ئارامتر بخوێنەوە!

گرنگیی زمانی دایک

جەواد دانش‌پەژوو

ئەگەر بیرو بۆچوونی ئێتنۆلۆگەکان لەمەڕ پەیوەندیی نێوان زمان و بیر کردنەوە پەسەند بکەین، دەبینین کە ناتوانین بە کەیفی خۆمان جێگۆڕکێ بە زمانەکان بکەین. زمانی فارسی یا هەر زمانێکی دیکە. ناتوانێ جێگای زمانێکی کە فێر بوونی لە ماڵەوە دەستی پێ کردبێ و گەشەی سەندبێ، بگرێتەوە. مناڵ بە هۆی ڕووبەروو بوونەوە دەگەڵ زمانێکی کە بۆی بێگانەیە، نایناسێ و نایزانێ، تووشی ئاڵۆزیی زمان دەبێ و مانا و دەقەکان دەشێوێنێت. ئەوە دەبێتە هۆی لاوازیی هێزی تێگەیشتن و توانای لێکدانەوەی مناڵ و لە ئاکامدا هەستی مناڵ خەوشەدار دەکات.


زمانی دایک باسێکی گرینگ و هەمەلایەنەیە و هەر بە پێی ئەو بایەخ پێدانەیە کە تا ئێستا وتار و کتێب و سیمیناری زۆری بۆ تەرخان کراوە. زۆربەی ئەو بۆچوونانە لە ڕوانگەی ئیتنیکی و سیاسییەوە لێکدانەوەی بۆ کراوە کە بێ شک زۆر بەبایەخ و گرینگن. ئەم وتارە تێدەکۆشێ گرینگیی زمانی دایک لە گۆشەنیگای پێداگۆژییەوە هەڵسەنگێنێ.

مەسەلەی زمانی دایک، ئانترۆپۆلۆژی(Anthropologie)ی کولتوری و کۆمەڵایەتیی زۆر بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە. ئێتنۆلۆگەکان (Ethnologe) لەسەر ئەو باوەڕەن کە کولتور، بیرکردنەوە و زمان دیاری دەکات. واتا زمان ئامرازێکە بۆ تێگەیشتنی دونیا. یانی زمان لە ڕاستیدا هەڵگری کولتورە.

زمان لە هەمو شوێنێک گرینگیی تایبەتی خۆی پێ دەدرێ و ئەو گرینگی پێدانە تەنیا بەهۆی ئەوە نییە کە زمان ئامرازێکی پەیوەندی و تێکەڵاو بوون دەگەڵ کۆمەڵە. زمان بەردی بناخەی پێگەیشتنی مناڵە. مناڵ لە ماڵەوە دەست بە فێر بوونی زمان دەکات. بەڵام ئەرکی گەشەپێدان و تێگەیشتنێکی زانستیانەی زمان، بە سیستەمی پەروەردە دەسپێردرێ.

زمان هەڵگری کەسایەتی و شوناسی مناڵە. مناڵ بە هۆی زمانی دایکییەوە دەتوانێ دونیای دەوروبەری خۆی بناسێت و تێی بگات و تێگەیشتنی خۆشی هەر لە ڕێگای زمانی دایکییەوە باس و تاوتوێ بکات. لەڕاستیدا زمانی دایک هەڵگری زانستە کۆمەڵایەتییەکانە و تەنیا لە ڕێگای زمانی دایکییەوە، مناڵ دەتوانێ لەو زانستانە بەشدار بێت و کەڵکیان لێ وەرگرێ و ڕەفتار و شیوەی قسەکردنی جێگای پەسەندی کۆمەڵ، فێر بێت.

بەو هۆیانەوە لە سیستەمی پەروەردە و بارهێناندا، گرینگییەکی تایبەتی بە زمان دەدرێت. گرینگیی فێربوونی زمانی دایکی و گەشەپێدانی لە دەستەڵاتدارانی تاران شاراوە نییە و ڕاست هەر بەو هۆیەشەوە، پێش بە فێر بوونی زمانی دایکیی مناڵانی غەیرە فارس دەگرن. لە قوتابخانەکانی ئێران، ئەو گرینگی پێ دانە تەنیا بۆ مناڵانی فارس زمانە و مناڵانی غەیرە فارس، لە فێر بوونی زمانی خۆیان بێبەری دەکەن.

ئەگەر بیرو بۆچوونی ئێتنۆلۆگەکان لەمەڕ پەیوەندیی نێوان زمان و بیر کردنەوە پەسەند بکەین، دەبینین کە ناتوانین بە کەیفی خۆمان جێگۆڕکێ بە زمانەکان بکەین. زمانی فارسی یا هەر زمانێکی دیکە. ناتوانێ جێگای زمانێکی کە فێر بوونی لە ماڵەوە دەستی پێ کردبێ و گەشەی سەندبێ، بگرێتەوە. مناڵ بە هۆی ڕووبەروو بوونەوە دەگەڵ زمانێکی کە بۆی بێگانەیە، نایناسێ و نایزانێ، تووشی ئاڵۆزیی زمان دەبێ و مانا و دەقەکان دەشێوێنێت. ئەوە دەبێتە هۆی لاوازیی هێزی تێگەیشتن و توانای لێکدانەوەی مناڵ و لە ئاکامدا هەستی مناڵ خەوشەدار دەکات.

ئەگەر لە ڕوانگەی دەروونناسیی فێربوونەوە بڕوانینە بابەتەکە، دەزانین کە پرۆسەی فێربوونی زمان لە قوتابخانە بە زحمەتتر دەبێت، چونکە خوێندنەوە و نووسین بۆ مناڵ تەکنیکێکی تازەیە. خۆ خەریک کردن بە زمان و فێر بوونی بە شیوەیەکی زانستی، پێویستی بە هەوڵ و تێکۆشان و خۆماندووکردنێکی زۆرتر هەیە. بۆ ئەو مناڵانەی کە هەر لە سەرەتاوە مەجبور دەکرێن بە زمانێکی بێگانە و تازە بخوێنن، گیروگرفتی دیکەشی دێتەسەر. ئەوە بەو مانایەیە کە ئەو مناڵانە دەگەڵ دوو گرفت بەرەوڕوو دەبنەوە. لەیەک کاتدا دەبێ هەم زمانێکی تازە و هەم تەکنیکی تازەی نووسین و خوێندنەوە  و هەروەها تەواوی دەرسەکانی دیکەش بە زمانێکی بێگانە فێر بن. ئەو مناڵانە کە هێشتا زۆر پێنەگەیشتوون توشی گیروگرفت و ئالۆزیی زۆر دەبن.

لە باری پەیوەندیی نێوان قوتابی و مامۆستا گیر و گرفتەکە لەوەش گەورەترە. دەزانین کە  متمانە و پەیوەندیی نێوان قوتابی و مامۆستا بابەتێکی زۆر گرینگە و ئەو متمانە و پەیوەندییەش لە ڕێگای زمانەوە پێک دێت. مامۆستا بە هۆی زمانەوە دەتوانێ زانستی خۆیبۆ مناڵ بگوازێتەوە و ژیان و دونیای وی بناسێت. مندالەکەش هەر لە ڕێگای زمانەوە دەتوانێ پەیوەندی بە مامۆستاوە بگرێت، باسی خۆی دەگەڵ بکات و بە گشتی پەیوەندیی پێوە بگرێت. زمان لە دامەزراندنی پەیوەندیی نێوان مامۆستا و قوتابیدا ڕۆلی سەرەکی دەگێڕێ. بەڵام مناڵانی غەیرەفارس تاکە ئامرازی دامەزراندنی پەیوەندیی نێوان مندال و مامۆستایان لێ زەوت دەکرێ.

زمانێکی کە منداڵ تا ئێستا بە پێی تەمەنی لە باری وشە و پێناسەکردنی دەقەکان لە ماڵەوە فێری بووە و لە ڕێگای ئەو زمانەوە دونیای دەوروبەری خۆی ناسیوە و لە ڕاستیدا شوناسی خۆی لەو زمانەدا دەبینێتەوە، یەکەم ڕۆژ، لەبەر دەرگای قوتابخانەدا دەیقرتێنن.

ئێمە دەزانین کە پرۆسەی فێر بوونی زمان لە کاتی چوونی قوتابخانەدا هێشتا تەواو نەبووە. مناڵ لە قوتابخانە ڕێزمان، وشە، خوێندن و نووسین فێر دەبێ. کەوابوو فێربوونی زمان دەبێ لە قوتابخانە درێژەی پێ بدرێ و نابێ بە هیچ جۆرێک  ئەو ڕەوتە بپچڕێ. چونکە ئەو کات نەتەنیا زمانەکە، بەڵکو پێگەیشتنی کەسایەتی و توانای تێگەیشتن و لێکدانەوەی مناڵ لە ناو دەچێ. ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە مناڵ لە پرۆسەی بە کۆمەڵبوونیدا وەدوا بکەوێت و تووشی لەتبوونی زمان (Semilingualismus) بێت. ئەوە بە مانای وەستانی زمانە، چونکە ڕێگای گەشەکردنی لێ گیراوە و بەو هۆیەوە، مناڵ توانایی زمانەوانیی زۆر لاواز دەبێت و توانایی بەکار هێنان و کەڵک وەرگرتن لە وشە و دەقی ئابستراکتی (انتزاعی) نامێنێت.

والبینێر  (Walbiner 1985)لە لێکۆڵینەوەیەکدا دەری خست کە لەت بوونی زمان یا نیوەزمان (Semilingualismus) دەبێتە هۆی سەرنەکەوتن لە قوتابخانە و پرۆسەی بە کۆمەڵبوون تێک دەدات و مناڵ توشی گرفتی ڕۆحی دەکات.

یەکیەتیی مامۆستایانی فەرانسە لە بابەت گرینگی و پێویستیی پەروردە و بارهێنان بە زمانی دایک ئاماژە بە چەند خالی زۆر گرینگ دەکەن کە بە پێویستی دەزانم بە کورتی ئاماژەیان پێ بکەم. ئەوان لەو باوەڕەدان کە:

– ئینسانەکان بە زمانی دایکیان باشتر و زووتر بیر دەکەنەوە.

– کەسێک کە بە سەر زمانی دایکیدا زاڵە، ئاسانتر فێری زمانی دووهەم دەبێ.

– کەسێک کە زمانی دایکی باش بزانێ، باشتر لە ناوەرۆکی دەرسەکان تێدەگات.

– مندالێک کە زمانی دایکی باش دەزانێت، هەست بە تەناهی دەکات و کەسایەتیی پتەوی هەیە و هەستی پەیوەندی بە کۆمەڵگاوە بە هێزتردەکات.

– بە هۆی ئەوەی کە لە نێوان زمانی دایکی و بیرکردنەوەدا پەیوەندی هەیە، گەشە کردنی بیر تەنیا بە گەشە کردنی زمانی دایک دێتە دی.


گرینگیی زمانی دایک (یا زمانی یەکەم) بۆ فێر بوونی زمانی دووهەم

دیاردەی دووزمانی لە دونیای ئەمڕۆدا شتێکی باوە و بووەتە واقعییەتێکی کۆمەڵایەتی و کەمتر وڵات هەیە کە یەکزمانە بن. لە ڕاستیدا یەکێک لە ئامانجەکانی پەروەردە، بارهێنانی دوو یا چەند زمانەی منداڵانە و ئەو بابەتە نە تەنیا وەک خاڵی لاواز چاوی لێ ناکرێ، بەڵکوو دەرکەوتووە کە دوو یا چەند زمانی، کاریگەریی زۆر باش لە سەر پێگەیشتن و گەشە کردنی فێربوون و فێربوونی زمانی دیکە دادەنێت. ئەگەر مناڵان هەر لە دەورانی سەرەتایییەوە دوو زمانە بار بێن، تێگەیشتنێکی قووڵتریان لە سەر زمان دەبێت. بەو جۆرە دەتوانن ڕادەی تێگەیشتنیان لە سەر زمان بەرنە سەر و زمانەکان بە یەکەوە هەڵسەنگێنن. گوێتە (Göthe) شاعیر و لیکۆڵەری ئاڵمانی دەڵێ: “کەسێکی کە تەنیا زمانێک دەزانێ، ئەو لە ڕاستیدا ئەو زمانەش باش نازانێت”.

ئێستا ئیدی لە هەمو شوێنێک بۆ فێر بوونی زمانی دیکە سەرمایە دادەنێن. کەوابوو بوونی زمانی جۆراوجۆر لە هەر وڵاتێکدا، سەرمایەیەکی باشە و دەبێ وەک سامانی میللی چاوی لێ بکرێ و بپارێزرێ. کۆلیە (Collier George 1976)  لە سۆنگەی لێکۆڵینەوەکانی چەند ساڵەی، لە سەر فێر بوونی زمان دەری خست کە هەموو ئەو فاکتۆرانەی کە بۆ فێر بوونی دوو زمان پێویستن، بەستراونەتەوە بەوەی کە تا چ ڕادەیەک لە زمانی دایک کەڵک وەردەگیرێ و نیشانی دا کە کەسانی دووزمانە لە ڕێگای زمانی دایکییەوە دەگەنە بناغەی عیلمی و ناسینی زانستی زمان.

ئاکامی لیکۆڵینەوەکانی زمانناسانی وەک ڕێباین (Rehbein 1987) و سکوتناب (Skutnabb-Kangos 1992) نیشانیان دا کە دەستەواژە و تواناییی زمانەوانی کە لە ڕێگای زمانی دایکییەوە وەدەست هاتوون و سەقامگیر بوون، دەتوانن کەڵکیان لێ وەرگیرێ بۆ زمانی دیکە و یارمەتی دەدات بۆ زانیاری لەسەر زمان و تواناییی لێکدانەوە دەباتە سەر. ڕێباین (Rehbein) لە سەر ئەو باوەڕەیە کە تێگەیشتن لە چیرۆکێک بە زمانی دایک، ئیمکانی گێڕانەوەی چیرۆکەکە بە زمانی دووهەم ئاسانتر دەکات.

بە لەبەرچاو گرتنی ئەو فاکتۆرانەی کە ئاماژەیان پێ کرا، پێویستە لە هەمو شوێنێک شانسی بەرامبەر بۆ هەموو مناڵان بە بێ لەبەرچاو گرتنی ڕەگەز پێک بێت. پێویستە سیستەمی تەربیەتی دووزمانە دابمەزرێ و ببێتە ئامانجێکی سیاسی – کۆمەڵایەتی و دەبێ نەهادینە بکرێت. ئەوە بە مانای دەست هەڵگرتنە لە بیر و بۆچوونی سیاسی ئیدئۆلۆژی “وڵاتی میللی و زمانی میللی”. بەو پێیە دەبێ پسپۆڕانی پەروەردە و بارهێنان، سیستەمی چەندزمانی لە تەواوی دامودەزگاکاندا دابمەزرێنن.

لە ١٩٣ وڵاتی سەربەخۆدا، ژمارەی ئەو زمانانەی قسەیان پێ دەکرێ دەگاتە ٥ بۆ ٦ هەزار. ئەوە لە حاڵێکدایە کە زۆربەی ئەو وڵاتانە خۆیان بە وڵاتێکی یەکزمانە دەناسن. ئەو ڕاستییە وامان لێ دەکات کە بیر لە مەسەلەی زمانی کەمە نەتەوەکان بکەینەوە. ئەگەر گرینگیی زمانی دایک ئەوجۆرەی کە باسی لێ کرا، بسەلمێنین، دەبینین کە چەند کەس و نەتەوە لەباری زمانەوانییەوە دەچەوسێنەوە و پێش بە پەرەئەستاندنی زمانیان دەگیرێ.

لە ئێران، بێجگە لە فارسەکان نەتەوەکانی دیکە وەک کورد، ئازەری، عەرەب، تورکەمەن، ئەرمەنی و بەلووچ دەژین و لە دەستوری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هاتووە: “هەمو هاووڵاتییەکی ئێرانی بە بێ لەبەرچاو گرتنی ڕەگەز و قەوم، مافی وەکوو یەکیان هەیە. هیچ کەس نابێ بە هۆی ڕەنگی پێست، زمان و نیشانەی لەم بابەتە ئیمتیازی پێ بدرێت”. واقعییەت بەڵام شتێکی دیکەیە. حکوومەتی ئێران، نەتەوە غەیرە فارسەکان بە فەرمی ناناسێت و دەرسەکان بە زمانی فارسی دەگوترێنەوە و کەمەنەتەوەکانی دیکە مافی خوێندنیان بە زمانی خۆیان نییە. لێکۆڵینەوەکان نیشانی دەدەن کە منداڵانی غەیرە فارس لە کاتی خوێندنەوەی کتێبە فارسییەکاندا، بە جۆرێک تووشی دڵساردی و ناهۆمێدی دەبن کە کاریگەری لە سەر فێربوونیان دادەنێت. بەم جۆرە کۆسپی خوێندن دەچێتە سەر و مناڵان زۆر بێ حەز و بێ مەیل دەچنە قوتابخانە و خۆشیی دەرس خوێندنیان نامێنێ و شانسی ئەوەی کە لە تاقیکارییەکان سەر نەکەون دەچێتە سەر.

زۆر ڕوونە کە هەلسوکەوت، فەرهەنگ و دابونەریتی مناڵ دەخرێتە ژێر پرسیار کاتێک ئیزنی خوێندن و قسەکردن بە زمانی دایکی لێ وەردەگیرێ. کاتێک لەبەر دەرگای قوتابخانە شوناس، کەسایەتی و تاکە ئامرازی تێگەیشتن و پەیوەندی گرتنی لێ وەردەگیرێتەوە، وا هەست دەکات کە ئەو زمانەی کە تا ئێستا لە ماڵ لە گەڵ دایک و بابی قسەی پێ کردووە و ئەوەی لە ماڵ فێریان کردووە هەڵەیە و دەبێ دووبارە ڕاست بکرێتەوە.

بنیاتنەرانی سیستەمی سیاسەتی پەروەردە و بارهێنان لە ئێران، تا ئێستاش کەمە نەتەوەکانی دیکەیان لە بەر چاو نەگرتووە. مەرجی ئەسڵی بۆ ئەوەی کە ئێران بتوانێ دەگەڵ سیاسەتی پەروەردە و بارهێنانی ئەمڕۆی دونیا بچێتە پێش، ئەوەیە کە پێداویستییە تایبەتییەکانی کولتوری نێوخۆی وڵات لەبەر چاو بگرێت و دان بە فرەنەتەوەیی بوونی وڵاتدا بنێت و لەو بارەیەوە هەنگاوی پێویست بنێت. بۆ مۆدێرنیزە کردنی سیستەمی پەروەردە و بارهێنان، پێویستە باری کولتوری، نەتەویی و هەلومەرجی ئێکۆلۆژی لە بەر چاو بگرێ و ئەوەش پێویستی بە دێسانتراڵیزە کردنی سیستەمی ئیداریی پەروەردە و بارهێنان هەیە.

 
ئێمە دەبێ چی بکەین

ئێمەش دەبێ هەر ئەو کارە بکەین کە نەتەوەکانی دیکە بۆ وێنە کاتالانییەکان بۆ پاراستنی زمانی خۆیان کردوویانە. دیاگلۆسیا(diaglossia) دەستەواژەیەکە کە لە بواری دووزمانی لە وڵاتێکدا بە کار دێت. دیاگلۆسیا هەلومەرجێک لە وڵاتێکدا شی دەکاتەوە کە تێیدا دوو زمان بوونی هەیە و پەیوەندیی ئەو دوو زمانە پەیوەندییەکی، زاڵم و مەزلوومانەیە، سەر و خوارێیە، ساحەبی دەسەڵات و بێ دەسەڵاتە، لە ڕاستیدا یەکیان زمانی دەسەڵاتدار و ئەوی دیکە زمانی بێ دەسەڵاتە. ئێمە دەبێ ئەو پەیوەندییە تێک بشکێنین و هاوسەنگی لە نێوان ئەو دووزمانەدا دروست بکەین. کاتالانییەکان وشەی ئاسایی کردنەوە بەکار دێنن. ئەوان لەو باوەڕەدان کە پێکهێنانی هاوسەنگی لە نێوان ئەو دوو زمانەدا مومکین نییە و هەرگیز نایەتە دی و زمانی دەسەڵات هەر دەیباتەوە و زمانەکانی دیکە وەلا دەنێ و لە مەیدان دەریان دەکات.

کەوابوو وەها هەلومەرجێک ئاسایی نییە. کاتێک دەتوانێ ئاسایی بێت کە زمانی هەموو لایەنەکان بگرێتەوە، لە هەمو کەلێن و قوژبنی ژیان بەکار بێت، کاتێک کە قسەکردن، نووسین، تەلویزیۆن، ڕادیۆ، خویندن و تەنانەت نووسینی تێزی دوکتۆرا بەو زمانە بێت. کەوابوو هەلومەرجەکە تەنیا کاتێک ئاسایییە کە زمانی زکماکیمان لە ئاست زمانی دەسەڵاتداردا بێت.



سەرچاوەکان

Skutnabb-Kangas, Tove: Mehrsprachigkeit und die Erziehung von Minderheitenkindern. In: Katharina Brizic: Das geheime Leben der Sprachen. 1992.

Reder & Rehbein: Interkulturelle Kommunikation, 1987.

Walbiner, Rico M. Cathomas: Schule und Zweisprachigkeit. Immersiver Unterricht: Internationaler Forschungsstand und eine empirische Untersuchung am Beispiel des rätoromanisch-deutschen Schulmodells in der Schweiz, 1985.

Collier George: Schule und Zweisprachigkeit, 1976.

دەستوری کۆماری ئیسلامیی ئێران، مادەی ١٩

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان