ئارامتر بخوێنەوە!

گەمارۆکان دەسپێکی مەترسین بۆ سەر کۆڵبەرانی کورد لە ئێراندا

نووسەران : سێرجیۆ کوڵومبەو، ئەندریا پڕادابیانکی
وەرگێڕان: شاڕۆژ

 

کۆڵبەرانی کۆڵەوار بە هۆی وەزاڵە هاتوویی لە دەستی بێکاری و پشتگوێ خرانی ناوچەکەیان لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە، بە کڕێوە و لە ژێر گوللـەبارانی پاسەوانانی سەر سنوور، کۆڵی تاقەت پرووکێن بە شاخەکاندا ئاودیو دەکەن.

 شاخەکانی ئێران لە کوێستانەکاندا بەفر دایپۆشیون. لەسەرجادەکانەوە  وەکوو خاڵ دێنە بەرچاو. قەتاری پیاوان لە سنووری ئێراقەوە بۆ ئێران کە نزیک سێ کیلۆمیتر و نیوە، ٦٨ کیلۆ کاڵا بە کۆڵیانەوە، بە پێ دەپێون. ئەوان دوای بڕینی چوار کاتژمێر رێگا کۆڵەکانی خۆیان بە ١٠ تا ٢٥ دولار بۆ هەر کەسێک تەسلیمی شۆفیرەکانی سەیارە بارییەکان دەکەن کە ئەوانیش ئامادەن بارەکان بگەیەننە نزیکی مەریوان و لەوێشەوە دەگوازرێتەوە بۆ شوێنەکانی دیکەی ئێران.

ئەم کۆڵبەرانە (پڕ بە پێستی وشە، ئەوەی کە بەکۆڵ دەگوازنەوە) کۆڵبەری کوردستانی ئێرانن کە دەچنە کوردستانی ئێراق  و بە بێ گوێدانە بارودۆخی دژوار و گوللـە بارانی پاسەوانانی سەر سنوور، کاڵاکان کۆ دەکەنەوە و دەیهێنەوە بۆ ئێران . کێشەگەلی گەورە کە ئەوان لە ئەنجامدانی ئەم کارە لە گەڵی بەرەو روون ، دەرخەری ئەمەیە کە ناکۆکییەکانی نێوان واشنگتۆن و تاران تا چەندە لە سەر ژیانی رۆژانەی یەکێک لە فەقیرترین ناوچەکانی ئێران کاریگەری داناوە. ئەو سنوورانەی کە کۆڵبەرەکان پێیدا هاتووچۆ دەکەن چەندین ساڵە لە نزیکەوە لە لایەن سپای پاسدارانی شۆرشی ئیسلامییەوە چاودێری دەکرێن، بەڵام پاش گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئامریکا لە دژی هەڕەشەکانی ئێران، چاوەدێری لە سەر هێزە نیزامییەکانی ئێران توندتر بووە. بەڵام لە لایەکی دیکەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا تێدەکۆشی کە ئێران زیاتر تەریک بکاتەوە. ئەم حەرەکەتە ئامانجەکەی ئەوەیە کە سنوورەکان بە رووی بازرگانیی یاسایی و قاچاخکردندا دابخات. بە وتەی رێباز حەملان وەزیری داراییی هەرێمی کوردستان، ئەمە رەوەندێکی پارەیە کە ساڵانە ٨ ملیارد دۆلارە. ئەولەوییەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا وهەروەها ئستیون فاگین سەرکۆنسوڵی نوێی ئامریکا لە هەولێر، مەهارکردنی ئێرانە: ئامانجی ئامریکا لە زیادکردنی گەمارۆکان لاوازکردنی ئابووریی تارانە و هاوکات گەیاندنی ئەو پەیامەیە کە کاریگەریی کۆماری ئیسلامی لە کوردستانی ئێراق کەمڕەنگ بکاتەوە.

لە دیسامبری ٢٠١٨دا، یەک مانگ پاش سەپاندنی بەشی دووهەمی گەمارۆکانی ئامریکا لە سەر ئێران، رێگری و بەربەستەکان لە سەر هاتوچۆی نزیک ٤٠٠ کۆڵبەر کە بە شێوەی نایاسایی لە زستاندا لە ٤٠ مایلی مەریوان، بە کێوی تەختدا لە ناو ١٦ سانتی میتربەفردا سەردەکەوتن، دەستی پێکرد. بە وتەی شاهیدان و سەرچاوە جۆرواجۆرەکان، پێشمەرگە چاوەدێریی سنووری لای ئێراق دەکات، بە بڕیاری مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دێمۆکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووی هەرێم کە هێشتا دەستی باڵای هەیە، رەفتارەکانی خۆیان لە هەمبەر کۆڵبەران گۆڕیوە.

لە نێوان شۆفیری سەیارە بارهەڵگرەکاندا کە چاوەڕێی گەڕانەوەی کۆڵبەران بوون، پێاوێک باسی لە نەهامەتی و ئەو گرفتاریانە کرد کە لە سەر سنوور لە گەڵی بەرەوروون. فەرزاد گوتی: “من پێشتر پارەی کاڵاکانی خۆم کە زۆرتر سیگار و جل وبەرگن، تەسلیم کردووە.” فەرزاد لە ئاوایی سەروئاوا شوێنێک کە لێی دەژی، ئامادە بوو کە بارەکان واتە کاڵا قاچاغەکان لە سەیارەکەی بار بکات و بیبات بۆ مەریوان. ئەو بە تووڕەییەوە چاوی لە کاتژمێرەکە کرد کە نێوەرۆیە و گوتی: “بەڵام پاسەوانانی ئێراقی ئیزن بە ئێمە نادەن کە دەرباز بین”. چەندین کاتژمێر چاوەروان بوو. نیگەرانیی پێوە دیار بوو. دەوروبەری کاتژمێر ٥ی ئێوارە، یەکەمین تارماییی کۆڵبەران لە توولە رێی سنوورەوە وەدەرکەوت. فەرزاد دەستەکانی  لە سەر چاوی دانا و بە ئاسوودەیی دەیڕوانییە ڕێڕەوی پێچاوپێچی ئەو پیاوانەی کە بە لێژاییە توندەکاندا بەرەوە پیکابەکان دادەگەڕان. کۆڵبەرێک بە ناوی رەحیم کۆڵەکەی کە سیگاری میلانۆ بوو تەسلیمی فەرزاد کرد و لە بەانبەرا دا ١٣ دۆلاری لێ وەرگرت. ئەو گوتی: “پێشمەرگەکان نەیاندەهێشت کاڵاکان بەوێدا تێپەڕێ، بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەوان زۆرتر و زۆرتر پێش بە ئێمە دەگرن یا خود ئێمە ناچار دەکەن کە رێگایەکی دوور و درێژ و پڕ مەترسیتر ببڕین”. رەحیم ٤٩ ساڵی تەمەنەوە و دووساڵە کۆڵبەری دەکات. ئەو لەگەڵ هاوژین و دوو کوڕەکەی لە مەریوان دەژین. ئەو هەموو رۆژێ رێگای ٥٠ خولەک بە سەیارە لە ماڵەوە تا بن کێوی تەخت بە پێ دەبڕێ. “کاتێک ئێمە بەرەبەیان وەرێکەوتین بەفرەکە هەر بەقەد ئێستا توند بوو و ئێمە تا پێش کاتژمێر ٣ی پاش نیوەرۆ ناتوانین بگەڕێینەوە”. ئەو لە بەینی خواردنەوەی فانتادا وای گوت. ئێمە زیاتر سیگار و جلوبەرگ دێنین، بەڵام هەروەها ئەڵکەهۆڵ و کەلوپەلی ناوماڵیش وەکوو تەلەڤزیۆن و ماشێنی جل شۆردنیش دەگوازینەوە. بە درێژاییی مانگەکانی هاوین، پیاوە بەهێزەکان دەتوانن ٩٠ کیلۆ (٢٠٠ پاوند) کاڵا بە کۆڵەوە بگرن. بۆ داهاتێکی ٢٥ دولاری لە رۆژدا. ئەم کارە تەنیا تاقەتپڕوکێن نییە، بەڵکوو هەروەها دەتوانێ نرخی گیانیشی لەگەڵ بێ. بە پێی راپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤ لە ئێراندا، پاسەوانانی سەرسنووری ئێران لە ساڵی ٢٠١٨دا ٤٨ کۆڵبەریان کوشتووە و ١٠٤ کۆڵبەریشیان بریندار کردووە. سەرەڕای ئەمانە، ساڵانە دەیان کەس بە تەقینەوەی مینی چێندراوی سەردەمی شەڕی نێوان ئێران و ئیراق کە سێ دەیە دواتر هێشتا بانگەشە دەکەن کە قوربانین، لە بارودۆخی دژواری کوێستانەکاندا دەکوژرێن و کەمئەندام دەبن. کاروان کۆڵبەرێکی ٢٥ ساڵە، گوتی: “چەند رۆژ لەمەوپێش یەکێک لە رەفیقەکانم بە تەقەی سەربازێکی ئێرانی، کوژرا. جارێکی دیکە دوو مەئموور سەرەڕێیان لە ئێمە گرت و کۆڵە سیگارەکانیان لێ دزین”.  بەوشێوەیە کە ئەو قسەی دەکرد، کاروان ئاماژەی بە بینایەک کرد کە زاڵ بوو بە سەرتەواوی دۆڵەکەدا. لەو بینایەوە کە  ناوەندی پاسەوانانی سەر سنوورە، سەربازەکان دەتوانن هاتوچۆی کۆڵبەرەکان لە ڕووکاری شاخەکانی ئێرانەوە ببینن و هەر چەند ماوە جارێک ئێمە وەبەر گوللـە دەدن بۆ نیشان دانی هێزی خۆیان. گەنجێک شی کردەوە: “ئێمە خەریکی کارێکی نایاسایین کە تەنیا تا ڕادەیەک چاوپۆشیی لێ دەکرێ. لەم رووەوە، کاتێک هێزە نیزامییەکان دەیانهەوێ بە بیری ئێمە بێننەوە کە چ کەسێک کۆنترۆڵی ئێرەی بە دەستە، دەست دەکەن بە تەقە کردن لێمان. ئەمە رێگایەکە بۆ وەبیرهێنانەوەی ئێمە، کە ئەوان ئیزن دەدەن بە ئێمە کە ئەم کارە بکەین. ئێمە بە بەردەوامی ژیانی خۆمان دەخەینە مەترسییەوە، بەڵام بۆ زۆرکەس ئەمە رێگایەکە بۆ بە دەستهێنانی بڕە پارەیەک.

بە پێی زانیارییە فەرمییەکانی دەوڵەتی ئێران، لە چوار پارێزگای وڵات کە زۆرینەیان کوردن، رێژەی بێکاری لە سێ پارێزگای دا، لە سەرەوەی پلەی مامناوەندییە. پارێزگای کرماشان بە ٢١.٦%، بەرزترین رێژەی بێکاریی لە ناو ئێراندا تۆمار کردووە. لە سەر یەک ئەم چوار پارێزگایە تەقریبەن حەوت میلیۆن و نیوحەشیمەتی هەیە (نزیک ١٠% حەشیمەتی ئێران) کە ٥.٢% لە بەرهەمهێنانی خاوی ناوخۆییی ئێران پێک دێنێ،GDP. بە پێی راپۆرتە نافەرمییەکانی میدیا لۆکاڵییەکان، بارودۆخی نالەباری ئابووری وای کردووە کە ساڵانە نزیک بیست هەزار کەس روو لە کۆڵبەری بکەن. رەحیم شی کردەوە: “کۆڵبەری تەمەن ٢٠ ساڵ تاکوو٧٠ ساڵ وەبەرچاو دەکەون. کاتێک کەشوهەوا لە بار بێ لەوانەیە سێ تا چوار هەزار کەس بتوانن لە سنوورەوە دەرباز بن”. ناکۆکیی نێوان کوردستان و دەوڵەتی ناوەندی، مێژوویەکی دوورو درێژی هەیە. لە لایەن خومەینییەوە هاوشێوەی خاندانی پەهلەوی، ناوچە جیاوازەکان پەڕاوێز خران. پێشتر و لە سەردەمی شۆرشی ئیسلامیدا لە ساڵی١٩٧٩، کوردەکان بە دژی لەشکرکێشیی حەمە رەزاشا، پشتیوانییان، لە خومەینی کرد. بەڵام ئەو لە سەرەتای حکومەتەکەیەوە، داخوازیی خودموختاریی کوردەکانی رەد کردەوە. لە چوار دەیەی رابردوودا، هەموو سەرۆک کۆمارەکانی ئێران داخوازیی ناوچەکان بۆ یەکگرتن و سەرمایەدانانیان پشتگوێ خست. تەنانەت سەرۆک کۆمار حەسەن ڕۆحانی، تا ئێستاش چاوەڕوانییەکانی دەنگدەرانی کورد کە پاڵپشتیان لە سەرکەوتنی ئەو لە هەڵبژاردنی ٢٠١٣ و هەروەها ٢٠١٧ کرد، دەستەبەر نەبووە. هەروەها شەش ساڵ لەمەوپێش بەربژێرە ریفۆرمخوازەکان بەڵێنیان دا کە: “لەکەی نابەرانبەری لە ناوچە جیاوازەکاندا بسڕنەوە. ئەوان پەیمانیان دا کە ئەمان لە پێکهاتەی ئابووری و فەرهەنگیی وڵاتدا بەشدار بکرێن و ببنە هاووڵاتیی دەرجە یەک”.

 کاتێک کە دوایین سەیارە بارهەڵگرەکان بەرەو مەریوان وەڕێ کەوتن، جگە لە چەند پارچە پلاستیکی پرتەقاڵی هیچ شتێکی دیکە لە ناو بەفرەکەدا بە جێ نەما. رەحیم لە کۆتاییدا گوتی: “هەقیقەت ئەوەیە کە هیچ شتێک نەگۆڕاوە. تاران ئەم ناوچانەی پشتگوێ خستووە.”

error:

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان