پڕۆژەی خۆنووسینەوەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان


مێژووی ژ
یانی ژنان:

خەبات و تێکۆشان


سیاسەت، بەرخۆدان و
بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان


گۆڤاری تیشک

بەهاری ٢٧٢٠

پێشەکی

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەر زیاتر لە سەد ساڵ سیستەمی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی و هەروەها بە هۆی پێکهاتەیەکی پیاوسالارانە وەک میراتی فیۆدالیزم، نەتوانراوە ژینگەیەکی لەبار و سەردەمیانە بۆ ژیانی ژنان دابین بکرێ. واتە ژنی کورد، سەرەڕای ئەوەی لەبەر کوردبوونی وەک مرۆڤێکی بندەست هەڵسووکەوتی لەگەڵ کراوە، هەروەها لەبەر ژنبوون لە ژینگەیەکی پیاوانەدا کە بۆخۆی بەرهۆی جیاوازیی چینایەتییە، چەوساوەتەوە. لە هەمان کاتدا یاساکانیش کە لە ژێر کاریگەریی ئایینە جیاکاندا بە سەر کۆمەڵگادا سەپاون دیسانەوە زیاتر ژنانیان لە دۆخی بندەستیدا هێشتووەتەوە. هەرچەند ئامادەییی ژنان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لە کوردستان مێژوویەکی نزیک بە هەشتا ساڵی هەیە، بەڵام تاکوو ئیستا ژنی شۆڕشگێڕی کورد نەیتوانیوە پێگەی ڕاستەقینەی خۆی لە شۆڕشدا بە دەست بهێنێ. هەروەها ژنانی تێکۆشەر لە ڕۆژهەڵات بەردەوام لە لایەن سیستەمی پاشکەوتووی ناسیۆنالیزمی ئێرانی – ئیسلامی بەرەوڕووی سڕینەوە، توندوتیژی، گێچەڵ پێکردن و لە ئاکامدا بێدەنگی بوونەتەوە. لە هەمان کاتدا، خەباتی ژنانی کوردستان دژ بەم بەربەستە پێکهاتەییانە، کەمتر لە مێژوونووسیی ڕەسمیدا ڕەنگی داوەتەوە و گرنگی بە کاریگەرییان دراوە.


ئامانجی پڕۆژە

پڕۆژەی مێژووی ژیانی ژنانی کوردستان (خەبات و تێکۆشان) بە مەبەستی پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییە ساز بووە کە تاکوو ئیستا لە سەرچاوە نەریتییەکاندا بەرچاو دەکەوێ و لە بوونی ژن لە مێژووی کوردستاندا چاوپۆشی کراوە. هەر بۆیە هەوڵ دەدرێ لەم پڕۆژەیەدا، لە ڕوانگەی ژنان بۆ خۆیان و دنیای دەوروبەریانەوە باس لە ژینگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریی کوردستان بکرێ. ژنان لە یەک سەدەی ڕابردوودا بەردەوام لە بواری سیاسەت، بەرخۆدان دژی داگیرکەران و هەروەها بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان چالاک بوون. لەم پڕۆژەیەدا سەرەتا بەستێنێک بۆ نووسینی ئەم مێژووە ناڕەسمییە ساز دەکرێ و لە ڕێگەی خۆنووسینەوەی ژیانی ژنانەوە، خوێنەران زیاتر لەگەڵ چالاکی، کێشە و ئەو بەربەستانەی کە بەرەوڕووی ژنان دەبێتەوە ئاشنا دەبن. لە ڕاستیدا نووسینەوەی مێژووی ژیان کە بە شێوەیەک مێژووی ڕابردوو و ئیستای ژنانە، سەرەڕای گرنگیدان بە ئەزموونی ژنانە، بەرەو ئاسۆیەک لە داهاتوودا دەڕوانێ کە تیایدا کۆمەڵگای کوردستان بەرەو ئەو ئایدیالە هەنگاو هەڵدەگرێ کە جیاوازی و هەڵاواردنی جێندەری تیایدا بنبڕ بووبێ. دواتر لەم پڕۆژەیەدا گرنگی بە ئەزموونی ڕاستەوخۆی ژنان لە ڕێگەی هەست و جیهانبینیی ئەوانەوە دەدرێ کە بێ سانسۆر ڕێگەیەک بۆ دەربڕینی خۆیان بدۆزنەوە. کۆی ئەم خۆنووسانە دەبێتە دەروازیەکی باش بۆ ئەوەی لە جیهانی ژنان لە کوردستان و دۆخی ناهەمواری ژینگەی کۆمەڵایەتی و کولتووریی کوردستان بۆ حزووری ژنان تێبگەین.


مێتۆدۆلۆژی و کۆمەڵگای توێژینەوە

داوا لە بەشداربووانی پڕۆژەکە دەکرێ لە دووتوێی خۆنووسێکدا و بە سەرنجدان بە یەک یا چەند مژاری سەرەکی، باس لە ئەزموونی ژیانی خۆیان بکەن. پڕۆژەکە بە سەر دوو بەشی سەرەکیی خەبات و تێکۆشان دابەش دەکرێ. مەبەست لە یەکەمیان بەشداری ئەو ژنانەیە کە لە ئیستا و لە ڕابردوودا بۆ خۆیان یا بنەماڵەیان لە خەباتی ڕزگاریخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشدار بوون. هەروەها لە بەشی تێکۆشاندا ئاوڕ لەو ژنانە دەدرێتەوە کە بە شێوەیەک لە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لە کوردستان وەک چالاکوانی بواری ژنان، کۆمەڵگای مەدەنی یا ژینگەپارێزی، بواری منداڵان و یاکوو لە بوارەکانی پەروەردەدا بەشدارییان هەبووە. لەم بەشەدا هەروەها دەکرێ ئەو ژنانە بەشدار بن کە لە ڕووی پیشەی خۆیانەوە لە ڕۆژهەڵات توانیویانە لە ژینگەیەکی پیاوانەدا پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن.

دیارە لەم پڕۆژەیەدا کەڵک لە نووسینەوەی ژنان سەبارەت بە خۆیان و جیهانی دەوروبەر وەردەگیرێ. زۆربەی مێتۆدە فێمینستییەکانی مێژووی زارەکی، گرنگی بە چاوپێکەوتنی نیوەڕێکخراو لە لایەن کەسانی شارەزا لەگەڵ ژنان دەدەن. ئێمە لەبەر بەربەستە جیددییەکانی وەکوو نەبوونی ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پرژوبڵاوی کوردانی دیاسپۆرا و ژمارەی کەم لە توێژەرانی شارەزا، کەڵکمان لە مێتۆدیخۆنووسینەوەی ئەزموونی ژیان وەرگرتووە.

بۆ ئەم مەبەستە بەشداربووان، یەک یا چەند مژارێک دەستنیشان دەکەن و لە چوارچێوەی ئەو مژارانەدا باس لە ئەزموونی ژیانی خۆیان دەکەن. مەبەست ئەوە نییە ژنان یەکێک لەو مژارانە شی بکەنەوە یا لە لە ڕێگەی چەمکەکانی زانستی مرۆیییەوە وردەکارییەکان شی بکەنەوە، بەڵکوو داوا لە بەشداربووەکان دەکرێ، ڕاستەوخۆ باس لە ژیانی خۆیان و ئەو بەسەرهاتانە بکەن کە پەیوەندییان بە بابەتەکەوە هەیە. مژارەکان بریتین لە:

١. ئەزموونی ژنانی پێشمەرگە: بۆچی وەک ژن بوون بە پێشمەرگە؟ لە سەردەمی ئێوەدا دۆخی ژنان لە کۆمەڵگای کوردستان چۆن بووە؟ لە کاتی پێشمەرگایەتی بەستێنی کۆمەڵایەتی – سیاسیی حیزبەکەتان چۆن لە لایەکەوە یارمەتیدەر بووە و چۆن لە لایەکەوە ژینگەیەکی پیاوانە بەربەستی بۆ ساز کردوون؟ کولتووری نەریتیی کوردستان و بەهێزبوونی ئایین لە کولتووری کوردەواریدا چۆن لەسەر ژیانی ئێوە کاریگەرییان داناوە؟ چالاکیی ئێوە لە کاتی پێشمەرگایەتیدا چۆن بووە؟

٢. ئەزموونی ژنان وەکوو بنەماڵەی شۆڕشگێڕ: وەک هاوسەر، دایک و کچی پێشمەرگە و شەهیدانی ڕێبازی ڕزگاریخوازیی کوردستان ئەزموونی ئێوە لە شاخ و بنکەکانی شۆڕش چۆن بووە؟ ئەگەر گەڕاونەتەوە بۆ ڕۆژهەڵات یا لە هەندەران دەژین، کێشەکان و ئەزموونی ژیانتان چۆن بووە؟

٣. ئەزموونی ژنان وەکوو تێکۆشەر: چۆن لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان وەک چالاکی بواری ژنان، ژینگەپارێزی، نووسین و ڕۆژنامەنووسی، مافی منداڵان و پێشخستنی دۆخی پەروەردە و هتد بەشدار بوون؟ وەک ژن بەروڕووی کام کێشانە بوونەتەوە؟ ئایاپرسی ناسنامەی کوردی و چالاکی لە کوردستان چەند کاریگەریی لەسەر چالاکیی ئێوە و پیشەکەوتنتان داناوە یاکوو بەربەستی بۆ ساز کردوون؟


ڕێنماییەکان

داوا لە بەشدابووەکان دەکرێ گرنگی بەم خاڵانەی خوارەوە بدەن:

١. زمانی نووسین کوردی (بە هەر زارێکی زمانی کوردی کە تواناتان هەیە) و فارسییە.

٢. نووسینەکانتان لە ٣٠٠٠ وشە زیاتر نەبێت.

٣. تەمەنی بەشداربوو لە نێوان ١٨ بۆ سەرەوە دیاری کراوە.

٤. لەم پڕۆژەیەدا گرنگی بە ئەزموونی ئێوە دەدرێ و هەر بۆیە گێڕانەوەی ئێوە، هەستەکانتان، جۆری بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندنتان زۆر گرنگە. هەر لەبەر ئەمەش هەر بەشداربوویەک (لەبەر هۆکاری کێشەی سیاسی و سانسۆر، ترس لە کۆمەڵگای پیاوانە) دەتوانێ بە ناوی خوازراو لە پڕۆژەکەدا بەشدار بێ. هەروەها پێویست ناکا ئاماژەی ڕاستەخۆ بە ناوی کەسەکان لە نووسینەکاندا بکرێ یاکوو وەک ناوی خوازراو لەو شوێنانەدا ناویان بهێندرێت.


چاپ و بڵاوکردنەوە

دوای بەدەست گەیشتنی خۆنووسەکان، هەموویان لە ڕووی زمانییەوە پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێ و سەرپەرشتیارەکانی پڕۆژە دەیانخوێننەوە و لە کاتی بوونی هەر کێشەیەک نووسەران ئاگادار دەکەنەوە. دوای ئەوە لە ڕێگەی سایتی گۆڤاری تیشکەوە و بە ناوی خۆیان یاکوو ناوی خوازراوەوە بڵاو دەکرێنەوە. بۆ هەر کام لە خۆنووسەکان کورتەیەک لە ژیانی بەشداربوو و خۆنووسەکەی ئامادە دەکرێ. ئامانجی پڕۆژەکە ئەوەیە خۆنووسی ٥٠ ژن لە ماوەی دوو ساڵدا ئامادە و بڵاو بکرێتەوە.


ڕاوێژکارانی پڕۆژە

لە ڕێگەی گۆڤاری تیشکەوە پەیوەندییەکان ساز دەکرێن.

error:

فۆڕمی سەبسکرایب

دەتوانن ئاگاداری دوایین بڵاوکراوەکانی گۆڤاری تیشک بن، لە ڕێگەی سەبسکرایب کردنی ماڵپەڕەکەمان.

سەرکەوتوو بوو، زۆر سپاس!

کێشە هەیە!

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان