ئارامتر بخوێنەوە!

ڕاسان و ڕەهەندە تیۆرییەکانی (٢)

سمایل شەریفی

ئاماژە

“ڕاسان بریتییە له تێپەڕین لە دۆخێکی «ستەندبای »ی داسەپاو و زۆرەملی بۆ دۆخێک که زیاترین پتانسییەلی شۆڕشگێرانه له ماسوولکه و دەمار و ئێسقانی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریبەخشدا بۆ وە جووڵە کەوتن و وە جووڵە خستن پاشەکەت کراوە. لەم پێناسەیەدا ڕاسان بریتییە له گەیشتن به شێوازێک له هەڵسووڕان و ڕێکخستنی حیزبی کە زیاترین «سەرمایەی شۆڕشگێرانه » بۆ بزووتنەوەی کوردی دابین بکا.

چییەتیی ڕاسان

تێگەیشتن لە خودی چەمکی ڕاسان و بەدەستەوەدانی پێناسەیەک لەم چەمکه هەتا ڕادەیەکی زۆر بۆ ئاڕاستە کردنی هێز و توانای فیکری و سیاسی و چەکداری لەم پێناوەدا یاریدەمان دەدا. ڕەنگه تێگەیشتنێکی سەرەتایی و نەمەییو لە ڕاسان لەگۆڕێدا بێ که لە بنەڕەتدا دامەزراو لەسەر نۆستالژیایەکی کوردانه له بیرەوەریی ئامادە بوونی پێشمەرگه لەناوخۆدا و بەڕیوەبردنی ئۆپەراسیۆنی قارەمانانه به دژی هێزی دوژمن بێ. لەڕاستیدا ئەم بیرەوەرییە هەتا ڕادەیەکی زۆر پێوەندیی به هەست و سۆزی نەتەوایەتیی مرۆڤی کوردەوە هەیە. بەڵام دەبێ پێداگری لەسەر ئەو ڕاستییە بکەین که ڕاسان لە پلەی یەکەمدا پڕۆژەیەکی دامەزراو لەسەر شیکارییەکی عەقڵانییە و ئەگەرچی ڕەنگه وڵامی هەندێک پێویستیی سۆزدارانەی کاراکتێری کوردی ئەم سەردەمەش بداتەوە بەڵام لایەنه عەقڵانییەکەی دەکەوێتە پێش لایەنی سۆزدارانەی.

لەم تێگەیشتنە سەرەتاییەدا ڕاسان بریتییە له هاتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و تێکهەڵچوونی چەکدارانەی ئەم هێزە نەتەوەییە لەگەڵ هێزی سەربازیی کۆماری ئیسلامی و خوڵقاندنی حەماسەی ئەوتۆ که بکرێ به شانازییەوە بگێڕدرێتەوە. لە دەربڕینێکی سادە و کورتدا به گوێرەی ئەم پێناسەیە، ڕاسان بریتییە له دەست پێ‌کردنەوەی خەباتی چەکداری به دژی هێزه سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستاندا.

ئەوەی ڕاستی بێ ڕەنگه ڕاسان ئەم وەسفەش لەخۆی بگرێ و دەست پێ‌کردنی ڕاسان لە دیارترین دەرکەوتەی خۆیدا له دەست‌پێ‌کردنەوەی ئۆپەڕاسیۆنی هێزی پێشمەرگەدا خۆی وە دیار بخا، بەڵام پێناسە کردنی ڕاسان بەم شێوەیە، هەم دابەزاندنی پڕۆژەیەکی گرینگ و بەربڵاو بۆ دەرکەوتەیەکی ڕووکەشی حەماسی لە ئاستی پێناسە کردن دایه و هەم ئەستاندنەوەی ڕادەیەکی زۆر لە جەوهەر و دینامیزمی ڕاستەقینەی ئەم پڕۆژەیە لە ئاستی دامەزراندن و بەڕێوە بردنی پراتیکیی پڕۆژەکەدایه.

ڕاسان له جەوهەری خۆیدا بریتییە لە تێپەڕین لە فیگۆر و ئارایشێکی ڕێکخراوەیی و سیاسیی و دیسکۆرسیکی کەمتر چالاک بۆ فیگۆڕێکی چالاک و هەڵسووڕ و شوێندانەر. ئەگەرچی ڕاسان بۆی هەیە “کردەوە”  و “ئۆپەڕاسیۆن”ی بەرچاویشی بەدوادا بێ بەڵام ڕاسان زیاتر لەوەی لە شێوە کردەوەیەکی تایبەتدا پێناسەی بۆ بکرێ لە دەست خستنی چەشنه “ئامادەیی”یەکی تایبەت و جۆره توانا و پتانسییەلێکی شۆڕشگێرانەی تایبەتدا دەناسرێتەوە. ڕاسان بریتییە لە وەدەست هێنانێ پتانسییەل و توانایییەکی سیاسی و ڕێکخراوەیی و دیسکۆرسیکی ئەوتۆ که هەردەم بۆی هەبێ ببێ به جووڵە و ئاکسیۆنێکی دیار، بەڵام ئەگەر به هەر هۆیەک به شێوەیەکی کاتی نەشبوو به جووڵه، لە ڕاستیدا جەوهەر و ماهییەت و دینامیزمەکەی هەر لەجێگای خۆیەتی.

حەز دەکەم باسەکە به هێنانەوەی نموونەیەکی سادە ڕوون بکەمەوە. وای دابنێین وەرزشکارێک ساڵێکی ماوە هەیە هەتا به داڕشتن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵێک پرۆگرامی تایبەت به ڕاهێنانی چڕوپڕ و رێکخستنی شێوازێکی لەبار بۆ ژیانی ڕۆژانه، ئامادەیییەکی جەستەییی تایبەت بۆ گەیشتن به پلەی قارەمانێتی وەدەست بهێنێ. ئەم وەرزشکارە لە ماوەی ئەم یەک ساڵەدا هەموو ڕاهێنانەکانی بە شێوەیەکی شێلگیرانه بەڕێوە دەبا و شێوازی ژیانی ڕۆژانەی به چەشنێک دەگۆڕێ که لەگەڵ دۆخی وەدەست هێنانی پلەی قارەمانێتیدا گونجاو بێ و لە کۆتاییی ساڵە دیاریکراوەکەدا باری جەستەییی ئەو وەزشکارە لەچاو ساڵی پێشوو گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بەخۆیەوە دەبینێ که لە ڕوانگەی پسپۆرانی بواری وەرزشەوە ئەو کەسە بکرێ وەک کاندیدایەکی جیددی وەدەست هێنانی پلەی قارەمانێتی حیسابی لەسەر بکرێ. لەم دۆخەدا تەنانەت ئەگەر پێشبڕکێ وەرزشییەکەش بە هەر هۆیەک بەڕێوە نەچێ یان دوا بکەوێ، ئەو کەسە وەک وەرزشکارێکی جیددی و کارامە و پسپۆر چاوی لێ دەکرێ و هەر کاتێکیش بواری کاری پراتیک و خۆنیشاندان لە مەیدانی کردەوەیدا بۆ ڕەخسا، ئەو وەرزشکارە به کردەوە تواناییەکانی خۆی نیشان دەدا. لەم نموونەیەدا ئەوەی گرینگه گۆڕینی شێوازێک لە ژیانی ڕۆژانەیە که تایبەت به کەسێکی ئاسایی و مام‌ناوەندییە بۆ دۆخ و شێوازێک که هەموو جۆرە ڕاهێنان و خواردن و خەو و هەستان و دانیشتنی وەرزشکارەکە لە خزمەتی وەدەست هێنانی چەشنه توانست و ئامادەیی و هێز و کارامەیییەکه که ئەو کەسە بکا به یەکێک لە شانسەکانی قارەمانی.

ڕاسان لەڕاستیدا بریتییە له گۆڕینی شێوازی ڕێکخستن و هەڵسووڕانی سیاسی و تەشکیلاتی و چەکداری به چەشنێک که زیاترین پتانسییەلی شۆڕشگێرانه و توانستی سیاسی لە جەستەی فیزیکیی حیزب‌ و له مێشکی بیرکەرەوە و دیسکۆرس‌خولقێنی تەشکیلاتدا پاشەکەوت بکا هەتا لە کات و ساتی پێویستدا ئەو پتانسییەلە ببێ به جووڵە و دینامیزمی خەباتێکی بەربڵاوی جەماوەری. ئەگەر ئاوا چاو لە ڕاسان بکەین، گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوخۆ و دەست‌پێ‌کردنەوەی بەرخۆدانێ چەکداریش دێتە ناو پێناسەی ڕاسان، بەڵام پڕۆژەی بەربڵاوی ڕاسان ئەوەندەی چەند ئۆپەڕاسیۆنێکی چەکدارانە و چەند جەولەیەکی هێزی پێشمەرگه لەناوخۆی کوردستاندا بەرتەسک نابێتەوە.

لەم پێناسەیەدا ڕاسان بریتییە له تێپەڕین لە دۆخێکی “ستەندبای”ی داسەپاو و زۆرەملی‌ بۆ دۆخێک که زیاترین پتانسییەلی شۆڕشگێرانه له ماسوولکه و دەمار و ئێسقانی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریبەخشدا بۆ وە جووڵە کەوتن و وە جووڵە خستن پاشەکەت کراوە. لەم پێناسەیەدا ڕاسان بریتییە له گەیشتن به شێوازێک له هەڵسووڕان و ڕێکخستنی حیزبی کە زیاترین “سەرمایەی شۆڕشگێرانه” بۆ بزووتنەوەی کوردی دابین بکا. لەڕاستیدا ئێمە سەرمایەی شۆڕشگێرانه بەم شێوەیە پێناسە دەکەین: سەرمایەی شۆڕشگێرانه بریتییە له بەکار هێنانی هەموو جۆرەکانی سەرمایە (سەرمایەی کۆمەڵایەتی، سەرمایەی فەرهەنگی، سەرمایەی ئابووری و سەرمائەی سیمبۆلیک) لە پێناو خەباتی جەماوەریدا.   “سەرمایەی شۆڕشگێرانه” له دوو قۆناغدا خۆی دەبێنێتەوە: ١ـ پتانسییەلی وەجووڵه کەوتنی خودی حیزب ٢ـ پتانسییەلی وە جووڵه خستنی کۆمەڵگا و شەقامی سیاسی لەلایەن حیزبەوە.   

لەم پێناسەیەدا حیزب و کۆمەڵگا پێوەندییەکی دوولایەنەیان پێکەوە هەیە. واته حیزب لە لایەکەوە وزە دەبەخشێ به کۆمەڵگا و لەلایەکی دیکەوە وزەی لێ وەردەگرێ و لەم ڕێگایەوە به باشترین شێوە سەرمایە هەمەچەشنەکان دەبن به سەرمایەی شۆڕشگێڕانه. ئەو دوو قۆناغه لەڕاستیدا تێک تەنراون و زەحمەتە بتوانین بڵێین کامەیان دەکەونه پێش کامەیانەوە. بۆ نموونه با وای دابنێین ڕیزبەندیی قۆناغەکان وا لەبەر چاو دەگرین که حیزب سەرەتا وزەی شۆڕشگێڕانه له کۆمەڵگا وەردەگرێ و لە هەنگاوی دواتردا وزەی خەباتکارانه دەدا به هەمان کۆمەڵگا. بەڵام هەر لە قۆناغی یەکەمیشدا ئەم وزه شۆڕشگێڕانەیە له کۆمەڵگایەک وەردەگرێ که خۆی دەیان ساڵه به شێوەی نابەرهەست و پەنامەکی وزەی خەباتکارانەی پێ بەخشیوە و دیسکۆرسی بزووتنەوەی بەسەردا بڵاو کردووەتەوە. وزەی سیاسی لە کۆمەڵگایەک وەردەگیرێ که پێشتر لەڕووی سیاسییەوە هەتا ڕادەیەکی باش پیتێندرابێ. واته کۆمەڵگا وەک بانکێک وایه که کاتێک دەکرێ پارەی لێ بەرداشت بکرێ که پێشتر پارەی لێ پاشەکەوت کرابێ. کەوابوو کاتێک ئێمە دەڵێین حیزب وزه لە کۆمەڵگا وەردەگرێ، دیارە کۆمەڵگا، کۆمەڵگایەکی نائامادە و خاو و ناسیاسی نییە و پێشتر وزەیەکی شۆڕشگێڕانەی تێدا پاشەکەوت کراوە. بەشێکی زۆر لە سیاسی بوونی کۆمەڵگا و وزەی پاشەکەوت‌ کراویشی هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مێژووە خەباتکارانەیە که بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد لە سەدەی ڕابردوودا پێی بەخشیوە. بەم شێوەیە سەرمایەی شۆڕشگێڕانه ڕوو لە زیاد بوون دەکا و نافەوتێ. ڕەوتی زیاد کردنی سەرمایەی شۆرشگێڕانه لەو حالەتانەدا دەوەستێ که پێوەندیی نێوان حیزب و کۆمەڵگا یان لەلایەن حیزبەوە یان لەلایەن کۆمەڵگاوە بپچڕێ. دوو حاڵەت‌ دەکرێ گریمانه بکرێ. یەکەم ئەو حاڵەتەیە حیزبه پێشڕەوەکان کاری خۆیان بکەن بەڵام کۆمەڵگا بەهەر هۆیەک بێ به دەنگ ئەم حیزبانەوە نەیێ. دووەم ئەو حاڵەتەیە کۆمەڵگا هەڵسووڕ بێ بەڵام حیزبەکان لە مەیداندا نەمابن. بەڵام ئەم دوو حاڵەتانەش لە ڕاستیدا تەعبیر لە دۆخێکی گریمانەیی دەکەن ئەگینا هەم کۆمەڵگای هەڵسوور حیزبی خۆی دادەهێنێ، هەم حیزبی پێشڕەو دواجار کۆمەڵگا دەجووڵێنێ.

ئەم پێناسەیە لە حیزب، هەم خاڵی هاوبەشی لەگەڵ پێناسەی چەپی ئۆرتۆدۆکس لە حیزب هەیە هەم جیاوازیشی لەگەڵ هەیە و لێی تێ‌دەپەڕێنێ. خاڵە هاوبەشەکەی لەمەدایه که پێشڕەو بوون و خەباتکار بوون و ڕادیکاڵ بوونی حیزب گرینگیی پێ دەدرێ. به گوێرەی ئەم ڕوانگەیە حیزبی پێشڕەو و تەشکیلاتی تۆکمه ناکرێ لە ڕەوتی خەبات پشت‌گوێ بخرێن. لەم پێناسەیەدا ڕادیکاڵ بوونی حیزب بە مانای زێدەرۆیی و دابەزاندنی خەباتی حیزبی بۆ کاری توندوتیژ نییە. بەگوێرەی ئەم پێناسەیە حیزب بەم مانایە ڕادیکاڵه که له هەموو دەرەتانەکانی خەبات کەڵک وەردەگرێ و هەموو شێوازە گونجاوەکان بۆ بەرهەم هێنانی سەرمایەی شۆڕشگێرانه لە جۆرەکانی دیکەی سەرمایه لەکار دەکا. واته حیزب پەکی هیچ کام لە دینامیزمەکانی بۆ وە جووڵه کەوتن و وە جووڵه خستن ناخا. ڕادیکاڵ بوونی حیزب بەم مانایەیە که حیزب لەگەڵ دیسکۆرسی شۆڕشگێڕانه لە ئاستی جیهانیدا پێوەندییەکی پتەو و ئۆرگانیکی هەبێ و لێهاتوویی ئەوەی ببێ تەنانەت بیری تازەش به دیسکۆرسی شۆڕشگێڕانەی ئەنترناسیۆنالیستی زیاد بکا و تیۆریی نوێی بۆ هەناردە بکا. ڕادیکاڵ بوونی حیزب لەمەدا خۆی دەبینێتەوە کە بزووتنەوەی ئێمە ئاڵاهەڵگری میسیانیزم و مەوعوودگەرایییەکی سێکۆلار و مۆدێڕن لەسەر بنەمای دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دادپەروەرانه بێ کە لە پلەی یەکەمدا بۆ مرۆڤی کوردی سەردەم و لە پلەی دواتردا بۆ هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز له هەر شوێنێکی جیهان سەرنجڕاکیش و ئیلهام‌بەخش بێ و ئەم کۆمەڵگا نموونەیەش له کوردستانێکدا که هەر بەتەنیا مافی نەتەوەییی گەلی کوردی تێدا وەدی هاتووە نابینێتەوە بەڵکوو سەرەڕای خەبات بۆ وەدی هێنانی مافی نەتەوایەتی، ئەم میسیانیزمه لە بەرپاکردنی کۆمەڵگایەکدا دەبینێ کە بۆ هەموو هێزه ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان لە ئاستی جیهانیدا نموونه بێ.

بەڵام جیاوازییەکەی لەگەڵ حیزبی پێشڕەو له دیسکۆرسی چەپی ئۆرتۆدۆکس لەمەدایه که جگه لەوەی وزە دەبەخشێ به کۆمەڵگا و ڕابەرایەتیی دەکا، وزەشی لێ وەردەگرێ و لە زۆر حاڵەتدا خودموختاریی کۆمەڵگای له هەندێک بواری وەک بواری فیکر و ئەندیشە لە لا گرینگه و ڕێزی بۆ دادەنێ.

لە دیسکۆرسی ئۆرتۆدۆکسدا حیزب چەرخ‌دەندەیەکی چکۆڵەیە که به جووڵەی خۆی چەرخ‌دەندەی گەورەی کۆمەڵگاش دەجووڵێنێ. واته جووڵەکە لەبنەڕەتدا هی چەرخ‌دەندە چکۆڵەکە واته حیزبه که به هۆی جووڵانەوەی ئەوەوە کۆمەڵگاش وە جووڵه دەکەوێ. بەڵام لەم پێناسەیەی ئێمەدا حیزب و کۆمەڵگا لەڕاستیدا هەر دووکیان چنراوەی کروتەونێکی واحیدن و تێک تەنراون. وزه لێک وەردگرن و وزە پێک زیاد دەکەن. حیزب و کۆمەڵگا وەکوو هەور و دەریا لە ئەتمۆسفێری عەرزدان؛ هەور بەسەر دەریادا دەبارێ و ئاوی دەریاش هەمیسان دەبێتەوە به هەڵم و هەورەکان ئاوس دەکاتەوە. ئەم سیکله لەهەر لایەکەوە چەتی تێ بکەوێ ویشکەساڵی ڕوو دەدا.

خوازەی چەرخ‌دەندەی چکۆڵە که چەرخ‌دەندەی گەوره وەجووڵه دەخا یان مۆتۆری چکۆڵە که مۆتۆڕی گەورە وەکار دەخا وەبیر هێنەرەوەی نامیلکەیەکی بەنێوبانگ له مەسعوودی ئەحمەدزادە، یەکێک لە بناغەدانەرانی فیداییانی خەڵقی ئێران، لە سەردەمی پەهلەویدایه. ئەحمەدزاده لە نامیلکەیەکدا بەناوی “خەباتی چەکدارانە، هەم تاکتیک و هەم ستراتێژی” باسی ئەوەی کرد که خەباتی پارتیزانی وەکوو داینەمۆیەکی چکۆڵە وایه کە داینەمۆیەکی گەورە (زۆرینەی کۆمەڵگا) وەکار دەخا. واته هەتا ئەو داینەمۆ چکۆڵەیە وەکار نەکەوێ داینەمۆ گەورەکە ناکەوێته گەڕ. ئەم گوتەیە لە پێش‌گریمانەیەکەوە سەرچاوە دەگرێ. ئەم پێش‌گریمانەیە له نامیلکەیەکی دیکه کە هاوسەنگەرێکی ئەحمەدزاده واته ئەمیر پەرویز پوویان نووسیبووی، باسی لەسەر کرابوو. پوویان پێی وابوو پڕانی کۆمەڵگا لەوپەڕی بێ‌هێزی و بێ‌هەڵوێستیدایه و به بێ ڕاپەڕینی چەکدارانەی هێزێکی شۆڕشگێر کۆمەڵگا هەر لەم خەوە قورسەدا دەمێنێتەوە.

ناوی نامیلکەکەی ئەمیر پەرویز پوویان “پێویستیی خەباتی چەکدارنه و ڕەت‌کردنەوەی تیۆریی مانەوە” بوو. پوویان لەم نامیلەکەیەدا هێرشی کرده سەر ئەو کەسانەی هەر بەتەنیا بڕوایان به تێکۆشانی سیاسی هەیە و خۆیان لە خەباتی چەکداری دەبوێرن. پوویان پێی وابوو ئەم حاڵەتە بریتییه له پاسیڤ بوون لەسەر بنەمای “تیۆریی مانەوە”؛ واته بێ‌هەڵوێستی و پاسیڤ بوون لەپێناو درێژە دان بە ژیان. پوویان لەم نامیلکەیەدا دوو جەمسەری ڕەهای لە بەرانبەر یەک دانابوو: یەکیان جەمسەری حکوومەت بوو کە ئەوپەڕی زەبروزەنگ دەنوێنێ و بەوپەڕی توندوتیژییەوە هێزی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنێ. جەمسەرەکەی دیکەش زۆرینەی کۆمەڵگا بوو کە لەبەرانبەر دەسەڵاتی ڕەهای حکوومەتدا لە حاڵەتی بێ‌هێزی و بێ‌دەسەڵاتیی ڕەهادا بوو. لە ڕوانگەی پوویانەوە ئەم کەش‌وهەوا ڕاوەستاو و گەندەڵە به هۆی خەباتی چەکدارییەوە تێک دەشکا.[1]

لە ڕوانگەی پوویانەوه بنەمای سەرەکی تیۆریی مانەوە “دەست نەوەشاندن”ه. بەگوێرەی تیۆریی مانەوە “ئەگەر دەمانەوێ بمێنینەوە، دەبێ لە دەست وەشاندن خۆمان بپارێزین”. پوویان دەڵێ پێچەوانەی ئەو گوتەیە ڕاسته؛ واته: “ئەگەر دەمانەوێ بمێنینەوە، دەبێ دەست بوەشێنین”[2] ئەگینا تێدا دەچین.

مەسعوود ئەحمەدزاده بەگوێرەی ئەم پێش‌گریمانەیەی ئەمیرپەرویز پوویان که دەڵێ کۆمەڵگا لە حاڵەتی پاسیڤ بوونی ڕەهادایه، دەڵێ گۆمی مەندی بێ‌جووڵەییی کۆمەڵگا بەهۆی خەباتی چەکدارییەوە دەشڵەقێ و بەم شێوەیە داینەمۆی چکۆلەی هێزی چەکداری شۆڕشگێڕ، داینەمۆی گەورەی کۆمەڵگا وەگەڕ دەخا.

یەکەمین جیاوازیی گرینگی خەباتی چەکداری لە کوردستاندا، هەم له قۆناغی کلاسیکدا و هەم لە قۆناغی تازەی ڕاساندا لێرەدا خۆی دەنوێنێ.

لە کوردستاندا هەرگیز خەباتی چەکداری “هەم وەکوو تاکتیک و هەم وەکوو ستراتێژی” چاوی لێ نەکراوە. بەگوێرەی تیۆرییەکانی دکتۆر قاسملوو، خەباتی چەکدارانە لە کوردستاندا بەشێک لە پڕۆسەی سیاسەت کردنی ئەم بزووتنەوەیە بووە، واته خەباتی چەکداری لەلای ئێمە تاکتیک بووە نەک ستراتێژی.

لە لایەکی دیکەوە لە قۆناغی نوێی خەباتی چەکداری واته لە قۆناغی “ڕاسان”دا کۆمەڵگا هەرگیز وەکوو جەمسەری ڕەهای پاسیڤ بوون چاوی لێ ناکرێ. ئاراستە گشتی له ڕاساندا بریتییە له “لێک گرێ دانەوەی خەباتی شار و شاخ”. ئەم ئاراستەیە لەسەر ئەم پێش‌گریمانەیە دامەزراوە که کۆمەڵگا ـ کە لێرەدا به خوازەی شار ناوی لێ هاتووە ـ خاوەنی هێزێکی ڕەسەنی زۆروزەوەنده. (چەمکی”شار” لێرەدا لە بەرانبەر چەمکی “دێ”دا نەهاتووە، بەڵکوو لە بەرانبەر چەمکی “شاخ”دا هاتووە. چونکه “دێ” لە خەباتی کوردستاندا له کۆنەوە دەورێکی زۆر حاستەمی هەبووە. لە تەعبیری خەباتی شار و شاخدا مەبەست لە “شار” هەموو ئەو دەرەتانه مەدەنییانەن کە به‌هۆی خەڵکی سیڤیلەوە ــ چ خەڵکی شار بن و چ خەڵکی دێ ــ چالاک دەبن. مەبەست لە شاخیش کۆی ئەو دەرەتانه سیاسی و شۆڕشگێرانەیەن کە بەهۆی ئەحزابی پێشەنگ و خەباتکارەوە چالاک دەبن).

لە ڕوانگەی ئێمەوە، کۆمەڵگا چەرخ‌دەندەی گەورەی ڕاوەستاو نییە که دەبێ به هۆی چەرخ‌دەندەی چکۆڵەی خەباتی چەکدارییەوە بکەوێتە گەڕ. بەڵکوو ئەم دووانه دوو چەرخ‌دەندەن که بە شێوەی فیدبەک لە یەکتر سووتەمەنی وەردەگرن و وزەی شۆڕشگێڕانه دەبەخشن به یەکتر. لەسەر بنەمای ئەم ڕوانگەیە به حەزف کردنی جەمسەری “شار” هەر لە بنەڕەتدا “سەرمایەی شۆڕشگێڕانه” بەرهەم نایێ.

ئەوەی راستی بێ هەم ئەمیر پەرویزی پوویان و هەم مەسعوودی ئەحمەدزاده لە بۆچوونەکانیاندا لەژێر کارتێکردنی تیۆرییەکانی بیرمەندێکی شۆڕشگێڕی مارکسیست بەناوی “ڕێژی دێبرێ”دا بوون. دێبرێ ڕووناکبیرێکی چەپی فەرانسەوی بوو که هاوڕێی چێ گیڤارا و فیدل کاسترۆ بوو. کتێبێکی دێبرێ بەناوی “شۆڕش لە ناو شۆڕشدا” سەرچاوەی ئیلهامی کەسانێکی وەک پوویان و ئەحمەدزادە بوو.

چاوپێداگێڕانەوە و شرۆڤە کردنی تیۆرییەکانی دێبرێ و چۆنیەتی کەڵک وەرگرتنی ڕووناکبیرانی ئێرانی لە تیۆرییەکانی دێبرێ لە کاتی شەڕی چەکدارییەوە لە سەردەمی پەهلەویدا هەتا ڕەتکردنەوە و شەرمەزار کردنەوەی بزووتنەوەی چەکداری و خەباتی ڕادیکاڵ لە سەردەمی ئیسلاحاتی کۆماری ئیسلامیدا، بۆ ڕووناکبیرانی خەباتکاری کوردی ڕۆژهەڵات یەکجار زۆر پێویسته.

ئەگەر ئێمەی کورد به شێوەیەکی مێژوویی و شیکارانه چاوێک له ڕەوتی گۆڕانکاریی سووژەی ڕووناکبیری چەپی ئێرانی لە سەردەمی پەهلەوییەوە هەتا چل ساڵ دوای کۆماری ئیسلامی بخشێنین، دەبینین ئەو سووژەیە لە بەرگری کردن له خەباتێکی چەکداریی کوێرانه لە سەردەمی پەهلەوییەوە گەیشتووە به داکۆکی کردن لە شێوە ڕێفۆرمێکی نەزۆک و بێ‌بڕست لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا. ڕووناکبیری چەپی ئێرانی که لە سەردەمی پەهلەویدا بڕوای به خەباتی چەکدارانە هەبوو، کۆمەڵگای وەکوو هەڕەمەیەکی زەبەلاحی بێ‌جووڵه و ناڕەسەن دەدیت که دەبوو به هۆی هێزێکی ڕادیکاڵی شۆڕشگێرەوە وە جووڵه بکەوێ. هەمان سووژەی شۆڕشگێر لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا هێندە بەرەو سووژەیەکی پاستۆریزه و سانتی‌مانتاڵ هەڵخلیسکا که بێزی لە هەر چەشنه خەباتێکی شۆڕشگێڕانە دەبێتەوە و بەرەوڕوو بوونەوەی ڕادیکاڵ لەگەڵ سیستمی دڕندەی کۆماری ئیسلامی به “توندوتیژی” حیساب دەکا. ئەم سووژەیە ـ کە لەو جەمسەرەوە هەڵخلیسکاوە بۆ ئەم جەمسەرە ـ هەم نموونەی تێکۆشەری سیاسیی هەیە (وەک فەڕڕوخی نیگەهدار) هەم نموونەی نووسەر و ڕووناکبیری هەیە (وەک بابەکی ئەحمەدی). ئەم کەسانەی لێرەدا ناویان هات لەڕاستیدا هەر دوو ناو نین لەناو هەندێک ناوی زۆروزەوەندی دیکە. ئەوانه دوو کەسی تیپیکاڵ لە سووژەی تێکۆشەری ئێرانین کە لە چەپێکی خەست و ئۆرتۆدۆکسەوە هەڵخلیسکاون بۆ ڕیفۆرمخوازییەکی حکوومەتیی ئەستێور و بێ‌جەوهەر.

ئەگەر مەیلی ئۆرتۆدۆکسی ئەو سووژەیە بەر له شۆڕشی ساڵی پەنجا و حەوت لە نامیلکەکانی پوویان و ئەحمەدزادەدا خۆی دەردەخا، مەیلی کوێر کردنەوەی هەر مۆدێلێک بۆ خەباتی شۆڕشگێڕانه لەلایەن سووژەی ڕووناکبیری ئێرانییەوە به زەقترین شێوەی خۆی، لە ژمارەی ١٢ی گۆڤاری “اندیشه پویا”دا به دیار دەکەوێ که تەرخان کراوە به شەرمەزار کردنەوەی بێ‌ئەم‌لاوئەولای هەر چەشنه خەباتێکی شۆڕشگێڕانه. ئەم ژمارەیەی “اندیشه پویا” لە مێژووی ڕووناکبیریی ئێرانیدا گرینگییەکی لەڕادەبەدەری هەیە.

لەم گۆڤارەدا بە بیانووی خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی مێژووی جەریانی چەپ بەر لە شۆڕشی ٥٧، دروستی و شوێندانەر بوونی هەر چەشنه خەباتێکی شۆڕشگێرانه لە داهاتووشدا ڕەت دەکرێتەوە. سەردێڕی ئەم ژمارەیە بریتی یه لە “فداییان جهل”. دیارە ئەم سەردێڕە لە پلەی یەکەمدا ئاماژەی بۆ ڕێکخراوی فەداییانی خەڵق دەکرد و لە پلەی دووەمدا هەموو ئەو کەسانەی کە بڕوایان به خەباتی شۆڕشگێڕانە هەیە به نەزان و گەمژه و کاڵفام ناو دەهێنا. هەر لە دووتوێی ئەم باس‌وخواسانەدا بوو که ڕووناکبیرێکی ناوبەدەرەوەی وەک بابەک ئەحمەدی که بەر له شۆڕش داکۆکی لە خەباتی شۆڕشگێڕانە دەکرد، تۆبه و شەرمەزاریی خۆی لەم ڕابردووە به ئاشکرا ڕاگەیاند. ئەم باس‌وخواسانه بە ئاشکرا تەعبیریان لە چەشنه وەرچەرخانێکی پارادایمی لەناو ڕووناکبیرانی ئێرانیدا دەکرد.

ڕاستییەکەی ئەوەیە سەرەڕای هەموو ئەو پێوەندییانەی ڕووناکبیری کوردی ڕۆژهەڵات لەگەڵ جەریانی ڕووناکبیریی ئێرانیدا هەیەتی، تێگەیشتنی ڕووناکبیری کورد هەم لە خەباتی چەکداری و هەم لە خەباتی ڕیفۆرمیستی جیاوازیی بنەڕەتی و جەوهەریی لەگەڵ تێگەیشتنی ڕووناکبیری فارسدا هەیە و هەبووە. ئێمە نە لە ڕابردوودا وەکوو ستراتێژی چاومان له خەباتی چەکداری کردووە، نە ئێستاش پێمان وایه بەرخۆدانی شۆڕشگێڕانە تابۆ و حەرامێکی سیاسییە. ئێستاش که ڕیفۆرمخوازیی حکوومەتی به جووڵەیەکی ئەستێور دەزانین، وا نییه بڕوامان به خەباتی مەدەنیی شوێندانەر نەبێ. بەڵام ئەوەی تێگەیشتنی ئێمە لە خەباتی مەدەنی له تێگەیشتنی بەشێک لە ڕووناکبیرانی ئێرانی و لە ئیسلاح‌تەڵەبی جیا دەکاتەوە ئەوەیە که ئێمە هۆی نەزۆک بوونی ڕیفۆرمخوازی دوای دووی جۆزەردانی ١٣٧٦ دەگێڕینەوە بۆ دانانی داینەمۆی ئەو جووڵەیە لەناو خودی ستراکتۆری ڕێژیمی ئیسلامیدا. دواتر ئەو بابەتە بەتەسەلی شی دەکەینەوه، ئێستا ئاوڕێکی دیکە لە ڕێژێ دێبرێ و تیۆرییەکانی و چۆنیەتیی شوێندانانی لەسەر سووژەی ڕووناکبیری ئێرانی هەم لە سیما چالاکەکەیدا و هەم لە سیما پاسیڤەکەیدا دەدەینەوە.

هەر وەک باسمان کرد کتێبێکی دێبرێ کە بە خەستی کاری کردە سەر بزووتنەوەی چەکداری لە ئێران بریتی بوولە “شۆڕش لە ناو شۆڕشدا”. زۆریەک لە تیۆرییەکانی نامیلکەکانی پوویان و ئەحمەدزاده، وەرگێڕدراوی ڕستەکانی ئەو کتێبەی دێبرێ بوون. ئەو خەباته چەکدارییەی لە ئاخروئۆخری دەیەی چلی هەتاوی لە سیاهکەلەوە دەستی پێ کرد و دواتر هەتا ڕادەیەک کێشرایه ناو شارەکانی ئێران، شوێنیان لەو نامیلکانەوە وەردەگرت. بەڵام دێبرێ دواتر کتێبێکی دیکەی نووسی کە لە حوکمی پەشیمان بوونەوە لە کتێبەکەی پێشووی واته “شۆڕش لەناو شۆڕشدا”بوو. ناوی کتێبی دواتری دێبرێ “ڕەخنە گرتن لە چەک” بوو. دێبرێ لەم کتێبەیدا بۆچوونەکانی خۆی دەرحەق به داکۆکی کردن لە خەباتی چەکداریی بەتەواوی ڕەت کردەوە. یەکەمین ڕووناکبیری چەپی ئێرانی کە بەئاشکرا شوێن‌وەرگرتنی خۆی لە کتێبی دووەمی دێبرێ دەرخست محەممەدی موختاری بوو. موختاری لە قەتڵه زنجیرییەکاندا وەبەر هات و بەهۆی مەئموورانی کۆماری ئیسلامییەوە گیانی لێ ئەستێندرا. موختاری لە کتێبێکی خۆیدا (انسان در شعر معاصر) خەباتی چەکداری ڕەت کردەوە و هەڵیکوتایه سەر ئەحمەدی شاملوو وەک شاعیر و ڕووناکبیرێک که بڕوای بەم چەشنه بزووتنەوەیە هەیە و به شێعرە حەماسییەکانی بڕەو به خەباتی چەکداری دەدا. موختاری لەم هەڵکوتانەیدا ناوی کتێبی دووەمی دێبرێی هێنا و جگە لە شاملوو خەباتکارانی شۆڕشگێڕی بەر لە شۆڕشی ٥٧یشی بە خەتابار زانی.

شاملوو کاتێک ئەو کتێبەی موختاریی خوێندبووەوە گوتبووی خۆزیا موختاری هەر بەتەنیا غەدری لە من کردبا بەڵام غەدری لەو خەباتکاره لەخۆبوردوو و گیان‌بەخت‌کردووانه نەکردبا. بیست ساڵ دوای ئەم نووسینەی موختاری هەر لەم گۆڤارەی “اندیشە پویا”دا چەندین وتار نووسران کە شاملوویان وەک کەسێکی فێڵباز و درۆزن شەرمەزار دەکردوە. ئەوە نیشانی دەدا کە بەشێک لە ڕووناکبیرانی ئێرانی ڕاشکاوانه بڕیاریان داوە تەنانەت بە نرخی ڕەش کردنەوەی ناوی ناودارانی خۆشیان بێ،  نەهێڵن بیرۆکەی خەباتی شۆڕشگێڕانه لە ئێرانی ئەمڕۆدا پەرە بستێنێ.

دەکرێ بڵێین مێژووی تێگەیشتنی ڕووناکبیری چەپی ئێرانی لە چەمکی خەبات ـ لە یەکێک لە خەتەکانی خۆیدا ـ و لە ماوی شێست ساڵی ڕابردوودا لە کتێبی یەکەمی دێبرێوە دەستی پێ کرد و گەیشت به کتێبی دووەمی دێبرێ. ئەوە داستانی هێڵێک لە پانتاییی سیاسەت و ڕووناکبیریی ئێرانیدا بوو که به حەماسەوە دەستی پێ کرد و به تراژێدی دڕێژەی کێشا و بە داڕمانێکەوه کۆتایی پێ‌هات.

یەکێک لە دەلالەتەکانی ڕاسان ئەوەیە که سووژەی ڕووناکبیر و سیاسیی کورد به شێوەیەکی سەربەخۆ چاو لە پێداویستییەکانی خەباتی ئازادیخوازانەی کوردستان دەکا و ئەو نوسخەیەیەی لە تاران و لە ناوەندەکانی پێوەندیدار به دەزگا حکوومییەکان بۆ شێوازی خەباتی سیاسی دەپێچرێتەوە، لە کوردستاندا به وڵامدەر نازانێ. سووژەی سیاسی و ڕووناکبیری کورد هەم لە سەردەمی پەهلەویدا و هەم لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا شێوەی خەباتی خۆی به گوێرەی داخوازییەکانی هەل‌ومەرجی کۆمەڵگای خۆی دیاریی کردووە و دیاری دەکا. ئەو نوسخەیەی ناسیۆنالیزمی ناوەندخواز لە تارانەوە یان تەنانەت لە پێگەی ئۆپۆزیسیۆنەوە بۆ کوردستانی بەڕێ دەکا بێ‌ هیچ دڕدۆنگییەک بۆ ئەستاندنەوەی جەوهەری شۆڕشگیڕانە و پتانسییەلی خەباتکارانەی بزووتنەوەی کورد گەڵاڵه کراوە. ڕاسان بەم پێش‌گریمانەیەوە گەڵاڵەی بۆ دادەڕێژرێ، کە ئێمە دەبێ خۆمان نوسخەی خەباتی خۆمان بپێچینەوە. 

[1]مازیار بهروز، شورشیان آرمانخواه، ناکامی چپ در ایران، تهران، انتشارات ققنوس، ص ١٠٧

[2]هوشنگ ماهرویان، رژی دبره و انقلاب کوبا، شهروند، شماره ٥٥، تیرماه ١٣٨٧

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان