ئارامتر بخوێنەوە!

کوردەکان لە ناو ئێران:

هاوسەنگکردنی ناسنامەی ئەتنیکی و نەتەوەیی لە ژینگەیەکی بەئەمنیکراودا

نووسەران:
شەهرام ئەکبەرزاده، زاهید شەهاب ئەحمەد، کۆستاس لاوتایدز و ویلیام گورلای
وەرگێڕان: کامران تەیمووری

 

پوختە

کوردەکان لە ناو ئێران هەست بە پەراوێزخران لەناو سیستەمی سیاسیی ئەم وڵاتەدا دەکەن. لێکۆڵینەوەیەکی گشتی لەسەر کوردەکان لەناو  ئێراندا نیشان ئەدا ئەمان هیچ چەشنە باوەڕ و پەیوەست بوونێکیان سەبارەت بە دەوڵەتی ناوەندەییەوە نیە و هیچ چەشنە پەیوەندییەکی سۆزدارییان سەبارەت بە ناسنامەی ئێرانی یان کۆماری ئیسلامی نیە. ئەو کەسانەی لەم ڕاپرسییەدا وڵامی پرسیارەکانیان داوەتەوە، لە سەر ناسنامە و پەیوەست بوونیان بە ناسنامەی کوردیی خۆیان وەک خاڵی سەرەکیی گرێدراوی، لەڕادەبەدەر پێداگرییان کردوە. ئەم دابڕانە سۆزداری و سیاسییە لە ئێران، ڕژێمی ئێستاکەی ئێران دێنێتە ژێر پرسیاری جیددییەوە و لە لایەکی تریشەوە زەبرێکی کاریگەر لە دیسکۆرسی یەکێتیی ئەتنیسیتی و یەکگرتووییی ئێران، واتە هەر ئەو وتارەی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەردەوام بەهێز دەکرێ، دەوەشینێ.

ئەم مژارە ڕژێمی ئەمێستاکەی ئێرانی خستووەتە ناو دۆخێکەوە کە بۆ ئەم کێشە سیاسییە، ڕێگا چارەی ئەمنی بگرێتە بەر. بەم حاڵەشەوە، بە پێی داتا بەردەستەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە، بەئەمنی کردنی دژەکردەوەی ئێران بۆ کوردەکانی ئەم وڵاتە، تەنیا دەبێتە هۆکاری گەورە بوونی قەڵشتەکان و خراپتر کردنی دۆخەکە. تێڕوانینی ئەمنی سەبارەت بە ویستی کوردەکان بۆ بەشداری کردن و وەخۆگرتنی کوردەکان لە ناو سیستەمی سیاسی، ستراتێژیایەکی بەراوەژوو و تژی لە مەترسی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدوای خۆێدا دێنی.

پێشەکی

لە مانگی ئەگۆستی ساڵی ٢٠١٧، بیژەن زەنگەنە وەک کوردێکی شیعە مەزهەب، بۆ ماوەیەکی چوارساڵەی تر، وەک وەزیری نەوتی ئێران هەڵبژێردرا.(رووداو، ٢١ آگوست ٢٠١٧). لە ڕواڵەتدا، هەر ئەوەی کە کوردێک بتوانێت ببێتە خاوەن پۆستێکی وەها گرینگ، نیشاندەری ئەو چەمکە باوەیە کە ئێران سروشتێکی چەند ئەتنیکییە. لە لایەنی دیرۆکییەوە، لە جیاتی ئەوەی ئێران وەک نەتەوە-دەوڵەتێکی یەک ئەتنیکی پێناسە بکرێت، وەک وڵاتێکی فرە کولتوری و مەدەنی لێی دەڕوانرێت کە ئەتنیکەکانی لەناویا پێکەوە دەژین.  ئەم چەشنە ڕوانگەگەلە لە سەدەی بیستەمدا، لە دەسپێکەوە بە هۆی توندیی نەتەوەخوازیی بنەماڵەی پەهلەوی- خوازیاری یەکدەست کردنەوەی کۆمەڵگا بوون- و لەساڵی ١٣٥٨-١٩٧٩ لە ژێر سەروەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کە نمونەیەکی ئیسلامیی بەسەردا سەپاندن، تووشی گۆڕان بوو. ناسنامەی نەتەوەییی ئێران لە سەر بنەمای خولانەوە لە ناو بازنەی دوو فاکتەری ئیسلامی شیعی (ئیسلامییەت) و ناسیۆنالیزمی ئێرانی (ئێرانییەت) دامەزراوە.

ناکرێ ناسنامەی نەتەوەییی ئێران وەک چەمکێکی ڕاوەستاو و چەقبەستوو سەیر بکرێت. ئەم وتارە لە سەر ئەم تێگەیشتنە نوسراوە کە ناسنامەکانی نەتەوەیی، گشتی و ئەتنیکی چەمکگەلێکی چەقبەستوو نین، بەڵکوو دەتوانن بەهۆکاری ڕووداوەکان، دیسکۆرسەکان، دامەزراوەکان و تەعامولەکانەوە بیچم بگرن. دەبینرێ چەمکەکانی ناسنامەی ئێرانی، توخمەکانی ئێرانییەت و ئیسلامییەتیان لە هەناوی خۆیاندا حەشار داوە؛ پرسیار ئەمەیە؛ ئاخۆ ئەوان توانستی بەرهەمهێنانی کەشێک، یان مەودایەکیان بۆ سروشتی چەن ئەتنیکی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی-سیاسی – کە زۆریش پێوەی دەنازن- هەیە یان نا؟ بیچم گرتنی ناسنامە لەناو ئەم دۆخە تێکچڕژاو و چەند ڕەهەندییەوە کێشەی سیاسیی بەدواوەیە. هەر وەک چۆن ناسنامەی نەتەوەیی جێگای مشتومڕە، پێویستە ناسنامە ئەتنیکییەکانیش هەر بەم شێوازە هەم وەک ناسنامەی گشتی و هەم لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو ناسنامە نەتەوەییەشدا مشتومڕیان لەسەر بکرێ.

سەرەڕای دەستنیشان کرانی زەنگەنە وەک وەزیری نەوت، بەڵام ئەم وڵاتە بەڕوونی پەرۆشیی خۆی سەبارەت بە کەمینە ئەتنیکییەکانی خۆی هەیە. لە سیپتەمبەری ساڵی ٢٠١٨، تاران هێرشی کردە سەر دژبەرە کوردەکانی خۆی لە عێراق و بە پێی ڕاپۆرتەکان، سێ چالاکی کوردیشی لەسێدارە دا. (ئەلجەزیرە ٩ سیپتەمبەر) ڕەنگە ڕژێمی ئیسلامیی ئێران، بەشێوەیەکی گشتی ئێران وەک ناسنامەیەکی چەن لایەنە و پلۆڕاڵ قەبووڵ بکات بەڵام کێشەیەکێ بنەڕەتیی نێوان ئەمە و چەمکێکی گشتگیر وەک ئوممەت لەئارادایە و ئەمە خۆی لەسەرووی مژارەکانی جیاوازیی ئەتنیکییە. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی بەربەست کردنی جووڵەی سیاسی و ئەتنیکی و دیزە بە دەرخۆنە کردنی ویست و داخوازی و مافەکانی کەمینەکانە، بە هۆی ئەوەی هەم پوتانسییەلی گرژیی کۆمەڵایەتی – سیاسییان هەیە و هەمیش چەمکی یەکگرتووییی نەتەوەیی دەبەنە ژێر پرسیارەوە.

بەشداربووان لە ڕێگەی نمونە هەڵگرتنەوەی سنۆباڵ- تۆپەڵە بەفری- هەڵبژێردرابوون، تیمی لێکۆڵەر کەوتنە پەیوەندی گرتن لەگەڵ کەسانی پەیوەندیدار لە ناوخۆی ئێران و جێگاکانی تر. هەر لە دەسپێکیشەوە ناو و شێوازەکانی پەیوەندی گرتن لەگەڵیان دەسنیشان دەکرا. سەرەتا تیمی لێکۆڵەر بەشداربووانیان لە ڕێگای ئیمایلەوە بانگهێشت دەکرد و لینکی پرسیارەکان بۆ ئەو کەسانەی حەزیان لێ بوو دەنێردرا. کۆ کردنەوەی ئانلاینی داتاکان بە مەبەستی دروست نەبوونی کێشەی ئەمنی هەڵبژێردرابوو. پرسیارەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە بۆ توێژینەوە لەسەر مژاری ناسنامە، بەشداریی سیاسی و بەئەمنی کردن لە ئێران گەڵاڵە کرابوون. بۆ ئەوەی بەشداربووان نەناسرێنەوە، هەر کامیان ژمارەیەکی تایبەتیان لە ژمارە١ هەتاکوو ژمارە ٩٦ پێ درابوو، لەم وتارەشدا بۆ ڕێفرێنس پێدان ئاماژە بە ژمارەکەیان دەکرێ.

ئەم وتارە بە لێکۆڵینەوەی جموجۆڵی بیچم گرتنی ناسنامە و ئەولەهی لە ئێرانێکی چەن ئەتنیکییەوە دەست پێ دەکا. دواتر لەمە دەکۆڵێتەوە کە بۆ ڕژێمی ئێران وەک مەترسییەک دەڕوانیتە گرووپە کوردییەکان و جەخت دەکاتە سەر ئەوەی لە هەندیک سەردەمدا، کوردەکان سیستەمی سیاسییان هێناوەتە ژێر پرسیار. لە لایەکی ترەوە، ئەم وتارە ئەو پێشکەوتنە سیاسییانەی کوردەکان لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی خاتەمی و وەدیارکەوتنی سیاسەتی ڕیفۆرمیستی و سەردەمەکانی سەرۆک کۆماریی ئەحمەدینژاد و ڕۆحانیش دەخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. لە کۆتاییشدا، هەڵوێستی کوردەکان سەبارەت بە دۆخی بەسیاسی کراو و بەئەمنی کراو و کاریگەریی ئەمە لەسەر بیچم گرتنی ناسنامەی کوردی دەخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێ.

ناسنامە، کەمینەکان و ئەولەهی لە ئێران

زۆر جار نزیک بوونەوەی فرەئەتنیکی لە ئیران وەک هێمایەک بۆ تۆلێرانسی بنەڕەتی و ویستی کەمینەکان بۆ پەژراندنی ئەم فرەیییە بە چاوێکی ئەرێنییەوە سەیر کراوە. بەڵام لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە، دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکە ئێرانییەکان، هەندێک سیاسەتیان گرتە بەر کە کەمتر خوازیاری پەژراندنی ئەم فرەیییە بوون. لە ماوەی شۆڕشی مەشرووتەدا (١٩١١-١٩٠٥) زمانی فارسی وەک زمانی فەرمیی تەواوی ئێرانییەکان هەڵبژێردرا و دوابەدوای ئەمە، ڕەزاشا(١٩٢٥-١٩٤١) سیاسەتی زۆرەملیی سەبارەت بە بەفارس کردن و بەرەوپێش بردنی پرۆسەی دیموکراتیزاسیۆن لە ئێران بەڕێوە برد. لەم سیاسەتەدا فارس بوون هاوتای مۆدێرن بوون بوو و نافارسەکان وەک دواکەوتوو سەیر دەکران. بە بڕوای دەنیز ناتالی زەق بوونەوە و هەڵکشانی ناسیۆنالیزمی فارس لەم سەردەمەدا کاریگەریی نایە سەر هەڵکشان و بەسیاسی کردنی ناسنامەی کوردی. هەوڵدانی زۆرە ملی بۆ ئاسیمیلە کردنی کەمینەکان لە سەردەمی حەمەرەزا شادا (١٩٤١-١٩٧٩) کەمتر بووبوو. بەڵام داکۆکی کردن لە کۆنترۆڵی ناوەند و ناسنامەیەکی نەتەوەییی فارسی و یەکدەست هەر وەک خۆی مابۆوە.

بەڵام هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ زۆرێتیی ئەتنیکی چەمەوازتر بوو. دەستووری ئێران لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی بۆ پاراستنی مافی کەمینە ئەتنیکی و عەشیرەیییەکان هەڵگری هەندێک مەرج بوو. خاڵی ١٩ی دەستوور پێی وایە: خەڵکی ئێران بە بێ لەبەرچاوگرتنی گرێدراویی ئەتنیکی و عەشیرەیی خاوەن مافی یەکسانن. ڕەنگ، ڕەگەز، زمان و شتی تر نابێ ببێتە هۆکاری باڵادەستیی یەکێک لەمانە بەسەر ئەمەی تردا.

لە پاش شەڕی ئێران و عێراق و لەساڵی ١٩٩٠ بەدواوە، ڕێبەریی کۆماری ئیسلامی سەرنجێکی زۆرتری داوەتە پرسە ئەتنیکییەکان. هەروەک دواتریش ئاماژەی پێ دەکرێ، زۆربەی بەشداربووانی ئەم لێکۆڵینەوەیە لە سەر ئەم بڕوایەن دەسەڵات چاوەدێرییەکی وردی بەسەر ئەتنیکەکانەوە هەبووە.

ڕەنگە هەر دەسەڵاتەی بە شێوازێکی جیاواز لە هەمبەر فرە ئەتنیکی هەڵوێست بگرێ. یەکەم؛ ڕەنگە فرە ئەتنیکی نەپەژرێنێ و هەوڵی یەکدەست کردنی کۆمەڵگا بدات. یان ئەگەر بێت و فرە ئەتنیکی بە فەرمی بناسێ، ئەوە دوو ڕێگا بگرێتە بەر؛ یان گرووپی باڵادەست لە سەر ئەستۆی ئەوانی ترەوە هەڵبژێرێ یان بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیری و بەرگری کردن لە تەنگەژەی نێوان ئەتنیکەکەن، ئەوە بەرێوەبەربردنی ئەتنیکەکان بگرێتە بەر. ئێران یەکەم ڕوانگە بەکار ناهێنێ، بەڵکوو پێداگرییەکی زۆرتر لەسەر پێگەی خۆی وەک وڵاتێکی فرە ئەتنیکی دەکات.

ئەم وتارە بەڵگە دێنێتەوە کە ئێران تێکەڵاوێک لە هەر دوو ڕوانگە بەکار دێنێ، لە لایەکەوە خۆی وەک وڵاتێکی لایەنگری فرەیی نیشان ئەدات بەڵام لە کردەوەدا زۆر بە توندی کاروباری پەیوەندیدار بە کەمینەکان لەناو سیستەمدا کۆنترۆڵ دەکات؛ تاکوو ناسنامەی ئێرانی، وەک نەتەوەی باڵادەست بپارێزرێ. لە ڕاستیدا زۆرێک لە بەشداربووانی ئەم لێکۆڵینەوەیە دەریانبڕیوە کە بەهۆی ئەتنیکەکەیانەوە لەلایەن بەرپرسانی حکوومییەوە نەیانتوانیوە بگەن بە زۆرێک لە دەرفەت و ئیمکانەکان.

ڕوانگەی تاران بۆ بەرێوەبردنی کاروباری ئەتنیکەکان، دەرئەنجامی پوتانسیەلی فرەییی ئەتنیکی بۆ نانەوەی پشێوی و ئاڵۆزییە. لێرەدا ئەولەهی پێناسەیەکی سەرووتر لە پێناسەکانی پەیوەندیدار بە ئەولەهیی سەربازی، سیاسی، ئابووری و پەرۆشییە کۆمەڵایەتییەکان بەخۆوە دەگرێ. لە ڕاستیدا ئەولەهی بۆ ئێران گرێدراوی کۆیەکی ئاڵۆزی فاکتەرە ناوەکی و دەرەکییەکانە. لەسەر ئەم بنەمایە، ڕەنگە کێشە و گرفتە ئەتنیکییەکان لە ئاستی جیاوازدا وەک سەرچاوەی گڕوگەف بۆ دووزەنە-نەزم-ی سیاسی، ئابووری یان دامەزراوەیی یان لە ڕاستیدا بۆیەکپارچەییی ئێران، بناسرێن. بەڕێوەبردنی گرووپە ئەتنیکییەکان لێرەدا بە مانای هەوڵدان بۆ مانەوەی ڕژێمە. لە ئاکامدا، سیاسەتی ئەتنیکی بەئەمنی دەکرێ. لەناو سیستەمگەلێکی لەم ڕەنگەدا، پێویستە مەترسییەکان پوچەڵ بکرێنەوە و ئەمەش پاساو بۆ بەکارهێنانی هەندێک کردەوە دێنێتەوە کە لە خۆیدا لەناو سیاسەتی ڕۆژانەدا ڕێگا پێدراو نیە.

بەشداربووان لەم توێژینەوەیەدا بەردەوام وتوویانە تاران وەک مەترسییەکی ئەولەهی لێیان دەڕوانێ. بۆ نموونە؛ بەشداربووی ژمارە ٣٤ وتوویەتی؛ دیسکۆرسی دەسەڵاتی دوای شۆڕش بەردەوام نەتەوەی کوردی وەک مەترسییەک بۆ ئەولەهیی ئێران بینیوە. ڕاسموس کریستیان ئێلینگ پێی وایە تاران بە نیسبەت هەندێک لە ئەتنیکەکان بە ڕوانینی گۆپاڵ و گێزەر نزیک دەبێتەوە. هەندێک لە ئەتنیکەکان تا ڕادەیەکی زۆر هەوڵ دەدەن خۆیان لەگەڵ چاوەڕوانییەکانی ڕژێم بگونجێنن. بەڵام کوردەکان ئەم ویستە لە خۆیانەوە نیشان نادەن. لە ڕوانگەیەکی دیرۆکییەوە، کوردەکان بەردەوام بۆ دەسەڵاتەکان کێشەیان ناوەتەوە و بە هۆکاری پەیوەندییەکانی دەرەوەی سنور، بەرەنگاری لە هەمبەر بە فارس کردن و ناسنامەی ئایینییانەوە وەک سوننە، ئەمێستاکەش وەک گەورەترین مەترسی بۆ ڕژێمی ئێران دەنرخێندرێن.

لەسەر ئەم بنەمایە، لەناو گشت کەمینەکانی ناو ئێران، ئەوە کوردەکانن لە ناو دۆخێکی بەئەمنی کراودا جموجۆڵیان هەیە. وەک ڕاستییەک، لە ساڵی ٢٠١٨ کوردەکان ٤٥ لە  ١٠٠ی بەندییەکان لە ئێران پێکدێنن. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تەواوی وک تورکیا ناسنامەی کوردی ئینکار نەکردووە، بەڵام مەبەستی لە کوشتنی بەئامانجی ڕێبەرانی کورد، ئیفلیج کردنی بزاڤە سیاسییە کوردییەکان بووە. ئەم دۆخە، سەرەڕای بەڵێنی ڕۆحانیش لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بۆ لیبرالیزە کردنی گشتی و ئازدیی سیاسی لە ئێران، لە سەردەمی سەرۆک کۆمارییەکەشی هەر بەردەوام بووە.

کێشە کوردییەکان، پێش شۆڕش و دوای شۆڕش

لەسەردمی دامەزرانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، داخوازیی کوردەکان بە گشتی سڕینەوەی ناوەندخوازی یان دیموکراتیزاسیۆن بووە، بێ ئەوەی ویستی سەربەخۆیی زۆر لە زیادی بدات. بەم حاڵەشەوە،  لە ڕوانگەیەکی مێژوویییەوە، لە هەر کاتێکدا دەرفەت هەبووبێ، ئەوە کوردەکان ویستی خۆیان بۆ جووڵەی سیاسیی جیاواز و سەربەخۆییخوازی نیشان داوە. یەکیک لە نموونەکان، هەوڵدانی کوردەکان بۆ دامەزراندنی یەکەیەکی سیاسیی سەربەخۆ لەسەردەمی شەڕی جیهانیی یەکەم، لە بۆشاییی داگیر کردنی ئێران لەلایەن بەریتانیا و سۆڤیەت و لەسەر حوکم لاچوونی ڕەزا شا بووە. شۆڕشەکانی پێشووی کورد، لەلایەن هۆز و عەشیرەکانەوە بەڕێوە دەچوون، بەڵام ئەمجارە لەلایەن گرووپێکی چەپ‌ئاژۆ و ئێلیتی شارنشین بوو و مەبەستیان دامەزرانی ئۆتۆنۆمییەکی ناوچەیی بوو.

چینی ناوەندیی نوێ، ناسیۆنالیزمی کوردییان جڵەو کردبو و بە مەبەستی ڕێ گرتن لە تەشەنەی بەفارس کردن، حیزبی دیموکراتی کوردستانیان پێکهێنابوو. لە ژانویەی ساڵی ١٩٤٦، قازی محەممەد، ڕێبەری حیزبی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ١٣ ئەندام کابینەی تر، دامەزرانی کۆماری کوردستانیان ڕاگەیاند. تەمەنی ئەم کۆمارە زۆری نەخایاند و هاوکات لەگەڵ کۆتایی پێ هاتنی یارمەتیی سۆڤیەت، داڕما. هێزەکانی ئێران لە دیسەمبەری ساڵی ١٩٤٦ کۆنترۆڵی مهابادیان گرتەوە دەست خۆیان و سزای لە سێدارەدانیان بەسەر قازی محەممەد و ئێلیتەکانی تردا سەپاند. بەم حاڵەشەوە، کۆماری (کوردستان لە) مهاباد، بوو بە نمونە و وینایەکی گرینگ و کاریگەر.

دواتر، عەبدولرەحمان قاسملوو، ڕێبەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوەراستی حەفتاکاندا ئاوای نوسی: گشت نەتەوەی کورد کۆماری مهابادیان وەک هێمایەک لە ویست و هیواکانیان دەبینی و هیودار بوون ئەمە ببێتە ناوەندێک بۆ هەوڵ دان لە پێناوی ئازادیی گشت کوردستان. هەر بۆیەش بەرپرسە ئێرانییەکان، مەترسیی ناسیۆنالیزمی کوردییان هەست پێ کرد، مەترسییەک کە لە مهابادەوە دەستی پێ کردبوو. دوای کۆماری مهاباد، جم و جۆڵی سیاسیی کوردەکان دامرکایەوە؛ بەڵام دیسان هاوکات لەگەڵ هەڵگیرسانی نارەزایەتیی گەل لە دژی شا کە دامەزرانی کۆماری ئیسلامیی لێ کەوتەوە، سەری هەڵدایەوە.

لە سەرهەڵدانەکاندا گرووپی جیاواز بەشدارییان کردبوو، بەڵام کوردەکان ئەمجارەش ڕێگایەکی تریان گرتە بەر. لە حاڵێکدا لە هەموو شوێنێک، ئەوە مەلا شیعەکان بوون، جەماوەریان بە ڕێکخستن دەکرد، لە زۆربەی شارە کوردییەکان ئەوە مەلا سوننەکان و ڕێکخراوە سیاسییەکانی وەک کۆمەڵە و حیزبی دیموکرات بوون ڕۆڵی سەرەکییان دەگێڕا.

دروشمی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان و دیموکراسی بۆ ئێران بوو. بۆیە کوردەکان خاوەن ڕێبازی خۆیان بوون، و ئەمەش هەر لە درێژەی ڕێڕەوی شۆڕشێک بوو کە خومەینی و لایەنگرانی هەڵیانبژاردبوو. هەردووکیان خوازیاری ڕووخانی شا بوون، بەڵام دواتر ڕوانگە سیاسییەکانیان گٶرا.

لەسەرەتای وەلانان و وەدەرکەوتنی شا، جموجۆڵی کوردەکان دەستی پێ کرد. حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بۆ کەڵک وەرگرتن لە کەشی کراوەی نوێ و بەدواداچونی ئامانجی خۆی، واتە ئۆتۆنۆمی- و سەقامگیر کردنی لە ناو دەستوردا- هەوڵی دا. لەو کاتەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی سەقامگیر کردنی پێگەی خۆیدا بوو، کوردەکان گەورەترین کێشەیان بۆ دروست کرد. حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پێداگریی لەسەر ئۆتۆنۆمی کرد. لەسەر ئەم بنەمایە، شاندێک لە کوردەکان لە قوم چاویان بە خومەینی کەوت، بەڵام داخوازییەکانیان ڕەد کرایەوە. دوابەدوای ئەمە، لە نێوان پێشمەرگە کوردەکان و هێزە شۆرشگێرە[ئیسلامییەکان] پێکدادان ڕووی دا و لە ئاکامدا، تا چەند ساڵ دواتر، هەندێک ناوچە لە ژێر کۆنترۆڵی کوردەکاندا مایەوە. لە دۆخێکی لەم چەشنەدا، ڕژێمی نوێ، داخوازیی کوردەکان بۆ ئۆتۆنۆمیی وەک پێشەکییەک بۆ سەربەخۆیی لێکدایەوە. لەم توێژینەوەیەدا، ئەم لێکدانەوەیەی ڕژێم لە سەر ئۆتۆنۆمی، لەگەڵ بەشداربووەکان باسی لەسەر کرا. بۆ وێنە؛ بەشداربووی ژمارە ٣٥ وتی، ڕژێمی ئێران داخوازیی نەتەوەکانی تریش بۆ وەدەسهێنانی مافەکانیان، وەک هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی- جیابوونەوە- لێکدەداتەوە.

خومەینی، لە وتارێکی ناسراوی خۆیدا، ڕوو لە گەلی کوردستان وتبووی ئیسلام بۆ یەکێتییە و پڕۆژەی جیاییی کورد، لوڕ، فارس و… لە یەکتر، قەبوڵ ناکرێ. خومەینی هۆشداری دایە کوردەکان، فریوی ئەو کەسانە نەخۆن کە خوازیاری تەفرەقە و جیایین.

بەم بەڵگاندنە کە لە ناو ئیسلامدا هیچ  چەشنە جیاوازییەک لە نێوان دوو موسوڵماندا نییە کە بە دوو زمانی جیاواز قسە دەکەن، بەردەوام هیرشی دەکردە سەر ڕامانی جیایی و جیاوازیی ئەتنیکی. وتەکانی خومەینی نیشاندەری ترسی بەردەوامی تاران لە جموجۆڵی جیاوازی ناو کەمینە ئەتنیکییەکان بوو. ئەم ترسە بە هۆی پێگەی ئەوان لە ناوچە سنورییەکانی ئێران و بوونی پەیوەندی لەگەڵ دەرەوەی سنورەکان هێندەی تر ڕووی لە زیادبوون دەنا. لە ڕاستیدا، بەشداربووانی ئەم لێکۆڵینەوەیە بە تەواوی لەسەر پێشکەوتنە کوردییەکان لە دەرەوەی ئێران ئاگادارییان هەبوو و بە ڕێزەوە باسی پێشکەوتنە سیاسییەکانی کوردەکان لە سوریا و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە عێراق لە سیپتەمبەری ساڵی ٢٠١٧یان دەکرد.

میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتی ئێران وەک پرێس تیڤی،  ڕیفراندۆمیان وەک دنەدانێکی دەرەکی ناو دێنا و ئەمە نیشان ئەدا تارانیش بە پەرۆشەوە، دەیڕوانییە کاریگەرییە سیاسییە دەرەکی و ناوەکییەکانی و هەمیش بە نیسبەت دەستێوەردانی دەرەکی، دڵەڕاوکێی خۆی هەبوو. لە ڕاستیدا ڕژێمی ئێران نیگەرانی کەڵک وەرگرتنی هێزە دەرەکییەکان لەگرووپە ئەتنیکییەکان، بە مەبەستی لاواز کردن و نانەوەی مەترسی بۆ سەرەوەریی وڵاتی ئێران بووە. بە مەبەستی لابردنی ئەم چەشنە دڵەڕاوکێیانە، تاران هەوڵی پەرەپێدانی ئەم ڕوانگەیە دەدا کە ئیسلام دەتوانێ تەواوی ئەتنیکەکانی ناو ئێران لە خۆیەوە گرێ بداتەوە. چەمکی برایەتی لە ئیسلامدا بە مەبەستی ڕاگرتنی ئەتنیکەکان لەلای یەک، کەڵکی لێ وەردەگیرێ.

بەم حاڵەشەوە، خومەینی سەبارەت بە کوردەکان جەهادی ڕاگەیاند. ئەوانی تاوانبار کرد لە دژی شۆڕش جموجۆڵیان هەیە و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی هەڵوەشاوە ڕاگەیاند و قاسملووشی وەک”مفسد فی الارض” ناساند. پارێزگا کوردەکان لە ماوەی ساڵانی سەرەتای شۆڕشی ئێران تووشی توندوتیژی بوون و ڕژێم بەمەبەستی وەدەستهێنانەوەی ئەم ناوچانە، تۆڵەی لە پێشمەرگە کوردەکان کردەوە. هاوکات لەگەڵ ئەمە، دوای ئەوەی کە کوردەکان لەیەکەم هەڵبژاردنە پەڕلەمانییەکانی مانگی مارسی ساڵی ١٩٨٠، بە گشتی دەنگیان دایە بەربژێرە کوردەکان و دەسەڵاتیش  دەنگی کوردەکانی بەتاڵ کرد، ئایدیای یەکسانی لە ئیسلامی خومەینیدا لە کردەوەدا، نەگەیشتە ئامانج. زۆریک لە بەشداربووان لەم توێژینەوەیەدا باسی ئەزموونەکانی خۆیان لەسەر پەڕاوێزخران بە هۆی سوننە بوونیان کردووە. بۆ وێنە بەشداربووی ژمارە ٤٧ نوسیویەتی؛ من لە ئێراندا وەک سوننەیەک دەناسرێم و هەر ئەمەش بووەتە هۆکاری پەڕاوێز خرانی من.

رژێمی ئیسلامی هەر کە دامەزرا، هیچ چەشنە مەودایەکی بۆ کردەی سیاسیی پەیوەندیدار بە ئەتنیکەکان نەهێشتەوە. بە لایەنی تیۆرەوە، لە ژێر زاڵێتیی چەمکی گشتگیری ئوممەتدا، نەدەبوا هیچ چەشنە جیاوازییەک لە نێوان شیعە و سوننەدا مابایەوە. بەم حاڵەشەوە، هەندیک لە بیرمەندەکان پێیان وایە لە کردەوەدا، ناسنامەی ئێرانی دوای شۆڕش، لەسەر بنەمای زاڵێتیی شوناسی فارسی-شیعە دامەزراوە و بەم پێیە شیعەبونیش وەک نموونەی بەفارسی کراوی ئیسلام ناسێندرابوو. هەر ئەوەی کە هیچ مزگەوتێک بۆ سوننەکان لە تاران بوونی نیە، ئەمە خۆی نیشاندەری لەبەرچاونەگرتنی ئەوان لەلایەن دامەزراوە دەوڵەتییەکانەوەیە. هەڵاواردنی ئەتنیکی لە ناوچە سوننە نشینەکان کورد و بەلوچ و تورکمەن، لە بەشە گەشەنەسەندووەکانی ئێران پەرەی سەندووە. جگە لەمەش ئەوان پۆستی باڵایان پێ نادرێت. بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران، کوردێکی شیعەیە. سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی دانیشتووانی پارێزگای کوردستان کوردی سوننەن، هەرگیز پارێزگارێکی کوردیان نەبووە. لێرە دیسانیش ئەزموونی بەشداربووان لەم توێژینەوەیەدا نیشانی ئەدا کوردەکان بەهۆی سوننە بونیانەوە، پەراوێز خراون و ڕژێمیش  لە سەر بنەمای تێڕوانینی برایەتیی ئیسلامی هەڵسوکەوت ناکا.

ئێلیز ساناساریان، پێی وایە زۆر جار کەمینەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، بە هۆی پەراوێزخرانیان، لە پێگەی سیاسیی سێکولارەوە نزیک دەبنەوە. ساناساریان لێرەدا ئاماژە دەکاتە سەر کەمینە ناموسوڵمانەکان، بەڵام ئەم بەڵگەهێنانەوەی ئەو سەبارەت بە کوردەکانیش، ڕاستە. گشت پارتە سیاسییە سەرەکییەکان لە ئێران، عێراق، سوریا و تورکیا ئەم ڕیبازە سیکۆلارەیان گرتووتە بەر. لە ڕوانگەی ئێلیتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بە هۆی مەیلەو سێکۆلار بوونی کوردەکان، پێویستە بە پارێزەوە لە گەڵ چالاکە سیاسییە کوردەکان هەڵسوکەوت بکرێت. هەر وەک لەم توێژینەوەیەشدا هاتووە، لەم دۆخەدا نارەزایەتی و بەرەنگاری لە ناو کوردەکان پەرە دەسێنێ. بەشداربووی ژمارە ١٦ ئەڵێ من کەسێکی سێکۆلارم، بوونی ناسنامەی شیعە یان سوننە بۆم گرینگ نیە، بەڵام نزیک بوونەوەی دەسەڵات لە خەڵکی، لە ژێر کاریگەریی ئایین و بڕواکانیانە. ئەمە فاکتەرێکی سەرەکی بۆ بەدیهاتنی ڕوبەڕووبونەوەیە. بەشداربووی ژمارە ١٤ دەنوسێ: من کەسێکی ئایینی نیم، بەڵام پێموایە سەرکوت کردن بەشێوازێکی سیستەماتیک لە دژی سوننەکان لەئارادایە و بەتایبەت بۆ پرسەکانی پەیوەندیدار بە کار و دامەزران، لە دەرەوەی یاسای بنەڕەتیە.

گرووپە کوردییەکان بەردەوام لە هەوڵی دروست کردنی ئۆتۆنۆمی یان تەنانەت کەم کردنەوەی ئاستی ناوەندخوازیدا بوون و ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی تاران هەست بەوە بکا کوردەکان گرێدراوییان بە ئێرانێکی یەکگرتووەوە نییە. بە پێچەوانەوە، هەڵاواردنی کوردەکان دەبێتە هۆکاری ئەوەی کوردەکان ئینتیمایەکی زۆر کەم لە خۆیان بۆ کۆماری ئیسلامی نیشان بدەن. کێشە و ئاڵۆزییەکان هەڵقوڵاوی نەبوونی متمانەی دوو لایەنەیە. لە ڕاستیدا ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزە لە ساڵانی ١٩٨٠ تاکوو ساڵانی ١٩٩٠ بەردەوام بووە.

سەردەمی  خاتەمی و ئەحمەدی نژاد

سەرۆککۆماریی محەمەد خاتەمی (٢٠٠٥-١٩٩٧) گۆڕانیک لە ژیانی سیاسیی لە ئێراندا بوو. دروشمی خاتەمی، یەکگرتوویی بۆ گشت ئێرانییەکان بە هەر ئەتنیک و ئایینزایەک بوو. بە تایبەت خاتەمی لەسەر ئەم بڕوایە بوو جیاوازییەکان خاوەن کاریگەرییەکی گرینگن بۆ بەدیهێنانی ئیرانێکی بەهێز و خاوەن شانازی. ڕوانگەی سیاسیی خاتەمی و بزووتنەوەی ڕیفۆرمخوازەکان وەک گشتێک دەیڕوانییە کۆمەڵگای ئێرانی؛ بەڵام هاوکات هەندێک قازانجیشی بۆ کەمینەکانی ناو ئێران هەبوو. خاتەمی هەوڵی دا ئەم کەمینانەش بێنە ناو پانتای سیاسی. ڕەنگە ئەمە وەک لێهاتووییی سیاسی و وەرگرتنی دەنگی کەمینەکانیش بناسرێت، بەڵام لە چوارچێوەی تێڕوانینی سیاسی بۆ کۆماریش دەگونجێ و ئەمەش ڕیشەی لە ناو چەمکی دادپەروەریی ئیسلامیدا هەیە.

کەمپەینی هەڵبژاردنی خاتەمی بە مەبەستی بەشدار کردنی کەمینە ئەتنیکییەکان و سەفەری بۆ پارێزگاکان ڕووداوێکی نوێ بوو. دروشمی هەڵبژاردنی خاتەمی “ئێران بۆ هەموو ئێرانییەکان” بوو. لە سەردەمی هاتنە سەر دەسەڵاتی خاتەمیدا، پارێزگا کوردییەکان زۆر بە توندی میلیتاریزە کرابوون. کە چی تاران بۆ ماوەیەکی درێژ بوو سەرنجێکی ئەوتۆی نەدابوو بەم ناوچانە. خاتەمی ڕوانگەی نوێی بۆ ئەم مەبەستە پێشکەش کرد و لەوتاری خۆیدا لە سنە وتی: کوردستان قەڵخان و پاریزڤانی سەقامگیریی ئێران لە هەمبەر هێرشەکان بووە و نەتەوەی ئێران هەبوونی خۆی، لە هەبوونی کوردەکاندا دەبینیتەوە کە لە ئاست دوژمندا بەرەنگارییان کرد.

پێشکەوتنەکانی خاتەمی لە سەرووی دروشم و دیسکۆرسی خاتەمی هەنگاویان نا. خاتەمی بۆ یەکەم جار لە ئێران، عەبدوڵڵا ڕەمەزانزادەی وەک کوردێکی شیعە، لە پۆستی پارێزگاری کوردستان دامەزراند. ڕەمەزانزادەش بۆ کەم کردنەوەی گرژییەکان، هەژمارێکی زۆرتری لە کوردەکان لە پۆستە حکومییەکان دامەزراند. سەبارەت بەوەی خاتەمی ڕادەی دەستێوەردانەکانی تارانی لە بەڕێوەبردنی ناوەچەکان کەم کردبووەوە، بەرپرسە هەڵبژێردراوەکان لە پارێزگا کوردییەکان و لە ئاستی وڵاتدا خاوەن ئۆتۆنۆمیییەکی زۆرتر بوون. بەڵام  بەم حاڵەشەوە، لە ڕێگای زانیاریی بەشداربووانی ئەم توێژینەوەیەوە، دوودڵی و گومانەکان سەبارەت بە خاتەمی لە ناو کەمینەکان هەر مانەوە. یەکێک لە بەشداربووان دروشمی ئێران بۆ ئێرانییەکانی وەک تەپڵێکی بەتاڵ ناو بردووە. یەکێکی تر لە بەشداربووان پێی وابووە خاتەمی تەنیا بە مەبەستی کۆ کردنەوەی دەنگ، بەڵێنی بە درۆی داوە. سەردەمی سەرۆکایەتیی خاتەمی، کرانەوەی کولتوریشی بەدواوە بوو. ئەم سەردەمە، گەشانەوەی ڕێکخراوە نا حکومییەکان، کرانەوەی کۆرسی کوردی، کاناڵی تلویزیۆنی و دێپارتمانی زمانی لە زانکۆکانیشی بە خۆوە بینی.

لەم بارودۆخەدا کوردەکان بە دڵنیاییەکی زۆرترەوە، ناسنامەی کوردیی خۆیان دەنواندەوە. بەشداربووی ژمارە ٤٤ پێی وایە: سەردەمی خاتەمی کاریگەرییەکی زۆری نایە سەر کۆمەڵگا. کرانەوەی سیاسی لە کۆمەڵگادا هاتە ئاراوە و چالاکیی کولتوریی لە کۆمەڵگای ئێراندا بەرفرە کرد… هەروەها لەسەر دۆخی منیش وەک کوردێک کاریگەریی دانا، لەبەر ئەوەی دەبوا منیش کتێب و ڕۆژنامەی کوردیم لەبەر دەست بوایە.

بەشداربووی ژمارە ٦ وتوویەتی: من ناتونم هەوڵ دانەکانی خاتەمی لە بیر کەم. کەشی سیاسی لە کوردستان تا ڕادەیەک کرابۆوە… کوردەکان دەستیان دایە چالاکیی سیاسی لە زانکۆکانی ئێران. لە بەرامبەردا، بەشداربووی ژمارە ٣٨ دەڵێ: کاریگەریی ڕیفۆرمیستەکان تەنیا بڵاو کردنەوەی چەند کتێب و بڵاڤۆکی کوردی بوو، ئەمەش تەنیا ١ لە هەزاری داخوازییەکانی منی وەک کوردێک دەگرتەوە.

بەم حاڵەشەوە، هەندیک لە ناوخۆدا، بە چاوێکی نەرێنییەوە دەڕواننە ئەم ئاڵوگۆڕانە. “واڵتر پاش” پێی وایە ترسێکی بەردەوام لە ئێراندا سەبارەت بە وڵام دانەوەی داخوازیی کەمینەکان لە ئیران و داخوازیی زۆرتری کەمینەکان بوونی هەیە. جموجۆڵی ڕکەبەریی نێوان ڕیفۆرمیست و پارێزکارەکان لەم سەردەمەدا، قازانجی تایبەتیشی بۆ کوردەکان بەدوای خۆیدا هێنا. لە ساڵی ٢٠٠١ دوابەدوای هێرشی پارێزکارەکان بۆ سەر سیاسەتمەدارانی لایەنگری خاتەمی، تەنانەت ڕەمەزانزادەش تاوانبار کرا کە گوایە درۆ دەکا. دوابەدوای ئەمە، پێشکەوتنە کولتورییەکان لە پارێزگا کوردییەکان ڕاوەستان. پێشکەوتنە سیاسییەکانیش هەر بەم شێوەیە ڕاوەستان؛ ئەویش لە کاتێکدا کە ئەندامانی بەرچاوی ڕیفۆرمیست و بەشێک لە ئەندامە کوردەکانیان، لەلایەن شورای نیگەهبانەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی ٢٠٠٤دا ڕەد کرانەوە.

نەبوونی کەشی سیاسی و کولتوریی پێشوو، بێ هیوایی لێ شین بوو. بەشداربووی ژمارە ٣٤ بە ئاماژە کردن بەوەی ڕیفۆرمیستەکان تواناییی دروست کردنی ئاڵوگۆڕیان نییە، پێی وایە کە ئەمە کاریگەرییەکی زۆری لە سەر داناوە و متمانەی پێێان نەماوە. هەر بەم شێوازە، بەشداربووی ژمارە ١٧ش پێی وایە هیوا هەڵچنین لە سەر ڕیفۆرم لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیای دەوڵەتیدا بووە، بەڵام بە شکستهێنانی ڕیفۆرمیستەکان و پلانەکانیان، کوردەکانیش هیوایەکیان بۆ ڕیفۆرم نەماوە. دەنگی کوردەکان لە ناو مشتومڕی گرژییە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ساڵی ٢٠٠٤ دامرکایەوە. لە کۆتاییی خولی دووهەمی سەرۆککۆماریی خاتەمی، گوشارەکان لە دژی سیاسەتەکانی خاتەمی پەرەیان سەند. ئەیەتوڵڵا جەننەتی ئەندامی شورای نیگەهبان سەبارەت بە مژاری ئەتنیکەکان هۆشداری دا کە ئەمە لە ئاکامدا دەبێتە هۆکاری جیاوازی.

هاوکات لەگەڵ بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٥، مەحمود ئەحمەدینژاد گەیشتە سەرۆک کۆماری. مەحمود ئەحمەدینژاد لە سەردەمی کەمپەینی هەڵبژاردنی خۆیدا، هەڵوێستێکی ڕوونی سەبارەت بە مافی کەمینە ئەتنیکییەکان نەبوو و کوردەکانیش بە هۆی ئەوەی ڕەنگە لە ساڵی ١٩٨٩ دەستی لە کوشتنی قاسملودا هەبووبێ، پێێان خۆش نەبوو دەنگی پێ بدەن. ئاستی دەنگدان لە پارێزگاکانی کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە هەژمارێکی زۆری کوردەوە، لە کەمترین ئاستی خۆیدا بوو. دوای ئەوەیش، کوژرانی شوانە قادری، وەک چالاکێکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بوو بە هۆکاری ناڕەزایەتیی بەربڵاو و هەندێک تێکهەڵچونی سەربازی لە شارە کوردنشینەکان. ئەحمەدینژاد هەر لە سەرەتاوە نزیک بوونەوەیەکی فارس تەوەری گرتە پێش و سیاسەتی توندئاژۆتری خستە ڕوو. ئامانج تەنیا کەمینە  ئەتنیکییەکان نەبوون، بەڵام دەزگای ئەمنی، تێڕوانینی تایبەتی ئەوەلەهیی بۆ لاوز کردنی کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان گرتە بەر.

جگە لەمە، ئەحمەدینژاد دەسکەوتە کولتوری و سیاسییەکانی خاتەمیشی بەراوەژوو کردەوە. ئەم دۆخە  سیاسەتی سەرکوتکارانەی لێ کەوتەوە و ڕاوەستانی چالاکییە کولتورییە کوردییەکان و دامەزراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردەکان، داخرانی بڵاڤۆکەکان و گیرانی چالاکانی کوردی لێ کەوتەوە. چەن کەسیش لەمانە سزای مەرگیان بەسەردا سەپێندرا. دەوڵەت چالاکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسەکان و کۆمەڵگای مەدەنیی سەرکوت کرد و دەنگە دژبەرەکانی کپ کرد. بەشداربووانی ئەم توێژینەوەیە بەم چەشنە لەسەر ئەم دۆخە دواون: بەشداربووی ژمارە ١٢ دەڵێ لەسەردەمی ئەحمەدینژاددا چومە زانکۆ. دەسگیر و ئەشکەنجە کرام. بەشداربووی ژمارە ٦ دەنوسێ: ئەو کاتەی لەسەردەمی خاتەمی من لە زانکۆ بووم. دەمبینی کەش  و بارودۆخەکە چەن باش بووە، بەڵام کاتێک ئەحمەدینژاد هات، دۆخەکە زۆر تۆقێنەر بوو.

لەساڵی ٢٠٠٦، بەهائەدین ئەدەب بەرەی یەکگرتووی کوردی دامەزراند. ئەم بەرەیە گرووپێک بوون لە هەوڵی وەرگرتنەوەی مافە زەوت کراوەکانی کورد لە چوارچێوەی یاساکانی کۆری ئیسلامی ئێران بە شێوازێکی ئاشتیخوازانەدا بوون، تاکوو ڕێگایەک بۆ ئامادە کردنی مافە سیاسییە ڕەواکانی کوردەکان لە ئێراندا بدۆزنەوە. بەڵام کۆچی لە پڕی ئەدەب و زیندانی کرانی محەمەد سەدیق کەبودوەند-دامەزرێنەری ڕیکخراوەی مافی مرۆڤی کوردستان- بە تاوانی بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ٢٠٠٧، ئەم ڕەوتەی ڕاگرت. لە ڕاستیدا دەسبەسەرکرانی کەبودوەند نیشاندەری دۆخی سەرکوتکارانەی ئێران لە کوردستان بوو.

جگە لەمە، دۆخی ئەولەهی لە کوردستان بە دامەزرانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک- گرێدراوی پارتی کرێکارانی کوردستان- لە ساڵی ٢٠٠٤ بە دواوە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات. لە ساڵی ٢٠٠٨، ڕەحمان حاجی ئەحمەدی ڕێبەری ئەم گرووپە وتی ئەم گرووپە بۆ بەدیهینانی ئێرانێکی کۆنفێدرال و دیموکراتیک تێکۆشان دەکات و ئامانجی سەرەکیی ئەوانیش دروست کردنی گڕوتین لە ناو گەلدایە. ئەم گرووپە چالاکیی سەربازیشی لە دژی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەست پێ کرد. ئەم کردەوەیەی پژاک هاوکات لەگەڵ ئەم ڕاستییەدا کە لەناو بەشێکی زۆری خەڵکیشەوە خۆشەویستی بۆ خۆی لێ کەوتەوە، دژەکردەوەی توندی سەربازیی تارانیشی لێ کەوتەوە. توندوتیژی جاریکی تر سێبەری بەسەر پانتایی سیاسیی کوردستاندا کێشا. دەوڵەتی ئەحمەدینژاد هاوتەریب لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکاندا، چالاکیی سیاسیی کوردیی زۆر بە توندی ئاستەنگ کرد. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٩ هەواڵی ئیعدامی ئەندامێکی کۆمەڵە- ڕێکخراوەیەکی کۆمۆنیستیی کوردی- بە تاوانی دژایەتی لەگەڵ خوا بڵاو کردەوە و ئەمەش دەسپێکی شەپۆلێکی ئیعدامی چالاکانی کورد بوو.

سەرۆک کۆماریی ڕۆحانی

لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی ئەحمەدینژاددا، هاوکات لەگەڵ ئاڵوگۆڕە ژیۆپۆلیتیکەکان بۆ ئەکتەرە ناوچەیییە کوردەکان و ئاستەنگییە ڕوو لە زیادبوونەکانی دۆخی سیاسی، گرژییەکانیش ڕووی لە زیاد بوون نا. بەم حاڵەشەوە ئەم دۆخە دیسان ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات. لە مانگی ژوونی ساڵی ٢٠١٣ حەسەن ڕۆحانی بە دەنگی زۆرەوە، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا هەڵبژێردرا. بە پێچەوانەی ئەحمەدینژاد، ڕۆحانی لەلایەن دەنگدەرە کوردەکانەوە بە باشی پێشوازیی لێ کرا. هەندێک وێکچوون لە نێوان خاتەمی و ڕۆحانی لە ئارادا بوون.

هەر دووکیان ڕوانگەیەکی سیاسیی هاوبەشیان هەبوو و داکۆکییان لەسەر ئازادییە تایبەتەکان دەکرد. دروشمی ڕۆحانی بەشداریی ئەتنیکی بۆ پێشکەوتنی ئێران بوو و ئەمە زایەڵەی دەنگی دروشمی “ئێران بۆ هەموو ئێرانییەکان”ی خاتەمی بوو. ڕۆحانی ئاڵوگۆڕی لە کابینەی وەزیراندا بەدی هێنا و ئەمەش دەیتوانی پێگەی  کەمینەکانی ئێران بگۆڕێ. ڕۆحانی وەک ئاماژەیەک بۆ گرینگیی کاروباری پەیوەندیدار بە ئەتنیکەکان، عەلی یۆنسی وەک ڕاوێژکاری تایبەت بە کەمینەکان هەڵبژارد و ڕایگەیاند پێویستە ئاستەنگییەکان لەسەرچالاکیی کولتوری و پەروەردەی زمان هەڵگیرێن. هەر وەها لەم خولەدا، بە ئاماژەپێدانی هەندێک خاڵ لە دەستوور و دەقەیاساییەکانی تر، مافی یاسایی بۆ پاڵپشتی لە ناسنامە ئەتنیکی، کولتوریی و زمانییەکان و کەڵک وەرگرتن لە زمانەکانی تر لە گەڵ زمانی فارسی لە میدیاکان و پابەند بوونی دەوڵەت بۆ پاراستنی میراتی کولتوریی گرووپەکانی تر، داکۆکی لێ کرا. ئەم دیسکۆرسە دژایەتیی لەگەڵ دیسکۆرسی فارس تەوەری ئەحمەدینژاد هەبوو.

جگە لەمانە، وتەکانی عبدولمحەممەد زاهیدی، پارێزگاری کوردستان و عەبدولڕەزا فەزلی وەزیری ناوخۆی ڕۆحانی، نیشاندەری خواستی دەوڵەت بۆ باشتر کردنی بەڕێوەبەرایەتی لە پارێزگا کوردنشینەکان و کەمتر کردنەوەی گرژییەکان بووە. سەرەڕای ئەوەی پێشکەوتنەکان ئەرێنی بوون، بەڵام ڕۆحانی نەیتوانی ئاڵوگۆڕی بە کردەیی بەدی بێنێ. ڕۆحانی هیج کەسی لە کوردەکان بۆ پۆستە باڵاکانی ئێران هەڵنەبژارد. گەر کارێکی ئاوای کردبایە ڕەنگبوو بتوانێ کاریگەرییەکی زۆرتری هەبوایە. لە ڕوانگەی کەمینە نەتەوەییەکانی ئێرانەوە، ئەم کردەوەیە بەم واتایە بوو کە دروشمەکانی ڕۆحانی زۆرتر بە مەبەستی ڕێکلام بووە و لە درۆیەک زیاتر نەبووە. ڕەحمان حاجی ئەحمەدی ڕێبەری پژاک پێی وابوو ڕۆحانییش بەشێکە لە سیستەمی گشتی بە ڕێبەرایەتیی خامەنەیی و ئامانجیشی لە هەڵبژاردنی ڕۆحانی وەک سەرۆک کۆمار، تەنیا بە مەبەستی وەدەرکەوتنی دەسەڵات لە بنبەستی سیاسییە(رویترز، ٢نوامبر ٢٠١٣).

هاوکات، ڕۆحانی بە هۆی ڕوبەڕووبونەوە لە گەڵ تەوژمی ڕەخنە، بە هۆی شکست هێنان لە هەڵنەبژاردنی یەکێک لە ئەندامانی کەمینە لە کابینەکەیدا، کەوتە دۆخی بەرەنگاری و وتی لەم بارەیەوە تەسلیمی گرووپەکانی گوشار نابێ. بۆ جارێکی تر، ڕۆحانیش گەڕایەوە سەر دیسکۆرسی ئێرانچێتی و وتی هیچ  چەشنە جیاوازییەک لە نێوان کورد، لوڕ، تورکمان، بەلوچ و عەرەب نیە. ئیرانیش چەترێکە گشت ئەمانە لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە. هاوکات، ئەندام پەڕلەمانە کوردەکان جارێکی تر هەوڵیان دا بەرەی یەکگرتوو سەر لەنوێ زیندوو بکەنەوە، تەنانەت یەکێک لەوان وتی هەوڵی ئەوە ئەدەن لە نێوان دەوڵەتی ئێران و پارتە کوردەکاندا، تۆوی ئاشتی بچێنن. ( ڕوداو، ٢٨ جولای ٢٠١٧)

ئەمە نیشانەیەک لە گۆڕانی ڕوانگەی سیاسی و چەشنە خۆشبینیەک بوو کە دەوڵەتی ڕۆحانی لە گەل خۆی هێنابووی. بەڵام پێویست بە ئاماژەیە ئەم بەرەیە سەرەڕای دامەزرانی لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە هەرگیز نەیتوانیوە مۆڵەتی فەرمی بۆ خۆی لە بەرپرسانی ئیرانی وەرگرێ.(روداو،٢٨ جولای ٢٠١٧) سەرەڕای ئەوەی دەوڵەتی ڕۆحانی هەوڵی بۆ کرانەوەی پانتای سیاسی دەدا، بەڵام بە هەمان ڕادەش دەنگی دژبەر لە گشت لایەکەوە دەبیسرا. دەوڵەت بەردەوام لەگەڵ چالاکانی سیاسی بە توندی ڕوبەڕو دەبێتەوە و هاوکات ئەندامانی پژاکیشی بە دوژمنی لەگەڵ خوا تاوانبار دەکرد و هاوکات سزای ئیعدامیشی لەسەر چەندین کەسی ئەواندا سەپاند. دواتر گرژییەکان لە سیپتەمبەری ساڵی ٢٠١٨ بە هۆی هێرشی موشەکی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و ئیعدامی چالاکانی کورد بەرفرەتر بوون. (الجزیره،٩ سپتامبر ٢٠١٨).

ئەم چەشنە ئاڵوگۆرانە بۆتە هۆکاری بێ هیوایی لە دەوڵەتی ڕۆحانی، لە بەر ئەوەی سەردەمانێک وەک سیمایەکی نەرم بەڵێنی گۆڕینی بارودۆخی دابوو. سەرەرای ئەوەی کە ناکارامەییی ڕۆحانی بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاریی ئەرێنی، دەرەنجامی تەنگەژەی شاراوە لە ناو سیستەمی سیاسیی ئێراندایە. عەلی یونسی، ڕاوێژکاری ڕۆحانی بۆ کاروباری ئەتنیکەکان لە ڕاپۆرتێکی خۆێدا نیگەرانیی خۆی لە ئیعدامی هەژمارێک لە چالاکانی کورد دەربڕیوە و ئەمەی خستۆتە سەر توندئاژۆکانی ناو سیستەم. لە ڕاستیدا، لە ئاگۆستی ساڵی ٢٠١٦، لە ماوەی یەک ڕۆژدا ٢٢ کورد لە کەرەج، سزای ئیعدامیان بەسەردا سەپێنرا. هادی قایمی ئەندامی کەمپەینی نێونەتەوەییی مافی مرۆڤ لە ئێران، لەم بارەیەوە ئەڵێ: ئەم کردەوەیە گەف و هەڕەشەیەکە لەلایەن توێژە ئایدۆلۆژیستەکانی ناو سیستەم و خوازیاری ئەوەن بەمە نیشان بدەن هەڵبژاردنی ڕۆحانی ناتوانێ لەسەر سیاسەتەکانی ئەوان کاریگەرییەکی هەبێ.( ڕۆیترز، ٤-ی ئاوریل ٢٠١٤). لەم دۆخەدا، هیوا و ئارمانجەکانی کورد ببو بە قوربانیی شەڕی دەسەڵاتی نێو سیستەمی سیاسیی ئێران. تەنانەت گەر ڕۆحانییش خوازیاری کرانەوەی زۆرتری سیاسی بێ، ئەوە توێژە پارێزکارەکانی ڕژێم دەبنە بەربەست. لە ئاکامی ئەمەدا، زۆریک لە بەشداربووانی ئەم توێژینەوەیە، بەچاوێکی سووکەوە دەڕواننە پلەتفۆرمی ڕیفۆرمەکانی ڕۆحانی.

بەشداربووی ژمارە ٣٦ پێی وایە: تەواوی بەڵێن و دروشمەکانیان تەنیا بۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامییە. لە کردەوەدا هیچ بەڵێنێک نابەنە سەر. هەندێکی تر وەک هەڵبژاردنێک لە نێوان خراپ و خراپتردا، دەڕواننە هەڵبژاردنی ڕۆحانی. بەشدار بووی ژمارە ٤٤ دەڵێ: من خۆم دەنگم بە ڕۆحانی داوە، لەبەر ئەوەی دەبوا لە نێوان خراپ و خراپتردا، یەکیان هەڵبژێرم. بەشداربووی ژمارە ٩ دەڵێ: ڕیفۆرمیستەکان ڕۆلی سوپاپی دڵنیایی بۆ کۆماری ئیسلامی دەگێڕن. بەشداربووی ژمارە ٢٥ دەڵێ:  ڕیفۆرمیستەکان و توندئاژۆکان، هەر دووکیان، ئامانجێکی هاوبەشیان هەیە، ئەویش پاراستنی ڕژێمی ئێستا بە هەر نرخێکە.

هەر وەک سەردەمی خاتەمی، کوردەکان لە بەر ناکارامەییی ڕۆحانی بۆ بەدیهێنانی گۆرانکاریی بنەڕەتی هیوایەکیان نەماوە. بەشداربووی ژمارە ٧٤ باس لە نەبوونی گۆڕانکارییەکی بەرچاو دەکات و پێی وایە: ئەوان خەڵکیان بۆ وەرگرتنی دەنگەکانیان فریو داوە. بە دروشم و بەڵێنەوە دێنە نێو ساحەی سیاسی، بەڵام هەرگیزاوهەرگیز، بەڵێنەکانیان بە جێ ناهێنن. یەکێکی تر لە بەشداربووان دەڵێ: ئەمە هەر ئەو کەرەکەی پێشووە و تەنیا کورتانی گۆڕاوە. هیچ کام لە بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران، کاریگەرییەکی ئەرینیان لەسەر کوردەکان نەبووە.

ڕوانگەی کوردەکان سەبارەت بە سیاسەت لە ئێران

ئەو دۆخەی لە سەرەوە بە بەرفرەیی باسی لەسەر کرا، پێناسەکەری دۆخێکی سیاسییە کە کوردەکان خۆیانی تیا ئەدۆزنەوە. گەر گریمانەی ئێمە لەسەر ئەم بنەمایە دامەزرابێ کە ناسنامەکان خۆیان لە ناو دۆخە سیاسییەکاندا دەدۆزنەوە، ئەوە ئەم حاڵەتەش ئەبێ لەسەر ناسنامەی کوردی باندۆری خۆی دابنێ. ساناساریان لە سەر ئەم بڕوایەیە دیسکۆرسی گشتی، ڕۆڵێکی فرە کاریگەری لە سەر تۆکمە کردنی یەکگرتوویی و ناسنامەدا هەیە. بەم شێوازە کە تێگەیشتنێک لەئیمە لە هەمبەر ئەوان بۆ کەمینە نەتەوەییەکان بەدی دێنێ. داتا کۆکراوەکانی ئەم توێژینەوەیە نیشاندەری جموجۆڵێکی هاوشێوە لەناو کوردەکانیشە. لە ڕاستیا، زۆرتر لە ٢ لە سەر ٣ی بەشداربووان دژ یان زۆر دژی ئەمە بوونە کە ناسنامەی ئێرانی بۆ ئەوان گرینگە. (بڕوانە خشتەی ژمارە ١)

خشتەی١. ناسنامەی ئێرانی من بۆم گرینگە (تەنیا بەشداربووانی ئێرانی)

درصد تعداد
٢٨.٤ ٢١ بە توندی نەیار
٣٩.٢ ٢٩ نەیار
١٧.٦ ١٣ بێ لایەن
٩.٥ ٧ هاوڕا
٥.٤ ٤ بە توندی هاوڕا
١٠٠ ٧٤ گشتی

زۆربەی بەشداربووە کوردەکان هەستیان بەوە کردووە دەسەڵات وەک حاڵەتێکی ئەمنی لێیان دەڕوانێ. ٥٩.٥٪  پێیان وایە دەوڵەت کەمینەکان وەک مەترسییەک بۆ ئەولەهی یان تەناهیی نەتەوەیی [ ئێران] سەیر دەکا و ٣٦.٥٪ پێیان وایە دەوڵەت کەمینەکان وەک کێشەیەک بۆ یەکگرتووییی نەتەوەیی [ئێرانی-فارسی] سەیر دەکا. ئەمە بۆ بەشداربووە ناکوردەکان کە بڕوایان لەسەر ئەوەیە دەوڵەت کەمینەکان وەک کێشەیەک بۆ یەکگرتووییی نەتەوەیی سەیر دەکا دەبێتە ٢٧.٣٪ و ئەوەی کە وەک مەترسییەک بۆ ئەولەهی نەتەوەیی [ئێرانن] دەبێتە  ٣١.٨٪. (بڕوانە خشتەی ژمارە ٢)

بەشداربووی ژمارە ٣٤ کە خۆی کوردە دەڵێ: دیسکۆرسی حکومەت لە سەردەمی شۆڕشی مەشروتەوە تا ئێستا بەردەوام نەتەوەی کوردی وەک مەترسییەک بۆ ئەولەهیی نەتەوەییی ئێران سەیر کردووە و هەوڵی بۆ ئاسیمیلە کردن و تواندنەوەی نەتەوەکانی تر لە ناو نەتەوەی فارس داوە. بەشداربووی ژمارە ٦٣ دەڵێ: بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، خوازیاری ئەوە نین ڕێگای چالاکیی کولتوری و کۆمەڵایەتی بدرێ بە کەمینەکان. بەشداربووی ژمارە ٤٤ پێی وایە: ئەوان [دەسەڵات] ئەم سیاسەتە دژبەرییە بە تایبەت لە سەر کوردەکان لە ڕێورەسمەکانی ساڵی نوێ، کەمپەینە ژینگە پارێزییەکان و فێستواڵە کولتوری و ئەدەبییەکان پەیڕەو دەکەن. هەر چەشنە کردەوە و چالاکییەکی سیاسی لە ناوچە کوردنشینەکان ڕێگەی لێ گیراوە و وەک مەترسییەک بۆ تەناهیی نەتەوەیی سەیر دەکرێ. لە ڕاستیا، لەناو بەشداربووە کوردەکاندا، ٢٨.٤٪ پێیان وایە دەوڵەت کەمینەکانی گرتووەتە ژێر چاوەدێریی خۆیەوە و ٧٠.٪  پێیان وایە زۆر لە ژێر چاوەدێریدان.

لە بارودۆخێکی لەم ڕەنگەدا، دەنگی بێ هیوایی، لە نەبوونی ڕێگاچارە و دەنگی سیاسیی ئازاد لە بەرسڤی بەشداربووەکاندا بە ڕوونی دەبیسترا. بەشداربووی ژمارە ٧٤ دەنوسێ: کەسەکانی سەر بە کەمینەکان خاوەن مافی ڕادەربڕین بۆ نیشاندانی داخوازییەکانی خۆیان نین. هەر بۆیەش ویستی کەمینەکان لە دەستور و پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی تر، بە فەرمی ناناسرێت. لەناو بەشداربووە کوردەکاندا لانیکەم ٣ لە سەر ٤ی ئەوان دژ یان زۆر دژی ئەوە بوون کە بتوانن بە شێوازێکی کاریگەر بەشداریی سیاسیان هەبێ..

خشتەی ژمارە ٢. پێتانوایە دەوڵەتی ئێران چۆن دەڕوانێتە کەمینە نەتەوەییەکان؟

مەترسی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی کێشە بۆ یەکگرتووییی نەتەوەیی بۆچوونم نییە ئەرێنی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی پێویست بۆ ئاسایشی نەتەوەیی بەشدار بووان
٤٤(٥٩.٥٪) ٢٧(٣٦.٥٪) ٣(٤.١٪) کورد
٧(٣١.٨٪) ٦(٢٧.٣٪) ١(٤.٥٪) ٣(١٣.٦٪) ٥(٢٢.٧٪) ناکورد

خشتەی ژمارە ٣. پێتانوایە دەوڵەت تا چ ڕادەیەک چاوەدێری بەسەرگرووپە کەمینەکان و بە تایبەت کوردەکانەوە هەیە؟

لە ڕادە بەدەر زۆر بۆچوونم نییە کەم زۆر کەم بەشدار بووان
٥٢(٧٠.٣٪) ٢١(٢٨.٤٪) ١(١.٣٪) کورد
١٠(٤٥.٥٪) ١٠(٤٥.٥٪) ١(٤.٥٪) ١(٤.٥٪) ناکورد

خشتەی ژمارە ٤. کوردەکان دەرفەتی بەشداری لە پرۆسەی سیاسی ئێرانیان هەیە؟

زۆر هاوڕا هاوڕا بۆچوونم نییە دژ بە توندی دژ بەشدار بووان
٤(٥.٤٪) ٩(١٢.٢٪) ٦(٨.١٪) ١٦(٢١.٦٪) ٣٩(٥٢.٧٪) کورد
١٠(٤٥.٥٪) ٣(١٣.٦٪) ٧(٣١.٨٪) ٢(٩.١٪) ناکورد

کوردەکان پێیان وایە تەواوی ئەم ڕێکارە سیاسییانەی ئێستاکە لە ئارادان، لەلایەن خودی ڕژێمەوە دانراون. بەشداربووی ژمارە ٧٤ وتی: ئیمە تەنیا مافی ئەوەمان هەیە دەنگ بدەین بەوکەسانەی دەوڵەت خۆی پێشتر ڕەزامەندیی لەسەر ئەمان دەربڕیوە. بەشداربووی ژمارە ٤٤ دەنوسێت: تا ئەو کاتەی ئێران نەبێتە وڵاتێکی دیموکراتیک، ناتوانین چاوەڕوانی بەشدارییەکی ڕاستەقینەی سیاسی بین.  لە سیستەمێکی دامەزراو لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای ئایینی و دەسەڵاتێکی ئایینی و سەربازییەوە، زۆرێک لە کوردەکان، ناتوانن خاوەنی هێز و دەسەڵاتی سیاسی بن. بەشداربووی ژمارە ٦٥ دەڵێ: ناکرێ  چالاکییە کۆمەڵایەتی و سیاسییە کاریگەرەکانی وەک میتینگی سیاسی، بڵاڤۆک و سیمیناری سیاسی لە کوردستان، وەک تاران و شارە گەورەکان بەڕێوە بچن. بەشداربووی ژمارە ١٤ پێی وایە: گەر کوردێک لە سەر بنەمای ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە چوارچێوەی بزاڤە سیاسییە بە فەرمی ناسراوەکاندا چالاکی بکات، ئەوە تا ڕادەیەک دەتوانێ لە بزاڤە سیاسییەکاندا بەشداریی هەبێ، بەڵام بەمەشەوە، گەر لە سەر ناسنامە کوردییەکەی پێداگری بکات، ڕەنگە ڕێگای بەشداریی سیاسی لێ بگیرێت. بەشداربووە کوردەکان پێیان وایە کۆماری ئیسلامی تەنانەت ڕێگا نادات ستانداردەکانی ناو دەستوری ئێرانیش بۆ پاڵپشتیی مافی کەمینەکان و بۆ یەکسانیی دەرفەتەکانی کەڵکی لێ وەربگیرێ. لەناو ئەم سیستەمەدا، چالاکییە کولتوری و کۆمەڵایەتییەکانیش تام و بەرامەی سیاسی بە خۆیانەوە دەگرن. لە ڕاستیا٨٧/٨%-ی بەشداربووە کوردەکان لەم توێژینەوەیەدا وەک ناسنامەیەکی سیاسی دەیانڕوانییە ناسنامەی کوردیی خۆیان. زیاتر لە ٩٣% لە بەشداربووە کوردەکان لایەنگر یان زۆر لایەنگری ئەوە بوون کە ناسنامەی کوردییەکەیان خاوەن گرینگییەکی زۆرە بۆیان.

ئەمە ئاشکرایە ناسیۆنالیزمی کوردی لە ناو پارامێترە بەرتەسک کەرەوەکانی ڕەهاخوازیی پەهلەوەییەوە بیچمی گرتووە. فۆرماسیۆنی ناسنامەی کوردی لە ژینگەیەکی سیاسیدا بیچمی گرتووە و سەرەڕای دیسکۆرسی ڕۆحانی و هەوڵ دانەکانی ئەو، گرژی و تەنگەژەکان هەر وەک خۆیان ماونەتەوە؛ ئاستەنگەکان هەر وەک خۆیان ماونەتەوە و چاوەڕوانییەکان بێ وەڵام ماونەتەوە. لە خولانەوەی ناو بازنەی ناسنامە ڕکابەرەکان و ناسنامە هاوبەشەکاندا، ناسنامەی کوردی بەهێز دەبێ و پەیوەست بوونی لەگەڵ ناسنامەی بەرفرەتری ئێرانی کەمتر دەبێتەوە.

نادر ئینتسار پێی وایە پەرەسەندنی پرسی کورد بەرەو لای توندوتیژی نەک بە هۆی ویستی بنەڕەتیی کوردەکان، بەڵکو بە هۆی سەرکوتکاری و هەژارییەکە کە بەسەریاندا سەپاوە. ئینتسار پێی وایە تێفکرینە ئەمنییەکانی دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین وای کردووە داخوازیی کوردەکان وەک نیشانەکانی سەربەخۆییخوازی بڕوانن و بە کردەوە و سیاسەتی توندوتیژ وڵامیان بدەنەوە. بە پێچەوانەوە، دەنیس ناتالی پێی وایە ئەوە هەڵوێستی ناسیۆنالیستی ئەم وڵاتانەیە کوردەکان بەرەو وەفا و ئینتیمایەکی زۆرتر بۆ ئەتنیسیتیی خۆیان ڕادەکێشێ. ئێران بە بەردەوامی وەک مەترسییەک لە جموجۆڵی کوردەکان دەڕوانێ، کەچی لوییس بەک پێی وایە داخوازییەکانی کەمینەکان لە ئێراندا زایەڵەی ویستی کەمینەکان بۆ گەشەسەندووییی مادی و کۆمەڵایەتی و سیاسییە و ئەم داخوازییانە بە تەواوی لۆژیکین و نابێ وەک پێشەکییەک بۆ سەربەخۆیی لێێان بڕوانرێت. لوییز بەڵگەی ئەوەش دێنێتەوە کە هیچ دەسەڵاتێکی ئێرانی بۆ لەناو بردنی کێمایەسییە ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، وەک پێداویستیی سەرەتایی و ڕۆژانەی کەمینەکان هەوڵیان نەداوە. لە ڕاستیدا، بەشداربووانی ئەم توێژینەوەیە پێیان وایە کۆماری ئیسلامیی ئێران نەیتوانیوە ستانداردەکان و دیسکۆرسی ناو خودی دەستوری ئیرانیش بەشێوازێکی دادپەروەرانە بەڕێوە ببات.

دەرئەنجام

زۆرێک لە بەشداربووانی ئەم توێژینەوەیە نارەزایەتیی خۆیان لە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەربریوە. کوردەکان وا هەست دەکەن سیستەمی سیاسی، ڕێگای بەشداریی سیاسی بە کوردەکان نادات و ئەوان هەست بە پەراوێزخران دەکەن. دابڕانێکی ڕوون و ڕاشکاوی عاتیفی لە نێوان کوردەکان و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە. لە ڕوانگەیەکی دیرۆکییەوە، ئەم دابڕانە لە ناو هەناوی بزوتنەوە دژەبەرەکاندا هەبووە و جێگای نیگەرانیی دەوڵەتە ناوەندییەکانی ئێران بووە. بەڵام لە کاتێکدا ڕژێمی ئێستاکە باس لە بەکارهێنانی دیسکۆرسی نەرم و نیان دەکات و لە سەریەکێتیی گشت ئێرانییەکان پێداگری دەکاتەوە، ڕێبەری ئێران، ناوەرۆکی ڕەق و ئەمنی بۆ سەرکوت کردنی دژبەرەکان بە کار دێنێ. بەم حاڵەشەوە ناسەقامگیریی ئێستاکەی کوردەکان نیشان ئەدات سیاسەتەکانی سەرکوت و سەپاندنی ئاستەنگی لەسەر داخوازییە سیاسییەکان، کێشە سیاسییەکانی دانەمرکاندووە یان ئەولەهییەکی زۆرتری بۆ ڕژێمی ئێران بە دیاری نەهێناوە یان هەوڵ دانەکان بۆ سەرکوتی دژبەران، بێ کاریگەر ماوەتەوە یان تەنانەت دەرئەنجامی پێچەوانەی بە دوای خۆێدا هێناوە.

بەشداربووانی ئەم توێژینەوەیە گلەییان لە هەڵاواردن و جیاوازکاریی زۆر و نەبوونی بەشداریی سیاسی هەیە. بە پێی داتاکانی ئەم توێژینەوەیە، ئەمەش ناسنامەی کوردیی کوردەکانی لە هەمبەر هاووڵاتیی ئێرانی بەهێزتر کردوە. قاسملوو پێی وابوو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە هۆی نەبوونی دەرەتانی سیاسی، هەنگاوی بەرەو توندوتیژی لە دژی ڕژێمی شا هەڵگرتووە. ئەم دەرفەتە لە ئارادایە بە هۆی بەردەوامیی ڕوانگەی ئەولەهیی تاران و ئەوەی کە نایەوێ ڕێکار یان دەرفەتێکی سیاسی بۆ کوردەکان پێک بێنێ، کوردەکان بەرەو توند و تیژی هەنگاو بنێنەوە. گۆڕانکاریی و پێشکەوتنەکانی سیپتەمبەری ساڵی ٢٠١٨ نیشان ئەدەن تەنگەژەکان ڕوو لە زیاد بوونن. شکستی کردە سەرکوتکەرەکانی [ دەوڵەت] و ئەم ڕاستییە کە تێڕوانینی خاتەمی و ڕۆحانی بۆ کرانەوەی سیاسی و سەرنجدان بە کەمینەکان لە لایەن دەنگدەرە کوردەکانەوە پێشوازیی لێ کرا، نیشان ئەدات ئەم تێڕوانینە ڕەنگە هێشتاکەش وەک تێڕوانینێکی سیاسی شانسی ئەوەی هەبێ سەرکەتن وەدەست بێنێ. داخوازییە دابین نەکراوە ئەتنیکییەکان و هەست کردن بە نادادپەروەری لە پانتای سیاسیدا، نامۆ بوونی زۆرتری کوردەکان بە دوای خۆێدا دێنێ. سیاسەتە سەرکوتکارانەکان نەبوونەتە هۆکاری ئەوەی کوردەکان بەرەو لای کۆماری ئیسلامی هەنگاو بنێن. بەڵکوو جیاییی زۆرتر و بەهێز بوونی ناسنامەی کوردیی لێ کەوتۆتەوە. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بەڵێنی بەدیهێنانی نەزم و بەشداریی سیاسی بە کوردەکان دابوو، بەڵام لە کردەیی کردنی ستانداردەکانی خۆی شکستی هێناوە. بەشداربووی ژمارە ١٩ دەنوسێ: هەڵوێستی من بۆ ئەم مژارە ئەوەیە؛ گەر نەتەوەیەک ئازادیی دەوێ نابێ لە ئازادی بێبەش بێت و ئەم ڕێگایەی ئێران بۆ چارەسەری پرسی کورد گرتوویەتە بەر، باش نیە. بەشداربووی ژمارە ٦ دەنوسێ: ترسی ئەمنی دەبێتە هۆکاری ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتی لە کوردستان… ئێمە لەگەڵ کۆبوونەوەی لە ڕادەبەدەری  چاوەڕوانییەکان ڕووبەڕووین. لە کۆتاییدا ئەم بێدەنگییە کپ کراوە دەشکێ و چاوەڕوانییە کۆکراوەکان بە تووڕەیی سەر هەڵدەدەن.

ئەم توێژینەوەیە بەشێک لە سیمای ناخۆشی سیاسیی کوردەکان لە ئێران پیشان ئەدات. سەرەڕای ئەوەی ئەم باسە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و قووڵ بونەوەیەکی زۆرتر هەیە، بەڵام لێکدانەوە و وردبوونەوە ئامارەکان نیشان ئەدات کوردەکان -ئەو جۆرەی کۆماری ئیسلامی ئێران باسی لێ دەکات- لە چوارچێوەی سیاسیی ئێراندا قەبوڵ نەکراون. کوردەکان هەست دەکەن پەراوێز خراون و بە ناسنامەی ئەتنیکیی خۆیانەوە هەست بە ئارامییەکی زۆرتر دەکەن. شێوازی تێڕوانینی ڕژێم لە سەرنجراکێش بوونی ناسیۆنالیزمی بە هێزی کورد لە سنورەکانی ئێران و ئەو کێشەیەی بۆ یەکپارچەییی ئێران بە دوای خۆیدا دێنێ، دەبێتە هۆکاری ئەوەی بەردەوام پرسی کورد، لە ڕوانگەیەکی ئەمنییەوە سەیر بکرێ. لەم حاڵەتەشدا دۆخێکی وەک خولانەوە لە ناو بازنە پێکدێت. کێشە سیاسییەکان دەبنە هۆکاری جموجۆڵی گرووپەکان و ئەمەش سەرکوتی دەوڵەت بەدوای خۆیدا دێنێ و دەبێتە خراپتر بونی بارودۆخ. ئەم زنجیرە بەردەوامە، لە ئاکامدا ئەولەهیی کۆماری ئیسلامیی ئێران تووشی لاوازی دەکات.

تێبینی: ئەم وتارە وەرگێڕدراوی وتارێکە بەم ناو نیشانە: The Kurds in Iran: balancing national and ethnic identity in a securitised environment

سەرەڕای ئەوەی هەڵسەنگاندنی نوسەرانی ئەم وتارە لە چوارچێوەی چەمکی دەوڵەت نەتەوەی ئێراندا نوسراوە، وەرگێڕی ئەم وتارە وەک کوردێک بە ئەمانەتەوە دەقی وتارەکەی وەرگێڕاوە، بەڵام هیچ باوەڕێکی بەم چوارچیوە چەمکییە لە نەتەوە دەوڵەتی ئێران نیە.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان