ئارامتر بخوێنەوە!

ڕاسان و ڕەهەندە تیۆرییەکانی

(بەشی چوارەم)

سمایل شەریفی


سروشتی سیاسەت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەتا ڕادەیەکی زۆر لەگەڵ سروشتی سیاسەت لە وڵاتانی ئازاد و پێشکەوتوودا جیاوازیی هەیە. پێویستیی سیاسەت کردن بەشێوەی ئوڕووپا و ئامریکای باکوور لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەهمێکه کە بەر لە هەموو هێزە سیاسییەکان، خودی حاکمییەتە داپڵۆسێنەرەکانی ناوچە خەریکن پەرەی پێ دەدەن و دواتر هەندێک خوێندەواری ناوەندخواز پێداگریی لەسەر دەکەن.


ئەنجام و شوێندانانەکانی ڕاسان

جووڵەیەکی فرەڕەهەندی وەک ڕاسان درەنگ یان زوو، بەشێوەی ئاشکرا یان شاراوە لە بواری جۆراوجۆری سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا، شوێنی خۆی دادەنێ.

شوێندانانی هەرە سەرەکیی ڕاسان، ڕاگەیاندنی دەست پێ کردنی دەورانێکی تازەی سیاسییە کە تێیدا پەڕینەوە لە پارادیمێکی سیاسی بۆ پارادایمێکی دیکە، نەک هەر لە ئاستی کوردستان بەڵکوو لە ئاستی ئێراندا ڕوو دەدا؛ واتە پەڕینەوە لە پاڕادایمی بێ‌هیوایی لە گۆڕانکاریی قووڵی سیاسی و ڕاهاتن به دۆخی باو و هەڵبژاردنی سیاسەتی بێدەنگی بۆ دۆخێکی چالاک و بڕوا هێنان به کات‌بەسەرچوونی دەسەڵاتی سیاسیی ڕێژیمی ناکارامە و غەدداری حاکم بەسەر وڵاته.

بەهۆی دۆخی ستراتێژیی تایبەتی کوردستان، گۆڕانکارییە قووڵە سیاسییەکان زووتر لە هەر شوێنێکی دیکەی وڵات لەم ناوچە گرینگەدا هەستی پێ‌دەکرێ. کاتێک ڕاسانی پێشووتری حیزب لە ساڵەکانی  ٤٦ و ٤٧ی هەتاویدا دەستی پێ کرد، ئێران وەکوو دووڕگەی ئارامی و سەقامگیری لە هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەناسرا. لەو سەردەمەدا ڕووخانی سیستەمێکی (وەک ڕێژیمی پاشایەتی خۆی باسی دەکرد) دووهەزار و پێنسەد ساڵە، زیاتر وەک خەونێکی ئاڵۆز دەچوو بەڵام دە ساڵ دوای ڕاسانی ئەو سەردەم، بوومەلەزرەیەکی هەژێنەر هەموو بناغە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ڕێژیمی حاکمی لەبەر یەک هەڵوەشاندەوە. بانگەشەی ئێمە ئەوە نییە کە بزووتنەوەی ٤٦-٤٧ ئەم ئەنجامەی خوڵقاند، بانگەشەی ئێمە ئەوەیە کە هێزە سیاسییەکانی کوردستان زووتر لە هەر مەیدانێکی سیاسیی دیکەی ناوخۆ، پێش‌بینیی ئەو بوومەلەرزە سامناکەیان لە ئێراندا کرد. با ئەمجارەش وریایی دان بۆ ڕووخانی سیستەمی ڕەش و ئەهریمەنیی کۆماری ئیسلامی، وەک سووکترین و ساکارترین ئەنجامی ڕاسانی نوێی کوردستان چاوی لێ بکرێ.

حەز دەکەین لە پێشەکیی ئەم باسەدا ئاماژە بە دانیشتنێکی زانستی و سیاسی بکەین کە لە یەکی خەرمانانی ١٣٩٥ واتە هەر لەو ساڵەدا کە ڕاسان ڕاگەیێندرا، پێک هات و بەشێک لە سەرکردە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەندێک کەسایەتیی ئاکادێمی بەشدارییان تێدا کرد. بەبڕوای ئێمە ئەو ڕووداوە لە داهاتوودا دەبێ زۆر وردتر و پسپۆڕانەتر شیکاری بکرێ و وەکوو بەڵگەیەکی مێژووییی گرینگ قسەی لەسەر بکرێ.

ئەم دانیشتنە لە هەلومەرجێکدا پێک هات کە ڕێژیمی ئێران زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە هێزەکانی لە هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاو کردبۆوە و سیاسەتێکی چالاکی دەست پێ کردبوو و وەک سەرانی ڕێژیم بانگەشەیان دەکرد، کۆماری ئیسلامی لە پێنج پێتەختی وڵاتانی ناوچەدا دەستی دەڕۆیشت. ڕێژیم وای نیشان دەدا کە کۆماری ئیسلامی نەک هەر وەک زلهێزێکی ناوچەیی هەڵسوکەوت دەکا بەڵکوو تەنانەت توانای ڕکەبەرایەتی لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکانیشی هەیە و حکوومەتەکەی لەوپەڕی دەسەڵات و سەقامگیریدایە. کەچی لەو لاوە حیزبی دێموکڕات هەر لە نەورۆزی ئەوساڵەدا ستارتی ڕاسانی وەک قۆناغێکی نوێی خەبات لە شاخەکانی کوردستان لێدابوو.

لە دانیشتنی ساڵانەی ئەنیستیتۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) لە ساڵی ٩٥ واتە ساڵی دەستپێکردنەوەی ڕاساندا، هەندێک لە کەسایەتییە ئاکادێمییەکان و تەنانەت هەندێک لە کەسایەتییە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردیش لەسەر ئەو ڕایە بوون که ڕێژیمی حاکم بەسەر ئێراندا لەوپەڕی دەسەڵات و سەقامگیریدایە و خەباتی ڕادیکاڵ بە دژی ئەو سیستەمە به هیچ شێوەیەک وڵام ناداتەوە. بەڕێز مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزب ـ سکرتێری گشتیی ئەو کات ـ لە لێدوانەکەیدا زۆر ڕاشکاوانە نوێنەرایەتیی بۆچوونێکی جیاوازی کرد و ڕایگەیاند سیستەمی سیاسیی ئێران ئەو سیستەمە سەقامگیر و بەتوانایە نییە کە ڕێژیم گەرەکیەتی نیشانی بدا و کۆمەڵگای ئێرانیش کۆمەڵگایەکە کە لە هەناوی خۆیدا دەکوڵێ و وەک بۆشکەیەکی باڕووت وایە کە هەر دەم ئەگەری تەقینەوەی هەیە و خەبات بە دژی ئەو ڕێژیمە، لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکانی خودی ئەو حاکمییەتە، شێوازێکی وڵامدەری خەبات نییە. بەڕێز مستەفا هیجری لەحاڵێکدا ئەو قسانەی دەکرد کە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حوزووری خۆیان لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مسۆگەر کردبوو و بەم شێوەیە درزیان خستبووە ئەفسانەی سەقامگیری و توانای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە. ڕێژیم کە خۆی بە ڕکەبەری گەورەترین زلهێزە جیهانییەکان دەزانی، خۆی بە ناچار دەزانی هەر پلان و پیلان و هەڕەشە و گوڕەشەیەک بەدژی حیزبی دێموکرات بەتاقی بکاتەوە هەتا نەهێڵێ ئەو ئەفسانە بێ‌بنەمایە که لە زەینی بەشێک لە خەڵکیدا سازی کردبوو، چڕژی تێ بکەوێ و شەق ببا. دوای لێدوانی لێپرسراوی گشتیی حیزب دەرحەق به ناسەقامگیریی سیاسیی ڕێژیم و قەیرانی ناکارامەییی ئەو سیستەمە، لە خەزەڵوەری ساڵی ٩٦دا ئێران شاهیدی ئاخێزێکی سەرانسەری و جەماوەری بوو. دواتر ئەو ئاخێزه، سەر‌هەڵدانە بەخرۆش‌ترەکەی بەفرانباری ٩٨یشی بەدوادا هات و بەم شێوەیە ڕاستیی ڕوانگەی حیزبی دێموکڕات و دروست بوونی ڕاسان بەتەواوی سەلمێندرا.

دوای ئەم پێشەکییە کورتە هەوڵ دەدەین ئەنجامەکانی ڕاسان لە سێ ئاستی سیاسی، کۆمەڵناسیی سیاسی و فەلسەفیدا تاوتوێ بکەین.



١ـ دەرەنجامەکانی ڕاسان لە ئاستی سیاسیدا

سروشتی سیاسەت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەتا ڕادەیەکی زۆر لەگەڵ سروشتی سیاسەت لە وڵاتانی ئازاد و پێشکەوتوودا جیاوازیی هەیە. پێویستیی سیاسەت کردن بەشێوەی ئوڕووپا و ئامریکای باکوور لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەهمێکه کە بەر لە هەموو هێزە سیاسییەکان، خودی حاکمییەتە داپڵۆسێنەرەکانی ناوچە خەریکن پەرەی پێ دەدەن و دواتر هەندێک خوێندەواری ناوەندخواز پێداگریی لەسەر دەکەن. ئەم بۆچوونە ناڕاستە لەسەر ئەو تێزە هەڵەیە دامەزراوە که بۆ نموونە وڵاتێکی وەک ئێران لەگەڵ باقی وڵاتانی ناوچە جیاوازیی بنەڕەتیی هەیە و ئەگەر لەو وڵاتانەی دیکەی ناوچە، شەڕ و پێکدادان و نائەمنی هەیە، لەبەر ئەوەی وڵاتی ئێران و ڕێژیمە زاڵەکەی، خاوەنی سیستەمێکی دەسەڵاتداریی نۆڕماڵ و سەقامگیر و بەهێزە، کەوابوو ئاکسیۆنی شۆڕشگێڕانە و خەباتی چەکدارانە وەک باقی وڵاتان، به هیچ شێوەیەک لەم وڵاتەدا وڵام ناداتەوە. لەم ساڵانەی دواییدا زۆرجار لەلایەن هەندێک خوێندەواری سەر به ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتییەوە گوێبیسی ئەم جۆرە بۆچوونانە دەبووینەوە کە بۆ نموونە، ئێران، وەک عێراق و سووریە و لوبنان و سعوودییە و … نییە و سیستەمە سیاسییەکەی لەگەڵ سیستەمی ئەو وڵاتانە جیاوازیی هەیە و لێرە دەبێ خەباتێک لە چوارچێوەی یاساکانی حاکمییەت و به شێوەی پارلمانتاریستی و مەدەنی بەڕێوە بچێ. سەیر ئەوەیە هەمان ئەو قسەیە بۆ نموونە لەلایەن لایەنگرانی حکوومەتی تورکیاشەوە دەگوترا و تەنانەت کاتی خۆی لە لایەن ڕێژیمی ڕووخاوی عێراقیشەوە دەگوترا و هەموو ئەو کەسانە پێیان وا بوو ئەگەر ڕێژیمەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێژیمی نانۆڕماڵ و دواکەوتوو و ناسەقامگیرن، ڕێژیمی خۆیان نۆڕماڵ و سەقامگیر و پێشکەوتووە و سیاسەت کردن لەو وڵاتەدا دەبێ هاوشێوەی سیاسەت کردن لە ئورووپا و ئامریکا بێ.

ڕاستییەکەی ئەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنانەت ئاشتیش بە بێ هێزێکی چەکداری شۆڕشگێر مسۆگەر نابێ.

کاتێک ئێمە باسی سیاسەتی ڕادیکاڵ دەکەین، مەبەستمان شەڕ و کوشتار و نائەمن کردنی شارەکان و تێرۆر و تۆقاندن نییە، بەڵکوو مەبەستمان ئەوەیە تەنانەت کاتێک لایەنێکی خەباتکار لەگەڵ هێزی دەسەڵاتدار لەسەر مێزی وتووێژیش دادەنیشێ، هێزێکی چەکداری شۆڕشگێر و تۆکمەی ئەوتۆی بەدەستەوە بێ کە نفووزی لەناو خەڵکی خۆیدا هەبێ و وا لە هێزی دەسەڵاتدار بکا کە لە وتووێژەکاندا حیسابی بۆ بکا و بەسانایی داواکارییەکانی پشتگوێ نەخا. ئێمە پێمان وایە ئەو شێوە سیاسەتە لە ڕاساندا بەدی دەکرێ.



٢ـ دەرەنجامەکانی ڕاسان لە ئاستی کۆمەڵناسیی سیاسیدا

بیرمەندێکی ئێرانی، کۆمەڵگای ئێران وەک “کۆمەڵگایەکی کورتماوە” پێناسە دەکا. مەبەست لە کۆمەڵگای کورتماوە کۆمەڵگایەکە کە هەر لە بنەڕەتدا فۆرماسیۆنەکەی بە چەشنێک ڕێک خراوە کە تێیدا دەورەکانی سەقامگیری زۆر دوور و درێژ نین و دوای هەر دەورەیەکی سەقامگیری، دەورەیەکی پشێوی و ئاڵۆزی دەست پێ دەکاتەوە و لەم دەورە ئاڵۆزەدا سەرمایە وەسەریەک نراوەکان بەزایە دەچنەوە و ئیمکانی کەڵەکە بوونی سەرمایە لەگۆڕێدا نییە. لە ڕوانگەی دکتۆر محەمەدعەلی هومایوون کاتووزیانەوە، مێژووی وڵاتێکی وەک ئێران لە زنجیرەیەکی دووپاتکراوەی سەرەڕۆیی ـ پشێوی و ئاڵۆزی ـ سەرەڕۆییەکی تازەسەرهەڵداو، پێک هاتووە و چەندپات بوونەوەی ئەم زنجیرەیە هەتا ئێستا ڕێسایەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و سیاسیی جێگیر بووە.

بۆچوونەکەی کاتووزیان لە بنەڕەتدا وەرگیراو لە بۆچوونی بیرمەندێکی ئاڵمانی بەناوی “کارل ویتفۆگڵ”ه. بۆچوونەکەی ویتفۆگڵیش کە وەک “سەرەڕۆییی ڕۆژهەڵاتی” ناو دەبرێ وەرگیراو لە بۆچوونەکانی کارل مارکسە. مارکس و بەدوای ئەودا ویتفۆگڵ لەسەر ئەو بڕوایەن کە لە کۆمەڵگا ڕۆژئاوایییەکاندا، لەبەر ئەوەی ئیمکانی کەڵەکە بوونی هەموو جۆرێکی سەرمایه لەئارادا هەیە، ئەم کۆمەڵگایانە لە فۆرماسیۆنەکانی کۆیلەداری و جووتیارییەوە دەگەن به فۆرماسیۆنی فیۆدالیزم و لەوێشەوە کۆمەڵگا بەشێوەیەکی سروشتی و لە ئەنجامی کەڵەکە بوونی بەرچاوی سەرمایەوە دەگات به قۆناغەکانی بورژوایی و سەرمایەداری. بەڵام لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکاندا، لەبەر ئەوەی حاکمییەتەکان سەرەڕۆن و هەر جارناجارێک شۆڕشێک هەموو سەرمایە کەڵەکەکراوەکان لێک بڵاو دەکاتەوە، کەوابوو ڕێگای پەرە سەندن هەمان ئەو ڕێگایە نییە کە کۆمەڵگا ڕۆژئاوایییەکان پێواویانە. ئەنجامەکە هەر ئەوەیە کە لە بەشی پێشوودا ئاماژەمان پێ کرد: وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو وڵاتانە نین کە بکرێ بە شێوەی وەسەریەک نانی کۆمەڵە ئاکسیۆنێکی ورد و چکۆڵەی بێ‌ئەژمار، بەدرێژاییی دەورانێکی زۆر دوورودرێژ، سەرمایەیەکی سیاسی و کۆمەڵاتییان تێدا پاشەکەوت بکرێ و هەموو داواکارییەکان بە شێوەی ئاسایی و یاسایی جێبەجێ بکرێن. وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم وڵاتانەن هەر جارناجارێک تووشی بوومەلەرزەی هەژێنەری سیاسی دەبن و ئەگەر گەلێکی وەک گەلی کورد لەم ناوچە پان ‌و بەرینەدا خاوەنی هێزێکی شۆڕشگێڕی هەڵسووڕ نەبێ، لە جەنگەی ئەم بوومەلەرزە سیاسییە سامناکانەدا و تەنانەت لە جەنگەی سەقامگیریی حاکمییەتە سەرەڕۆکاندا، بەیەکجارێ تێدا دەچێ و مانەوەی تووشی مەترسیی جیددی دەبێ. ئەگەر ڕاسان خوازەیەک بێ بۆ هەر چەشنە خەباتێکی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانە، دەکرێ بڵێین لە مەیدانی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەر لەبنەڕەتدا ڕاسان زەمینەی سیاسەت کردن بۆ کورد دەڕەخسێنێ و سیاسەت کردن لە بابەتێکی نەگونجاوەوە دەگۆڕێ بۆ بابەتێکی مومکین.



٣ـ دەرەنجامەکانی ڕاسان لە ئاستێکی فەلسەفیدا

لەبارەی جۆرەکانی زانست بەگوێرەی ئەو ئامانجانەی زانستەکە ڕەچاوی دەکا گوتوویانە سێ چەشنه زانستمان هەیە:

١ـ ئەو زانستەی به هۆی دۆزینەوەی یاسا سروشتییەکانی جیهان، ڕووی لە کۆنتڕۆڵ کردنی جیهانی دەورەبەرە. زانستە سروشتییەکان و تەکنۆلۆژی، لەسەر بنەمای ئەم شێوە زانستە بەرهەم دێن.

٢ـ ئەو زانستەی ڕووی لە لێک تێگەیشتن و ساز کردنی پێوەندیدایە. زانستی وەک هێرمنۆتیک و زانستی خوێندنەوە و ڕاڤە کردنی دەق لەم دەستەیەدا جێگیر دەبن.

٣ـ جۆری سێیەمی زانست ئەو زانستانەن کە ئامانجیان ڕزگار کردنی مرۆڤ لە کۆیلەتیی دەروونی و دەرەکییە. زانستی وەک دەروونشیکاری و مارکسیزم لەم دەستەیەن.

ئەم دابەشکردنە لەلایەن فەیلەسووفی ناوبەدەرەوەی ئاڵمانی، یوورگن هابرماسەوە کراوە. هەر لەسەر بنەمای بۆچوونەکانی هابرماس، ڕەنگه بتوانین بڵێێن دەکرێ سێ مۆدێلی سیاسەت کردنیش لێک هەڵاوێرین.

١- مۆدێلێکی سیاسەت کردن لەسەر بنەمای دۆزینەوەی یاسا کۆمەڵایەتییەکان و ڕێسا کارگێڕییەکان لە کۆمەڵگا سەقامگیرەکاندا بەڕێوەدەچێ. دەکرێ بڵێین سیاسەت کردنی پارلمانتاریستی لە چوارچێوەی وڵاتێکی وەک فەڕانسە یان بریتانیا لەم خانەیەدا جێگیر دەبێ.

 ٢- جۆرێک سیاسەت کردن ڕووی لە تێگەیشتنی دوولایەنە و چەندلایەنە و پێک هێنانی ئەو سازییانەیە کە لە ئاستێکی جیهانیدا کار دەکەن، وەک هەموو ئەو هەوڵە سیاسییانەی لە ئاستی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا و لە ئاستی جیهانی و ناوچەییدا دەدرێن.

٣- جۆری سێیەمی سیاسەت کردن سیاسەتی ڕزگاریبەخشە. سیاسەتی ڕزگاریبەخش ڕووی لە ئازاد کردنی ئەو هێزە ژێردەستانەدایە کە بەشێوەیەکی سیستەماتیک دەچەوسێنرێنەوە و مافیان پێشێل دەکرێ. خەباتی گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا لەسەر بنەمای ئەم مۆدێلەی سێیەمی سیاسەت کردن، واتە سیاسەتی ڕزگاریبەخش بەڕێوە دەچێ. ڕاسان لە ڕوانگەی ئێمەوە گەڕانەوە بۆ جەوهەری ئەم چەشنە سیاسەتەیە.

پشتگیری کردن لە ڕاسان وەک خەباتێکی ڕزگاریبەخش، بەمانای ڕەتکردنەوی شێوەکانی دیکەی خەبات وەک خەباتی پارلمانتاریستی یان کاری سیاسیی نێونەتەوەیی نییە. لەڕاستیدا ڕاسان ئیمکانی ئەو شێوە خەباتانەش بۆ ئێمەی کورد دەڕەخسێنێ. لەبەر ئەوەی هەروەک گوتمان بەگشتی ڕاسان بریتییە لە مومکین کردنی بابەتی نامومکینی سیاسەت کردن لە مەیدانی ئاڵۆز و دژواری سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان