ئارامتر بخوێنەوە!

پەروەردەی ژینگەیی

منداڵ لە نێوان شوێن، ژینگە و قوتابخانە دا

ئەفراسیاب گرامی

کۆمەڵایەتی بوون، پڕۆسەیەکە کە کەسێتیی منداڵ تێیدا گەشە دەکات و دەبێتە بەشێک لە کۆمەڵگا و کولتووری خۆی. لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە، قۆناخەکانی تەمەنی مرۆڤ، بەشداریی لە گرووپە کۆمەڵایەتییەکاندا و هەروەها جیاوازیی وردە کولتووریی نێوان نەوەکان، هۆکاری گەشەکردن و کۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤە. لە ڕوانگەی پێداگۆگی یان پەروەردەوە، پڕۆسەی فێرکردن و گەیاندنی زانیاری، بەستێنەکانی کۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤ و تێکەڵ بوون بە گرووپە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا فەراهەم دەکەن. 


سەرەتا

بۆ زۆر کەس لە قوتابخانەدا ئەزموونی چوونە دەرەوە و لە نزیکەوە تێکەڵ بوون بە سروشت و هاوکات فێر بوون، ئەزموونێکی تایبەت و لەبیرنەکراو بووە. ئەم هەستە، پێوەندیی بە “پەروەردەی ژینگەیی” یان “فێرکردن لە ژینگەی نزیک”ەوە هەیە کە قوتابخانەی گوندەکان بەتایبەتی، بە باشی بەکاریان دەهێنا. مەبەست لە پەروەردەی ژینگەیی بەکارهێنانی فاکتۆرە کۆمەڵایەتییەکانی شوێنی نیشتەجێ بوون یان فاکتۆرە بوومی (لۆکاڵی)یەکانی کۆمەڵگا لە پەروەردە و فێرکردندا کە منداڵ دەتوانێ دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی دەورووبەری خۆی بناسێ و ڕوانگەی لە لۆکاڵییەوە بۆ گلۆباڵ بەرفراوان بکات. قوتابخانە، باخچەی ساوایان یان هەر ناوەندێکی دیکەی پەروەردە و فێرکردن، “شوێن” یان “ژینگەی نزیک” بەکار دەهێنێ بۆ ئەوەی کە پڕۆسەی خوێندن تێکەڵ بە ئەزموون و نزیک بوونەوەی وانەکانی خوێندن لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەدا بکات. شوێن دەتوانێ سروشتی دەوروبەر، مۆزەخانەی ناوچەیی، شوێنێکی مێژوویی، کارخانە یان ناوەندێکی پەروەردەیی و هتد بێ. هەروەها ژینگەی نزیک دەتوانێ پێوەندیی مامۆستاکان، هاوڕێیانی قوتابخانە و تەنانەت ڕێگای قوتابخانەش (شەقام، کۆڵان، دووکان و بازاڕ، خەڵک و . . . ) بەشێک بن لە بونیادنانی شوناسی کۆمەڵایەتیی منداڵ لە پانتایی شوناسی تاک و گرووپیدا. بۆیە یەکێ لە باسە گرینگەکانی پەروەردە و فێرکردن کە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە قوتابخانەوە هەیە، ژینگەی دەورووبەر و پەروەردەی ژینگەیییە. واتە پرسیاری سەرکیی ئەم باسە ئەوەیە کە شوێن چ کاریگەرییەکی لەسەر مەنتاڵیتێتیی منداڵ دادەنێ و چۆن دەتوانین پەرسپێکتیڤی منداڵ لە قوتابخانەدا گەشە پێ بدات؟

 

چەمکی شوێن

شوێن یەکێ لە چەمکە سەرەکییەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکانە کە بریتییە لە تێکەڵاو بوونی مرۆڤ و ژینگە کە، کاریگەری لەسەر کۆمەڵایەتی بوون، بونیادنانی شوناسی سیاسی ـ کۆمەڵایەتی، باری دەروونی و بزاوتی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ دادەنێت. تیم کرێسوێڵ (Tim Cresswell 2015) لە پێناسەیەکی کورتی شوێندا دەڵێ: “شوێن فەزایەکی واتادارە”. هەر لەم پێوەندییەدا بۆ زیاتر شیکردنەوەی ئەم پێناسەیە، جان ئەگنیو(١٩٨٧) لە ڕوانگەی جوگرافیای سیاسییەوە پێی وایە کە چەمکی شوێن لە سێ ئاستدا (Stokke ٢٠١٧ . ل ٥٠) پێوەندیی بە ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤەوە هەیە:

ـ یەکەم، شوێن وەک لۆکەیشن (location)، واتە ماتریاڵ و کەرەستەی خاو کە لە موختەسات(Coordinate system)ێکی جوگرافیاییدا هەڵکەوتووە وسنووردارە. پانایی، درێژایی و بارستاییی شوێن بە شێوەیەکی موتڵەق و سارد کە بریتییە لەژینگەی ژیانی ڕۆژانە وەک ئینفراتراکچێر، خانووبەرە، ڕێگاوبان و . . . . لۆکەیشن پانتایەکی بەرفراوان بۆ ئەزموونی کۆمەڵایەتی و پێوەندییەکانی مرۆڤ بە جوگرافیای دەورووبەرییەوە فەراهم دەکات.

ـ دووهەم، شوێن وەک لۆکاڵ (Locale) یان بوومی. چەمکی بوومی پێوەندیی بە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ و پێوەندییەکانی مرۆڤەوە هەیە. واتە ئەزموونی پێوەندییەکانی مرۆڤ و کۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤ لە ڕووبەرێکی دیاریکراودا و تێکەڵ بوون بە ڕووبەرێکی گەورەترەوە. لە پێوەندی لەگەڵ ئەزموونی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ لە شوێندا، پیێر بۆردیۆ چەمکی “هابیتوس یان خووگرتن” دێنێتە ئاراوە کە بریتییە لە شوێنگرتنی کۆمەڵگا لە مرۆڤدا و هەروەها جەستەی مرۆڤ کە گرینگترینە و هەوێنی ئەم گرێدانەیە. لەگەڵ ئەوەیدا کە جەستەی مرۆڤ بە شێوەیەکی فیزیکی، بیۆلۆژیک و سروشتی نەگۆڕە، بەڵام هەست و ڕەفتاری کۆمەڵایەتیی مرۆڤ و پێوەندیی مرۆڤ بە دەورووبەریەوە لە شوێنەوە سەرچاوە دەگرێ و بەردەوام لە گۆڕاندایە.

ـ سێهەم، شوێن سەرچاوەیەک بۆ مانابەخشین. شوناس، هاوپێوەندیی کۆمەڵایەتی، هەستی شوێن (senseof place)ژێرخانی کولتووری و کۆمەڵایەتیی مرۆڤ پێک دەهێنن. هەستی شوێن لە ژیۆپۆلیتیکدا گرینگیی تایبەتی هەیە کە هێمایەکی سیمبۆلیک بە شوێن دەبەخشێ. دەکرێ “مەیدان تەحریری”ی میسر وەک هێمای بەهاری عەرەبی بناسێنێ و لە سیمبۆلێکی ناوچەیییەوە بۆ سیمبۆلێکی جیهانی بگوازێتەوە. “مەیدانی تەحریر” جیا لە ڕووی ماتریاڵی و مانا ساردەکەی کە مەیدانێکە لە شاری قاهیرەدا، مانایەکی بەرفراوانی بۆ سیمبۆلەکانی بەهاری عەرەبی لە دنیای گلۆباڵدا دەستەبەر کردووە. واتە شوێن دەتوانێ مانا لۆکاڵییەکەی خۆی بگوازێتەوە بۆ ڕووبەرێکی بەرفراوانتر کە گلۆباڵە. لەم ڕوانگەیەوە نموونەیەکی دیکە دەتوانێ “قەندیل” بێ کە لە ڕووی جوگرافیایییەوە شاخێکی کوردستانە، بەڵام سیمبۆلەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان دەگوازێتەوە بۆ ڕووبەرێکی بەرفراوان و جیهانی. بۆ زیاتر تێگەیشتن لە هەستی شوێن، ئیدوارد ڕێلف لە کتێبی “شوێن و بێ شوێنی‌”دا (١٩٧٦) دەڵێ “مرۆڤ بوون واتە ژیان لە جیهانێکدا کە لێوانلێوە لە شوێنی پڕ لە مانا”. جیهانێک کە پڕە لە شوێن بۆ واتادارکردنی ئەزموون و سەرچاوەیەک یان فەزایەک بۆ مانابەخشین. ڕێلف چەمکی شوێن دەخاتە بەر ڕاڤە و لێکدانەوەی جوگرافیای سیاسی و سروشتییەوە. لە ڕوانگەی پێکهاتەگەرایییەوە کە شوێن پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتییە و مرۆڤ بەرهەمهێنەرەکەیەتی. هەروەها لە ڕوانگەی دیاردەناسییەوە، شوێن دیاردەیەکە بۆ نزیک‌ بوونەوەی مرۆڤ لە سروشت و ئەو جیهانەی کە لێی دەژی و ئەزموونەکانی کەڵەکە دەکات. ڕێلف چەمکی “جیهان‌ژینگەیی”، بەو مانایە کە ژیان مانا دەبەخشێ بە شوێن، دەهێنێتە ئاراوە. واتە شو‌ێن بونیادنەری شوناسە کە ڕێلف بە “شوناسی شوێن” ناوی هێناوە. بەو تێگەیشتنەوە کە شوێن هۆکاری فیندەمەنتاڵی مرۆڤ‌ بوونە و تێکەڵ بوون، تێکهەڵچوون و توانەوەی مرۆڤ لە ژینگەدا، و هەروەها ئاگایی و تێگەیشتنی مرۆڤ لە شوێنی دەورووبەری خۆی، دەتوانێ دنیای خۆی و شوێنی خۆی بونیاد بنێت. بەو واتایە کە کەڵەکەکردنی ئەزموونەکانی، پاڵ بە دنیای دەسکردی خۆی، واتە شوێنی دەسکردی خۆیەوە دەنێت(Birkeland ٢٠١٤، ل. ١١٩ ـ ١٣٠).

یوڤاڵ نووح هەراری لە کتێبە بەناوبانگەکەی خۆی بە ناوی “ساپیێنس، مرۆڤی ژیر”دا، ئاماژە بە “فانتازیای گێڕانەوە”ی مرۆڤ دەکات کە توانی وەک بوونەوەرێک بەسەر زەویدا زاڵ ببێ و بونیادنەری شوێن بێت. دەستەواژەی “خەیاڵی هاوبەشی مرۆڤ” پێوەندیی بە شوێنەوە هەیە کە مرۆڤ تێیدا گەشە دەکات و خەیاڵەکانی بەرفراوان دەکات. ئەم ڕوانگەیە لای زۆربەی کۆمەڵناسەکان بایەخی تایبەتی هەبووە. کارڵ مارکس پێی وابووە کە ئەزموونەکانی مێژوو بە بێ شوێنێکی جوگرافیایی بوونی نەبووە و ناکرێ شوێن و مێژوو لە یەکتری داببڕین. ئەم ڕوانگەیەی مارکس بۆ “شوێن”، لە لای ئانتۆنی گیدێنز وەک پێوەندیی مرۆڤ بە شوێنەوە پێناسە کراوە کە مرۆڤ بونیادنەر و دروستکەری شوێنە. ئەو پێی وایە کاتێ مرۆڤ بەشدارە لە جموجووڵەکانی دنیادا، شوێنی خۆی بونیاد دەنێ، مانای پێ دەبەخشێ و هاوکاتیش مێژووی خۆی بونیاد دەنێت. مارتین هایدگێر لە کتێبی “کات و بوون”دا، باس لە چەمکی شوێن دەکات کە هۆکارێکە بۆ “بوون”. واتە شوێن هۆی خوڵقاندنی دەرفەتەکانی مرۆڤ لە پێناو “بوون”دا و هۆکارێک بۆ بونیادنان و گەشەسەندنی مرۆڤ وێنا دەکات. هەر بەو هۆیەوەیە کە هایدگێر پێی وایە شوێن تەنیا هۆکاری بوون نیە، بەڵکوو هۆکاری ئەزموون و بونیادنانیشە(Birkeland، ٢٠١٤ ل. ١٩٩ ـ ١٣٠). وێڕای هەموو ئەم ڕوانگە جیاوازانە لەمەڕ چەمکی شوێن و پێوەندیی مرۆڤ بە شوێنەوە، جێگای  باسە کە شوێن ڕۆڵێکی گەورە لە ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤدا دەگێڕێت، واتە شوێن مرۆڤ فێر دەکات و بونیادی دەنێت. گرینگیی ئەم باسە لێرەوە دەست پێ دەکات کە مرۆڤ لە داوێنی دایکەوە بونیادنەری شوێن و مانابەخشین بە شوێنە. هەر ئەم هۆکارەشە کە زانایانی بواری پەروەردە و دەروونناسی، گرینگیی تایبەتیان بە پەروەردەی ژینگەیی داوە و لە نزیکەوە تێکەڵ بوون بە ژینگەیان لە قوتابخانەدا بڕەو پێ داوە و بەشێکە لە دیداکتیک (شێوازی وانەگوتنەوە)ی مامۆستاکان.

چەمکی کۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤ و ژینگە

ئێمەی مرۆڤ بە پێی قۆناخەکانی تەمەن لە ژینگەی جۆراوجۆردا پڕۆسەی کۆمەڵایەتی بوونی خۆمان تێدەپەڕێنین. کۆمەڵایەتی بوون، پڕۆسەیەکە کە کەسێتیی منداڵ تێیدا گەشە دەکات و دەبێتە بەشێک لە کۆمەڵگا و کولتووری خۆی. لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە، قۆناخەکانی تەمەنی مرۆڤ، بەشداریی لە گرووپە کۆمەڵایەتییەکاندا و هەروەها جیاوازیی وردە کولتووریی نێوان نەوەکان، هۆکاری گەشەکردن و کۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤە. لە ڕوانگەی پێداگۆگی یان پەروەردەوە، پڕۆسەی فێرکردن و گەیاندنی زانیاری، بەستێنەکانی کۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤ و تێکەڵ بوون بە گرووپە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا فەراهەم دەکەن. واتە لە بنەماڵەوە بۆ قوتابخانە و لە قوتابخانەوە بۆ کۆمەڵگا، پڕۆسەیەکە کە قۆناخەکانی ڕەفتار و دنیابینیی منداڵ پەروەردە دەبێ. بەڵام لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە کە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە گەشەی مێشک و دیاردەی ناسین (کۆگنەتیڤ)ەوە هەیە، دەروونناسەکان پێیان وایە کە مرۆڤەکان لە ڕووی ڕەفتار، بیرکردنەوە و گەشەکردنەوە جیاوازن، چێژ و حەز، خەون و بیری جیاواز و تایبەتی خۆیانیان هەیە و بە پڕۆسەی جیاوازی کۆمەڵایەتی بوونی خۆیاندا تێدەپەڕن. بەگشتی ئەوەی کە لە هەر سێ ڕوانگەی کۆمەڵناسی، دەروونناسی و پەروەردەوە گرینگیی پێ دەدەن، شیکردنەوە و ڕاڤەی بایەخی قۆناخەکانی تەمەنی مرۆڤە. پڕۆسەیەکە کە لە ژینگەی کۆمەڵایەتی و هەروەها ڕۆڵ و بەشداریی تاک لە گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا کە شوناسی جیاوازیان هەیە و کاریگەریی لەسەر شکڵگرتنی کەسایەتیی مرۆڤ دادەنێن، ڕوو دەدات. کۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤ پڕۆسەیەکی هەمیشەیییە و ئامانجی کۆمەڵایەتی بوونیش تێکەڵ بوون بە کۆمەڵگا و خۆرێکخستن و بەشداریی لە کۆمەڵگایە کە فاکتۆرەکانی ژیان، سەرچاوەکانی ژیان، ئابووری کۆمەڵایەتی، کولتوور و یاساکانی کۆمەڵگا کۆنتێکستی کۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤ پێک دەهێنن کە تێیدا هەست و بیری مرۆڤ گەشە دەکەن.


ژینگەی قوتابخانە

لە دنیای ئەمڕۆدا پەروەردە و فێرکردن وەکوو ژێرخانی پەرەسەندنی بەردەوام و سامانی گشتیی کۆمەڵگا چاو لێ دەکرێ. کۆڵەکەکانی گەشەی ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتیی هەموو کۆمەڵگایەک لە پڕۆسەیەکی پەروەردە و فێرکردنی ئازاددا بناغەکەی دادەنرێ و ئایندەی پەرەسەندنی بەردەوام بۆ کۆمەڵگا گەشتر دەکات. لەم ڕوویەوە هەتا ئێستا قوتابخانە یەکەم ناوەندی پەروەردە و فێرکردن بووە کە بە شێوەیەکی تۆکمە و سیستەماتیک، هەموو دەوڵەتێک بۆ پەروەردەی نەوەکانی داهاتووی، پلان و بەرنامەی بۆ دادەڕێژێت. چەمکی قوتابخانە وەک ناوەندێک یان ئێنیستیتۆیەکە کە فەزایەکی کۆمەڵایەتیی بۆ پەروەردە و فێرکردنی منداڵ، مێرمنداڵ و گەورە دەخوڵقێنێ، و شوێنێکە بۆ “وانە، وانەفێر بوون، وانە وتنەوە”.

بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی مێژووییی قوتابخانە لە کۆمەڵگادا، کارکردەکانی قوتابخانە، کۆڵەکەی بونیادنانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و کولتووریی کۆمەڵگان کە لێرەدا من بەکارکردی حەوتەوانەی قوتابخانە لە ڕەوتی مێژوودا دەستنیشانم کردوەو و بریتین لە:

ـ بەرهەمهێنانەوەی میراتی زانستی (Knowledge)، کولتووری و کۆمەڵایەتیی هاوبەش و گەیاندنی بە نەوەکانی داهاتوو.

ـ کارامەکردنی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگا و بەرهەمهێنانی زانیاری و تواناییی نوێ بۆ کۆمەڵ و شارۆمەندیسازی.

ـ کارکردی شووناسسازی و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاگایی، تێگەیشتن، زانین و توانایییە سەرەتایییەکانی مرۆڤ.

ـ کارکردی کۆمەڵایەتی بوون و دووهەمین بیاڤی بنەڕەتیی کۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤ دوای بنەماڵە.

ـ شوێنێک بۆ بزاوتی کۆمەڵایەتی و بیچمگرتنی شوناسی گشتیی کۆمەڵ.

ـ پێکهێنەری فەزای پێوەندیی کۆمەڵایەتی و  ئۆلگوی کۆمۆنیکەیشن لە نێوان گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵ

ـ بەرزکردنەوەی ئاستی مێتاکۆگنەیشن لای منداڵ و پەروەردەی ڕەخنەگرانە و بەرفروانکردنی ڕوانگەی مێژوو، ئێستا و داهاتوو.

کارکردی حەوتەوانەی قوتابخانە لە تیۆری سۆسیال کۆگنێتیڤی فێرکردنەوە (Social cognitivelearning theory)  ئالبێرت باندورا سەرچاوەی گرتووە کە ئامانجی گەشە کردنی کارکردەکانی قوتابخانە و بەرزکردنەوەی ئاگایی لە کۆمەڵدایە. باندورا بەوە ناسراو بوو کە ڕوانگەیەکی تایبەتی بۆ کەسێتیی مرۆڤ هەیە کە فێر بوون، پێوەندیی کۆمەڵایەتی و ناسین (کۆگنەتیڤ) لە باسە سەرەکییەکانیەتی. لەم تیۆرییەدا کۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤ بە پێی فاکتۆرەکانی ناسین(کۆگنەتیڤ)، ڕەفتاری(behavior) و ژینگەی کۆمەڵایەتی گەشە دەکات. فاکتۆرەکانی ناسین بریتین لە زانست، ئەزموون و تێگەیشتن کە لە ڕووی فیزیکی و مەنتاڵەوە لای مرۆڤ گەشە دەکەن. فاکتۆرەکانی ڕەفتاریی کارزانی، تەمرین، هەستی کارامەیی بە پێی گەشەکردنی توانایییە سەرەتایییەکانی منداڵ گەشە دەکات. هەروەها فاکتۆەکانی ژینگەیی بریتییە لە نۆرم، بەشداری لە کۆمەڵ و تواناییی باوەڕبەخۆ بوون لە کۆمەڵ و خوددا.

لێرەدابۆ زیاتر شیکردنەوەی تیۆری سۆسیال کۆگنێتیڤی فێرکردن و “پەروەردەی ژینگەیی” لە ڕوانگەی ژان پیاژە و لێڤ ڤیگۆتسکییەوە دەیخەینە بەرباس:

 
روانگەی کۆگنەتیڤی پیاژە

لە دەیەی شەستی سەدەی بیستەمدا، ژان پیاژە (١٨٩٦ ـ ١٩٨٠)توانی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیستەمی پەروەردە و فێرکردنی مۆدێڕندا بهێنێتە ئاراوە. پیاژە پێی وابوو کە قۆناخەکانی گەشەکردنی زەینی منداڵ بە ئەزموون و وشیاری لە سروشت و ژینگەی دەورووبەری و دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەوە دەست پێ دەکات. منداڵ توانایی بونیادنانەوەی زانیاریی لە یاریکردن و ئەکتیڤ بووندا هەیە کە جیهانی دەورووبەری پێوەندیی بە حەزەکانی منداڵەوە گرێ ئەدات.

 پیاژە چوار قۆناخی سەرەکیی گەشەکردنی منداڵ دەستنیشان دەکات(Imsen، ٢٠٠٨) :

یەکەم، قۆناخی هەست و جووڵە، لە لەدایک بوونەوە هەتا دوو ساڵی. لەم قۆناخەدا منداڵ زمان فێر نەبووە و بە هەست و جووڵەکانی لەگەڵ دنیای دەورووبەریدا لە پێوەندیدایە و لە دیاردەکان و کاریگەرییان تێدەگات. هەروەها بە شێوەیەکی فیزیکی هەستە سەرەکییەکانی وەک: هەستی چێشتن، بۆنکردن، بیستن، بینین، هەستپێکردن دەناسێتەوە.

دووهەم، قۆناخی فامکردنەوە پێش عەمەلیات، لە دوو ساڵ هەتا حەوت ساڵ. لەم قۆناخەدا منداڵ کارەکانی بە شێوەیەکی هێمایی و فیزیکی دەکات و بیرکردنەوەیەکی ژیرانەی لە پێوەندی لەگەڵ دیاردەکانی دەورووبەریدا نییە. لەم قۆناخەدا زەینی منداڵ هێشتا بۆ کاری زەینی ئامادەییی نیە و پێی وایە کە شتە بێ گیانەکان، گیاندارن و یارییان لەگەڵ دەکات. مەبەست لە عەمەلیات، دانانی چوارچێوە یان ڕێکارێکی لۆژیکی بۆ کردنی کارێکە.

سێهەم، قۆناخی عەمەلیاتی هەستپێکراو لە حەوت ساڵ هەتا دوازدە ساڵ. لەم قۆناخەدا منداڵ تواناییی ڕێکخستن، ڕیزکردن و جێ‌خستنەوەی شتەکانی دەورووبەری هەیە و لە واتاکانی ژمارە، بارستایی، پانی و درێژی و . . . تێدەگات. گرینگیی ئەم قۆناخە ئەوەیە کە چالاکییەکانی ژیانی ڕۆژانەی بە شێوەیەکی کۆنکرێتە و تواناییی لێکدانەوەی دیاردە ئابستراکت و زەینییەکانی لاوازە یان هێشتا گەشەی نەکردوە بەڵام بەدوای کەشف کردنی دنیا و دیاردەکانی دەورووبەریەوەیە. چوونە دەرەوەی منداڵانی باخچەی ساوایان بۆ ناو دارستان و دروستکردنی خانووی منداڵانە و یاریکردن لە سروشتدا بەشێکە لەو کەشف و دۆزینەوەیە لای منداڵ.

چوارەم، قۆناخی عەمەلیاتی وێنەیی لە دوازدە ساڵ هەتا چواردە ساڵ. ئەم قۆناخە بەرەو پێگەیشتووییی فیکری و گەنجی دەڕوات. هەستی باڵانس، توانایی داهێنەرانە و ڕەخنەگرانەی تێدا بەهێز دەبێ و نائارامە. ژینگەی کۆمەڵایەتی و شوێن دەوری سەرەکیی لە چالاکییەکانی مێشکیدا هەیە. پیاژە پێی وایە کە پێکهاتەی مەنتاڵیتێتی منداڵ لەم قۆناخەدا بەرەو پێگەیشتوویی دەڕوات. دەیڤید سۆبل (١٩٩٠) لە توێژینەوەیەکدا، گرینگییەکی تایبەتی بە تیۆریی کۆگنەتیڤی پیاژە ئەدات و لە پەروەردەی ژینگەییدا وەک مۆدێلێک بەکاریان دەهێنێت. سۆبل بە وتووێژ لەگەڵ سەدان منداڵ و گەورەدا بۆی دەرکەوت کە پێوەندی لەگەڵ شوێندا و دروستکردنی شوێن گرینگترین نیشانەکانی کۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤن لە شوێندا. ئەو پێی وابووە کە دروستکردنی خانوچکەی منداڵانە و کولانە، باوترینیان بووە. سەرنجراکێش ئەوەیە کە منداڵ “شوێنی نهێنی” بۆ خۆی بونیاد دەنێ کە پێوەندییەکی تایبەتیی لەگەڵ دروست دەکات.

ئەوەی لای پیاژە گرینگە و بایەخی پەروەردەیی هەیە ئەکتیڤ و چالاک بوونی منداڵ لە ژینگەی قوتابخانەدایە کە لە قۆناخەکانی سەرەتاییدا بتوانێ توانا سەرەتایییەکانی خۆی گەشە پێ بدات. لێرەدا بە ئاماژە بەتێڕوانینی مێژوویی بۆ ڕۆڵی قوتابخانە، توانا سەرەتایییەکانی منداڵانیان بریتین لە: توانایی خوێندنەوە، نووسین، حەسابکردن، بەکارهێنانی دیجیتاڵ و بیری ڕەخنەگرانە. کارزانی و کارامەییی منداڵ لە بوارەکانی خوێندەوە، نووسین و حەسابکردن لە مێژووی فێرکردن و پەروەردەدا گرینگیی تایبەتی هەبووە، بەڵام لە دنیای ئەمڕۆدا و بە لەبەرچاوگرتنی پێشکەوتنی دنیای دیجیتاڵ، زانین و بەکارهێنانی زمانی دیجیتاڵ و ئامرازەکانی، گرینگیی تایبەتی خۆی هەیە. هاوکات بیری ڕەخنەگرانە کە بریتیە لە خوێندنەوە، نووسین و دیالۆگی ڕەخنەگرانەش پانتاییەکی بەرفراوانتری لە زانستی پەروەردە و فێرکردن داگیر کردوە. لە کۆنتێکستی پەروەردە و فێرکردندا، توانایییە سەرەتایییەکانی منداڵ دەتوانێ ئاستی زانین، توانین و هۆشیاریی گەشە پێ بدات. واتە منداڵ کاتێ شتێک بزانێ، لەوانەیە تواناییی بەکارهێنانی نەبێت. بەڵام لە قۆناخی توانین هەم تواناییی بەکارهێنانی زانیاریی هەیە و هەم دەگاتە هۆشیاری کە لە ئاکامدا پلەکانی داهێنەرانە و بیری ڕەخنەگرانەی بەهێز دەبێت.


روانگەی کۆمەڵایەتی ـ کولتووری ڤیگۆتسکی

روانگەی کۆمەڵایەتی ـ کولتووریی فێرکاری، پێوەندیی بە گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی  کۆمەڵ و بەشداریی تاک لەو گۆڕانکارییانەدا هەیە و هاوکات کاریگەریی دیاردەکانی کۆمەڵ لەسەر ڕەوتی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵ و پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن هەیە. ڤیگۆتسکی پێی وایە کە قۆناخی منداڵی بەرهەمی فاکتۆرە کۆمەڵایەتییەکانە و دروستکراوی کۆمەڵ، کولتوور و مێژووە. ڤیگۆتسکی لە تیۆرییەکەی خۆیدا پێی وایە کە گرینگی بە سێ فاکتەری کۆمەڵایەتی بۆ فێرکردنی منداڵ ئەدات:

یەکەم، زمان، زمان مەنتاڵیتێتی مرۆڤ پێک دەهێنێت. لەم ڕوانگەیەوە زمانی جەستە کاریگەریی قووڵ لەسەر پەروەردە و فێرکردنی قوتابی دادەنێ و منداڵ دژکردەوەی بە زمانی جەستە بەرجەستە دەبێ و هاوکات فاکتۆرە کۆمەڵایەتییەکانی زمانی جەستە ئەناسێتەوە.

دووهەم، نێوەنجیگەری: سەیرکردن، سەرنجدان، وڵامدانەوە و هەڵسەنگاندن کەرەستەی گرینگی پڕۆسەی فێرکردن و گەشەکردنی باری دەروونیی منداڵن.

سێهەم، هێڵی گەشەکردنی ڕێژەیی، ڤێگۆتسکی پێی وابوو کە قوتابی لە هێڵێکی تایبەت و سنوورداردا توانایییەکانی خۆی تاقی دەکاتەوە و هاوکات لە هێڵێکی سنووداری دیکەدا داوای یارمەتی لە دەورووبەری دەکات.


منداڵ لە کات، فەزا، شوێن و کۆمەڵێکدا لەدایک دەبێ و قۆناخەکانی فامکردنەوە و تێگەیشتنی بۆ دنیا بەدەست دێنێت. هەموو کۆمەڵگایەک چوارچێوەیەکی تایبەتی بۆ مومکین و نامومکینەکانی خۆی هەیە کە چۆن پێناسەی منداڵ و قۆناخی منداڵی دەکات. لەم تیۆرییەدا منداڵ لە کۆنتێکستی جیاوازی شوێن و ژینگەی کۆمەڵایەتیدا پێ‌دەگات. ئەزموون لە شوێندا و گەشەکردن لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیدا کاریگەریی لەسەر ئەزموون و چۆنیەتیی ئەزموونکردن دادەنێت. بۆ نموونە منداڵانی پەنابەر کە لە شەڕ و نائارامی وڵاتەکەیانەوە هەڵکەندراون، تووشی تراوما و خەمۆکیی قووڵ و ترس دەبن کە لە منداڵانی بۆ نموونە کۆمەڵگای سکاندیناویدا ئەو ئەزموونە نابینرێ. لەبەر ئەم ئەزموونگەلەیە کە لۆیس چاڤلا (١٩٩٢) دەڵێ شوێن دەبێ ژینگەیەک بێ کە ئەمنیەت و ئارامی، پێکەوە بوون و هاوپێوەندیی کۆمەڵایەتی و دەرفەتی داهێنەرانەی هەبێت. لە پێوەندی لەگەڵ ئەم تیۆرییەدا، هێربێرت مید(١٨٦٣ ـ ١٩٣١) لە تیۆرییە بەناوبانگەکەی خۆیدا بەناوی “گشتاندنی ئەوی دی” و  دروست بوونی کەسایەتیی منداڵ لە کۆنتێکستی کۆمەڵایەتیدا، پێی وایە کە قۆناخی منداڵی، قۆناخی لاساییکردنەوەی گەورەیە و بنەماییترین تێگەیشتنی منداڵ لە ڕۆڵی گەورەیە. منداڵ لە ڕوانگە و مۆتیڤەیشنی گەورەکانەوە (باوک و دایک)، فێر ی “کارلێکە هێمایییەکان symbolicinteractionism”دەبێ کە کۆنتێکستی کولتووری و کۆمەڵایەتی بەرهەمیان هێناوە (Birkeland، ٢٠١٤).


جوگرافیای ژیانی ڕۆژانەی منداڵ، شوێنی منداڵ یان شوێنێ بۆ منداڵ

پرسیارێک کە هەمیشە ڕووبەڕووی ناوەندەکانی فێرکردن و پەروەردە دەبێتەوە ئەوەیە کە چی لەبارەی شوێنێکی تایبەت بۆ پەروەردەی منداڵان دەزانین؟ تەنیا شوێنێک کە دەتوانێ لە گەشەکردنی قۆناخەکانی منداڵاندا بۆ منداڵان واتای هەبێت، شوێنێکە کە لە ڕوانگەی خودی منداڵانەوە و بە پێی زەینی منداڵان دروست کرابێت. قوتابخانە، باخچەی ساوایان و ناوەندەکانی دیکەی فیرکردن، ڕووبەرێکی بەرفراوان بۆ پەروەردەی منداڵان دروست دەکەن کە یارمەتیدەری بیچمگرتنی شوناسە لای منداڵ کە بە ئەزموون کردن و فێر بوون بەدەستی دەهێنێ. سیمۆن کالتینگ بە جوگرافیای ژیانی ڕۆژانەی منداڵ ناوی دەبات. بۆ منداڵ بونیادنەری هەستی شوێنە و لە جوگرافیای ژیانی ڕۆژانەیدا مانا بە شوێن دەبەخشێ کە  لە پێنج ڕوانگەوە گرینگیی هەیە:

فێر بوون: لە شوێندا منداڵ لە ڕێگای یارییەوە، نەناسراوەکان دەناسێ و کەشفیان دەکات، ئەزموونەکانی تاقی دەکاتەوە و فامی بە دیاردەکانی دەورووبەری دەکرێتەوە و هاوکات توانایییەکانی خۆی گەشە پێ ئەدات. فێرکردن لە دوو بەستێنی بنەماڵە و ژینگەی نزیکدا ڕوو دەدات کە کەرەستە فیزیکی و ئابستراکتەکانی پێوەندیگرتن بەکار دەهێنێت. کەرەستەی ماتریاڵ و فیزیکی بریتین لە کەرەستەی یاری پێ کردن و بونیادنانی ئیدەکان. کەرەستەی ئابستراکت بریتین لە زمان و کولتوور.

زانیاریی لۆکاڵ: منداڵ لە ڕێگای زانیارییەکانی و وشیاریی لەمەڕ شوێنی دەورووبەری، تواناییی بونیادنەوەی شوێنی دەبێت. واتە کەرەستەکانی دەوروبەری بۆ دروستکردنی شوێنی نوێ ئامادە دەکات و بەکاریان دەهێنێ.

مانادار بوونی شوێن: منداڵ شوێنێکی مانادار دروست دەکات کە پەیوەستە بە بیر و زەینیەوە و بە ڕاڤەی ئەو لە شوێنی نوێ؛ کە دەکرێ دروستکردنی خانوویەکی منداڵانە بێ، دەکرێ کولانەیەک بێ، دەکرێ دروستکردنی یارییەک بێ کە ناوی لەسەر دانێ و چیرۆکی خەیاڵاویی بۆ دروست بکات.

هەست: منداڵ هەستە سەرەتایییەکانی خۆی وەک: تووڕەیی، خۆشحاڵی، خەم و پەژارە، بێزاری و ترس و … بە شوێنی دەسکردی خۆیەوە گرێ دەدات. لەبەر ئەوەیە مرۆڤ هەستێکی هەمیشەیی و دانەبڕاوی لەگەڵ کۆڵان، گەڕەک یان شوێنی گەورە بوونی خۆیدا هەیە چونکا مرۆڤ هەستەکانی لەو شوێنەدا پەروەردە کردوە.

ئەمنیەت و پارێزراوی: ئەمنیەت و پارێزراو بوون، گرینگترین هۆکاری فێر بوونە لە ژینگەی دەورووبەر و بە پێی گۆڕانکاری لە ژیانی مرۆڤدا، بایەخی ئەمنیەتیش گۆڕانی بەسەرداهاتووە. بۆ نموونە لە ژیانی شارنشینیی نوێدا، ترافیک و مەترسییەکانی گرینگیی تایبەتی هەیە، یان نە بوونی فەزای کراوە و ئازاد بۆ یاریی منداڵان و چالاکیی فیزیکیی منداڵان. لە ڕوانگەی مێژوویییەوە ئەمنیەت و گۆڕانکارییەکانی ژینگەی مرۆڤ توانیویەتی کاراکتەری قۆناخەکانی پەروەردە و فێرکردن بگۆڕێ (Birkeland، ٢٠١٤).

دەیڤید سۆبل(Sobel، ١٩٩٨) لەتاقیکردنەوەی جوگرافیای ڕۆژانەی منداڵ، پێی وایە کە منداڵ بە پێی قۆناخەکانی گەشەکردنی و کۆمەڵایەتی‌ بوونی (ئاماژە بە تیۆریی پیاژە)، پێرسپێکتیڤ و ڕوانگەی بۆ دەوروبەرەکەی، گۆڕانی بەسەردا دێ. بە شێوەیەکی کۆنکرێت، تاقیکردنەوەیەک دەخاتە بەردەم منداڵان بۆ ئەوەی کە نەخشەیەک لە شوێنی ژیان و نیشتەجێ بوونی خۆیان بکێشن. نموونەی وێنەکان (sobel، ١٩٩٨، ل. ١٤ ـ ١٣) بە پێی تەمەن بەم شێوەیە بووە:

هەروەها سۆبل ڕاڤەی نۆستالۆژیکی بۆ دروستکردنی نەخشەیەک لە شوێنی پەروەردە و گەورە بوونی خۆی لە منداڵیدا دەکات و پێی وایە کە مەنتاڵیتێتی مرۆڤ لە قۆناخەکانی منداڵیدا گەشە دەکات و دەمێنێتەوە کە بەرهەمی کۆنتێکستی کۆمەڵایەتیی دەورووبەرییەتی.

وێڕای ئەوەی سۆبل پێی وایە جوگرافیای ڕۆژانەی منداڵ بەردەوام لە گەشەکردندایە، هاوکات بەدوای شوێندا دەگەڕێ و لای منداڵ مانای دروست دەکات کە بە پێی قۆناخەکانی تەمەن سێ جۆر پێرسپێکتیڤیش (sobel، ١٩٩٨ . ل. ٣٠) لای منداڵ گەشە دەکات:

ـ ڕوانینی فڕۆکەییAerialView (دەکرێ لە زمانی کوردیدا بە داڵ‌بین وەریبگێڕینەوە). دیاردەکان دوور و بچووک دەبینێ و چوارچێوەی ڕوانینەکەی بەرفراوانە.

ـ ڕوانینی  پانۆرامیسک panoramic view:

روانینی وێنەیی pictorial view: بە Frog perspective واتە ڕوانینی بۆقیش بەناوبانگە. بە شێوەیەک کە دیاردەکان گەورە دەبینێ.

ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی سۆبل (ل ٤٥) لە پێوەندی لەگەڵ جوگرافیای منداڵەوە، بەم شێوەیە کە ئاستی گەشەکردنی ڕوانین و تێگەیشتنی منداڵ لەگەڵ دیاردەکانی دەورووبەریدا بە پێی تەمەن دیاری دەکات:

کاتلین سیمون لە کتێبی “Children’s personal geographies and the English Primary school geography curriculum” دا خشتەیەکمان بۆ دادەنێ کە منداڵ لە پێوەندی لەگەڵ درووسکردن، ڕێکخستن و مانادار کردنی شوێنی دەسکردی خۆیدا، دەتوانی توانایییەکانی بەم شێوەیە پەروەردە بکات:

شوێنێک بۆ کردنی کارێ: بەکارهێنانی هەست، جموجووڵ، دروستکردنی خەیاڵ و چیرۆک، چالاکی، مەترسی و خوڵقاندنی ڕووداو و هەروەها سنوورداردکردنی شوێن.

شوێنێک بۆ بیرکردنەوە: کونجکۆڵی، زانیاریی، چاڵێنج، ئەنگیزە و مۆتیڤەیشن، سەرنج و تێڕامان.

شوێنێک بۆ هەست‌پێ کردن: هەستی ئەمنیەت و پارێزراوی، هەستی پاراستن، پشتیوانی، چاودێری و خەمخواردن بۆ شوێنێک و هەروەها هەستی تێکەڵ بوون و هاوپێوەندی بە شوێنەوە.

شوێنێک بۆ بوون: خاوەندارێتیی شوێن، ئازادی و توانایی لە ئیدارەکردنی شوێندا، بەشداری لە بونیادنانی هەستی گشتی و کۆمەڵدا و هەستی باوەڕبەخۆ بوون (Martin، ٢٠٠٦. ٢٩ ـ ٥٤).


روانگەی مێژوویی بۆ سیستەمی پەروەردەی ئێران

لە پێوەندی لەگەڵ فەزا، شوێن و ژینگەی کۆمەڵایەتی کە پێوەندیی بە کۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤ لە قوتابخانەدا هەیە، قوتابخانە سەرچاوەیەکە بۆ مانادارکردن و شوناسسازیی منداڵ لەو قۆناخگەلەی کە پیاژە و ڤیگۆتسکی گرینگییان پێ داوە. ئەگەر بە شێوەیەکی کرۆنۆلۆگی لە پێگە و ڕۆڵی قوتابخانە بڕوانین مێژوویەکی درێژخایەنی لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتییدا هەیە و هاوکاتیش سیستەمی خوێندن دیاردەیەکی دنیای مۆدێڕن و بەرهەمی شۆڕشی پیشەسازییە.

وشەی “school” لە وشەی یۆنانی σχολή” ـەوە وەرگیراوە کە بە واتای “کاتی پشوو” هاتووە (ویکی پێدیا). حەبیبوڵڵا تابانی لە کتێبی “هاونەتەوەییی کورد و ماد”، لە بەشی “رۆڵی کورد لە گەشەی کولتووریی جیهانیدا” پێی وایە کە وشەی “سکووڵ” لە “ئەسکۆڵ”ەوە وەرگیراوە کە لە سەردەمی ئەشکانی و ساسانییەکاندا شوێنی خوێندنی فەلسەفە و زانستی ئەو سەردەمە بووە و هەروەها ئێستاکە ناوی گوندێکە لە ناوچەی سنووریی “مەریوان”دا. (تابانی، حەبیب اللە، ١٣٨٠ ـ ه. ل. ٢٩٤). لە ئاتێنی کۆندا، ئاکادێمیای ئەفلاتوون وەکوو یەکەمین فۆرمی قوتابخانە ناودێر کراوە. دواتر قوتابخانەی پەروەردە و خوێندنی ئایینی لە کەنیسە، مزگەوت و شوێنە ئایینییەکانی دیکەی دنیادا بڕەوی پەیدا کردوە. لە کوردستاندا، حوجرە بنەمای خوێندن و پەروەردە بووە کە بێگومان هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا تواناییی دەستڕاگەیشتن بە خوێندنیان نەبووە.

بەڵام بە دوای شۆڕشی پیشەسازی لە ئەورووپادا، قوتابخانەکان بۆ چینی نەجیبزادەکان پەرەی سەند کە هەتا ناوەڕاستی سەدەی هەژدەهەم بۆ هەموو کۆمەڵگا باو نەبوو. ئەو گۆڕانکارییانەی کە لەسەدەی هەژدەهەمدا لە ڕووی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەوە ڕووی دا، دەروازەیەکی بەرین بەرەو خوێندن و بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی کۆمەڵگا بوو.

قوتابخانە لە کوردستاندا بە شێوەی ئەمڕۆیی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا و لە ژێر کاریگەریی ڕەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دەوڵەتی عوسمانی و ئێرانی قاجاڕیدا برەویان پەیدا کرد. شۆڕشی مەشرووتە (١٩٠٥ ـ ١٩١١)  و ڕێفۆرمی دەوڵەتی عوسمانی (١٨٣٩) لە ژێر کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی دنیای ڕۆژئاوادا، بوونە هەوێنی گۆڕانکاریی قووڵ لە سیستەمی کۆمەڵایەتیی ئێران و عوسمانی کە بێگومان کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگای کوردستانیش هەبوو. لە “متمم قانون اساسی مشروطه” و ئەسڵی ١٨ و نۆزدەهەم باس لە ئازادیی خوێندنی زانست و مەعارف بۆ هەمووان دەکات بە مەرجێ کە شەرع ڕێگای پێ دابێ و هەروەها خوێندنی ئیجباری دەبێ لە لایەن وەزارەتی علووم و مەعارفەوە ڕێوشوێنی بۆ دیاری بکرێت”. (متمم قانون اساسی مشروطه)

کە لە ڕاستیدا بە کردەوە هیچ هەنگاوێکی بۆ هەڵنەگیرا و زیاتر بۆ چینی دەوڵەمەند و نەجیبزادەکانی کۆمەڵگای ئێران بوو. لەو پێوەندییەشدا کەنیسەی مەسیحی، جوولەکەکان و مسیۆنێرەکانی ئەورووپایی لە ئێران و کوردستاندا ڕۆڵی سەرەکییان لە دروستکردنی قوتابخانەکاندا هەبوو. قوتابخانەی کڵدانییەکان لە گەڕەکی کڵدانییەکانی شاری سنە لە ساڵی ١٨٩٦ی زایینی لە لایەن ڕێکخراوی “پرماکد”ەوە دروست کراوە. لە سەرەتای سەدەی بیستەمیشدا ڕێکخراوی “ئاڵیانس”ی جوولەکەکان، کۆمەڵێک قوتابخانەی لە شارەکانی کرماشان، هەمەدان، ورمێ، سنە و بیجاڕ و زۆر شاری دیکە کردەوە کە تایبەت بە خوێندنی باوی ئایینی نە بوون . (ویکی‌پێدیا).

لە بەستێنەکانی دروست بوونی قوتابخانەکان لە ئێراندا دەتوانین ئاماژە بکەین بە:

ـ گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە سەدەی هەژدەهەم و کاریگەرییەکانی لەسەر مەملەکەتی ئێران و عوسمانی.

ـ پەروەردەی کۆمەڵگا و بەرزکردنەوەی توانا سەرەتایییەکانی نەوەی نوێی کۆمەڵگا.

ــ  زۆر بوونی حەشیمەتی شارنشین، گۆڕانی دێموگرافی و کاریگەریی لەسەر فاکتۆرەکانی ژیان .

ــ  پێویستی هێزی کارامە و لێزان.

ـ نیشتەجێ بوونی خێڵە کۆچەرییەکان و تێکەڵ بوونیان لەگەڵ کۆمەڵگادا.

ـ سیاسەتی کۆنترۆڵ، یەکدەست کردنی کۆمەڵگا لە هەموو ئاستەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.

و . . .

زۆر هۆکاری دیکە کە فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمە پێکی هێنا بوون. فەزایەک کە پێکهاتنی دەوڵەت ـ نەتەوەکان بە خوێندنەوەیەکی فاشیستیانە بۆ کۆمەڵگا و کەڵکوەرگرتن لە سۆسیال داریۆنزیمی کۆمەڵایەتی، لە هەوڵی یەکدەست کردنی کۆمەڵگا و توانەوەی کەمایەتییە نەتەوەیی و دینییەکانی کۆمەڵگادا بوون. لە ئەورووپا دەوڵەت نەتەوەکان بە کەڵکوەرگرتن لە ئامرازەکانی خوێندنی زۆرەملێ و سەپاندنی زمانی دەسەڵات بەسەر کەمایەتییەکاندا، زۆربەی نەتەوە و ئەتنیکەکانیان سڕیەوە و دەوڵەت نەتەوەکان دروست بوون. قەرەج، دۆم، عەشایەر و خێلەکانی تر، جوولەکە و کەمایەتییە ئایینییەکانی دیکە ڕووبەڕووی هەڕەشەی لەناوچوونی یەکجارەکی بوونەوە. ڕوانگەی فاشیستی بۆ  کۆنترۆڵ و بەکارهێنانی ئامرازەکانی خوێندن، بریتی بوو لە دروستکردنی هێماکانی ئووستوورەییی خاک، زمان و کولتووری نەتەوەی باڵادەست و سڕینەوەی سیستەماتیکی نەتەوەی بندەست و هەروەها پێی وابوو ئەو نەتەوانەی کە دەسەڵاتیان نییە خاوەنی شارستانیەت نین و دەبێ یان تێکەڵ بە شارستانیەتی نوێ بن یان بتوێنەوە. لە ئێرانی سەردەمی ڕەزاشادا، قوتابخانە بووە ئامرازی هاوشێوەکردن و سڕینەوەی نەتەوەکان و بەتایبەتی نەتەوەی کورد. لێرەدا بایەخی مێژووییی ئەم باسە ئەوەیە کە دیسکۆرسی پەروەردە لەو دەوڵەتانەی کە بەسەر کوردستاندا زاڵ بوون، لە ڕێگای کۆنترۆڵی پرۆگرامەکانی خوێندنەوە، ژینۆسایدی فەرهەنگییان بەڕێوە بردووە.

کۆنتێکستی پەروەردەی کتێبەکانی خوێندن و سڕینەوەی شوێن ـ کتێبی توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان (مطالعات اجتماعی) پۆلی پێنجی سەرەتایی بە نموونە:

لە کتێبی توێژینەوەکۆمەڵایەتییەکانی پۆلی پێنجەمدا (چاپی ١٣٩٨) سەرەڕای ئەوەی کە “وتەیەکی خومەینی و وێنەیەکی خومەینی” لە زۆربەی کتێىەکانی دەرسی و بەتایبەتی لەم کتێبەشدا بەدی دەکرێ، پێرستی بابەتەکانی لە پێنج فەسڵدا هاتووە کە بریتین لە: ژیان لەگەڵ کەسانی تر، سەرزەوینی ئێران، ژیان لەگەڵ جیهانی دەورووبەر (وڵاتانی دراوسێ)، زیارەتی شوێنە پیرۆزەکان (کەربەلا) و دوایین فەسڵی کتێبەکە بابەتێكی مێژووییە سەبارەت بە ئێرانی دوای هاتنی ئیسلام. لە فەسڵی سەرزەوینی ئێراندا باسی جوگرافیای مرۆیی ئێران دەکات و هیچ ئاماژەیەکی بۆ پێکهاتەی نەتەوەیی ـ ئایینی دانیشتوانی ئێران نیە. دواتر لە لاپەڕەی ٥١دا باس لە پێناسەی حکوومەتی “کۆماری ئیسلامیی ئێران” دەکات و لەگەڵ ڕێژیمی پەهلەوی بەراوردی دەکات  کە “کۆماری ئیسلامی هەڵبژاردەی خەڵکە و ڕێژیمی پەهلەوی ستەمگەر بوە و خەڵک هەڵیان نەبژاردوە. لە درێژەی پێناسەکەیدا بۆ مەشروعیەتدان بە پێناسەکەی، هەڵبژاردنی ١١ی خاکێوەی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی و ڕێژەی ٩٨٪ی دەنگی “بەڵێ” بۆ کۆماری ئیسلامی دەهێنێتەوە. ئەم پێناسەیە لە ڕووی زانستە کۆمەڵایەتییەکانەوە بێ واتا و ناوەرۆکە، بەڵام گرینگترین پەیامی ئەوەیە کە مێژووی ئێران بەسەر دوو بەشی بەر لە شۆڕش و دوای شۆڕشدا پێناسە دەکات.

هەروەها لە لاپەڕەی ٨٩دا کە باسی کۆماری عێراق دەکات، هیچ ئاماژەیەک بە دانیشتوانی کورد لەو وڵاتەدا ناکات. ئەم ڕوانگەیە بۆ نووسینی کتێبەکانی خوێندن لە پۆلەکانی دیکەدا بەردەوام دووپات دەبێتەوە. ئەم ڕوانگەیە بۆ کتێبی فێرکاریی مامۆستاش دووپات دەبێتەوە.

لە لاپەڕەی ٣ی کتێبی فێرکاریی مامۆستا بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکان(چاپی ١٣٩٨)، ئامانجەکانی خوێندنی ئەو کتێبەی بۆ مامۆستا شی کردۆتەوە کە دەبێ منداڵ لەو ساڵەی خوێندندا زانیاری لەبارەی سێ ئامانجی سەرەکی واتە: بەهێزکردنی شوناسی نەتەوەیی (واتە شوناسی ئێرانی ـ ئیسلامی)، ئەخلاق‌تەوەری لە سیستەمی کۆمەڵایەتی و هەروەها کارامەییەکانی ژیان (یان توانایییە سەرەتایییەکانی ژیان) هەبێت. وێنەیەک:

هەمان ڕوانگە بۆ سەرزەوینی ئێران و شوناسی ئێرانی لە کتێبەکانی خوێندنی سەردەمی شادا  دەبینینەوە. لە کتێبی “فارسی” پۆلی پێنجەمی سەرەتایی (ساڵی ١٣٥٥ی هەتاوی)دا لە لاپەرەکانی یەکەم و دووهەمدا بە وێنەی شاژن و شا و کوڕەکەی ڕازاوەتەوە. دواتر لە پێناسەی کتێبی “فارسی؟!” دا، ڕاپۆرتێکی دوایین کار و پرۆژەکانی “شاهەنشا” بەناوی “خدمات اجتماعی شاهنشا” لە ٢١ خاڵدا هاتووە کە هیچیان پێوەندیی بە کتێبی خوێندنی پۆلی پێنجەمی فارسییەوە نیە.

ئەگەر بە وردی چاو لە مێژووی ژینگەی قوتابخانە لە ئێراندا بکەین و کتێبەکانی خوێندن و شێوازی وانەگوتنەوەی مامۆستاکان بخەینە بەر ڕاڤە و توێژینەوەوە، دەتوانین سەدان نموونەی پەروەردەی سەقەت و فاشیستیانەی سیستەمی پەروەردەی ئێران بخەینە بەرچاوە کە لە مەودای وتارەکەی ئێمەدا نیە. هێنانەوەی ئەو دوو نموونەیە بۆ ئەوە بوو کە لە ماوەی یەک ساڵی خوێندندا، منداڵ هیچ تێڕوانینێكی بۆ پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی سەرزەوینێک بە ناوی ئێران نابینێ و ناخوێنێتەوە. پارۆدۆکسی کۆنتێکستی خوێندن تەنیا لە ئاست کتێبەکان، دیداکتیک(شێوازی وانەگوتنەوە) و تێڕوانینی مامۆستاکاندا نیە، بەڵکوو پلانی سڕینەوەی شوناسە جیاوازەکانی کۆمەڵگایە. بە پێی پێناسە و تیۆرییەکانی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی، منداڵ لە ژینگەیەکدا تێڕوانینەکانی بەرفراوان دەبێت کە بەها کۆمەڵایەتی و نۆرمەکانی ئەناسێتەوە. بەڵام کاتێ منداڵ لە نێوان شوێنی نزیک (واتە ژینگەی کۆمەڵایەتیی بنەماڵە هەتا قوتابخانە) ئەزموونێک تێدەپەڕێنێ و لە ناو قوتابخانە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەجێندای شوناسسازیی کۆنتێکستی پەروەردەیەکەوە کە خۆی تێدا نابینێتەوە، لە ئاکامدا درزێکی گەورەی کۆمەڵایەتی لە نێوان منداڵ و شکڵگرتنی مەنتاڵیتێتی منداڵدا ڕوو دەدات.


وتەی کۆتایی:

دیلەمای شوناسی نەتەوەیی

پەروەردەی ژینگەیی واتە پەروەردەکردنی منداڵ لە جیهانێکدا کە نزیکە و هەستی پێ دەکات. ژینگە، کولتوور، ئابووری، هونەر و بزاوتە کۆمەڵایەتییەکان، هەموو ژێرخانی ئەم جیهانەن کە بە کۆنتێکیستی لۆکاڵی کۆمەڵگا ناودێر دەکرێن. لەبەر ئەوەیە کە منداڵ لە ژینگەی نزیکی خۆیدا بەدوای حەز، ئارەزوو، ویست و خەونەکانی خۆیدا دەگەڕێ و فانتازیای گێڕانەوەی دەست پێ دەکات. بنەماڵە، کۆڵان، شەقام، ڕێگای قوتابخانە، دۆست و هاوڕێ، مامۆستا و قوتابخانە و وانەکانی قوتابخانە هەموو سەرچاوەکانی فێر بوون دەبینن. بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەی جوگرافیای مێژوویییەوە بڕوانین، نەتەوەکانی ئێران ڕیشەی مێژوویییان لە ئێراندا هەیە، کەچی ئەوەی لە دیسکۆرسی سیستەمی پەروەردەی ئێراندا بەدی دەکرێ، ڕوانگەی کۆلۆنیالیستی بۆ پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان هەیە ودرزی کۆمەڵایەتیی گەورەی لە نێوان بیری ئێرانی و دیسکۆرسی نەتەوەییی نەتەوەکانی ئێراندا هێناوەتە ئاراوە. لە لایەکەوە بە بڕەو دان بە شوناسی دەستکرد و ڕووکەشی ئێرانی لە هەوڵی سووک کردنی شوناسەکانی دیکە و بەکارهێنانی “شوناسی ناوچەیی” (هویت محلی) بۆ کەمایەتییەکانی ئێراندایە و لە لایەکی دیکەشەوە بانگەشەی شوناسی ئیسلامیی شیعە دەکات کە پەیوەستە بە ڕێتۆریکی سیاسیی کۆماری ئیسلامییەوە لە نێوخۆی ئێران و ناوچەکەدا. ڕاهێنان و پەروەردەی زەینی منداڵ بۆ ئەم جیهانبینیە ناکۆکە، دووڕێیانێکە لە بەردەم کەسایەتیی منداڵدا کە دەبێتە گرێکوێرەیەک لە شوناس و هەستی باوەڕبەخۆبووندا.

لەگەڵ ئەوەشدا سیستەمی پەروەردەی ئێران وەکوو سامانی کۆمەڵایەتی چاو لە سیستەمی پەروەردە دەکات و ئەیهەوێ لە ڕێگای پەروەردەوە شوناسی ئێرانی ـ ئیسلامی پەروەردە بکات. چەمکی شوناسی ئێرانی ـ ئیسلامی، پێوەندیی بە تێڕوانینی پاوانخوازانەی ناسیۆنالیزمی فارس و شیعەوە هەیە کە فاکتۆرە کولتووری ـ دینییەکانی بە لێشاو لە کتێىەکانی خوێندندا بەدی دەکرێ و ئەوەی پێگە و شوێنی نادیارە نەتەوە و کولتوورە جیاوازەکانی ئێرانە.

لە پێوەندی لەگەڵ کۆنتێکستی سیستەمی پەروەردەوەدا، منداڵانی کورد، ژینگەی کوردستان و بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردستان لە هەڕەشەیەکی جیددیدان:

یەکەم: سامانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابووری کوردستان داگیر کراوە و تواناییی شوناسسازی لە دەستی کورد ترازاوە.

دووهەم: سیستەمی پەروەردە وەک بنەمای پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و پەروەردەی نەوەکانی داهاتوو لە لایەن داگیرکەرەوە پلانی بۆ داڕێژراوە و ماوەی زیاتر لە سەد ساڵە سیاسەتی توانەوەی شوناسی نەتەوەییی کوردی گرتۆتە بەر.

سێهەم: شوێن یان ژینگەی نزیکی پەروەردە کە قوتابخانە و ناوەندەکانی دیکەی فێرکردن و هەروەها ژینگەی کۆمەڵایەتیش دەگرێتەوە لە ژێر دەسەڵات و دەستڕۆشتووییی دەوڵەتدایە و بە بیرێکی کۆلۆنیالیستییانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکات. (نموونەی سڕینەوەی هێماکانی کۆمەڵگای کوردستان لە ژینگەی قوتابخانە و کتێبی دەرسیدا)

چوارەم: بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە پێوەندیی لەگەڵ پەروەردە و فێرکردندا کەمتەرخەم بووە و نەیتوانیوە گرێکوێرەی شوناسسازیی دەسکرد پێچەوانە بکاتەوە.

لە کۆتاییدا بە تێڕوانینێکی خەسارناسانە بۆ سیستەمی پەروەردە و فێرکردن لە مێژووی ئێراندا، تا بەئەمڕۆ  لەڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە سیستەمێکی فاشیستی بووە. سەپاندنی یەک کولتوور ـ یەک زمان بەسەر کۆی گوتاری خوێندن لە قوتابخانەکاندا و ڕێکخستنی پرۆگرامەکانی خوێندن بۆ ئاسمیلەکردنی زمان، کولتوور و شوناسی کەمایەتییەکانی ئێران، سەرەکیترین گوتاری زاڵ بەسەر کۆنتێکستی پەروەردەدا بووە. ئەم ڕوانگەیە جیا لەوەی کە لە پەروەردەی میدیایی و سیاسەتی نەرم‌ئەفزاریدا گوتاری زاڵ بووە، لە داڕشتنی کتێبی خوێندن، شێوازی پەروەردەی مامۆستا و دیداکتیکدا ڕەنگی داوەتەوە.


پێڕستی سەرچاوەکان:

Birkeland, I. J. (2014). Kulturelle hjørnesteiner : teoretiske og didaktiske perspektiver påklimaomstilling. Oslo: Cappelen Damm akademisk.

Cappelen Damm AS. (2010, 30. april). Psykologi. Piagets beskrivelse av den tankemessige utviklingen. Hentetfra http://psykologi. cappelendamm. no/c799778/artikkel/vis. html?tid=803348

Imsen, G. (2008). Elevens verden. Oslo: Universitetsforlaget.

Jordhus-Lier, D. & Stokke, K. (2017). Samfunnsgeografi : en innføring. Oslo: Cappelen Dammakademisk.

Martin, F. (2006). Konowledge and understandingof places. In Teaching geography in the primaryschool : learning to live in the world. Cambridge: Chris Kington Publishing.

Røed, I. (2004). Nærmiljøarbeid i et flerkulturelt område : studie av drabantbyen Fjell i Drammen. Bergen: I. Røed.

Smith, K. H & Grossniklaud, D. (2012, 13. juli). Piaget’s stages. Hentetfra http://epltt. coe. uga. edu/index. php?title=Piaget%27s_Stages

Sobel, D. (1998). Mapmaking with children : Sense-of-place education for the elementary years. Portsmouth, NH: Heinemann.

تابانی، حبیب الله (١٣٨٠). وحدت قومی کرد و ماد، منشآ، نژاد و تاریخ تمدن کردستان. نشر گستردە. تهران.

سازمان پژوهش و برنامە‌ریزی آموزشی (١٣٩٨)، مطالعات اجتماعی پنجم دبستان، چاپ پنجم. شرکت افست، تهران.

سازمان پژوهش و برنامە‌ریزی آموزشی (١٣٩٨)، ڕاهنمای معلم، مطالعات اجتماعی پنجم دبستان، چاپ اول. شرکت افست، تهران.

لینک پایگاه کتابهای درسی،

http://chap. sch. ir/

انوری، حسن(١٣٥٥)، کتاب فارسی پنجم دبستان.

متمم قانون اساسی مشروطە

رێکخراوی ئاڵیانس لە ویکی‌پێدیادا

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان