ئارامتر بخوێنەوە!

سەد ساڵیی سیڤەر: مافی دیاریکردنی چارەنووس و کوردەکان[1]


نووسەر: لوقمان ڕادپێی[2]

وەرگێڕ: شاهۆ بادینی



لە ڕۆژی 10ی ئاگۆستی ساڵی 1920دا ڕێک لە سەدەیەک لەمەوبەر چارەنووسی سیاسیی نەتەوەی کورد و وڵاتەکەی واتە کوردستان، کەوتە ناوەندی سەرنجەکانەوە بەتایبەتی پاش ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمان، دوای شەڕی یەکەمی جیهانی پشتیوانییان لە مافی نەتەوەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووس کرد. سەرۆک کۆمار ویڵسۆن 14 خاڵی لە ژانڤییەی 1918 سەبارەت بە ئاشتیی جیهانی نووسی: “ئەو بەشە تورکانەی ئیمپراتووریی عوسمانیی ئێستا دەبێت مافی دەسەڵاتدارێتییان بۆ دابین بکرێت و بەڵام بۆ نەتەوەکانی تری ژێر دەسەڵاتی ئێستای تورکەکان گەرەنتیی ئەمنییەتی گیانی و دەرفەتی جیا لە دەستێوەردان بۆ گەشەسەندی سەربەخۆ بدرێت. لە ڕۆژی 9ی نۆڤەمبری ساڵی 1918دا، فەڕەنسا و بریتانیا لە ڕاگەیێنراوێکی هاوبەشدا بەڵێنی ڕزگاریی تەواو و کۆتایییان بەو خەڵکە دا کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەلایەن تورکەکانەوە سەرکوت دەکران و ئەوەش لە ڕێگەی حکوومەت و ئیدارەی تایبەت بە خۆیانەوە دەستەبەر دەکرا. ئەم ڕێوشوێنگەلە کاتێک دامەزرا کە بڕیار بوو نەتەوەکان بە ویست و خواستی ئازادانەی خۆیان سەبارەت بە پرەنسیپەکانی دیاریکردنی مافی چارەنووس، کردەوەیان هەبێت.[3]

لەگەڵ ئەوەی بەپێی گرێبەستگەلی ئاشتی، چەندین وڵات سنوورەکانیان دابین کران بێ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ خەڵکەکانیان بکرێت، لەبەرانبەردا لە وڵاتانی ئەوڕووپی سنوورەکان بەپێی هێڵە نەتەوەییەکانیان دامەزران. مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ دەستەبەر بوونی دەسەڵاتدارێتی لە کردەوەدا چەمکێکی ئەورووپی تەوەر بوو، لە کاتێکدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مافی دیاریکردنی چارەنووس بە مانای خۆبەڕێوەبەری بوو نە ئەو شێوازە لە دەوڵەتدارێتییەی کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە فەرمی ناسراوە. ئاکامی ئەوەش بوو بە جیاوازییەکی حاشاهەڵنەگرە لە نێوان جۆرەکانی دیاریکردنی چارەنووس لەو ناوچانەی کە لە ژێر کاریگەریی شەڕدا بوون و تا ئەوڕۆش هەر بەردەوامە و ئەم خاڵە دەخاتە ڕوو کە نەتەوە بوونی هەندێک لە گەلان لە بەرانبەر ئەوانی دیکە ڕەوایییەکی کەمتری هەیه. تا ساڵی 1920 تێگەیشتن لە دیاریکردنی چارەنووس تەنیا وەکوو دیاردەیەکی ناوخۆیی لە ناو دەوڵەتەکاندا دەبینرا و کەمینەکان مافی ئەوەیان پێ دەدرا تاکوو شوناسی جیاوازی خۆیان لە ڕێگەی گەڕەنتی کردنی مافە زمانی، کەلتووری و ئایینییەکانەوە هەبێت. بەڵام دەسەڵاتدارێتیی تەواویان پێ نەدەدرا. مافی کەمینەکان لە پەیمانی کۆمەڵگای نەتەوەکان جیگیر بوو و ئەوەش ئاکامی ئەو پاشەکشەیە لە دەسەڵاتی دیاریکردنی چارەنووس بوو. لەبەرانبەردا، پڕەنسیپی دیاریکردنی چارەنووس لە ناو پەیمانی کۆمەڵگای نەتەوەکان جێگیر نەبوو. لەجیاتی ئەوە، سیستەمی سەرپەرشتی جێگیر بوو و دامەزرا و بەپێی ماددەی 22 بەرپرسیارێتیی “ئەو گەلانەی ئێستا تواناییی بەڕێوەبەریی خۆیان نییە”، بە “نەتەوە پێشکەوتووەکان” دەدرێت. دیاریکردنی چارەنووس، بوو بە پڕەنسیپێک کە تەنیا بۆ هەندێک نەتەوە بەپێی پێوەرە ڕەگەزی، ئایینی و کەلتوورییەکان جێبەجێ کرا.



گرێبەستی سیڤەر (1920): بەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس

کوردەکان به ‌شێوەیەکی چالاک لە کاتی گرێبەستی زەهاو (قەسری شیرین) لە ساڵی 1639دا کە ناوچەی کوردستان بە ئیمپراتۆرییەکانی پارس و عوسمانییەوە لکا، بەدوای ساز کردنی دەوڵەتێکی نیشتمانیی سەربەخۆی کوردستانەوە بوون. گرێبەستی شاراوەی سایکس-پیکۆ (15 ، 16 مەی 1916)[4] له ‌نێوان بریتانیا و فەڕەنسا و  ڕووسیای تێزاری، سنوورگەلێکی نوێی بۆ خەڵکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکهێنا؛ گەرچی ئەم سنوورگەلە نە لەلایەن ئەمریکا و نە لە لایەن بۆلشویکەکانەوە بە فەرمی نەناسرا. بەپێی ئەو گرێبەسته،‌ کوردستان لە نێوان ناوچە ئیدارییەکانی بریتانیا، فەڕەنسا و  ڕووسیا و هەروەها ناوچەی پارس دابەش کرا[5]. لەگەڵ پاشەکشەی  ڕووسیا لە خواستەکانی خۆی و بە دوای ڕێکەوتنی 23ی دێسەمبری 1917 لەنێوان فەڕەنسا و بریتانیا، کوردستان وەکوو ناوچەی “ژێر دەسەڵاتی بریتانیا” بە بریتانیا درا[6].

پاش شەڕی یەکەمی جیهانی، لە کۆنفڕانسی نێوان دێپارتمانی 23ی فێڤرییەی 1920، فەڕەنسا پێشنیاری “دابەش کردنی کوردستان لەنێوان بریتانیا و فەڕەنسا … و پێکهێنانی سازمانێکی فێدێڕاڵ”ی کرد[7]. بەڵام به ‌هۆی نەبوونی کۆدەنگی لەلایەن دەوڵەتی بریتانیا، لۆرد کۆرزن، سەرۆکی کۆنفڕانس هاتنە دەرێی بریتانیای لە کوردستان ڕاگەیاند، و لەگەڵ هاتنەدەرێی تورکەکان لە گشت “ناوچە کوردییەکان” ڕێگا بۆ “پێکهێنانی کوردستان وەکوو دەوڵەتێکی سەربەخۆ” خۆش بوو. لەم کۆنفڕانسە ڕاگەیێندرا “بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە داهاتووی کوردستان، پێوەندیی بە ئاکامی کۆنفڕانسی ئاشتی [پاریس]ەوە هەیە”[8]. ئاکامی ئەو کۆنفڕانسە واژۆ کردنی گرێبەستی سیڤەر لە 10ی ئاگۆستی 1920 لەلایەن ئیمپراتۆریی عوسمانییەوە بوو[9]. خاڵی ژمارە 62ی گرێبەستەکە (بەشی 3، کوردستان) دەسەڵاتی هەرچەشنە گۆڕانێک لە سنوورەکانی عوسمانیی بە کۆمیتەی نوێنەرانی بریتانیا، فەڕەنسا، ئیتالیا، پارس و کورد دەدا. هەروەها ئەو خاڵە دەسەڵاتی ئەوەی دابوو بە کومیتەیەکی تر تاکوو لە ماوەی 6 مانگدا “پلانی خودموختارییەکی ناوچەیی بۆ ناوچە زۆرینە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات، سنوورە باشوورییەکانی باشووری ئەرمەنیا….، و باکووری سنووری تورکیا لەگەڵ سوریا و میزیوپۆتامیا ئامادە بکەن…..”[10] لە خاڵی ژمارە 63دا تورکیا قەبووڵی کرد “لە ماوەی 3 مانگدا بڕیارەکانی هەر دوو کۆمیتەکە قەبووڵ بکات و ئەنجامی بدات[11]“.

بەپێی خاڵی 64، لە ماوەی ساڵێکدا پاش جێبەجێ بوونی بێ‌ئەملاوئەولای گرێبەستەکە، کوردەکان لە ئەگەری خواستی خۆیان و وەرگرتنی ڕەزامەندیی شۆڕای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، “لە تورکیا سەربەخۆ” دەبوون[12]. لەگەڵ چاوپۆشیی تورکیا لە “ماف و ئیدیعاکانی سەبارەت بەو ناوچەگەلە” کوردەکان دەیانتوانی، ویلاتی موسڵ (کوردستانی باشوور) “بە دەوڵەتێکی کوردییەوە بلکێن”[13]. ئەو گرێبەستە هەروەها تورکیا ناچار دەکات کە دەستبەرداری”سەرجەم یاساکانی دەسەڵاتدارێتی و یاساییی خۆی لەمەڕ ئەو موسوڵمانانەی ژێر دەسەڵات یا سەرپەرشتیی دەوڵەتانی دیکەیە” بێت[14]. لەگەڵ ئەوە و بوونی بزووتنەوەگەلی نەتەوەخوازانە، کوردەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات (لە پارسدا) لە مافی دیاریکردنی چارەنووس لەبەرچاو نەگیران و هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بریتانیا بەپێی گرێبەستی ئانگلۆ-پێرشێن لە ئاگۆستی 1919دا بەڵێنی بە ڕاگرتنی یەکەی نیشتمانیی وڵاتی پارس دابوو (کە پاشان وەکوو ئێران دەناسرێت) و ئەمەش دەرفەتی پێکهێنانی “کوردستانی یەکگرتوو”ی پووچەڵ کردەوە و هاوکات هێز و دەسەڵاتی بریتانیا بەسەر خاک و گومرک و سەرچاوە نەوتییەکانی ئێرانی پاراست. ناوچە دیاریکراوەکانی ناو ئەم گرێبەستە هەموو وڵاتی کوردستانی لەخۆ نەدەگرت و ناوچە کوردییەکانی سووریا و ئەرمەنیای تێدا نەبوو[15]. هەروەها حکوومەتی لاوازی ئەستەموڵ، تواناییی بەکردەویی کردن و ئەنجامدانی ناوەرۆکی گرێبەستی سیڤەر نەبوو. نەتەوەخوازە تورکەکان قەبووڵیان کرد کە سێ سنجاقی کوردی کە کوردستانی باکوور، “لە ئەگەری پێویست بوونی”، بە دەنگی خەڵک سەبارەت بە دۆخی خۆیان بڕیار بدەن[16]. لە نامەیەکدا لە 12ی مارچی 1921 بۆ تورکەکان، بریتانیا لە بانگەوازی پێشتری خۆی بۆ “دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی” پاشەکشەی کرد[17] و ڕایگەیاند “سەبارەت بە کوردستان و بە پێی دۆخی هەنووکەیی، بە مەرجی ئاسانکاری بۆ خودموختاریی ناوچەیی و پشتیوانیی تەواو لە بەرژەوەندیی کوردەکان، هاوپەیمانان ئامادەن پێداچوونەوە بە گرێبەستەکەدا بکەن”[18].

لە ئۆکتۆبری 1921، بریتانیا دامەزرانی حکومەتێکی عەرەبی لە عێراقی ڕاگەیاند. مانگێک دواتر، حکومەتی نەتەوەییی کاتیی عێراق لە ژێر کۆنتڕۆڵی بریتانیا و لەگەڵ سەرۆکە خۆجێییەکانی کورد لە کەرکووک و هەولێر دامەزرا[19]. لە کۆنفڕانسی قاهیرە (مانگی مارسی 1921) سەرپەرشتیی “ئانگلۆ-کوردی” ساز کرا و بەوپێیە کوردەکان کەمینەیەک له ناو‌ عێراق بە ئەژمار دەهاتن[20] تا کاتێک ئەوان لەگەڵ پێکهێنانی دەوڵەتێکی نوێ هاوڕا دەبوون[21]. لە هەمان کاتدا، چرچیل و ئێدوارد نۆئێل بە توندی پشتیوانییان لە پێکهێنانی کوردستانێکی سەربەخۆ دەکرد.[22] نوئێل بەشێوەیەکی تاکتیکی کوتی “ئامانجی کوردستانی سەربەخۆ ئێستا بە سانایی دەتواندرێ بەدەست بێت” و هەروەها کوردەکانیش “فێدڕاسیونێک لەژێر چەتری پشتیوانیی بریتانیا”یان لە زەیندابوو کە نوێنەرە کوردەکان دەنگ بە پێکهێنانی دەوڵەتێکی نوێ بدەن[23]. نەتەوەخوازە تورکەکان لە چەند بەرەدا بەسەر هاوپەیماناندا سەرکەوتن[24]. فەڕەنسا بەپێی گرێبەستی ئانکارا، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی ڕادەستی تورکیا کرد[25]. ئاتاتورک و فەڕەنسا لە 20ی ئۆکتۆبری 1921 سنوورە نوێیەکانیان دیاری کرد[26] و کوردستانی ڕۆژئاوا (ڕۆژئاوا) بوو بە بەشێک لە ژێر سەرپەرشتیی فەڕەنسا لە سوریا. لە 10ی فێڤرییەی 1922، شۆڕای بڵیندی نەتەوەییی تورکیا “خودموختاریی بەپێی هاوئاهەنگ بوون لەگەڵ نەریتە نەتەوەیییەکانیان بە کورد دا”[27] بەڵام ئەم ئیدارە خودموختارە لە کردەوەدا هیچکات وەدی نەهات[28]. دەوڵەتی سووریا و لوبنان کەوتنە ژێر سیستەمی سەرپەرشتیی فەڕەنسا[29]، عێراقیش کەوتە ژێر سیستەمی سەرپەرشتیی بریتانیا. لە رۆژی 10ی ئۆکتۆبری 1922، بریتانیا لە گرێبەستی هاوپەیماندا، ئەمیر فەیسەڵی وەکوو شای عێراق ناساند و عێراق لە ساڵی 1931دا سەربەخۆییی دەستەبەر کرد.

لە تورکیا کەماڵیستەکان پێملی گرێبەستی سیڤەر نەبوون و هاوپەیمانانیش بۆ بەڕێوەبردنی گرێبەستەکە هەوڵیان نەدا. بەپێی پەیمانی ئاشتیی مودانیا لە 11ی ئۆکتۆبری 1922 لەنێوان بریتانیا و تورکەکاندا، بڕیار درا گرێبەستی سیڤەر دیسان لە لۆزاندا وتووێژی لەسەر بکرێت. کوردستان لە ناڕوونی و دەستەوەستانیدا بوو. لە کاتی وتووێژەکانی لۆزان، تورکەکان هەر وەکوو پێشوو کوردیان وەکوو ئێتنیکێکی جیاواز پێناسە دەکرد بەڵام پاش ماوەیەک ئەم سیاسەتەیان وەلانا[30]. گرێبەستی لۆزان لە 24ی جولای 1923، تورکیای وەکوو وڵاتێکی سەربەخۆ بە فەرمی ناساند[31]و بە دوای گرێبەستی ئانگۆرا لە 5ی ژوئەنی 1926 له ‌نێوان بریتانیا، تورکیا و عێراق[32] سنووری نێوان عێراق و تورکیا دیاری کرا و موسڵ (کوردستانی باشوور) بوو بە بەشێک لە عێراق و دە لە سەدی سەرچاوە نەوتییەکانی بۆ ماوەی 25 ساڵ ڕادەستی تورکیا کرا[33]. لە ئاکامدا کوردستان بوو بە بەشێک لە وڵاتانی سەربەخۆی ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا و بەرژوەندیی کورد و ئارمانجە گشتییە نەتەوەییەکانیان لەبەر چاو نەگیرا[34]. لەگەڵ پەیمان و بەڵێنەکان و گەرەنتییەکانی کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتیی لێکۆڵینەوە کە لەلایەن شۆڕای کۆمەڵگای نەتەوەکانەوە دامەزرابوو، هێچ جۆرە مافێکی سیاسی یا کەلتووری لەم وڵاتانەدا بە کوردەکان نەدرا. سەرپەرشتیی فەڕەنسا لە شام کۆتاییی پێ هات و بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک لە مافی کوردەکان، سووریا لە دەیەی 1940 سەربەخۆ بوو و لە ئاکامدا دیاریکردنی چارەنووس یا تەنانەتی حکوومەتێکی دێموکڕاتیک وەکوو خەیاڵێک مایەوە.



دیاریکردنی چارەنووسی گەلان

پاش شەڕی یەکەمی جیهانی، هاوپەیمانان بە هۆکاری گرینگیی ئابووری و ستراتێژیکیی کۆلۆنییەکانیان، بایەخیان بە خواستەکان لەمەڕ دیاریکردنی چارەنووس نەدا. دیاریکردنی چارەنووس وەکوو دروشمێکی پووچەڵ بەلاڕێدا کێشرا و لە ڕێگەی سیستەمی سەرپەرشتییەوە، وەکوو ئامرازێک بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجی زێدەخوازی کەڵکی لێ وەردەگیرا. لە ڕاستیدا ئەوە هێز بوو چارەنووسی نەتەوەکانی تر و وڵاتەکانی دیاری دەکرد. بۆ هەر چەشنە گۆڕانکارییەک لە سنوورەکان، ڕەزامەندیی زلهێزەکان دیاردەیەکی گرینگ بوو. هاوکات کۆمیتەی یاسازانان و کۆمیسیۆنی ڕیپۆرتەرەکانی دورگەکانی ئەلەند، دیاریکردنی چارەنووسیان وەکوو نۆڕمێکی یاساییی جیهانی بەفەرمی نەناسی و هۆکارەکەشی ئەوە بوو لە پەیمانی کۆمەڵگای نەتەوەکان ئاماژەی پێ نەکرابوو و ئەم چەمکە نەبوو بە “ڕێسایەکی یاسای نێودەوڵەتی”[35]. لە بەرانبەردا، دیاریکردنی چارەنووس وەکوو “فۆرمولێکی ناڕوون و گشتی” و وەکوو چەمکێکی سیاسی بۆ جێبەجێ کردنی دادپەروەری و پاراستنی ئازادی پێناسە دەکرا[36]. کۆمیتەی یاسازانان ئاماژەیان بەوە کرد کە یاسای نێودەوڵەتی، ئیزن بە گرووپە نەتەوەیییەکان بۆ جیایی و سەربەخۆیی لە دەوڵەتەکان نادات[37]. لەبەرانبەردا ئەو گرووپانە مافی دیاریکردنی چارەنووسی ناوخۆیی لە چوارچێوەی خودموختاری و خۆبەڕێوەبەرییان بۆ پاراستنی شوناسی جیاوازی ئێتنیکیی خۆیان هەیە و یا لە ڕێگەی گەرەنتیگەلی کاریگەرەوە شیاوی مافە دیارەکانی زمانی، کەلتووری و ئایینی هەن.[38] ڕووداوەکانی کوردستان ئەوە بەڕوونی نیشان دەدات.

ئاکامەکانی شەڕی دووهەمی جیهانی و دامەزرانی سازمانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بوو بە هۆکارێک بۆ گۆڕان دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیی بەرەو دیاریکردنی چارەنووسی گەلان. ئەوە بەو مانایەیە کە چەمکی دیاریکردنی چارەنووس، دەبێت لە لایەن هەموو خەڵکی وڵاتێکەوە داوا بکرێت و تەنیا کەمینەیەکی یەکدەستی ئیتنیکی و کەلتووری ناتوانێ وەها خواستێکی هەبێت[39]. لە ئاکامدا دیاریکردنی چارەنووس، ڕەهەندێکی تەواو خۆبەڕێوەبەرانەی بە خۆیەوە گرت. دەستپێکی دەیەی دووهەم لە ناوەڕاستی دەیەی 1950دا، چالاکییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ کۆتاییهاتنی کۆلۆنیالیزم هاوکات بوو. هاوکات خاڵی ژمارە 1ی پەیمانی مافی مرۆڤ لە ساڵی 1966 دیاریکردنی چارەنووسی لە پەڕەنسیپێکی سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم بۆ پۆست کۆلۆنیالیزم گۆڕی کە تەنیا بەو وڵاتە داگیرکراوەکان دەدرا. بەڵام کوردەکان لەوەپێش لەنێوان وڵاتانێک کە داگیرکارییان تێیدا نەمابوو دابەش کرا و ئەوان پێگەیەکیان لە چوارچێوەی سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم نەبوو و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕاوە کە ئەوان وەکوو وڵاتێکی جیا، واتە زێدێکی یەکگرتووی داگیرکراو، داگیر نەکرابوون. لەبەرانبەردا ئەو وڵاتانەی کوردیان تێدایە، لەجیاتی ئەوان سەربەخۆ بوون و دەوڵەتیان پێکهێنا.



ئەنجام

کوردەکان لە کۆتاییی شەڕی یەکەمی جیهانیدا کاتێک کە دیاریکردنی چارەنووس وەکوو مافێکی یاسایی دانەڕێژڕابوو، وەکوو نەتەوەیەکی سیاسی-کۆمەڵایەتی بە فەرمی ناسرابوو. ئەوە لە حاڵێکدا بوو کە سەربەخۆییی کوردستان بە شێوەیەکی نەرێنی، کاریگەریی لەسەر بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی هاوپەیمانان بوو و بەو هۆکارەش کۆمەڵگای نەتەوەکان چاوپۆشی لە پشتیوانی لە سەربەخۆییی کوردەکان کرد.

لە بەرانبەردا کوردەکان وەکوو کەمینە لە نێوان چوار وڵاتی ئێران، عێراق، سووریا و تورکیادا دابەش کران و ئێستا وەکوو گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتی جیهان دەناسرێن. لە کردەوەدا کوردستان پارچەپارچە کرا و دەوڵەت-نەتەوە نوێیەکان بەبێ ڕەزامەندیی کوردەکان بەسەریاندا داسەپا. بەڵگە مێژوویی-یاسایییەکان [40]نیشان دەدەن کە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی سیڤەر لەلایەن بریتانیاوە، ڕۆڵێکی گرینگی لە دابەشبوونی کوردستاندا هەبوو و لە ئاکامدا سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەت بۆ کورد قوربانی کرا و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە مافی دەسەڵاتدارێتی بۆ وڵاتە ئورووپایییەکان بە تەواوی بە ڕەوا دەناسرێت و هاوپەیمانان چارەنووسی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دیاری کرد (بە واتەیەکی تر دیاریکردنی چارەنووس لەلایەن بیانییەکانەوە دیاری کرا نە لەلایەن خودی نەتەوەکان). کوردەکان تەنانەت وەکوو کەمینەیەک کە مافی تایبەت بە خۆی هەیە بە فەرمی نەناسراوە و زۆربەی کات لە ناو حکومەتەکاندا بوونی نییە.

لە ساڵی 2005دا و پاش هەشت دەیە سەرکوت لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە، یاسای بنەڕەتیی ئەو وڵاتە مافی ناوچەیەکی خودموختاری بە کورد دا کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبردرێت[41]. لەو سێ وڵاتەی دیکە، کوردەکان لەگەڵ ئەوەی جیاوازیی ئێتنیکییان هەیە و بە ڕواڵەت وڵاتێکی یەکدەست نیشان دەدرێت، بە فەرمی نەناسراون. لە ئاکامدا کورد مافی بەشداریی کاریگەر لە کاروباری گشتی و بڕیاردان سەبارەت بە بابەتگەلێک کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەریان هەیە بێبەش کراوە.

دەکارکردنی یاسای دیاریکردنی چارەنووس، سەبارەت بە کورد دەبێت ڕوون و ئاشکرا بێت و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە کورد میناکی گەلێکە کە بە هۆی وێکچوونە سەلمێنراوەکانی خۆی (واتە گەل بوون)، بەدڵنیاییەوە دەبێت لە مافی دیاریکردنی چارەنووس سوود وەرگرێت. دیاریکردنی چارەنووسی ناوخۆیی بۆ کورد وەکوو کەمینەیەک لە ناو چەند دەوڵەتدا، دەبێتە هۆکارێک بۆ سنووردار بوونەی خودموختاریی سیاسی و تەنانەت یەکگرتوویییەکەشیان سنووردار بکرێتەوە. پشتیوانی نەکردن لە دیاریکردنی چارەنووسی کوردەکان لە دەیەی 1920دا، جارێکی دیکە بە پشت تێ کردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆنفێدڕالیزمی دیموکراتیکی ڕۆژئاوا[42] لەبەرانبەر هێرشی تورکیا لە سەد ساڵی گرێبەستی سیڤەر دووپات بووەوە. ئەو شتەی ڕوونە ئەوەیە کە نەتەنیا زلهێزەکان، بەڵکوو ئەو وڵاتانەی کوردیان تێدایە بە شێوازێکی شیاو هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کورد نەکردووە. تاکوو ئەمڕۆ دۆخی یاساییی کورد بە فەرمی نەناسراوە و نکۆڵی لە مافی هەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆیان کراوە. ئەم پرسە هێزی ڕاستەقینەی پڕەنسیپی یاساییی دیاریکردنی چارەنووس، دەخاتە ژێر پرسیارەوە.



پەراوێز

[1] بڵاڤۆکی کۆمه‌ڵی ئه‌مریکی یاسای نێوده‌وڵه‌تی

[2] لوقمان ڕادپێی لێکۆڵه‌ری ئاستی دۆکتۆرایه‌ له‌ کۆڵێژی یاسا له‌ زانکۆی ئێدنیبڕۆ و ئه‌ندامی لێکۆڵه‌ڕی ناوه‌ندی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و جیهانی ئێدینبڕۆ له‌ شاری ئێدینبڕۆ له‌ وڵاتی سکۆتڵه‌ندایه‌. لێکۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ی سه‌باره‌ت به‌ یاسای نێوده‌وڵه‌تییه‌ و له‌ ئێستادا جه‌ختی له‌سه‌ر گه‌ل بوون و که‌مینه‌کان، دیاریکردنی چاره‌نووس، فێدڕالیزم، کۆنفێدڕالیزم و ده‌وڵه‌ت بوون کردووه‌. له‌ ساڵی 2013ه‌وه‌ نووسراوه‌کانی سه‌باره‌ت به‌ دۆخی یاساییی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و کۆنفێدڕالیزمی دیموکراتیکی ڕۆژائاوا له‌ یاسای نێوده‌وڵه‌تیدایه‌. گرێبه‌ستی کۆمه‌ڵایه‌تی (که‌ وه‌کوو یاسای بنه‌ڕه‌تیی ڕۆژئاوا ده‌ناسرێت) یه‌کێکی تر له‌ بواره‌ گرینگه‌کانی لێکۆڵینه‌وه‌ی لوقمان ڕادپێیه‌.

[3] Mesopotamia, Memorandum by Sir Erle Richards to Lord Curzon (Jan. 1919), in Anita Burdett, Records of the Kurds: Territory, Revolt and National31-1979: British Documentary Sources 672 (vol 5. 2015). ism, 18

[4] Though commonly referred to as an ‘agreement,’ it was the outcome of several secret letters exchanged among the British, French and Russian Ministers of Foreign Affairs,

https://blog.nationalarchives.gov.uk/dividing-bears-skin-bear-still-alive-1916-sykes-picotagreement/.

[5] Alan Palmer, The Decline and Fall of the Ottoman Empire 239-40 (1994).

[6] Convention between France and England on the subject of activity in southern Russia, in Documents on British Foreign Policy, series I, vol III, at 369-70.

[7] Minutes of an Inter-Departmental Conference on Middle Eastern affairs, Foreign Office (February, 23 1920), [L/PS/10/807], in Burdett, supra note 1, at 687-92.

[8] Id.

[9] Treaty of Peace with Turkey 1920, https://treaties.fco.gov.uk/awweb/pdfopener?md=1&did=63986

[10] Id. art. 62.

[11] Id. art. 63.

[12] Id. art. 64.

[13] Id.

[14] Id. art. 139.

[15] Maria O’Shea, Trapped between the Map and Reality: Geography and Perceptions of Kurdistan 10 (2004).

[16] Lord Avebury, Self-Determination and International Law: The Kurdish Case, 7 Int’l J. Kur. St.

7, 9 (1994).

[17] Robert Olson, Battle for Kurdistan: The Churchill-Cox Correspondence Regarding the Creation of the State of Iraq, 1921-1923, 5(1) Kur. St. 29, 40 (1992).

[18] United Kingdom Foreign & Commonwealth Office Doc. No. FO 371/6467 E 3357.

[19] Cecil J. Edmonds, The Kurds of Iraq, 11(1) Mid. Eas. J. 52 (1957).

[20] United Kingdom Foreign & Commonwealth Office Doc. No. FO 371/6346, High Commissioner Mesopotamia to Secretary of State for the Colonies (June 12, 1921).

[21] Avebury, supra note 15, at 10.

[22] Saad Eskander, Southern Kurdistan under Britain’s Mesopotamian Mandate: From Separation to Incorporation, 1920-23, 37 Mid. Eas. St. 153, 155-6 (2001).

[23] Note by the Political Department, India Office, ‘Kurdistan’ (December 14, 1918) by Sir J.E. Shuckburgh, in Burdett, supra note 1, at 220, 524.

[24] Peter J. Beck, ‘A Tedious and Perilous Controversy’: Britain and the Settlement of the Mosul Dispute, 1918–1926, 17 Mid. Eas. St. 256 (1981).

[25] David Fromkin, A Peace to End All Peace: The Fall of the Ottoman Empire and the Creation of the Modern Middle East 536-7 (2001).

[26] Franco-Turkish 1921 Agreement, http://www.hri.org/docs/FT1921/.

[27]Robert Olson, The Emergence of Kurdish Nationalism and the Sheikh Said Rebellion, 1880 1925 40 (1989).

[28] David McDowall, Modern History of the Kurds 188 (2003).

[29] Mandate for Syria and Lebanon, 1922, https://biblioarchive.unog.ch/detail.aspx?ID=128234.

[30] McDowall, supra note 27, at 188.

[31] Treaty of Peace with Turkey 1923, http://foto.archivalware.co.uk/data/Library2/pdf/TS0016.1923.pdf.

[32] Treaty of Peace with Turkey 1923,

http://foto.archivalware.co.uk/data/Library2/pdf/TS0016.1923.pdf.

[33] McDowall, supra note 27, at 146.

[34] For Kurds in the Middle East and vicinity, see Professor Michael Izady’s Infographs, Maps, and Statistics Collection, https://gulf2000.columbia.edu/maps.shtml.

[35] Report presented to the Council of the League of Nations by the Commission of Rapporteurs, LN Council Document b7/21/68/106 (April16, 1921).

[36] Id.

[37] Id.

[38] Id.

[39] Antonio Cassese, Self-Determination of Peoples: A Legal Reappraisal (1995).

[40] Records of the Kurds: Territory, Revolt and Nationalism, 1831–1979 British Documentary

Sources (2015), https://www.cambridge.org/gb/academic/archive-editions/history/middle-easthistory/

records-kurds-territory-revolt-and-nationalism-18311979-british-documentary-sources? format=HB.

[41] See, e.g., Constitution of Islamic Republic of Iran (as amend. 1989),

https://en.parliran.ir/eng/en/Constitution; The Syrian Arab Republic Constitution of 2012,

https://www.ilo.org/dyn/natlex/natlex4.detail?p_isn=91436&p_lang=en; Constitution of the

The Republic of Turkey (as amend. 1995), https://www.anayasa.gov.tr/en/legislation/turkishconstiution/.

[42] In 2018, Rojava changed its name to the Autonomous Administration of North and East Syria (AANES). See https://rojavainformationcenter.com/.

سەد ساڵیی سیڤەر

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان