ئارامتر بخوێنەوە!

ڕزگاریی ژن لە دەلاقە جیاجیاکانەوە

ساماڵ ڕۆژهەڵات

لە فەلسەفەی سیاسیی هاوچەرخدا، پرسی سوبژکتیویتەی ژن و ڕۆڵی ژنان لە زیستی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، مشتومڕێکی زۆری لێ کەوتووەتەوە. بیرمەندانی ڕەوتە جۆراوجۆرەکان، هەر یەکەو لە گۆشە نیگای خۆیەوە بۆ‌ ئەم پرسەیان ڕوانیوە و لەنگەریان لەسەر گرتووە، لەم نێوەدا ڕەوتە فکری و سیاسییەکانی ژن تەوەر(فێمێنیست)، جێگە و پێگەیەکی بەرچاویان بۆ خۆیان تەرخان کردووە و هەمووکات ئەم پرسیارە گرینگەیان ئاراستەی خۆیان و کۆمەڵگا کردووە کە چۆن دەکرێ ژنان هەلومەرجێکی بەرابەر دەگەڵ پیاوانیان بۆ بڕەخسێ؟
لە کاتێکدا‌ کە تێفکرینی مۆدێڕن،‌ بەرابەری و یەکسانیی ژن و پیاوی، بە یەکێک لە بەرچاوترین شێوەبیرکردنەوەکانی خۆی دەبینێ، ئەوە تەنیا وەک ژێست و فیگۆڕێک چاوی لێ دەکرێ و لەم قۆناخەشدا ژن بە ڕێژەی بەشداریی پیاوان لە ئەرکە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا بوونیان نییە و بەربەستیان لە پێشە و بە کورتی لە بەستێنی گشتیدا، خراونەتە پەڕاوێزەوە و دەرووی بەستێنی گشتییان لێ قۆرغ و پاوان کراوە.‌ لە کاتێکدا‌ بۆ بەشداری لە بەستێنی گشتیدا ناچار کراون لە “شوناس”ی ژنانە بەتاڵ بکرێن. کەوابوو، ڕزگاربوون لە داپڵۆسین و سەرکوت و وەدەستخستنی هەلومەرجی یەکسان دەگەڵ پیاوان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ بەشداریی تەواو لە گۆڕەپانی چالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بووەتە کەڵکەڵەی سەرەکیی ڕەوتە فکری و سیاسییە فێمێنیستییەکانی هاوچەرخ. ئەم ڕەوتانە، لەسەر بناخەی وڵامدانەوەیان بە پرسی سوبژێکتیویتەی ژن، دەتوانین بە چەندین دەستە دابەش بکەین:
ڕەوتێکی پاش پێکهاتەخوازی کە لە ژێر کاریگەریی “میشێل فۆکۆ”دان و خوازیاری بەرەنگاربوونەوەی ماکە پەراوێزخراوەکان بە تایبەتی ژنانن لە بەرابەر گوتار و دەسەڵاتی زاڵی پیاوانەدا. بەپێی بۆچوونی فۆکۆ، لە هەر شوێنێ دەسەڵات هەبێ، بەرەنگارییش بوونی هەیە. لە ڕوانگەی ئەو فێمێنیستانەی لە ژێر کاریگەریی شێوە بیرکردنەوەی فۆکۆدان، لە ڕێگەی پەیوەندیی دەسەڵاتی نێوان ژن و پیاودا کە هاوڕێ دەگەڵ بەرەنگاربوونەوەیە‌، دەرووی ئازادی بە ڕووی ژندا دەکرێتەوە‌. بەم پێیە، باشترین ڕێگەچارە بۆ لەکزیدانی گوتارەکانی پیاوسالاری، دەستەمۆنەبوونی ژنان و زەقکردنەوەی جۆرەکانی جیایی، واتە “ئەویتربوونە”.
لەولاشەوە، تاقمێکی تر لە بیرمەندانی پاش مۆدێڕن، وەک “بودریار”، لایان وایە کە بەرگریکردنی ژنان لە بەرابەر کۆمەڵگای داپڵۆسێنەردا، نە دەکرێ و نە ئاکامی ئەرێنیشی دەبێت و لایان وایە سووژە سەرکوتکراوەکان، بۆ درزتێخستنی حەقیقەتی خەیاڵیی سەرکوتکەر(پیاوان)، دەبێ بەشداری ناو گۆڕەپانە جیاجیاکان بن و بە ڕەفتارگەلی لۆژیکی، حەقیقەتی خەیاڵی پیاوسالارانە‌، لە مانا بەتاڵ بکەنەوە و هەڵیتەکێنن. تا بەم شێوەیە شاهیدی مردنی “ناحەقیقەت”ەکان، لە پڕۆسەیەکی مێژووییدا بن.
“ژاک دریدا”ش، لە ڕوانگەی پاش مۆدێڕنیستییەوە دەڕوانێتە پرسی ژن و لەم بوارەدا بە بۆچوونی پێکهاتەشکێنی، سەرنجی بەشێکی زۆر لە فێمێنیستە هاوچەرخەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. دریدا پێی وایە، ئاوەزتەوەریی پیاوانەی حاکم بەسەر شارستانییەتی ڕۆژئاوادا، هۆکاری سەرەکیی غیابی ژنە لە گۆڕەپانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا. بە باوەڕی دریدا ڕێگای ڕزگاریی ژن، لە نوێ داڕشتنەوەی دوانە لێکدژەکانە، بەم پێیە دەکرێ ئەوەی تا ئێستا سروشتی هاتووەتە بەرچاو، وەک باڵادەستیی پیاوان و ژێردەستیی ژنان، تێکبڕووخێندرێ و لە ئاکامدا بوونی ژنان لە پەراوێزەوە بگەڕێتەوە ناو ناوەندی ژیانی مرۆڤایەتی.
“گایاتری سی. سپیواک”، وەک فێمێنیستێکی دواکۆلۆنیاڵی، بۆچوونی پێکهاتەشکێنی و بونیاتنانەوەی دریدای بۆ ڕزگاریی ژنان لە جیهانی سێهەمدا بەکار بردووە. ڕێگەچارەی “سپیواک”، بۆ ڕزگاریی ژنانی جیهانی سێهەمی، سیاسەتی “زاتخوازیی سەلمێندراو”ە، کە لە سەرەتادا ژنان دەبێ لە جێگەی و پێگەی قورس و قایم و خاوەن هەلوێستدابن و ئەوجار دۆخی کۆلۆنیالیستیی پیاوانە، بنەماشکێنی بکەن. لە ڕاستیدا “سپیواک” دەیزانی تێکۆشانی بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوە، وەک ڕۆیشتن بەسەر خەنجەرێکی دووسەردایە، دەتوانێ تێکۆشانەکانی ژنان تووشی مەیین و ڕاوەستان بکات، هەربۆیە لای وابوو کە بۆ ڕزگاریی ژنان، سەرەتا دەبێ وردەشوناسی ناوچەییی ژنان بسەلمێندرێ و لەسەر بناخەی ئەو وردەشوناسانە، بۆ وێنە نەتەوە، زمان و …، گوتارە داسەپاوەکانی پیاوانە پێکهاتەشکێنی بکرێت.
یەکێکی تر لە بیرمەندانی دواکۆلۆنیاڵی کە سەرنجی بە پرسی ژنان داوە “هومی بهابها”یە، کە بە مێتۆدگەلی دەروونشیکارانە، ڕێگاچارەی ڕزگاریی ژنانی لە تەقلیدی کلتووری پیاوانەدا دۆزیوەتەوە و لای وایە تەقلید، ئەو هەلە بۆ ژنان دەڕەخسێنی تا لە پێکهاتەی زەینی – زمانیی سەرکوتکەردا بەشداری بکەن و بە پێی تێفکرینی خۆیان بیگۆڕن. بە سەرنجدان بەوەیکە تەقلید، کەموکوڕی تێدایە، کەوابوو لە ڕێگەی ڕووخساری کاریکاتۆرانە و گاڵتەجاڕانە سەیری‌ دەسەڵاتی پیاوانە کردن، دەتوانن لە هەناودا ئەو دەسەڵاتە بڕزێنن و لەرزۆکی بکەن.
فێمێنیستە ڕادیکاڵەکانیش – چ شەپۆلی یەکەم، چ شەپۆلی دووهەم و چ شەپۆلی سێهەم – ڕێگاچارەی جیاجیایان بۆ بەرپەرچدانەوەی، سەرکوتی پیاوانە لەبەرچاو گرتووە.
شەپۆلی یەکەم، کەڵکەڵەی سەرەکییان مەفڕوزاتێکی لیبڕاڵییە، بۆ بەرابەریی مافی ژن و پیاو.
شەپۆلی دووهەم، لەسەر بناخەی ئەسڵی جیاوازی، لە دووی سیاسەتی جیایی دەگەڵ پیاوانن‌.
شەپۆلی سێهەمیش، لەبەر باوەڕ بە هۆکاری فرەچەشنی، تێکەڵاوێک بوون لە تێفکرینی ڕەخنەگرانە، هاوڕێ دەگەڵ پاش پێکهاتەخوازی و پاش مۆدێڕنیسم.
بەشێوەی گشتی زۆربەی فێمێنیستە ڕادیکاڵەکان، بە تایبەتی شەپۆلی دووهەم، هێرشی سەرەکییان، ڕوو لە فەرهەنگی پیاوسالارە، کە گشت بوارەکانی لەدەستی خۆیدا قۆڕغ و پاوان کردووە.
لەم نێوەدا “ئیریس ماریۆن یانگ” کە سەر بە شەپۆلی سێهەمە، لای وایە کە پرسی سەرکوت، نەک هەر دیاردەیەکی تایبەت بە ژنان نییە، بگرە دەبێ وەکوو دیاردەیەکی گشتی سەیری بکرێ، کە دەستە و تاقمەکانی تری ناو کۆمەڵگا، وەک: پەراوێزنشینان، چەوساوەکان، کەم داهاتان و گشت ئەوانەی بەجۆرێ کەوتوونەتە بەر تەوژمی سەرکوت و داپلۆسینەوە؛ لەخۆ دەگرێ، هەر بۆیە دەڵێ: ڕێگەی ڕزگاریی ژنان، بە داڵانی یەکگرتوویی دەگەڵ ئەواندا تێدەپەڕێ. بە هەر شێوەیەک سەیری دەکەین، فێمێنیستە ڕادیکاڵەکان، ڕێگای ڕزگاریی ژنان لە پابەندبوونیان بە جیاوازییەکانەوە دەبینن.
هەروەها بەشێکی زۆر لە فێمێنیستە پاش مارکسییە‌کانی وەک “سیلویا والبای”، هۆکاری سەرەکیی سەرکوتی ژنان لە پێکهاتەکانی چەوساندنەوەی سیستەمی کاپیتالیستیدا دەبینن و ڕێگەی ڕزگاریشیان پێ خەباتی چینایەتی و شۆڕشی سیاسییە. هەرچەند بیرمەندانی وەک “شانتال موفە”، بە کەڵکوەرگرتن لە بیری پاش مۆدێڕنیستی، ڕزگارییان لە پڕاکسیس(کردەوەی کارا)ی ژنان و لە هەناوی پێکهاتەی فەرهەنگی، سیاسی و دێموکڕاسیی کارادا دەبینن، بە پێی بۆچوونی ناوبراو دێموکڕاسیی کارا، وەک جۆرێک لە ژیانی سیاسی – کۆمەڵایەتی، ئەو هەلەی بۆ ژنان دەڕەخسێنێ، تا بەپێی شوناسی چەند دەنگی خۆیان، فەرهەنگی داسەپاوی پیاوانە بەرنە ژێر پرسیار.
هێندێک لە فێمێنیستە لیبڕاڵە هاوچەرخەکانیش، وەک “سۆزان مولێر ئۆکین” و “ڕیچارد فەلاسمەن”، لەسەر بناخەی “گەڕانەوە بۆ خۆ” و “ئاوەزمەندێتی”، مافی گەردوونی و دونیاپەسەندییان، بە تەنیا ڕێگەی ڕزگاریی ژنان زانیوە.
هەروەها، فەرهەنگخوازە فێمێنیستەکانیش بۆچوونگەلی جیایان لەسەر ڕزگاریی ژنان گەڵاڵە کردووە، بۆوێنە “ویل کیملیکا”، کە ماکی ژنانە بوون، دەگەڵ شوناسی فەرهەنگی – نەتەوەیی لێک گرێ دەدات و لای وایە لە ڕێگەی زیادکردنی مافی تاقمێکی تایبەت، لە نێو مافی گشت تاکەکانی کۆمەڵگادا، دەتوانرێ قەرەبووی مافی پێشێلکراوی ژنانە بکرێتەوە، چونکە لە وەها هەلومەرجێکدا، ژن هەم خاوەن مافی “تایبەت” دەبێ و هەم خاوەن مافی “گشتی”.
هێندێک لە بیرمەندانی ئیکۆفێمێنیست (ژینگەخوازانی ژن تەوەر)، لایان وایە سروشت و ژن وەکوو یەک، سووژەگەلی ژێر دەسەڵاتی پیاوانن و لە ڕوانگەی ئەوانەوە فەرهەنگی دژە سروشت، هەمان فەرهەنگی دژە ژنە و ڕیشەی چەوساندنەوە و دەسەڵات سەپاندن بەسەر “ژن” و بەسەر “سروشت”دا دەگەڕێتەوە بۆ تێفکرینی ئامرازیکی پیاوانە. (بۆ موتاڵای زیاتر پێشنیار دەکەین کتێب و بۆچوونەکانی مورای بوکچین، وەک ئاناڕشیستێکی سەوز بخوێندرێتەوە. بوکچین، بە وردی باس لە سیستەمێکی هیرارشی دەکات کە هەوەڵ سروشت و دواتر ژنی کردووە بە ئامراز، تا بتوانێ لە ڕواڵەتدا بە مەڕام و ویستەکانی بگات، بوکچین لەم دەلاقەوە بەگژ سیستەمی کاپیتالیستی ئامرازیکدا دەچێتەوە).
هەروەک بە کورتی لەسەرەوە ئاماژەمان پێ کرد، ڕێگەچارەی بیرمەندان، لەسەر سوبژێکتیویتەی ژن و ئیمکانی ڕزگاربوونیان لە کۆت و زنجیر و نابەرابەری هاتووەتە ئاراوە، هەروەها زۆر ڕێگەچارەی تر بوونیان هەیە و توانیویانە شەپۆلی گەورە ساز بکەن، یەکێک لەم ڕێگەچارانە لەسەر بیر و هزری “ژولیا کریستوا” ڕسکاوە و شکڵی گرتووە. لەسەر بۆچوونەکانی کریستوا خاوەنڕایان و ڕەخنەگرانێکی زۆری جووڵانەوەی “فێمێنیستی”، لەنگەریان گرتووە و کەڵکیان لە ڕوانگه و بۆچوونەکانی وەرگرتووە.
کریستوا سێ خاڵی هەرە گرینگ، بە تایبەتی بۆ خاوەنڕایانی جوڵانەوەی فێمێنیستی، لە فەلسەفەدا دەخاتە بەر چاو و ئاماژەی پێ دەکات‌:
1- تێکۆشان بۆ گەڕاندنەوەی “لەش”، (Body) بۆ ناو گوتارەکانی زانستی مرۆیی،
2- لەنگەرگرتنی ناوبراو لەسەر بایەخی “دایکانە”ی، پێش‌ ئودێپی لە پێکهاتەی زەینیدا،
3- خوێندنەوەیەکی قووڵ بۆ بابەتی گڵاوبینی ((Abjection، لە پێناو سەرکوت و هەڵاواردندا.
بەلای “فێمێنیست”ەکانەوە، “لەش”، لەبەر هۆکاری مێژوویی لە زانستی مرۆییدا هەموو کات گرنگایەتیی پێ دراوە، ژن و ڕەگەزی مێیینە، وەکوو بابەتێکی لاواز، ناسروشتی، ناپاک و زەعیفە چاوی لێ کراوە. کریستوا لە سێ دەیەی ڕابردوودا کاری فیکریی لەسەر پەیوەندیی نێوان زەین و لەش، کلتوور و سروشت، ڕوح و لەش و … کردووە و پێداگریی لەسەر پاڵنەرەکانی لەش، لە دووبارە خۆنیشاندانەوەدا کردووە و ڕای وایە کە لۆژیکی دەلالەت لە لەشی دایکانەشدا خۆی دەبینێتەوە. کریستوا بە لەنگەر گرتن لەسەر دوو سیستەمی “نیشانە”یی و “‌هێما”یی، کە خوڵقێنەری دووجۆر زمانی “دایکانە” و “باوکانە”ن، ڕای وایە کە تەواوی دەلالەتە مانایییەکان لە هەناوی ئەم دوو چەمکەدا دەستەبەر دەبن. ئەمری نیشانەیی بە پاڵنەری “لەش” دەقەبڵێندرێ و خۆشی دەخاتە ناو هەناوی ماناکانەوە و دەگەڵ ڕیتم، ترپە، سۆزداری و جووڵە لێک گرێ دراون و بەم پێیە و بە ناچاری تەواوی مرۆڤەکان بەم دەڤەرەدا گوزەریان کردووە.
یەکێک لە هۆکارەکانی هەڵاواردنی ژن لە بازنەی مێژوو و لە گوتارە جیاجیاکانی پێکهێنەری کۆمەڵگا، دەگەڕێتەوە سەر ئەوەیکە، هەرێمی “دایکانه”،‌ سەرنجێکی ئەوتۆی پێ نەدراوە و لە ڕاستیدا خراوەتە پەراوێزەوە.
پاژی “هێما”یی، دەلالەتی مانایی دەگەڵ ڕێزمان و پێکهاتەی مانایی لە پەیوەندی توندوتۆڵدایە و ئیڕجاع بۆ شتەکان دەستەبەر دەکات. بۆ وێنە واژەگەل لەبەر هۆکاری پێکهاتەی هێماییی زمان، خاوەن ماناگەلی ئیڕجاعین، لەولاشەوە وشەگەل لەبەر هۆکاری ئەمری نیشانەیییان، مانای نائیڕجاعی بە ژیان دەبەخشن. لە ڕاستیدا هەم سیستەمی “نیشانە”یی و هەم سیستەمی “هێما”یی، له ‌بەرهەم هێنانی مانا و ماناکانی دەلالەتیدا ڕۆڵگێڕن و خەمساردی سەبارەت بە یەکێکیان، ژیان تووشی بەستەڵەک و بێ هیوایی دەکات.
لە ڕوانگەی کریستواوە سوبژێکتیویته،‌ چاوەدێرە بەسەر پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و زمانەوە‌، زمانێک کە هەمووکات بواری ڕۆحی و لەشی پەیڤێنەر نیشان دەدات. لە نێوان “خود” و “سووژە”دا جیاوازی هەیە، زمان لەدەستی “خود”دا ئامرازی پەیوەندییە، کەچی “سووژە”، بەرەبەرە دەبێتە موریدی زمان و زمان لە شکڵ گرتنی ئەودا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێ. کریستوا ڕۆڵی سوبژێکتیویتە، واتە کارتێکردنی زمان بۆ سەر سووژە و پەیڕەوی کردنی سووژە لە زمان، ئاوا دەبینێ کە لای وایە سووژە “بەرهەمی پڕۆسەگەلی زمانییە”. بە لای کریستواوە سوبژێکتیویتە هیچکات شکڵێکی دیار و ڕوون بە خۆیەوە ناگرێ، چونکە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و زمان هیچکات بە نەگۆڕی نامێنێتەوە و بەردەوام لە حاڵی گۆڕاندایە.
کریستوا لە ژێر کاریگەرێتیی “ملانی کلاین” و بە پێجەوانەی “زیگموند فڕۆید” و “ژاک لاکان”، لای وایە کە بێچمگرتنی زەینییەتی مرۆڤ، لەسەر دەستی کلتور و زمانی “دایکانە”، پێکدێت‌، لە کاتێکدا بە ڕای فڕۆید و لاکان، مناڵ لەبەر هەڕەشەکانی باوک، لەسەر سڕکردن و خامۆشکردنی یەکجارەکیی ئەمری جینسی، دێتە ناو کۆمەڵگاوە. ئالێرەدا کریستوا پرسیار دەکات: ئەگەر تەنیا هانە بۆ هاتنەناو کۆمەڵگای مناڵ، ترسە، ئەی بۆچی زۆربەی مرۆڤەکان ڕەوانی نین؟ کریستوا لە “داستانی عیشقی”دا، بۆچوونەکانی فڕۆید و لاکان لەهەمبەر هەڕەشەکانی باوکانە کە دەبێتە هۆی ئەوەی باوەشی‌ ئەمنی دایکانە بەجێ بێڵێ، دەباتە ژێر پرسیار و ڕای وایە کە سەرەتای شکڵ گرتنی زەینییەتی مناڵ دەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی پێش‌ئۆدیپی فڕۆیدی و قۆناغی ئاوێنەی لاکانی.
کریستوا دەڵێ: “ڕێسای دایکانە بەر لە یاسای باوکانەیه”‌ ناوبراو بەم بۆچوونە گەرەکییەتی گوتارێکی دایکانەی نوێ بێنێتەکایەوە و بایەخی دایک لە شکڵ گرتنی زەینییەتدا تەتەڵە بکات و بە بەڵگەی قایم ئەم بۆچوونە پشتئەستوور بکات. کریستوا بە پێداگری لەسەر ئەوەی “لەش”ی دایکانە، لە نێوان سروشت و فەرهەنگدا هەڵدەسووڕێ، گەرەکیەتی ئەو کڵێشانەی دایک تا ئاستی “سروشت” دادەبەزێنن سڕبکات.
کریستوا، تیئۆریی زمانی خۆی بە یارمەتیی دەروونناسیی لاکان شی دەکاتەوە. لاکان لە پرۆسەی دروست بوونی سووژەدا دەڵێت سووژە ئافراوێکی ناتەواو و ناکامڵە کە بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدات ببێ بە بوونەوەرێکی کامڵ. تیئۆریی سووژەی لاکان بە منداڵی دەست پێ دەکات، منداڵێک هیشتا ئاگای لە هیچ بەربەست و کێشەیەک نییە و لەگەڵ دایکی هەموو نیازەکانی “تەنانەت پێش ئەوە هەستی پێ بکات” جێبەجێ دەکرێ. منداڵ لە باوەشی دایکیدا هەست بە ئاسودەییی جەستەیی دەکات، هەر شتێک ئارامیی بداتێ بۆی رەخساوە، لە ڕاستیدا هەست بە کەماڵ و تەواو بوون دەکات، ئەم کەماڵ و تەواوییە تا ئەو کاتە بەردەوامە کە منداڵ لەگەڵ دایکی خۆی بە یەک دەزانێ و پەیوەندییان هیچ جۆرە درز و دوورییەکی تێ نەکەوتووە، لەو کاتەوە منداڵ لە دایکی جیا دەبێتەوە و دێتە ناو زمانەوە، هەستی نوقسانی و ناکامڵی دایدەگرێت و ئەو هەستە بە سەریدا زاڵ دەبێ. بە بڕوای لاکان سووژە بە دوای عیشقێکی بەردەوامدایە کە تەواو بوونی بۆ نییە. گەر سووژە ئەو عێشقە ونبووەی خۆی وەدەست بهێنێ، هەرگیز سەرکەوتوو نابێت و نابێتە سووژەیەکی وتەبێژ، واتە ئیمە زمان و کەرەسەکانی لە باتی ئەو شتانە بەکاردەهێنین کە لە دەستمان داون. زمان و لە دەستدان دوو دیوی یەک دۆخن و تەواوکەری یەکن. زمان، جێنشینی باوەشی دایکە. منداڵ کە لە دایک دەبێت و مەودا دەکەوێتە نیوانیان، لە مەیل و ئارەزووەکانی دادەبڕێ و تێکەڵ بە دونیای هێمایی دەبێت. لێرەدا منداڵ دەبێتە سووژە، بەڵام سووژەیەکی هەمیشە نوقسان و ناجێگیر. لاکان دەڵێت ئەو کاتەی منداڵ لە ئارەزووەکانی دادەبڕێ، شوناسە جیاوازەکانی لە لایەن گوتارە جیاوازەکانەوە بە سەریدا زاڵ دەبن و بە تەواوی ئەو شوناسە دەگرێتە خۆی کە سیستەمی هێمایی پێی دەبەخشێ. شوناسی سووژە ئیتر شوناسی خۆی نییە، شوناسی ئەویترە.

کریستوا بوچوونەکانی لاکانی قەبووڵە، بەڵام ئەوەی لاکان دەڵێ منداڵ بە تەواوی لە مەیل و ئارەزووەکانی دادەبڕێ و شوناسی دەکەوێتە بندەستی سیستەمی هێمایییەوە، لای کریستوا جێگای گومانە. کریستوا وای بۆ دەچێ کە لاکان بەسەر قۆناغێکی گرنگی گەشەی منداڵدا قەڵەمبازی کردووە کە قۆناغی نیشانەیییە. کریستوا باوەڕی وایە مەیل و ئارەزووەکان، پێش قۆناغی هێماییش بوونیان هەبووە و کاریگەریی خۆیان لە سەر شوناس داناوە، ئەوە بە کاریگەرییەکانی قۆناغی “نیشانە”یی ناو دەبات لە سەر شوناس. ئەو دەڵێ سووژەی وتەبێژ لە نێوان دوو ئەرک و دەلالەتی زمانیدا دابەش دەبێ. بەسەرێک زمانی هێمایییە‌ کە زمانێکی عەقڵی، لۆژیکی، کۆمەڵایەتی، یەکانگیر و تەبایە لە ناو خۆیدا، بەسەرێکی تریش زمانی نیشانەکانە کە زمانێکی سۆزدارانە و ناکۆمەڵایەتی و پەرت لە ناو خۆیدایە. لێرەوە کریستوا باوەڕی بە بوونی دوو جۆری جیاواز لە سووژەی وتەبێژدا هەیە: سووژەیەک بۆ دەربڕینی دەلالەتە عەقڵییەکان بەکار دەبرێ، وەک لای فەیلەسوف و زانا و لۆژیکزانەکان دەیبینین، کە سووژەیەکە لە سایەی سیستەمی هێماییی لاکانیدا گەشەدەکات؛ سووژەیەکی تریش کە زمانێکی پەرتی ئیحساساتی و نالۆژیکییە کە شاعیران و مۆسیقازانان و نووسەران بەکاری دەهێنن. بەڵام بە بڕوای کریستوا، سووژەی نۆرماڵ، ئەو سووژەیەیە کە هەر دوو لقی ئەم زمانانە لە نێویدا تێکەڵن و پێکەوە دەژین و وەک ناکۆکیی دوو جەمسەری دەرناکەوێ. لەو کاتەدا کە زمانی هێمایی تەواوە لە قسە و دەربڕیندا، زمانی نیشانەیی یارمەتیی دەدات لە پەیڤین و مانا بەخشیدا.

قۆناعی نیشانەیی یان قۆناغی پێش ئۆدیپی لای کریستوا ئەو قۆناغەیە کە دەسەڵاتی دایک بە سەریدا زاڵە، ئەو بایەخێکی گرینگ بەو ماوەیە دەدات و بە ماوەی “دایکانە” ناوی دەبات و بە بەشێکی داڕێژەری سووژەی دەزانێ. بە بۆچوونی کریستوا، یاسای دایک پێش یاسای باوکە، کەواتە سووژە بە تەنیا بەرهەمی باوکسالاری نییە، بەڵکوو دایکیش رۆلێکی گرینگ دەبینێ لە شێوە بەخشی بە سووژەدا، یەکێک لە کەموکۆڕییەکانی تیئۆریی پێشینییەکان لە سەر شوناس، فەراموش کردنی قۆناغی پێش ئۆدیپییە بۆ ڕۆڵی دایک. لای کریستوا دەبێ دایک و دایکایەتی بەجۆرێکی نوێ پێناسە بکرێنەوە، دایک نە موقەددەسێکی ئەفسانەیییە و نە ئەرکێکی بایۆلۆژیی ڕووتیشە وەک زانستی نوێ لە بارەی دەدوێ. دایکایەتی، زمان و یاسا و جیهانبینییە. سڕینەوەی قۆناغی دایکایەتی لە گەشەی مرۆڤدا، بە بەرزنرخاندنی قۆناغی هێمایی لەکزیی داوە، کە قۆناغێکی پیاو سالارانەیە. قۆناغی نیشانەیی یان پێش ئۆدیپی، بەوەدا لە ژێر دەسەڵاتی دایکدایە سروشتێکی ژنانە وەردەگرێ. کاتێ مندالیش لە دایک دادەبڕێت و دەکەوێتە ناو سیستەمی هێمایییەوە، وەک ئەوە پیشان دەدرێ و دەردەکەوێ کە ژن بوونی سەرکوت کرابێ. لای کریستوا ژن وەک ژن، بوونی نییە، بەڵام لە ناو سووژەدا هێزێکی نیشانەیی هەیە کە سروشتی ژنانەی هەیە.
کریستوا دەڵێ: “ژن وەک گوتارێکی فەلسەفی بوونی نییە” بەڵام وەک گوتارێکی سیاسی حزووری هەیە. “نیشانە” و “هێما” وەک ئاماژە بۆ “ژن بوون” و “پیاو بوون”، لە هەموو مروڤێکدا وەک یەک بوونیان هەیە، لە هەمووماندا لۆژیک و نالۆژیک، کۆمەڵ و دژەکۆمەڵ، یاخی و ملکەچ، بە یەک ڕادە بوونیان هەیە. واتە ژن بوون و پیاو بوون، بە هەمان پلە لە هەموو مرۆڤیکدا هەیە، کریستوا دەڵێ: باوەڕ بەو قسەیە کە بڵێین کەسێک بە تەواوی ژنە بە هەمان ڕادە گێلانەیە کە بە کەسێک بڵێین بە تەواوی پیاوە. لای کریستوا لە قۆناغی نیشانەیی یان پێش ئۆدیپیدا، منداڵ هێشتا شتێک لە سەر جنسیەتی خۆی نازانێت تا بیهەوێ لەشی خۆی لەگەڵ لەشی دایکیدا جیا بکاتەوە، بەڵام دوایی لەترسی خەسان، خۆی لە گوتاری باوک نزیک دەکاتەوە و لە دایک دوور دەکەوێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو دوورکەوتنەوەیە بەباشی بەڕێوەبچێ، دەبێ جۆرێک لە نەفرەت و کینە و بێزاری بەرابەر بە دایکی گەشە بستێنێ، ئیتر لەشی دایک بچووک و بێ نرخ دەکاتەوە و لەگەڵ باوکی هاوسۆزی دەکات. کریستوا ناوی ئەم دیاردەیەی ناوە گڵاوبینی یا ئەبجێکشێن.
کریستوا دەڵێ: ڕەگ و ڕیشەی نەفرەت و کینە، یان دروست بوونی بەرز و نزمی لە نێوان مرۆڤەکان، گرێدراوی گرێی خەسانە و ڕق و بێزاری لە منداڵدا سەوز دەکا. بە کورتی زمان، خۆی سروشتێکی دوو چەشنی هەیە، نەک دوو جەمسەری، بەڵام دوایی زمانی هێمایی (زمانی باوک)، زمانی نیشانەیی (زمانی دایک) سەرکوت دەکات و لەگەڵ ئەم دابەشبوونەشدا، دوالیزمەکان دروست دەبن. ئالێرە دەردەکەوێ کە پرسی فێمێنیستیکاڵی ژولیا کریستوا، چەندە قووڵ و پڕبایەخە و ئەگەر بەوردی بخوێندرێتەوە و کاری بۆ بکرێ، شێوە ڕوانینی ئێمە بۆ دیاردەی بەرابەری و یەکسانی و مافی ژن و پیاو لە کۆمەڵگادا بەتەواوی ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت.
ڕۆڵان بارت چەند جوان پێناسەی ژولیا کریستوای کردووە:
لە زانستی مرۆییدا و لەو شوێنانەی هەست دەکەی بە خاڵی کۆتایی گەیشتووی، ژوولیا کریستوا دێت و زۆر لۆژیکاڵانە، هەموو شتێک هەڵدەوەشێنێتەوە.

ژێدەر:
1- نقد و نظر؛ درآمدی جامع بر نظریەهای فمینیستی، مترجم منیژە نجم عراقی، نشر نی، تهران ١٣٩١.
2- ناخودآگاه؛ آنتونی ایستوپ، ترجمە شیوا رویگریان، نشر مرکز، تهران ١٣٨٢.
3- نوئل مکافی؛ ژولیا کریستوا، ترجمە مهرداد پارسا. نشر مرکز، تهران ١٣٨٥.
4- سرگشتگی نشانەها؛ نمونەهایی از نقد پسا مدرن، مانی حقیقی، نشر مرکز، تهران ١٣٧٤.
5- لاکان، دریدا. کریستوا؛ مایکل پین، ترجمە پیام یزدانجو، نشر مرکز، تهران ١٣٨٠.
6- فردیت اشتراکی (شامل گفتگوهای ژولیا کریستوا) ترجمە مهرداد پارسا، نشر روزبهان، تهران ١٣٨٩.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان