئەو پرسانەیە، بۆیە بە باوەڕی من هەمووکات وتوومە کە لە ئێران پرسی ناسنامەی کەمینەکان لە بنەڕەتدا کاراکترێکی دێموکراتیکی هەیە، لەبەر ئەوەی سەرکوت کراوە لەبەر ئەوەی کە بێدەنگ کراوە، مافەکانی خوراوە و دەرفەتی گەشەی سیاسی و فەرهەنگی نەدراوەتێ، بۆیە ئەوە بێگومان بە باوەڕی من لایەنێکی دێموکراتیکی هەیە و دەتوانێ لە چوارچێوەیەکی سیاسەتێکی بەرفراوانی دێموکراتیک لە ئێراندا ڕۆڵێکی گەورەی هەبێت، هەروەتر ئازەرییەکان، هەروەتر لە بەلووچەکان، عەرەبەکان، ئەگەرچی ئازەرییەکان هەندێ پرسی مەزهەب لەوێ ئاڵۆزترە تا بەشەکانی دیکە، هەروەتر لە ڕووی ئابوورییەوە ئەوان زۆرتر لە گەڵ پێکهاتە و بنەمای دەسەڵات لە ئێران تێکەڵن،دۆخی ئەوان تایبەتییە، بۆیە ناسیۆنالیزمی ئازەری فێعلی جۆرێک دژایەتی لەگەڵ خودی کۆمەڵگای ئازەری دەکات، جۆرێک تووندڕەویی لێ پەیدا بووە دژە کوردی دژە فارسی، بە شێوەیەکی زۆر زەقی ڕەگەزپەرەستانە، ئەوە شتێکی دیکەیە، بەڵام پێم وایە، بەڵێ ئەو ناسنامەیەی کەمینەکان لەوێ لە بنەڕەتدا لایەنی دێموکراتیکیان هەیە و ویستەکانی ئەوانە، بەرنامەکانیان و ئەو شتانەی کە دەیانەوێ، ئەو شتانەی کە خەباتی بۆ دەکەن لە چوارچێوەیەکی دێموکراتیکدا دەبێ ببینرێت. دەتوانێت ببێت بە بنەمایەک بۆ بزاڤێکی گەورەتری دێموکراتیک وەکوو بۆ نموونە “هەدەپە” لە تورکیا بەمەرجێ کە بزاڤێکی ئاوا دێموکراتیک لە ئێران هەبێت. بەداخەوە هەموو ئەوانە لە ئێران بانگەشەی دێموکراسی دەکەن لەدژایەتی لەگەڵ ڕێژیمدا، ئەوانە نەیانتوانیوە بەهیچ جۆرێ، یانی سروشت و گەوهەری دێموکراتیکی ناسنامەکانی کورد وبەلووچ و عەرەب و ئازەری بەو شیوەیە قبووڵ بکەن، بۆیە ئیحتمالی ئیتلافێکی بەرفراوانی دێموکراتیک لە دۆخی هەنووکەدا کەمە، بەڵام ئەگەر ڕێژیم برووخێ، لەوێدا بە باوەڕی من ئیحتمالی ئاڵوگۆڕ دەبێ، بەڵام لێرەدا نامەوێ پرسەکە بەرمە مەیدانی ئۆپۆزسیۆنی سکۆلار، بەڵکوو بە باوەڕی من هێزە کوردییەکان و ڕۆشنبیریی intelligentsiaکوردیش لەوبارەوە کەمکاریی زۆری کردووە کە بتوانێ خۆی بناسێنێ، بتوانێ دیالۆگ دروست بکات لەگەل هێزە پێشکەوتووەکان.
ئەمن هەمووکات گوتوومە، یانی دوو حاڵەتی هەیە، ئەوانەی کە سەربەخۆییان دەوێ لە کوردستان حیسابی ئەوان جیاوازە، ئەو شتەی کە دەڵێم پێوەندیی بەوان نییە، ئەوان دەڵێن سەربەخۆییمان دەوێ ئەوە شتێکی دیکەیە.
ئەحزابی کوردی لە دۆخی هەنووکەدا کە دەیانەوێ لە چوارچێوەی ئێراندا حکوومەتی ئۆتۆنۆمیان هەبێ، کە بتوانن مافەکانی خۆیان بەدەست بێنن بە باوەڕی من ئەوە هیچ چارەیەک نییە، بێجگە لەوەی ئیستراتیژییەک هەبێ کە لە چوارچێوەی ئێراندا لەگەڵ هێزە دێموکراتیکەکاندا دانووستانێ بکرێ و لەگەڵ ئەوان ئیتلاف پێک بێت.
بەڵام ئیدی ئەوە نابێتە سیاسەتی ئەو کەسانە کە بەشێوەیەکی ڕاشکاو لەو خەتەی لادەدەن، دەڵێن ئێمە سەربەخۆییمان دەوێ، ئەو قسەیەی من دەیکەم پێوەندیی بەوان نییە، ئەوان حسابی خۆیان جیاکردووەتەوە.



تیشک:
حزووری کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ئیسلامیدا بەتایبەتی ئەو پرسەی کە پێی دەگوترێ هیلالی شیعی یان هەناردەکردنی شۆڕش، دوو قەیرانی بۆ کۆماری ئیسلامی ساز کردووە، یەکەم ئەوەی کە تێکگیرانێکی لەنێو جیهانی شیعەدا ساز کردووە، ئێمە دەزانین نەجەف و کەربەلا بە موشەخەسی ئایەتوڵـلا سیستانی و حەتا دەزگای شیرازییەکانیش لەگەڵ ئەو سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی دژایەتی دەکەن و ئەوانە دەیان و سەدان و هەزاران کەسی شیعە لایەنگریان هەیە، دووەم ئەوەیە ئەو سیاسەتە ناوچەییەی کۆماری ئیسلامی زەختێکی ئابووریی گەورەی خستۆتە سەر ڕەژیم ، ئێوە چ ڕۆڵیک بۆ سیاسەتی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی قایلن لە پرسی قەیرانی حاکمیەتدا؟

عەباس وەلی: بە باوەڕی من سیاسەتی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی بەشێکی گەورە لە سیاسەتی جێگیر کردنی دەستەڵاتی ئیسلامییە کە لە دۆخی هەنووکەدا لە قەیراندایە.
بە باوەڕی من ئەو سیاسەتە ئەگەر تماشای بکەین ڕاڤەکەی ئەوەیە کە دەڵێ قووڵایی ئیستراتیژیکی کۆماری ئیسلامی لەسەر سنوورەکانی جۆغرافیای کۆماری ئیسلامی دانەنراوە. قووڵایی ئیستراتیژیکی کۆماری ئیسلامی هەتا ئەو جێگایەی دەڕوا کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەڕوا، ئەوە شرۆڤەیەکی نادروست لە دەسەڵات نییە، دەسەڵات بەشێوەیەکی قانوونی لە چوارچێوەی جوغرافیاییدا کار دەکات و دەبێت؛ بەڵام لە سیاسەتدا هەقیقەت ئەوەیە، کە تا ئەو جێگایەی کە دەتوانێ بڕوا، دەڕوا. هەموو دەوڵەتان ئەو جورەی دەکەن. بەڵام ئەوەیکە سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی جیاواز و گرنگە، ئەوەیە کە پێناسە و تەفسیری ئەوان لە قووڵایی ئیستراتیژیک شتێکە کە تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ئەو ڕاڤە و شرۆڤەیە بە باوەڕی من لەگەڵ بەرژەوەندییە خێراکانی ئێران لە ناوچەکەدا یەک ناگرێتەوە، ئەوە شتێکە کە خودی ئیدۆلۆگەکان و شرۆڤەکارانی ناحکوومەتیی ئێرانیش بەردەوام ئەوە دەڵێن، ئەگەر چاو لێ بکەین بەشی زۆری ئەوانە تەنانەت دژی ئەوە نین لە سوریە بن لە یەمەن بن، چون ئەوانیش ئەو دەسەڵاتخوازییەیان پێ خراپ نییە، بەڵام لە هەمان حاڵدا دەڵێن کە ئەو ڕاڤە و شرۆڤە لە قووڵایی ئیستراتیژیک دەبێتە هۆی ئەوەی کە پێوەندیی ئیستراتیژیکی دەسەڵات لە ئێران زۆر زۆر درێژ بێ، بەجۆرێک کە لە کۆتاییدا دەسەڵات پێی ڕانەگات، کاتێ دەسەڵات ناتوانێ لە قووڵاییی ئیستراتیژیکدا بە ئامانجەکانی خۆی ڕابگا پێویستە پاشەکشە بکات، پاشەکشەی ئاوا هەندێک جار لە حاڵەتێکدا دەبێ، کە ئەو کەسانەی کە لە گەڵی دژایەتی دەکەن بە ئیستڵاح دوژمنەکانی کۆماری ئیسلامی لەو پاشەکشەیەی لەبەرژەوەندی خۆیاندا زۆرینەی کەڵک وەردەگرن هەتا ئەو جێگایەی کە دەتوانن زەربەی لێ بدەن. ئێستە بۆ نموونە لە سووریە ئیسراییل و کۆماری ئیسلامی دەبینن، تورکیە دەبینن کە چۆن لە لاوازی ئیستراتیژیکی ئێران لە سووریە کەڵک وەردەگرن. تەنانەت دەیانەوێ لە عیراقیش کەڵک وەربگرن، بەڵام ئەو پرسە دێتە پێشێ، مەبەستم ئەوەیە، کە کۆماری ئیسلامی بەبێ ئەوەی کە ڕاڤەیەک بکات کە بە پێی سیاسەتی خۆیان لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی ئێران بێ، دێت ڕاڤەی قووڵاییی ئیستراتیژیک دەکات کە ئەو ڕاڤەیە لە بنەڕەتدا ئیدیۆلۆژیکە، یانی ئەگەر تماشای ئەو ناوچانە بکەین یەمەن، عێراق، جنوبی لوبنان و سوریە، تەواوی ئەو جێگایانەن کە کۆماری ئیسلامی هێزی نیابەتیی شیعەی دروست کردووە، ئەوە بەکردەوە نیشان دەدات لایەنی ئیدیۆلۆژییی زۆر بەهێزی ئەو قووڵاییی ئیستراتیژیکەی نیشان دەدات. ئەوەی کە دەڵین هیلالی/کەوانەی شیعی هەیە، هیلالی/کەوانەی شیعی پێش ئەوەی چەمکێکی سیاسی ئیستراتیژیک بێ، چەمکێکی ئیدۆلۆژیک و سیاسییە و خامنەیی کە ئەو کارەی دەکات ئەوانە ڕێک بەرنامەکەیان بەپێی تەعبیرێکە لە ئیدیۆلۆژی لە دەسەڵاتی خۆیان دەیکەن. پارەیەکی زۆر بۆ ئەوەی کە خەرج دەبێ یانی بە ڕای خۆیان تەعبیری ئیدیۆلۆژیکە کە دەیکەن ئەوە لۆژیکییە، لەبەر ئەوەی کە هەتا ئەو کاتەی ئەوان بتوانن دەسەڵاتیان لەوێ بپارێزن، دەتوانن جۆرێک سەقامگیری لە ناوەوەی ئێرانیشدا پێک بهێنن، بەڵام هەتا کاتێ کە سەرچاوە و ئیمکاناتیان هەبێ. ئەو ئیستراتیژییەی کە دایاننا لە ئەمریکا “گوشاری لانی زۆر” ڕێک ئامانجی ئەوە بوو کە زەخت بخاتە سەر ئەو پرسی دەسکەوتنی سەرچاوە، یانی کۆماری ئیسلامی دەستی ڕابگات بە سەرچاوەی، دەبێ ئەو سەرچاوەیە بپچرێ، کاتێ ئەو سەرچاوە دەپچرێت چەمکی قوڵاییی ئیستراتیژیک کە بە پێی ئیدیۆلۆژی دانرابێت وەکوو پرسێکی نامووسیی لێ دێت، یانی پرسێکە بنەمای سیاسی بەو شێوەیەی نامێنێ. ئێستە ڕێک کۆماری ئیسلامی نیشان دەدرێ لە عێراق لە سوریە تا ڕادەیەک لە باشووری لوبنانێ تووشی ئەو کێشەیە بووە، بە باوەڕی من ئێستەکە کۆماری ئێسلامی لەو شەرایتەیدایە دەیەوێ لە پرسی قوڵایی ئیستراتیژیک بۆ دانووستانی سیاسی کەڵک وەرگرێ.
بێگۆمان، بە باوەڕی من، دەزانێ کە لە وتووێژەکانی ئێستادا پرسی مووشەکی و پرسی سیاسەتەکانی لە پێوەندی لەگەڵ قووڵایی ئیستراتیژیک لەسەر میزی دانوستان دەبێ، بۆیە بە باوەڕی من هەر جۆرە ئیمتیازێکی سەبارەت بە قووڵاییی ئیستراتیژیک بدات، لەبەر ئەوەی دەبێ کە لە ژوورێ لە ماڵی خۆی لە چوارچێوەی ئێرانێدا ئیمتیازگەلێک وەربگرێ کە ڕیژیم دۆخی سەقامگیرتر و نەگۆڕتر بێ، بۆیە ئێستاش ئەوان لەسەر ئەو باوەڕەن کە قووڵاییی ئیستراتیژیک شکستی نەهێناوە و دەتوانێت وەک ئامرازێکی دانووستان کەڵکی لێ وەربگیررێت.
تەنیا ئەوە باس دەکەم کە ئەوە دروستە کە لە سیاسەتی Realpolitik دا، “سیاستی مبتنی بر واقعیت”دا، هەمووکات ئەوەی دەڵێن کە دەسەڵاتی دەوڵەت نابێ بەرتەسک بکرێ بە چوارچێوەی جوغرافیایی و دەسەڵاتەکەی هەتا ئەو جێگایەی دەڕوات کە نفوزی دەڕوات و نفوزەکەشی نیشان دەدات کە قووڵاییی ئیستراتیژیکی کوێیە.
بۆ نموونە ئەو خۆتێکەڵکردنەی لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان لە پاش ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی، نیشانی دا کە کۆماری ئیسلامی بەشێک یان لانیکەم زۆنی سەوزی هەرێمی کوردستان بە قووڵایی ئیستراتیژیکی خۆی دەزانێت. بەڵام ئایا ئەگەر ئەو سەرچاوانە بپچرێن دەتوانێ ئەو قووڵاییی ئیستراتیژیکەی کە نە بە پێی بەرژەوەندی دەوڵەتی، بەڵکوو بەپێی ڕاڤە و شیکردنەوەی ئیدیۆلۆژیک لە دەسەڵاتی ڕێژیمێکی ئاوا دەتوانێ ئەوەی بپارێزێ وئایا ئەو خەرجەی کردوویەتی سوودی هەیە یان نا ئەوە شتێکی دیکەیە.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان