ئارامتر بخوێنەوە

دێمۆکراسی؛

ڕێگایەکی کەم تێچوو بەرەو سەربەخۆیی

بیریار ژاوەرۆیی

“ئەم وتارە دەیهەوێت لە چوارچێوەی سیاسەتی کردەوەییدا تیشک بخاتە سەر ڕوانگەی ئەو ڕەوتە لە سەربەخۆییخوازان کە دێمۆکراسی و فێدرالیزم لە دژی سەربەخۆیی دەزانن. ئەوانەی ئێستا وەک سەربەخۆییخواز خۆیان ناساندووە و بانگەوازی بۆ دەکەن، بەڵام بێجگە لە بانگەوازەکە هیچ پلانێکی کردەوەییان بۆی نییە، کە ئەگەر ئەمە ویستی زۆرینەی خەڵکی کورد بێت جێبەجێ بکەن. ئاخۆ چۆن سەربەخۆیی دەستەبەر دەکەن؟ ”



ئەم وتارە تیشکێک دەخاتە سەر ئەوەی کە ‘فێدراڵ دێمۆکراسی بۆ ئێران’ کە لەلایەن هەندێ لە حیزبە کوردییەکانەوە باس دەکرێت، دوایین ئامانجی بزووتنەوەی کوردی نییە، بەڵکو ڕێگایەکی ناچارییە بۆ تێپەڕبوون بەرەو سەربەخۆییی کوردەواری. ڕوانگەیەکی ستراتیژییە کە لە نەبوونی دەسەڵات و هێزی تەواو بۆ دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی، لەبەری گیراوە.

دیارە نووسەری ئەم وتارە لە ڕوانگەی تاکەکەسییەوە وەک خۆی بە تەواوی سەربەخۆییخوازە و پێکهاتنی دەوڵەت یان دەوڵەتانی کوردی بە مافی گەلی کورد دەزانێت و، تەنیا گەلی کورد و خەڵکی کوردەواری[١] بە خاوەنی ئەو مافە دەزانێت کە لەسەر چارەنووسی خۆی بڕیار بدات. گەرچی خەباتی لەمێژینەی هەندێ ڕێکخراوی کوردەواری لە بەرانبەر دەوڵەتانی داگیرکەر بە هەموو هێزیانەوە هۆی مانەوەی بزووتنەوەی سیاسیی کوردی بووە، بەڵام هیچ کەس، گرووپ یان ڕێکخراوێک بەتەنیا ناتوانن لە جێی خەڵکی کورد بە گشتی بڕیار بدەن. لەم پێناوەشدا لەگەڵ کارکردن بۆ بەهێزکردنی هزر و وێژمانی سەربەخۆییخوازییە وەک بنەمای بزووتنەوەی کوردی. بەوەشەوە، نووسەر سیاسەت لە کردەوەدا بە پێی هێز و توانا و بەدوور لە هەست و سۆزی پەتی دەبینێت. دیارە هەست و سۆزیش بۆخۆیان پاڵپشت و هێزن بۆ جووڵە و کردەوە، بەڵام ئەوە بۆ لایەنی بەرانبەریش هەیە و لە کۆتاییدا لە کەشی نادێمۆکراتیکدا هێز دەتوانێت یەکلاکەرەوە بێت، وەک تا ئێستا بەداخەوە لە کوردەواریدا وەها بووە. بۆیە، لە بارودۆخی ئێستاکەدا سیاسەت بەوەی دەزانێت کە بە کەمترین تێچوو زۆرترین قازانج دەستەبەر بکرێت و لە نەبوونی هیچ دەرەتانێکدا ڕێگایەک بکرێتەوە. لەو ئاراستەدایە کە هەوڵ بۆ دابینکردنی دێمۆکراسیی ڕاستەقینە و جەخت لەسەر مافی مرۆڤ بە ڕێگایەک دەزانێت کە کەمترین تێچووی دەبێت بۆ گەیشتن بە چارەی خۆنووسین و لە ئاکامدا ڕۆشتن بەرەو سەربەخۆیی.


دیارە سەربەخۆییخوازی لەناو بزووتنەوەی کوردیدا شتێکی تازە نییە و هەر لە سەرەتاوە هەبووە، بەڵام هەر بەو هۆیەوە کە ئێستاش هەیە، واتە دوژمنانێکی نادێمۆکراتیکی خاوەن دەوڵەتی بەهێز و پڕچەکوچۆڵ، نەیتوانی سەرکەوێت و بەرەبەرە بە تێگەیشتن لەو نابەرابەریی هێزەدا بیرۆکەکانی تر وەک خودموختاری و دواتر فێدڕاڵی لە وڵاتانێکی دێمۆکراتیکدا بەسەر بزووتنەوەکەدا زاڵ بوو و ڕاستەوخۆ باسی سەربەخۆیی نەدەکرا. لەڕاستیدا ئەو بیرۆکانەش هیچ کات وەک بیرۆکەی کۆتایی ڕەچاو نەدەکران، بەڵکو وەکو قۆناخی گواستنەوە بەرەو سەربەخۆیی دەبینران. ڕەنگە، زۆرینەی گەلی کورد سەربەخۆییخواز بن، چ ئەوانەی لە ڕێگای دێمۆکراسییەوە بۆی دەچن، چ ئەوانەی تر. بەڵام تا ئێستا لانیکەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو ئازادییە نەبووە کە گەلی کورد خۆی بڕیار بدات و دیاریش نییە لە داهاتوودا لە ڕێفراندۆمی سەربەخۆییدا دەنگیان چی دەبێت، ئاخۆ بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازی سەردەکەوێت قەناعەت بە گەل بهێنێت یان نا. دیارە کەس لە جێی کەس ناتوانێت بڕیار بدات.


هەرچۆنێک بێت، ئەم وتارە دەیهەوێت لە چوارچێوەی سیاسەتی کردەوەییدا تیشک بخاتە سەر ڕوانگەی ئەو ڕەوتە لە سەربەخۆییخوازان کە دێمۆکراسی و فێدرالیزم لە دژی سەربەخۆیی دەزانن. ئەوانەی ئێستا وەک سەربەخۆییخواز خۆیان ناساندووە و بانگەوازی بۆ دەکەن، بەڵام بێجگە لە بانگەوازەکە هیچ پلانێکی کردەوەییان بۆی نییە، کە ئەگەر ئەمە ویستی زۆرینەی خەڵکی کورد بێت جێبەجێ بکەن. ئاخۆ چۆن سەربەخۆیی دەستەبەر دەکەن؟ شەڕی بۆ دەکەن؟ بە چ هێز و توانایی‌یەک؟ ئاخۆ هێزی تێکشکاندنی ئەو دەوڵەتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوینیان هەیە و ئاخۆ زلهێزە پاڵپشتەکانی ئەو دەوڵەتانەیان بەو قەناعەتە گەیاندووە و ئەوان لە بەرژەوەندیی خۆیان دەست دەکێشن بۆ پاڵپشتی لەمان؟ و زۆر پرسیاری تر کە وەڵامێکیان بۆ نییە. ئەگینا ئەگەر بە حەز بێت ڕەنگە زۆربەی ئەو سەرکردانەش کە باسی دیمۆکراسی و فێدراڵی دەکەن، زۆر خولیای سەربەخۆیی بن. دیارە ڕەخنەی سەربەخۆییخوازان لەسەر هەندێ بڕیاری سەرکردە کوردەکان و بەشدارییان لە هەندێ پەیمان و کۆبوونەوەدا بەجێیە و ئەو سەرکردانە نابێت هیچ کات ڕێگای چوونی گەلی کورد بەرەو سەربەخۆیی داخەن، ئەگەر ئەو مەرجە قبووڵ بکەن و لە یاسای بنەڕەتیدا مافی جیابوونەوەی ناوچەکان لە ڕێگای یاسایی‌یەوە ڕەچاو نەکرێت، هەنگاوێکی ناتەواو بەرەو دێمۆکراسی لە ئێران نراوە. هەرچەند قبووڵکردنی دێمۆکراسیی ڕاستەقینە لە خۆیدا، ئەگەر لایەنەکان خاوەن زەین و کردەوەی دێمۆکراتیک بن، پۆتانسییەلی سەربەخۆییی تێدایە، لەبەر ئەوەی دێمۆکراسی لە پلەی یەکەمدا بەو واتایەیە کە هیچ کەس و گرووپێک ناتوانێ لە جێی کەس و گرووپی تر بڕیار بدات، وەک چۆن خەڵکانی تری کەنەدا ڕێگە بە خۆیان نادەن کە لە جێی کێبێکییەکان بڕیار بدەن و دایانناوە کە لە ڕێگای ڕێفراندۆمەوە خۆیان بڕیار بدەن. بەوەشەوە، بە هۆی مێژووی سەرانسەر دیکتاتۆرییەت و ملهوڕیی لایەنی بەرانبەر و لەبەرچاوگرتنی ئاستی گەشەی دێمۆکراسی لەواندا، پێویستە لە یاسادا ئەوە بسەپێنرێت کە گەلان خۆیان بڕیار بدەن.[2]


لەو ساڵانەی دواییدا بیری سەربەخۆییخوازی زیاتر گەشەی سەندووە. لەو پەیوەندییەدا، دوو ڕەوت دەبینرێت. ڕەوتێک کە زیاتر ڕووی کردووەتە کاری هزری بۆ دابینکردنی پاڵپشتییەکی بەهێزی تیۆریک و ئاگادارکردنەوەی نەتەوەیی و دژەکۆلۆنیالیستی کە زیاتر لەناو توێژی ئاکادێمیسییەنی کورددا دەبینرێت. ڕەوتێکی تر هەندێ لایەنی سیاسین کە بە ڕاشکاوانە و ڕاستەوخۆ سەربەخۆیی‌یان کردووەتە دروشم و ئامانجی ڕێکخراوەکانیان و بانگەشەی بۆ دەکەن. ڕەوتی دووەم و بەشێک لە ڕەوتی یەکەم ڕێگەکانی تری دابینکردنی چارەی خۆنووسین واتە جەخت لەسەر دێمۆکراسی و فێدرالیزم کە پلان و بەرنامەی زۆرینەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتە، بە باش نازانن و جار وایە بە توندیش هەڵوێستی لە بەرانبەردا دەگرن و بە جۆرێ فێدراڵ دێمۆکراسی بە جێگرەوەی سەربەخۆیی دەزانن. ئەم بەشە لە سەربەخۆییخوازان دێمۆکراسی و فێدراڵیزم نەک لە ئاراستە و ڕیزی سەربەخۆییدا بەڵکو وەک لەمپەر و لە بەرانبەر ئەوەدا ڕاڤەیان دەکەن، لە کاتێکدا لانیکەم لە باری تیۆریکەوە وەها نییە. بێجگە لەوەی کە خودی چەمکی دێمۆکراسی وەک لە سەرەوە ئاماژەی کرا، لە ناخدا هەڵگری سەربەخۆییی تاک و گرووپەکانە و کەسانێک کە خۆیان بە دێمۆکرات بزانن، ڕێگە بە خۆیان نادەن لە جێی کەس و گرووپی تر بڕیار بدەن، پێناسەی وڵاتی فێدراڵیش جیاوازە لە یەک بەش/یەکپارچە. لە وڵاتی فێدراڵدا یەکەکان بەرابەرن و هێزی خۆیان لە یاسای بنەڕەتی وەردەگرن نەک لە حکومەتی ناوەندی. هەروەها سیستەمی فێدراڵ دێمۆکراتیک لە یاسای بنەڕەتیدا ڕێگەی یاسایی بۆ هاتنە ناو و چوونەدەرەوەی یەکەکان دیاری دەکات. بەپێچەوانەوە ئەدی ئەوە دێمۆکراتیک و فێدراڵ نابێت. بۆ وێنە وڵاتێکی وەک سپانیا وێرای ئەوەی کە بە وڵاتی خودموختارییەکان ناسراوە، وڵاتێکی فێدراڵ نییە، چۆنکە لە یاسادا وەک “یەک پارچە” ناسراوە و دەسەڵاتی کۆتاییی یەکەکان لە دەستی حکومەتی ناوەندیدایە، بۆیە ڕێگەی بە سەربەخۆیی کاتالان نەدا. هەر لەو کاتەشدا، ئەوە خۆی پیشاندەری ناتەواویی ئەو دێمۆکراسییەیە کە لەوێدایە. ڕاستییەکەی لە وڵاتێکی وەهادا بناخەی دێمۆکراسیی ڕاستەقینە فێدراڵییەتە بۆ ئەوەی کە ڕەچاوی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی وڵاتەکە بکرێت و هاوکات بەرگیری لەو جۆرە ڕاوەستانە لە بەرانبەر دەنگی خەڵک و سەرکوتکردنی بکرێت. هەرچۆنێک بێت، ئەو جۆرە بۆچوونانەی سەربەخۆییخوازەکان داخستنی ڕێگا و دەرگاکانی تری ڕۆیشتن بەرەو سەربەخۆیی‌یە. بەم کارەیان، بازنەی سەربەخۆییخوازان تەسک دەکەنەوە و بە جۆرێ ئەوانی تر لە ڕیزی خۆیان دەردەپەڕێنن. بەپێچەوانەوە، دەبووایە وێژمانێک ڕێک بخەن کە لە بەرگریی هێزەکانی تریش بێت و لە ئەگەری داهاتوویەکی فێدڕاڵ دێمۆکراسیدا هەموویان خۆیان لە پانتاییی ویستی سەربەخۆییدا ببیننەوە. ئەو جۆرە هەڵوێستەی ئەوان لە خۆیدا جۆرێ بێ‌متمانەیی بە هێزی خۆیانی تێدایە و ترس لەوەی کە لە داهاتوودا تەنانەت لە کۆمەڵگایەکی دێمۆکراتیکدا نەتوانن بزووتنەوەی سەربەخۆیی سەربخەن. کەچی پێویستە هیوادارتر و بەهێزتر لەوە دەرکەون و تەنانەت لە داهاتوودا بە ئەندامەتی لە حیزبەکان باڵی سەربەخۆییخواز لەواندا بەهێزتر بکەن و سیاسەت و ویستی حیزبەکان بگۆڕن. یان، وەکوو حیزبی سەربەخۆییخواز وەک لە کێبێک، سکاتلەند و… هەیە بتوانن چالاک بن و، وەک سەرکردایەتیی بزووتنەوەی سەربەخۆیی، باڵی سەربەخۆییخوازیی حیزبەکان و لایەنگرانیان بکێشنە نێو بزووتنەوەی سەربەخۆیی‌یەوە.


ئەو ڕێکخراوە سیاسییانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە یەکەناسن و یەک ڕێگا بۆ سەربەخۆیی دەناسن، دیارە هێزی سەرەکیی زۆربەیان لە ئەورووپایە (ڕەنگە هەندێکیان بارەگا و چەند کەس و پێشمەرگەیان لە کوردستانیش هەبێت)، هەروەها هەندێ تاکی تریش کە کاری تیۆریک یان ئاگاییبەخشی دەکەن، بە ڕوونی باسی ڕێگای دەستەبەرکردنی ئەم سەربەخۆیی‌یە ناکەن و جار وایە خۆیان لە دژی دیکەی لایەنە کوردییەکان پێناسە دەکەن و بە توندترین شێواز هەڵوێست دەگرن. وێڕای هاوارکردن لە جێیەوە و دەربڕینی ویست و داخوازیی خۆیان، دیار نییە بەردەنگیان کێیە؟ ئەگەر دەوڵەتانی داگیرکەر کە دیارە گوێ نادەنێ و بەو هێز و توانا سەربازییەوە کە هەیانە، هەمیشە بە سەرکوت و توندوتیژی وەڵام دەدەنەوە. ئەگەر گەلی کوردە، گەلی کوردیش خۆی ئەگەر ڕێگەی پێ بدرایەت، ئەوە لەمێژە دەنگی بە سەربەخۆیی دابوو. ڕەنگە لە هەموو گەلێکیش زیاتر خوێنی لەو ڕێگایەدا دابێت و سەرنەکەوتووە. بۆیە تا هەلێک نەڕەخسێت کە هێزی ئاپۆرەی گەل بجووڵێت و تێچووی کەمتر بێت بۆی، هیوایەک نییە لەو بارودۆخەدا کە سەرکوت لەوپەڕی خۆیدایە و بە هاواری سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گەلی کورد ڕاپەڕێت و بەتەنیایی دەوڵەتی ئێران تێک بدات. ئەگەر دەیانەوێت دەنگیان بە دەرەوە بگەیەنن و هێزی پاڵپشت بدۆزنەوە، لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا دەوڵەتەکانن حوکم دەکەن و ئەوان لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەردا دانوستانیان هەیە. دیسان بە کردەوە هیچ دەوڵەتێک بەرژەوەندیی خۆی ناخاتە مەترسییەوە بۆ گرووپە بێ‌دەوڵەتەکان کە هێز و توانای بەرچاویان نییە. نموونەش پاڵپشتیی وڵاتانی ناتۆ لە یەکتر و ئەو لێک‌تێگەیشتنە نوێیەی نێوان سێ وڵاتی تورکیا، سوید و فینلاندە لە بەرژەوەندیی تورکیای داگیرکەر و لە زیانی گەلی کورد. یان، وێڕای ئەو هەموو کردەوە دژەمرۆیی‌یەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی داگیرکەر، دیسان هەموو وڵاتەکان بە جۆرێ پەیوەندییان لەگەڵی هەیە. هەرچۆنیک بێت، وەڵامێکی ژیربێژانەیان نەبووە کە چۆن لە ئەورووپا و لە دەرەوەی کوردستانەوە دەتوانن کوردستان سەربەخۆ بکەن؟ بە چ هێز و توانایی‌یەک؟ وەک ئاماژە کرا دیارە کەس و لایەنی تریش هەن کە لە باری تیۆریکەوە لەو بوارەدا کار دەکەن کە ئەمە جێی خۆیەتی، بەڵام کەس، گرووپ یان حیزبێ کە ڕاستەوخۆ و ڕاشکاوانە باسی لەبەرگرتنی سیاسەتی سەربەخۆیی دەکات لە ڕێگای شەڕەوە هەر جۆرە بۆچوونێکی تر بە دژی سەربەخۆیی دەزانێت، بێ ڕەچاوکردنی لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی و ڕەچاوکردنی هێزی خۆی جێی پرسیار دەبێت کە چۆن دەیەوێت کوردستان سەربەخۆ بکات. ئەوە ڕەنگە بۆ باشوور بڕێ ژیربێژانەتر بێت، بەڵام بۆ ڕۆژهەڵات چلۆن؟ ئەم لایەنانە لەلایەکەوە دیار نییە کە بە چ هێز و توانا‌یەکەوە دەیانەویت سەربەخۆیی دابین بکەن، لەلایەکی تریشەوە بە هەڵگرتنی دروشمی ڕاستەوخۆی سەربەخۆیی بە جێی دێمۆکراسی، ڕێگای هاوکاری و کاریگەرییان لەسەر دیکەی دژبەرانی ئێران و هەروەها هەندێ لە لایەنە کوردییەکانیان لە خۆیان داخستووە. واتە بوارێکی هاوبەشیان بۆ کار پێکەوە نەهێشتووەتەوە و دیارە لە کردەوەشدا بەتەنیا هیچیان پێ ناکرێت. گەرچی بە گشتی هەبوونی ئەم لایەنانە باشترە لە نەبوونیان بەتایبەت بۆ داهاتووی کوردستان، بە کردەوە لە ئێستا و لەم بارودۆخەدا پانتاییی جووڵەی خۆیان بەرتەسک و لاوازە کردووەتەوە. لەکاتێکدا ئەوان دەبێ خۆیان وەک هێزی تەواوکەر و لە بەرەیەکدا لەگەڵ دیکەی لایەنە کوردییەکان بزانن، وەک باڵێکی بزووتنەوەی کوردی کە لە داهاتوودا دەتوانن ببنە باڵی زاڵی سیاسەتی کوردی.


سەربەخۆییخــــــــــوازانی دژبەری دێمۆکراسیخوازان باسی ئەوە دەکەن کە ئێران ناکرێ بە دێمۆکراسی و فارس بیری ناگۆڕدرێت، و هەوڵی بە دێمۆکراتیک کردنیان بێ قازانجە. یان، بۆچی کورد کە سەربەخۆیی دەوێت ئەو هەوڵە بدات و ئەوە ئەرکی هێزە کوردییەکان نییە. سەبارەت بەم شێوازە هۆهێنانەوە، سەرەتا ڕەنگە باشتر بێت کێشەکان بە شێوەی پێکهاتەیی نەک ماکخوازانە سەیر بکرێن، چونکە دیاردەی فاشیست بوونی فارس و ئەوەی کە خاوەن زەینی دێمۆکراتیک نین، دیسانەوە بەرهەمی بارهێنان لە سیستەمێکی نادێمۆکراتیکدا بووە. دووەم، ئەمە کە ئێران و فارس هەڵگری دێمۆکراسی نین، بە واتای کێشە لە دێمۆکراسیدا نییە کە دێمۆکراسیخوازەکان داوای دەکەن. ڕاستییەکەی کێشەکە بە دێمۆکراتیک کردنی ئێران و فارس نییە، بەڵکو دۆزینەوەی ڕێگایەکی کردەوەیی تر و کەم تێچووترە بۆ گەیشتن بە مافەکانی کورد. دێمۆکراسی لێرەدا وەک ڕێگاچارەیە، ئەگینا خودی سەربەخۆیی گەر دەستەبەر بکرێت، دێمۆکراتیکترین مافە بۆ گەلی کورد. کورد هەوڵ دەدات یاسایەکی دێمۆکراتیک سەروەر بێت و حکومەتێک بە بەشداریی بەرابەریی هەمووان نەک تەنیا فارس بێتە سەر کار کە تێچووی گەیشتن بە مافەکانی کەمتر ببێتەوە. ئەو هەوڵەش ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنی بەهێز پێکەوە هاوکار بن، زیاتر دەتوانێت پاڵپشتیی نێودەوڵەتی ڕابکێشێت. هەروەها، بوونی کورد و نەتەوەکانی تر لە حکوومەتێکی وەهادایە کە گەڕەنتیی دێمۆکراسی دەکات. دیارە دەبێ هەموو لایەنەکان مەرجەکانی یاسای بنەڕەتی قبووڵ بکەن تاکوو دێمۆکراسیی فێدراڵ سەر بگرێت. دوای ڕێککەوتن، ئەگەر ڕێگای ئاشتییانەی سەربەخۆیی هەر کام لە یەکە و پێکهێنەرەکانی دەوڵەتی فێدراڵی لە ڕێگای یاسایی‌یەوە قبووڵ نەکرێت، ئەوە لە دژی یاسا و ڕێککەوتنەکەیە. پێشێلکردنی یاسا بەو واتایە کە پێشێلکار لە دژی دێمۆکراسییە و دێمۆکرات نییە، نەک ئەوەی کە دێمۆکراسی و دێمۆکراتیک بوون لە دژی سەربەخۆیی بێت. ئەگەر نەتەوەکان ئەوەندە بەهێز بن کە سیستەمی فێدڕاڵ دێمۆکراسیی ڕاستەقینە دامەزرێنن، لایەنی کوردی بە شێوەی دێمۆکراتیک و ئاشتەوایی ڕێگای خۆی دەڕوات و تەنیا لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی حکومەتی ناوەندی لە دژی ویستی گەلدایە کە بە پاڵپشتیی یاسا شەڕی ڕەوای خۆی دەکات. لەم کاتەشدا جیاوازی لەوەدا دەبێت کە بنەمایەکی یاسایی بۆ خەباتی ئاشتییانە و مەدەنیی سەرشەقام لە ناوخۆ و تەنانەت بەدەستهێنانی پاڵپشتیی دەرەکی هەیە. بەڵام ئەمە کە لایەنی بەرانبەر هەر لە سەرەتاوە سیستەمێکی وەها قبووڵ نەکات، بابەتێکی جیاوازە. ئەگەر سیاسەتی ملهوڕانەی فارسەکان لە ناوەند درێژەی هەبێت، ئەوە دیارە بێجگە لە شەڕ چارەیەک نییە. لێرەدا ئەدی دێمۆکراسییەک لە گۆڕێدا نییە تاکو کێشەکە پێوەند بدرێت بە دێمۆکراسییەوە. دیارە ڕێگەی توندوتیژی هەر کراوەیە، هەروەک تا ئێستا بەرگریی چەکدارانە لە کوردەواریدا ڕەوایی هەبووە. کەواتە لە بارودۆخی ئێستاکەدا، هەوڵ بۆ دێمۆکراسی ئاڵتێرناتیڤێکی کردەوەییی ترە. ئەگینا، ئەگەر بە زۆری هێز بکرایە و کورد بە تەنیا توانای شەڕی دەوڵەتانی هەبووایە تا ئێستا سەرکەوت بوو. کاتێک ئەو هێز و توانایە نییە، دەبێ لانیکەم دەرفەتێک بڕەخسێندرێت کە گەل بتوانێت بێتە سەر شەقام و داوای سەربەخۆیی بکات. تەنانەت گریمان ئەوەندە هێزمان بەهێز بێت کە بە شەڕ سەربەخۆیی دەستەبەر بکەین، خۆ هێشتا بۆ ڕەوایی و شەرعییەت پێویست بە ڕێفراندۆم و پاڵپشتیی خەڵک دەبێت تاکو هەم ڕێگای شەڕ و داگیرکردنەوە دابخرێت و هەمیش بە هاسانی دەوڵەتی کوردەواری بە فەرمی بناسرێت. کەواتە، ئەمە بۆخۆی لە کۆتاییدا هەر پەنا بردن بە دێمۆکراسییە. وێڕای ئەو هەموو ڕەخنەیەی سەربەخۆییخوازان لە دێمۆکراسی دەیگرن، بۆخۆیان ئاماژەیش بەو نموونانە دەکەن کە لە ڕێگای دێمۆکراسییەوە واتە ڕێفراندۆم و دەنگی خەڵک بە سەربەخۆیی گەیشتوون یان دەیانەوێت بگەن. 


دیارە گەلە جیاوازەکان یەک ڕێگایان نەگرتووەتە بەر، هاوکات هەم ڕێگای توندوتیژانە و هەم ئاشتەوایی‌یان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان و، ئەو ڕێگایانە تەواوکەری یەکتر بوون، گرتووەتە بەر. بەڵام ئەوەی زیاتر گرنگایەتی هەبووە و لە کۆتاییدا دیاریکەر بووە، دێمۆکراسی و بە واتایەکی تر ویست و دەنگی خەڵک بووە. هێز و توندوتیژی وەک د. قاسملوو دەیگوت ئامرازێکی ناچارییە بۆ ئەوەی کە زەبەلاحی دەوڵەتی دەسکردی فارس بەرەو دێمۆکراسی ببزوێنێت. دیارە لە هێزی نابەرابەردا بەکارهێنانی ئەوە سەرکوتی زیاتری بەدواوەیە بەڵام هیچ چارە نییە و گەر پێویست بێت دەبێت توندتر و توندتر ببێتەوە تاکوو لە رێگای دێمۆکراسییەوە مل بدات بە جووڵە. بەڵام کە کەشی دێمۆکراسی هەبوو ئەوکات توندوتیژی بزووتنەوەکە لە رەوایی دەخات و بیانوو بۆ سەرکوت دەڕەخسێنێت. گەلێ کە بە شێوەی دیمۆکراتیک بۆی بلوێ جیا ببێتەوە پێویستی بە توندوتیژیی نییە. لە کەشی دێمۆکراتیکدا هەل دەڕەخسێت کە لە بوارە جۆراوجۆرەکانەوە لە دژی کۆلۆنیالیزم و لە بۆ سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم کار بکرێت. دیارە لەو کاتەدا ئەرکی هێزکانی نەتەوە نافارسەکان زیاتر دەبێت و پێویستە دەرفەتی ئەوە بە بەرانبەریان نەدەن کە لە دێمۆکراسی وەک ئامرازێک بۆ تواندنەوە و وەخۆگرتن کەڵک وەرگرێت و بە شێوەی جۆراوجۆر هەستی سەربەخۆیی لە ناخی ئەو گەلانەدا بکوژێت تاکوو دەنگ بە سەربەخۆیی نەدەن. دیارە ئەزموونی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش پیشانی داوە کە سیستەمە سیاسییەکانی وڵاتانی ئەو ناوچەیە ناتوانن بەو ئاستە بگەن کە ئەوەندە مافی خەڵک لەبەرچاو بگرن کە نەتەوە بندەستەکان دەنگ نەدەن بە سەربەخۆیی، بەتایبەت نەتەوەی کورد کە دوایین ئامانجی یەکسانیی نەتەوەیی و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆیە.


لەو ئاراستەدایە کە کەسێ وەک د. قاسملوو جەختی دەخستە سەر دێمۆکراسی، بەڵکو دەرەتانێک بکرێتەوە. دیارە لە پۆتانسییەلی دێمۆکراسی گەیشتبوو و لە ئاسۆی بیریدا دێمۆکراسی بۆ ئێران وەک ڕێگایەکی ناچاری بە تێچووی کەمترەوە بەرەو سەربەخۆیی کوردەواری بەدی دەکرێت نەک لە دژی. بۆیە سوور بوو لەسەر ئەوەی کە وەچەیەک بۆ هەتاهەتایە بڕیار نادات کە ئەگەر مافی کورد لە چوارچێوەی خودموختاری، بۆ وەچەی ئەوان و، دواتر لە فێدراڵیدا دابین کرا، ئیدی وەچەی داهاتوو نەتوانێت دەنگ بە سەربەخۆیی بدات. تەنانەت لێرەشدا، د. قاسملوو بە پێی بارودۆخی سەردەم و ئەوەی کە سەرکوت هیچ ڕێگایەکی نەهێشتبووەوە، وای دەگوت و ئەوەش پێویستە وەک بیروڕای ئەو وەچە لە ڕێبەرانی حیزبی دێمۆکرات ڕەچاو بکرێت. ئەگینا ئەگەر لە بارودۆخێکی دێمۆکراتیکدا بووایە و خەڵک بە ئازادی بکرایە دەنگیان بدایە و هەلی بەڕێوەبردنی ڕێفراندۆمێک هەبووایە، ڕەنگە د. قاسملوو وەهای نەگوتایە و ڕەنگە خەڵکی کوردی ئەو سەردەمەش هەر بە سەربەخۆیی دەنگی بدایە. بۆیە پێویستە بۆ ئەو وتەیەش خوێندنەوەیەکی سیاسی بۆ کات و شوێنی خۆی بکرێت کە بە واتای دەنگی خەڵک بە گشتی نەبووە، چون حکومەت و یاسایەکی دێمۆکراتیک نەبووە و هیچ ڕاپرسییەکی گشتی لەناو کوردا لەو کاتەدا نەکراوە. کەواتە دەنگی خەڵکی سەردەم بنەمایە بۆ هەر بڕیارێکی سیاسیی گشتیی سەردەم. لەم پەیوەندییەدا دەکرێ ئاماژە بە بۆچوونی نوێی حیزبی دێمۆکرات لەسەر شێوەی فێدراڵی لە ئێران بکرێت کە لە ئاراستەی دێمۆکراسی و سەربەخۆییدایە. بۆ نموونە لە پەڕتووکی فێدرالیزم لە وڵاتانی فرەنەتەوەدابڵاوکراوەی ناوەندی ستراتێژیکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، کاتێ باسی یاسای بنەڕەتیی داهاتووی ئێران دەکرێت، پێشبینیی ئەوە دەکات کە دەبێت مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان بۆ مانەوە و نەمانەوە لە ڕێگای ڕێفراندۆمەوە ڕەچاو بکرێت. مەرجی ئەوە دادەنێت کە نەتەوەکان خۆیان لەسەر چارەنووسی خۆیان بڕیار بدەن.[3] دیارە ئەم ڕێبازە دێمۆکراتیکە نەک لەمپەر بەڵکو ئاسۆی سەربەخۆییی کوردەواری دەبینێت و ڕێگای بۆ خۆش دەکات.


کەواتە، گرنگە کە بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازی و دێمۆکراسی نە وەک دژبەری یەکتر بەڵکو وەکو تەواوکەری یەکتر ڕەچاو بکرێن. لە باری تیۆریک و هەروەها وەک بیر، پێویستە سەربەخۆییخوازی لەناو خەڵکدا بەهێز بکرێت و تەنانەت باڵە سەربەخۆییخوازەکان لەناو حیزبەکاندا خۆ ئامادە بکەن بۆ قۆناخی دێمۆکراسی لە ئێران و هەوڵدان بۆ دابینکردنی سەربەخۆیی لە درێژەی بزووتنەوەی دێمۆکراسیخوازیدا، چۆنکە بێ‌گومان باوەڕ بە دێمۆکراسی باوەڕ بە بڕیاری خەڵکە کە ڕەنگە دەنگ بە جیابوونەوە بدەن. بێ‌گومان لە قۆناخی ئێرانی دێمۆکراتیکدا گەلی کورد پێویستیی بە بزووتنەوەیەکی زۆر بەهێزی سەربەخۆییخواز دەبێت بۆ دابینکردنی سەربەخۆیی. لەلایەکی تریشەوە، سەرکردە کوردەکان، لانیکەم ئەگەر لە کۆڕ و کۆبوونەوە و ڕووبەڕووبوونەوە و دیمانەکانیاندا وەک نوێنەری کورد دەردەکەون، چی تر نابێت بە ترس و شەرمەوە لەگەڵ فارس و لایەنە سیاسییەکانیان بدوێن و خۆ بەکەم بزانن و، ئەویدی بە زل و، مافە ڕەواکانی گەلی کورد بشارنەوە و سەرکزانە لە ئاستی نەیارانی ئەو گەلە دەرکەون و هەروەها ڕێگە بدەن و ڕێگە خۆش کەن کە کەسانی تر لە داهاتوودا لە جێی گەلی کورد بڕیاری کۆتایی بدەن. ناکرێ لە جێی جەخت لەسەر دێمۆکراسیی ڕاستەقینە و ئەوەی کە کەس لە جێی کەس بڕیار نەدات، بچن بۆ پاساوی “جیاییخواز نەبوونی گەلی کورد”! کە لەڕاستیدا دەکەونە بەرەی دژ بە مافی مرۆیی و دێمۆکراتیکی گەلی کوردەوە. لەمێژە کاتی ئەوە گەیشتووە کە تاک، ڕووناکبیر و سەرکردەکان بە ڕوونی بیروڕای خۆیان دەرببڕن و ویستی گشتیش بسپێرن بە ڕاپرسیی گشتی لە خەڵک. وێڕای دەربڕینی ڕای تاکەکەسیی خۆیان، لە ڕووبەڕووبوونەوەکاندا بە ناوی خەڵکەوە نەدوێن و بۆ لایەنی بەرانبەریان ڕوون بکەنەوە کە وەک ماف، مافی بێ ئەملا و ئەولای گەلی کورد و نەتەوەکانی ترە کە خۆیان لەسەر چارەنووسی خۆیان بڕیار بدەن. تەنانەت ئەگەر خۆیان بڕوایان بە سەربەخۆیی نییە، ئەوەندە تێگەیشتوو و دێمۆکرات بن کە ڕێگە بە خۆیان نەدەن لە جێی گەلی کورد بە گشتی بڕیار بدەن.


پەراوێزەکان

  1. دیارە نووسەر وشەی “کوردەواری” پێ کوردیترە و زۆرتر لە جێی وشەی کوردستان بەکاری دەهێنێت. لەنێو خەڵکیشدا کورد زیاتر ئەم وشەیەی بەکار هێناوە کە بە واتای ئەو ناوچەیەیە کوردی تێدا دەژیت، گەرچی ڕەنگە وشەی “ستان” لە کوردیی کۆندا بووبێت و لەوێوە تەشەنەی کردبێتە نێو زمانەکانی تر لەوانە زمانی فارسی. بەڵام وادیارە سەرەتا لەلایەن حکومەتەکانەوە لەو کاتەدا کە زمانی فارسی زمانی دیوانیان بووە نەک زمانی خەڵک، بۆ ناوچە جیاوازەکان بەکار هێنراوە. دواتریش ماوەتەوە و لە سەردەمی نوێدا لە زمانی فارسیدا یان ئەو زمانانەی فارسی کاریگەریی لەسەریان هەبووە، بەکار هێنراوە وەک؛ پاکستان، ئەفغانستان، بەلووچستان، تورکمەنستان و…. هەندێ جارێش ئەم ناوانە لە زمانی خەڵکی خۆیاندا وایان پێ ناگوترێت وەک عەرەبستان کە خۆیان دەڵێن “المملكة العربية السعودية” یان سێربستان کە خۆیان دەڵێن سێربیا و…. لەم ئاراستەدا گەرچی کوردستان جێ کەوتووە لەنێو خودی کوردیشدا، بەڵام وا نییە کە هەر دەبێ ناوێ کە دیتران بۆمانی بەکار دەهێنن، دووپاتی بکەینەوە و وشە ڕەسەنە کوردییەکە لەبیر بکرێت. زمانی خەڵکی کورد لە زاری هێمنەوە ئەمەیە: “کوردەواری ئەی وڵاتە جوانەکەم…”.
  2. لەم بوارەدا بڕواننە وتارێکی تری نووسەر لە ژێر ناوی “قەیرانی دێمۆکراسی؛ داهاتوویەکی نادیار و بەردەوامیی کێشەکان”، گۆڤاری تیشک، ژمارە ٥٩-٦٠، بەهار و هاوینی ٢٧٢١، لل. ١٦٦-١٧٥.
  3. بڕواننە: فێدرالیزم لە وڵاتانی فرەنەتەوەدا؛ گەڵاڵەی سیستەمی فێدراڵی نەتەوەیی-جوگرافیایی بۆ ئێران، ئامادەکردنی: ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتێژیکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، پاییزی ٢٧١٢ی کوردی/١٣٩١ی کۆچی هەتاوی، لاپەڕەی ٣٤٢.

داگرتنی بابەت

دێمۆکراسی؛ ڕێگایەکی کەم تێچوو بەرەو سەربەخۆیی

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان