ئارامتر بخوێنەوە!

کورد و چینی سێهەمی مافەکانی مرۆڤ

جوامێر زاگرۆس

ئاماژە

پرسیاری سەرەکی کە ئەم وتارە ئەیەوێت وڵامی بداتەوە ئەوەیە کە «ماف » چ واتایەکی هەیە و ئایا کورد وەکو کۆمەڵگەیەکی پێکهاتوو لە مرۆڤە کوردەکان، خاوەنی مافگەلێکی جیاواز لە تاکە کوردە پێکهنەرەکانی خۆیەتی یا نا؟ ئەگەر وڵامی ئێمە ئەرێ بێت ئەوا کاتێک ئێمە باس لە مافی کورد دەکەین دەبێ کورد وەکوو بوونەوەرێکی زیندووی خاوەن مافی جیاواز لە ئەندامەکانی چاو لێ بکەین و بەم ڕوانگەیەوە مافەکانی و چۆنیەتیی بەکارهێنانیان باس بکەین.

پێشەکی

زۆرتر لە سەد ساڵە کورد لە جۆگرافیای کوردستان بە هۆی دابەش بوون و ژێردەستەیی لە چوارچێوەی بزووتنەوە یەک لە دوای یەکەکان و تەنانەت لە ڕێگای چالاکییە تاکەکەسییەکان داوای مافەکانی خۆی لە دەوڵەتان و نەتەوە سەردەستەکانی دەکات بەڵام هیچ کات نەیتوانیوە بە شێوازێکی ورد و زانستی پێناسەیەک لە چەمکی “ماف” و ئەو مافانەی کە بۆ خۆی بە ڕەوایان دەزانێت و داوایان دەکات بخاتە بەر دەست. هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆربەی نووسەران و سیاسەتمەداران و چالاکانی سیاسیی کورد کاتێک ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە دەبنەوە کە ئێوە چیتان لە دەوڵەت دەوێت، تەنیا بە هێنانەوەی چەند نمونەی گشتی لە مافەکان وڵام دەدەنەوە و لە بەرامبەر پرسیاری دواتر کە ئەڵێت خۆ شارۆمەندانی دیکەی وڵاتیش لەم مافانە بێ بەشن و ئەی ئیدی بۆچی ئێوەش لە چوارچێوەی بزووتنەوەیەکی مەدەنیدا داوای مافەکانی خۆتان ناکەن، هیچ وڵامێکیان پێ نامێنێت و دەکەونە پتەپت.

هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی لێکۆڵینەوەیەکی ورد و زانستییانەی مێژووی چەمکی ماف و گۆڕانکارییەکانی بە زمانی کوردی. ئەم وتارە بەم قەبارە بچووکەیەوە بێگومان ناتوانێت ئەم کەلێنە پڕ کاتەوە و ئەم کارە دەبێ لە دووتوێی کتێبێکی قایم و لە لایەن چەند کەسێکی شارەزاوە بکرێت بەڵام وەکوو هەنگاوێکی سەرەتایی، لەم وتارەدا تیشک دەخەینە سەر بڕێک ڕەهەندی پەیوەست بەچەمکی “ماف”و مافەکانی کورد وەکوو کۆمەڵگەیەکی جیاواز لە ئەندامەکانی و هەروەها لە کۆمەڵە و کۆمەڵگەکانی دیکە.

پرسیاری سەرەکی کە ئەم وتارە ئەیەوێت وڵامی بداتەوە ئەوەیە کە “ماف” چ واتایەکی هەیە و ئایا کورد وەکو کۆمەڵگەیەکی پێکهاتوو لە مرۆڤە کوردەکان، خاوەنی مافگەلێکی جیاواز لە تاکە کوردە پێکهنەرەکانی خۆیەتی یا نا؟ ئەگەر وڵامی ئێمە ئەرێ بێت ئەوا کاتێک ئێمە باس لە مافی کورد دەکەین دەبێ کورد وەکوو بوونەوەرێکی زیندووی خاوەن مافی جیاواز لە ئەندامەکانی چاو لێ بکەین و بەم ڕوانگەیەوە مافەکانی و چۆنیەتیی بەکارهێنانیان باس بکەین.

بۆ چوونە ناوی ئەم باسەش دەبێ سەرەتا، پێناسەیەک لە چەمکی “ماف” و گۆڕانکارییەکانی بدەینە دەست کە ئاوەها بابەتێک لە کڕۆکدا بابەتێکی فەلسەفییە و لە چوارچێوەی فەلسەفەی مافدا تیشکی دەخرێتە سەر بەڵام لەم وتارەدا دوای خستنە ڕووی ڕەهەندە فەلسەفییەکەی، دەچینە سەر ڕەهەندەکانی پەیوەست بە مافی نێونەتەوەیی و ماف مرۆڤیش.

پێناسەی ماف

لە زمانی کوردیدا چەمکی “ماف” دو واتای هەیە:

یەکەم: لە بەرامبەر وشەی “law” لە ئینگلیزیدا بە واتای لقێکی زانستی کە لە زانکۆکاندا دەخوێندرێت و باس لە سیستەمە مافییە جیاجیاکانی جیهان دەکات که لە زمانی فارسیشدا “حقوق”یان بۆ داناوە. هەر کاتێک مەبەستی ئێمە لە بەکارهێنانی وشەی “ماف” لەم واتایەدا بێت، ئەوا شێوازی کۆی نییە و بۆ نمونە ناتوانین بڵێین “زانستی مافەکان”.

 دوهەم: لە هەمبەر وشەی ئینگلیسیی “right” دایەکە، واتای جۆرە تازیاری و ئیمتیازێک دەگەیێنێت و لەم واتایەدا لە زمانی کوردی دەتوانین بە شێوازی کۆ بە کاری ببەین و بۆ نمونە بڵێین مافەکانی مرۆڤ. لە فارسیدا بۆ ئەم واتایە “حق” بۆ شێوازی تاک و”حقوق”یان بۆ شێوازی کۆ داناوە.

لەم وتارەدا کە باسی مافی کورد وەکو کۆمەڵگە و بوونەوەرێکی سەربەخۆ و جیاواز لە ئەندامەکانی دەکەین، ئەوا مەبەستمان واتای دوهەمیەتی و دەتوانین بڵێین مافەکانی کورد. هەر بەم بۆنەیەوە کارمان بە واتای یەکەمی مافەوە نییە و لە سەر واتای دووهەمی قسە دەکەین.

هەر بەو چەشنەی کە لە زانستە مرۆیییەکاندا، لە پێناسەکردنی زۆربەی چەمکە گرنگەکان جیاوازیی بیروڕا هەیە، سەبارەت بە پێناسەکردنی چەمکی “ماف”یش هەر ئەم جیاوازییە هەیە و ناتوانین پێناسەیەکی وردبینانە و گشتپەسەند لەم چەمکە بە دەستەوە بدەین: هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئێمە لە بەکارهێنانی چەمک و وشەی ماف گشت ­جارێک یەک مەبەستمان نییە و مەبەستی ئێمە لەم وشەیە دەتوانێت یەکێک لەم چوار شتە بێت:

  • ماف وەکوو داخوازی[1]:

بۆ نمونە کاتێک دەڵێین من ١٠٠ هەزارم بە لای تۆوەیە ئەوا من مافی ئەوەم هەیە کە داوای ئەو ١٠٠ هەزارە لە تۆ بکەم و تۆش ئەرکی ئەوەت لە سەر شانە کە ١٠٠ هەزارەکەم پێ بدەیەوە. (داخوازی لە هەمبەر ئەرکی[2] کەسی بەرامبەردا)

  • ماف وەکوو تازیار و ئازادی:[3]

وەکوو مافی ئازادیی ڕادەربڕین یان مافی ئازادیی بیروڕا. لەم چەشنەدا ماف و ئەرک پێکەوە نەبەستراونەتەوە و کاتێک دەڵێین کەسی “ئەلف” مافی دەربڕینی ئازادانەی بۆچوونی خۆی هەیە واتای ئەوە نییە کە کەسی “ب” ئەرکی دابین کردنی بارودۆخی گونجاو بۆ ئەو دەربڕینەی لە ئەستۆدایە.

  • ماف وەکوو دەسەڵات[4]:

بۆ نمونە خاوەنی ئۆتۆمبێلێک دەسەڵات و مافی ئەوەی هەیە ئۆتۆمبێلەکەی بە هەر کەسێک کە پێی خۆشە بفرۆشێت یان بیبەخشێت.

  • ماف وەکوو پارێزبەندی[5]:

ئەگەرکەسی ئەلف لە هەمبەر شتێکدا پارێزبەندیی هەبێت واتای ئەوەیە کە لایەنەکانی بەرامبەر ناتوانن پێوەندیی “ئەلف” بەو شتە بگۆڕن. بۆ نمونە دەوڵەتەکان لە جیهانی ئەمڕۆدا ناتوانن شارۆمەندانیان لە مافی بەشداری لە هەڵبژاردن بێبەش کەن و شارۆمەندان لە بەکارهێنانی ئەم مافەدا پارێزبەندییان هەیە.

هەر بە پێی ئەم چەشنە مافانە لە بڕێک فەرهەنگی مافیدا لە هەمبەر وشەی “right” نووسیویانە: “دەسەڵات یان ئیمتیاز؛ ڕێگاپێدراوی لە کردنی شتێک (ئەنجامدانی کارێک)؛ شیاوەتیی یاسایی یان دادپەروەرانە یان ئاکاریی (ئەنجامدانی) شتێک، ئازادییەکی تاکەکەسی” کە هەموو چەشن مافەکانی سەرەوە لە خۆ دەگرێت.

قۆناخەکانی مافی مرۆڤ (مرۆڤ وەکوو تاک و مرۆڤ وەکوو کۆمەڵگا و کۆمەڵەیەکی مرۆیی)

پێش چوونە نێو ئەم باسە پێویستە ئاماژە بەم خاڵە بکەین کە لە دەستەواژەی “مافی مرۆڤ” (human rights)، سەرەتا مەبەستی ئێمە لە مرۆڤ، تاکەکان بە بێ لەبەرچاوگرتنی بەستراوەییان بە کۆمەڵگەیەکی تایبەتی مرۆییەوە بوو بەڵام ئەمڕۆکە ئیدی تاکەکان بە شێوازی سەرەوە، تەنیا بەرباسانی مافی مرۆڤ نین و کۆمەڵگە و کۆمەڵە مرۆیییەکانیش وەکوو بوونەوەرێکی خاوەن مافی جیاواز لە تاکە پێکهێنەرەکانیان و کۆمەڵگەکانی دیکە چاویان لێ دەکرێت. هەر بۆیە نابێت تێڕوانینی ئێمە بۆ مافی مرۆڤ تێڕوانینێکی نەریتیانە بێت و وابزانین کە تەنیا مرۆڤەکان بەرباسن. ئێمەش لەم وتارەدا، کورد وەکو کۆمەڵگەیەکی جیاواز لە تاکەکانی ئەندامی دەخەینە بەر باس و کارمان بە مافی تاکی کوردەوە نییە.

لە باسی قۆناخەکانی مافی مرۆڤدا، نامانەوێت باسی مێژووی گەشەکردنی ئەم چەمکە بکەین بەڵکوو بۆ چوونە نێو باسەکە، بە کورتی ئاماژە بە قۆناخ و چینەکانی مافەکانی مرۆڤ و جیاوازییەکانیان دەکەین بەڵام دەبێ ئەوە بزانین کە مافی مرۆڤ، خۆی بە بەراورد لەگەڵ لقەکانی دیکەی زانستی مافدا، دیاردەیەکی نوێیە و تەمەنی کەمە هەر چەند سەرەڕای ئەم تەمەنە کەمەشەوە تا ڕادەیەک گەشەی باشی کردووە و لەم ڕەوتی گەشەکردنەشدا بە بڕوای زۆربەی بیرمەندانی بوارەکە، سێ قۆناخی سەرەکیی تێپەڕاندووە:

قۆناخی یەکەم: قۆناخی مافە ژیاری و سیاسییەکان

قۆناخی دووهەم: قۆناخی مافە ئابووری-کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان

قۆناخی سیهەم: قۆناخی مافە هاوپێوەندی (کۆمەڵی)یەکان.

کێشانی سنوورێک لە نێوان ئەم قۆناخانە و تەنانەت دیاری کردنی جیاوازییەکانیان زۆر ئەستەمە و هەر بۆیەش بڕێک لە بیرمەندانی بوارەکە، ئەم دابەشکارییەیان پێ درووست نییە.

“کارل واساک” کە لەگەڵ “کبا ئێمپای” بیرۆکەی چینی سێهەمی مافەکانی مرۆڤیان هێناوەتە گۆڕێ، بە شوێن پاساوهێنانەوە و بەڵگاندنی هۆکاری ئەم دابەشکارییە و جۆنیەتیی دانان و جیاکردنەوەی سێ چینەکەی مافی مرۆڤ بە کەڵک وەرگرتن لە بنەماکان یان دروشمە بەناوبانگەکانی شۆڕشی فەرانسا (١٧٨٩) واتا “ئازادی”، “یەکسانی”، “برایەتی” دەڵێت چینی یەکەم واتا مافە سیاسی و ژیارییەکان، لە سەر بنەمای “ئازادی” دانراون: چینی دووهەم واتا مافە ئابووری-کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان لە سەر بنەمای “یەکسانی” و چینی سێهەم واتا مافەکانی هاوپێوەندی لە سەر بنەمای “برایەتی”. ئەو چینی یەکەمی مافەکان بە مافە نەرێنییەکان ناو دەبات واتا دەوڵەت هیچ ئەرکێکی ئەرێنیی بۆ هاتنەدیی ئەم مافانە نییە. چینی دووهەم یان مافە ئابووری-کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان مافگەلێکی ئەرێنین و دەوڵەت و بەرپرسەکانی دەبێ بۆ وەدیهێنانیان هەنگاوی پێویست هەڵبگرن. هەرچەند جیاوازیی ئاماژە پێ کراو لە ڕووی تیۆرییەوە دەتوانێت سەرنجڕاکێش بێت بەڵام لە کردەوەدا دەتوانێت پشتیوانییەکی کەمتر لە مافە سیاسی و ژیارییەکانی بە شوێندا بێت. واساک بڕوای وایە کە چینی سێهەمی مافەکانی مرۆڤ لە سەر بنەمای برایەتی و هاوپێوەندی دانراوە و ئەم مافە بەکۆمەڵ و گرووپییانە لە هەمبەر چینی یەکەم و دووهەم -کە لە ڕووی کرۆکەوە مافگەلێکی تاکەکەسی دێنە ئەژمار- جێ دەگرن. لە ڕوانگەی ئەودا، ئەم مافانە وڵامێکن به دیاردەی هاوپێوەندیی دوولایەنەی جیهانی.

ئێمە لەم وتارەدا وێڕای پەسەندکردنی ئەم دابەشکارییە، کارێکمان بە چینی یەکەم و دووهەمی ئەم مافانە نییە و باسەکەمان لە سەر چینی سێهەمە و هەر بۆیە بێ هێچ قسەوباسێک دەربارەی ئەو دوو چینە دەچینە سەر چینی سێهەم.

چینی سێهەمی ماف

ئەمڕۆکە، گەشەکردنی مافی مرۆڤ دوو ڕەهەندی هەیە:

یەکەم: فرەترکردنی پشتیوانی لە مافە لەبەردەستەکان لە هەموو ئاستەکاندا بە تایبەت ئاستی ناوخۆییی وڵات، ناوچەیی و جیهانی لە ڕێگای یاسادانان، شرۆڤەی ناوەڕۆکی پەیماننامەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن ڕێکخراوە چاودێرەکان، بەهێزکردنی سیستەمی کارگێڕی، پەسندکرنی پرۆتۆکۆلە پاشکۆکان و چالاکیی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان دەبێت.

دووهەم: گەشە و زیاترکردنی ژمارەی ئەم مافانەیە. لە ڕاستیدا، لە سیستەمی مافی مرۆڤدا – کە هێشتا لە قۆناخە سەرەتاییەکانی گەشەی خۆیدایە- هەوڵ دراوە تا بەپێی پێویستییە ڕوو لە گۆڕان و زیادبوونەکانی مرۆڤ، مافگەلێکی تازە بخرێنە سەر پێڕستە کۆنەکە کە ئەمە دەبێتە هۆی بزۆزی و گەشەی مافی مرۆڤ بەڵام ناکرێت هەر چەشنە داخوازییەکیش بخرێتە ناو ئەم بازنەیەوە.

“کارل واساک” بڕوای وایە کە پێویستە بە سەر مەترسییەک کە لە بیرۆکەی مافی مرۆڤی نەریتیدا هەیە، واتا کەموکووڕی  لە مافەکانی چینی یەکەم و دووهەمدا، زاڵ بین و هەر لەم ڕووەوە پیویستمان بە مافگەلێکی تازە هەیە. نابێ چاومان لە سەر ئەم ڕاستییە ببەستین تاک ناتوانێت بێ بەشداری لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا گەشە بکات و ژیانی بەبایەخی هەموو مرۆڤەکان، هەر چۆن پێویستی بە یەکسانی و ئازادی هەیە ئاوەهاش پێویستی بە برایەتی هەیە. هەروەها، هاوپێوەندیی دوو لایەنەی جیهانی بۆ وڵامدانەوە، پێویستی بەم مافە تازانە هەیە.

تایبەتمەندیی سەرەکیی مافەکانی چینی سێهەم ئەوەیە کە ئەوان تەنیا بە هەوڵی هەموو بکەرە (عوامل) کۆمەڵایەتییەکان واتا تاکەکان، دەوڵەتەکان، ئەنجومەنە گشتی و تایبەتەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەدی دێن.

کێشەی سەرەکی و گرنگ لە بابەتی چینی سێهەمی مافەکانی مرۆڤ، ژمارە و جۆری ئەم مافانەیە واتا لە نێو بیرمەندانی ئەم بوارەدا، لە سەر ژمارە و چەشنی ئەم مافانە جیاوازیی بیروڕا هەیە کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەم پرسە کە مافەکانی چینی سێهەم واتا مافەکانی هاوپێوەندی، مافگەلێکی بەکۆمەڵن یان سروشتێکی تاکەکەسییان  هەیە؟

چوونە ناو ئەم باسە فەلسەفییە گرنگییەکی ئەوتۆی بۆ ئێمە نییە و ئێمە پشتگیریی ئەو بۆچوونەی دەکەین کە بازنەی ئەم مافانە بەرفراوانتر دەکات و بە پێی ئەم بۆچوونە سەرنج دەخەینه سەر مافەکانی کورد.

مافەکانی کورد وەکوو یەکەیەکی جیاواز لە تاکەکانی کورد

ئێستا کە بۆ ئێمە ڕوون بوویەوە ماف چییە و مافەکانی مرۆڤ چ گۆڕانکارییەکیان بە خۆوە بینیوە و خەڵک و لەوانە کورد وەکوو کۆمەڵگەیەک، جیاواز لە ئەندامەکانی، خاوەنی بڕێک مافە، پێویستە بزانین ئەم مافانە چین و کورد دەتوانێت چۆن بۆ بەدەست هێنانیان تێبکۆشێت.

بۆ چوونە ناو ئەم باسەش ئەبێ بزانین کە کورد لەو وڵاتانەی کە تێیاندا دەژیت واتا ئێران، ئێراق، سوریا و تورکیا وەکو کۆمەڵگەیەکی کەمینە چاوی لێ دەکرێت و ئێمەش ئەبێ لە چوارچێوەی مافی کەمینەکان بەدواداچوون بۆ چین و بەرەی سێهەمی مافەکانی کورد بکەین و هەر بۆیە پێویستە بزانین کورد چ جۆرە کەمینەیەکە.

لێرە و لەم وتارەدا نامانەوێت باس لە کەمینە و پێناسەی کەمینە و پێوەرەکانی ناسینەوەی خەڵکێک وەکوو کەمینە بکەین بەڵکوو دەمانەوێت بزانین کە ئایا کورد کەمینەیە و ئەگەریش کەمینەیە کام جۆری کەمینەیە و چ مافگەلێکی هەیە.

ڕەنگە زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئاسایی و خوێندەواران، وای بۆ بڕۆن کە کورد کەمینەیەکی نەتەوەییە لە حاڵێکدا کە لە زانستی ماف، بابەتەکە بەم ئاسانییە نییە و ئێمە ئەبێ ئەم بابەتە باشتر شەنوکەو بکەین.

سەرەتا ئەبێ بزانین کە بڕێک لە بیرمەندان بڕوایان وایە ئێمە نابێت خەڵکی خۆجێیی (indigenous)وەکوو کەمینەکان (minority) چاو لێ بکەین و ئەم دووانە لە یەکدی جیان و مافەکانیشیان جیاوازن. بۆ نموونە خەڵکی خۆجێی خاوەنی مافی دیاری کردنی چارەنووسن لە حاڵێکدا کە ڕەنگە ئەم مافە بە کەمینەکان نەدرێت.

ئەم ڕوانگەیە، ئەمڕۆکە ئەوەندە بڕەوی نییە و زۆربەی نووسەران و بیرمەندان، مافەکانی خەڵکی خۆجێیی لە چوارچێوەی مافی کەمینەکان دەخەنە بەر باس و بڕوایان وایە ئەم دووانە لە کرۆکدا هەر یەکێکن و جیاوازیی زوانی، ئایینی و ئایینزایی یان ڕەچەڵەکی ئەبێتە هۆی دروست بونی ئەم گرووپانە؛ ئەڵبەت جێگای ئاماژەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکان کارگرووپێکی سەربەخۆی بۆ باسی مافی خەڵکی خۆجێیی دامەزراندووە و هەروەها ٢ ساڵ دوای پەسندکردنی جاڕنامەی مافی کەمینە نەتەوەیی، ڕەچەڵەکی، ئایینزایی و زوانییەکان لە ساڵی ١٩٩٢، پێشنووسی جاڕنامەی مافەکانی  خەڵکە خۆجێییەکان و لە ساڵی ٢٠٠٧ خودی ئەو جاڕنامەیەی پەسەند کرد.

بە پێی ئەو پێناسانەی کە ئێمە ناچینە ناویانەوە، کورد ئەتوانێت وەکوو خەڵکی خۆجێییش چاوی لێ بکرێت و هەموو ئەو مافانەی  هەیە کە لە جاڕنامەی مافەکانی خەڵکە خۆجێییەکاندا هاتووە، بەڵام وێڕای بەهێزبوونی ئەم بۆچوون و بیرۆکەیە ئێمە لەم وتارەدا شوێنی ئەو بۆچوونە دەکەوین کە ئەم دووانە وەکوو یەک چاو لێ دەکات و کوردیش وەکوو کەمینە دەناسێت و نە وەکوو خەڵکی خۆجێیی.

ئێستا کە ئێمە کورد وەکوو کەمینە چاو لێ دەکەین پرسیار ئەوەیە کە کورد کامە جۆری کەمینەیە؟

وڵامی ئەم پرسیارە تا ڕادەیەک ئەستەمە بە هۆی ئەوەی کە هێشتاش لە لە زانستی مافدا و لە بەڵگە مافییە نێونەتەوەیییەکاندا سنورێکی ورد لە نێوان جۆرەکانی کەمینە نەکێشراوە و پێناسەیەکی هاوبەش لێیان نەدراوەتە دەست.

بە پێی بۆچوونێک، کورد بە هۆی ئەوەی کە لە خاکی باب و باپیرانی خۆیدا دەژی، ناتوانێت وەکوو کەمینەی نەتەوەیی چاوی لێ بکرێت چونکوو کەمینە نەتەوەیییەکان بەو کەسانە دەگوترێت کە سەڕەڕای ئەوەی ڕاژێری ئەو وڵاتەیان هەیەکە تێیدا نشتەجێن، بەڵام ڕەگ و ڕیشەی نەتەوەییی هاوبەشیان لەگەڵ وڵاتێکی دیکەدا هەیە. لێکترازان و پێکەوەنووسانی وڵاتەکان و کۆچ کردن، بەشێک لە هۆکارەکانی پێکهاتنی ئەم چەشنە لە کەمینەکانە. بە واتایەکی تر ئەگەرچی ئەوان ئەمڕۆ ڕاژێری ئەو وڵاتەیان هەیەکە تێیدا نیشتەجێن بەڵام لەوانەیە باب یان باپیرانیان ڕاژێری وڵاتێکی دیکەیان هەبووبێ و هۆکارگەلی جۆربەجۆر بووبێتە هۆی گۆڕانی ڕاژێریان. هەبوونی کەمینەی لیتڤانیایی لە ڕووسیا، کەمینەی ڕۆمەن و تورکی دانیشتووی یوگوسلاڤیا، کەمینەی بە ڕەگەز نەمسایی تایرلی باشووری ئیتالیا و کەمینەی ئێرانیی دانیشتوانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و کەنەدا و هەروەها کەمینەی پاکستانی و هیندیی دانیشتووی ئینگلەند، نموونەگەلێک لەو کەمینە نەتەوەیییانەن. (خاڵێکی گرنگ کە دەبێ ئاماژری پێ بکرێت ئەوەیە کە ئەو کەسانە لەبەر ئەوەی بۆخۆیان یان باب یان باپیریان، ڕاژێری ئەو وڵاتەیان بەدەست هێناوە وا تێیدا نیشتەجێن، کەواتە بەکارهێنانی دەستەواژەی کۆچەر یان پەنابەر لەبارەی ئەوانەدا دروست نیە). کەوا بوو بە پێی ئەم پێناسەیە، کورد ناتوانێت کەمینەی نەتەوەیی بێت و ئەمە بە واتای ئەوە نییە کە کورد نەتەوە نییە بەڵکو کورد بە پێی پێوەرە سیاسییەکان نەتەوەیە بەڵام بە پێی پێوەرە مافییەکان کەمینەی نەتەوەیی نییە؛ چون ئەو خاکەی تێیدا نشتەجێیە خاکی خۆیەتی و بە هۆی کۆچ یان دابڕان نەبووەتە کەمینە.

بەڵام بە پێی بۆچوونێکی دیکە کەمینە نەتەوەیییەکان تەنیا لە وڵاتانێکدا دروست دەبن کە دەوڵەتی نەتەوەیی لە سەر بنەڕەتی تایبەتمەندییەکانی نەتەوەیەکی تایبەتدا دادەمەزرێن واتا دەوڵەت بۆ خەڵکێک دروست بووە کە شوناسی بەکۆمەڵ بوونی خۆی ناسیوە و ئەم دەوڵەتە فۆرم و بیچمی خۆی تەنیا لە تەک تایبەتمەندییەکانی خەڵکی ئەو نەتەوەیە گونجاندووە و هەر بەم هۆیەوە ئەم خۆگونجاندنە لە سەر ئاستی هەموو خاکی وڵات و لەگەڵ هەموو کۆمەڵە خەڵکەکاندا پێک نەهاتووە و ئاکامەکەشی بووەتە هۆی چێ بوونی کەمینە نەتەوەیییەکان و لەوانەش کوردەکان لە ئێران و تورکیا و سوریا و ئێراق.

کەمینە نەتەوەیییەکان زۆرتر لەم بارودۆخانەدا دەژین

١- لە وڵاتێک بێجگە وڵاتی خۆیان دەژین و هۆگرییان بۆ نەتەوەیەکی دیکە هەیە وەکوو ئەڵمانییەکانی نیشتەجێی دانیمارک.

٢- مێژوو، زوان، داب و نەریتی ڕەسەن و بەردەوام و جیاوازیان لەگەڵ زۆرینەی خەڵکی وڵات هەیە و تاقمی زاڵ بە شوێن سڕینەوەی ئەم جیاوازییانەیە.

٣- بە سوک و بێ ڕێز لێیان دەڕوانن بە جۆرێک کە بە هۆی ئەم هەڵاواردنەوە گرژی و پێکدادان دروست دەبێت.

٤- بە هۆی ئەم پێکدادان و گرژییەوە خۆبەڕێوەبەری و سەربەخۆیییان دەوێت.

کە وابوو کورد لەم ڕوانگەیەوە کەمینەی نەتەوەیییە و خاوەنی مافی دیاری کردنی چارەنووسە و هەر بۆیە ئەتوانێت لە سەر چارەنووسی خۆی بڕیار بدار.

لە لایەکی دیکەوە، کورد کەمینەیەکی ڕەچەڵەکی (قەومی یا نژادی)یە و توانیویەتی خۆی وەکوو کۆمەڵگەیەکی جیاواز لە کۆمەڵگە ڕەچەڵەکییەکانی دیکە و ڕەچەڵەکە سەردەستەکانی بناسێنێت. ئەبێت ئەمەشمان لە بیر بێت کە کەمینەی ڕەچەڵەکی، خەڵکە خۆجێییەکانیش لە خۆ دەگرێت و هەر بۆیە کە بمانەوێت مافەکانی ئەم چەشنە کەمینەیە بناسین ئەتوانین لە جاڕنامەی مافەکانی خەڵکە خۆجێییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پەسەندکراوی ٢٠٠٧، کەڵک وەربگرین کە پێکهاتووە لە پێشەکییەک و ٤٦ مادە.

هەروەها کورد بێگومان کەمینەی زوانییە. هۆی دروست بوونی کەمینە زوانییەکان ئەگەڕێتەوە بۆ پەرەسەندنی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە و پشتگیریی ئەم دەوڵەتانە لە زوانێک وەکوو زوانی فەرمی و پشتگوێ خستنی زوانەکانی دیکە کە ئەم کارەش لە ڕێگای دوو میکانیزمەوە جێبەجێ دەکرا: یەکەم بەزۆری کردنی خوێندن بە زوانی فەرمی و ئەوی تریان بەجیهانی بوونی خزمەتی زۆرەملیی سەربازی.

خوێندن بە زوانی دایکی (بڕگەی یەکەمی پێشنیارنامەی لاهای لە بارەی مافی خوێندنی کەمینە نەتەوەیییەکان) فێرکاریی سەرەتایی لە لایەن مامۆستایانی دوو زوانە (بڕگەی ١٢ی پێشنیارنامەی پێشوو)، دەرفەتی دامەزراندنی رێکخراوەگەلی فێرکاریی زوانی کەمینەیی (بڕگەی ٤ی پێشنیارنامە)، هاندانی زۆرینەکان بۆ فێربوونی زوانی کەمینە(بڕگەی ١٩ی پێشنیارنامە)، مافی بەکارهێنانی زوانی کەمینە لە فەرمانگە گشتی و تایبەتییەکان(ناوخۆییەکان)، (بڕگەی ٣ی ڕەشنووسی کۆنڤانسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانی لە کەمینەکان و کۆمەڵە نەتەوەیی و رەچەڵەکییەکان)، مافی بەکارهێنانی زوانی دایکی لە هەمبەر بەرپرسانی کارگێڕی و دادوەری (بڕگەی ٢٠ی ڕەشنووسی ئاماژە پێ کراو و هەروەها بڕگەی ١٤ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە ژیاری و سیاسییەکان) و مافی جاڕدانی زوانی کەمینەکان وەکوو زمانی فەرمی لەو شوێنانەی کە ئەژماری کەمینەکان زۆرترە (بڕگەی ٢٠ی ڕەشنووسی ئاماژەپێکراو)، نموونەی ئەو مافانەن کە بۆ ئەم چەشنە کەمینەیە ڕەچاو کراوە.

وێڕای ئەم مافە تایبەتییانە، کەمینەکان بە گشتی و بێ لە بەرچاوگرتنی چەشنەکەیان خاوەنی ئەم مافانەی خوارەوەن: مافی یەکسانی لەگەڵ زۆرینە، مافی بەهرەمەندی لە خوێندن بەپێی تایبەتمەندییە کەمینەییەکان، مافی پێوەندی لەگەڵ کەمینەکانی تر، مافی بەشداری لە بەڕێوەبردنی هەرێمی خۆیان، مافی دان بەخۆداگرتن و هەڵکردن، مافی بەهرەمەندی لە ژینگەی پاک و خاوێن، مافی یەکسان بوونی دڵخوازانە لەگەڵ زۆرینەی حەشیمەتی وڵات، مافی هەبوونی مێدیا و بەرنامە ڕادیۆیییەکان، مێدیا بە زمانی خۆیان و بە پێی تایبەتمەندیگەلی کەمینەکان و هتد.

ئێستا کە بۆ ئێمە ڕوون بوویەوە کورد دەتوانێت هەم وەکوو کەمینەیەکی نەتەوەیی و هەم وەکوو کەمینەیەکی زوانی و هەمیش وەکووکەمینەیەکی ڕچەڵەکی یان خەڵکی خۆجێیی چاوی لێ بکرێت و وەکوو کۆمەڵگەیەکی جیاواز لە تاکەکانی، خاوەنی مافەکانی خۆیەتی کە بە مافەکانی بەرەی سێهەم یان مافی هاوپەیوەندی ناوبانگیان هەیە، پرسیارێکی گرنگ کە دێتە ئاراوە ئەوەیە ئایا مافی جیابوونەوەی تاکلایەنانە و بەرپەرچدانەوەی ستەمکاری لە ڕێگای دەست بردن بۆ چەکی هەیە یا نا کە ئەمە لە دووتوێی وتارێکی دیکەدا وڵام دەدەینەوە.

درێژەی دەبێت.

پەراوێزەکان

[1]– claim-right

[2]-duty

[3]– liberty-right

[4] Power-right

[5] – immunity-right

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان