ئارامتر بخوێنەوە!

کاریگەریی میدیای نوێ لەسەر خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
خوێندنەوەیەک بە کەڵکوەرگرتن لە نموونەی بەهاری عەرەبی

ڕەزا فەتحوڵڵانژاد

پێشەکی:
شوێندانەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت فەیسبووک لەسەر خەباتی ئازادیخوازانە و دێموکراسیخوازانەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەمتر ئاوڕی توێژینەوەیی لێدراوە. هەر جۆرە توێژینەوەیەک لەم بوارەدا، بە هۆکاری جیاواز کە بەشێکیان گشتی و بەشێکیان تایبەتین، لەگەڵ بەربەست رووبەڕوو دەبێتەوە. دوو هۆکارە گشتییەکە لە لایەکەوە بۆ جیاوازیی میدیای دیجتاڵ لەگەڵ میدیاکانی دیکە و لە لایەکی دیکەوە بۆ جیاوازیی جۆری خاوەنداریی میدیای دیجیتاڵ بەتایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ خاوەنداریی میدیاکانی دیکەدا دەگەڕێنەوە. بەشێک لە هۆکارە تایبەتییەکانیش بۆ بەربەستەکانی بەردەم دەستڕاگەیشتن بە ئامار لە وڵاتە دیکتاتۆرەکان و لێرەدا ئێران، جۆراوجۆری دەستڕاگەیشتنی خەڵک بە سێرویسی ئینتێرنێت و پێشبینیهەڵگرنەبوونی بڕیارە حکوومەتییەکان لەمەڕ جۆری کونتڕۆڵی میدیا دیجیتاڵەکان دەگەڕێنەوە. لەم توێژینەوە کورتە کتێبخانەییدا، هەوڵ دەدرێ بە ئاماژە بە نموونەی بەهاری عەرەبی و ئەو لێکۆڵینەوانەی کە تەرکیز لەسەر کاریگەربوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرهەڵدانی خەڵک لەو وڵاتانە دەکەنەوە، هەروەها ئەو لێکۆڵینەوانەی کە قامک لەسەر بەرتەسکبوونی ئاستی کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بەهاری عەرەبی دەکەنەوە، قامک لەسەر کاریگەرییە جۆراوجۆرەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر خەباتە دژی دیکتاتۆرییەکان دابنرێت. پێویستە سەرنج بەو راستییە بدرێت، کە ئەو هۆکارە تایبەتییانەی کە باس کران، رێگرن لەوەی کە توێژینەوەکە ببێتە توێژینەوەیەکی کتێبخانەیی ـ مەیدانی.
جیاوازیدان لە نێوان میدیاکان و لە جۆری خاوەندارییان
کاریگەریی میدیای نوێ کە بە میدیای دیجتاڵیش ناو دەبردرێت لەسەر خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵک دژی دیکتاتۆرییەکان، ئەوەندەی کە خودی دیاردەکە نوێیە، بابەتێکی نوێی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانە. لەو نێوانەدا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت فەیسبووک و تویتێر شوێنی تایبەتییان هەبووە و هەیە، بە جۆرێک کە دەبینین هەر کات لە وڵاتێکدا ناڕەزایەتیی خەڵک دژی حکوومەتی سەرەڕۆ دەگاتە ئاستی خۆپیشاندانی سەرانسەری، حکوومەتەکە ئینتێرنێت لە کار دەخات، شتەیەک کە بەتایبەتی لە وڵاتێک وەک ئێران بە تەواوی بینراوە. پێویستە میدیای نوێ یان دیجیتاڵ لەگەڵ میدیای جێگرەوە بە هەڵە نەگیرێن، لەوێڕا کە میدیای جێگرەوە ئەو میدیاگەلەن کە سەر بە میدیای سەرەکی یان زاڵ نین، بۆ نموونە رۆژنامەیەک کە تیراژەکەی زۆر کەمترە لە بەراورد لەگەڵ رۆژنامەیەکدا کە حیزبی سەرەکی یان کۆمپانیای بەهێزی لە پشتە، یان تەلەفزیۆنێکی جێگرەوە کە بینەری کەمترە لە بەرامبەر تەلەفزیۆنێکی رەوتی سەرەکی. باسی میدیای سەرەکی و میدیای جێگرەوە، باسێک بووە کە لێکۆڵینەوەی زۆری لەسەر کراوە و وەها جیاوازیدانانێک زیاتر بۆ وڵاتانێک مانای هەیە کە ئازادیی رۆژنامەگەری و میدیایی، بە شێوەی رێژەییش بێت، بوونی هەیە.
لە وڵاتە سەرەرۆکاندا هەتا پێش سەرهەڵدانی میدیای دیجیتاڵ، جگە لە میدیای رەوتی سەرەکی کە لەو وڵاتانەدا بە زۆری یان بە تەواوی لە لایەن دەوڵەتەوە کونترۆل دەکرێن، میدیای دیکە لە ئارادا نەبووە. مەگەر بۆ نموونە، لە وڵاتێک وەک ئێراندا، تەلەفزیۆنە سەتەلایتییەکان، ئامرازی گەیشتنی دەنگی ئۆپۆزیسیۆن بە نێوخۆی وڵات بوون. لەو حاڵەتەدا، میدیای دەسەڵات لە بەرامبەر میدیای ئۆپۆزیسیۆن، بابەتی لێکۆڵینەوەکەیە کە دوو بیاڤی بە تەواوی لێک جیاوازن و لێکۆڵینەوە لەسەریان، سەرەڕای نەبوونی دەرەتانی دەستڕاگەیشتن بە ئامارەکان لە ئێراندا بە شێوەیەکی ئازاد، ئاسانترە.
میدیای دیجیتاڵ، میدیایەکە کە تایبەت نیە بە دەسەڵات یان ئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵات، بەڵکوو بیاڤێکی ئاڵۆزە و کارلێککردنەکان تێیاندا چەندسەرەن. حکوومەت دەتوانێت لە میدیای دیجیتاڵ لەوانە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەمەبەستی بردنە پێشی ئامانجەکانی لەوانە زاڵکردنی خوێندنەوەی خۆی بۆ رووداوەکان کەڵک بگرێت، بە هەمان شێوە ئۆپۆزیسیۆن دەتوانێت کەڵکێکی هاوشێوەیان لێوەربگرێت. لە میدیای دیجیتاڵدا، بیاڤەکە هەر بیاڤی سیاسی نیە و رۆژەڤەکان پێویست ناکات حەتمەن سیاسی بن، چونکە بوارە کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتوورییەکانیش دەبنە رۆژەڤی باسەکان.
هەر بۆیە، پێویستە کاتێک باسی میدیای دیجیتاڵ و کاریگەرییەکەی لەسەر خەباتی ئازادیخوازانە دەکرێت، لە ئاستی ئاڵۆزیی لێککارکردنەکان تێیاندا تێبگەین.
خاڵێکی گرینگی دیکە ئەوەیە کە میدیای دیجیتاڵ، بەپێچەوانەی ئەوەی بۆ میدیای رەوتی سەرەکی، میدیای ئۆپۆزیسیۆن و میدیای جێگرەوە وەڕاست دەگەڕێت، خاوەنی دیاری نیە. بۆ نموونە، کاتێک کەسێک لاپەڕەیەکی فەیسبووکی یان تویتێری یان وێبلاگێکی هەیە، خاوەندارییەکەی تەواو نیە بەڵکوو لەگەڵ بەرتەسک بەرەوڕووە. پێشبینیکردنی بابەتەکانی میدیای سەر بە رەوتی سەرەکی، سەر بە ئۆپۆزیسیۆن و میدیای جێگرەوە بە پێی جۆری خاوەندارییەکە تا رادەیەکی زۆر لواوە. لەم سێ دەستەیەدا، لانیکەم ئاراستەی شکڵبەخشین بە زەینی وەراوەر (موخاتەب) دیارە. بەڵام لە میدیای دیجیتاڵدا، خودسانسۆری بە هۆکاری جیاواز، پێشبینیکردنی بابەتەکان بە جۆرێک دژوار دەکات کە جاری وایە ناکرێ بگوترێت بابەتەکە بە دڵنیاییەوە رەنگدەرەوەی بیروبۆچوون و روانگەی خاوەنەکەیەتی. ئەم راستییە بۆ وڵاتانی دێموکراتیش وەڕاست دەگەڕێت کاتێک خاوەنی لاپەڕەیەکی فەیسبووکی یان تویتێری لەبەر هۆکاری کۆمەڵایەتی، گوشاری گرووپی هاوڕێیان، کارتێکەری ئایینی، ئیتنیکی یان ئابووری، بابەتێک بڵاو دەکاتەوە یان پەسند دەکات کە رەنگدەرەوەی روانگەی خاوەنەکەی نیە. کە دێتە سەر وڵاتانی دیکتاتۆر و سەرەڕۆییلێدراودا، خودسانسۆری لە توێژی جیاجیادا مانا پەیدا دەکات کە یەک لەوان و رەنگە بگوترێ گرینگترینیان، خودسانسۆری لەبەر ترس لە دەستبەسەربوون، زیندانیبوون و بەگشتی کەوتنە ژێر گوشاری حکوومەتییەوەیە.
کەواتە، لێکۆڵینەوەکردن لەسەر پرسی میدیای دیجیتاڵ و بەتایبەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە وڵاتە دیکتاتۆریلێدراوەکاندا، پرسێکی ئاڵۆزە، بە شێوەیەک کە تەنانەت گەر ئەگەری دەستڕاگەیشتن بە ئاماری پێویست لە ئارادا بوایە، دیسان دژوارییەکانی لێکۆڵینەوەکە هەر بەرجەستە دەبوون.
ـ روانگە ئەرێنییەکان لەسەر کاریگەریی میدیای نوێ لە خەبات بۆ دێموکراسی
“گۆستافسۆن” (٢٠١٢) لە لێکۆڵینەوەیەکیدا لەسەر حیزبەکان و ئەندامان (و نائەندامانی) گرووپە خاوەن بەرژەوەندییە سیاسییەکان لە فەیسبووکدا، بەو ئاکامە گەیشت کە “فەیسبووک بە ئامرازێکی بەکەڵک بۆ بەشداربوونی سیاسی لە رەهەندی کردەوەی پێکەوەیی، ئەندامگیری نوێ و پەیوەندیی نێوان ئەندامان سەیر کراوە”. ١ لە لێکۆڵینەوەیەکی دیکەدا لە لایەن لارسۆن (٢٠١٤) لەسەر حیزبە سیاسییەکانی سوئێد، ئەو کامگیرییە کرا کە “ئەگەرچی کەڵکوەرگرتن لە فەیسبووک لە لایەن حیزبە بچووکەکانەوە بەرتەسک بووە، دیسانیش ئەو حیزبانە قازانجیان تێدا کردووە چونکە گەر وا نەبا، ئەوەندەی حیزبە سەرەکییەکان سەرنجی میدیاکانیان رانەدەکێشا”.٢
موحەممەد عەتیف خان لە وتارێکیدا لە ژێر ناوی “ئەوەی هێواش و بەردەوامە رکابەرییەکە دەباتەوە: میدیای نوێ وەکوو بگۆڕی گۆڕانکاری لە بەهاری عەرەبیدا”، بە وردی دەپرژێتە سەر ئەو باسە ئەوە چ هۆکارێکی تایبەت بوو کە وای کرد ئەو حکوومەتە سەرەڕۆیانەی کە بۆ چەندین دەیە سەقامگیر بوون، دەستبکەن بە لێکهەڵوەشانەوە. نابراو پێی وایە سەرەڕای ئەوەی تێگەیشتنەکان لە بەهاری عەرەبی وەک یەک نین، دیسانیش هەندێ هۆکار هەن کە نزیک بە تەواوی لێکۆڵینەوەکانی ئەمدواییانە لەسەر بەهاری عەرەبی لەسەریان هاوڕان. “یەکێک لە گرینگترین بگۆڕەکان سەرهەڵدان و بەکارهێنانی بەردەوامی “میدیای نوێ”یە.٣ ناوبراو میدیای نوێ بۆ بەکارهێنانی ئینتێرنێت، ناردنی پەیام، تۆڕی کۆمەڵایەتی وەک فەیسبووک و تویتێرو بلاگەکان بەکار دەهێنێت.
چارڵز دەبڵیوو دۆنێ”، کارناسی “ئەنستیتۆی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست” و دیپلۆماتی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وتارێکیدا لە ژێر ناوی “دێموکراسیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست: پێشنیارەکان بۆ سەرۆککۆماری داهاتوو” کە لە ژووئەنی ٢٠١٦ لە “ئەنستیتۆی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست” بڵاو کراوەتەوە، لەو باوەڕەدایە کە هۆکارگەلێک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەن کە دەبنە هۆی ئەوەی هیوا بە دێموکراسی و بەردەوامی چالاکییە دێموکراسیخوازانەکان لە ناوچەکە بەردەوام بێت. لە چەقی ئەم هۆکارانەدا کە چارڵز باسیان دەکات میدیای نوێ راوەستاوە.
بە باوەڕی “چارڵز دەبڵیوو دوونێ”، کە باسی ئەگەری هاتنەدی دێموکراسی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەین، نابێ ئەو فاکتەرانەی کە بوونە هۆی سەرهەڵدانی عەرەبی لەبیر بکەین، چونکە سەرەڕای ئەوەی خەبات لە پێناو دێموکراسی “بە دڵنیاییەوە لەبەر ناسەقامگیری زیاتر و زیاتر، هەڕەشەی داعەش، گوشاری تاقەتپڕووکێنی سەرەڕۆیانەوە پاشەکشەی کردووە”، ئەو خەباتە “دواتر” هێز دەگرێتەوە.٤ پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت کە نووسەر کاتێک وتارەکەی نووسیوە کە داعەش هێشتا بەشێک لە خاکی عێراق، لەوانەی سێهەمین گەورەترین شاری ئەو وڵاتە واتە موسڵ و بەشێکی بەرچاو لە خاکی سووریەی بەدەستەوە بوو و بە هەڕەشەیەکی زۆر گەورە بۆ سەر سەقامگیر لە ئاستی نێونەتەوەییدا دادەنرێت. هەروەها پێویستە ئەوەشمان لەبەرچاو بێت، کە نووسەر کاتێک باس لە هیواکانی گەڕانەوە و هێزگرتنی خەباتی دێموکراسیخوازانە لە ناوچەکە دەکات کە چاوەڕوانییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە گرژی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتی ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبییەکان زۆر لاواز بوو. هەروەها لە ٢٠١٦دا، هێشتا نە راپەڕینەکانی شەقام لە لوبنان لە ئارادا بوون، نە لە بەحرەین ئاگربڕ کرابوو، نە لە ئێران راپەڕینی خەڵک لووتکەی خۆی بەو جۆرەی لە ساڵی ٢٠١٨ خۆی نیشان دا، هاتبووە ئاراوە، نە لە تورکیە بەرەی دژە ئۆردۆغان هێزی گرتبوو و نە لە عەرەبستان پرۆژەی کرانەوە بە ڕووی کولتووری رۆژئاوایی بە کردەوە دەست پێکرابوو. هەر بۆیە دەکرێ بڵێین سەرنجدانی زیاتر بە بیرۆکەکانی “چارڵز دەبڵیوو دوونێ” وەکوو کارناسێکی بە ئەزموونی پرسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەم نووسینەدا وەکوو پێویستییەک خۆی دەنوێنێت.
ناوبراو پێ وایە “کەڵکوەرگرتنی بەرین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پلاتفۆرمە تەکنۆلۆژیکییەکانی دیکە بووەتە هۆی ئەوەی “ئاسانتر لە هەر کاتێکی تر پەیوەندیگرتنی سیاسی ، رێکخستن و دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی فیلتێرنەکراو لە زۆر سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە بێتە ئاراوە و بەمەش ئەوانەی کە گوشار دەخەنە سەر دەوڵەتەکان بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ بەهێزتر دەبن.”٥
“زەیودین سەردار” لە کتێبی “خوێنەرانی زەمەنە پاش نۆڕماڵەکان” لە بەشی “رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە زەمەنی پاش نۆڕماڵ”دا، دەنووسێت: “رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕانکاریگەلێکی تا هەنووکە نەبینراوی لە چەند دەیەی رابردوودا بینیوە. بە هۆی “بەهاری عەرەبی”یەوە، هیواکان بۆ دێموکراسی و داهاتوویەکی گەش لەدایک بوون. “شۆڕشەکان” لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەنیا بەرهەمی ئەو ناڕاحەتی و تووڕەییە لە دیکتاتۆرییەکان نەبوون کە عەرەبەکان بۆ لانیکەم نیو سەدە لە دەسەڵاتدارانیان هەیانبوو. بەهاری عەرەبی بەرهەمی زەمەنێکی تایبەتیش بوو، زەمەنێک کە بەجیهانیبوون، پەیوەندیی هەمەلایەنە و پەیوەندیگرتنی لەچرکەدا نۆرمن و دەسەڵات و رەوایی سیاسی خەریکن هەڵدەوەشنەوە.٦ زەیودین سەردار بە ئاماژە بەوەی کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دووهەمین گەورەترین حەشیمەتی خاوەن مۆبایل لە جیهاندایە و کەڵکوەرگرتن لە مۆبایل هەر ساڵە تێیدا دووبەرابەر دەبێتەوە، دەڵێ: “سێ لەسەر چواری حەشیمەتی لاوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ژن و لە پیاو بە بەردەوامی بە مۆبایلەکانیانەوە چەسپاون، هەر خەریکی تویتکردن، بلاگکردن و کەڵکوەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ دابەزاندنی وێنە، کامێنت، هەواڵ و هەروەها رێکخستنی واژۆکۆکردنەوە، رێکخستنی خۆپیشاندان و بەشداری لە چالاکییە سیاسییەکانی دیکەن. سەربانی زۆربەی شارە گەورەکانی جیهانی عەرەب لە خێمەیەکی دەچن کە بە ساجی سەتەلایت هەڵدرابن. پتر لە ٣٠٠ وێستگەی سەتەلایتی هەن کە بیستوچوارکاتژمێر بەرنامەیان هەیە، زۆربەی پرۆپاگاندا بۆ لایەنێک دەکەن، بەڵام کۆمەڵێک کاناڵی هەواڵی باشیش وەک ئەلجەزیرە هەن.٧

گەورەنواندنی کاریگەری میدیا نوێکان:
موحەممەد عەتیف خان لەو وتارەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، کە دێتە سەر کاریگەری میدیا نوێکان، دوو مەسەلە لە یەکتر جیا دەکاتەوە: کاریگەرییەکانیان لەسەر مۆبیلیزەکردنی خەڵک و کاریگەرییەکەی لەسەر سەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆریدا. ناوبراو دەڵێ: “پێناسەکردنی رۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک و تویتێر وەکوو کاریگەرترین هۆکار لە شۆڕشی عەرەبیدا گەورەنواندنێکی تەواوە. لە بپاڤی سیاسیی جیهانیدا، رۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە گۆڕانکاریی سیاسیدا سەرەتا پاش دەرپەڕاندنی سەرکۆماری فیلیپین، جۆزێف ئێسترادا لە دەسەڵات لە ژانویەی ٢٠٠١ گرینگیی خۆی پێدرا، رووداوێک کە لەودا میلیۆنان پەیامی نووسراو تەنیا لە حەوتوویەکدا بەمەبەستی رێکخستنی خەڵک بۆ خۆپیشاندانی بەهێز بە دژی دیکتاتۆری فیلیپین نێردران. ئەم دیاردەیە کە لە لایەن شرۆڤەکارێکی میدیایی بەناوبانگی ئەمریکییەوە بە ” ستراتیژی فیلیپینی” ناوزەد کرا، لە زۆر وڵاتی دیکەش پاشتر بەکار هێنرا. بەڵام جگە لە رۆڵە شوێندانەرەکەی لە مۆبیلیزەکردنی جەماوەردا، رۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئامامگەلێکی جۆراوجۆری لە کێشە سیاسیەکانی ئەمدواییانەی ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا هەبووە.”٨
ناوبراو لە درێژەدا ئاماژە بە “بزووتنەوەی سەوز” لە ساڵی ٢٠٠٩ لە ئێراندا دەکات کە سەرەڕای ئەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی بەرین بۆ رێکخستن خۆپیشاندان بەکار هێنران، رێژیم توانی بە رێگەیەکی توندوتیژ خۆپیشاندانەکان سەرکوت بکات. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات تەنانەت لە شەوی بەهاری عەرەبیدا، بەکارهێنانی بەردەوامی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بەحرەین بۆ وەڕێخستنی ناڕەزایەتیی جەماوەری لە مەیدانی مروارید، نەیتوانی بە ئاکامی دڵخواز بگات. بۆیە پێ وایە: “کەڵکوەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سەرەڕای ئەوەی بگۆڕێکی بەهێزە بۆ وەڕخستنی ناڕەزایەتیی جەماوەری لە دژی دەسەڵاتدارە خۆسەپێنەرەکان، هۆکارێکی سەرەکیی سەرکەوتن لە گۆڕینی رێژیمەکاندا نین”٩

 کاریگەری میدیای نوێ لەسەر پێکهێنانی کۆدەنگی بەرتەسک و کورتخایەنە
توێژینەوەی دیکەش لە ئارادایە کە تیشک دەخەنە سەر لایەنە ئەرێنییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەمبەر ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی جەماوەری و هاوکات ئاماژە بە لایەنە نەرێنییەکان یان باشترە بگوترێ لاوازییەکانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە لە رەوتی سەرکەوتنی خەباتەکەدا دەکەن. ئادام سمیدی و سەیف شاهین لە لێکۆڵینەوەیەکیاندا لە ژێر ناوی “تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و مۆبیلیزاسیۆنی کۆمەڵایەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا”، وێڕای ئەوەی قامک لەسەر ئەو راستییە دادەنێن کە چۆن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێزیان بە جەماوەری خەڵک لە ناڕەزایەتییەکانیان لە دژی دیکتاتۆرییەکان بەخشیوە، باس لە جۆرێک کاتەکیبوونی کۆدەنگی جەماوەریی بەدەستهاتوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن.
ناوبراوان دەنووسن: “هەڵسەنگاندمان لە توێژینەکان دەریدەخات کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رۆڵێکی چەندلایەنەیان لە شەپۆلی ئەو ناڕەزایەتییانە هەبوو کە بە بەهاری عەرەبی ناسران. یەکەم و گرینگترینیان رەنگە ئەوە بێت کە فەیسبووک، تویتێر، یووتیووب و رێگە هاوشێوەکانی دیکەی پەیوەندیگرتن کارێکیان کرد شارۆمەندان ئەو باوەڕەیان بۆ درووست بێت کە لە کاروباری گشتیدا جێگەیەکیان هەیە. خودی ئامادەبوونیان یارمەتیدەریی بەهێزبوونی هەستی جەماوەری خەڵک بوو، شتەیەک کە پێشتر هیچکات لەو ئۆتۆکراسییانەی کە شاهیدی سەرهەڵدان بوون، لەئارادا نەبوو. دووهەم، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رێگەیان بە خەڵک دا پێکەوە پەیوەندی بگرن، خۆیان رێک بخەن و لە ئاستێکی بەریندا بە دژی رێژیمەکانیان رێکخراو بن، شتەیەک کە پێشتر بە تەواوی بە دژواریان دەزانی، ئەگەر نەڵێین بە نەلواویان دەزانی. سێهەم، دەستڕاگەیشتنی جیهانیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەتەنیا ئیزنی بەوە دا کە چالاکانی وڵاتە عەرەبییەکان بۆچوون و ستراتیژییەکانیان لەگەڵ یەکتر هاوبەش بکەن، بەڵکوو بوو بە هۆی ڕووماڵکردنیان لە سەرانسەری جیهاندا و ئەمەش یارمەتی کردن تا پشتیوانیی جیهانی بەدەست بێنن، کە بۆ خۆی بوو بە هۆی کۆکردنەوەی تەنانەت شارۆمەندی عەرەبی زیاتریش.”١٠
لە درێژەدا دەچنە سەر لایەنی کەمتر باسکراوی کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەنووسن: “ژمارەیەک لە کارناسان بە درووستی پێیان وایە کە کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێویستە لە تەنیشت هۆکارە کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و مێژووییەکانی دیکەوە خوێندنەوەیان بۆ بکرێت. لە هەمان حاڵدا، توێژینەکەمان دەریخست کە بەم کەموکورتییەی کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بایەخێکی ئەوتۆ نەدراوە. رێگەدان بە خەڵک بە پەیوەندیگرتن لە رێگەی فەیسبووک و تویترەوە بە مانای یارمەتیدانیان بۆ پەرەپێدانی جۆرە خودئاگاییەکی گشتی نیە کە بۆ ماوە دوورودرێژ بمێنێتەوە. بۆ نموونە، خۆپیشاندەران لە میسر، نەیانتوانی جیا لەوەی داوای لەسەرکارلاچوونی موبارەک بکەن، لەسەر هیچ شتەیەکی دیکە کۆ دەنگ بن. لە ئاکامدا، ئەزموونی دێموکراسیی میسر زۆر کورتخایەن بوو.”١١

کونتڕۆڵی حکوومەتیی میدیای نوێ
لە لێکۆڵینەوەیەکی کتێبخانەییدا لە ژێر ناوی “دیکتاتۆرەکان چۆن ئینتێرنێت کونترۆڵ دەکەن: وتارێکی پێداچوونەوەیی”، ئێدا کێرێموگول و نیلز بی.ویدمەن، دەنووسن: “لە زۆربەی رێژیمە ئەوتۆکراتەکاندا، دەستێوەردانی حکوومەتی لە دامودەزگای دیجیتاڵ و پەیوەندیگرتن کارێکی باوە. ئەوە حکوومەتە کە لە دەرەجەی یەکەمدا کونتڕۆڵی دەکات لە کوێ و کەی تەکنۆلۆژیای مۆدێرنی پەیوەندیگرتن (ICT) بخرێتە ئاراوە، کێ دەستی پێیان رابگات و چ جۆرە زانیاریگەلێک ئاڵوگۆڕیان پێبکرێت. ئەم شوێندانەرییە بە هۆکاری سیاسی روو دەدات، بۆ پێشگرتن لە چالاکانی ئۆپۆزیسیۆن لە رێکخستنی لایەنگرانیان بە ئانلاین، بۆ پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییانەی کە بۆ رێژیمەکە گەلێک گرینگن، یان بۆ سیخوڕیکردن لەسەر خەڵک بەمەبەستی ناسینی دژبەرە هێزەکییەکان.”١٢ نووسەران نموونەی داخستنی ئینتێرنێت لە ژانویەی ٢٠١١ لە لایەن دەوڵەتی حوسنی موبارەک لە میسر و سانسۆری بابەتە ئانلاینییەکان لە لایەن دەوڵەتی چینەوە بە نموونە دەهێننەوە.
ئەوەی کە دیکتاتۆرەکان لە رەوتی پەیوەندیگرتنی خەڵکدا دەستێوەردان دەکەن، سەیر نیە و لەم بارەوە لێکۆڵینەوەی زۆر لە ئارادایە. کێرێموگول و نیلز بی.ویدمەن لەو توێژینەوەی کە ئاماژەمان پێدا، قامک لەسەر چەند خاڵی گرینگ لە پەیوەندی لەگەڵ جۆری دەستێوەردانی حکوومەتە دیکتاتۆرەکان لە نێو میدیای نوێ کە زیاتر خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرجەستە دەکات، دادەنێن. ئەوان پێیان وایە سەرەڕای ئەوەی پەیوەندیگرتنی ئانلاینی خەڵک لەگەڵ یەکتر، جۆری دەستێوەردانی ئەو حکوومەتانەی ئاڵۆزتر کردووە، هاوکات هەلێکی زۆر گەورەی بۆ درووست کردوون. ئەوان پێیان وایە کە تێکنۆلۆژیای دیجیتاڵی پەیوەندیگرتن هەلی نوێ بۆ دەستێوەردانی ئۆتومەیتێک (ماشینی) دەرەخسێنێت، ئەویش لە رێگەی نەرمەواڵەی سانسۆرکردنەوە کە دەتوانن بە شێوەیەکی ئۆتوماتیکی بابەتەکە دژبەرەکان بدۆزنەوە و بلاکیان بکەن، یان ترافیکی رایەڵەیی کە دەتوانن ئەو تاکانەی کە بابەتی جێی گومان بڵاو دەکەنەوە، بدۆزنەوە.١٣
کێرێموگول و نیلز بی.ویدمەن سێ توێژی جۆراوجۆری دەستێوەردانی حکوومەتە دیکتاتۆرەکان لە پەیوەندیگرتنی ئینتێرنێتیدا لە یەکتر جیا دەکەنەوە. توێژی یەکەم، دامودەزگای دیجیتاڵە، توێژی دووهەم، رایەڵەی ئینتێرنێتە و توێژی سێهەم، بەرنامە یان ئەپڵیکەیشێنەکانە. لەمەڕ توێژی یەکەم، ئاماژە بە خاڵێکی گرینگ دەکەن. وڵاتە دیکتاتۆرییەکان لە دامەزراندنی دامودەزگای دیجیتاڵدا وەپاش وڵاتە دێموکراتەکان کەوتن و هۆکاری ئەمەش بۆ یەک شت دەگەڕایەوە، ئەوان نەیاندەویست خەڵک دەستیان بە ئینتێرنێت رابگات تا کاتێک لەوە دڵنیا نەبن کە ئامرازی پێویستیان بۆ کونترۆڵکردنی هەیە. ئەمە راست هەمان شتە کە لە ئێرانیشدا رووی دا. ئەگەر سەیری بکەین دەبینین، خەڵکی ئێران لە باری دەستڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت، پاشان تۆڕی کۆمەڵایەتیی وەک فەیسبووک و پاشتریش ئینتێرنێتی خاوەن کوالیتی بە تەواوی وەپاش نەتەنیا وڵاتانی پێشکەوتوو بەڵکوو وڵاتانی دراوسێی ئێران کەوتن.
لە پرسی توێژی دامودەزگای دیجیتاڵدا، کێرێموگول و نیلز بی.ویدمەن ئاماژە بە راستییەکی جێی سەرنج دەکەن. “توێژینەوەکان بەو ئاکامە گەیشتوون کە دەوڵەتەکان هەنووکەش رۆڵێکی گرینگیان لە دابەشکردنی جۆر و رادەی دەستڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت هەیە و دابینکردنی سێرویسی ئینتێرنێتی بە شێوەیەکی سیستماتیک بۆ ئەو گرووپە ئیتنیکییانەی لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتن، لە خوارە”.١٤

میدیای نوێ لە کوردستان لە ژێر تیشکی روانگە ئەرێنییەکاندا
ئەوەی لەمەڕ لێکۆڵینەوەکەی “گۆستافسۆن” لە پەیوەندی لەگەڵ کاریگەرییە ئەرێنییەکانی میدیای نوێ لەسەر بەشداریی سیاسی، ئەندامگیری و پەیوەندی نێوان ئەندامەکان لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا، بۆ بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وخەباتی لە نێو ئازادی و رزگاریدا دێتەوە. ناکرێ بە جێگەی موناقشەی بزانین کە پاش سەرهەڵدانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت پاش بەکارهێنانیان بە شێوەی بەرین لە لایەن خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، چالاکییە خەباتگێڕییەکان پێیان نایە قۆناخێکی نوێوە. پێش لەوە، تەنیا میدیایەک کە خەڵکی ڕۆژهەڵات دەیانتوانی لە رێگەیەوە ئاگاداری هەواڵەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بن، رادیۆ بوو کە ئەویش پارازیتی زۆر لەسەر بوو و دەکرێ بڵێین لە پاش راگرتنی خەباتی چەکداریی حیزبەکان بە شێوەی بەرین، ئەو رادیۆیانەش کە دەکرێ بڵێین سەرەکیترین رادیۆی دەنگی کوردستان سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو، ئیدی ئەو کاریگەرییەی پێشوویان نەما. ئێمڕۆکە پەیوەندی شۆڕشگێڕان لە دەرەوەی ڕۆژهەڵات لەگەڵ نێوخۆ و هەروەها پەیوەندی خەڵکی رۆژهەڵات لە نێوخۆ لەگەڵ یەکتر دەرفەتێکی پێک هێناوە کە پێش لە سەرهەڵدانی میدیای نوێ و بەتایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێناکردنی نەلواو بوو.
رەنگدانەوەی ئەم کاریگەرییە ئەرێنییە بە شێوەیەکی بەرچاو لە خۆپیشاندان و سەرهەڵدانە جیاجیاکانی دەیەی رابردووی رۆژهەڵاتی کوردستان بینراوە. هەر بۆ نموونە، کاتێک هەموو شار و گوندەکانی کوردستان لە هەر لە باکووریترین خاڵی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە تا باشووریترینی وێکڕا و بە یەکدەنگ بە پیر بانگەوازی بەپیرەوەچوونی بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان چوون و وێنایەکی بێوێنەیان لە ئاستی بەرزی هەستی نەتەوەیی خۆیان و یەکگرتوویی خۆیان نیشانی دۆست و دوژمن دا، کاریگەریی ئەرێنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر چالاکییەکان بە تەواوی ئاشکرا و روون بوو.
کە دێتە سەر کاریگەریی ئەرێنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر “ئەندامگیری” لە رەوتی خەباتدا بەو جۆرە کە “گۆستافسۆن” باسی دەکات، نموونەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بازنەی ڕێکخستنەکان بۆ خەباتی جەماوەری و حەرەکەتی مەدەنی تێدەپەڕن و دەچنە نێو بازنەی خەباتی چەکداریشەوە. زەحمەتە وێنا بکرێت کە ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بۆ ماوەی سێ تا چوار ساڵ بەردەوام جێگای باسی نەک هەواڵدەرییە لۆکاڵییەکان، بەڵکووهەواڵدەرییە ناوچەییەکانی وەک ئەلعەرەبییە و ئەلجەزیرە و تەنانەت میدیای سەرەکیی جیهانی وەک نیۆیۆرک تایمز و تایمزی لەندەن بوو، بیتوانیبا بە بێ هەبوونی میدیای نوێ بە نیوەی دەستکەوتەکانیشی گەیشتبا. هەر بۆ نموونە، کاتێک فەرماندەرانی پلەبەرزی کۆماری ئیسلامی لە تاران و بە ئامادەبوونی میدیا بەناوبانگە ناوچەیی و جیهانییەکان لە هاوینی ٢٠١٦دا لەسەر شەڕەکانی قەرەسەقەل و کۆساڵان کە تێیاندا گیانفیدایی پێشمەرگە گەیشتە لووتکە، کۆنفرانسی هەواڵییان گرت، کاردانەوەی خەڵکی رۆژهەڵات بەرامبەر ئەو کۆنفرانسە هەواڵییانە بە شێوەیەک بوو کە لە لایەکەوە نیشاندەری گەیشتنی پەیامی ڕاسانی ڕۆژهەڵات بە خێڕاییەکی پێشتر ئەزمووننەکراو بە کونجوقوژبنی کوردستان بوو و لە لایەکی دیکەوە نیشاندەری لواوی خودی پەیامەکە بوو کە گرێدانی خەباتی شار و شاخ بوو. نە ئەو خێراییەکەی کە باس کرا و نە ئەو گرێدانەی کە ئاماژەی پێکرا دەلوا ئەگەر کاریگەریی ئەرێنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەبوایە.
وەک پێشتر ئاماژەی پێدرا، پێشبینییەکانی “چارڵز دەبڵیوو دوونێ” ئەگەری هێزگرتنەوەی خەبات بۆ دێموکراسی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست لە ژێر کاریگەریی کەڵکوەرگرتنی بەرینی خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ ئێران وەڕاست گەڕاون. پتر لە ئێران، دەکرێت بڵێین ئەو پێشبینییانە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەواوی درووست دەرچوون. تەنیا لە دەیەی رابردوودا، رۆژهەڵاتی کوردستان، شایەتی سەرهەڵدان لە پاش سەرهەڵدان بووە و ئەمە تەنیا خۆی لە خۆپیشاندانی بەریندا بەرتەسک نەکردووەتەوە و چالاکییە بچووکترەکانیشی گرتووەتەوە. بۆ نموونە کاتێک زارا موحەممەدی لەبەر مامۆستایەتیی زمانی کوردی دەکەوێتە بەندیخانە، چالاکییەکان بۆ شەرمەزارکردنی کۆماری ئیسلامی هەر بە شاری سنە و دەورووبەری کورت نابێتەوە و تەنانەت سنوورەکانیش دەبەزێنێت. ئەمە کاتێک گرینگە سەرنجی بدرێت کە بزانین لە رابردوودا و لە پێش سەرهەڵدانی میدیای نوێ، ساڵانە چەندین نموونەی زوڵم و ستەمی هاوشێوە لە ئارادا بووە و چالاکی لە دژیان یان هەن نەبوون یان زۆر کەم و لە باری جوغرافیاییەوە بەرتەسک بوون.

میدیای نوێ لە کوردستان و بەرتەسکییەکانی کاریگەرییەکانیان
لەمەڕ ئەو جیاکارییەی “موحەممەد عەتیف خان” بە پێویستی دەزانێت لە نێوان کاریگەریی میدیای نوێ لەسەر مۆبیلیزەکردنی خەڵک لە لایەکەوە و لەسەر سەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆریدا لە لایەکی دیکەوە بکرێت، پێویسته بگوترێت ئەم جیاکارییە خاڵێکی زۆر گرینگە بۆ تێگەیشتن لەوەی لە کوێدا کاریگەریی میدیای نوێ ئەرێنییە و لە کوێدا کاریگەرییەکە بەرتەسکە و ناتوانێ یارمەتیدەرێکی بەرچاو بێت لە بە ئەنجامگەیاندنی خەبات بۆ ئازادی و دێموکراسی. هەموو ئەو نموونانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە رەنگدەرەوەی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی میدیای نوێن، نموونەگەلێکن بۆ پشتڕاستکردنەوەی راستیی کاریگەرییە لەسەر مۆبیلیزەکردن. دیارە هیچکام لەو خۆپیشاندان و سەرهەڵدانانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست رووخاندنی کۆماری ئیسلامییان بەو جۆرە نەکردووەتە ئامانج کە ئامانجەکە بە لێکەوتەی راستەوخۆیان بزانرێت، باسێک کە دواتر دەچینە سەری.
ئەو خاڵانەی کە “کێرێموگول” و “نیلز بی.ویدمەن” لەمەڕ چۆنیەتیی کونتڕۆڵی میدیای نوێ لە لایەن حکوومەتە سەرەڕۆکانەوە باسی دەکەن، بە تەواوی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش وەڕاست دەگەڕێت. بۆ نموونە، ئەوە کۆماری ئیسلامییە کە دیاری دەکات چ ماڵپەڕێک فیلتێر بێت و چ ماڵپەڕێک فیلتەر نەبێت، رۆژ نیە ئازادیخوازێکی کورد بە هۆی دەربڕینی بۆچوونی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەکەوێتە ژێر زەخت و گوشارەوە و هەروەها لە پاش هەر خۆپیشاندانێکی جەماوەری، گرتنی بە کۆمەڵی چالاکان دەست پێدەکات. هاوکات هەر سێ توێژەکەی کە ناوبراوان لە ڵێکۆڵینەوەکەیاندا باسی دەکەن، لەمەڕ ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەڕاست دەگەڕێت.

جیاوازی کوردستان و خەباتەکەی
وەک لە سەرەوە باس کرا، “ئادام سمیدی” و “سەیف شاهین” لە لێکۆڵینەوەکەیاندا جیاکاریکردن لە نێوان کاریگەریی کورتماوە و درێژماوەی میدیای نوێ لەسەر پێکهێنانی کۆدەنگی لە نێو جەماوەری ناڕازییان بە پێویست دەزانن. ئەم جیاکارییە بۆ خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی رێژەیی وەڕاست دەگەڕێت. لەوێڕا بە شێوەیەکی رێژەیی چونکە لە لایەکەوە کۆدەنگیی جەماوەری لە کوردستان، تەنیا کۆدەنگییەک نیە لەسەر لەسەرکارنەمانی حکوومەتێکی دیکتاتۆری وەک کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو کۆدەنگیشە لەسەر ئامانجێکی درێژخایەنتر کە رزگاری و دێموکراسی لە کوردستاندایە. ئەم ئامانجە درێژخایەنە بە درێژایی چەندین دەیە و تەنانەت پێش لە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیش هەر لە ئارادا بووە. لە لایەکی دیکەوە، دەبینین کە هەر چەند مانگ لە زنجیرە خۆپیشاندانێک یان چالاکییەکی بەرینی کۆمەڵانی خەڵک تێناپەڕێت، جۆرە بێهیواییەک روو دەکاتە بەشێک لە چالاکان، واتە کۆدەنگییەکە درێژخایەنە بەڵام بە چەندین هۆکار، یەک لەوانە کەڵکی کۆماری ئیسلامی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە دژەهێرش، هاوکات کۆدەنگییەکی پچڕپچڕیشە. واتە ئێمە دەتوانین لە بەرامبەر ئەو مۆدێلی کۆدەنگی درێژخایەن و کورتخایەنەدا، مۆدێلێکی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان واتە کۆدەنگی درێژخایەن و هاوکات پچڕپچڕ بخەینە ڕوو.
وەک لە بەشی پێشوودا باس کرا، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیدەربڕینەکانی کوردستان بەو مەبەستە نەبوون کە لە ئاکامیی راستەوخۆیاندا کۆماری ئیسلامی بڕووخێت. لەبەر ئەوەی پرسی کورد لە ئێراندا، پرسێکی نەتەوەیی خەڵکانێک کە خاکی داگیرکراوی هاوبەشیان هەیە و ئەمەش ئەوان لە پرسە سەرانسەرییەکان جیا دەکاتەوە. هەر بۆیە ئەگەر وای دابنێین کە ئامانجی سەرەکی لەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانە و تەنانەت چالاکییە بەرتەسکە دژە دیکتاتۆرییەکانی دیکەش لە رۆژهەڵاتی کوردستان، وشیارکردنەوەی خەڵک، نیشاندانی کۆدەنگی درێژخایەن لەسەر پرسێکی نەتەوەیی و بەهێزکردنی بەرخۆدانی جەماوەری وەکوو یەکێک لە ماکە سەرەکییەکانی تێکۆشان لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییە بێت، ئەوا رۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەگشتی میدیای نوێ ئەرێنی بووە چونکە ئەوەی پێویستە و بنەڕەتییە مۆبیلیزەکردنە.

دواوتە:
لەم وتارەدا، توانیمان سەرەڕای ئەو بەربەستانەی لەبەردەم توێژینەوە لە پرسی کاریگەریی میدیای نوێ و بەتایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئارادان، بە نموونەی بەهاری عەرەبی و ئەو توێژینەوانەی لەسەر ئەو سەرهەڵدانە کراون، خوێندنەوەمان بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبێت. دەکرێت ئەو دەرەنجامگیرییە بکرێت کە کاریگەرییە لەسەر خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان بە زۆری ئەرێنی بووە. ئەوەی پێویستە لەمەڕ لایەنە نەرێنییەکەی گرینگی پێبدرێت، پچڕپچڕبوونی کۆدەنگیی خەڵکە کە جۆری کونتڕۆڵی میدیای نوێ و بەتایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە تێیدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت.

سەرچاوەکان:

1. Schroeder, Ralph, Social Theory after the Internet, UCL Press, p 36
2. هەمان، ل ٣٦
3. Atif Khan, Muhammad, Slow and Steady Wins the Race: New Media as Variable of Change in the Arab Spring, Pakistan Horizon , January-April 2013, Vol. 66, No. 1/2 (January-April 2013), Pakistan Institute of International Affairs, p 65
4. W. Dunne, Charles, Middle East Democracy: Recommendations for the Next President, Middle East Institute (2016)
هەمان5.
6. Sardar, Ziauddin, The Postnormal Times Reader, International Institute of Islamic Thought, 2019, p 261
7. هەمان
8. Atif Khan, Muhammad, Slow and Steady Wins the Race: New Media as Variable of Change in the Arab Spring, Pakistan Horizon , January-April 2013, Vol. 66, No. 1/2 (January-April 2013), Pakistan Institute of International Affairs, p 66
هەمان، لاپەڕەی ٦٦9.
10- Smidi, Adam and Shahin, Saif, Social Media and Social Mobilisation in the Middle East, India Quarterly, June 2017, Vol. 73, No. 2, Special Issue: The Middle East (June 2017), p. 204
11- هەمان، لاپەڕەی ٢٠٤
12- Keremoğlu, Eda and B. Weidmann, Nils, How Dictators Control the Internet: A Review Essay, Comparative Political Studies, 2020, Vol. 53(10-11), pp. 1690-91
13- هەمان، لاپەڕەی ١٦٩١
14- هەمان، لاپەڕەی ١٦٩٢

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان