ئارامتر بخوێنەوە

ڕەهەندە دژە‌بندەستییەکانی

بزووتنەوەی مامۆستایانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

شاهۆ زەنگەنە 


“بە باوەڕی من بزووتنەوەی مامۆستایان کاتێک دەتوانێ بەرەو ڕزگاری هەنگاو هەڵگرێ کە داواکاریی کەسانی بندەست لەبەر چاو بگرێ. مامۆستایانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر باش لەوە تێگەیشتوون کە پەروەردەی ئێران لە خزمەت بیرۆکەی ناسیۆنالیزمی ئێرانیدایە و لە ماوەی چەندین دەیەدا ئەم پەروەردەیە لەگەڵ دوو بیرۆکەی تری نیولیبراڵیزم و ئیسلامی سیاسی بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش یەکیان گرتووەتەوە. واتە پەروەردەی ئێران وەک باڵێکی گرنگی دامودەزگای ئایدیۆلۆژیی ئێرانی دەیەوێ مرۆڤی کورد بچەوسێنێتەوە و لە ناسنامەی خۆی بێگانەی بکا.”


کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان لە چەند دەیەی ڕابردوودا پێگەیشتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە: لە چالاکی ژینگەپارێزییەوە بگرە هەتاکوو دەرکەوتنی ژنان لە فەزای گشتی، لە بزووتنەوەی خوێندکاری لە زانکۆکانەوە بگرە تا دەنگی بوێرانەی مامۆستایان بۆ پێداگری لە بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کوردستان. ئەگەرچی ناکرێ هەڵکشان و داکشانی هەر کامیان بەتەواوی لە بزووتنەوە هاوشێوەکانی لە کۆمەڵگای ئێرانی جیا بکەینەوە، بەڵام بەڕوونی دیارە چالاکانی هەر کام لەم بزووتنەوانە ژیرانە ئاگاداری بەستێنی کۆمەڵایەتیی کوردستان و داواکارییەکانی خەڵکی کوردن و دەیانەوێ سەربەخۆیانە هەڵسووکەوت بکەن.


چاودێرانی سیاسی و توێژەرانی کۆمەڵایەتی کاتێک سەیری کۆمەڵگای ئێرانی دەکەن گلەییان لە پرش و بڵاوی بزووتنەوەکانیان هەیە و باس لە لەمپەرە پێکهاتەییەکان دەکەن کە نەیهێشتووە ئەم بزووتنەوانە داواکاریی هاوبەشیان هەبێ. بۆ نموونە، پێیانوایە لەمەڕ یەکگرتنەوەی مامۆستایان، خوێندکاران و کرێکاران بەربەستی جیددی هەیە، بەڵام کە سەیری کوردستان دەکەین بۆمان دەردەکەوێ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بزووتنەوە مەدەنییەکان زیاتر لە جاران لێک نزیک دەبنەوە. هەر بۆیە لێرەدا سەرەتا دەمەوێ باس لەوە بکەم کە داواکارییەکانی بزووتنەوەی مامۆستایانی ڕۆژهەڵات چین و بۆچی ئەم بزووتنەوەیە لەگەڵ بزووتنەوەکانی دیکەی کوردستان یەکدەگرێتەوە.


ئەگەر سەیری داواکارییەکانی بزووتنەوەی مامۆستایانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین، دەبینین کە سەرەڕای ئەوەی لەو بزووتنەوەیەدا بەدرووستی باس لە مافەکانی مامۆستایان لە ڕووی مووچە و بژێوی ژیان دەکرێ، بەڵام هەروەها لەسەر هەندێک داواکاریی دیکە وەکوو خوێندن بە زمانی دایک، خوێندنی زمانی کوردی، دابینکردنی پەروەردەی شیاو، گشتی و بێپارە لانیکەم تا ئاستی دیپلۆم، بەربەرەکانێ لەگەڵ هاوسەرگیریی منداڵان و، هەروەها بەرپرچدانەوەی کاری منداڵان پێداگری دەکرێ. لێرەدا هەوڵ دەدرێ بە شیکردنەوەی هەر کام لەم داواکارییانە لە مەبەستی زیاتری ئەم بزووتنەوەیە نزیک ببینەوە.


داواکاری سەرەکی مامۆستاکان لە دەوری بژێوی ژیان کۆ بووەتەوە و ئەمە ئاماژە بە خراپتربوونی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی ژیانی مامۆستایان دەدا. بەپێی بەراوردەکان مووچەی مانگانەی مامۆستایانی فەرمی لە ئێران لە نێوان ١٥٠ تا ٣٠٠ دۆلارە. ئەم مووچەیە بۆ مامۆستایانی بەشی کەرتی تایبەت نزیک ١٠٠ دۆلارە و هەندێک جار تەنانەت تا ٥٠ دۆلار کەم دەبێتەوە. ئەگەر ئەم مووچە کەمە لەگەڵ کەمترین ئاستی مووچە لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بەراورد بکەین کە ١٨٠٠ دۆلار لە وڵاتی سلۆڤاکییە (لە لۆکزامبورگ تا ٩٠٠٠ دۆلار بەرز دەبێتەوە)، دەبینین مامۆستایان چەند بە دژواری دەتوانن شتومەکی سەرەتاییی ژیان دابین بکەن. ئەمە لە کاتێکدایە نە بیمەی دەرمانێکی باشیان هەیە و نە یارمەتییەک بۆ کرێ ماڵ. هەر بۆیە مامۆستاکان ناتوانن یارمەتیدەری گەشەی بەردەوامی منداڵان وەکوو یەکێک لە ڕێسا بنەڕەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بن.


مامۆستایان دەزانن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی پەروەردەیەکی سەردەمیانە دەبێ قۆناغەکانی خوێندن بۆ هەموو خوێندکارەکان بێبەرانبەر بێ. واتە بۆ کەمکردنەوەی جیاوازیی چینایەتی و گەیشتن بە عەداڵەتی پەروەردەیی، دەبێ لە هەموو شوێنەکانی کوردستان (بە گوند و شارەوە) دەرفەتی خوێندنگەی شیاو، کتێبخانە، تاقیگە، وەرزش و مامۆستای پەیوەندیدار بۆ خوێندکارەکان بڕەخسێ. بەڵام بەتایبەت دەزانین کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم لایەنەوە کەمترین ئیمکاناتی بۆ تەرخان دەکرێ. هەروەها لەبەر سیاسەتی پەروەردەیی هەڵە، خوێندنی تایبەت و بە پارە ڕوو لە هەڵکشانە و خوێندکارەکان لە قۆناغی پێش تاقیکردنەوەی زانکۆدا (کۆنکور) ناچارن پارەیەکی زۆر بۆ دەرچوون لە بواری دڵخواز و زانکۆ باشەکاندا تەرخان بکەن کە زۆربەی جار دەبێتە هۆی بارقورسی بە سەر بنەماڵەکانەوە. ئەم سیاسەتانە لە کوردستان لایەنێکی گرنگی هەیە کە خۆی لە سیاسەتی کۆلۆنیالیستیی ئێران لە ئاست کوردستاندا دەبینێتەوە. بەپێی ئایدیۆلۆژیی ئێرانی کوردستان دابینکەری وزەی نەوت و گاز و سەرچاوە سرووشتییەکانی وەکوو ئاو و کانزاکانە. سەڕەڕای سیستەمەکانی تاڵانکردنی کوردستان، پێکهاتەی دەوڵەت لە ئێران پێویستی بە مرۆڤی کورد هەیە کە وەک هێزی کاری هەرزان بۆ گەشەی ئێران کەڵکی لێ وەرگرێ. ناسیۆنالیزمی ئێرانی کە لەسەر بنەمای سەروەریی قەومی فارس بنیات نراوە و، نەتەوەی کورد وەکوو بندەست هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێ. بۆ شاردنەوەی ئەم پەیوەندییە کۆلۆنیالیستییە دەبێ مەبەستی ڕاستەقینەی ئەو ئایدیۆلۆژییە بشاردرێتەوە. بەڵام نەتەوەی سەردەست دەیەوێ سەرەڕای ئەوەی نەتەوەی بندەست بچەوسێنێتەوە، خوازیاری ئەوەیە کە بندەستەکان بە مەیلی خۆیان هاوکاری بکەن و تەنانەت بەها و بایەخە ئەخلاقییەکانی ئەو پەسەند بکەن. بۆیە کۆلۆنیالیزمی وەخۆگری ئێرانی، کورد دەکاتە بەشێکی داگیرکراوی کولتووری لە ناوخۆیدا، تا بیتوێنێتەوە. چونکە ئەگەر کورد بە ئاگایی بگا کە دەچەوسێتەوە و لە مافەکانی بێبەری کراوە، چیتر ئەو ستەمە قەبوڵ ناکات. بەڵامی ناسیۆنالیزمی ئێرانی واوەتر دەچێ و دەیەوێ کورد نەک بەو ئاگایییە نەگا، بەڵکوو هەروەها بە مەیلی خۆی دۆخی بندەستی بەرهەم بێنێتەوە و داکۆکیی لە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی سەردەست بکا.


ئەگەرچی بەپێی دەستووری بنچینەیی ئێران خوێندنی زمانی کوردی یاساییە، بەڵام حکوومەتەکانی ئێران نەک ڕێگەی پێنەداوە لە پەروەردەدا ئامادەکاری بۆ بکرێ، بەڵکوو تەنانەت تا ئەم چەند ساڵەی دواییش بەرەوڕووی هەر چالاکییەکی فێرکاریی زمانی کوردی بوونەتەوە. لەم چەند ساڵەی دواییدا دوای پێداگریی بەردەوامی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها گۆڕانکارییە ناوچەییەکان لەمەڕ پرسی کورد، دەوڵەتی ئێران پەنای بۆ جۆرێک لە ڕەوابینینی کۆنتڕۆڵکراو بردووە کە تیایدا ڕێگە دەدرێ زمانی کوردی لە ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بخوێندرێ. ئەگەرچی ڕێکخراوە مەدەنییەکان کەڵکیان لە مامۆستای خۆبەخش وەرگرتووە و لە ئیمکانات و پێداویستییە پەروەردەییەکانی ئێران بێبەشن، بەڵام تەنانەت هەر ئەمە بە ڕەوا نەزانراوە. لە ماوەی ڕابردوودا بینیمان کە زیندانیکردنی دوو مامۆستای خۆبەش (زارا محەمەدی و کیومەرس لەتیفی) ئاستی دژایەتیکردنی ڕژیمی لەمەڕ فێڕکاریی زمانی کوردی بەڕوونی دەرخست. هەر لەم ڕووەوە، مامۆستایانی خوێندنگەکانی سەقز، بانە، سنە، دیواندەرە، پاوە و مەریوان هەر کام لە لای خۆیانەوە هەندێک کتێب و نامیلکەیان بۆ فێرکاریی زمانی کوردی لە کاتی وانەی ئازاد لە دەرسی ئەدەبیاتی فارسی لە خوێندنگە سەرەتایییەکان ئامادە کردووە. هەڵبەت ئێستاکە مامۆستاکانی ڕۆژهەڵات بەو ئەنجامە گەیشتوون کە خوێندنی زمانی دایک چارەسەری کێشەکانی پەروەردە لە کوردستان نییە و دەبێ خوێندن بە زمانی کوردی بێ. چونکە ئەگەر منداڵی کورد نەتوانێ بە زمانی خۆی بخوێنێ و بیربکاتەوە لە سەرەتاییترین مافی مرۆییی خۆی بێبەش کراوە. ئەگەرچی دەسەڵاتی پاوانخوازی ئێرانی دەیەوێ لەم ڕەهەندەدا داواکاریی مامۆستایان بە فێرکاریی زمانی کوردی کورت بکاتەوە و تەنانەت بەرپرسیارەتی یاسایی ئەو فێرکارییەش لە کۆڵ خۆی بکاتەوە و چەندین جۆر کێشەی پێکهاتەیی بۆ ئەو فێرکارییە نافەرمییە ساز بکا، بەڵام داواکاریی بزووتنەوەی مامۆستایانی ڕۆژهەڵات بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێ کە دەبێ فێرکاری لە هەموو قۆناغەکانی خوێندندا بە زمانی کوردی بێ. ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی پەروەردەی ئێران یەکێک لەو مەرجانەی دەستنیشانی کردووە بۆ ئەوەی منداڵی غەیرەفارس بڕواتە ناو پرۆسەی خوێندنەوە، ئەوەیە کە تاقیکردنەوەی ئاستی پێویستی تێگەیشتن و بەکارهێنانی زمانی فارسی لە قۆناغی باغچەی ساوایان بەسەرکەوتوویی تێپەڕێنێت. لە هەمان کاتدا ساڵانە لە ڕێگەی ڕێنماییەکان و چاودێریکردنەوە مامۆستاکان ناچار دەکەن کە لەناو پۆلی خوێندن لە کوردستان بە فارسی قسە بکەن.


مامۆستایانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چارەسەری کێشە پەروەردەییەکان بەشێوەی جیا لە یەک نابینن و دەزانن کە کێشە و چارەسەرەکان پەیوەندییەکی ئۆرگانیکیان پێکەوە هەیە. بۆ نموونە ئەگەر سەیری ئەو شوێنانە بکەین کە دەرفەتی خوێندنی شیاو کەمتر بۆ هەموو کوڕان و کچان ڕەخساوە، دوو کێشەی بنەڕەتی ساز بووە: لە لایەکەوە بەجێهێشتنی خوێندن لەناو کچان زیاتر بووە و هەر ئەمە وەک یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هاوسەرگیریی منداڵان ئەژمار دەکرێ. ئامارەکان نیشان دەدەن کە بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندەواریی کچان و تەنانەت بەردەوامبوونیان لە خوێندن تا تەمەنی هەژدە ساڵ (وەرگرتنی دیپلۆم) ڕێژەی هاوسەرگیریی منداڵان کەم دەکاتەوە. هەروەها دەزانین کە یەکێک لە هۆکارەکانی جیابوونەوە و توندوتیژیی ناو خێزان لە ئاست ژنان بۆ کەمخوێنەواری و بەزۆر بەشوودانی کچان لە تەمەنی منداڵیدا دەگەڕێتەوە. کچێک کە خوێندەواری هەبێ زیاتر لەگەڵ مافەکانی خۆی ئاشنایە و نایهەوێ وەک ڕەگەزی دووەم و تەنانەت ستەملێکراو هەڵسووکەوتی لەگەڵدا بکرێ.


لە لایەکی دیکەوە، دواکەوتن و وازهێنان لە خوێندن، بەتایبەت لە کوڕاندا، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانە کە منداڵ ناچار دەکا بەرەو بازاڕی کار ڕەوانە بکرێ. واتە ئەو بنەماڵانەی کە لە باری ئابوورییەوە دەستکورتن و لە لایەن پەروەردەوە پشتگیری ناکرێن، منداڵەکانیان لە خوێندن دوور دەکەنەوە و هەر لە تەمەنی منداڵییەوە کاریان پێ‌ دەکەن. ئەم لایەنە دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ سەرەڕای ئەوەیکە لە پەروەردەی پێویست بۆ ژیان بێبەش بێ، بەڵکوو لە شوێنی کار بەرەوڕووی چەندین جۆری توندوتیژی ببێتەوە. ئەگەرچی بەپێی یاسا کاری منداڵان قەدەغەیە، بەڵام وەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە هەموو شوێنێکی کردستان دەبیندرێ. پەروەردەیەکی لاواز و ئیدئۆلۆژیک ناتوانێ ژینگەیەکی سەردەمیانە و سەرنجڕاکێش بۆ منداڵان ساز بکا. ڕۆژانە مامۆستاکان ئەم دیمەنە تاڵە دەبینن: کاتێک خوێندنی ڕۆژانە تەواو دەبێ، خوێندکارەکان وەک لە زیندان ڕزگاریان بووبێ بە پەلە و بەوپەڕی کەیفخۆشییەوە بەرەو درگای خوێندگە هەڵ دێن تا لەو سیستەمەی ئەوانی یەخسیر کردووە ڕزگاریان بێ.


بەم شێوەیە دەبیندرێ کە داواکاریی بزووتنەوەی مامۆستایانی ڕۆژهەڵات تەنیا داواکارییەک سەبارەت بە بژێوی ژیانی خۆیان نییە، بەڵکوو چەندین رەهەندی دیکەش لەخۆ دەگرێ. بەڵام بۆچی من پێموایە کە ئەم بزووتنەوەیە لە بزووتنەوەی هاوشێوەی خۆی لە ئێران یەکگرتووترە؟ واتە چی وای لێ دەکا هەم مامۆستایانی کورد تێگەیشتنێکی قووڵتریان لە کێشەکان بێ و هەم کۆمەڵگای مەدەنی گرنگییەکی زیاتر بە داواکارییەکانیان دەداتەوە؟ تەنانەت لە لایەکەوە ئەم یەکگرتنەوەی داواکاریی مامۆستایانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ خەباتی کوردایەتی بووەتە هۆی ئەوەی لە گرتن و ئەشکەنجەکردندا مامۆستایانی کورد پشکی شێریان لە لایەن ڕژیمی ئیسلامی ئێرانەوە بەرکەوێ. لە لایەکی دیکەشەوە کۆمەڵگای مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتگیری تەواویان لە بزووتنەوەی مامۆستایان کردووە و بنەماڵەکانیش دەزانن مامۆستایان خەمی چی دەخۆن و بۆ دەنگی ناڕەزایەتییان هەڵبڕیوە.


بە باوەڕی من بزووتنەوەی مامۆستایان کاتێک دەتوانێ بەرەو ڕزگاری هەنگاو هەڵگرێ کە داواکاریی کەسانی بندەست لەبەر چاو بگرێ. مامۆستایانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر باش لەوە تێگەیشتوون کە پەروەردەی ئێران لە خزمەت بیرۆکەی ناسیۆنالیزمی ئێرانیدایە و لە ماوەی چەندین دەیەدا ئەم پەروەردەیە لەگەڵ دوو بیرۆکەی تری نیولیبراڵیزم و ئیسلامی سیاسی بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش یەکیان گرتووەتەوە. واتە پەروەردەی ئێران وەک باڵێکی گرنگی دامودەزگای ئایدیۆلۆژیی ئێرانی دەیەوێ مرۆڤی کورد بچەوسێنێتەوە و لە ناسنامەی خۆی بێگانەی بکا. هەروەها بەڕوونی دیارە کە ناعەداڵەتی پەروەردەیی بە بیانووی بیرۆکەی لیبراڵیی مافی دەستڕاگەیشتنی تاک بۆ پەروەردەی دڵخواز پەرە بە کەرتی تایبەت دەدا. لە لایەکی دیکەوە، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی داڕشتنی کتێبەکان و هەروەها پەروەردەی ئیدیۆلۆژیکی مامۆستایان هەوڵ دەدا پەرە بە بیرۆکەی ئیسلامی سیاسیی پاوانخواز بدا. ئەمە لەگەڵ سروشتی فرەئایینیی کوردستان ناتەبایە، چونکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئیماندارانی چەندین ئایین و ئایینزا دەژین و لە پەروەردەیەکی سێکۆلاردا نابێ سەپاندنی ڕێساکانی ئایینێکی تایبەت و بە سیاسی کردنی ئەو ئایینە ببێتە هۆی چەوساندنەوە و پەراوێزخستنی مرۆڤەکان.


مامۆستایانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوەیەکی پراکتیک بەرەو ئەو ئامانجە هەنگاو دەنێن کە چارەسەری ئەم کێشانە خەباتێکی مەدەنییە بۆ ئەوەی نەهێڵن ئەم سیستەمی چەوساندنەوەیە بە ئامانجی خۆی بگا. گرنگیی بزووتنەوەکە لەوەدایە کە هەرکام لە داواکارییە نەتەوەیی (فێرکاریی زمانی دایک، خوێندن بە زمانی کوردی)، چینایەتی (خوێندنی شیاو و بێبەرانبەر، نەهێشتنی کاری منداڵان)، فێمێنیستی (گرنگیدان بە پەروەردەی کچان، نەهێشتنی توندوتیژیی لەبەرانبەر ژنان، پەروەردەی یەکسان بۆ کچان و کوڕان و سڕینەوەی هەڵاواردنی جێندەری)، سیاسی (ئازادی ڕادەڕبڕین، دابینکردنی پەروەردەیەکی سێکۆلار) لە چوارچێوەی بزووتنەوەی مامۆستایانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکدەگرێتەوە.


بۆ گەیشتن بە هر کام لەم ئامانجانە پێویست دەکا هیچ کامیان لەبیر نەکرێ. چونکە تەنیا لە ڕێگەی هاونرخکردنیان لە چوارچێوەی بزووتنەوەیەکی دژەبندەستی دەکرێ بە ئامانجی کۆتایی، واتە ڕزگاری بگەین. واتە ناکرێ بوترێ کە سەرەتا با بژێوی ژیان دابین ببێ جا ئەوسا دۆخی پەروەردە باشتر دەبێ. یاکوو با خوێندنی زمانی دایک دەستەبەر ببێ جا ئەوسا بیر لە پەروەردەی یەکسان بکرێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارانە وا دێتە بەرچاو بزووتنەوەی مامۆستایانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەم لە بزووتنەوە هاوشێوەکەی لە ئێران پێشکەوتووخوازترە و هەم بە شێوەی پراکتیک دەیەوێ جیاوازیی خۆی نیشان بدا. لە کۆبوونەوەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دەبیندرێ کە درووشمەکان و داواکارییەکان لە ئاستێکی بەرزتردان و ئەو چەند ڕەهەندییەی کە لەسەرەوە باس کرا تیایدا بەدی دەکرێ.


تێگەیشتن لەوەی کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دۆخی بندەستیدایە و وەک کۆلۆنییەک لە ئێراندا هەڵسووکەوتی لەگەڵ دەکرێ، ئەو تاڵەیە کە موورووە ڕەنگاوڕەنگەکان لێک دەبەستێتەوە و داواکارییە بەڕواڵەت لێک دوورەکان پێکەوە نزیک دەکاتەوە. مامۆستایانی ڕۆژهەڵات هەم بەپێی ئەزموون و هەم لە ڕووی فکرییەوە بەوە گەیشتوون کە سیستەمی پەروەردە لە ئێران بە شێوەیەک ڕێکخراوە کە تیایدا منداڵی کورد لە ڕووی نەتەوەیی، چینایەتی، جێندەری و سیاسییەوە بچەوسێتەوە. هەر بۆیە ساڵانێکە مامۆستاکان لە پۆلەکانی خوێندن هەوڵ دەدەن بەرەوڕووی ئەو لایەنە مەعریفییە کۆلۆنیالیستییەی ناو کتێبە دەرسییەکان بوەستنەوە. بیرۆکەی ڕزگاریخوازانەی کوردایەتی یارمەتیدەری مامۆستایان بووە کە تێگەشتنێکی قووڵیان لە ئامانجەکانی بەرنامەی شاراوەی ناو کتێبە دەرسییەکان، بۆنە و ڕێوڕەسمەکانی ناو خوێندگە، بە بەسیجکردنی مامۆستایان و خوێندکاران هەبێ. واتە ئەگەرچی دەسەڵات لە ڕێگەی مێکانیزمە تایبەتەکانی خۆیەوە وەکوو “حراست و گزینش،” هەڕەشە و تۆقاندن، نزمکردنەوەی ئاستی دۆخی ژیانی مامۆستایان، ناوەڕۆکی ئیدیۆلۆژیکی کتێبە دەرسییەکان، بەردەوام هەوڵیداوە هەم مامۆستایەکی گوێڕایەڵ و ترسنۆک ساز بکا و هەم خوێندکارێکی بندەستی کورد بەرهەم بهێنێتەوە، بەڵام هەر لە هەمان سەرەتاوە هەوڵێکی بەرەنگاری لەناو مامۆستاکانی کوردستان لەئاڕادا بووە تا لەبەرانبەریدا بوەستێتەوە. ئەوەی ئیستا لە کوردستان دەبیندرێ بزووتنەوەیەک نییە کە لە چەند مانگدا و تەنیا لە ژێر کاریگەریی بزووتنەوەی مامۆستایانی ئێراندا ساز بووبێ، بەڵکوو بزووتنەوەی مامۆستایانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەنجامی ڕێکخستنی هەوڵێکی دژەبندەستی و چەوساندنەوە ڕێکوپێکتر و ڕادیکاڵتر بووە.

داگرتنی بابەت

ڕەهەندە دژە‌بندەستییەکانی بزووتنەوەی مامۆستایانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان