ئارامتر بخوێنەوە!

کەلەبەری نێوان دوێنێ، ئەمڕۆ و سبەی

(بەشی دووەم)

سەلاح مەجید‌پوور


شەرتی یەکەمی بردەنەپێشی باسێکی پڕناوەرۆک و دەسکەوت بریتییە لە خۆلادان لە ناحەز خوێندەنەوه. ئەو وتارە ڕووی لە ڕێکخستنێکی تایبەتی نییە و هەڵسەنگاندنی ڕەوتێکی دەیان ساڵەیە. بەشی یەکەمی ئەو وتارە هەوڵێکە بۆ ناساندنی مۆدێلێکی پێکهێنانی گۆڕانکاری کە بۆ لێ وردبوونەوە و دانی ستراکتۆر بە باسەکەمان پێویستن کە بریتین لە: ستراتێژی، پێکهاتە، فەرهەنگ، کەرەسە، مرۆڤ و دەسکەوتەکان.



ئاوردانەوەیەکی کورت لە بەشی یەکەم

بەشی یەکەمی ئەو وتاره ناساندنی داڕشتەی ناوەرۆکی باسەکە بوو، هەروەها دەستنیشان کردنی ئاڵوگۆڕە زانیاری و تکنۆلۆژیکییەکان‌ و کاریگەرییان لە سەر بوارە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕەوانییەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی باس کرا.

ئەوە کە کورد لە کوێی ئەو وەرچەرخانە مەزنە جێگەی گرتووە؟ و یان دەبێ کامە نەخشەڕێگا بەرەو بەشداری و کەڵک وەرگرتن لەو ڕەوتە بە کار بێنێ؟ ئەو پرسیارە تازانە‌ن کە پێویستیان بە جوابی نوێ هەیە.

ڕاستیی مەیدانی و‌ کرداریی سیاسەت لە کوردستان نیشاندەری ئەوەیە کە وڵامی کۆنە بۆ ئەو پرسە نوێیە ئامادە کراوە و بەڕێوە دەچێ؛ کە لە ئەگەری درێژەدانی ئەو چەقین و مانەوەیە لە ڕابردودا، بەجێمان لە داهاتوومان بە نسیب دەکات. بۆ ئەو مەبەستە لە حەوت خاڵی جێاوازدا تێدەکۆشین کە سیاسەت لە کوردستان و ناوچەکەدا ئانالیز بکەین.

 لە بەشی یەکەمدا هەروەها خاڵی یەکەم یانی ستراتێژیی ڕەچاو کراو لە لایەن ڕێکخستنە کوردییەکان یانی سیاسەتی “قۆزتنەوەی هەل” خرایە بەر باس. لێرەدا ئەو ڕاستییە دەستنیشان کرا، کە‌ لە ١٥٠ ساڵی ڕابردوودا ئەو ستراتێژییە لە لایەن هەموو هێزە کوردییەکانەوە بێ جێاوازی ڕەچاوکراوە. بەکردەوەکردنی ئەو ستراتێژییە هەتا ئێستا نەبۆتە هۆی وەد‌یهێنانی بەرهەمێکی دەسگر و بەرچاو لە بوارە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵگای کوردستاندا. ڕاست و دروستیی هەر ستراتێژییەک بە دەستەبەرکردنی نەتیجەوە بەندە و فاکتەری تەمەنی ڕێکخراوەیی و ڕێبەری ناسراو، شەرعییەت بە دروستیی ستراتێژیی پیڕەوکراو نابەخشێت. ئەگەر پێکهاتەیەکی سیاسی لە بەڕیوەبردەنی کۆمەڵگا، وەدەستهێنانی هێزی سیاسی وحکومەتیدا سەرکەوتوو نەبێ، بە مانای ئەوەیە کە لە سێچوکڵەی ویزیۆن (ڕوانگە)، هەدەف، و میسیۆنیدا، گرێیەکی هەیه و هەروەها لە سێ فاکتەری بنەڕەتی و پێویست وەک کات، هێز و شوێن، بۆ بەکرداری کردنی ستراتێژی لەنگی و ناهاوسەنگی هەیە.

لەوبەشە لە باسەکەماندا، تێدەکۆشین کە پێکهاتە و فەرهەنگ و ئەدەبیاتی زاڵ بەسەر ڕێکخراوەکاندا بخەینە بەر باس.


پێکهاتە:

ڕێکخستن بریتیە لە هاوکاریی کۆمەڵێک ئینسان بۆ وەدیهێنانی ئامانجگەلێکی دیاریکراو. بە بڕوای هێنری مینتزبێرگ، ڕێکخستنی سیاسی تەواوی تواناکانی له پێناو ودەست هێنانی دەستەڵاتدا ڕێکدەخات. هەر بۆیە ئەو پێناسەیه، ‌ڕیکخستنە کوردییەکانیش بە تەوای دەگرێتەوە.

بۆ باشتر تێگەیشتن لە پێکهاتە و شێوازی ئۆرگانیزە کردنی ڕێکخستنە کوردییەکان، پێویستە ڕاوە‌ستەیەکی هەر چەند کورت لە سەرچاوەی ئەو مۆدێلە ڕێکخستنییانە بکەین و بزانین بۆ گەیشتن بە کام ئامانجی سیاسی- ئیدئۆلۆژیک فۆرم دراون.

بێ کەم و زیاد پێکهاتە و‌شێوازی سازماندانی هەموو ڕێکخستنە کوردییەکان کۆپییەکی ڕاستەوخۆ لە مۆدێله مارکسیستییەکانی سەدەی بیستەمن‌.

گەلۆ چۆنە مۆدێلێکی ڕێکخستنی مارکسیسستی لە ڕێکخستنە کوردییەکان بە کار هێنراوە و گەشەی پێ داراوە؟

ڕێکخستنە سیاسییەکان، هاوپەیمانییەکن لە کۆمەڵێکی نوخبەی کورد بە پاشخانێکی بە هێزی کەلتووری – عەشیرەتی کە کەڵک لە کەرەسەیەکی مودێڕنی ڕێکخستنی وەردەگرەن، سەرۆکایەتیی بە هێز، هیرارژییەکی ‌کاریگەر، بەیعەتی ئیدئۆلۆژیک، جەزبی خۆیییەکان و دەفعی ئەوانیتر، ئەو خاڵە هاوبەشانەی نێوان فەرهەنگی ڕێکخستنی عەشیرەتی کوردی و سیستەمی ڕێکخستنی کۆمۆنیستەکانن‌، کە بوونەتە هۆی بەکارهێنانی ئەو مۆدێلە ڕێکخستنییە له لایەن ڕێکخراوە کوردییەکانەوە‌. هەروەها ڕێکخستنە کوردییەکان لە یەکەم ڕۆژی دامەزرانیانەوە، و‌تاری چەپی، لایەنی زاڵ بە سەر ڕوانگە و بیری سیاسییاندا بووە.

مۆدێلی بە کارهێنراوی ڕێکخستن لە کوردستان خاوەنی ئەو تایبەتمەندییانەیە:


دەزگایەک بۆئینسانسازی

ئەو مۆدێلە پێکهاتەیییە‌ لە بنەڕەت ڕا کەرەسەیەکە بۆ بەرهەمهێنانی هێزی پێشڕەو لە پێناو سازدانی شۆڕشی سۆسیالیستی و هەروەها قاڵبێکی ئیدئۆلۆژیکیی بەهێزە لە پڕۆسەی خو‌ڵقاند‌نی ئینسانی مارکسیستدا. کە لەودا ڕێکخستن، نوێنەری چینی کرێکارە. ڕێکخستنە کوردییەکان ئەو کەرەسەیان بە هەمان پێناسە ، میتود و چوارچێوە بۆ تەربیەت و پەروەردەی ‌هەڵسوڕاوان و کادرەکانیان بەکار هێناوە‌.


ئیدئۆلۆژی میحور

پیوندیی نێورێکخستنی، ئیدئۆلۆژی میحورە، کە لەودا وەفاداری بە فیکر و ڕێبەرایەتیی ڕێکخستنەکان، مەحەکێکی گرینگە بۆ مانەوە لە و چوارچێوە سیاسیانەدا.

ئەو شێوازە ڕێکخستنە لە خوڵقاند‌نی ڕوانینی ڕەش و سپی دیتنی جیهاندا، زۆر حەساس و بەهێزە‌. قودرەتی جەزب و ڕاکێشانی ئەو ڕێکخستنانە کەم، بەڵام گوزینشییە‌ و توانایەکی زۆریان هەیە لە تواندنەوەی تاک لە ڕێکخستندا. لە هەمان کاتدا خاوەنی میکانیزمێکی بە هێزە بۆ دەفعی ئەوانە‌‌ کە بە چاوی پرسیارگەر پڕۆسە سیاسییەکان هەڵدەسەنگێنن.


قالبسازی فیکری

 هەر پێکهاتەیەک بە فەرهەنگەکەیەوە پێناسە دەکرێ، کەلتووری زاڵ لە خزمەت بە سنووردارکردنی بیرکردنەوەی ئەو مرۆڤانەیە کە کاریان دەگەڵ دەکەن. هەروەها لە داڕشتنی قالب و چوارچێوەی فیکری بۆ هێزەکانیان زۆر داهێنەرن، کە لووتکەی قالباسازی و بەکارهێنانی لە ڕێکخستنەکانی کوردی لە تورکیا زۆر بە زەقی بەرچاو دەکەوێت. بەڵام ئەو فەرهەنگە کەم یان زۆر لە هەموو ڕێکخستنە کوردییەکاندا بە شێوەیەکی سیستماتیک ڕەچاو دەکرێت. چوونەدەر لەو چوارچێوانە زۆر جارانیش بێ سزا نییە. بەشێکی زۆری کێشە خوێناوییەکانی ناو و ناوبەر ڕێکخستنە کوردییەکان، دەگەڕێتەوه بۆ سەر سزادانی ‌ئەوانە کە چ بە تاک چ بە گروو‌پ، قاڵبەکانیان بەجێهێشتووە.


دوورکەوتنەوەی پێشڕەوان لە کۆمەڵگا

ئەو مۆدێلە ڕێکخستنە، بە هۆی هەستیار بوونی ژینگەی هەڵسووڕانیان، بە شێویەکی سیستماتیک و کۆنترۆڵکراو هیزەکانیان سازمان دەدەن و هەنگاو بە هەنگاو، هەڵسوڕاوانی کارامەی خۆیان لە کۆمەڵگا دوور دەکەنەوە. ئەوەش لە پێناو خوڵقاند‌نی توێژێکی “پێشڕەو” و خۆبەختکار دایە. یەکێ لە ئاکامەکانی ئەو سیاسەتە، دوور بوونەوەی هەڵسووڕی سیاسی لە ژینگەی خۆیەتی. لە سەردەمێکدا کە هەڵسوڕانی ڕێکخستن دەگەڵ لایەنی چەکدار تێکەڵ دەبێت، ڕێکخستنەکان نیگایەکی ئەمنییەتی بە سەریاندا زاڵ دەبێت و زۆر جاران دەبن بە بەشێک لە زنجیرەی تەداروکاتی شەڕ.

 گرفتی مەزنی ئەو شێوازە ڕێکخستنییە یانی خوڵقاندنی پێشڕەوان، هەمیشە بۆتە هۆی دەستەوەستانی و چاولەدەستیی کۆمەڵگا، یانی بووەتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگا چاوەڕوانی نەجاتدەرێک بمێنێتەوە.


بەرتەسک کردنەوەی ڕوانگە

 لەو شێوازە ڕێکخستنییەدا، فەرهەنگی ڕوانینی تاکڕەهەندی بە سەر پرۆسەی پەروەردەکردنی کادراندا زاڵە. لە ئاکامی ڕەچاوکردنی ئەو میتۆدەدا، پێکهاتەکان‌ تووشی کوێریی ئانالیز دەبن و لە دەستنیشان کردنی ڕێگای چارەسەرییەکان، بێ دەرەتان دەمێننەوە و تەنیا گرفتەکان دووپاتە دەکەنەوە‌‌ و لە ئاکامی خۆدوپاتەکردنەوهدا، وەڕەزی و ماندووییی ڕێکخستنی و داڕمانی هێز دەبنە بەرهەمەکانی پەیڕەو کردنی ئەو شێوازە.

لە پەنا ئەوانەدا، سیاسەت لێدراویی لەڕادەبەریش، یەکیک لە بەرهەمە ناحەزەکانی ‌ئەو چەشنە ڕوانینەیە. بۆ وێنە ئابووری هیچ جێگایەکی لە بیرکردنەوەیاندا نییە. و ئەگەر هەشیبێت، جگە لە دروشم و یان لێکدانەوەی پرۆپاگەندایی شتێکی دیکە بەولاوەتر ناڕوات، بەڵام بە سەدان لاپەڕە لە نوسین و وەرگێڕان لەسەر بوارە فەلسەفییەکان و چەمکە سیاسی و مێژوویییەکان بڵاو دەکرێتەوە کە لە گرینگ بوونیاندا هیچ گومانێک نییە، بەڵام جوابدەرەوەی‌ پێویستییە بەپەلەکانی کۆمەڵگا نین و تەنیا خۆراکی توێژێکی تایبەتن‌.

پەروردەی کادر بەشێک‌ لە ئەرکی ڕێکخستنە، کە لەودا سازدانی چوارچێوەی ڕوانین و بیرکردنەوە، کراوەتە ئەرکی سەرەکی. لەم دەلاقە فکری-‌ کەلتوورییەدا، تەنیا دو‌ لایەنی “دۆست” و “دوژمن” دیاری کراون. خەتی نێوان جیاکردنەوەی نێوان ئەو دوو ئیستلاحە، زۆر ناسکە و لە تێکدانی هاوسەنگیی پێوەندیی نێو و یان دەرەوەی ڕێکخستندا زۆر هەستیارە. ئەو شێوازە پەروردەیییە، دەگەڵ ڕاستیی هەڵسوکەوتەکانی کۆمەڵگادا نایەتەوە.

بە پێچەوانەی ڕوانگەی تاکڕەهەندیی “دۆست” و “دو‌ژمن”، ڕێکخستنی چوارچێوەی ڕوانینی کۆمەڵگا زۆر بەرینترە و مرۆڤەکان یەکتر وەک ڕەفیق، هاودەنگ، هاوپەیمان، حەریف، شەریک و هتد دەبینن‌، کە خۆگونجاندن لە مێشکی مرۆڤەکاندا پێکدێنێ و لە دانوسانی ئەرێنیی کۆمەڵایەتیدا هاندەرە. پەیڕەو کردنی چەمکە بەرتەسکەکانی ڕێکخستنی لە پەرەپێدانی ڕوانینی ڕەش و سپی و خوڵقاندنی کەشوهەوای ناسالمی سیاسی و کۆمەڵاتیدا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە و زۆر جار بەهانەیەک بوون بۆ خوێنڕیژیی ناوخۆیی.

ئەدەبیاتی ڕێکخستنی، ئاڵقەیەکە لە زەنجیرەیەکی پێکهاتەکاندا، کە پەیوندیی ڕاستەوخۆی بە کەلتووری حاکم بە سەر ڕێکخستنەکاندا هەیە. ئەو ئەدەبیاتە کەمتر ڕووی لە کۆی کۆمەڵگا و گشتە، بەڵکو زیاتر ڕووی لە کۆمەڵێکە کە لە چوار چێوەی ڕێکخستنەکەدایە، تایبەتمەندیی هاوبەشی ئەدەبیاتی هەموو ڕێکخستنەکان زمانی حەماسی و ئیحساسییە (شوڕشگێڕ، قارەمان، نەترس، شێرەکچ و شێرەکوڕ) کە لە ئاکامدا دەگەڵ سیاسەت کە ئەمرێکی مەعقوول و مەنتقییە نایەتەوە. ئەدەبیاتی حاکم لە درێژخایەندا یارمەتیدەرە دەبێت بۆ پسانی پەیوندیی مەعقوولی نێوان کۆمەڵگا و ڕێکخستن، چون هەموو کەس قارەمان و شۆڕشگێڕ و . . . نییە.



ئیرادەگەرایی

ڕێکخستنەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان لە بواری ڕوانین و پێکهاتەوە تەواو چەپین و تێکەڵاوێکی “ڕووسی – چینی”یان پێوە دیارە.

رێکخستنە کوردییەکان لە ئێران ستراتێژییە جەنگییەکانی مائو یانی “گەمارۆدانی شار لە گوندەکان ڕا”، “جێگیرکردنی هێز بە‌ لوولە ی تفەنگ” هەتا ئێستاشی دەگەڵ بێت پەیڕەو دەکەن، پێشینەی ئەو کاریگەرییە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکیی هەڵسوڕانی ڕێکخستنە کوردییەکان لە سازمانی ئینقلابیی حیزبی توودەی ئێران و هەروەها حیزبی توودەی ئێران لە دەستپێکی ٦٠ـەکانی سەدەی بیستەم[1]‌.

ئیرادەگەراییی متافیزیکی، بەشێکی تر لە سیستەمێکی ڕەوانییە کە لە پڕۆسەی‌ پەروەردەکردنی کادرانی ڕێکخستندا، خاوەنی جێگایەکی هەستیارە‌، پڕۆسەیەک کە لەودا ئیرادە بەسەر عەقڵدا زاڵە. ئینسانەکان هەست بە توانایەکی‌ لە ڕادە بەدەر دەکەن بۆگەیشتن بەو ئامانجانەی کە دیارییان کردووە. یەکێک لە گرفتە هەرە مەز‌نەکانی‌ ئەو چەشنە سازماندانە، بێگانە بوون لە کۆمەڵگایە و لە ئاکامدا دابڕانی تەواو‌ لە کۆمەڵگای بە دواوە‌یە. مەبەستی نەهاییی هەموو ئیرادەگەراکان، قاڵ کردن و تواندەنەوە کۆمەڵگا لە ڕێکخستندایە. ئەو ئیرادەگەرایییە کەم تا زۆر بە سەر هەموو ڕێکخستنە‌ کوردییەکاندا زاڵه. لە نێو ڕێکخستنەکانی ئاسیایییەکاندا، خمرە سوورەکان لە کامبوج و موجاهیدینی خەلقی ئێران، نموونەیەکی یەکجار بەرچاوی ئیرادەگەرایین کە لە ڕێکخستنێکی سیاسی ڕا گۆڕان بۆ فیرقەیەک.



مۆدێلێکی نوێی دینامیک

پێکهاتەی ڕێکخستنە سیاسیه کوردییەکان لە هەموو سەدەی بیستەم هەتا ئێستا، لە خەزمت پاراستنی نەزمی مەوجوودی ڕێکخستنیدا بووە و، تەنیا لە بەرامبەرخۆیاندا بەرپرسن ‌.

کاریگەریان لە پرۆسەژیان و گوزەرانی کۆمەڵگا زۆر کەم و یان هەر نەبووە‌. ئەو دابڕانە لە ژیانی کۆمەڵگا و پرسەکانی وەک پێناسە، پێکهاتە ، شێوازی هەڵسوڕانو بە تایبەیتی ویزیۆنیان لە پلەیەکی نەگۆڕ و چەقبستوودا ماوەتەوە‌.

ئەوەی که دەکرێ‌ جێگای سەرنجبێت ئەوەیە کە بە لە برچاوگرتنی ئەو گۆرانکاریە مەزنانەدا کە زۆر بە پەلە و بە پان و بەرینی هەموو جیهان لە گۆڕێ دان، کاتی ئەوە هاتووە کە ئاسۆ، ویزیونی سیاسی، ڕێکارەکان و ستراتێژییەکانی هەنووکەی بە هەموو ئەبعادییەوە نەک پێداچوونەوە بەڵکوو لە بیر بکرێن.

مۆدێلێکی نوێی ڕێکخستنی خاوەنی کۆمەڵیک تایبەتمەندییە کە جیاوازێکی ١٨٠ درەجە‌یی دەگەڵ مۆدێلی پەیرەو کراوی هەنووکەیی هەیە.

جیهانی ئێستا بە پێچەوانەی ڕابردو تەژییە لە گۆرانکاریی خێرا، هەر بۆیە زۆر قابیلی پێش بینی نییە، کۆنسێپتە سیاسی و ئیدوئۆلۆژییکەکانی ڕابردووخاوەنی سەقامگیری و سباتێکی زیاتربوون. و هەر بەو هۆیەش ڕادەی پێش بینی کردنیان زیاتر و کات بۆ گۆڕانکاری زیاتر بوو.

هەروەها ڕێکخستنی ئەمڕۆی ئیدئۆژیک نییە و کراوەترە بۆ بەرین ڕوانیین وهاوکاریکردن دەگەڵ هێزەکانی دەرەوەی بازنەی ڕێکخستنی.

بە پێچەوانەی مۆدێلە کۆنەکان کە هیرارژی و وەفاداری ئیدئۆژیک لە جومگە بنەڕەتییەکانی ڕێکخستنی بوون، مۆدێلی دینامیکی پێداگری لە سەر هاوکاری بەریین و دابەشکردنی شارەزایی دەکات، بۆ پێشگرتن لە پەنگخوادەنەوەی دەستەڵات لە دەست گرۆپ و یان تاکی بەڕێوەبەرییدا.

ڕێبەران لە مۆدێلی نوێدا بەشێکن لە میکانیزمێکی زیندوو کە لە پێناو هەبوونی کاریگەری لە ڕەوتەکاندا هاتوونە ئاراوە و ئیتر سەرچاوەی هێز و بیری ڕێکخستنی نین و پۆزیسێونێکی دایمی و دەسەڵاتێکی ڕەهایان نییە.

مەیلی دایمی بۆ گۆڕانکاری، تایبەتمەندیی زۆر بەهێزی مۆدێلە نوێیەکانی ڕێکخستنییە، ئەوەش بە پێچەوانەی مۆدێلەکانی پێشوو کە تەمایان بۆ گۆڕانکاری زۆر لاواز و کەمە.

 بۆ وێنە کۆنگرە و کۆنفڕانسە ڕێکخستنییەکان، گۆڕانکارییە پێکهاتووەکان لە ماوەی نێوان دوو‌ کۆبوونەوەی‌ چەند ساڵەدا دەخەنە بەر باس، هەربۆیە بڕیارەکان قەت‌ لە پەرچەکردار بەولاوە زیاتر نەبوون.

لایەنێکی تری جێگای سەرنجی پیکهاتەکانی مۆدێلی سەدەی ٢١ خۆ دوور کردنەوە لە ڕابردوو و لە مێژوودا مانەوە و، ڕوو لە داهاتوو بوونە‌.

فاکتەرێکی نوێ، هەستیاریی ڕێکخستنییە، دەرحەق بە پێشکەوتنەکانی بواری‌ بەرهەمە تێکنۆلۆژی و بیۆتێکنۆلۆژییەکان. بۆ وێنه ڕۆڵی کاریگەری کەرەسەکانی دونیای دیجیتاڵ لە سە‌ر ڕەوتە ئابووری و سیاسییەکان، بابەتی سەرەکییە لە دامەزراندنی ڕێکخستنێکی بەهێزی ڕوو لە داهاتوو.

بۆ وێنە کەس هەبوو کە بیر لەوە بکاتەوە کە تویتێر یان فەیسبووک بتوانێ پێش بە بڵاوکرد‌نەوەی پەیامی سەرۆکی وڵاتە یەکگرتوەکان بگرێ یان لە ڕێی ئینستاگرامەوە گەنجێکی قەسابی ئیستانبووڵی، ببێتە‌ کەسایەتییەکی جیهانی بە بایەخێکی چەند میلیارد دۆڵاری؟ هەر بۆیە ئەو ڕێکخستن و کۆمەڵگایانەی کە بایەخ و گرینگیی‌ ئەو کەرەسانە لە پێکهاتەکەیاندا ڕەنگ نەداتەوە، لە داهاتوودا ڕۆڵیان کۆیلەتیی دیجیتاڵ دەبێت.

لە بەشەکانی داهاتوودا فاکتەرەکانی تری پێویست بۆ وەگەڕ خستنی گۆڕانکارییەکی کاریگەر و پڕدەسکەوت دەخەینە بەر باس و لێکدانەوە.

[1]نگاهی از درون به‌ جنبش چپ ایران ، گفتگو با كوروش لاشایی، حمید شوكت، ص 99-174

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان