ئارامتر بخوێنەوە!

ژنانی پەراوێزخراوی نێو خەباتی نەتەوەیی-دێموکڕاتیک
ئاگری ئیسماعیل نژاد

پوختە:

پێناسەکردنی پێگەی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لە بزووتنەوەی نەتەوەییدا لە دوو ڕەهەندەوە گرینگیی هەیە، یەکەم ڕەهەندی ئەوەیە دەرفەتی ئەوە دەخوڵقێت که بزووتنەوە زیاتر شۆڕ دەبێتەوە نێو کۆمەڵگا و دووهەم دەبێتە پشتیوانەیەک بۆ ئەوەی لە دواڕۆژی سەرکەوتندا، بزووتنەوەکە، لەدەست چین و توێژێکی تایبەتدا قۆرغ نەکرێت، واتە لە ڕەهەندی دێموکڕاتیزەکردنی شۆڕش و دەستکەوتەکانی شۆڕشدا گرینگیی هەیە.
لەو وتارەدا هەوڵم داوە پێگەی بەشێک لە ژنانی کورد لە بزووتنەوەی نەتەوەیی-دێموکڕاتیکی کوردستاندا پێناسە بکەم کە بەلای منەوە پەراوێزخراوترین چینی بەشدار لە شۆڕشن. ئەو کەسانە بریتین لە دایک، ژن و منداڵی پێشمەرگە و کەم ئەندامانی سەنگەر .

وشە سەرەکییەکان:

بزووتنەوەی کوردستان، ژن، ژنی پێشمەرگە، بنەماڵەی پێشمەرگە، پێشمەرگەی ژن، خەباتی نەتەوەیی-دێموکڕاتیک

سەرەتا:

ماوەیەک لەمەوبەر لەگەڵ هاورێیەکم پیاسەم دەکرد. باسی پووری کرد. بە زمانێکی نیوەتەوس گوتی: “پوورم زۆر خۆی بە کورد دەزانێ و هەموو جارێک دەڵێ: من جانبازی کوردستانم (مەبەستی کەم ئەندامی سەنگەر بوو) منیش بە نیوە سەرسوڕمانێکەوە گوتم: بۆ پێشمەرگە بووە؟! گوتی: “کورە نا! ئەوە ماڵیان لە گوندێکی ناوچەی تیلەکۆ بووە، هەموو جارێک پێشمەرگە ئاردیان داوەتێ و ئەویش بۆی کردوون بە نان؛ جارێک پاسدار پێی دەزانن، دەچنە سەر ماڵەکەیان یەک گوللـە لە دەستی ڕاستی دەدەن فەقیرە لەو کاتەوە دەستی هیچ ناگرێت”.
ئەو قسەیە بیری قسەیەکی پوور خەزێمی سڵامەتی خستمەوە کە چەند ساڵ لەمەوبەر میلەکانی (ئەو ئامێرانەی کڵاو و دەستکێشی پێ دەچندرێت) نێو دەستی نیشان دام و گوتی: میرزا گیان بەو میلانە سەد دەستم زەنگاڵ، سەرکڵاوە و دەستکێش بۆ پێشمەرگە چنیوە!!
کۆی ئەو باسە کاتێ زیاتر هەژاندمی کە لە خۆبردووییی باجە کولسووم، خێزانی فەرماندەی بەتوانا جەنابی، مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵیم دیت، هەڵبەت کەم نین ئەو ژنانەی کە هاوژینی پێشمەرگەی کەمئەندامن.
لەو کاتەوە تا ئێستا پرسیارێک لام دروست بووە باشە ئایا پوورخەزێم، باجی کولسووم، حاجیژنە دولبەر و میمکە قەدری و دەیان و دەیانی تر، شۆڕشگێڕن یانی ڕوونتر باسی بکەین، پێگەی ئەو ژنانە لە کوێی شۆڕشدا هاتووە و پێناسەیان چییە؟
لێرە دەبێ سەرەتا بگەرێینەوە بۆ پێناسەی شۆڕشی کوردستان و ئامانجەکەی!! لە پێناسەی یەک ڕەستەییی شۆڕش بە پێی نووسراوەکانی نێو بەرەی شۆڕشدا، دەتوانین بڵێن: “خەبات لە پێناو مافی دیاری کردنی چارەنووس، پێناسەی شۆڕشی نەتەوەیی- دێموکراتیکی کوردستانە”.
“مافی دیاری کردنی چارەنوس” مافێکی فرەڕەهەندییە، بە پێی ئەو مافە، تاک چ لە ئاستی تاکەکەسی و چ لە ئاستی کۆمەڵگادا دەبێ، مافی ژیانی هاوشانی ئابووری، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، ئەمنی و سیاسیی بۆ دابین بکرێت.
دوکتور قاسملوو بەوە دەڵێت: “مافی خۆش ژیان”، خۆش ژیان بەو واتایەی کە تاک و کۆمەڵگا هەموو ڕەهەندەکانی ژیانیان کە دەبێتە هۆ و هۆکاری گەشە و دەستەبەرکردنی ژیانێکی سەرفەرازانە، دابین بکرێت. زاراوەی “خۆش ژیان”، لە ڕاستییدا پێداگرییە لەسەر چەند ڕەهەندی بوونی ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگا و کارتێکەریی جیاواز و جیای ئەو ڕەهەندانە لەسەر ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگا لەبەر چاویەتی. بەو واتایەی کە مرۆڤ و کۆمەڵگای بەختەوەر، کۆمەڵگا و مرۆڤێکە کە هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی، ڕەهەندی ئابوری، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، ئەمنی و سیاسی و … دابین بکرێت و سەقامگیر بێت.
خەباتێک بنەماکانی لەسەر ئەو بنەما چەند ڕەهەندییە دامەزرابێت ، بە پێچەوانەی خەباتە چینایەتییەکان یان خەبات بۆ مافی زایەندی، هەر تاکێکی کۆمەڵگا دەتوانێت ڕاستەخۆ خۆی تێدا ببینێتەوە، چون لە خەباتی چینایەتی و زایەندیدا، ڕەنگە بەشێک لە کۆمەڵگا ئەو خەباتە بە دژی خۆیان بزانن و بەشێکی تریش ناڕاستەوخۆ کارتێکەرییەکانی لە سەر ژیانیان هەڵسەنگێنن، بەڵام لە خەبات بۆ مافی دیاری کردنی چارەنووسدا، هەموو کۆمەڵگا بەدەر لە چین و توێژەکەی، دەتوانێ خۆی تێدا ببینێتەوە.
پاش ئەو پێناسەیە، دەبێ بچینە سەر جۆر و شێوەی بەشداری لە خەباتدا. سەرەکیترین ڕوانگەی گشتیی نێو شۆڕش و کۆمەڵگاش لەسەر شێوەی بەشداری لە شۆڕشی ڕزگاریخوازیی کورد ، ئەندام بوونی ڕاستەخۆ لە حیزبەکانی هەڵگری ئەو گوتارەیە، کە من ناوم ناوە “شۆڕشگێڕیی تەواو کات” یان “شۆڕشگێڕیی پیشەیی”، بەو واتایەی کە تەنیا ئەو کەسانە بە خەباتکار و شۆڕشگێڕ دادەندرێن کە بە شێوەی تەواو کات لە چوارچێوەی حیزبێکدا خەبات بکەن.
ئەو ڕوانگەیە لەسەر شۆڕشگێڕ بوون چوار کۆسپی گەورە دەخاتە بەر دەم شۆڕشەوە:
۱: شۆڕش لە ئەرکێکی گشتییەوە دەبێتە ئەرکێکی تەواوکەر(کەفایی) بەو مانایەی ئەگەر کەسانێک هەبن کە شۆڕش بکەن، پێویست ناکات هەموو تاکێک لەو شۆڕشەدا بەشدار بێت، لە کاتێدا کە زاتی بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردستان، لەگەڵ ئەو باسە لە دژایەتیدایە و شۆڕش هەتا بەرینتر و بەربڵاوتر بێت، ئەگەری سەرکەوتنی زیاترە.
۲: بەوەی کە شۆڕش تەنیا لەسەر شانی کەسانێک یان بەشێک لە کۆمەڵگا بێت، مەترسیی ئەوەی هەیە شۆڕش تووشی دیاردەی “پیر بوون” بێت. لەو دیاردەیەدا بەرەیەک لە نەتەوەیەک که شۆڕش دەست پێ دەکەن، بە هۆی درێژخایەن بوونی ئەو شۆڕشە و بە ئامانج نەگەیشتنییەوە، وردە وردە درێژبوونەوەی کات و تەمەن سەری شۆڕشەکە دەخوا و لە گۆڕی دەنێت. ئیتر شۆڕشەکە لەنێو بەرەکانی ئەو نەتەوەیەدا دەستاودەست ناکرێت، یان زۆربەی بەرەی نوێ، لەگەڵ شۆڕشەکە نەبان دەبێت، بە کورتی مەترسیی ئەوە هەیە شۆڕشەکە پچڕپچڕ بێت.
۳: “شۆڕشگێڕی تەواو کات” تەنیا لە بواری ئەخلاقییەوە لە بەرانبەر دابەش کردنی دەسکەوتی شۆڕشدا بەرپرسە، ئەگەر بمانەوێت ڕوونتر بڵێین ، کاتێک شۆڕش سەردەکەوێت و بەرهەمی دەبێت، بەو واتایەی کە شۆڕشگێڕ دەچێتە حکوومەتەوە و دەبێ بنەماکانی شۆڕش دابین بکات و بیانهێنێتە دی، تەنیا ئەخلاقە کە ئەو پێمل دەکات کە حکوومەتی دوای شۆڕش، بنەماکانی خودی شۆڕشەکە دابین بکات. ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ ئەوەی شۆڕش، لە بنەماکانی خۆی دوورکەوێتەوە و دواخر ئامانجی خۆی نەپێکیت.
ئەگەر باشوری کوردستان سەیر بکەین، دەبینین هاووڵاتیی کورد بۆ ئەوەی لە لایەن حکوومەتی کوردیی ئەو پارچەیەوە، مافێکی بۆ دابین بکرێت، زۆر جار بە درۆ دەڵێت: “من پێشمەرگە بووم”، یان کەسانێک بۆ ئەوەی مافێک بۆ خۆیان پاشقول بدەن، هەر ئەو قسەیە دەکەن، کە وایە چەمکی هاووڵاتی-حکوومەت هەتا چەمکی شەڕکەر-غەنیمە دێتە خوارێ و شۆڕشگێڕێک کە بڕیارە مافی دابین کردنی چارەنووس بۆ نەتەوەکەی بێنێتەدی، دەرفەتی دامەزرانی حکوومەتی کوردی وەک غەنیمەیەک سەیر دەکات کە تەنیا بەشی خۆیەتی و ئەگەر خۆی تێر بێت جا بەشی ئەوانیتر کە “ناشۆڕشگێڕن” دەدات. چون چەمکی شۆڕشگێڕی، لە کۆمەڵگای ئێمە چەمکێکی پیرۆزکراوە، بێ‌گومان لە قۆناغی دەستکەوتدا چەمکی “ناشۆڕشگێڕ”ی سەرهەڵدەدات بۆ ئەوەی چینێک وەک میراتگری شۆڕش سەیر بکرێن و چینێک لە میراتی شۆڕشەکە دوور کرێنەوە.
ئەو بیرۆکەیە ڕێک هەمان بیرۆکەیە کە بەسەر فتوحاتی ئیسلامی و دواتر مۆغۆل و تورکاندا زاڵ بوو و هانی دەدان بۆ ئەوەی زیاتر و زیاتر شەڕ بکەن.
٤: ئەو هەوڵانەی لە دەرەوەی ڕێکخراوە شۆڕشگێڕییەکان دەدرێت، بە ڕوونی دوو چارەنووسیان دەبێت:
ئا : هیچ پێناسەیەکیان نابێ و لەبەرچاوناگیرێن، تەنانەت ئەگەر زۆر بە بایەخیش بن، بۆیە ئەگەری زۆرە درێژەیان نەبێت یان سەرەڕای بەبایەخ بوونیان، کارتێکەرییان لەسەر ڕای گشتی کەم بێت.
بێ : ئەو کەسانەی خۆیان لە دەرەوەی حیزبەکان دادەنێن، خۆیان لە بەرانبەر چارەنووسی نەتەوەکەیان بە ئەرکدار نازانن و بە ئاسانی دەتوانن نەگبەتییەکانی نەتەوەکەیان بخەنە ملی شۆڕشگێڕە شکستخواردووەکان یان ئەو شۆڕشگێڕانەی بە ئامانج نەگەیشتوون وەک چۆن ئێستا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات وادەکەن. زۆر جار دەبینین بزووتنەوەی کوردستان مەحکووم دەکرێت بەوەی شەڕخواز بووە و بیانووی داوەتە دەست ڕێژیمی تازە پێداکەوتووی تاران لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێراندا.
بابەتەکە کاتێک ئاڵۆز دەبێت کە شێوازی سەرەکیی شۆڕشی ڕزگاریخوازیی کورد، بژاردەی چەکداریی بەسەردا دەسەپێت. ڕوونە لە ئەو بژاردەیەدا کەسی شۆڕشگێڕ کەسێکە کە تواناییی شەڕی زیاتر هەبێت؛ کە وایە ئێمە بۆ ئەوەی شۆڕشگێڕتر بین، هەم دەبێ حەتمەن لە چوارچێوەی ڕێکخراوی حیزبێکدا بین و هەم دەبێت توانای زۆر بەرزی سەربازیمان هەبێت، هەر بە پێی ئەو ڕوانگەیەش، ئەو ژنان و پیاوانەی ئەندامی حیزبەکان نەبوون بە شۆڕشگێڕ نازانین و هاوکات بۆ ئەوەی ژنیش ببێ بە بەشێک لە شۆڕش، تەنیا دەبێ تواناییی بەرزی سەربازیی هەبێت؛ واتە دەبێت ژن لە ڕۆڵی ژن بوونی خۆی لە کۆمەڵگای کوردی داماڵێن و بیکەینە پێشمەرگەی ژن، ئەو کات دەتوانێ شۆڕشگێڕ بێت.
ئەگەر ژنێک توانای سەربازیی نەبێت، یان خوازیاری کاری پێشمەرگایەتی نەبێت، ئەدی ئەوان چی؟ ئەو ژنانەی کە ساڵانێکە لەگەڵ شۆڕش قۆناغ و قۆناغیان کردووە و مێردەکانیان پێشمەرگە بوون و ئەوان پارێزەری بنەماڵەی ئەو پێشمەرگانە بوون و ئەرکی بەرێوەبردنی بنەماڵەکەیان لە ئەستۆ بووە ئەوان چی؟ ئەو دایکانەی کە کوڕی پێشمەرگەیان پەروەردە کردووە و سەرەڕای ئەوەی منداڵەکەیان لەبەرەی شۆڕشدا بووە، خۆشیان تووشی دوورخستنەوە و تەنگ و چەڵەمەی تربوون و کەمتری ئەوە بووە کە لە دیداری عەزیزترین کەسەکانیان بێبەش بوون، ئەوان چی؟ ئەو منداڵانەی کە لە دۆخی دەستکورت و بێ‌دەرەتانی بنکەکانی شۆڕشدا گەورە بوون؛ ئەوان چی؟ ئەوان چ پێگەیەکیان هەیە؟ ژنی ئەو کەمئەندامانەی کە بەشدارییان لە شۆڕشدا بووەتە هۆکاری کەمئەندام بوونیان، ئەوان چی؟
کەوایە مەترسییەکە کاتێ قووڵتر دەبێتەوە که لەگەڵ دیاردەی، بنەماڵەی پێشمەرگە و ژنی پێشمەرگە بەرەوڕوو دەبین، ئێمە لە نێو شۆڕشدا هەم پێشمەرگەی ژنمان هەیە و هەم ژنی پێشمەرگە. واتە کەسێک کە بە هۆی بنەماڵەکەیەوە بەشداریی لە شۆڕش کردووە و ڕەنگە خۆی ڕاستەوخۆ بەشدار نەبووبێ.
ژنی پێشمەرگە، دیاردەی بزووتنەوەی نەتەوەیی-دێموکڕاتیکی کوردستانە، چون وەک لەسەرێدا باسی لێ کرا، ئەو بزووتنەوەیە بەدەر لە چینێکی تایبەت بوونی هەیە و هەموو چینەکان لەخۆ دەگرێت. ژنی پێشمەرگە، لە هەموو پرسەکانی شۆڕشدا بەشدارە و تەنانەت خەم و چەرمەسەرییەکانی نێو شۆڕشیش دەیگرێتەوە، بەڵام لە شانازییەکانی شۆڕشدا یان باسی ناکرێت، یان بە شێوەی زۆر پەڕاوێز باسەکەی دێتە گۆڕێ.
لێرە ئێمە زوڵمێکی گەورەمان لە پوور خەزێم، باجی کولسووم، حاجیژنە دولبەر و میمکە قەدری و دەیان و دەیان کەسی تر کردووە. لەگەڵ ئەوەی ئەوان، ئەوەی لە دەستیان دەهات و لە دەستیان دێت بۆ شۆڕشیان کردووە و لەگەڵ شۆڕش بوون و یارمەتیدەری شۆڕش بوون، بەڵام لە بەرانبەردا ئێمە پێگەیەکمان بۆ ئەوان لە شۆڕشدا دیاری نەکردووە، تەنانەت ئەگەر بە زمانیش ئەو قسەیە نەکەین، بە کردەوە بە بیری ئەوەی ئەوان هێمای شۆڕشگێڕی بن، لامان بیرێکی ئالۆز و تراویلکەیە، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەوان پارێزەری بناغەکانی نێو ڕیزەکانی شۆڕش بوون و مافی خۆیانەوە وەک شۆڕشگێڕ و هێمای شۆڕشگێڕی پێناسە بکرێن.
هەڵبەت خەساری ئەو خەمساردییە لێرەدا کۆتاییی نایە کە کۆمەڵێک لە ژنانی بەقیمەتی نێو شۆڕش پەراوێز خراون، بەڵکوو هاوکات لەگەڵ ئەو غەدرەی کە لە ئەندامانی شۆڕشی دەکەین، بەو کردەوەیە ئەگەری ئەوە هەیە فێرکاری و پەروەردەی نێو بنەماڵەکان کە بنەمای دەستاودەست کردنی هەموو شۆڕشێکی درێژخایەنە، تووشی مەترسی بکەین. ئەگەر ئێمە وەک ئێستا بڕوانینە پرسی ژنی شۆڕشگێڕ، ئەرک و ڕۆڵی ژنی پێشمەرگە، ڕۆڵی دایک و ژنانی دەرەوەی ئەندامی ڕێکخراوەکان لە پرۆسەی شۆڕشدا پەراوێز دەخرێت. بە پێی ئەو پێگەیەی دایک لە بنیاتی بنەماڵەی کوردستاندا هەیەتی، ئەوە مەترسیی ئەوەی لێ دەکەوێتەوە کە چیتر دایکان لە نێو بنەماڵەکانیاندا منداڵان فێری ئەرکداری دەرهەق بە خەباتی ڕزگاریخوازیی کوردستان نەکەن، لە کاتێکدا بە هۆی گرینگیی ڕۆڵی بنەماڵە لە کۆمەڵگای کوردیدا و هەر وەها گرینگیی ڕۆڵی پەروەردەی بنەماڵەیی لەسەر ژیانی تاک و بە هۆی نەبوون و کەم بوونی دەرەتان بۆ پەروەردەی تاکی کورد لەلایەن شۆڕشەوە ، ئەگەر ڕۆژێک هەر شۆڕشێک بەو تایبەتمەندییە کە شۆڕشی ڕزگاریخوازیی کورد هەیەتی، تووشی قەیرانی پەروەردەی بنەماڵە بۆ ئامانجی شۆڕش بێت، ئەو شۆڕشە بێگومان بەرەو هەڵدێر دەڕوا.
دیاریکردنی پێگە بۆ ژنانی نێو شۆڕش چ ئەو ژنانەی کە وەک ژنی پێشمەرگە بەشدار بوون و چ ئەو ژنانەی بەدەر لە ئەندامێتیی ڕێکخراوەیەکی سیاسی، یارمەتیی شۆڕشیان داوە و چ ئەو دایکانەی کە منداڵەکانیان بەشدارییان لە شۆڕشدا کردووە، دەتوانێ سەرەتایەک بێت بۆ چەمکی فرەڕەهەندی ژن و شۆڕش و، پشتکردن لەو پرسە، بە مانای قەتیس کردنەوەی بزووتنەوەی کوردستان، لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا دەبێت لێکبدرێتەوە.
بێگومان گرینگیدان بە ڕۆڵی ژنی پێشمەرگە، ڕیزەکانی نێوخۆی شۆڕش پتەوتر دەکات و هاوکات ڕوونکردنەوەی پێگەی هەموو چینەکانی نێو بزووتنەوەی نەتەوەیی-دێموکڕاتیک دەتوانێ کارئاسانیی زۆری لەسەر بەڕێوەبەریی ئەو بزووتنەوەیە هەبێت.
کۆتایی:
شۆڕکردنەوەی بزووتنەوەی نەتەوەیی-دێموکڕاتیکی کوردستان بۆ نێو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا کە لەسەر بنەمای مافی دیاری کردنی چارەنووس دامەزراوە، ڕاستەوخۆ کارتێکەریی لەسەر پڕۆسەی شۆڕش و ئاکامی شۆڕش دەبێت، ئێمە چ بنەمای نەتەوەیی و چ بنەمای دێموکڕاسیی بزووتنەوەی کوردستان لەبەرچاو بگرین، ناچارین کە ئەو بزووتنەوەیە بۆ نێو هەموو چینەکان شۆڕ بکەینەوە و هەر کامەش پێگەی دیاری خۆیان هەبێت؛ بەو شێوەیە هەم بزووتنەکەوەکە فرەڕەهەندی کراوە و هەم ئاکامی بزووتنەوەکە لە پاوانخوازی و قەتیس مانەوە پارێزراوە. بۆیەش پێویستە که پێناسەی نوێ و زاراوەی تازە لەنێو بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات دیاری بکرێت کە یەکێ لەو پێناسە نوێیانە “ژنی پێشمەرگە”یە وەک چینێک کە بەشداری شۆڕش بوون و هەن و بەشێک لە شۆڕش لەسەر شانی ئەوانە. هەڵبەت پێناسەی نوێ بە مانای دیاریکردنی پێگەی ئەوان لە بزووتنەوەکەش دێت و مافی ئەوەیان دەداتێ کە کۆمەڵگا و ڕێکخراوە سیاسییەکان، وەک شۆڕشگێڕ پێناسەیان بکەن.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان