ئارامتر بخوێنەوە!

گوتاری ڕۆژنامە نووسیی حیزبەکانی ئەندام لە ناوەندی هاوکاریی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا:
شیکردنەوەیەکی ڕەخنەییانەی گوتار

د. ڕەحیم سورخی



“گرنگیی ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەوەیە کە سنوربەندیی گوتاری، بەرپرسیارێتیی سیاسی دەسەڵات و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیی میدیاکان لە پێوەندی لەگەڵ بەرژەوەندییە گروپییەکان، مافی هاونیشتمانییان و دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان کە ڕوانگەیەکی تایبەتی بەرانبەر بە کورد و مافەکانی هەیە ئاشکرا بکات. ئەوەی بەلای ئەم توێژینەیەوە زۆر گرنگە، ئەوەیە کە بزانرێت لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی بەرهمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی گوتار (دەقی)ی میدیای سیاسی لە
گوتاری ڕێکخراوەیی ئەو حیزبانەدا چین؟”


پوختە

میدیاکان بە نواندنەوە و گەیاندنی واقعیەتە جیاوازەکان بە جەماوەر شوێن لەسەر ژیانی خەڵک دادەنێن. واتە هێزی بنیادنانی واقعیەتی کۆمەڵایەتییان هەیە. دەقە میدیاییەکان، بەتایبەتی ڕاپۆرتە هەواڵەکان، بنەماکانی کاری ڕاگەیاندن پێکدێنن و پێوەندییەکانی میدیا و دەسەڵات لە جۆری “بژارکردن”ەکانیان و شێوەی “گەیاندن”ەکەیاندا دەردەخەن. هەر بۆیە، لە ئەم توێژینەوەیەدا بۆ ئاگادار بوون لە ئایدۆلۆژیا و بەرژەوەندییەکانی گەیاندنی زانیاریی و واقعیەتەکان، هەواڵەکان و دەقە پێوەندیدارەکان پێیانەوە شیدەکرێنەوە. بە پێی ئەمە وا گریمانە دەکرێت کە دەقی میدیاکانیش، بەشێک بن لە نواندنەوە، بنیاد نانی ناسنامە، و ڕێکخستنی پێوەندییەکان. هەر بۆیە، ئەم لێکۆڵینەوەیە بە ڕەچاوکردنی لێکدراوێک لە تیۆری گوتار(لالکلاو و موف، ١٩٨٩، ٢٠٠١) و تیۆر و میتۆدی شیکردنەوەی گوتاری ڕەخنەیی (فێرکلاف، ١٩٩٥، ٢٠١٣) بە پێی ڕوانینی یورگنس و فیلیپس(٢٠٠٢) هەوڵدەدات ڕوونی بکاتەوە کە ڕووداو و پێوەندییەکان چۆن دەنوێندرێنەوە؛ پێوەندییەکانی نێوان ئەوانەی لەو ڕووداوانەوە گلاون (وەک ڕۆژنامەنووس/حیزب – خوێنەر/وەرگر) چون ڕێکخراوە و چ ناسنامەیەک دراوە بە ئەوانەی لە هەواڵە پێوەندیدارەکاندا دەرکەوتوون. ئامانج ئەوەیە کە سەرنجێکی زیاتر بدرێتە دەوری میدیاکان لە دروستکردن و نواندنەوەی ئایدۆلۆژیا زاڵەکان. بەتایبەتی، ڕۆڵی سەرەکیی میدیا لە بەرهەمهێنانەوە و گەیاندنی جیاوازیدانان، دەرهاویشتن، ئاسایی پیشاندانی نادادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و پێوەندییەکانی زمان بە دەسەڵآت و بەرژەوەندییەوە بخرێتە ڕوو. گرنگیی ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەوەیە کە سنوربەندیی گوتاری، بەرپرسیارێتیی سیاسی دەسەڵات و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵآیەتیی میدیاکان لە پێوەندی لەگەڵ بەرژەوەندییە گروپییەکان، مافی هاونیشتمانییان و دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان کە ڕاونگەیەکی تایبەتی بەرانبەر بە کورد و مافەکانی هەیە ئاشکرا بکات. ئەوەی بەلای ئەم توێژینەیەوە زۆر گرنگە، ئەوەیە کە بزانرێت لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی بەرهمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی گوتار(دەقی)ی میدیای سیاسی لە گوتاری ڕێکخراوەیی ئەو حیزبانەدا چین؟ بۆچوونە دەربڕاوەکانی نێو ئەو دەقانە لەبەرژەوەندیی چ لایەن و دەستەیێکدایە؟ توێژینەوەکە هەوڵدەدات ئەو ستراتیژییە دەقییانەی میدیاکاران و نووسەرانی سیاسی بەکاریان هێناوە بۆ “سروشتی کردن”ی دەسەڵات، نایەکسانیی کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژیا لە زماندا، واتە ئەوەی کە وابکەن گوتارەکان وەک شتێکی بەڵگەنەویستی بابەتییانە(عەینی) و تێگەیشتنێکی باو دەربکەون(دەربڕینێکی سیاسی) بەوردی وەسف بکات، ڕوون بکاتەوە، و بەشێوەیەکی ڕەخنەییانە هەڵیان سەنگێنێت. گریمانەی توێژینەوەکە ئەوەیە کە بە هۆی زاڵێتیی پێکهاتەی زمانی نەتەوەی زاڵەوە، دەسەڵات و ئایدۆلۆژیای زاڵیش بە شێوەیەکی نەخوازرا و لە هێندێک حاڵەتی تایبەتیشدا لەبەر ململانێ ناوخۆییەکان بەرهەم دێتەوە. کورت و کورمانجی، ئەو میدیا حیزبییانە لە بەرهەمهێنانەوەی شوناسی پێشساختەی دوو ستراتیژیی هاوکاتی گوتاری هێژێمۆنییانەی میدیای دەوڵەتی داگیرکەردا، واتە بە ‘تاوانکەر’ و ‘قوربانیکراو’ زانینی هاوکاتی ‘کەس/سوژە’ی کورددا دەوریان هەیە کە ڕەوایەتی کرداری پێشبینیکراوی ‘سزا’ و ‘چارەسەر’یشی هەر لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی داگیرکەر لێدەکەوێتەوە. لە توێژینەوەکەدا وا دەرکەوتووە کە هێندێک لە توخمەکانی زاڵکردنی گوتاری ‘نەتەوەیی’ نە بوونەتە ڕەهەند و وەک ئاماژە(دال)ی سەراوی(شناور) ماونەتەوە و ململانێ ناوخۆییەکان ڕێگرن لەوەی دەنگەکان لە گێڕانەوەیەکی جەوهەریدا کۆببنەوە و بگەن.


سەرچاوەکانی کەرەستەکانی لێکۆڵینەوەکە هێندێک لە سەردێڕە هەواڵییەکان کە پێوەندییان بە نواندنی تاک و توێژە بەرکەوتووەکانی توندوتیژیی دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەیە، و دەقی ئەو هەواڵ و ڕاگەیەنراوانەن کە پێوەندییان بە ڕووداوی”خۆڕزگارکردن، ڕادەستکردنەوە، و لەسێدارەدان”ی ‘مستەفا سەلیمی’ زیندانیی سیاسی’یەوە هەیە کە لە سایتە ڕەسمییەکانی(کوردستان و کورد، ڕۆژنامەی ‘کوردستان’ی حیزبی دیموکراتی کوردستان)؛ (کوردستان میدیا، ڕۆژنامەی ‘کوردستان’ی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران)؛ سایت و ڕۆژنامەی ‘ئاسۆی ڕۆژهەڵات’؛ سایتی کۆمەڵە ؛ دوو هەفتەنامەی ‘دواڕۆژ) زمانحاڵی حیزبەکانی ئەندام لە ‘ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران’دا بڵاو کراونەتەوەوە. بۆ چۆنێتیی خستنەڕووی ئەم شێوە نواندن و بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵات و ئایدۆلۆژیا، و سروشتاندنیان لە زماندا، هەروەها سەردێڕی هەواڵەکانی ئەو میدیایانە و شێوەکانی بژاری وشەکانیان لە سەروتارەکانی ڕۆژنامەکان و دەقی ڕاگەیەنراوەکانی ناوەندی هاوکاریدا لە مانگی فیبریوەری ساڵی (٢٠٢٠ بۆ ٢٥ی مانگی مارسی ٢٠٢١) بەنموونە وەرگیراون.

وشە کلیلییەکان: کوردستانی ڕۆژهەڵات، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، شیکردنەوەی ڕەخنەیی گوتار، گوتاری میدیای حیزبی، جومگەبەندیی، ناواندن و تێپەڕاندن



دەروازە: نەزمی گوتار و گرنگیی گوتاری میدیا لە گوتاری ڕێکخراوەییدا

با لەو گریمانەیەوە دەست پێبکەین کە ڕۆژنامە و میدیاکان هەروا وەک دامەزراوەی بەهێزی کۆمەڵایەتی دەمێننەوە کە دەورێکی گرینگ لە پێکهێنانی ڕای گشتیدا دەگێڕن. میدیاکان کارای سیاسین. بە ئەم واتایە کە دەست لە ئەو ڕووداو و پێکدادانانە وەردەدەن کە ڕووماڵی دەکەن؛ پێیان زیاد دەکەن، دەیانگۆڕن و شێوەیان پێدەدەن. “لەبەر ململانێی بە خورتیی ڕەوتەکانی دامەزراندن (institutionalization) و ئەو ڕاستییە کە هەموو دیاردە کۆمەڵایەتییەکان “بنیادگەلێکن کە بەشێوەیەکی مێژوویی لەڕێگەی چالاکییە مرۆییەکانەوە بەرهەم هاتووەن، هیچ کۆمەڵێک بەتەواوی سرووشتیی و بڕاوە نییە (Berger & Luckmann, 1966). میدیاکان وەک بنیادنەرانی کۆمەڵایەتی ( و سیاسی)ی واقعیەت دەوری بنیادنەری “شوناس”یش دەگێڕن. ھەروەھا، وای دادەنێین، بڕیاردەرانی سیاسی (ئەندامانی دەفتەری سیاسی و کادرەکانی ڕاگەیاندن) لە ڕووماڵی میدیایی کارەکەی خۆیاندا زۆر هەستیارن و سەرنجێکی زۆر دەدەنە شێوەدان بە ئەوەی ڕووماڵ دەکرێت یان ئەوەی گریمانە دەکرێت ڕووماڵ بکرێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم هۆکارە دەوروبەرییانە، تیشکۆ دەخرێتە سەر ئەو ڕێکخراوانە سنوور و پاڵنەری تایبەت بۆ ڕۆژنامە نووسەکانیان بۆ چالاکیی و بڕیاردانی هەواڵ دەستەبەر دەکەن.
بەپێی ئەم تێبینییە پێمانوایەکارا سیاسییەکان کارای پلاندار و ستراتیژین، بەم واتایە کە ئامانجی تایبەتبەخۆیان هەیە، ئەو ئامرازانەی ئێستا لەبەردەستدان(میدیا و تەکنۆلۆژی) بەکار دێنن، پلانە کردەکییەکانیان لە هەوڵدان بۆ مسۆگەرکردنی ئەو ئامانجانەدا هەڵدەبژێرن.


کەوایە، گرنگترین شتێک کە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان تێیدا هاوبەشن ئەوەیە کە لە خاڵێکدا یان لە بوارێکدا میدیا لەگەیشتن بە ئامانجەکانیان یارمەتییان بدات .بۆ نموونە، ڕووماڵکردنێکی ئەرێنیی بۆ ئەوان دەکرێت بەواتای هێنانی ئەندامی نوێ و زیادکردنی لاینگرانیان، و بە ڕۆژەڤکردنی ئەو مژارانە بێت کە لە ڕێی ئەوانەوە دەبزێورێت. هەر بۆیە، بەرهەمهێنان(تولید)، دابەشکردن (توزیع) و بەکارهێنان(مصرف)ی دەقە جۆراوجۆرە میدیاییەکان لە ‘نەزمێکی گوتاری’دا لایەنێکی سەرەکیی ژیانی ڕێکخراوەییان پێکدێنێت. ژمارەیەکی بەرچاو لە کادرە میدیایی و ڕێکخراوەییەکانی حیزبەکان بەشێکی گرینیگی ژیانی ڕێکخراویی ڕۆژانەیان بە جۆرەکانی کاری گوتارییەوە خەریکن؛ لێدوانیان لە کۆڕوکۆبوونەوەکاندا، نووسینی ڕاپۆڕتی کاروچالاکییەکانیان، نووسینی بابەت بۆ بەشە جیاوازەکانی ڕاگەیاندنی ئەلیکترۆنی، چاپی و تۆڕەکانی پێوەندیی کۆمەڵایەتی و خوێندنەوە و نووسینی ئیمێلەکان لەوانەن. لە ئەم نەزم/ڕیزبەندییە گوتارییەدا، “بەکار هێنانی زمان-هەر دەقێک بێت- هاوکات پێکهێنی(١) شوناسە کۆمەڵایەتییەکان، (٢) پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و (٣) پێڕەوی زانست و باوەڕەکانە ( کە بە ڕیز پێوەندییان بە شوناس، پێوەندییەکان و نواندنەوەکانەوە هەیە)” (Fairclough, 1995). هەر نەزمێکی گوتاری لە دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی یان بوارێکی کۆمەڵایەتیدا بە هەموو ئەو جۆرە گوتارییانە [ژانرەکان و گوتارەکان] پێکدێت کە تێیدا بەکار دێن(Ibid). بۆ تێگەیشتن لەم کردە گوتارییە میدیاییانە، پێوەندییەکانی میدیا و ڕێکخراوەکان و گوتاری ڕێکخراوەیش کە نەزمێکی گوتاری بەدی دێنن، هێندێک لە لێکۆڵەڕان ڕوویان لە شیکردنەوەی گوتاری ڕاگەیاندن و گوتاری رێکخراوەیی کردووە. یەکێک لە سەرەکیترین گریمانەکان لەم پێوەندییەدا ئەوەیە کە “ڕێکخراوەکان نەک هەر بەدەقەکانەوە خەریکن و لەبەرهەمهێنانیاندا بەشدارن، بەڵکوو بە هۆی ئەو دەقانەوە بنیاد دەنرێن” (Ashcraft et al., 2009). یان هەر وەک مامبی و کلەیر (١٩٩٧) ئاماژەیان پێکردووە ، “ڕێکخراوەکان تا ئەو کاتە هەن کە ئەندامەکانیان لەڕێگەی گوتارەوە دابینیان دەکەن”(Mumby and Clair، 1997). پێداگرتر لەوانە، هێندێکی تریان دەڵێن: ” ڕێکخراوە هیچ بارێکی پێکهاتەیی، جێگیر و سەربەخۆی لەدەرەوەی ئەو دەقە نییە ڕێکخراوەکە بنیاد دەنێت”(Westwood and Linstead, 2001). لە ڕاستیدا “زمان واقعیەتی ڕێکخراوەیی پێکدێنێت، زیاتر لەوەی بەسادەیی بیداتەوە یان بینوێنێتەوە”(Hardy et al., 2005: 60). بەگشتی، لە نێوان ڕێکخراوە (حیزب) و دەزگای ڕاگەیاندندا “نەزمێکی گوتاریی میدیایی بە پێی ململانێی نێوان سەرچاوە هاودژە گشتی(عمومی)یەکان و ئامانجە تایبەتەکاندا دروست دەبێت کە وەک جەمسەرێکی ڕاکێشان بۆ میدیا کاردەکات کە بە شێوەیکی بەردەوام لە ڕێگای پێناسەکردنەوەی پێوەندییەکانی -دیاریکردنی سنوورەکانی لەگەڵ- ئەو نزمە گوتارییە تایبەت و گشتییانەدا شێوەی خۆی پێکدێنێتەوە. سەرەڕای ئەوەش، ئەو ماملە و سەر لەنوێ ماملەکردنەوانەی لە پێوەندیی نێوان کردە گوتارییە گشتیی و تایبەتییەکاندا لە چوارچێوەی نەزمی گوتاریی میدیادا ڕوودەدەن، کاریگەرییەکی گشتیی لەسەر پێوەندیی نێوان ئەم کردە گوتارییانە و بوارەکانی تری ژیانی کۆمەڵایەتی، لە واتا گشتییەکەیدا، دادەنێت”(Fairclough, 1995).


ڕۆژنامەنووسیی حیزبی دەکرێت لە جۆری ڕۆژنامەنووسیی سیاسیدا پۆلین بکرێت کە بەگشتی لە مێژووی چاپەمەنییدا ‘پێگەی ڕێبەری هەبووە؛ هەر وەک هابرماس ئاماژەی پێداوە، “لە زۆربەی وڵاتاندا، ئازادیی ڕادەربڕین و دیموکراسیی سیاسی بە پاڵپشتی بەرچاوی چاپەمەنیی سیاسیی بەدی هاتووە”. سەرنووسەری ڕۆژنامەی لۆمۆند، ئێدوی بلێنێڵ (١٩٩٦) دەنووسێت: “ئەوەی دەسەڵاتە سیاسی و ڕووناکبیرییەکان بە بەردوامی ناتوانن دانی پێدابنێن ئەوەیە کە دەوری ڕۆژنامەنووسی بوونی توخمێکی ململانێی دیموکراتیکە، ڕەمزێکی بەرپرسیارێتیی دیموکراتیکە کە ناکرێت بە بەرپرسیارێتیی دەوڵەت پێناسە بکرێت.”(Kuhn & Neveu, 2002).

ئەم شێوەیە لە ڕۆژنامەنووسی لە نەبوونی ڕاگەیاندندێکی ئازاد و خۆسەپاندنی دەوڵەت- نەتەوەی داگیرکەر لە کوردستاندا دەتوانێت دیوێکی زۆر ئەرێنیی هەبێت. دیوە ئەرێنییەکەی ئەوەیە کە لەبارەی دەسەڵاتەوە دەدوێت و واتا لە ئەو وزە و چالاکییە کۆمەڵایەتییانە وەردەگرێت کە بە توانایی گۆڕانی بنەڕەتیی کۆمەڵ دادەنرێن. چونکە، ئێستاش، حیزبەکان وەک دامەزراوەی بەرەنگاریخوازی دەسەڵاتی ناڕەوای داگیرکەر بە شێوەیکی ڕیشەیی لەگەڵی لە ململانێدان. لە هەمان کاتدا، ئەندامانی نەتەوەی کوردیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیکی زۆر بەرچاو هاوسۆزییان بۆیان هەیە و وەک دەمڕاستی نەتەوەکە بۆ لابردنی چەوسانەوەی نەتەوەیی و چەشنێک لە خۆبەڕێوەبەریی سیاسیی پشتی پێبەستوون. هەر بۆیە، وا پێدەچێت ”ئامانجی ڕۆژنامە نووسییەکەش ئامادەکردنی خەڵک بێت بە ئەو زانیارییانەی کە پێویستیان پێیەتی بۆ ئەوەی ئازاد و خۆ-بەڕێوەبەر بن” و بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکەش پێویستە چەند توخمێک ڕەچاو بکەن کە لە پێشەوەی هەموویان ئەوەیە پابەندی ڕاستی ببن و لە هەنگاوی دووەمدا یەکەم وەفادارییان بۆ هاونیشتمانیان بێت.”(Kovach & Rosenstiel 2001) . ئەمە خۆی وایکردووە ئەرکی ڕۆژنامەنووسی حیزبی گرانتر بێت.



بەستێن و پێکهاتەی ڕێکخراوەیی میدیای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات

لە چوارچێوەی ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، ڕاگایاندنکارەکان و بەشی پێوەندییەکانیان لە گەیاندنی ئامانج، ستراتیژی و بەڕێوەبردنی بیرۆکەی ڕێکخراوەکەیان و بەشداریی میدیایی بەرپرسن. ڕاگەیاندنی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە ڕۆژنامە، ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنیانەوە بە کادر و ئەندامانی حیزبی بە شێوەیەکی پلەبەندیی ڕێکخراوەیی لەسەرەوە بۆ خوارەوە بەڕێوە دەچێت. ئەندامانی دەفتەری سیاسی و کومیتەی ناوەندی بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆی ئەو دەزگایانەیان لە ئەستۆیە و بە پێی پلەی ڕێکخراوەیی ئەندامەکانیشیان بەشەکان بەڕێوە دەچن. بۆیە، شیکردنەوەی گوتاری میدیایی ئەو حیزبانە بەشێوەیەک لەڕاستیدا شیکردنەوەی گوتاری ڕێکخراوەییشیانە. بەگشتی، شێوە ئاساییەکەی ئەوەیە کە کاری ڕۆژنامەنووس بە بڕیاری ئەو کەسانەی کاریان لەگەڵ دەکەن یان بۆیان کار دەکەن دیاری دەکرێت. بەگشتی، ئەم پێوەندییانە لە ڕێکخراوە (سیستەمێک بە تۆڕێک لە پێوەندیی ڕێکوپێک و هاوئاهەنگ لە پێناو ئامانجێکی تایبەتدا) پێکدێت. ئەم ڕێکخراوانە خاوەن پێکهاتە (چوارچێوەیەکی بنەڕەتی کە ڕێکخراوەکە پێکدێنێت)ی تایبەت بەخۆیانن. پێکهاتەکەی لە سێ توخمی سەرەکی پێکدێت: پلەبەندی (ڕێکخستنی پیشە و پێگەکان لەسەر بنەمای دەسەڵات لە نێو ڕێکخراوەکەدا)، جیاکردنەوە و پسپۆڕی (دابەشکردنی ڕێکخراوەکە بۆ بەش و یەکەی بچوکتر کە هەرکامە ئەرکێکی تایبەتی هەیە و ئەندامەکانی بەپێی پسپۆرییان لە پێناو ئەرکی بەشەکەدا دیاری دەکرێن) و فەرمیکاری(کردارە تایبەتەکان بۆ پشتڕاستکردنەوە دەبێت پەسندکراوی ئەندامە پسپۆر و ڕێکخراوەییەکان بن).



ئالینگارییەکانی میدیای حیزبی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا

جگەلەوەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا، لە ژێر تەوژمی پێڕەومەندی سیاسەتی تواندنەوەی نەتەوەیی و کولتووری، و هەڵاواردنێکی بەرچاوی ئابووریدایە، لە ڕێگای نوخبەی دەستەمۆ و تاقمی دروستکراوەوە هەوڵی سوککردنی ڕەوایەتی’بەرەنگاریی کردارییانە و گوتاریانەی’ بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتدا دەدات. ڕێژیم هێندێک میدیای چەواشەکاری تاقمی هەلپەرستی کوردیشی بۆ ڕەوایەتدان بە دەسەڵآتەکەی وەک ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی، ڕۆژنامە، ڕادیۆ، تەلەڤزیۆن و سایتەکانی ئاژانسی هەواڵیی(کوردی-فارسی) بۆ لە خشتەبردنی بیری ‘خۆڕاگری’ لە زەینی جەماوەری کورد و نەوەی نوێی کورددا، بەتایبەتی وەڕێ خستووە. ئەمانە خەریکی دروستکردنی واقعێکی بنیادنراوی گوتارییانەی خوازراوی ڕێژیمن بۆ بەدیهێنانی شوناسێکی تایبەت و جێگۆڕکێکردن بە شوناسەکان. ئالینگارییەکی بەستێنیی دیکە کە کارگەریی لەسەر پێوەندییەکان و باری سایکۆلێژیی پێکهاتەی حیزبی و ڕێکخراوی میدیایی حیزبەکانی ناوەندی هاوکاریدا داناوە، بەرەیەکی مقاومەتی بەڕەسمی ڕانەگەیەنراوی هاریکاری دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانە لە ناو کوردی پارچەکانی دیکەدا(باکوور و باشوور)کە لەلایەک، یان کردە گوتارییەکانی شوناسی کوردستانی پارچە دەکات، یان بە ناسیۆنالیزمێکی ڕووکەشییانەی پۆپۆلیستی بنیادە گوتارییەکان و هەڵکشانە کردەکییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە کاتی هاوپشتییەکاندا لە ململانێیەکی بەرتەسکی ڕکاویدا خەسار دەکات. هەربۆیە، ئالینگارییەکی سەرەکیی کە ڕاگەیاندنی حیزبی بەتایبەتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لەگەڵی بەرەو ڕوون، ئەوەیە کە دەبێت لەگەڵ دەیان و سەدان لایەنی دیکە کە دەیانهەوێت بێنە ناو ڕۆژەڤی هەواڵەکانی میدیاکانەوە لە پێشبڕکیدابن. ئەم پێشبڕکێیە ئەوکاتە ئەستەم دەبێت کە ئەمان پێگە، دەسەڵات، دەستڕۆیشتوویی و مانۆڕی مەیدانییان بۆ پێوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەرگرەکانیان وەک پێشوو نەماوە. بابەتێکی زۆر سەرەکیی دیکە ئەوەیە کە حیزبە سیاسییەکان دەبێت بتوانن مژاری سیاسی وا دروست بکەن، یان خاوەن گوتار و پەیامێکی ئەوەندە گرنگ بن کە لەڕووی بەهاکانی هەواڵەوە باییدار بێت، و یان لە ویست و داخوازییەکانی ئێستای کۆمەڵگەی کوردستان نزیک بێت، بە پێی ئەوە کە “دەسەڵاتی سیاسی زۆرجار دەکرێت بەواتای دەسەڵات بەسەر میدیادا لێکبدرێتەوە”(Wolfsfeld, 2011, p.9). ئەوە کە بەرپرسانی حیزبی لە ئاستی سەرەوە، زیاتر وەک چالاکێکی سیاسی لە ستدیۆی هەواڵەکانی کاناڵە ئاسمانییەکانی کوردستان باشوور دەردەکەن، لە بریتی ئەوەی لە شوێنی کار و ناوەندی حیزبەکانیان پێشوازی لە ڕۆژنامەنووس بکەن، دەکرێت لەلایەک، بەواتای ئەوە بێت کە میدیا بۆ گەیاندنی ئامانجەکانی خۆیان بەکار بێنن. لەلایەکی دیکەشەوە، باوەڕیان بە کاریگەریی میدیاکانی خۆیان لە ململانێی میدیایی لەگەڵ میدیاکانی دەوروبەریان نەبێت.

ئالینگاریی دووەم، ئەوەیە کە حیزبە سیاسییەکان ژینگەی سیاسییان لەدەست چووە و کۆنترۆڵیان بەسەرییەوە نەماوە. کاتێک دەسەڵات داران دەسەڵاتیان بەسەر ژینگەی سیاسییەوە نەما، دەسەڵاتیان بەسەر هەواڵیشەوە لەدەست دەچێت.(Wolfsfeld, 2011). ژینگەی سیاسی لێرەدا بریتییە لە “زاراوەیەکی گشتی بۆ هەرشتێک کە خەڵک و تاقمەکان لە کات و شوێنێکی تایبەتدا لەبارەی مژارێکەوە دەیڵێن و دەیکەن”. وۆلسفیڵد پێیوایە کە بۆ پاراستنی کۆنترۆڵی سیاسی بەسەر ژینگەی سیاسیدا سێ نیشانەی سەرکەوتن پێویستە:
یەکەم ڕادەی تواناییانە بۆ کنتڕۆڵی ‘ڕووداوە گرنگەکان’ (لەباری کردەیی و گوتاری بتوانن پرسی سیاسی دروست بکەن و واتای پێببەخشن).
دووەم، بتوانن ڕەوتی زانیارییەکان کۆنترۆڵ بکەن(ئەوان بن سەرچاوەی ڕاگەیاندنی هەواڵ و زنیارییەکان بن).
سێیەمین خاڵی نیشانەیی کە کۆنترۆڵی ڕێبەرانی سیاسی بەسەر ژینگەی سیاسیدا دەردەخات ئەوەیە کە ”ڕێبەرەکان تاچ ڕادەیەک توانایی ئەوەیەیان هەیە ڕەزامەندییەکی بەربڵاو بۆ پشتیوانی لە سیاسەتەکانیان، بەتایبەتی لەنێوان بژاردە(نوخبە)ی سیاسیدا کۆبکەنەوە… هۆیەکەشی ئەوەیە کە بژاردە سیاسییەکان سەرچاوەیەکی گرینگن بۆ ڕۆژنامەنووسەکان. بۆ نموونە ئەگەر ژماری ڕەزامەندیی سیاسی لەسەر سیاسەتێک کەم ببێتەوە و یان بەلای کەمدا بگۆڕێت، ڕووماڵ کردنی میدیاییشی بەهۆی سەرنج نەدانی پەیامنێران یان ڕووماڵکردنی نەرێنی و ناڕەزامەندانە لەسەری دەبێتە هۆی گۆڕانی ژینگەی سیاسی. بۆیە دەگوترێت کە “دەزگاکانی ڕاگەیاندنی هەواڵ، تەنیا هەر ئاڵوگۆڕەسیاسییەکان نادەنەوە یان ناننوێننەوە، بەڵکوو لە زۆر دۆخدا دەتوانن گۆڕانەکان گەورەتر و خێراتر بکەن”(Wolfsfeld, 2011).

ئالینگارییەکی دیکە، سێیەم، ئەوەیە کە لە میدیای حیزبیدا پێوەندیی نێوان ڕۆژنامە نووسەکان یان کادرەکانی ڕاگەیاندن لەگەڵ سیاسییەکان یان سیاسەتداڕێژانی حیزبی پێوەندییەکی هاوژینیی بێ ڕکابەریی و پێشبڕکێیە. ڕۆژنامە نووسەکان هەمان کادرە حیزبییەکانن، یان لەلایەن ئەوانەوە ئاراستە دەکرێن. لە میدیای ئەهلیدا، “پێوەندیی نێوان ڕۆنامەنووسان و ڕێبەرانی سیاسی دەکرێت پێوەندییەکی هاوژینیی ڕکابەرانە(competitive symbiosis) بێت. پێوەندییەکە هاوژینییە چونکە هەر یەکەیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی بەندە بە ئەوەی تریانەوە. ڕێبەرانی سیاسی بانگەشەیان دەوێت و ڕۆژنامە نووسەکانیش زانیاریی سەرنج ڕاکێشیان دەوێت کە بکرێت بکرێنە هەواڵ هۆی ڕکابەرێتییەکەیان ئەوەیە کە هەر لایەنەی بە لای خۆیەوە دەیهەوێت زۆرترین بە دەست بێنێت لە حاڵێکدا کەمترین “تێچوودەدات”. ڕێبەرانی سیاسی دەیانهەوێت زۆرترین بانگەشە بۆخۆیان بکەن بێ ئەوەی زۆرترین شت بدرکێنن و پەیامنێرەکانیش دەیانهەوێت دەستیان بە تەڕ وئاودارترین زانیارییەکان ڕابگات بێ ئەوەی بەلاش ڕێگە بدەن سیاسییەکان بەکاریان بێنن (Wolfsfeld, 2011).


بە گشتی، ڕۆژنامە و میدیا حیزبی لەلایەک، لەگەڵ بەرگژە و ئالینگاریی سەربەخۆیی سیاسی لە پارتەکەی لەکاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوە ساسییەکانەوە بەرەڕووە. چونکە بۆ ڕۆژنامەنووسەکانیان، ڕۆژنامەنووسی پیشەیەکی ڕکابەرانەی بازرگانی نییە کە بە پشتبەستنی بە فرۆشی ڕۆژنامەکەی و ڕێکلامەکانی لەسەر دەستڕاگەیشتن بەهەواڵی نوێی سەرنجڕاکیش و وروژێنەر بیانهەوێت سەرنجی خوێنەر ڕابکێشن و لەسەر دەستڕاگەیشتن بە نوێترن و پێویستترین زانیارییەکان بۆ وەرگران/خوێنەرانی خۆیان لەملانێدابن کە ئەنجامەکەی ڕەچاوکردنی ویستی خوێنەر/وەرگر بە فیدباکەکانیان و بەهێزکردنی دیموکراسی بێت. بە ئەو واتایە کە وەک دەسەڵآتی چوارەمی دیموکراسی، بە ئامادەکردنی زانیاریی بۆ جەماوەر ”بڕیاردانی ژیرانەی هاووڵاتییان لەبارەی کاروباری گشتییەوە ئاسان و هەموار بکات”(Charity, 1995). لەوەش گرنگتر، ئەوەی ئەم توێژینەوەیە جەختی لەسەر دەکاتەوە، هەر تەنیا ئەوە بێت کە وەرگرەکانی لە ناتەواوەتیی کۆمەڵ و کراوەیی جیهانی کۆمەڵایەتی بەڕووی ڕەهەندە سیاسییەکانەوە ئاگادار بکاتەوە، بەڵکوو، ئامرازێکەشە بۆ پیادەکردنی پلانی حیزبی و تێوەگلاوە لە بەرژەوەندییە سیاسییەکان کە پێوەندییان بە حیزبەوە هەیە. هەربۆیە، خەسلەتی ڕکابەرانەی ڕۆنامەنووسی لێردەا بەندە بە چۆنێتیی پێوەندییەکانی نێوان حیزبەکانەوە. هەربۆیە، دەکرێت لە هێندێک باردا شێوەی ڕووماڵکردنەکان بە مامڵە و پێکهاتنی سەرووی دامەزراوە میدییاییەکان و واتە دەفتەر یان ناوەندی سیاسیی حیزبەکان بێت. ئەگەر ڕکابەرییەک هەبێت و لەم میدیایانەدا بنوێندڕێتەوە، لە ڕاستیدا ڕکابەریی سیاسیی نێوان حیزبەکان خۆیانە بۆ ئەوەی باڵادەستیی لە گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیشدا دروست بکەن. لەلایەکی دیکەشەوە، ئەم ڕۆژنامانە، بە هۆی باری پێوەندیی نهێنییەکانی حیزب بە جەماوەرەوە، ناتوانن لە هەناوی کۆمەڵی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا وتەی ڕاستەوخۆی پسپۆرانی شارەزای بوارێک، یان شایتحاڵی ڕووداوێک بە جەماوەر بگەیەنن. لە ڕێی ئەم توێژینەوەیە و پێداچوونەوە بە دەقی هەواڵەکاندا دەرکەوتووە کە ئەو ڕۆژنامانە لە نواندنی ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، و ڕاستەقینەی ئەندامانی نەتەوەکەماندا کەموکورتیی بەرچاویان هەیە و زۆر بەدەگمەن وەڵامی پرسیارەکانی ‘لەبەرچی؟’ و ‘چۆن؟’ ڕواداوەکان ڕوودەدەن تێیاندا دەبینڕێت. هەر بۆیە یەکێک لە ژانرە گرنگەکانی ڕۆژنامەنووسی واتە “ریپۆتاژ”، بە تایبەتی لە شێوەی بەدواداچووندا لە ئەم ڕۆژنامانەدا نابیندرێت. ئەم بابەتە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەم بۆشاییە ڕۆژنامە و سایتەکانی سەر بەدەوڵەتی داگیرکەر بە ئارەزووی خۆیان پڕی بکەنەوە، و هەر ئەو سەرچاوانەش هێندێک جار وەک لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا، سەرچاوەی زانیاریی ڕۆژنامە حیزبییەکان بن. جگە لەوەش، وەک لەم توێژینەوەیەدا دەردەکەوێت هەواڵەکان لەڕاستیدا کڵیشیەکی چەندبارەکراوەن لە بە شێوەیەکی شەتەکدراو کە ئازار و مەینەتەکانی قوربانییەکان و بەرکەوتوانی توندوتیژیی و سەرکوتی دەسەڵاتەکانی داگیرکەر و هێزی سەرکوتی لە قالب دەدەن و سروشتی دەکەن، تا ئەوەی خوێنەر لە تێڕامانێکی قووڵتر و هەستییانەوە بگلێنێن.


ئەوە لەحاڵێکدایە، هەرچەند ڕۆژنامەکان بە هۆی جۆرەکانی دیکەی میدیاوە وەک میدیای کۆمەڵایەتی و کەناڵە ئاسمانییە تەلەڤزیۆنییەکانەوە دەور و پێگەی نەریتییان بەو زاڵیەتییەی پێشوویان لە پێوەندییەکاندا نەماوە، بەڵام هەم لە شێوەی چاپیدا و هەم بەتایبەتی، لە شێوە ئەلیکترۆنییەکەیاندا وەک بەڵگە و دەقی نووسراو بۆ خوێنەرانیان و لێکۆڵەرانیش تایبەتمەندیی خۆیان هەیە. بەتایبەتی، بۆ پارتە سیاسییەکان کە لە سەربنەمای ڕێکخستنی کلاسیکیی و ڕێکخراوەییان ڕۆژنامە وەک زمانحاڵ یان ئۆرگانی حیزبی بۆ نواندنی پلان و ئەجیندای سیاسییان بەکار دێنن، گرنگیی ڕۆژنامەکان حاشای لێناکرێت. چونکە دەتوانێت کۆمەک بە چۆنێتیی ڕووماڵکردنی میدیای ڕێکخراوەیی بکات و بەرجەستەسازییەکانی کاریگەریی لەسەر ئێعتیبار و ناوبانگی ڕێکخراوەکە دابنێت. بە ئەو واتەیە کە لە ئاستی یەکەمدا، زەق کردنەوە و زاڵکردنی پلان و پەیامی حیزبی و ڕێکخراوەیی لە ڕاگەیاندنی هەواڵەکاندا دەکاتە ئاگاییەکی گشتی و کۆمەڵانی خەڵک. لەئاستی دووەمدا، ئەو پەیام و بابەتانە بە خەسلەتی تایبەتەوە دەبستێتەوە، هەربۆیە نەک هەر ئاگایی گشتی لەبارەی ڕێکخراوەکان و شتەکانی دیکەوە پێشبینیی دەکات، ئەوە کە وەرگرەکانیش لەبارەی ڕێکخراوەکانەوە چۆن بیردەکەنەوە دەردەخات(Kiousis et al., 2006). بەم پێیە، ڕەچاوکردنی ستراتیژییەک لە راگەیاندندا بۆ زاڵ بوون، بەرچاوبوون و بایەخداریی لای وەرگران و کۆمەڵانی وەرگری کوردی کە ڕۆژانە بە میدیای جۆراوجۆر و لەسەرچاوەی جۆراوجۆر و جیاوزەوە بۆمبارانی زانیاریی دەکرێن پێویستە. گوتاری میدیا، بە پێی گارڤیچ و لێڤی (١٩٨٥، ل. ١٩)، “شوێنێکە کە تێیدا گروپە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان، دامەزاراوەکان، و ئایدۆلۆژیاکان لەسەر پێناسەکردن و بنیادنانی واقعیەتی کۆمەڵایەتیی لە بەرەنگاریدان”. هەر بۆیە، زاڵکردنی گوتاری میدیای حیزبێک خۆی بەواتای زاڵکردنی گوتاری ڕێکخراوەیی ئەو حیزبەشە.



چوارچێوەی تیۆریی توێژینەوەکە

بۆ تاوتوێکردنی “گوتار”ی میدیای سیاسی(حیزبی) لە ئەم توێژینەوەیەدا پشت بە پێناسەیەکی ئەم چەمکە دەبەسترێت کە زمان و جیهان وەک دووانەیەکی لێکدانەبڕاو دەگرێتەبەر و “زمان وەک شێوەیەک لە کرداری کۆمەڵایەتی” دەبینێت (Fairclough 1995, 1989). گوتار لێرەدا نەک هەر ئاماژەیە بە ئاخاوتن و نووسین، بەڵکوو ‘هەموو سیستەمەکانی واتا دەگرێتەوە (Laclau, 2001). واتە، ‘وەک زنجیرە کردارێکی جومگەبەند پێناسەی دەکات کە واتای کۆمەڵایەتیی شتێک یان بابەتێک بەدی دێنێت و ڕێکی دەخات (Martilla, 2015). هێنانەئارای ڕەخنە لە گوتاردا ڕێگا بۆ ڕەخنەیەکی بەرفراوانتری واقعیەتی کۆمەڵایەتی خۆش دەکات. بەڵام ئامانج تەنیا ڕەخنە نییە، بەڵکو گۆڕان “بۆ باشتر[بوون]”ە. ڕەخنەی ئەکادیمیکیش بە تەنیا ناتوانێت واقعیەت بگۆڕێت، بەڵکو بە زیادکردنی تێگەیشتن و درکپێکردنی دۆخی هەنووکەیی (مەوجود) و کێشە و ئەگەرەکانی دەکرێت لە سەر کرداری سیاسی شوێن دابنێت. تێگەیشتنی باشتر پێویستیی بە ڕوونکردنەوەی باشترە. ڕوونکردنەوەکانی گوتاری ڕەخنەیی تێگەیشتنێکی باشتر لە پێوەندییەکانی گوتار و پێکهێنەکانی تری ژیانی کۆمەڵایەتی دەخاتە ڕوو(Fairclough, 2018).

بە پێی تیۆری نیشانەناسیی و گریمانەکانی پاش-پێکهاتەخوازی(post-structuralism)، گوتار لێرەدا، “ڕووانینێکی پەیوەندییانەی زمانە” (Fairclough, 1989). ئەم شێوە ڕوانینە پێیوایە وشە و دەستەواژەکان لە پێوەندییان لەگەڵ وشە و دەستەواژەکانی دیکەدا واتا دەگەیەنن، لە بەرانبەر ڕاوانینی یەکانگیرانەی واتادایە کە پێیوایە وشەکان و دەستەواژەکان ئاماژە بە ‘ شێوە ڕاستەقینەکەی جیهان وەک خۆی’ دەکەن(Macgilchrist, 2011). بەلای لاکلاو و موف (٢٠٠١،١٩٨٩)ەوە، هەروەها تاڕادەیەک فێرکلاف (١٩٨٩، ١٩٩٥، ٢٠١٠)یش کە لە ئەم توێژینەوەیەدا پشت بە تیۆر و ڕێبازی شیکردنەوەکانیان دەبەسترێت، “خاڵی دەست پێکردن بۆ شیکردنەوەی گوتار ئەو بانگەشەیەی فەلسەفەی زمانیی پێکهاتەخوازی و پاش پێکهاتەخوازییە کە دەستڕاگەیشتنمان بە واقع بەردەوام هەر لە ڕێگای زمانەوەیە. ئێمە تەنیا لەڕێگای زمانەوە هێندێک نواندنەوە لە واقع بەدی دێنین کە بەهیچ شێوەیەک نواندنێک لە واقعێکی لەپێشدا هەبوو نییە، بەڵکوو زمان دەرفەتی بنیادنانی ئەوم واقعە دەڕەخسێنێت. ئەوە بە ئەو واتایە نییە کە واقعێک لەئارادانییە، واتاکان و نواندنەوەکان واقعەکەن. شتە فیزیکییەکانیش هەن، بەڵام تەنیا لەڕێگای گوتارەوە واتادار دەبن”(Jørgensen and Phillips, 2002). بۆ تێگەیشتن لەوەی کە زمان چۆن واقعێکی بنیادنراویو دروستکراوی خۆی لە ڕووداوە فیزیکییەکان بەدی دێنێت، و هەروەها تێگەیشتن لە پێوەندییەکانی گوتار و واقع، لەوانەیە ئەم نموونەیەی یورگنسن و فیلیپس (٢٠٠٢) لە ‘هەستانی لافاو لە ڕووبارێکەوە’ باشتری ڕوون بکاتەوە:
“زیادبوونی ئاستی ئاوی ڕووبارەکە لافاوی لێدەکەوێتەوە کە بەدەر لە بیر و لێدوانی خەڵکەکە خۆی لەدەرەوە بە شێوەی سەربەخۆ هەیە. هەرکەس بەدەر لەوەی چۆن بیر دەکاتەوە و چی دەڵێت، ئەگەر لە شوێنێکی نەشیاو بێت دەکەوێتە بەری و نوقم دەبێت. بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکە واقعێکی ڕاستەقینەی مادییە. بەڵام هەر کە کەسەکان هەوڵیاندا [لە ڕوانینی خۆیانەوە] واتای بدەنە پاڵ، ئیتر ئەوە لە دەرەوەی گوتاردا نییە[دێتە قالبی گوتارەوە]. [بەشێوەیەک کە ] زۆربەی خەڵک لافاو هەستانەکە وەک ‘دیاردەیەکی سروشتی’ دادەنێن، بەڵام وەک پێویست هەرواش باسی ناکەن. هێندێکیان پەنا بۆ ‘گوتاری کەشناسی’ دەبەن و هۆیەکەی دەدەنە پاڵ باران بارینی زۆر. هێندێکیان لەوانەیە بیدەنە پاڵ ‘خراپی بەڕێوەبرایەتیی سیاسی’، واتە شکستی حکومەت لە هەڵنەبەستنی بەنداو و دابین نەکردنی تێچووەکەی. لەوانەیە هێندێکیش لافاوەکە بە ‘دەرکەوتنی ئیرادەی خوا و نیشانەی توڕەیی وغەزەبی ئەو لە شێوازی ژیانی سوچباری خەڵک یان نیشانەی ئاخر زەمان’ لێکبدەنەوە. کەواتە، بە پێی گوتارە جیاوازەکان(کە دەکرێت لێکیش بدرێن)دەکرێت واتایەکی [جیاواز] بدرێتە پاڵ زیادبوونی ئاوی ڕووبارەکە. خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە هەر یەک لە ئەم گوتارە جیاوازانە هەنگاوی جیاواز، وەک بەنداوسازی، ڕێکخستنی خۆپیشاندانی سیاسی بەرانبەر بە حکومەت، و یان ئامادەبوون بۆ قیامەت، واتە کۆتایی کوتوپڕی جیهان بە شیاو و گونجاو دزەانن. بەم شێوەیە، واتا خستنەپاڵ شتەکان لە گوتارەکاندا دەبێتە هۆی بنیادنان و گۆڕانی جیهان (Jørgensen and Phillips, 2002).


ئەم چەشنە بۆچوونانە بۆ لێکدانەوەی ڕووداوەکان و واقع، بەردەوام لەگەڵ خۆیاندا جۆرێک سنووربەندیی لە نێوان ‘ئێمە’ و ‘ئەوان’دا بەدی دێنێن کە شوناسە جیاوازەکانیان لێدەکەوێتەوە. هێندێک جار کردە کۆەمڵایەتییەکانمان و لێکدانەوەکانمان بەڕادەیەک بابەتی (عەینی)، سروشتی و بەڵگە نەویست دەبن، بردنە ژێر پرسیاریان ئەستەم دەبێت. بە شێوەیەک کە ”بە ئەستەم دەکرێت سەرنجمان بۆ ئەوە بچێت کە بژاردەی دیکەش هەن”. هەر بۆیە،”ئەو کاتانە کە شوناسە جیاوازەکان یەکتر ڕەدەکەنەوە’ دژانبەریی کۆمەڵایەتی”(social antagonism) سەرهەڵدەدات”(ibid). بە بڕوای ‘لاکلاو و موف’ لایەنێکی سەرەکیی دژانبەری ئەویترسازییە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، دژانبەری ئەو کاتە ڕوودەدات کە “بەشداریی و ئامادەیی ‘ئەویتر’ بە بوونی خۆی لەمپەرە بۆ ئەوەی ‘من’ بەتەواوی خۆم بم”(Laclau & Mouffe, 2001). وەک نموونەیەک بۆ دەرهاویشتن لە ڕێگای ئەویترسازییەوە، لەوانەیە یەکێک لە ستراتیژییەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ ئەویترسازییەکەی لە کورد ئەوە بێت کە هاوشان لەگەڵ بە ‘دژی شۆڕش’ (چونکە شۆڕش بۆ زۆربەی ئاپۆرای خەڵکی نەتەوەی باڵادەست لەسەردەمی خومەینیدا و لەدەیەی یەکەمی دەسەڵاتی حکومەتی ئیسلامیدا واتایەکی بابەتی/عەینی ئەرێنی وەرگرتبوو، ئێستا شۆڕشەکە و بنەماکانی بۆ ئەوانیش ئەو واتایەی نەماوە)، یان بە ‘جیاوازیخواز’ ناساندنی، شوناسی ‘کۆڵبەر بوون” بێت کە ئاستی سەرکوتەکەی بە پێی ئاستی دابەزاندنی پێگە کۆمەڵایەتییەکی ئاسایی بنوێنێت. ئەم شێوە ئەویترسازییە وا دەکات جۆری داواکارییەکانی کوردیش لە شوناسی کورد بوون وەک نەتەوەیەکەوە بۆ شوناسی توێژییانەی پیشەی کۆڵبەری داشکێنێت کە تێگەیەکی ئابوورییانەی هەیە تا ئەوەی تێگەیەکی نەتەوەییانەی هەبێت. لەڕێگای دەرکردنی پێناسەی کۆڵبەری (بڕیار و کردار فەرمیی دەوڵەت) و نواندنەوە و جێخستنی لە ڕێگای بە بابەتکردنی لە گوتاری میدیایی دا برەوی پێدەدرێت و هەوڵی جێگیرکردنی دەدرێت. ئەم شوناسە ئەو کاتە جێدەگرێت کە شێوەیەکی باڵادەستانەی گوتاری بەخۆ بگرێت و کورد خۆشی ڕەزامەندانە ئەو شوناسە قەبووڵ بکات و وەک ململانێیەکی چینایەتی لە گوتارێکی چەپیخوازانەدا لەبەرهەمی هونەری یان میدیاییدا بەرهەمی بهێنرێتەوە. یان وەک ململانێیەکی ڕەگەزییانە بۆ دەرخستنی هێزی ژن لە کاری کۆڵبەریدا بەرانبەر بە پێاو بنرخێندرێت:

بۆ نموونە لە توێی وتارێکی ژمارە (١٠١)ی ڕۆژنامەی ‘داوڕۆژ’دا بە نانیشانی ‘ژنانی کۆڵبەر و غیرەت و ئازایەتییەک هاوشێوەی بەردەکانی زاگرۆس’دا هاتووە: “کۆڵبەری کارەساتێکی زۆر گەورەیە ولەوە کارەسات تر ئەوەیە کە ژنان ناعیلاجن بە جلوبەرگی پیاوان کۆڵبەری بکەن”. بە ئەم شێوەیە، بابەتە سەرەکییەکە کە ئەیتراسازییەکە لە کورد لە شوناسی کۆڵبەریدا، لە پەنا جۆرێکی تری چەوساندنەویدا(ڕەگەزی) بەرهەم دێتەوە و ئاسایی دەکرێت.
بۆ نموونە، لە دەقی ئەو وتارە لە ڕۆژنامەی “دوارۆژ’ دا، لە زمان نوێنەری پارێزگای سنە (ڕێژم بە کوردستان ناوی دەبات) لە بیست و سێیەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی بەرزی پارێزگاکان[ی ئێران] دا هاتووە:
” دەبێت خوێن بگرین و زۆر جێگای داخە کە بڵێین لەگەڵ کچان و ژنانێک رووبەڕووین کە ناچارن لە رۆڵی پیاوێک یا کورێکدا خۆیان دەربخەن تا بتوانن بەئاسانی بێن بۆ ناو زنجیرەی دوورودرێژی کۆڵبەران (ئاژانسی هەواڵدەری رژیم -18 ی خەرمانانی 1398)”.
ئەمەش، بەڵگەی ئەوەن کە ڕێژیم بۆی ئاساییە کە چەوسانەوەی ئابوورییانەی کورد هاوشان و وەک چەوسانەوەی هەر تاکێکی نەتەوەی باڵادەست پێناسە بکاتەوە و لە شوناسی “شارۆمەندە ئێرانییەکە’دا جێی بخات کە لە واقعدا بیبەستێتەوە بە “بەڕێوەبەرێتیی خراپی ئابووری” کابینەکانی حکومەت، نەک دەرهاویشتنێکی ئامانجداری نەتەوەیەک. بۆ نموونە، ئەم دەقەی سایتی ‘تابناک’ی سەر بە ڕێژیمی ئێران، کۆڵبەری لە کوردستان و بەلووچستان وەک لێکەوتەیەکی سیاسەتی ئابوورییانەی دەوڵەت لێکدەداتەوە و دەڵێت”: بەراوردی نیشانەکانی پەرەسندنی ئابووری شارە سنوورییەکان لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی وڵات، ئاماژەیێکە بە نایەکسانیی سەرمایەدانان و سەرنجی دەوڵەت بە ئەم ناوچانەیە”. لە حاڵێکدا ئەم پیشەیە تەنیا بۆ ئەندامانی نەتەوەی کوردە و لە کوردستان بەڕێوە دەچێت. جگە لە ئەوەش ئاماژەیەکی هاوپێچی ئایدۆلۆژییانەی بۆ شێوەی خۆ دەرخستنیان لە ڕۆڵی پیاودا واتە، جلو بەرگی ژنان و کچان تێدایە کە هی پیاوان و کوڕانە و گوایە پێوەرەکانی ڕێژیمی بۆ حیجابی ئیسلامی تێدا نییە. بە ئەم شێوەیە، ڕۆژنامەنووسەکان پێچەوانەی پاشخانە مێژووویی و ئایدۆلۆژییە حیزبییەکانی خۆیان، دەکەوەنەوە داوی پێکهاتە زمانییە سروشتی بووەکانی داگیرکەر و بەرهەمی دەهێننەوە.
دەرباز بوون لە ئەو دۆخە، بەندە بە زۆر هۆکارەوە کە لە پێوەندیی لەگەڵ میدیادا دەکرێت ئاماژە بە ‘چوارچێوەسازی'(framing)ی هەواڵ، واتە واتاسازییەکی پێچەوانەی گوتاری زاڵی داگیرکەر لەسەر ئەم شێوە شوناسسازییە بکرێت. وەک ئەوە کە بە وردی دوو ئەکادیمیی کورد، ‘کەمال سولەیمانی’ و ‘ئەحمەد محەممەد پوور’ لە لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی تایبەتدا بە ناوی ‘ئاپارتایدی ئابوور’ ناویان ناوە کە لە پێکهاتەیەکی کۆلۆنیزەکراودا دەوڵەتی کۆلۆنیالیستی ئێران بەڕێوەی دەبات(بڕوانە، Soleimani, & Mohammadpour, 2020). هەر ئەمە دەکرێت ئەو چوارچێوە هەواڵییە بێت کە لە گێڕانەوە جۆراوجۆرە هاوشێوەکانی ئەو مەدلوولەدا وەک ‘کوشتاری ڕێکخراوی خەڵکی مەدەنیی کورد” یان “نان بڕین و قڕکردنی کاسبکاری کورد” و ‘چەوسانەوەی ژنان هاوشانی پیاوانی کورد’ ناوی بنرێت و بە میدیایی و پێناسە بکرێتەوە.
‘چوارچێوە’کان لێرەدا ئەو “بیرۆکە ڕێکخەرە ناوەندی یان هێڵە داستانییانەن کە واتا بە توێی ئاشکرای ڕووداوەکان دەبەخشن”(Gamson & Modigliani, 1987). هەرچەند چووارچێوەسازیی مژارەکان زۆرجار بۆ بە ئاسانی گەیاندنی بابەتە ئاڵۆزەکان زەروورین، بەڵام بە هەمان ڕادەش ئامرازێکی بەهێزن بۆ سنووردارکردنی باسەکان لەسەر بابەتە سیاسییەکان (Crow, & Lawlor, 2016). ڕۆژنامەنووسەکان چوارچێوە هەواڵییەکان وەک ئامرازێک بۆ گێڕانەوەی چیرۆکێکی تۆکمە بەکار دەهێنن( وەک “جەنگ لە دژی تیرۆر”). کاتێک کارا سیاسییەکان لە سەر میدیاکانی هەواڵ دەکەونە ڕکابەری، چوارچێوەی تایبەت بەخۆشیان هەیە کە هەوڵ دەدەن برەوی پێبدەن. کاتێک میدیای هەواڵ دەیهەوێت بەرایی بدات بە چوارچێوەیێک بەسەر یەکی دیکەدا، دەتوانێت بەرژەوەندیی بەرچاو بەرانبەر بە دژبەری دیاریکراو دەستەبەر بکات. بۆ نموونە، دەمەتەقێکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا لەبارەی شەڕ لە ئێراقەوە لەبەرچاو بگرن، دەوڵەتی ‘بوش’ لە خاڵێک لە دیبەت و مشتومڕەکاندا هەوڵی دەدا برەو بە چوارچێوەی ‘بەردەوامیی دەورەکە’ بدات تا بەڵگەیەک بێت بۆ گرنگیی بەردەوامی شەڕەکە تا ئەو کاتەی شەڕەکە بداتەوە دەست هێزە چەکدارەکانی ئێراق”، ڕەخنەگرانی شەڕەکە چوارچێوەی ‘شەڕی بێهوودە’ یان بەکار دەهێنا کە دەیانگوت پێویستە هێزەکانی ئەمریکا بە زووترین کات بکشێندرێنەوە. تێگەیشتن لەوەی کە ڕۆژنامە نووسەکان بڕیاردەدەن کام یەک لە ئەم چوارچێوانە بەکار بێنن، دەکرێت بۆ تێگەیشتن لە ڕکابەرییە سیاسییەکان زۆر بەکەڵک بێت. چونکە “باوەڕ و کردەوە سیاسییەکان لە گریمانە، لاگری و ڕاپۆرتە هەواڵەکانەوە سەرچاوە دەگرن. لە ئەم حاڵەتە گرنگەدا، سیاسەت درامایەکە کە لە جیهانێکی گریمانەکراو و ڕاپۆرتکراودا ڕوودەدات کە هەڕەشە و هیواکان دەورووژێنێت، جیهانێک کە خەڵکەکە ڕاستەوخۆ نایبینن و هەستی ناکەن”(Edelman, 1995). تا ئێستا و بە پێی ئەم توێژینەوەیە لە سەردێری ئەو هەواڵانەی پێوەندییان بە هەواڵی پێوەندیدار بە ‘کۆڵبەران’ و ‘بەندکراوانی سیاسی’یەوە هەبووە، تاکی کوردی بەرکەوتووی توندوتیژیی و سەرکوتی ڕێژیم، لە دەقی گوتاری هەواڵییدا تووشی دەرهاویشتنێکی گوتاریش لە میدیای ئەو حیزبانەدا بووەتەوە؛ وەک کارایەکی پاسیڤ، کەسی نادیار و نەناسراو یان لە ژمارەدا دەنوێندرێنەوە. بڕوانە، ئەم سەردێڕانە:

١. نەوسوود/ بریندار بوونی کۆڵبەرێك بە تەقەی چەکدارانی سەر سنوور(ئاسۆی ڕۆژهەڵات/ ک. ش. ز. ک).
٢. برینداربوونی کۆڵبەرێک لە سنووری بانە(سایتی کوردستان و کورد. ١٠/٠٣٢٠٢١ (ح.د.ک).
٣. کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران و کاسبکاران (کوردستان-ح.د.ک.ا، ژمارە ٧٩٤ ، ٥ی مارسی ٢٠٢١ ).

سێ پرسیار کە دەکرێت لە شیکردنەوەی لایەنە ڕواڵەتی و شاراوەکانی گوتاری میدیادا لەبەرچاو بگیرێت دەکرێ ئەمانە بن:
کێ دەدوێت (بەتایبەتی کاتێک ‘ئاخێوەر’ەکە پەیامنێر، وتەبێژێکی فەرمی، مامۆستا یان هەر کەسێک بێت کە وتەبێژی بریکاری دامەزراوەیەکە)؟
دەڵێن چی (واتە واتا ئاشکرا و شاراوەکانی لێدوانەکە چیین)؟
مەبەستیان چییە (یان دەبێت گریمانەمان بۆ ئەوەی لێدووانەکەیان لە بەستێنەکەیدا شیاوی تێگەیشتن بێت چی بێت)؟(Davis , 1985).

لە ئەو سەردێڕانەی سەرەوەدا، چەند شت هەیە ئاماژەیان پێبکرێت.
یەکەم، بریندار بوون(وەک کردەیەکی بەدەر لە هێزی کارایەکی ئاگایانە بەکار دێت، مێشکی ئاخێوەرێکی زگماکی زمانی کوردی لە دووی هۆی پشت بریندار بوونەکە نییە، چونکە زیاتر دەدرێتە پاڵ شتی بێ ئیرادە و بێ گیان. لەبەرانبەر ‘بریندار کردن’دایە (وەک کردەیەکی مادیی، کە ئاخێوەری ڕەسەنی کوردی، لە دووی کارای هۆی بریندار کردنەکە دەگەڕێت و چاوەڕێی زانیاریی لەبارەی کەسی بەرپرسی پشت بریندار کردنەوەکەوەیە).
دووەم، بە پێی جەختکردنەوەکانمان بۆ مەبەستێکی تایبەت دەستکاریی پێکهاتەی دەربڕینەکانمان دەکەین. هێندێک جاریش وەک دەربڕینەوەیکی باو و جێکەوتوو لە ڕووی نائاگایی فۆرمە زمانییەکان کە بە ئایدۆلۆژیای زاڵ بارگاوی کراون بەکار دەهێنینەوە. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە زانیاریی تەواو لە ڕستەی بنجیی دیار (معلوم)دایە.
سێیەم، لە ڕێگای ‘ناواندن’ەوە کۆی شێوەی نواندنەوەی ڕووداوەکە گۆڕاوە. هیچکام لە ئەو سەردێڕانە ڕستە نین، بەڵکوو گرێیەکی ناوین(زانیارییان لەبارەی کات و کەسەوە تێدانییە)، واتە ‘کار'(فعل)ی ڕابردووی سادەی ‘برینداربوو’، لەکارێتی خراوە و بەناوکراوە، بۆیە لوتکە ‘مبتدا’ی رستەکەی گرتووە. ئەمە بۆ نموونە، لە سەردێڕی(١) دا ئاوا بووە: ‘بەتەقەی چەکدارانی سەرسنوور کۆڵبەرێک بریندار بوو’. بەڵام ئاواش بنووسرابایە هەر نواندنەکەی تایبەت بوو، چونکە تەقە’کە پێش تەقەکەرەکە(چەکداران) کەوتووە، تەقەکە لە ئەم دەربڕینە زمانییەدا بەرپرسە نەک ‘چەکداران’، هەربۆیە لەگەڵ کاری ‘برینداربوون’دا ڕێک دەکەوێت. جگەلەوەش، لێرەدا، ‘کۆڵبەرێک’ کەسێکی نەناسراوە(ناوە تایبەتەکەی) هەروەها ‘چەکدارانی سەرسنوور'(کێن؟). بەڵام ئەگەر بنووسرابایە “چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران بەتەقە کۆڵبەرێکیان لە نەوسوود بریندارکرد”، نواندنەوەکە چەکدارانی ڕێژیمی ئێرانی بە بەرپرس دەناساند. جیاوازیی ئەم دەربڕێنە لەگەڵ ئەوانەی دیکە ئەوەیە کە بە پێی یاساکانی پێکهاتەی ڕستەی کوردی لە ڕووی دیار(معلوم)دا بکەر(فاعل)، بەرکار(مفعول) و کار (فعل) و ئامێر(ابزار)ی بریندارکردنەکە لەگەڵ ئاوەڵکاری شوێن(قید مکان)دا دەربڕاوە. لەباری نواندنەوەی زانیاریی و ئەزموونی بیرۆکەییەوە لە ڕێزمانی واتا بنیادی هاڵیدەی کە بۆ شێکردنەی گوتار بەکار دێت و مەبەستی ئێمەش ئەمەیانە، کردە(بریندارکردن)، بەشداربووەکانی کردەکە (١. چەکدارانی ڕێژیمی ئێران وەک کارا، ٢. کۆڵبەرێک، وەک ئامانج/کرتێکراو) و بارودۆخێک(لە نەوسوود و بەتەقە) هەیە. بەگشتی، ئەم ڕستانە هەرکامە واقعیەتێکی جیاواز بنیاد دەنێت.
لەسەردێڕەکانی (٢) و (٣)دا، هەر بەرپرسێک لەئارادانییە. سەر دێڕی (٣) کە تایبەتە بە ‘ڕۆژنامەی کوردستان’ (ح.د.ک.ا)، لە لاپەڕەی کۆتایی هەر ژمارەیەکی ڕۆژنامەکەدا، هەواڵ و ڕووداوکانی تایبەت بە کوردستان کۆدکرێنەوە، بە پێی توێژەکانیان یان سروشتی ڕووداوەکانیانبە پۆلین دەکرێن، وەک.:

‘مەحکومکرانی زیندانییان بە زیندان و کەمکردنەوەی حوکمی زیندانی’، ‘بانگهێشتکردنی هاووڵاتییان بۆ ئیتلاعات’، ‘تەقینەوەی مین”، کوژرانی هاووڵاتییان” و … . کە بۆ بابەتی تایبەت بە کۆڵبەران ئەم سەردێرەدانراوە. لێردە باشتر دەردەکەوێت کە کۆکردنەوە زمانییەکانی ڕستە و چڕکردنەوەیان لە گرێیەکی ناویدا، چەند لەگەڵ لاپەڕەی تایبەتی ڕۆژنامەکە یەکانگیرە؛ کورتە دەقە هەواڵییەکان و شەتەکدانی زانیارییەکان لە بەستەی کڵیشەییدا ئازارەکانی قوربانییەکانی سەرکوتی ڕێژیم نەدیوو دەکرێت، و چۆنێتیی ڕوودانی ڕووداوەکان و کاردانەوەکانی خەڵک و لێکەوەتەکانی ئەو توندوتیژییانە لادەدرێن. سەبارەت بە سەردێرەکانی ‘مەحکومکرانی زیندانییان بە زیندان و کەمکردنەوەی حوکمی زیندانی’، ‘بانگهێشتکردنی هاووڵاتییان بۆ ئیتلاعات’ دەکرێت بگوترێت کە کەمکردنەوەی حوکمی زیندانی واتای نەرێنیی بەزیندان مەحکوومکردنەکە بۆ لای ئەرێنی دادەکێشێت، یان هاوسەنگییەک دروست دەکات. ‘بانگهێشتکردن’ لە زمانی کوردیدا، واتای ئەرێنی هەیە کە زیاتر بۆ بواری میوانداریکردن لەکەسێک بەکار دێت، تا ئەوەی ڕاپێچکرا بێت. ئەگەر هەر واتای ‘بانگکردن’ بایە بێ لایەنتر بوو.
لە دەقی ئەو هەواڵانەدا، ئاماژە بە کاراکانی پشت کوشتن و برینداربوونەکان دەکرێت، بەڵام کوژراوەکان هەر لەواتای وشەیی ‘کوشتن’ دا کۆتاییان دێت، بە بێ ئاماژە بە چۆنێتی، و زانیاریی ورد، هاوبەشیی بنەماڵە و کەسوکاریان وەک وەرگرتنی قسەیەک یان شایەدحاڵێک کە وەسفی مەینەتی ژیانیان تا کاتی کارەساتەکان بکات. زۆرجار بۆ بریندارەکانیش تراژیدییەک لە دەقێکی داڕێژراودا بە کۆتاییەکی خۆش کۆتایی دێت کە زیاتر ئەم پارچە ئاخاوتنەیە “شایانی باسە، بۆ چارەسەری برینەکەی گەیاندراوەتە خەستەخانە”.

بە پێی ئەو لێکدانەوەیە و ئەو بیردۆزییانەی تا ئێستا لە بنیادنانی واقع لە ڕێگەی زمانەوە کردوومانە، دەکرێت بڵێین کە زمانێکی ئاسایی و سروشتییانە بۆ ئەو کوشتارە سیستیماتیکە بەکار دێت؛ هەر وەک ئەوەی لەژیانی ئاسایی ڕۆژانەدا دوو کەسی کورد بۆ یەکی بگێڕنەوە. ئەوانە ئەوکاتە لە ڕێگای زمانە ئاسایی دەنوێندرێن و سروشتی دەکرێن کە دەبنە ‘کڵیشە’ یەک بۆ داڕشتنی هەر ڕووداوێکی لەوچەشنە بۆ کەس/کەسانی جیاواز و لە شوێنێکی جیاوازی کوردستاندا دووبارە دەبنەوە. بۆنموونە بڕوانە ئەم سەردێڕەی ئاسۆی ڕۆژهەڵات:
(٤) سەقز/ بریندار بوونی کاسبکارێکی کورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکان


ئەگەر ئەم شێوە نواندنەوانە لەگەڵ ئەو هەستی هاودەردی نواندنەی بەرپرسانی ڕێژیم و دەزگا میدیاییەکانی هاوکات لەگەڵ کوشتن و بڕینیان بۆ دۆخی نالەباری کۆڵبەران لەبەرچاو بگرین، ئەم شێوەیە لە نواندنەوەی میدیای حیزبی لە ئەو کارەساتەی تاکی کورد تووشی بووە، ئاستی ئاسایی بوونی کارەساتەکە لە گوتاری میدیا حیزبییەکاندا دەردەخات. بەتایبەتی، دوو ستراتیژیی لە نواندنی میدیایی ڕێژیمدا دەردەکەوێت کە هەمان شت لە میدیای حیزبیدا بەرهەم دەهێنرێتەوە: ستراتیژیی بە ‘تاوانکەر’دانان، ستراتیژیی ‘قوربانیبوو’

بە شێوەیەک کە لە ستراتیژیی یەکەمدا، تاکی کۆڵبەر لە شوناسی نەتەوەیی و کوردستانی دادەماڵرێت و شوناسی ‘شارۆمەندێکی ئێرانی’ پێدەدرێتەوە کە تاوانی سنوور بەزێنیی (ئاسایش و سەروەریی سیاسیی دەوڵەت) دەکات، هەر بۆیە سزا دەدرێت و ‘قوربانیبوو”ی لاوازییەکی بەڕێوەبەریی دەوڵەتیشە لە ‘ناوچە’ی سنووری( نادادپەروەرییەکی ئابووری)دەوڵەت. ستراتیژیی بە تاوانکەر دانان، چارەسەریشی لەدووە ( پێشنیاری چارەسەکردنی نادادپەروەریی ئابووریی و بەڕێوەبەرایەتیی خراپی کارگێڕی ئیداری و چارەسەری برینی قوربانییەکان لە خەستەخانە، یان کەمکردنەوەی حوکمی زیندانی). بۆ نموونە، لە دەقی هەواڵەکانی (٢) و (٣)دا، کۆتایی هەواڵەکە بە چارەسەری لە نەخۆشخانەکانی ڕێژیم کۆتایی دێت. ئەمە دەکرێت میتافۆر یان ئیستیعارەیەکیش بێت بۆ چارەسەریی دۆخی ئابووری کە بە ڕێژیم خۆی دەکرێت. لە هەمان کاتدا، لۆسکردنی ئەو کارەساتانە بێت کە بەسەر تاکاکان دێت و سەرکەوتنی پیلانی ڕێژیم لە هەڵسوکەوتێکی باڵادەسەتانەی ئیستعمارییانەدا بۆ تێکشکاندی ئیرادەی کورد و وازهێنان لە شوناسی کورد بوونییشی بە ناچارکردنی بە هەڵبژاردنی یەک شێوەی ژیان زیاتر ڕوون دەبێتەوە. مەترسیی ئەم شێوە بەکارهێنانەی زمان لە میدیا، ئەوەیە کە چوارچێوەیەکی باو بۆ گێڕانەوەی ڕووداوەکان لە میدیای نووسراو و گوتراودا دروست دەکات کە بە پێوانەی ئەوانە زەینیەتی گێڕانەوەی زۆربەی ڕووداوە پێشبینیکراوەکانی داهاتووش ڕێکدەخات.


لاکلاو موف “ناشیمانەیەتی کۆمەڵ وەک مەترسییەک بۆ هەر شوناسێک دەنوێنن کە خۆی وەک بزوتنەوەیەکی بەردەوامی جیاوزییەکان دەردەخات”(Laclau & Mouffe, 2001). لەڕوانگەی ئەمانەوە” هەرچەند کۆمەڵ تاڕادەیەک پێکهاتەمەندە، بەڵام ئەم پێکهاتەمەندییەی سنووردار و کاتییە. ئەگەر بۆ نموونە خەڵک بە چینی جیاوز دابەش دەکرێن لەبەر ئەوە نییە کە کۆمەڵ هەر بەو شیوە بابەتییانەیە لە ئەم چینانە پێکهاتووە، بەڵکوو لەبەر ئەمەیە کە داخراوی(closure)یەکی کاتی هەیە کە شێوە ڕێتێچوو و شیمانەییەکانی دیکەی دابەشکردنی وەک ڕەگەزی یان ئەتنیکی پەراوێز خستووە یان دەرهاویشتووە (Jørgensen, & Phillips,2002). لە نموونەی کۆڵبەریدا، هەموو جۆرە هێزێکی سەرکوتی نەرم و ڕەق بەکار هاتووە بۆ ئەوەی کورد ناچار بە هەڵبژاردنی ئەو شێوەیە لە کاسبکاری بکات، واتە بنیادنراوی دەوڵەت خۆیەتی(بڕوانە، Soleimani, & Mohammadpour, 2020).


بەگشتی، ململانێی نێوان گوتارەکان بەواتای ئەوەیە کە کارا جۆراوجۆرەکان هەوڵدەدەن کۆمەڵگە بەشێووەیەکی جیاواز ڕێکبخەن. هەر بۆیە، وشەیەکی سەرەکیی تیۆرەکە ‘بەرەنگاریی گوتاریییانە’یە. گوتارە جیاوازەکان -کە هەرکامەیان بە شێوەی تایبەت بە خۆیان دووان و تێگەیشتن لەبارەی جیهانی کۆمەڵایەتییەوە دەخەنە ڕوو- بۆ باڵادەست بوون، واتە چەسپاندن و جێگیرکردنی واتاکانی زمان بە شێوەی خوازراوی خۆیان، لە بەرەنگاریی بەردەوامدان. بەم پێیە، باڵادەستی (هێژێمۆنی) دەکرێت وەک زاڵ بوونی ڕوانگەیەکی تایبەت پێناسە بکرێت”(Jørgensen and Phillips, 2002).

تا ئەو جێگایەی پێوەندیی بە بواری ئەم توێژینەوەیەوە هەیە، لە بەرئەوەی پرۆژە جیاوازەکان بۆ باڵادەستی (هێژێمۆنی) بەردەوام لە ڕکابەریدان زاڵ بن، و پێکهاتنی باڵادەستی بەواتای مەعریفەتێکی تۆکمە نییە کە تایبەت بێت بە قؤناغێکی دیاریکراو(Laclau and Mouffe, 1989)، گوتاری میدیا لەبەر سروشتی مەبستدارانەی داڕشتنە زمانییەکانی، بەهاکانی هەواڵ کە دووری و نزیکییەکانی ڕووداوەکان بە دەزگایەکی تایبەتی ڕاگەیاندنەوە دەنرخێنن، ئایدۆلۆژیا و دەسەڵات لە بنیادنانی ئەم واقعە بۆ باڵادەستیدا کاریگەرە. هۆیەکەشی ئەوەیە کە لێرەدا، بابەتی بنیادنەرانە (constructive) لە “کردەیەکی پێوەندییانەی دوو لایەنە”ی ناڕاستەوخۆ لە نێوان نێرەر و وەرگردا دروست دەبێت کە هێزی کاریگەریی لەسەر وەرگر تاڕادەیەک بەسەر تێگەیاندن و زانیاریگەیاندندایە. لە ئەم شێوە بنیادنەرییەدا، “چی دیکە ناکرێت زمان وەک گرینگترین هۆکاری بابەتیکردن(عەینیەتسازی) و دەروونیکردن لێی بڕواندرێت، بەڵکوو(بەشێوەیەکی تایبەتی)کردەیەکی پێوەندییانەیە کە بابەتیکردن و دەروونیکردن بەرهەم دەهێنێت. هەروەها لە کردەی پێوەندیی بنیادنەرانەدا زمان هەر وەک هۆکارێکی زانیاریگەیاندن نازانرێت، بەڵکوو وەک کردەیەک دادەنرێت کە هەوڵدەدات بگات بە ئەو کاریگەرییەی وا لە کەسێک بکات کارێک بکات کە ئێمە دەمانهەوێت. ئامرازێکی بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە هێز/دەسەڵاتی پێوەندییانەیە. کەواتە، چەمکی هێزی پێوەندییانە ئامانجی کردەی پێوەندییانە لە تێگەیشتنەوە دەگۆڕێت بۆ کاریگەریی” (Reichertz, 2020). لە درێژەی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا و بەتایبەتی لە پێوەندیی لەگەڵ چۆنێتیی ڕووماڵکردنی بابەتی ڕادەستکردنەوەی ‘مستەفا سەلیمی’، زیندانیی سیاسیی لە میدیای حیزبیدا و لەسێدارەدانەکەی لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە زیاتر تیشک دەخرێتە سەر ئەم لایەنەی بەکارهێنانی کاریگەرییانەی میدا.



ناجێگیریی واتا و سەراوی(شناوەری) ئاماژەکان( دالەکان): ڕوونکردنەوەی چەند چەمکێک

هەروەک لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا، ئەم توێژینەوەیە کە پشت بە بیردۆزیی گوتاری دەبەستێت، کە لە تێڕوانینە پاش پێکهاتەخوازییەکەی لاکلا و موفەوە لە کتێبی ‘هێژێمۆنی و ستراتیژیی سۆسیالیستی’یەکەیانەوە سەرچاوە دەگرێت، ‘کۆی ڕەوت(پرۆسە)ی کۆمەڵایەتی بە تۆڕێک لە ڕەوتەکان دادەنێت کە واتا تێیدا بەدی دێت.” گوتاریش بەواتای سەقامگیرییەکی ڕێژەییانەی واتا لە بوارێکی تایبەتدا و بەدەوری گرێبەندی تایبەتدا پێناسە دەکات… گرێبەند ئەو نیشانە تایبەت و تاقانەیەیە کە نیشانەکانی دیکە واتاکانیان لە پێوەندیی لەگەڵ ئەودا بە دەست دێنن”(Jørgensen and Phillips, 2002). بۆ نموونە، لە گوتاری میدیایی حیزبەکانی نێو ناوەندی هاوکاریدا، ‘نەتەوە/تاکی کورد ‘وەک وەرگری میدیاکە بە گرێبەندەکە و نیشانەکانی دیکەی وەک نیشتمان، کۆمەڵی کوردەواری، زمانی کوردی و ‘چەوسانەوەی ئیستعمارییانە (داگیرکردنی خاک، سەرکوت و قەڵاچۆکردنی ڕێکخراو، قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی کوردی’ دەستبەسرداگرتنی سامان/ داهات و بێبەشکردن لە مافی ئابووری، سیاسی، کولتووری و ئازادییەکۆمەڵایەتییەکانیان و دادپەروەری) واتاکانیان لە پێوەندی لەگەڵ واتای نەتەوەی کورد/تاکی وەرگری کورددا وەردەگرن و لابردنی چەوسانەوەی نەتەوەیی، و بەدەست ھێنانی سەروەریی سیاسی لە شێوەیەکی شیمانەکراودا ‘خودموختاری، فیدرالیزم یان سەربەخۆیی’ وەک وەڵامێک بە ویستی کۆمەڵانی نەتەوەی کورد لە کوردستاندا بە پێی بەها دیاریکراوەکانی هەواڵ کە لە ڕووداوە پێوەندیدارەکان بە ئەو گرێبەندە و نیشانەکانی دیکەوە سەرچاوە دەگرن، بە چارەسەر یان ئامانجی گرێبەندەکە دادەنێن. کەواتە، گوتار تەواویەتییەکە کە تێیدا هەر نیشانەیەکی زمانی لە قالبی ‘ڕەهەند’ (moment) ێکدا و لە ڕێگای واتا جیاوەزەکەی لە پێوەندیی لەگەڵ نیشانەکانی دیکەوە (ڕاست وەک تۆڕی ماسی گرتن) چەسپاوە(ibid). بەڵام جیاوازییەکەی لەگەڵ تۆڕەکە ئەوەیە گرێی تۆڕی ماسی گرتنەکە چەسپانێکی هەمیشەییە، و گرێ یان نیشان زمانییەکان چەسپانەکەیان ڕێژەییەوە و بە پێی ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێت ئەوانیش بگۆردرێن. خاڵێکی گرنگی دیکە ئەوەیە کە لە زماندا بە پێی سنوور و ڕێگە پێدانەکانی یاسای ڕێزمانی پێکهاتەی هەر زمانێک و ئەو بژارە تایبەتانەی لە جۆری وشەکان یان نیشانە زمانییەکاندا دەکرێت، هەروەها بە پێی دەرهاویشتنی واتا شیمانەییەکانی دیکەی نیشانەکە و بەستنەوەی بە تاکە واتایەکەوە گوتارەکە دەچەسپێت و جێگیر دەبێت. واتە “گوتار داشکاندن و کەمکردنەوەی ئەگەر/شیمانەکانە”(Jørgensen and Phillips, 2002). بۆ نموونە، ئێستا لە گوتاری میدیایی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، واتای ‘پێشمەرگە’ وەک نیشانەیەکی زمانی لە بریتی واتاکانی دیکە چەسپاوە، هەموو جۆرەکانی دیکەی واتاکەی وەک جەنگاوەر، شەرڤان، گرێللا، چریک، پارتیزان، سەرباز و … دەرهاوێژراون و حیزبەکانی ناو ناوەندی هاوکاری لە سەر بەکارهێنانی ئەو نیشانەیە ساغ بوونەتەوە. ئەوانەی دیکە هەرچەند لە زمانەکەدا هەن بەڵام کەوتوونەتە ‘ژینگەی گوتار’ەکەوە. “ژینگەی گوتار ئەنبارێکە بۆ کۆ کردنەوەی’زیادە واتا’ بە هۆی کرداری جومگە بەندییەوە بەرهەم هاتوون. واتە واتاکانی هەر نیشانەیەک کە لە گوتارەکانی دیکەدا هەیبووە، بە هۆی گوتارێکی تایبەتەوە بۆ بەدیهێنانی تاکە یەکەیەکی واتایی وەلانراون”(Jørgensen and Phillips, 2002) کە پێشمەرگەیە.
سەبارەت بە ڕێژەیی بوونی چەسپانی واتا دەکرێت ئەوە بگوترێت کە چونکە لە ژینگەی گوتاردا هەموو ئەو شتانەی گوتارێکی تایبەت وەلای ناون کۆ بوونەتەوە، ڕاست لەبەر ئەوەش ئەو گوتارە تایبەتە دروست بووە کە ئەو تاکە واتایەیانی هەڵبژاردووە، هەر بۆیە بەردەوام مەترسیی ئەوەی لێدەکرێت کە هەر ئەوەش لاوازی بکات، واتە یەکێتیی واتاییەکەی لە دەست بدات. بۆ نموونە لەوانەیە یەکێک لە مەترسیییەکانی سەر ئەو یەکێتییە گوتارییە لەباری چەکدارییەکەی واتای ‘گرێلا’ بێت کە ئاماژە بە گوتارێکی سیاسیی دیکەی ناو گوتاری بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی کورد دەکات. ئەو جۆرە نیشانانەی کە هێشتا واتاکانیان جێگیر نەبووە و فرە واتان بە ‘توخم'(عنصر) دادەنرێن. هەر کات گوتارێک توانی پێش بە سەراویی و هەڵبەزدابەزی واتای توخمەکان بگرێت و لە ڕەهەندێک ‘قەتیس’ی بکات، دەبێتە ڕەهەند(بعد)ێک. گوتار بەم شێوەیە ڕێگە لە تەماوی بوون و لێڵی دەبستێت. چونکە پێش بە هەڵبەزدابەزی توخمەکان دەگرێت و لە ڕەهەندێکدا دەیانبەستێتەوە. ئەمەش بە ئەم واتایەیە کە گوتارەکانی دیکەش لە ڕێگای جومگە بەندیی تایبەتی خۆیانەوە بە جێگیرکردنی واتا گوتاری هەنووکەیی بەرهەم دەهێننەوە یان بەرگژی دەکەن. هەر بۆیە، گوتار داخرانێک/بەستێکی کاتییە؛ واتا بە شێوەیکی تایبەت دەچەسپێنرێت، بەڵام نایبڕێتتەوە کە ئەم واتایە بۆ هەمیشە ڕاست وەک خۆی دەمێنێتەوە. بۆ نموونە، لە نێوان توخمەکانی ‘خودموختاری’، ‘سەربەخۆیی’ و ‘فیدرالیزم’دا، فیدرالیزم جێگیرکراوە. بەڵام، بەپێی هەڵکەوت، بارودۆخ و هێز و شێوەیەکی دیکەی واتاسازی دەکرێت ئەوەش بگۆڕێت بە نیشانەیەکی دیکە. بە ئەم شێوەیە جومگە بەندییەکان بەشێوەیەکی پێشبینی نەکراو پێکهاتەکانی واتا پێکدێنن، هەر بۆیە بەردەوام دەرفەتێک بۆ ململانێ لەسەر شێوەی ئەو پێکهاتانە لە ئارادا هەیە. تێگەیشتن لە ناجێگیریی گوتارەکان، ناجێگیریی نیشانە و توخمەکان هەوڵدان بۆ زاڵ کردنی ڕەهەندێک، بەواتای زاڵکردن و جێگیرکردنێکی هەنووکەیی گوتارێکیشە. زۆر گرنگە بۆ ئەوەی لە کاری ڕێکخراوەییدا بە پێی هەڵکەوت گونجاوترین بیردۆزی بۆ بەرەو پێشبردنی گوتاری ڕێکخراوەیی بژار بکرێت کە لە میدیاکانییەوە خۆ بنوێنێت تا ڕای گشتی لەسەر بنیاد بنرێت. هەر بۆیە بیردۆزیی گوتارییانە پێمان دەڵێت تیشکۆ بخەینە سەر زەرفییەتەکانی دەربڕینێکی تایبەت[دەستەواژە، ڕستە یان دەق] ی جومگە بەندییەکان: [بۆ ئەوەی بزانین کە ئەم دەربڕینانە ] بە دانانی توخمەکان لە پێوەندییە تایبەتەکانیان لەگەڵ توخمەکانی دیکەدا چ واتا گەلێک جێگیر دەکەن، چ واتا گەلێکی متبووی [دیکە لە ژینگەی گوتارەکەدا هەن] وەلا دەنێن(Jørgensen and Phillips, 2002)؟

بۆ نموونە، بڕوانە ئەم سەردێڕانەی خوارەوە:

٥. دەستبەسەر بوونی شارۆمەندێکی کورد لە تاران (ئاسۆی ڕۆژهەڵات، ک. شۆڕشگێڕ، ١١/٠٣ ٢٠٢١).
٦. دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کورد لەتاران (کوردستان و کورد، ح.د.ک).

٧. هاووڵاتێکی سوننە مەزهەب لە ئەهواز حوکمی زیندانیی بەسەردا سەپا (کوردستان میدیا، ح.د.ک.ا، ١٤ی بەفرانباری ٢٠٧٢٠).


بەوپێیە کە ‘نەتەوەی کورد’ وەک گرێبەندێکی گوتاری میدیای حیزبی بە مەدلوول داندراوە، کوردستان وەک ‘نیشتمان’ی کوردان و شوێنی دانیشتوانەکەی شوناسێکی شوێنی و نەتەوەیی دانیشتوانەکەیەتی. لەبەر ئەوەی شێوەی خۆبەڕێوەبەریی و چەشنی سەروەرییە سیاسییەکەی ساخ نەبووەتەوە، پێدەچوو ‘هاونیشتمانی’ بەکار هاتبایە. هەر وەک لە هێندێک هەواڵ و ڕاگەیەنراوی حیزبیدا کە ڕوو لە ئەندامانی نەتەوەی کورد لە کوردستاندا بڵاو دەکرێتەوە بە هاونیشتمانی بانگیان دەکات. بەڵام لە پێکهاتەی هەواڵ و سەردێڕە هەواڵییەکانی میدیا حیزبییەکاندا (هەر دووک لایەنی کۆمەڵە) وشەی ‘شارۆمەند” لە ڕستەیەک یان لە دەستەواژەیەکدا لەگەڵ وشەکانی دیکە ( وەک شارۆمەندێکی کورد)دا بەکار دەهێنرێت کە وشەکە لەباری پێکهاتەییشەوە داڕێژراوێکی زمانی نەتەوەی زاڵە و وەرگێڕداراوی وشەی’شهروند’ی فارسییە و نیشانەکانی گوتاری باڵادەست بەرهەم دەهێنێتەوە. لەڕاستیدا شوناسی پێدراوی دەوڵەتی داگیرکەری پێداوە و ئەو شوناسەش قەبووڵ کراوە بێ ئەوەی مافەکانی دەستەبەر کرا بێت یان ڕاستییەکەی ئەوەبێت کە وەک ‘شارۆمەند’ێکی کوردی ئێران هەڵسوکەوتی لەگەڵ کرابێت. لێرەدا، دەبینین کە ئەم نیشانەیە لەگەڵ نیشانەکەی تروەک “هاووڵاتی”(هەر دووک لایەنی دیموکرات، زیاتر ‘ح.د.ک.ا’ بەکاری دێنن)دا هاوتایەکن بۆ (citizen/شهروند) کە لە ڕیزبوونەکەی لەگەڵ وشەکانی دیکەی ( وەک هاووڵاتییەکی کورد)دا واتا بە فەرمی ناسراوەکەی لە گوتاری دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانیدا دەگەیەنێت. ئەگەر ئەمە نەبێت، بەڵکو وێناکردنێکی بیرۆکەییانەی بە وڵاتدانانی کوردستان لە واتای ‘دەوڵەت/کشور’دا بێت، هاودژی و پێچەوانەییەک لەگەڵ گوتاری ئەو حیزبانە لەگەڵ پاشگری ‘ئێران’ی بوونەکەیان پێکدێنێت کە لە گوتاری فەرمیدا خۆی پێدەناسێنن. تەمێکی زیاتر بەسەر تێگەی زاراوەکە و گوتاری میدیایی و ڕێکخراوەییشیان دەکێشن.


بە گشتی، دەبینین کە ئەم فۆرم/ئاماژە(دال)انە لە گوتاری میدیایی و ڕێکخراوەیی ئەو حیزبانەدا بە سەراوی (شناور) ماونەتەوە و جێگیر نەبوون. ئەمەش جیاوازیی گوتاری میدیایی حیزبەکان دەردەخات کە دەکرێت هۆی ساخ نەبوونەوەیان لەسەر ئەو زاراوە بنەڕەتییانە بێت کە سیمای گوتارێکی میدیایی و سیاسی دەردەخەن. بەتایبەتی، ئەوە ئەو کاتە زیاتر جێی پرسیار دەبێت کە ڕاگەیەنراوەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، کە هەرجارە و لایەنێکیان بەڕێوەی دەبات و ڕاگەیەنراوەکەش دەنووسێت، زاراوە تایبەتەکەی خۆشی تێدا بەکار دێنێت، یان هێندێکجار یەک زاراوە بە دوو واتای جیاواز بەکار دەهێنرێت. بۆ نموونە لەئە سەردێڕانەدا بەکارهاتوون.


دەکرێت تا ساخ بوونەوەی باری خۆبەڕێوەبەریی کورد و چەسپانی مافەکانی، “هاونیشتمانی” وشەی جێگرەوەی ئەو زاراوەیە بێت کە بەرهەمهێنراوی دەوڵەت-نەتەوەی زاڵە. ئەم ناجێگیریی و سەراوییە دال/ئاماژەکانی وەک (هاونیشتمانی، هاووڵاتی و شارۆمەند) دەریدەخات گوتاری میدیایی ئەو حیزبانە تەنانەت لە ناوەندی هاوکاریی و هێندێکجار لە دەزگای ڕاگەیاندنی خۆشیاندا لە جێگیرکردنی واتای زاراوە سەرەکییەکاندا کە پێوەندییان بە شوناسی بەکارهێنەکانی میدیاکانیانەوە هەیە، و لە ئەنجامدا سەرکەوتوو نەبوون کە واتاکەی جێگیربکەن. بۆ نموونە بڕوانە سەردێڕی ژمارە(٨) لەخوارەوە لەگەڵ سەردێڕی ژمارە (٦)دا لە سەرەوە بەراوردیان بکە کە هەردووکیان سەر بەیەک گوتارن.

٨. سێ هاونیشتمانی حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا(کوردستان و کورد، ح.د.ک، ٢٤/٠٣/٢٠٢١).


هەرچەند وا پێدەچێت، ژماری بەکارهێنانی زاراوەی ‘هاونیشتمانی’ لە گوتاری میدیایی (ح.د.ک)دا زیاترە، بەڵام دەبینین ئەگەر بڕوانینە سەردێڕی ژمارە (٦) دەبینین وشەی ‘هاووڵاتی’شی بۆ بەکار هاتووە

لەوانەیە کەسێک بڵێت خۆ ‘هاووڵاتی’یش هەر کوردییە، و لە کوردیدا ‘وڵات’ هەر واتای نیشتمان دەدات کاتێک لە ڕستەیەکی وەک ‘ئەوانیش هەر خۆوڵاتیین.’ یان لە دەستەواژەی ‘وڵاتی ئێمە’دا لە ئاخاوتنی ڕۆژانەی خەڵکی ئاسایی کورد بەکار دێت. ئەوە ڕاستە، بەڵام ئەوانە وشەن و ئێمە مەبەستمان زراوە(مصطلح/تێرم)ێکی سیاسی -فەرمییە کە لە گوتاری سیاسی و میدیاییدا بەکار دێت. هەر وەک ئەوەی لە باشووری کوردستاندا ‘هاووڵاتی’ لە بریتی “citizen”دا بەکار دەهێنرێت. ئەمە ئاساییە چونکە کورد، لەو پارچەیەدا خاوەن شێوەیەک لە خۆبەڕێوەبەریی سیاسییەکە بە ڕەسمی دانی پێدانراوە.


لە سەردێڕی ژمارە(٧)دا، دەبینین وشەی ‘هاووڵات’یشی بۆ بەکار هاتووە (لە گرێی ناویی ‘هاووڵاتێکی سوننە مەزهەب’دا) ئەگەر هەڵەیەکی چاپی نەبێت، ڕێک مەبەستی ئەوەیە کە ئاماژەیە بۆ وڵاتی ئێران کە ڕۆژنامە نووسەکە و کەسێکی سوننە مەزهەب لە ئەهواز کە پێدەچێت سەربە نەتەوەی عەرب بێت، تێیدا هاوبەشن، هەر بۆیە و هاووڵاتن. واتە بە فەرمی ناسینی شوناسی هاووڵاتی بوونی ئێرانییە. ئەمە لەحاڵێکدایە لە میدیای ئەو حیزبانەدا و بەتایبەتی لەسەروتاری ڕۆژنامەکانیاندا زاراوەی ‘کۆلۆنیالیست’ (کوردستان ژ.٧٩١-ح.د.ک.ا)، یان ‘داگیرکەر'(دواڕۆژ، ژ.٩٤) و ( ئاسۆی ڕۆژ هەڵات، ژ.١٧٥) بەکار دێنن. لێرەدا، مەبەست هاودژییەکانی ناو گوتارەکە مەبەستە، نەک ئەوەی کورد بە فەرمی هاووڵاتی ئێران نەبێت (هەر ڕاستەییەکەی ئەوەیە کە شێوەی ڕەفتاری ڕێژیمەکانی ئێران وەک داگیرکەر، کوردستانی کوردووە بە موستەعمرەیەک لە بریتی ئەوەی بەشێک لە ئەو وڵاتە بێت).


لەگەڵ ئەوەشدا، بەکارهێنانی ئەو زاراوانە، دەکرێت بەواتای کارلێککردنەکانی میدیا و جەماوەریش بێت و ڕاستییەکەی ئەوە بێت کە نیشانەیەک لە گۆڕانی گوتاری میدیایی ئەو ڕێکخراوانە بێت، بەڵام بەرچاو بوونی ژماری ئەم فرەواتاییانە بۆ ئاماژەکانی دیکەش و جێکەوتنیان لە ژینگەی گوتاری میدیایی و ڕێکخراوەییاندا لێکدانەوەی تر هەڵدەگرێت و دەکرێت ڕوانینێکی بابەتیخوازانەی هەریەک لەو ڕێکخراوانە بێت لە پێوەندی لەگەڵ پێداگری لەسەر چەسپاندنی دەستەواژەی تایبەت بە خۆیدا. ئەمەش خۆی تاڕادەیەک ‘ڕەقیی پێکهاتەیی’ و ‘ناهاوچەشنیی’یەکی لێدەکەوێتەوە کە نەرمیی بەرەو گۆڕان ئەستەم دەکات.

ئەو فرە واتاییەی وشە سەرەکییەکانی بنیادنانی گوتاری نەتەوەیی و برەوپێدانی لە ڕێگای میدیاوە، وا دەکات لەلایەک لانیکەم بۆ تاقمە ژێر دەستەکان گۆڕانی پێکهاتە(ساختار)ەکان کە بەشێوەیەکی کۆمەڵایەتی بیچم دەگرن، ڕەق و وەستاوبن و بە سەختی بگۆڕدرێن (Jørgensen and Phillips, 2002). لەلایەکی دیکەشەوە، باڵادەست کردنی گوتاری نەتەوەخوازانەی کورد دژوار بکەن. وەک سپیڤاک(١٩٨٨) دەڵێت ” تاقمە سەرکوتکراوەکان ناتوانن بۆ خۆیان دەنگ هەڵبڕن، چونکە هیچ دەنگێک بە تەنیایی ناتوانێت جۆراوجۆریی ئەزموونەکان لە نێوان سەرکوتکراوەکاندا دەربخات. چەوساوە بەسانایی هێند لەڕادەبەدەر ناهاوچەشنە کە [ئەستەمە] هەر ئەندامێکی یان گروپێک لە ئەندامەکانی بتوانن دەردی گشتەکە بڵێن. بۆیە ئەو گومانی هەیە لەوەی کە بشێت دەنگە سەرکوتکراوەکان بە بێ ئەوەی ببنە چیرۆکێکی جەوهەریی و بنەڕەتی کۆبکرێنەوە و بگەن(Spivak, 1988).


ئەگەر لە بەستێنی مێژوویی و ئێستایی ئەو ڕێکخراوانەدا لە ئەم ناهاوچەشنییە بڕوانینین دەکرێت هۆکاری تری دەروونناسانەی کۆمەڵایەتیشی هەبێت کە لێکدابڕانی کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەییشی بەدواداهاتووە. هەربۆیە، وا لە ‘قاسملوو’ بکات کە بڵێت: “هیچ شتێک لە ڕێکخستن و سازماندانی کوردن دژوارتر نییە” چونکە پێیوایە، “لە ناو کورددا هەموو کەس خۆی بە قارەمان دەزانێت”، (قاسملوو، بڕوانە: پڕوونهووبێر، ٢٠٠٩) هەر بۆیە، ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی بزوتنەوەکە لە گوتارێکی یەکگرتوودا زەحمەت و تێکۆشانێکی تاقەت پروکێنی گەرەکە. دەکرێت ئاکامی ئەمەش لەباری گوتارییەوە ئەوە بووبێت کە ڕێککەوتن لە سەر وشە کلیلییەکانی گوتاری بزوتنەوەی ڕزگاریی نەتەوەیی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە لە باری میدیاییەوە بنوێندرێتەوە و سیما بە گوتارەکە ببەخشێت زەحمەت بێت و نەتوانێت واتا زیادەکان وەلا بنێت و یەکێتیی واتایی لە چوارچێوەی ڕەهەندێکدا یەکلا بکاتەوە. تەنانەت، بە پێێ توێژینەوەکە ئەمە لە دەقی ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبەکان لە ناوەندی هاوکاریدا دەبیندرێت، بۆ نموونە، “شارۆمەند/هاووڵاتی/هاونیشتمانی’، ‘نەتەوەی کورد/خەڵکی کورد’، ‘کوردستانی ڕۆژهەڵات/کوردستانی ئێران/ڕۆژهەڵاتی کوردستان’. هەروەها، لە ناوەندی هاوکاریدا شتێک و لە ڕۆژنامە ئۆرگانییەکانی خۆیاندا بە فۆرمێکی تر دەردەبڕدرێن. ئەمەش لە ئەنجامدا بووەتە هۆی ئەوەی کە توخم و پێکهێنە بنچینەییەکانی گوتاری میدیایی و سیاسی حیزبەکان و جێگیرکردنی واتا یان ئەو بەرئاماژە( مەدلوول)انەی دەبنە توخمی جێگیری گوتاری نەتەوەیی لە ململانێکان بۆ باڵادەستی لە بەرانبەر گوتاری ئیستعمارییانەی داسەپاودا هەروا بە سەراو(شناوەر)ی و بە دەڵەمەیی بمێنێتەوە و جێگیر نەکرێت. لەباری کرداریشەوە لێکەوتەکەی ئەوەیە کە، هەمیشە کەلێنی ئەوتۆ هەبن کە ڕێگەی دەستوەردانەکانی گوتاری ڕزگاریی نەتەوەیی بۆ دەوڵەت، تاقم و بژاردە (نوخبە)ی داگیرکەر خۆش بکەن یان ڕێگای ڕاکردن لە چەقی گوتاری نەتەوەیی بۆ ناو گوتاری زاڵی داگیرکەر بۆ کارا سیاسییەکانی کورد وەک ڕەوایەت وەرگرتنێکی هێژێمۆنیکییانە یان دەرباز بوون لەبن بەستی گەمەی سیاسیی ناوخۆیی بۆ مسۆگەر کردنی هەستی ‘قارەمان بوونەکە” بەکاری بێنن.



میدیا و دەسەڵات: کەیسی مستەفا سەلیمی

دەسەڵاتی میدیا لە شێوەکانی بەکار هێنانی زمان دایە. هەر ئەوە کە زۆر جار پەیامنێران یان ڕۆژنامەنووسان ڕادیۆ، تەلەڤزیۆن یان ڕۆژنامەیەک بە ‘زمانحاڵ’ی حزیبێک ناودەبن ئاماژەیە بە ئەو هێزە. ئەوانەی هێزی دەستڕاگەیشتن بە ئەم میدیایانەیان هەیە دەتوانن ئاستی پێوەندیی و کاریگەرییەکانیان بەرفراوانتر بکەن. “پێوەندییەکانی بەکارهێنانی زمان و دەسەڵات زۆر جار بۆ زۆربەی تاکەکان ڕوون نییە، بەڵام لە تاوتوێکردنێکی وردتردا دەردەکەوێت کە گرنگییەکی حەیاتیی هەبێت بۆ کارکردنی دەسەڵات. بۆ نموونە ئەو شێوەیەی کە ڕاوێژێکی ئاسایی نێوان پزیشکێک و نەخۆشێک، یان پەیامنێرێک و سیاسەتوانێک ڕێکدەخەن، زنجیرەگریمانەیەکی بەهێزی ئایدۆلۆژییانە سەبارەت بە مافەکان، پێوەندییەکان، زانست و بیرۆکەکانەوە بە بەڵگە نەویست و ئاسایی دادنێن. بۆ وێنە، ئەو گریمانەیە تەنیا بۆ پزیشک هەیە کە سەرچاوەی ڕەوای زانستی پزیشکی ببێت، یان ئەوە هەر بۆ پەیامنێر ڕەوایە (وەک کەسێک کە بۆ جەماوەر دەدوێت) لە سیاسەتوان بپێچێتەوە. ئەم کردارانە بە گریمانەی تێگەیشتنە باوەکانیان و بە پێی پێوەندییەکانی هێزی زاڵ لە نێوان تاقمەکاندا پێکدێت. ئاسایی بوونی لێڵی ئەم کردارانە بۆ ئەوانەی تێیانەوە گلاوەن(نادیار بوونی گریمانە ئایدۆلۆژیانەکەیان، و پێوەندییەکانی هێز کە بنچینەی ئەو کردارانن) خزمەت بە مانەوە و پاراستنی ئەم پێوەندییانەی هێز دەکات”(Fairclough, 1995). بۆ نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات خاوەنی هیچ جۆرە سەروەرییەکی سیاسی-کولتووری نییە، هێزی میدیای حیزبی دەتوانێت هێزی گەیاندنی ڕەنج و ئازارەکانی نەتەوەیەکی بەرشاڵاوی داگیرکاری بێت کە ئەندامەکانی ڕۆژانە تەنیا بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیان بە بێ سێودوو لێکردنی دەکەونە بەر ‘تەقەی بەئارەزووی’ فەرمانپێکراوانی دەوڵەتی نەتەوەی زاڵ بۆ نێو ئەندامانی نەتەوە خۆشبژیوەکانی دەوروبەری و جیهان. هەروەها، ڕووماڵی بەگژداچوونەوە و بەرهەڵستیی ئەو تاک/کارایانەش بکات کە لە دەسەڵاتی سەرکوتکەر بێزراون و تووشی تێکهەڵچوون و پێکدادان لەگەڵ هێزی ڕێژیم دەبن، نەک هەر وەک ‘ئامانج/کارتێکراو’ بیاننوێنێتەوە یان وەک کارایەکی لەیاسا دەرچووی تۆمەتبار کە میدیاکانی ڕێژیمی ئێران بەرجەستەسازی بۆ دەکەن. هێز/دەسەڵاتی میدیا، “هێزە بۆ کارتێکردن لە زانست، باوەڕ، بەها، پێوەندییەکۆمەڵایەتییەکان و شوناسە کۆمەڵایەتییەکان. هێزی ئاماژەدانە (هێزی نواندنی شتەکانە لە شێوە تایبەتەکاندا) کە بەگشتی نەک هەر بابەتی چۆن بەکار هێنانی زمانە، بەڵکو بابەتی گەیاندنی ئازاری بەرکەوتوانی توندوتیژیشە…لە شیکردنەوەی ڕەخنەیی گوتاردا جەخت لەسەر هێزی’پشت’ گوتاریش دەکرێتەوە نەک هەر لە هێز لە نێو گوتارەکەدا (ئەوە کە چۆن کەسەکان بە هێز’نەزمی گوتار’ هەروەها بەگشتی نەزمی کۆمەڵایەتی پێکدێنن، لەبەرانبەر ئەوەدا کە چۆن بە هێز ئەوەی لە کارلێککردنە تایبەتەکان وەک وتوێژەکاندا ڕوودەدەن، کۆنترۆڵ دەکەن) (Fairclough, 1989, p. 3).



ئا. بەستێنی کۆمەڵایەتی-سیاسی ڕووداوەکە و کردەگوتارییەکانی میدیا

بە پێی بەڵگەنامەیەکی پارلەمانی کوردستان کە لە میدیا کوردستانییەکان بڵاو کراوەتەوە، مەستەفا سەلیمی زیندانیی سیاسیی و خەڵکی شاری سەقز کە بە تۆمەتی ئەندامەتیی حیزبێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کوشتنی پۆلیسێکی دەوڵەتی ئێران گیرابوو، پاش ١٧ ساڵ بەندکران لەگەڵ ٧٠ زیندانیی دیکە لە ڕێکەوتی ٢٧/٠٣/٢٠٢٠ ڕادەکەن. مستەفا لە .٢/٠٤/٢٠٢٠ دەربازی هەرێمی کوردستانی باشوور دەبێت و پاش دوو ڕۆژ دەدرێتە دەست ئاسایشی پێنجوێن و پاشان ڕادەستی دەوڵەتی ئێران دەکرێتەوە و ڕۆژی ١١/٤/٢٠٢٠ و ئەو دەوڵەتە لە سێدارەی دەدات”. ڕاکردنی ئەو زیندانییانە و گیرانەوە و ڕادەستکردنەوەیان دەنگدانەوەیەکی میدیایی زۆری لێکەوتەوە. ئاژانسە میدیاییەکانی ڕێژیم خۆشیان قۆناغ بە قۆناغ لە ڕووماڵکردنێکی ‘لەدوودراو’ (دنبالەدار)دا هەواڵی گرتنەوەکانیان ڕادەگەیاند و دڵنیایی زاڵێتیی سیستەمی سەرکوتیان بۆ کۆنترۆڵی ڕووداوەکە بە خەڵک ڕادەگەیاند. لوتکەی زاڵێتیی دەزگای سەرکوتکەری ڕێژیم و ڕادەستکردنەوەی ‘مستەفا سەلیمی’ لەهەمانکاتدا لوتکەی گێڕانەوە میدیاییەکانیشی بوو لە ئەوترسازییەکی تر و شەیتانسازییەکی تر دانەوەی شوناسێکی ‘چەتەگەرانە’، ‘ئاژاوەگێڕ’ و ‘مرۆڤکوژ’ بە ‘بەندییەکی سیاسی’، ‘بەرهەڵستکار’ێکی زۆر بۆهاتووی ‘بەرگریکارێکی خۆپارێز’ی کورد و بە پێی ڕاگەینراوی حیزبەکانیش ‘ئەندامی حیزبێکی کوردی’. ‘لەسێدارەدان’ەکەی و دڵنیاییدانەوە بە کۆنتڕۆڵی ڕووداوەکان لە ژێر فەرمانی بەڕێوەبەرایەتییە سەربازی، سیاسی و قەزاییەکانی ڕێژیمیشدا کۆتایی قالبسازییەکانی ڕێژیم لە ئەویترسازییەکی چەواشەکارانەی دیکە لە کورد بوو.


وەک باوە، وەرگران پشت بە میدیا دەبەستن بۆ ئەوەی ڕاستیی ڕووداوەکان بزانن، بەتایبەتی، ئەو ڕووداوانەی پێوەندییان بەکارەساتە سروشتی یان پێکدادانە چەکدارییەکان و گیانی مرۆڤەکانەوەوە هەیە. بۆ ئەم نموونە تایبەتە، لە ڕووی بەها هەواڵییەکانی ‘پێکدادان’ و ‘گرنگیی مرۆیی’ و ‘نزیکی جوگرافی-ئایدۆلۆژیکی’ و بەتیابەتی، بۆ ئەم کەیسە، بەهای ‘ناوبانگ’ بوو کە بۆ میدیاش جێگای بایەخ پێدانێکی تایبەت بوو. لەسەر ئەم پشت بەستن و متمانەیە، ئەرکی میدیایە کە بەشێوەیەکی شیاو ڕووداوەکان ڕووماڵ بکات.


سەڕەرای ئەو بانگەشەیە کە میدیا ‘نواندنەوە’یەکی تۆخی ‘واقعێکی بابەتیانە’ن، کردە میدیایی و ڕۆژنامەنووسییەکان بە قووڵی سیاسین، و … ڕێگە بۆ بنیادنان، ڕەواییدان، و سروشتاندنی پێکهاتە بەهێزە سیاسییەکان، پێوەندییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان هەموار دەکەن”(Phelan, 2014). گریمانە دەکرێت کە لەڕاگەیاندنی کوردیدا هێندێکجارلە بریتیی ئەرکی ڕۆنامەنووسی (گەیاندنی بابەتییانەی زانیاری لەسەر ڕووداوەکان)، هەڵوێستی سیاسی حیزب بەرانبەر بە ڕووداوەکان بڵاو بکرێتەوە، یان ڕاگەیەنەکە خۆی ئەو هەڵوێستە دەنوێنێت. لێرەدایە کە سنووری گوتاری سیاسی و گوتاری ڕۆژنامە نووسی وا تێکەڵ دەبێت کە لێکجیاکردنەوەیان هێندێکجار ئەستەم دەبێت. بۆ جیاکردنەوە و ناسینەوەی سنووری نێوان کردەگوتارییە جیاوازەکان یان سنووری نێوان ڕیزبەنییەکانی گوتار واباشە کە دوو پەل(category)ی سەرەکیی جۆری گوتار کە پێکهێنی ڕیزبەندییەکانی گوتاریشن، واتە ژانرەکان و گوتارەکان لێک جیابکەینەوە. “گوتار” لێرەدا زمانی بەکار هاتووە لە نواندنەوەی کردەیەکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراودا لە سیلە چاوێکی تایبەتەوە. ژانرە، بە پێچەوانەوە، بەکار هێنانی زمان لە پێوەندیی لەگەڵ و لە پێکهێنانی هێندێک کردەی تایبەتی کۆمەڵایەتیدایە. وەک گوتوبێژ لەگەڵ خەڵک (ژانرەی گوتوبێژ) یان ڕیکلامی بازرگانی (ژانرەی ڕیکلام). ژانرەکان بە پێی سیما داڕیژەرییەکانیان وەسف دەکرێن(Fairclough,1995).

کۆمەڵە پێوەرێک هەن کە سروشتی واقع خوازانەی ڕاگەیاندن، و هۆکارەکۆمەڵایەتییەکانی وەک ڕاگرتنی پێوەندییەکانی وەرگر و میدیا، ڕەچاوکردنی مافی خوێنەران بۆ دەستڕاگەیشتنیان بەزانیاریی دروست، بابەتی بوون و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی میدیا ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیەنەر ناچار دەکەن لە چوارچێوەی ڕیزبەندییەکانی گوتاری بوارێکی وەک ڕاگەیاندندا ستانداردێک لە گەیاندنی پەیامەکانیان بە وەرگرانیان لەباری فۆرم و ناوەرۆکەوە ڕەچاو بکەن کە پێکهاتەی ژانرە هەواڵییەکانی لەسەر دادەمەزرێت و بەگشتی، ئەدەبیاتی ڕاگەیاندن و ژانرەکانی بە ئەم تایبەتمەندییانە دەناسرێنەوە و ئەمانە بەگشتی بنیادی گوتاری هەواڵ پێکدێنێن:
وەڵام دانەوە بە پێنج پرسیارەکە (کێ، چی، لە کوێ و کەی) و (چۆن) و (لەبەرچی)، ڕەچاو کردنی وەڵامی ئەم پرسیارانە پێکهاتەیەک بۆ هەواڵەکە دروست دەکات کە بەشێوەیەکی تاڕادەیەک بابەتییانە بگێڕدرێتەوە.



ب. دەقی (١)

“زیندانییەکی سیاسیی دیکەی کورد لەدار درا

دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی “مستەفا سەلیمی”، زیندانیی سیاسیی کوردی لەدار دا.
مستەفا سەلیمی بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، 23ی خاکەلێوە دوای 17 ساڵ مانەوە و بەندکران لە زیندان ئێعدام کرا. ناوبراو بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی دژی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی ئەندامەتیی حیزبێکی کوردیی دژبەری ڕێژیم و تێکهەڵچوونی چەکداری لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم سزای ئێعدامی بەسەردا سەپابوو.
مستەفا سەلیمی ڕۆژی 8ی خاکەلێوە دوای بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا و پاش ئەوەی داوای چوونە مەرەخەسی‌یان لە لایەن بەرپرسانی زیندانی سەقزەوە بێ‌وەڵام مایەوە، وێڕای دەیان بەندکراوی دیکە لە دەرفەتێکدا لە زیندان ڕایان کرد.
دوای ئەم ڕووداوە بەشێک لەم بەندکراوانە لە رێگەی جۆراوجۆرەوە گیرانەوە، یان ڕادەستی ناوەندە ئەمنیەتیەکانی ڕێژیم کرانەوە کە مستەفا سەلیمی یەک لەوان بوو.
مستەفا سەلیمی خەڵکی گوندی ئیلۆی سەقز بوو. ناوبراو وەک دژبەری ڕێژیم ساڵی 1382ی هەتاوی بەدوای تێکهەڵچوونێک لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی گیرا.
ناوبراو دواتر بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی لەدژی کۆماری ئیسلامی و تێکهەڵچوونی نیزامی لەگەڵ حکوومەت کە تێیدا چەند کەس لە هێزەکانی ڕێژیم کوژرابوون، دادگایی و سزای ئێعدامی بەسەردا سەپا.
مستەفا سەلیمی دوای ڕاکردنیان لە زیندان و گیرانەوەی بردرایەوە زیندانی ناوەندیی سەقز و بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 23ی خاکەلێوە لەدار درا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای مەحکومکردنی ئێعدامی مستەفا سەلیمی، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و
کەسوکاری دەکا”.



ت. شیکردنەوەی دەقی هەواڵەکە وەک ڕووداوێکی پێوەندییانە لە گوتاردا(دەق)

بەر لە لێکدانەوەی دەقەکە پێویستە ستراتیژییەکانی داڕشتنی دەق و ئامرازە زمانییەکانی شیکردنەوەی لە نواندنی ئەزموون و بیرۆکەکانی داڕێژەرانی دەقەکە بەرانبەر بە جیھانی واقع و باتێکی دیاریکراو، لێرەدا، کەیسی مستەفا سەلیمی روون بکەینەوە. هەر ڕووداوێکی گەیاندن بۆ دەرخستنی ئاستی بابەتی بوونی ڕووماڵکردنەکانی میدیا لە بەکار هێنانی زماندا (هەر چەشنە دەقێک)، تێگەیشتن لەوەی کە دەقەکە چۆن ناسنامە کۆمەڵآیەتییەکان، پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و سیستەمی زانین و باوەڕەکان دەنوێنێتەوە یان دەوری لە پێکهێنانی ئەم لایەنانەی کۆمەڵ و کولتوردا هەیە کرۆکی شیکردنەوەکە پێکدێنێت. شیکردنەوەی هەر جۆرێکی تایبەتی گوتار، لێرەدا گوتاری میدیا، بە یەکانگیرییەکی دووانەی ڕووداوی پێوەندییانە/گەیاندن (communication events) و ڕیزبەندیی گوتار (the order of discourse)ەوە بەندە.
واتا ئایدۆلۆژییەکانی دەق هەر لە دەستەواژە بەئاشکرا دەربڕاوەکاندا نییە، بەڵکوو واتا لە پێشدا گریمانەکراو و هاوپێچکراوە شاراوەکانیش دەگرێتەوە. جگە لەوانەش تەنانەت نەگوتراوەکانیش بەشێکن لەواتای پەیامەکە لەبەرانبەر ئەو بەشە لەدەقدا کە خراوەتەڕوو. بە بۆچوونی فێرکلاف، لە هەر نواندنەوەیەکدا ناچاری بڕیار بدەی چی بهێنیتە نێو دەربڕینەکە و چی دەرهاوێژی، چی پێش بخەی و چی پاش بخەی. هەر لەم پێوەندییەدا، چوار پلە لە خستنەڕوو و شاردنەوەی زانیارییەکان لە دەقدا جیادەکاتەوە. زانیارییە پێشخراوەکان (foregrounded information) ئاماژە بەو بیرۆکانە دەکات کە خراونەتە ڕوو و جەخت لەسەرکراون. زانیارییە پاشخراوەکان (backgrounded information) ئاماژە بە ئەو بیرۆکانە دەکات کە بە ئاشکرا دەربڕاون، بەڵآم جەخت لەسەر نەکراون. زانیارییە گریمانە کراوەکان (presupposed information) ئەو زانیارییانەن کە لە ئاستی واتای هاوپێچ یان پێشنیارکراودا دەخرێنە ڕوو. سەرەنجام، پێویستە زانیاریی نەبوو (absent information) لەبەرچاو بگیرێت، ئەو بیرۆکە و ڕوانگانەی پێوەندییان بە بابتێکەوە هەبێت، بەڵام نە بەئاشکراو نە بە هاوپێچ لە دەقێکدا دەرنەبڕابن (فێکلاف،١٩٩٥).



نواندنەوە: (تێپەڕاندن و ناواندن)

دەربڕینی ڕووداوەکان لە پێکهاتەی ڕێزمانیی ڕستەی تێپەڕی دیاردا(متعدی معلوم)دا یان تێنەپەڕی دیار (لازم معلوم) یان بکەرنادیار(مجهول)دا بەشێوەیەکی زۆر ئایدۆلۆژییانە واتا و پەیامی دەربڕینەکە دەگۆڕێت. هەروەها، تەنانەت ئەگەر ڕستەکە تێپەڕیش نەکرێت، بە بەرجەستە کردن و پێشخستن(foregrounding) یان پاشخستن (backgrounding) مەبەستە ئایدۆلۆژییەکان جێبەجێ دەکرێن. بۆ ئەوەی بزانرێت کە گوتاری میدیا چۆن ئەزموون و شارەزاییەکانی میدیاکار و ئەو ڕێکخراو یان دامەزراوەیەی لە پشتێتی دەنوێنێتەوە، و گوتارشیکرانی ڕەخنەیی، بەتایبەتی، فێرکلاف دوو ئامرازی شیکردنەوەی زمانناسیی ئەرکی بەکار دێنن کە لە ڕوونکردنەوەی پێوەندییەکانی گوتار و دەسەڵاتدا گرنگن، واتە ‘تێپەڕاندن’ و ‘ناواندن’. هەر بۆیە، بۆ تێگەیشتن لە دەقی میدیا و شیکرندەوەکان ڕوونکردنەوەی ئەم زاراوانە پێویستە.



١. تێپەڕاندن

تێپەڕاندن پێوەندیی نێوان بەشداربووەکان و ئەو ڕۆڵەی لە کردەکاندا دەیگێڕن ڕوون دەکاتەوە. چەقی پلانی تێپەڕاندن لە ڕێزمانی ئەرکیدا لەسەر کارلێککردنی دوو پێڕەوی هاوکات دادەمەزراوە: پێڕەوی ‘جۆری کردە (process type)’ و پێڕەوی ‘کارایەتی(agency)’. یەکەمیان پێوەندیی بە واتاناسیی کردەی ڕستیلەوە هەیە، و دووەمیان پێوەندیی بە ‘هۆیەتی'(علیت)ەوە هەیە، واتە ئاخۆ کردەکە کارایەک لەدەرەوە بووەتە هۆی ڕوودانی یان نا. پێڕەوی تێپەڕاندن کۆمەڵە بژارێک بۆ وەسفکردنی ‘چی خەریکە لە جیهانی واقعدا ڕوودەدات’ دەستە بەردەکات. ئەم بژارە وەک ‘کردەی ماددی'(material process) ئاماژەی پێدەکرێت کە ئەوەی ڕوودەدات لەوانەیە وەک کردە تێپەڕ یان ڕووداو وەسف بکرێت(Goodman, 1996, p.56). بە ئەم شێوەیە، مرۆڤ ئەزموون و بیرۆکەکانی لەبارەی جیهانی دەوروبەری خۆی لە بنیادنانی کردەکان، ئەو کارایانەی تێوەیان گلاون و ئەو بارەی تێیاندا ڕوویانداوە لە تێپەڕاندندا دەخاتە ڕوو. ئاشکرایە کە ئەم ڕەهەندەی واتا بۆ شیکردنەوەی نایەکسانیی و دەسەڵات لە گوتاردا سەرەکییە. ڕێگەمان پێیدادات لە خۆمان بپرسین، کێ کردەکە دەکات، [بەشداربووەکانی] لە چ جۆر کردەگەلێکەوە گلاون؟ کردەکان لەسەر کێ یان چی کراون؟(Martin, 2000) .
لەکاتی شیکردنەوەی تێپەڕاندندا، تیشکۆی سەرنج دەخرێتە سەر چۆنێتیی پێیوەندیداری (یان ناپێوەندیداری) لە نێوان ڕووداوەکان و کردەکان لەگەڵ کەس/بکەرەکان و شتەکاندا. لێرەدا لێکەوتە ئایدۆلۆژییەکانی تێپەڕاندن گرنگن. بۆ نموونە بڕوانە ئەم نموونانەی خوارەوە:
کردە
١. کرێکارێک(کارتێکراو) لە کاتی کاردا گیانی لە دستدا(کردەی ماددی ڕووداو).
تێپەڕ
٢. هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم (کارا) هاونیشتمانییەکی بێ تاوانی شاری ئیلامی(ئامانج/کارتێکراو)یان کوشت (کردەی ماددی تێپەڕ).
ڕووداو
٣. دوو هاووڵاتی خەڵکی سەوڵاوا(کارتێکراو/ئامانج) سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا(کردەی مادیی ڕووداو) (سایتی کوردستان و کورد، ١٦/٠٣/٢٠٢١).



کردەی پێوەندی/دانەپاڵ

٤. خوێندکارێکی خەڵکی شاری مهاباد چارەنووسی نادیارە. شتێک یان تایبەتمەندییەک(نادیاریی چارەنووس) دراوەتە پاڵ کەسێک (خوێندکارەکە). ئەم کردەیە لەبەرانبەر کردەی مادیدایە و تەنیا یەک بەشداربووی هەیە کە لە فۆرمی ‘بکەر’ی ڕێزمانیی ڕستەکەداس دەردەکەوێت.
بیرۆکەی پشت شیکردنەوەی تێپەڕاندن، بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەیە کە چ هۆکارێکی کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئایدۆلۆژی و سیاسی چ جۆر کردەیەک(کار) هەڵبژێردرێت لە جۆری گوتارێکی تایبەتدا. پێوەندیی نێوان کارا و ئامانج دەکرێت گرنگ بێت ئەگەر کاراکە بخرێتە پشتەوە، بشاردرێتەوە یان بەتەواوی لا بدرێت(Mayr, 2008).
لە گۆڕینی دیارەوە بۆ نادیار ئەم گۆڕانانە لە پێکهاتەی ڕستەکاندا ڕوو دەدات:
١. فۆرمی ڕستەکە گۆڕانی بەسەردادێت.
٢. جەختکردنەوەکە دەگۆڕێت؛ ڕووی نادیار/پاسیڤ دەیهەوێت تیشکۆی سەرنجی خوێنەر لە لە ‘کارا’وە بۆ ‘ئامانج/کارتێکراو’ بگۆڕێت(Young & Fitz. 2018). ​
٣. هەر بۆیە، باس(theme)ی ڕستەکە (کە هەواڵی ڕستەکە لەبارەی ئەوەوەیە) لە فۆرمی کاراوە بۆ کارتێکراو/ئامانج دەگۆردرێت.
٤. کاراکە لادەدرێت(Hodge & kress,1993).
کردەکە وەک دیاردەیەکی سروشتی دەنوێندرێت؛ لە فۆرمی تێپەڕاندنەوە بۆ ڕووداو ( لە فۆرمی تێنەپەڕ دا) دەگۆڕێت: شتێک ڕوودەدات بە بێ بەرپرسیارێتیی کارایەک.

٢. ناواندن(Nominalization)
سیمایەکی زمانیی دیکە کە کارایەتی کەم دەکاتەوە و جەخت دەکاتە سەر کارتێکراو یان ئامانج ناواندنە کە لەڕێگەیەوە ناوێک شوێنی کردەیەک دەگرێتەوە.
گیانلەدەستدانی کۆڵبەڕێک لە بەرزاییەکانی نەوسوودی پارێزگای کرماشان (دواڕۆژ، ژ. ٩٣).

ناواندن ڕێگە بە لادانی زانیارییەکان وەک بەشداربووانی کردەکە، کات یان ڕێژەی دەروەستیی قسەکەر بە گوتنەکەیەوە دەدات. ناواندن سەرچاوەیەکە بۆ گشتاندن، بۆ دابڕین و ڕووتاندن(abstracting)ی ڕووداوە تایبەتەکان و یان زنجیرە ڕووداوێک(Fairclough 2003 ). بە بۆچوونی کرێس(١٩٨٣)، ناواندن دەکرێت بۆ مەبەستی ئایدۆلۆژییانە بەکار بێت. بۆ بە لاڕێدابردنی خوێنەر، کردەسەرکییەکان زۆرجار لە فۆرمی ناویدا دەردەبڕدرێن، لە ئەنجامی لادانی کاراکە و بەجێهێشتنی خوێنەر لە گوماندا. بە دەربڕینی ڕووداوێک لە شێوەی ناویدا، ڕووداوەکە بەیەکجاری لە کات بەدەر دەکرێت، و هەربۆیە، بە سانایی لەگەڵ کۆمەڵەی پۆلە بێکاتاکاندا یەکسان دەبێت. ڕووداوەکە لە جیهانی [شتە] تایبەت و ڕاستەقینە دەردەچێت، و لە جیهانی گشتی و دابڕاودا جێ دەگرێت(Kress 1993).
لە پاسیڤ کردندا(بە لادانی کاراکە)، کردەکە دەبێتە سیفەتێکی پاڵدراو بە بەشداربووە کارتێکراوەکە:
١. داگیرکەران کەرکووکیان داگیرکرد کرد(دیار).
٢. کەرکووک داگیرکرا(نادیار/پاسیڤ)
نواندنی کاراکان لە شێوەی چالاک و دیارەکەیدا لە فۆرمی بکەری ڕێزمانی، مەنتیقی یان دەروونیدا و و دەورێکی واتایی کارتێکراو دەدرێت بە پاسیڤ و داماوەکان (Halliday, 1994). کاراکان لەوانەیە بە هیچ شێوەیەک نەنوێندرێن و بەگشتی لە گوتاردا دەرهاوێژرێن. ئەمە لەوانەیە لەڕێگای ناواندن و جۆرەکانی تری میتافۆری ڕێزمانییەوە بکرێت. بێبەشکردنی کاراکان لەوانەیە بەشێویەکی بەردەوام بێت، ئەمە کردارێکی کۆمەڵایەتییە کە لەگوتارەکەدا ئاماژەیان پێناکرێت و لەوانەیە سەرکوت یان بەستێنسازییەکی کاتی بێت.

لێکدانەوەی دەقی هەواڵەکە
با لەسەردێڕی هەواڵەکەوە دەست پێبکەین:

“زیندانییەکی سیاسیی دیکەی کورد لەدار درا”


ئەو سەردێڕە بۆ کەسێکی وەک «مستەفا سەلیمی» بە ئەو ‘ناوبانگ’ەی پێشتر ئاماژەم پێیدا، وەک زیندانییەکی سیاسی هەیەتی و لە زێدی خۆیدا ١٧ ساڵ لە بەندیخانەی داگیرکەردا بووە، بەتایبەتی، پاش ڕاکردن و بەدەستەوەدانەکەی میدیا زیاتریش بەرجەستەی کرد، واتای دەرهاویشتنێکی ناسنامەیی کەسایەتییەکەیە. لەهەمانکاتدا لەبەرانبەر سەردێڕی “مستەفا سەلیمی زیندانیی سیاسیی کورد چووە پازدەهەمین ساڵی بەندکرانی” دایە کە لە ڕێکەوتی (١١/٠٤/٢٠١٧)دا هەر ئەو میدیایە (کوردستان و کورد) لە پێوەندییەکی نێواندەقیدا بڵاوی کردووەتەوە. لە سەردێڕی تایبەت بە ساڵی ٢٠١٧دا سەردێرەکە بەناوی ناسنامەی کەسەکە ئاماژەدەکات و هەر بەوەش دەست پێدەکات، واتە پێشخستنێکی ئەرێنی هەیە کە ئاماژە هاوپێچەکەی ‘وەک ئەندامێکی حیزبی لە زینداندا و مانگرتنەکانی بۆ بردنە ژێر پرسیاری سیستەمی نادادپەروەر دەوری کارایەکی خۆڕاگر دەگێڕێت’ کە پریستیژی حیزب بەهێز دەکات. کەچی کەسایەتی دووەم، “زیندانییەکی سیاسیی دیکە”(نەناسراو) پێدەچێت حیزبەکەی تووشی دۆخێکی نەخوازراو کردبێت هەر بۆیە، ئەمەش کاری کردووەتە سەر شێوەی دەربڕینی ڕستەکە لە ڕووی پاسیڤ یان نادیاردا. بەلادانی کارای پشت لەسیدارەدانەکە (ڕێژیمی ئێران) وپێکهاتەی ڕستەکەی ڕووی نادیار(مەجهول)ی وەرگرتووە. هەر ڕستەیەکی ئاواش لە ڕێزمانی واتابنیادی و ئەرکیی ‘هاڵیدەی’دامامڵەی ڕووی تێنەپەڕی لەگەڵ دەکرێت، واتە یەک هاوبەشی ناوی وەردەگرێت(کە ئەویش ‘زیندانییەکی سیاسیی دیکە’یە) و بە لوتکەکردن (مبتداسازی/topicalization) وبە بابەت کردنی “زیندانییەکی سیاسیی دیکە”ی لێ پێکدێت کە تێگەیشتنی باو و ئاسایی بۆ وەرگر ئەوەیە لەسێدارەدان لە کۆماری ئیسلامیدا ئاساییە ڕوو بدات، چونکە هۆکار یان سەبەبەکەی باس ناکات. ڕاستییەکەشی ئەوەیە لەو هەرێمە دەکرێت شتی چاوەڕواننکراوتریش ڕوو بدات و ڕووشی داوە. بەڵام دیسانیش بژاردەی زمانی و گوتاری گونجاوتر بۆ داڕشتنەوەیەکی هەواڵەکە هەر هەبووە، کە پێوەندیی بە پێشێلکاری مافی هاونیشتمانییەک و مرۆڤێکی پەناهێناو بۆ پاراستنی ژیانەوە هەیە. لێکەوتەی واتایی و مەنتیقیی گرێ ناوییەکە “زیندانییەکی سیاسیی دیکەی کورد” ئەوەیە کە ئەوە ھەر ئەو بە تەنیا نییە و لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی کورد بەردەوامە. بەتایبەتیی، وشەی «دیکە» لێرەدا بۆ ئاسای کردنی واتای لەسێدارەدانەکە و وەک بابەتێکی عادەتی لێدێت بۆ ئەوەی ئاستی فشار و ھەرای لۆمەکەرانی حیزبەکان کەم بکاتەوە.

تاکەکان بە هۆی شێوە تایبەتەکانی گوتارەوە بانگ دەکرێن یان لە پێگەی دیاریکراودا دادەنرێن…کەس/سوژە سەربەخۆ نییە، بەڵکو گوتار دیاری دەکات. سوژە بە یەک شێوە و تەنیا یەک گوتار لە پێگەیەیکی تایبەتدا دانانرێت، بەڵکوو گوتارە جۆراوجۆرەکان پێگەی جیاواز دەدەنە پاڵ کەسەکان(Jørgensen and Phillips, 2002). هەر بۆیە ئەگەر لەم هەواڵەدا، لە جیاتی جەختکردنەوەکانی لەسەر ‘دژبەری کۆماری ئیسلامی کە لە تێکهەڵچوونی چەکداریدا گیراوە’ وەک ‘هاونیشتمانییەکی وەزاڵەهاتووی دەستی زۆری داگیرکەر’، ‘بەرگریکاری خۆپارێز’ و ‘نیشتمانپەروەر’، ‘باوک’ی چەند منداڵەو و بەندییەکی ئازار دیتووی ‘پەناهێناو’ بانگ کرابایە، کەسایەتییەکە شوناسێکی تایبەتیی و تری وەردەگرت و گوتارەکە زۆر دەگۆڕدرا.


ئەم هەواڵە لە پێکهاتەکەیدا دوو بەشدار بووی هەیە کە بە ئاشکرا دەرکەوتبێتن، بەشداربووی سێیەم میدیای حیزبەکەیە وەک گێڕەرەوە و مەحکومکەری تاوانی لە سێدارەدانەکەش لەدەرەوە پێوەندیی تێوەگلاوەکان لەم پێکدادانەدا واتە، ‘ڕێژیم’ لەلایەک و ‘مەستەفا سەلیمی’ لەلایەکی دیکە دەنوێنێت کە لەسەرەتای دەقی هەواڵەکەیدا لە ڕستەیەکی دیاردا دەریدەبڕێت کە دەبوو سەردێڕی هەواڵەکەی بایە:

دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی(کارا) “مستەفا سەلیمی”(کارتێکراو)، زیندانیی سیاسیی کوردی لەدار دا(کردە).


پێکهاتەی زمانیی گشت دەقەکە لە پێوەندییە نێوان دەقییەکانی (بەشێوەیەکی زەینیی و ناڕاستەوخۆ) لەگەڵ چیرۆکسازییەکانی میدیاکانی ڕێژیم و میدیاکانی بەرەی سەربەڕێژیم و بەرپرسی ڕادەستکردنەوەکەی، بۆ ‘زاڵێتی’ی دەزگاکانی ڕێژیم یەکەنگیرە. بەتایبەتی، مستەفا سەلیمی وەک ‘لیدەری سەرەکی’./’پلاندانەری سەرەکی’ی ڕاکردنی زیندانییەکان ناسێندراوە، بەواتای وەدیهاتنی ئەو بانگەشانەیە کە بەرپرسانی هێزی سەرکوتکەری ڕێژیم لە دۆخێکی قەیراناوی ڕێژیمەکایاندا بڵاویان دەکردەوە.

هۆی لە سێدارەدانەکەی ئەو تۆمەتانەیە بۆی ڕیزکراوە و بنیادنراوی گوتاری میدیایی ڕێژیمن، لە ڕێی دووبارەکردنەوەیەکی وشە هاوواتا یان پێوەندیارەکان بە یەک بواری واتاییەوە (چالاکیی ئەمنەیتی-چەکداری- نیزمی، دژبەری ڕێژیم، ئەندامی حیزبێکی کوردی) جەختکراوەتەوە کە مستەفا سەلیمی هەڕەشەیەکی جیدی بووە بۆ کۆماری ئیسلامی، تا سزای ئێعدامەکە بە بڕاوە دابنێت. ئەمەش لە ئەم دەستە واژانەدا دەرکەوتووە: “چالاکیی ئەمنیەتی دژی کۆماری ئیسلامی”، ‘دژبەری ڕێژیم’ لە ‘ئەندامەتیی حیزبێکی کوردیی دژبەری ڕێژیم’، “تێکهەڵچوونی چەکداری’ لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم’، ‘تێکهەڵچوونی نیزامی لەگەڵ حکوومەت’. بەتایبەتی سیستەمی دەسەڵاتی داگیرکەر لە سەرەتاوە بە ناوی ‘ڕێژم و کۆماری ئیسلامی و لەدوا دێڕەکانی ‘حکومەت’ە کە وەک حاکمیەتێکی یاسایی کە مستەفا لەگەڵ هێزەکانی تێکهەڵچوونی ‘نیزامی’ هەبووە و کە چەندکەس لە هێزەکانی کوژراون، تاوانی لەسێدارەدانەکەی حەتمی وئاسایی دەکاتەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە دەقی هەواڵەکەی ساڵی (٢٠١٧)دا هیچ ئاماژەیەک بە تێکهەڵچوونە چەکدارییەکانی و جەختکردنەوەی لە دەربڕینی وشە هاوواتاکانیدا نییە، بەڵکوو ئاماژەی بە ئەوە تێدایە کە چەند جار لەبەر ‘ناعادڵانە بوونی حوکمەکەی” ناڕەزایەتی دەربڕیوە و مانی لەخواردن گرتووە.
پێشتر ئاماژە بە ئەوە کرا کە هەر ڕووداو یان کردەیەکی فیزیکی یان کۆمەڵایەتی لە دەرەوەی زمان وەک واقعێک ناکرێت حاشا لە بوونی بکرێت، بەڵام واتا بەخشین پێی و بوونی بە گوتار ئەوکاتەیە کە دێتە بەرباس و واتاسازییەکی تایبەتی بۆ دەکرێت. لەوانەیە، ئەوش بگوترێ کە هیچ یەک لەو مەبەستانە لە پشت دەقەکە نییە و هەموو ئەو ڕەوانبێژیی و تەکنیکانەی بەکار هێنانی زمان بۆ کەسێکی زگماک کوردی ئاساییە و نائاگایەنە نووسراوە. هەر ئەوەندە دەتوانم بڵێم کە سێحری ئایدۆلۆژی و دەسەڵات لە ئەو سروشتی بوونەی و پەسندکرانی وەک بابەتی بەڵگەنەویست و تێگەیشتنی باو لە زماندایە. هەر وەک فێرکلاف ئاماژەی پێدەکات” “لە تایبەتمەندییەکانی پێکهاتنێکی ئایدۆلۆژی-گوتاریی زاڵ، تواناییەکەیەتی لە سروشتاندنی ئایدۆلۆژییانە، واتە دەتوانێت بۆ ئایدۆلۆژییەکان وەک ‘تێگەیشتنباو’ی نا ئایدۆلۆژیانە پەسندبکرێت”(Fairclough, 2010)”. ئامانجی توێژەریش پەردەلادان لەسەر ئەو سروشتی بوونە و عەقڵی باوەیە کە پێوەندییەکانی هێز نەتوانێت شتە ناسروشتیی و نائاساییەکان سروشتی و ئاسایی بکات.

جەختکردنەوەکانی لەسەر تێکهەڵچوونە چەکداری، نیزامی و ئەمنیەتییەکان بەشێوەیەکی هاوپێچ ئەنجامەکەی پیشان دەدات واتە، بە هۆی ئەوە حوکمی لەسێدارەدانەکە هەر بووە و هەر دەبوو ببێت. لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکەی ئەم ڕستەیە نادادپەروەرییە لە حەقی کوژراوەکە وەک هاوونیشتامانییەکی ڕاساو لە دژی زۆری داگیرکەر. ئەوەی جێگای سەرنجە لە هەموو دەقی هەواڵەکەدا “ڕادەستکەرانی ڕووداوەکە” نەدیوکراون، نەک هەر لە سەردێڕەکەیدا بەڵکوو لەدەقەکەشدا. هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو هەوڵە لەلایەن میدیای (ح.د.ک)ەوە، میدیای حیزبە هاوپەیمانەکانی لە ناوەندی هاوکاریدا ڕاگەیەنراوی حیزبەکانیان بڵاو کردەوە، دانیان بە ئەندامەتی و پێوەندیی ڕێکخراوەیی مستەفا سەلیمی بە حیزبێکی کوردییەوە دانا یان حاشایان لەوە نەکرد، بەڵام پێوەندیی ئەویان بە ڕێکخراوەکانی خۆیانەوە ڕەتکردەوە و دیسان دەرهاویشتنێکی دیکەی گوتاری دەرکەوتەوە.

لە ڕاگەیەنراوی (حدکا)دا هاتووە:


“ئەوەی کە ناوبراو چۆن دەستگیر کراوەتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە کە ناوبراو هیچ پەیوەندییەکی ڕێکخراوەیی بە حیزبی ئێمەوە نەبووە، بۆمان ڕوون نییە، بەڵام ئێستا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ڕوونبونەوەی چۆنیەتی ئەو مەسەلەیە لێژنەیەکی تایبەتی پێکهێناوە، بە هەنگاوێکی بەجێی دەزانین و هیوادارین ئاکامی لێکۆلینەوەی ئەو لێژنەیە دەرخەری ڕاستیی ڕووداوەکە بێ.”

لەم دەقەشدا بەهەمان شێوە بە نەناسراوکردنی، لە سەرەتای پاڕاگرافی یەکەمی ڕاگەیەنراوەکەیدا( یەکێک لە بەندکراوانی هەڵاتوو) و خستنە پێش ناوەکەی وەک ئەوە وەرگێڕدراوی دەقە فارسییەکانی (یکی از زندانیان فراری)بێت کە میدیا فارسییەکان بۆ زیندانییە ڕزگاربووەکان بڵاویان کردووەتەوە. بەتایبەتی، کە لە دەقەکەدا هاتووە ‘ ناوبراو هیچ پەیوەندییەکی ڕێکخراوەیی بە حیزبی ئێمەوە نەبووە’ دەرهاویشتنەکە زەقتر دەکات. بە خۆ بە بێخەبەردانانی و بەرچاوتاریکی لە ڕوواداوەکە بەرپرسیارێتیی داکۆکی لەمافی هاونیشتمانییەکە لەسەرشانی لادەبات.


هەروەک لە ڕاگەیەنراوی(ک. ش. ز. ک.ا) وێڕای ئەوەی بەناوی خۆی و پێشناوی ‘کاک’ی وەک ڕێز بۆ مستەفا سەلیمی بەکارهێناوە، لە دەقێکی هاوشێوەی (ح.د.ک.ا)دا بەرچاو تاریکی خۆی بۆ ڕووداوەکە نیشانداوە، شاردنەوەیەکی زۆری زانیارییەکانی سەبارەت بە ڕادەستکەران و چۆنێتیی ڕادەستکردنەوەکی تێدایە کە ئەمانە هەمووی بەشێکە لە دەرهاویشتن و لابردنی بەرپرسیارێتی بەرانبەر بە مافی هاونیشتمانییەکی پەناهێناو کە ڕادەستی دوژمن کراوەتەوە:


“دوابەدوای لەسێدارەدانی کاک مستەفا سەلیمی کە ماوەیەک پێش ئێستا ودوای شۆرشی بەنداکراوانی زیندانی سەقز ڕای کردبوو، ڕا و بۆچوونی جیاواز کەوتۆتە ناو تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاگەیاندنە فەرمی و نافەرمییەکان، و هەر کەس و لایەنێک لە ڕوانگەی خۆیەوە تەعبیر لەو ڕووداوە دەکات”.


(ک.ز) لە ڕاگەیەنراوێکدا بە ناونیشانی ” ڕاگەیاندنی کۆمەڵە سەبارەت بە لەسێدارەدانی مستەفا سەلیمی” بە شێوەیەکی تاڕادەیەک جیاوازتر ئاماژە بەلایەنی ڕادەستکەوەرەی مستەفا سەلیمی دەکات و وەک نەریتێکی نەشیاو بۆ پێوەندیی و هاوپشتی خەڵکی ڕۆژهەڵات و باشووری دادەنێت”، بەڵام لە کۆتاییدا، کە دەڵێت: ‘سەرەڕای ئەوە كە ئەو كەسە چ تاوانێكی هەبوو بێت” کە لەوانەیە پاساوی ڕادەستکەرانی ئەوە بووە، یان بیانووی ڕێژیم بۆ لەسێدارەکانی بە تاوانبار زانینی بێت، مافی بەرهەڵستکاریی خۆپارێزانەی ئەندامانی وەزاڵە هاتووی نەتەوەی کوردی لەدژی زۆرداری ڕەچاو نەکردووە:

“سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 23ی خاكەلێوە، مستەفا سەلیمی كە بۆ ماوەی ١٧ ساڵ بوو بەند كرابوو، لە لایەن كۆماری پەت و سێدارەوە لە زیندانی سەقز ئیعدام كرا.
مستەفا سەلیمی دوای ئەوەی ماوەی دوو هەفتە لەوەپێش لەگەڵ كۆمەڵێك بەندكراوی دیكە لە زیندانی سەقز ڕادەكەن، پەنا دێنێ بۆ باشوری كوردستان، بەڵام بەپێی لێدوانی فاتمە کەریمی، بەڕێوەبەری تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، مستەفا سەلیمی پاش هاتنی بۆ خاكی باشوری كوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان لەسنوری پێنجوێن رادەستی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی دەكرێتەوە.

سەرەڕای ئەوە كە ئەو كەسە چ تاوانێكی ھەبووبێ، كاتێك پەنای ھێناوە حەقوابوو وەك پەنابەرێكی كورد ڕەفتاری لەگەڵ كرابایە و یاساكانی مافی مروڤ و پەنابەری بۆی لەبەر چاو گیرابا”.
ئەم دەقە شیمانەی داڕشتن و نواندنەوەیکی شیاوتر لە کەسایەتییەکە و ئەو نادادپەروەرییەش لە هەقیداکراوە دەسەلمێنێت کە لایەنەکانی دیکەش دەکرا بیخەنە ڕوو. ئەو ڕووداوە کە سەرنجێکی زۆری میدیایی و جەماوەری لەسەر بوو، دەکرا چەندین ڕاپۆرتە هەواڵ لە سەر ژیانی مستەفا سەلیمی و زیندانییە ڕزگاربووەکانی دیکە و تاکی زیندانیی ئازاردیتووی هاوشێوەی لێبکەوێتەوە کە میدیای حیزبی تەنیا بەڕاگەیەنراو دەرکردنەوە نەبەسترێتەوە و بتوانێ دەوری خۆی لە نواندنی ژیانی ئاسایی خەڵک لەژێر نیری زۆردارانەی ڕێژیمدا دەربخات. شێوە جیاوازەکانی نواندنەوەی ڕووداوەکە لەدەقی ڕوونکردنەوەکانیشدا جیاوازیی بۆچوونی لایەنەکانیش دەردەخات.


لەپاش ئەم ڕاگەینراوانە، (ح.د.ک)یش ڕۆژێک دواتر ڕاگەیەنراوێک بە ناونیشانی “ڕوونکردنەوە لە پێوەندی لەگەڵ گرتنەوە و ئێعدامکردنی مستەفا سەلیمی دا’ بڵاو دەکاتەوە. ئەوە لەحاڵێکدایە، وتەبێژی حکومەتی هەرێم (١١/٠٤/٢٠٢٠) دەڵێت: “مستەفا سەلیمی بەبێ ئاگاداری حکومەتی هەرێم رادەستی ئێران کراوەتەوە.”

هەرچەند، دەقی ڕوونکردنەوەکە تاڕادەیەک نەرمتر لە هەواڵەکەیە و تۆمەتە ڕیزکراوەکانی ناو هەواڵەکەی تێدا نییە، بەڵام، لە سەردێرەکەدا ‘گرتنەوە’ لە جیاتیی ‘ڕادەستکردنەوە’ بەکار دێنێت و لەدەربرێنێکی هەواڵیدا وەک واقعیەت پێشانی دەدات. لە دەقی هەواڵەکەشیدا بە دەربڕینی ‘وەک دەگوترێ و باس دەکرێ’ (ڕووی نادیاری کار لە زمانی کوردیدا)هەواڵی گەیشتنی بە سنوورەکانی هەرێم(بێ ئاماژ بە شوێنی سنوورەکە) و ڕادەستکردنەوەکەی وەک دەنگۆ لێکدەداتەوە، چونکە سەرچاوەی ‘دەگوتری و باس دەکرێ’کان لادراون و ئاشکرای ناکات یان دەکرێت بگوترێت هاوسەنگییەک لەگەڵ ڕاگەینراوەکانی ناو لایەنەکانی هەرێم، دەقەکەی (ک.ز) و بنەماڵە و کەس وکاری مستەفا سەلیمی دروست دەکات: “دوای ئەم ڕووداوە بەشێک لەم بەندکراوانە لە رێگەی جۆراوجۆرەوە گیرانەوە، یان ڕادەستی ناوەندە ئەمنیەتیەکانی ڕێژیم کرانەوە کە مستەفا سەلیمی یەک لەوان بووە و دوای ئەوەی خۆی گەیاندۆتە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، وەک دەگوترێ و باس دەکرێ ڕادەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوەتەوە”.
ئەوەی جێگای سەرنجە، هەرچوار لایەنی ئەندام لە ناوەندی هاوکاری خۆشحاڵییان لە پێکهێنانی لێژنەیەک لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەربڕیوە بۆ درخستنی ڕاستییەکان لە پێوەندی لەگەڵ ڕادەستکردنەوەکە. بەڵام لە نێو باشوورییەکاندا گوتنێکی گشتی هەیە کە خەریکە وەک پەندی لێدەێت کە دەڵێن: ”ئەگەر لێژنەیان بۆ هەر شتێک پێکهێنا یانی جێبەجێ نابێت و هیچ ناکرێت”. کە دواتر بینیمان بابەتەکە لە پێوەندیی نێوان لایەنەکانی باشووردا لەگەڵ گیرانی سێ ئەفسەری هەواڵگری لە سلێمانی لەسەر کەیسی ‘غالب محەممەد’، پارلەمانتاری کوردستانی باشوور لە بەغدا، لێژنە بەلێژنە کرا و لەڕاستیدا بوو بە موزایدەیەکی سیاسی لایەنەکان لەگەڵ یەکتردا بە پێی لێدوانی وتەبێژی حکوومەتی هەرێم کەڵێت:
“سەرۆكی حكومەت پاڵپشتی خۆی بۆ دادگاكانی هەرێمی كوردستان دوپاتدەكاتەوە بەشێوەیەك كە “هیچ کەیسێک” پشتگوێ نەخرێت، لەوانە کەیسی “ڕادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی و تیرۆرکردنی ئامانج بابانی و هاوژین و منداڵەکەی.”



ڕوونکردنەوە و ئەنجام

بە کورتی، بە پێی ئەو ئالینگارییانەی حیزبەکان و میدیاکانیان لەگەڵی بەرەوڕوون و ئەو بارە نەخوازراوەی لە باشوور تێیکەوتوون، بڕیاردانیان لە سەر پرسە تایبەت و گرنگەکان بۆ ئەستەم دەکات. بەگشتی، لە ڕاگەیاندنە هاوبەشەکانیان لە ناوەندی هاوکاریدا، و لە هەرکام لە میدیاکانی تایبەت بەخۆیاندا ئەم دوو خاڵەی خوارەوە بەدی دەکرێتکرێت:
١. پاشماوەکانی زێهنیەتییەکی داگیرکراو لە بەکارهێنانەوەی زمانی زانیاریگەیاندنی زاڵدا کە وا سروشتی دەبێت ڕۆژنامە نووس یان هەر تاکێکی دیکە هەستی پێناکات و ئاسایی بەکاری دەهێنێتەوە. ٢. مەعریفەتخوازییەکی تاکلایەنە پەرەی پێدەدرێت: دەقەکان، وا دەگەیەنن کە تەنیا یەک ڕێگای بوون و ناسین بایەخی هەیە (ئەو جێگرەوە/بەدیلە چەقبەستوو یان عەینی بووەی یەک لایەنی حیزبی پێداگریی لەسەر دەکات).

لێکەوتەکانی ئەمە دەبێتە هۆی زاڵبوونەوە یان بەردەوامیی دەسەڵاتی زاڵی داگیرکەر و ڕوانینی ڕەگەزپەرەستانەیان لە پلەبەندیی پێوەندیی نەتەوەکان لە ئێراندا و کردنی بە پرسێکی ناوخۆیی چوارچێوەی دەوڵەتی ئیستعماری لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. هەڵوەشاندنەوەی تێڕامانی ئیستعمارییانە بۆ لاوانی کورد و بنیادنانی تێگەیشتنی گونجاوتر یان جێگرەوەکانی تر ئەستەم دەکەن. تەم بەسەر داوای ڕەواو و ئاشکرای کورد بۆ چەسپاندنی سەروەریی سیاسی و مافی چارەنووسی دەکێشن، سیاسەتی دەرهاویشتن و بەپاشکۆ کردنی کورد لە ڕۆژهەڵات و نەتەوە بن دەستەکانی دیکە ئاسایی دەکەن. ئەو شێوەیە لەنواندنەوە، پاساوی ژیانی بە کۆڵبەر بوون و بە نەفتبەربوون دەدەن وەک سیمایەکی ژیانی نەتەوەی پەراوێز و دەرهاوێژراو شوناسێکی سەپێنراوی پێدەدەن کە خوازراوی داگیرکەرە. لەهەمووی گرنگتر لەناو بردنی لاوانی کورد بەدەستی هێزی سەرکوتکەر لە دووبارەکردنەوەیکی کڵیشەیی میدیاییدا ئاسایی دەبێت و تێکشکاندنی ئیرادەی بەرگری لەهەناویاندا دەکوژێت یان ڕێگای گفتوگۆ و دەمەتەقێ لەسەر فۆرمە جێگرەوەکانی دیکەی دەسەڵاتی خۆسەپێنی دەوڵەت-نەتەوە لەسەریان دادەخات. بە گشتی، نموونە شیکراوەکانی توێژینەوەکە دەریدەخەن بەشێکی سەرەکیی ئەو شێوە داڕشتنانەی دەق و سەردێڕەکانی هەواڵ، جگە لە تەنگەتاویی کاتبەندی میدیایی، کە کورتبڕیی زمانییانەی لێدەکەوێتەوە، نواندنەوەکانی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی حیزبی نەخوازراون یان نائاگایانە دەکەونە ژێرکاریگەریی زمانی زاڵی نەتەوەی باڵادەست کە خوێندەوارییان بە ئەو زمانە بووە. هەروەها، بەشێکیشیی لەبەر ناشارەزایی میدیاکارەکان لە تیۆرەکان و ستراتیژییەکانی داڕشتنی دەق و گوتارەوەیەوە کە بە هۆی زاڵێتیی پێکهاتەی زمانی نەتەوەی زاڵەوە، دەسەڵات و ئایدۆلۆژیای سروشتیی بوو و زاڵیش بەرهەم دەهێنێتەوە. لە هێندێک حاڵەتی تایبەتیشدا وەک ڕاگەیەنراوەکانی ناوەندی هاوکاری و ڕاگەیەنراوەکانی حیزبەکان خۆیان، وەک نموونە، کەیسی مستەفا سەلیمی خوازراون و لەبەر ململانێ ناوخۆییەکان، ئاگایانە بەرهەم دێنەوە. کورت و کورمانجی، ئەو میدیا حیزبییانە لە بەرهەمهێنانەوەی شوناسی پێشساختەی دوو ستراتیژیی هاوکاتی گوتاری هێژێمۆنییانەی میدیای دەوڵەتی داگیرکەردا، واتە بە ‘تاوانکەر’ و ‘قوربانیکراو’ زانینی هاوکاتی ‘کەس/سوژە’ی کورددا دەوریان هەیە کە ڕەوایەتی کرداری پێشبینیکراوی ‘سزا’ و ‘چارەسەر’یشی هەر لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی داگیرکەر لێدەکەوێتەوە. لە توێژینەوەکەدا وا دەرکەوتووە کە هێندێک لە توخمەکانی زاڵکردنی گوتاری ‘نەتەوەیی’ نە بوونەتە ڕەهەند و وەک ئاماژە(دال)ی سەراوی(شناور) ماونەتەوە و ململانێ ناوخۆییەکان ڕێگرن لەوەی دەنگەکان لە گێڕانەوەیەکی جەوهەریدا کۆببنەوە و بگەن.



سەرچاوەکان

Ashcraft K, Kuhn T and Cooren F (2009) Constitutional amendments: ‘Materializing’ organizational communication. The Academy of Management Annals 3: 1–64.
Hardy C, Grant D, Oswick C and Putnam L (2005) Diss-ing discourse? A response. Organization Studies 26: 799–804.

Boulter, C. (2017). Media Discourse and the Question of (New) Minority Definitions: Three Methodological Approaches. Journal on Ethnopolitics and Minority Issues in Europe JEMIE, 16(2), 87–107.
Crow, D., & Lawlor, A. (2016). Media in the Policy Process: Using Framing and Narratives to Understand Policy Influences. The Review of Policy Research, 33(5), 472–491. https://doi.org/10.1111/ropr.12187
Berger, P. L., & Luckmann, T. (2011). The social construction of reality: A treatise in the sociology of knowledge. United States: No Publisher.
Carpentier, N., & De Cleen, B. (2007). Bringing discourse theory into Media Studies: The applicability of Discourse Theoretical Analysis (DTA) for the Study of media practises and discourses. Journal of Language and Politics, 6(2), 265–293. https://doi.org/10.1075/jlp.6.2.08 car
Charity, Arthur. (1995). Doing Public Journalism. New York: Kettering Foundation.
Gurevitch, Michael, and Mark R. Levy, eds. 1985. Mass Communication Review Yearbook, vol. 5. Beverly Hills, Calif.: Sage.
Dahlberg, L., & Phelan, S. (2011). Discourse theory and critical media politics. Palgrave Macmillan.
Hearn, Jonathan, and Marco Antonsich. 2018. “Theoretical and Methodological Considerations for the Study of Banal and Everyday Nationalism.” Nations and Nationalism 24 (3): 594–605. doi:10.1111/nana.12419.
Fairclough, N. (1989). Language and power. Longman.
Fairclough, N. (1995). Media discourse. E. Arnold.
Fairclough, N. (2012). Critical discourse analysis ( J. P. Gee & M. Handford, Eds.). In The Routledge handbook of discourse analysis (pp. 9-21). Oxon: Routledge
Fairclough, N. (2018). The Routledge handbook of critical discourse studies ( J. Flowerdew & J. E.
Fowler, Roger. 1991. Language in the News. Discourse and Ideology in the Press. London: Routledge
Fox, J., & Fox, R. (2004). Organizational Discourse: A Language-ideology-power Perspective. Praeger
Richardson, Eds.). In The Routledge handbook of critical discourse studies (pp. 13-25). Milton Park, Abingdon, Oxon: Routledge.
Gitlin, Todd. (1980). The Whole World is Watching: Mass media in the making and unmaking
of the new left. Berkley: University of California Press.
Jørgensen, M., & Phillips, L. (2002). Discourse analysis as theory and method. Sage Publications.
Laclau, E., & Mouffe, C. (2001). Hegemony and socialist strategy: Towards a radical democratic politics (2 ed.). London: Verso.
Macgilchrist, F. (2011). Journalism and the political discursive tensions in news coverage of Russia. John Benjamins Co.

Marttila, Tomas (2015/Forthcoming Post-foundational discourse analysis: From political difference to empirical research London: Palgrave MacMillan.

Mayr, A. (2008). Language and power : an introduction to institutional discourse. Continuum.
Reichertz, J. (2020). From understanding to impact: Communicative power (1269900470 938069593 M. Pfadenhauer & 1269900471 938069593 H. Knoblauch, Eds.). In Social constructivism as a paradigm?: The legacy of the social construction of reality (pp. 292-310).London; New York: Routledge, Taylor et Francis Group.
Soleimani, K., & Mohammadpour, A. (2020). Life and labor on the internal colonial edge: Political economy of kolberi in Rojhelat. The British Journal of Sociology, 71(4), 741–760. https://doi.org/10.1111/1468-4446.12745
Spivak, G. (1988) ‘Can the Subaltern Speak?’, in Cary Nelson and Lawrence Grossberg (eds), Marxism and the Interpretation of Culture, Urbana, IL: University of Illinois Press.
William A. Gamson, & Andre Modigliani. (1989). Media Discourse and Public Opinion on Nuclear Power: A Constructionist Approach. The American Journal of Sociology, 95(1), 1–37. https://doi.org/10.1086/229213
Van Dijk.T. A. (1992) in Riggins, S. Harold. (ed). Ethnic minority media: an international perspective. Newbury Park, Calif.: Sage Publications.
Gurevitch, Michael, and Mark R. Levy, eds. 1985. Mass Communication Review Yearbook, vol. 5. Beverly Hills, Calif.: Sage
Kress, G. and Hodge, B. (1993) Language as Ideology. London: Routledge & Kegan Paul.
Kuhn, R., & Neveu, E. (2002). Political journalism new challenges, new practices. Routledge.
Torfing, Jacob. 1999. New Theories of Discourse. Laclau, Mouffe and Žižek. Oxford: Blackwell.

Wolfsfeld, Gadi. Making Sense of Media and Politics: Five Principles in Political Communication, Taylor & Francis Group, 2011. ProQuest Ebook Central, http://ebookcentral.proquest.com/lib/oculcarleton-ebooks/detail.action?docID=684104. Created from oculcarleton-ebooks on 2021-02-10 14:26:50.

‌Hall, Stuart. (2005). The rediscovery of ‘ideology’: Return of the repressed in media studies. In Michael Gurevitch, Tony Bennett, James Curran & Janet Woollacott (Eds.), Culture, Society, and the Media, (52–86). London: Routledge.

Halliday, M. (1985). An introduction to functional grammar. E. Arnold.
Alia, V., & Bull, S. (2005). Media and ethnic minorities. Edinburgh University Press.

Le, E. (2010). Editorials and the power of media interweaving of socio-cultural identities. John Benjamins Pub. Co.

Fairclough, N. (2013). Critical discourse analysis : the critical study of language (Second edition.). Routledge.
Davis, & H. H. (1985). Discourse and Media Influence ( Dijk. T. Van, Ed.). In Discourse and communication: New approaches to the analysis of mass media discourse and communication (pp. 44-60). (Reprint 2011) Berlin: W. de Gruyter.
Kovach, Bill, & Rosenstiel, Tom. (2001). The Elements of Journalism: What newspeople should know and the public should expect. New York: Three Rivers Press.
Young, L., Fitzgerald, M., & Fitzgerald, S. (2018). The power of language : how discourse influences society (Second edition.). Equinox Publishing Ltd.

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان