ئارامتر بخوێنەوە!

کورد لە میدیای کۆلۆنیالیزمدا

ماردین ڕەحیم‌نژاد



پۆختەی وتار

لەم سەردەمەدا کە ڕاگەیەنەرەکان بە شێوازێکی بەرچاو پەرەیان سەندووە و شەڕی نەرم و میدیایی بووەتە ئامرازی سەرەکیی خۆفەڕزکردن لە جیهاندا، مانەوە و کێبڕکێ نەک بۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەت و پارچەپارچەکراوی وەکو کورد بەڵکو بۆ بەشێکی زۆر لە وڵاتە لاوازەکانیش ئەستەمە. نەتەوەی کورد کە پێش پەرەسەندنی ڕاگەیەنەرەکانیش لە دۆخێکی کۆلۆنی و لە مەترسییەکی جددیی سڕینەوە بە دەستی سێ کۆلۆنیالیستی فارس و تورک و عەرەبدا بوو، ئێستا پاش پەرەسەندنی ڕاگەیەنەرەکان، خێراییی ئەو پرۆژە مەترسیدارە زۆر زۆرترە و کۆلۆنیالیزم لە ڕێگای وشە و چەمک و سینەما و سازدانی وێنەیەکی نزم و خوار لە کورد و وێنەیەکی پیرۆز لە نەتەوەی باندەست بەردەوام ئەو پەیوەندییە ئەرباب و کۆیلەیە و ئەو پەیوەندییە ستەمکارانەیە بەرهەم دەهێنێتەوە، بەڵکو بتوانێت بە ئامانجی کۆتایی کە سڕینەوەی یەکجاریی نەتەوەی کوردە بگات.
لەم دۆخە هەستیارەدا کە بەرەی لاو و گەنجی کورد لەژێر هێژمۆنیی میدیای کۆلۆنیالیزمدان و مەترسیی چەواشەبوون و دوورکەوتنەوە لە شۆناسی نەتەوەیییان لەسەرە، کورد ئەبێت چی بکات کە بتوانێت ئەو مەترسیانە بکاتە دەرفەت؟ پەرەسەندنی ڕاگەیەنەرەکان هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە مەترسین بۆ نەتەوەی کورد، بە مەرجێک نەتەوەی کورد بتوانێت زانستیانە و لێبڕاوانە کەڵکیان لێ وەربگرێت بۆ پێچەوانەکردنەوەی کاریگەرییەکان، دەتوانێت باشترین دەرفەتیش بۆ هەڵتەکاندنەوەی ئاسەوارەکانی کۆلۆنیالیزم و، بە بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی نەتەوەی کورد، هەل بۆ ڕزگاری و سەربەخۆبوون بڕەخسێنێت.

وشەی گرینگ: میدیا، شەڕی نەرم، کۆلۆنیالیزم، نەتەوەی کورد، کوردستان

ڕاگەیەنەرەکان لە سەردەمی پەیوەندییەکاندا لەسەر هەموو ڕەهەندەکانی ژیان کاریگەرییان هەیە و بوونەتە بەشێکی دانەبڕاو و هەرەگرینگی کۆمەڵگا و هەروەها بوونەتە ئامرازی سەرەکیی گەشەی فەرهەنگیی کۆمەڵگاکان. لەم سەردەمەدا بە کۆمەڵگایەک دەوترێت گەشەسەندوو کە لەپاڵ هەڵکشانی داهاتی سەرانە و بەرهەمی نەپاڵێردراوی ناوخۆیی و ڕێژەی مردن و پەروەردە، گرینگی بە ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان، یان بە واتایەکی تر، گرینگی بە داناییی کۆمەڵگا دابێت.
لەم سەردەمەدا کە بە سەردەمی تەقینەوەی زانیارییەکان ناسراوە، ڕاگەیەنەرەکان ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لە گەشەی فەرهەنگی و هەروەها گواستنەوەی میراتی فەرهەنگیی مرۆڤ لە نێوان نەتەوە جیاوازەکاندا، چونکە ڕاگەیەنەرەکان بەرهەمەکانیان بەپەلە و بە بەربڵاوترین شێواز دەگاتە بەردەنگەکان.[8]
هاڕۆڵد لاسۆل سێ ڕۆڵ بۆ ڕاگەیەنەرەکان دیاری دەکات: یەک؛ ڕۆڵی چاودێری بەسەر کۆمەڵگادا. دوو؛ ڕۆڵی درووستکردن و گەشەدان بە یەکیەتیی کۆمەڵایەتی. سی؛ ڕۆڵی گواستنەوەی میراتی فەرهەنگی. دواتر چاڕلز وایت ڕۆڵی سەرگەرمکردنیشی پیێ زیاد کرد.[8]
لاسول دەڵێت، ڕاگەیەنەرەکان سێ ئەرکی سەرەکییان هەیە” 1ــ پاراستنی ژینگە 2ــ چێکردنی یەکێتی لە نێوان بەشەکانی کۆمەڵگادا 3ــ گواستنەوەی میراتی کۆمەڵایەتی لە جیلێکەوە بۆ جیلێکی تر.[8]
مێرتن و لازارسیف پێیان وایە کە ڕاگەیەنەرەکان چەند ڕۆڵ دەگێڕن: ئەرکی ئەخلاقی؛ پشتیوانی لە بەها و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان؛ ئەرکی بەخشینی پێگەی کۆمەڵایەتی؛ ڕاگەیەنەرەکان بە ناساندن و بەرزکردنەوەی تاک، یان گرووپەکان دەبنە هۆکاری بەهێز و گاریگەرکردنیان لە کۆمەڵگادا. هەندێ ئەرکی نەشیاو وەکو سڕکردنی کۆمەڵگا؛ ڕاگەیەنەرەکان وەکو ماددەی سڕکەر هەستێکی خەیاڵی بەشداربوون و چالاک دەبەخشن بە کۆمەڵگا کە لە واقعدا جێنشینی کردار و چالاکیی کۆمەڵایەتی دەبن”[8]
کاتێک سەیری ڕوانگەکانی بیرمەندانی وەکو لاسۆل و مێرتن و لازارسیف دەکەین لەسەر ڕۆڵی ڕاگەیەنەرەکان چەند پرسیارمان لەلا پەیدا دەبێت. بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی نەتەوەی کورد کە کراوەتە کۆیلەی چوار وڵات (بە هەندێ جیاوازی لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان) میدیا بە چ شێوازێک لەلایەن نەیارانی کوردەوە وەکو کەرەسەیەک بۆ چاودێریی کۆمەڵگا کەڵکی لێ وەردەگیردرێت؟ چۆن میدیا دەتوانێت ببێتە هۆکاری پێکهاتنی یەکیەتیی کۆمەڵایەتی؟ لێرە یەکیەتیی کۆمەڵایەتی لە نێوان کۆلۆنیالیستێک و بەکۆلۆنیکراوێکدا چ واتایەکی هەیە؟ ئایا یەکیەتی لە نێوان چەند نەتەوەی جیاوازدا و لەگەڵ نەتەوەیەکی فاشیستی و داگیرکەردا هیچ مانایەک غەیری سڕینەوەی نەتەوە بندەستەکان هەیە؟ لاسۆل دەڵێت، گواستنەوەی میراتی فەرهەنگی ئەرکی میدیایە. پرسیار ئەمەیە میدیا لە وڵاتێکی وەکو ئێراندا کام میراتی فەرهەنگی دەگوازێتەوە؟ ئایا کوردیش دەتوانێت میراتی فەرهەنگیی خۆی بە شۆناسێکی کوردییەوە بگوازێتەوە، یان ئەو میراتەیش کە هەیەتی ئەبێ تاپۆ بکرێت بە ناوی نەتەوەی کۆلۆنیالیستەوە و بە ناوی میراتی ئەوەوە لە یۆنسکۆ و …. بناسێنرێت؟
ئەو بەها و نۆرمە کۆمەڵایەتیانە (مێرتن) چین و کامانەن کە ئەبێ میدیا لە وڵاتێکی وەکو ئێراندا کە ئاخنراوە لە فاشیزم و ستەمکاری ئەبێ بیانگوازێتەوە؟ لە وڵاتێکدا کە تەنانەت ئاخاوتن بە زمانی دایکت بە مەترسی دەزانێت و شیعەگەراییەکی فاشیستی بەسەریدا زاڵە، کام تاک، یان گرووپ دەناسێنرێن و بەرز دەکرێنەوە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا ڕێبەری بکەن؟ ئایا غەیری گرووپی ” عەزادارانی حسێنی” و “راهیان نور” و هەندێ لۆمپەنی فاشیستی وەکو مێهران مۆدیری و مەهناز ئەفشار و … کەسی دیکە دەتوانێت دەربکەوێت؟ کۆلۆنیالیست لەناو نەتەوەی کورددا کام تاک و گرووپ بەرز دەکاتەوە بۆ ڕێبەرایەتیی کۆمەڵگا؟ کام کوردە کە دەتوانێت لە شاشەی تەلەڤزیۆنی داگیرکەردا دەربکەوێت؟ بە گشتی وێنەیەک کە کۆلۆنیالیست لە نەتەوەی کورد نیشانی دەدات چ وێنەیەکە؟
ئەمانە و سەدان پرسیاری دیکە هەن کە دەکرێت بە دەیان کتێبیان لەسەر بنووسیت و سیاسەتی میدیاییی کۆلۆنیالیزم سەبارەت بە نەتەوەی کوردیان پێی شی بکەیتەوە. لەم نووسینە کورتەدا هەوڵ دەدەم هەندێ لەو پرسیارانە وەڵام بدەمەوە.

ئا) شەڕی نەرمی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی لە دژی نەتەوەی کورد:
کاتێک باس لە شەڕی نەرمی ئێرانییەکان لە دژی نەتەوەی کورد دەکەم ئەم شەڕە قەتیس نابێتەوە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکو نەتەوەی کورد وەکو وێژمانێک و جیهانبینییەکی جیاواز و تەواوی کوردستان و بە تایبەتی ڕۆژهەڵات و باشوور لە بەرەی پێشەوەی هێرشەکانی ئێراندان. شەڕی نەرمی ئێرانی لە دژی کورد تەنیا لەناو سنوورەکانی ئێراندا جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو لە هەرشوێنێکی ئەم دنیایەدا تاکێکی گۆچکراو بە هزری ئێرانی هەبێت کە لە ڕاگەیەنەرێکدا کار بکات، یان تەنانەت لە لاپەڕەی تاکەکەسیی خۆیشیدا بێت، لەوێ وەکو سەنگەرێک بۆ شەڕی نەرم و دژایەتیی ڕاستەوخۆ لە دژی نەتەوەی کورد کار دەکات.
لە واقیعدا سیاسەتێک کە لە بەرانبەر کورد گیراوەتە بەر، سیاسەتێکی هەزارڕوخسارە. کاتێک باس لە ئێران و ئێرانی فەرهەنگی دەکرێت و بابەتی “من و ئەوی دی” دێتە ئاراوە، کورد لەو پلانەدا منی ئێرانی و ڕەسەنترین قەومی! ئێرانییە و ئەوی دیکەی کورد دەبێتە تورک و عەرەب. بەڵام کاتێک باسی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە دێتە ئاراوە، کورد دەبێتە ئەوی دیکە و دەبێتە سیبلی ئامانجی تیرەکانیان و لە دوژمنایەتی و بە ئامانجگرتندا بەردەوام خاڵی 10 وەردەگرێت. بە لێکدانەوەی هەڵسوکەوتی ئێرانی لە بەرانبەر نەتەوەی کورددا زۆر بە ئاسانی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە لە لایەکەوە کورد لە بازنەی منی ئیرانیدایە و بە پێکهێنەری سەرەکی و ڕەسەنی ئێران دێتە ئەژمار!! لە لایەکی ترەوە دوژمنی سەرەکی و یەکەمینی هزری ئێرانی، کوردە و زۆرترین هێرشی دەکرێتە سەر. لە بواری سیاسەتی ستراتژیکی درێژخایەنەوە دەتوانین ئەم دووفاقیە لە هەڵسوکەوتدا کە بە سیاسەتی تەڕک و گزەر ناسراوە، یان ”هویج و چماق” (لە ئامێزت دەگرن و بە خەنجەریش لە پشتت دەدەن) ئاوا لێک بدەینەوە کە ئەوان شادەمارەکانی هێز لە دەستیاندایە و کوردیان کردووەتە کۆیلەی خۆیان، ئەوان کوردێک کە خاوەنی هزر و لێکدانەوە و فەلسەفەی ڕزگاری و شۆناسی کوردی بێت دەدەنە بەر هیرش و تانە و تەشەر، بەڵام کوردێکی ئێرانی کە شۆناسی خۆی لە شیعرەکانی فیردەسی و ئەفسانەی ئارەش، یان نوورانیەتیی وەلایەتی فەقێدا دەبینێتەوە، لە ئامێز دەگرن. ئەگەر ئەم بابەتەیش لە بواری دەروونناسییەوە بە وردی لێی بکۆڵیتەوە، هۆکاری ئەو ڕێژە زۆرەی هێرش و دوژمنایەتیی نەتەوەی فارس لە دژی نەتەوەی کورد دەتوانێت ڕیشەی ترس لەو دوژمنایەتییەدا بە ڕوونی بدۆزنەوە.



کوردستان ئامانجی ناوەندی شەڕی میدیاییی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی

بەپێی ئامارەکانی خودی کۆماری ئیسلامی، گەشەی فەرهەنگی لە ئێراندا یەکسان نەبووە و “هەندێک لە پارێزگاکان بەپێی بارودۆخێکی تایبەتی کە هەیانە لە ئاستێکی بەرزتردان. بۆ نموونە، تاران لە ڕووی ژێربینای سیاسی و ئابوورییەوە لە هەموو پارێزگاکانی تر جیاوازە و لە بواری گەشەی فەرهەنگییەوە لە پلەی یەکەمدایە و پارێزگاکانی سمنان و یەزد و ئەسفەهان (هەموویان فارسنشینن) لە پلەکانی دواتردان و دوای تاران زۆرترین ئیمکاناتی فەرهەنگییان بۆ تەرخان کراوە، بەڵام پارێزگاکانی ئیلام و کۆهگیلوویە و بۆیرئەحمەد و ئەهواز و کوردستان و کرماشان و هۆرمزگان و خۆراسانی باشوور و بەلووچستان، کەمترین بواری ئابوورییان بۆ ڕەخساوە. پارامێترەکانی گەشەی فەرهەنگی بریتین لە نرخی خوێندەواری، پەرەسەندنی خوێندنی باڵا، ڕێژەی بوونی کتێبخانە و مۆئەسەسات و بنکەکانی خوێندن، ڕۆژنامە و گۆڤار، بەرنامەی دەنگوڕەنگ و….”[7]
ئەوگەشەنەسەندووییەی کوردستان و ناوچە پەڕاوێزییەکانی دیکە لە هەموو بوارەکاندا بە تایبەت لە بواری فەرهەنگیدا خۆی پڕۆژەیەکی کۆلۆنیالیستیە بۆ ئەوەی هەم ناوچە فارسنشینەکان بەردەوام لە مەنتەلیتەی غەیرەفارسەکاندا وەکو قیبلەیەک هەستی بندەستی ببەخشێت بە پەڕاوێز، هەم بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی هزری و پەرتووک و ڕۆژنامە و گۆڤار و دەرکەوتنی تاکەکان و…. یەکلایەنە بێت و بەردەوام ناوەند سەرچاوەی زانیاریی پەڕاوێز بێت.



ئا. شەڕی نەرم:

جۆزێف نای دەڵێت، هێزی نەرم یانی “توانای گەییشتن بە ئامانجەکان لە ڕێگای دڵڕفێنبوون و هێزی سرنجڕاکێشانەوە، بە جێگای بەکارهێنانی زۆر و جەبر و تەمبێ کە هەموویان بۆ شکڵدان بە یەکەمینەکانی ئەوی ترە”[8]
جۆزێف نای دەڵێت، “شەڕی نەرم فۆرمێکی ناڕاستەوخۆ و ئاڵۆزی هەیە و زۆر ئەستەمە بزانین بەبێ بوونی فەرمانەکانی ئێمە، ئەوانی تر چۆن هەڵسوکەوتیان دەکرد. هەندێ جار ئێمە دەتوانین بەبێ فەرماندان و بە تەنیا لە ڕێگای کاریگەرییەوە بە ئاکامی دڵخوازی خۆمان لەسەر کرداری ئەوانی تر بگەین. لە واقیعدا ئەم ئیمکانە هەیە کە بەبێ هەبوونی هێزی هەستپێکراو بەسەر ئەوانی تردا بە بەشێکی زۆری ئاکامە دڵخوازەکانی خۆمان بگەین.”[8]
نای پێی وایە کە “هێزی نەرم گۆڕانکارییەکی مەزنی دروست کردووە و بووەتە هۆکاری کاڵبوونەوەی سنوورە نەتەوەییەکان. لە ئاکامدا سیاسەت دەبێتە گۆڕەپانی کێیبڕکێ بۆ دڵڕفێنبوون و مەشرووعیەت و ئێعتیبار. تواناییی بەشداربوون لە زانیاری و جێی باوەڕبوون دەبێت بە سەرچاوەیەکی گرینگ لە دڵڕفێنی و هێز.”[8]
لە درێژەدا نای دەڵێت: “لە وەها دۆخێکدا، هێماکانی شەڕ و تەنگەژە لەنێوان وڵاتەکاندا لەسەر ئەساسی بابەتە سەربازی و ستراتژییەکان نابن. بەڵکو ئەکتەرەکان هەوڵ دەدەن لە ڕێگای بەکارهێنانی هێزی نەرم، یانی درووستکردنی وێنەیەکی پۆزەتیڤ و بەدەستهێنانی ڕەوایی لەناو ڕای گشتی و ناوخۆیی و دەرەکی و هەروەها کاریگەریدانان لەسەر دەسەڵاتی ناڕاستەوخۆی ئاوێتە بە ڕەزایەت، بە ئاکامەکانی خۆیان بگەن”[8]
گەڕانی خێرا و بێسنووری زانیارییەکان، پێکهاتەی نێونەتەوەیی و واتای سنوورەکانی گۆڕیوە لەسەر ئەم گۆڕانکارییانە جێیمز ڕۆزنا باسی “سیاسەتی پاش نێونەتەوەیی” دەهێنێتە ئاراوە و دەڵێت: “سیاسەتی پاش نێونەتەوەیی چەمکێکی گونجاو و باشە، چونکە بە ئاشکرا باسی داکشان و لاوازبوونی نوێنە (الگو) کۆنەکان دەکات، بەبێ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە کە ئەم گۆڕانکارییانە مۆمکینە لە کوێدا کۆتایییان پێ بێت و لە هەمان کاتیشدا کە ئاماژە بە کارکردی سەقامگیر دەکات، بەڵام دۆخێکی بەشاڵاو و ناسەقامگیرە. ئەم چەمکە (سیاسەتی پاش نێونەتەوەیی) ئاماژە بەو گۆڕانکارییانە دەکات کە شڵەژان و ئاشووبی جیهانی لێ کەوتووەتەوە”[8]



ب) کورد لە میدیای کۆلۆنیالیزمی ئێرانیدا

لەم ڕۆژانەدا کە خەریکبووم ئەم بابەتەم دەنووسی ئەم چەند فیلمە ئێرانییە کە لەسەر کورد ساز کراون، سەیرم کردنەوە. ” اشک سرما، چ، ایستادە در غبار، کانی مانگا، تختە سیاە “، ئەزانم ئەمانە مشتێکن لە خەروارێک، بەڵام بۆ درککردنی سیاسەتی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی تەنیا ئەو چەند فیلمە ئەوەندە دیمەنی ناحەزی تێدایە کە دەتوانیت یەک کتێبی لەسەر بنووسیت. بە گشتی کورد لە میدیای ئێرانیدا وەکو نەتەوەیەکی:
ــ دواکەوتوو؛ کە چەند کیلومەترێک ئەولاتری خۆیانیان نەدیوە و بە بینینی بێگانەیەک، یان فارسێک شاگەشکە دەبن!
ــ ناشارستانی؛ کە هێشتا پاکوخاوێنی نازانێت و سمێڵی گەورە گەورە و بۆیاخکراویان هەیە و ئۆسلووبی قسەکردن نافامن بە دەنگێکی نزیک لە سەڕەی گوێدرێژ (داوای لێبوردن) پێدەکەنن و ناتوانن بە پاراوی فارسی قسە بکەن! چونکە لە قامووسی هزری کۆلۆنیالیزمی ئێرانیدا فارسینەزانین هێمای ناشارستانی و گێژیە و هەروەها هێشتا وەکو ئەشکەوتنشینەکان قیڕەقیڕ و لوورەلوور دەکەن و هەندێ دەنگی سەیر و سەمەرە لە خۆیان دەردەهێنن!
ــ بێ هزر و ئاوەز و سادە و ساکار و گێل؛ کە بە هەموو بایەک شەن دەکا هەر لەبەر ئەو گیلی و سادەییە بە گوێی دوژمنان دەکات و چەک هەڵدەگرێت! هەربۆیە دەبێت قەیومێکی خاوەن شارستانیەتی هەبێت و حۆکمڕانیی بکات!
ــ بێپلان؛ کۆمەڵێک چەکدار بەبێ پلان چەکیان هەڵگرتوە و نازانن چییان دەوێت!
ــ سەرلێشیواو و جەردە و شەڕاشۆ؛ کە نازانێت دیسیپلین و سیستم چییە و ئەگەر لە سێبەری قەیومە شارستانیەکەدا نەبێت ورگی یەکتر ئەدڕن!
ــ بە نامرۆڤ نیشاندانی کورد؛ سەرەڕای ئەوەی کە ئەوان، واتە فارسەکان، یان کۆلۆنیالیستەکان بە دڵێکی پاک و خاوێن!!! و مرۆڤانە!! هاتوون کوردەکان بپارێزن، بەڵام ئەمان بەردەوام هێرش دەکەنە سەریان! یان زۆر نامرۆڤانە دیلەکان دەکوژن! و…. نیشان دراوە و نیشان دەدرێت.

چەند پەیڤی ناو فیلمەکان کە وەکو سیاسەتێکی فەرمیی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی، شێوازی تێڕوانین و هەڵسوکەوتی داگیرکەر بۆ کوردستان نیشان دەدات لە خوارەوە دادەبەزێنم. ئەمە ڕوانگەی هەموویانە لە هەموو ئاستەکاندا و لەلایەن هەموو کەسێکەوە بەرانبەر بە کورد پەیڕەو دەکرێت.



ب. 1) لەناو فیلمی ” اشک سرما” دا ئەم پەیڤانە جێی سرنجن

ــ ئەم ناوچەیە خاوێن نییە! پاراستنی ئەم ناوچەیە زۆر گرینگە. کاتێک ئەچنە دەرەوە لەگەڵ کەس قسە مەکەن، لێرە سنووری نێوان دۆست و دوژمن دیار نییە! ئەبێ هەموویان وەکو بە دوژمن سەیر بکەن، مەگەر ئەوەی کە پێچەوانەکەی بسەلمێنێت! (یانێ ئەبێت بیسەلمێنێت کە ئێرانییەکی وەفادارە و بێتە بەرەی ئیمەوە بۆ شەڕ دژی هاوخوێنەکانی).
ــ لێرە تیرهاوێشتن ئازادە! (پێویست بە شرۆڤە ناکات).
ــ بهێڵە منی کورد ئازاد بم و مەڕەکانم بلەوەڕێنم! ــ تۆ ئازادی، بەڵام هەموو کاتێک کەسێک نییە لەو سەرەوە کە ئاگادارت بێت! (ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئاستی نەتەوەی کورد تا ڕادەیەک دابەزێنێت کە هەست بە داگیرکردنی خاکەکەی ناکات و عەقڵی بە مافی چارەی خۆنووسین و سەروەری و… ناشکێت تەنیا ئیزنی پێ بدەن کە مەڕەکانی بلەوەڕێنێت ئیتر هیچ کێشەیەکی نییە. بە واتایەکی تر نەک لە ئاستی نەتەوە بەڵکو لە ئاستی قەومیش دادەبەزێنرێت بۆ خێڵکی شوانکارەی نەفام).
ــ حەسێبی ئەوانە کە چەکیان هەڵگرتووە جیایە! (ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەوان، واتە داگیرکەران، نوێنەری یاسان و هاتوون کۆمەڵێک چەکداری یاغی کە بوونەتە بارگرانی و سەرئێشە بۆ خەڵک، لەناو بەرن! ئەوان داگیرکەر نین، بەڵکو پارێزەری ماف و کەرامەتی خەڵکن).
ــ بەبێ هاودڵی و هاودەردی خەڵکی ئاسایی پاراستنی مەقەڕەکانمان ئاسان نییە! (ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لەگەڵ چەک دڵی خەڵکیش بەدەست بێنن).
ــ قەت بیرم نەدەکردەوە کە خوێندەواری! تا ئێستا نەمدیوە شوانێک ڕۆمان بخوێنێتەوە! (ئاماژە بۆ نەفام و نەخوێندەوار فەڕزکردنی کورد).
ــ ئێوەی کورد مرۆڤگەلێکی سادەن کە دڵێکی خاوێنتان هەیە و بە عەشقەوە دەژین، بەڵام نۆقسانییەک کە هەتانە ئەوەیە کە زوو بڕوا دەکەن و بە چەند وشە ژێروژوور دەبن! هەر لەبەر ئەوەیە کە ژیانتان وەکو شنەبایە خێرا تێ دەپەڕێت و بەپەلە دەبێتە باهۆز! لەناو باهۆزیشدا ناکرێت بە ئاسانی بژیت!
ــ ناتهەوێت بێخەیاڵ بیت و نەختێک بژیت؟ نە من ئەم وڵاتەم خۆش دەوێت، ئێرە ماڵی منە. نامهەوێت بە ویزا بێم بۆ ئێرە! (ئاماژە بۆ ئەوەی کە کوردستان بە مڵکی خۆیان دەزانن و مانەوەیان لە کوردستان بۆ تاهەتایە).
لەم فیلمەدا دوو کاراکتەری فارسی لێیە کە یەکێکیان مرۆڤێکی توندوتیژ و سەختگیر و ئەوی دیکەیان مرۆڤێکی خوێندەوار و ئەندازیارە و زۆر مرۆڤێکی هێور و شارستانی و دڵپاک و داوێنپاک و دڵسۆزە کە لە سەختترین دۆخەکاندا بەردەوام خەریکی خوێندنەوەیە و بە پێچەوانەی کەسی یەکەم کە بڕوای بە توندوتیژی هەیە بڕوای وایە ئەبێت بچیتە ناو دڵی کوردەکانەوە. ئەم مرۆڤە شارستانییە لە کاتێکدا با و بۆران و بەفر لە چیا سەرکەشەکانی کوردستاندا هەمووان ڕاودەنێت بۆ ماڵەکانیان، ئەو بۆ پاراستنی کچە کوردێک کە پێشمەرگەی نهێنیە و لەگەڵ مەڕەکانیدا خەریکە ڕەق دەبنەوە، لەجیاتی پادگانەکەی دەڕوات بۆ شاخ و لە ئەشکەوتێکدا کچە کوردەکە کە بریندار بووە دەپارێزێت. دۆخی کچە کوردەکە کاتێک بەرەو باشی دەڕوات و بە بیسیمێک کە لەناو ئەو ئەشکەوتەدا بۆ کاری پێشمەرگایەتی حەشاری داوە لەگەڵ هاوسەنگەرەکانی پەیوەندی دەگرێت. ئەوانیش پێی دەڵێن کە ئەبێ ئەو کەسە بکوژێت ئێمە بە شوێن ئەو کەسەوەین (مرۆڤێکی شارەزای مینە). لەناو دڵەڕاوکێیەکی زۆردا کچەکە چەند جار هەوڵ دەدات بیکۆژێت، بەڵام هێوری و نەریتبەرزیی کوڕەکە پاشگەزی دەکاتەوە! بە پێچەوانەوە، کوڕە فارسەکە لە خواردنەکەی خۆی بەشی ئەو دەدات و جلەکانی ئەدا بەو لەبەری بکات بۆ ئەوەی سەرمای نەبێت. ئەم دووانە چەند ڕۆژ لەناو ئەو ئەشکەوتەدا بە تەنیا دەژین سەرەڕای ئەوەی کە کچە کوردەکە چەند جار بە ناز و عیشوە دەیهەوێت کوڕەکە بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، بەڵام کوڕەکە هێندە ڕەوشت بەرز و خاوێنە نزیکی کچەکە ناکەوێتەوە. چەندین جار فریادڕەسەکە لە کەشوهەوایەکی ترسناکدا کە سەگیش خۆی پێ ڕاناگیرێت، دەچێتە دەرەوە و دار ئەهێنێت بۆ سووتاندن. دواهەمین جار کە کوڕەکە دەچێتە دەرەوە کچەکە لەژێر گۆشاری پێشمەرگەکانی دیکەدا درگای ئەشکەوتەکە بە بەفر دادەپۆشێت و کوڕە فارسەکە ڕێگا ون دەکات و چەند مەتر لەولاترەوە سەرما دەیبات و ئەچێتە کۆماوە. کچەکە کە عاشقی کوڕە فارسەکە بووە دوای ماوەیەکی کورت پەشیمان دەبێتەوە و بە گریانەوە دەچێت کوڕە دەدۆزێتەوە و دەیهێنێت ڕزگاری دەکات. کاتێک کەشوهەوا باش دەبێت و هاوسەنگەرانی کچەکە بەم شتە دەزانن دێن کە هەردووکیان بکوژن! بەڵام کوڕەکە سەرەڕای ئەوەی کە کچەکە لاقێکی زامار بووە و ناتوانێت بچێت بەڕێدا، کچەکە لەژێر ئاگری گوللەبارانی هاوڕێکانیدا ڕزگار دەکات!



ب. 2) لەناو فیلمی ” چ” دا ئەم پەیڤانە جێی سرنجن

ــ ئەگەر تۆ خەلقت کردووە مافی کوشتنی ئەو ئاژەڵیشتە هەیە! بۆ بەرگری لە مافی هێسترێک کە خەریکە ئەتۆپێت و هاوڕێیەکی کوردی چەمران دەیهەوێت بیکۆژێت! (ئاماژەیە بە ئاستی مرۆڤایەتی و بەڕەحمبوونی چەمران).
ــ ئەمانە (چەمران و هاوڕێکانی) کێن؟ ئەمانە مەلائێکەن! (ئاماژە بە فریشتەییبوون و خۆدایی و ڕزگاربەخشبوونیانە).
ــ تا دەنگی بانگ هەبێت بێهیوا مەبە! ( ئاماژە بۆ کورد بە کافرزانین و جێیبەجێکردنی حوکمی جیهاد).
ــ ئەوان خەریکن بۆ خەڵکی ئاسایی فیشەک دەهاوێژن! و خەڵکی مەدەنی دەکوژن! ( ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەوان، واتە فارسەکان، پارێزەری خەڵکن لە دەستی کۆمەڵێک چەکداری چەتە).
ــ ئێمە بۆ یەکیەتی هاتووین، نەک بۆ تۆڵەسەندنەوە!
ــ سەربازی خۆمەینی پیاوی شەهادەتە، نەک تەسلیمبوون! (ئاماژە بۆ دلێربوونی خۆیان).
لە فیلمی ”چ”دا دوو شت کە سرنجڕاکیش بوون ئەوە بوون کە یەکەم چەمرانیان وەکو فریشتەیەک نمایش دەکرد کە بە دلێرییەکی بێوێنەوە هاتووەتە ناو ئاگر و گوللەوە و دەیهەوێت خەڵک بپارێزێت. دیمەنی دیکە کە زۆر ناحەز بوو ئەوە بوو پارتەکانی کورد (سۆرانین) بە کۆڵانەکاندا دەگەڕان و بە بڵندگۆ دژوێنیان بە هەورامی دەدا.



ب. 3) لەناو فیلمی “کانی مانگادا”دا ئەم پەیڤانە جێی سرنجن

ــ ئێمە ئەوان نەکوژین، ئەوان ئێمە دەکوژن! (ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کورد کۆمەڵە خەڵکێکی بە زگماکی خوێنڕێژن و ئەبێ بە زۆر و بە کوشتن ملکەچیان بکەیت، ئەگینا ئەوان خوێنڕشتن لە زاتیاندایە و دەتکوژن).
ــ ئێمە لێرە شوان بووین لەبەر ئەوەی کە سەری چوار دانە پاسدارمان بڕی، مۆهیم بووین! (ئاماژەیە بۆ بە شوانزانینی کوردەکان. بەڵام بە سەربڕینی کەسانێکی بەناوبانگ و ناسراو، ناو و ناوبانگیان دەرکردووە. هەروەها ئاماژەیە بۆ چەسپاندنی ڕوانگەی زاڵی سەربڕبوونی کورد).

ب. 4) فیلمی “تەختە سیاە”:
بۆ فیلمی تەختەڕەش پێویست ناکات پەیڤەکان بە نموونە بهێنمەوە، چونکە سەرتاپای هەمووی سوکایەتی بوو. تەنیا ئاماژەیەکی کورتی پێ بکەم کە فیلمەکە بە دیمەنی کۆمەڵێک تەختەڕەش بەکۆڵەوە دەست پێ دەکات کە هێمای سپای دانشن و هاتوون خەڵکێکی نەخوێندەواری ناشارستانی و بە زۆرینە پیروپاتاڵ، فێری زانست بکەن! بە ڕادەیەک ئەم خەڵکە شڕ و شیتاڵ نمایش دەکرێن کە من وەکو خەڵکێکی ئەو ناوچەیە 30 ساڵ پێش ئێستایش وەها دەموچاوگەلێکم نەدیتووە. ئەم خەڵکە بە رادەیەک نەخوێندەواری و ناشارستانین کە ئەو کەسەی کە وەکو مامۆستا هاتووە ژیانیان ڕزگار بکات، تەنیا دوو پۆل خوێندەواریی هەیە و دەیهەوێت دۆکتۆریش پەروەردە بکات بۆ ئەوەی ناوچەکە پێویستیان بە دوکتۆرە! ئەم خەڵکە ناشارستانییە هەموویان دژی خوێندەوارین و ئەڵین ئێمە کۆڵبەر و بارەبەری خەڵکین و پێویستیمان بە خوێندەواری نییە. لە سەرەتای فیلمەکەوە تا کۆتاییی فیلمەکە پیاوێک میزی گیراوە و ناتوانێ میز بکات و ئەم میزگیرانە بووەتە کێشەی هەموو ئەو ناوچەیە! لە چەند دیمەندا خەڵکەکە بە چوار دەستوپێ وەکو ئاژەڵ دەڕۆن! لەناو جەماعەتێکی چەندسەد کەسیی پیاودا کە هەمووی بەڕێ کەوتون بۆ میزگیرانەکەی کابرا! تەنیا یەک ئافرەتی تێدایە، ئەویش بە ڕادەیەک چڵکن و ناشارستانی نمایش کراوە کە مرۆڤ بە بینینی بیز لە ڕەگەزی ژن دەکات. تەنیا کێشەیەک کە زۆر بە زقی دەخرێتە بەرچاو کێشەی ئابوورییە و خەڵک بەردەوام هاواری نانیانە و تەنانەت کاتێک دیمەنی ژنمارەبڕین بەو شێوازە وەحشیانە کە لە فیلمەکەدا نمایش دەکرێت، تەنیا مەرج ئەوەیە سکی تێر بکات. لە دیمەنێکدا پیاوێکی پیر خەریکی شەنکردنە، کە چاوی بە مامۆستا نەخوێندەوارەکە دەکەوێت بەپەلە نامەیەک لە گیرفانی دەهێنێتە دەرەوە کە مامۆستاکە نازانێت بیخوێنێتەوە و دەڵێت ئەم نامە لە کوێوە هاتووە، نازانم بیخوێنمەوە؟ کابرا دەڵێت لە عێراقەوە! لە وەڵامدا مامۆستاکە دەڵێت ئاخر وتم بۆچی نازانم بیخوێنمەوە بە فارسی نەنووسراوە، یان کوردییە، یان عەرەبییە! ئەم دیمەنە بۆ ئەوەیە کە زمانی فارسی بکاتە زمانی خوێندەواریی ئەو خەڵکە و کوردی (سۆرانی) و عەرەبی لەپاڵ یەکدا بکاتە زمانی بێگانە. هەروەها دەیهەوێت ئەوە بگەیەنێت کە تا پێش ڕەواجی زمانی فارسی کەس لەوێ خوێندەوار نەبووە! ئەمە لە کاتێکدا چەندین سەدەیە بەهۆی بوونی حوجرەکانەوە خوێندەوار لە کوردستان هەبوون و بە سەدان شاعیر بە زمانی کوردی شیعریان هۆنیوەتەوە. هەروەها لە دیمەنێکی تردا کە خەڵکەکە بۆ میزگیرانی کابرا چوونەتە دەرەوە ڕێگایان ون کردووە و چوونەتە ناو خاکی عێراقەوە و داوا دەکەن لە مامۆستا نەخوێندەوارەکە ڕێگاکە بدۆزێتەوە (ئاماژەیە بۆ ئەوە کە بە ڕادەیەک خەڵک دواکەوتووە کە مامۆستایەک کە دوو پۆل خوێندەواریی هەیە چرای ڕووناکی و ڕێبەر و زانایانە)! کاتێک دەگەڕێنەوە ناو خاکی ئێران هەموویان سوجدە دەبەن! ئەم دیمەنە هەم بۆ ئەوەیە کە ئاستی خەڵک لە ئاژەڵێکیش دابەزێنیت، چونکە بزنێکیش ڕێگای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە دەزانێت، هەروەها بە مەبەستی ئەوەیش کە سنوور لەناو مێشکی خەڵکدا بکاتە حەقیقەت و ئەو دیوی سنوور هێمای بێگانە و هۆکاری دڵڕاوکێ و ترس و ئەم دیوی سنوور کە ئەبێتە نیشتمان (واتە ئێران) بە هێمای ئارامی و متمانە و ڕوانەوەی ترسەکان بباتە ناو بیرەوەریی خەڵکەوە.



ب. 5) چەند خاڵی گرینگی دیکە کە لەناو میدیای کۆلۆنیالیزمدا بەردەوام دەبینرێت ئەمانەن

یەکەم: لە زۆربەی فیلمەکاندا چیرۆکی ئەوینداری هەیە و حەتم کچێکی کورد شەیدای کوڕێکی فارس دەبێت و شووی پێ دەکات و خەونی ڕزگاری لە دنیا و کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو بەرەو دنیایەکی پێشکەوتوو و شارستانی دەست پێ دەکات! لە زۆرێک لەو چیرۆکانەدا کچەکە بەهۆی خۆشەویستییەوە خیانەت لە هاوسەنگەرانی دەکات.
دووەم: بەردەوام خۆیان بە پارێزەر و ڕزگارکەری نەتەوەی کورد نیشان دەدەن، لە کاتێکدا خۆیان سەرچاوە و هۆکاری هەموو کێشەکانی نەتەوەی کوردن.
سێیەم: بەردەوام لە دیمەنی زۆر مەترسیدار و نالەباردا قارەمانەکانیان بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ نمایش دەکرێن بۆ ئەوەی وا نیشان بدەن کە تەواوی دەستکەوتەکانیان هی ڕەنج و ماندووبوونی خۆیانە و تەنانەت بۆ جاشە کوردەکانیش ڕەوا نابینن کە قارەمانی چیرۆکەکەیان بێت. بۆ نموونە، لە گەرمەی شەڕی پاوەدا لەو شەوەدا کە لە ئاسمانەوە ئاگر دەبارێت، چەمران بەتاقی تەنیا دەچێتە ناو جەرگەی پێشمەرگەوە و داوای وتووێژ دەکات، بەڵام پێشمەرگە قەبووڵی ناکات و چەمران دەگەڕێتەوە بۆ خەسەخانەکە بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی! یان لە فیلمی ”اشک سرما”دا سەربازە فارسەکە لە باوبۆرانێکی کوشندەدا کە ئاژەڵەکانیش خۆیان بۆ ڕاناگیرێت، لەجێی ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ مەقەڕ و خۆی ڕزگار بکات، دێت کچە کوردەکە ڕزگار دەکات و دواتر کچەکەیش عاشقی دەبێت!
چوارەم: لە زۆربەی ئەو فیلمانەدا کاتێک قارەمانی فیلمەکە دەیهەوێت لە کوردستانەوە بڕواتەوە، خەڵک بە گریان و دڵگرانیەوە دێن داوای لێ دەکەن، تکایە مەڕۆ و بەجێمان مەهێڵە، ژیانمان پەیوەستە بە ئێوەوە. بۆ نموونە، کاتێک چەمران و ئەحمەد متەوەسێلیان ئەیانهەوێت بڕۆنەوە ئەوە ڕوو دەدات!
پێنجەم: لە تەواوی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەکاندا کوردەکان لە بەرەوە گوللەیان پێوە دەنرێت. قەت لە پشتەوە هیچ کوردێک گولەی بەر ناکەوێت! بەڵام فارسەکان بە زۆرینە لە پشتەوە گوللەیان پێوە دەنرێت! یان بە مین دەکوژرێن، کە کوردەکان چاندوویانن. بۆ نامرۆڤ و ترسنۆک نیشاندان و لە پشتەوە هێرشبردنی کورد ئەم دیمەنانە دەخولقێنن!

شەشەم: لە تەواوی فیلمەکاندا زۆربەی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەکانی کورد و ئێران (فارس)، کورد بە کڵاشینکۆف و چەکی سووکەوە لەگەڵ هێزێکی ئاسمانیدا شەڕ دەکات. هێزێک کە ئەوەندە بەهێزە کە لە ئاسمانەوە بە هەلیکۆپتەر دێت و لەگەڵ کۆمەڵێک چەکداری بێ دیسیپلین و ناشارەزا و لاوازدا شەڕ دەکات. ئەم دیمەنە لە کۆتا فیلمی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی لە دژی نەتەوەی کورددا (توکل) جارێکی تر نمایش کرابوو! کاتێک بەڕێز بارزانی و هاوڕێکانی بۆ پێشوازی لە قاسم سڵێمانی هاتنە دەرەوە، بۆ ئاسمانیان دەڕوانی و ئێرانییەکان لە ئاسمانەوە دابەزین! خۆلقاندنی ئەم دیمەنانە هەمووی بۆ باڵادەستنیشاندان، بەهێزی و ئاسمانیبوونی خۆیان و بچووک و بێدەسەڵات نیشاندانی کوردە. چونکە ئەگەر لە دیمەنی فیلمێکدا کەسێک ئاسمانی نمایش بکرێت، ئەوە هێمای بەهێزی و بانسرووشتیبوونی ئەو لایەنە نیشان دەدات. ئەگەر سەیری فیلمی 10000 ساڵ پێش زایینتان کردبێت ئەو دەسەڵاتدارانە کە خاوەنی ئەسپ و هێزی سەربازیی بەهێزن لە لایەن قەبیلە بچووکەکانەوە بە هێزی ئاسمانی ناو دەبرێن کە باڵیان هەیە و لە ئاسمانەوە دێن.



ج) خەباتی چەکداریی نەتەوەی کورد لە میدیای کۆلۆنیالیزمی ئێرانیدا

یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی نەتەوەی کورد ئەوەیە کە تا ئەم ساتەش لە خولقاندنی هێزدا ژیرانە هەنگاوی نەهاویشتووە و ویستوویەتی بەبێ شادەمارەکانی هێز خەبات بکات کە ئەمە ئاکامی نابێت. چەک و ئابووری و زانست، یا دانایی سێ جۆر هێزن کە لە هەموو قۆناغەکاندا، چ پێش درووستبوونی دەوڵەت و چ پاش درووستبوونی دەوڵەت، بەبێ ئەو سێ چەشنە هێزە، مانەوە و سیاسەتکردن خولیایەکی منداڵانەیە.
ئالوێن تافلێر پێی وایە، هێز سێ جۆرە: 1ــ هێزی ماسوولکەیی، یان سەربازی، 2ــ هێزی پارە، یان ئابووری و 3ــ هێزی دانایی.[2] هێزی دانایی لە نێوان ئەو سێ جۆرە هێزەدا گرینگییەکی تایبەتی هەیە و بە هەبوونی هێزی دانایی دەکرێت ئەو دوو جۆری دیکەی هێزیش بخولقێنیت. بابەتێک کە زۆر جێگای سرنجە بۆ ئیمەی کورد لە خەباتی دژەکۆلۆنیالیستیماندا ئەوەیە کە کۆلۆنیالیزم لەم سەد ساڵەی ڕابردوودا بە کۆنترۆڵکردنی ئەم سێ جۆرە هێزە، نەتەوەی کوردی کۆنترۆڵ کردووە. تەنانەت پڕۆژەیەکی وەکو بەکۆڵبەرکردن و هەژارکردنی نەتەوەی کورد و گوشارخستنە سەر باشوور بۆ ڕادەستکردنی سەرچاوە ئابوورییەکان و تێکەڵاوکردنی پێشمەرگە و…. هەمووی بۆ ئەوەن کە کورد خەڵکێکی دەستکورت و پرشوبڵاو و زەلیل بێت تا نەتوانێت بیر لە خۆلقاندنی هێز بکاتەوە و ئەو بەشە لە نۆخبەی کوردیش کە هەنگاویان بۆ دانایی هاویشتوە، لەژێر دۆخی ئەستەمی ژیاندا بڕووخێن و لە کۆمەڵگادا ببنە نوێنەکێکی شکست خواردوو و ڕێگای زانست و دانایی کە ئاکامەکەی دەبێتە خۆلقاندنی هێزی دانایی و دوابەدوای داناییش هێزی ماسوولکەیی، یان سەربازی و ئابووری، ڕەش و بەبێ داهاتوو ببێت. تەنانەت لەم ساڵانەی دواییدا کە پڕۆژەی کۆلۆنیالیزم بۆ ” هەژار و دواکەوتوو هێشتنەوەی کوردستان ” بەچڕی بەڕێوە دەبرێت، دروشمی زانست باشترە، یان سامان؟ گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و خەڵک تەرکیزی کردووەتە سەر گەشەی ئابووری (لە ئاستی بخۆ و بژیدا) نەک گەشەی زانستی و دانایی.
شەڕی میدیاییی ئێرانییەکان لەدژی نەتەوەی کورد لە هەموو دەزگا میدیاییەکاندا بەبێ وچان بە شێوازی جۆراوجۆر بەڕێوە چووە و بەردەوام هەوڵ دراوە نەتەوەی کورد گەمژە نیشان بدرێت کە سەری لە بابەتە گشتییەکان دەرناچێت و پێویستی بە قەیومێک هەیە کە کاروبارەکانی بۆ ئیدارە بکات و هەرکات کاراکتەرێکی کوردی لە شاشەی تەلەڤزیۆنی ئێرانی و فیلمێکی ئێرانییەوە دەرکەوتبێت وەکو مرۆڤێکی دواکەوتووی بێهزری ناشارستانی دەرکەوتووە کە لە کونەبەردەکاندا بە جلێکی چڵکن و سەر و ڕیشێکی دێز و ناشیرین دێتە دەرەوە و بڕنەوێکی لە شانە کە بڕنەوەکە نەک وەکو چەک بۆ ڕزگاری و پاراستنی کەرامەتی خۆی، بەڵکوو وەکوو چەکێک بۆ جەردەگەری و دزی و تاڵان و… لە شانی کردووە، نمایش دەکرێت. نیشاندانی ئەم وێنەیە لە کورد (کوردێکی بەردەوام بڕنەولەشانی دواکەوتووی بێهزری جەردە) هەم دەتوانێت کەسایەتیی کورد بهاڕێت بەمل یەکدا و ڕۆحی کوردی پێ بڕووخێنێت و لە مرۆڤبوونی بخات، هەم دەتوانیت شکۆی چەک و خەباتی چەکداری کە بەهێزترین سەنگەری پاراستنی شۆناسی نەتەوەییی کورد بووە، لە بەرچاو بخات. دەوڵەتە ناوەندییەکان خۆیان بە هێزی چەک تا ئێستا توانیویانە کوردستان وەکو کۆلۆنیەک بهێڵنەوە بە پێچەوانەی ئەوان کە بۆ داگیرکاری و زۆڵم و زۆر و کۆلۆنیکردنی چەند نەتەوە چەکیان هەڵگرتووە، کورد بۆ ئازادی و سەربەستی و سەربەخۆیی و گەڕاندنەوەی کەرامەتی ئینسانی چەکی هەڵگرتووە، بەڵام بە شەڕی میدیایی و هزری، چەکهەڵگرتنی کورد وەکو ئاژاوەگێڕ و ئەشرار و جەردەگەری و …. پێشان دەدەن و چەکی خۆیشان وەکو چەکی یاسا و چەکی پیرۆز.
هەروەکو پێشتر ئاماژەم پێ دا، بۆ توانای ڕووبەڕووبوونەوە، نەتەوەی کورد پێویستی بە هەرسێ جۆرەکەی هێز هەیە، بەڵام شەڕێک کە کۆلۆنیالیزم لەگەڵ نەتەوەی کورد دەیکات ئەوەیە کە نەتوانێت ئەو شادەمارانە بخاتە دەستی خۆی. ئەو شەڕەی کە لە ئارادایە کۆڕەهەندە و لە لایەکەوە بە میدیا هێزی چەکدار، ڕەش و ناشیرین دەکات، لە لایەکی ترەوە لە ڕێگای کەسانێکی کورتبیری نەفسنزمەوە بە ناوی خەباتی ئاشتیخوازانە و مەدەنییەوە، شەڕی یەکێک لە سەرچاوەکانی هێز کە ئەویش هێزی سەربازییە، لەگەڵ نەتەوەی کورد دەکات. سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانە بەهۆی گۆڕانکارییەکانەوە تاکی کورد خەریکە لە بوارە جیاجیاکاندا لە هێزی داناییدا گەشە دەستێنێت و ئەگەر تاکی کورد هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ پێشکەوتن لە هێزی داناییدا و بتوانێت ڕێکخستنێک لەنێوان داناییی کوردیدا چێ بکات، دوور نییە بتوانێت ئەو دوو جۆرە هێزەی دیکەیش بخولقێنێت و هاوسەنگیی هێز لەگەڵ نەیارەکانیدا دروست بکات.



د) ئاژاوەگێڕیی بەردەوامی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی لە دژی نەتەوەی کورد

بە دروستکردنی هەزاران سایت و پەیجی فەیسبووکی و ئینستاگرام و ئیدارەکردنی هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها بڵاوەپێکردنی دەنگۆ و پڕۆپاگەندەی پلان بۆداڕێژراو، ئێرانییەکان لە شەڕێکی بەردەوامدان لە دژی نەتەوەی کورد.
“پێشتر لە سەردەمی شەڕی یەکەم و دووەمی جیهانیدا لە ئەمریکا و ئاڵمان و… دەیان کلینیک هەبوون کە بە کلینیکی دەنگۆ دەناسران و ئەرکی سەرشانیان خولقاندن و بڵاوکردنەوەی دەنگۆ بوو، هەم لە دژی نەیارەکانیان بۆ ڕووخاندنی ورەی سەربازان و شێواندنی ئارامیی کۆمەڵگا و هەم بۆ کۆنترۆڵکردنی خەڵک لە ناوخۆی وڵات.”[3] ئەم جۆرە کلینیکانەیش لە ئێراندا هەبوون و هەن و لەژێر ناوی ڕێکخراوی پڕۆپاگەندە و ڕیکلامی ئیسلامیی سەر بە سپا، حەوزەی عیلمیە، وەزارەتی ئیتلاعات، ئاستانی قودس ڕەزەوی، دەزگای دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی و….کاریان کردووە و پڕۆپاگەندە و تەبلێغات و بڵاوکردنەوەی هزری ئێرانی ــ شیعی لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە نانەوەی ئاژاوە و کێشە و دووبەرەکی و دوژمنایەتی و بڵاوکردنەوەی دەنگۆ لە نێوان نەتەوە نافارسەکاندا کاریان بووە. دوای پەرەسەندنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئێستا سپای سایبێری ئەم ئەرکە بە شێوازی جۆراوجۆر بەڕێوە دەبات.
سەبارەت بەوەی کە بۆچی هەندێ کەس ڕق و نەفرەتی ئیتنیکی و نەتەوەیی و نەژادییان هەیە و لە دژی کۆمەڵەیەکی تر کە هاوشێوەی ئەوان نین، دەنگۆ و درۆ و دەلەسە بڵاو دەکەنەوە “هەندێ ڕایان وایە کە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەستێکی ئازاربەخشی بەردەوامیان لە دەرووندایە بۆ لەدەستدانی خەون و خولیاکانیان، یان نەگەیەشتن بە حەز و ئاواتەکانیان. هەربۆیە بەردەوام لە دژی ئەوانەی کە لە خۆیان نین دەنگۆ و درۆ و دەلەسە بڵاو دەکەنەوە، چونکە ئەوان بە هۆکاری ئەو کێشانە دەزانن.”[3] ئەم بابەتە بۆ ئێمەی کورد دەتوانێت خۆی فاکت بێت بۆ چوونمان بەگژ کۆلۆنیالیزمی ئێرانیدا، چونکە هۆکاری ئەم هەموو دەنگۆ و کورد ڕەشکردن و دژایەتییەی کورد خۆی بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە کە ئێمە لە دوو نەتەوەی جیاوازین.
ئایا ئەو هەموو لاپەڕە و ماڵپەڕانە کە بۆ کورد تەرخان کراون، بۆ خەڵکی یەزد و ئەسفەهان و شیرازیش تەرخان کراون؟ هەم لە باشوور و هەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەزاران پەیج و ماڵپەڕ و … هەموو هەوڵەکانیان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی شیرازەی کۆمەڵگای کوردستان بشێوێنن بەمل یەکدا و خەڵک سەرقاڵی ئاژاوەی بچووک بچووکی بێدەسکەوت بکەن و پرسی سیاسی و ڕزگاریی نیشتمانی و شۆناسی نەتەوەیی لە بەرچاوی خەڵک ون بکەن.
دروستبوونی شۆناسی نەتەوەیی و وێژمانی بەهێزی کوردستانی، هێڵی سووری ئێرانییەکانە کە لە هەرشوێنێک درووست ببێت بە شێوازی جۆراوجۆر شەڕی میدیایی لە دژی بەڕێوە دەبەن. هەندێک لەم شەڕە میدیایانە ڕاستەوخۆن و بە ئاشکرا دژایەتی دەکەن. وەکو ئەو دژایاتییە سەرتاسەرییەی ئێرانییەکان کە لە سەردەمی ڕێفراندۆمی باشووری کوردستاندا بینیمان، هەندێک شەڕی دیکەی میدیایی هەن کە ناڕاستەوخۆن و بە شێوازی ناڕاستەوخۆ کۆمەڵگای کوردستان بەرەو هەڵدێر دەبەن. چونکە کۆلۆنیالیزمی ئێرانی بە باشی ئەوە دەزانێت کە ئەگەر واز لە نەتەوەی کورد بهێنێت و بە پیلانی جۆراوجۆر بەردەوام سەرقاڵی شتی بچووکی نەکات، کورد بە بەرزکردنەوەی ئاستی داناییی خۆی وێژمانێکی بەهێزی دژە کۆلۆنیالیستی دەخۆلقێنێت و وێژمانە شکستخواردووەکەی ئەوان دەنێتە گۆڕەوە.



ڕ) لێکترازانی کۆمەڵایەتی

تەرکیزکردن لەسەر خۆلقاندنی ئاژاوە و قەیران و فیرقەگەرایی بۆ دانانی بەربەست لە بەردەم دروستبوونی شۆناسی نەتەوەیی، یەکێک لە سیاسەتە میدیاییەکانی ئێرانییەکانە لە بەرانبەر نەتەوەی کورددا. ئەگەر سرنج بدەین مەبەستی بەشی هەرەزۆری شەڕی میدیاییی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی دژ بە نەتەوەی کورد، کۆمەڵێک گرووپی تایبەتی و بەشێکی کۆمەڵگایە، نەک تاکەکان. لەبەر ئەوە کە “گرووپ و زێهنی گشتی هەستەکی و بێهزرە.”[5]
گراهام واڵاس و واڵتر لیپمەن پێیان وابوو کە گرووپ تایبەتمەندیی زێهنیی جیاوازی لەگەڵ تاکدا هەیە و بە هەست و سۆز دەخرۆشێت و ئەگەر شێواز و میکانیزمی خرۆشاندنی لە بەردەستدا بێت، دەکرێت بەکار بهێنرێت.[7]
ترۆتر دەڵیت: “زێهنی گشتی بە واتای حەقیقی، بیری نییە. لەجێی ڕامان و بیرکردنەوە، زێهنی گشتی بە هەست و سۆز دەخرۆشێت.[7]
بۆ نموونە ئەم گرووپانە لە پلانی شەڕی میدیایی کۆلۆنیالیزمی ئێرانیدا دەکرێنە ئامانج. بە سەدان لاپەڕە و ماڵپەڕ و … تەرکیزی کردووەتە سەر جیاوازیی شێوەزارەکان و وەکو زمانی جیاواز ناویان دەبات و شێوەزاری سۆرانی دەکاتە ئەوی دیکەی شێوەزارەکانی هەورامی و لەکی و لۆڕی و …هتد. بە جۆرێک کە هەندێ کەس هۆکاری لاوازبوونی ئەم شێوەزارانە بۆ سۆرانی دەگەڕێننەوە و حازرن بە فارسی قسە بکەن، بەڵام بە سۆرانی نە! ئەم شێوەزارانە (تەنانەت ئەگەر زمانی جیاوازیش بن) بە تەنیا ناتوانن لە بەرانبەر هێژمۆنیی ئێرانیدا بەرگری بکەن و دوای ئەوەی ئێرانییەکان توانییان لەتوکوتیان بکەن و دوژمنایەتی بخەنە ناویانەوە، دانە بە دانەیان لەبن دەرێنێت.
نموونەی دیکەی شەڕی میدیایی کە کۆلۆنیالیزمی ئێرانی لە دژی نەتەوەی کورد بە دەیان پەیج و ماڵپەڕ خەریکە جێبەجێیان دەکات و دەتوانین ئاماژەی پێ بدەین، کەڵکوەرگرتنە لە ئایینی ئیسلام بۆ ڕووخاندنی خەباتی نەتەوەییی کورد، ئەویش بە چەند شێواز ئەو سیاسەتە بەڕێوە دەبات. لە لایەکەوە هەوڵ دەدات خەباتی ڕزگاریی کورد وەکو خەباتێکی دژەئایینی و دژەئیسلامی نیشان بدات بۆ ئەوەی زۆرینەیەکی مۆسڵمانی کورد تێکڵاوی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان نەبن و هەرجۆرە توندوتیژییەکیش کە لە دژی نەتەوەی کورد دەیکات مەشروعیەتی پێ بدات. لە لایەکی تریشەوە هەوڵ دەدات کە گرووپە ئیسلامییەکان لەناو کوردستاندا بەهێز بکات و فەزای مەجازی بۆ ئاوەڵا کردوون، لەبەر دوو هۆکار؛ یەکەم ئەوەی کە نەتەوەی کورد بۆ دنیای ئازاد وەکو نەتەوەیەکی کراوە کە زەرفیەتی پشتپێبەستنی هەیە، ڕەش و قێزەون بکات. دووەم ئەوەی کە تا ئێستا گرووپە ئیسلامییەکان بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە پلەی چەندەمی ستراتیژییاندا بووە و وەکو وڵاتانی دیکە نەیانتوانیوە شرۆڤەیەکی کوردی لە ئیسلام بکەن کە نەبنە پاشکۆی هێزە داگیرکەرەکانی کوردستان. هەوڵێکی تری ئێرانییەکان کە لەم ساڵانەی دواییدا لە دەوروبەری کرماشان ڕووی دا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرایەوە ئەوە بوو کە کۆمەڵێک مەلای تۆندئاژۆی سوننی هێرشیان کردە سەر یارسانەکان و گەرەکیان بوو بەپێی پلانێکی داڕێژراو ئەو گەشەکردنەی ناسیۆنالیزمی کوردی کە لە ناوچەکانی ئیلام و کرماشان لە ئارادایە، تووشی شکست بکەن.
لە کاتێکدا خەباتی کورد خەباتێکی شۆناسخوازانە و ناسیۆنالیزمێکی سەردەمیانەی دێمۆکراتیکە کە باس لە ڕزگاریی خاک و نیشتمان و پاراستنی شۆناسی کوردی دەکات، نەک شەڕ و دژایەتی ئایینەکان، یان ئاڵاهەڵگریی ئایینێکی تایبەت.



ز) لاوازکردنی سامانی کۆمەڵایەتی و بەئێرانیکردنی چەمکە فەرهەنگی و شارستانییەکانی کورد

پاتنام دەڵێت: “سامانی کۆمەڵایەتی بە کۆمەڵێک بایەخ و نۆرمی هاوبەش لەنێوان ئەندامانی یەک کۆمەڵگا، یان گرووپ، یان بە سامانی هاوبەشی نێوان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەوترێت”، پانتام دەڵێت: “سامانی کۆمەڵایەتی بە بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندیی نێوان خەڵک، دەبێتە هۆکاری کارامەیی و سەقامگیریی دەوڵەت و بەهێزبوونی سیستمی سیاسی. هەروەها سامانی کۆمەڵایەتی دەبێتە هۆکاری بەرزکردنەوەی ڕۆحی هاوکاری و هاوپەیوەندیی نێوان ئەندامانی کۆمەڵگا و لە ئاکامدا هەڵکشانی متمانەی کۆمەڵایەتی و توانایی هزری زێهنیی تاکەکانی کۆمەڵگا. دوائەنجامی ئەم دۆخە دەبێتە هۆکاری سەرکەوتنی هێزە هاوئاهەنگە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر لێکدابڕانی کۆمەڵایەتیدا.”[8]
سامانی کۆمەڵایەتی سێ تایبەتمەندیی هەیە: 1ــ بەشداری، 2ــ متمانەی کۆمەڵایەتی، 3ــ ئاگایی و زانست.[8]
پڕۆژەیەکی ڕژدی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی هەیە کە بەردەوام پڕۆپاگەندەی بۆ دەکات بۆ ئەوەی (بەداخەوە بە هاوکاریی یەک دوو لایەنی دژەناسیۆنالیزمی کورد) شۆناسی کوردی و ناسیۆنالیزمی کوردستان و هێما کوردییەکان و ئاڵا و پێشمەرگە و پیرۆزییەکانی پەیوەست بکا بە لایەنێکەوەوە و بە ناوی دژایەتیی ئەولایەنەوە شەڕی پیرۆزییەکانی کوردستان و شۆناس و ناسیۆنالیزمی کورد بکات. چونکە “هێماکان یەکیەتیی نەتەوەیی دروست دەکەن.”[5] کارەساتێک کە لەم قۆناغەدا بەهۆی هەڵەی پارتەکانی باشوور و کاڵفامییان سەبارەت بە کۆلۆنیالیزمی ئێرانی خەریکە دێت بەسەر باشووردا ئەوەیە کە بەردەوام لە فەزای مەجازیدا هەزاران پەیج و ماڵپەڕ و … خەریکی ئەوەن کە لەگەڵ هەرجۆرە کێشە و قەیرانێکدا لەجیاتی دەسەڵاتی بەڕێوەبەری باشوور بکەنە ئامانج، حکومەتی کوردستان و نالایقبوونی کورد بۆ حۆکمڕانی دەکەنە ئامانج و سووکایەتی بە ئاڵای کوردستان و پێشمەرگە و هەموو بەها نەتەوەییەکانی کورد دەکرێت، بەڵام لە ئێران و تورکیا دوژمنترین و سەرسەخترین ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتانە قەت سووکایەتی بە نەتەوەی تورک و ئێرانی (فارس) و نیشتمانەکەیان ناکەن و پیرۆزییە نەتەوەییەکانیان ناڕووخێنن. ئەم دۆخە جیا لە هەڵەی حیزبەکان بەشی هەرەزۆری دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی نەرم و میدیاییی تورکیا و بە تایبەت ئێران.
شەڕی میدیایی ئەم دواییانەی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی لەگەڵ نەتەوەی کورد بە بڵاوکردنەوەی چەند کورتەفیلم و چەند دیکۆمێنت، سەرەکیترین ئامانجی ڕووخاندنی سامانی کۆمەڵایەتیی نەتەوەی کورد بوو. لەم قۆناغە مێژووییەدا کە کۆلۆنیالیزمی ئێرانی بەرەو لاوازبوون دەڕوات دەیهەوێت پێش ئەوەی بگاتە ئاستێکی مەترسیدار، کێشەی نەتەوەی کورد یەکلا بکاتەوە هەربۆیە بە هێرشێکی بەرفراوانی میدیایی دەیهەوێت سەرەکیترین دوژمن و بەهێزترین وێژمانی دژ بە خۆی لاواز بکات و بیڕووخێنێت.
پرسیارگەلێک کە لێرە دێنە ئاراوە ئەمانەن کە نەتەوەی کورد یەک نەتەوەیە چ جیاوازیەک لە نێوان کوردی دڵخوازی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی و کوردێک کە دەکەوێتە بەر غەزەبیەوە هەیە؟ چ فاکتۆر و تایبەتمەندییەک دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە کۆلۆنیالیزمی ئێرانی کورد بکاتە دوو بەشی ڕەش و سپیەوە؟ بۆچی لەگەڵ ئەوەی کە کورد بە بنەڕەتیترین قەومی! ئێرانی دەزانێت، بێڕەحمانە هێرش دەکاتە سەری؟ کوردی ئێرانیی ئەسیل چ جیاوازییەکی لەگەڵ کوردی ئاژاوەگێڕی تەجزیەتەڵەبدا هەیە؟ هەروەها کە پێشتر ئاماژەم پێی دا نەتەوەی کورد لە خاڵی ناوەڕاستی هێرشی میدیایی و غەیرەمیدیایی کۆلۆنیالیزمی ئێرانیدایە و بە سەدان شێوە خەریکی کوشتن و لەناوبردنی نەتەوەی کوردە! پرسیارەکە ئەمەیە بۆچی کۆمەڵێکی زۆر کورد هەن کە لە شاشەی تەلەڤزیۆنی ئێرانییەوە دەر دەکەون؟ ئەو کوردانە چ جیاوازییەکیان لەگەڵ ئەوانی تردا هەیە کە چ لە ئێران بن چ لە ئوروپا و ئەمریکا، چ نووسەر بن چ ئەکتەر و چ یاریزانی تۆپی پێ، درگایان بۆ ئاوەڵایە و ئەگەر ئاخوندیش لە ئامێزیان نەگرێت، ئەوا سەڵتەنەتتەڵەب و فاشیزمی ئێرانی داڵدەیان دەدات و دەیانهێنێتە سەر شاشە؟ کۆلۆنیالیزمی ئێرانی دەیهەوێت چی بەسەر کورددا بهێنێت کە لە لایەکەوە دەیڕووخێنێت و دەیشکێنێت، لە لایەکی ترەوە سێلبریتییە ناسراوەکانی هان دەدات تاونەتاوێک جلی کوردی لەبەر بکەن و بێن نمایشی بدەن؟ بۆچی لە سەنگەرێکی کۆلۆنیالیزمی ئێرانییەوە بە جلی کوردی دەوترێت جلی شوانی و لە سەنگەرێکی ترییەوە پانئیرانیستەکان دێن جلە شوانیەکان بە شانازییەوە لەبەر دەکەن؟ ئەم دووفاقییە بۆ چییە، چییان دەویت؟

کێشەی نێوان نەتەوەی کورد و کۆلۆنیالیزمی ئێرانی (فارس) کێشەیەکی جەوهەرییە لە پێناسەکردنی کورددا. کۆلۆنیالیزمی ئێرانی کورد وەکو پاژێک لە گشتێکی ئێرانی پێناسە دەکات، یان ڕۆڵ و شوێنی جەوهەر بە واتا دیکارتییەکەی بۆ ئێرانییەت وێنا دەکات و نەتەوە نافارسەکان بە پاژەکانی ئەو جەوهەرە، یان ئەو گشتە دەزانێت.
بە پێچەوانەی واتای فەلسەفیی گشتی، لە گشتی ئێرانیدا پاژ پەیوەندییەکی پێویست و ناچارەکیی لەگەڵ گشتدا نییە، یان بە واتایەکی تر گشت، جەوهەرێکە کە بوونی پەیوەست بە پاژەوە نییە، بەڵکو زۆرکارەتییەک لە بوونی پاژدا هەیە کە بوونی پەیوەستە بە گشتەوە. یانی لە پەنای گشتی ئێرانیدا پاژی کوردی واتای هەیە و سەرچاوەی بوونی کورد، ئێرانە. ئەم تێگەیشتنە لە پەیوەندیی گشت و پاژ، ئاستی کورد لە کاڵایەکیش دەهێنێتە خوارەوە. چونکە هەر کاڵایەکی هەیە، چ خاوەنێکی هەبێت، چ نەیبێت، ئەو کاڵا دەتوانێت ئاڵوگۆڕی پێ بکرێت و ببێت بە هی کەسێکی تر، یان بێخاوەنیش بێت. بۆ نموونە، پێڵاوەکانی وریا، سەیارەکەی کەژاڵ و… پێلاوەکانی وریا دەتوانن هی وریایش نەبن، دەتوانن تەنانەت بێخاوەنیش بن، بەڵام هەن، چ هی وریا بن، چ هی کەژاڵ بن، چ بێخاوەن بن، دەتوانن ببن. بەڵام لە ڕوانگەی ئێرانییەوە کوردی ئێرانی دەتوانێ ببێت، کوردی تورکی دەتوانێت ببێت، بەڵام کوردی بێخاوەن! یان کوردی کوردستانی نییە. یانی ئاستی فەزیلەتی کورد لە پێناسەی کۆلۆنیالیزمی ئێرانیدا خوارتر لە پێڵاوەکانی وریایە، چونکە پێڵاوەکانی وریا دەتوانن ئاڵوگۆڕیان پێ بکرێت و ببن بە هی هەزاران کەسی دیکە و تەنانەت دەتوانن بەبێ ئەوەی هی کەسێکیش بن، هەر ببن. بەڵام کورد چونکە لە ئەساسدا لە زێهنیەتی ئێرانیدا نییە، ناتوانێت بەبێ پاشگری ئێرانی و تورکی و… یان بە بێخاوەن ببێت!!
ئەم شێوە پێناسەکردنەی کورد تەواوی ناوەڕۆک و جەوهەری کوردی لە کورد وەردەگرێتەوە و لە پڕۆسەیەکی درێژخایەندا هەموو شتەکانی لێ زەوت دەکات و تاپۆیان دەکات بۆ خۆی و هێندە کوردبوون کاڵ دەکاتەوە کە خۆی نکۆڵی لە بوونی خۆی بکات. هێندە بێناوەڕۆکی دەکات کە ئیرادەی بشکێت و نەتوانێت پێناسەیەکی بوونناسانە لە کورد بکات و کورد وەکو کاراکتەرێکی کوردستانی لە بەرانبەر کاراکتەری ئێرانیدا پێناسەی خۆی بکات.

کۆلۆنیالیزمی ئێرانی، کۆلۆنیالیزمێکی کۆڕەهەندە کە کۆمەڵێک پڕۆژە و پلانی فرەچەشنی لەخۆ گرتووە کە لەلایەن دەیان جۆر روخسارەوە بەڕێوە دەچێت و هەموو ئەو دەم ڕوخسارانە و هەموو ئەو پڕۆژانە لە پازێڵی گشتیی کۆلۆنیالیزمدا بایەخی تایبەتی خۆیان هەیە. بەشێکی کۆمەڵگای کورد بە ئایین کۆیلە دەبێت، بەشێکی بە هێزی سەربازی، چ وەکو ترساندن و چ وەکو بوون بە ئەندامی هێزە ئەمنییەکان، بەشێکی بە پارە و پێدانی کار و پێگە کۆیلە دەکرێت، بەشێکی بە شوێنکەوتنی هزری ئاکادیمیسیەنی کۆلۆنیالیزم کۆیلە دەکرێت، بەشێکی بە تێکڵاوکردنی هەستی مۆسیقایی و شەیدابوونی مۆسیقای ئێرانی کۆیلە دەکرێت، جیاوازیش نییە گۆرانیبێژی فارسی لۆسانجلۆسنشین بێت، یان هی ناوخۆ، هەندێ بەشی دیکە هەن کە بە فوتباڵ، یان بە ئەکتەرەکانی سینەما و سێڵێبریتییەکانی فەزای مەجازی کۆیلە دەکرێن و دەکرێنە ناو قەفەسی ئێرانییەتەوە و….. هەموو ئەو ئاستانە لەلایەن کۆلۆنیالیزمی ئێرانییەوە ئاگایانە و بە باشی ڕێک دەخرێن بۆ ئەوەی بتوانن لە کۆتاییدا ڕۆحی سەرکێشی کوردی و خواستی ئازادیی کورد و هزری سەربەخۆییی کورد بکوژن و لە مرۆڤبوونی بخەن و بیکەنە کۆیلەی خۆیان.
هەروەکو کە پێشتر ئاماژەم پێ کرد کۆلۆنیالیزمی ئێرانی بە هەموو شێوازێک لە هەموو ئاستەکاندا کورد دەڕووخێنێت، سووکایەتی بە زمان و فەرهەنگی دەکات، زمانی دەکاتە زمانێکی ناوچەیی، جلەکانی دەکاتە جلی شوانی، تەواوی مێژووی هەڵدەوەشێنێتەوە و بە دڵخوازی خۆی دەینووسێتەوە، ناوچە کوردستانییەکان بە پلانێکی کلۆنیاڵیستی پەڕاوێز و هەژار دەکات و سامانەکەی دەباتە ناوەند و بیابانەکانی لووتی پێی ئاوەدان دەکاتەوە، کورد وەکو خەڵکێکی نەفامی ساویلکە نیشان دەدات، ناوی مرۆڤکوژ و کۆڵبەر و ئەسیل و غەیور و… بە پلان دەسەپێنێت بەسەریدا، پێشمەرگە دەکاتە چەتە و پیاوکوژ و… و بە پێچەوانەوە خۆی دەکاتە ناوەندی شارستانیەتی دنیا و زمان و فەرهەنگ و پێگە و شوناس و هزری خۆی، جلی خۆدایی و ئاسمانی لە بەر دەکات و سپا و بەسیج دەکاتە هێزی ڕزگاریبەخشی مرۆڤایەتی و….! بەڵام هێشتا کوردی زۆر هەن کە شەیدای خۆتێکەڵاوکردن و خۆدەرخستنن لە شانۆی کۆلۆنیالیزمدان! هۆکار چییە؟ ئایا غەیری ئەوەیە کە ئەو کوردانە لە دۆخێکدان بە ناوی دیالکتیکی سوردل؟ دیالکتیکی سوردل بەوە دەڵێن کاتێک دایک لە منداڵەکەی تووڕە دەبێت، دەیکوژێت، دژوێنی پێ دەدات، نەفیی دەکات، ئازاری دەدات، بەڵام منداڵەکە بۆ ئەوەی لە هێرشی دایکی خۆی بپارێزێت پەنا دەباتەوە بۆ دایکی، ئەویش دەست لە ئازاردانی هەڵدەگرێت. ئەم کوردانەش کە پەنا دەبەن بۆ شانۆی کۆلۆنیاڵیزمی ئێرانی بۆ دەرکەوتن، (چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە) لە واقعدا تووشی دیالکتیکی سوردلی منداڵ بوون و بۆ پارێزگاری لە هێرشی کۆلۆنیالیزم چوونەتەوە ئامێزی کۆلۆنیالیستەکان!



و) مۆدێڕنیزاسیۆنی کۆلۆنیالیزم

دانیەل لێرنێر Lerner دەڵێت، راگەیەنەرەکان ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە گۆڕانکاری لە بەها تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکاندا و دەتوانێت ماتۆڕی گۆڕانکارییەکان و بەها کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای سۆننەتی بێت. لێرنێر دەڵێت، ڕاگەیاندنەکان دەتوانن بە بەرهەمهێنانی نزامێکی ئەرزشی ببنە هۆکاری ڕووخانی کۆمەڵگای سوننەتی و تێپەڕاندنی کۆمەڵگای سوننەتی بۆ کۆمەڵگای مۆدێڕن کە هۆکاری پەککەوتنی نوێبوونەوەی کۆمەڵگاکانە. ئەم کارە کاتێک ڕوو دەدات کە چاوەڕوانییەکان و ئاسۆی ڕوانین بەربڵاوتر دەبن و خەڵک لە بواری هزری و خولیاییەوە خوازیاری جێنشینبوونی دۆخی ژیانی باشترن بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان.”[7]
لێرنێر دەڵێت، ڕاگەیەنەرەکان ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە گۆڕانکارییەکان و مۆدێڕنیزەکردنی کۆمەڵگادا. ئایا میدیای کۆلۆنیالیزم ئەو ڕۆڵە پۆزەتیڤە کە لێرنێر بۆ مۆدێڕنیزەکردنی کۆمەڵگا باسی لێوە دەکات، دەیگێڕێت؟
مۆدێڕنیتە و مۆدێڕنیزاسیۆن لە ڕوانگەی کۆلۆنیالیزمی ئێرانیدا نەک بە مانای گۆڕانکاریی پۆزتیڤ و ئەرێنییە لە کۆمەڵگایەکی سوننەتییەوە بۆ کۆمەڵگایەکی مۆدێرن، بەڵکو بە واتای گۆڕانکاری و سڕینەوە و ئاسیمیلەکردن و یەکسانسازیی نەتەوە غەیری فارسەکان بۆ قبووڵکردنی فەرهەنگی فارسییە. لە هزری کۆلۆنیالیستیدا فارس بەپێی پلان و نەخشەیەکی داڕێژراو و بە هێزی ئابووری و میدیایی، جێگە و پێگەی سەرتر و بانتری بۆ دابین دەکرێت و نمایش دەکرێت بۆ ئەوەی کە ببێتە هێمای مۆدێڕنیتە و بەختەوەری و نەتەوە بندەستەکانیش بە پێچەوانەوە بە هێمای دواکەوتوویی نیشان دەدات، بۆ ئەوەی هانیان بدات بۆ ڕزگاری لە دۆخی سوننەتی و گەییشتن بە بەختەوەری و ژیانی باشتر، پەنا ببەنە بەر فەرهەنگی زاڵ و تەسلیمی نەتەوەی باڵادەست ببن.



ز) هاتنی پاپای ڤاتیکان بۆ باشووری کوردستان و میدیای کۆلۆنیالیزمی ئێرانی (BBC/FARSI و /FARSI VOA و… هاوئاهەنگی لەگەڵ میدیای ناوخۆی ئێراندا)

لە یەکەم چرکەساتی گەیشتنی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق میدیای کۆلۆنیالیزم زۆر بە گرینگییەوە باسی دەکرد بە جۆرێک ڕۆژی چەند جار هەواڵەکانی سەفەرەکەی پاپایان بڵاو دەکردەوە. بە تایبەت لە ڕۆژی چوونی پاپا بۆ لای عەلی سیستانی، هێندە بە بایەخەوە هەواڵەکەیان بڵاو دەکردەوە کە وا هەستت دەکرد سیستانی مەرجەعی هەموو پانئێرانیزمە و پاپا سەردانی کردووە. بەڵام کاتێک پاپا بەرەو باشووری کوردستان بەڕێ کەوت، هەواڵی هاتنی پاپایان بە شێوازی چەواشەکارانە بڵاو کردەوە، بۆ نموونە، بی‌بی‌سی مانشێتی هەواڵەکەی بەو شێوازە داڕشتبوو “پاپ سەردانی ئەو ناوچانەی باکووری عێراق دەکات کە پێشتر لەژێر کۆنتڕۆڵی داعشدا بوون”، لە قامووسی ئێرانیدا باشووری کوردستان، باکووری عێراقە، ئەم هەواڵە دەقاودەق ئەو ئەدەبیات و لۆژیکەی لەگەڵدایە کە لەناو فیلمی ”توکل”دا دژ بە نەتەوەی کورد و پێشمەرگە و…، ساز کرابوو. لە هەردوو حاڵەتەکەدا هەم هەواڵەکەی بی‌بی‌سی و هەم فیلمی ”توکل” ئەو ئامانجە لە پشتیانەوە بوو کە بڵێن کوردستان کەوتووەتە دەستی داعش، بەڵام بە قارەمانیەتیی شاسوارەکەیان، قاسم سلێمانی ڕزگار کراوە.



ن) تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

مارتین لیبیکی دەڵێت: “تەکنۆلۆجیای زانیاری و پەیوەندییەکان فەزایەکی نوێی لەپاڵ دنیای واقعی و ئۆبژکتیڤدا پێک هێناوە کە بە فەزای سایبێری ناسراوە. گرینگترین تایبەتمەندیی فەزا نوێیەکە ئەوەیە کە پەیوەندییەکان کۆنتڕۆڵ ناکرێن و بەشێکی زۆری چەمکەکان وەکو شەڕ و سەرکەوتن گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. گۆڕانکاری لە کەرەسە و شێوازەکانی شەڕ، شێوازی نوێی شەڕی زانیاری لە فەزای مەجازیدا، بەدوای خۆیدا هێناوە کە بۆ سەرکەوتن و شکستدانی دوژمن، پێویست بە ئامرازی توندوتێژی نییە، بەڵکو سەرکەوتن بە مانای گەیشتن بە ئامانجی بێ خوێنڕشتنە.[9]
بەهۆی پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکان ناسینی سنووری نێوان زانیاریی دروست و هەڵە زۆر ئەستەم و هەندێک جار نامومکینە. پۆل ڤیریلیۆ Paul Virilio دەڵێت: “هەوڵ دەدەن واقعیەتی مەجازی لە واقعیەتی ڕاستی بەهێزتر نیشان بدەن.” ڤیریلیۆ پێی وایە: “بۆمبی زانیاری و پەیوەندییەکان هێندەی بۆمبی ناوەکی مەترسیدارە. چونکە بۆمبی زانیاری دەتوانێت بیرەوەریی کۆمەڵایەتی، پەیوەندییەکان و تەنانەت کۆمەڵگای نێونەتەوەییش لە چاوترووکانێکدا بە هەڵڕژاندنی لافاوی زانیاریی یەکلایەنە، لەناو ببات.”[9]
وائل غونیم چالاکی ئینترنێتیی میسری لە ساڵی 2011 لە لووتکەی بەهاری عەرەبیدا وتی: “ئەگەر وڵاتێکی ئازادتان دەوێت، تەنیا ئینترنێت بدەن بە خەڵک.” بەڵام پینج ساڵ دواتر لە وتەکەی پەشیمان بووەوە و وتی: “بڕیار نییە هەر ئاڵوگۆڕێک بە ئینترنێت هاتە ئاراوە، پۆزەتیڤ بێت.”[9]
شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی هەرچەند بە فەزای مەجازی ڕێک خران، بەڵام ئاکامەکەی شۆڕشیک نەبوو کە دیموکراسییەکی سەقامگیری لێ بکەوێتەوە.
یۆرگێن هابێرماسیش پێی وایە دەتوانی لە ئینترنێت کەڵک وەربگری بۆ بەهێزکردنی بزاڤە مەدەنی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان.
لە دانیشتنێکدا لە نێوان دانیەل کانمەن، براوەی خەڵاتی نۆبڵ و ڕیچارد تالێر، براوەی خەڵاتی پۆلیتزر لە ساڵی 2008 ئاماژەیان بەوە دا کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ئاسانی دەتوانن لە سەرەتاییترین هەستەکانی ئیمە کەڵکی پێچەوانە وەربگرن. هەروەها کانمەن لە سمینارێکدا لەژێر ناوی (هزر، سەبارەت بە هزر) باسی دوو جۆر بیر دەکات کە بە سیستمی 1 و سیستمی 2 ناسراوە. سیستمی 2 بە واتای بیرکردنەوە و بڕیاردانی لۆژیکی و هێور و ئاگاهانەیە. لە لایەکی ترەوە سیستمی 1 بیرکردنەوەی بەپەلە، هەستەکی، کڵێشەیی و ئۆتۆماتیکی و ناخودئاگایە. فەیسبووک و تویتەر و زۆربەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئەساسی سیستمی 1 کار دەکەن. لایەنگرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرینگییەکی زۆریان داوە بە ڕوانگەکانی کانمەن لەبەر ئەوەی دەیانهەوێت بزانن کە چۆن بتوانن سیستمی 1 جێگیر بکەن و سیستمی 2 شکست پێ بێنن.[10]
چامات پالیهاپیتیان، جێگری پێشووی سەرۆکی فەیسبووک دەڵێت: “کومپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئامرازێکیان پێک هێناوە کە دەبێتە هۆکاری هەڵتەکاندنەوەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی. چونکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زێهنی بەکاربەرانیان دەدزن.”[10]

جەیمز ویلیامز، سەرۆکی پێشووی ڕیکلامکردنی گووگڵ دەڵێت: “ڕاگەیەنەرەکان و تەکنۆلۆجیای دیجیتاڵ بەو مەبەستە ساز کراون کە لە خاڵی لاوازی دەروونی ئێمە کەڵک وەربگرن و ئێمە بۆ ئامانجێک ڕابکێشن کە لەگەڵ ئامانجەکانماندا هاوئاهەنگ نەبێت.” جەیمز هەنگاوێکی دیکە دێتە پێشەوە و دەڵێت: “ئابووری ئەو پێشفەڕزانەی کە دیموکراسی لەسەری بنیاد نراون، ژێراوژوور دەکات.” لە درێژەدا جەیمز دەڵێت: “ئامانجی ڕاگەیەنەرەکان دزینی زێهنی مرۆڤە.”[10]
ئەو کەسانەی کە شۆڕشی فەیسبووکیان هان دەدا، لە ڕاستیدا ئەم واقعیەتەیان جەژن دەگرت کە دژکردەوەی بەرانبەر و هەستە توندەکان جێنشینی هەڵوێستی ئارام بووە. سەرکەوتنی سیستمی 1 بە سەر سیستمی 2دا شۆڕشێکی ڕاستەقینەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.[10]
چەند پرسیارێک کە لێرە دێنە ئاراوە ئەوەیە کە بۆچی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی لەم ساڵانەی دواییدا زوومی کردووەتە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زۆرترین شەڕی خۆی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات؟ ئایا ئەگەر کۆلۆنیالیزمی ئێرانی دڵنیا بووایە کە لە شەڕی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە نەتەوە نافارسەکانی دۆڕاندووە، قەت ئیزنی دەدا کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هیچ چالاکییەکیان لەناو ئێراندا هەبووایەت؟ ئایا بەو ڕێژە زۆر و بەربڵاوە ئیزنی دەدا کە ئینترنێت بگاتە دوورترین گوندەکانی کوردستان؟
یەکەم: هەروەکو لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا، کانمەن پێی وایە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەریی لەسەر بیرکردنەوەی جۆری سیستمی 1 دادەنێت کە بیرکردنەوەیەکی بەپەلە، هەستەکی، کڵێشەیی و ئۆتۆماتیکی و ناخودئاگایە. هەربۆیە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ ئەوەی دەتوانێت دەرفەت بێت بۆ ئێمەی کورد، دەتوانێت هەڕەشەیەکی جددیش بێت.
دووهەم: لاو و گەنجی ئێمە بە زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندان و زۆر بە کەمی لەپای تەلەڤزیۆنی ئێرانیدا دادەنیشن و ئەمە بووەتە دەرفەتێک بۆ ڕاوکردنی گەنج و لاوەکانمان و درووستکردنی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و دوورخستنەوەیان لە کێشە سەرەکییەکان.
سێیەم: ئەگەر داگیرکەر دڵنیا بووایەت کە شەڕی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بە نەتەوەی کورد دۆڕاندووە و بووەتە مەترسییەک بۆی هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینترنێتی لە کوردستاندا دەپچڕاند. بۆیە لەسەر هەموومان فەڕزە ئاوڕێکی جددی لەسەر ئەم بابەتە بدەینەوە و پێشمەرگەی سایبری پێک بێنین بۆ ئیدارەکردنی گەنجەکانمان بۆ هەموو جۆرە زەوقێک بۆ هەموو جۆرە تەمەنێک پلانی تۆکمە و گونجاوی هەبێت.
لە ڕاگەیەنەرە گشتییەکانی وەکو تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامە و…دا پەیوەندیی ڕاستەوخۆی یەکلایەنە لەنێوان هەناردەکەری پەیام و وەرگری پەیامدا دروست دەبێت و بەردەنگ هیچ ڕۆڵێکی لە هەڵبژاردنی ناوەڕۆکدا نییە. بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پەیوەندیی دوولایەنەیە و بەردەنگ دەتوانێت خۆی ناوەڕۆک هەڵبژێرێت و تەنانەت خۆیشی ئەو ناوەڕۆکەی کە خۆی بە باشی دەزانێت بڵاوی بکاتەوە. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەردەنگ کۆی خەڵک نییە، بەڵکو ئەو کەسانەن کە پەیوەندییان پێکەوە هەیە. بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە (ifd Allensbach) (ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە لەسەر ڕای گشتی) لە حەفتاویەک لە سەدی ئەڵمانییەکان 71% لە ساڵی 2018دا وەکو سەرچاوەی هەواڵەکان بەکاری هێناوە، بەڵام لە ساڵی 2017دا ئەم ڕێژە 9% بووە کە ئەمە ئاماژەیە بەوەی کە ئینترنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاتوونەتە ناو ژیانمانەوە.[10]
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەپێی ئۆلگۆریتمێک کە پێیان دراوە ئەو بابەتانە دەخەنە بەردەستی بەردەنگ کە حەزیان لێ دەکات! یانێ کاتێک بەردەنگ شتێک کە حەزی لێیەتی و بەدوایدا دەگەڕێت، ئینترنێتیش ئەو جۆرە شتانەی پێ پێشنیار دەکات و دەیانخاتە بەردەستی، هەربۆیە ئەمە شێوازێکی نادێمۆکراتە کە بەردەنگ لە کێشە بنەڕەتییە سیاسییەکان، بێئاگایە و کێشە بنەڕەتییەکان بە خێرایی لە بەرچاو ون دەبن. کێشە بنەڕەتییەکان لەنێوان گرووپی بچووکدا سنووردار دەبنەوە و بەشی هەرەزۆری کۆمەڵگا سەرقاڵی بابەتە بێبایەخەکان دەبن کە ئەمە لە ئاکامدا توانای وێژمانی ڕەخنەگرانە و خولقێنەر لەناو دەبات.[10]
بۆچی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەوترێت ژووری ئێکۆ؟ لەبەر خاتری ئەوەی کە مرۆڤ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە دوای ئەو بەردەنگ و هاوڕێیانەدا دەگەڕێت کە هاوڕا و هاودەنگ بن، یان ئەو لاپەڕانە فاڵۆ دەکات کە بابەتی دڵخوازی ئەوی تێدا بێت. بەپێی ئۆلگۆریتمێکیش کە دراوە بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو بابەتانەت پێ پێشنیار دەکات کە هاوشێوەی شتە دڵخوازەکانی خۆتن.



ی) خەسارناسی و دڵەڕاوکێی ئێرانییەکان لە بەردەم فەرهەنگی نەتەوەییی ئێرانیدا ئەمانەن

لە بەڵگەی دیمەنی بیست ساڵەی گەشەی ئێراندا (سند چشم‌انداز بیست سالە) سەبارەت بە بابەتی فەرهەنگی ئاماژە بەم بابەتانە کراوە. داڕشتنی پلان بۆ چاکسازیی هەڵسوکەوتی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی و هەست و ڕۆحیەی کار و چالاکی و قەناعەت و بەهێزکردنی یەکیەتی و شۆناسی نەتەوەیی، ئاگاییی پێویست لە مێژوو، فەرهەنگ و شارستانیەتی و هۆنەری ئێرانی، تەندروستکردنی فەزای فەرهەنگی و….
1ــ لە لێکۆڵینەوەیەکی (ساڵحی، ئەمیری و کاووسی و وەحیدی. چوار لێکۆڵەری ئێرانی) ئەو مەترسیانەی کە لە بەردەم فەرهەنگی ئیرانیدا هەن ئەمانەن:
نەبوونی ستراتژیی فەرهەنگی، نەبوونی نوێنەک و مۆدێلی بەکەڵکی فەرهەنگی، فرەفەرهەنگی!! جیاوازیی ڕا سەبارەت بە داخوازییە فەرهەنگییەکان!! لاوازیی هەستی نەتەوەیی ــ ئێرانی!! قەیرانی شۆناس!! شۆناسی فەرهەنگیی تێکڵاو!! نەبوونی مۆدیریەتی فەرهەنگی سەنتراڵ!! و….[7]
2ــ ئاخوندی (1377) لە لێکۆڵینەوەیەکدا سەبارەت بە هۆکاری کۆمەڵایەتیی کاریگەر لەسەر شۆناسی نەتەوەیی دەڵێت.
“ــ بەشداریی زۆرتری گەنجەکان و بنەماڵەکانیان دەبێتە هۆکاری بەهێزبوونی شۆناسی نەتەوەییان.
ــ تەواشاکردنی زۆرتری پڕۆگرامەکانی تەلەڤزیۆنی ئێران لەلایەن گەنجانەوە دەبێتە هۆکاری بەهێزبوونی شۆناسی نەتەوەیییان.
ــ تەواشاکردنی زۆرتری پڕۆگرامی تەلەڤزیۆنی دەرەکی لەلایەن گەنجەکانەوە دەبێتە هۆکاری لاوازبوونی شۆناسی نەتەوەیییان.
ــ بنەماڵە و هاوڕێیان لە هۆکارگەلی بەهێزن لەسەر شۆناسی نەتەوەییی ئێرانی.” [7]
3ــ عەبدوڵڵایی و حسەینی بەر لە لێکۆڵینەوەیەک لەسەر “هەستی خوێندکارانی بەلووچ بۆ شۆناسی نەتەوەییی ئێران” بەو ئاکامە گەیشتن کە ئەو خوێندکارانەی کە بنەماڵە و هاوڕێکانیان کاریگەرییان لەسەریان زۆرترە و هەست بە پەڕاوێزکەوتوویی دەکەن، هەستی نەتەوەیییان لاوازترە. بە پێچەوانەوە ئەو خوێندکارانەی کە پەیوەندییان لەگەڵ ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ئەنجۆومەنە زانستی و فەرهەنگییەکان زۆرتر بێت، شۆناسی نەتەوەییی ئێرانییان بەهێزترە.[7]
4ــ فکووهی لە لێکۆڵینەوەیەکدا لەسەر خوێندکارانی خۆڕەم‌ئاوا و برووجێرد بەو ئامانجە گەیشتووە کە زوان (فارسی)، هەستی هاوبەشی مێژوویی و سیاسی، بەشداریی سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و هەروەها ڕاگەیەنەرە گشتییەکان وەکو تەلەڤزیۆن کاریگەریی زۆری لەسەر شۆناسسازیی گەنجەکان هەیە.[7]



قسەی دوایی

جان لێنت (John Lent) دەڵێت: “ئایا تەکنۆلۆژیای نوێی پەیوەندییەکان دەبێتە هۆکاری سەربەخۆییی زۆرتر و پڕۆسەی دێمۆکراتیزەکردنی وڵاتەکان؟ لە وەڵامدا دەڵێت، ئەوە شتێکی ڕوون و ئاشکرایە کە ئەوانەی ئەم تەکنۆلۆژیایەیان نییە، بە نیسبەتی ئەو وڵاتانەی کە هەیانە، دەستەوداوێنترن و وڵاتانی تر دەتوانن کاریگەری لەسەر خەڵکەکەیان دابنێن”
بێگۆمان بەشی هەرەزۆری پڕۆژەی کۆلۆنیالیزم لە ڕێگای پەروەردە و میدیاوە سەپێنراوە و لە ڕێگای میدیاشەوە دەکرێت خاو بکرێتەوە. وەکو چۆن جان لێنت دەڵێت، ئەو وڵاتانەی کە میدیاکەیان بەهێزترە دەتوانن کاریگەری لەسەر ئەو وڵاتانە دابنێن کە لە بواری میدیاییەوە لاوازن. گەلی کوردیش لە نێوان دوو ناوەندی هێزی کۆلۆنیالیستی و هەروەها لەژێر هێژمۆنیی دنیای سەرمایەداریدا لەژێر زەخت و گۆشارێکی کوشندەدایە و بۆ ئەوەی بتوانێت کاریگەرییەکان لانی کەم لە ئاستی ناوچەییدا کەم بکاتەوە دەبێت وەکو سەرچاوەیەکی هێز سەیری میدیا بکات و بە دامەزراندنی چەند کەناڵی نەتەوەییی بەهێز و پێشمەرگەی سایبێری بچێتە شەڕی میدیایی کۆلۆنیالیزمەوە.

پێوەستە نەتەوەی کورد لە بواری میدیاییەوە ئەم کارانەی خوارەوە بکات:
کەناڵی تەلەڤزیۆنی بۆ هەواڵ و زانیاری و شرۆڤەی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و… (ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆی ئەبێت کەناڵێکی لەم چەشنەی هەبێت).
کەناڵی تەلەڤزیۆنی بۆ بنەماڵە، فیلم و زەنجیرەفیلم و… (ئەگەر لە باشووری کوردستانیش وەها کەناڵێک هەبێت کە کەسانێکی وریا و شارەزا بەڕێوەی ببەن و ئیزن نەدەن بکەوێتە ژێر کاریگەریی میدیای کۆلۆنیالیستەکانەوە، دەتوانێت ئەو بۆشاییەی ڕۆژهەڵاتیش پڕ بکاتەوە).
کەناڵی تەلەڤزیۆنی بۆ منداڵان و لاوان کە بەرنامەی منداڵان و کارتۆن و وەرزش و … بڵاو بکاتەوە. (ئەگەر لە باشووری کوردستانیش وەها کەناڵێک هەبێت کە کەسانێکی وریا و شارەزا بەڕێوەی ببەن و ئیزن نەدەن بکەوێتە ژێر کاریگەری میدیای کۆلۆنیالیستەکانەوە، دەتوانێت ئەو بۆشاییەی ڕۆژهەڵاتیش پڕ بکاتەوە)
بەرهەمهێنانی فیلم سەبارەت بە مێژوو، کولتوور، یەکیەتیی نەتەوەییی کورد و… هەروەها دامەزراندن و چالاککردنی بەشی دوبلاژی فیلم و زەنجیرەفیلم، بەتایبەت ئەوانەی کە لەسەر ئاستی دنیادا بەناوبانگ و کاریگەرن. وەکوو بلەک لیست، 24، فرێنچ، و…
لە بواری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کە زۆر ئاسانترە لە بواری سینەما و تەلەڤزیۆن، ئەبێت بە سەدان لاپەڕە و ماڵپەڕ و… بۆ هەموو تەمەنێک ناوەڕۆک بەرهەم بهێنرێت و تۆڕێکی زیرەک کە بتوانێت لە منداڵی 12 ساڵانەوە تا گەورەساڵ هەمووی بخاتە ژێر کاریگەرییەوە. ئەگەر ئێمە ئەوە نەکەین بێگۆمان کۆلۆنیالیستەکان خەریکی ئەوەن و تا چەند ساڵی دیکە ئەبێت چاوەڕوانی لەدەستچوونی بەرەی نوێ بین کە هیچ لە مانای نەتەوە و نیشتمان و زمانی دایکی نازانێت.
لە بواری گۆڤار و ڕۆژنامەیشەوە، بە بڕوای من پێویستە کۆمەڵێک گۆڤار لە چەشنی تیشک و هۆژان و…هتد بایەخی زۆرتریان پێ بدرێت و کەسانی خوێندەوار و ئاکادیمیک زۆرتر لە دەوری خۆیان کۆ بکەنەوە، بۆ ئەوەی پڕۆژەی بەهێزتر پێشکەش بکەن.



سەرچاوەکان

١ ــ روزنا، جیمز. آشوب در سیاست جهان. نظریەای درباره دگرگونی و پیوستگی. ترجمە علیرضا طیب، تهران انتشارات روزنە.
٢ ــ تافلر، آلون. تغییر ماهیت قدرت: دانش، ثروت و خشونت در آستانه قرن بیست و یکم. ترجمە شهیندخت خوارزمی. ۱۹۹۰.
٣ ــ آلپورت، جی دبلیو و پستمن، لئو. روانشناسی شایعە. ترجمە ساعد دبستانی. سروش 1374
٤ ــ برنیز، ادوارد. صنعت پروپاگەندا، افکار عمومی چگونە تولید و تحریک می‌شود؟ مترجم مجتبی عزیزی. ناشر دانشگاه امام صادق.
٥ ــ کاستلیز، مانوئل. عصر اطلاعات: اقتصاد، جامعە و فرهنگ: قدرت هویت. احد علیقلیان و افشین خاکباز. تهران: انتشارات طرح نور.
٦ ــ وحیدی، موسی الرضا. زبان دیپلماسی: ابزار مهم دیپلماسی عمومی جدید. فصلنامە سیاست خارجە. سال 32 شمارە 3. پاییز 1397.
٧ ــ بخشندە، باران. تاثیر رسانە بر هویت ملی و فرهنگی. مجلە جامعە، فرهنگ و رسانە. ژمارە 25. 1396.
٨ ــ نورمحمدی، مرتضی. جنگ نرم، فضای سایبر و امنیت جمهوری اسلامی ایران. مجلە راهبرد فرهنگ، سال چهارم زمستان 1390، شمارە 16.
9. https://bit.ly/3bsxC5E
10. https://bit.ly/3rxtTZX

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان