ئارامتر بخوێنەوە!
لە سۆسیالیزمی دیمۆکراتیکەوە بۆ سۆسیال دێمۆکراسی
(پێشنیاری هەنگاوێک بەرەو پێش بۆ جەختی زیاتر لەسەر دێمۆکراسی)
بیریار ژاوەرۆیی
ئاماژە
“سۆسیال دێموکراسی وەک ئایدۆلۆجیی سیاسی بزووتنەوەیەکی چاکسازیخواز، هەوڵێکی زیاتر بۆ سڕینەوەی توندوتیژیی و تۆتالیتاریانیزم لە سۆسیالیزم بووە. ئەم ئایدۆلۆجیانە کە بە جۆرێ لە دڵی سۆسیالیزمی دێمۆکراتیکەوە هەڵقوڵا و لە درێژەی چاکسازییەکانی ئەودایە، لە ڕێگای پەرەپێدانی مافەکانی هاوڵاتییانەو گەشەی سەند.“
وەک دیارە پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی و دێمۆکراتیک بۆ ماوەیەکی زۆرە، بەتایبەت لە کۆنگرەی شەشەمەوە کە پەسەند کرا، وەک ئامانجی دواڕۆژی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بۆ داهاتووی ئەو بەشەی کوردستان ڕەچاو کراوە. لەو ئاراستەیەدا، تیۆریی “سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک” لەلایەن شەهیدی نەمر دکتۆر قاسملووەوە بەکارهێنرا و بوو بە بناخەی بیری سیاسی-ئایدۆلۆجیکی ئەو حیزبە و بە هێنانە ئارای ئەوە، حیزب لە ڕەوتی زاڵی ناسیۆنالیستیی پەتی وەدەرکەوت و ڕەنگ و بۆنی زیاتر چەپی بە سەردا زاڵ بوو. لەو پەیوەندییەدا ڕەنگە هەندێ پرس بە مێشکی کەسدا بێت و ئەو پرسیارانە بێنە ئاراوە کە بۆچی دکتۆر لەو کاتەدا پێداگریی لەسەر سۆسیالیزمی دیمۆکراتیک دەکرد و نەیدەویست وەک سۆسیال دیمۆکرات بناسرێن؟ و بۆ تاکو ئێستا هەر لەسەر ئەوە پێداگری کراوە؟ ئاخۆ کاتی ئەوە نەگەیشتووە کە لە هەنگاوێکدا بەرەو پێش باسی سۆسیال دێمۆکراسی بکرێت؟ لە باری تیۆریکەوە تاکو ئێستا ئەوەندە تیشک نەخراوەتە سەر وەڵامی ئەو پرسیارانە. بۆیە تێڕامانێک لەو بوارەدا دەتوانێت دەسپێکی هەندێ باسی جێی سەرنج و قووڵ ببێت.
رەنگە چاکتر بێت کە ئەم باسە، لە پێداچوونەوە و چاکسازییەکانی ناو بەرەی چەپ بە گشتی دەست پێ بکرێت. ریشەی سۆسیالیزمی دیمۆکراتیک و سۆسیال دێمۆکراسی دەگەڕێتەوە بۆ بیرمەندانی سۆسیالیستی ئۆتۆپیاییی سەدەی نۆزدە و پیداچوونەوەکانی دواتر. لە بەرەی پێداچوونەوەخوازان و چاکسازیخوازانی چەپدا دوو ڕوانگە بەرز بووەوە. یەکەمیان ڕادیکاڵ، توندوتیژ و شۆڕشگێڕانە و دووەمیان دێمۆکراتیک بوو. وەک یەکەم ڕوانگە، دووەمیش لەو باوەڕەدا بوو کە سۆسیالیزم لە ڕێگای خەباتی چالاکانەوە بۆ گەیشتن بە جیهانێکی چاکتر سەرهەڵدەدات، بەڵام بە پێچەوانەوەش لەو باوەڕەدا بوو کە ئەو خەباتە دەبێت شێوەی دێمۆکراتیک و گەشەسەندنانە لە خۆ بگرێت. بیری یەکەم کە زیاتر لەلایەن “جۆرج سۆرێل”ـەوە پەرەی پێ درا بواری بۆ فاشیزم و تۆتالیتاریانیزم و دووەم کە لە ژێر کاریگەریی “برنشتەین”دا بوو بواری بۆ سەرهەڵدانی سەرەتا سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک و پاشان سۆسیال دێمۆکراسی خۆش کرد کە دەرەنجامەکەی دوورکەوتنەوەی سۆسیالیزم لە مارکسیزم بوو.
لەو پێوەندییەدا، تێرمی “سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک” (Democratic socialism) هەندێ جار وەک هاوتای سۆسیالیزم بەکارهێنراوە، بەڵام ئاوەڵناوی دێمۆکراتیک بۆ جیاکردنەوەی لە سۆسیالیزمی مارکسیست-لینینیستی کە پێڕەوانی باوەڕیان بە خەباتی دێمۆکراتیک نەبوو و هەروەها پاش دەستەبەرکردنی دەسەڵاتیش لە چوارچێوەی سنوورداری سۆسیالیزمیشدا کردەوەیان نادێمۆکراتیک بووە، بەکارهێنراوە. سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک وەک جۆرێک سۆسیالیزم پێناسە دەکرێت کە وێرای جەخت لەسەر دارابوونی ئابووریی سۆسیالیستی کە تێیدا ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بریتی لە سامان و زەنگین دەبێت بەکۆمەڵ و بە شێوەی کۆمەڵایەتی خاوەندارێتی بکرێن، لە باری سیاسییەوە سیستەمێکی دێمۆکراتیکی حکوومەت بوونی هەبێت. بە واتایەکی تر، سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک فەلسەفەیەکی سیاسییە کە لە دێمۆکراسیی سیاسی لەگەڵ خاوەندارێتیی کۆمەڵایەتیی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و جەخت لەسەر خۆبەڕێوەبەرایەتی و بەڕێوەبەرایەتیی دێمۆکراتیکی دامەزراوە ئابوورییەکان لە بازاڕدا یان هەندێ فۆرمی ئابووریی سۆسیالیستی دێسێنتراڵ کراوی بەرنامە بۆ داڕێژراو بەرگری دەکات.
لە ڕوانگەی سۆسیالیستە دێمۆکراتەکانەوە کاپیتالیزم لە ماکیدا ڕانەهاتوو و نەگونجاوە لەگەڵ بەها دێمۆکراتیکەکانی ئازادی، بەرابەری و تۆکمەیی (هاوکاری و دادپەروەری)؛ و ئەم ئایدیالانە تەنیا لە ڕێگای بەدیهاتنی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستییەوە دەستەبەر دەکرێن و وەک سۆسیالیستەکان لەو باوەڕەدان کە پرسە سیستەمیکەکانی کاپیتالیزم تەنیا لە ڕێگای گۆڕینی بە سیستەمێکی سۆسیالیستی چارەسەر دەبن؛ واتە لە ڕێگای گۆڕینی خاوەندارێتیی تایبەتی بە خاوەندارێتی کۆمەڵایەتیی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان؛ بەڵام لە دژی سیستەمی ستالینیستی و مۆدێلی ئابووریی سۆڤییەت و فۆرمی ئۆتۆریتاریەنی هەڵسووڕان و ئابووریی ژێر فەرماندەرییەکی زۆر سێنتراڵ کراو کە لە یەکیەتیی سۆڤییەت و دەوڵەتە سۆسیالیستییەکانی دیکە لە سەرەتای سەدەی بیستدا بیچمی گرت. ئەم ڕوانگەیە لەسەر دێمۆکراسی هەر ئەو هەڵەی کاپیتالیزم و سنووردارکردنەوەی دێمۆکراسی بوو، واتە ئەم جارە بەجێی کاپیتالیزم و لیبرالیزم، بە سۆسیالیزم سنووردار دەکرێتەوە، لەکاتێکدا کە دێمۆکراسی لەسەرووی ئەوانەیە و ناکرێ بە ئایدۆلۆجی و بیرۆکەی جۆراوجۆر سنوودار بکرێتەوە.
هەرچۆنێک بێت، سۆسیالیستە دێمۆکراتەکان لەو باوەڕەدان کە لە چوارچێوەی سۆسیالیزمدا هەردووکی ئابووری و کۆمەڵگا دەبێت بە شێوەی دێمۆکراتیک بەڕێوە ببردرێن. بۆیە لە سەرەتای سەدەی بیستەوە، بەرەبەرە چاکسازیخوازی لە ناو بزاڤی چەپدا بەتایبەت لەلایەن “ئێدوارد برنشتەین”ەوە لەسەر پەرەپێدانی سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک کاریگەر بوو. لەو پێوەندییەدا، دەکرێ ڕەوتێکی هاوشێوەی گۆڕانکاری لە ناو لیبرالیزمدا بۆ سۆسیالیزیمیش ڕەچاو بکرێت کە تێیدا سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک دەکرێ لە بەرانبەر “لیبرالیزمی دێمۆکراتیک”دا پێناسە بکرێت. کەچی بەپێچەوانەی سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک، “لیبرالیزمی دێمۆکراتیک” ئەوەندە زەق نەبووەوە چونکو دێمۆکراسی سنووردار دەکردەوە بە چوارچێوەی لیبرالیزم، بۆیە خێراتر بەرەو لیبراڵ دێمۆکراسی ڕۆشت یان بەو شێوەیە دەرکەوت، کە بۆخۆی ئایدۆلۆجیایەکی جیایە کە لە ڕێگای دەوڵەتەوە بازاڕ کۆنتڕۆڵ دەکرێت و بەرەو دەوڵەتی خۆشبژیوی چووە.[1] بەوەشەوە، سۆسیالیزمی دێمۆکراتیکیش وەها ڕەوتێکی بەرەو سۆسیال دیمۆکراسی تێپەڕاند، گەرچی سنوورێکی دیاری ئەوتۆ لە نێوانیاندا نییە.
سۆسیال دێمۆکراسی وەک ئایدۆلۆجیی سیاسی بزووتنەوەیەکی چاکسازیخواز، هەوڵێکی زیاتر بۆ سڕینەوەی توندوتیژیی و تۆتالیتاریانیزم لە سۆسیالیزم بووە. ئەم ئایدۆلۆجیایە کە بە جۆرێ لە دڵی سۆسیالیزمی دێمۆکراتیکەوە هەڵقوڵا و لە درێژەی چاکسازییەکانی ئەوەدایە، لە ڕێگای پەرەپێدانی مافەکانی هاووڵاتییانەوە گەشەی سەند. بە جۆرێ هاوشێوەی سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک بووە بەو جیاوازییەوە کە زیاتر جەخت لەسەر دێمۆکراسی دەکات و بەپێچەوانەی ئەوە، بە دوای چاکسازیی سیستەمی کاپیتالیزم بووە نەک ڕووخان و لەنێوبردنی بەتەواوەتیی ئەوە لە ڕێگای خەباتی دێمۆکراتیکەوە. بۆیە لەکاتێکدا کە سۆسیالیزمی دیمۆکراتیک، پاڵپشتی لە سیستەمێکی سۆسیالیستیی حکوومەت دەکات کە لە ڕێگای ئامرازە دێمۆکراتیکەکانەوە دەستەبەر بکرێت، سۆسیال دێمۆکراسی، پاڵپشتی لە سیستەمێکی دێمۆکراتیکی حکوومەت دەکات کە سەرنجی لایەنی سۆسیال بدات. وشەی سۆسیال لە سۆسیال دیمۆکراسیدا بەو واتایە نییە کە حکوومەتی وەها دێمۆکراسییەک، دەبێت ڕێک ئایدۆلۆجیای سۆسیالیزم پێڕەو بکات، بەڵکو خۆی ئایدۆلۆجیایەکی جیاواز و چاکسازی کراوە. لەو پێوەندییەدا، هەندێ توێژەر، سۆسیال دێمۆکراسی بە نیوەڕێگای نابەردەوامیی نێوان مارکسیزم و لیبرالیزم دەزانن کە هەندێ بنەمای لە دوو نەریتی ناکۆک پێکەوە کۆکردووەتە. ئەمانە وەک سۆسیالیستە دیمۆکراتەکان، سۆسیال دێمۆکراتەکانیش بە سۆسیالیستگەلی بێ باوەڕ بە شۆڕش یان ئەوانەی دەزانن کە لە جێی فیشەک و گوللـە سندۆقی دەنگدانیان هەڵبژاردووە. هەندێکی تر لەو باوەڕەدان کە ئەو بزووتنەوەیە هەوڵێک بووە بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتێکی تایبەت یان بەها دیارەکان. لەم ڕوانگەیەوە، سۆسیال دێمۆکراتەکان وەک لایەنگری دەوڵەتی باشبژیویی و ئاسوودەیی، بەرابەری و تۆکمەیی دەبینرێن. هەر لەم پێوەندییەدا بە گوتەی هەندێک، سۆسیال دێمۆکراسی ڕێککەوتنی نێوان مارکسیزم و لیبرالیزم نییە و جێگرەوەی هەردووکی ئەوانەیە کە لە ناوەندیدا باوەڕێکی جیاواز لەسەر پێشترێتیی سیاسەت و کۆمیونیتاریانیزم هەیە.
سۆسیال دێمۆکراسی ئاڵتێرناتیڤی پێشترێتیی سیاسەت و هاوکاریی چینەکانی هێنایە ئاراوە. واتە لە جێی ڕاوەستان بۆ ڕووخانی کاپیتالیزم، دەبێت هەوڵ بدرێت بۆ چاکسازیی ئەو. بەرەبەرە سۆسیال دێمۆکراتەکان تێگەیشتن کە لە جیاتی ڕوانگەی ململانێی چینەکان لە مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکسدا دەبێت سەرنجی بابەتەکانی پێوەندیدار بە “خەڵک”، “کۆمەڵ” و “خێری گشتی” بدەن. لەڕاستیشدا ناکرێ خەڵک سنووردار و بەرتەسک بکرێتەوە بۆ چینێک، ڕەگەزێک یان هەر گروپێکی تری کۆمەڵگا. داواکاریی دێمۆکراتیک بوون لە دژی هەر جۆرە وەپێشخستن و هەڵاواردنێک بەپێی ئەو جیاوازییانەیە و پێویستە ئازادی، بەرابەری و دادپەروەریی بۆ هەموویان ڕەچاو بکرێت. بەم پێیە، ئەوان باوەشیان بۆ داواکارییە کۆمیونیتاریەن، کۆرپۆراتیست و تەنانەت ناسیۆنالیستییەکان کردەوە و حیزبەکانیان هان دا بۆ گۆڕان لە حیزبی کرێکاران بۆ حیزبی خەڵک. ماتریالیزمی مێژوویی و ململانێی چینەکانی مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس وەلا نران و پێشترێتی درا بە سیاسەت و کۆمیونیتاریانیزم. هەروەها، چاکسازیخوازانی چەپ تێگەیشتن کە پێویستە هێزی بزوێنەری گەورەی ناسیۆنالیزم ڕەچاو بکەن و بیهێننە ئەژمێر.
کەواتە، سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک زیاتر بەپێی ئەوەی لە سۆسیال دێمۆکراسی جیا دەکرێتەوە کە سۆسیالیستە دێمۆکراتەکان بەڵێندارن بە گۆڕانی سیستماتیکی ئابووری لە کاپیتالیزمەوە بۆ سۆسیالیزم، لەکاتێکدا کە سۆسیال دێمۆکراسی پشتگیری لە چاکسازیی کاپیتالیزم دەکات. بەپێچەوانەی سۆسیال دێمۆکراتەکان یان چاکترە بڵێین دێمۆکراتە سۆسیالەکان، سۆسیالیستە دێمۆکراتەکان لەو باوەڕەدان کە چاکسازییەکان کە نابەرابەریی کۆمەڵایەتی و دەستێوەردانی دەوڵەتی کردووەتە ئامانج، بە شێوەیەکی جیاواز پشتگیرین لە ناکۆکییە ئابوورییەکانی کاپیتالیزم دەکات. لەڕاستیدا سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک قۆناخێکی تێپەڕین بووە و بە جۆرێ هەر پەرەپێدانی چاکسازییەکان لە ناو بەرەی چەپدا (بەتایبەت ئەوەی برنشتەین کە بووە هۆی پەرەی سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک) بوو کە بە سۆسیال دێمۆکراسی گەیشت. بە هۆی ئەم چاکسازییانەوە هەندێ حیزب لەوانە حیزبی کرێکاری بەریتانیا، سۆسیال دێمۆکراتەکانی ئەڵمانیا، ئەمریکا و… وەک درێژەدەرانی ڕێگای برنشتەین هەموو بەرەو سۆسیال دێمۆکراسی ڕۆشتن. وەک پێشتر باس کرا، لە سۆسیالیزمی دێمۆکراتیکدا، سۆسیالیزمە کە چوارچێوەیە و پاش گەیشتن بە دەسەڵات لە ناو خودی سیستەمی سۆسیالیستیدایە کە دەیەوێت دێمۆکراتیک بێت، کە ئەمە لەدژی دێمۆکراسی بە گشتییە چون دیمۆکراسی ناکرێ سنووردار بکرێتەوە بە یەک بیرۆکە یان گروپێک و…. واتە لێرەشدا دێمۆکراسی نابێت سنووردار بکرێتەوە بە پەرژینی سۆسیالیزم. ڕەنگە ئەم خاڵە بووبێت کە بەرەبەرە بەشێک لە ڕەوتی چەپی هان دا بۆ تێپەڕین لە سۆسیالیزمی دێمۆکراتیکەوە بەرەو سۆسیال دێمۆکراسی، تاکو نەک سۆسیالیزم بەڵکو دێمۆکراسی ببێتە چوارچێوەی سەرەکی. بۆیە، بە کردەوەش سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک چوو بەرەو سۆسیال دێمۆکراسی. هەروەک لیبڕاڵەکان لە چوارچێوەی لیبرالیزمی پەتیی سەرەتاییدا نەمانەوە و بەرەو لیبراڵ دێمۆکراسی و دەوڵەتی خۆشبژێوی چوون، بەشێک لە سۆسیالیستەکانیش لە سۆسیالیزمی مارکسیستی و ئۆرتۆدۆکس تێپەڕین و بەرەو سۆسیال دێمۆکراسی و دەوڵەتی باشبژێوی ڕۆشتن تاکو کەلێن و لاوازییەکانی سۆسیالیزم چارەسەر بکەن.
لەو پێوەندییەدا ئەو پرسە دێتە ئاراوە کە بۆچی لەکاتێکدا کە لەلایەک ڕەوتی چاکسازیخوازی چەپ و سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک بەرەو سۆسیال دێمۆکراسی دەچوو، و لەلایەکی تریشەوە بە کردەوە هەم حیزبی دێمۆکرات و هەم دکتۆر قاسملوو ڕێزیان لە دیمۆکراسی، ئازادی و بیرۆکەکانی دیکە گرتووە و دێمۆکراسییان سنووردار نەکردووەتەوە بە تەنیا بیری چەپ و سۆسیالیزم و لەگەڵ سۆسیال دێمۆکراسی ڕاهاتبوون، باسی سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک هاتبووە ئاراوە و تاکو ئێستا جەختی لەسەر کراوەتەوە. ڕاستە کە دکتۆر قاسملوو بە وەرگرتن و بەکارهێنانی تیۆری “سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک” لە ڕێگای پاشگری “دێمۆکراتیک”ـەوە ویستی لە لایەنە نادێمۆکراتیکەکانی سۆسیالیزم بەتایبەت دیکتاتۆریی پرۆلێتاریا و تۆتالیتاریانیزم دەرباز ببێت بەڵام لە تیۆریدا دیسان ئەوەش مانەوە لە چوارچێوەی سۆسیالیزم و پێشترێتیدانی ئەوە بەسەر دیمۆکراسیدا بوو. دیارە بەشێکی ئەو پرسە دەگەڕێتەوە سەر نەبوونی هەلی توێژینەوەیەکی چڕوپڕی تیۆریک لەسەر چەمکی سۆسیالیزمی دیمۆکراتیک لەو کاتەدا، بەڵام بەشێکیشی ڕەنگە بگەڕێتەوە سەر ڕەچاوکردنی ڕوانگەی ڕەوتی زاڵی چەپ لە ئاستی جیهانی و ناوچەیی و هەروەها دۆخی سیاسیی کوردستان و ئێران. وێڕای تاڕادەیەک کاریگەریی پێشینەی بیری ماتریالیستی مێژوویی و مارکسیستی زانستیی خۆی و ئەمەگدارێتی بەوە لەسەر جەختیان لەسەر سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک، ڕەنگە بە هۆی ئەو ڕەخنانەی کە بەرەی چەپ لە سۆسیال دێمۆکراسی هەیانبوو و ئەوەیان بە دابڕاو لە چەپ دەزانی و هەروەها ڕەچاوکردنی دۆخی نێودەوڵەتی و کوردستان لەو سەردەمەدا، دکتۆر لە شرۆڤە و پاساوی سۆسیالیزمی دێمۆکراتیکدا هەوڵ دەدات کە ئەوە لەگەڵ سۆسیال دێمۆکراسی تێکەڵ نەکرێت. هەر بۆیە، کاتێک دەیهەوێت ئەو جیاوازییە پیشان بدات ئاماژە بەوە دەکات کە سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک جیاوازە لەو حیزبە سۆسیال دێمۆکراتیکانەی لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوادا هەن. هەڵبەت ئەو ئەگەرەش هەیە کە لە مێشکی دکتۆردا، هەر سۆسیال دێمۆکراسی یان گۆڕان بەرەو ئەوە، وەک لە کردەوەدا وابووە، هەبووبێت و زیاتر بە هۆی ئەو بابەتانەی سەرەوە وەها باسی کردبێت و دەریبڕیبێت، بەجۆرێ کە دەکرێ بگوترێت کە سۆسیالیزمی دیمۆکراتیکی باس کراو لەلایەن ئەوانەوە بە شێوەی لەناخدا هەڵگری سۆسیال دێمۆکراسی بوو.
سەردەمێ کە “کورتە باس” نووسرا سەردەمێ بوو کە سۆسیالیزم هێشتا لە ئاستی جیهانی و نێودەوڵەتیدا تەشەنەی زۆری هەبوو و دکتۆر وێرای دیتنی گۆڕانکارییەکانی چەپ لە هەندێ وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات، نەیدەویست لە چوارچێوەی سۆسیالیزم تێپەڕێت، گەرچی جەختی لەسەر دێمۆکراتیک بوونی کردبوو. بەوجۆرە دیهەویست جیاوازیی ڕێبازی خۆیان لەگەڵ سۆسیال دێمۆکراسی پیشان بدات کە لە ڕوانگەی چەپی زاڵەوە پەڕیبووە بەرەی کاپیتالیزم. بەڵام بە تێپەرینی کات و گۆڕانی بارودۆخ، و بەتایبەت بە تێکچوونی سۆڤییەت، ڕەنگە ئەو چاوەڕوانییە هەبووبێت کە لە ئێستادا و بگرە زووتریش دەبوا حیزبی دێمۆکرات هەنگاوی بەرەو دێمۆکراسی وەک بناخە هەڵێنایە و لە قۆناخی سۆسیالیزم وەک بناخە تێپەڕیبا. لە مێژە، پێویستی پێداچوونەوە بە سەر ئامانجی داهاتووی ئەو حیزبە و جەختی زیاتر لەسەر دیمۆکراسی هەستیان پێ دەکرێت کە ئەمە پێویستی بە ڕەچاوکردنی ئایدۆلۆجیا و بەرنامەیەکی مامناوەندی سەرەوەی سۆسیالیزم و نزیک لەوە دەبێت کە ڕەنگە بەپێی بارودۆخی جیهانی و بەتایبەت ناوچەکە و کوردستان، باشترینیان سۆسیال دێمۆکراسی بێت کە وەک چۆن لیبراڵ دێموکراسی لە لیبرالیزمی پەتی دوورکەوتەوە، ئەوەش لە سۆسیالیزمی پەتی و ڕادیکاڵ دوور کەوتووەتەوە، و بەوجۆرە جەخت دەخرێتە سەر دێمۆکراسی وەک کۆڵەکەی هاوبەشی هەردوولا. مادام کە جیهانی سۆسیالیستی خۆی هیوایەکی بە ڕوخانی کاپیتالیزم نەماوە و تاڕادەیەکی زۆر دەستیان لێ هەڵگرتووە و تەنانەت خۆشیان بەو ڕێگایەدا ڕۆشتوون و لێی نزیک بوونەتەوە، چ پێویست بەوە نییە کە حیزبێکی نەتەوەخوازی دێمۆکرات لەسەر ئەوە سوور بێت. چاکتر وایە کە چەقی جەختی خۆی لەسەر دێمۆکراسییەکە دانێت کە ئەوڕۆکە لە ئاستی جیهانیدا لانیکەم بە قسەش بێت بڕواداریی گشتیی هەیە و لە ژێر ئەو ناوەشدا هیچ پاساوێک بۆ دژایەتی کردنی مافی نەتەوەیی نابێت، و بە شێوەیەکی فرەڕەهەند و سێکۆلار و هاوسەنگ سەیری لیبراڵ و سۆسیالی بوون بکات.
بێجگە لە گۆڕانی دۆخی نێودەوڵەتی، دیارە دەکرێ پاساوی تریش بۆ گۆڕانی ئەو ئامانجە و پێویستی بە بناخەکردنی دێمۆکراسی و گرنگیدان بەوە بهێنرێتەوە. لەو پێوەندییەدا ئەوەی دێتە ئاراوە دۆخی کورد و کوردستان بۆخۆیەتی. یەکەم لە باری کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە بارودۆخی کوردستان بۆ بە بناخەکردنی سۆسیالیزم و سیستەمێکی تەواو سۆسیالیستی گونجاو نەبووە. هەروەها، لە بنەڕەتدا لە کوردستاندا کاپیتالیزمێک نەبووە تاکو تازە لە داهاتوودا و دوای سەربەخۆیی یان پێکهێنانی حکوومەتی خۆ، بە دوای تێپەڕین و گۆڕان لەوەوە بۆ سۆسیالیزم بن. دامەزراندنی سیستەمێکی سۆسیالیستی نوێش کێشەی خۆی دەبێت و ئاستەمە قبووڵ بکرێت. بە گشتی سۆسیالیزم و بیری سۆسیالیستی مارکسیستی تاڕادیەک ئەزموونی خۆی وڵام داوەتەوە و لە شوێنەکانی تریشدا ئەوەندە ئەزموونێکی سەرکەوتووی نەبووە کە وەک تاقە مۆدێلی داهاتووی کوردستان ڕەچاو بکرێت و ئەوەندە متمانەپێکراو نییە. بۆیە پێداگری کردن لەسەری لە ئێستادا ئەوەندە پاساوی بۆ نییە. دەبێت گەر کەشێکی دێمۆکراتیک بڕەخسێت، سیستەمێکی گونجاو دیاری کرێت و هەڵبژێردرێت، نەک بسەپێندرێت.
دووەم، گەلی کورد بە گشتی ڕووبەڕووی دوژمنانێک بووەتەوە کە خاوەن زەینییەتی دێمۆکراتیک نین و حکوومەتەکانیشیان نە دێمۆکراتیکن و نە هەلی دێمۆکراتیک بۆ چالاکیی ئازاد و یاساییی حیزبە کوردییەکان دەڕەخسێنن. دیارە کورد داوای مافی خۆی کردووە و بەرگریی لە مافی خۆی کردووە و شەڕخواز نەبووە و شەڕ دەرکی ماڵی پێ گرتووە. بۆیە کاتێک بەرانبەرەکەی دێمۆکراسیی قبووڵ نییە و تەنگی پێ هەڵچنیوە و لە دژی شەڕی ڕاگەیاندووە، ئەدی باسی هەوڵ و ڕکابەرایەتیی دێمۆکراتیک واتادار نابێت و تەنیا ڕێگا بەرگری لە بەرانبەر توندوتیژی دەبێت. دیارە ئەگەر لایەنی بەرانبەری دێمۆکراتیک بوایە، بە شێوازی دێمۆکراتیک و یاسایی هەوڵی دەستەبەرکردنی مافەکانی دەدا. لێرەدایە کە جەختی زیاتر لەسەر سۆسیالیزم پاساوی بۆ دەبینرێتەوە. بەڵام وەک ئاماژە کرا، ئەگەر بڕیار بێت شۆڕشگێڕی بە سۆسیالیزم پاساو بکرێت، ئەوە بە سۆسیالیزمی چاکسازیخوازانی ڕادیکاڵ و چەپی شۆڕشگێڕی مارکسیست لینینیستی دەکرێ پاساو بکرێت نەک سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک و سۆسیال دێمۆکراسی. لەکاتێکدا کە بیری مارکسیستی خودی دکتۆر لەو چوارچێوەیەدا ناگونجێت، و شۆڕشگێڕانەبوونیشی باری نەتەوەیی و بەرگریکارانەی هەبوو نەک چەپی ڕادیکاڵ. لە ئێستادا چۆنکو گەلی کورد لە دۆخێکی جیاوازدایە، بە هەر ئایدۆلۆجیایەکەوە بەرگریی توندوتیژ لایەنێکە لە خەباتەکەی. بۆیە پێویست نەبووە کە بۆ پاساوی بەرگری و توندوتیژیی سەپاو پەنا بە سۆسیالیزم ببات. دیارە سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک وەک ئامانجی دواڕۆژ بەرنامەیەکی ڕەچاوکراو بۆ شێوەی هەڵسووڕانی ئابووری-سیاسی داهاتووی کوردستان بووە، و نەبیستراوە کە وەک پاساوی بەرگری و شەڕ باسی بکرێت. لەو ڕوانگەیەوە چ سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک و چ سۆسیال دێموکراسی بۆ قۆناخی ئێستا جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە.
هەرچۆنیک بێت، داهاتوو باشتر دیاریی دەکات کە بە پێی دۆخی ئەو دەم چ بەرنامەیەک ڕەچاو بکرێت. وەک دکتۆر قاسملوو بۆخۆی لە شوێنێکدا سەبارەت بە باسی سیستەمی حکوومەتی دەڵێت کە وەچەکانی داهاتوو ڕەنگە داخوازییان جیاواز بێت و بۆخۆیان دەبێت بڕیار بدەن، لێڕەشدا هەر لەسەر ئەو بنەمایە چاکتر وایە جەخت بخرێتە سەر ئەرکی شیاوی ئێستا و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەل. ئەوەی کە چ ئایدۆلۆجی و بەرنامەیەکی هەڵسووڕانی سیاسی-ئابوورییان بوێت بەو داهاتووە و وەچەی ئەو کات بسپێردرێت. بەوەشەوە بە گوێرەی دۆخی سەردەمی ئێستا و گرنگایەتیی دێمۆکراسی وەک بنەما، وێرای ڕەچاوکردنی مافی وەچەی داهاتوو بۆ گۆڕان، چۆن بنەمای خەباتی کوردستان دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کوردە و لە پێناوی مرۆڤایەتی و بۆ جێگیرکردنی دێمۆکراسیدا بووە و بەرگریی چەکداری و توندوتیژ لاوەکییە و ناچاری، دەکرێ هەر جەخت لەسەر سۆسیال دێمۆکراسی وەک ئامانج و بەرنامەیەکی نەرمونیانتر بۆ داهاتوو بکرێت کە لە قۆناخی تێپەڕی ئێستاکەشدا دەتوانێت وەک ئایدۆلۆجییەکی سیاسی دێمۆکراسی-تەوەر ببێتە هۆی پەرەسەندنی زەینییەتی دێمۆکراتیک و هەلی کەمکردنەوەی ناکۆکیی ناوماڵی کورد و هاوپەیمانی بەرەی کوردی بڕەخسێنێت.
لە سۆنگەیەکی ترەوە، دەکرێ بگوترێت کە وەرگرتن و بەکارهێنانی سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک، واتە سۆسیالیزمێ کە دیمۆکراتیک بێت، هەوڵێک بوو بۆ مانەوە لە چوارچێوەی سۆسیالیزم وێرای گۆڕانکارییەکان و قبووڵکردنی چاکسازیی بەرەو دێمۆکراسی بۆ پاساوی داکۆکی لە ناسیۆنالیزم و مافی نەتەوەیی. هەر ئەو شتەی کە سۆسیال دێمۆکراسی بەرەو ئەوە ڕۆشتبوو. بە واتایەکی تر لەو کاتەدا ئەو هەوڵە تیرێک بوو بۆ پێکانی دوو نیشانە: لەلایەک زیاتر ڕاکێشانی حیزب بۆ ناو بەرەی چەپ و کەڵکوەرگرتن لەو دەرەتانەی چەپ دەیڕەخساند، لەلایەکی ترەوە ڕەچاوکردنی تیۆرییەکی چەپ کە هەم کەمتر ڕەخنەی لەسەر بێت و هەم ڕاهاتوو بێت لەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد. ئەوە لە جێی خۆیدا و بۆ ئەو کاتە بەنرخ بوو چۆنکو چەپی خاوەن هەژموون لە ئێران و کوردستاندا هەندێ ترس لەوانە تێپەڕین لە مارکسیستی پێکهێنابوو. بەڵام جەخت لەسەر چەمکی سۆسیالیزم و بەکارهێنانی دێمۆکراسی وەک پاشگر و ئاوەڵناو پیشان دەدات کە لەو دەستەواژەدا سۆسیالیزم هێشتا وەک ئایدۆلۆجیی سەرەکی چوارچێوەکە دیاریی دەکات. کەچی سۆسیال دێمۆکراسی خۆی ئایدۆلۆجیایەکی جیاوازە و سۆسیال ئاوەڵناوە بۆ دێمۆکراسی و لێرەدا بنەما دێمۆکراسییە. بۆیە ڕەنگە چاکتر وابێت کە ئەو حیزبانەی کە خۆ بە دێمۆکرات دەزانن، بنەما لایان خودی دێمۆکراسی و ئایدۆلۆجیایەکی دێمۆکراسی تەوەر بێت نەک ئایدۆلۆجیایەکی تر. پێویست ناکات کە ئامانجی دواڕۆژی حیزبێکی دێمۆکرات، پێکهێنانی سۆسیالیزم بێت و نابێت دێمۆکراسی بە سۆسیالیزم و… سنووردار بکرێتەوە. بەڵکو سیستەمێکی دیمۆکراتیک هەلی بەرابەر بۆ هەموو ئایدۆلۆجیا و گروپ و لایەنە سیاسی-کۆمەڵایەتییەکان دەڕەخسێنیت کە ئازادانە ڕکابەرایەتیی یاسایی بکەن و بۆ سەرخستنی بەرنامەی خۆیان لە چوارچێوەیەکی دێمۆکراتیکدا هەوڵ بدەن و بە گەیشتنە دەسەڵاتیش مافی لایەنەکانی تر و ئازادییان ڕەچاو بکەن. وێرای هەوڵ بۆ بەهێزترکردنی بۆ نموونە لایەنی سۆسیال و دەستێوەردانی دەوڵەت لە بازاڕدا، ناتوانن سۆسیالیزم بە هەر پاشگرێکەوە وەک تاقە ئایدۆلۆجیا بسەپێنن.
لەو پێوەندییەدا، جێی ئاماژەیە کە هەموو چەپەکان داواکاریی دێمۆکراسییان هەبووە بەڵام لەڕاستیدا دێمۆکراتیک بوونیان گومانی لەسەر بووە و لە ژێر پرسیاردا بووە. واتە لە بنەماکانی ئازادی، بەرابەری و دادپەروەری، ئازادییان قبووڵ نەبووە؛ چون بۆ حزب و گروپە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە باوەڕیان پێ نەبووە و هەروەها بەرابەریشیان بە بەرابەری ئابووری سنووردار کردووەتەوە و لە ئاکامیشدا دادپەروەرییەک بوونی نەبووە. کەواتە بۆ حیزبێکی دێمۆکراتیک باش نییە کە خۆی گرێ بدات بە ئایدۆلۆجیایەکی نادێمۆکراتیک یان بەرتەسکتر لە دێمۆکراسی. دەبێت پەردەی گومان و شاردنەوە هەڵداتەوە و خۆی دەرباز بکات لە ئایدۆلۆجیا نادێمۆکراتیکەکان. بە زمانی سادە داواکاریی سۆسیالیزمی دیمۆکراتیک واتە سۆسیالیزمێکت دەوێت کە دێمۆکراتیک بێت، نەک دیمۆکراسیییەکی گشتی کە ڕەنگە هەلی وەلانانی سۆسیالیزم وەک ئایدۆلۆجی تێدا بڕەخسێت. کەچی لەڕاستیدا “سۆسیالیزمی دیمۆکراتیک”ی حیزبی دێمۆکرات لە ناوەڕۆک و کردەوەدا هەر سۆسیال دێمۆکراسی بووە و بە کردەوە نە حیزب و نە ڕێبەرانی خۆیان بە تاکە حیزب نەزانیوە و ئازادی و مافی لایەنەکانی تر و گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی تریان ڕەچاو کردووە. بۆیە بە پێویست نازانرێت خۆیان بە ناوێکەوە بناسێنن کە وەها نین. ڕەنگە خەڵک لە داهاتوودا سۆسیالیزمیان وەک ئایدۆلۆجیای گشتی قبووڵ نەبوو یان پاش ماوەیەک لایەنێکی بەرانبەر وەک لیبراڵ یان هەرچی سەرکەوت. قبووڵ کردنی دێمۆکراسی ئەوەی بەدواوە دەبێت و بە مانەوە لە چوارچێوەی یەک ئایدۆلۆجیا سنووردار ناکرێتەوە.
هەرچۆنێک بێت، جەخت لەسەر سۆسیالیزم و کردنی دێمۆکراسی بە پاشگرێکی ئەوە لەلایەن حیزبێکی دێمۆکراتەوە دەتوانێ کێشەساز بێت، گەرچی ڕەنگە ئەو داواکارییە بۆ حیزبەکانی تر وەها نەبێت. چون لەلایەک دێمۆکراسی بەرینتر و گشتیترە و نابێت سنووردار بکرێتەوە بە چەمکی لەخۆ بەرتەسکتر و لەلایەکی ترەوە لەو گرێدانەدا قبووڵکردنی سۆسیالیزم وەک ئایدۆلۆجیی سەرەکی، سنووردارکردنەوەی ئازادی ئایدۆلۆجییەکانی ترە و بەوجۆرە لەدژی دێمۆکراسی دەبێت. دیارە داهاتووی کوردستان پێویستی بە جەختی زیاتر لەسەر دێمۆکراسی دەبێت تاکو لایەنی سۆسیالیستی-مارکسیستی. ئەگەر لایەنی باوەڕی مارکسیستی زانستیی دکتۆر ڕەچاو نەکرێت، لەڕاستیدا بە ڕەچاوکرکردنی ئەو خاڵانەی سەرەوە و تایبەتمەندییەکانی سۆسیال دێمۆکراسی، و هەروەها باوەڕی دکتۆر بە دێمۆکراسی، دەرکەوتەی سۆسیالیزمی دێمۆکراتیکی حیزبی دێمۆکرات هەر ئەو سۆسیال دێمۆکراسییەیە یان باشترە وابێت. پاساوهێنانەوە بۆ جیاکردنەوەی لە سۆسیال دێمۆکراسی و جەخت لەسەر مانەوەی لەکاتێکدا پێوەندیی بە دۆخی ئێستاکەی کوردەوە نییە، ڕەنگە چەندان قازانجێکی نەبێت چون هەرچی بێت بنەماکەی سۆسیالیزمە و بەجۆرێ دێمۆکراسی ناوخۆیی دەکاتەوە و سنوورداری دەکاتەوە بە چوارچێوەی ئایدۆلۆجیای چەپ و سۆسیالیزمەوە کە ئێستا بەتایبەت لەو حیزبەدا بە کردەوە کەس ئەوەندە باوەڕی پێی نییە. هەروەها، دانانی قورسایی چەمکەکە لەسەر سۆسیالیزم، لە خۆیدا هەموو لایەن و گروپەکانی کۆمەڵگا و تەنانەت ئەندام و لایەنگرانی ئەو حیزبە لەبەر ناگرێت و بەوبۆنەوە هەم لەدژی داواکاریی دیمۆکراسی و هەم لەدژی سێکیولاریزمی حیزبە. بۆ میناک، سۆسیال دێمۆکراسی زیاتر دەگونجێت لەگەڵ دروشمی ستراتیژیکی خودی حیزبیش واتە “دێمۆکراسی و فێدڕاڵی بۆ ئێران”. لەڕاستیدا بەپێی “سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک” ئەو دروشمە پێشتریش دەبوا “سۆسیالیزم بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان” بوایە. هەرچۆنێک بێت، ڕەچاوکردنی سۆسیال دێمۆکراسی بەجۆرێ ئەو ناکۆکییانە چارەسەر دەکات.
هەروەها کە ئاماژە کرا، لە نێوان سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک و سۆسیال دیمۆکراسیدا ئەوەندە جیاوازیی و سنوورێکی دیار نەبووە یان لە کۆتاییدا ئەو سۆسیالیزمە بەرەو سۆسیال دێمۆکراسی ڕۆشت بە جۆرێ کە لە هەندێ دەقدا کاتێک ئاماژە بە سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک دەکرێت مەبەست سۆسیال دێمۆکراسییە. بۆیە بەتایبەت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیی چەمکەکان، باشتر وابوو کە لە حیزبی دێمۆکراتیشدا هەوڵی جیاکردنەوەی تەواو و بەجۆرێ بەرگیری لە ڕۆشتن بەرەو سۆسیال دێمۆکراسی نەدرایە. سۆسیال دێمۆکراسی ئایدۆلۆجیایە و ناکرێ دابەزێندرێت بۆ حیزبە سۆسیال دێمۆکراتەکانی ڕۆژئاوا کە پێڕەوی دەکەن. ئەگەر سەرنجی تێپەڕین بەرەو سۆسیال دێمۆکراسی نەدرێت، ئەوا بەردەوام دەبن لە سنووردارکردنی دیمۆکراسی لە چوارچێوەی سۆسیالیزمدا. کەواتە مادام کە وەک بەرنامە بۆ داهاتوویە، باشتر وایە کە سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک وەک سۆسیال دێمۆکراسی ڕاڤە بکرێت یان بگۆڕدرێت بە سۆسیال دێمۆکراسی کە ڕەنگە ڕاهاتووتر بێت بۆ کوردستان. بەوشێوەیە ڕەنگە ئامانج و بەرنامەیەکی گونجاوتر و خاوەن توانستی گۆڕان ڕەچاو بکرێت و هەلی دوابینییەکی باش بۆ سیستەمی ڕەچاوکراو بڕەخسێت و بوار بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی لە کوردستانیشدا زیاتر خۆش ببێت.
داهاتووی کوردستان پێویستی بە دێمۆکراسییەکی سێکیولار، پلورال و دادپەروەر هەیە کە ڕەنگە لە هەمووی گونجاوتر سۆسیال دێمۆکراسی بێت کە تێیدا هەم دێمۆکراسی تەوەرەی سەرەکییە و هەم سەرنجی لایەنی سۆسیال دەدرێت و بەوجۆرە حیزبیش دەتوانێ داواکاریی چەپ بوونی بۆ هەندێ مەبەست بپارێزێت. وەک ئاماژە کرا، ئەو پاساوانەی کە لە کاتی خۆیدا ڕەنگە دکتۆر قاسملوو پشتی پێ بەستبێتن تاڕادەیەکی زۆر نەماون. کەواتە بە ڕەچاوکردنی دۆخی هەنووکە و داهاتوو و شیکردنەوەی چەمکەکان، ڕەنگە پێداچوونەوە بە سەر بەرنامەی ڕەچاوکراوی “سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک” بۆ داهاتووی کوردستان پێویست بێت. بۆیە هەروەک ئەو بەرنامەیە لە پێشدا وەک ئامانجی حیزب بوونی نەبوو، ئێستاش دەکرێ بگۆڕدرێت و پێداچوونەوەی بەسەردا بکرێت و لە چەمکی ناکۆکی سۆسیالیزم-تەوەری “سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک”ی داهاتوو بەرەو ئایدۆلۆجیایەکی ڕوونتری دێمۆکراسی-تەوەر هەنگاو هەڵگیردرێت و بیر لە بەرنامەیەکی دیار و ڕاهاتووتر بکرێتەوە کە چاکتر دێمۆکرات بوون و باوەڕ بە دێمۆکراسی پیشان بدات.
ژێدەرەکان
[1] جێی ئاماژەیە کە بە گشتی لیبرالیزم بە بەراورد لەگەڵ سۆسیالیزم، پۆتانسییەلی نەرمونیانتری بۆ گۆڕان هەیە، بەتایبەت بە هۆی ئەو ئازادییەی کە تێیدا دەکرێ بۆ بابەتەکانی تر هەوڵ بدرێت. بۆیە لیبرالیزمی دێمۆکراتیک زووتر وەک لیبراڵ دیمۆکراسی دەرکەوت چونکو سنووردارکردنی دێمۆکراسی لە چوارچێوەی لیبرالیزمدا بوو، بەڵام لیبرال دێمۆکراسی خۆی ئایدۆلۆجیایەکی جیاوازە کە کۆمەڵگای مەدەنی بۆی گرنگایەتیی هەیە. لەڕاستیدا مەبەست لە لیبرالیزمی دیمۆکراتیکیش هەر لیبراڵ دێمۆکراسی بوو و بەو رێگایەدا چوو. مەبەستی سەرەتایی لیبرالیزمی دێمۆکراتیک بە دیمۆکراتیک کردنی لیبرالیزم و بەشداریی خەڵک لە دەسەڵات و لیبرالیزمدا بوو، واتە دەرگیرکردنی خەڵک لە سیاسەت لە دەرەوەی هەڵبژاردنەکان. هەرچۆنێک بێت ئەوەی وەک هەژموونی لێهات لە زار و لە کاردا لیبراڵ دێمۆکراسی بوو. لیبراڵ دێمۆکراسیش گەرچی لە ژێر کاریگەریی بنەماکانی لیبرالیزم واتە پشتگیریی لە مافەکانی تاکدا بووە، بەڵام ئایدۆلۆجیای جیاواز بووە. چەمکی لیبڕاڵ دێمۆکراسی جۆرێک چاند یان کۆمەڵگای مەدەنی، بریتی لە ئابووری و شێوەژیان، وەسف دەکات. گەرچی لیبڕاڵ دێمۆکراسی لە دڵی لیبرالیزمەوە هەڵقوڵیوە، وشەی “لیبڕاڵ” لە “لیبڕاڵ دێمۆکراسی”دا بەو واتایە نییە کە حکوومەتی وەها دێمۆکراسییەک دەبێت رێک ئایدۆلۆجیای لیبرالیزم پێڕەو بکات، بەڵکو خۆی ئایدۆلۆجیایەکی تاڕادەیەک جیاواز و چاکسازی کراوە. ئامانجی لیبڕاڵ دێمۆکراسی ئازادیی بێ سنوور نییە، واتە ئازادی بە واتای ئازادیی نەرێنی یان بێ یاسایی و زیان گەیاندن بە ماف و ئازادیی دیتران نییە. بە شێوەی ئاسایی هەبوونی چینێکی مامناوەند و کۆمەڵگای مەدەنی وەک پێشمەرجەکانی لیبڕاڵ دێمۆکراسی دیاری کراون. ئەم ئایدۆلۆجیایە لە رێگای رەوتی سیاسیی رکابەرانە و هەڵبژاردنە گونجاو، ئازاد و رکابەرانەکانی نێوان چەندین حزبی سیاسیی جیاواز، جیاییی دەسەڵاتەکان، سەروەریی یاسا لە ژیانی رۆژانە وەک بەشێک لە کۆمەڵگای ئازاد، و پشتگیری بەرابەر لە مافەکانی مرۆڤ، مافە مەدەنییەکان، ئازادییە مەدەنییەکان، و ئازادییە سیاسییەکان بۆ هەموو کەسێک دیاری دەکرێت.