ئارامتر بخوێنەوە!

کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر:

ئێران چۆن توانیویەتی لە کوردستان هێژمونیی کولتووری ساز بکا؟

سارۆ ئەردەڵان

ئاماژە

“ناسینی ئەو مێکانیزمانەی کە کۆلۆنیالیزمی وەخۆگری ئێرانی کەڵکی لێ وەردەگرێ تاکوو سوڵتەی نەتەوەی فارس بە سەر نەتەوەی کورددا هەمیشەیی بێ، یارمەتیدەرمانە هەتا لە کاتی بەرپەرچدانەوە و خەباتدا بتوانین دژ بە فرت و فێڵەکانیان بوەستین، ڕێگا نوێکانی خەبات تاقی بکەینەوە و لە هەمان کاتیشدا بزانین ئەو سنوورانە کامانەن کە ئەگەر تێیانپەڕینین لەگەڵ کولتووری ساختەی ئێرانیدا تێکەڵاو دەبین.”

لە ئامێزی گەرم و خۆشەویستی خۆتاندا جێیەکمان بۆ بکەنەوە و وەخۆمان بگرن.

(ئیسماعیل ئەردەڵان، سەردێڕی وتاری سەرنووسەری نامە هفتگی کوهستان

[بەردەنگی بابەتەکە دەوڵەتی ئێرانە]، ٢٠ ئاپریل ١٩٤٦)[1]

 

دەستپێک

محەمەدعەلی فروغی (١٨٧٥-١٩٤٢) دوای چەندین ساڵ ئەزموونی گرنگ لە پۆستەکانی ئەندام و سەرۆک پارڵەمانی، وەزیری ئابووری، وەزیری جەنگ و سەرۆک وەزیران لە پاشایەتیی قاجار و هەروەها سەردەمی پەهلەویی یەکەم، بۆ چارەسەرکردنی کێشە سنوورییەکانی دوو دەوڵەت – نەتەوەی ئێران و تورکیا، وەک باڵوێزی ئێران لە تورکیا (١٩٢٧( دەست بە کار بوو. ئاشکرایە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە ڕاستەخۆ پەیوەندیی بە دۆخی کوردستانەوە هەیە، چونکە لەمبەر و ئەوبەری سنوورە نوێیەکەی نێوان ئەم دوو وڵاتە کورد دەژیا. ئەم بەرپرسیارەتییە دوابەدوای ئەوە بوو کە شۆڕشی شێخ سەعید پیران (١٨٦٥-١٩٢٥) بە دڕندانەترین شێوە لە لایەن حکومەتی نوێی ئاتاتورکەوە سەرکوت کرابوو کە تیایدا شێخ سەعید لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێیانی شەهید کران. هەرچەند لەبەر هۆکاری ڕێکخستنی کۆمەڵانی خەڵک، پرۆپاگاندا و ئەو سەمبۆلانەی کە بەکار دەهاتن، لە سەرەتادا ئەم شۆڕشە وەک بەرهەڵستکارییەکی ئایینی دەردەکەوت، بەڵام تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم سەرهەڵدانە لەوەدایە کە یەکەم شۆڕشی نەتەوەییی کوردە کە پانتایییەکی بەرفراوانی لەخۆ گرتووە.[2] فروغی وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی سیاسەتی نوێی ئێران، دەبوو چارەسەرییەک بۆ کێشەی کورد بدۆزێتەوە و هەر بۆیە لە نامەیەکدا دوای شرۆڤەی مژارەکە پێشنیارەکانی خوێ دەخاتە ڕوو.[3] ئەو پێی وایە تورکیا هەڵەیەکی زۆر گەورەی ستراتێژیک دەکا کە دەیەوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، بە توندوتیژی کورد بسڕێتەوە؛ چونکە کوردەکان حەشیمەتیان زۆرە و ناکرێ نە وەک یۆنانییەکان لە تورکیا دەریانکەن و نە وەک ئەرمەنییەکان قەڵاچۆیان بکەن. لە ڕوانگەی فروغییەوە بیرۆکەی کوردستانی سەربەخۆ سازکراوی ئینگلیزییەکانە و ئەوان خستوویانەتە ناو زاری کوردەکانەوە و نابێ گوێ بۆ ئەم قسەیەی ئەوان شل کرێ کە گوایە بە شێخ مەحمودیان وتووە وڵاتێک بە ناوی کوردستانی سەربەخۆ قەبووڵ ناکەن. فروغی لە نامەکەیدا دەنووسێت:

“کەواتە ئێمە دەبێ هەر چۆنێک بێ لە فیکری کوردستانی خۆماندا بین و ئەگەر بەڕاستی ئیمکانی هەبێ تورکەکان لەگەڵ خۆمان هاودەست بکەین بەڵام نەک بە مەبەستی ئەوەی کوردەکان لەناو بەرین و قەڵاچۆیان بکەین، چونکە ئەم کارە خەیاڵی خاوە، بەڵکوو دەبێ بە دڵسۆزی و هەروەها ڕاکێشانی حەز و خۆشەویستیی ئەوان بۆ دەوڵەتی ئێران و پەروەردە کردنی ئەوان بە شێوازی پەروەردەی ئێرانی، کێشەی کورد لە ئێران چارەسەر بکەین. ئەم شێوازە بۆ ئێمە زۆر لە [ڕێگەچارەی] تورکیە ئاسانترە، چونکە کوردەکان لە ڕووی زمان و نەژادەوە ئێرانین… ئەگەر فەرمانبەری ئێرانی هەندێک ژیر بن، تەماحیشیان کەم بکەنەوە و دەستدرێژی نەکەنە سەر کوردەکان و بەکورتی مشوورێک بخۆن و ڕێگەچارەیەک بدۆزنەوە، لانیکەم لە نێوان کورد و فارسدا دژایەتی و قین نامێنێ. ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان خەونی کوردستانی سەربەخۆ بەهێز ببێ، کوردەکانی ئێران دەبنە هۆی سەرئێشە بۆمان و بەشکم لایەنی ئێرانیی ئەوان سەرکەوێ و هیچ کە خەسارێکمان پێ نەگا بەڵکوو کەڵکیشی بۆمان هەبێ.”[4]

من ئەم ستراتێژییە نەرمەبڕەی ئێران بۆ تواندنەوەی کورد لە ناو کولتووری ئێرانیدا (کە فرۆغی کرۆکییە سەرەکییەکەی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا دەستنیشان کردووە و پێم وایە ئەم ڕێڕەوە تاکوو ئیستا درێژەی هەبووە) لە ژێر چەمکی کۆلۆنیالیزمی وەخۆگردا (Embracing Colonialism) تاوتوێ دەکەم. مەبەست لە کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر ئەوەیە کە حکوومەتی ئێران بۆ مەشروعیەت دان بە تاڵانی کوردستان، چەوساندنەوەی نەتەوەی کورد و هەروەها پەرەپێدان بە دەسەڵاتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی سازکردنی هێژمونیی کولتوورییەوە سیاسەتێکی دیاری کراوی بۆ بەهی‌خۆکردنی هەموو بەشەکانی ناسنامەی کوردی لە ژێر چەمکی ئێرانی بووندا هەیە و لەم چوارچێوەدا کورد بوون وەکوو ژێرکۆمەڵەی ئێرانی بوون پێناسەی بۆ دەکرێ. ئەم سیاسەتی بەهی‌خۆکردنە لایەنێکی سۆزداریشی پێوە دیارە کە ئێرانییەکان هەوڵ دەدەن لە نێوان کورد و فارسدا مێژوو، کولتوور و ئەزموونێکی هاوبەشی ساختە ساز بکەن و لەم ڕووەوە وا نیشانی بدەن کە کوردیان خۆش دەوێ، لەگەڵی نەرمونیانن و لە ڕواڵەتەدا بە گەرموگوڕی لەگەڵ مرۆڤی کورد هەڵسووکەوت دەکەن. بەم پێیە دوو ڕەهەندی بەهی‌خۆکردن و گەرموگوڕیی سیاسەتی فارسەکان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کوردی، تایبەتمەندی سەرەکی چەمکی کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر پێک دێنن.

ئێرانی بوون ناسنامەی کورد بوون وەخۆ دەگرێ

بە باوەڕی من کوردستان وەک کۆلۆنیی چوار دەوڵەت نەتەوەی ئێران، تورکیا، عێراق و سوریا، لە دۆخێکی تاڵان کردنی هەموو سەرچاوە ماددییەکانیدایە و نەتەوەی کورد وەک نەتەوەی ژێردەست لە لایەن نەتەوە سەردەستەکانی فارس، تورک و عەرەبەوە دەچەوسێتەوە. ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی، دژ بەم کۆلۆنیالیزمە خەبات دەکا و بە مەبەستی ڕزگاربوونی کوردستان لەم دۆخە، بانگەشەی دابڕان لە سیستەمی کۆلۆنیالیستی دەکا.[5] لە نێوان شێوازە جۆراوجۆرەکانی بەکۆلۆنی کردنی کوردستان، کۆلۆنیالیزمی ئێرانی (Iranian Colonialism) کەڵک لە هەندێک میکانیزمی ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر وەردەگرێ و داخوازیی ئەوە دەکا کە سەرەڕای ئەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێک لە ئێرانە، دەبێ پارچەکانی تری کوردستانیش بخرێنە سەر جوگرافیای سیاسیی ئێران. لە هەمان کاتیشدا نوخبەی ئێرانی بۆ ماوەی نزیک بە سەدەیەک، هەوڵیان داوە کە بە پشت بەستن بە هەندێک تیۆریی سازکراوی ڕۆژئاوایی، بیسەلمێنن مێژوو، زمان، ئایین، موسیقا و دابونەریتی کورد، بەشێک لە مێژوو و کولتووری ئێرانییە. بەم گوێرەیە، کۆلۆنیالیزمی ئێرانی[6] تایبەتمەندییەکی وەخۆگرانەی هەیە و لەسەر دوو ئاستی بوونناسانە و مەعریفەناسانە دەیەوێ یەکماڵییەک لە نێوان کورد بوون و ئێرانی بووندا ساز بکا: لە ئاستی بوونناسانەدا دەبێژن کورد لە دەرەوەی ئێران لە مێژوودا نەبووە و لە ئیستاشدا ئەگەر کوردێک تەنانەت لە پارچەکانی تری کوردستان دەژی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی دەیەوێ لە ئامێزی بگرێ، لەناو ئێرانێکی گەورەی فەرهەنگیدا بیتوێنێتەوە و وەکوو بوونەوەرێکی ئێرانی پێناسەی بۆ بکا. لە ئەنجامدا، کوردستان کە نیشتمانی کوردانە وەکوو بەشێک لە خاکی ئێران لە زەمەنی کۆندا دەناسێندرێ و هەوڵ دەدرێ لە ئیستاشدا پارچەکانی تری کوردستان کە لەدەرەوەی جوگرافیای ئێرانن داگیر بکرێن و بخرێنە سەر نەخشەی ئێران. ئەم سیاسەتە کۆلۆنیالیستییە لە کاتێکدایە کە ئێرانیش وەکوو یەکەیەکی سیاسی – جوگرافیایی پێش لە جەنگی یەکەمی جیهانی بۆخۆی بوونی نەبووە.[7]

مەبەست لە هێژموونی کولتووری ئەوەیە کە لە کۆمەڵگایەکی فرەچەشندا نەتەوەی سەردەست[8] لە ڕووی کولتوورییەوە سوڵتەی بە سەر نەتەوەکانی تردا هەبێ و جیهانبینیی نەتەوەی سەردەست (بیروباوەڕەکان، دابونەریتەکان، بەهاکان و تێگەیشتن لە دونیای دەوروبەر) لە لایەن نەتەوەی ژێردەستەوە، بێ بەرپەرچ دانەوە و بە ڕەزایەتی خۆیان، پەسەند بکرێ. ئاکامی کۆتاییش پاساو هێنانەوە بۆ دۆخی هەنووکەییی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو چەوساندنەوەیە کە نەتەوەی سەردەست بەڕێوەی دەبا. بۆ نکۆڵی کردن لە بوونی کورد، کۆلۆنیالیزمی ئێرانی هاوکات لەگەڵ سەرکوت و توندوتیژی کە تایبەتمەندییەکی خێرا، ئاشکرا، ماڵوێرانکەر، دژەمرۆییانە و دڕندانەی هەیە و لە هەر قۆناغێکی مێژووییدا پرۆژەی جۆراوجۆریان بۆ پێناسە کردووە، کەڵک لە مێکانیزمەکانی وەخۆگرانەی ئایدیۆلۆژیی ئێرانچیەتی وەردەگرێ کە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، بە مەبەستی تواندنەوەی ناسنامەی کوردی، چەندین شێوازی بەخۆوە گرتووە. ئەم شێوازە لە ڕواڵەتدا هێواش، شاراوە، شارستانیانە، مرۆییانە، ئاکادێمیک و بەپێی بەهاکانی کولتووری جێی شانازی و کۆنی ئێرانییە؛ ئێرانییەکان لە پرۆسەیەکی هەمیشەیی، نەگۆڕ و درێژخایەندا وا دەنوێنن کە بە گەرموگوڕی لەگەڵ کوردەکان هەڵسوکەوت دەکەن و لە ڕووی نەژادی، زمانی، ئایینی و کولتوورییەوە، پێداگرییان لەسەر نزیکایەتی لەگەڵ نەتەوەی کورد کردووە. ئەم هەستی گەرموگوڕی و نزیکایەتییەی ئێرانییەکان لەگەڵ کوردەکان کە لە ڕێگەی تیۆریی ئاریایییەوە زەق دەکرێتەوە، بەو مەبەستەیە کە لە نێوان نەتەوە ناسامییەکانی ناوچەکە و دژ بە سەرەوەریی درێژخایەنی عەرەبەکان، یەکگرتوویییەک لە ژێر ناوی کولتووری ئێرانیدا ساز بکەن کە تیایدا زمانی فارسی و نەژادی ئێرانی دەوری یەکەم و کۆتایی دەبینێت.[9]

ئەم لایەنە مەعریفەناسانە چەند ڕەهەندییە بە ئامانجی ستەمکاری و چەوساندنەوەی کوردە. لە کاتێکدا هەر نەتەوەیەک هەڵگری هەندێک تایبەتمەندیی کولتووریی خۆیەتی کە لە نەتەوەکانی دیکە جیای دەکاتەوە، فارسەکان بە سازکردنی نەتەوەی ساختەی ئێرانی، دەیانەوێ کولتووری نەتەوەکانی دەوروبەری خۆیان بە قازانجی نەتەوەی فارس لەناو بەرن و بیانتوێننەوە. ئەگەر بەراوردێک لە نێوان دەوڵەت نەتەوەی تورکیا لەگەڵ ئێران بکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە ناسنامەی تورکیایی بوون، هەمان ناسنامەی تورکییە و کورد بوون بەشێوەیەکی یاسایی سڕدراوەتەوە و لە ڕووی نژادییەوە هەوڵی بەردەوام بۆ قەڵاچۆکردنی کورد دراوە. هەرچەند نابێ ئەوە لە بیر کەین کە ناسیۆنالیزمی تورکی لە رێگەی پێناسەکردنی کورد وەک ئەو تورکە شاخییانەی کە تورکییان لەبیر چووەتەوە و هەروەها بە کەڵک وەرگرتن لە تیۆریی زمانی هەتاو، هەوڵێکی نەزۆکیان بۆ وەخۆگرتنی ناسنامەی کوردی داوە. ناسیۆنالیزمی تورکی هەرچەند توانیویەتی ناسنامەی کوردی لاواز بکا و تەنانەت بەشێک لە کوردەکان لە ڕووی ناسنامەوە خۆیان وەک تورک پێناسە بکەن یان بە زمانی تورکی بئاخفن، بەڵام نەیتوانیوە ببێتە مەترسی بۆ سەر دەزگای مەعریفەناسانەی کورد؛ چونکە بەڵگەی سەرەکیی ئەوان کە بریتی بوو لەوەی تورکەکان بە شێوەیەکی مێژوویی بافەرهەنگن، یەکەم کولتووریان ساز کردووە، شارستانیەتیان بڵاو کردووەتەوە، زێدی ئەوان (ئاسیای ناوەندی و ئاناتۆلیا) لانکەی شارستانیەتی مرۆیییە و زمانی تورکی وەکوو هەتاو وایە و سەرچاوەی هەموو زمانەکانە، هێندە گاڵتەجاڕانە بوو کە لە دەرەوەی تورکیا کەس باسی لێ نەکرد و پاش ماوەیەک هێندە کاڵفامانە و نازانستی بوو کە تورکەکانیش ئیتر بەکاری ناهێنن.[10]

دەکرێ جیاوازیی دوو ناسیۆنالیزمی ئێرانی و تورکی لە ڕێگەی ئەم دیاگرامەی خوارەوە نیشان بدەین. ناسیۆنالیزمی تورکی ناسنامەی کوردی دەسرێتەوە و دەیەوێ تورکیایەک ساز بکا کە هەموویان یان تورک بن یان خۆیان بە تورک بزانن. بەڵام نەتەوەی سەردەستی فارس نایەوێ کەس لە ڕووی نەژادییەوە فارس بێ و تەنانەت نکۆڵی لە بوونی نەژادی فارس دەکا. بەڵکوو ئەم داخوازییەی هەیە کە نەژادێکی گەورەتر بە ناوی ئاریایی هەیە کە کورد، فارس، بەلوچ و تورک تیایدا جێگەیان دەبێتەوە و پێکەوە وەڵاتی ئێران ساز دەکەن. بەم شێوەیە هەموویان وەخۆ دەگرێ، هەرچەند لە ئاکامدا مەبەست هەر سەپاندنی زمانی فارسی و زاڵ کردنی کولتووری فارس و لەناوبردنی کولتوورەکانی دیکەیە.

 

کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر گەرموگوڕە

ئاشیل مبێمبە (١٩٥٧- ) بیرمەندی کامێرۆنی بواری پۆست کۆلۆنیالیزم، بۆ تاوتوێ کردنی ئەم شێوازە لە کۆلۆنیالیزم کەڵک لە چەمکی گەرموگوڕیی ستەمکاری (the intimacy of Tyranny) وەردەگرێ.[11] ئەو پێی وایە کە شێوازی پۆست‌کۆلۆنیالیزمی سوڵتە، نە تەنیا جۆرەکانی کۆنتڕۆڵ بەڵکوو شێوازەکانی گەرموگوڕی و تەنانەت هاودەستییش دەستنیشان دەکا. سوژەی پۆست کۆلۆنی کراو، تەنیا لە کاتی بەرپەرچدانەوە یان بەرگری کردندا دەرناکەوێ؛ بەڵکوو دەبێ سەیری کۆبوونەوەکان، کارناڤاڵەکان و جەژنەکان بکەین کە چۆن مرۆڤی بەکۆلۆنی کراو، هەست بە نزیکایەتی لەگەڵ کولتووری نەتەوەی سەردەست دەکا. لێرەدایە کە مبێمبە ڕەخنە لە میخائیل باختین (١٨٩٥-١٩٧٥) و شێوازی بەکارهێنانی چەمکی کارناڤاڵ و کارناڤاڵیگەری دەگرێ. بە باوەڕی باختین، لەناو کارناڤاڵدا پەیوەندییە توندوتۆڵ و نەگۆڕەکانی ژیانی ڕاستەقینە دەگۆڕدرێ و هەمووان بە شێوەیەکی هاوشێوە و بێ لەبەرچاوگرتنی پێگەی کۆمەڵایەتییان تیایدا بەشدار دەبن. گفتوگۆی کارناڤاڵی جەماوەری و گشتییە کە هاوکات لەگەڵ سڕینەوەی سووژەی سوڵتە، تاکەکان لە دۆخێکی بەرامبەردا پێکەوە قسە دەکەن. باختین لەم ڕێگەیەوە بەریەک کەوتنی دوو فەرهەنگی جەماوەری (کولتووری گاڵتە و ڕابواردن) و فەرهەنگی ڕەسمیی کڵێسە و دەرەبەگایەتی (کولتووری جیددی) لە سەدەکانی ناوەڕاستدا نیشان دەدا.[12]مبێمبە دەبێژێ هەڵەی باختین لەوەدایە کە کردەوە ناڕەسمییەکانی ڕابواردن و گەرموگوڕی بۆ ئەو خەڵکە دەگەرێنێتەوە کە لە ژێر سوڵتەدان:

“بەڵام بەرهەمهێنانی گاڵتەجاڕی، تەنیا تایبەت بەم گرووپە نییە [جەماوەر]. ئاوەژوو کردنی ڕاستەقینە کاتیک ڕوو دەدا کە کۆمەڵانی خەڵک لەبەر ئەو مەیلەی بۆ شکۆ هەیانە دەیانەوێ شێتانە هەڵسوکەوت بکەن و بۆ لاسایی کردنەوەی دەسەڵات جلوبەرگی نزم و ئەرزانبایی لەبەر بکەن و لە ڕێگەیەوە مەعریفەناسیی ئەوان دیسان بەرهەم بێننەوە… لێرەدا و لە چوارچێوەی ئەم گەرموگوڕییەدایە کە دەبێ سەبارەت بە هێز و وزەی دەسەڵات لە ئافریکا لێکۆڵینەوە بکرێ. ئەم توێژینەوەیە دەبێ لە دامەزراوەکان و پێگە ڕەسمییەکانی دەسەڵات و ڕێسا نووسراوەکانی واوەتر بچێ و تاوتوێی ئەمە بکا کە چۆن بابەتی شاراوە و ئاشکرا لێک دەئاڵێن و چۆن کردەوەی ئەو کەسانەی کە فەرمانیان بە دەستە و ئەو کەسانەی گوێڕایەڵن وەها گرێ دراوی یەکن کە هەر دوو لایەنەکە بێ دەسەڵات دەکا و هەر ڕێک لەم بێ دەسەڵاتییەدایە کە بارودۆخێک ساز دەبێ، تیایدا توندوتیژی لەوپەڕی خۆیدا دەبیندرێ.”[13]

هەرچەند بواری بەکارهێنانی باسەکەی مبێمبە بۆ دوای قۆناغی کۆلۆنیالیزم لە ئافریکایە و لە ڕێگەیەوە مێکانیزمەکانی سوڵتەی هێزە کۆلۆنیالیستییەکان دەردەخا کە چۆن درێژە بە سوڵتەی خۆیان بە سەر تاکی ئافریکاییدا دەدەن، بەڵام من کەڵک لەو بەشەی وەردەگرم کە چۆن دەکرێ بەم شێوەیە باس لە کۆلۆنیالیزمی ئێرانی بکەین کە لە ڕێگەی گەرموگوڕی و نزیکایەتییەکەوە کە لەگەڵ کورد و کولتووری کوردستان نیشانی دەدا، ڕەگ و ڕیشەی خۆی لە کوردستان دادەکوتێ. کۆلۆنیالیزمی ئێرانی تەنیا بە بەلارێدا بردن، چەواشەکردن، تواندنەوە و لەناوبردنی کولتووری کوردستان و ناسنامەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (وەک هەرێمێک کە ڕاستەوخۆ بەکۆلۆنیی گرتووە) بەسەندە ناکا بەڵکوو دەیەوێ هێژمونییەکی کولتووری لە ناوچەکە ساز کا. لۆژیکی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی لەسەر ئەم بنەمایە دەوەستێ کە بۆ ئەوەی کوردەکانی هەر چوار پارچە بەرپەرچی سیستەمی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی نەدەنەوە، دەبێ و باشترە کوردەکان خۆیان دیان بە ئێرانی بوونی خۆیاندا بهێنن و لە دڵەوە شانازی بە ناسنامەی ئێرانیی خۆیانەوە بکەن. واتە ئەگەر خۆشیان بە کورد بزانن لە ئاستێکی گەورەتردا و تەواو بەدڵخوازی خۆیان باس لەوە بکەن کە کورد ئێرانییە. پرسیار ئەوەیە بۆچی کاتێک باس لە مێژوو، زمان و تایبەتمەندییە کولتوورییەکانی کورد دەکرێ یەکسەر کورد بۆ ئێرانی بوون دەگەڕێتەوە؟ بۆ وڵامی ئەم پرسیارە بنچینەیییە دەبێ دەزگای مەعریفەناسیی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی شی بکەینەوە کە چۆن لە ڕێگەی زانستێکی سازکراو و نوێوە، ناسنامەی کوردی دەسڕنەوە. ناسیۆنالیزمی ئێرانی، ڕێگەی سڕینەوەی فیزیکیی کورد بە تەنیا چارەسەر دانانێت، بەڵکوو ئایدیۆلۆژیستەکانی ئێرانچیەتی لەوە تێگەیشتوون کە دەتوانن لە ڕێگای بەرهەمهێنانی زانستێکی ساختەوە، هێژمونییەکی کولتووری ساز کەن و قووڵتر، کاریگەرتر و درێژخایەنتر لە ناسیۆنالیزمی عەرەبی و تورکی بوونی کورد بسڕنەوە. گرنگترین میکانیزمێک کە کاربەدەستانی ئێرانی بۆ لەناوبردنی کورد و پەرەپێدان و بەهێزکردنی سوڵتەی خۆیان کەڵکی لێ وەردگرن ئەوەیە کە لە ئاکادێمیا و لە ڕووی زانستییەوە، دەست بە سەر بوونی کورددا بگرن؛ چونکە شێوازی وەخۆگرانەی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی هەم ئامێزی بۆ کورد کردووەتەوە و هەم دەیەوێ هەناوی کوردایەتی بۆش بکاتەوە و تێگەیشتنی کورد لە خۆی بگۆڕێ. بۆ سازکردنی هێژمونی کولتووری پێویست بە دەسەڵات دەکا و دەسەڵاتیش پەیوەندییەکی نەپچڕاوی لەگەڵ مەعریفەیەکدا هەیە کە ئاکادێمیا وەک ناوەندی سەرەکی سازی دەکا و مەشروعیەتی پێ دەدا. هەر چۆن فوکۆ بە سازکردنی چەمکی دەسەڵات/مەعریفە (Power/Knowledge) مەبەستی ئەوە بوو کە “دەسەڵات ناتوانێ بێ مەعریفە خۆی بسەپێنێ و مەعریفەش ناتوانێ بێ دەسەڵات ساز ببێ”،[14] منیش پێم وایە کە ئێرانییەکان نەیاندەتوانی بە سەر کوردستاندا دەسەڵاتیان هەبێ مەگەر ئەوەی مەعریفەیەکی ئێرانی بەرهەم بهێنن. لە هەمان کاتیشدا، هەرچەند ڕۆژهەڵاتناسەکان و پانئیرانیستەکان لە سەدەی نۆزدەیەم و بیستەمدا بە چڕی باس لە تایبەتمەندییەکانی ئێران دەکەن، بەڵام تاکوو دەوڵەت نەتەوەی ئێران ساز نەبوو، ئەم تیۆرییە نەیتوانیبوو لە کوردستان کاریگەرییەکی ئەوتۆی هەبێ.

بەشێک لە کورد لە ژێر کاریگەریی ئەم زانستە ساختەیەدا خۆی لە چوارچێوەی کولتوور و دابونەریتی ئێرانیدا پێناسە دەکا. ئەم شێوازە لە کۆلۆنیالیزم کە نەتەوەی سەردەستی فارس بۆ لەناوبردنی ناسنامەی سەربەخۆی نەتەوەی ژێردەستی کورد بەکاری دینێ دەکرێ وەک کۆلۆنیالیزمی ئاکادێمیک (زانستی) بیناسێنین و بریتییە لە “پرۆسەیەک کە تیایدا، ناوەند و چەقی بەرهەمهێنان و بەدەست خستنی زانست سەبارەت بە نەتەوەیەک، لە دەرەوەی خودی ئەو نەتەوەیەدایە.”[15] بە هۆی نەبوونی دەوڵەت نەتەوە لە کوردستان، کورد نەیتوانیوە خاوەنی ئەو دەسەڵاتە بێ کە بۆخۆی زانست لەمەڕ خۆی بەرهەم بێنێ و ئەو زانستەیش کە بەرهەمی هێناوەتەوە، لەسەر بنەمای گریمانەکانی ڕۆژهەڵاتناسەکانە کە سەبارەت بە پەیوەندیی ئێران و کورد سازیان کردووە. لەم ڕووەوە دەکرێ ئەم خاڵانەی خوارەوە بۆ تایبەتمەندیی وەخۆگرانەی کۆلۆنیالیزمی ئاکادێمیک لە ئێران دەستنیشان بکەین:

  • کورد و فارس لە ڕووی نەژادییەوە ئاریایین. کەواتە کورد ناتوانێ داخوازیی ئەوە بکا کە ئێرانی نییە. چونکە ئێران وڵاتی لەمێژینەی ئاریایییەکانە.
  • زمانی کوردی یەکێک لە زمانە هێند و ئەورووپییەکانە و زمانی کوردی و فارسی بەشێک لە زمانی ئێرانین.
  • ئایینە کۆنەکانی کورد وەکوو یارسان، ئیزدی و عەلەوی بەشێک لە ئایینە کۆنەکانی ئێرانن.
  • بە شێوازی گشتی کولتووری کوردی (موسیقا، نەورۆز و هتد.) بەشێکن لە کولتووری مەزنتری ئێران.

هەر لەبەر ئەم تایبەتمەندییانە و تەنانەت ئەو نزیکایەتییە کە لە ڕووی زانستییەوە لە نێوان کورد و فارس ساز کراوە، کوردی پارچەکانی تر، بەتایبەت لە کاتی قەیرانی سیاسیدا، داوای پەیوەندییەکی زیاتر لە ئێران دەکەن و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئێران بتوانێ پەل بۆ پارچەکانی دیکە ڕابکێشێ یان لانیکەم بیهەوێ مەترسیی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی پارچەکانی تری کوردستان بۆ سەر ڕۆژهەڵات کەم بکاتەوە. بۆ نموونە، مەلامستەفا بارزانی نزیک دوو ساڵ پێش لە پەیمانی ئەلجزایەر و شکانی شۆڕش (١٩٧٥) لە باشوور، چاوی بە شای ئەو کاتی ئێران دەکەوێ و داوای لێ دەکا کە پشتی شۆڕشەکەیان بەر نەدا و تەنانەت لەبەر ئەوەی یەکیەتیی سۆڤییەت پشتیوانی لە حکومەتی بەعس دەکا، شا و ئامریکایییەکان با پارێزگاری لە کورد بکەن. ئەسەدوڵڵا عەلەم، وەزیری دەرباری ئێران (١٩٦٧-١٩٧٧) لە یادداشتەکانی خۆیدا ئاماژە بە چاوپێکەوتنی مەلامستەفا بارزانی لەگەڵ محەمەدڕەزا شای پەهلەوی لە ڕێکەوتی ١٤/٧/١٩٧٣ بە ماوەی دوو کاتژمێر دەکا کە تیایدا داواکارییەکی سێ لاپەڕەیی بە زمانی ئینگیزی پێشکەش کراوە. لەم داواکارییەدا کە بە ئیمزای بارزانی گەیشتووە و بۆ خاوەن شکۆ شاهەنشاهی ئاریامێهر نووسراوە، هاتووە کە “خەڵکی ئێمە [کوردەکان] خاوەن شکۆ وەک باوک و پارێزەری خۆیان سەیر دەکەن و بەدڵنیایییەوە هەر درگایەکی تریش بە ڕووی ئێمەدا بکرێتەوە هەوڵی ئێوەی لە پشتەوە بووە. لە ئاکامدا ئەم هەقیقەتەتان وەبیر دەهێنینەوە و خۆتان زۆربەی جار ئاماژەتان پێ کردووە کە لە کاتێکدا کوردەکان لە عێراق ژینۆساید دەکرێن، ئێران ناتوانێ کەمتەرخەم بێ و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و کوردەکانی عێراق، دەبێ لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و تورکەکانی قێبرس قووڵتر بێ. ئێمە پەنامان بۆ تۆ هێناوە کە لە دەست هەڕەشەکانی بەعس کە لە لایەن یەکیەتیی سۆڤییەتەوە پشتیوانی دەکرێ بمانپارێزی و هەوڵ بدەی بە هەر شێوەیەک کە پێت باشە و ئیمکانی هەیە، لە ئێران و لە دەرەوەی ئێران،  زیاتر پشتگیری لە جووڵانەوەکەمان بکەی.”[16] هەرچەند بارزانی بە مەبەستی سیاسی و بۆ ئەوەی دەستکەوتێکی هەبێ ئەم قسانە دەکا، بەڵام هەر ڕێک لەم پەیوەندییەدا، لەم نزیکایەتییەدا و لەم گەرموگوڕییەدایە کە توندوتیژی ساز دەبێ. ئێران هەر دوابەدوای ئەوە، پشتی کوردان بەر دەدا و ماڵوێرانی و دەربەدەری تووشی کوردان دەبێ؛ چوار دەیە دواتر وەکوو یەکەم دوژمنی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان دەست بە پیلانگێڕی، داخستنی سنوورەکان و پچڕاندنی هەموو پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات.

تێنەگەیشتن لە پەیوەندیی کۆلۆنیالیستیی دەوڵەتی ئێران لەگەڵ کوردستان و هەروەها پەیوەندییەک بە مەبەستی چەوساندنەوە لە نێوان نەتەوەی سەردەستی فارس لەگەڵ نەتەوەی ژێردەستی کورددا دەبێتە هۆی ئەوە کە بەشێک لە بەرپرسان و زانایانی باشووری کوردستان بەردەوام بیانەوێ خۆیان لە ئێرانییەکان نزیک بکەنەوە. ئەم نزیکایەتییەکە تا ئاستێک بیرۆکەی ئێرانی لە ئامێز دەگیردرێ کە نکۆڵی لە ستەمکاریی حکومەتی ئێران دەکرێ. بەهروز جەعفەر، بەرپرسی ئەنستیتۆی لێکۆڵینەوەی هەرێمی مەدیتەرانە لە هەولێر، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سایتی کوردپرێس لە ساڵی ٢٠١٩دا دەڵێ: “کورد و فارس لە ناوچەکەدا پەیوەندییەکی مێژوویی و قووڵیان هەیە. پەیوەندیی هیچ کام لە نەتەوەکانی ناوچەکە وەک پەیوەندیی ئەم دووانە قووڵ و ڕیشەدار نییە و پێشینەکەی بۆ پێش لە هاتنی ئیسلام و تەنانەت پێش لە ئیمپراتۆریی ساسانی و سازبوونی شارستانیەت و ئێمپراتۆرییە بەهێزەکان لە وڵاتی ئێران دەگەڕێتەوە. ئەردەشیری بابەک دامەزرێنەری خاندانی ساسانی لە دایکی کورد و باوکی فارس بووە و هەندێک لە سەرچاوە میژوویییەکان پێیان وایە کە باوکی کورد و دایکی فارس بووە. لە چیرۆکە ئوستوورەیییەکانیشدا وەکوو ڕۆستەم و زۆراب ڕیشەی کورد و فارس پێک دەگات و پەیوەندییەکی قووڵیان لەگەڵ یەک هەیە. کەواتە، بنەما و بەستێنێکی هاوبەشی مێژوویی لێرەدا هەیە. لە مێژووی هاوچەرخیشدا هیچ کات ئێران دوژمنی کوردەکان نەبووە. حکومەتی ئێران هیچ کاتێک کوردەکانی ئەنفال و بۆمبارانی کیمیایی نەکردووە.”[17] تەواو هەست بەوە دەکرێ کە چۆن ستراتێژیی محەمەدعەلی فروغی بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ کوردان وڵامی داوەتەوە. بەهروز جەعفەر بەشانازییەوە باس لەوە دەکا کە جەلال تاڵەبانی لەو کاتەدا سەرۆک کۆماری عێراق بووە، زۆرترین دۆستایەتی و نزیکایەتی لەگەڵ ئێران بووە. رێک ساڵێک بەر لەم چاوپێکەوتنە، لە هێرشیکی ترۆریستیی ئێراندا بۆ سەر بارەگاکانی هەر دوو حیزبی دێموکرات لە هەرێمی کوردستان، ١٨ کەس شەهید و زیاتر لە پەنجا کەس بریندار بوون.[18]

تیۆریی نەژادی ئاریایی و زمانەکانی هێند و ئەورووپایی

هەرچەند بەکارهێنانی چەمکی نەژاد بۆ جیاوازی دانان لە نێوان مرۆڤەکان، چ لە ڕووی کۆمەڵناسی و  تا ڕادەیەکی زۆر لە ڕووی زانستی ژێنێتیکەوە، ڕەت کراوەتەوە و هەروەها ئەگەرچی پاش دەرەنجامە دژەمرۆییەکانی ڕاسیزم لە ئەورووپا کە لە چوارچێوەی نازیسمدا هۆلۆکاستی جوولەکەکانی لێ کەوتەوە، چیتر تووڕەهاتی تیۆریی نەژادی ئاریایی و دەرەنجامە سەیر و سەمەرەکانی باوی نەماوە،[19]  بەڵام بۆ تێگەیشتن لە ناسیۆنالیزمی ئێرانی و ئەنجامەکانی تاکوو ئەمڕۆ، ناچارین سەیری سازبوونی تیۆرییەکی نەژادی بکەین کە وەکوو تیۆریی نەژادی ئاریایی یان هێند و ئەورووپایی پێناسەی بۆ دەکرێ. ئوستوورەی نەژادی ئاریایی، مرۆڤەکان بە چەند نەژاد دابەش دەکا و زۆربەی ئەورووپییەکان لەگەڵ نەتەوەکانی فارس، کورد و بەلوچ و هەروەها هێندییەکان بە یەک نەژاد دادەنێت. هەروەها زۆربەی کات ساز کردنی ئوستوورەی ئاریایی بۆ نووسینەکانی سێڕ ویلیام جونز دەگەڕێننەوە کە لە ساڵی ١٧٨٦ بەوە گەیشت کە زمانەکانی یۆنانی، لاتین، سانسکریت و ئێرانی ڕیشەکانیان هاوبەشە. زاراوەی ئاریایی بەڵام سازکراوی ئەنکۆتیل دوپرۆنە (١٧٣١-١٨٦٠)  کە لە ساڵی ١٧٦٣ باس لەوە دەکا کە خەڵکێک بە ناوی ئارییەن (aryen) ئاڤێستایان نووسیوە. پاش ئەمە فریدریش شلێگێڵ، نووسەری ڕۆمانتیکی ئاڵمانی لە ساڵی ١٩١٨ زاراوەی نەژادی ئاریایی بۆ ئاڵمانییەکان بە مانای نەجابەت و شانازی بەکار دێنێت.[20] بنەما ئوستوورەیییەکانی ئاریایی، کە زانستێکی ساختە بە دەوریەوەیە، بوو بە هۆکاری ئەوەی کە نزیکاتییە زمانییەکان، لەگەڵ پەیوەندییەکی نەژادی پێکەوە گرێ بدەن. ئەم تیۆرییە بووە هۆی ئەوەی بۆ یەکەم جار کەسێک بە ناوی میرزا ئاقاخان کرمانی (١٨٥٤-١٨٩٧)، نووسەری ناسیۆنالیستی ئێرانی، لە مانای نەژادیدا کەڵک لە چەمکی ئاریایی وەربگرێ و پێی وا بێ کە ئاریایی نەژادێکی هەڵبژێردراو، پاک و سەروەرە.[21] واتە تا کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم (١٨٩٠) بە هیچ شێوەیەک لە کتێبە فارسییەکاندا و لە سەرتاسەری ئەدەبیاتی فارسیدا وشەی ئاریا یان ئاریایی بەکار نەهاتووە.[22] مستەفا وەزیری، یەکەم ئاکادێمیسیەنێکە کە لە کتێبەکەی خۆیدا بە ناوی نەتەوەی خەیاڵیی ئێران (١٩٩٣)، بەدڵنیاییەوە باس لەوە دەکا کە چەمکی نەتەوەی ئێران، سازکراوی ڕۆژهەڵاتناسەکانە و ناسیۆنالیستەکانی ئێران لە دوای پەشێویی دەسەڵات لە کۆتاییی سەردەمی قاجاردا کەڵکیان لێ وەرگرتووە و لە سەردەمی ڕەزاشا بەدواوە تاکوو ئیستا ئیتر بە بەردەوامی بەکار هاتووە.[23]

 باسی نوێ و بەڵگەمەندی وەزیری، بە لای زۆربەی ئاکادێمیای ئێرانییەوە ناخۆش هاتە بەر چاو و دەکرێ بگوترێ تا ڕادەیەکی زۆر پەراوێز خرا. وەزیری تا ئەو شوێنە دەڕواتە پێشەوە کە سازکردنی وەهمی نەژادی ئاریایی لە لایەن ئێرانییەکانەوە و کەڵک لێ وەرگرتنی بۆ ڕۆنانی بینای کولتووری ئێرانی، وەک شیزۆفێرنیایەکی کولتووری وەسف دەکا. مەبەستی وەزیری ئەوەیە وەک تووشبووانی نەخۆشیی شیزۆفێرنیا، ناسیۆنالیستەکانی ئێران ڕەفتارێکی ئەبنۆرماڵیان هەیە، قسەی هەڵیت و پەڵیت دەکەن، توانایان بۆ تێگەیشتن لە بابەتە ڕاستەقینەکان کەم بووەتەوە، باوەڕی هەڵەیان لە لا ساز بووە و بیرکردنەوەیان ناڕوون و ئاڵۆزە.[24] هەوڵەکانی ڕەزاشا، بۆ سازکردنی دەوڵەت نەتەوە، پێویستی بە ڕۆنانی مەعریفەیەکی نوێ هەبوو و هەر بەم مەبەستەش حسێن پیرنیا (١٨٧٤-١٩٤٧) یەکێک لە گرنگترین ناسیۆنالیستەکانی ئەو قۆناغە لە لایەن ڕەزاشاوە دەستنیشان دەکرێ کە یەکەم کتێبە مێژوویییەکانی ئێران بنووسێت. یەکێک لەو بەرهەمە مێژوویییانە کە ناوی مێژووی ئێرانی کۆنە (١٩٢٨) بەشێکی بۆ مژاری نژادەکان تەرخان کراوە.[25] ئەوەی لێرەدا بۆمان گرنگە تاوتوێ کردنی چۆنیەتی سازکردنی ئەو تیۆرییە ساختانەیە کە لە ڕێگەی پەروەردەی مۆدێڕن و زانکۆکانەوە و هەروەها سەپاندنی زمانی فارسی وەک تەنیا زمانی ڕەسمی پەروەردە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەشێکی بەرچاو لە نوخبەی کورد بۆخۆیان پەرە بەم تیۆرییانە بدەن و تەنانەت ئەو بەشەیان کە لە بەرامبەر سیاسەتەکانی سوڵتەی ئێرانیدا دەوەستنەوە، نەتوانن بەیەکجاری خۆیان لە چەمکی ئێران جیا بکەنەوە.

 لە ڕەگەزناسیی چۆنیەتی بەکارهێنانی تیۆریی ئاریایی تەنانەت بۆمان دەردەکوێ کە لە نێو شۆڕشی کوردیدا هەرچەند دژ بە داگیرکەرانی کوردستان خەبات کراوە، بەڵام زۆرجاریش لە ژێر کاریگەریی ئەم بیرۆکەیەدا و بەتایبەت بە هۆی ئەوەی دوژمنی ڕاستەوخۆ فارس نەبووە لە ناسینی ئایدیۆلۆژیی ئاریاییدا (Ariaism) هەڵە کراوە. لە ژمارەی چوارەم و کۆتاییی بڵاوکراوەی ڕۆژی کورد (گۆڤاری جڤاتی “هێڤی”ی قوتابیانی کورد، ئەستەمووڵ ١٩١٢)[26] وتارێکی سەرنجڕاکێش بە ناوی ئەسڵ و نەسڵی کورد هەیە کە نووسەر ناوی خوازراوی “کوردی” هەڵبژادووە؛ عەبدوڵڵا زەنگەنە پێی وایە کە عەبدولکەریم سلێمانی (١٨٨٠ – ١٩٢٩) ئەو بابەتەی نووسیوە.[27] لە وتارەکەدا هاتووە: “کورد بەر لە نەبووەت هەبوون و مەوجود بوون. کورد لە ئەقوامی ئارییەن، لە پاش بیعسەت، قسمێ لە ئەوان وەکوو ئێمە، وەکوو ئەفغان، وەکوو ئێران، دینی ئیسلامیان قەبوڵ کرد و ئەلحەمدولیلا بووینە ئیسلام، قسمێ لە ئەوان وەکوو: رۆم، وەکوو: ئەرمەن، وەکوو: ئەڵمان، لەسەر ڕێگەی جەهالەتا مانەوە. چە ڕۆم، چە ئەرمەنی، چە ئەڵمان، پۆرتکیز، ئەمانە هەموو لە عرقی کوردن. دیقەت فەرموون، لیباسمان، عەنعەناتمان وەکوو عەجەمە، لەبەر ئیختیلات لەگەڵ بەغدا جوزئێ فەرقمان هەیە. فەقەت بە دیقەت ئەگەر تەعمیق بکرێت عەینی عەجەم حائز حەرەکات و سەکەناتین. عەجەم لە وەختی خۆیا مەزهەبی سوننی بوو، فەقەت شا ئیسماعیلی سەفەوی بە فکری خۆی ئەم مەزهەبی شیعەیەی ئیحداس کرد و مەقسەدی تەوحیدی قەومی عەجەم بوو، وەئیللا ئەساسەن مەزهەبمان یەک بوو. ئەڵمان و زبانی ئەڵمانی زۆر موشابەهەتی بە کوردی هەیە، ئیمڕۆ ئەگەر کوردێ بچێ بۆ ئەڵمان بە زەرفی دوو مانگ فێری زبانی ئاڵمانی دەبێ، فەقەت ئەگەر تورکێ، یا عەرەبێ بچێ بۆ فێربوونی زبانی ئەڵمانی متەوەفیقەتە سەر ساڵێک، چونکە زبانی ئاڵمان وەک زبانی کوردی گرانە.[28] ئەگەر بۆچوونەکەی زەنگەنە درووست بێ، نووسەر خەڵکی سلێمانییە کە لەو کاتەدا بەشێک لە کوردستانی عوسمانی بووە. نووسەر لە ڕێگەی هەڵکشانی کوردەوە دەیەوێ بە یەکسان کردنی نەژادی کورد لەگەڵ عەجەم (ئێران/فارس) و ئەورووپییەکان (بەتایبەت ئاڵمانی) پلەی قەومی کورد بەرز بکاتەوە. لێرەشدا ئەوپەڕی هەست بە نزیکایەتی لەگەڵ ئێران ودژایەتی کردن و تەنانەت سووک سەیری تورک و عەرەب کردن دەبیندرێ.

لە وتارێکدا کە لە ژێر ناوی نووسەرانی فارس بیخوێنن لە ڕۆژنامەی هاواری کورد لە ڕەزبەری ١٣٢٤ (سێپتامبری ١٩٤٥) هەوڵ دراوە بە زمانی فارسی وڵامی ڕۆژنامەنووسە فارسەکان و بەتایبەت نووسینێکی دوکتور کەریم سەنجابی (١٩٠٤-١٩٩٥) خەڵکی کرماشان بدرێتەوە کە لەو کاتەدا مامۆستای زانکۆی تاران بووە. لەم وتارە درێژەدا هەرچەند بە شێوەیەکی بەهێز پێداگری لە مافی کورد وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ کراوە، بەڵام بە مەبەستی سیاسی ویستراوە گرژییەکان کەم بکرێتەوە. بۆ مەبەستی دەستکەوتێکی سیاسی، ڕێگەیەک جگە لە گەڕانەوە و سەرچاوەدان بە تیۆریی ئاریایی و نزیکایەتیی کورد و فارس و هەروەها ئێرانیبوونی هەر دووکیان شک نابردرێ. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژنامەی نیشتمان (بڵاکراوەی ژێکاف)دا لەم جۆرە هەڵوێستانە نابیندرێت. نووسەر کە بە دوو پیت ئاماژەی بە ناوی خۆی کردووە دەنووسێت: “بەگوێرەی پێشینەی مێژوویی و بیروڕای ڕۆژهەڵاتناسەکان ئاشکرایە کە کورد و فارس هەر دووکیان ئاری نژادن و لەگەڵ یەک بران و لە یەک باوکن… [کوردەکان] یەکێک لە پاکترین نژادەکانی ئێرانن و ئەم خاکە پاکە لانکەی باو و باپیرانی ئەوانە، ئێران نیشتمان و زێدی ئازیز و ستایشکراوی ئەوانە. کوردەکان ئێرانیان لە هەزاران ساڵ لەمەو پێشەوە لە دەستدرێژیی داگیرکەران و سنووربەزێنەکان پاراستووە و لە ڕێگەی سەربەستی و یەکپارچەییی خاکی ئێران، بە گیان بەخت کردنەوە، فیداکاریمان کردووە و خوێنمان ڕشتووە و وەکوو شێرێکی سامناک و نەترس جەستەی خۆمان وەبەر فیشەکی دوژمن داوە و نەمانهێڵاوە بێگانە پێی بخاتە سەر ئەم خاکە پیرۆزە و تاکوو زیندووین دەشیپارێزین. ئێران و سەڵتەنەتەکەی بە هی خۆمان دەزانین و خۆشمان بە هی ئەو دادەنێین، چونکە یەکەم خاندانی شاکانی ئێران “ماد” یان “کورد” بوون.”[29] بە ڕوونی لەم نووسینەدا کەڵک لە بەرجەستەکردنی نزیکایەتیی کورد و فارس وەرگیراوە لە چوارچێوە وەخۆگرانەی کۆلۆنیالیزمی ئێرانیدا و نائاگایانە ئەم بەشەی بەهێز دەکرێتەوە کە ئێران و کێشەکانی بە هی خۆ دەزانن (لە کاری کۆ کەڵک وەردەگیرێ و ئاماژەکە لانیکەم بۆ ئەندامانی کۆمەڵەی ژێکاف یان کوردان بەگشتی دەگەڕێتەوە)؛ هەر لەم بە هی خۆزانینەدایە کە کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر دەتوانێ بوونی سەربەخۆی کورد بسڕێتەوە یان گرێدراوی بوونێکی درۆیین بە ناوی ئێرانی بکات. زۆری پێناچێت حکومەتی ئێران بە توندوتیژی وەڵامی داوا ڕەواکانی کۆماری کوردستان دەادتەوە.

لە درێژەی بابەتەکەدا دوو نمونە لە ڕۆژنامەی کوردستان دێنمەوە کە بڵاوکراوەی ڕەسمیی کۆماری کوردستان (١٩٤٦) بووە. هەرچەند لەم ڕۆژنامە و بەگشتی لە گوتاری ڕەسمیی بەرپرسانی کۆماردا، ئاستیکی بەرزی وشیاریی نەتەوەیی دەبیندرێ، بەڵام دیسانەوە کۆلۆنیالیزمی ئێرانی لە شوێنە هەرە ئاستەمەکانەوە خۆی نیشان دەدا کە لەو سەردەمەدا لە مەترسییەکانی ئاگادار نەبوون. دڵشاد ڕەسووڵی، لە وتارێکدا بە ناوی تەحریکاتی ئەو خائنانەی کە دەیانەوێ ئێران مەحو ببێتەوە کە لە ژمارەی پەنجای ڕۆژنامەی کوردستان (٦ جۆزەردان ١٣٢٥ [١٩٤٦]) چاپ بووە، بەتوندی وڵامی بابەتێک بە ناوی مسالمت هم حدی دارد دەداتەوە کە گوایە لە تاران دژ بە کۆماری کوردستان لە ڕۆژنامەیەکدا چاپ بووە و تیایدا داوا کراوە کە حکومەت کوردەکان سەرکوت بکا، ڕەسووڵی (موعآوین و بازڕەسی کوللی وەزارەتی فەرهەنگی کوردستان)[30] دەنوسێت: “ئەسڵی مەرکەزی تەحریکاتی شوومی ئیستێعماری لە ئێران سەرچاوەی لە جێگایەکی زۆر قووڵە… ئەگەر ماوەی بدرێتێ و ڕەوەشەن فکران و کاربەدەستانی پاکداوێنی تاران جڵەوگیری لێ نەکەن تاجی شاهەنشاهی لە نێوان دەچێ… [درێژەی بابەت لە ل. ٤] بڕێک ورد ببنەوە و سەرنجێکی دنیای دێموکراسی بدەن بزانن دنیا چ باسە. لەمە زیاتر نیشتمانی ئێران بۆ پشتەوە مەکشێننەوە و میللەت مەخنکێنن، هەر نەتەوەیەک ئازادیی خۆی بدەنێ. بەتایبەتی خۆتان لە مەنجەڵی وەجۆش هاتووی کوردان مەنێن، دەنا وەڵڵاهی دادەپڵۆخێن و ڕسوای ئەبەدی دەبن.”[31]

ئەوەی زۆر جێی سەرنجە گوتاری دژەکۆلۆنیالیستیی ئەم وتارەیە کە لە چەندین وتاری دیکەی ڕۆژنامەی کوردستانیشدا نموونەی دەبیندرێ، بەڵام کۆلۆنیالیزم لێرەدا شتێکی دەرەکییە و مەبەست لە وڵاتانی ئەورووپی و بەتایبەت بریتانیایە. نووسەر پێی وایە کە پیلانگێڕیی کۆلۆنیالیزم و لەبەر دابین کردنی بەرژەوەندیی ئەوان، هەندێک لایەن نایانەوێ مافی ڕەوای کوردان بدرێ و هەر بۆیە باس لەوە دەکا کە ئەم لایەنانە خۆیان دژ بە ئێران و تاجی پاشایەتین. لە کاتێکدا لە مهاباد شانۆی دایکی نیشتمان بەڕێوە چووە و کوردستان وەک دایک نیشان دراوە کە دەبێ کورد لە دەستدرێژی بیپارێزێ، لێرەدا وشەی نیشتمان بۆ ئێرانی بەکار هاتووە. سەرەڕای ئەوەی کە کۆمار مەترسیی لەناوچوون و سەرکوتی لەسەر بووە و ڕەنگە ئەم وتارەش زیاتر بە مەبەستی سازکردنی ڕێگەچارەیەک نووسرابێ کە لە سیاسەتی نزیک بوونەوە و هەڕەشە، پێکەوە کەڵکی وەرگرتبێ.

محەمەدتۆفیق وردی (١٩٢٣-١٩٧٥) لە وتاری کورد و دەوڵەتانی تورک و عەرەب و فارس لە ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٣ (١٣ گەلاوێژی ١٩٤٦)دا دەنووسێ “هەموو میللەتێک دەزانێ کە کورد زبانێکی تایبەتی و خوو و رەوشتێکی جوێی هەیە، نەژادی ئارییە، خاوەنی خاک و نیشتمانێکی فراوانە. بەڵام ئیستعمار و کۆنەپەرستی هانی ئەو سێ میللەتە دەدا کە بڵێن “کوردیش لە نەسلی ئێمەیە”… نازانین تورک و فارس تا بە کەی بە پیلانی ئیستعمار هەڵدەخڵەتێن. خۆ سوور دەزانن کە کورد تا یەک نەفەری مابێ واز لە نیشتمانی خۆی ناهێنێ و نابێ نە بە عەرەب نە بە عەجەم نە بە تورک. ئەمە بە ڕاستی دەڵێین و ئیسباتی دەکەین نە هەر تورک و عەرەب و فارس بەڵکوو هەموو هێزەکانی ڕۆژهەڵات هێزی خۆی کۆ کاتەوە یەک هێشتا کوردی پێ نافەوتێ، چونکو تا دوژمنمان پتر بێ پتر فیداکاری دەکەین و بۆ ئامانجی خۆمان چاکتر هەوڵ دەدەین.” ئەم نووسینە سەرنجڕاکێشە لە لایەن یەکێک لە مامۆستاکانی قوتابخانەی مهاباد کە خۆی بە ڕەچەڵەک خەڵکی سلێمانی بووە، دیسانەوە دەرخەری هەمان تایبەتمەندیی وەخۆگرانەی کۆلۆنیالیزمی ئێرانییە. نووسەر بەڕوونی باس لەوە دەکا کە کورد هیچ کام لە نەتەوەکانی فارس، تورک و عەرەب نییە و لەوەش ژیرانە تێدەگا ئەگەر کورد لە نەسلی یەکێکیان بێ کێشە بۆ ناسنامەیان ساز دەبێ، هەرچەند پێناسەکردنی کورد بە نەژادی ئاریایی هەمان کێشەی مەعریفی بۆ کورد ساز دەکا کە مەترسیی سڕینەوەی ناسنامەی بەدواوە دێت.

دیارە قۆناغی سازبوونی ژێکاف و حکومەتی ٣٣٠ ڕۆژەی کۆماری کوردستان بە ناوەندیەتیی مهاباد هەم لە ناوخۆی کوردستان گرنگیی بیرکردنەوە لە ناسنامەی ساز کردووە و هەم لە ناوەندی ئێران زیاتر باس لە مەسەلەی کورد کراوە. بەرەبەرە ستراتێژیی فروغی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد هاوکات لەگەڵ سەرکوتی بێڕەحمانە دەبنە دوو بناغەی سیاسەتی حکومەتەکانی ئێران کە تاکوو ئەمڕۆ درێژەی هەبووە. غولامڕەزا ڕەشید یاسەمی (١٨٩٦-١٩٥١)، کە خەڵکی گاوارەی کرماشانە، لە کتێبە ناودارەکەی خۆیدا کرد و پیویستگی تاریخی و نژادی او (١٩٤٧)، بە مەبەستی سەلماندنی بەردەوام بوونی قەومی کورد لە نەژادی ئێرانی، ئاماژە بەوە دەکا کە دەیەوێ کورد بە نەژادێکی پاک و شەریفەوە گرێ بداتەوە: “کورد یەکێک لە شاخەکانی دارێکی هەرە کۆنی بەهێزی نەژادی ئێرانییە و هەمیشە لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا بە سەربەرزی و ڕێزەوە ژیاوە… وەفاداریی عەشیرەتە کوردەکان بۆ ئێران، چ ئەوانەی کە لە چیاکانی زاگرۆس و سەروەتری ژیاون و چ ئەوانەی کە لە پارس و شوێنەکانی دیکەی ئێران بوون، زۆر زیاتر لە عەشیرەتەکانی دیکەی ئێرانی نەژاد بووە. دەکرێ کوردستان وەکوو مەیدانێک سەیر بکرێ کە خوێنی ئێرانییە کۆن و نوێکان لەوێ و لەبەر ئێران تیایدا ڕژاوە.”[32]

ئیحسان نووری پاشا (١٨٩٢-١٩٧٦)، سەرکردەی ناوداری شۆڕشی خۆیبوون، لە کاتی ئاوارەیی لە تاران، کتێبێکی بە ناوی “تاریخ ریشە نژادی کرد” [مێژووی ڕەگ و ڕەچەڵەکی کورد، ١٩٥٤] دەنووسێ و لە پێشەکیی ئەم کتێبەدا باس لە ئامانجێک دەکا کە ئەوی هان داوە سەرەڕای ئەوەی مێژوونووس نییە، دەست بۆ قەڵەم ببات: “مەبەستم ئەمە نییە مێژووی کورد و کوردستان بنووسم، بەڵکوو ئەوەندەم گەرەکە خزمەتی قەومێکی ئێرانی نەژاد بکەم کە خەریکە لە لایەن نەژادەکانی دیکەوە لە نێو دەبرێت. هەر ئەوەندەم گەرەکە ئەم میللەتە ڕەشید و عەگید و زۆر لێ کراوە لە گومناوی دەرباز بکەم، نەیەڵم لە شەرەفی نەژادی ئێرانیی خۆی مەحروم بێ… میللەتێک [کورد] کە بەردی بناغەی شکۆداری ئێرانی هەر لە سەرەتاوە بە خوێنی پیرۆزی جەنگاوەرانی خۆی پێکەوە چەسپاندووە.[33] لە نووسینی هەر دوو نووسەری کورد بۆمان دەردەکەوێ کە کەڵکەڵەی نووسینەکانیان گرێدانی کورد و ئێران لە ڕووی نەژادییەوەیە. کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر هیچ کە توانیویەتی بوونی کورد وەخۆ بگرێ، لێرە بەدواوە لە ئامانجی سازکردنی هێژموونی کولتووریش نزیک دەبێتەوە، چونکە کوردەکان و بەتایبەت زانا کوردەکان بە مەیلی خۆیان تیۆریی نەژادی ئاریایی و ژیان لەسەر خاکی ئێرانیان پەسەند کردووە.

یەکێک لە سەرنجڕاکێش ترین تێزەکان کە کوردێک سەبارەت بە چەمکی ئاریایی پێشنیاری کردووە تیۆرییەکە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کتیبی مانیفیست تمدن دموکراتیک (٢٠٠٩) چوارچێوەکەی دیاری کردووە. ئەم بەرهەمە کە وەک کتێبێکی گرنگ و ناوەندی لە ناساندنی ئەندێشەی ئۆجەلاندا پێناسەی بۆ دەکرێ لە بەشی دووەمدا باسێکی تێر و تەسەڵ سەبارەت بە ئاریایی بوونی کورد و فارس لە ژێر ناوی مژارەکانی بڵاوبوونەوەی زمان و کولتووری ئاریایی پێشکەش دەکرێ. ئۆجەلان لە باسەکەیدا جگە لە مژاری زمان پێیوایە کە  دەبێ باس لە کولتووری ئاریایی بکرێ و دەبێژێ لە نێوان ١٠٠٠٠ تا ٤٠٠٠ ساڵ پێش لە زایین قۆناغی زێڕینی سەقامگیربوونی زمان و کولتووری ئاریاییە. بە باوەڕی ئەو “زمان-کولتووری ئاریایی ڕیشەیەکی ئەورووپایی و هێندی نییە، بەڵکوو پێچەوانەکەی ڕاستە.”[34] بە باوەڕی ئۆجەلان کولتووری ئاریایی سەرەتا لە کەوانەی بەپیتدا خۆی نیشان داوە و سەقامگیر بووە و دواتر بە شێوازی کولتووری (نەک مرۆیی) لە ٧٠٠٠ ساڵ پێش لە زایین بەرەو ئێران ڕۆشتووە و لە ٤٠٠٠ پێش لە زایین کاریگەرییەکانی لە هێند دەبیندرێ. “بە بەراوردی کولتووری ئاریایی لەگەڵ کولتووری چینی… بە شیمانەی زۆر کولتووری چینی کەڵکی لە کولتووری ئاریایی وەرگرتووە… گروپی کولتووری چینی و گروپی کولتووری سامی، نەیانتوانیوە تایبەتمەندی بەجیهانیبوون وەک کولتووری ئاریایی نیشان بدەن.”[35] بابەتێکی گرنگی نووسینەکەی ئۆجەلان ئەوەیە کە لە جیاتی مژاری نەژاد باس لە کولتوور دەکا و پێیوایە کە “زمانە سەرەتاییەکانی کورد، فارس، ئەفغان [؟] بەلوچ” ناوەکی سەرەکی کولتووری ئاریایی ساز دەکەن کە دواتر لە ڕۆژهەڵاتەوە تا هیند و چین و لە ڕۆژئاواوە تاکوو ئەورووپا بڵاو بووەتەوە. لە ئاکامدا لێرەشدا کورد و فارس ئاریایین و پێکەوە لانکەی شارستانیەتی جیهان ساز دەکەن.

هەڵبەت هەر جۆرە سازکردنێکی هێژمونی، خۆی لە خۆیدا بەرەو سازکردنی ئایدیۆلۆژییەکی دژەهێژمونیش هەنگاو دەنێ. یەکێک لە بەرچاوترین هەوڵەکانی ئاکادێمیای کوردی لەو سەردەمەدا تێزی دوکتورای عەبدوڵڕەحمان قاسملووە. قاسملوو لە کتێبی کورد و کوردستان (١٩٦٢؛ یەکەم چاپی کوردی ١٩٧٣) لە بەشی یەکەمی فەسڵی دووەمدا و لە ژێر سەردێڕی ڕەسەنی کورد دەنووسێت: “نەتەوەی کورد دەچێتەوە سەر کۆنترین نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە بە لانکی شارستانیەتی کۆن دەناسرێ… هێندیک لە “مێژوونووسان” بەئەنقەست ڕاستییە مێژوویییەکان بەراوەژوو نیشان دەدەن، بۆ ئەوەی بەهێنانەوەی هێندێ بەڵگەی بێ ئەساس ئیسبات بکەن کە کورد لە ڕەگەزی سامییە یان تورکە. هێندێکی تر خزمایەتیی نێوان زمانی فارسی و کوردی و ئەوەی کە هەر دوو زمانەکە دەچنەوە سەر لقی زمانە ئێرانییەکان دەکەنە بەڵگەی ئەوە کە کورد بە فارس دابنێن. بەکورتی دان بە بوونی کورد وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ دانانێن و پەرەئەسەتاندنی مێژوو بەراوەژوو نیشان دەدەن. ئەمڕۆ زانست دەریخستووە کە کورد لە تۆرەمەی عەشیرەتەکانی زاگرۆسە… کە لە ڕۆژگاری کۆندا لە مەڵبەندی چیاکانی زاگرۆس نیشتەجێ بوون و لەگەڵ عەشیرەتەکانی (هیند و ئورووپایی) کە لە هەزارەی دووهەمی پێش زایینداد هاتوونە ئەو مەڵبەندە تێکەڵاو بوون.”[36]

ئەم جۆرە ڕوانینەی قاسملوو وەک خاڵێکی وەچەرخان سەیر دەکەم کە تیایدا نووسەر دژ بە تیۆریی ئاریایی دەوەستێ و هەوڵ دەدا سەرچاوەیەکی دیکە بۆ نەژادی کورد بدۆزێتەوە و لەم ڕێگەیەوە سەرەڕای تورک، عەرەب و فارس، ناسنامەی کورد لە ئێرانیش جیا بکاتەوە. هەروەها قاسملوو کە ئاگاداری گرنگیی سەربەخۆییی مەعریفی بۆ سازکردنی ناسنامەی کوردییە، باس لە خۆجێیی بوونی کورد لە ناوچەی زاگرۆس[37] دەکا و هەر لەم بەشەدایە کە لۆڕستان بە بەشیک لە کوردستان پێناسە دەکا.

ڕێکخستنەوەی ناسنامەی ئێرانی: ڕوخساری نوێی کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر

محەمەد قازی (١٩١٣-١٩١٨)، وەرگێڕی ناوداری کورد کە تەنیا بە زمانی فارسی تەرجەمەی دەکردەوە، دەبێژێ: “من خۆم لەسەر ئەم بڕوایەم کە هەر دوو بەشی کوردستانی عێراق و تورکیا دەبێ بخرێنە پاڵ ئێران. نەتەوەی کورد نەتەوەیەکە کە هێچ جۆرە پەیوەندییەکی نەژادی و زمانی و کولتووریی لەگەڵ تورک و عەرەب نییە، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەم نەژادەکەی لەگەڵ ئێرانییەکان یەکێکە و هەم زمانی کوردی لێکچوون و خزمایەتییەکی زۆر نزیکی لەگەڵ زمانی فارسی هەیە. وا بۆی دەچم کە زۆربەی هەرە زۆری هاوشارییەکانم لەگەڵ ئەم بیر و باوەڕە هاوڕا بن، چونکە بەتایبەت لە سەردەمی کۆندا هەر سێ بەشەکەی کوردستان بەشێک لە خاکی ئێران و سەر بە ئیمپراتۆرییەکانی هێخامەنێشی و ساسانی بوون.”[38] ئیبراهیم یونسی (١٩٢٦-٢٠١٢) وەرگێڕ و یەکێکی تر لە فارسینووسە ناودارەکانی کورد باس لەوە دەکا: “دەوڵەتەکان پارە و وزەیەکی زۆر بەکار دێنن، کاتی بۆ تەرخان دەکەن و پێوەی ماندوو دەبن تا گروپێکی هاوڕا لەناو وەڵاتێکدا ساز بکەن کە دژایەتیی سیاسەت و سەربەخۆییی ئەوانی کردووە و مەبەستیان ئەوەیە سەرنجی ئەم گرووپە بۆ لای خۆیان ڕابکێشن؛ دەوڵەت و نەتەوەی ئێران بێ ئەوەی هیچ پارە و وزەیەکیان خەرج کردبێ هێزێکی یەکگرتوو و هاونەژادی خۆیان بە ناوی خەڵکی کورد، لە تورکیا و عێراق، هەیە کە خۆیان بە ئێرانی دەزانن و شانازی بە ئێرانی بوونی خۆیانەوە دەکەن و بە لە کیس دانی پارە و لەناوچوونی مرۆیی لە هەمبەر کولتووری تورکی و سامی، بەرگرییان لە کولتووری ئێرانی کردووە و دەیکەن… لە کاتێکدا بەپێی هەر لۆژیکێک و بەگوێرەی هەر سیاسەتێک، ئێران مافی هەیە و دەبێ پشتیوانی لە خەڵکی کورد بکا. ئەوە چۆنە کە تورکیا هەر تورکێک – لە هەر شوێنێکی دونیا – بە هاووڵاتیی خۆی دەزانێ و پێان دەڵێ کە یەکگرن، لە زانکۆکانی تورکیا جێی تایبەت بۆ منداڵەکانیان تەرخان دەکا… بەڵێ! تەنانەت بۆ “ئازەربایجانییەکانی ئێمە!”… و دەشبینی کە لەبەر ژمارەیەکی کەم تورک هێرش دەکاتە سەر دوورگەی یۆنانیی قێبرس، بەڵام ئێران نابێ بڵێ کە ئەمانە [کوردەکان] ئێرانین و لە کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا نابێ بەرگری لە مافەکانیان بکا؟”[39]

دەبینین کە هەر دوو نوخبەی کورد بە دوو شێوازی لێک نزیک و بە شێوەیەکی مەترسیدار خزمەت بە کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر دەکەن. قازی پێشنیاری ئەوە دەکا، لەبەر ئەوەی نەژادی کورد ئێرانییە، دەبێ ئێران پارچەکانی دیکەی کوردستانیش وەخۆ بگرێ. یونسیش کە سەرەتا بە گلەیی لە بیرۆکەی فروغی دەست پێ دەکا کە لە سەرەتای ئەم وتارەدا هێنامانەوە و پێی وایە ئێران نابێ کورد وەک دوژمن سەیر بکا و تەنانەت بوونی کوردەکان لە پارچەکانی دیکە، و هەر بەوگوێرەیە لە وڵاتانی دراوسێی ئێران، بە مانای بەرگری کردن لە کولتووری ئێرانی لەهەمبەر کولتووری سامی و تورکی دادەنێ. واتە، بە مەترسییەکی زیاترەوە و ناڕاستەوخۆ، پلانی هێژموونیی کولتووری بۆ ئێران و دەستێوەردان لە کاروباری پارچەکانی تر بۆ دەسەڵاتدارانی ئێرانی دادەڕێژێت.

لە ئەنجامی ئەم هێژموونییەدایە کە ئێران سەرەڕای هەموو ئەو تەنگ و چەڵەمانەی کە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان سازی کردووە، دیسانەوە بەرپرسانی باشووری کوردستان بە باوەشی ئاوەڵاوە کولتووری ئێرانی پەرە پێ دەدەن. لە یەکێک لە دوایین نموونەکانیدا ئامادەکاری بۆ نفوزی زیاتری زمانی فارسی لە هەرێم دەکرێ. هاوکات لەگەڵ ئەو ڕیفۆرمانەی لە هەرێمی کوردستان بۆ بواری خوێندنی باڵا کراوە، گرنگی بە زانین و فێرکاریی زمانێک جگە لە زمانی کوردی بۆ ئاکادێمیسییەن، توێژەر و خوێندکارەکان وەک یەکێک لە بابەتە هەرە پێویستەکان سەیر کرا. دوابەدوای ڕاپەڕینی باشووری کوردستان و سازبوونی پارڵەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ زمانی کوردی وەک زمانی خوێندن پەسەند کرا و هەر لەو کاتەوە نەوەی نوێ لە زانکۆکان کەمتر توانیویەتی کەڵک لە زمانی فەرمیی پێشووتر کە عەرەبی بوو وەرگرێ. لە پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆنی باشوور نزیکبوونەوە لە ڕۆژئاوا بایەخی زۆری پێ دراوە و هەر بۆیە زانینی زمانی ئینگلیزی زۆر زیاتر لە جاران گرنگییەکەی هەست پێ دەکرێ. هەر بۆیەش بۆ هەموو دەرچووانی قۆناغەکانی ماستەر و دوکتۆرا و هەروەها بۆ بەرزبوونەوەی پلەی زانستیی مامۆستاکانی زانکۆ، دەرچوون لە یەکێک لە تاقی کردنەوە باوەڕ پێ کراوەکانی زمانی ئینگلیزی وەک یەکێک لە مەرجە گرنگەکان لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە ڕاگەیاندراوە. جێبەجێ کردنی ئەم بڕیارە لە لایەن بەشێکی بەرچاو لە مامۆستاکانەوە، وەک کارێکی ئەستەم سەیر دەکرا و هەر بۆیەش ناڕەزایەتییەکی بەربڵاوی لێ کەوتەوە. یەکێک لە بەرەوڕووبوونەوەکان لەگەڵ ئەم بڕیارە، داواکاریی مامۆستاکانی بەشەکانی زمان و ئەدەبی کوردی لە هەموو زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بوو کە بەڵگەیان دەهێنایەوە ئەوان پێویست ناکا زمانی ئینگلیزی بزانن، بەڵکوو باشتر و پێویستترە کە توانستی زمانی فارسیی ئەوان تاقی بکرێتەوە. هەر بۆیەش لە مانگی ئاگۆستی ساڵی ٢٠١٩ وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بڕیاری دەرکرد کە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دوکتۆرای زمانی کوردی دەتوانن لە تاقیکردنەوەی ستانداردی زمانی فارسی (سامفا SAMFA)[40] لە یەکێک لە زانکۆ باوەڕ پێ کراوەکانی ئێران بەشداری بکەن و لەو ڕێگەوە نازناوی زانستییان بەرز ببێتەوە.[41] ئەوەی لێردا جێی سەرنجە، چۆن شارەزایانی زمانی کوردی لە زانکۆکانی وڵاتێک جگە لە ئێران بەو قەناعەتە گەیشتوون کە زمانی فارسی ڕێک هەمان ئەو زمانەیە کە پێویستە و باشترە ئەوان بیزانن هەتاکوو ئاستی زانستیی ئەوان لە بواری زمان و ئەدەبی کوردیدا پێی بەرز ببێتەوە؟

بەڵام چی بووەتە هۆی ئەوەی کە لە کۆتایی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم، لەگەڵ ئەوەیدا کە تیۆریی ئاریایی لە دنیادا شکەستی هێناوە و ئیتر بەدەگمەن قسەی لەسەر دەکرێ و زیانەکانی بە وردی دەستنیشان کراوە، دیسان بیرۆکەی ئێرانی بوون بتوانێ بەهێزەوە خۆی نیشان بدا؟ بەهێز بوونی ئەم بیرۆکەیە بۆ دوو لایەن دەگەڕێتەوە: سەرەتا سازکردنی سەدان ئەنستیتۆ، گۆڤار و ناوەندی لێکۆڵینەوە بۆ پەرەپێدان بە مژاری فیکری ئێرانی؛ لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، کاتێک ئامریکا وەک یەکەم زلهێزی دونیا دەرکەوت، لە پاڵیدا زانکۆکانی ئامریکاش توانیان هەمان پێشەنگییان لە بواری زانستدا هەبێ و هەر بۆ سەپاندنی ئەم پێشەنگییە دەبوایە مۆدێلی ئامریکایی بۆ زانستی مرۆیی جێگای مۆدێلە پێشووترەکانیان بگرتایەوە. لەم ڕووەوە لێکۆڵینەوەی هەرێمی ساز دەبێ و لە هەمان کاتدا کە بواری نوێی لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەر هەڵدەدا، بواری لێکۆڵینەوەی ئێرانیش وەک لقێکی ئەم بوارە سەیر دەکرێ و دەیان بەش لە زانکۆ باشەکانی ئامریکا و ڕۆژئاوا بۆ توێژینەوە لەسەر ئێران تەرخان دەکرێن. هەر بەپێی ئەم دابەشکارییە نوێیە بواری لێکۆڵینەوەی کوردی یان کوردۆلۆژی وەک لقێکی لێکۆڵینەوەی ئێران هەڵسووکەوتی لەگەڵدا دەکرێ. مەبەستیش ئەوەیە ئەگەر خوێندکار یان توێژەرێک بیهەوێ لەسەر بەندبێژی لە ئامەد، هاتنی ئیسلام بۆ مێردین، سۆفیگەری لە بتلیس، شێوازی مێعماری لە قەڵاتی هەولێر، شێعری جگەرخوێن، ئایینی ئیزدی، شانامەی کوردی، زاری هەورامی، بەیتی خەج و سیامەند و هتد. لێکۆڵینەوە بکات، بە شیمانەی زۆرەوە جگە لە چەند بەشێکی ئێرانناسی و ئەو بەشە کوردییانەی کە لە چوارچێوەی ئەو بەشانەدا کار دەکەن، جێگایەک بۆ خوێندن یان لێکۆڵینەکەی خۆی پەیدا ناکا. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەوڵەتی ئێرانیش خۆی لە کردنەوە و پشتگیری لە دەیان بەش لە جیهاندا دەورێکی کارای هەیە و لە ڕووی ماددییەوە سەرچاوەی داهاتیان دابین دەکا. کەواتە مەعریفەیەک کە دەربارەی کورد و کوردستان ساز دەبێ سەرەتا دەبێ لە بەشەکانی ئێرانناسی یان لێکۆڵینەوەی ئێراندا پەسەند بکرێ، لە ژورناڵەکاندا هەڵسەنگێنەرە ئێرانی یان ئێرانناسەکان تاوتوێی بکەن و ڕێگەی بدەن کە چاپ و بڵاو ببێتەوە. ئەمە هەمان مێکانیزمی دەسەڵات/زانستە کە ئەو ئیمکانە بۆ ئێرانییەکان دەڕەخسێنێ زۆر زیاتر لە تورکەکان یان عەرەبەکان بتوانن مێکانزیمەکانی سازکردنی مەعریفەی کوردی کە کورد خۆی بەرهەمی هێنابێ کۆنتڕۆڵ بکەن، بە لای بیرۆکەی ئێرانی بووندا بیشکێننەوە و ئەو بابەتانەی کە لە دووتوێی ناسنامەی ئێرانیدا ناگونجێ و لە بەرژەوەندیی ناسنامەیەکی سەربەخۆی کوردیدایە لە ئاکادێمیا دەریهاوێژن و وەک بابەتێکی نازانستی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکەن و لەبەر چاوی نەگرن.

هەنووکە ئاکادێمیای ئێرانی بۆ هێشتنەوەی پەیوەندییەکانی سوڵتە بەوە گەیشتووە کە هەندێک تیۆریی وەک نەژادی ئاریایی یان زمانەکانی هێند و ئەورووپایی چیتر ناتوانێ مەشڕووعییەت بۆ کۆلۆنیالیزمی وەخۆگری ئێرانی ساز بکا، هەر بۆیە دەتوانین باس لە لایەنی دووەمی بەهێزبوونەوەی بیرۆکەی ئێرانی بۆ نوێژکردنەوە و پڕ چەک کردنی بە چەندین تیۆری سازکراوی نوێ لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا بگەڕێنینەوە. لە درێژەدا بەکورتی ئاماژە بە دوو تیۆریی سەرەکی ئەم باسە دەکەم: (١) تیۆریی ئێرانی مەزن (The Greater Iran): ڕیچارد فرای بەم شێوەیە پێناسە بۆ ئێرانی مەزن دەکا کە “قەفقاز، عێراق، ئەفغانستان، پاکستان و ئاسیای ناوەندی لەخۆ دەگرێ و کاریگەرییە کولتوورییەکەی هەتا چین و ڕۆژئاوای هێند پەرە دەستێنێت… ئێران هەموو خاک و خەڵکێکی ناوچەکە دەگرێتەوە کە تیایدا بە زمانە ئێرانییەکان قسە کراوە و دەکەن. ئێران ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە لە ڕابردوودا کولتووری فرەڕەهەندی ئێرانییان هەبووە.”[42] ئەم تیۆرییە ڕەنگە زۆرترین بەکارهێنەری لە ناو ئێران و دەرەوە هەبێ. ئێنسێکلۆپێدیای ئیرانیکا دەقاودەق بە مەبەستی خزمەت و پەرەپێدان بەم تیۆرییە لە زانکۆی کۆلۆمبیا لە ئامریکا دامەزراوە و هەزاران سەرەبابەتی زانستییان بەپێی ئەو ئایدیۆلۆژییە بەرهەم هێناوە.[43] ئەوەی کە لەم ئێنسێکلۆپێدیایەدا گرنگییەکی زۆری هەیە باس کردن لە بەردەوامیەتیی کولتووری ئێرانییە (Iranian Cultural Continent)[44] و دەیانەوێ نیشانی بدەن هەرچەند لە ئێران دەیان خاندان و بنەماڵەی پاشایەتی فەرمانڕەوا بوون، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە کولتووری ئێرانی توانیویەتی لە هێرشەکانی ئەسکەندەر و یۆنانییەکان، عەرەب و ئایینی ئیسلام و مغۆلەکان و هتد. تاکوو ئەمڕۆ بەردەوام بێت و ناوەکی خۆی بهێڵێتەوە. دالی سەرەکی بۆ ئەم ئایدیۆلۆژییە بەردەوام بوونە و هەر بۆیە نووسەرانی کتێبی ئێرانی هەرمان: بەردەوامیەتی و پەشێوی پێیان وایە کە “ئێران نە وڵاتێکە وەکوو وڵاتەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نە لە هەمان بەستێنی درواسێکانیشیدا دەتوانین لێی تێبگەین. ڕەنگە ڕێبەری ئێران بۆ مافی خۆی بۆ فەرمانڕەوایی بەپێی ئیسلام لە ئێران پاساو بهێنێتەوە، بەڵام ناسنامەی ئێرانی زۆر قووڵترە. هەموو درواسێکانی ئێران سەربەخۆییی خۆیان لە سەدەی بیستەمدا بەدەست هێناوە یان لە چەند ناوچە لەگەڵ یەک پێکهاتوون، بەڵام ڕیشەی ئێرانییەکان وەکوو یەک نەتەوە بۆ چەندین سەدە پێش لە ئیسلام دەگەڕێتەوە.”[45] تێزی ئێرانشەهری سەیدجواد تەباتەبایی لە هەمان چوارچێوەی ئێرانی مەزندا بە ناڕوونی باس لە لایەنی بەردەوامیەتی کولتووری ئێرانی لە مێژوودا دەکا و پێیوایە ناسنامەی نەتەوەیی لەسەر بنەمای ئەندێشەی ئێرانشهەری پێش لە سازبوونی نەتەوە لە ئێراندا بوونی هەبووە؛ ئەندێشەی ئێرانشەهری دوو بەشی مێژوویی ئێران، واتە سەردەمی دێرین و سەردەمی دوای ئیسلام لێک گرێ دەداتەوە و لەم ڕێگەوە بەردەوامبوونی مێژوویی و کولتووری ئێران دەپارێزێت.[46]  حەمید دەباشی لە تیۆرییەکی سەیر و سەمەرتردا سەبارەت بە ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی ئیستایدا دەیەوێ بڵێ کە کولتووری ئێران تایبەتمەندییەکی جیهان نیشتمانی (cosmopolitan) هەیە کە ڕیشەی لە مێژووی ئێراندایە و تەنانەت لە چوارچێوەی کولتووری ئێرانیدا بەکارهێنانی هەندیک دووانەی وەک ئیسلامگەرایی/سێکۆلاریزم و نەریتی/مۆدێەن کارێکی هەڵەیە. دەباشی لە ئاکامدا بەو دەرەنجامە دەگا کە هەستی جیابوونەوەی کوردەکان و نەتەوەکانی دیکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەوان لە ژێر دەسەڵاتی مۆنارشی فارسیزمی پەهلەوییەکان و ئیسلامەگەرایی مەلاکانی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی سیستەماتیک لە مافەکانیان بێبەش کراون و ئەمەش لەبەر هۆکاری ئەوە بووە تایبەتمەندی جیهان نیشتمانی ئێران حاشای لێ کراوە.[47]

(٢) هەرێم یان کۆمەڵگای پێرشینییەت (The Persianate Zone or The Persianate Society)؛ بۆ یەکەم جار مارشاڵ هاجسەن (١٩٢٢-١٩٦٨) ئەم چەمکەی بۆ ئاماژەدان بۆ هەرێمێک سازی کرد کە بە دەوری زمانی فارسیدا تیایدا کولتووریکی تایبەت ساز بووە.[48] ئێرانییەکان هەر لەمە کەڵک وەردەگرن و انجمن مطالعات جوامع فارسی زبان (The Association for the Study of Persianate Societies) ساز دەکەن و لە چاپەمەنیی بریل ژورناڵێکی سەربەخۆی تایبەت بە خۆیانیان هەیە. لە نێوان ئەم بیرۆکەیە و بیرۆکەی ئێرانی مەزندا نزیکایەتیی زۆر هەیە، هەرچەند لەمەدا ئیتر بەئاشکرا گرنگی و سەروەریی زمانی فارسی نیشان دەدرێ. هەستیاری لەسەر ئەم بابەتە تا ڕادەیەکە کە ئێحسان یارشاتێر (١٩٢٠-٢٠١٨) کە بۆ ماوەی زیاتر لە پەنجا ساڵ بەڕێوەبەری ئێنسێکلۆپێدیای ئێرانیکا بوو، دەبێژێ لە ئینگلیزیدا نابێ بنووسرێ یان بگوترێ فارسی (Farsi) بەڵکوو دەبێ لە هەمان وشە زمانی پێرشن (Persian Language) کەڵک وەرگرین، چونکە ئەو زمانە هی قەومی فارس نییە و بۆ نەتەوەی ئێران دەگەڕێتەوە.[49] ئەمساڵ لایەنگرانی ئەم بیرۆکەیە کتێبێکیان بە ناوی جیهانی پێرشینییەت: سنوورەکانی زمانی هاوبەشی ئوراسیا چاپ کرد. نووسەرانی هەوڵیان داوە کە لە چین، بەنگال، پەنجاب، هیند و ڕووسیا و سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانی و هتد. نموونەکان لە دەسەڵاتی زمانی پێرشن بهێننەوە. سپونەر لە پاشکۆیەکدا لە ژێر ناوی “هەزارەی پێرشینییەت” نووسیویەتی ئاماژە بەوە دەکا “پێرشن [فارسی] زمانی نیشتمانیی ئێرانی مۆدێڕنە و دەورێکی بێ وێنەی لە مێژووی جیهاندا هەبووە. لە سەدەی نۆیەمەوە، کەمتر لە دوو سەد ساڵ پاش سەرکەوتنەکانی عەرەب – ئیسلام، زمانی فارسی بوو بە زمانی ستاندارد بۆ کاروباری حکومەت، ئیدارە، تەجارەت، ئەدەبیات و تەنانەت بۆ ڕاڤەی ئایینییش کەڵکی لێ وەردەگیرا.”[50]

دەرەنجام

ناسینی ئەو مێکانیزمانەی کە کۆلۆنیالیزمی وەخۆگری ئێرانی کەڵکی لێ وەردەگرێ تاکوو سوڵتەی نەتەوەی فارس بە سەر نەتەوەی کورددا هەمیشەیی بێ، یارمەتیدەرمانە هەتا لە کاتی بەرپەرچدانەوە و خەباتدا بتوانین دژ بە فرت و فێڵەکانیان بوەستین، ڕێگا نوێکانی خەبات تاقی بکەینەوە و لە هەمان کاتیشدا بزانین ئەو سنوورانە کامانەن کە ئەگەر تێیانپەڕینین لەگەڵ کولتووری ساختەی ئێرانیدا تێکەڵاو دەبین. ئێمەی کورد لە قۆناغی کۆلۆنیالیزمدا دەژین، واتە بۆ ڕزگاری پێویستە دژ بەم کۆلۆنیالیزمە بوەستینەوە کە خوازیاری وەخۆگرتنی بوونمانە. هەرچەند لە دوای ڕزگاریش ئاسەوارە نەگریسەکانی ڕەنگە تا دەیان ساڵ دەست لەسەرمان هەڵنەگرێ. ئیستا چەندین ملیۆن کەس لە رۆژهەڵات دەژین کە بە هۆی سیاسەتە ئاڵۆزەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە نازانن و ناتوانن بە زمانی کوردی بخوێننەوە و بنووسن. ئێرانییەکان لە ڕێگەی گۆڕانی زەوقی کوردەوە دەستکاریی دەزگای جوانیناسیی ئێمەیان کردووە. بە فۆلکلۆر نیشان دانی موسیقای کوردی، بەهێز کردنی ئەو دامودەزگایانەی کە بۆ فێرکاریی موسیقای ئێران تەرخان کراون، پشتیوانی لەو گروپانەی کە ئامێری ئێرانی/فارسی بەکار دێنن (وەکوو تار و سێ‌تار، سەنتوور، نەی)، لەمپەر سازکردن بۆ گەشەی زانستیی موسیقای کوردی لە زانکۆکان و فێرگەکان، بڵاوکردنەوەی موسیقای نزم و ساختەی کوردی لە میدیاکانیانەوە، ژەنینی ئامێری کوردی لەگەڵ شیعری فارسی (بۆ نموونە ئامێری تەممورە کە بۆ ڕێوڕەسمی ئایینی یارسان تەنیا لەگەڵ شێعری کوردیدا کەڵکی لێ وەرگیراوە) بەشێک لەو مێکانیزمانەن کە زەوقی نەتەوەییی کوردیان پێ تێکداوە.[51]

وەک هەموو خەباتێکی دژەکۆلۆنیالیستی تەنیا رێگەچارە دابڕان لەو سیستەمەیە کە لە هەموو ئاستەکاندا مرۆڤی سەر بە نەتەوەی ژێردەست ملکەچی ویست، بەرژەوەندی و بەهاکانی نەتەوەی سەردەست دەکا. کۆلۆنیالیزمی وەخۆگری ئێرانی کاری خەبات لە ڕۆژهەڵات دژوارتر لە پارچەکانی دیکە دەکا. چونکە کاتێک ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی دەیەوێ سنوورەکانی نەتەوەی کورد لەگەڵ نەتەوەی فارس دەستنیشان بکا، کێشەی بۆ ساز دەبێ. چەمکی ساختەی ئێران هەموو تایبەتمەندییە کولتوورییەکانی کورد وەخۆ دەگرێ و لە ڕۆحی کوردی دایاندەماڵێ. بۆ نموونە ئەگەر کردنەوەی ئاگر بۆ دەستپێکی نەورۆز لە پارچەکانی تری کوردستان دەبێتە هێمایەکی نیشتمانی بۆ بەرخۆدان، بەڵام لە ڕۆژهەڵات فارسەکان دەڵێن ئەم جەژنە هی هەموو ئێرانییەکانە. هەر بۆیە ئەگەر ڕەقیبمان دەوڵەتی ئێران بوو دەنگ ئەوەندە دلێر نابێ کە پڕ بە قورگ هاوار بکەین “جەژنە جەژنی کوردستانە جەژنی نەورۆزە/ بە تیشکی ئاگر دەنووسم جەژنە پیرۆزە” چونکە کەمێک ئەولاتر مرۆڤی کۆلۆنیالیست دێت و جەژنە پیرۆزەی نەورزۆی ئێرانیت لێ دەکا.

سەرچاوەکان

[1] اسمعیل اردلان، “در آغوش پر مهر و محبت خود کردستان را هم جای دهید،” نامە هفتگی کوهستان ٥٣ (٢٩ آوریل ١٩٤٦) ١.

سەرجەم ژمارەکانی نامە کوهستان لەم سەرچاوەی خواورەوەدا چاپ بووە:

نامە هفتگی کوهستان (شمارە ١-٨٤)، بە کوشش صدیق صالح و رفیق صالح (سلێمانی: بنکەی ژین، ٢٠١٠.

[2] Robert Olson, The Emergence of Kurdish Nationalism and the Sheikh Said Rebellion (1880-1925) (Austin: University of Texas Press, 1989) conclusion chapter.

[3] محمدعلی فروغی، سیاست‌نامەی ذکاءالملک: مقالەها، نامەها، و سخنرانیهای سیاسی، بە اهتمام ایرج افشار و هرمز همایون‌پور (تهران: کتاب روشن، ١٣٨٩) ١٢٢-٣٠.

[4] هەمان سەرچاوەم ١٢٩-١٣٠؛ (پێداگرییەکانی ناو دەقەکە هی منە نەک فروغی).

[5]سارۆ ئەردەڵان، “کوردایەتی دژ بە کۆلۆنیالیزمی نێوخۆییە”، گۆڤاری تیشک ٥١ (بەهاری ٢٠١٩): ٣٦-٤٥.

[6]کەمال سولەیمانی و ئەحمەد محەمەدپور لە وتارێکی گرنگدا باس لە شێوازەکانی کپکردن و سڕینەوەی نەتەوە غەیرەفارسەکان لە ئێران دەکەن:

Kamal Soleimani and Ahmad Mohammadpour, “Can non-Persians speak? The sovereign’s narration of “Iranian identity”,” Ethnicities (June 11, 2019), Online access with https://doi.org/10.1177/1468796819853059

[7] MostafaVaziri, Iran as Imagined Nation: The Construction of National Identity (New York: Paragon House, 1993) 1-11.

[8] T. J. Jackson Lears, “The Concept of Cultural Hegemony: Problems and Possibilities,” The American Historical Review 90 (1985: 3).

ئەم چەمکە بەپێی شێوزی ڕوانینی گرامشی بۆ هیژمونی و کولتوور ساز کراوە و لە ڕاستیدا ئەو لە جیاتی نەتەوە باس لە چینی فەرمانڕەوا دەکا.

[9] رضا ضیاء ابراهیمی،پیدایش ناسیونالیسم ایرانی: نژاد و سیاست بی‌جاسازی، ترجمە حسن افشار (تهران: نشر مرکز، ١٣٩٦)، ٢٦٠-٢٧٣.

[10] Welat Zeydanlıoğlu, “Turkey’s Kurdish language policy,” International Journal of the Sociology of Language 217 (2012),

[11] Achille Mbembe, On the Postcolony (Berkeley and Los Angeles: University of California Press), 128-133.

[12] Mikhail Bakhtin, Problems of Dostoevsky’s Poetics, ed. And trans. Caryl Emerson (Minneapolis: University of Minnesota, 1999), 107-8.

 [13] Achille Mbembe, On the Postcolony, 133.

[14] Michel Foucault, “Prison talk,” in Power/Knowledge, ed. C. Gordon (Brighton: Harvester, 1980), 52.

[15] Johan Galtung, “After Camelot,” The Rise and Fall of Project Camelot: Studies in the Relationship between Social Science and Practical Politics, ed. Irving Louis Horowitz (Cambridge, Mass.: MIT Press, 1967), 296.

[16] اسدالله علم، یادداشتهای علم، ویرایش و مقدمە علینقی عالیخانی (تهران: انتشارارت مازیار، ١٣٨٣)، ١١٥-١١٦.

 [17]بهروز جعفر، “فرصتها و تهدیدها در روابط ایران و اقلیم کردستان عراق،” مصاحبە با خبرگزاری کردپرس (٢١ مرداد ١٣٩٨)، دسترسی ٥ سپتامبر ٢٠١٩ با لینک http://www.kurdpress.com/details.aspx?id=91153

[18] Ali Hamdi Alkhshali and Muwafaq Mohammed, “Attack on Iranian Kurdish opposition headquarters in Iraq,” CNN World (September 8, 2018) access at September 10 2019 with:

https://edition.cnn.com/2018/09/08/middleeast/iraq-attack/index.html

[19] Stefan Arvidsson, Aryan Idols: Indo-European Mythology as Ideology and Science, tr. Sonia Wichmann (Chicago: The University of Chicago Press, 2006) The American Historical Review

[20] رضا ضیاء ابراهیمی،پیدایش ناسیونالیسم ایران، ٢١٩.

[21] Reza Zia-Ebrahimi, “Self-Orientalization and Dislocation: The Uses and Abuses of the “Aryan” Discourse in Iran,” Iranian Studies 44 (2011: 4), 445-472.

[22] رضا ضیاء ابراهیمی،پیدایش ناسیونالیسم ایران، ٢٢٧.

[23] Mostafa Vaziri, Iran as Imagined Nation, 169-202.

[24] Ibid., 207-212.

[25]رضا ضیاء ابراهیمی،پیدایش ناسیونالیسم ایران، ٢٣٠.

[26] بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر جڤاتا هێڤی و هەروەها بڵاوکراوەی ڕۆژی نوێ بڕوانە:

مالمیسانژ، جڤاتا هێڤی تەلەبەیێ کوردان (١٩١٢-١٩٢٢)، وەرگێڕان زریان ڕۆژهەڵاتی (سلێمانی: بنکەی ژین، ٢٠٠٨)، ١٩٩-٢١٤.

[27] عەبدوڵڵا زەنگەنە، “پێشەکی،” کۆی ژمارەکانی ڕۆژی کورد (سلێمانی: بنکەی ژین، ٢٠٠٥)، ٨٦.

[28] کوردی [عەبدولکەریم سلێمانی]، “ئەسڵ و نەسەبی کورد،” ڕۆژی کورد ٤ (گۆڤاری جڤاتی “هێڤی”ی قوتابیانی کورد، ١٩١٣)، ١٨.

هەر چوار ژمارەی ئەم گۆڤارە لە دوو توێی کتێبدا چاپ بوون، بڕوانە:

ڕۆژی کورد، ئامادەکردن و لێکۆڵینەوە: عەبدوڵڵا زەنگەنە (سلێمانی: بنکەی ژین، ٢٠٠٥).

[29] م. ح [سەید محەمەد حەمیدی]، “نویسندگان فارسی بخوانند،” هاواری کورد ١ (١٩٤٥)، ١٨-٢٣.

ئەم ڕۆژنامەیە لە پاشکۆی ڕۆژنامەی نیشتماندا و لە دووی کتێبێکدا لە لایەن بنکەی ژینەوە چاپ بووە، بڕوانن:

نیشتمان (بڵاوکەرەوەی بیری کۆمەڵەی ژ. ک)، ئامادەکار: عەلی کەریمی (سلێمانی: بنکەی ژین، ٢٠٠٨). ئەم وتارە لە لاپەڕەکانی ٣٧٧-٣٨٢ چاپ بووە.

[30] سدیق ساڵح، “پێشەکی،” ڕۆژنامەی کوردستان، ئامادەکردن: ڕەفیق ساڵح و سدیق ساڵح (سلێمانی: بنکەی ژین، ٢٠٠٧)، ٣٣.

[31] دڵشاد ڕەسووڵی، “تحریکاتی ئەو خائنانەی کە دەیانەوی ایران محوبیتەوە،” ڕۆژنامەی کوردستان ٥٠ (٦ جۆزەردان ١٣٢٥)، ١ و ٤.

سەرجەم ژمارەکانی ڕۆژنامەی کوردستان لە دووتوێی کتێبێکدا لە لایەن بنکەی ژینەوە چاپ بووە، بڕوانە:

 ڕۆژنامەی کوردستان، ئامادەکردن: ڕەفیق ساڵح و سدیق ساڵح (سلێمانی: بنکەی ژین، ٢٠٠٧) ٢٠٣ و ٢٠٦.

[32] غلامرضارشیدیاسمی، کرد و پیوستگی نژادی و تاریخی او (تهران: مجمع ناشر کتاب، ١٣١٦)، ٧.

[33] احسان نوردی، تاریخ ریشە نژادی کرد (تهران: چاپخانە سپهر، ١٣٣٣)، ٢-٣.

وەرگێڕانە کوردییەکەم لە حەمە کەریم حارف دەقاودەق وەرگرتووە، بڕوانە:

ئیحسان نوری پاشا، مێژووی ڕەگ و ڕەچەڵەکی کورد، وەرگێڕانی حەمە کەریم عآرف (سلێمانی: چاپەمەنی سایە، ٢٠٠٨)، ٢٩-٣٠.

[34]  عبدالله اوجالان، مانیفیست تمدن دموکراتیک: مسائل گذار از مدرنیتەی کاپیتالیستی و روند دموکراسی، برگردان: آ. کاردوخ (مرکز نشر آثار و اندیشەهای عبدالله اوجالان، ٢٠١٠) ٥٠.

[35]  هەمان سەرچاوەی پێشووو، ٥٢-٥٣.

[36] عەبدوڵڕەحمان قاسملوو، کورد و کوردستان، وەرگێڕانی عەبدووڵڵا حەسەنزادە (هەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژهەڵات، ٢٠١٤)، ٣٧-٣٨.

[37] بۆ ئاشنابوون لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی ناوچەی زاگرۆس و گرنگییەکەی لە سازکردنی ناسنامەی سەربەخۆ بۆ کورد بڕوانە:

شاهۆ زەنگەنە، “تیۆریی زاگرۆس: چۆن بیر لە کوردستانی فەرهەنگی دەکەینەوە؟،” گۆڤاری تیشک ٥١ (بەهاری ٢٠١٩)، ١٠-٢١.

[38] محمد قاضی، “مقدمە،” کرد و کردستان، واسیلی نیکیتین، ترجمە محمد قاضی (تهران: انتشارات نیلوفر، ١٣٦٧)، ١٣-١٤.

[39]ابراهیم یونسی، “مقدمە،” تاریخ معاصر کرد، دیوید مکداول، ترجمە ابراهیم یونسی (تهران: نشر پانیذ، ١٣٨٣)، ٢٤-٢٥.

[40] بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم ئەزموونە کە بە شێوازی ئەزموونی تۆفێل و ئایێڵتس بەڕێوە دەچێ سەردانی سایتی ڕەسمی سازمان سنجش بکەن:

http://www.sanjesh.org/group.aspx?gid=15

[41] نامەکە لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان – عێراق، فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان، بەڕێوەبەرایەتی زانستی بۆ هەموو زانکۆ و پەیمانگا حکومی و ئەهلییەکان نێردراوە. ژمارەی نامە: ١١٧٦٣ و ڕێکەوتی ١٨/٨/٢٠١٩ لەسەر نامەکە نووسراوە. دەقی نامەکە بەم شێوەی خوارەوەیە:

ب/ بڕوانامەی توانستی زمانی فارسی

ڕێز و سڵاو…

سەبارەت بە ڕەزامەندی لە سەر بەکارهێنانی بڕوانامەی توانستی زمانی فارسی بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای زمانی کوردی بۆ بە دەستهێنانی نازناوی زانستی، تەنها تاقیکردنەوەی ستانداردی (سامفا SAMFA) پەسەند دەکرێت، هەر تاقیکردنەوەیەکی تر ئەنجام بدرێت لە لایەن وەزارەتەوە باوەڕپێکراو نابێت، و بۆ زانینی بەڕێزتان سەبارەت بەو بەڕێزانەی کە پێش ئەو گشتاندنە تاقیکردنەوەیان ئەنجامداوە و بڕوانامەکەیان لە لایەن زانکۆیەکی باوەڕپێکراوی ئێرانی سەرپەرشتی کراوە ئەوا دەشێت بۆ مەبەستی وەرگرتنی نازناوی زانستی بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست.

لەگەڵ ڕێزدا…

م. فوئاد علی سمایل

ی. بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان

[42] Richard N. Frye, Greater Iran: A 20th-Century Odyssey (Costa Mesa, California: Mazda Publishers, Inc., 2005), xi.

[43] ئەم ئێنسێکلۆپێدیایە بەشێکی زۆر لە کولتوور و ناسنامەی کوردی وەک بەشێک لە ئێران لە قەڵەم داوە و چونکە لە ئاستی ئاکادێمیکدا پێگەیەکی بەهێزی هەیە توانیویەتی کاریگەرییەکی نەرینی لەسەر توێژەرانی بواری لێکۆڵینەوی کوردی دابنێت، بڕوانە:

http://www.iranicaonline.org/

[44] Xavier de Planhol, “Iran i. Lands of Iran,” Encyclopædia Iranica, XIII/2, pp. 204-212, available online at http://www.iranicaonline.org/articles/iran-i-lands-of-iran (accessed on 1 September 2019).

[45] Patrick Clawson and Michael Rubin, Eternal Iran: Continuity and Chaos (New York: Palgrave MacMillan, 2005), 159.

[46]  سیدجواد طباطبایی، ابن خلدون و علوم اجتماعی (تهران: نشر ثالث، ١٣٩١)، ١٤١.

[47] Hamid Dabashi, Iran Without Bordrs: Towards Critique of the Postcolonial Nation (New York: Verso, 2016) in passim, spaciously see Introduction.

[48] Marshall Hodgson, The Venture of Islam: The Expansion of Islam in the Middle Periods (Chicago: The University of Chicago Press), 293-4.

[49]Ehsan Yarshater, “Persian identity in historical perspective, Iranian Studies 26 (1993: 1-2), 141-142.

[50] Brian Spooner, “Epilogue: The Persianate Millennium,” The Persianate World: The Frontiers of a Eurasian Lingua Franca, ed. Nile Green (Oakland, California: University of California Press, 2019),

[51] وەک نموونە بەشی موسیقای زانکۆی کوردستان (سنە) لە ساڵی ٢٠١٦ و لە ژێر ناوی “ژەنینی سازی ئێرانی” دامەزراوە و خوێندکار لە قۆناغی لیسانسدا وەردەگرێ کە فێری ڕەدیف و دەزگای ئێرانییان بکا. لەسەر ماڵپەڕی فەرمی ئەم بەشە هاتووە کە “ئامانجی ئەم بەشە فێرکاری و پەرەپێدانی موسیقای ئێرانی و پشتیوانی لەو توێژینەوانەیە کە سەبارەت بە موسیقای ناوچەکەن… بواری ژەنینی سازی ئێرانی یەکێک لە قۆناغەکانی لیسانسی خوێندنی باڵایە کە دەیەوێ بە کەڵک وەرگرتن لە موسیقای ڕەسەن و نەریتیی ئێران ژەنیار پەروەردە بکا.” بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە:

https://uok.ac.ir/fa/faculties/arts-and-architecture/departments/music.aspx

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان