ئارامتر بخوێنەوە!

چوارچێوەی حیزبە کوردییەکان

بانان بێستوون

ئاماژە

پێوەندیی نێوان حیزبی سیاسی و گەشە و پەرەسەندنی سیاسی پێوەندییەکی تاکلایەنە و تاکڕەهەند نەبووە، بەڵکوو هەموو کات پێوەندییەکی دوولایەنە و دیالێکتیکیی نەبڕاوە بووە. لەلایەک گۆڕانە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، دروست بوونی قەوارەی حیزبی سیاسییان کردووە بە پێویستییەکی خێرا و لەلایەکی دیکەوە، دروست بوونی حیزبی سیاسی بووە بە هۆی خێراتر بوون و قووڵتر بوونی گۆڕانی هەمەلایەنە لە دێموکراسییەکاندا.

پێشەکی

سەرھەڵدانی حیزبی سیاسی لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوادا و لە ترۆپکی گرژی و پێکدادانی نێوان گرووپ و ھێزەکۆمەڵایەتییەکانی ھەناوی کۆمەڵگادا، یەکێک لە بەرچاوترین ھۆکارەکانی پێشخستنی پێڤاژۆی مۆدێڕنیزاسیۆنی سیاسی و لە کۆتاییشدا پەرەسەندنی سیاسیی ئەو کۆمەڵگایانە بووە.

حیزبی سیاسی کەرەستەیەک بوو کە لەلایەکەوە، توانستی مامەڵەکردن و بدەوبستێنی بە گرووپ و دابەش بوونە کۆمەڵایەتییەکان بەخشی و لەلایەکی دیکەوە، توخمی وتووێژ و لێک تێگەیشتنی چاند و بەھۆیەوە پێکدادان و گرژییە توندوتیژەکان گۆڕدران بۆ لێک تێگەیشتن و پێکەوەھەڵکردن. واتا ڕەوتێک کە لە درێژەیدا حیزبی سیاسی بوو بە نوێنەر و وتەبێژی، دابەش بوونە کۆمەڵایەتییەکان لەناو دیموکراسییەکاندا، بۆ ئەوەی بەدوای ویست و داخوازەکانی ئەواندا بچێت. یان بە وتەی ماکس وێبێر حیزبی سیاسی ڕێکخراوەیەکە کە “منداڵی دێموکراسیی ڕۆژئاوایە.”

ڕوونە کە حیزبی سیاسی لە ڕۆژئاوادا، لە دۆخێکدا دروست بوو و گەشەی کرد، کە لەلایەنی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە کۆمەڵێک گۆڕانی بنەڕەتی دروست بوو بوون. ھەمووی ئەم گۆڕانکارییانە، بوو بوون بە بەستێنێکی لەبار بۆ ئەوەی حیزبی سیاسی بتوانێت دەوری پێویستی خۆی بگێڕێت. بەواتایەکی تر، حیزیی سیاسی لە باشترین جۆری خۆیدا، بوو بە کاراترین کەرەستەی گواستنەوەی کۆمەڵگا لە شەڕی توندوتیژەوە بۆ کێبڕکێی تەندروست و بەدامەزراوەبوو (Institutionalised) و لە چوارچێوەی قانوونی دیاری کراوی گەمەدا.

پێوەندیی نێوان حیزبی سیاسی و گەشە و پەرەسەندنی سیاسی پێوەندییەکی تاکلایەنە و تاکڕەھەند نەبووە، بەڵکوو ھەموو کات پێوەندییەکی دوولایەنە و دیالێکتیکیی نەبڕاوە بووە. لەلایەک گۆڕانە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، دروست بوونی قەوارەی حیزبی سیاسییان کردووە بە پێویستییەکی خێرا و لەلایەکی دیکەوە، دروست بوونی حیزبی سیاسی بووە بەھۆی خێراتر بوون و قووڵتر بوونی گۆڕانی ھەمەلایەنە لە دێموکراسییەکاندا.

   بەکورتی، دەتوانین بڵێین، حیزبی سیاسی لە بەستێنی کۆمەڵگای ڕۆژئاوادا سەری ھەڵدا. ئەزموون و بەھاکانی سەردەمی ڕۆشنگەریی لەپشت بوو. وە لە قۆناغی تێپەڕیندا بوو بەرەو کۆمەڵگایەک کە دواتر بە گەشەی ئابووری، چوارچێوەی دەوڵەت – نەتەوە، چەمکی حاکمییەتی سیاسی، ئایدیای سێکۆلاریزم، پرۆژەی مۆدێڕنیزاسیۆن و ھتد.. ناسرایەوە. کۆمەڵگای چینایەتیی ڕۆژئاوا، لە وەھا دۆخێکدا حیزبی سیاسیی وەک کەرەستەی شەڕی چینایەتی خستە خزمەت ئامانجەکانیەوە و قۆناغ بە قۆناغ و لە سەردەمی جیاوازدا کردی بە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی سیاسیی خۆی.

کۆمەڵناسیی حیزبی کوردی

حیزبی کوردی و حیزبی سیاسی لە کوردستان، بە بێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی تایبەتی کورد و واقعی داگیرکراو بوونی خاکەکەی ناتوانرێت شرۆڤە و پێناسەی دروستی بۆ بکرێت. لەڕاستیدا، ئەم واقعە پرس و بابەتی حیزبی سیاسیی لەوەی کە ھەیە ئاڵۆزتر کردووە. لێرەوە، پێویستیی خوێندنەوەیەکی نوێ و کوردانە بۆ کۆی پرسی سیاسەت و لە پەراوێزیدا بۆ حیزبی سیاسیش دێتە ئاراوە. ھەر بەم پێیەش، لەم وتارەدا مەبەست لە حیزبی کوردی ئەو حیزبگەلەن، کە بەردەنگ و جەماوەریان بەشێک لە خەڵکی کوردە و زۆرینەی ڕەھای کوردیش لە پێگەی نوێنەرایەتیدا دەیانبینن. وە ھەروەھا بە دیاری کراوی حیزبی سیاسی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بابەتی ئەم وتارەیە.

بەپێی ئەوەی زۆربەی نزیک بە ڕەھای تیۆرییە کلاسیکەکان، بە خوێندنەوەی کۆمەڵگای ڕۆژئاوا و لە پەراوێزی چەمکی پارلەمانتاریزم و ھەڵبژاردنەوە، پەرژاونەتە سەر مژاری حیزبی سیاسی و پێناسە و شرۆڤەی ئەو دیاردە سیاسییەیان کردووە، بۆیە ڕەنگە تەنیا بتوانرێت بە شێوازێکی بەراوردکارانە کەڵک لەو تیۆرییانە وەربگیردرێت. چونکە پێش ھەموو شت کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوە و یەکەمین پێشمەرجەکانی خاوەندارێتیی پەرلەمان و بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردن، واتا حاکمییەتی سیاسی لە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەییی خۆیدای لێ سەندراوەتەوە. لەپاشان، کوردستان (ی ڕۆژھەڵات) پاشکۆی حاکمییەتێکی سیاسیی ئەوتۆیە کە پارلەمان و ھەڵبژاردن، تەنیا وەک سەرچاوەی دەستەبەرکردنی ڕەوایی دەبینێت و ئەوانی لە ناوەرۆک بەتاڵ کردووەتەوە.

حیزبی کوردی بەو جۆرەی کە مووریس دوڤێرژێ پێناسەی حیزبی سیاسی دەکات، بەرھەمی بەربڵاو بوونی مافی دەنگدان و گشتگیر بوونی ھەڵبژاردن نەبوو. حیزبی کوردی لە ناوەندەکانی قانووندانان، یان لە تێکەڵ بوونی کۆمیتەکانی ھەڵبژاردن و گرووپەکانی ناو پارلەمان دروست نەبوو. تەنانەت بەپێی پێناسەکەی ئانتۆنی گیدێنزیش، ناتوانین بڵێین، حیزبی کوردی ھیچ کات دەرفەتی ئەوەی بووە کە بۆ بەدەستەوەگرتنی ڕەوای دەسەڵات لەڕێگەی ھەڵبژاردنەوە ھەوڵ بدات. گیدێنز تا ئەو جێگایە دەچێتە پێش کە دەڵێت نابێت ناوی حیزب بدرێت بە ئـــــــــــــــــەو ڕێکخراوانە کە لەلایەن دەسەڵات و حکوومەتی (Government)سیاسییەوە بەڕەسمی نەناسراون. وە پێویستە ئەوان وەک تاقم و بزووتنەوە ناودێر بکرێن. ئەم پێناسە و لێکدانەوەیە، ئەگەرچی لە بیاڤی زانستی مرۆیی لە ڕۆژئاوادا، دەکرێت بە مشتومڕ و پێداچوونەوە ڕاست بکرێتەوە، بەڵام لە ڕۆژھەڵاتدا، ئەم خوێندنەوەیە خۆبەخۆ دەمانباتە سەر ھێندێک مشتومڕی سکۆلاستیکیی بێ کەڵک و دوور لە مژاری وتارەکە.

لە ڕەھەندێکی دیکەوە دەتوانین بڵێین، خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی حیزبی سیاسیش لەلای ئێمە، لەجۆری خەسارەکانی حیزب لە ڕۆژئاودا نییە. واتا خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە ھەر کۆمەڵگایەکدا، وە بۆ ھەر دیاردە یان ھەر واقعێکی کۆمەڵایەتی، لە دووتوێ و بەھۆی پێکھاتەی تایبەتی ئەو کۆمەڵگایەوە سەرھەڵدەدەن و تایبەتن. بۆیە لەم سۆنگەیەیشەوە، دیسان پێویستە بە ھەستیارییەوە مامەڵە  لەگەڵ تیۆرییە ڕۆژئاوایەکاندا بکرێت.

ئەگەرچی مووریس دووڤێرژێ ئاماژە بە جۆرێکی تر لە حیزبی سیاسیش دەکات کە بنەمای دەرەکییان ھەیە و بۆ خولی ھەڵبژاردن دانەمەزراون. بەڵام، زۆر بە کەمی لەسەریان دەدوێت و تەنیا ھێندێک ئاماژە بە پێکھاتەیان دەدات و بە داخراوتر و ناوەندگەراتر لە جۆرەکانی تری حیزبی سیاسی پێناسەیان دەکات.

کارل مارکس، لە یەکەمین بیرمەندەکانە کە دوورەدیمەنێکی گشتیتر و گشتگیرتر لە دیاردەی حیزبی سیاسی وێنا دەکات. ئەو وەھا دەستنیشان دەکات، کە گرووپە سیاسییەکان ڕواڵەتێکی دیکەی پێکدادان و ناکۆکییەکانی ھەناوی کۆمەڵگان. ئەمە یەکەمین ھەنگاوەکانە، بۆ باشتر ناسینی پرسی سیاسەت بە گشتی و دابەش بوون و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی.

لەپاش مارکس، کۆمەڵێک تیۆریی جۆراوجۆر دێنە ئاراوە کە پێ لەسەر بابەتی کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان دادەگرن. شرۆڤەی پرسی سیاسەت لەپەراوێزی چەمکی کەلێنە کۆمەڵایەتییەکانەوە، دەلاقەیەکی نوێیە بۆ خوێندنەوەی دروستتر و قووڵتری مژاری حیزبی سیاسیش.

گرینگترین تایبەتمەندیی کەلێنە کۆمەڵایەتییەکانی ھەر سەردەمێک، ئەوەیە کە مەرج نییە بەرھەمی پێویستییەکی پێکھاتەی فۆرماسیۆن یان وڵاتێکی تایبەت بن. بەپێچەوانەوە، ئەوان دەتوانن بەرھەمی ھەڵکەوت (مێژوویی و ھتد..) یان واقعێکی کۆنتر بن. واتا ئەو ڕاستییەی کە لە ڕۆژھەڵاتی ناویندا زۆر باو و زۆریش مانادارە.

لە مێژووی ھاوچەرخدا، زۆربەی کەلێنە کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین، بەھۆی حاکمییەتی سەرەڕۆیانە و حکوومەتگەلی سەرەڕۆ و ناوەندگەرا و ھەروەھا بەھۆی دەست تێوەردانی دەرەکی لە کاروباری خەڵکی ناوچەکە و پشتیوانیی زلھێزەکان لە حکوومەتە گەندەڵ و داپڵۆسێنەرەکان، نەک بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە، بگرە، قووڵتریش بوونەتەوە. ھەر دوو ھۆکاری حاکمییەتی سەرەڕۆ و دەستی دەرەکی، پێکەوە ڕەوتی چارەسەری ئاساییی پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیان، لەم ناوچەیەدا، تووشی ڕاوەستان و قرتان کردووە و ڕۆژ بە ڕۆژ گرفتی زۆرتر لەسەر کەلێنە کۆمەڵایەتییە بەجێماوەکان کەڵەکە بوون و ژیان لە ناوچەکە و لە کوردستانیان کردووە بە پرسێکی تەواو ئاڵۆز.

دەوڵەتگەلی بەناو نەتەوەیی (بە لاساییکردنەوە لە دەوڵەت – نەتەوە لە ڕۆژئاوا)، کە لە ھەناوی حوکمڕانییەکانی عوسمانی و سەفەوییەوە سەریان ھەڵدا و کوردستان بەزۆر بە ئەوانەوە لکێندرا، میراتگری کۆمەڵێک کەلێنی کۆمەڵایەتیی زۆر قووڵ و مێژوویی بوون. ئەمان لە ڕەوتێکی ئاسایی و لەبەر پێویستییەکی پێکھاتەیی و مێژوویی دروست نە بوون. بەڵکوو بەرھەمی پێگە و ھەڵکەوتێک بوون کە تەنیا لەو سەردەمەدا (بە لێدوانی ماکیاڤێلیستی) زۆرترین بەختیان ھەبوو.

وڵاتی ئێران کە بەشێک لە کوردستانی داگیر کردووە، یەکێک لە زەقترین و بەرچاوترین وێنەکانی ئەو جۆرە قەوارە سیاسییانەیە کە میراتگری کۆمەڵێک کەلێنی کۆمەڵایەتیی مێژوویییە. یەکێک لە قووڵترین کەلێنەکانیشی کەلێنی نەتەوەیییە. ئێران وێنەی ئەو جۆرە داگیرکەرانەیە کە حاشا لە بوونی کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان دەکات و ھەوڵی سڕینەوەیان دەدات. بەڵام لە بەرانبەردا، لەلای کورد، بە تاقیکاریی مێژوویی سەلمێندراوە کە وازی لە پرسی خۆی نەھێناوە و بەردەوام مانای بەخشیوە بە کەلێنی نێوان خۆی و داگیرکەر.

بۆیە لە دووتوێی مژاری کەلێنە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەتوانین باشتر شرۆڤەی چوارچێوەی حیزبی کوردی و بەھۆیشیەوە خەسارناسیی حیزبی کوردی بکەین.

چوارچێوەی حیزبی کوردی

لە دۆخی داگیرکراودا، حیزبی کوردی تا ڕادەیەکی زۆر، لەباری بەرژەوەندییەوە بە ھەڵسەنگاندن لەگەڵ حیزب لە ڕۆژئاوادا، ساکارتر دەبێتەوە و نوێنەرایەتیی بەرژەوەندیگەلێکی کەمتر ئاڵۆز دەکات. واتا بەرژەوەندیی سەرەکیی حیزبی کوردی، وەک بەرژەوەندیی ڕەسمی و ڕێکخراوەیی، دەستەبەرکردنی مافی نەتەوایەتییە و  لەگەڵ بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی گرووپە کۆمەڵایەتییەکاندا وەک حیزبی ڕۆژئاوایی تێک نەئاڵاوە. بە پێچەوانەوە لەباری بەرنامە و سیاسەتەوە ئاڵۆزتر و فرە ڕەھەندتر دەبێتەوە. واتا حیزبی کوردی، دەبێت کەموکووڕیی نە بوونی دەسەڵات و سەروەری و حاکمییەتی نەتەوەییش پڕ بکاتەوە. حیزبی کوردی، دەبێت ئاڵتێرناتیڤی پێڤاژۆی بەکۆمەڵایەتی بوونی تاکی کوردیش ئاراستەی کۆمەڵگاکەی خۆی بکات. ئەمە بەو مانایەیە، کە حیزبی کوردی زیاتر لە گرووپێکی تایبەت، بۆ ئەرک و داخوازێکی دیاریکراوی کاتی یان درێژخایەن، پێویستە ڕێبازیش بێت.

بۆ ئەوەی لە پەراوێزی مژاری کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان و لەسەرووی ھەموویانەوە کەلێنی نەتەوایەتییەوە، بڕۆینە ناو باسی حیزبی سیاسییەوە، دەبێت پێشتر ڕێژەی مانادار بوونی بگۆڕەکانمان (Variable) لێکبدەینەوە. واتا بزانین بۆچی کەلێنی کۆمەڵایەتی ھەیە و ئاماژە ڕوونەکانی کامانەن ؟ و بە چ مێکانیزمێک کار دەکەن ؟

بەپێی کۆمەڵێک ھۆکار و بەڵگەی ڕوون، دەتوانین بیسەلمێنین کە کەلێنی نەتەوەیی، لە چوارچێوەی وڵاتی ئێراندا گرینگترین و قووڵترین کەلێنی کۆمەڵایەتییە و لە ڕاستیدا، بووە بە پرسێکی سیاسیی زیندوو. کەلێنی نەتەوەیی لە کوردستان (ی ڕۆژھەڵات)دا، بەدرێژەی سەدەی پێشوو چالاکترین و بەردەوامترین کەلێن بووە. سەرھەڵدانی بزووتنەوە نەتەوەییەکان، سەرھەڵدانی حیزبی سیاسیی لە بەستێنی پرسی نەتەوەییدا، بزووتنەوە چەکدارانە جیاوازەکان، پشتیوانییی بەردەوامی کورد لە جووڵانەوە شوناسخوازانەکان و ھتد.. ھەموو ئاماژەی ڕوونی سیاسین بۆ قورسایی و قووڵ بوونی کەلێنی نەتەوەیی لە چوارچێوەی جوگرافیایەکی سەپێندراوی وەک ئێراندا. حاشاھەڵنەگرتر لە ھەمووی ئەمانە، ئەوەیە، کە پرسی نەتەوەیی ھەموو بیاڤەکانی ژیانی تاک و کۆمەڵی کوردەواریی تەنیوەتەوە و لە قاڵبی ھێماکاندا، دنیابینییەکی تایبەتی ئافراندووە، کە خۆی بە کوردانە دەناسێنێت و ئاوەزی کوردی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر گەمەی جوانیناسانە بە توخم و بیچمەکانی ئەو دنیابینییە دەکات. لە لایەکی تریشەوە، بە شرۆڤەی ناوەرۆکی وێژمانە سیاسییەکان، لە ژینگەی سیاسیی ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا، دەتوانین قورساییی پرسی کورد ھەڵبسەنگێنین. بۆیە، بە گشتی دەکرێت لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی تایبەتدا، باسی ڕەھەندەکانی بوونی کەلێنی نەتەوەیی لە ناو جوگرافیای ئێراندا و تایبەتمەندییەکانی، بە تێروتەسەلی باس بکرێن، کە ئامانجی ئەم نووسراوەیە نییە.

یەکەم ئاکامی مەنتقیی ھە بوونی کەلێنی نەتەوەیی لە ئێراندا و زیندوو بوونی پرسی کورد و ھەروەھا، بەبێ چارەسەر مانەوەی ئەو پرسە، ئەوەیە کە خاکی کوردستان داگیر کراوە و ئێران وڵاتێکی داگیرکەرە. یەکەمین حیزبی کوردیی ھاوچەرخیش، لە بەستێنی ئەم واقعەدا دروست بوو. واقعێک کە مێژوویەک لە بەرەنگاری، خەباتی سیاسی، بزووتنەوەی سیاسی و حیزبی سیاسیی بەرھەم ھێناوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە زۆرتر لە حەوت دەیە پێش ئێستادا، پێش ھەموو شت ئەوەی سەلماند کە پرسی کورد پرسێکی جددییە و خاوەنی قورساییی خۆیەتی. گرینگ نییە کە لە چ ھەلومەرجێکدا و بەھۆی کام ھەڵکەوتەوە کۆماری کوردستان دامەزرا. گرینگ قووڵایی و قورساییی پرسێکە کە لە ھەلومەرجی گونجاودا ھێزی ڕێکخستن و جووڵەی ھەیە و بەردەوام و قۆناغ بە قۆناغیش پێی لەسەر دادەگرێت.

کەلێنی نەتەوەیی و جۆری پێوەندیی کورد و ئێران، بەرھەمی بابەتێکی ھزریی ڕووت و پاساو و لێکدانەوەیەکی ڕۆشنبیری نییە. ئەم پێوەندییە، بەرھەمی کۆمەڵێک ڕووداوی مێژوویی و ھاوپێوەندیی کۆمەڵایەتییە کە لە قووڵاییی بەرژەوەندیگەلی ڕوون و بابەتیانەی مرۆڤی کوردەوە سەریان ھەڵداوە. بەرژەوەندیگەلێک، کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر سنووری نێوان ئێمە و ئەوان تۆختر دەکاتەوە. بۆیە  لەگەڵ ئەوەی ئاسایی و چاوەڕوانکراوە کە حیزی کوردی، لە بەستێنی ئەم کەلێنەدا دروست ببن، لەلایەکی تریشەوە، وەک شرۆڤەی سیاسی دەکرێت پێشبینی بکرێت، نەناسینی ئەم ڕاستییە لەلایەن حیزبی کوردییەوە، بوونی ئەو حیزبە تووشی ئاریشەی جددی دەکات.

وێڕای وێناکردنی قورساییی پرسی نەتەوەیی لە کوردستان (ی ڕۆژھەڵات)دا، بەڵام نابێ ھێز و کاریگەریی کەلێنە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی کۆمەڵی کوردەواری و لە سەروویانەوە کەلێنی چینایەتی، لەبیر بکرێن. لێرەوە کۆمەَێک کەلێنی مێژوویی، پێکھاتەیی و ھتد.. یەکتر دەبڕن و لەژێر کاریگەریی دۆخی داگیرکراو بوونی کوردستاندا، ماتریسێکی ھێندەی تر گرژ و ئاڵۆز لە ئاسۆی پرسی کوری وێنا دەکەن.  

لە دۆخی پڕ گرێکوێرەی کورد لە کوردستانی ئێراندا، حیزبی کوردی دەبێت بە ھەستیارییەوە مامەڵە  لەگەڵ ئەم دوو کەلێنە سەرەکییە کۆمەڵایەتییەدا بکات.

لەتەنیشت کەلێنی نەتەوەییدا، کەلێنی چینایەتی، لە کوردستانی بن دەستی ئێراندا، یەکێک لە گرینگترین و ھەرە چالاکترین کەلێنەکانە. وەھا کەلێنێک، لەلایەکەوە بەھۆی ڕۆژانە بوون و بەرھەست بوونی و لەلایەکی دیکەوە، بەھۆی پاشخانێکی ڕۆشنبیریی تایبەتەوە، بەستێنێکی لەبار بووە بۆ سەرھەڵدان و دروست بوونی حیزبی سیاسی. بەڵام، بەپێی مێژووی حیزبی سیاسی لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژھەڵاتدا، دەبیندرێت، کە لە زۆربەی کاتدا پاشخانە ھزری و ڕۆشنبیرییەکە، کە بژاردەی سیاسی تێیدا دەوری سەرەکیی گێڕاوە، بەسەر لێکدانەوە و ناسینی  ڕاست و دروستی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگادا زاڵ بووە. بۆیە حیزبە چینایەتییەکان، زۆربەی کات نەک نەیانتوانیوە پرسەکانی کۆمەڵگا چارەسەر بکەن، بگرە، ھێندەی تر ئاڵۆزیان کردووە.

بابەتێکی گرینگ لەم پێوەندییەدا، چەشنی مامەڵەکردنی حیزبی کوردی لەگەڵ کەلێنی چینایەتی لە کوردستاندایە. یەکێک لەو ئاستەم کەسایەتییە سیاسی و سیاسەتڤانانەی کە بەڕوونی لەسەر ئەم بابەتە دوواوە، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو بووە. ناوبراو لە ” کورتەباسێک لەسەر سۆسیالیزمدا ” دەڵێت کە، حیزبەکەی ئەو (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران)، بایەخ بە چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیی و پرسی چینایەتی لە کوردستان دەدات و بە تێروتەسەلی باس لە چییەتی و چەشنی مامەڵەکردن  لەگەڵ ئەو دوو پرسەدا دەکات. ڕوانگەیەکی وەھا، لە خوێندنەوەیەکی قووڵی کۆمەڵگا و پرسەکانیەوە سەرچاوە دەگرێت و بەرەو چارەسەری بەکردەوە و بنەڕەتیی ئەو پرسانە ھەنگاو دەنێت.

بەھۆی ڕابردووی حیزب و ڕەوتە چینایەتییەکانەوە پێویست دەکات چییەتیی کەلێنی چینایەتی لە کوردستان (ی بندەستی ئێران) و پێوەندیی  لەگەڵ پرسی نەتەوەیی ڕوون بکرێتەوە.

پرسی نەتەوەیی، لە کوردستان (ی ڕۆژھەڵات) دا پرسی ھەمەکی و گشتگیرە و پرسی چینایەتی بەدوایدا دێت. وەک ئەوەی پێشتریش ئاماژەی پێ کرا، دۆخی داگیرکراو بوونی کوردستان، ئەم ڕاستییەی سەپاندووە. بۆیە، ئەمە پاساوێکی ھزری و سەلێقەیی نییە. لێرەدا، بەکورتی ئاماژە بە ھێندێک لە ھۆکارەکانی ئەم بانگەشەیە دەکرێت.

– پرسی نەتەوەیی، بەپێی ئەزموونی مێژوویی، بەھێزترین دینامیزمی بزووتنەوەکانی کۆمەڵی کوردەواری بووە. واتا کۆمەڵگای کوردەواری لەبەر ھۆکاری کورد بوون زۆرتر و خێراتر دەبزوێن.

– زۆربەی وێژمانە سیاسییەکان، لە مێژووی ھاوچەرخی کورددا، بە چەشنێک خوێندنەوەی پرسی کورد و پێناسەی دنیای کوردانە و زەق کردنەوەی ڕەھەندێکی تایبەتی ژیانی کورد  بوون.

– کەلێنی چینایەتی لە کوردستان، کەلێنێکی پێکھاتەیییە، کە بەشێکی زۆری دەستکردی داگیرکەر و سیستەمە سیاسییەکەیەتی. بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەلێنە، یەکەم ھەنگاو پێویستە سیستەم بگۆڕدرێت. کەچی سیستەم لە حاکمییەت و باڵادەستیی لایەنێکەوە سەرچاوە دەگرێت، کە نەک مل بۆ گۆڕانکاری نادات، بەڵکوو زۆر لێبڕاوانە ھەوڵی تواندنەوە و سڕینەوەی شوناسی جیاوازی کوردانە دەدات. بۆیە، دیسان ھەنگاوی یەکەم دەگەڕێتەوە سەر چارەسەری پرسی نەتەوەیی. بە واتایەکی تر، حیزبێکی کوردی کە بانگەشەی چارەسەری پرسی چینایەتی لە ئێراندا بکات، بەرەوڕووی چەندین پێکدژ بوون و پارادۆکسی جددی دەبێتەوە. ئەوەی، لەپاش ئەوە کە وەک کوردێک، وە بەھۆی کورد بوونەوە لە سەرەتاییترین مافەکانی بێبەش کراوە، بە کام ھێز پرسی چینایەتی چارەسەر دەکات؟ بە کام ڕەوایییەوە وەک کورد نوێنەرایەتیی فارس و نەتەوەکانی دیکەی جوگرافیای ئێران دەکات، بۆئەوەی کەلێنی چینایەتییان بۆ چارەسەر بکات ؟ ئەویش لە ھەلومەرجێکدا کە نەتەوەی خەڵکی بە درێژەی سەدەی پێشوو سەلماندوویەتی کە لەپێناو بەردەوام بوونی دەستڕۆیشتنی خۆیدا تەنانەت چاو لە مافە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیشی دەپۆشێت. و ھتد…

– بەھۆی لێھاتووییی تاکەکەسی و جووڵەی کۆمەڵایەتییەوە، تا ڕادەیەک، جێگۆڕکێی ناوخۆیی لە پێگەی کۆمەڵایەتیی تاکەکاندا ڕوو دەدات و بەم ھۆیەوە، ئەگەرچی سروشتی کەلێنی چینایەتی بەگشتی ناگۆڕدرێت، بەڵام، لە زبری و ڕەق بوونی کەم دەکاتەوە. بۆیە بەستێنی کەلێنی چینایەتی بگۆڕتر و کاتیترە. بەڵام ئاستەنگەکانی بەردەم شوناسە بەکۆمەڵەکان (بەتایبەت شوناسی نەتەوەیی) و گرووپ و ھێزە نەتەوەییەکان لە لایەن حاکمییەتەوە، نەگۆڕتر و توندوتۆڵترن. واتا شوناسی نەتەوەیی بەپێی سرووشتی خۆی، بابەتێکی بەکۆمەڵە و لە ئاستی تاکەکەسیدا مانا ھەڵناگرێت. بۆیە مێکانیزمی ھێور بوونەوەی ئاستەمتر و ڕەقوتەقترە. دەنا مەگەر بەھۆی سڕانەوەوە بێت، کە ئەوە مژاری ئەم وتارە نییە.

بەکورتی، کۆمەڵێک کەلێنی جۆراوجۆر و فرەچەشن لە جوگرافیای ئێراندا بوونی ھەیە. لە ناویاندا، کەلێنی نەتەوەیی و چینایەتی قووڵترینی ئەوانن. لەسۆنگەی چەشنی مامەڵەکردنی حیزبی کوردی  لەگەڵ پرسی نەتەوەیی و پرسی چینایەتییەوە، جیاوازییەکی ھەستیار و ورد دەردەکەوێت، کە وێڕای ئەوەی کە پێناسە و پێکھاتەی حیزبێک دەگۆڕێت، لەسەر چارەنووسی کورد بە گشتیش کاریگەرە. واتا چەشنی خوێندنەوەی ئەم دوو پرسە لەلایەن حیزبێکی کوردییەوە، ئەو دەخاتە ڕیزبەندی بزووتنەوەیەکی سیاسی یان بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییەوە.

پرسی کورد، لە خۆیدا پرسێکی سیاسییە و بۆ چارەسەر پێویستی بە بزووتنەوەیەکی سیاسییە. ھەر جۆرە داشکاندنێکی بزووتنەوەی سیاسیی کورد و داخوازە سیاسییەکانی بۆ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایتی و مافە کۆمەڵایەتییەکان ھەڵەیەکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵناسانەیشە. واتا پرسی کورد لە جۆری بزووتنەوەیەکی سیاسیدا، ھەمەکییە و دەتوانێت چارەسەری کۆی پرسە کۆمەڵایەتییەکان لەخۆبگرێت. بەڵام پێچەوانەکەی ڕاست نییە و ھیچ یەکێک لە داخوازە کۆمەڵایەتییەکان، بە تەنیا ناتوانن پرسی نەتەوەییی کورد چارەسەر بکەن.

لە کۆتاییدا، دەکرێت ئاماژە بەوە بدرێت، کە وێژمانی نەتەوەیی خاڵی ھاوبەش و ھەروەھا خاڵی بەھێزی حیزبی کوردییە. وێژمانی نەتەوەیی پێشمەرجی ژیانی سیاسیی حیزبی کوردییە. لادان لە توخم و بیچمە سەرەکییەکانی وێژمانی نەتەوەیی، بەپێی ئەزموونی سیاسی لە کوردستان، ھێڵی سوور بووە و ھەیە. بەڵام، ئەوەی کە حیزبی کوردی دەگەیەنێتە لووتکە، چەشنی لێک گرێ دانی ئەو وێژمانە نەتەوەیییە وپرسی کوردە  لەگەڵ پرسە کۆمەڵایەتییەکان. ھەر لەم سۆنگەیەوە، بابەتی یەکگرتوییی سیاسی لە نێوان حیزبە کوردییەکاندا (وەک نوێنەری ڕاستەقینەی بەرژەوەندییە جیاوازەکان) دەبێتە سەرەتایترین پێشمەرجەکانی ھەر جۆرە سیاسەتێکی ڕاست و واقعبینانە. یەکگرتوویییەک، کە وێڕای ڕێزگرتن لە جیاوازییە ھەبوو و ئاساییەکانی کۆمەڵی کوردەواری، خاڵی ھاوبەشی کورد بوون زەق دەکاتەوە. بۆیە، ھەرجۆرە پەرتەوازە بوونێکی ئیدێئۆلۆژیک و یان دابەش بوونێکی ناواقعی و کۆڕبەندییانە (مەحفەلی)، دەچێتە ڕیزی خەسارەکانی حیزبی کوردییەوە. حیزبی کوردی دوو جۆر خەساری باوی ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئەزموون کرووە. خەساری بەرنامە و سیاسەت، بە لادان لە وێژمانی نەتەوەیی و ھەروەھا خەساری پێکھاتەیی، بە دابەش بوون و دابڕانی سەلێقەیی.

ھەوڵدان بۆ قەرەبووکردنەوەی خەسارەکانی حیزبی کوردی، دەبێتە ھۆی بەھێز بوونی بزووتنەوەی سیاسیی کورد و سەرکەوتن و دەسکەوت بۆ حیزبی کوردیش.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان