ئارامتر بخوێنەوە!

گوتاری جەوهەرخوازانەی تاکزمانی لە ئێراند:

لە داگیرکردنی کوردستانەوە بۆ بەدامەزراوەیی کردنی زمانی فارسی تێیدا

د. ڕەحیم سورخی

ئاماژە

“ململانێ و پێکدادانەکانی نەتەوەی کورد و دەسەڵاتدارانی ئێران مێژوویین و دەگەڕێنەوە بۆ پێش پێکهاتنی دەوڵەتی مۆدێڕن لە ئێران. ئەدەبیاتی کوردی چ بەنووسراو و چ بە گوتراو پێکدادانەکانی نواندووەتەوە و پێچەوانەی گێڕانەوە دروستکراوەکانی نەتەوەی فەرمانڕەوا، کورد خۆی وەک یەکەیەکی نەتەوەیی- زمانی لە هەرێمێک بەناوی کوردستاندا بینوە، نەک پاشکۆیەکی سەرزەمینی- کولتووری ئێرانی.”

کە خۆر هەڵدێت، من زمانی گەلەکەم دەبیستم. لە هەر چرکەیەکی تەنیاییدا، لە نزا و پاڕانەوەدا، لە بێ دەنگیدا، من زمانی گەلەکەم دەبیستم. تەنانەت لە خەونەکانمدا و گەڕانم بۆ هان دان و وڵامی پرسیارەکانی ژیاندا، من هەر زمانی گەلەکەم دەبیستم. دەنگیان بەهێزترە ئەو کاتەی من بە جەستە و بەگیان لەگەڵ زێد و زەویدا پەیوەستم. من هەناسە دەدەم و زمان پڕم دەکات لە زانینی ئەوەی من کێم و خەڵکی کوێم و بەرەو کوێ دەچم. ئەو نمە نمە وزەی خۆشەویستی، ئارامی، و پێگەیشتووییم پێ دەبەخشێت. ئەمەیە گرنگیی زمان! منداڵەکان پێویستە بزانن ئەوان وەک “نێهیاک” کێن و لەکوێوە هاتوون و ئەمە بەدڵنیاییەوە زۆر گرنگە. ئەم شانازی و زانینەی ئەوان وەک خەڵکی ڕەسەنی خۆجێیی کێن، دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەگەر ئێمە هەروا لەسەر پەروەردەی داگیرکەر بڕۆین. خۆڕاگری پێویستە بۆ ئەوەی دڵنیا بینەوەکە ناسنامەکەمان دەپارێزرێت و ڕێزی لێ دەگیرێت.

 (بێلیندا دانیەڵس، چالاکێکی مافی زمانی و نەتەوە هیندۆ -ئەمریکییەکانی کانادا.)

 

پوختە

ئەم توێژینەوەیە تیشک دەخاتە سەر گوتاری فرەزمانی لە بەرانبەر گوتاری جەوهەرخوازانەی تاک زمانی لە ئێراندا و مەترسییەکانی لەسەر زمانی کوردی. لێرەدا هۆکار و لێکەوتەکانی ئایدۆلۆژیای داگیرکەرانە بۆ زمان لە بەستێنی سیاسی-کۆمەڵایەتیی کوردستان و ئێراندا ڕوون دکرێتەوە. ئامانجەکە ئاشکراکردنی بنەماکانی سیاسەتی زمانی لە گوتاری جەوهەرخوازانەی نەتەوەی فەرمانڕەوا لە ئێراندایە ودەیهەوێت پەردە لەسەر ئەو گوتارە لابدات کە لە ترسی “ئەوی ترەکانی” خۆی، یەک نەتەوە- یەک زمان، وەک گێڕانەوەیەک لە پێشکەوتنی نەتەوەیی، وەک دەرکەوتنێکی هەتاهەتایی، فۆلکلۆریک وتەنیا باوەڕی ڕاستەقینە لە جوگرافیایەکی بەپیرۆز دانراودا بنیاد دەنێت. پرسیارەکە ئەوەیە کە لەسەر بنەمای ئەم گوتارە، سیاسەتی زمانیی ئێران لەکوردستان، بە پێی ئاراستەکانی ڕوانینی بۆ زمان، لە کام چوارچێوەی سیاسەتی زمانیدا دەگونجێت؟ هەروەها چۆن زمانی کوردی و توانستی زمانیی ئاخێوەری کورد کۆمەک دەکات بە ڕۆڵ بینینی لە پاراستنی شوناسی کورد بوونی ئاخێوەرانیدا؟  لە ئەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دەدرێت لە ڕاوانگەی “ڕویز(١٩٨٤)ەوە وەک بنەمایەک بۆ سیاسەتی زمانیی ڕەخنەگرانە، ئاراستەکانی ڕوانین بۆ زمان ڕوون بکرێتەوە و لە ڕوانگەی کلۆس (١٩٧٧)ـەوە کە بە مافی زمانیی “بڕەوخواز”(promotion-oriented) ناوی دەبات، لە چوارچێوەی زمانناسیی کۆمەڵایەتییەوە بۆ مافی ئاخێوەرانی زمانی سەرکوتکراو بڕوانێت. ئەم لێکۆڵینەوەیە دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە مافی زمانیی “بڕەوخواز” یەکانگیرە لەگەڵ ڕەوتی ڕوو لە زیاد بوونی ڕوانگە پلۆرالیستی و لەخۆگرەکان بۆ فرەچەشنیی زمانی لە واقعی جیهانگیریدا. بە پێی دوو “بنەمای زمانی نیشتمانی” و بنەمای زمانی کەسێتی” پێوەندیدار بە دانیشتووانی ناو کوردستان و دابڕاو لەکوردستان دەکرێت مافی زمانی بچەسبێت و چارەسەرێکیش بێت بۆ کێشە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی دیکە لەگەڵ دەسەڵاتی داگیرکەردا.

 

زاراوە سەرەکییەکان

داگیرکاریی ناوخۆیی(internal colonialism)، سیاسەتی زمانی(Language policy)، بڕەوخوازی(Promotion- oriented)، ئاراستەی چاران خواز(Tolerance orientation)، جەوهەرخوازی(Essentialism)، فرەزمانی(Multilingualism)، تاک زمانی(monolingualism)

  

زمانی کوردی، خاکی کوردستان و نەتەوەی کورد لە پێوەندییە نێوان کولتووری و زمانییەکاندا

ناوچەی شاخاویی و پڕ ڕووباری زاگرۆس و مێزۆپۆتامیا کۆمەڵەیەکی ئەتنۆزمانیی تایبەتی جۆرە کوردییەکانە (کوردیی کورمانجی، سۆرانی، کەلهوری/فەیلی، لەکی، لوڕی، هەورامی و زازکی) لە پانتایەکی جوگرافیدا کە بە کوردستان ناسراوە و سەرەڕای جیاوازییە ئایینیی و ئایینزاییەکان ئاخێوەرانی ئەم جۆرانە خۆیان سەر بە نەتەوەی کورد و زێدەکەیان بە کوردستان دەناسێنن؛ بێ ئەوەی پێویستییان بە دروست کردنی ناوی خوازراو بێت، خاک، نەتەوە و زمانەکە یەکتر تەواودەکەن و ئاماژە بۆ شوناسی کۆمەڵەیەک بەناوی کوردستان و زمانی کوردی دەکەن کە لەگەڵ ئاڵوگۆڕە مێژوویی و سیاسییەکاندا پەرەی سەندووە و لە پێک کەوتنە زمانییەکان و کار لێک کردنە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاڵوگۆڕیشی بەسەردا هاتووە. بەڵام، “نەتەوە”ی کورد وەک واقعێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی، جوگرافی، کولتووری و زمانی هەرماوەتەوە. شاعیری ناوداری کورد، حاجی قادری کۆیی(١٨١٦- ١٨٧٩)هەموو ئەو جۆراوجۆرییانە لە وشەی “میللەت”(نەتەوە)دا یەک دەخات ودەڵێت:

سەد شەهەنشاە و پادشا مردن

سەیری کە، کوردی ئێمە هەر کوردن

میللەتە باقی، مابەقی فانی

هەر لە جافی هەتا بە گۆرانی(دیوان، ل. ٢١٦)[i]

بەستێنی جوگرافی هەرچەند سیمایەکی تایبەتی ناوچەیی بە جۆرەکوردییەکان بەخشیوە و سیمای جیاکەرەوەی ڕێزمانی و دەربڕین تێیاندا بەدی دەکرێت، بەڵام سیمای هاوشێوەی زمانییان لەباری وشەیی، دەنگناسی و ڕێزمانییەوە بە شێوەیەک پێکەوەی بەستوونەتەوە کە  لەباری تایپۆلۆژیی زمانییەوە هەر لە جۆری کوردیدا پۆلین بکرێنەوە و یان بە زاری زمانی کوردی بناسرێنەوە. جگە لە زمان، میراتی کولتووری، هونەری و شێوازی ژیانیان بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو لە نەتەوەکانی دەورو پشتی خۆیان، بەتایبەتی لە نەتەوەکانی دیکەی ئێران جیایان دەکاتەوە. لە ژیانی نەریتیدا، کوێستان و گەرمیان کردنی ئاژەڵدارانی کورد، ژیانی کۆچەری و خوێندەواریی حوجرەیی، دەورێکی گرنگیان هەبووە لە تێکەڵاویی جۆرەکوردییەکان و تاڕادەیەک سنووری سەختی جوگرافییەکەیان بەزاندووە ولێک تێگەیشتنی زمانییان پێکهێناوە. لە ژیانی نوێ و سەردەمی جیهانی بوونیشدا، ئەم ڕەوتە بەهۆی بزووتنەوەی نەتەوەیی و شۆڕشەکانی پارچەکانی کوردستان، میدیا و ڕاگەیاندن و بزووتنەوەی پاراستن و بووژاندنەوەی زمانی کوردییەوە، زمان بەشێکە لە بەربەرەکانێی کورد و دەسەڵاتی داگیرکەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

لەباری بەرهمهێنانی ئەدەبی، هونەری و زمانییەوە، زمانی کوردی بە شێوەی زارەکی و نووسراو تاقی کراوەتەوە و نواندنەوەیەکی تایبەت بە خۆی بۆ جیهان و دەوروبەری، فەلسەفەی ژیان و مەرگ هەیە. قارەمانە ئوستوورەییەکانی ناو “بەیت”، “لاوک” و ”حەیران” و چیرۆکە ئەوینداری و حەماسییە هۆنراوەکان، جگە لە ئەوانەی وەک “شیرن و فەرهاد” و “ڕۆستەم و زۆراب”، و “کاوە”،  لە پێوەندییە نێوان کولتوورییەکاندا لە گێڕانەوە کوردییەکانەوە چوونەتە ئەدەبی کلاسیکی فارسییەوە و لە ئەدەبی فارسیدا ناسراون، هێندێکیان هەر لە گێڕانەوە زارەکی و نووسراوەکانی کوردیدا هەن و تایبەت بە کۆمەڵی کوردەوارین. ناو و ناوبانگ و پێگەیان سنووری ناوچەییی جۆرێکی کوردیی تایبەتیان بڕیوە و پێوەندییان بە کورد بە گشتییەوە هەیە، وەک، “دمدم”، “مەم و زین، “لاس و خەزاڵ”، “زەمبیل فرۆش”، “سەیدەوان” وهتد. تا بەر لە پێکهاتنی دەوڵەت -نەتەوە نوێیەکان و داگیر کردن و دابەش کردنی کوردستان، بەتایبەتی تەنانەت تا پاش ساڵی ١٩٢٠ زمانەکانی نێو ئیمپراتۆرییەکانی ئێران و عوسمانی لە پێک کەوتنێکی ئاسایی و سروشتیدا بوون و نەتەوەکان لە ژینگەیەکی فرەزمانیدا زمانی دایکیان دەپاراست، پێیان دەنووسی و دەخوێندەوە.

کورد و ئێرانی دوو واقعی جیاوازن. هەر بۆیە، زاڵ بوونی دەسەڵات و فەرمانڕەواییی ئێرانییەکان بەسەر کوردستاندا، بە شێوەی لەشکرکێشی و بەکار هێنانی هێز بووە. بە پێچەوانەی گێڕانەوە و مێژووسازییەکانی نەتەوەی باڵادەست لە ئێران، پێکدادانەکانی کورد و دەسەڵاتی داگیرکەر پێش پێکهاتنی دەوڵەتی مۆدێڕن لە ئێران بەردەوام هەبوون و تراژیدیترینیان حەماسەی “دمدم” بە میرایەتیی “خانی لەپ زێڕین” (ئەمیر خانی برادۆست)ـە لە ساڵانی (١٦٠٩-١٦١٠) کە لە بەرهەمە زارەکییەکانی کورددا (بەیت) بەهەر دوو زاری کورمانجی و سۆرانی وەک بەربەرەکانێی کورد دژ بەداگیرکەری بێگانە گێڕدراوەتەوە[ii] و شاعیری ناودارفەقێ تەیران (میر محەممەد، ١٥٩٠- ١٦٦٠)هۆنیویەتەوە، و لەگەڵ “مەم و زین”ی ئەحمەدی خانی(١٦٥٠–١٧٠٧)دا بە شاکارە حەماسییەکانی ئەدەبی کورد دادەنرێن. داگیرکاریی ئێرانی و جێگیر بوونی لە کوردستان بەم شەڕە بەناوبانگە و لە سەردەمی شاعەبباسی یەکەم(١٥٨٧ -١٦٢٨)دا دەست پێ دەکات، “کوردەکانی سەر سنووری ئیران -عوسمانییان ڕاگواست بۆخۆراسان و وەک قەڵغانی دەوڵەت بەرانبەر تورکمانەکان بەکاریان هێنان(Fossum 1919, p. 5)[iii]. بەشێوەیەک کە بەرەبەرە ئێرانییەکان بە یەکجاری ڕۆژ هەڵاتی کوردستانیان داگیرکرد و ئێستاش لێی نەچوونەتەدەرێ. بە کورتی، دوو ناوی”کورد” و “عەجەم” بەردەوام دەربڕی جیاوازیی ئەتنیکیی نەتەوەی کورد و نەتەوەی فەرمانڕەوا لە ئێران بوون. کوردەکان بەم ناوە “ئەوی تری” ئێرانییان لەخۆیان جیاکردووەتەوە. جگە لە ئەم جۆر و نموونە زارەکی و تۆمارکراوانە بە نووسراو، کە بەشێکی سەرەکیی کولتووری نەتەوەییی کورد پێک دێنن، ئەدەبی کلاسیک و نووسراوی کوردییش بەزمانی خۆی و بە جۆرە کوردییە جیاوازەکان پێداگری لەسەر ئەم شوناسە دەکاتەوە و لەگەڵ داهێنانە نوێیە فۆرمی و ناوەرۆکییەکان بەم زمانە، لە دەقەکانی مەلا پەرێشان(١٣٥٦ – ١٤٣١ز. ) مەلای جزیری(١٥٧٠-١٦٤٠)، خانای قوبادی(١٧٠٠-١٧٥٩)، مەولەویی تاوەگۆزی(١٨٠٦- ١٨٨٢)، نالی(١٨٧٧-١٨٠٠/١٧٧٩)، حاجی قادر کۆیی(١٨١٦- ١٨٩٧)، وەفایی(١٨٤٤-١٩٠٢)، حەریق(١٨٥٦-١٩٠٩)، غولامڕەزاخانی ئەرکەوازی(۱۸۳۹–۱۷۷۰) و میسباحودیوانی ئەدەب(١٨٦٠-١٩١٦)، داهێنانی ئەدەبیی گەورەی پێ کراوە و جۆری ئەدەبیی باوی سەردەمی خۆی پێ نووسراوەتەوە.

لەگەڵ پەرەسەندنی ڕەوتی نوێی ئەدەبی، بە کەسانی وەک گۆران(١٩٠٤-١٩٦٢)، جگەرخوێن(١٩٠٣- ١٩٨٤)، سوارە ئیلخانی زادە(١٩٣٧-١٩٧٥)، شامیی کرماشانی(١٩١٧- ١٩٨٤)، شێرکۆبێکەس (١٩٤٠- ٢٠١٣) و دەیان شاعیر و ئەدیبی دیکە، ئەدەبی کوردی سنووری زمانی کوردییش تێدەپەڕێنێت و بە زمانەکانی دیکە، یەک لەوان بە زمانی فارسیش وەردەگێڕدرێت. بە کورتی، بە شۆڕشی سمکۆ(١٩١٩-١٩٣٠)، ڕۆژنامەنووسیی کوردیش وەک زمان حاڵی شۆڕشی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵات دەست پێ دەکات و بە دامەزرانی کۆماری دیموکراتیکی کوردستان، بەردی بنیادی دەسەڵاتی کوردی دادەنرێتەوە و ئەدەبیات، ڕۆژنامەنووسی، پەروەردە و خوێندن بەزمانی کوردی، دەگەشێتەوە و زمانی کوردی دەکرێتە زمانی بەڕێوەبردنی ئیداری و سیاسیی کوردستان. لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی ١٩٧٩جارێکی دیکە بزووتنەوەی سیاسی-کولتورری پێ دەگرێتەوە و قوتابخانەکانی شۆڕش، کادر و پێشمەرگەکانی کوردستان ماوەیەک لەشارەکان و پاشان لە گوندەکان، بزووتنەوەی بووژانەوەی زمان و پەروەردەی کوردی دەست پێ دەکەنەوە. ئێستا ئەم بزووتنەوەیە لە ناو شارەکانی کوردستان بەڕێوەیە، زمانی کورردی لە ژێر سەرکوت و زەبروزەنگیشدا، هەر زمانی خوێندنگە خۆبەخشەکانی مامۆستایانی زەحمەتکێش، مزگەوتەکانی کوردستان، میدیا، بەرهەڵستی و شۆڕش، ژینگە و شاخەوانی، خۆپێشاندانەکان و تا ڕادەیەکیش زمانی ڕاگەیاندنی پرسەکانیشە. لە ئەنجامدا، کورد(نەتەوە)، زمانی کوردی و خاک (کوردستان)، هەموو وەرزێک و هەموو دەمێک لەگەڵ یەکەم گزینگی بەیانیدا، لەگەڵ هەناسەکانی بەرخۆدان و بەرگریدا، دەپژێتە گیانی خۆڕاگریی کوردەوە بۆ مانەوە. ئاستەنگی سەرەکیی بەردەم ڕایی بوونی ئازادانەی ڕەوتی بەرهەمهێنان و پێشخستنی نەتەوەی کورد و زمانەکەی، وەک واقعێکی مێژوویی-کۆمەڵایەتی، سەپاندنی جیهانبینیی دیکتاتۆرانەی نەتەوەی باڵادەستە کە تەنیا بۆ دڵنیا بوون لە کولتور، زمان، شوناس و دەسەڵاتی خۆی، دەیهەوێت ئەوەی لە جیهانی تاکزمانەی خۆیدا پێی گەیشتووە، وەک ڕاستی لێکبداتەوە و بەسەر نەتەوەکانی دیکەشیدا بسەپێنێت.

ئایدۆلۆژیای زمانی لە بەستێنی داگیرکاریی ناوخۆییدا: بەدامەزراوەیی کردنی زمانی فارسی

بیرۆکەیەکی بنەڕەتی و بەردەوامی دەوڵەت-نەتەوە ئەوە بووە کە زمانی دەوڵەت دەبێت پێش بخرێت و تواناییی جێبەجێ کردنی ئەرکە مۆدێڕنەکانی هەبێت. “ئەوانەی باڵادەستی سیاسین، پێگە و بەکارهێنانی زمانە جیاوازەکان لە بوارە سیاسی کۆمەڵایەتییەکاندا دیاری دەکەن. دیارە لە ڕێگای دامەزراندنی پلەبەندیی پرێستیژی زمانییەوە، زمانەکەی خۆیان لەگەڵ بەرزترین پێگەکانی زمانیدا دەگونجێنن”(Liddicoat, 2013)[iv]. لە بەستێنی داگیرکاریی ناوخۆییدا پێشکەوتنخوازی، شارستانییەت و ستاندارد کردن لە ئەو چەمکە بنەڕەتییانەن کە دەوڵەت نەتەوەی مۆدێڕن لەسەریان دادەمەزرێت. پلەبەندیی ئایدۆلۆژیای پێشکەوتن سەبارەت بە زمان لەسەر پلەبەندیی زمانەکان و شیانیان بۆ ئەرکە مۆدێڕنەکان ڕۆدەنرێت. کاتێک کە دەسەڵات بە واتا نیشانەناسییەکەی وەک “گوتار” دەردەکەوێت، و بەشێوەی ناهاوشان بەکار دێت، دەبێتە هێزێکی ڕەمزی بۆ پەڕاوێزخستن، دەرهاویشتن، بێبەش کردن و ژێردەست کردنی کۆمەڵە یان نەتەوەیەک لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا و لە ڕێگای تریبوونەکانی نەتەوەی دەسەڵاتدارەوە، هەوڵ دەدرێت ئەم پرۆسەی داگیرکارییە لە بیرکردنەوە و قسە کردندا ئاسایی و باو بنوێنێت و ببێتە تێگەیشتنێکی باو لە پانتای گشتیدا. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە پۆلێنکاریی زمان وەک زمانی باڵادەست و زمانی بندەست ئایدۆلۆژییانەیە  و “واتای کۆمەڵایەتییان هەیە و لکێنراون بە مۆراڵ و بەرژەوەندیی سیاسییەوە (Irvine 1989: 255). مەبەست لە “ئایدۆلۆژیای زمانی”، ئەو نواندنەوە ئاشکرا یان شاراوانەن کە پێوەندیی تێکچڕژاوی زمان و مرۆڤ لە جیهانی کۆمەڵایەتیدا لێکدەدەنەوە (Woolard, 1998, p. 20) .

ئاستەنگەکانی زمانی کوردی لە ئێران لەسەر پلەبەندییەکی ناهاوشانی زمانەکان، دەسەڵات و بەکارهێنانی سەرچاوەکان دەمەزراوە وزۆر بە چڕی پێوەندییان بە سیاسەتی داگیرکارییانەی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانەوە هەیە و کۆمەڵێک هۆکاری لێک گرێدراو بە ئایدۆلۆژیای زمانیی داگیرکارییانە تێوەی گلاون. وەک، ١) داگیرکردنی خاک و زاڵ بوون بەسەر دەسەڵاتی ئەندامانی کۆمەڵەی زمانی کوردیدا، خستنە بەر تەوژم و توندوتیژیی گوتارییانە، لێکدان و تێکەڵ کردنی زمانی کوردی و فارسی بۆ تاواندنەوەی زمانی کوردی، ٢) سیاسەتی زمانی (پێگە دان و بڕەو دان بە زمانی زاڵ کراوی نەتەوەی فەرمانڕەوا و لێ سەندنەوەی هێز و پێگەی زمانی کوردی، بەرگرتن لە پەرە پێ دانی بە دەوڵەمەند کردنی پەیکەرەکەی و پێش گرتن لە خوێندن پێی لە قوتابخانە بنەڕەتییە دەوڵەتییەکان) و ٣)تێڕوانینی زمانی (دروست کردنی تێڕوانینی نەرێنی؛ شکاندنەوە و بێ بایەخ کردنی لە بواری گشتی و کۆمەڵایەتیدا). خاڵی پێک گەیشتنی ئەم هۆکارانە، ستاندارد کردن و بە پێوەر دانانی یەک زمان لە بری زمانەکانی دیکەیە، کە ئەمەش لە ڕاستیدا هەر لایەنێکی زمانناسانەی نییە، و هۆی سیاسی و ئابووریی دیکەشی هەیە. ٤) لە باری ئابوورییەوە، فێربوونی زمانی نەتەوەی باڵادەست کە وەک زمانی زاڵ، زۆرترین دەرفەتەکانی دابین بوونی پیشە و ئابووریی بۆ ڕەخساوە، دەبێتە پێشمەرجێکی سەرکەوتنی ئابووریی تاکی ئاخێوەری زمانە ژێردەست کراوەکانی دیکە. هەموو کاروبارێکی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی لە بەڵگەنامەی لەدایک بوونەوە تا بەرگەی کۆچ کردنی، هەر بەو زمانی سەپێنراوە جێبەجێ دەکرێت.

بەشێوەیەکی گشتی، لەگەڵ پێکهاتنی بنەماکانی دەوڵەتی مودێڕن لە ئێران لە کۆتایییەکانی دسەڵاتی قاجار تا شۆڕشی مەشروتە (١٩٠٦ – ١٩١١)لە ڕێگای سیاسەتێکی زمانییەوە زمان بەدامەزراوەیی دەکرێت (institutionalized). دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ چەسپاندنی دەوڵەتی ناوەندی و ملکەچ کردنی نەتەوەکان و وەفادارییان بە دەسەڵاتی ناوەندی زمانی فارسییان کردە ئامرازی ئەم بەستنەوەیە بە ناوەندەوە. زمان بوو بە ڕەمزێکی دەسەڵاتی بەناو نیشتمانی و نەتەوەسازیی ئێرانی. بە پێی مادەی ٤ی قانوونی هەڵبژاردەنەکانی ٩ی سیپتەمبەری ١٩٠٦ ئەوانەی هەڵدەبژێردرێن “یەکەم دەبێت فارسی بزان، دووەم دەبێت خوێندەواریی فارسییان هەبێت و سێیەم ڕەعیەتی ناوخۆ بن”[v]. لە ئەو کاتەوە تا ئێستا، زمانی بە دامەزراوەیی کراوی، فارسی پێوەندییەکانی نێوان دەسەڵاتی داگیرکەر و نەتەوە داگیرکراوەکانی لەباری پەروەردە و ڕووبەری گشتیی کۆمەڵایەتی، نامە گۆڕینەوە ئیداری و دامەزراوەییەکان رێکدەخات. هەروەها، بەدوای ئەم سیاسەتەدا، باری سروشتیی پێک کەوتنی زمانەکان لە بەستێنێکی فرەزمانیدا دەگۆڕێت بۆ بەستێنی باڵادەستییەکی تاکزمانی؛ زمانی دەسەڵاتدار و زاڵ کراو (زمانی زۆرینە لە ڕووی هێز و دەسەڵاتەوە) بەسەر زمانی بێ دەسەڵاتی ژێردەست کراو (زمانی کەمینە لەڕووی بێ دەسەڵاتییەوە) سەرهەڵدەدەن.

بە پێی یاسای مەشروتە لە ١٩٠٦ و چەسپاندنی یاسای قەدەغەکردنی زمانە ڕەسەنەکانی نەتەوەکانی دیکە، یەک لەوان زمانی کوردی، سیاسەتی سەرکوتی زمانی نەتەوەکانی دیکە دەست پێ دەکات. “ستراتژیی دەسەڵاتی زاڵ بەسەر کوردستاندا هاوپێچی حاشاکردنی شوناسی نەتەوەییی کورد و سەرکوتی نواندنەوە گوتارییەکانی بووە. ئەم ستراتژییانە لە کرداری بنەماییی دەوڵەتدا بەرجەستە بووە و لەیاسا بنەڕەتییەکەیشیدا ڕەمزێندراوە- ئەم دووە بە پێی شیکارییەکانی دریدا(١٩٩٢) بە داوی یەکدا توندوتیژیی کردەیی و گوتاریی دەوڵەت پێکدێنن(Vali, 2019, p. 1). دەوڵەت زمانی فارسی (کە تەنیا زمانی نزیکەی ٥٠٪ ی دانیشتوانی ئەو جوگرافییە سیاسییە بووە) کردووەتە زمانی ڕەسمی و زمانی نیشتمانی و وەک میراتێکی کولتووری و پەروەردەیی هەموو نەتەوە جیاوزەکان نرخاندوویەتی و پەرەسەندنەکەی و زیاد کردنی ئاستی بەکارهێنانەکەی وەک ئامرازێکی شوناسی نیشتمانی بڕەو پێ داوە. هەر بۆیە لەگەڵ زەوت کرانی مافی سەروەریی سیاسی، کولتووری و ئابووریدا، پێشێل کردنی مافی زمانییش بەشێکی گرنگی مافەکانی نەتەوە زۆرلێ‌کراوەکان پێکدێنێت کە نوێنەر و جیاکەرەوەی ئەوانن لە نەتەوەی باڵادست. خێزانەزمانی کوردی وەک سیێیەمین زمانی گەورەی نێو جوگرافیای سیاسیی ئێران، کە بە لوڕستانەوە نزیکەی١٠ ملیۆن کەس[vi] قسەی پێ دەکات، هەروا لەو وڵاتەدا تەنیا زمانی ئاخاوتنی خێزان و پێوەندیی گشتیی کۆمەڵایەتییە و نەچووەتە قۆناغی خوێندنی بنەڕەتی وڕەسمییەوە.

سیاسەتی تەندروستیی زمانیی دەوڵەت: زمانی ژێردەست کراو لەبەر دەم تاقیگەی لێهاتووییی زمانیدا

سیاسەت و پلانی زمانی، بە “ئەو هەوڵە بە ئەنقەستانە دەگوترێت کە کاریگەریی لە سەر پێکهاتەی زمان (پەیکەرەی زمان، بەکارهێنان) و ئەرکی زمان ( شێوەی بەکارهێنان، پێگەکەی)یەوە هەیە. پلانی زمان، گۆڕینی مەبەستداری زمانە. واتە، گۆڕینی سیستەمی کۆدە زمانییەکان یان هەردووکیانە بە هۆی ئەو ڕێکخراوانەوە کە بۆ ئەم مەبەستە دروست کراون یان بۆ مسۆگەر کردنی ئەم مەبەستە ڕاسپێردراون”(Rubin and Jernudd, 1971, p. xvi)[vii]. یەکێک لە پێشمەرجەکانی جێخستنی ئەم پلانە ئەوەیە کە زمانێک دەبێت بەسەر زمانەکانی دیکەدا بژار بکرێت. واتە، هەم خۆی لەنێوان زمانەکانی دیکەدا هەڵدەبژێردرێت و هەم بەواتای پاککردنەوەی لە وشە و زمانی دیکە بەناوی “پەتی کردن”ـەوە. ئەم بژارکردنەی زمان هەرچەند پشتی بە هێزی بەکارهێنەکانی بەستووە، پێویستیی بە پاساویشە بۆ ئەوەی هۆی بژارکرانەکەی پاکانەی بۆ بکرێت. یەکێک لە بیانووەکانی ئەم پاکانە کردنە، بە نوقستان و ئیفلیج زانینی زمانەکانی دیکەیە، هەربۆیە دەبێ ئاخێوەرەکانیان وەک نەخۆش ببرێنە تاقیگەی لێهاتووییی زمانی زاڵەوە تا کەمایەسییەکەیان بۆ قسە کردن بە ئەو زمانە نەمێنت و ببنە هاوڵاتییەکی تەواو و خوازراوی نەتەوەی باڵادەست. بۆئەم بابەتەی ئێستا شی دەکرێتەوە و ئەو شێوەیە لە دەسەڵاتی زاڵ بەسەر کوردستاندا، لەوانەیە ئەم پێناسەیە گونجاوتر بێت کە “سیاسەتی پلاندانانی زمانی بەواتای جیاوازی دانانە لە نێوان گرووپە کۆمەڵایەتییەکان (پۆلەکان)دا. واتە، سیاسەتی زمانی میکانیزمێکە بۆ دەستنیشان کردنی پێگەی زمان لە نێو پێکهاتەی کۆمەڵایەتیدا بە جۆرێک کە زمان دیاریی دەکات کێ دەستی بە دەسەڵاتی سیاسی و سەرچاوە ئابوورییەکان ڕادەگات. سیاسەتی زمانی میکانیزمێکە کە گرووپی باڵادەست لە بەکار هێنانی زماندا هێژێمۆنی [خۆی] پێ دەچەسپێنێت”( Tollefson, 1991, p. 16)[viii].

سەرەڕای واقعی فرەزمانی بوون، جیاوزیی زمانی کوردی و زمانە ژێردەست کراوەکانی دیکە لەگەڵ فارسیدا، گوتاری دەوڵەت -نەتەوەی مۆدێڕنی ئێرانی لە ئەم سەردەمەشدا کە جیهان بەرەو فرەزمانیی دەچێت، هەروا سەرسەختانە، بەتایبەتی لە پانتای گشتیشدا، پێداگری لە یەکدەست کردنی زمانی دەکات. حاشا کردنی دەوڵەت و بژاردەی نەتەوەی باڵادەست لە بوونی نەتەوەی جیاواز لە ئێران و پلانی “تاقی کردنەوەی لێهاتوویی زمانی”(طرح بسندگی زبانی) کە لەلایەن یاریدەدەری فێرکردنی بنەڕەتی لە وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی ئێرانەوە بۆ منداڵانی نەتەوە زۆرلێکراوەکانی ئێران کە لەوانەیە ڕاوێژی فارسییان وەک فارسان نەبێت، نموونەی سیاسەتێکی سەرکوتکەرانەی زمانین[ix]. ئەنجامی ئەم سەرکوت کردنە زمانییە، لەناوچوونی زمانی نەتەوە زۆرلێکراوەکانی ئێرانە.

دەوڵەتی ئێران لە پێناو ئایدۆلۆژیای زمانی زاڵدا بە ناوی “پارێزگاری لە فارسی بکەین”(فارسی را پاس بداریم) و سیاسەتی “تەندروستیی زمانی” (verbal hygiene)[x] بەڵام لەڕاستیدا لە پێناو فەلسەفەیەکی دەمارگرژانەی جەوهەرخوازانەی سیاسی- ئایینیدا زمانی نەتەوە زۆرلێکراوەکان وەک “نەخۆشیی”یەک سەیر دەکات و منداڵانی ئاخێوەری ئەو زمانانەش بە نەخۆش دادەنێ و بۆ چارەسەرکردنیان دەیانباتە تاقیگەی توانستی لێهاتووییی زمانی فارسی. ئەمەش لە ڕێگای وەزارەتی پەوروەردەوە بە ناوی “دادپەروەریی پەروەردەیی” ناودەبات.

“توێژینەوە ڕەخنەیییەکان دەریانخستووە کە دامەزراوە پەروەردەیییەکان، دەتوانن بە پیادەکردنی سیاسەتی زمانیی هێژمۆنیک، کارئاسانی بکەن بۆ پەراوێز خستنی زمانی کەمینەکان و بەکارهێنەکانیان (Tollefson 2013)”. هەروەها، زۆر جار بژاردەی نەتەوەی باڵادەست، زمانە ژێردەست کراوەکان بە ناکارا لەبواری ئەرکی یان ڕەسمی و لەبەر ئەمەش زەین و کۆمەڵی ڕەسەنی خۆجێیی[نەتەوەی ژێردەست کراوی ئاخێوەری ئەو زمانە] بە نوقستان دەزانێت، کە ئەمە وەک باوە بۆ پاساودانی مانەوە لە ژێر سێبەری زمانی باڵادەست بووە”(Woolard 1998; Fabian 1986; see also Raison-Jourde 1977)[xi]. بۆ نموونە، “شەفیعیی کەدکەنی لە پاساودانی ئەم بیرۆکەیەدا دەڵێت: “زمانی فارسی شانامەی هەیە، مەسنەویی هەیە، سەعدیی هەیە، حافزی هەیە، نیزامیی هەیە، دەتوانێت مل لەبەر ملی زمانی شکسپیر بنێت. بەڵام زمانی ئۆردوو هیچی نییە کە لەگەڵ شکسپیر ململانێ بکات”[xii]. ئەم تێڕوانینە، زمانی نەتەوەکانی دیکە بە بێ کەڵک و لاواز دەبینێت و بە بازادان بەسەر میراتی ئەدەبی وکولتووریی نەتەوەکانی دیکەدا، دەیهەوێ پاکانە بکات بۆ خۆسەپێنیی نەتەوەکەی و زمانەکەی بەسەر نەتەوە و زمانە ژێردەست کراوەکانی دیکەدا.

دیارە ئەمە بە پێی سیاسەتێکی زمانیی درێژخایەنی دەوڵەت و پاساوهێنانەوەی بژاردەی نەتەوەی فەرمانڕەوا لە دامەزراوە پەروەردەیی، ئەکادیمی و کولتوورییەکاندا کاری بۆ دەکرێت و ڕەوایەتیی پێ دەدرێت.

بە نوقستان زانینی زمانی کەمینەکان، بابەتی بەکۆمەڵایەتی (socialization) بوونی منداڵ لە زماندا یان لە ڕێگای زمانەوە لە دوو بواری پێکەوەبەندیی کولتووری و کۆمەڵایەتی لەبەر چاو ناگرێت. واتە “پرۆسەیەک کە خەڵک بە بەکارهێنانی زمانی کۆمەڵەکەیان و بە ئەندام بوون لەو کۆمەڵەیەدا تێکەڵاوی کۆمەڵەکەیان دەبن. لە ئەم سۆنگەیەوە کە بەکۆمەڵایەتی بوونی منداڵان لە کردە کولتوورییەکانی کۆمەڵەکەیاندا بە هۆی زمانەوەیە، زمان ئامرازێکی سەرەکییە کە ئەندامانی گرووپێکی کۆمەڵایەتی بۆ گەیاندنی بەها، باوەڕ و جیهانبینییەکانیان بە منداڵەکانیان بەکاری دێنن. لەهەمان کاتدا، زمان خۆی زۆربەی پێکهێنە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان دەڕمزێنێت [واتاداریان دەکات]، وەک پێوەندییە پلەبەندییەکانی نێوان ئەندامانی گرووپەکان، پرۆسەکە[بەکۆمەڵایەتی بوون] کۆمەک دەکات بە پێکهێنانی هەستی “خود”ی منداڵ لەکاتی دەرکەوتنی ئەو هەستەدا. ئەوە لە ڕێگای ئەم پرۆسەوەیە کە منداڵ فێردەبێت – هاوشان لەگەڵ ڕێساکانی گرووپەکە بە شێوەی شیاو فێر بێت و هەڵسوکەوتیشیان پێ بکات”(Guardado, 2018 p. 34)[xiii].  

لێکدانەوەی جەوهەرخوازانە بژاردەی نەتەوەی زاڵ لەبارەی زمان و نەتەوەوە

ئـ) ڕوانینی جەوهەرخوازانە بۆ زمان و کولتور

گوتاری جەوهەرخوازانە لە ئێران هەر تایبەت بە ئایین و خوێندنەوە تاکڕەهەندییەکان لە ئایین نییە، کە بنئاژۆخوازی(Fundamentalism)ی ئیسلامیی لێ کەوتووەتەوە. بەڵکو ئەم ڕوانگەیە بۆ زمان و کولتووریش زۆرینەی پێکهاتەکانی دەسەڵات، ئۆپۆزسیۆن و بژاردەی نەتەوەی باڵادەست و تەنانەت بەشێکی بەرچاوی زمانناسانیش پێکەوە کۆ دەکاتەوە. جەوهەرخوازی(essentialism) پێی وایە کە “سیما و تایبەتمەندیی جیاوازی شت و بابەتەکان جەوهەری/زاتین بۆیان؛ ئەو باوەڕە فەلسەفییەیە کە هەر بوونێک یان قەوارەیەکی جۆرێکی تایبەت دەبێت خاوەنی تایبەتمەندیی سەربەخۆ و دابڕاو لە بەستێن و دەوروبەری خۆی بێت”[xiv]. بەواتایەکی دیکە، تایبەتمەندییەکانی زەروورین بۆ شوناس و ئەرک نواندنەکەی.

لە ڕوون کردنەوەیەکی زیاتر پێوەندیدار بە ئەم بابەتەوە دەکرێت بڵێین، “جەوهەرخوازی بە واتای دانەپاڵی سیفەتێکی بنەمایی، و بەتەواوی زەروورییە بۆ کەس، و پۆلێکی کۆمەڵایەتی، گرووپێکی ئەتنیکی، کۆمەڵەیەکی ئایینی یان نەتەوەیەک. هەروەها جەوهەرخوازی ئاماژەیە بۆ هەر شی کردنەوە و لێکدانەوەیەک کە تارمایی دەخاتە سەر ئەو لایەنانەی پێوەندییان بە کولتور یان شوناسی دەستە و تاقمانەوە هەیە و لەبەرانبەردا بایەخ دەدات بە بابەتەکە لە خۆیدا وەک بوونێکی سەربەخۆ، دابڕاو، لە نێو خۆیدا تۆکمە، و دەستئاژۆ نەکراوی هێزەکانی دەرەوەی خۆی. بە ئەم شێوەیە، جەوهەرخوازی بەخورتی دەبێتە فۆرمێک لە جەستەسازی بۆ شتێکی نابەرجەستە (reification)، نواندنەوەیەک کە جیاوازییە دەروونییەکان کپ دەکات” (Gesser, 2015, p. 5)[xv]. ئەم تێڕوانینە دەکەوێتە بەرانبەر ئەو ڕوانگەیەی کە نەتەوە بە بەرهەمی “کردەی گێڕانەوە” و “هەستێکی بەستراوەیی چەندلایەنە” لە پرۆسەی پەرەسەندنی مێژوویی-کۆمەڵایەتیدا و بە دروستکراو(constructive) دەبینێت.  نەتەوەی فەرمانڕەوا لە ئێران لە ئەم ڕوانگەیەوە دەڕوانێتە زمانی فارسیش. لە ئەم ڕوانگەیەدا ناوەرۆکی زمانی فارسی و شوناسی ئێرانی و پێوەندییە نیشانەیییەکانیان چەسپاو، زاتی، سروشتی و بێ کێشەن. زمانی فارسی دیاردەیەکی تاقانەی پێش مۆدێڕنە و بە پێچەوانەی زۆر زمانی جیهان لە زاتی کولتووری ئێرانیدا سەری هەڵداوە و لە دەرەوەی بەستێنی سیاسی -کۆمەڵایەتییەکانیدایە.

بۆ نموونە، بڕوانە ئەم پارچە دەقە کە لە توێی کۆمەڵە وتارێکدا بەناوی “زمان و شوناسی ئەتنیکی”، لە ساڵی (٢٠١١)دا بە زمانی ئینگلیزی بڵاو بووەتەوە و لەبڵاوکراوەکانی ئاکسفۆرد پرێسە.

“ئێران کە هاتە دونیای مۆدێڕنەوە تووشی  زۆر بەرهەڵستی بوو. بەڵام نەک ئەو دوو بەرهەڵستییە بنەڕەتییەی زۆربەی دەوڵەتەکانی دیکە لەگەڵی بەرەوڕوو بوون؛ هیچ مشتومڕێک نەبووە لەسەر ئەوەی چ زمانێک دەبێ ببێتە زمانی نەتەوەیی، یان چی شوناسی نەتەوەیی پێکبێنێت. [زمانی] فارسی لە دەوری خۆی وەک زمانی دەوڵەت، پەروەردە، ئەدەب و میدیا بێ ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هیچ بەرهەڵستییەک، ڕاست وەک ئینگلیزی لە ئینگلستان و ئەمریکا بەردەوام بوو. . ئێران لە سەدەی ١٩دا یەکێک لەو دەگمەن نەتەانە بوو کە بە میراتێکی درێژخایەنی وشیاریی مێژوویی و ئاگایی کولتووریی شوناسەکەیەوە هاتە سەردەمی نەتەوەسازی و ناسیۆنالیزمەوە. زۆر پێش داهێنانی جۆری مۆدێڕنی ناسیۆنالیزمی ئەورووپای سەدەی هەژەدەیەم، شوناسێکی ئەتنۆ- نەتەوەیی پێشمۆدێڕن لە ئێران هەبوو، شوناسێک کە بە هۆی ئەزموونێکی هاوبەشی مێژوویی و هاوبەشیی کولتووری و ئەدەبیات پێکهاتبوو  (Borjian, &Burjian, 2011, pp. 256- 257)[xvi].

ئەمە گێڕانەوەیەکی دروستکراوی نەتەوەی دەسەڵاتدارە کە پێچەوانەی واقعی مێژوویی، سیاسی و پەروەردەییی ئێرانە لەبەر چەندین هۆ. لێرەدا هەوڵ دەدرێت بە گێڕانەوەی شایەتحاڵەکانی خوێندن لە ئێران، بەڵگە ئەدەبییەکان و سەرچاوە زانستییەکان، ڕاستییەکان لەبارەی زمان، شوناسی نەتەوەیی و پێکهاتنی دەوڵەتی مۆدێڕن لە ئێراندا بخرێتە ڕوو.

سەرەتا پێویستە ڕوون بکرێتەوە کە پابەندی بە قسە کردن بە زمانی هاوبەش، تایبەتە بە دەوڵەت – نەتەوەی مۆدێڕن و دیاردەیەکی تا ڕادەیەک نوێی ئەم دواییانەیە کە لە چەند سەدەیەک لەوە پێشەوە [لە ئەورووپا]گەشەی کردووە. بەر لەوە، کە لەوانەیە بەگشتی بە سەردەمی ئیمپراتۆری ناو ببرێت، یەکێتیی زمانی پێویستییەکی سەرەکی نەبوو. لەحاڵێکدا کە بەکارهێنانە زمانییەکان بە خورتی جۆراوجۆر بوون، هێندێک لە حکوومەتە ئیمپراتۆرییەکان بە ئاشکرا لەگەڵ سروشتی فرە زمانیی دانیشتوانی ئیمپراتۆرییەکەیاندا گونجا بوون، وەک ئێران و میسری کۆن (Grillo, 1998, p. 37)[xvii]. پاشان، تا بەر لە دروست کردنی دەوڵەتی نوێی ئێرانی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، زمانەکان لە پێک کەوتنێکی سروشتی و جوگرافیدا بوون. تەنیا توێژێکی دەستە بژێر خوێندەواریی هەبوو؛ زۆرینەی ڕەهای خەڵک هەر زمانی فارسییان نەدەزانی. بۆیە زمانی فارسی هیچکات نەیتوانیوە بەشێک بێت لە شوناسی نەتەوەییی هاوبەشی کورد و فارس. بە هۆی دراوسێتی وپێک کەوتنە زمانییەکانەوە بەشێکی کورد، تورکیی ئازەرییان زانیوە، زانینی ئەو زمانەش هیچکات نەبووەتە هۆی ئەوەی شوناسێکی هاوبەشی ئەتنیی تورکی -کوردی دروست بکات. جگەلەوەش، “ئیمپراتۆر پێویستیی بە جەماوەرێکی یەکپارچە لەباری زمانییەوە نەبوو، چونکە فرمانەکانی لە ڕێگای گرووپێکی بچوکی ڕاسپێردراوی ئیداریی دووزمانەوە بۆ گوێڕایەڵیی خەڵک ڕاستەوخۆ دەکرا بگەیەنرێت”(Ucarlar, 2009, P. 64)[xviii]. هەروەها، لە نێو کورد و لەئەدەبیاتی کوردیدا ئێران زیاتر وەک ئەتنیک بە “عەجەم” هاتووە و شوناسێکی نەتەوییی هاوبەش لە نێوان کورد و عەجەمدا نەبووە.

وێڕای هەموو ئەوانەش، لەبەرانبەر ئەو بانگەشەیەی بژاردەی ئەکادیمیی نەتەوەی زاڵدا، جێی خۆیەتی بزانین شایەتحاڵێکی کورد لە قوتابخانەی ڕەسمیی دەوڵەتی، چۆنیان فارسی فێرکردووە، ڕۆژنامەنووسێکی کوردی سەردەمی پێکهاتنی دەوڵەتی مۆدێڕنی ئێرانی بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ژیانی ئینسانی کورد چۆن وەسف دەکات و شاعیری کورد دەوڵەت و نەتەوەی کوردی لا مەبەست بووە یان ئێرانی.

سەرەتا، گێڕانەوە لە باوکێکی کرماشانییەوە:

“نزیکەی ساڵی ١٣٣٣ی هەتاوی]١٩٥٤[ی زاینی پۆلی یەکەمی سەرەتایی بووم. ئەو کات بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئیدارەکان، بە پێی یاسا کەس بۆی نەبوو لە ئیدارە و خوێندنگەکاندا جگە لەزمانی ڕەسمی، واتە زمانی فارسی بە زمانی زگماکی قسە بکات. خوێندن لە قوتابخانەکانیش وەک ئەم سەردەمە بە زمانی فارسی بوو؛ بەم جیاوازییە کە ئەو کاتە تەلەڤزیۆن نەبوو و کولتووری زاڵ کاریگەرییەکی کەمتری هەبوو، هەر بۆیە من وەک مناڵێکی کورد زمان ئەوکاتەی چومە قوتابخانە فارسیم نەدەزانی. مامۆستایەکی فارس زمانمان هەبوو کە بە سەختگیرییەکی تایبەتەوە دەرسی پێ دەگوتین. ڕۆژێک منی بانگ کردە پێش تەختە ڕەشەکەی پۆلەکەمان و ئاماژەی بە وێنەی “کەڵەشێر”ێک کرد کە لەوێ هەڵیواسیبوو، پرسی: شێرزا، بڵی بزانم ئەوە چییە. منی مناڵی کورد زمان بە پێی ئەو عادەتەی لەسەری ڕاهاتووم و هەڵقوڵاو لە نەست (ناخودئاگا)ی خۆمەوە وڵامم دایەوە: “كەڵەشێر”؛ گوڕاندی: کەڵەشێر نا! (خۆرووس)، بڵێ (خۆرووس). منیش بە شڵەژانێکی زۆرەوە لە کاتێکدا سەرنجم تێکچووبوو، دیسان وڵامم دایەوە، “کەڵەشێر”. بە دارێکی کە بەدەستییەوە بوو بە توندی دای بەسەرمدا کە ئێشەکەی سەراپای باڵامی داگرت و دونیا لەبەر چاوم دەخولاوە. هەر لەو کاتەدا، دیسان پرسییەوە: ئێستا بڵێ ئەمە چییە؟ من کە زیاتر پەشۆکاو و شڵەژابووم، لەبەر تێکچوونی سەرنجم دووبارە وڵامم داوە: “کەڵەشێر” و دیسانیش لێدانی مامۆستا بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی من، مناڵێکی ٧ ساڵان بە ئێش و ئازارێکی زۆرەوە بەرەو ماڵ چوومەوە. لە پاش ئەوە لای خۆم بڕیارم دا کە ئەگەر مناڵم ببێت لەگەڵی بە فارسی قسەدەکەم تا وەک من تووشی ڕووداوی وا نەبن “(هیوا پاشایی، فراتاب، ٢٥دی ١٣٩٧)[xix].

لە ئەو گێڕانەوەیەی سەرەوەدا دامەزراوەی پەروەردە و فێرکردن و تاکی فێرکار وەک مامۆستا بە چڕی و بە تۆپزی زمانی زگماکی لەهەناوی قوتابیی کورددا دەکوژێت. ئەم دەنگە کپ کراوە لە ڕەوتی جیهانیبوون و تەکنۆلۆژیای گەیاندندا، وەک دەنگێکی پەراوێزخراو، پاش دەیان ساڵ پلانی زمانکوژیی کۆلۆنیالیستانە دەرکەوتووەتەوە. چونکە وەک ئەمیر حەسەن پوور، زمانناسی ناسراوی کورد دەڵێت: “زۆربەی ئەو زمانناسە[بیانی]انەی لە زمانیان کۆڵیوەتەوە، سەبارەت بەکوشتنی بەقەستی “بابەت”ی لێکۆڵینەوەکەیان [واتە، زمانی کوردی] بە دەست تورکیا، ئێران، و سوریا بێدەنگ بوون. سیاسەتی زمانکوژی، لە دەستوور و قانوونەکانی ئەو دەوڵەتانەدا ڕێزی لێ گیراوە، نەک هەر حاشایان لە مافی زمانیی کورد کردووە، بەڵکو بە ڕژدی ئازادیی ئەکادیمیی زمانناسەکانیان لە دەرەوە و نێوەوەی ئەو وڵاتەنەدا کە زمانەکە قسەی پێ دەکرێت زەوت کردووە. “[xx]

سەبارەت بەو شوناسە نەتەوەییە ئێرانییە لەوانەیە ئەم دێڕە شێعرەی “شێخ ڕەزا تاڵەبانی”(١٨٣٥-١٩١٠) نموونەیەکی گونجاو بێت، بەتایبەتی، بە بەکارهێنانی ئاوەڵناوەکانی “مەحکووم” و “سوخرەکێش” لە دەستەواژەکانی “مەحکوومی عەجەم” و “سوخرەکێشی ئالی عوسمان”دا:

لە بیرم دێ “سولەیمانی” کە دارولموڵکی “بابان” بوو

نە “مەحکوومی عەجەم” نە “سوخرە کێشی ئالی عوسمان” بوو(دیوان، ل. ٩٥).

 شێخ ڕەزا لێرەدا جگە لەوەی باس لە مێژووی سەربەخۆییی بەشێکیی کوردستان دەکات، هاوکات لەو دوو دەستەواژەیەدا هەستی کوردیش بەرانبەر هەردوو دەسەڵاتی داگیرکەری نەیاری مێژوویی کوردیش دەردەبڕێت ودەیانناسێنێت. ئەمە دەریدەخات کە بە ڕاستی، بژاردەی نەتەوەی باڵادەستی ئێرانی هەر بۆ یەکتری دەگێڕنەوە و هەر گوێ لەخۆیان دەگرن.

 لەوانەیە ئەم گوتەیەی سەرنووسەری ڕۆژنامەی “ڕۆژی کورد”ی سەردەمی سمکۆ(١٨٨٧ -١٩٣٠) بە باشی دەریبخات کە ئێرانی ئەمڕۆ بە بێ بەرهەڵستیی نەتەوەی کورد پێکنەهاتووە کە دەڵێت: “هەرکەس بەڕاستی و ئینساف تەماشای کوردان بکا دەبینێ: کە جان و ویجدان، رووح و ماڵ، عیززەت و نامووسی وان هێرشی سەختی ئێرانیان لەسەرە. زوڵمی بێ حیسابی زاهیری و باتنی (لە قەبیلی جەریمە و کوشتن، زەجر و حەبس، نەهێشتنی وەسایلی تەرەقی، بێبەش کردن لە نیشانان مەدەنییەت، بۆ دانەنان مەنافع خەیرییە، ڕێ نەدان لە چاک کردن اموور ژیان خۆیان و شەریک نەکردن لە هیچ کار و شوغڵێکدا و دەنێو خستن نیفاق. و. و. . . ) لەلایەن ئێران بۆ سەر کوردان لە ئومووری عاددی بەڵکو حاڵەتێک تەبیعی بوو. لەگەڵ ئەو هەموو زوڵمەی خۆیان کە تەبعی بەشەر قەبووڵی ناکا، کوردان هەمیشە تووشی مەسائیبی خاریجیش بوون، لەبەر ئەوانە عەوامل غیرەت دەکورداندا وە جۆش هات، پەنایان برد بۆ سپەر قیام، خۆیان ئاویشتە سەنگەر ئیقدام و نواندن مەوجودیەت بەدەنگ بڵند ئەو کەلیمەی حەقە دەڵێن: لێمان گەڕێن دەست لە حقومان مەدەن!!! لەوە زیاتر مەمانکەنە جێگەی تاڵان و بڕۆ!!! تەواو ئارەزووی کوردان عیبارەتە لەو جوملە: حیفز کردن خۆیان پەیداکردن ئاتییەیەکی ڕووناک(م- د) تورجانی (٢٨ی مانگی ذی لقعدە  ١٣٤٠، ژمارە ٣، ساڵی ئەوەڵ، . ل. ٤)”.

 بۆیە، کورد هەر لە بنیادەوە سیستەمی دەوڵەت نەتەوەی ئێرانی لەتەواوییەتی خۆیدا قەبووڵ نەبووە و بەردەوام لەگەڵی لە بەرهەڵستیدا بووە. کەواتە، هیچ ڕێککەوتنێک لەسەرئەوە کە زمان و شوناسی نەتەوەیی چی بێت لە ئارادا نەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا هەرسێ شاعیری گەورەی کورد، خانی (١٦٥٠- ١٧٠٦ بە کرمانجی)، خانای قوبادی (١٧٠٠ – ١٨٧٨ بە گۆرانی) و نالی(١٨٠٠-  ١٨٥٦ بە سۆرانی) لە شێعرەکانیاندا بەرانبەرکێی ئەتنۆ-زمانیی خۆیانیان لەگەڵ ئەدەبیات و زمانی نەتەوەی فەرمانڕەوا دەربڕێوە. کە دەگات بە حاجی قادر(١٨١٦- ١٨٩٧) ڕاستەوخۆ باسی پێکهاتنی دەوڵەتی کوردی دەکات و دەڵێت:

بە شیر و خامە دەوڵەت پایەدارە

ئەمن خامەم هەیە شیر نادیارە (دیوان، ل. ٢٥٤)

سەرڕای هەموو ئەمانەش، ئەگەر ئەو قسەیەی سەرەوەی بەڕێزان “ئەشرەف” و “بورجیانەکان” بە ڕاست وەرگرین، بەپێی شێعرەکانی خانی، شێخ ڕەزا و حاجی قادر، ناسیۆنالیزمی کورد دەکەوێتە پێش فارسیش. بۆنموونە، “ئەمیر حەسەنپوور (١٩٩٢) لە پێشەکیی کتێبەکەی بەناوی “ناسیۆنالیزم و زمان لە کوردستاندا ١٩١٨ -١٩٨٥” پێی وایە کە “ناسیۆنالیزمی کورد بە ئەگەری زۆر کۆنترین ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی لە جیهانی ئیسلامدایە” (p. XXlV)[xxi].

بە پێی لێکدانەوەی بژاردەی ئەکادیمیی نەتەوەی فەرمانڕەوا بۆ زمان، نەتەوە و دەوڵەت لە ئێران، “سروشتی بوونی پێکهاتەی ئەتنیک لە ئێراندا بەم واتایەیە کە ئەتنیسیتەی ئەتنیکەکانی ئێرانی کۆن- کە ئەژدادی دانیشتوانی سەرەتایی بانی ئێران بوون- بەشێوەیەکی سروشتی ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە و ئەم هاوچەشنییە ئەتنیکییە(ی ئێستای بە ناوی “ملت ایران واحد”) لە ئەنجامی دەستوەردانی سیاسییەوە بەدی نەهاتووە(ئاساتوورییان، ١٣٩٦)[xxii].

هەروەها، لە ڕەوتێکی پەرەسەندووی مێژووییدا فارسیی کۆن، فارسیی ناونجی و فارسیی نوێ بەدیهاتووە و لەپاڵ نەژاد، ئایین و مێژوودا شوناسی بنەڕەتیی مرۆڤی ئێرانی، بە هەموو نەتەوە جیاوازەکانییەوە، پێکدێنێت. لە گوتاری جەوهەرخوازانەی ناسیۆنالیزمی ئێرانیدا فارسی “تاقانە”یە و ئەم پەرەسەندنە مێژوویییە بۆ زمانی میدی و ئاڤێستایی و زمانەکانی دیکە و ئەو زمانانەی وەک کوردی ئێستا کە لە ئاڵوگۆڕی زمانیدا فۆرمی ئێستایان وەرگرتووە، نابینرێت، بەڵام زمانی فارسی بە ئاسایی و سروشتی بەسەر هەموو نەتەوەکاندا دەگشتێنێت.

ب) بنیادنانی گێڕانەوەی باوکسالارانە لەسەر ڕوانینی جەوهەرخوازانە

لایەنێکی تایبەتی گێڕانەوەی جەوهەرخوازانەی نەتەوەی فەرمانڕەوا لە زمان، ئەتنیک و شوناسی نەتەوەی کورد، باوکسالارانە بوونێتی. بە حاشاکردن لە پشتی ئەتنیستیی کورد وەک واقعێکی مێژوویی، دەیهەوێت بیگێڕێتەوە سەر ڕەچەڵەکی ئێرانی بوون، لەڕاستیدا فارس بوون. چونکە ئێران تا ١٩٣٥ هەر بە “پارس” (Persia) ناسراوە[xxiii]. بۆیە پێی وایە کورد نەک هەر نەتەوە بەڵکوو ئەتنیکیش نییە، و ئەمە لە تەنیشت ناوی “ئێران” وەک زاراوەیەکی نوێ بۆ دەوڵەت- نەتەوەی مۆدێڕندا بەکار دێنێت کە نەتەوەی فارس و زمانی فارسی نوێنەرایەتیی دەکات، بەڵام نەک بەو ناوەوە. واتە، ڕووە تاریکترەکەی کە چەوساندنەوە و تواندنەوەیە دەشارێتەوە و بەناوی شارستانیەت، پێشکەوتن، ئەدەبیاتی دەوڵەمەند، ژیری و پاکترین ئایینی جیهانەوە سەروەریی سیاسیی خۆی دەسەپێنێت. پاساوەکەشی ئەوەیە کە هەر لە سەرەتاوە وا بووە و ئەمەی لە پشتەوە بۆ ماوەتەوە، شتێکە لە جەوهەری ئێرانی بوونەکەیدایە! ئەمەش سیمایەکی دیاری بژاردە کۆلۆنیالییەکانە کە هەروەک “میگنۆلۆ”، نیشانە ناسی ئارژانتینی، دەڵێت: “شیکاریی بنیاد، گەیاندن، و پاراستنی ڕەگەزپەرستی و باوکسالارییە کە هەلومەرجەکانی ڕۆنان و کۆنترۆڵی پێکهاتەی زانستی لەسەربنەمای وشەی خوا یان عەقڵ و ڕاستی دروست کرد”(1992,  p. xv)[xxiv].

لە تێڕوانینی باوکسالارانەی نەتەوەی فەرمانڕاوا لە ئێراندا خۆی سەرچاوەی هەموو شتێکە؛ لە قووڵاییی مێژووەوە هاتووە. تاکە سەرچاوەی باوەڕ پێ کراو و لێکدەرەوەی ڕەوای لێکدانەوە ئایینی و ئوستوورەییەکانە و سەرچاوەی ژیرییە. ئەمەیە ڕەوایەتیی پێ دەدات خۆی بە نەتەوەی پشت و باوک، وەک نموونەی شارستانییەت بزانێت و ئەوانی تری، بەتایبەتی نەتەوە ژێردەست کراوەکانی بە دواکەوتوو، بێ مێژوو و بنچینە و بەربەر یان خێڵی کێوی دابنێت و هەربۆیە خۆی دەبێت سەرپەرشتییان بکات. ئەم شێوە ڕوانینە لە ڕاستیدا خۆی کۆپییەکی کۆلۆنیالیتیی ئەوروپییە، بەڵام حاشا لە ئەمەش دەکات و گێڕانەوەکەی بە گێڕانەوەیەکی پێش مۆدێڕن ناودەبات. بۆ نموونە، بە بۆچوونی سەید جەوادی تەباتەبایی “مێژووی جیهان بە ئێران دەست پێ دەکات. . . ئێرانشار یان ئێرانی کولتووری لە بوخاراوە تا شامات و میسر دەگرێتەوە. ئێران ڕاستییەکی مێژوویییە. . . دەوڵەت و میللەتی ئێران کۆنە. ئێران توانیوێتی بەرلەوەی چەمکی دەوڵەت پێک بێت، دروستی بکات. ئەوەی مەشروتە و ڕەزاخان دروستیان کرد ئەو دەوڵەتە کۆنەیان نوێ کردەوە و ڕێکخستنێکی نوێیان پێ دا، ئەمان دەوڵەتیان دروست نەکرد. . . حافز دەربڕی ئوستوورەی نەتەوەییی ئێمەیە. غەیبی ئەو دەربڕی شتێکە کە دیار نییە، چونکە ئێمە نەتەوەی غەیبین. واتە، “نەتەوە(ملت) بەواتای (nation) نەبووە. ئێمە هەمیشە نەتەوە بووین. حافز زمانی میللەتێک بووە کە پێویستی نەبووە “میللەت” پێکبێنێت (طباطبایی، ١٣٩٦)”[xxv].

 جێگەی پرسیارە کە ئەم ڕوانینە جەوهەرخوازانەیە بۆ نەتەوەی ئێرانی کە ئەدەبیاتی نەتەوەکانی دیکە و بەرهەمەکانیان بەزمانی غەیری فارسی لە میراتی کولتووریی خۆی دەرهاویشتووە،  لەحاڵێکدا هاوشان لەگەڵ سەرکوت و زەبروزەنگ بەرگرییان کردووە و بەردەوام بوون، هەن و پێش دەکەون، دەبێت جگە لە حاشاکردن و بێدەنگی چ لێکدانەوەیەکی هەبێت؟ ئەمانەی ئەم ئەدەبیاتەیان بەرهەم هێناوە وەک فەقێ تەیران(دمدم)، خانی(مەم و زین) و حاجی قادر(شێعری نەتەوەیی) و مەلامەحمودی بایەزیدی (یەکەم ڕێزمانی کوردیی کورمانیجی بە زمانی کوردی لە ١٨٥٧) دەبێت لە کوێی ئەم ئێرانە فەرهەنگییەدا بن؟ چلۆنە ئەو ئێرانە فەرهەنگییە لە یادەوەریی ئەو نەتەوە و دەوڵەتانەدا نەماوە، کە ناوبراو سنوورەکەی تا شامات ومیسر بردووە و نەک خۆیان بە بەشێک لێی نازانن، بەڵکو بە نەیاریشی دەزانن. تاکە زمان- تاکە نەتەوە، سانترالیزمی ئیداری و کارگێڕی، هەڵاواردن  و دروست کردنی کۆیلە لە بری هاووڵاتی، بەرهەمی دەوڵەت -نەتەوەی مۆدێڕنی ئێرانییە و بەشێکە لە مۆدێڕنیتە بەگشتی. لە ڕوانگەی میگنۆلۆوە، مۆدێڕنیتە خۆی ئێگۆیەکی گۆڕاوی کۆلۆنیالیتییە. کۆلۆنیالیتی پێکهێنەری مۆدێڕنیتەیە. هیچ مۆدێڕنیتەیەک بە بێ کۆلۆنیالیتی نییە. لە ڕاستیدا، کۆلۆنیالیتیش لە بنجدا لە ئەوروپاوە هاتووە، “گێڕانەوەیەکی ئالۆزە کە شارستانیەتی ڕۆژائاوایی بە نرخاندنی دەستکەوتەکانی و هاوکات شاردنەوەی ڕووە تاریکترەکەی ڕۆدەنێت “(Mignolo, 2011,pp. 2-3)[xxvi]. هەرچەند بژاردە و دەوڵەتی نەتەوەی زاڵ دەیانهەوێت لە گێڕانەوەکانیاندا ڕووی ڕاستەقینەی کۆلۆنیاڵیتیی ئێرانی بشارنەوە، واقعی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستان شتێکی دیکە پێشان دەدات؛ نەتەوەی کورد بە گیان و جەستە ڕۆژانە هەست بە توندوتیژیی گوتاری و کردارییان دەکات.

پ) جیاکردنەوەی زمانی کوردی لەئاخێوەرەکانی: سەیرکردنی فرەزمانی وەک هەڕەشەیەک بۆ یەکپارچەییی نیشتمانی

لە گوتاری جەوهەرخوازانەی ئێرانیدا، دوانەی زمان و ئەتنیک لێک جیادەکرێنەوە، بە پێی نامەیەکی دەزگا پێوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە چاپی کتێبێکی تایبەت بە منداڵان کە لە ٢٦/٥/١٣٩٨ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، کتێبێکی چیرۆکی منداڵان بە زمانی کوردی ئامادەکراوە و چاپخانەی باشوور لە پارێزگای ئیلامی ڕۆژھەڵاتی کوردستان داوای مۆڵەتی چاپی لە دەوڵەت کردووە، ڕاگیراوە و لە نامەیەکی ئیدارەی ئیرشادی ئیسلامی بۆ بڵاو کەرەوەکە ھاتووە، “جلوبەرگی مێروولەکە نابێت کوردی بێت”. ئەمە لەڕاستیدا، دەریدەخات کە کورد وەک شوناسی ئەتنیکی دەسڕێتەوە. ئەوە لەبەرچاو ناگرێت کە”زمانەکان دەسەڵات یان مافیان نییە، ئاخێوەرەکانیان ھەیانە” (Britt- Griffler, 2005). ئاخێوەرانی زمانەکان هەوڵ دەدەن بۆ مسۆگەرکردنی مافی زمانی و مافەکانی تری کە پێوەندیی بە کۆمەڵەیان نەتەوەکەیانەوە ھەیە، خەبات بکەن و خۆ بەدەسەڵات بکەن. ئەمە مافێکی تەواو ڕەوایە کە لە بوونی کۆمەڵایەتییانەی تاک و گرووپەکاندا ئاسایی و پێویستە. بۆیە جیاکردنەوەی زمان و ئەتنیکی ئاخێوەرانەکەی بەتەواوی ئایدۆلۆژییانە و سیاسیییە، هەرچەند ئەوان لێکدانەوە سیاسییەکانیان و پلانە داگیرکارییەکانیان لە ژێرناوی کولتوور و ئێرانی کولتووریدا دەشارنەوە.

ت) ڕەدکردنەوەی کۆمەڵەی زمانی، کەمینە و زۆرینەی زمانی

دەسەڵاتداران یان  بژاردەی نەتەوەی زاڵ لە سەر لۆژیکی هێز بە شێوەیەک لە خۆبەزلزانیدا نوقم بوون، هێندێک جار شتی وا دەڵێن زیاتر لە جۆک دەچێت تا ئەوەی بۆچوونێکی زانستی یان جدیی ڕۆشنبیرانە بێت. یەکێک لەلایەنگرانی تیۆریی جەوهەرخوازانەی “ئێرانی پەرەسەندووی مێژوویی و سروشتییانە” “گارنیک ئاساتوریان”ـە کە زمانی کوردی کردووەتە نیشانەی پێکانی تیۆرییەکەی و میدیا فارسییەکانیش زۆر بەرجەستەی دەکەن، لە گفتگۆیەکی لەگەڵ تەلەفزیۆنێکی فارسیی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدا دەڵێت:

“هەموو پێکهاتەکانی ئێران یەک ئەتنیک (قەوم) پێکدێنن و زمان نیشانەیەک نییە لە ئەتنیسیتە. هەر بۆیە زاراوەگەلێکی وەک “کەمینە”، “زۆرینە” بۆ ئێران مانای نییە. ئەو خەڵکەی لە ئێران پێیان دەڵێن تورک، لە ئێران جگە لە تورکەمەنەکان، تورک نین. ئەمە پانتورکیسمە، [ئەمانە دروست دەکات] پانتورکیسم دیاردەیەکی سیاسییە، بەڵام پان ئێرانیزم دیاردەیەکی کولتوورییە. ئێوە لە ناو خێزانی خۆتاندا کەمینەن، بەڵام ئەگەر هاتنە تاران دەبنە زۆرینە. زمانی ئێوە وەک [کوردی، بەلوچی و] لووڕی زمانی لانکەی ئێوەیە، زمانی دایکیتان زمانی فارسییە. گوتاری زمانی دایک بۆ ئێران هەر پێویست نییە. “[xxvii].

 

جەوهەرخوازیی ئێرانی لە ئەم بوارەدا گیرۆدەی لێکدانەوەیەکی پارادۆکسییانە و پێکدژ بووە، چونکە جگە لەوەی زمان وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ دەوروبەرە کۆمەڵایەتییەکەی لە کار لێک کردندایە و گوتاری زمانی ستاندارد یان پێوەر خۆی دروستکراوە و ناکرێت زاتی/سروشتی بێت، ئەم تایبەتمەندییە تەنیا بۆ زمانی فارسی بەڕەوا دەزانێت! واتە لە ڕوانگەی بژاردەی نەتەوەی فەرمانڕەواوە، ئەم زمانە بە پێچەوانەی زمانە ستاندارد کراوەکانی دیکە، لە بنیاتنانی دەوڵەتدا سیاسی نییە، بەڵکوو لەئەنجامی پرۆسەیەکی زاتی و سروشتییانەی پەرەسەندوودا وەرگیراوە، هەربۆیە “زمانی دایک”ی ئێرانییەکان زمانی فارسییە. لە ئاکامدا، پانئێرانیستی خۆیشی دیاردەیەکی سیاسی نییە، چونکە پێش مۆدێڕنە و کولتوورییە. بەڵام پانتورکیزم یان کوردیزم سیاسییە، چونکە شتێکی نوێیە و بەهۆی کاریگەرییە سیاسییە نوێیەکان دروست بووە و گوتارسازیی بۆ کراوە. ئەتنیکی ئێرانی بریتییە لە فارس، کورد، بەلووچ، لوڕ، گیلەک و هیتد کە زمانەکەشیان هەرلقی نوێی زمانە ئێرانییەکانە و ئازەری و عەرەبی خوزستانیش بە ئەتنیک ئێرانین، بەڵام زمانیان گۆڕاوە. بەم شێوەیە ئێران پێکدێت لە دوو ئەتنیکی ئێرانی و تورکمانی!! 

زاراوەکانی کەمینە و زۆرینە، لە زانستی زمانناسیی کۆمەڵایەتی و ئەنترۆپۆلۆژیای زمانیدا بە پێی شوێن و بەستێنی جۆراوجۆر و جیاواز بەکار هاتوون و توێژەرانی ئەم بوارانە لەسەریان کۆک نین. لە ئەورووپا، زاراوەی کۆمەڵەی زمانیی ئەوروپی (European community language)، ئاماژەیە بۆ زمانە نیشتمانییە ڕەسمییەکانی دەوڵەتانی ئەندامی کۆمەڵەی ئەورووپی ((Coulmas 1991و زمانی کەمینە ڕەسەنە خۆجێیی یان پەنابەرەکان ناگرێتەوە، کەچی لە ئوسترالیا، زمانە کۆمەڵەییەکان ئاماژەیە بۆ زمانی کەمینە ڕەسەنە خۆجێییەکان و زمانە پەنابەرەکان (Clyne 1991). جیاوازیی نێوان زمانێکی کەمینە و زۆرینە سیاسی – کۆمەڵایەتییە. زمانی زۆرینە بە شێوەی ئاسایی پێگەیەکی ڕەسمی و دانپێدانراوی هەیە، لە میدیادا بەکار دێت، و زمانی ئیداری و پەروەردەییی دەوڵەتە. لەبەر هۆی جیاواز زمانە کەمینەکان زۆرجار لەنێو نەتەوە و وڵاتەکاندا دەخرێنە پەڕاوێزەوە. گرووپە ئەتنۆزمانییەکان لەوانەیە کەمینەیەکی حەشیمەتی بن یان جەماوەرێکی زۆریان هەبێت، بەڵام بەهۆی پێگەی لاوازی کۆمەڵایەتی، کولتووری یان سیاسی کە پێوەندییان بە هۆکاری کۆچبەری یان داگیرکارییەوە هەیە، وەک کەمینە سەیر بکرێن. کەواتە، کەمینە یان زۆرینە بوون بۆ هیچ زمانێک شتێکی میراتی نییە، بەڵکوو بە هۆی بەستێنە کۆمەڵایەتییە شوێنییەکەیەوە دیاری دەکرێت. بە گشتی، هۆکاری کۆمەڵایەتی-مێژوویی و سیاسی -ئابووری وەک داگیرکردن، لکاندنی نیشتمانی و  پەنابەری، پێگەی زمانێک دیاری دەکەن (Ibid, 2015, p. 14)[xxviii]. بۆنموونە زمانەکانی کوردی، بەلوچی و تورکیی ئازەرەی کە هەرکامەیان حەشیمەتی ئاخێوەری چەند ملیۆنییان هەیە، لە ژمارەی ئەندامانی ئاخێوەریاندا کەمینە نین، بەڵام بەهۆی سیاسی- کۆمەڵایەتییەوە  پەراوێزخراون، بە کەمینە دادەنرێن. بەتایبەتی، زمانی کوردی، زمانی کۆمەڵەیەکی کەمینەی کۆلۆنی کراوە. زمانی کۆمەڵەیەکی ڕەسەنی خۆجێی(Indigenous)یە کە خاکەکەی داگیرکراوە، مافی سەروەریی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووریی ئاخێوەرەکانی زەوت کراوە و زمانەکەش زمانی پەروەردەی حکومی و ئیداری نییە و بەڕەسمی نەناسێندراوە، بۆیە لە ڕووی بێ دەسەڵاتییەوە بە کەمینە کراوە. لە ئەم بارودۆخەدا، بۆ ئاخێوەرێکی کۆمەڵەی زمانی کوردی ئاسایییە خۆی بە ئێرانی نەزانێت، بەرهەڵستیی گوتاری داگیرکاری بکات و پێداگری لەسەر پاراستنی شوناسی خۆی بکاتەوە. چونکە ژیان لە ژێردەستییەکی نەخوازراودا و بە کەمینە کران بە هۆی هێزەوە، هیچ ڕەوایەتییەک بۆ خۆسەپاندنی دەوڵەتی نەتەوەی داگیرکەر ناهێڵێتەوە.

بەشێکی سەرەکیی ئەدەبیاتی زمانناسیی کۆمەڵایەتی، پێوەندیی بە پاوان کردنی دەسەڵاتەوەهەیە کە نایەکسانی، هەڵاواردن و دەرهاویشتنی کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە. نەتەوەی ژێردەست کراو و زمانی ژێردەست کراویش کەمینە بوونی ناوێت و ڕەتی دەکەنەوە کەمینە بن، بەڵام بە واتایەکی تەواو پێچەوانەی تێگەیشتنی بژاردە و دەوڵەتی نەتەوەی زاڵ. ئەوان بۆیە کەمینە و زۆرینە ڕەت دەکەنەوە، چونکە پێوەندیی بە هێز و دەسەڵاتەوە هەیە. ئەگەر دان بە بوونی نەتەوەی کەم دەسەڵات لە جوگرافیای سیاسیی خۆیاندا بنێن، دەبێت لەدەسەڵاتەکەدا بەڕەسمیی بناسن و هاوبەشی بکەن؛ مافەکانی ڕەچاو بکەن کە یەک لەو مافانە مافی زمانییە. ئەوان بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە خۆسەپێنی و داگیرکاری و سڕینەوەی شوناسی نەتەوە زۆرلێکراوەکان، بە ناوی ئەتنیک/نەژادی ئێرانییەوە حاشا لە کۆی مافەکانی نەتەوەکان دەکەن. هەروەها ئێستا لە جیهانی فرەزمانیدا گرنگییەکی تایبەتی بە زمانی بێ دەسەڵات دەدەن و وەک زمانی بەرمەترسی لێی دەڕوانن. هێندێک لە بژاردەی نەتەوە و دەڵەتی فەرمانڕەوا، چونکە نایانهەوێ وڵامی ڕای گشتیی جیهانی و دامەزراوەکانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ و مافی زمانی بدەنەوە و هەر بە یەکجاری لە ژێری دەردەچن، کورد نەک وەک نەتەوە بەڵکوو بە ئەتنیکیش نابینن و بەرەو حاشاکردنێکی ڕەها دەچن.

 

ئێرانییەکان لە مێژە گێڕانەوەی تایبەتی لە ئەم جۆرە بۆ ئێران و نەتەوە جیاوازەکانی نێو ئەو جوگرافیایە و بەتایبەتی نەتەوەی کورد هەڵدەبەستن. دیانهەوێت ئایدۆلۆژیای دەوڵەت – نەتەوەی ئێرانی بەرهەم بێننەوە و ڕووی جیاوازیدارانەی بشارنەوە. ئەوان دەربڕینی هەستی شوناسخوازانە بەشتێکی دەستکرد و هاوردە دەزانن، بەڵام لێکدانەوە و گێڕانەوەکانی خۆیان بە سروشتی و واقعییانە وەسف دەکەن. ئەمە دەربڕی ئەو ڕاستییەیە کە ڕێبەر و ئەکادیمیی، شەهید  دکتور قاسملوو لە ١٩٦٢ لە کتێبی “کوردستان و کورد”دا بە “بەراوەژوو پێشاندانی بە ئەنقەستی پەرەسەندنی مێژووییی کورد ” ناوی دەبات و دەڵێت:

 

“بە دڵنیایی، هێندێک لە “مێژوو نووسان” بە ئەنقەست ڕاستییە مێژوویییەکان بەراوەژوو پێشان دەدەن، . . . خزمایەتیی نێوان زمانی کوردی و زمانی فارسی و ئەوە کە هەر دوو زمانەکە دەچنەوە سەر لقی زمانە ئێرانییەکان دەکەنە بەڵگەی ئەوەی کە کورد ئێرانییە، واتە فارسە. ئەوان دان بە کورد وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ دانانێن و پەرەسەندنی مێژووییی کورد بەراوەژوو پێشان دەدەن” (کوردستان و کورد، چاپی ئینگلیزی، ١٩٦٥، ل. ٣٣)[xxix].

 

ج) دوانەتی(دواڵیتی) لە گوتاری جەوهەرخوازانەی دەوڵەتدا

ئێرانییەکان ئەوکاتەی زمانی کوردی و زمانە ژێردەستەکانی دیکە بە کێشە دەبینن، ئاماژە بە یەکدەستیی نەتەوەییی ئێران و پێکهاتەی پەرەسەندووی سروشتییانەی ئێران دەکەن. کەچی، لە باری مافناسییەوە لە ژیانی ڕاستەقینەدا ڕەچاوی مافی وەک یەکی بەناو کەمینە نەتەوەیییەکان لەچاو نەتەوەی فەرمانڕەوادا ناکەن. جگە لەوەش، لەسەر واقعی جیاوازییە زمانی، ئەتنی و ئاینییەکان لە بارە ڕاستەقینە کۆمەڵایەتییەکەیدا، بۆ سزادانی ئەندامانی نەتەوە زۆرلێکراوەکان بە شێوەی بێبەش کردنی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و یاسایی لە بەر هەبوونی “لەهجە”، واتە لێهاتوو نەبوون لە قسە کردن بە فارسییەکی پاراو بەدوای پشت و سەرچاوەی ئەتنیکییاندا دەگەڕێن. بە ئەم شێوەیە، دەوڵەت و بژاردەی نەتەوەی فەرمانڕەوا  ئەو دەسەڵات و هێزەی هەیانە بۆ پەراوێزخستن و دەرهاویشتنی نەتەوەی ژێردەست کراو بەکاری دێنن. بۆ نموونە، بە پێی ڕۆژنامەی شەرق ٢٧ی سەماوەزی ١٣٩٦لە بڵاوکردنەوەی فۆرمێکی داوای کار لە کۆمپانیای “هەفت تەپە”دا هاتووە کەسی داواکار دەبێ دیاری بکات کە ئەتنیسیتەی باوکی چییە. چونکە بەپێی وتەی سەرۆکی لێژنەی بەڕێوەبەریی کۆمپانیاکە، “ئەنجومەنی دابین کردن و ئیدارەی کار، ئەوانی ناچارکردووە کە لە دامەزراندنی هێزی کاری ناخۆجێیی خۆبپارێزن. “[xxx]

 ئەوەی لەم بابەتەدا شایانی تێبینییە، ئەوەیە کە یەکەم، ئەو هەڵڵایەی لە میدیا فارسییەکاندا لەسەر ئەم بابەتە کەوتەوە، لەبەر ئەوە بووە کە ئەندامانی نەتەوەی فەرمانڕەوا ڕێگەیان پێ نەدراوە لەوێ وەربگیرێن!!؟ ئەگەر وانیە، بۆچی لەکوردستان بەشێکی سەرەکیی پۆستە بنەڕەتی و باڵاکانی ئیدارە و کۆمپانیاکان خۆوڵاتی نین و لە نەتەوەی باڵادەست یان لە کورد باڵادەستترن، ئەوهەرایەی لەسەر دروست نابێت و ئەو ڕێنماییەی ئیدارەی کار نایانگرێتەوە؟! بۆ نموونە، ٤٣٪ کارمەندانی پیشەسازیی پیترۆشیمیی مهاباد خەڵکی شارەکە نین[xxxi]. لە حاڵێکدا لاوانی شارەکە پەنا بۆ کۆڵبەری دەبەن یان بێکارن. هەروەها، لە کۆی ٤٠٠ کرێکاری وێستگەی وزەی هەڵمی ئێرانشار(کە ناوی پێشتری پەهرە بووە) لە سیستان و بەلووچستان، تەنیا ٤٤ کرێکاریان بەلووچن[xxxii]، لە حاڵێکدا زۆرینەی ڕەهای شارەکە بەلووچن. کەواتە بۆ میدیا فارس و بژاردەی نەتەوەی باڵادەست چاو لەم هەڵاواردنانە دەپۆشن؟ بۆیە، ئەو گومانە بەهێز دەبێت کە لێرەش گەڕانەوە بۆ پشتی ئەتنیسیتەی داواکارانی کار لە کۆمپانیای “هەفت تەپە”ش زیاتر بۆ مەبەستی پەراوێزخستنی نەتەوە زۆرلێکراوەکان و خۆوڵاتییەکانی عەرەبی ئەو ناوچەیە بێت یان بۆ مەبستێکی تری بانگەشەیی.

دەوڵەت و نەتەوەی فەرمانڕەوا، لەکاتی هاندان بۆ ملکەچ بوونی زیاتر و بەکۆیلەکردنی نەتەوە زۆرلێکراوەکان وەک، بانگەشەکردن بۆ شانۆی هەڵبژاردنەکانیش ئەتنیسیتە و زمانی نەتەوەکان بەکار دێنێت و دەورووژێنێت، بەڵام بۆ مەبەستی بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتی خۆی. ئەم دوفاقییەی سیاسەتی داگیرکارییانەی دەوڵەتی ئێران و پاشخانە داگیرکەرییەکەی سەرکەوتوو نەبووە لەوەی هەستییاریی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی زمانی نەتەوە زۆرلێکراوەکان و زمانی کوردی وەک زمانی جوگرافیایەکی داگیرکراو بنرخێنێت و تەنیا لە ئاستی حاشا لێ کردنیدا ماوەتەوە. چونکە، بزووتنەوەی شوناسخوازانەی کوردیش بەرخۆدانی زمانی و کولتووریی کردووەتە بەشێک لە خەباتی نەتەوەخوازانەی خۆی و لەبوژاندنەوەی زمانەکەیدا چالاکانە بەردەوامە.

ئاراستەکانی ڕوانینی سیاسەتی زمانی لە ئێراندا: بە کێشە بینینی زمانی ژێردەست کراو و بڕەودان بە زمانی زاڵ

بە بۆچوونی ڕویز (١٩٨٤) هەڵوێست وتێڕوانینە سەرەکییەکان بۆ زمان و شێوەکانی ئەرک پێ سپاردنی لە کۆمەڵدا، کاریگەریی دەبێت لەسەر ئەو بڕیار و هەوڵانەی بۆ دیاری کردنی سروشتی پلانی زمانی لە بەستێنێکی دیاری کراودا دەدرێت و جێبەجێ دەکرێت. هەڵوێست و ئایدۆلۆژیاکان دیاری دەکەن کە بە ئاراستەی” ماف”، “کێشە” یان ” وەک سەرچاوە” لە زمان بڕوانین(p. 15)[xxxiii]. لەسەر بنەمای ئەم ئاراستانەیە کە ململانێ گوتارییەکان بۆ زمان سەرهەڵدەدەن، کە لێرەدا لە دوو گوتاری فرەزمانی خوازانە (multilingual) وەک جۆرێک لە پلۆرالیزم  و گوتاری تاکزمانی خوازانە (monolingual) وەک جۆرێک لە جەوهەرخوازی دەکەونە بەرانبەر یەکتر.

ئاراستەی ڕوانین لە زمان وەک کێشە

بە بۆچوونی “ڕویز” ڕوانین بۆ “زمان وەک کێشە”یەکی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی کردەکی دەکرێت بناسرێت و چارەسەرەکەشی پەروەردە و فێرکردنی دووزمانە(bilingual education)یە. بە گشتی، ئەو پێی وایە کە دوو چارەسەر بۆ مەسەلەی فرەزمانی هەیە:  یان ئاراستەکە لە ڕووی عینادەوە و بۆ مەبەستی خراپە، ئەوە چارەسەرەکان ڕیشەکێش کردن، نوقوستان کردن، قەرەنتینە کردن یان واکسینە کردن دەبێت، یان چارەسەرەکە “چاککردنەوە” و “بڕەوپێدان”ە (Ruiz, 1984, p. 21). لە پێوەندی لەگەڵ چارەسەری یەکەمدا، دەڵێت، “چونکە کیشە زمانییەکان هەر کێشەی تایبەت بە زمان خۆی نین، بەڵکوو کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی هەیە، ئەم مەیلە تایبەتە [زمان وەک کیشە بینین] لەوانەیە نوێنەری ڕوانگەیەکی تری ]نەرێنی[ لەبارەی جۆراوجۆریی کولتووری و کۆمەڵایەتیشەوە بێت (ibid). لە بەشەکانی تری ئەم وتارەدا لەسەرەوە زیاتر ڕوون کرایەوە کە کێشەکانی زمان ناتوانن لە کێشە سیاسی- کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی ئاخێوەرانی کۆمەڵە زمانییە جیاوازەکان جیا بن و لەدەرەوەی ئەو بەستێنانە بکرێت ڕوون بکرێنەوە.

ئاراستەی ڕوانین لە زمان وەک ماف

ڕوانین بۆ “زمان وەک ماف” لەو هەوڵانەدا کە لە پێناو دانی مافی مرۆڤی زمانیدا لە جیهان دەدرێن ڕەنگدەداتەوە و لەوانەیە بە فێرکردنی یەکلایەنەی پەرەپێدانی دوو زمانە وەسف بکرێت کە تێیدا [تەنیا] خوێندکارانی زمانی کەمینە لەگەڵ پاراستنی زمانی دایکیاندا، زمانی زاڵیش فێردەبن (Johnson, 2013, p. 36)[xxxiv] و ئیتر خوێندکاری زمانی نەتەوەی فەرمانڕەوا پێویست ناکات زمانی کەمینە بزانن و بخوێنن. لە ئێراندا، ئاخێوەرانی زمانی کوردی، بەتایبەتی، نەک هەر مافی زمانی، بەڵکوو مافی گیانیی خۆشیان پارێزراو نییە. کوژرانی ڕۆژانەی کۆڵبەرانی بێ چەکی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزی چەکداری ئێرانی، زۆرترین ڕێژەی زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی و ئێعدامەکان نموونەیەک لەوانەن.

ئاراستەی ڕوانین لە زمان وەک سەرچاوە

لە ڕوانین بۆ “زمان وەک سەرچاوە”دا، جۆراوجۆریی زمانی و پەروەردەی فرەزمانی وەک سەرچاوە بۆ ئاخێوەری ڕەسەن و ناڕەسەنی زمان هەردووکیان لەبەرچاو دەگیرێت. واتە فێرکردنی جووت زمانەی دوولایەنە{کە هێندێک جار بە دوو زمانە (immersion) یان دوانەی زمانی ناودەبرێت} کە تێیدا هەم ئاخێوەری ڕەسەنی زمانی دایک و هەم ناڕەسەن [لە هێندێک بابەت] بە هەردوو زمانەکە دەخوێنن(Ibid). “هەوڵەکانی پلانی زمانی بەو گریمانەیە دەست پێ دەکەن کە زمان سەرچاوەیەکە دەبێ بەڕێوەببرێت، پێش بخرێت، و بپارێزرێت. پێویستە کۆمەڵە زمانییە کەمینەکانیش وەک سەرچاوەگەلێکی “گرنگ”ی پسپۆڕی لەبەرچاو بگرێت”(Ruis, 1984, p. 26). جگە لەو لایەنە فێرکردنە فرەزمانییە کە بۆ ناوخۆی هەر وڵاتێک قازانجە و توانستی چەند زمانە بوونی وڵاتەکە لەباری ناوخۆیی وەک سەرچاوە دەباتە سەرێ، ڕویز پێی وایە کە سەرچاوە زمانییە سروشتی و دروستکراوەکانی وڵاتەکە، دەتوانێت بۆ ئەمریکا لەباری چالاکییە سەروو نیشتمانییەکانیش (دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی، بازرگانی، ئاسایشی نیشتمانی و بەرگری) سودمەند بێت(Ibid).

بەپێی ئەم ئاراستانەی ڕویز، دەکرێت بڵێین ئێران لە قۆناغی جۆراوجۆردا و بەپێی بەستێن و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ئاراستەی جیاوزی سیاسەتی زمانیی وەرگرتووە. بەڵام لەسەر یەک “لەهەر دوو قۆناغی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا ڕێژیمەکانی ئێران فرەزمانی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکپارچەییی خاکی وڵاتەکە دەزانن(شێخولئیسلامی، ٢٠١٢)”[xxxv] بۆ نموونە، لەهەموو ئێران و بەتایبەتی، لە کوردستان لە چەند دەیەی یەکەمی مۆدێڕن کردنی ئێران و چەسپاندنی دەوڵەت- نەتەی ئێرانیدا (ڕەزاشا ١٩٢٥- ١٩٤١) زمانەکانی غەیری فارسییان بە “کێشە” وەرگرتووە و قەدەغەکردووە. لە پاش ئەم  دوو دەیەیە و لە سەردەمی موحەممەد ڕەزاشای کوڕدا(١٩٤٢- ١٩٧٩) “ئاراستەی سنووردار”(Restrictive)ی “کلۆس”ی وەرگرتووە کە زیاتر بواردان بووە بە ڕۆژنامەیەک و چەند وێستگەیەکی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی لە تاران، کرماشان، مهاباد و سنە.

لە پاش شوڕشی نەتەوەکانی ئێران بە دژی دیکتاتۆریی ڕەزاشا، ئەم ڕوانینە ئاراستەیەکی بەرفراوانتر لە پێشوو وەردەگرێت. دەکرێت بڵێین لە ئاراستەی سنووردارەوە گۆڕا بۆ ڕوانینێکی گونجاو بە قازانجی خۆی کە “کلۆس و وایلی” بە “ڕوانینی هەل پەرستانە”(expediency orientation) ناوی دەبەن. هەرچەند ئەمان ئەم ڕوانینەیان بۆ ڕێگەدان بە خوێندنی کاتییانەی دووزمانی بەکار هێناوە، بەڵام لەگەڵ سیاسەتی ئێران بۆ زمانی کەمینەکان و زمانی کوردی لە بڕگەی ١٥ی یاسای بنچینەییی ئێراندا دێتەوە. لە یاسای بنچینەییی ئێراندا لە بڕگەی ١٥ی یاساکەدا بە شێوەیەکی تەمومژاوی ئاماژە بە “ئازادی”ی خوێندنی ئەدەبیاتی کەمینەکان لەپاڵ زمانی فارسیدا و بەکارهێنانیان لە میدیا و چاپەمەنییەکاندا دەکات (بە بێ ئاماژە بە زمانەکانیان بەگشتی و ناوی زمانەکان بەتایبەتی)، بەڵام بە ڕاشکاوی و ڕوونی بە بەکار هێنانی وشەی “دەبێ” منداڵانی نەتەوە ژێردەسەتەکان بە خوێندنی زمانی فارسی لە خوێندنگە دەوڵەتییەکاندا پابەند دەکات.

ئاراستەی چارانخوازانەی مافی کەمینە (tolerance-oriented minority rights) لە ڕوانگەی “کلۆس”ەوە کۆی ئەو نۆرمە حقووقی، یاسای عورفی، و نرخاندنانەیە کە حکومەت و دامەزراوە حکومییەکانی سەر بەدەوڵەت (بەتایبەتی لە خوێندنگە حکومییەکاندا) بۆ کەمینەکانی ئامادە دەکەن، و ئەگەر پێویست بوو، پاڕێزگاری لە مافەکانیان بۆ بڕەوپێدانی زمانەکەیان لە ڕووبەری تایبەتی، واتە لە خێزان و دامەزراوە تایبەتەکان دەکەن (Kloss 1998: 20). کەواتە، حکومەت لەوانەیە مافی خوێندن و پێگەیاندنی بە زمانی باڵادەست لە خوێندنگەی حکومی دابین بکات و مافە کۆمەڵایەتییەکانی تری کەمینەکان بپارێزێت، بەڵام مافی خوێندن بەزمانی دایکیان ناپارێزێت. دیارە ئەمە لە بەرانبەر مافی “بڕەوخوازانەدا(promotion-oriented)یە کە “ڕێکیدەخات چۆن دامەزراوە حکومییەکان زمان و کولتووری  کەمینەکان بەکار بێنن. . . [و] بەڵێنی بەڕەسمی ناسین و بەکارهێنانی زمانەکەیان لەلایەن ئۆرگانە دەوڵەتییەکانەوە پێ دەدات”(Kloss 1998: 21). بەگشتی، لەم ڕوانینەدادەوڵەت سەرچاوەکانی بەکارهێنانی ڕەسمییانەی زمانی کەمینەکان دابین دەکات.

  بە پوختی، دەکرێت بڵێین بە پێی ئاراستەی مافی زمانیی چارانخوازانە لە پلانی زمانیدا، لەگەڵ بەکارهاتنی زمان لە خێزان، لە مزگەوتەکان، لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن، لە ڕۆژنامە و کۆرسەکانی فێرکردنی زمان، لە کەرتی تایبەت و کردنەوەی بەشی کوردی لە زانکۆی کوردستان بە شێوە کۆنترۆڵکراوەکەی چاراوە، کە چەند دامەزراوەیەکی ئەهلیی و وەک “نۆژین” و “زاگرۆس” و “سۆما”ن. بەڵام ئەم دامەزراوانە نەک هەر بە هیچ جۆر لە لایەن دەوڵەتەوە لەبەر مەترسییەکانی داخستن و سوتاندنیان پشتگیری نەکراون، زۆرجار ئەندامەکانیان کەوتوونەتە بەر پەلاماری هێزی سەرکوتکەری ئیتلاعاتی سپای پاسداران و گیراویشن. هەروەها فێرکردنی زمانی کوردی لە کەرتی تایبەت و یان چاپ و بڵاوکردنەوە لە پارێزگا و شارەکانی کوردستان وەک یەک نییە. کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرفەتەکانی بەکارهێنانی زمانی لێ بەرتەسک بووەتەوە و سنووردارکراوە. بەگشتی ئەم سیاسەتی چارانەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ زمانی کوردی لەچوارچێوەی دابەش کردنی ئیداریی و کارگێڕیی وڵاتەکەدا(تقسیمات کشوری) بە پارێزگای سنە (کە دەوڵەتی ناوەندی تەنیا ئەو پارێزگایەی بە کوردستان ناسیوە) و تاڕادەیەکیش موکریان دەبەسترێتەوە کە وەک جەعفەر شێخولئیسلامی(٢٠١٢) ئاماژەی پێ دەکات، “ئاراستەی چارانێکی کۆنتڕڵکراو”ی گرتووتەوە بەر.

لە کرماشان و ئیلام  زمان هەروا بە کێشە دەبینرێت و هەوڵی ڕیشەکێش کردن، نوقستان کردن، ئاوێتە کردنی بەفارسی و لەڕاستیدا واکسینەکردنی دەدرێت. لە ناوچەی ئەردەڵان بە ناوەندیی سنە و لە موکریان و لە ورمێ لەگەڵی “دەچارێت”، بێ ئەوەی لە کاتی بەرهەڵستی کردنی پانتورکیزم یان پانئێرانیزمدا پشتی بگرێت. بە کورتی، زمانی کوردی لە ئاستی ئێراندا بەگشتی و بەتایبەتی لە کەرتی پەروەردە و فێرکردنی ڕەسمی لە قۆناغی بنەڕەتیدا، وەک کێشە سەیر کراوە. هەروەها سەبارەت بە زمان وەک سەرچاوە، دەکرێت بڵێین لە پێوەندی لەگەڵ سیاسەتی دەرەوە و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زمانی کوردی لەبواری میدیادا، وەک سەرچاوە لە ڕێگای “تۆڕی میدیاییی سەحەر” و هەفتەنامەی “جام کورد” بەکاری هێناوە، بەڵام ئەم لایەنەشی پتر لە ئاراستەی “چاران”(tolerance)ی کلۆس ١٩٩٨ و ئاراستەی “هەلپەرستانە”ی کلۆس و وایلی نزیکە تا لە ئاراستەی سەرچاوەی ڕویز.  هۆی ڕەچاوکردنی ئەم سیاسەتە زمانییە ئەوەیە کە:

  • کورد(نەتەوە)، زمانی کوردی(زمان)، و کوردستان(خاک)، لەباری جوگرافی، زمانی و نەتەوەیییەوە بەردەوامیی و پەیوەستەییەکەی پاراستووە، بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی سیاسی- کولتووریی کوردیش بەردەوام بووە، نەیتوانیوە پێشی پێ بگرێت.
  • وەک پاڵپشتێکی تیۆری بۆ گێڕانەوە باوکسالارانەکەی و گوتارە جەوهەرخوازانەکەی لە ململانێ ناوچەیی (ئیقلمیی/هەێمی)ییەکاندا بەناوی “جوگرافیای ئێرانی فەرهەنگی”ییەوە لە دیپلۆماسیی هەرێمیدا بەکاری دێنێت.
  • چاران لەگەڵ زمانی کوردیدا بە شێوەیەکی کۆنتڕۆڵ کراو، ئاستی ململانێی کورد بەرانبەر بە خۆی کەم دەکاتەوە و لە ناوخۆدا لە ڕێی بژاردەی ریفۆرمیستیی کوردی سەربە دەسەڵاتی ناوەندییەوە، وەک گەمەیەکی سیاسی بە ناوی “دەرفەت” و زەرفییەتەکانی یاسای بنچینەیی، تەفسیری دەکات. ئەمەش کەلینی نێوان هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کورد زیاتر دەکات و سوپاپەکانی دڵنیایی بۆ پاراستنی ڕێژیم لە بەرهەڵستییە نەتەوەییەکان چەور دەکات.
  • لەهەمان کاتدا، بە واکسینەکردنی بە زمانی فارسی وەک زمانی زاڵ، کوردییەکە پاسیڤ دەکات و بەرەبەرە دەیگۆڕێت بۆ شێوەزارێکی فارسی کە دوایە نموونەیەکی بەناوی “فارسیی کرماشانی!!” و “مهابادی!!” یان “سنەیی!!”پێکبێت وەک هەموو جۆرە جیاوازە فارسییەکانی لە جۆری ئیسفەهانی یان کرمانی و شیرازی و لە ئەنجامدا ئەم پەرەسەندنە بە سروشتی، ئاسایی و خوازراو بنوێنێت.

ئەنجام

ململانێ و پێکدادانەکانی نەتەوەی کورد و دەسەڵاتدارانی ئێران مێژوویین و دەگەڕێنەوە بۆ پێش پێکهاتنی دەوڵەتی مۆدێڕن لە ئێران. ئەدەبیاتی کوردی چ بەنووسراو و چ بە گوتراو پێکدادانەکانی نواندووەتەوە و پێچەوانەی گێڕانەوە دروستکراوەکانی نەتەوەی فەرمانڕەوا، کورد خۆی وەک یەکەیەکی نەتەوەیی- زمانی لە هەرێمێک بەناوی کوردستاندا بینوە، نەک پاشکۆیەکی سەرزەمینی- کولتووری ئێرانی. پێوەندییەکانی زمانی کوردی لە پاڵ زمانی فارسی، تورکی وعەرەبیدا ئاسایی و سروشتی بووە و خێزانەزمانی کوردی لە ژینگەیەکی فرەزمانیدا پێکهاتەی دەنگی، وشەیی و ڕێزمانیی خۆی پاراستووە و خاوەن جۆری جیاوازی تایبەت بەخۆیەتی. ئاخێوەری کورد سەرەڕای کار لێک کردنە نێوان کولتوورییەکانی لەگەڵ نەتەوەکانی دراوسێی، بە هۆی بارودۆخی ئایینی، سیاسی، و دەسەڵاتەوە لە ژینگەیەکی فرەزماندا ژیاوە، بەڵام مۆرکی کولتوور و دونیابینییەکی کوردانە بە زمان و ئەدەبیاتەکەیەوە دیارە و پێی دەناسرێتەوە.

سەرکوتی زمان و داگیرکاریی سیاسی -ئابووریی لەلایەن دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی، توندوتیژییەکانی بەهێزکردووە و ڕێگەی نەداوە فرەزمانی بە تایبەتمەندییە پێشینییەکانی خۆی بەردەوام بێت. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕەچاوکردنی مافی زمانی بە شێوە بڕەوخوازانەکەی کە لەباری یاسایی و بەڕێوەبەریدا پێویستیی بە بەڕەسمی ناسین و پشتگیری کردنی دەوڵەتە، دەتوانێت ئاستی ئەو توندوتیژییە خوێناوییانە کەم بکاتەوە و دەرفەت بۆ چارەسەری ئینسانی بۆ پێکەوەژیانێکی سەردەمیانە بە پێی پاراستنی سەروەریی سیاسی، ئابووری، دەروونیی دوولایەنەی نەتەوەکان بڕەخسێنێت. بۆ باری ئێستای کوردستان و ئێران دوو بنەما هەیە کە بەشێوەیەک لە وڵاتێکی وەک کانادا لە پێوەندی لەگەڵ فرەزمانی لەو وڵاتەدا تاقی کراوەتەوە. یەکەمیان “بنەمای زمانی نیشتمانی”(the territorial language principle)یە. نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، پێویستە لەسەر بنەمای پەیوەستەییی زمانی هەرێمی، پەیوەستەییی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆی بپارێزت تا دڵنیا بێت لە مانەوەکەی لە سەر خاکی خۆی. نەتەوەی کورد و زمانی کوردی دەبێ بە کوردستانی بوونی بمێنێتەوە تا بتوانێت هێزی خۆی بەدەست بێنێتەوە وهەوڵی دەرچوون لە کەمینە بوون بدات. ئەمە بۆ ئەو شار و و گوند و ناوچانەیە کە کورد لەبەردەوامی و پێوەستەیییەکی ئەتنی و زمانیدا دەژیت و بەکوردستان ناسراوە. “کوبک” لەکانادا، “کاتالان” لە ئیسپانیا نموونەیەکی ئەو خۆ پاراستنەن. دووەم، بنەمای گەرەنتی کردنی مافی زمانی “بنەمای زمانی کەسێتی” (the personality language principle)یە. بە پێی ئەم بنەمایە مافی زمانی تاکەکان بێ گەڕانەوە بۆ پێگە جوگرافییەکەیان دەپارێزرێت[xxxvi]. ئەم بنەمایە بۆ ئەو شوێنانە گونجاوە کە هێندێک گوند و ناوچەی کورد زمان لەگەڵ کۆمەڵە و گرووپی زمانیی دیکەی غەیری کورددا تێکەڵن ولە پێک کەوتنێکی ئەتنی-زمانیدان، کورد لە تاران، لە هێندێک شاری باکووری ئێران، لە هێندێک گوند و شاری بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێندێک گوند و شارۆچکەی تێکەڵاوی لە پارێزگای هەمەدان دەتوانێت لەسەر ئەم بنەمایە بڕوات و مافی کەمینە زمانییەکانی دیکەی دانیشتووی کوردستانیش هەروا بپارێزێت. بۆ نموونە، کانادا مافی زمانیی کەسێتیی فەڕانسەیی زمانەکانی لە دەرەوەی ویلایەتی کۆبەک پاراستووە(١٩٨٢). لە پێوەندی لەگەڵ داگیرکاریی شێوە ئێرانیدا، لەوانەیە دەرچوون لە ژێر نیری داگیرکاریی سیاسی، جوگرافی و ئابووری بۆ کورد ئاسان نەبێت، بەڵام دەرکردنی داگیرکەر لە باری دەروونی و لە زەین و بیری نەتەوەی داگیرکراوی کورددا لەوەش ئەستەم ترە. تەنیا ئەوکاتە کۆلۆنیالیزم لە مێشکە کۆلۆنیکراوەکاندا ڕاو دەنرێن کە نەتەوەی کۆلۆنیکراو داگیرکەری وەک کۆلۆنیالیست ناسیبێت، و بڕیاری بەگژداچوونەوەی هەموولایەنەی لە دژی دابێت و باوەڕی بەمافی ڕەها و تەواوی خۆی هەبێت.

سەرچاوەکان

[i].حاجی قادر کۆیی(١٩٨٦)(دیوان)، لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی سەردار حەمید میرخان و کەریم شارەزا، پێداچوونەوەی مەسعود محەممەد، بەغدا: ئەمیندارێتی گشتیی ڕۆشنبیریی و لاوانی ناوچەی کوردستان.

[ii]. http://dictionary.sensagent.com/faqi%20tayran/en-en/.

[iii].Fassom, P. M. (1919). A practical Kurdish Grammar. INTER- SYNODICAL EV. LUTHRAN ORIANT-MISSION SOCIETY.

[iv]. Liddicoat, A. (2013). Language-in-Education Policies: The Discursive Construction of

Intercultural Relations. Bristol, UK: Multilingual Matters.

[v]. EsmaeilHaddadian-Moghaddam&ReineMeylaerts (2015) What about Translation? Beyond “Persianization” as the Language Policy in Iran, Iranian Studies, 48:6, 851-870, DOI: 10.1080/00210862.2014.913437.

[vi].هەمان سەرچاوە،وەریگرتووە لە: Adopted From “World Fact Book. “2013. Middle East: Iran.” Accessed January 2013. https://www.cia.gov/library/ publications/the-world-factbook/geos/ir.html”

[vii]. Rubin, J., Jernudd, B. H., Das Gupta, J., Fishman, J. A., & Ferguson, C. A. (Eds.). (1977).

Language planning processes. The Hague: Mouton.

[viii].   . Tollefson, J. W. (1991). Planning language, planning inequality: Language policy in the community. London: Longman.

[ix]. WANA NEWZ. IR. (May 29, 2019 / ٨خرداد ١٣٨٩),کد خبر: ۲۶۷۷۴.

[x]. “تەندروستیی زمانی” زاراوەیەک بوو کە دێبۆرا کامێرۆن، زمانناسی بریتانی لە ١٩٩٥ دایهێنا. ئاماژەیە بۆ ئەوڕاهێنانانەی کە بۆ برەودان بە پەتیکردنی زمانی ستاندارد و پاککردنەوەی زمان دەدرا.

(Cameron, D., 1958, & ProQuest (Firm). (1995). Verbal hygiene. London;New York;: Routledge. 

ئالیسۆن جول (٢٠٠٨) پێیوایە”تەندروستیی زمانی ڕێگایەکە بۆ واتابەخشین بە زمان و هەوڵێکی ڕەمزییە بۆ سەپاندنی نەزمێک بەسەر جیهانی کۆمەڵایەتیدا”.

Jule, A. (2017). A beginner’s guide to language and gender. Bristol: Multilingual matters.

[xi]. Schieffelin, B. B., Woolard, K. A., &Kroskrity, P. V. (1998). Language ideologies: Practice and theory. Retrieved from https://ebookcentral-proquest-com.proxy.library.carleton.ca.

[xii].parsianjoman.org/?p=6237.

[xiii]..Guardado, M. (2018). Discourse, ideology and practice: Micro and macro perspectives in language development and maintenance. Retrieved from https://ebookcentral-proquest-com.proxy.library.carleton.ca.

[xiv]. M, Seel, Norbert. (01/01/2012). Essentialism. Encyclopedia of the Sciences of Learning.

[xv].Gesser, S. (2015). Madrid’s forgotten avant-garde: Between essentialism and modernity. Retrieved from https://ebookcentral.proquest.com.

[xvi].Borjian, M. &Borjian, H. (2011). Plight of Persian in the modernization Era, (pp. 254 – 67). In Fishman, J. A., & García, O. (2011). Handbook of language and ethnic identity (2nd ed.). New York: Oxford University Press.

(لە ئەحمەدی ئەشرەف (٢٠٠٦) وەریانگرتووە:http://www.iranicaonline.org/articles/iranian-identity-i-perspectives)

[xvii].Grillo, R. (1998). Pluralism and the Politics of Difference: State, Culture, and Ethnicity in Comparative Perspective. Oxford: Oxford University Press.

[xviii]..Ucarlar, N. (2009). Between Majority Power and Minority Resistance: Kurdish Linguistic Rights in Turkey. Lund University.

[xix]. http://www.faratab.com/news/9112

[xx]. .Hassanpour, A. (2010). The Politics of A-political Linguistics: Linguists and Linguicide. In Rights to language: Equity, power, and education: Celebrating the 60th birthday of ToveSkutnabb-Kangas/edited by Robert Phillipson.(pp. 33-40). London: Lawrence Erlbaum Associates.

[xxi].Hassanpour, A. (1992). Nationalism and language in Kurdistan, 1918-1985. San Francisco: Mellen Research University Press.

[xxii]. www.sharghdaily.ir/1395/11/05/Main/PDF/13951105-2785-6-2.pdf

[xxiii].https://www.cia.gov/library/publications/the-world-factbook/geos/ir.html.

[xxiv] . Mignolo, W. (1992). On the Colonization of Amerindian Languages and Memories: Renaissance Theories of Writing and the Discontinuity of the Classical Tradition. Comparative Studies in Society and History, 34(2), 301-330. doi:10.1017/S0010417500017709.

[xxv]. طباطبایی، جواد. (١٣٩٦). تاریخ جهان با ایران آغاز میشود. در فرهنگ امروز، پنجشنبه ۱۳ مهر ۱۳۹۶ – ۱۱:۱۸

[xxvi]. Mignolo, W. (2011). The darker side of western modernity: Global futures, decolonial options. Durham: Duke University Press.

[xxvii]. https://www.bedonim.com/2018/12/11/kankash-12-11-18-کنکاش-با-حشمت-رئیسی-و-پروفسور-گارنی/

[xxviii]. Montrul, S. (2015). The Acquisition of Heritage Languages. Cambridge: Cambridge University Press.

[xxix]. Ghassemlou, A. R. (1965). Kurdistan and the kurds. Prague: Pub. House of the Czechoslovak Academy of Sciences.

[xxx]. https://www.radiofarda.com/a/iran_shargh_daily_report_etchnic_question/28924543.html

[xxxi]. http://haje.ir/newsdetails.aspx?itemid=9916

[xxxii].https://www.hra-news.org/2014/hranews/

[xxxiii]. Ruiz, R. (1984). Orientations in language planning. NABE Journal, 8(2), pp. 15–34.

[xxxiv].Johnson, D. C. (2013). Language policy. New York: Palgrave Macmillan.

[xxxv]. Sheyholislami, J. (2012). Kurdish in Iran: A case of restricted and controlled tolerance, 2012(217), pp. 19-47. Retrieved 31 Aug. 2019, from doi:10.1515/ijsl-2012-0048.

[xxxvi].May, S. (2018). Language Rights and Language Repression. In the Oxford Handbook of Language Policy and Planning (pp. 237–255). Oxford Handbooks Online.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان