ئارامتر بخوێنەوە!

وتووێژ لەگەڵ

هەژار برنجی

هەژار برنجی
سالی ١٩٨٠ لە شاری نەغەدەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە.
ساڵی ١٩٩٢ دەستی بە کاری پرۆگرامسازی بۆ کۆمپیۆتەری Commodore 64 کردووە.
ساڵی ٢٠٠٧ بڕوانامەی بواری Digital Film & Video لە Art Institute لە ڤانکۆڤەری کانادا وەرگرتووە.
ساڵی ٢٠٠٧ وەک یەکێک لە گەنجە سەرکەوتووەکانی هەرێمی بریتیش کۆلۆمبیای کانادا لە بواری ڕاگەیاندن خەڵات کراوە.
ساڵی ٢٠١٠ بروانامەی ڕاهێنەری لە کۆمپانیای Apple وەرگرتووە.
ساڵی ٢٠١٢ یەکێک لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری تۆڕی میدیاییی ڕووداو بووە لە باشوری کوردستان و وەک بەرێوەبەری تەکنیک لەو تۆڕە هەواڵییە کار دەکات.



تیشک:
  ئینتێرنێت خوڵقێنەری سەردەمی زانیاری بوو، بڵاوبوونەوەی زانیاری لەو ئاستەی ئێستادا چ کارتێکەرییەکی لەسەر میدیا داناوە؟

هەژار برنجی:  ئینتێرنێت وەکوو شۆڕشێکە بۆ دنیای ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری. کاریگەریی ئینتێرنێت بەسەر ڕاگەیاندندا لە دوو بواردا بووە، بوارێکیان بواری ناوەرۆکە، بوارێکیان بواری تێکنیکییە! لە بواری ناوەرۆکدا، ئینتێرنێت توانیویەتی ببێت بەهۆکارێکی یەکجار زۆر خێرا بۆ بڵاوبوونەوەی زانیاری و توانیویەتی ببێت بە ئامرازێک لە دەستی خەڵکی ئاسایی لەنێو وڵاتدا کە بتوانن بیروبۆچوونی خۆیان، شێوازی تێڕوانینی خۆیان، ئەو شتانەی دەیکەن یان هەر زانیارییەکی پێیان خۆش بێ، بە تێچوویەکی زۆر کەم بڵاوبکەنەوە کە لەو بوارەدا بەکارهێنانی ئینتێرنێت و سۆشیال میدیا توانیویانە یەکجار زۆر یارمەتیدەر بن. ئینتێرنێت لە بواری تێکنیکییەوە توانیویەتی خزمەتێکی زۆر بە ڕاگەیاندن بکات، لەبەر ئەوەی لە ڕێگای ئینتێرنێت و تێکنۆلۆژیای “نێتۆرکینک” شێوازی کارکردنی ڕاگەیاندن لەهەر هەموو جیهان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، ئێمە پێشتر دەماندیت تەنیا لە ڕێگای لەرە لەرەکانی FM بۆ ڕادیۆ یان لە ڕێگای VHF بۆ تیڤی یان لە ساڵەکانی دوایشدا تەنیا لە ڕێگای سەتەلایتەوە دەنگ و ڕەنگ دەگوازرانەوە بەڵام ئینتێرنێت ئێستا بووەتە ئامرازێک کە بتوانێ خەبەرەکان بە خێرایی بگوازێتەوە و زانیارییەکان زۆر بە خێرایی بگەیەنێ بە ڕاگەیاندنی گشتی. هەروەها بووەتە هۆکار کە ڕاگەیاندن دەستی بە هەموو تاکێک بگات لە ڕێگای تەلەفۆنێکی زیرەک، “ئای پەدێک” یا تەنانەت تەلەفیزۆنە زیرەکەکانەوە.
شتێکی دیکە کە خوڵقاندوویەتی دوولایەنە بوونی پەیوەندیییە لە نێوان ڕاگەیاندن و بینەر/خوێنەر/بیسەر. هەموو ئامرازەکانی ڕاگەیاندن لە ڕابردوودا یەک لایەنە بوون، بە دیاریکراوی کە ڕادیۆ شتێکی بڵاودەکردەوە، ڕاستەوخۆ لە لایەن ئەو لایەنەی کە ڕادیۆکەی بڵاودەکردەوە زانیارییەکان بڵاودەبوونەوە. بیسەر تەنیا وەرگر بوو. بەڵام ئینتێرنێت بووەتە هۆکار کە ئەو پێوەندییە بووەتە دوو لایەنە، ئێستا بینەر و بەردەنگی ڕاگەیاندن دەتوانێت بۆچوونی خۆشی دەرببڕێ جا لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کامێنت دادەنێت، لە ڕێگای تەلەڤیزیۆنە هوشمەندەکانەوە پەیام بەڕێ دەکاتەوە، یان لە ڕێگای ئینتێرنێتەوە کە شتێک دەبینێ ڕاستەوخۆ پەیوەندی دەکات و نەزەر و بیروبۆچوونی خۆی پێ دەڵێتەوە؛ ئەوە بووەتە هۆکاری هاتوچۆی زانیاری. لە هەمان کاتدا ئینتێرنێت شێوازەکانی ڕاگەیاندنیشی گۆڕیوە. بۆ نموونە ئێستا لە جیهانی مۆدێڕندا دەبینین بەرە بەرە ڕۆڵی تیڤی کەم دەبێتەوە، ڕۆڵی ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو ڕاگەیاندن زیاتر دەبێت. تەنانەت ئەگەر بەردەنگی ڕاگەیاندن هیچیش نەنێرێت، ئەوا لە ڕێگای ئەو شتانەی سەرنجی بەردەنگ ڕادەکێشێت، ناوەندەکانی ڕاگەیاندن دەتوانن نەبزی کۆمەڵگا بزانن و کۆنترۆلی بکەن!
جارێکی دیکە سەرنجەکان لە جیاتی سەرفکردنی پارەیەکی زۆر لە تەکنیکی ڕاگەیاندن و ئامرازەکانی گەیاندن، چووەتەوە سەر ناوەرۆکی بەرهەمەکان؛ واتە ئێستا ئەوەی کە لە دنیای ڕاگەیاندندا دیسان جارێکی دیکە بووەتەوە جێگای سەرنجی یەکەم؛ داهێنان و بەرهەمهێنانی بەرهەمی ڕاگەیاندنە نەک شێوازی گەیاندن، چونکە ئینتێرنێت شێوازی گەیاندنی زۆر ئاسان کردووەتەوە.



تیشک: ئایا «دارک نێت» کارتێکەریی لەسەر میدیای ڕەسمی هەیە؟

هەژار برنجی: ئەگەر مەبەست لە دارک نێت ئەو بەشە لە ئینتێرنێت بێت کە بۆ کاری نایاسایی بەکار دەهێنرێت و بە تایبەتی دراوە ئیلکترۆنییەکان بەکاردێن کە پێیان دەڵێن Crypto Currency نەخێر، “دارک نێت” لەسەر میدیای فەرمی کاریگەریی نییە. بەڵام ئەگەر باس لە Fake News واتە هەواڵی ناڕاست دەکرێت، کە ئایا هەواڵی ناڕاست کارتێکەریی لەسەر میدیا هەیە؟ بەڵێ، هەواڵی ناڕاست کە لەسەر ئینتێرنێت بڵاودەبێتەوە، ئێستا لەلایەن دەزگاکانی هەواڵگری زۆر وڵاتی زلهێزەوە بەکار دێن و باندۆڕیان هەیە لەسەر میدیای فەرمی. تەنانەت دەتوانن شێوازی تێڕوانینی کۆمەڵگاش کۆنتڕۆڵ بکەن.
Dark Net ئەو شوێنە لە ئینتێرنێتە کە زیاتر بۆ کاری نایاسایی یان پەیوەندیی شاراوە کەڵکی لێ وەردەگیرێت و سێرڤەرەکانیان “Untraceable” بەو مانایە قابیلی بەدواداچوون نین؛ شوێنیان دیار نییە و ئەو شوێنە لە ئینتێرنێت بەناوی “دارکنێت” وەک ڕووکەشێکی نادیارە بەسەر تۆڕی ئینتێرنێتەوە و بەکار دێ بۆ ئەوەی کە بتوانی کڕین و فرۆشتن بە کاری نایاساییەوە بکەی. تەنانەت هەندێک جار کار دەگاتە مرۆڤ کوشتن، فرۆشتنی چەکی نایاسایی و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان و زۆر شتی تر کە لە بواری یاسایییەوە مرۆڤەکان لەسەر ئینتێرنێت ڕێگە پێدراو نین کە بەناوی خۆیانەوە ئەو کارانە بکەن.



تیشک: تێکنۆلۆژی و هۆشی دەستکرد دەرفەت و مەترسییەکانی بۆ میدیا چییە؟

هەژار برنجی:  هۆشی دەسکرد یان AI (Artificial Intelligence) هەم دەرفەتە هەم تێکنۆلۆژیایەکی زۆر پێشکەوتووە بۆ ڕاگەیاندن.
هۆشی دەسکرد، هۆشێکە کە لە ڕێگای کۆمپیوتەرە زۆر بەهێزەکان و هێندێک بەرنامەوە، دەتوانێت لە هەڵسوکەوتی مرۆڤ بکۆڵێتەوە و بزانێت کە مرۆڤەکان بیر لە چی دەکەنەوە و چی دەکەن. هەموو ویست و داخوازییەکان و شێوازی بیرکردنەوە و تێڕوانین و لێکۆڵینەوەیان چۆنە! ئەوە دەتوانێت دەرفەتێکی یەکجار گەورە بێت بۆ ڕاگەیاندن لەبەر ئەوەی ڕاگەیاندن لە ڕێگای تێکنۆلۆژی و هۆشی دەسکردەوە، خێرایییەکەی یەکجار زۆر بەرەو پێش چووە، کە یەکێک لەهۆکارەکانی سەرکەوتنی ڕاگەیاندن خێرایییە. هۆکارێکی دیکەی سەرکەوتنی ڕاگەیاندن بێ لایەنی و ڕاستیی زانیارییەکانیەتی. هۆشی دەسکرد دەتوانێت زانیارییەکانی بۆ پشتڕاست بکاتەوە، زۆر بە وردی لێکۆڵینەوەی بۆ بکات بەڵام کە بگەڕێینەوە بۆ ئەوەی ئایا هۆشی دەسکرد مەترسییە لەسەر مرۆڤایەتی؟ ئەوە باسێکی جیاوازە کە بە بڕوای من بەڵێ مەترسی بۆ مرۆڤایەتی دروست دەکات ئەگەر هەر بەو خێرایییە بەرەو پێش بچیت و ڕەنگە ڕۆژێک دابێت کە مرۆڤەکان بە تەواوی کۆنترۆل بکات. بەڵام دەرفەتە بۆ میدیا و ئەو دەرفەتە دەتوانێت زۆر خزمەتی میدیا بکات بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتیی کاری ڕاگەیاندن و بەرزکردنەوەی خێراییی کاری لێکۆڵینەوە.



تیشک:
پەیوەندیی نێوان ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی و میدیای نەریتی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟!

هەژار برنجی: ئەگەر مەبەست لە ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی سوشیاڵ میدیا یان هەمان تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بێت و میدیای نەریتی باس لە میدیای کلاسیک بکات، ئەو کات دەتوانم بێڵیم کە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان لە خزمەتی میدیای نەریتیدان و هەر میدیایکی نەریتی کە بایەخ بە میدیا کۆمەلایەتییەکان نەدات و خۆی لەگەڵ ئەو دونیا نوێیەی ڕاگەیاندن نەگونجێنیت، پێگەی خۆی لاواز دەکات و ناتوانێ بۆ داهاتووش ئامادە بێت. ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە هۆکار کە یەکەم؛ بەردەنگەکانی میدیا زیاتر بن، دووهم هەر وەکوو لە وڵامی پرسیاری یەکەم باسم کرد، ئاڵۆگوڕی زانیاری لە نێوان بڵاوکەرەوە و وەرگر دوولایەنەیە. لە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکاندا بەردەنگی ڕاگەیاندنیش زانیاری دەداتەوە بە ڕاگەیاندن. چەند زانیاری زیاتر بێت میدیا بەهێزتر دەبێت. هەر وەها شتێکی تریش هەیە کە میدیا لە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکاندا کەسایەتیتر بووەتەوە، واتە هەڵبژاردەی بینەر و بیسەر و خۆێنەری ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان یەکجار زۆر زیاترن، دەست ڕاگەیشتن بە زانیارییەکان یەکجار زۆر زیاتر و خێراترن، بۆیە ئەوەی کە بە ئینگلیسی پێی دەڵێن “Personaliozed” بووەتەوە، واتە کەسایەتیتر بووەتەوە بۆ ئەوەی بەردەنگ بە دڵی خۆی هەڵبژێرێت کە کات بۆ کام زانیاری تەرخان دەکات؛ واتە مەجبوور نییە کە شتێکی کە زۆر سەرنجی ڕاناکێشێت بخوێنێتەوە، بیبینت یا بیبیسێت. هەر بۆیە پەیوەندییەکی یەکجار زۆر پتەو لە نێوان ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان و میدیای نەریتیدا هەیە کە بەشێک لە میدیا توانیویەتی زۆر باش لەوە کەڵک وەرگرێ و بەشێک نەیتوانیوە کەڵکی لێ وەربگرێ. ئەوانەی توانیویانە کەڵکی لێ وەرگرن و خۆی دەگەڵ ڕیک بخەن، توانیویانە یەکجار زۆر بەرەوپێش بچن، ئەوانەی کە خۆیان دەگەڵی ڕێک نەخستووە، لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ بچووک بوونەتەوە.



تیشک: «هەواڵنێر شارۆمەند» یەکێ لە دیاردەکانی سۆشیال میدیایە. دەرفەت و مەترسیی ئەو دیاردەیە بۆ میدیای نەریتی چییە؟

هەژار برنجی: هەواڵنێر شارۆمەند “Citizen Jurnalist” تەنیا بەستراوە بە سۆشیال میدیا نییە، هەواڵنێر شارۆمەند لەو شوێنەی کە لێیەتی بۆ هەر بوویەر و ڕووداوێک کە دەقەومێت، دەتوانێت ببێت بە پەیامنێرێکی چالاک و بەرهەمەکەی خۆی بگەیەنێت بە ڕاگەیاندن؛ جا ئەوە دەتوانێت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بێت یان میدیای نەریتی. دەرفەتێکی زێڕین دەخولقێنێت بۆ میدیا، دەرفەتەکەش ئەوەیە کە دەستی میدیا زۆر دەکاتەوە، میدیا دەوڵەمەند دەکات. هەتا زیاتر تێڕوانین، بینین، بیرکردنەوە، وێنە و دیمەنی جیاواز لە نێو میدیا بێت، ئەو ڕاگەیاندنە ئەوەندە پێی دەوڵەمەند دەبێت، هەروەها زۆربەی کەناڵەکانی میدیا، لە بواری کاری ناوەرۆکەوە دەستیان بەستراوە، بۆیە هەواڵنێر شارۆمەند کراوەتر لە هەموو ئەو قەید و بەندانە، دەتوانێت لە هەموو گۆشەنیگایەکەوە هەموو ڕووداوەکان ببینێ و چاوەدێرییان بکا و پێشانی خەڵکیان بدا.
هەواڵنێر شارۆمەند، بۆ میدیای نەریتیی ئازاد دەوڵەمەندییە، بەڵام هەواڵنێر شارۆمەند بۆ میدیای نەریتیی داخراو، کۆنتڕۆڵکراو و سانسۆڕکراو، گەورەترین هەڕەشە و مەترسییە! هەواڵنیر شارۆمەند، ئەو کەسانەن کە بۆیان گرینگە چی ڕوودەدات و چۆن ڕادەگەیێندرێت. جا لەگەڵ میدیا نەریتییەکان بەشی دەکەن یان بەشی ناکەن یان لە کەرەستەکانی ئینتێرنێت و سۆشیال میدیا کەڵک وەردەگرن و بڵاویان دەکەنەوە. کەوابوو هەواڵنێر شارۆمەند خۆی میدیایەکی بچووکە.



تیشک:
ئایا دەکرێت باس لەسەر فەرهەنگی سەردەمی زانیاری بکرێت؟

هەژار برنجی: بە بڕوای من ئەوە پرسیارێکی زۆر گشتی و کراوەیە و دەبێ کۆمەڵناسەکان جوابی ئەوە بدەنەوە؛ بەهۆی ئەوەی من کەسێکی تەکنیککاری نێو ڕاگەیاندنم، ئەو ئیزنە بە خۆم نادەم لەسەر بوارە کۆمەڵایەتییەکان کە ڕەنگە شارەزایی و زانیاریی زۆرم لەسەری نەبێت قسە بکەم. باوەڕی تەواویشم بەوە هەیە کە نوخبەی کۆمەڵگا ناتوانێت لە هەموو بوارێکدا شارەزا بێت و ئیزن بە خۆی بدات کە لەسەر هەموو مژارێک بدوێت؛ جا بە تایبەت تۆڕە کۆمەلایەتییەکان، چونکە ڕەنگە زانیاریی هەڵە وەک Fake News کۆمەڵگا بەرەو ئاقاری خراپ ببات.



تیشک:
ئەم ڕۆژانە داخرانی هەژماری تایبەتی دۆناڵد ترامپ لە چەند سۆشیال میدیاوە بووە بە هۆکاری ئەوەی پرسی ئازادیی ڕادەربڕین لە سۆشیال میدیادا بێتە گۆڕی، پەیوەندیی نێوان ئازادیی ڕادەربڕین و سۆشیال میدیا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

هەژار برنجی: لەسەر سۆشیال میدیا هەرکەسێک لە جیهانی ئازاد و دێموکراتدا حەقی خۆیەتی بە ناوی خۆیەوە تێڕوانین و شێوازی بیرکردنەوەی خۆی بەوپەڕی ئازادییەوە دەرببڕێت. بۆیە هەر کەسێک، کاتێک بە ناوی فەرمیی خۆیەوە بیروبۆچوونەکان و ڕای خۆی دەردەبڕێت، ئازادە و پێچەوانەکەشی واتا کپ کردنی دەنگی ئەو کەسە، پێشێلکردنی ئازادیی ڕادەربڕێنە. بەڵام هێندێک جار لە کۆمەڵگا دێموکڕاتەکاندا، بیر لەوە دەکرێتەوە کە ڕەنگە بە شێوازی ناڕاستەوخۆ، سووکایەتی و بێڕێزی بە کەسانێک بکرێت یان ئەوەی دەربڕینی هەندێک بیروڕا، هانی کۆمەڵگا بدات بۆ ئەوەی مافی هەندێ کەسی دیکە پێشێل بکرێ! لەو حاڵەتەدا دەزگای دادی وڵاتان لە کۆمەڵگای دێموکڕاتدا، بڕیار دەدات کە ئایا مافی تاکەکانی دیکە پێشیل کراوە یان نە! کەسانی یاسایی لەسەر بنەمای ژێرخانەکانی دێموکڕاسی دەتوانن بڕیار لەوە بدەن، بەڵام بە گشتی دەربڕینی ڕا و بۆچوونی تاکەکەس بەناوی فەرمی خۆیەوە لە سۆشیال میدیا، ئازادیی ڕادەربڕینە و لە نێو هەموو سیستمێکی دێموکڕاتدا دەبێت ڕێگەپێدراو بێت.



تیشک: واتساپ ڕایگەیاند کە لە پێناو داهاتی زیاتری فەیسبووکدا، زانیارییەکانی خۆی لەگەڵ فەیسبووک هاوبەش دەکات، سۆشیالمیدیا پلاتفۆرمێک بۆ دەنگی تاکەکانە یان سیستمێکی تەبلیغاتییە؟!

هەژار برنجی: واتساپ کاتێک ڕایگەیاند کە لە پێناو داهاتی زیاتر زانیارییەکانی خۆی لەگەڵ فەیسبووک بەش دەکات، لایەنێکی دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی کە واتساپ لە وڵاتێکدا خاوەندارێتی دەکرێ کە وڵاتێکی دێموکڕاتە واتە ئامریکا، بۆیە مەجبوورە بچووکترین کاریش کە دەیکات لەگەڵ بەکارهێنەرانی باسی بکات؛ دەنا ڕەنگە زۆر کۆمپانیای تری هاوشێوەی واتساپ هەبن لە وڵاتانی نادێموکڕاتیک کە زانیاریی کەسەکان بەکاردێنن بەڵام ئاگاداریشیان ناکەنەوە. خاوەنی واتساپ فەیسبووکە. فەیسبووک واتساپی کڕیوەتەوە لە پێناو قازانجی زیاتر. واتساپیش سرویسەکانی بێ بەرانبەرە بۆ بەکارهێنەران، بۆیە مەجبوورە بۆ ئەوەی کە خۆی لەسەر پێ ڕابگرێت و گەورە بێتەوە، خۆی بە فەیسبووک بفرۆشی و زانیارییەکان بدا. بەڵام ئەوەی کە لێرەدا گرینگە ئەوەیە کە ئێمە زانیاریی ڕاستمان هەبێت. واتساپ تەنها ناو و ژمارە تەلەفۆنی بەکارهێنەرانی دەیویست دەگەڵ فەیسبووک بەش بکات کە دەبێت زانیارییەکی مارکێتینگ بێت نەک ناوەرۆکی پەیامەکانی نێوان بەکارهێنەرانی واتساپ. ئایا سۆشیال میدیا پڵاتفۆرمێکە بۆ دەنگی تاکەکان یا سیستمێکی تەبلیغییە؟ ئەویش باسێکی جیاوازە. هەموو سۆشیال میدیایەک ئامانجێکی کورتخایەن و ئامانجیکی دڕێژخایەنی هەیە. سۆشیال میدیا یان دەبێت قازانج لە بەکارهێنەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی کە خەرجییەکانی سێرڤەر و پێداویستییەکانی دابین بکات بۆ ئەو ژمارە زۆرەی بەکارهێنەر، یان بۆ ئەوەی بتوانێت لەسەر پێ ڕاوستی و وەکوو کۆمپانیایەکی بازرگانی کار بکات، دەبێ بتوانێت تەبلیغات و بانگەشەی بازرگانی وەکوو بەشێکی سەرەکی لە بازاڕی ئەمڕۆی جیهان، لە نێو خۆیدا جێ بکاتەوە. واتە سۆشیال میدیا پلاتفۆڕمێکە بۆ دەنگی تاکەکان و هاوبەش کردنی تاکەکان لەگەڵ یەکتر لە ژیانی ڕۆژانەدا. چونکە بڕیار نییە سۆشیال میدیا هەموو کاتێ وەکوو ڕاگەیاندن کەڵکی لێ وەربگیردرێ و هاوکات سیستمێکی تەبلیغاتیشە بۆ کۆمپانیا بازرگانییەکان کە بتوانن لەو شوێنەدا بانگەشە بۆ کاڵا و سرویسەکانی خۆیان بکەن.



تیشک:
ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی هەتا چەندە پارێزەری پەرێزی تایبەت (حریم خصوصی)ن؟!

هەژار برنجی: ئەوە دەگەڕێتەوە سەر کولتوری بەکارهێنەرانی تێکنۆلۆژی لە ناو کۆمەڵگا کە ئەو ڕۆژانە من خۆم زۆری باس لێ دەکەم و بە داخەوە لە نێو کۆمەڵگای ئیمەدا بە هیچ شێوەیەک نە جێ کەوتووە، نە ڕێک خراوە، نە زانیاریی شیوازی بەکارهێنانی تێکنۆلۆژی لە نێو کۆمەڵگای ئیمەدا پەروەردە کراوە. ئەوە خاڵیکی زۆر گرینگە کە؛ دەبێت تاکەکان بەر لە بە کارهێنانی هەر کەرەستەیەکی تێکنۆلۆژیک، سەرەتا زانیارییان لەسەری هەبێت جا دوایە بەکاری بێنن. بۆ نموونە لە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلیشدا هەر وایە. کاتێک ئۆتۆمبێل دەکڕی، ئەگەر نەزانی چۆنی لێبخوڕی، تۆ ناتوانی ئەو ئوتومبێلە بەکاربێنی. یان بۆ جلک دەپۆشین؟ جلک دەپۆشین بۆ ئەوەی بە ڕووتی نەچین بۆ ناو کۆمەڵگا، بەڵام لە هەرێمی تایبەتی، مرۆڤەکان دەتوانن بەبێ جلکێش بگەرێن. کە وابوو ئیمە دەبێت بڕیار بدەین کە چەندە زانیاریی تاکەکەسیی خۆمان لەگەڵ کێ و چۆن بەش بکەین. ئەوەی لە ژیانی ئاساییی ڕۆژانەدا ئاشکرایە، دەتوانێت لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش ئاشکرا بێت، بەڵام هەڵسوکەوتێک کە بۆ ژیانی ڕۆژانەی ناو کۆمەڵگا ئاسایی نییە بۆ سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش ئاسایی نییە! کە وابوو مەسەلەی پارێزگاری لە هەرێمی خسوسیی تاکەکان شتێک نییە کە سۆشیال میدیا بیپارێزێت. تاکەکان دەبێت خۆیانی لێ بپارێزن.



تیشک:
ئێستا هەموو دەزانین کە کۆمپانییەکانی سۆشیال میدیا، زانیاریی تاکەکەسی بەکاردێنن بۆ تەبلیغاتی ئابووری. ئەگەر ڕۆژێک ئەو کۆمپانیایانە ئەو زانیارییانە بۆ بانگەشەی سیاسی بەکاربێنن، بێگومان ئاراستەی هەڵبژاردن و دێموکڕاسی ئالوگۆڕی بەسەر دێت، ئایا لە سەردەمی دیکتاتۆرییەتی سۆشیالمیدیادا دەژین؟!

هەژار برنجی: بێگومان سوشیاڵ میدیا دەکرێت بۆ بانگەشەی سیاسی بەکاربێت، دەتوانێت باندۆری هەبێت. هەر وەک چۆن ئامرازەکانی نەریتیی ڕاگەیاندن لە ڕابردوودا بۆ ئەو مەبەستانە بە کار هاتوون؛ تیڤی، ڕادیۆ و ڕۆژنامە هەمووی لە ڕابردوودا بەکار هاتووە! هەم بۆ بانگەشەی بازرگانی و هەم بۆ بانگەشەی سیاسی. کە وابوو سوشیاڵ میدیا لەوانە جیاواز نییە و دەتوانێت وەکوو ئامرازیک بۆ بانگەشەی سیاسی یان بازرگانی بەکار بێت. بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاردەر تاکی کۆمەڵگایە و ئاستی ڕەنگدانەوەی سۆشیال میدیا دەگەڕێتەوە سەر ڕادەی شارەزایی و کراوەییی تاکەکانی کۆمەڵگا لە بەرانبەر زانیاریدا. تاکی کۆمەڵگا هەتا ڕووناکبیر بێت، کراوە بێت، شارەزا بێت، زانا بێت، خۆێنەر بێت، دەتوانێت خۆی لە ناو ئەو زانیارییانەی کە پێی دەدرێت، بڕیار بدات کە کامی ڕاستە و کامی ڕاست نییە! کامی دەبێ بە جددی وەرگیرێت و کامی ڕەنگە گرنگ نەبێت! هەر بۆیە چ لە کاتی وەرگرتنی زانیاری لە میدیای نەریتی و چ لە کاتی وەرگرتنی زانیاری لە سوشیاڵ میدیا، زانایی و ئاستی ڕووناکبیریی کۆمەڵگا، نیشانی دەدات کە ئەو کۆمەڵگایە دیکتاتورییەت قەبووڵ دەکات یان قەبووڵی ناکات. کۆمەڵگای ئازاد لە تاکی ئازاد پێک دێت، تاکێک کە سەربەخۆیە، بە ئازادی بیر دەکاتەوە. کۆمەڵگایەک ئازاد و دێموکڕات دەبێت کە لیاقەتی ئەو ئازادی و دێموکڕاسییەی هەبێ. بە واتایەکی تر هەر وەکوو ڕێبەری نەمر دوکتور قاسملوو فەرموویەتی: ئەو گەلانە ئازادییان دەبێت کە نرخی ئەو ئازادییە بدەن.



تیشک:
بزووتنەوەی کوردستان هەتا چەندە دەرفەتی تێکنۆلۆژیی بۆ پاراستنی بەهاکانی خۆی بەکار هێناوە؟

هەژار برنجی: ئەگەر بزووتنەوەی چوار پاچەی کوردستان لە پێش چاو بگرین، بەشێکی کەم لە بزووتنەوەی کورد هەوڵی داوە تێکنۆلۆژیا و ڕاگەیاندن بۆ پاراستنی بەهاکان بەکار بێنێ؛ بەڵام بە داخەوە لە ئاستێکی زۆر نزم و بە تاقەتێکی زۆر کەم. بزووتنەوەی کوردستان، تێکنۆلۆژی و ڕاگەیاندنی بۆ پاراستنی بەهاکان، هێما سوورە نەتەوەیییەکان بە باشی بەکار نەهێناوە. تێکنۆلۆژی و ڕاگەیاندن، لە نێو بزووتنەوەی کوردستاندا پشتگوێ خراون. لە ڕواڵەتدا باسیش بکرێت کە بایەخ بە ڕاگەیاندن و تێکنۆلۆژی دەدرێ، بەڵام لە ڕاستیدا هێشتا بایەخ بە تێکنۆلۆژی و ڕاگەیاندن نادرێت. ئەوەش بووەتە هۆکار کە ئێمە هەمووکات لە بواری تێکنۆلۆژی و ڕاگەیاندن لە دوای وڵاتانی زلهێز و هێزە سەردەستەکانمان بین. بەداخەوە دووژمنانی کورد زۆر باشتر لە کورد تێکنۆلۆژی و ڕاگەیاندن بەکاردێنن. وەک لە وڵامی پرسیارەکانی پێشوویشدا باسم کرد، کۆمەڵگای کوردستان پێویستە چەند ئەولەوییەتێک بۆ خۆی دابنێت، بزووتنەوەی کوردستانیش پێویستە چەند ئەولەوییەتێک بۆ خۆی دابنێت؛
یەکەم: دەبێت شارەزایی وزانیاریی تێکنیکی و میدیایی لە نێو کۆمەڵگای کوردستان و بزووتنەوەی کوردستاندا پێبگەیەندرێ، بخوێندرێ و ئاگادار بکرێتەوە.
دووهەم: تێکنۆلۆژی لە هەموو بوارەکانی ژیان و بزووتنەوەی کوردیدا بگونجێندرێت.
سێهەم: وەکوو هەموو کارێکی تر کەسی شارەزا و بەئەزموون لە بوارەکانی تێکنۆلۆژی و ڕاگەیاندن پەروەردە بکرێن.
چوارەم: دەبێت کەسی شارەزا لە شوێنی خۆی بێت، نابێت بەرژەوەندییە سیاسییەکان، کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییەکان کاریگەر بێت بۆ دیاریکردنی شوێنی کاری تاکەکان. شارەزای تێکنۆلۆژیا دەبێ کاری تێکنۆلۆژیا بکات، شارەزای سیاسەت دەبێ کاری سیاسی بکات، شارەزای وەرزش دەبێ کاری وەرزشی بکات و بەم شێوازە هەمووی ڕێکبخرێتەوە.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان