ئارامتر بخوێنەوە!

ژیاننامە، خودنووسینەوە و جیاوازییەکانی نێوانیان
بەیان سەلمان

لە پاش دیمانەیەک لە ڕادیۆی دیالۆگ کە بەڕێز محەممەد خاکی سازی دا، پێم باش بوو لە نووسینێکدا گەشە بە ناوەڕۆکی دیمانەکە بدەم و بیکەمە بابەتێک لەبارەی جیاوازی دەقی ژیاننامە و خودنووسینەوە و خەیاڵ.

تێگەیشتن لە ژیاننامە و خودنووسینەوە
گرنگە سەرەتا باس لەوە بکەین کە هیچ ژیانێک بوونی نیە بەبێ چیرۆک و ڕووداو. لێرەوە پێویستە ژیاننامە (بیۆگرافی) و خودنووسینەوە (ئۆتۆبیۆگرافی) لە یەک جیابکەینەوە.

وشەی بیۆگرافی biographie (ژیاننامە) لە دوو وشەی گرێکەوە داهاتووە: bios+graphie بیۆس (ژیان) + گرافی (نووسین). بەو جۆرە دەکاتە نووسینەوەی ژیاننامە. کە نووسەرەکەی مەرج نیە خۆی گێڕەرەوە بێت، بەڵکوو یەکێک لەبری ئەو، ڕووداوەکانی ژیانی ئەو کەسە یان کەسانێک و ڕووداوگەلێک دەگێڕێتەوە.
ژیاننامە، بیۆگرافی، لە سەردەمی گرێکی دێرینەوە هەیە: لە سەدەی شەشی پێش زایینی دەرکەوتووە، بەڵام وەک وشەی فەرهەنگی لە سەدەی حەڤدەوە خراوەتە کار.
لە لای گرێکەکان و ڕۆمانەکان، زۆر جار ژیاننامە پابەندبووە بە کەسایەتییەکی ناودار کە هەتاکوو ڕادەیەک بە شان و باڵیان هەڵداوە بۆ ئەوەی ببێتە نموونەیەک بۆ کۆمەڵ.
پشتبەستوو بە لێکۆڵینەوەی پسپۆڕان، پێش ئەو سەردەمانەش، ژیاننامە دەرکەوتووە. بۆ نموونە هەموو ئەو نووسراوانەی لەسەر بەرد و مەسەلەکان، یاخود ستێلەکان، هەڵکۆڵراون و ژیانی پاشایەک و کار و کردەوەکانی دەگێڕنەوە. لەوانەیە باشترین نموونە، ستێلەکەی حەمووڕابی بێت لەبارەی داڕشتنەوەی یاسا. هەروەها هەموو ئەو بەردانەی سەردەمی فیرعەونەکان و شارستانییەتی هیند و مایا و هەموو شارستانییەتە دیرینەکانی تریش…
بە کورتی، ژیاننامە دەکرێ کەسێک لە بارەی کەسێکی ترەوە بینووسێت کە لەوانەیە لە ژیاندا مابێت. ڕوویش دەدا کە باسی ڕووداوێک بگێڕینەوە کە خۆمانیشی تێدا بین. لەو دۆزەدا کەسەکە، کاتیگۆرییەکە لە نێوان ئەوانی تر. باسی ژیانی خۆی لەوێدا سەرەکی نییە، بەڵكوو خودی ڕووداوەکە مەبەستە. نووسەر لەو دۆخەدا خۆی دەبێتە یەکێک لە شایەدحاڵەکانی ڕووداو؛ بۆ نموونە هەموو ئەو نووسینانەی هەن لەبارەی دەربازبووانی جینۆسایدی جوولەکەکان و هەڵەبجە و ئەنفال و ئەوانەی ڕواندا و دۆخی ئێزدییەکان و شەڕەکانی تری دونیا و هتد.

سەبارەت بە ئۆتۆبیۆگرافی autobiographie (auto/bio/graphy)، ئەمیان پێشگری (ئۆتۆ)ی پێوە لکاوە، واتە (خود+ژیان+نووسین). لێرەدا دەنگی نووسەر هەر خۆیەتی کە گێڕەرەوەیە و کەسایەتییشە. بەو شیوەیە وشەکە دەکاتە ژیان+نامەی+خود، بە کورتییش “خودنووسینەوە”. ئەم ڕەگەزە ئەدەبییە لە کۆتاییی سەدەی هەژدە لە ئەڵمانیا کاری پێ کرا و دوای لە 1797 لە تێۆریی ڕەخنەگەرایی لە لای ئینگلیزەکان بەکارهێنرا. لە فەرەنسیشدا وشەکە لە ساڵی 1842 لە فەرهەنگی “پتی ڕۆبێر”دا دەرکەوت. بە زۆرییش لە سەرەتای سەدەی نۆزدەوە بەکارهێنانی بەربڵاو بۆوە. خودنووسینەوە، بەگشتی، نووسینێکە بەنێوەندی گێڕانەوە دەچینەوە سەر ڕووداوی ڕاستی ژیانی کەسێک. ورد و درشتی ژیانی خۆی دەپشکنێت و دەینووسێتەوە. نموونەی كتێبی “بیرەوەرییەكانم” کە تێیدا کەسایەتییەکی ناسراو وەکوو “فاڕوق مەلا مستەفا”، دەچێتەوە سەر چرکە گرنگەکانی ژیانی خۆی؛ یاخود کەسایەتیگەلێکی وەکوو “مەسعوود بارزانی” و “مەلا بەختیار”، لەبارەی خەباتی سیاسی و نهێنی و ڕۆڵی کەسایەتییە سیاسی و سەربازییەکان نووسیویانە.
لە دەقی ئۆتۆبیۆگرافیدا دەکرێ کەسەکە خۆی بێت، یاخود کەسانی تر لەبری ئەو بینووسنەوە، وەکو ئەوەی خۆی بێت. بێگومان لەم دۆخەدا زۆرجار کەسەکە خۆی لەوانەیە نەخوێندەوار بێت و بابەتی ژیانی جێی گێڕانەوە بێت. لەوانەیشە دەستی نووسینی نەبێت، یاخود کەسێکی نەخۆش بێت کە تەندروستی، هاوکاریی نەکات خۆی بینووسێتەوە، یان کەسەکە پیر بێت و یادەوریی لاواز بووبێت. بەو جۆرە بە زارەکی چیرۆکی ژیانی دەگێڕێتەوە، کەم تا زۆر پشت بەوەی بیری دێتەوە و نووسەرێک، یان ڕۆژنامەنووسێک لەبری ئەو، بە زمانی کەسی یەکەمی تاک (من، خۆم، بەندە) ڕووداوەکانی ژیانی ئەو کەسە دەگێڕێتەوە کە پێی سپاردووە، یان ئەوەتا بە ڕۆژانە و بەرواری دیداری دیاریکراو، لەگەڵیدا دەبێت و ڕاستەوخۆ لە زاری کەسەکەوە دایدەڕێژێتەوە. لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەگشتی، ئەم کارە بەرابەر بە گرێبەستێک و بڕێک پارە ئەنجام دەدرێ. زۆرجار ئەوەی دەینووسێتەوە هاوکاریی چالاکبوونەوەی یادەوریی کەسەکەش دەکات، بەوەی پرسیاری لێ دەکات و پشتبەستوو بە زانیاریی خۆی، بەرواری ڕووداوی بۆ ڕاست دەکاتەوە و کۆمەڵێ بیرەوەریی تریشی لەلا دەوروژێنێت.
دەکرێ خودنووسینەوە بە شێوەی ڕۆژانە بێت، واتە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژە بە بەروارەوە دەگێڕێتەوە. یادداشتی ڕۆژانەش هەیە کە زۆربەی کات نووسینەکە بە نهێنییە و ژنان بەتایبەتی ئەم جۆرە نووسراوەیە دەنووسن. یەکێک لەو زنجیرە گرنگانەی نێتفلیکس “خانەی کارتۆنی”یە، کە سەرۆکی ئەمریکا داوا لە ڕۆژنامەنووسێکی بەناوبانگ دەکات ژیاننامەی خۆی بۆ بنووسێتەوە، یاخود کەسایەتییەکی وەکوو “ترۆتسکی” کە زۆربەی ڕۆژەکانی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێکدا بەسەر دەبات و ئەو ژیاننامەکەی بۆ یادداشت دەکات. هەروەها، کەسایەتییەکی سیاسیی ناودار وەکوو “باراک ئۆباما”، کاتێ ژیاننامەی خۆی و ڕووداوی سەرەکی و گشتیی سەروەختی حوکمڕانیی خۆی دەنووسێتەوە، هەرگیز لەلامان ساغ نابێتەوە چەندی ئەو ناوەڕۆکە ڕاستە و دروستە. ئەم جۆرە نووسینە یان ئەوەتا لە داهاتوودا سەری ڕاستییان لەسەر هەڵدەماڵرێ، بەوەی کەسانی خاوەن ئەزموون و هاوسەردەمی کەسایەتییەکە کە لە نزیکەوە ئاشنای بوون و هەقیقەت ئاشکرا دەکەن، یان ئەوەتا بۆ هەتاهەتا ئاشکرا نابێت، ئەگەر شایەدحاڵی هاوسەردەمی نەبێت.

هەروەها شێوەیەکی تر هەیە بە نێکرۆلۆجی nécrologie ناسراوە. لە پێشگری وشەکە “نێکرۆ” هەیە، واتە “مردن” و لۆجی واتە “زانستی، گوتار، قسە”. ئەمە دەقێکە کورت و درێژی فرەچەشنە. خودی لیستی ناوی ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە لەو ماوەیەدا مردوون و لە ڕۆژنامەیەکدا ئاماژە بە ژیانیان دەکەن. هەندێ جار لە ناو و بەروار و شوێنی لەدایکبوون و کۆچی دوایی تێناپەڕێت. یاخود کورتەی ژیاننامەی کەسێکی ناوداری سیاسی، نووسەر یاخود هونەرمەند بێت کە تازە مردووە، دیسان بە کورتی تیشک دەخرێتەوە سەر ژیاننامەکەی. لە نێکرۆلۆجیدا دەتوانین خودی کێلە بەردەکانی گۆڕستان و لافیتەی پرسەنامە و ئاگادارکردنەوەی کۆچی دواییی کەسێک لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش بە نموونە بهێنینەوە. چونکە لێرەدا زانستێک دەخرێتە بەر چاوی ئەوانی تر، کە بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەیە لەوەی کێیە ئەو کەسە، یان ئەو کەسایەتییە.
جۆرێکی تریش لە سەدەی ناوەڕاستەوە بەناوی هاجیۆگرافی hagiographie سەری هەڵدا. وشەکە لە وشەی گرێکیی هاجی (پیرۆز) و گرافی (نووسین) پێكهاتووە. ئەم جۆرەیان باسی ژیاننامەی کەسێکی ئایینیی پیرۆز دەکات. وەکو دەقەکەی (سان ئۆگستاین) Saint Augstain “دڵهەڵرشتنەکان” (‌اعترافات) Les Confession. تێبینیی ئەوەش دەکەین کە وشەی “حاجی” بێگومان لەوەوە هاتووە و لەگەڵ سەردەمدا چووەتە ناو زمانی تر.
بێجگە لەو جۆرانەی پێشوو، دەقی نامەنووسینیش هەیە کە دەچێتە ناو خانەی خودنووسینەوە لە نێوان کەسەکاندا. دەبێ ڕۆمانی نامەنووسین لە نامەی ڕاستی جودا بکەینەوە. ئەوەی یەکەم لە خزمەتی دەقێکی خەیاڵییە، یاخود هەر ژانرێکی خەیاڵی پێکدەهێنێت، وەک نموونەی “نامە فارسییەکان”ی “مۆنتسکیۆ” Montesquieu کە سەرجەمی کتێبەکە هونەری “ڕۆمانی نامەنووسین”ە Roman épistolaire بە شێوەیەکی خەیاڵی کەسایەتییەکانی لەناو ڕووداوەکان جێگیر کردوە، بەڵام لە جیهانی ڕاستیدا بوونیان نییە. ئەگەرچی مۆنتسکیۆ لە کاتی خۆیدا، هەتاکوو ساتی دەرچوونی ئەو نووسینەی “تێڕامان لەبارەی نامە فارسییەکان”، کتێبەکەی بە ڕۆمان پێناسە نەکردبوو، بەڵام لە پێشەکیی دەقی ئەو تێڕامانانەدا بەم شێوەیە لێی دەدوێ: ”هیچ شتێک هێندەی ئەوە خۆش نییە کە لە نامە فارسییەکاندا جۆرێک لە ڕۆمانی (مەبەستی لە خەیاڵە) تێدا دەبینینەوە، بەبێ ئەوەی بیریشمان لێ کردبێتەوە؛ بەوەی سەرەتای هەیە، گەشەکردن و کۆتاییش: کەسایەتییەکان زنجیرەیەک پەیوەندی بەیەکەوە گرێیان دەدات.”

تایبەتمەندی و ستروکتووری بیۆگرافی چییە؟
ستروکتوور دەکرێ، وەکوو زۆرێک لە تیۆریزانانی ئەدەبی ناوی دەبەن، تەلارسازیی دەقێکە.
لەلای گرێکەکان بە هۆی زوو سەرهەڵدانی تراژێدیا لە شانۆگەریدا، نووسەر هەن پەنا بۆ ستروکتووری ئەو جۆرە شانۆگەرییە دێرینە دەبن. بۆ نموونە ژیاننامەکە دەکەنە سێ پارچە: لە قۆناغی یەکەم دەبێ کەسایەتییەکان ئامادە بکات و لەناو چیرۆکێکی ڕاستی کۆنکرێتی پێشکەشیان بکات. لە قۆناغی دووهەم، فاکتەرێکی نالەبار دێتە کایەوە و بە هۆیەوە کۆسپ و کێشە دەردەکەون. لە قۆناغی سێهەم و کۆتاییشدا، چارەسەرێک پێشنیار بکرێ و کۆتایی بە گێڕانەوەکە بێت.
دەکرێ ستروکتوورەکەی وا بێت لە ناوەڕاستەوە دەست پێ بکەین، ئەوەی پێی دەڵێن Media Res، لێرەدا، گێڕانەوەکە لە کردارێک، یاخود ڕووداوێکی زەق و گرنگەوە دەست پێ دەکات و دوایی دێینەوە سەر ڕووداوەکانی تر. زۆربەی جار ئەم دەستپێکە دەبێتە شێوازێکی بازنەیی کە لە کۆتاییدا دێینەوە سەر هەمان ڕووداوی گرنگ بۆ ئەوەی ڕوونی بکەینەوە بۆ گەیشتین بەو دۆخەی وا تێیداین. ئەم جۆرە ستروکتوورە لێزانیی زۆری پێویستە بۆ ئەوەی ڕووداوەکان بەیەکەوە گرێ بدەینەوە.
جۆرێکی تری ستروکتووریش کە زۆر باوە، پێکهاتووە لە داڕشتنەوەیەکی کرۆنۆلۆجی بۆ ڕووداوەکان. واتە بە پشت بەستن بە زنجیرەی کات، بۆ نموونە ساڵ لە دوای ساڵ، ڕووداوەکان دەگێڕینەوە، یاخود زنجیرە گرنگەکانی قۆناغی ژیانمان، لە منداڵییەوە، بۆ هەرزەکاری و هەتا گەورەیی و پیربوون دەگێڕینەوە. ئەم جۆرە گێڕانەوانە تەنانەت لە فیلمیشدا دەخرێنەکار. زۆرجار لە فیلمێکی سەردەمی شەڕی جیهانیی یەکەم و دووهەم، لە قۆناغێکەوە دەست پێ دەکەین. ڕووداوەکان زۆر خێرا هەڵسەنگێندراون و دێینەوە سەر سەرەتای شەڕەکە چۆن و لە کوێوە دەستی پێ کرد، یاخود چۆن کاریگەریی بەسەر کەسایەتییەکەوە هەبوو…هتد.

بیۆگرافیی باش دەبێ چۆن بیت؟
باشترین ژیاننامە ئەوەیە کە نووسەرەکەی دەتوانێ خوێنەر بەلای ڕووداوە گرنگەکانی ژیانیدا ڕابکێشێت. واتە سەرنجڕاکێش بێت. بەڵام ئەوە تاقە هاندەرێک نیە بۆ خوێندنەوەی دەقەکە، بەڵكوو ڕووداوکەش گرنگە. پێویستە بایەخێکی لەناواخنیدا هەڵگرتبێت، لەڕووی کۆمەڵایەتی، سیاسی، هونەری، ئەدەبی، پەروەردەیی، زانستی و هتد و یادداشتێک بێت بۆ نموونە لێیەوە فێری بەرگری بین، ڕۆژانەی ژنێک بێت ئازارەکانی و نەهامەتەکانی بخوێنینەوە، ڕۆژانەی نەخۆش بێت بچێنە ناو وردەکاریی هەڵسوڕانی ژیانی لەگەڵ نەخۆشی و ژان و هتد.
کاتێکیش نووسەر خۆی ژیاننامەی خۆی دەنووسێتەوە، دەمانباتە ناو گەمەیەک، پرسیاری ئەوە دەکەین: هەتا چەندە نووسەر بێلایەن باسی خۆی دەکات؟ ئایا دەتوانێ بە ڕاستی بێ لایەن بێت؟ واتە باشیی نووسینەوەی ژیاننامەکەی پابەندە بە ڕادەی گوتنی ڕاستییەوە؟ ئەوەش، وەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد، کەس ناتوانێ ساغی بکاتەوە. ئەگەر باس لە وردەکاریی ژیانی دەروونی و ئەزموونی بکات و کەسانێک شایەدحاڵی ئەو ژیانەی نەبن. بەم واتایەش گرنگە کەسانێک لەبەرانبەریدا بوەستنەوە و هەڵەکانی ئاشکرا بکەن و ڕاستی بکەنەوە، بێگومان ئەگەر هێشتا کەسەکە لە ژیاندا مابێت و خۆی ژیاننامەکەی نووسیبێتەوە.
با لێرەوە باسی ڕۆڵی هونەر و ئەدەب بکەین کە دەورێکی زۆر گرنگیان هەیە. بێگومان ئەگەر نووسەر زمانێکی ئەدەبیی پاراوی نەبێت، ناتوانێ دەقێکی ئەدەبی بخاتە بەر چاو خوێنەران. چونکە ژیاننامە و یادداشتنامە و هەموو فۆڕمێکی تری گێڕانەوەش، دەقێکی ئەدەبین، هەر وەکوو ڕۆمان، دەبێ نووسەر ئاستی زانستی و فیکری بەرز بێت، خوێندنەوەی قووڵی بۆ هەموو جۆرە دەقێک هەبێت، تاکوو بتوانێ دەقێک بەرهەم بهێنێت. بیۆگرافی دەقێکی ڕووت نیە کە تەنها لە چوارچێوەیەکی ڕووداوی تایبەت بە نووسەر خۆی، پێویستە تێڕوانینێکی فرەڕەهەند و هەمەلایەنی هەبێت بۆ هەرچی لە دەوروبەردا ڕوو دەدەن. کە باس لە سەرنجراکێشانی خوێنەر دەکەین، مەبەست لەوەیە کە خوێنەر دەقەکەی بە لاوە گرنگ بێت لەبەر هەموو ئەو هۆیانەی ئاماژەم پێیان دا. بۆ نموونە لە دەقی “منداڵیی” کە لە ساڵی ١٩٨٣چاپ کراوە، نووسەری فەڕەنسی، “ناتالی سارۆت”، بە شێوازێکی ئەدەبی و بەرچاو دەگەڕێتەوە سەر گەنجێتی و ڕەوتی هاتوچۆکردنی لە نێوان فەڕەنسا و ڕووسیا، کە شوێنی لەدایکبوونێتی. بەو جۆرە ئێمە دەچینە سەر ئەو کۆسپ و گرفتانەی هاتبوونە ڕێی و ئەو ناکۆکییانەی نێوان خۆی و دایکی.
ئەگەر باس لە گرنگیی بوونی وینە، شوێن، بەروار لە بیۆگرافیدا بکەین، ئەوە بێگومان زۆر گرنگن. چونکوو کاتێ پەنجە بۆ ڕووداوێک درێژ دەکەین، پێویستی بە بەڵگەیە بە تایبەتی کە پەیوەست بێت بە شەڕ و ڕووداوی گەورە، یاخود هەندێ شوێنی گرنگ لە ژیانی نووسەرەکەدا، کە هاوکات ڕاستەوخۆ کاریگەرییان بەسەر بەرهەمەکانییەوە هەیە. بەڵێ گرنگە هاوپێچی نووسراوەکە بکرێت. هەربۆیە زۆربەی کات ژیاننامە پڕە لە بەرواری تایبەت بەو ڕووداوانەی تیشک خراوەتە سەریان. وێنەش بەشێکی گرنگە، چونکوو قۆناغی ژیانی کەسەکە و ئەو کەسانەی هاوسەردەمی بوون و ناوی هێناون لە دەقەکەیدا، یاخود ئەگەر ڕووداو بن، ئەوە بوونی ئەو هاوپێچە و پەڕاوێزی بەڵگەدار لە دەقەکەدا باشتر ڕوونی دەکەنەوە. بێجگە لە نامە و نامیلکە و بەڵگەنامەی فەرمیی سەردەمێک کە لە کتێبەکەدا باسیان هاتووەتە پێشێ.
دەوری بیۆگرافی لە ئەدەب، هونەر، سیاسەت، مێژو و … بەگشتی گەیاندنی زانیارییە بە خوێنەر. ئەگەر بواری ئەدەبی بگرین، دەبینین کاتێک نووسەرێکی گەورە وەکو “گابرێل گارسیا مارکێز”، لە دیمانەیەکی دیالۆگئامێز لە کتێبێکدا بە ناونیشانی “بۆنی گۆیاڤ” بە فەڕەنسی Une odeur de goyave، بە نێوەندی پرسیار دەچێتەوە سەر هێڵە سەرەکییەکانی ژیانی تایبەتی خۆی. هەروەها لێیەوە زانیاری لە بارەی ئەزموونی ئەدەبی و خوێندنەوەکانی و کاریگەریی نووسەرانی تر بەسەرییەوە ئاشنا دەبین. کاتێک سیاسییەکیش وەکوو هیلاری کلینتۆن، میشێل ئۆباما (هاوسەری باراک ئۆباما) و خودی باراک ئۆباما و جاک شێراک لەبارەی خۆیانەوە دەنووسن، دەچینەوە سەر کردار و ساتی بڕیارە گرنگەکان و چرکە کاریگەرەکانی ناو حیزب و سیاسەت و ژیانی سیاسەتمەدارانی تر. لێیانەوە، ئەگەر دروست و ڕاست بن، هیچ نەبێ بەشێکی زۆری، ئەوە وانەمان فێر دەکەن لە چۆنێتیی کارگێڕیی سیاسی و چوونەوە سەر هەڵەکانیان لە بڕیار وەرگرتن و هەڵسەنگاندنی داهاتوو لە ناوچەیەک و لە جیهاندا.

ئەگەر بشپرسین: بۆ بیۆگرافی لە کوردستان وا کەمە؟
بێگومان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەزموونی نووسین هەتا ئەم سی ساڵەی دوایی بە گشتی کەم بوو. شیعر و پەخشان سەروەربوون، بیۆگرافیش، وەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد، کارێکی وەها ئاسان نییە پەنجە بخەیتە سەر ئەوەی دەتهەوێ لە کتێبێکدا سەبارەت بە ڕووداوگەلێک و یان کەسێك بیگێڕییەوە. زۆرجاریش، ئەوانەی شیعر و پەخشانی شاعیرانی کلاسیک کۆدەکەنەوە، هەر ئەوانن کە ئاماژە بە ژیانی نووسەرەکەی دەدەن. پاشان لایەنێکی کۆمەڵایەتی و نەریتی لە لای کورد هاندەر نییە کەسەکە بیۆگرافیی خۆی بنووسێتەوە. لەبەرئەوەی نهێنیی خێزان و بنەماڵە و یاخود ئەگەر سیاسی بێت، نهێنیی حیزبەکەی ئاشکرا دەکات. لە کوردستانیش هێشتا زۆر بە ڕاشکاوی ناتوانین قسەیان لەبارەوە بکەین. تێبینی دەکەین چ بەرپەرچدانەوەیەک دروست دەبێت لە لایەنی جیاواز، کاتێ کتێبێک ڕەوتی فیکری و هەڵوێستی سیاسییەک لە بیروەرییەکانیدا دەنووسێتەوە.
ئەو بڕگانەی پێشوو دەمانبەن بۆ وەستان لەسەر ڕۆڵی ژنان لە نووسینەوەی ئۆتۆبیۆگرافی کە زۆر کەمە. هەتا ئێستا هەموو جۆرە توندوتیژییەک دژی ژن ئەنجام دەدرێ، کوشتنی ژن بەردەوامە! ئەو جۆرە کوشتنە هەموو کۆمەڵ تێیدا بەشدارە؛ بە حوکمی دەسەڵاتی خێڵ و نەریت ئەنجام دەدرێ، نەک بە تەنها خانەوادەی ژنەکە. لێرەوە، بۆ ژنانی کورد قورسە تیشک بخەنە سەر ژیانی تایبەتی خۆیان و بەڕاستی باسی بکەن. ژنانێک هەن لەبەر خوێندنەوە سەرکوت دەکرێن، ئەوجا چۆن باسی ژیانی خۆیان بکەن! بێجگە لەوەی، وەک پێشتر باسم کرد، دەبێ توانای بەسەر نووسیندا بشکێ و ئاستێکی بەرزی داڕشتنەوەی هەبێت بۆ ئەوەی دەست بۆ ئەو بوارە بەرێت. ناکرێ تەنها لەبەر ئەوەی باسی چەند ڕووداوێکی ژیانی و کێشەکانی بەرەوڕووی بوونەتەوە، ئەوە بە ئەدەب لە قەڵەم بدرێت. لە ڕۆژئاوا ژنان زۆر بە ئازادی و بە ڕاشکاوی و بوێرانە، بەڵام زۆریش لێزانانە و ئەدەبییانە، ژیاننامەی خۆیان دەنووسنەوە. لەو ژیاننامانەدا بۆ نموونە لە کتێبی “بیرەوەرییە هەرگیز لەبیرنەكراوەكانی من” کە خاتوو “گەلاوێژ” نووسیوێتی، بیرەوەرییەکانی ژنێکی سیاسییە بە پلەی یەک، با پێشتر دەستی نووسینی ئەدەبی هەبووبێ. وێڕای ئەوەش هەبوونی زۆر باشە و جێی ستایشە.
  قسەکردن لەسەر ڕاستگوییی ناوەڕۆکی بیۆگرافی و ئۆتۆبیۆگرافی، بەتایبەتی ئەوانەی سیاسییەکان، ئاڵۆزە. دروستە، زۆرجار ژیاننامەی سیاسییەک، ئەگەر بە ئاگاداریی کەسانێکی گرنگ بینووسێتەوە کە هێشتا لە ژیاندا بن و پێکەوە کاریان کردبێ؛ دەبینین نهێنیی زۆر ماوە نەیدرکاندووە؛ ئیدی چ لەبەر بەرژەوەندیی ئەو پارتەی ئەو کاری تێدا کردووە، یاخود لەبەر سیاسەتی گشتیی دەوڵەت و کاردانەوەی لەلای دوژمنانیان. هەندێ جاریش بە پێچەوانەوە سیاسییەک نهێنیی زۆر ئاشکرا دەکات و دەبێتە جێی مشتومڕی هەموو کۆمەڵگا و جیهانیش و ناکۆکیی گەورە دەخوڵقێنێت. بیۆگرافی و ئۆتۆبیۆگرافییش هەن کە تایبەتن بە هونەرمەندان و ئەستێرەکانی سینەما. مەرج نیە خۆیان بینووسنەوە، وەکوو پێشتر باسم کرد، گرنگ ئەوەیە ئەم جۆرەیان کەمتر درۆی تێدا دەکرێ، بە حوکمی ئەوەی ئەستێرەکانی سینەما ئازادترن لە دەربڕینی هەست و وەستان لەسەر هێڵە سەرەکییەکانی ژیانی تایبەتی و هونەرییان. لێرەشدا، ئەم خاڵە پابەندە بەوەی ئەگەر ئەو هونەرمەندە زانیاریی سیخوڕی لەلای نەبێت کە ببێتە فشار بۆ سەر ژیانی و بەرەوڕووی مەترسیی کوشتن ببێتەوە. لەوانەیە باشترین نموونە ئەستێرەی سینەمای ئەمریکی “مارلین مۆنڕۆ” و هونەرمەندی میسری “سوعاد حوسنی” بێت کە هەتا ئێستا هەرچی لەبارەی ژیاننامەیانەوە نووسراوە، تەمی لەسەرە و ئەو بەشەی تایبەتە بە هۆی مردنیان بە تەواوی ئاشکرا نەبووە.

چۆن دەقی خەیاڵی و بەخودخەیاڵکردن لەیەک جودا کەینەوە؟
ئەوەی پابەندە بە خەیاڵ Fiction، ئەم جۆرە دەقە ئەگەر پێناسەیەکی کورتی سادەی بکەین، لەوەدا کورت دەبێتەوە کە هەرچی تێیدا هاتووە درۆیە، بەڵام ڕووداوەکانی بە ڕەوتێکی لۆجیکیدا دەڕۆن. بەو واتایە کە لەسەر بەرگی کتێبێک دەنووسرێ ڕۆمان، واتە دەقێکی خەیاڵی. ڕۆمان دەقێکە گەرەنتی بە خوێنەر دەدات کە ئەو ڕووداوانەی باسیان هاتوونەتە پێشێ، بەرهەمی خەیاڵن. لەم دەقانەدا مەرج نییە نووسەر بیر و بڕوا و لایەنگریی فیکریی خۆی، جێی گێڕانەوە بێت. تیۆریناسی فەڕەنسی “ناتالی پیگی-گڕۆ” Nathalie Piégay-Gros لە کتێبی “ڕۆمان” نموونەی نووسەر “بەلزاک” دەهێنێتەوە کە “(…) لایەنگری ڕژێمی پاشایەتی بوو، بەڵام لە ڕۆمانەکانیدا، بە بیر و باوەڕێکی مارکسییانە بەیەکدادانی چینە کۆمەڵایەتییەکانی تاوتوێ کردووە.”
لەلایەکی ترەوە، تیۆریناس و ڕۆماننووسی فەڕەنسی “کرستین مۆنتالبیتی” Christine Montalbetti, لە کتێبی “خەیاڵ”دا دەڵێ: “خەیاڵ لە پێش هەموو شتێکدا پرسیارێکی ئەنتۆڵۆجی دەخاتەڕوو: بوونەوەرێکی خەیاڵی چییە؟” بەو واتایە لە ڕۆماندا هەموو کەسایەتییەک خەیاڵییە، ئەوەش بە پێچەوانەی ژیاننامە و خودنووسینەوە کە مەرجە کەسایەتییەکان و ڕووداوەکان، لە زەمینەی ڕاستیدا بوونیان هەبێ. بێجگە لەوەی دەقی خەیاڵی، ستروکتوورێکی خەیاڵیی هەیە. واتە ئەگەر لە ڕووداوێکی تایبەتی ژیانی کەسایەتییەکەوە دەست بە گێڕانەوە بکەین کە لە سەردەمی حوکمڕانیی کەسایەتییەکی ناوداردا ژیاوە، مانای وا نییە ئەو ڕووداوە ڕاست ڕووی داوە، بەڵکوو ئەوە کارکردنی خەیاڵە. نووسەر مەبەستێتی بەو ستروکتوورەوە لەسەر سەکۆی ڕووداوێک بیخاتەکار. تەنانەت ئەگەر ناوی مێژوویی کەسایەتیەکانیش ڕاست بن و ناودار بن، ئەوە هیچ لە ناوەڕۆکی ئەو دەقە ناگۆڕێ کە ڕۆمانە و کار لە خەیاڵدا دەکات.
لە هەندێک دەقدا پەیوەندییەکی ئاڵۆز و ناڕوون و تێکەڵکردنێک لە نێوان نووسەر و کەسایەتیی سەرەکی و گێڕەرەوەی ڕووداوەکان دەکرێت؛ ئەمە پێی دەگوترێ شوناسی سێ کوچکەیی. بەو واتایە نووسەر پاڵپشت بە کۆمەڵێ زانیاری کە خۆی دەیزانێت، لە خۆی دەدوێت؛ وەکو کەسایەتییەکی سەرەکی و بە ناوی گێڕەرەوە خۆی پێشنیاری ڕووداوەکان دەکات. لە کاتێکدا ژیاننامە و خودنووسینەوە، دەمانبەن بۆ ناو جیهانێکی نەگۆڕ و، پاڵپشت بە بەڵگە و شایەدحاڵ و زانیاریی ڕاستی سەلمێندراو، نووسینی دەقێک ئەنجام دەدرێت.
تیۆریناسی ئەدەبییش”سێرج دوبرۆڤسکی” Serge Doubrovsky پێناسەی جۆرێکی تری دەقی خەیاڵی داهێناوە کە وەک “بەخودخەیاڵکردن” ناوی دەبات autofiction،. لەلای دوبرۆڤسکی ناوی کەسایەتیی سەرەکی و ناوی نووسەر مەرجە هەمان ناو بێت. بەڵام، بە پێی تیۆریناس”فیلیپ گاسپارانی” Philippe Gasparini لەم جۆرە دەقەدا جەخت لەوە دەکات کە زۆر چاک دەکرێ چەندین نیشانە لە دەقەکەدا بدۆزینەوە، وەکو هێما و ئاماژە بن بۆ خودی نووسەر، ئەگەرچی ناوی خۆی و ناوی کەسایەتییەکەش هەمان ناو نەبن. جاری وایە لەم جۆرە دەقەدا نووسەر پەنا بۆ ئەوە دەبات ناوی خۆی بداتە یەکێک لە کەسایەتییەکان کە کەسایەتییەکی سەرەکی نییە، بگرە زۆر لاوەکییە. گاسپارانی لێرەدا پێی وایە کاری بەشوناسکردنی نووسەرەکە ئاڵۆزتر دەکات، چونکوو هیچ خەسڵەتێک و نیشانەیەک لەو کەسایەتییەدا نییە کە لێیەوە بتوانین نووسەر بناسینەوە. بۆ وردبوونەوە لەبارەی هەندێ چەمکی وەکوو کەسایەتی و خوێنەر و پاڵەوان، هتد، بچنەوە سەر کتێبێکم “کرۆنیک” کە کۆمەڵە بابەتێکی ئەدەبی و هونەری لەخۆ کۆکردۆتەوە.

چۆن لە دەقێکی ئەدەبی تێبگەین؟
دەتوانین لێرەدا لەسەر خاڵێک بوەستین لەبارەی چۆنێتیی تێگەیشتن لە دەقی ڕۆمان و پۆلێنکردنی وەکوو ژانرێکی ئەدەبی.
لە ڕوانگەی زمانەوانیی فۆڕمالیستە ڕووسەکانەوە کە وەکوو قوتابخانەیەک بۆ بەرپەرچدانەوەی فیکری مارکسی دەرکەوتن؛ وێڕای ڕەتکردنەوەیان بۆ ناولێنانیان وەکوو “فۆڕمالیستەکان” واتە (لایەنگرانی شێوە)، پێیان وابوو ئەم ناولێنانە بە ناڕەوایی سەپێندراوەتە سەریان؛ چونکوو لە ڕوویەکەوە جەختیان لە ناوەڕۆکیش کردووە، بە مەرجی بوونی زمانێکی شیعریی پاراو. دروستە کە پشتبەستوو بە زمانەوانی، لە لای ئەوان بەکارهێنانی زمانێکی ئەدەبی لە دەقێکدا زۆر مەرجێکی گرنگە بۆ بەرهەمهێنانی دەقێکی جوان کە تێیدا ئاواز و ڕیتمی وشە جێی خۆی هەبێ. بەپێی فۆڕمالیستەکان ئەو زمانە لە ئاستی فۆڕمێکی ڕووکەشی سادەدا ناوەستێت، بەڵکوو هاوکاریشە بۆ تێگەیشتن لە ناوەڕۆکیش. ئەو زمانەی وەک دەقێکی ئەدەبی کاری پێ کراوە، واتە کۆی وشە و ڕستە و بڕگەکان، هەمان زمان نییە کاتێ لە دەقی گوتارێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی و ئابووری و … کاری پێ دەکرێ. لە بنەڕەتیشدا ئامانجیان شکاندنی باو و گۆڕینی خوو و نەریتی خوێنەرە سەبارەت بە وەرگرتنی دەقێک.
بە پێداچوونەوەش بە ڕەخنەگەراییی ستروکتوورالیستەکان، ئەمان فۆڕمیان بە ناوەڕۆکەوە گرێ داوە. بوونی دەق لە لایان، هەموو فاکتەرێکی درەکیی تایبەت بێت بە نووسەر، وەکوو لایەنی کۆمەڵایەتیی، مێژوویی، دەروونیی… وەڵاوە دەنرێت. پێویستە لە خودی دەقەکە و ئەو سیستەمەی ناوەوەی کە یەکەکانی نێو دەقەکە ڕێک دەخات، تێبگەین. ئا لێرەشەوە تێۆریناسێکی وەکو “ڕۆلان بارت”Roland Barthes کۆنسێپتی “مەرگی نووسەر”ی داهێنا و بە وردی لەبارەیەوە نووسیوێتی.
ئەوە لە کاتێکدا تیۆریناس “ئیزابێل ڕوبلا” Isabelle Roblin بە وەستان لەسەر بیری تیۆریناس و ڕەخنەگری ئەدەبی ئینگلیزی “تێری ئێگلتن” Terry EAGLETON دەڵێت کە ئێگلتن ]ستروکتوورالیزم و سیمیۆتیک لە یەک نزیک دەکاتەوە. لەلای ئەو، ستروکتوورالیزم کە لە ناواخنیدا “پێشنیاری لادانی هەموو تەمومژ و ناحاڵیبوونێک لە ئەدەبدا دەکات” و بە ”بەڵێنپێدانی بە واتای جووڵەی مێژوویی و کۆمەڵایەتی”، ئەویش کاتێ دێتە سەر لایەنی جێبەجێکردنی(تطبيق)، ئەو بەڵێنەی بەسەر نابات، چونکوو زۆر بە توندی “دژە هیومانیزمە و لە مێژوو داماڵراوە” لەو کاتەوەی ئەویش بە نۆرەی خۆی “ئەو ئەفسانەیە ڕەت دەکاتەوە کە دەڵێ: ” (ئەزموونی) تاک هەموو شتێکە”[
لایەنگرانی ڕەوتی تەفکیکییەت، بە پێچەوانەی ستروکتوورالیستەکان، گومانیان خستە سەر زمان، پشتیان لە تاک سەنتەرییەتی کرد و یەک واتاییی نێو دەقیان ڕەت کردەوە، پتر جەختیان لە فرەواتایی کرد و بە پەنابردنەبەر هەڵوەشانەوەی دەق هەر خوێنەرێک دەکرێ واتایەکی جیاواز بدۆزێتەوە. هەروەها بڕوایان بە پێشینەی نووسینە بەرابەر بە پەیڤین (قسەکردن) کە ستروکتوورالیستەکان لەخۆیان گرتبوو. بەهانەشیان لە پەیڤین، دەربڕینێکی ڕاستەوخۆ کورت دەکەنەوە کە واتا بەرهەم دەهێنێت.

پوختە
لە کۆتاییدا پێویستە بڵێین، هەموو دەقێکی ئەدەبی بە پێی ڕەوتی قوتابخانەکانی تیۆری و ڕەخنەگەرایی، هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی جاواز هەڵدەگرێ. لێکۆڵینەوە و توێژنەوەی ئەدەبییش لە قۆناغێکدا نەوەستاوە و ناشوەستێ. بەڵکوو لەگەڵ گۆڕانکاریی ژیان و گەشەکردنی کۆمەڵاتی و گۆڕانی فیکری سیاسی و ئابووری و هەموو لایەنێکی زانستی، هەڵسەنگاندن بە خۆوە دەبینێت. لێرەوە، دەکرێ لە جۆری دەقی بەخودخەیاڵکردندا، پەنا بۆ شیکردنەوەیەک بەرین کە پشت بە زانیاریی ڕاستەقینەی نووسەر ببەستین سەبارەت بە ژیانی، ڕەوتی فیکری و سیاسی، ڕەوشی کۆمەڵایەتی، پلەی زانستیی خوێندنی و … چونکوو ئەو لایەنانە هەتا ڕادەیەکی باش بۆ دەستنیشانکردنی ژانری لەو جۆرە و دەقی ژیاننامە و خودنووسینەوە گرنگن.
دواجار، نووسەری داهێنەر دەتوانێت دەقی خودنووسینەوەی ڕاستەقینەی خۆی بەرهەمبهێنێت؛ هاوکات لە سەرچاوەی ژیانی ڕاستەقینەی خۆی، دەقێکی خەیاڵی دابهێنێت. ئەوەش وا دەکات بڵێین، داهێنان ژیلەمۆی هەڵسەنگاندنی هەموو دەقێکە.

بەسوودوەرگرتن لەم سەرچاوانە:

– BARTHES, Roland, L’analyse structurale du récit, (avec d’autres auteurs) In Communications, 8 coll. « Points » essais, Éditions Communications, 1966 et du Seuil, Paris, 1981.
– BARTHES, Roland, Le bruissement de la langue. Éditions du Seuil, Paris, 1984.
– BUTOR, Michel. Essais sur le roman, Éditions, Gallimard, Paris, 1960 et 1964.
– DOUBROVSKY, Serge. Fils, Éditions Galilée, Paris,1977.
– Gabriel García Márquez, Une odeur de goyave. Entretiens avec Plinio Mendoza (El olor de la guayaba). Éditions, BELFOND, Paris,1996.
– GASPARANI, Philippe. Est-il je? Roman autobiographique et autofiction. Éditions du Seuil, Paris, 2004.
– GENETTE, G. Figures Fiction et diction, coll. « Points » essais, Éditions du Seuil, Paris, 1966.
– GENETTE, G. Frontières du récit : (avec d’autres auteurs) In Communications, 8 coll. « Points » essais, Éditions Communications, 1966 et du Seuil, Paris, 1981.
– HAMON, Philippe, Le personnel du roman, Éditions Librairie Droz S.A., Switzerland, 1998.
– JOUVE, Vincent, L’effet-personnage dans le roman, Éditions, Presse Universitaires de France, Paris, 1992.
-KUNDERA, Milan, L’art du roman, essai, Éditions, Gallimard, Paris, 1986.
– LEJEUNE, Philippe, Je est un autre, coll. «Poétique », Éditions du Seuil, Paris, 1980.
– MONTALBETTI, Christine, La fiction, Textes choisis & présentés, Éditions du GF Flammarion, Paris, 2001.
– Montesquieu, Quelques réflexions sur les Lettres persanes 1754.
https://gallica.bnf.fr/essentiels/montesquieu/lettres-persanes/quelques-reflexions-lettres-persanes
– PIEGAY6GROS, Nathalie. Le roman, Éditions Flammarion, Paris, 2005. 
– REY, Alain, Petit Robert, Dictionnaire, Éditions Flammarion, Paris, 1986. 

– ROBLIN, Isabelle, « Terry EAGLETON (1994), Critique et théorie littéraires. Une introduction, traduction Maryse SOUCHARD et Jean-François LABOUVERIE », Communication [En ligne], vol. 21/1 | 2001, mis en ligne le 30 octobre 2015, consulté le 16 janvier 2021. URL : http://journals.openedition.org/communication/5431 ; DOI :
https://doi.org/10.4000/communication.5431
– Autobiographie, in revue Poétique, N° 133, Février 2003, Éditions Seuil.

– بەیان سەلمان ”کرۆنیک”، کۆمەڵە بابەتێکی ئەدەبی و هونەریی لەخۆ کۆکردۆتەوە. دەزگای چاپی ژیان، سلێمانی، ٢٠٢٠.
– گەلاوێژ، ”بیرەوەرییە هەرگیز لەبیرنەكراوەكانی من” پێشەکی کەمال غەمبار، بەشی یەکەم، چاپخانەی ئاراس، هەولێر،٢٠٠٩. بەشی دووهەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر ٢٠١٣.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان