ئارامتر بخوێنەوە!
وتووێژ لەگەڵ
مامۆستا عەبدوڵا حەسەنزادە
ژیاننامە
عەبدوڵڵا حەسەنزادە، کوڕی حەسەن، ساڵی ١٩٣٨ لە گوندی سیسێری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە و لە منداڵییەوە خراوتە بەر خوێندنی مەدرەسەی مەلایەتی و ئیجازەی مەلایەتیی وەرگرتووە و ٧ ساڵ لە دوو دێ دەرسی گوتۆتەوە.
لە تەمەنی لاوییەتییەوە پەیوەندیی بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە کردووە و بەشدار بووە لە زۆربەی چالاکییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ماوەی سێ دەورە جێگری سکرتێر و سێ دەورەش سکرتێری گشتیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بووە.
یەکێک لە قەڵەمە دیار و وەرگێڕەکانی کوردە کە خاوەنی زمان و شێوەی وەرگێڕانی تایبەتی خۆیەتی، پتر لە پازدە بەرهەمی نووسراو و وەرگێڕدراوی لە کتێبخانەی کوردیدا هەیە. بەشێک لە بەرهەمە ناسراو و وەرگێڕدراوەکانی ناوبراو: (حەمەدۆک، بیرەوەریی دوورخراوەیەک، دان چەرمو، گێلە پیاو، نزا بۆ ئارمین، کوردستان و کورد) …….هتد.
لە ماوەی ژیانیدا دەیان خەڵاتی ئەدەبی و فەرهەنگیی پێ بەخشراوە کە یەکێک لەوان دوکتۆرای ئیفتیخاری لە بواری وەرگێڕان لە زانکۆی کۆیە و هەروەها ئەندامەتیی ئیفتخاری لە ئاکادیمیای کوردی بوو. لە چوار دەیەی کۆتاییی سەددەی بیستەمدا هاوڕێیەتی و ئاشنایەتی و تێکەڵاویی لەگەڵ مەسعوود محەممەد، د. عێزەددین مستەفا ڕەسووڵ، د. کەمال مەزهەر و زۆری دیکە لە گەورە نووسەرانی باشووری کودستاندا هەبووە.
ئێستا سەرقاڵی نووسین و وەرگێڕانی بەرهەمی ئەدەبییە.
سڵاو و ڕێز مامۆستا گیان هیوادارم کە باش بێت، سپاس بۆ ئەم دەرفەتە کە بۆ گۆڤاری تیشک ڕەخساندووتە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بگەینە خزمەتت و چەند پرسیارێک تاوتوێ بکەین.
سپاست دەکەم، ئیشەڵڵا ئێوە سەرکەوتوو بن و دەستتان خۆش بۆ ئەو گۆڤارە جوانە کە چەند ژمارەیەکتان لێ دەرکردووە، تیشک کۆنە بەڵام بە شێوەی ئێستای تازەیە.
تیشک: مامۆستا گیان با پرسیارەکان لە کۆنەوە دەست پێ بکەین. حیزبی دێموکڕات لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بایەخێکی زۆری بە ڕەهەندی فەرهەنگیی کوردستان دا، دواتریش لە هەر باسێ کە ڕوو بە تاران دووپاتی کردووەتەوە، پێداگر بووە لەسەر ئەو بابەتە. هۆکارەکەی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
عەبدوڵا حەسەنزادە: بە باوەڕی من باشتر وایە بڵێین باری زمانی. چونکە فەرهەنگ دەتوانێ زۆر شت بگرێتەوە. هونەر بە هەموو بەشەکانییەوە، ئەدەبیات، کەلەپوور، پیشە دەستییەکان و دابونەریت و هتد… هەریەکە جۆگەلەیەکی ڕووباری فەرهەنگن. بەڵام بۆچی لە هەموو دەرفەتەکاندا ئاوڕ لە زمان و پێشخستنی زمان و هەوڵی بەڕەسمیناسرانی زمانی کوردی دراوە؟ لە تاریفی نەتەوەدا دەگوترا نەتەوە بە کۆمەڵە خەڵکێک دەڵێن کە خاوەنی خاکی هاوبەش، مێژووی هاوبەش، زمانی هاوبەش و دابونەریتی هاوبەش بن و هێندێ جار ئابووریی هاوبەشیشی لێ زیاد دەکرا. واتە کۆمەڵگەیەکی ئینسانی، ئەو کاتە دەتوانێ خۆی بە نەتەوە بزانێ کە خاوەنی هەمووی ئەو تایبەتمەندییانە بێ. دیارە نەتەوەی کورد هەموو ئەو هاوبەشییانەی هەیە جگە لە ئابووریی هاوبەش، ئەویش بەو هۆیەوەیە کە کورد خۆی و خاکەکەی بەدوور لە ویستی خۆی لە نێو چەند وڵاتدا دابەش کراوە و ئابوورییەکەی لە هەر بەشێکی کوردستان، پاشکۆیەک لە سیستەمی ئابووریی وڵاتەکە بووە.
لە نێو ئەوانەدا نەخشی زمانی هاوبەش لە یەکیەتیی نەتەوەییدا لە هەموو مەرجەکانی دیکە کاریگەرترە. چونکە زۆر جار کۆمەڵە مرۆڤێک لە یەک وڵاتدا دەژین، مێژووی پێگەیشتنیان یەکە، ئابوورییەکی بەیەکەوەبەستراویان هەیە و لە ئاکامی سەدان و هەزاران ساڵ پێکەوەژیاندا دابونەریتی هاوبەشیشیان بۆ دروست بووە، بەڵام مادام زمانەکەیان هاوبەش نییە، خۆیان بە یەک نەتەوە نازانن و نامۆیی لە یەکتر دەکەن. هەر وڵاتانی کوردنشین بە نموونە بگرین، کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا ڕیزە فاکتەرێکی هاوبەشی دەگەڵ هاونیشتمانە غەیرەکوردەکانی هەیە، بەڵام چونکە زمانەکە یەک نییە خۆی بە بەشێک لەو گەلانە نازانێ و هاونەتەوەکانی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتانەدا دەبینێتەوە.
بە پێچەوانەی ئەوەش، زۆر وایە کۆمەڵە مرۆڤێک ڕیشەی نەتەوەیی و مێژووی کۆنیان بۆ نەتەوەیەک دەگەڕێتەوە بەڵام چونکە زمانەکەیان گۆڕاوە دەگەڵ هاوزمانە تازەکانیان هەست بە یەکیەتیی نەتەوەیی دەکەن. نموونە بە سەیدەکانی کوردستان بێنینەوە، ئەگەر بگەڕێینەوە بنەچەکە، ئەوان لە ئەولادی حەسن و حوسێنن و لە ڕیشەدا عەرەبن، بەڵام کە لێرەن و زمانیان کوردییە، بە سەیدێک بڵێی ئەتۆ کورد نی، بە گژتدا دێتەوە. کوردێک لێرە هەڵگرە بیبە هەر وڵاتێکی بێگانە، هەتا ئەو وەختەی زمانەکەی خۆی لەبیرە، دەگەڵ ئەوەی لە خاکەکەی نەماوە، پێوەندییە هاوبەشەکەی دەگەڵ هاوخوێنەکانی نەماوە، نەوە و نەتیژەشی هەر کوردن. بەڵام کە زمانەکە لەبیر چووەوە، نەسلەکانی دوایی ئەوپەڕەکەی وەک لە زمانی فارسیدا دەگوترێ خۆیان بە «کوردتبار» واتە بەڕەگەز کورد دەزانن.
کە وابوو، میلاکی سەرەکی بۆ بوونی کۆمەڵە ئینسانێک بە نەتەوە، زمانە. خۆ دەزانین لە کۆنیشەوە لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا نەتەوەی کورد لە مافی بەکارهینانی زمانی خۆی بێبەش کراوە. بۆیە لە هەموو دەرفەتەکاندا، هەوڵدان بۆ ئەوەی زمانی کوردی بەکار بهێنرێ و بەتایبەتی بەڕەسمی بناسرێ، لە جێی خۆیدا بووە. ئەگەر تەماشا بکەین دەبینین یەکەم ڕۆژنامەی کوردی (کوردستان) لە تاراوگە دەردەچێ،یانی ڕووناکبیرانی کورد وەک هەوڵێگ بۆ ئەوەی زمانی خۆیان بەکار بەرن، دەچن لە هەندەران ڕۆژنامەی کوردی دەردەکەن. کەوایە تەئکیدکردن لەسەر بەڕەسمیناسرانی زمانی کوردی لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە جێی خۆیدا بووە و ئیستاش هەر لە جێگای خۆیەتی.
تیشک: مامۆستا “عەبدوڵڵا پەشێو” کە پێموایە دۆستی نزیکی بەڕێزیشتانە لە نەوەدەکاندا وتوویەتی: ڕۆژنامەی کوردستان پارێزەری زمانی کوردییە. ئایا ئیستاش زمانی کوردیی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات لەو ئاستەدایە؟
عەبدوڵا حەسەنزادە: هێندێک جار ناخۆشە پیاو بیروباوەڕی خۆی دەرببڕێ بەتایبەتی لەسەر بابەتێک کە پێوەندیی بە خۆیەوە هەیە و هی خۆیەتی. ئەوەی مامۆستا پەشێو لە نەوەدەکاندا گوتوویەتی جێی دڵخۆشییە، بەڵام لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا شتی زۆر زیاتریش لەسەر ئەوە هەبوو. گەورە نووسەرەکانی باشووری کوردستان یان بڵێین کوردستانی عێراق دەیانگوت ئەو مەتڵەبەی لە ڕۆژنامەی کوردستاندا چاپ دەکرێ ئێمە لەمێژە خوێندوومانەتەوە، لە مێژە بیستوومانە. بەڵام ڕۆژنامەی کوردستان دەخوێنینەوە بۆ ئەوەی زمانەکەی لێ فێر بین. ڕەحمەتی “محەممەدی مەلا کەریم” بۆ خوێندن چووبووە شووڕەوی، لەوێڕا نامەیەکی ناردبوو بۆ ئەوەی لە ڕۆژنامەدا چاپ بکرێ. نووسیبووی ژیان لێرە زۆر ناخۆشە، لەم دووروڵاتە تەنیا بەوە دەژیم کە چاپەمەنیی کوردیم بۆ دێ، سپاسی ئەوانەی کردبوو کە بۆی دەنێرن. پاشان گوتبووی بەڵام باشە ئەو زمانە بۆ وای لێهاتووە؟ ناوی چەند کەسی بردبوو، بە تەوازوعەوە دەڵێم یەکیان ئەمن بووم، نووسیبووی ئەمانە نەماون، حەسەنی قزڵجی نەماوە، هەژار نەماوە، هێمن نەماوە، ئەوی دی نەماوە؟ بۆ ناچن زمانیان لێ فێر بن؟ یانی گەورە نووسەرەکان قەبووڵیان بوو کە زمانی ڕۆژنامەی کوردستان زمانێکە دەبێ لێی فێر بن. بەڵام زۆر بە داخەوە دەڵێم نەخێر زمانی ڕۆژنامەی کوردستان و ئەدەبیاتی حیزبی دێموکرات کە دەڵێم حیزبی دیموکرات ناوی تەواوی ناڵێم بۆ ئەوەیە دێموکراتەکە بە تەواوی بگرێتەوە، بەداخەوە زمانەکە لەو ئاستەدا نابینم.
یانی ئەگەر جاران ڕووناکبیرەکانی کوردی باشوور دەیانویست لە «کوردستان» فێری کوردی بن، ئیستا نووسەرەکانی ئێمە لەوانی باشوور فێر دەبن،ئەویش نەک لە کوردی زانەکان، بەڵکوو لە کوردی نەزانەکان، بەتایبەتی شتی سەیریش! بۆ نموونە کوردی ئێمەش دەڵێن: “کوجا مەرحەبا”! کجا مرحبا فارسییەکی غەڵەتە. بەداخەوە پیاوێکی گەورە بەکاری هێناوە. یەکەمجار گۆرانی مەزن بەکاری هێنا! بەڵام کوجا مەرحەبا یانی چی؟ فارس دەڵێ «کجا بر کجا»، تۆمەز لە ڕادیۆ گوێی لێ بووە، لە «بەرکوجا»کەی حاڵی نەبووە، بە مەرحەبای نووسیوە. کورد دەڵێ “چیی بەسەر چییەوە”، فارس دەڵێ “کجا بر کجا”، عەرەب دەڵێ “این هذا من ذاک” کەچی ئیستە ڕووناکبیرەکانی ئێمەش “کوجا مەرحەبا” بەکار دێنن. ڕووناکبیرەکانی ئێمەش دەنووسن، شەڕەنگێز، ڕووناکبیرەکانی ئێمەش دەنووسن ئامادەباشی، ئامادەباش فارسییە، بەڵام کەلیمەکە ئامادەباشە نەک ئامادەباشی، ئەوە نموونەیەکە لە دەیان و سەدان و بەداخەوە هەزاران نموونە، بۆیە بە هەموو داخمەوە دەڵێم زمان و ئەدەبیاتی میدیای حیزبی دێموکرات، ئێستا لەو ئاستەدا نەماوە.
تیشک: لە شاخ ڕادیۆ دەنگی کوردستانتان دامەزراند، بە پەسەندی دۆست و دوژمن میدیایەکی ڕاستگۆ بوو، ئەو سەردەمە خەباتی چەکداری و پاراستنی نهێنییەکانتان چۆن لەگەڵ میدیا یەک دەخستەوە؟
عەبدوڵا حەسەنزادە: ئەمن پێموایە ئەم دووانە ناتەبایییان لەنێودا نییە، چونکە کاروباری خەباتی چەکداری دوو بەشی هەیە. بەشێکی نەخشەداڕێژییە، کە تەبیعەتەن بەنهێنی دەکرێ، بەشەکەی دیکەی عەمەلییە، تەقەی تفەنگ و شەستیر و ئاڕ پی جی و تۆپ و تەیارە و ئەوانەیە کە بە ئاشکرا دەبیسترێ، کەوابێ، شتە نهێنییەکە لە کاری چەکدارانەدا نەخشەداڕشتنە کە عادەتەن لە بەینی چەند فەرماندەدایە، بەڵام بەڕێوەبردنەکەی شتێک نییە کە نهێنی بێ، عەلەنییە. لە پاشان کاری حیزبییش هەر دەبێتە دوو بەش. بەشی زۆری بۆ ڕاگەیاندن و کارپێکردنە و بەشی کەمتری نهێنییە. بۆ وێنە، کۆمیتەی ناوەندیی حیزب، ڕێبەرییەکەی، ئۆرگانێکی دیکەی کۆ دەبێتەوە و بڕیار دەدا، ئەو بڕیارە لە سەدا پێنجی وایە کە دەبێ نهێنی بێ، ئەوی دیکەی بۆ ئەوە نییە لە زەین و مێشکی چەند کەسدا قەتیس بێ. بۆ ئەوەیە خەڵک بیزانن، دەبێ وابێ کە هەموو کەس بیزانێ. زۆر جار لەسەر نهێنیکاریی تێکۆشەرانی حیزبی، ئێمەش و حیزبی دیکەش بە هەڵە دەچن، پێیان وایە هەموو شتێک دەبێ نهێنی بێ. نەخەیر، لە سەدا یەکی ڕەنگە نهێنی بێ، ئەوی دیکەی دەبێ خەڵک بیزانێ. مەبەستم ئەوەیە ئەو دووانە پێکەوە ناتەبا نین، دەتوانرێ هەر دووکیان لە یەک کاتدا بەڕێوە بچن. با لێشی زیاد بکەم کە کاری میدیا بەشی هەرە زۆری گەیاندنی شتە ئاشکراکانە.
تیشک: لە سەردەمی خەباتی چەکداریدا وتاری ڕۆژتان لە ڕادیۆی دەنگی کوردستان بڵاو کردووەتەوە، کە بەشی زۆریان، بەڕێزتان و شەهید دوکتور “سادق شەرەفکەندی” نووسیوتانە. ئەو بەرنامەگەلە چۆن بوون و بە چ شێوەیەک ئیدارە دەکران؟
عەبدوڵا حەسەنزادە: دیارە ئەوەی دەفەرموون ڕاستە، بەڵام هەر کامەیان بۆ دەورانێک، یانی ئەو وەختەی ئەمن بەرپرسی بەشی تەبلیغات بووم، ئەمن نووسیومن و ئەو کاتەی کاک دوکتور سەعیدی ڕەحمەتی، یان کەسێکی دیکە بەپرسی بووە، ئەو نووسیونی. زۆر بەکەمی ڕەنگە ڕێکەوتبێ کەسانێکی دیکەش نووسیبێتیان. ئەو وەختەی ئەمن بەرپرس بووم زۆر وەختان، ڕادیۆ و ڕۆژنامە لە جێیەک بوون کە هیچ ئۆرگانێکی دیکەیان بە دەورەوە نەبوو، مەسئوولییەتەکەی دەکەوتە سەرشانی من. ئێمە ئەو وەختە عەمەلیاتی چەکدارانەی زۆر پانوبەرینمان بە دەستەوە بوو، بۆیە بەشێکی ڕادیۆ، بەشێکی ڕۆژنامەش بۆ ئەخباری مەربووت بە عەمەلیاتی پێشمەرگە تەرخان دەکرا، کە ئەوە مەسئوولییەتەکەی لەسەر شانی من نەبوو. ڕەحمەتی کاک تەها عەتیقی ئامادەی دەکرد و لە ڕادیۆ دەخوێندرایەوە و پاشان پوختەیەکی لە ڕۆژنامەدا بڵاو دەکرایەوە. بەڵام ئەوەی دیکە کە تەفسیری سیاسی بوو عادەتەن لە هەفتەدا شەش ڕۆژ دەنووسرا. دەتوانم بڵێم لە سەدا ٩٥ ی بگرە پتریشی هەر ئەمن دەمنووسی، پیاو کە لەنێو جەرگەی کارێکدایە، کارەکەی زۆر بۆ ئاسانە، هەموو ڕۆژێ کە تەفسیری سیاسیم دەنووسی، یان سەعات چوار و پێنجی ئێوارە دەمنووسی و دەمدانێ! یان ئەگەر لەبەر دەلیلێک، لەبەر سەفەرێک بۆم نەکرابایە، بەیانی لەسەر نان و چای بەیانی دەمنووسی. شتێکی زۆر سەرنجڕاکێشیش لەم بارەیەوە بڵێم، ئەوە ئارشیوەکەی ماوە. هەموو جارێ تەفسیرەکان دوو لاپەڕە بوون لە دێڕی یەکەمی لاپەڕی یەکەم دەستی پێدەکرد و لە دێڕی ئاخری لاپەڕی دووەم کە جێی خەتێکی دیکەی نەدەما تەواو دەبوون. یادی بەخێر بێهروز کوردئەحمەدی لە ڕادیۆ دەیخوێندنەوە، دەیگوت زۆر سەیرە، هەموو جارێ کە ئەم تەفسیرانە دەخوێنمەوە یان دە دەقیقە و نیو، یان یازدە دەقیقە دەگرێ، لەوە پتر نابا. باوەڕ کە شەش وتار لە حەوتوودا بۆ من زۆر ئاسانتر بوو لەوەی ئیستا داوام لێبکەن وتارێک بنووسم، چونکە ئەو کاتەی مرۆڤ لە نێو کارەکەدایە، ئەوەڵەن مەسئوولە و مەجبوورە تەعقیبی ئەخبار بکا، ڕادیۆی دیکە بگرێ، ڕۆژنامەی دیکە بخوێنێتەوە. باوەڕ کە نازانم ئەوەڵ جارەکان، دەنا قەت ئیحساسی قورساییم نەکردووە.
تیشک: چەندین ساڵ ڕۆژنامەی کوردستان ناوی بەشێک لە نووسەرانی بڵاو نەدەکردەوە، ئایا ئەمە جۆرێک پێشێلکردنی مافی نووسەرانی نێوخۆ نەبوو؟
عەبدوڵا حەسەنزادە: دەکرێ بڵێین نا، چونکی ئەو وەخت بڕیاری حیزبی ئەوە بوو، کە حیزب لە هەموو ئەو وتارانەی لە ڕۆژنامەکەیدا بڵاو دەکرێنەوە بەرپرسە. یانی ئەوەی پێی دەڵێن ڕای ئازاد، ئەو وەختی لەنێو حیزبدا نەبوو. قەزییەکە ئەوە بوو هەرشتێکی دەنووسرێ نەزەری نووسەرەکە نییە، نەزەری هەمووان و نەزەری حیزبە. کەوا بێ پێویست ناکا ناوی لەسەری بنووسرێ. ئەگەر لە بیریشم بێ، ئەو دەورانە کەسیش داوای نەدەکرد و هەستیشی بەوە نەدەکرد کە زوڵمی لێ کراوە، ناحەقیی لێکراوە. بەڵام لە بارێکی دیکەوە دەتوانین بڵێین بەڵێ! ئەو کەسەی کارێک دەکا، حەقی خۆیەتی کە ناوی لەسەری هەبێ، هەرچەند ئەوە لەسەر خودی من وا نییە، بە لانی کەمەوە لە سەدا ٩٥ی هەرچی نووسیومە یان بێ ناوە، یان ناوێکی خوازراوی لەسەرە. لە ڕاستیدا ئەو شتانەی بەناوی خۆمەوە بڵاو بوونەوە، یان وتووێژن، یان ئەو قسانەن کە لە بۆنەیەکدا بۆ خەڵکم کردوون، یان لە هێندێ حاڵەتی دەگمەندا بە پێچەوانەی مەیلی خۆم ناومیان لەسەر نووسراوە. تەنانەت هێندێ جار گلەییم لە ڕۆژنامە و ڕادیۆ کردووە کە بۆچی بابەتەکە بە ناوی منەوە بڵاو دەکەنەوە، بۆ بەناوی من بێ؟ ئەمن بۆخۆم وا بووم. بەڵام لە ساڵەکانی ١٣٧٢-١٣٧٣دا ئەو ڕایە هاتە پێشەوە کە تەنیا ئەوەی وەک سەروتار دەنووسرێ، حیزب بەتەواوی لێی مەسئوولە. وتارەکانی دیکە دەکرێ بەناوی نووسەر بن، مەسئوولییەتەکەشی بەشێکی بکەوێتە سەرشانی ئەو. با ئەوەش بڵێم کە هێندێ جار ئەم شێوەکارە مشکیشی تێدا دەکوژرێ، حیزب هەیە وتارەکان بەناوی نووسەرانەوە بڵاو دەکاتەوە. جا ئەگەر شتەکە گرتی دەڵێ بۆچوونی حیزبە و ئەگەر نەیگرت دەڵێ بیروڕای نووسەر خۆیەتی.
بەهەرحاڵ، لەو وەختی ڕا پەسەند کرا کە ئازاد بێ، ئەو کەسەی پێی خۆشە ناوی خۆی بنووسی و کەسێکیش پێی خۆش نییە ناوی نەنوسرێ. جا ئێستە شتێکی تازەش هەڵکەوتووە، کە لانیکەم لە ڕۆژنامەی حیزبیدا ئەمن بە دروستی نازانم. سەروتارە بەڵام ناوی نووسەرەکەی لەسەرە، سەروتار یانی ڕەئیی حیزبە، خۆ دیارە ڕەئیی حیزب، هەر دەبێ کەسێک بینووسێ، خۆ حیزب ناینووسێ، حیزب ئوسوولەن وجوودی نییە، دەوڵەت وجوودی نییە، ئەوانە مەوجوودێکی فەڕزین، ئەوەی کە هەیە ئینسانەکانن، بەیانییەی حیزبی یەکێک دەینووسێ بەڵام ئیمزای کەسی پێوە نییە، سەروتاریش وایە. کەچی ئێستە دەبینی سەروتارە بەڵام ناوی لەسەرە. لەبارەی سەروتارەوە حەز دەکەم دوو شتی دیکەش باس بکەم. هێندێ کەس پێیان وایە یەکەمین وتاری لاپەڕی یەکەمی ڕۆژنامە سەروتارە، لە حاڵێکدا وا نییە، دەکرێ ژمارەیەکی ڕۆژنامە سەروتاری هەر نەبێ. وتاری یەکەم سەروتار نییە، وەختێک مەسەلەیەکی تازە دێتە پێش، حیزبی سیاسی یان دەوڵەتێک هەڵوێستی لەسەر دەردەبڕێ، وتارێک کە ئەو هەڵوێستەی تێدایە سەروتارە. وا باوە لە چاپیشدا کادری بۆ دادەنرێ، بە پیتی ڕەش دەنووسرێ و بە جۆرێک جودا دەکرێتەوە. بەپێچەوانەش دەکرێ لە ژمارەیەکدا دوو یان سێ سەروتار هەبن. لە هەر بابەتێکدا شتێک دەنووسرێ وەک سەروتار. وەک گوتم سەروتار بە تایبەتی بۆ حیزبی سیاسی ناوی لەسەر نانووسرێ بۆ ئەوەی بزانرێ کە ئەوە ڕای حیزبە و ڕای نووسەرەکەی نییە.
تیشک: خودی بوونی ناوی خوازراو لە ئیعتبار یا لە قورسایی و ئەهەمییەت و لە مەفهوومی وتارەکە کەم ناکاتەوە؟
عەبدوڵا حەسەنزادە: لە ڕاستیدا ئەمە زیاتر لە مەسئوولییەتی نووسەرەکە کەم دەکاتەوە، جاری وا هەیە ئەگەر یەکێک لە ئێمە بیهەوێ شتێک بنووسێ لە ڕۆژنامەیەکی نێوخۆی وڵاتدا بڵاو بێتەوە لەبەر باری ئەمنییەتی ناوی خۆی نانووسێ، چونکە دەترسێ سانسۆرچییەکان یەخەی خاوەنڕۆژنامەکە بگرن یان ئەگەر کەسێک لەنێوخۆی وڵاتەوە مەقالەیەک بۆ تیشک دەنووسێ ناوی خۆی نانووسێ چونکە ئەگەر بینووسێ خەتەری ئەوە هەیە کە پێی بڵێن ئەتۆ بۆ لەگەڵ تیشکی ئورگانی حیزبێکی سیاسیی غەیرەقانوونی کار دەکەی؟ ئەوە پاساوی هەیە، بەڵام لە هێندێک جاردا نووسەر بۆ ڕاکردن لە مەسئوولییەت ناوی خوازراو بەکار دێنێ و نایهەوێ خۆی لێبکاتە ساحێب.
تیشک: مامۆستا وەک باس دەکرێت کە بەڕێزتان باوەڕتان بە یەکدەستکردنی زمانی کوردی هەیە. ئایا بەو تایبەتمەندییانەی کە زمانی کوردی هەیەتی ئەو پلانە زمانییە دەتوانێت سەرکەوتوو بێت یا سەر بگرێت؟
عەبدوڵا حەسەنزادە: جارێ ئەمن لەسەر ئەو تەعبیرە قسەم هەیە، ئەگەر باسی یەکدەستکردن بێ ئەمن قەت باوەڕم بە یەکدەستکردنی زمانی کوردی نییە، ئەمن باوەڕم بەوە هەیە کە زمانی کوردی وەکوو هەموو زمانەکانی دونیا دەبێ زمانێکی ستاندارد یان زمانی خوێندنەوە و نووسینی هەبێ. ئەگەر ڕۆژێک هاتینە سەر ئەوە کە ئەو زمانە چۆن دروست بێ، ئەمن ڕای خۆم هەیە و خەڵکی دیکەش ڕای خۆیان هەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا دەیڵێم ئەسڵی مەسەلەکەیە. با ئێمە چاوێک لە دەرووبەرمان بکەین، ئەمن هیچ لە تورکی نازانم، بەڵام هەردووکمان لە فارسی دەزانین، مەنتەقەکانی ئێران بگرە، زۆرجار ئەگەر بە زاراوەی مەحەللی قسە بکەن بە زەحمەت لە یەکتر حاڵی دەبن، کەچی هەموو ئێرانییەکان -غەیرە فارسەکانیشیان لەگەڵ بێ- بە یەک زمان دەنووسن، چونکە زمانەکانی دیکە ئازاد نین. بەڵام خەڵکی هەر ناوچەیەک بە شێوەزاری خۆیان نانووسن و بۆیە هەموویان لێک حاڵی دەبن. عەرەب نەک وڵاتێک، ٢٢-٢٣ وڵاتی هەیە، لەهجەکانیان ئەوەندە لەیەک دوورن، باوەڕکە لە وڵاتێکی وەک عێراقدا کە وڵاتێکی عەرەبی نییە بەڵام عەرەبی تێدا هەیە و عەرەب و کوردی تێدا دەژین، لەهجەی مووسڵ و لەهجەی بەسرە ئەوەندە لێک دوورن ئەگەر خەڵکەکەیان بە لەهجەی مەحەللی پێکەوە قسان بکەن موشکلی لێک حاڵیبوونیان دەبێ. بەڵام ٢٢ دەوڵەت بە زمانێک دەنووسن کە هەموو لە یەک حاڵی دەبن. جا ئەمە باسێکی دوورودرێژە، بەڵام ئەمن باوەڕم بەوە هەیە کە ناکرێ میلـلەتی کورد بێزمان بێ، ئێستا بێزمانە، ئێستە لە وڵاتی ئێمە، لە تورکیە و لە سووریەی ژێر دەسەڵاتی ئەسەددا زمانی کوردی پێی ناخوێندرێ، بەڵام لە باشووری کوردستان یان کوردستانی عێراق ئەو حەقە هەیە کە کورد بۆخۆی ساحەبی قەزییەکەیە، یەکجار زۆر جێی داخە و پێم کارێکی زۆر ناڕەوایە کە کتێب و تەنانەت کتێبی دەرسییش بە دوو لەهجە دەنووسرێ، ئەوە میلـلەتی کورد بەش دەکا.
ئەمن یەک دوو نموونە دێنمەوە کە ئەم باسە کەمێک دڕیژ دەکاتەوە، زەمانی شای یەکەمجار لە تارانێ، ڕادیۆی کوردی کرایەوە، بەرنامەیەکیان هەبوو «وەرن پێکەوە کوردی فێر ببین»، ڕستەیەکیان بە چوار زاراوە دەگوت، بەڵام بەرنامەیەکیان نەبوو بڵێ «بیایید همە باهم فارسی بیاموزیم» کە ڕستەیەک بە چەند لەهجە بڵێن، چونکە ئێران دەیەویست کورد بەشبەش بێ، بەڵام نەیدەویست فارس بەشبەش بێ. ڕادیۆی مەحەلییان دانابوون، سەردەمێک کە ئێوە بەبیرتان نایە، هەموو لەشکرێکی سوپا دەبوو ڕادیۆیەکی مەحەللیی هەبێ، لە بیرمە لە خانێ دوو لەشکر هەبوون دوو ڕادیۆی مەحەللیی هەبوون. ڕووناکبیرێکی کورد چووبووە کن مەقامێکی مەسئوول لە تارانێ گوتبووی باشە ئەو هەموو هەزینەیە بۆ دەکەن؟ با یەک ڕادیۆ هەبێ لە جیاتی هەمووان قسە بکات، گوتبووی بەڵێ بەڵێ، دەتهەوێ زمانی یەکگرتوو بۆ کورد دروست بکەی؟ ئەو خورمایەی ئەتۆ دەیخۆی دەنکەکەی لە گیرفانی مندایە.
لە دەرورانی شەڕی ئێران و عێراقدا کە عێراق بە موشکلێکی زۆر گەورەی ئابووریدا تێدەپەڕی، دەوڵەت دوو ڕۆژنامەی دەردەکردن، یەکێکیان سەرپاک بە سۆرانی یەکێکیان سەرپاک بە بادینی، «ئاسۆ» و پێموابێ «سۆلاڤ». هەردووکیان بەخۆڕایی لە دەیانهەزار نوسخەدا بڵاو دەبوونەوە، بەڵام هەر ئەو وەختە سەدام حوسێن بڕیاری دابوو کە هیچ بەرپرسێک حەقی نییە لە کۆبوونەوەکاندا بە لەهجەی مەحەللی قسە بکا. ئەو دەیەویست عەرەب یەک نەتەوە بێ بەڵام کورد دوو بێت. کەچی ئیستا کوردەکە بۆخۆی ئەو کارە دەکا. مەسەلەکە ئەوەیە دەنا یەکدەستکردن مانای ئەوەیە هەموو وەک یەک قسە بکەن، ئەمن چۆن شتی وا دەڵێم؟ خۆ نەک هەر سۆرانی و بادینی و کەلهوڕی و هەورامی و هی تر، لەنێو سۆرانییەکانیشدا هەولێر و سلێمانی وەک یەک قسە ناکەن یەکدەستکردن بەوەی دەڵێن و ئەمن قەت باوەڕم بەو یەکدەستکردنە نەبووە و نییە .
تیشک: لەسەردەمی خەباتی چەکداری لەو قۆناغەی ناوچەی ئازادکراو لە ژێر دەستی حیزبدا بوو، قوتابخانەکانتان دامەزراند، سیاسەتی پەروەردەیی ئەو کاتەی حیزبی دێموکرات چۆن بوو؟ ئایا ئەو قوتابخانانە ئەو کات نەدەبوونە بارگرانی لەسەر شۆڕشەکە؟
عەبدوڵا حەسەنزادە: لە بەشی دووەمی پرسیارەکەوە دەست پێ دەکەم، دامەزراندنی ئەم قوتابخانانە، چاپی کتێب، دابینکردنی کەرەسەی خوێندن، پەیداکردنی جێوڕێ، تەئمینی مێز و سەندەڵی و هتد… هەموویان بارگرانییەکی زۆریان لەسەر حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەکە هەبوو، بەڵام دەبوو گوشارەکە زۆر لەوە زیاتریش بێ تەحەممول بکرێ. چونکە دەبوو منداڵی کورد لەو فرسەتە کە بۆی پێش هاتووە کەڵک وەربگرێ، دەبوو بۆی بڕەخسێ وەک دەڵێن: بە زمانی کوردی ناوی کورد و کوردستان و پێشمەرگە بنووسێ. کەوابوو ئەوە زۆر شتێکی پێویست بوو، هەزینەکەی دەبوو تەحەممول بکەین. ئەوە شتێک نەبوو کە خۆمانی لێ ببوێرین.
بەڵام لەباری ئەوەی کە حیزب سیاسەتەکەی چی بوو؟ ئەمن پێمخۆشە ئەوە عەرز بکەم کە حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی مەسئوول، لە قوتابخانەشدا، لە کتێبی مەدرەسەشدا ئەو سیاسەتەی بەڕێوە دەبرد کە لە شوعاری حیزب و لە بەرنامەی حیزبدا هەبوو. نموونەت بۆ بێنمەوە: لە کتێبی پۆلی یەکەمی سەرەتاییدا ئاڵای ئێران هەیە، دەرسێک هەیە دەڵێ ئێمە کوردین، ئێمە ئێرانیین. چونکە سیاسەتی حیزبی دێموکرات ئەوە بوو. زۆر شتی حیزبی دێموکرات میراتی دوکتۆر قاسملوویە یان بە ئەسڵ میراتی ” قازی موحەممەد”ە. چونکە قازی موحەممەد زۆر لە دوکتور قاسملووی ئوستادتر بووە، دوکتور قاسملوو خۆی بە شاگردی ئەو دەزانی، ئەو دەیگوت تەزادێک لە بەینی کوردبوون و ئێرانیبووندا نییە. ئێمە هەم کوردین هەم ئێرانیین. هەتا کاتێک دەوڵەتێکی کوردیمان دەبێ، ئێمە ئەو دوو هۆڤییەتەمان هەن. ئیستا -بەتایبەت لە دونیای دەرەوەدا- کابرا دەڵێ ئێمە ئێرانی نیین، کوردین. باشە، ئەمنیش دەڵێم کوردین بەڵام کامەمان پاسپۆرتێکمان لە گیرفاندایە کە نووسرابێ کورد؟ هۆڤییەتی ئێمە لە پاسپۆرتدا لە ناسنامەدا ئێرانی و تورک و عێراقی و سووری نووسراوە. هەڵاتن لەبەر ئەو واقعییەتە مەسەلەکە حەل ناکا. لە ڕاستیدا خەباتی ئێمە بۆ گۆڕینی ئەم واقعییەتەیە. بەڵام خۆ کە گوتم ئێرانیم مانای ئەوە نییە کورد نیم. مەبەستم ئەوەیە سیاسەتی پەروەردەییشمان ڕەنگدانەوەیەک بوو لە سیاسەتی بەرنامەییی حیزبی دێموکراتی کوردستان.
تیشک: یانی ئەو پەرەوەردەیەی کە ئەو کات هەبوو، پەروەردەیەکی حیزبی بوو یان نیشتمانی؟ یان هەردووکی بوو؟
عەبدوڵا حەسەنزادە: دەکرێ بڵێین بە مەعنایەک هەردووکیان بوو. چونکی شتی نەتەوەییی تێدا هەبوو، لە عەینی حاڵدا شتی نیشتمانییش هەبوو. ئێمە ئێستا مانای نەتەوەیی و نیشتمانی باش دەزانین. وەکوو گوتم هەم کوردایەتیی تێدا بوو هەم ئێرانیەتیی تێدا بوو، دیارە ئەوە جوزئیاتێکە، دەرسی وا هەیە دەتوانێ لە کوردستانیش هەبێ لە عەرەبستانیش هەبێ، لە پاکستان و فەڕانسە و ئینگلستانیش هەبێ. بەڵام کە دەهاتە سەر مەسەلەی هۆڤییەت، سیاسەتی حیزبی دێموکرات چۆن بوو، کتێبە دەرسییەکانیشمان وا بوون.
تیشک: لە ساڵی ١٣٨١دا گۆڤاری چشمانداز ژمارەیەکی تایبەتی لەسەر کوردستان بڵاو کردەوە و ئەوە دواتر بوو بە ڕەوتێک کە ڕێژیم ڕووداوەکانی کوردستان بە پێوەری خۆی بۆ خەڵکی کوردستان باس بکات، ئێوە ئەو کات وەڵامی ژمارەی یەکەمی گۆڤاری چشماندازتان لەسەر کوردستان دایەوە بەڵام دواتر ئەو ڕەوتە کوێر بووەوە، نە وەکوو حیزب و نە وەکوو کەسایەتی وەڵامی ئەو چەواشەکارییانە نەدراوەتەوە، هۆکارەکەی چییە؟
عەبدوڵا حەسەنزادە: دیارە ئەوەی گۆڤاری “چشمانداز” دەیکرد، زۆر دوژمنانە بوو لە حەقی میلــلەتی کورد و جێی داخیش ئەوە بوو کە هێندێ کوردیش تەئسیریان تێیدا هەبوو و ڕۆڵیان تێیدا دەگێڕا و ئەوەش کە جوابم دایەوە ئەگەر لە بیرت بێ لە شێوەی وتووێژێکدا بوو نەک ئەوە کە دانیشم و بە حەوسەلەوە هەموو شتەکانی جواب بدەمەوە، بۆیە دەتوانم بڵێم حەقی خۆی نەدراوەتێ. بەڵام بەهەر حاڵ ئەگەر ئیرادیشی لەسەر بووبێ، کەڵکی خۆی هەبوو.
بە باوەڕی من دەبوو هەموویان جواب بدرێنەوە، بەڵام بۆ جواب نەدرانەوە؟ ئەمن ئەو وەختەی کە جوابم دایەوە مەسئوولییەتی یەکەمم لە حیزبدا هەبوو و بە ئەرکی خۆمم دەزانی، دواتر کە ژمارەکانی دیکەی دەرچوون ئەمن لەو مەرکەزەدا نەمابووم و ئەو بەرپرسیارەتییەم لەسەر شانی خۆم هەست پێنەدەکرد، بەڵام ئەوە کە حیزب یان بەرپرسانی حیزبی بۆ جوابیان نەداوەتەوە دەبێ لەوان بپرسرێ نەک لە من.
تیشک: ئەوەی ئێمە بیزانین بەڕێزتان خۆتان نووسراوەکانی خۆتان تایپ دەکەن، دیارە سیستەمی دیجیتاڵیش بەکار دێنن بۆیەش حەزم لێیە پرسیارێک لەسەر دیجیتاڵ و زمانی کوردی بکەین، هەندێ کێشەی وەک سێرچکردن، ڕاستەوخۆ پێوەندیی بە ڕێنووسی کوردیشەوە هەیە. بۆ چارەسەری ئەم کێشانە بەڕێزتان پێشنیارتان چییە؟
عەبدوڵا حەسەنزادە: ئەمن پێموایە لە باری فەننییەوە -کە بۆخۆم هیچی لێ نازانم- ئیمکانی عیلاجی ئەو مەسەلەیە هەیە، چەند ساڵ لەمەو پێش سیمینارێک لە زانکۆی سۆران هەبوو ئەمنیش یەکێک لە بانگکراوەکان بووم. لاوێک کە پێموابێ لە سوئێدەوە هاتبووەوە بەرنامەیەکی باشی هەبوو باسی ئەوەی کرد کە دەتوانێ ئەو کێشەیە چارەسەر بکا، بەرنامەیەکی داناوە کە دەکرێ سێرچ بە زمانی کوردی بکا. ئەگەر کەمێک لێکی بدەینەوە و وردتری باس بکەین ئەوە بوو کە ئەگەر بە زمانەکانی دیکە وشەیەک دەنووسی ئیملاکەی نادروستە کامپیۆتێرەکە خەتێکی سووری بە بندا دەکێشێ و لە عەینی حاڵدا پێت دەڵێ ئیملا دروستەکەی چییە، جێی ئافەرین بوو و خەڵکیش ئافەرینیان پێ گوت. بەڵام ئەمن نۆرە قسەم وەرگرت و گوتم هەزار جار دەستخۆشیت لێدەکەم و کارێکی یەکجار زۆر گەورەیە بەڵام ئەتۆ دەبێ ئەوەی ڕاگری و پتریش گەشەی پێبدەی و ڕاوەستی تا بزانین ڕێنووسی دروستی کوردی چییە؟ ئیستە ئێمە ئەوەمان نییە. بە باوەڕی من ڕێگەکە ئەوەیە کە ئەوانەی خاوەن سەڵاحییەتن چ لەباری دەسەڵات و چ لەباری زانینەوە شتێک دابنێن بڵێن ئەمە ڕێنووسی کوردییە، جا ئەوجار ئەو بەرنامەیە لە ئینتێرنێت دابەزێ و ببێتە ڕێنووسی کوردی و سێرچی پێبکرێ. دەنا ئێستێ یەکێک شتێک دەنووسێ ئەمن پێم دروستە ئەتۆ پێت نادروستە. ئەو وەختەش کە بڕیارێکی ئاوا دەدرێ ڕەنگە یەکێک لە ئێمە نەزەری جودای هەبێ،بەڵام کە بوو بە بڕیاری ڕەسمی، بوو بە زمانی ڕەسمی و ڕێنووسی پەسندکراوی کوردی هەموومان دەبێ پەیڕەویی لێبکەین.
کەوابێ لە حاڵەتی ئێستادا پێموایە دامەزراندن و دانانی ئەو بەرنامەیە موشکیلی ئێمە حەل ناکا، ڕەنگە ئەوەی ئەو بەرنامەیە ساز دەکا پێی دروست بێ، بەڵام ئەمن یان ئەتۆ یان کەسێکی دیکە پێمان دروست نەبێ یان هەر لە ڕاستیدا دروست نەبێ. چونکە ئەو بەرنامەسازە پسپۆڕی کامپیۆتێرە و پسپۆڕی زمان و ئەدەب و ڕێنووسی کوردی نییە .
تیشک: ڕوانگەی مێژووییی حیزبی دێموکرات بە نیسبەت زمانی کوردی و زاراوەکانی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئەوەی کە تا ئێستا بووە چۆناوچۆن بووە؟
عەبدوڵا حەسەنزادە: دیارە ئەمن بە ناوی حیزبەوە قسە ناکەم. تا ئەو جێگایەی ئەمن ئاگام لێیە هەرچەند ڕەنگە بەو شێوەیە نەنووسرابێ و شەرح نەکرابێ، بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستان، زمانی کوردی و زاراوەی کوردیی لێک جودا کردۆتەوە. باوەڕی وا بووە کە دەبێ میلـلەتی کورد زمانی خۆی هەبێ و لە عەینی حاڵدا حورمەت لە هەموو زاراوە و بن زاراوەکان بگیرێ، هەموو لا ئازاد بن لە پێکەوەدوانی خۆیاندا زاراوە و بنزاراوەی ناوچەیی بەکار بێنن، تەنانەت لە باری فەننییەوە ئەو کاتەی نووسەرێک ڕۆمانێک دەنووسێ کە ڕووداوەکانی مەسەلەن لە خانەقینن، لە قەسری شیرینن، دەبێ ئەوەی پێی دەڵێن ڕیوایەت یان گێڕانەوە بەو زمانە بێ کە دەبێتە زمانی ستانداردی کوردی، بەڵام کە قارەمانەکانی قسە دەکەن زۆر بەجێیە بە لەهجەی خۆیان قسە بکەن .حیزبی دێموکرات شتێکی خیلافی ئەوەی نەبووە و وابزانم هەتا ئیستاش نییەتی .
تیشک: بۆچوونێک هەیە وەکوو ڕاستبوون یان هەڵەبوونەکەی وەکوو پرسیارێک لە جەنابت دەکرێ بۆچوونێک هەیە، ڕەوتی نەتەوەخوازی، ڕەوتی شوناسخوازی لە ڕۆژهەڵات لە ژێر تەئسیری دوو فاکتەرا بووە، فاکتەری مەزهەب و فاکتەری زاراوە بە تایبەتی مەبەستیان زاراوەی سۆرانییە ئەڵێن لەو شوێنەیدا کە مهاباد بێت تادەگاتە مەنتقەی جنووب کە زاراوە کەمڕەنگ دەبێتەوە شۆڕش تا ئەوێ بەگوێرەی زاراوەکە هاتووە، لەو شوێنەشەوە کە بڵێین کە جنووبە و ئەگەر وای دانێین مەزهەب کە دەچێتە بەشی شیعەکەی بۆ خوارێ دیسان کەمڕەنگتر بۆتەوە ئایا ئەو بۆچوونە ئەساسی هەیە؟
عەبدوڵا حەسەنزادە: ئەمن وای بۆ دەچم و بە نووسینیش گوتوومە هەندێک شت تاریخ دەیانخوڵقێنێ و ئیرادەی من و تۆیان تێدا نییە، ئەگەر ئەو هەلومەرجەی لە دەیەی ١٣٢٠ی هەتاویدا لە موکریان خوڵقا لە هەموو کوردستان هەبووایە، پێتەختی جمهوریی کوردستان مهاباد نەدەبوو، دەبوو کرماشان بێ. چونکە هەم شارەکە گەورە بوو، هەم وا بزانم ئەو وەختە مهاباد بە کەمی کەسانی خاوەنمەدرەکی لیسانسی لێ بوون، بەڵام هەر ئەو وەختی لە کرماشان بە دەیان و بە سەدان فەوقی لیسانس و دوکتۆرا هەبوون. بزووتنەوەی کورد بۆیە لە موکریان سەری هەڵدا چونکە لە دەورانی شەڕی دووەمی جیهانیدا بۆشایییەکی دەسەڵاتی مەرکەزی لەوێ خوڵقا، لە جنوبی کوردستان ئەو بۆشایییە نەبوو، دەوڵەتی ناوەندی حاکم بوو، تەنانەت لە شیمالی کوردستانیش دەوڵەت حاکم بوو، حاکمییەتەکە لە ورمێ ئەگەر زەعیفیش بووبێ هەبوو، بەڵام بەشی ناوەندی لە سەقزەوە بیگرە تا دەگاتە تەرگەوەڕ و مەرگەوەڕ و ئەوانە هیچ دەسەڵاتێکی مەرکەزی تێدا نەبوو. بۆیە دەبینین کە حیزبی ئازادی لەوێ دروست دەبێ، کۆمەڵەی ژێ کاف لەوێ دروست دەبێ. پاشان هەر لەوێ کۆمەڵەی ژێ کاف ناو دەگۆڕێ بە حیزبی دێموکرات. خۆ هەموو شتێک نیشان دەدا کە کۆماری کوردستان دەیەویست پەل بهاوێ بۆ خوارتر بەڵام مانعی هەبوو، مەسەلەن کۆماری کوردستان دەیەویست بڕوات بەرەو سنە، بەڵام پێش ئینگلیسییەکان ڕووسەکان کە بەلای خۆوە پشتیوانی کۆمار بوون پێشیان پێ گرت، چونکە ئەوان قەراردادیان پێکەوە هەبوو، ئەم ناوچەیە مەنتیقەی نفوزی یەکێکیان بێ، ناوچەکەی دیکە مەنتیقەی نفوزی ئەوی دیکەیان بێ. هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ حیزبی دێموکرات وەکوو لە موکریان تەشکیلات و نفوزی هەیە لە سنە و ئیلام و کرماشان نییەتی. هەر بۆیە دەبینین چەند جار کە حیزب تووشی پاشەکشە بووە، کاتێک دەستی پێ کردۆتەوە، یەکەم جووڵەکانی لە موکریان بوون. بزووتنەوەیەک کە دوچاری پاشەکشە دەبێ وەختێک دەیەوێ ببووژێتەوە لەو جێیەوە دەست پێ دەکا کە زەمینە موساعیدە. حیزبی دێموکڕاتییش هەربۆیە لە ناوەندەوە دەستی پێکردووەتەوە. دەنا بۆخۆت دەزانی ئێمە ئەندامی کومیتەی ناوەندیمان لە کرماشان لەسەر کاری حیزبی گیراوە و ئیعدام کراوە. حیزبی دێموکرات بەرامبەر بەو مەڵبەندە گرنگە قەت بێغەم نەبووە.
ئەوەش کە گوایە عامیلی مەزهەب کاریگەر بووە، ئەوەندەی مەربووت دەبێ بە حیزب و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردەوە بە هیچ جۆر شتی وا لەبەرچاو نەبووە. چونکی حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەوەی موخالیفی دین نییە لە عەینی حاڵدا ئیدئۆلۆژیی مەزهەبییشی نییە. حیزبی دێموکرات کار بۆ قەزیەی نەتەوایەتیی کورد دەکا، سەرفەنەزەر لە هەموو عەقیدەیەکی دینی و مەزهەبی .ئەمن شتێکم لە بیرە کە بۆخۆم دیومە. لە جەریانی شەهیدکرانی ڕەحمەتی مەلا موحەممەدی ڕەبیعیدا، تەزاهوراتێک لە کرماشان هەبوو، ئەمن لە پاریس بووم. لەگەڵ مەسئوولی حیزب لە کرماشان قسەمان دەکرد بۆ ئەوەی بزانین وەزعەکە چۆنە. باسی کرد کە حەرەکەتێکی باش بووە و خەڵکێکی زۆر بەشدار بوون. دواتر تەلەفونی کرد گوتی کاکە ئەوە هێندێک هاتوون لە خەیابانێ شوعار لە دژی شیعە دەدەن. ئەگەر قەراری شیعەگەری و سوننیگەری بێ ئەمن شیعەم، ئەمن بۆ مەسەلەی میللی کار بۆ حیزبی دێموکرات دەکەم. دەمەوێ بڵێم ئەندامێکی ئاگاهی حیزبی لە کرماشانیش ئەوە شعووری بوو. بەڵام ڕەنگە یەکێکیش نائاگا بێ و بیخاتە ئەو قاڵبەوە. دەنا لە سیاسەتی حیزبەکاندا مەسەلەی مەزهەبی یان دینی بە هیچ جۆر دەخیل نییە.
تیشک: ڕۆڵی مێژووییی حیزبی دێموکرات لە پاراستنی زمان، شوناس و کولتووری کورد چۆن دەبینن؟
عەبدوڵا حەسەنزادە: ڕەنگە ئەو ڕۆڵە مێژوویییە زۆر کاریگەر و وەسیع نەبێ بە دەلیلی ئەوەی حیزب دەرفەتی کەمی بۆ خوڵقاوە بەڵام باوەڕی حیزبی دێموکرات بە پێویستیی بەرەوپێش بردنی زمان و ئەدەب و کولتووری کوردی حاشای لێ ناکرێ. هەر وەکوو لە پرسیاری یەکەمدا فەرمووت، لە دەورانی کۆماری کوردستاندا یەکێک لەو شتانە کە لە هەموویان پتر بایەخی پێدراوە مەسەلەی زمان بووە. ڕۆژنامە، گۆڤار، تەنانەت ڕادیۆیەکی مەحەللی هەبوو کە هەر لە مهاباد و دەوروبەری دەبیسترا، هەموویان بە کوردی بوون. كتێبی كوردی، مەدرەسەی کوردی. لە دەورانەکانی دیکەشدا حیزبی دێموکرات هەمیشە بایەخی بەو بابەتە داوە و نەقشێکی باشیشی هەبووە. ئەمن لە بیرمە لە دەورانی پاش 1970دا کە ئێمە لە بەغدا ماڵێکمان هەبوو ناومان نەنابوو مەقەڕ یان بارەگای حیزبی دێموکرات، ماڵێک بوو لێی كۆ دەبووینەوە، هێندێک کتێبی کوردیمان چاپ دەکرد. لەگەڵ ئەوەی بنکە و بارەگایەک نەبوو، ناوێکی ڕەمزیمان دانابوو بەناوی بنکەی پێشەوا. ئەوانەی چاپمان دەکردن مۆرێکمان لێ دەدان «بنکەی پێشەوا». دیسان پێموایە ڕەحمەتی محەممەدی مەلا کەریم بوو نووسیی حیزبی دێموکرات تەنیا حیزبی کوردییە کە خزمەتی زمانی کوردی دەکا. حیزبەکانی دیکە بە زمانی کوردی خزمەتی خۆیان کردووە، بەڵام حیزبی دێموکرات خزمەتی زمانی کوردی دەکا، چونکی شت چاپ دەکا بێئەوەی ئەدەبیاتی حیزب بێ. كەوابێ، ئەگەر بەرهەمی زۆریشی نەبووە مەسەلەن وەکوو ئەوەی ئێستا لە باشووری کوردستان دەیبینین، بۆ ئەو سەردەمە ڕۆلێکی بە تەواوی جێگای قەبووڵ بووە.
تیشک: مامۆستا ئەم دوایانە هێرشێکی میدیایی کە زۆر جار پێی دەڵێن شەڕێکی نەرم لە دژی زمان و جلوبەرگ و کولتوور و تەنانەت مێژووی کورد لە ڕۆژهەڵات دەستی پێ کرد. لێکدانەوەتان بۆ ئەم هێرشە میدیایییە چییە؟
عەبدوڵا حەسەنزادە: باوەڕ بکە ئەو باسە هەر جەنبەیەکی ناخۆشی نەبوو. بە نەزەری من دوو جەنبەی ناخۆشی هەبوون. یەکێکیان ئەوە بوو لە ڕێژیمێکیدا کە باوەڕی بە ماف و ئازادییەکانی گەلان نییە، نەک هەر هی کورد هی ئازەرییش، هی عەرەبیش، هی بەلووچیش و هیچیان، جەسارەت دەگاتە جێیەک کە ئیجازە دەدەن لە ڕەسمیاتیشدا، لە ڕادیۆدا، لە فیلمدا، سووکایەتی بە هۆڤییەت یان کولتووری نەتەوەکانی داخڵی ئێران بکرێ کە زاهیرەن هەر بەپێی قانوونی ئەساسیی، خۆیان ئەوانە هاونیشتمانن و ساحەبی حقووقی بەرامبەرن. ئەو بەشە زۆر ناخۆش بوو. ئاخر ئەوە کە یەکێک جەسارەت بکا لە کۆبوونەوەیەکدا، لە ماڵێک سووکایەتی بە زمان و ئەدەب و بە گشتی پیرۆزییەکانی نەتەوەیەک بکا، لەگەڵ ئەوەی ئیجازە بدرێ لە میدیای ڕەسمیدا شتی وا بڵاو ببێتەوە فەرقێکی زۆری هەیە. دیارە ئەوە زۆر ناخۆش بوو. بەڵام شتێکی ناخۆشی دیکە -کە لەسەر ئەو قسەیە ڕەنگە بۆمبارانیش بكرێم- ئەوە بوو کە ئەوەی هێندێ کەسی کورد کردیان، لە وی باشتر نەبوو، چونکی ئەوەی کە ئێمە پێی دەڵێین بەرپەرچدانەوە یان پەرچەكردار، ئەوەی کوردەکانیش یەکجار زۆر ناخۆش بوو. ئەوانیش دەستیان کرد بە سووکایەتی بە فەرهەنگی میللەتی فارس کە ئەوەش هەر ناڕەوا بوو، ئەمن ئەو عەیبەی لە خۆیییەکانی دەبینم پترم دێشێنێ لەوەی لە ڕەقیبەکان و دوژمنەکانی دەبینم. ئەوەشیان زۆر ناخۆش بوو کە سنوور نەما. بۆیە پێموایە ئەرکی حیزبەکانە ڕێنوێنی بدەن کە جوابدانەوە بەو حەرەکەتانە لە سنووری مەنتیق دەرنەچێ. مەسەلەن چەند جار حیزبی دێموکرات ئەوەی گوتووە کە بەڵێ دوژمن تێرۆری لە ئێمە کردووە، بەڵام ئێمە تێڕۆر بە تیرۆر وەڵام نادەینەوە. ئەتۆ کە تێرۆرت پێ خراپە، ئەو وەختەی تێرۆریشت لەدژ دەکرێ نابێ تیرۆر بكەیتەوە، کە جنێوت پێ دەدەن نابێ جنێو بدەیەوە. پێموایە وەزیفەی حیزبەکانە لەو بارەیەوە کار بکەن.
تیشک: جیاوازییەک ئەگەر لە نێوان میدیای حیزبی و میدیای نەتەوەیی بەدی دەکرێ هۆکارەکەی چییە؟ بە باوەڕی جەنابی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە تایبەتمەندییەکانی میدیایەکی نەتەوەیی چین بە دوور لە ڕوانینێکی حیزبی؟
عەبدوڵا حەسەنزادە: پێموابێ ئەو دووانە بەتەواوی فەرقیان هەیە. ئەمن هێندێک جار گوتوومە ڕۆژنامەی حیزبی شتێکی پیرۆزە، بەڵام ڕۆژنامە نییە، چونکی بە قەولی باوی ئێستا یەک ڕەهەندییە، باسی یەک سیاسەت دەکا، تەنیا مەوزووعاتێکی تایبەتی بڵاو دەکاتەوە، لە حاڵێکدا وشەی ڕۆژنامە دوو مەعنا دەدا. یەکێکیان ئەوەیە کە نامەی ڕۆژە و باسی مەسایلی ڕۆژ دەکا، واتە ئەگەر هەموو ڕۆژێکیش دەرنەچێ باسی ڕۆژ دەکا: نان بە چەندییە، بەرق كوژایەوە، فڵانکەس کوژرا، چی بوو؟ هەمووی تێدابێ کە ڕۆژنامە حیزبییەکانمان وا نین و باسی نەزەراتی حیزب دەکەن و بە دەگمەن شتی وایان تێدا دەبێ و مەجالیشیان نییە کە مەسائیلی ڕۆژ باس بکەن. یەکی دیکەش ئەوەیە کە دەڵێن ڕۆژنامە لە موقابیل شەونامەدایە. ئێمە ئێستاش بە ڕۆژنامەکانی خۆمان دەڵێین ڕۆژنامە، بەڵام خۆ ناتوانین بە ڕۆژ لە وڵاتەکەی خۆمان بڵاویان بکەینەوە. لە داخڵی ئێراندا ئەدەبیاتی حیزبی دێموکرات و هێزەکانی دیکە تا ئێستاش شەونامەیە. کە وا بێ میدیای نەتەوەیی ئەوەیە قەزایای نەتەوەیی و دوور لە هەموو تەعەهوداتێکی حیزبی و سیاسی بڵاو بکاتەوە و قازانجی نەتەوەیی پێش هەموو قازانجێکی دیکەی حیزبی و دینی و مەزهەبی و هتد.. بخات.
پێم خۆشە ئەوەش زیاد بکەم کە ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەیبینین وەبەر قاعیدەیەکی دیکە دەکەوێ. ڕۆژنامەگەلی وەک «خەبات» و «کوردستانی نوێ» دەکەونە خانەی ڕۆژنامەی نیوەڕەسمی. یانی دەگەڵ ئەوەی ڕۆژنامەی حیزبی سیاسین، چونکە بە ئازادی لەسەر خاکی خۆیان دەردەچن، هەر لەو کاتەدا میدیای نەتەوەییشن. ئەگەر سەرنجتان دابێ بێجگە لە هەڵوێستی حیزبەکان بیروڕای ئازدیشیان تێدا بڵاو دەکرێتەوە و ئاوڕ لە هەموو ڕووداوەکانی ڕۆژیش دەدەنەوە.
تیشک: یانی بە باوەری ئێوە ڕۆژنامەی کوردستان قەت هەوڵی داوە کە لە میدیایەکی حیزبی نێزیک ببێتەوە؟ یا ئایا دەکرێ؟
عەبدوڵا حەسەنزادە: وا بزانم مەبەستتان ئەوەیە کە لە میدیای نەتەوەیی نزیک بێتەوە. بەڵێ، ئەگەر تەماشای ڕۆژنامەی کوردستانی دەورانی کۆمار بکەین تا ڕادەیەکی باش ئەو خەسڵەتەی پێوە دیارە، بەڵام لە پاش ئەو دەورەیە زۆر بە دەگمەن ئەدەبیاتی حیزبی دێموکرات مەجالی ئەوەی هەبووە باسی ئەو مەسەلانە بکا کە مەسەلەی خەڵکن. بەڵکوو نەزەراتی حیزبی باس کردووە و بۆچوونی حیزبی لە بارەی مەسائیلی وڵات و ئیدارەی وڵاتەوە هێناوەتە گۆڕێ و ڕووداوەکانی بەدەگمەن باس کردووە. ئەو کاتەی باسی ڕووداوێکیشی کردووە ئامانجی ئەوە بووە قسەی خۆی لە سەر بكا، لە حاڵێکدا ڕۆژنامەی نەتەوەیی خەبەر بڵاو دەکاتەوە بێ ئەوەی تەفسیرێکی لەسەری هەبێ.
تیشک: دەوری میدیا لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لە کوردستان چۆن دەنرخێنن؟
عەبدوڵا حەسەنزادە: میدیا لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورددا دوو مەودا و دوو مەجالی هەیە یەکێکیان لەو وەختانەدا کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان خەباتی نهێنی یان بڵێین خەباتی شاخ بەڕێوە دەبا. پێمخۆشە لەسەر خەباتی شاخیش شتێک بڵێم: کە دەڵێن خەباتی شاخ مەبەست ئەوە نییە کە هەر لە شاخ و کێو بێ. ئێستێ ئێمە لە دەشتی کۆیەش خەباتی شاخ دەکەین خەباتی شاخ یانی خەباتی نهێنی، خەباتی «ناقانوونی»! لە دژی سیستەمێک و بۆ گۆڕینی ڕێژیمێک. خەباتی شاریش ئەوەیە کە لە وڵاتەکەی خۆتدای و دەتهەوێ بە ڕێگای قانوونیدا خەبات بکەی بۆ ئەوەی نەخشی زیاترت لە ئیدارەی وڵاتدا هەبێ، دەنگی زیاتر بەدەست بێنی و بەرنامەی خۆت بۆ پێشخستنی وڵات بەریە پێش. ئیستا کورد لە کوردستانی عێراق خەباتی شار دەکا، کێشەکە لەسەر ئەوەیە ئیدارەی وڵاتەکەم، ئیدارەی مەنتەقەکەم و هەرێمەکەم چۆن بێ. ئیدی باسی ڕووخاندنی دەوڵەتی ناوەندی ناکا. كەوابێ ئەمان خەباتی شار دەکەن و ئێمە لە دەشتی کۆیە و دەشتی هەولێریش هەر خەباتی شاخ دەکەین.
جا لە هەردوو حاڵەتەکەدا میدیا دەتوانێ نەخشی موسبەتی هەبێ، دەتوانێ نەخشی مەنفیی هەبێ. دەزانی بەداخەوە مەمانان تەنیا دەتوانین لەسەر میدیای کوردی لە ئێران و عێڕاق بدوێین و شارەزاییمان لە میدیای دوو بەشەکەی دیکەی کوردستان ئەگەر هەشبێ زۆر کەمە. بە باوەڕی من میدیای کوردی لە شاخ کە پتر بە دەستی هێزە سیاسییەکان بووە، ئەگەر دەورانی شەڕی نەگریسی نێوخۆییی لێ دەربکەین لە هەردووکی ئەو بەشانەدا لە خزمەتی قازانجی کورد و بزووتنەوەی کورددا بووە.
بەڵام ئەگەر بێینە سەر میدیای ڕەسمی، یان بڵێین میدیای ئاشکرا ئەم دوو بەشە جیاوازییان هەیە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەداخەوە دەرەتان و ئیمکاناتێکی بەرتەسکی هەیە، دەگەڵ ئەوەی لەژێر زەڕەبینی هێزە سەرکوتکەرەکاندایە و دەگەڵ ئەوەی لە پێوەندی دەگەڵ هێزە سیاسییەکانی نێو بزووتنەوەی کورددا نییە، بە تەواوی لە خزمەتی ئامانجەکانی کورد و بزووتنەوە ڕەواکەیدایە، بە پێچەوانەوە، میدیای کوردی لە باشوور -بە ئەدەبەوە دەڵێم و مەبەستم بێ حورمەتی نییە-، هەمیشە وا نییە. بۆنموونە لە هەلومەرجی ئێستادا کۆمەگ بە باشبوونی پەیوەندیی نێوخۆیی کوردەکان و هێزە کوردییەکان ناکا و هەر لەوکاتەدا لە خزمەتی ئارامکردنەوەی پەیوەندیی نێوان کورد و هەرێمەکە لەگەڵ دەوڵەتی فێدراڵیشدا نییە. جگە لەوەش، پێم وایە لە کۆمەڵی کوردەواریدا هێندێ بوار هەن کە پێویستە فەرهەنگسازییان لەسەر بکرێ. کەچی میدیای کوردی ئاوڕیان لێ ناداتەوە.
تیشک: مامۆستا لەو ڕووەوە کە شارەزاییەکی تایبەتتان هەیە ڕوانگەتان بە نیسبەت سانسۆر و زمانی کوردی لە میدیای داگیرکەردا چییە؟
عەبدوڵا حەسەنزادە: دیارە ڕوانگەی هەموومان بە نیسبەت سانسۆڕی دەوڵەتەکان زۆر ڕوون و سادەیە. با ئەوەش بڵێم کە ئەمن لەگەڵ وشەی داگیرکەر نیم، هەتا ئەو وەختەی شوعاری حیزبێکی سیاسی خودموختاری یان فیدڕالیزم لە چوارچێوەی وڵاتدایە، ناکرێ بە دەوڵەتەکەی بڵێی داگیرکەر. ئەگەر شوعارەکەت کردە ڕزگاریی کوردستان ئەو وەختە دەکرێ بڵێی داگیرکەر. کەوابێ زیاتر باسی سانسۆڕی دەسەڵاتی حاکم بەسەر زمانی کوردیدا دەکەین. ئەو سانسۆڕە بەتەواوی ناڕەوایە چونکی هەر لەسەر زمان نییە لەسەر بەیانیشە. ئەو شتەی دەتەوێ بیڵێی ئەگەر بە فارسییشی بڵێی لێت قەبووڵ ناکا. ئەوجار ڕێژیمی فەرمانڕەوا چی بۆ بکرێ لەسەر قەدەغەی زمان لەسەر تێكدانی زمانەكە دەیکا. بەڵام شتێکی سەیر بڵێم: ئەمن زۆر ئارەزوو دەکەم سانسۆڕی کورد لەسەر زمانی کوردی هەبێ، بە چ مەعنا؟ بەو مانایە کە مەرجەعێک بۆ زمان و ئەدەبی کوردی هەبێ کە هەم لە باری لێزانییەوە و هەم لە باری قسەڕۆیشتنەوە خاوەن سەڵاحییەت بێ. ئەو وەخت سانسۆر بخاتە سەر زمانی کوردی. ڕێگا نەدا هەموو نووسینێک بە هەر جۆرێک بنووسرێ چاپ بکرێ، هەموو کتێبێک چاپ نەکا، بە هەر زمانێک بنووسرێ بیدا بە کەسانێک کە بزانن بەڕاستی ئەو نووسراوە کوردییە، نێوەرۆکەکەی خزمەت بە پێگەیشتن و پێشکەوتنی فیکری کوردی دەکا یان نا؟ زمانەکەی کوردی فێر دەکا یان کوردی لە بیری خەڵک دەباتەوە کە بەداخەوە ئەوەمان نییە. ئێستێ تەماشا بکە، ئێمە بە هەزاران کتێبمان لە باشووری کوردستان بۆ بڵاو دەبێتەوە کە بەشێکی زۆر کەمیان نەمرن، بەڵام هەموویان بە خەرجی ئەو میللەتە بڵاو دەبنەوە و زۆریشیان تێدان کە لەباری شکڵ و نێوەرۆکەوە خزمەت بە ئەدەبی کوردی ناکەن. ئارەزووم دەکرد کە سانسۆڕێکی ئاوا هەبووایە.
تیشک: مامۆستا لەتوێی وڵامی دوایین پڕسیار کە فەرمووت ئەمن باوەڕم بە ئیستلاح یان چەمک یان مەفهومی داگیرکەر نییە مەگەر ئەو کاتە کە حیزبێکی سیاسی شوعارەکەی گۆڕیبێ، ئەوەیکە ئێستا بە واقع هەیە ئەوەیکە دەبینین لەنێوان ناوەند و پەراوێز کە مەبەستمان ناوچە نەتەوەییەکانە، بۆچوونێک هەیە کە دەڵێ جورێکە لە کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی، “داگیرکاریی نێوخۆیی” بوونی هەیە. ئایا ئێوە بە دوور لەو تەفسیرە کە بڵێین سپایەکی وڵاتێک هاتووە کوردستانی داگیر کردووە، ئایا ئێوە پێتان وایە یان ئەسڵەن باوەڕتان بەوە هەیە کە کوردستان یان ڕۆژهەڵات، کۆلۆنیەکی نێوخۆییە لە ئێراندا؟
عەبدوڵا حەسەنزادە: لە وڵاتی ئێمەدا لە جیاتی کۆلۆنیالی موستەعمەرە بە کار دەبرێ کە وشەیەکی عەرەبییە، ئەمن پێموایە نەک هەر کوردستانی خۆمان، کوردستانی ئێران، بەڵکوو هیچکام لە بەشەکانی کوردستان موستەعمەرە نین، بەڵام هەموویان شێوەموستەعمەرەن. یانی وڵاتێکی خاریجی نەهاتووە داگیریان بکا، بەڵام لە نێوخۆی وڵات دەسەڵاتێک بەسەریاندا حاکمە کە تەسەڕڕوفاتی وەکوو تەسەڕڕوفاتی وڵاتانی ئیستعمارگەر دەچن. بۆ نموونە تەماشای کوردستانی ئێران بکە، دەگەڕێن داخۆ لە کوێ شوێنەوارێكی مێژوویی هەیە؟ ئەگەر دۆزییانەوە لەوێ مووزەی بۆ دانانێن، دەیبەنە شوێنێکی دیکە. ئیجازە نادەن ئەو وڵاتە وەکوو خۆی گەشە بکا، ئێستا هەر لە وڵاتی خۆمان کوردێک حەقی هەیە پرۆژەیەکی زۆر گەورەی سەنعەتی لە ئیسفەهان بەڕێوە بەرێ، بەڵام ڕێگە نادەن لە کوردستان بە پووڵی کوردی ئەو پرۆژە سەنعەتییە گەورەیە بەڕێوە بچێ. ئەوە سیاسەتێکی ئیستعمارییە بەڵام وەکوو گوتم مادامێكی ئێمە داوای جودابوونەوە ناکەین، پێموایە کەلیمەی داگیرکەر یان بڵێین ئیستعمارگەر زۆر لە جێی خۆیدا نییە. چونکە ئەوە بەجۆڕێک نیشانەی نەبوونی ئەو شتەیە کە پێی دەڵێن هاوسەنگیی سیاسی (توازن سیاسی). دەبێ بڵێین سیاسەتەکەی ئیستعمارییە نەک بڵێین ئیستعمارگەرە.
تیشک: خودی مەسەلەی خودموختاری یان مەسەلەی فیدڕاڵیزم کە لە حیزبی دێموکراتدا هەردوو شوعارەکە بەقەول وەکوو بەرنامەی سیاسی کاری بۆ کراوە، جۆرێک لە کەمکردنەوەی ستەم بووە نەک لابردنی ستەم. ئایا پێتان وایە کە ئەوەی جەنابتان دەیڵێن شیبهی موستەعمەرەیە، دەتوانێت خروجی یان دەرکەوتەی ئەم بۆچوونە، سەربەخۆیی بێت یان دیسان فیدرالیزم بێت؟
عەبدوڵا حەسەنزادە: پێموایە بەپێی هەلومەرج دەتوانێ هەردووکیان بێ. لانیکەم لە تیئۆریدا دەکرێ وەکوو چەند وڵاتی عەرەبیمان هەن، چەند وڵاتی کوردییشمان هەبن. ئێستا پێمان دەکرێ یان ناکرێ مەسەلەیەکی دیکەیە. بەڵام لەباری نەزەرییەوە بۆ نا؟ دەکرێ کوردستانی ئێران ببێتە دەوڵەتێکی کوردی، هی تورکیە، سوریە و عێراقیش هەر وا. دەکرێ بەڵام وەکوو فەرمووت کەمکردنەوەی زوڵمە نە لابردنی زوڵم. ئەمن پێموایە زوڵم بە ئیستقلالیش بە تەواوی لاناچێ، وڵاتە سەربەخۆیەکان زوڵمیان تێدا نییە؟ زوڵم لە عەرەبستانی سعودی پترە یان مەسەلەن لە کوردستانی تورکیە؟ لە کووبا زوڵم كەمتر هەیە تا لە ئێران؟ خۆ ئەوانە وڵاتی سەربەخۆن. بەڵام بە هەر حاڵ هەوڵی ئینسانی ئازادیخواز بۆ لابردنی ستەمە. دەکرێ لە وڵاتەکەدا هەر بمێنێ بەڵام بە حەدی ئەکسەری مومکین زوڵمی لەسەر لابچێ. بە تایبەتی زوڵمی نەتەوەیی، بەباوەری من ئەگەر دێموکراسی حاکم بێ مەجبوور نییە حەتمەن بە ئیستقلال لابچێ. چونکی دێموکراسی زۆر جار خراپ تەفسیر دەكرێ، دێموکراسی هێندێک وای لێ حاڵین کە هەر ئەوەیە کەمایەتی پەیڕەوی لە زۆرایەتی بكا. ئەمە دوانوێنگەی دێموکراسییە، دێموکراسی واقعی قەبووڵ و بەجێگەیاندنی مافەکانی کەمایەتی لەلایەن زۆرایەتییەوەیە. ئەوەیە دێموکراسی. دێموکرات بەو کەسە دەڵێن کە دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، بەڵام حقوقی ئەوانەی کە لەگەڵ وی نین ڕەعایەت بکا.
تیشک: لە چەندساڵی ڕابردوودا لەگەڵ ئەو پەرەسەندنی سوشیال میدیا لە ڕاگەیەنە گشتییەکان بەتایبەتی ئەم تۆڕەکۆمەڵایەتییانە، تووندوتیژییەکی زمانیی سەیر دەبیندرێت بەتایبەتی لە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتدا، ئەو توندوتیژییە زمانییە چۆن دەبینن؟
عەبدوڵا حەسەنزادە: پێموایە لە جوابی پرسیارێكی دیكەدا گوتم، ئەوە پتر دەمئێشێنێ، ئەگەر یەکێک موخالیفی منە لە فەیسبووکدا جنێوم پێ دەدا زۆر کەمتر لەوە دەمئێشێنێ کە لایەنگرێکی من جنێو بە کەسی دیکە دەدا. هەمووی مەحکووم دەكەم. ئەمە نیشانەی دواکەوتوویییەکی زۆر قووڵە لە باری فەرهەنگییەوە، لە باری عەقلییەوە، لە باری ئەخلاقییەوە. لەجێدا جنێو و گۆپاڵ ئەوکاتە دەکەونە کار کە مەنتیق نامێنێ. ئەوەی ئیستە لە میدیادا دەیبینین زۆر جار بەڕاستی وای لێ کردووم ئارەزوو بکەم کە فەیسبووک نەبایە، ئینتەرنێت نەبایە. قەت لە بیرم ناچێ وا بزانم 20 یان 25 ساڵ دەبێ لە ڕۆژنامەی خەباتدا کاریکاتۆرێکم بینی زۆرم پێ جوان بوو. کابرا لە پشت کامپیووتێر دانیشتووە تەماشای شتێک وەک فەیسبووک دەکات،-ئەودەم فەیسبووک نەبوو- ئەم جنێو بەو دەدا ئەو جنێو بەم دەدا. کابرا لە خەیاڵی خۆیدا دەڵێ ئەوە دیواری ئاودەستەکانی قەدیمە یان لاپەڕەی ئینتێرنێت؟ زۆر شتێکی جوان بوو. ئێستا وایان لێ كردووە، ئەوە شتێکی زۆر دواکەوتووانەیە و هیچ مەسەلەیەک چارەسەر ناکا. بەڵکوو گیروگرفتەکان قووڵتر و توندتر دەکا.
تیشک: ئەمن وەکوو دوایین پڕسیار لای خۆمەوە، سیاسەتەکانی میدیای دەسەڵات یان دەسەڵاتدار بۆ پەرەپێدان بەو چەمکەی کە ئێمە بە کۆلۆنیالیزم ناوی دێنین و جەنابتان پێی دەڵێن شێوە موستەعمەرە چۆناوچۆن دەبینن؟
عەبدوڵا حەسەنزادە: سیاسەتی میدیای دەسەڵات وەک عەرزم کردی جاروبار ئەو شتانەی بە سەراحەت لێ دەردەکەون، جاروبار فیلمێک بڵاو دەکەنەوە لێدوانێک بڵاو دەکەنەوە. کابرا لە جێیەک قسەی کردووە، هەتا ئەو جێیەی بڵاو نەکراوەتەوە قسەی خۆیەتی، بەڵام کە لە میدیای ڕەسمیدا بڵاو دەکرێتەوە ئیدی ئەو خشوونەتە زمانییە، خشوونەتە میدیایییە دەبێتە قسەی دەسەڵات. میدیای دەسەڵات لە وڵاتی خۆماندا -باسی ئێران دەكەم- لە کولدا لە جیهەتی ئەوەدایە کە هۆڤییەتی نەتەوە غەیرەفارسەکان بسڕێتەوە. جا سەیرەکە لەوەدایە ئەوەی پێی دەڵێن ئینقلابی ئیسلامی، تەنانەت لە خەتی ئینقلابی ئیسلامی، لە خەتی خومەینییش لایداوە. خومەینی وەختی خۆی تێزێکی هەبوو کە دەیگوت میللیگەرایی زەمینەی ڕوشدی ئیمپریالیزمە، دەیگوت فارس و کورد و نازانم چی و چی هەموویان موسوڵمانن، بەڵام ئێستا کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەو فەلسەفە دینییەش کە هەیەتی -موناقەشەی ناکەین کە چۆنە- بە تەواوی شۆڤێنیستمەسلەكە. عەمیقەن موتەعەسیبن و دەیانەوێ هەموو هۆڤییەتێکی غەیرە فارس لە وڵاتی خۆیاندا بسڕنەوە.