ئارامتر بخوێنەوە!

گوتاری زاڵ و گوتاری هاوبەش

ڕزگار موکری

ئاماژە

گوتاری زاڵی کورد ئەگەرچی ئەویترێکی دەرەکیی سەرەکی هەبووە بۆ سازکردنی گوتارێکی سەربەخۆ، بەڵام هەم بۆخۆی هێندێک وردە گوتاری وەک ئەویتری ناوخۆیی لە سەر بنەمای «دژایەتی» پێناسە کردووە و هەم وەک گوتاری ناوخۆییی وردەگوتارەکان، لە سەر بنەمای «دژایەتی» پێناسە کراوە، کە کێشەی سەرەکیی کورد و گوتارە سیاسییەکەی لێرەوە دەست پێدەکات و بۆتە هۆی شکڵ نەگرتنی گوتاری هاوبەش و کەڵان گوتاری سیاسیی کورد.

لە زانستی سیاسیدا لێکدانەوەی گوتار(تحلیل گفتمان)، ھەم وەک تێئۆرێ و ھەم وەک شێوەی توێژینەوە (روش تحقیق)، بنەمایەکی بەھێزە بۆ لێکدانەوی پرس و بابەتە سیاسییەکان؛  بۆیە ئەم شێوازەی لێکدانەوەیە لەم وتارەدا بنەمایە بۆ باسی شکڵ گرتنی گوتاری زاڵی سیاسیی کورد و چۆنییەتیی شکڵ گرتنی گوتاری ھاوبەش و خەسارەکانی شکڵ نەگرتنی ئەو گوتارە ھاوبەشە. کە لە نێو تێئۆرییە جیاوزەکانی لێکدانەوەی گوتاردا، شێوەی لاکلاو مۆف دەبێتە بنەمای ئەم وتارە.

 لێکدانەوەی گوتار

گوتار بە مانای کۆمەڵێک واتا، ئاکار، کردەوە و چەمکە کە لە دەوری واتایەکی سەرەکیی دیکە کۆ دەبنەوە و مەفسەلبەندی دەکرێن. لەم ڕوانگەیەوە ھەموو ھەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی ژیانی کۆمەڵگایەک واتایەکی گوتاری بە خۆیەوە دەگرێ و گوتار لە ھەمو کردەوە، قسە، شێوە ڕوانین و شێوەی ژیانی ئەم کۆمەڵگایە پێک دێ.(9، 2002، Laclau & Mouffe)

لە ھەر کۆمەڵگایەکدا و لە مەیدانی سیاسەتی ئەو وڵاتەدا، جیاوازیی بیر و ڕوانین دەبیندرێ و ھێندێک واتا و کردەوەی جیاواز بە دەوری واتایەکی سەرەکیدا کۆ دەبنەوە و ھەر کام لەوانە دەتوانن تەعبیر لە گوتارێک بکەن، کەواتە لە ھەر کۆمەڵگایەکدا دەکرێ بە پێی پێداویستییە کلتوری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و جۆراجۆریی ڕوانینەکان، یەک، دوو یا چەند گوتاری سیاسی بوونیان ھەبێ(تاجیک: 1383،46). بەڵام ئەوە ھەرگیز بەو مانایە نییە کە تەواوی ئەو گوتارانە دەتوانن لایەنگری زۆریان ھەبێت یا بە واتایەکی دیکە ھێژمۆن بن، لە کاتێکدا کە چەند گوتار بوونیان ھەیە تەنیا یەک گوتارە کە دەتوانێ ببێتە گوتاری زاڵ(گفتمان مسلط). یانی گوتارێک کە زۆرترین و باشترین وڵام و گەڵاڵەی بۆ پرسە جۆراجۆرەکان پێیە و زۆرترین جەزابییەتی بۆ کۆمەڵگا ھەیە، دەتوانێ لە ڕێگەی کۆ کردنەوەی لایەنگر و مەشرووعیەت ساز کردنی کۆمەڵایەتییەوە ھێز بەدەست بێنێ و ھەر بەم ھۆیەوە ھێژمۆن بێت و ببێتە گوتاری زاڵ. دیارە ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەو گوتارانەی دیکە ئیدی بوونیان نییە، کاتێک گوتارێک زاڵ دەبێ، گوتارەکانی دیکە پێیان دەگوترێ وردەگوتار(خردە گفتمان).

“رکەبەرایەتی” و “دژایەتی” دوو بنەمای شێوەی پێوەندیی گوتارەکانن لە گۆڕەپانی سیاسیدا. کە لە سەر ئەو بنەمایانە «ئەویتر» بۆ گوتارەکان ساز دەبێ و گوتاری زاڵ  یا بە پێی «رکەبەرایەتی» یا «دژایەتی» ئەویترەکانی خۆی دیاری دەکات. لە ڕاستیدا ئەم ئەویترانە لە سەر بنەمای ڕکەبەرایەتی و دژایەتی لە بەرامبەر گوتارەکانی دیکە خۆیان ڕێک دەخەن و بە پێی ھێزیان ھێژمون دەبن (حسینی زاده: 1383، 25-24).

کەواتە لە بەرانبەر ھەر گوتارێکدا، چەند «غەیر» یا «ئەویتر» بوونی ھەیە کە لە نێوان ئەم ئەویترانەدا جیاوازیی بنەمایی ھەیە؛ بە جۆرێک کە دوو جۆر «ئەویتر» مانا پەیدا دەکات، «ئەویتری ناوخۆیی» و «ئەویتری دەرەکی»، بۆ وێنە؛ گوتاری لیبرالیستی بە نوێنەرایەتیی ئامریکا ئەویتری دەرەکیی گوتاری بنەماخوازانە، بەڵام ڕێفۆرمخوازی، «ئەویتری ناوخۆیی» گوتاری بنەماخوازیی کۆماری ئیسلامیە. (سلطانی:۱۳۸۳،۱۱۱)

 لە ساحەی سیاسیی وڵاتاندا «ئەویتری ناوخۆیی» بە پێی بنەمای «رکەبەرایەتی» شکڵ دەگرێ و گوتارەکان حەول دەدەن لە مەیدانی «رکەبەرایەتیدا» براوەی ساحەکە بن و ببنە گوتاری زاڵ، بەڵام ئەوەی دەبێتە ھۆی ساز بوونی ئەویتری دەرەکی «دژایەتییە»، بە پێی ئەو بنەمایە؛ گوتارە جۆراوجۆرەکان دەبنە دژبەری یەکتر  و وەک ئەویتری دەرەکی ھەڵسوکەوت لە گەڵ یەکتردا دەکەن(حقیقت و حسینی: 1390،132).

 لە ڕاستیدا وردە گوتارەکان ڕەقیبی یەکتر و ڕەقیبی گوتاری زاڵیشن و وەک ئەویترێکی ناوخۆیی دەڕواننە یەکتر، بەڵام ھەمو ئەم وردە گوتارانە ھاوڕێ لەگەڵ گوتاری زاڵ دەکرێ یەک ئەویتری دەرەکیان ھەبێت کە ئەوە دەبێتە ھۆی کۆ کردنەوەی ھەموو گوتارەکان لە جوغڕافیایەکی سیاسیی تایبەتدا دژ بە  گوتاری دەرەکی.

کەواتە لە سەر ئەم بنەما تێئۆرییە دەتوانین سەبارەت بە پێوەندیی لایەن، حیزب و جەریانە سیاسییەکان وەک گوتاری جیاواز لێکدانەوەمان ھەبێ و لە سەر ئەم بابەتە ڕاوەستین کە گوتاری ھاوبەش لە نێوان ئەم گوتارانەدا چیە و چۆن شکڵ دەگرێ و خەسارەکانی شکڵ نەگرتنی ئەم گوتارە ھاوبەشە لە کوردستاندا چین.

گوتاری زاڵی کورد و پێوەندییەکانی ئەم گوتارە

لە مێژووی سیاسیی کورددا بە تایبەت دوای ئەو قۆناغەی کە بزووتنەوەی کورد لە سەر دەستی حیزبایەتی، مەیداندارێتیی گۆڕەپانی سیاسی و خەباتی کردووە، بە پێی جیاوازییە ھزری و چینایەتییەکان چەند بیر و بۆچوونی جیاواز لە مەڕ بابەتەکانی پێوەندیدار بە کۆمەڵگای کوردی و پرسە سیاسییەکانی لە ئارادا بوون کە ھەر کام پێکھێنەری گوتارێکی تایبەت یا حیزب و ڕێکخراوەیەکی جیاواز بوون. تەنانەت لەو قۆناغەدا کە تەنیا حیزبی دێموکڕات یەکەم حیزبی کوردی بووە، لە ناو ئەم حیزبەدا و لە قۆناغی جیاوازدا «وەرسوڕانی گوتار»(چرخش گفتمانی) دیتراوە. ئەم وەرسووڕانانە کەمیان بە ھۆی گۆڕانی بارودۆخ بوون و ھۆکاری زۆربەیان گۆڕانی ڕێبەرایەتی و شێوە ڕوانینی ئەو ڕێبەرانە بووە.

دوای سازبوونی حیزبی دیکە لە کوردستان، ئەگەرچی گوتاری حیزبی دێموکڕات وەک گوتاری زاڵ مایەوە، بەڵام ئەو حیزب و جەریانە نوێیانەی وەک کۆمەڵە، خەبات و مەکتەبی قورعان و دواتر پژاک و … وەک وردە گوتار و گوتاری ڕەقیب و ئەویتری گوتاری نەتەوەییی حیزبی دێموکرات لە مەیدانی ڕکەبەرایەتیدا بوون، کە ھەڵبەت ھێندێک جار وەک کردەوە کە شەڕی ناوخۆییشی لێ کەوتۆتەوە و زۆر جاریش وەک بیرۆکە، لە بری «ڕکەبەرایەتی»، «دژایەتی» بۆتە بنەمای ئەویتری ئەم گوتارە نێوخۆیییانە. گوتاری زاڵی کوردی لە قۆناغێکدا بە ھۆی نەبوونی ڕەقیب و لە دواییشدا بە ھۆی پەسەند بوونی لە لایەن کۆمەڵگاوە گوتاری حیزبی دێموکرات بووە و ماوەتەوە و ئەم گوتارە زاڵە چەمکەکانی وەک؛ خودموختاری، دێموکراسی، زمان وەک کەرەسەیەکی شوناس خوازانە، خەباتی چەکداری، ناسیۆنالیسمی کوردی یا «کوردایەتی»ی، وەک دالی ناوەندی(دال مرکزی) و دالی خز(دال شناور) بە پێی قۆناغ و بە شێوەی جیاواز وەک گوتاری سیاسیی کوردی ڕۆژھەڵات مەفسەلبەندی کردووە. ئەم گوتارە توانیویەتی لە ڕێی زاڵ بوونەوە  ببێتە بەردەنگی سەرەکیی دژبەرەکانی گەلی کورد بە تایبەت کۆماری ئیسلامی، بۆیە لە ھێندێک دەورەی جیاوزدا وەک لایەنی سەرەکیی کورد بۆتە تەرەف حیسابی کۆماری ئیسلامی بۆ دانوستان.

ئەگەر لە پۆلێنبەندییەکی ساکاردا جەریانەکانی؛ چەپی ڕادیکاڵ بە نوێنەرایەتیی کۆمەڵە، ئیسلامی بە نوێنەرایەتی مەکتەبی قورعان  و نەتەوەیی بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات وەک سێ جەریانی سێحەب گوتار باس بکەین،  دەتوانین بڵێین گوتاری ئیسلامی بە ھۆی ئیسلامی بوونی حکوومەتی خومەینییەوە نەیتوانی ئەویترێکی دەرەکی لە سەر بنەمای دژایەتی  لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ساز بکات، کۆمەڵەش کە وەک جەریانێکی مارکسیستی دوو بەرەی ئیمپریالیسمی جیھانی و چەوساوەکانی دونیای لە بەرامبەر یەکدا دەدیت و کۆی دەسەڵاتی نوێش دەیتوانی لە بەرەی چەوساوەکان دژ بە ئیمپریالیسمی ڕۆژئاوا بێت نەیتوانی ئەویترێکی دەرەکی بەھێز لە کۆماری نوێی ئیسلامی لە سەر بنەمای دژایەتی ساز بکات، بەڵام حیزبی دێموکرات بە کەڵک وەرگرتن لە چەمکی «کوردایەتی» و واتاگەلێکی وەک ئازادی و خودموختاری لە چوارچێوەی ناسیۆنالیسمێکی ڕادیکاڵدا توانی ئەویترێکی بەھێزی دەرەکی لە کۆماری ئیسلامی کە دژی ھەموو ئەو چەمکانە بوو لە سەر بنەمای دژایەتی ساز بکات و گوتارێکی بەھێزی جەماوەرپەسەند شکڵ  بدات و ببێتە گوتاری زاڵی سیاسیی کورد لەو سەردەمەدا و دوو جەریانەکەی دیکە وەک وردە گوتار مانەوە و دواتر بە ھۆی نەبوونی ئەویترێکی بە ھیزی دەرەکی لە سەر بنەمای دژایەتی، نەیانتوانی ببنە ھاوڕێی گوتاری زاڵ بۆ پێک ھاتنی گوتاری ھاوبەش بە تەوەرێتی ئەویتری دەرەکی.

گوتاری زاڵی کورد ئەگەرچی ئەویترێکی دەرەکیی سەرەکی ھەبووە بۆ سازکردنی گوتارێکی سەربەخۆ، بەڵام ھەم بۆخۆی ھێندێک وردە گوتاری وەک ئەویتری ناوخۆیی لە سەر  بنەمای «دژایەتی» پێناسە کردووە  و ھەم وەک گوتاری ناوخۆییی وردەگوتارەکان، لە سەر بنەمای «دژایەتی» پێناسە کراوە، کە کێشەی سەرەکیی کورد و گوتارە سیاسییەکەی لێرەوە دەست پێدەکات و بۆتە ھۆی شکڵ نەگرتنی گوتاری ھاوبەش و کەڵان گوتاری سیاسیی کورد.

گوتاری ھاوبەش

ھەروەک باس کرا تەنیا یەک گوتار بە پێی جەزابییەت و ئەو وڵامانەی کە بۆ پرسەکانی کۆمەڵگای ھەیە دەبێتە گوتاری زاڵ و ئەوانی دیکە وەک  وردە گوتار دێنە ئەژمار.

 دیارە ئەو گوتارانە لە ساحەی سیاسیی کوردستاندا ئەویتری نێوخۆییی یەکترین و کۆی ئەم گوتارانە ئەویترێکی دەرەکییان دەبێ ھەبێت کە گوتاری دژبەرانی کوردستانە. ھەڵبەت ئەم ئەویترە دەرەکیە بۆ ھەموو گوتارە کوردیەکان بە زاڵ و وردە گوتارەوە بوونی ھەیە بەڵام لە پەنای ئەوەدا ئەویترێکی بەھێزی ناوخۆییش بوونی ھەیە کە لە سەر بنەمای دژایەتی ساز بووە.

گوتاری ھاوبەشی کورد بە مانای ساز بوونی ڕیزبەندییەکی بە ھێز لە نێوان گوتارە ڕەقیبەکانی کورد لە بەرامبەر ئەو ئەویترە دەرەکییە یا گوتاری دژبەرانی کورددایە.

ھۆکاری سەرەکیی پێک نەھاتنی گوتاری ھاوبەشی کوردی لە نێوان گوتاری زاڵ و وردە گوتارەکاندا، ھەر وەک باس کرا ساز بوونی ئەویترێکی بەھێزی نێوخۆیی لە سەر بنەمای دژایەتی لە پەنا ئەویتری دەرەکیدایە، بەو مانایەی کە پێوەندیی حیزبەکانی کوردستان وەک نوێنەرایەتیی گوتارە جیاوازەکان کە دەبێت لە سەر بنەمای ڕکەبەرایەتی بێت لە سەر بنەمای دژایەتییە و ئەویتری ناوخۆیی ئەگەر لە ئەویتری دەرەکی بە ھێزتر نەبێ، ھێندەی ئەو بەھێزە و ئەو ئیزنەی نەداوە ھەموو لایەنەکان تەنیا یەک ئەویتری بەھێز لە سەر بنەمای دژایەتییان ھەبێ کە دەبێ ئەویتری دەرەکی واتە کۆماری ئیسلامی و دژبەرانی کورد بێت.  کەواتە دژایەتی وەک بنەمای جۆری پێوەندیی گوتارە دژبەرە دەرەکییەکان لە جیاتی ڕکەبەرایەتی وەک جۆری پێوەندی گوتار یا حیزبە ڕەقیبە نێوخۆییەکان بۆتە بنەمای شێوە ڕوانینی حیزبەکان بە یەکتر.

بۆیە بەردی بناغەی ساز بوونی گوتاری ھاوبەش ھاتنەوە سەرجێی ئەم شێوە ڕوانینەی حیزب و گوتارەکانی ڕۆژھەڵات بە نیسبەت یەکتر و سەیر کردنی حیزبەکانی دیکە وەک ڕەقیبە نە دژبەر. کەواتە گوتاری ھاوبەش بە دەوری یەک ئەویتری بەھێزی دەرەکیدا دەبێ ساز بێت و ھەموو لایەناکان پێویستە لە سەر بنەمای دژایەتی یەک ئەویتریان ھەبێت.

لەو سۆنگەیەوە کە لە سەرجەم قۆناغە سیاسییەکانی کورددا لایەنە دژبەرەکان بە تۆمەت و ھۆی ناوچەگەرایی و تەرە بوون لە ناوەند و ڕاست بە ھۆی سیاسەتی ناوەندخوازانەی تورک، عەرەب و فارس دراونەتە بەر پەلامار و زەبر و زەنگ، دژایەتیی ناوەندخوازی دەتوانێ مەرجەعێکی بە ھێز بێت بۆ سازبوونی گوتاری ھاوبەش .

کەواتە ناوەند خوازی ھاوڕێ لەگەڵ ئەو بیرۆکە شۆڤێنیستییەی کە کورد وەک پێکھاتەیەکی مەحکووم بە ئێرانەوە لکاو سەیر دەکات، ئەم گوتارە دژبەرەی کوردە کە پێویستە کەڵان گوتار یا گوتارە ھاوبەشەکەی لە سەر ئەم چەمکە شکڵ بگرێت و ئەویتری دەرەکی بەھێز و ھاوبەشی کورد، وەک غەیری دژبەر لە سەر ئەم بنەمایە ساز ببێت. ناوەند خوازی چ لە بازنەی دەسەڵاتی سەقامگیر واتە کۆماری ئیسلامی و چ لەبازنەی ئۆپۆزۆسیۆندا وەک ئەویتری دەرەکیی کورد دەتوانێ ببێتە میحوەری سەرەکیی شکڵ گرتنی گوتاری ھاوبەشی کورد. کەواتە لە یەک ڕستەدا دەکرێ بڵێین گوتاری ھاوبەشی کورد دژ بە ئەویتری دەرەکیی ناوەندخواز کە لە سەر بنەمای دژایەتی ساز بووە شکڵ دەگرێ. ئەم گوتارە ھاوبەشە بە ناوەندێتیی گوتاری زاڵ و وەسڵ بوونی وردە گوتارەکان بەم گوتارە زاڵە وێڕای قەبووڵ کردنی جیاوازییە ھزریەکان پێویستە شکڵ بگرێ و ھەر جۆرە سیاسەتێک دژ بە ئەویترە ناوەندخوازە دەرەکییەکە دەبێ لە چوارچێوەی گوتاری ھاوبەشدا بکرێ.

پێویستە بگوترێ کە گوتاری ھاوبەش لە سەر دوو تەوەری؛ دەرەکی بوون (کە لە سەر بنەمای دژایەتی ساز بووە) و ناوەندخوازی پێک دێت، کە ھەردووکیان بۆ سازبوونی گوتاری ھاوبەش پێویستن.

ساز نەبوونی گوتاری ھاوبەش و پێمل نەبوون بە ھێژمونی گوتاری زاڵ لە ساحەی سیاسیی کوردستاندا ئەم کێشانەن کە بوونەتە زۆر خەساری گەورە لە مێژووی کورددا. وەک باس کرا ھێژمون بوونی گوتارێک بە ھۆی پەسەند بوونی ئەم گوتارە بۆ حەلی پرسەکانی کۆمەڵگایە کەواتە پێمل نەبوون بەم ھێژمۆنییە پشت کردن لە ڕوانگەی زۆرینەی جەماوەرە. وردە گوتارەکان دەبێ لە ڕێگای «ڕکەبەرایەتییەوە» بۆ چارەسەری پرسەکانی کۆمەڵگای بەردەنگ، بیر لە ھێژمۆن بوون بکەنەوە نەک لە ڕێگەی “دژایەتیەوە”.

دوو ئەزموونی مێژوویی

زۆر وێنە و ئەزموونی مێژوویی لە خەسارەکانی ساز بوونی ئەم ئەویترە بەھێزە ناوخۆیییە لە سەر بنەمای «دژایەتی» و پێمل نەبوون بە ھێژمۆنی گوتاری زاڵ لە مێژووی کورددا لە بەردەستدایە، کە لێرەدا بۆ پشت ڕاست کردنەوەی ئەم باسانە، ئاماژە بە دوو نموونەی خەسارەکانی ساز نەبوونی گوتاری ھاوبەشی کوردی لە دوو بەشی کوردستاندا دەکرێ.

1- پرسی ڕێفراندۆم لە باشوری کوردستان لە چوارچێوەی گەورە گوتاری( گفتمان کلان) بزووتنەوەی کوردیدا و لە سەردەستی پارتی و بەشێکی یەکیەتی کە پێکھێنەری گوتاری زاڵی کوردی لەم قۆناغەدا بوو دەکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە و دەنگی زۆرینەی جەماوەری کوردستان دەھێنێتەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە پێش ڕێفراندۆم چەند لایەنی وەک گۆڕان، کۆمەڵ و نەوەی نوێ کە ھەر کام سەر بە گوتار یا وردە گوتارێک بوون دژایەتیی ئەم پرسە دەکەن و لە سەردەمی بانگەشەی ئەم پرسەدا ئەویترێکی بە ھێزی ناوخۆیی لە نێو گوتاری سیاسییاندا پێک دێت کە ئەو ئەویترە گوتاری نەتەوەیی بە نوێنەرایەتیی پارتی و باڵێکی نێو یەکیەتی بوو، لە نێوان ئەم حیزبانەدا کە دەبوو گوتارێکی ھاوبەش بە ئەویترێکی دەرەکیەوە ساز بێ تا بتوانێ پرسی ڕێفراندۆم بکاتە پرسێکی نەتەوەیی و لە بەرامبەر بەغدا و ھێزە دژبەرەکاندا بە یەک گەڵاڵەی ھاوبەش  لە سەر بنەمای گوتارێکی ھاوبەشەوە ڕووبەڕوو ببنەوە، ڕووی نەدا. دیارە ساز بوونی گوتاری ھاوبەش بە مانای سڕانەوەی وردە گوتارەکان و زاڵتر بوونی گوتاری زاڵ نییە؛ بەڵکو بە مانای ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ گوتاری دەرەکیە لە سەر یەک واتای ھاوبەش. بۆ وێنە لە پرسی ڕێفراندۆمدا دەبوو گوتاری ھاوبەش لە بەرانبەر گوتاری دەرەکیدا کە گوتاری بەغدا و دژبەرەکانی ڕێفراندۆم بوو، پێک بێت، واتە دەبوو ھەموویان ئەویترێکی دەرەکییان بوایە، نەک ڕێفراندۆم ببێتە هۆی ساز بوونی ئەویترێکی بە ھێزی نێوخۆیی و وردە گوتارەکانی کوردوستان بەرانبەر بە پرسی ڕێفراندۆم ڕابوەستن، بە چەشنێک کە ئەم کێشەیە پاش ڕێفراندۆم ببێتە ھۆی بەدەستەوەدانی کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان و ناکام مانەوەی کورد لەم قۆناغەدا.

2- شۆڕشی ساڵی ٥٧ی گەلانی ئێران و مەسەلەی کورد؛ دوای شۆڕشی گەلانی ئێران ھەر وەک باس کرا چەند ڕێکخراوی سیاسی لە گۆڕەپانی سیاسیدا ھەبوون کە دەتوانین ئەم ڕێکخراوانە لە چوارچێوەی سێ گوتاری جیاوازدا پۆلین بەندی بکەین:

 ١.گوتاری نەتەوەیی کە حیزبی دێموکرات نوێنەرایەتیی دەکرد

 ٢.گوتاری مەزھەبی کە مەکتەبی قورعان نوێنەرایەتیی دەکرد

 ٣. گوتاری چەپی مارکسیستی کە کۆمەڵە یا حیزبی کۆمۆنیست نوێبەرایەتیی دەکرد.

ئەوەی کە ئەم گوتارانە چ تایبەتمەندییەکیان ھەیە پێوەندییەکی بە باسەکەی ئێمەوە نییە، باسی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە کە لەو سەردەمدا لە نێوان ئەم گوتارانەدا گوتارێکی ھاوبەش پێک نەھات.

دوای شۆڕش و سەقامگیر بوونی ھێزی کوردی لە ناوچە کوردنشینەکان و داوای خودموختاری لە لایەن جەریانە سیاسییە نەتەوەییەکانەوە و ڕوودانی شەڕ لە نێوان ناوەند و کوردوستاندا، پاش ماوەیەک شەڕ، پرسی دانوستان و دیالۆگ ھاتە ئاراوە. سەرەڕای حەولێکی زۆر بۆ سازان لە چوارچێوەی خودموختاریدا، بە ھۆی نەبوونی گوتارێکی ھاوبەش لە نێوان گوتارەکانی ئەو سەردەم، کە دەکرێ بڵێین گوتارە زاڵەکەی گوتاری نەتەوەیی بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات بوو، ئاکامێک بەدی نەھات. لە لایەکەوە ئەم لایەنە واتە گوتاری زاڵ باسی لە سازان لە سەر شەش مادە دەکرد، لە لایەکی دیکەوە لایەنی چەپ بە سازشکاری تۆمەتباری دەکردن و باسی لە کێشەیەکی گەورەتر بە نێوی کێشەی حکومەتی کرێکاری لە چوارچێوەی مارکسیسم لینینیسمدا دەکرد و لە لایەکی دیکەشەوە جەریانی مەزھەبی بە نوێنەرایەتیی مەکتەبی قورعان باسی لە ھاودەنگ بوون لە گەڵ ناوەند وەک دەسەڵاتێکی مەزھەبی دەکرد کە ھیچ پێوەندییەکی بەو بابەتەوە نەبوو کە گوتاری زاڵ نوێنەرایەتیی دەکرد. ئاکامی ئەم کۆک نەبوونە لە سەر چەمکێک و پێک نەھاتنی ئەم گوتارە ھاوبەشە، بوو بە ھۆی ناکامیی کورد لەو بەشە و بە ئاکام نەگەیشتنی ھیچ کام لە ویستەکانی وەک خودموختاریی ئیسلامیی ئەحمەدی موفتیزادە، نیزامی سیاسیی سوسیالیستی بە خوێندنەوەی کۆمەڵە و خودموختارییەکەی حیزبی دێموکرات و شەش مادەکەی دوکتور قاسملو کە ئەگەری جێبەجێ بوونی زیاتر بوو. ئەوەی لەو قۆناغەشدا ڕووی دا ئەوە بوو کە ئەویترێکی بەھێزی ناوخۆیی لە گوتاری سیاسیی لایەنەکاندا ساز بوو کە گوتاری زاڵی کوردیی کردبووە ئامانج. ھەڵبەت ئەوەی کە ھەر کام لەم شکستانە ھۆی دیکەشی بووە حاشا ھەڵنەگرە بەڵام ئەم باسەی ئێمە تەنیا ھۆکاری نەبوونی گوتاری ھاوبەشی کردۆتە بابەتی بەرباس. بۆ مەکتەبی قورعان کۆماری ئیسلامی نەیتوانی ببێتە ئەویتری دەرەکی کە لە سەر دژایەتی دەیتوانی ساز بێت و لە لایەکی دیکەوە حیزبی دێموکرات بوو بە ئەویتری ناوخۆییی کۆمەڵە کە لە سەر بنەمای دژایەتی ساز ببوو ھەروەھا وەک باس کرا کۆمەڵەش بە ھۆی پێمل بوون بە کەڵان گوتاری چەپ نەیتوانی ئەویترێکی دەرەکی بە ھێز لە کۆماری ئیسلامی ساز بکات.

ئەو کێشەیەی کە نەیتوانی ڕیزبەندی شێوەی سازبوونی ئەویترەکانی ئەم سێ جەریانە وەک سێ گوتار بکاتە ھەوێنی گوتاری ھاوبەش، ئەو کێشە سەرەکییەیە کە ئێستاش بۆتە لەمپەڕ لە بەرانبەر ساز بوونی گوتارێکی ھاوبەش لە سەر بنەمای ئەویتری دەرەکیی ناوەندخواز  کە دژایەتی سازی دەکات و کاڵ کردنەوەی ئەویتری ناوخۆیی و ھێنانە چوارچێوەی ڕکەبەرایەتییەکی گوتارخوازانە.

لە ئاکامدا دەتوانین بڵێین ئەویتری ناوخۆییی گوتاری سیاسیی وردە گوتارەکانی کورد و تەنانەت گوتاری زاڵیش ھێندە بە ھێزە کە ئەویتری دەرەکی دەکەوێتە پەراوێزەوە و ئەم گوتارە ھاوبەشە کە دەبێ لە دەوری ئەویتری دەرەکی ساز بێت ھەرگیز ساز نابێت.

ئەویتری بەھێزی ناوخۆیی و ساز نەبوونی ئەویترێکی ھاوبەش و کۆک نەبوون لە سەر یەک خاڵ بۆ پێک ھاتنی گوتاری ھاوبەش لە نێوان گوتارە جیاوازەکانی کوردیدا، دەبێتە ھۆی شکانی سەنگەرەکانی کەرکوک، کرانەوەی دەروازەکانی عەفرین و ھەرەس ھێنانی سنە و مەھاباد و زۆر خەساری دیکە کە دەکرێ چاوەڕوانیان بین.

سەرچاوە

-حقیقت، صادق و علیرضا حسینی. (1390). ڕهیافت و ڕوش در علوم سیاسی. تهران: سازمان مطالعه و تدوین کتب علوم انسانی دانشگاه ها(سمت).

– حسینی‌زاده، محمد علی. (1383). نظریۀ گفتمان و تحلیل سیاسی، فصلنامه علوم سیاسی، شماره 28 

– تاجیک، محمد ڕضا. (1383). گفتمان، پاد گفتمان و سیاست. تهران: مؤسسه توسعه علوم انسانی.

‏Laclau, E and Mouffe, C, “Recasting Marxism” in James martin ( 2002 ) : Antonio Gramsci, critical Assesment of leading Political philosophers ( 2002 ) Voutledge

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان