ئارامتر بخوێنەوە!

ڕاسان و ڕێ

«مەنتاڵیتێتی حەوتەوانە »

ئەفراسیاب گرامی

ئاماژە

مەنتاڵیتێتیی حەوتەوانە، جیا لەوەی کە لە ڕووی زمانییەوە و بۆ زیاتر ئاسانکاریی دەربڕینهێنراوە، وتارێکی تایبەتە کە بۆ سەرکەوتنی بزووتنەوەی نوێی ڕاسان بە پێویستی دەزانم. ڕێتۆریکی سیاسیی حیزبی دێموکرات دەوڵەمەند و هەڵگری دەیان تیۆریی سیاسییە.ئەوەی لە مەنتاڵیتێتی حیزبی دێموکراتدا جێگای گرتووە، زەرفییەتی دێموکراسییە کە دەتوانێ بونیادنەری کولتووری دێموکراتیک بێ.

کورتەی باس

بیر، هزر و تێڕامانی مرۆڤ لە زماندا ڕوو ئەدات و زمان مەنتاڵیتێتی دەسەڵات و ئایدۆلۆژی پێک دەهێنێ.(R. Wodak 1989. )کەواتە یەکێک لە نیشانەکانی دەرکەوتنی هەموو بزووتنەوەیەک، بە سیمبۆل‌کردنی زمان و دەربڕینی سیاسییە کە دەتوانێ چەمک و دەستەواژەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی نوێ بکاتە سیمبۆلی ڕامان و لێ‌وردبوونەوە. لەم وتارەدا بە کەڵک وەرگرتن لە سیمبۆلی زمانی، خوێندنەوەیەک بۆ بزاڤی “ڕاسان” وەک خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات دەکەین و زەینی خوێنەر بۆ بە مانیفێست‌کردنی ڕاسان ئامادە دەکەین. پاشان ئاوڕێک لە ڕێتۆریکی سیاسیی حیزبی دێموکرات لە نێوان دوو ڕوانگەی ڕابردووبینی (retrospective)  و ئایندەبینی(prospective) ئەدەینەوە. ڕابردووبینانە بەو واتایە کە ڕووداوەکانی مێژوو بە شێوەیەکی دراماتیک کاریگەریی لەسەر دۆخی ئێستا و داهاتوو هەیە و بە شێوەیەک کە هەموو بزاوتێکی کۆمەڵایەتی ڕیشەی لە مێژوودا هەیە و بە شێوەیەکی هێڵی کرۆنۆلۆگی ڕووداوەکان لە ئێستادا دەخوێنێتەوە. ڕوانگەی ئایندەبینانە هێڵێکی جاڵجاڵووکەییی هەیە و بەو واتایەیە کە مێژوو و ئێستا چ چاوەڕوانییەکی لە بزاوتە کۆمەڵایەتییەکان هەیە، چۆن لە واقعییەتی ئەمڕۆ و داهاتوو دەڕوانێ و پێی وایە داهاتوو چەقی بیرکردنەوە و تێڕامانە[1]. بۆ ئەو مەبەستەش حەوت کۆڵەکەی سەرەکیی هەر بزووتنەوەیەکم دیاری کردووە کە بە مەنتاڵیتێتی حەوتەوانە ناودێرم کردووە. مەنتاڵیتێتی حەوتەوانە  بریتییە لە: “ڕامان (رێتۆرێکی سیاسی)، ڕابردوو(شوناس و مێژوو)، ڕابوون (خودئاگایی وەک ئاخێزگەی بیری نەتەوەیی)، ڕاپەڕاندن (رێکخستن و سازماندەهی)، ڕایەڵە (تۆڕی پێوەندیی و ڕاگەیاندن)، ڕابەر (مودیرییەت و بەڕێوەبەریی) و دواجار ڕاسان (بزووتنەوەی شاخ و شار) کە بزووتنەوەی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێناسە ئەکات. هاوکات لەگەڵ ئەم حەوت چەمکە ناسراوە بۆ بزووتنەوەی “ڕاسان”، ئاماژەیەکی کورت بە چەمکی “دێموکراسیی قووڵ[2]ئەدەینەوە کە د.قاسملوو لە دوایین ساتەکانی‌ تەمەنیدا ئاماژەی پێ‌کردووە. “دێموکراسیی قووڵ”، دێموکراسییەکی هەمە لایەنەیە کە بە تیۆری “شاخی سەهۆڵین”یش ناودێر کراوە. وەک چۆن شاخێکی سەهۆڵین تەنیا لوتکەکەی لە ناو ئاودا دیارە و شاخێکی گەورەی سەهۆڵیش لە ژێر ئاوەکەدایە، سیستەمی “دێموکراسیی قووڵ”، سیستمێکی بەڕێوەبەریی هەیە کە ئێمە ترۆپکی بەڕێوەبەرییەکە دەبینین، بەڵام کۆنترۆڵ، گەشەکردن و پەروەردەی سیستەمەکە لە قووڵاییی خەڵک و ژینگەی کۆمەڵایەتییدایە. پرێنسیپەکانی دێموکراسیی قووڵ، لەسەر بنەمای “دڵنیاییی خەڵک بە دەسەڵات و دەسەڵات بە خەڵکە، هەروەها بەرپرسیارێتیی دەوڵەت لەبەرامبەر مافی خەڵک و خەڵک لەبەرامبەر ئەرکدا” دامەزراوە. لەم ڕوانگەیەوەیە کە مەنتاڵیتێتی حەوتەوانەی”ڕاسان”، پشتی بە سەرمایە سیاسی و ئینسانییەکانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتەوە بەستووە و پێی وایە کە بزووتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە جەماوەری خەڵک بە کۆی پێکهاتەکانیەوە ڕایدەپەڕێنێ.

ڕامان یان ڕێتۆریکی سیاسی

ڕامان، بیرکردنەوە لە چالاکییە بنەڕەتییەکانی مێشکی مرۆڤە کە لەوەتەی مرۆڤ بیر و فامی کردۆتەوە و گەیشتۆتە ئاستی ناسین و تێگەیشتن، بەردەوام بووە و گەشەی کردووە کە لە مێژوودا بە شۆڕشی کۆگنەتیڤ [3]یان ناسین ناسراوە. لێرەدا مەبەست لە ڕامان، ڕامانی سیاسییە کە  بیاڤی سیاسەت ئەگرێتەوە و چالاکانی سیاسیی کورد دەخاتە بەردەم پرسیارێکی ڕێتۆریکەوە کە ڕامیاری هەڵگری چ پێناسەیەکە لە پانتاییی سیاسەتی کوردیدا؟

رێتۆریک یان هونەری گوتاربێژی یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی زانست، سیاسەت و کۆمەڵایەتی‌بووونی مرۆڤە کە لە سەردەمی یونانی کەوناراوە گۆڕانکاریی گەورەی لە بیاڤی سیاسەت و کۆمەڵگادا پێکهێناوە. لەم ڕوانگەیەوە، سیاسەت چ وەک بیاڤێکی گەورەی زانستی و چ وەک بیاڤی چالاکیی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ، یەکێک لە چەمکە ئاڵۆزەکانی ژیانی مرۆڤە کە بەشێکی گەورە لە زانستە مرۆڤایەتییەکانی گرتۆتەوە و شوێندانەریی لەسەر کۆی ئاڵوگۆڕەکانی ژیان هەیە. ئاڵیانسە کۆمەڵایەتییەکان و ململانێ سیاسییەکان پێوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە دەسەڵاتەوە هەیە. لێرەدایە کە چەمکی دەسەڵات هەم فیزیکییە و هەم مەنتاڵ (زەینی).

لە ئێسنکلۆپێدیای ئانلاینی نەرویژی‌داسیاسەت بە واتای چالاییەک هاتووە کە مودیرییەت و ڕێبەریی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگا دەکات. مەبەست لەم پێناسەیە ئەوەیە کۆی ئەو چالاکییانەی کە کۆمەڵگایەک بەرەو پێش دەبات یان ئاراستە دەکا، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پێوەندیی بە ڕامان و بیری سیاسییەوە هەیە. بۆ نموونە، ڕەنگە ژنان یەکێ لەو توێژانە بن کە سیاسەت لای ئەوان نامۆ بێ، بەڵام خودی کەرەستە، ئادابی جوانکاری و ساڵۆن و کلینکەکانی جوانکاریش پشتی بە سیاستەوە هەیە کە دەوڵەتێک بۆ دابین کردنی ئەو کەرەستانە، سیاسەتگوزاریی خۆی هەیە. کەواتە لە نان خواردنی ئاسایی هەتا ڕامان و بیری سیاسی، پێوەندیی بە دنیای سیاسەت و گۆڕانکارییەکانییەوە هەیە. ئەم گۆڕانکارییانە لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی دیکە بەردەوام لە گۆڕاندان و بێگومان کۆمەڵگەی جیهانیش بازنەیەکی گەورەی شوێندانەریی هەیە، بەتایبەت کە گلۆبالیزم ئاوێتەبوون و تێکچڕژانێکی گەورەی هێناوەتە ئاراوە(Dag n.d.).

رێتۆریکی سیاسی، نوێنەرایەتیی ئایدۆلۆژی دەکات. ئایدۆلۆژی بە مانا گشتییەکەی سیستەمی تێگەیشتنە کە مرۆڤ لە جیهانی دەوروبەری خۆی دەڕوانێ و ئەیهەوێ خەونەکانی لە دنیای ڕاستەقینەدا و لەو چوارچێوەیەدا بهێنێتە دی. لە ئەدەبیاتی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و  بە کەڵک وەرگرتن لە ڕوانگەی مارکس بۆ چەمکی ئایدۆلۆژی، واتای ئایدۆلۆژی زیاتر وەک چەمکی ڕێکخەری سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی لێکدراوەتەوە کە زۆرجار نێگەتیڤ و ڕووخێنەر بووە یان بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕادیکاڵ و بەرتەسک کردنەوەی جیهانبینیی مرۆڤ لە قەڵەم دراوە. بەڵام بە تێگەیشتنێکی دیکە، ئایدۆلۆژی بریتییە لە سیستەمێک کە ئایدیا و ڕوانگە هاوبەشەکان پێکەوە ڕێک دەخات کە بتوانن مۆتیڤەیشن (ئەنگیزە)ی کۆمەڵایەتییان پێکەوە بەهێز بکەن و گەشەی پێ بدەن(Øyvind 5.utgave.2014).

لە ناو ئەم پێوەندییە ئاڵۆزانەی سیاسەتەوە کە ڕاستەوخۆ پێوەندیی بە دەسەڵات و حاکمییەتەوە هەیە، خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات لە ژێر ناوی “راسان”، چالاکییەکی نوێی سیاسییە کە هەڵگری مانیفێستێکی سیاسییە و بۆ چارەسەرکردن و بە ئەنجام گەیاندنی پرسی نەتەوەییی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتۆتە ئاراوە. هەر جووڵە و بزاوتێکی سیاسی، خاوەنی شوناس و گوتاری سیاسیی خۆیەتی و دەکرێ کۆمەڵگایەک بجووڵێنێ، گەشە پێ بدات یان بەرەو داڕمانی ببات.

ڕامان و ڕێتۆریکی سیاسیی حیزبی دێموکرات، بە وردبوونەوە لە ئەزموونەکانی دێموکراسی لە جیهاندا، لە سەر سێ بنەمای پرسی نەتەوەیی، دێموکراسی و سۆسیالیزمی دێموکراتیک دامەزراوە کە ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ بناخە و جەوهەری ڕێتۆریکی سیاسیی حیزب پێک دەهێنێت. لەم پێوەندییەدا سێ چەمکی دەوڵەت، نەتەوە و دێموکراسی هاوپێوەندییەکی قووڵیان پێکەوە هەیە و ناوەندی پرەنسیپە سیاسییەکانن.(Aarebrot 2014)هەڵخزان بەرەو دیکتاتۆری ڕەگ و ڕیشەی دێموکراسی هەڵدەتەکێنێ و هەر سێ چەمکەکە ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە دەکەنەوە.

شار و ئوربانیزەیشن[4]

 

شار ناوچەیەکی جوگرافیاییی بەرینتر لە گوندە کە لە ڕووی تەونی کۆمەڵایەتییەوە ناوەندی پێکەوەژیان، بازاڕ، تەکنیک، کولتوور و زۆرجاریش ناوەندی ئیدارە، ڕاگواستن و پێوەندییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانە. لە جیهانی مۆدێڕندا شار ڕۆڵی گەورەتری لە شارستانییەتی مرۆڤایەتیدا هەبووە و ناوەندی گۆڕانکارییە گەورەکان بووە(Peter 20. februar 2018).

لە ناو هێماکانی هێرۆگلیفیی میسری کۆندا شار هێمایەکی بازنەیییە و هێڵێکی وەک خاچ لەگەڵدا هاتووە. هێڵەکان هێمایە بۆ هاتوچۆی زۆری خەڵک، بیر و باوەڕی جیاواز کە ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، هەروەها ڕێگا و بان کە پێداویستییەکانی ژیانی تێدا پەیدا دەبێ. بازنە نیشانەی سنووری شارە کە دەکرا دیواری قەڵا، یان ڕووبار یان خەندەقێ بوایەت بۆ پاراستن و جیاکردنەوەی شار لە دەورووبەری خۆی. ئیستاکەش لە زۆربەی ئاسەوارە مێژوویییەکان نیشانەی قەڵا، حەسار، دیواری گەورە و خەندەقی قووڵ ماوەتەوە.(Peter 20. februar 2018).

سەدەی نۆزدەهەم و بیستەم، سەدەی گۆڕانکارییە گەورەکان لە ئاستی گەشە و پەرەسەندنی شارەکان بوو. شۆڕشی پیشەسازی، توانی هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی وەک شەڕ و داگیرکاری کەرەستەی خاو، تەندروستی و بارودۆخی ژیانی خەڵک بگۆڕێ و ڕێژەی مردن کەم بکاتەوە کە بووە هۆی شۆڕشی حەشیمەتی و زۆربوونی لە ڕادەبەدەری شار و گوندەکان و تێکچڕژانی حەشیمەتی کە لە زانستی کۆمەڵناسیدا بە ئۆربانیزەیش ناوزەدکراوە. ئۆربانیزەیش شارەکانی لە یەک ملوێن بۆ بیست تا سی ملوێن تێپەڕاند کە ئەمڕۆ بە مێگا شار[5]ەکان بەناوبانگن. شار ئێستا بۆ خۆی نەتەوەیەکە و جمووجووڵەکانی شار، پێناسە گەورەکانی کۆمەڵناسیی ڕووبەڕووی پرسیاری گەورەی داهاتووبینانە کردۆتەوە(Aarebrot 2014).

لە کوردستانی سەرەتاکانی سەدەی بیستەم حەشیمەتی شارنشینی کورد ڕووی لە زیادبوون کرد  کە دەتوانین بڵێین بە سێ هۆکاری گشتیی وەک شەڕ و نائەمنی، دابین‌کردنی بژێوی ژیان و نەبوونی ئینفراستراکچێر لە گوندەکان، خەڵکی بە زۆری ڕوویان لە شارەکان کرد. مەبەست لە ئینفراستراکچێر[6] یان ژێرخانی شار کە بریتیە لە دابین بوونی: تەندروستی، نشتەجێ بوون، ڕێگاوبان، ئاو و ئاوەڕۆ و … هەتا دوایی. بەرزبوونەوەی ئاستی چاوەڕوانییەکان لە شاردا و کولتووری شارنشینی، هەوایەکی تازە و خوێنێکی تازەی هێنایە کۆمەڵگای کوردییەوە. ناوەندەکانی خوێندن، تەندروستی، فەرهەنگی و ئابووری لە شارەکاندا گەشەیان کرد. لە هەمان کاتدا ئەم گەشەکردنە لە هەموو ئاستەکاندا بوو بە ژێر تەوەژمی بیری فاشیستییەوە. گەشەی سیاسیی شار لە ژێر هێژموونی دەسەڵاتدارانی زاڵ بەسەر کوردستاندا چ لە ڕێگای سیاسەتی نەرمەفزاریی پرۆگرامەکانی خوێندن و ڕاگەیاندنەوە،  چ لە ڕێگای سیاسەتی سەختەفزاری و کاول کردنی ژینگەی ئینسانی و سروشتی کوردستانەوە، پرۆژەی گەورەی ئاسمیلەکردن و توانەوەی کوردیان ڕەچاو کرد و گەورەترین هۆکاری بەتاڵان بردنی  سەرمایەی سیاسی و ئینسانیی کورد بوون.

شاخ

مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، لەبەر ئەوەیە کە هەموو زیندەوەرێک پێکەوە بە بچووک و گەورەوە، دوور و نزیک و تایبەتمەندییەکانی ژیانی لەسەر زەوی دەژی. بە گەشتێک بە ناو دنیای ئەنترنێتدا دەزانین کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە سەدان و هەزاران جیاوازی و فرەچەشنی تێدایە. بەڵام فرۆید گوتەنی: “هیچ کات لەبیر مەکەن کە ئێمە حەیوانێکین”. لە ڕوانگەی بیۆلۆژییەوە، ئێمە سلوول، ئەندام و ئۆرگانیزمێکی زیندووین وەک هەموو گیانلەبەرانی دیکەی سروشت. هەڵکەوتە و پێگەیشتووی سروشتی دیاریکراوین و سروشت بەشێکە لە ژیانی کۆمەڵایەتیی ئێمە کە ناومان ناوە: “دایک، ماڵەوە، نیشتمان”. (Fuggeli 2010) سێسەد ساڵ پێش، مۆنتسکیۆ پێی وابوو کە مرۆڤ و کۆمەڵگا دروست کراوی سروشت و کەشوهەوایە(Aarebrot 2014).کاتێ لە گەورە نووسەری کلۆمبیایی، گابریل گارسیا مارکیز دەپرسن “حەزت لە چ ڕەنگێکە؟”، ناڵێ شین، سوور یان ڕەنگێکی‌تر. ئەڵێ: ڕەنگی زەریای کارائیب پاش کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ کە خۆر مەیلی درەوشانەوەی هەیە”. گەرمیی سەحرا و بیابان، شاخ و دۆڵ و دەشت، کەناری بەحر و دوڕگە، ژیانی سەر سەهۆڵ و کوێستانەکان هەر هەموو مرۆڤ و کولتووری مرۆڤی پێکەوە ڕێکخستووە و بەشێکن لە مەنتاڵیتێتی ئێمەی مرۆڤ. مرۆڤ لە ڕێگای مێکانیسمەکانی مێشکەوە، وێنەکان لە داڵیتەکانی مێشکیدا تەتەڵە و ڕاڤەی دەکات، سێمبۆل و وێنای نوێی پێ دەبەخشی بۆ ئەوەی هەستەکانی داڵدە بدات. لەبەر ئەوەیە هەست لای مرۆڤ لە هەستە بنەڕەتییەکانی وەک: تووڕەیی، خۆشحاڵی، ترس و وەحشەت، شەوق، دڵتەنگی، شەرم و بێزاری” زۆرجار دەکوڵێ و زۆرجاریش دادەمرکێتەوە. کەواتە هەموو تابع (Function)کانی هەست لای مێشکە و مێشکیش پەروەردەی سروشتی دەوروبەریەتی.هارمۆنیای مەنتاڵیتێتی مرۆڤ و سروشت ئەو جوانیناسیەمان پێ دەبەخشێ و دابڕان لەو هارمۆنیایەش، هەڵبڕاوی لە شووناسە کە ڕیشەی لە پێگەیشتنی کۆمەڵایەتیی مرۆڤدایە(Finn 1999).

سروشت بۆ مرۆڤ تەنیاژینگەی کۆمەڵایەتی نیە، بەڵکوو بەشێکە لە ژیۆپۆلیتیک. چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستاشدا تیۆرییەکانی ژیۆپۆلیتیک گرینگیی زۆریان بە جوگرافیا و سروشت داوە و بونیادەکانی سیاسەت و دەسەڵاتیان ڕاڤە کردووە. لە سەردەمی ڕۆمانتیکی ئورووپادا سروشت هەوێنی خەونە گەورەکانی بە نەتەوەبوون بوو و گەڕانەوە بۆ سروشت بە لەدایکبوونێکی‌تر وێنا دەکرا. چ لە ئەدەبیات و چ لە هونەردا، ڕۆمانتیک ڕووی لە سروشت و گەڕانەوە بۆ سروشت بوو[7].

لە باری ژیۆپۆلیتیکیشەوە، کوردستان مەڵبەندێکی سەخت، شاخاوی و سەرکەشە. خەڵکی کوردستان لە ئاوەدان کردنەوە و پێکهێنانی ژیاری شاخ و دۆڵەکاندا ڕۆڵی گەورەیان هەبوو و تەونی کۆمەڵایەتییان چنیوە. بەری بووم و زەوییان هەڵگرتووە و تفاقی ساڵانەی خۆیان ڕێکخستووە و بە گشتی دەتوانین بڵێین سیستمی گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی تایبەتی و جیاواز وەهای کردووە کە خاوەنی کولتوورێکی تایبەت بن لە نیشتمانی خۆیاندا. هەروەها دەیان گەڕیدە و نووسەری بەناوبانگی ئەورووپایی و ڕووسی، کولتوور و ژیانی کۆمەڵایەتیی کوردیان لە ڕووی سروشتی کوردستانەوە خوێندۆتەوە. لەم ڕوویەوەیە زاگرۆس تەنیا زەنجیرە شاخ نیە، بەڵکوو بزواتێکی کولتووری، ئابووری و کۆمەڵایەتییە کە دانیشتوانی مەڵبەندی زاگرۆس و شاخەکانی کوردستان تێیدا پەرەیان ئەستاندووە.

خوێندنەوەی بزووتنەوەی نوێی “راسان” ، چ لە باری کردارییەوە و چ لە باری ئەندێشەی سیاسییەوە، هەڵگری پاشخانێکی قووڵی مێژوویییە کە ئەیهەوێ کۆمەڵگا لە “شار و شاخ” پێکەوە هاوکات بجووڵێنێ. لێرەدا شاخ بەو مانایە کە “کولتووری سیاسیی شاخ” بۆ کورد هێمای پشت و پەنا و ژیۆپۆلتیکی سەخت هاتووە و پێوەندیی کورد لەگەڵ شاخ پێوەندییەکی مێژوویییە. بۆ نموونە “تەنیا چیاکان دۆستمانن” و “قەندیل تەنیا شاخ نیە، بەڵکوو شوناسە” دوو سیمبۆلی گەورەی زمانیی ناو بزووتنەوەی کوردی لە هەموو بەشەکاندا بووە. بەڵام “شار” دەستەواژەیەکی نوێیە لە ناو بزووتنەوەی سیاسیی کورددا. شار ناوەندی پێوەندییە سیاسییەکانە کە لە ڕوانگەی ماکرۆپۆلیتیکەوە، ناوەندی بڕیار و گۆڕانکارییە گەورەکانە و پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە دەسەڵات و دەوڵەتدارییەوە هەیە. لەم ڕوویەوە کە شار بۆتە قووڵاییی ئیستراتێژیی حیزبی دێموکرات و دەرخستنی تواناکانی چ لە بواری هەڵبڕینی دەنگی ناڕەزایەتی، خۆپیشاندانی جەماوەری و چ لە ڕووی پەل هاویشتن و ڕیشە داکوتان لەناو بزووتنەوە ورد و ئاسۆیییەکانی شار کە ڕێکخراوە مەدەنییەکانن. لەبەرامبەردا شاخ پەراوێزە و جیا لە مەڵبەندی پارتیزانی و تێکدانی دۆخی گشتی، زیاتر ئینقلابی و شۆڕشگێڕییە. بۆیە ڕاسان ڕاستەوخۆ ئەیهەوێ کۆمەڵگا لە هەموو ئاستەکاندا بجووڵێنێ و ببێتە بەشێک لە جوڵەی ماکرۆپۆلیتیک.

ڕابردوو، شوناس و مێژوو

کنووت هامسون، گەورە نووسەری نەرویژی دەڵێ: “ناکرێ مرۆڤ خەڵکی هەموو شوێنێ بێ، هەر مرۆڤێ دەبێ لە ماڵێکەوە هاتبێ”.(Fuggeli 2010)مێژوو بە ڕەگ و ڕیشەی مرۆڤدا دەگەڕێ و شووناسی تایبەت بە خۆی دروست دەکات. مێژوو تەنیا حەکایەتی ڕابردووەکان و خوێندنەوەیان نیە، بەڵکوو مرۆڤ بەشێکی لە ڕابردوودا دەژی. لە ڕوانگەی کۆگنەتیڤەوە، مێژوو شووناسە و هیچ پێشکەوتنێک بە بێ ڕابردوو و پێشبوارەکانی، نەیتوانیوە گەشە بکات. شوناس هەم تاکەکەسی‌ یان ئیدیڤێدوالە و هەمیش گشتی یان کۆلەکتیڤە کە شوناس لە ناو جەغزی پێکەوەژیان و پێکەوەگەشەکردنی مرۆڤەکان لە ڕەوتی بزاوتێکی مێژوویی‌دا دروست دەبێ.شوناس واتە تێگەیشتنی تاک یان کۆمەڵ لە خۆی و جیاکردنەوە و تێگەیشتن لەوی دیکە.

هاوکات،  شوناسی سیاسی بریتیە لە ڕێکخستنی هەست، ئەرزش و بەها، حەز و ڕامانی هاوبەشی گرووپێک کە دەتوانێ لە چوارچێوەی نەتەوە، کۆمەڵ یان گرووپێکدا خۆی پێناسە بکات. بۆ نموونە، شوناسی نەتەوەیی هەڵگری تایبەتمەندی و پرسی نەتەوەیییە، یان شوناسی بزووتنەوەی کرێکاری مشووری مافەکانی کرێکار دەخوا و هەروەها کۆمەڵێک شوناسی جیاواز کە پێوەندیی بە شوناسی ئێتنیکی، دینی و ڕەگەزی و هەتا دوایییەوە هەیە. لەبەر ئەوەیە کە چەمکی شوناس لە چەقی خوێندەوەکانی زانستی کۆمەڵناسانەدایە و بەردەوام بەڕۆژ دەبێتەوە.(Anderson 1983).

پێر فووگلی، پرۆفیسۆر و دەروونناسی بەناوبانگی نەرویژی،  لە کتێبە بەناوبانگەکەی خۆیدا، “Nokpunktet (خاڵی نێونجی)”دا نەشونمای کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە حەوت بەستێندا کە بە “7flokkene” ناودێری کردووە. سێهەمین فلۆکی بە ژینگەی کۆمەڵایەتی ناودێر کردووە کە مرۆڤ لە ژینگەی کۆمەڵی خۆیدا و بە شوناسی تایبەت بە خۆیەوە گەشە دەکات. پێی وایە شووناس DNA کۆدی ئۆرگانیزمێکی گەورەی وەک کۆمەڵگەیە کە دەکرێ و دەبێ لە تاک بە تاکی سلوولەکانی کۆمەڵدا بگەڕێ و ڕیشەی لە ناو کولتوور و زمانی کۆمەڵدا هەیە، ئەگەر وا نەبێ تووشی شێرپەنجە ئەبێ.(Fuggeli 2010). لە سۆنگەی ئەم ڕوانگەیەوە، هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کە توانیویانە وەرچەرخانێکی بنەڕەتی لە کۆمەڵگادا بهێننە دی، خاوەنی ڕیشەی کۆمەڵایەتیی قووڵ بوون کە بە پێی ڕەوتی بزاوتە کۆمەڵایەتییەکانی مێژوو گەشەی ئەستاندووە. هاوکاتیش هیچ بزووتنەوەیەکی بێ ڕیشە لە کۆمەڵگادا سەرکەوتوو نابێ و بە جۆرێک لە جۆرەکان بەو کۆمەڵگایەوە پێوەند ناکرێ. ئەزموونی گەورەی مێژوو، بیری مارکسیزم بوو کە نەک نەیتوانی لە ڕووسیەدا گەشە بکات ، بەڵکوو بووە مایەی دواکەوتوویی و دیکتاتۆرییەکی بێ وێنە لە مێژوودا کە مارگرێت تاچەر لە وتارێکی بەناوبانگی خۆیدا وتی: “کۆمۆنیزم لە ڕووی ئەخلاقی، سیاسی و ئایدۆلۆژییەوە مایەپووچ بووە”.

فەلسەفەی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی کورد لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، خاوەنی شوناسی خۆیەتی و خوێنێکی زیندووە کە بەردەوام بە ئۆرگانیزمی گەورەتر وەک نەتەوەدا دەگەڕێ. بەو واتایە کە لە پێش مێژوو تا دەگات بە ئەمڕۆ کورد خاوەنی ناسنامەی نەتەوەیی، زمان، کولتوور، خاک، نیشتمان و ئابووریی هاوبەش بووە. هاوکات سەرهەڵدانی بزووتنەوەی مۆدێڕنی سیاسی ـ نەتەوەییی کورد لە دووسەدساڵی ڕابردوودا، جیا لەوەی کە وەرچەرخانێکی مێژوویی بووە لە پێناو دامەزرانی دەوڵەتی کوردیدا، ژیانەوە و نەشوونمای شووناسی مێژووییی کورد بوە. لەبەر ئەوەی جەوهەری نەتەوەیی‌بوون تەنیا ناسین و خۆناسین نیە، بەڵکوو پێگەیشتن، پێکەوەژیان و ژیانەوەیە لەگەڵ هەموو ساتەوەختەکانی ژیان و بزاوتە مێژووییەکاندا. لە ڕاپەڕێنی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهرییەوە بگرە تا دامەزرانی کۆماری کوردستان، دواجار هەرێمی کوردستان و بزووتنەوەی نوێی ڕاسانی ڕۆژهەڵات، ئەم خوێنە زیندووە دەگەڕی.

ڕابوون

کنووت هامسوون لە باسی ڕۆمانە بە ناوبانگەکەی خۆی بە ناوی “برسیەتی”دا دەڵێ: “ئەم ڕۆمانەم باس لە ڕۆحێکی بێ ئاگای مرۆڤ دەکاو ڕووناکیم خستۆتە سەر هەموو کون و قوژبنە نهێنییەکانی مێشکی مرۆڤ”. لای هامسوون پێویستە چەکوشکاریی مێشکی کۆمەڵ بکرێ بۆ ئەوەی ڕۆحێکی تازە لەدایک بێ. ئەو برسیەتیی تەنیا بە مانا فیزۆلۆژی و جەستەیییەکەی نەهێناوە، بەڵکوو برسیەتیی بە واتای برسیەتیی ڕۆح، برسیەتی لە پێناو سەرکەوتن و برسیەتی لە پێناو گەیشتن بە لووتکەدا هێناوەتەوە(Rottem n.d.).  لێرەدایە کە ڕابوون گرێ دراوی ئەو چەمکەیە کە دەبێ چەکوشکاریی مێشک و زەینی مرۆڤی کورد بکرێتەوە بۆ لە دایک بوونێکی‌تر و هەستانەوە.

وشەی ڕابوون لە زۆربەی فەرهەنگە کوردییەکاندا ـ بەتایبەتی خاڵ و هەنبانەبۆرینە ـ بە واتای بێداری، هەستان و چاوکردنەوە هاتووە کە مرۆڤ دەگاتە دۆخی هۆشیاری. مرۆڤ لە خەودا هۆشیار نییە و ناتوانێ ئاگای لە دەورووبەری خۆی هەبێت، کەواتە ڕابوون، هەستان لەو دۆخەیە. ڕابوون و بەئاگابوونی لاشەی مرۆڤ کاتێکە کە مرۆڤ بە هۆکارەکانی دەورووبەری و ئەو چالاکییە زەینیە کە ڕوو دەدات، بە ئاگادێتەوە و خاوەنی وشیاریی خۆیەتی کە بە دوو هۆکاری سەرەکی مرۆڤ دەگاتە هۆشیاری: هۆکاری فیزۆلۆژیکی کە مرۆڤ خاوەنی تەندروستی بێ و ئۆرگانەکانی وەهۆش هاتنەوەی بە باشی کار بکات و پێویستە پشووی دابێ و ئامادەی جموجۆڵەکانی بێت. هۆکاری مەنتاڵ یان زەینی کە پێوەندیی بە دۆخی دەروونیی مرۆڤەوە هەیە. لە دۆخی سترێس، دڵەڕاوکێ و قەلەقی‌دا نەبێت و ئامادەی ڕامان و بیرکردنەوە بێ. گرێدان و پێوەنددانی ئەم دوو هۆکارە، مرۆڤ دەخاتە قۆناخی ناسین یان کۆگنێتیڤەوە(Finn 1999).(Hassel n.d.)

لە فەرهەنگی سیاسیدا، ڕابوون چەمکێکی بەرینترە کە هەڵگری پێناسەیەکی کۆمەڵناسانەیە. کۆمەڵگایەک چاو دەکاتەوە و دەگاتە ئاستی هۆشیاری. هۆشیاریی کۆمەڵگا بریتییە لە پەرەپێدانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە ڕابوون، فانکشێنێکە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. واتە کۆمەڵگایەک یان نەتەوەیەک دەگاتە ئاستی خودئاگایی و بیر لە چارەنووسی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆی دەکاتەوە. بە پشتبەستن بە تیۆریەکانی کۆمەڵناسی، هیچ بزووتنەوەیەک بە بێ خودئاگایی، ناسین و هۆشیاریی پێویست، ناتوانێ ڕەوتی پێشکەوتنی خۆی بپێوێ و بتوانێ وڵامدەری پرسە کۆمەڵایەتییەکان بێت. ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە ڕابوون و هۆشیاریی ئێمە، پێوەندیی بە ناسینی جیهانی دەورووبەر و خوێندنەوەی دوورمەودا، بە مشوور بوون و دەستوبردبوونەوە هەیە. کەواتە غافڵ بوون لە جیهانی دەورووبەر و گۆڕانکارییەکانی، بێهۆشی و بێ‌ئاگایی دێنێت. واتە گلۆباڵ بیر بکەینەوە و لە پەراوێزی هەموو شوناسە دژبەیەکەکاندا، شوناسی خۆمان بە پێی ناوچە و لۆکاڵ بەڕۆژ بکەینەوە.

دێموکراسیی قووڵ یان شاخی سەهۆڵین

هەر کۆمەڵێکی زیندەوەر چ ئینسانی و چ حەیوانی، پێویستی بە ڕێکخستنی دەزگایەکی بەقا و تەنزیمی کۆمەڵایەتیی خۆی هەیە کە گەشە بکات و پەرە بستێنێ. ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی بە پێی بارودۆخ و گۆڕانکارییەکانی ژیانی مرۆڤایەتی پێویستییەکی حاشا هەڵنەگرە. نە دەتوانین بە سیستەمی نیاندرتاڵی بژین و نە دەشتوانین لە پێشەوەی کۆمەڵی مرۆڤایەتی بژین. باڵانس و ڕێکخستنی باشترین شێوەی ژیان کە حەسانەوە و دڵنیایی بداتە کۆمەڵ و مرۆڤ، بایەخی ڕۆژگاری خۆی هەیە.

تیۆریی شاخی سەهۆڵینی دێموکراسی، یەکێک لەو تیۆریە بە دەگمەن ناسراوەکانی دێموکراسییە کە پێویستە خوێندنەوەی تایبەتی و قووڵتری بۆ بکرێت. د.قاسملوو لە دوایین وتووێژیدا ئەم دەستەواژەیەی دەربڕیوە، بەڵام نازانین هەمان مەبەستی هەبووە، یان بە مانا کوردییەکەی دێموکراسیی بەتەواو مانای هێناوەتە گۆڕێ. بۆیە لێرەدا ناکرێ و ناشبێ بە پشتبەستن بەو وتەیە کۆی فیکر و ئەندێشەی د.قاسملوو لە چوارچێوەی تیۆریی “دێموکراسیی قووڵ”دا شی بکەینەوە. ئەوەی بە لای منەوە گرینگ بوو، “سیمای دێموکرات”ی دوکتور قاسملوو، مانیفێستێکی سیاسی و دێموکراتیکە بۆ داهاتووی دێموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، چ وەک بزووتنەوەی نوێی ڕاسان کە هەڵگری میراتی قاسملوویە،  چ وەک کورد کە ئەیهەوێ وڵاتەکەی بەرەو دێموکراسی، ئاشتەوایی و پێکەوەژیان بڕوات. کورتە وێنەیەک لە تیۆریەکە بۆ بەرچاوروونی لێرەدایە:

لە ترۆپکی شاخەکەوە هەتا دەگاتە ڕیشەکەی، پێوەندیی بە سێ چەمکی گرینگی ڕابەر، ڕایەڵە و ڕاپەڕاندن لە سیستمی مودیرییەتییەوە هەیە کە لە هەموو دەوڵەت، ڕێکخراو، گرووپەکاندا بۆ بەڕێوەبردن، گەشەسەندن و بەربڵاویی لە ئاست کاروتێکۆشاندا و ڕۆڵ گێڕان لە جیهاندا بەکار دەهێنرێ و مشتومڕی زۆری لەسەرە. زۆر تیۆری و خوێندنەوەی جیاواز بۆ بەڕێوەبەری کراوە و لە زانستی سیاسیدا گرینگیی تایبەتی پێ دراوە. ڕۆڵی ڕێبەرانی کاریزما، کاریگەرییان و بەمشووربوونیان بۆ داهاتووی نەتەوەکەیان دیار و بەرچاو بووە. ڕێبەرگەلێ چ دێموکرات بووبێ و چ نادێموکرات، پێوەندیی بە توانایی ڕابەرەوە هەبووە کە ڕۆڵی گەورەی لە گۆڕانکارییەکاندا هەبووە.

لە حیزبی دێموکراتدا، سانترالیزمی دێموکراتیک و ڕابەرایەتیی سێ ڕێبەری کاریزمای وەک، پێشەوا قازی محەممەد، د.قاسملوو و د.سادق شەرەفکەندی، ڕۆڵی گەورەیان هەم لە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا و هەمیش لە گۆڕانکاریی لە سیستەم و پێکهاتەی حیزبی دێموکراتدا بینیوە. گرینگی و بایەخی ئەم سێ چەمکە ئەهێڵـمەوە بۆ ئەو نووسەر و قەڵەمبەدەستانەی کە توانایی و شارەزاییان لە زانستی مودیرییەتدا هەیە و ئەتوانن خوێندنەوەی نوێ و بابەتیانە بۆ بزووتنەوەی نوێی ڕاسان و مودیرییەتی حیزبی دێموکرات بکەن.

زۆربەی سیستەمە مودیرییەتەکانی دنیا لە تاقیکردنەوەدا ڕووبەڕووی کێشە و گرفتی خۆیان بوونەتەوە و خاڵی لاواز و بەهێزیان هەیە. ڕابەری بە مشوور، زانا و کارزان ئەتوانێ کۆمەڵگا بەرەو سەرکەوتن ئاراستە بکات و پێچەوانەکەی بەرەو هەڵدێر. گرینگی دان بە سیستەمی مودیرییەتی، گرینگی دان بە لاشەی ئۆرگانیزمێکی سیاسی و زیندووی وەک حیزبی دێموکراتە کە خەونی ڕزگاریی نەتەوەیەکی لە مێشکدایە. ئەگەر سلوول، ئۆرگان و ئەندامەکانی ئەم سیستەمە بە باشی کار نەکەن، ئەوا پەکی دەکەوێ و ناتوانێ بجووڵێ. هەر جووڵەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی وەک ڕاسانیش، پێویستی بە هاوئاهەنگی و ڕێکخستن و پەروەردەی ئەندامەکانی لاشەکەیەتی. بۆ زیاتر ڕوونکردەوەی مەبەستەکەم، پەنا دەبەمە بەر زانستی ماتماتیک. لە ماتماتیکدا هەر خاڵێک خاوەنی نموودار و فرۆمۆلێکی تابع (فانکشێن)ی هەیە[f(x)=x+y][8]. (سەیری وێنەکە بکە): x و y دوو هێڵی دیاری کراون کە هەتا Y بەرزتر بێ، هێلەکە بەرزتر دەبێتەوە، و هەتا x   زۆرتر بێ هێڵە خوار دەبێتەوە. ئەم نموونەیەش لە زانستی دەروونناسیدا پێوەندیی بە ئەنگیزە یان هاندان (مۆتیڤەیشن)ەوە هەیە. هەتا مۆتیڤەیشن زۆرتر بێ، هەستی مرۆڤ زیاتر بۆ ڕێکخستنی کارێک یان دژکردەوەیەک، زیاتر دەبێت.

واتە:   مۆتیڤەیشن + زانیاری = تابع (فانکشێن).

وتەیەکی باو هەیە کە دەڵێن: ئەگەر مزگەوت بکەیتەوە، نوێژخوێن زۆر دەبێ، ئەگەر ستادیۆم و هۆڵی وەرزشی بکەیتەوە، وەرزشوان بە خۆی و تۆپەکەیەوە دێتە مەیدانەکە. ئەو وتەیە لە ڕووی کردەوەیییەوە هەڵەیە، و خەمساردی لەگەڵ خۆی دەهێنێ. ڕاستە دەبێ شوێنی مەبەست بۆ کارەکە تەواوکرابێ، بەڵام ئەوەی گرینگە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکان، هاندان و مۆتیڤەیشنە. ڕاپەڕاندنی کار و ئەرک لە ئەندامەوە دەست‌پێدەکات و لە لووتکەی ڕابەرایەتیدا کۆتایی پێ دێ. کە دڵنیایی و ئێعتماد لە نێوان ئەندامان و بەڕێوەبەرەکانیان، گرینگترن بابەتی پێشکەوتنە. ڕەمزی هەموو بزووتنەوەیەک، لە دڵنیایی ئەندامەکان بە ڕێبەرەکانیان و ڕێبەرەکان بە ئەندامەکانیاندایە کە لەسەر پرینسیپەکانی ئەرک و ماف دامەزرابێ. هاوکات لەگەڵ ڕێبەری کارزان و بەمشوور، ڕایەڵە و تۆڕی پێوەندیی ئەندامان و ڕێکخستن، کۆڵەکەی هەرە سەرەکیی هەموو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە. لە ئەدەبیاتی کوردیدا دوو ئیدیۆمی “بەدەستوبرد و دەستەوەستان” بەرامبەری یەکدین. مودیریەتی بەدەستوبرد خاوەنی ورە و هاندانە، هەروەها لە شوێن و کاتی خۆیدا خاوەنی بڕیار و هەڵوێستە کە لەسەر بنەمای پرێنسیبەکانی دێموکراسی ڕایدەپەڕێنێ. بەڵام مودیریەتی دەستەوەستان، دۆشدامان و ڕەدووی ڕووداوەکان کەوتنە. بێ‌نەزمی و بێ پرێنسیپی و دواجار داڕزانی تەشکیلاتی لەگەڵ خۆی دەهێنێت.

 لێرەدا بۆ کورت کردنەوەی باسەکە و هەروەها تووش نەبوون بە هەڵەی تیۆریکەوە، کۆمەڵێک پرسیاری ڕێتۆریک دەهێنمە ئاراوە: ڕێبەرایەتی و مودیرییەتی بزووتنەوەی نەتەوەیی هەڵگری چ پێناسەیەکە و ئەرکەکانی بەردەمیان چین؟ ئایا ئەندامێکی حیزبی ئەتوانێ لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتییەدا بێ؟ دواجار ڕایەڵەی پێوەندیی لە بزووتنەوەی ڕاساندا، لەسەر چ بنەمایەکە و بەهاکانی ئەم پێوەندییە لە تاکێکەوە بۆ تاکێکی دیکە چین؟ لەگەڵ ئەوەشدا پێم وایە، بزووتنەوەی ڕاسان دەبێ خۆی لەگەڵ ئەم فۆرمە لە تێکۆشان نزیک کاتەوە کە پێوەندیی بە بەرژەوەندییە گشتییەکانی خەڵکی کوردستان، ماف و ئەرکی ئەندامان و ڕێکخستنی کۆمەڵەوە هەیە.

دێموکراسی لە نێوان بوون و نەبووندا

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دیاری کردنی “دێموکراسیی تەواو” لە وڵاتەکاندا، ناوی ١٩ وڵاتی وەک دێموکراسیی تەواو هێناوە کە بە زۆری وڵاتانی سکاندیناوی و ئەورووپای ڕۆژئاوا بوون کە وڵاتی نەرویژ لەسەرەوەی هەموویان بوو. دواتر بەشێک لە وڵاتەکان وەک دێموکراسیی نیوەناتەواو، بەشێکی دیکە پرۆسەی دێموکراسیی هەیە بەڵام دێموکراتیک نیە و دواتر ڕێژیمە تۆتالیتێر و دیکتاتۆرەکان کە ئێران لە ناو ڕیزی وڵاتانی دواکەوتوو و دیکتاتۆریدا بوو. نیشانەکانی دێموکراسیی تەواو لە وڵاتێکی وەک نەرویژدا ئاوەها دیاری کراوە:

  • پرۆسەی هەڵبژاردن و فرە حزبی
  • مافی شارۆمەندی
  • رێژیمێکی خەڵکی و کارامە
  • بەشداریی سیاسی
  • کولتووری سیاسی

و ئەگەر وڵاتێ بگاتە ئاستی وڵاتێکی تەواو دێموکراسی، پێویستە تەواوکەری ئەم خاڵانە بێت(Anne 2012). لە نێوان پێناسە و کردەوەدا جیاوازیی زۆر هەیە. حیزبی پراگماتیست، ئەو حزبەیە کە بتوانێ لەگەڵ وتار و کرداری یەکتر بخوێننەوە. زێدەڕۆیی نیە ئەگەر بڵێین “سیمای دێموکرات”، خوێندنەوەیەکی نموونەیی و بابەتیانەی دێموکراسییە کە دەتوانێ لە نێو تیۆریی شاخی سەهۆڵیندا شۆڕ بێتەوە و “دێموکراسیی قووڵ” وەدی بێنێ. “سیمای دێموکرات” تەنیا مانیفێستێکی دێموکراتیکە چ وەک سیستەمی مودیرییەتی حیزبی و چ وەک مودیریەتی سیاسیی کۆمەڵگا بەکار بهێنرێت.

راسان لە نیوان بزووتنەوە و ستراتێژیی حیزبی دێموکرات‌دا

ڕاسان هاوشێوە و هاوواتایە لەگەڵ “ڕێنێسانس”ی ئەورووپا کە بە واتای لە دایکبوونەوە هاتووە. بەو واتایە کە ساڵانێکی زۆرە جووڵەی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە هۆی هەڵکەوتەیەکی ژیۆپۆلیتکی باشووری کوردستانەوە، پەک خرا. ئەم دۆخە نەک هەر نەیتوانی بارودۆخی سیاسیی باشووری کوردستان بەهێز بکات، بەڵکوو باشوور کارتە سیاسییەکانی لە دەست‌دا. کەواتە ڕاسان لەم فەزا ئاڵۆزە سیاسییەی باشوور، ئێران و عێراقدا سەری هەڵدا کە دەرفەتێکی گرینگی سیاسی لەدایک بوونەوەیەکی پێویست بوو. قۆزتنەوەی دەرفەتەکان و کەڵک وەرگرتن لێیان نیشانەی زیندووییی حیزبی دێموکرات و بەدەستوبردبوونی ڕێبەرایەتییەکەی بوو. بەڵام ئایا ئەمە دەتوانێ بزووتنەوە بێ؟

بێ گومان لە فەزای سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، فرەیی و پلۆرالیزم هەیە و پرسێکی حاشاهەڵنەگرە. بەو پێناسەیە کە پێشتر لە دێموکراسی و دەرفەتەکانی دێموکراسیی تەواو هێنامانەوە، ئەرکی حیزبێکی دێموکرات قورستر و گرانترە و دەبێ لە پێناو ئەرزش و بەهاکانی خۆیدا خەبات بکات، نەرمی بنوێنێ و لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا هەڵبکات. وەک چۆن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام، تویتر و … شتە جوان و سەرنجڕاکێشەکانی خۆمان شێردەکەین (بە ئیشتراکی دادەنێین)، ئاوەهاش دێموکراسی تەنیا سیاسەت نیە، بەڵکوو ئەو ویست و داخوازییانەیە کە ئەمانەوێ لە کۆمەڵدا پێکەوە هاوبەشیان بکەین. دێموکراسی بەشدارییە لەو چالاکی و چاڵشانەی کە کۆمەڵ، حیزب یان گرووپ ڕووبەڕووی دەبێتەوە، هەروەها پێویستە پەروەردە بکرێ و نەشونما بکات نەک وەک خۆی و لە ناو چوارچێوەی تیۆری و وتاردا بمێنێتەوە(Anne 2012).  لارش لارید ئیڤەرشن[9]، نووسەر و لێکۆڵەری بواری پەروەردە و ئێنتگراسیۆن و فرەکولتووری،  لە وتارێکیدا باس لە چەمکی “Uenighetsfelleskap: واتە لێکتێنەگەیشتنی پێکەوەبونیادنان” دەکات. چەمکی “پێکەوەبونیادنان felleskap”، یەکێک لە چەمکە گرینگەکانی کۆمەڵی نەرویژییە و پێوەندیی بە کولتووری پێکەوەکارکردن، پێکەوە بونیادنان، پێکەوە هەست‌کردن و پێکەوەژیانەوە هەیە. بەڵام لارش لێرەدا ئەو پێکەوەبونیادنانە دەخاتە بەر ڕەخنەوە و پێی وایە لە دێموکراسیدا گرووپێک هەمیشە بوونی هەیە کە خاوەنی ئایدیال تایپی خۆیانن و فەزایەکی گەورەی بەتاڵ هەیە بۆ ئەوەی بازنە کولتوورییەکانی دیکە لە یەکتری تێبگەن و خۆیان پێناسە بکەن. هەروەها لە ڕوانگەی ئەوەوە، دێموکراسی لە ڕوانگەی لۆکاڵی و ناوچەیییەوە سەرکەوتووترە هەتا ڕوانگەی نەتەوەیییەوە. بەو واتایە کە جیاوازییەکان نابێ داپۆشرێن، لەبەر ئەوەی پێکەوەبونیادنانێک لە ئارادا نامێنێ کاتێ کە ناوچەیەک، وردە کولتوورێ، توێژێ یان گرووپێکی کۆمەڵایەتی  کەخاوەنی ئایدیا و هزری تایبەتی خۆیانن، جێگایان نەبێتەوە. دێموکراسی هی هەمووانە و بەشداریی هەموانیش ڕەونەق و فرەچەشنی لە کۆمەڵگادا ئەهێنێتە ئاراوە.

ئەوەی کە هەر دوو وێنەی شاخی سەهۆڵینی دێموکراسی قووڵ و خوارەوەدا هاتووە(Lars 2012)

لەم ڕوانگەیەوە پێم وایە ڕاسان وەک بزووتنەوەیەکی دێموکراسیخواز خۆی پێناسە دەکات، هەڵگری مانیفێستی “سیمای دێموکرات”ی د.قاسملووە کە فەرشی سووری بۆ هەموو ئایدیا جیاوازەکانی کۆمەڵ لە پێناو ڕزگاریی نەتەوەیی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دێموکراتیک ڕاخستووە. زەرفیەتی سیاسەت لە ڕاساندا دەبێ ئەوەندە بێ کە توانایییەکانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێگایان بێتەوە و نەبنە ژێر تەوژمی خۆبەزلزانی و سیاسەتی ڕەشۆکییەوە. خۆڵەمێشی کردنی سیاسەت لە پێناو پەرتەوازەیی و شپرزەیی ڕێکخراوەییدا، پرینسیپەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و پەرەسەندنی سیاسەت دەشێوێنێ و چیدیکە ماناکانی “سیمای دێموکرات” وەک خۆیان نامێنن. لەبەر ئەوە پشوودرێژی لەگەڵ “دۆستەکانی دێموکراسی” و سووربوون لەسەر بەهاکانی دێموکراسی بەرامبەر بە “دوژمنانی دێموکراسی” ئەرکە. بەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین کە بزووتنەوەی نوێی ڕاسان، خەباتی شار لە پانتای دێموکراسی و پێکەوەبونیادناندایە و واتادارە.

ئاکامگیریی ئەم باسە

مەنتاڵیتێتیی حەوتەوانە، جیا لەوەی کە لە ڕووی زمانییەوە و بۆ زیاتر ئاسانکاریی دەربڕین هێنراوە، وتارێکی تایبەتە کە بۆ سەرکەوتنی بزووتنەوەی نوێی ڕاسان بە پێویستی دەزانم. ڕێتۆریکی سیاسیی حیزبی دێموکرات دەوڵەمەند و هەڵگری دەیان تیۆریی سیاسییە. ئەوەی لە مەنتاڵیتێتی حیزبی دێموکراتدا جێگای گرتووە، زەرفییەتی دێموکراسییە کە دەتوانێ بونیادنەری کولتووری دێموکراتیک بێ. مەنتاڵیتێتی حەوتەوانە کۆکردنەوەی شاڕێگەکانی گەیشتن بەو خەونە گەورەیە چ لە ئاستی ڕامانی سیاسی، پەروەردە و ڕاپەڕاندنی حیزبدا و چ وەک پرنیسیپەکانی خەبات بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی دێموکراتیک. ئەو پرێنسیپانەیە کە زەینی خوێنەر و بە تایبەتی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات ڕادەهێنێ بۆ یەکەم، بە مانیفێستکردنی “ڕاسان” و بەرینترکردنەوەی خەباتی شار و شاخ و دووهەم، پێمان بڵێ شار قووڵاییی ستراتێژیکی حیزبی دێموکراتە و شاخ هەڵگری پاشخانی کولتوور و شووناسە کە سروشت و فەرهەنگی زاگرۆس پێکی هێناوە. لەبەر ئەوەیە کە ئێمە لە پێناو دابین بوونی مافە نەتەوەیییەکان، ئازادی، یەکسانی و دادپەروەردیدا خەبات دەکەین، کە “ڕاسان” هەڵگری ئەو شوناسە سیاسییەیە.

سەرچاوەکان

Aarebrot, Frank. Land, makt og følelse.Oslo, 2014

Anderson, B. Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism.London: Verso., 1983

Anne, lise. Velferdsstatens familier. oslo: Gyldendal, 2012

Dag, Einar Thorsen. «politikk.» Store norske leksikon, u.d

Definition of Deep Democracy. u.d. https://iapop.com/deep-democracy/

Dict. Online English dictionary, https://www.merriam-webster.com/. u.d

Finn, Skårderud. Uro, en reise i de moderne selvet. Oslo, 1999

Fuggeli, per. Nokpunktet. Oslo, 2010

Hassel, Bjørnar. Store norske leksikon. u.d. https://sml.snl.no/bevissthet

Lars, Laird Iversen. En Uenighetsfelleskap.21. februar 2012. https://www.dagsavisen.no/debatt/et-uenighetsfellesskap-1.440404

Online English dictionary, https://www.merriam-webster.com/. u.d

Peter, Butenschøn. «By.» Store norske leksikon, 20. februar 2018

Rottem, Øystein،. store norske leksikon. u.d. https://nbl.snl.no/Knut_Hamsun

Wodak, Ruth. « Language, Power and Ideology: Studies in political discourse.» 1989

Wodak, Ruth, Language. Power and Ideology, Studies in political discourse.1989.

Øyvind, Østerud. Statsvitenskap, Innføring i poølitisk analyse. Oslo: Univerisitetforlaget, 5.utgave.2014.

[1] – Online English dictionary,  https://www.merriam-webster.com/

[2]https://iapop.com/deep-democracy/

ـــــ  “ئێمە باوەڕمان بە دێموکراسیی قووڵ هەیە”، ئاماژە بە دەربڕینێکە کە شەهید د.قاسملوو لە دوایین دانیشتنیدا لەگەڵ تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاتی وتووێژدا بەکاری ‌هێناوە و بەرگریی لە مافەکانی کورد دەکات. ئەم وتارەش هەوڵ ئەدا لە ڕوانگەی ڕێتۆریکی سیاسییەوە شی کردنەوەی بۆ بکات.

[3]– cognitive: relating to, being, or involving conscious intellectual activity (such as thinking, reasoning, or remembering).

[4] -Urbanization.

[5]-Megacity.

[6]-لە بیرەوەرەییەکانی د.خەلیقیدا بارودۆخی شارێکی وەک تاران لە ساڵەکانی چلی هەتاویدا زۆر خراپ بووە و تەنانەت زۆربەی پەراوێزی شاری سیستەمی ئاو و ئاوەڕۆی کۆنی بەکار هێناوە و جۆگە و رووبارەکان سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە بووە. بەڵام حەشیمەتی کۆچکردوو، لە پەراوێزی شارەکاندا لەوپەڕێ خراپیدا ژیاون. نموونەی گەڕەکی حەڵەبی ئاوا بووە کە ئێستاش نازناوەکەی لە شاری تاران ماوە. مەبەست لەم نموونە هێنانەوە ئەوە بوو کە تاران وەک گیگا شارێک، رابردووی شارنشینیی وەهای نەبووە کە ئێستاکە کولتووری شارنشینیی ددانشکێنە.

[7]-وتەیەکی بەناوبانگی ژان ژاگ ڕۆسۆ بوو کە لە وتارێکی بە ناو پێوەندیی زانست و هونەر باسی کردووە و پێی وابوە کە مرۆڤ باشە، بەڵام شارستانیەت و پێشکەوتنەکانی خراپی کردووە. https://ndla.no/nb/subjects/subject:19/topic:1:186579/topic:1:195781/resource:1:126122

[8]بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ویکیپیدیای کوردی و فارسی بکرێ بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە.

https://ckb.wikipedia.org/wiki/%DA%AF%D8%B1%D8%A7%D9%81%DB%8C_%D9%81%D8%A7%D9%86%DA%A9%D8%B4%D9%86

[9]– Lars Laird Iversen.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان