ئارامتر بخوێنەوە
هێرشی سەربازیی ڕووسیا بۆ ئووکرایینا
ئاوڕێک لە بەرخۆدانی نەتەوەیی و ئاکامەکانی
مەنسوور سدقی
“تەواوی ڕاگەیاندنە جیهانییەکان و نێوەندە سیاسی و سەربازییەکانیش لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە ئووکرایینا بەرگەی ئەو هێرشانە ناگرێت. تەنانەت بایدن سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشنیاری دا بە ڤلادیمیر زێلێنسکی تا لە واشینگتۆن پێشوازی لێ بکات. زێلێنسکی نەتەنیا وەڵامی نەرێنی بە بایدن دایەوە، بەڵکوو بە جلکی سەربازی لە تەلەڤزیۆندا دەردەکەوت و هانی خەڵک و سپای ئووکرایینای دا تا بەرگری لە ئازادی و سەربەخۆییی وڵات بکەن و هاوکات بۆ بەرەنگاربوونەوە دەگەڵ دووەم سپای جیهان هاواری گەیاندنی یارمەتیی سەربازی و مرۆڤی ئاراستەی هەموو جیهان و سەرانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوایی کرد.”
سەرەتا
بەرەبەیانیی ڕۆژی ٢٤ی فێبریوەریی ساڵی ٢٠٢٢، سپای ڕووسیا لە سێ لایەنی باشوور، باکوور و ڕۆژهەڵاتەوە هێرشێکی سەربازیی بەربڵاو و ڕاناگەیەندراوی لە دەریا، هەوا و وشکانییەوە بۆ سەر خاکی ئووکرایینا دەست پێکرد. بەگوێرەی هیندێک مەزەندەی سەربازی، لەنێوان ١٢٠ تا ١٤٠ هەزار سەرباز بەشدارییان لەو هێرشەدا کردووە.
ئێستا کە ئەو گوتارە ئامادە دەکرێت، نزیک چوار مانگە ئەو شەڕ و پێکدادانە لەنێوان هەر دوو لاوە بەردەوامە. لە کاتێکدا ئەرتەشی زەبەلاحی ڕووسیا کە بە دووەم ئەرتەشی پۆشتە و بەهێزی دونیا ناسراو بوو، ئەگەرچی ناچار بووە سێ جار ستراتیژیی سەرەکیی خۆی لەو شەڕەدا بگۆڕێت، بەڵام تاکوو ئێستا نە تەنیا بە مەبەستە سەرەتایییەکانی خۆی نەگەیشتووە، بەڵکوو وا دیارە لە زلکاوی ئەو شەڕەدا چەقیوە و دەسەڵاتدارانی ڕووسیا هەوڵ بۆ وەدەست هێنانی دەستکەوتێکی سیاسی دەدەن.
بەڵام بەهۆی بەرخۆدانی کەموێنە، بەردەوام و گشت نەتەوەیی چاوەڕواننەکراوی ئووکرایینایییەکان، هەروەها بە هانا هاتنی زۆربەی وڵاتانی جیهان و بەتایبەت زلهێزە ڕۆژاوایییەکان لە بواری سەربازی و یارمەتییە مرۆڤایەتییەکاندا، زۆربەی چاودێر و پسپۆڕانی سەربازی گریمانەی شکستی هەمەلایەنەی سەربازی و سیاسیی بۆ دەسەڵاتدارانی ئێستای کریملین و پووتین دەکەن.
مەبەست لەو گوتارە لێکدانەوەی سیاسی و سەربازی و هەڵسەنگاندنی کارەساتە مرۆیییەکانی ئەو شەڕە نییە، بەڵکوو هەوڵ دەدرێت:
ئاماژە بدەین بە پاشخانی مێژووییی دوو نەتەوە و دوو وڵاتی ڕووسیا و ئووکرایینا؛
ئاوڕێک بدەینەوە لە بەرخۆدانی گشت نەتەوەیی ئووکرایینایییەکان و ئاماژە بە هیندێک نموونەی داهێنەرانەی ئەو بەرخۆدانە بکەین؛
لە کۆتاییشدا باسی گریمانەی هیندێک لە لێکەوتەکانی ئەو هێرشە دەکەین.
پێکهاتنی دوو نەتەوەی ڕووس و ئووکرایینایی
پاشخانی مێژووییی دوو وڵاتی ڕووسیا و ئووکرایینا
گەلی سڵاڤیان یان سڵاڤ[١]– بەگوێرەی شوێنەوارە کۆنە دۆزراوەکان، سەرهەڵدانی ئیتنیکیی سڵاڤیانەکان لە سەدەی ٤ی زایینییەوە لە نێوەڕاستی ئەورووپا دەستی پێکردووە،
پاشان سڵاڤیانەکان دابەش دەبن بە سەر سێ گرووپی باکووری، باشووری و ڕۆژهەڵاتی. ئێمە لێرەدا تەنیا باسی سڵاڤیانە ڕۆژهەڵاتییەکان دەکەین کە بە “سڵاڤیانی کەوناری ڕۆژهەڵاتی” ناودێر کراون.
هەموو سڵاڤیانەکان تا سەدەی ٦، زمانێکی هاوبەشیان هەبووە. بەڵام لە سەدەی ٦ تا ٧دا، زمانی “سڵاڤیانی کەوناری ڕۆژهەڵاتی” لەوانەی دیکە جیا بووەتەوە کە لە ڕیزی زمانەکانی هیند و ئەورووپاییدا جێی گرتووە؛ دواتر لە سەدەکانی ٧ و ٨دا گرووپی جیاوازی ئیتنیکییان لێ پەیدا دەبێت بە زمانی هاوبەشی “ڕووسی کەونار”. لە نێوەڕاستی سەدەی ١٧ەوە زمانی ڕووسی لە زمانەکانی بێلاڕووسی و ئووکرایینایی جیا دەبێتەوە و ڕەوتی گەشەی زمانی نەتەوەییی ڕووسی دەست پێدەکات کە تاکوو ئێستا هەر بەردەوامە. واتە ڕەوتی پێکهاتنی ئەو سێ زمانە بە ٣ قۆناخدا تێپەڕ بووە:
(سەدەی ٤ تا سەدەی ٧) قۆناخی پێکهاتنی زمانی کەوناری ڕووسی،
(سەدەی ١٤ تا سەدەی ١٧) قۆناخی پێکهاتنی زمانی کۆنی ڕووسی کە ڕیشەی زمانە هەنووکەیییەکانی ڕووسی و بێلاڕووسی و ئووکرایینایییە.
(لە نێوەڕاستی سەدەی ١٧ەوە) قۆناخی پێکهاتنی زمانی نەتەوەییی ڕووسی لەسەر بنەمای دەقی نووسراوە بە ڕێنووسی کریلیی کەونار دەست پێدەکات و جیاوازی لەنێوان زمانی ڕووسی و بێلاڕووسی و ئووکراییناییدا پەیدا دەبێ.
هەر لەسەر ئەو بنەمایە، وردەوردە ئیتنیکەکانی ڕووس، بێلاڕووس و ئووکرایینایی بە ئاراستەی لێکجیابوونەوە دەست دەکەن بە گەشەی ئیتنیکی سەربەخۆ. واتە زمان وەک بنەما و فاکتەری سەرەکیی هەر جیابوونەوەیەکی ئیتنیکی، دەبێتە بنەمای دەستپێکی ڕەوتی پێکهاتنی سێ ئێتنیکی جیاواز و دواتر سێ نەتەوەی ڕووسی، بێلاڕووسی و ئووکرایینایی.
پێکهاتنی زمان و نەتەوەی ئووکرایینایی – لە سەدەی ١٤ەوە جیاوازیی زمانی ئاخافتنی ئووکرایینایی دەگەڵ زمانی کۆنی ڕووسی دەستی پێکردووە. لێرەوە گەشەی ئیتنیکیی ئووکرایینایییەکان لەسەر بنەمای پێکهاتنی زمانی جیاوازی خۆیان، دەگاتە قۆناخی گەشەی نەتەوەیی.
ناوی ئووکرایینا[2] لە سەرچاوە مێژوویییەکانی سەدەکانی نێوەڕاستدا بە ناوچەی نیشتەجێبوونی ئەو گرووپە لە سڵاڤیانە ڕۆژهەڵاتییەکان گوتراوە کە لە کەنارەکان، واتە لەسەر سنوورەکانی ڕۆژاوای ناوچەی “سڵاڤیانی ڕۆژهەڵات” و هاوسنوور دەگەڵ سڵاڤیانە باکووری و باشوورییەکاندا، ژیاون.
لە سەدەی ١٦دا، بەگوێرە بەڵگەنامەکان، یەکەم هەوڵ بۆ داڕشتنی ڕێزمانی ئووکرایینایی لەسەر بناخەی ئاخافتنی زارەکیی ناوچەکانی کییەڤ و باکوور و ڕۆژاوای ئووکرایینا دراوە و ئیتر لە سەدەی ١٧ەوە ڕێکوپێک کراوە. بۆیە زمانی ئووکرایینایی لەچاو زمانی ڕووسیی نوێ کە لەسەر بنەمای دەقی نووسراوە ڕێکۆپێک کراوە، ڕەسەنایەتیی زۆرتری لە فۆنۆتیک، ڕستە و وشەسازیدا پێوە ماوە.
ساڵی ٢٠١٩ پاش هاتنە سەرکاری زێڵێنسکی، یاسای زمان لە ئووکرایینا پەسەند کرا و ئەو زمانە بوو بە زمانی دەوڵەتی (میری) ئەو وڵاتە[3]. بەگوێرەی ئەو یاسایە، لە ماوەی بوونی ئووکرایینا لە چوارچێوەی ئیمپراتۆریای ڕووسیا و یەکێتیی سۆڤیەتدا، ١٢٠ جار زمانی ئووکرایینایی یاساغ کراوە.
دەوڵەتدارێتیی ئووکرایینایییەکان و ڕووسەکان
دەوڵەتی “کییەڤ-ڕووس”- بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی سەدەی ١٢، کەسێک بەناوی “کییێ” کە سەرۆک هۆزێکی هۆزە یەکگرتووەکانی “پۆلیانی” بووە لە سەدەی ٦دا، شاری کییەڤی ئاوەدان کردووەتەوە[4].
لە سەدەی ٩دا، لەسەر بنەمای یەکگرتنی دانیشتووانی ناوچەکانی سڵاڤیانە ڕۆژهەڵاتییەکان دەگەڵ هۆزەکانی “فینۆ-ئووگریک” دەوڵەتی “کییەڤ-ڕووس” پێک دێت کە ڕووبەرێکی فراوانی لە ڕۆژهەڵات تا ڕووباری ڤۆڵگا، لە ڕۆژاوا تا ڕووباری “ڤیسلا”[5]، لە باشوور تا دەریای ڕەش و لە باکوور تا بەندەری ئارخانگلێسکی لە خۆی گرتبوو. بەڵام لە نێوەڕاستی سەدەی ١٢دا، تووشی لێکترازان دەبێت و بەسەر پتر لە ١٥ میرنشیندا دابەش دەبێت.
ئیمپڕاتۆریای ڕووسیا ـ لە سەدەی ١٣دا (١٢٣٧-١٢٤٠) کاتی هێرشی مەغۆلەکان، کییەڤ گرنگیی سیاسیی خۆی لەدەست دەدا، بەڵام هەر وەک “پەناگەی سەرەکیی ڕووسی” دەمێنێتەوە. بە یارمەتیی میرانی کییەڤ، میرانی ڕووس هان دەدرێن بۆ داگیرکردنەوەی خاکی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵات. ئیتر لە سەدەی ١٤ەوە “ڕەوتی یەکگرتنەوەی هەموو خاکی ڕووسیا” بە یەکگرتنەوەی هەموو میرنشینە ڕووسییەکان دەست پێدەکات و دیسان شاری مۆسکۆ دەگرنەوە و لە سەدەی ١٥دا، داگیرکارانی تەتەر کە ئەو ناوچانەیان داگیر کردبوو، وردەوردە ڕاو دەنێن و ئیتر مۆسکۆ دەبێتە نێوەندی سیاسیی هەرە گرنگی ناوچەکە و ئیمپڕاتۆریای ڕووسیا وردەوردە سەر هەڵدەدا. واتە مێژووی ڕووسیا لە کییەڤەوە و بە یارمەتیی ئووکرایینایییەکان دەستی پێکردووە[6].
لە سەدەی ١٥ەوە، ململانێی ئەو ئیمپڕاتۆریایە دەگەڵ میرنشینی لیتوانیا و پاشان دەگەڵ “هاوبەندیی پۆڵەندا و لیتوانیا” کە بۆ نزیک ٢٠٠ ساڵ، مەزنترین پاشایەتیی ئەو سەردەمی ئەورووپا بووە، دەست پێ دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، ئیمپڕاتۆریای عوسمانی بە هاوپەیمانی دەگەڵ تاتارەکانی خانەنشینی کریمە لە باشووری ئەو ناوچەیە هێرش دەبەن بۆ گرتنی ناوچەی ئووکرایینا و شاری کییەڤ. ئینجا کییەڤ و ئووکرایینایییەکان دەکەونە بەر هێرشی ڕووسیا و “هاوبەندیی پۆڵەندا و لیتوانیا” و عوسمانی؛ و ناوچەکە دەستاودەستی پێدەکرێت. خەڵکی ئووکراییناش بەسەر ئەو سێ لایەنەدا دابەش دەبن. دواتر “هاوبەندیی پۆڵەندا و لیتوانیا” لێک بڵاو دەبێت و ئیمپڕاتۆریای ڕووسیا پاشەکشەیان پێدەکات و کییەڤ و ناوچەی ئووکرایینا داگیر دەکات.
بەو شێوەیە ئیمپڕاتۆریای ڕووسیا لە سەدەی ١٨دا، لەژێر دروشمی “گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕاوەکان”، ڕۆژاوای ڕووسیا واتە ناوچەی ئووکرایینا داگیر دەکات و ئیتر تا سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانی دەبێتە ئیمپڕاتۆریایەکی مەزن و ئووکرایینا دەبێتە بەشێک لەو وڵاتە.
دەوڵەتی ئووکرایینا – پاش تێکچوونی دەوڵەتی “کییەڤ-ڕووس” تاکوو سەرەتای سەدەی بیستەم، ئووکرایینایییەکان دەسەڵاتداریەتیی سەربەخۆیان نەبووە.
٧ی نۆڤەمبەری ١٩١٧- پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ و تێکچوونی ئیمپڕاتۆریای ڕووسیا، “کۆماری نەتەوەییی ئووکرایینا” ڕادەگەیەندرێ. (ئانتانت بەفەرمی نایناسێت، بەڵام بلۆکی دیکەی شەڕی یەکەمی جیهانی دانی پێدا دەنێت). تا کۆتاییی شەڕی یەکەمی جیهانی قۆناخێکی گەلێک ئاڵۆز لە لێکدابڕان و ململانێ لەنێوان دوو بەشی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی ئووکرایینا دەست پێدەکات. سەرەنجام لە ١٠ی مارسی ١٩١٩دا، کۆمۆنیستەکانی ئووکرایینا دەگەڵ هێندێک هێزی سۆسیالیستیی دیکە، دەوڵەتی سۆسیالیستیی ئووکرایینا ڕادەگەیەنن و هێزە نەتەوەیییەکانی دیکە کە دژی سیستەمی سۆسیالیستی بوون، دەکەونە بەر ڕاونان.
لە ساڵی ١٩٢١دا، بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەتی سۆسیالیستیی ئووکرایینا و دەوڵەتی پۆڵەندا، بەشێک لەو خاکەی کە “کۆماری نەتەوەییی ئووکرایینا” داوای دەکرد، لکێندرا بە پۆڵەندا و، بەشێکی دیکەشی درا بە کۆماری سۆسیالیستیی بێلاڕووس و فیدراسیۆنی کۆمارە سۆسیالیستییەکانی ڕووسیا.
لە سەردەمی شەڕی دووەمی جیهانی و داگیرکردنی خاکی ئووکرایینا لەلایەن ئەڵمانیای نازیدا، هیتلەر دەوڵەتێکی “بووکەڵە”ی ئووکرایینایی ڕادەگەیێنێ، بەڵام پاش شکستی ئەڵمانیای نازی، ئووکرایینا دەگەڕێتەوە نێو قەوارەی یەکێتیی سۆڤیەت و ئەو بەشە لە خاکەکیشی کە درابوو بە پۆڵەندا، دیسان دەلکێندرێتەوە بە کۆماری سۆسیالیستیی ئووکرایینا.
لە ٢٤ی ئووتی ١٩٩١ و پاش هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت، لە ڕیفراندۆمێکدا خەڵکی ئووکرایینا دەنگیان بە سەربەخۆیی دا. هەر لەو ساڵەوە ململانێ لەنێوان هێزە نەتەوەیییە سەربەخۆخوازەکانی ئووکرایینا و هێزەکانی خوازیاری هاوبەندی دەگەڵ ڕووسیا دەست پێدەکات و گەلێک گێرەوکێشەی نێوخۆیی لێ دەکەوێتەوە تا دەگاتە بەکارهێنانی هێزی سەربازیی ڕووسیا لە ساڵی ٢٠١٤ و ئەو لەشکرکێشییەی کە لە ٢٤ی فێبریوەریی ٢٠٢٢ دەستی پێکرا.
لە هێرشی ساڵی ٢٠١٤دا، هێزە سەربازییەکانی ئووکرایینا لەو پەڕی لاوازیدا بوون و نەیانتوانی بەرگرییەکی ئەوتۆ بکەن و هێزەکانی ڕووسیا بەشێکی زۆری ناوچەکانی دۆنباس و تەواوی نیمچەدووڕگەی کریمە داگیر دەکەن.
بەو شێوەیە کریملین بەبێ کێشە توانی کریمە بلکێنێت بە خاکی ڕووسیا؛ لە ناوچەی دۆنباسیش دوو کۆماری بەناو سەربەخۆی “لۆهانسک” و “دۆنێتسک”ی بۆ دانیشتووانی ڕووسیی ئەو ناوچانە دامەزراندووە، بەڵام تاکوو ئێستا لەلایەن هیچ وڵاتێکەوە بەفەرمی نەناسراون. لە تەواوی ئەو ماوەیەدا وڵاتانی ڕۆژاوایی لە بەرانبەر ئەو داگیرکارییە سیاسی و سەربازییانەی کریملیندا، کاردانەوەیەکی ئەوتۆیان نەبوو و تەنیا هێندێک لە هاوکارییە ئابوورییەکانیان بۆ ڕووسیا ڕاگرت.
بەرخۆدانی گشتنەتەوەییی ئووکرایینا
کاتژمێر ٤:٠٠ی بەرەبەیانیی ٢٤ی فێبریوەری هاژەکە دوورهاوێژ و وێرانکەرەکانی ڕووسیا، کییەڤی پایتەخت و زۆربەی شارە گرنگەکانی ئووکرایینایان کردە ئامانج و هێزێکی زەبەلاحی سپای ڕووسیا لە سێ لایەنەوە هێرشێکی هەوایی، دەریایی و وشکانییان بۆ داگیرکردنی خاکی ئووکرایینایان دەست پێکرد. پووتین ئەو هێرشەی بە “ئۆپەراسیۆنی تایبەت” ناودێر کرد بۆ “پاککردنەوەی نازییەکانی ئووکرایینا” و ئازادکردنی خەڵکی ئووکرایینا لە “دەسەڵاتدارە فاشیستەکانی کییەڤ”.
بەگوێرەی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان، دەسەڵاتدارانی سیاسی و سەربازیی کریملین و بەتایبەت پووتین بە هیوا بوون لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا، شاری کییەڤ داگیر بکەن، تەنانەت “پیۆتر پڕۆشێنکۆ”، سەرۆککۆماری پێشووی و لادراوی ئووکرایینا کە گوێڕایەڵی مۆسکۆ بوو، لە مینسک، پایتەختی بێلاڕووس چاوەڕوانی گەڕانەوەی دەکرد تا حکومەتی دەستنیشاندەی ڕووسیا بەسەر ئووکرایینادا بسەپێنێت.
تەواوی ڕاگەیاندنە جیهانییەکان و نێوەندە سیاسی و سەربازییەکانیش لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە ئووکرایینا بەرگەی ئەو هێرشانە ناگرێت. تەنانەت بایدن سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشنیاری دا بە ڤلادیمیر زێلێنسکی تا لە واشینگتۆن پێشوازی لێ بکات. زێلێنسکی نەتەنیا وەڵامی نەرێنی بە بایدن دایەوە، بەڵکوو بە جلکی سەربازی لە تەلەڤزیۆندا دەردەکەوت و هانی خەڵک و سپای ئووکرایینای دا تا بەرگری لە ئازادی و سەربەخۆییی وڵات بکەن و هاوکات بۆ بەرەنگاربوونەوە دەگەڵ دووەم سپای جیهان هاواری گەیاندنی یارمەتیی سەربازی و مرۆڤی ئاراستەی هەموو جیهان و سەرانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوایی کرد.
هەڵمەتێکی پێشبینینەکراو، سەرتاسەری ئووکرایینای گرتەوە. هاوڵاتییانی ئاسایی، بە ژن و پیاو و منداڵ، بەبێ چەک و بە هەڵگرتنی ئاڵای ئووکرایینا، ڕووبەڕووی تانک و هێزە پۆشتەکانی سپای ڕووسیا بوونەوە و بە دروشمی “داگیرکەر ون بە!”، “ئێرە ئووکرایینایە!”، “بژی ئووکرایینا، بژی پاڵەوانەکانمان” ڕێگەیان پێدەگرتن. لە لایەکی دیکەوە سپای ئووکرایینا بە پاڵپشتیی هەزاران خۆبەخش بە شێوازێکی چالاک ڕێگاوبان و گوند و شارە داگیرکراوەکانیان کردە گۆڕستانی داگیرکاران و کەلوپەلە زەبەلاحەکانیان. لە ئاکامدا ژمارەیەکی بەرچاو سەربازی ڕووسیا بەدیل گیران، یان چەکیان دانا و خۆیان بەدەستەوە دا.
ئێستا ئیتر ڕوون بووەتەوە کە لێکدانەوەکان و هەڵسەنگاندنەکانی پووتین و فەرماندە سەربازییەکانی سپا و ڕاوێژکارە سیاسییەکانی کریملین، سەبارەت بەوەی کە “خەڵکی ئووکرایینا لە دەسەڵاتدارە گەندەڵەکانیان بێزارن و بە چەپکە گوڵ پێشوازی لە سپای ڕووسیا دەکەن”، هەڵەیەکی ستڕاتێژیکی مەزن بووە. هەڵبەت لە لایەکی دیکەوە هیوایەکی زۆریان لەسەر “تابووری پێنجەم”یش هەڵچنی بوو کە ساڵانێک کریملین کاری هەمەلایەنەی بۆ ڕێکخستنی کردبوو وەک: پێکهێنانی تۆڕێکی بەربڵاوی گەندەڵکاران لەنێو دەزگا میرییەکان هەتاکوو سەرۆکایەتیی کۆمار و فەرماندە باڵاکانی سپا، دامەزراندنی ئامرازە گشتییەکانی ڕاگەیاندنی سەر بە ڕووسیا و پەروەردەکردنی سپایەکی قەڵەم بەدەست و ڕۆژنامەوانانی بە ڕواڵەت سەربەخۆ، بەڵام نۆکەر و خزمەتکاری سیاسەت و پلانەکانی کریملین و بەتایبەت مەزنکردنی کەسایەتیی پووتین بە تەرخانکردنی پارەیەکی زەبەلاح[7]، تێخزاندن و چاندنی ژمارەیەکی زۆر سیخوڕ لە نێوەندە میری و سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئووکرایینا، دامەزراندنی دەیان حیزب و ڕێکخراوەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی سەر بە ڕووسیا[8].
بەڵام بەرخۆدانی نیشتمانیی خەڵکی ئووکرایینا نەتەنیا پووچەڵکردنەوەی پلانەکانی کریملین و پووتین و سێ جار گۆڕینی ستڕاتێژی لێکەوتووەتەوە، بەڵکوو بووەتە هۆی پێکهاتنی بەرەیەکی بەرفراوانی پشتیوانیی سەربازی و دراوی و یارمەتیی مرۆڤایەتیی زۆربەی کۆمەڵگای جیهانی و، ڕووداوەکان تەواو بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی کریملین بۆ “بلیتزکریگ”[9] قەوماون.
بەگوێرەی لێدوانێکی “ئەلێکسی ئاریستۆڤیچ” ڕاوێژکاری دیوانی سەرۆککۆماری ئووکرایینا، کاتێک لەنێو تانک و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان و زرێپۆشە دەستبەسەرداگیراوەکانی سپای ڕووسیادا، چاویان بە کەلوپەلی وەک گازی فرمێسکڕێژ، “باتووم” و مەتاڵ کەوتووە کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی خۆپیشاندەران بەکار دێن، دووچاری سەرسووڕمان بوون. ناوبراو لە زمانی سەربازە دیلەکانەوە، دەڵێ، فەرماندەکانیان وایان لە سەربازەکانیان گەیاندبوو کە بەشداری لە چالاکییەکی کەم مەودا بۆ ئازادکردنی خەڵک لە “فاشیستەکان” لە ئووکرایینادا دەکەن و دڵنیایییان پێدا بوون کە زۆربەی خەڵک پێشوازییان لێ دەکەن، بەڵام ڕەنگە هێندێک لەو فاشیستانە خەڵک هان بدەن بۆ خۆپیشاندان، ئینجا بەو کەلوپەلە بڵاوەیان پێ دەکەن!
بەگوێرەی لێدوانێکی “سەرهەنگ ئۆلێگ ژدانۆڤ”، ئەندامی پێشووی بنکەی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئووکرایینا، لە چوار ڕۆژی بەراییی هێرشی سپای ڕووسیادا، زۆربەی بەرپرسە سیاسی و میرییەکان شوێنی کارەکانیان جێ هێشتبوو و تەنانەت هێندێکیان، بە سەرمایەدارە دیارەکانیشەوە بۆ دەرەوەی وڵات هەڵاتن؛ بەڵام کاتێک زۆربەی خەڵکی ئاساییی شار و شارۆچکە و گوندەکان بێ چەک و بە ئاڵای ئووکرایینا ڕووبەڕووی ئەو هێرشە بوونەوە و چالاکانە پشتیوانییان لە یەکە سەربازییەکانی سپای خۆیان کرد، بەتایبەت کاتێک سەرۆککۆمار، پایتەختی جێ نەهێشت و هاتە سەر تەلەڤزیۆن و لەپێناو بەرگری لە ئازادی و سەربەخۆییی نیشتمان، هانی بەرگریی گشت نەتەوەیی دا، ئیتر ئەو هەڵمەتە بەربڵاوە نەتەوەیییە پتر هەڵاییسا و ئەو کاردانەوە کارەساتبارەشی بۆ سپای ڕووسیا لێکەوتەوە.
هۆکاری ئەو بەرخۆدانە نیشتمانییە ـ ڕەنگە پاش تەواوبوونی ئەو شەڕە، پتر هۆکارەکانی ئەو هەڵمەتە نیشتمانییەی خەڵکی ئووکرایینا لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنەی لەسەر بکرێت. بەڵام هەر ئێستاش دەتوانین ئاماژە بە هێندێک لە لایەنە سەرەکییەکانی بکەین.
بەشێک لەو هۆکارانە دەگەڕێتەوە بۆ پاشخانێکی مێژوویی ناکۆکییە ئیتنیکی و نەتەوەیییەکانی ژیانی هاوبەشی نەتەوەی ڕووس و نەتەوەی ئووکرایینا.
بەگوێرەی “بیسماڕک” سیاسەتمەداری بەناوبانگی ئاڵمانی و یەکەم ڕاوێژکاری دەوڵەتی ئەڵمانیا لە سەدەی ١٩، “ڕووسیا بەبێ ئووکرایینا ناتوانێ بژی”. لێنین پاش تێکەڵکردنەوەی ئووکرایینا بە پێکهاتەی یەکێتیی سۆڤیەت گوتوویەتی، ئیتر ڕووسیا هەناسەیەکی دێتەوە بەری. گشت مێژووی دوور و درێژی ئیمپراتۆریای ڕووسیا، دەگەڵ مێژووی سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت و قۆناخی پاش تێکچوونی و هاتنە سەر دەسەڵاتی پووتین و دارودەستەکەی، ڕێک ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستییەیە لە هەڵسوکەوتی سیاسی و ئابووری دەگەڵ ئووکرایینادا. هەربۆیە لە تەواوی مێژووی دوور و درێژەی دەوڵەتدارێتیی ڕووسیادا لەپێناو دابینکردنی ژیان بۆ ڕووسیا، سیاسەتی دژایەتیکردن دەگەڵ سەربەخۆییی ئووکرایینا پەیڕەو کراوە. بۆیە:
هاوڵاتییانی ئووکرایینا هەمیشە “پلە دوو” بوون؛
زمانی ئووکرایینایی وەک زمانی “گوندی” گاڵتەی پێکراوە و پێش بە پەرەپێدانی گیراوە؛
ڕووسەکان هەر لە سەدەی ١٧ەوە، وەک سووکایەتی، بە خەڵکی ئووکرایینایان گوتووە: “خاخۆڵ”[10].
تەنانەت بەگوێرەی ئامرازەکانی زمانی ڕووسی، وڵاتی ئووکرایینا بە ئامرازێک ئاماژەی پێ دەکرێ کە مانای بەشێک لە وڵاتێکی مەزنتر (واتە ڕووسیا) دەدا[11].
بیرۆکەی “ڤلیکا ڕووس” واتە “ڕووسی مەزن”، هەر لە کۆنەوە بناخەیەکی قووڵی هزری سیاسیی لەنێو زۆربەی ڕووسەکاندا هەبووە و گوایە خاکی ئووکرایینا بەشێک لە خاکی ڕووسیای مەزنە. ئەگەرچی لێنین لەسەر بنەمای “ئەنترناسیۆنالیزم”، دژی پەرەپێدەرانی ئەو هزرە بووە، بەڵام دواتر لە هەڵسوکەوتی تەنانەت زۆربەی کۆمۆنیستە ڕووسەکانیشدا، چەشنێک لە هزری مەزنخوازانەی هاوشێوەی “ڤلیکا ڕووس”، ڕەنگی داوەتەوە و هەر ماوە؛ بۆیە زۆر سەیر نییە کە ئێستاش بنەمای فیکری و فەلسەفیی پووتین و دارودەستەکەی گەڕانەوەیە بۆ هەمان “ڤلیکا ڕووس”ی سەدەکانی ڕابڕدوو و “گەڕاندنەوەی ناوچە ڕووسییەکان”، بەڵام بەناوی “ئۆرۆئاسیا”[12] کە گوایە دەبێ “ڕەگەزی ڕووسیی ئەورووپایی دەگەڵ ڕەگەزی زەردی چینی” سەرکردایەتیی جیهانی داهاتوو بکەن.
وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا، کۆمۆنیستەکانی ئووکرایینا پاش شۆڕشی ئۆکتۆبەر، دەوڵەتی سۆسیالیستیی کرێکاران و جووتیاران و سەربازانیان لە کییەڤ دامەزراند و هێزە نەتەوەیییەکانی نەیار و دژە کۆمۆنستییەکانیان ڕاونا؛ هاوکات بە هاوکاری دەگەڵ دەوڵەتە هاوشێوەکانیان لە ڕووسیا و بێلاڕووسیا، بناخەکانی یەکێتیی سۆڤیەتیان لەسەر بنەمای یەکسانی و سەربەخۆیی دامەزراند. بەڵام پاش ماوەیەک، مێژوو دیسان دووپات بووەوە و لە سەردەمی ستالیندا بە سەقامگیربوونی دەسەڵاتی یەکێتیی سۆڤیەت لە مۆسکۆ، دیسان کییەڤ پاشگوێ خرا و وەک “کۆمۆنیستی پلە دوو” هەڵسوکەوتی دەگەڵ دەکرا. سیاسەتی ئابووریی ستالین بەناوی دامەزراندنی سیستەمی “هاوبەشایەتیی سۆسیالیستی” لە بواری زەویوزاردا بەتایبەت بووە هۆی ڕاونان و دوورخستنەوەی خاوەن زەوییە کشتوکاڵییەکان و کارەساتی مرۆڤی و ئابووریی فرە مەزنی لێکەوتەوە و هەزاران کەس تیرباران کران یان بۆ “گوولاک” دوور خرانەوە، قاتی و قڕی ڕووی لە ئووکرایینا کرد و سەدان هەزار کەس لە برسان گیانیان لەدەست دا. ئێستاش پاش سەد ساڵ، بیرەوەرییەکانی ئەو کارەساتە وەچە بە وەچە دەگوازرێتەوە.[13]
هەموو ئەوانە وەک برینێکی کۆنی مێژوویی لە ناخی خەڵکی ئووکرایینادا ماونەتەوە و پاش تێکچوونی یەکێتیی سۆڤیەت و سەربەخۆییی ئووکرایینا، هەڵسوکەوتی دەسەڵاتی نێوەندی ڕووسیا بەتایبەت پاش هاتنە سەر دەسەڵاتی پووتین بۆ دووبارە لکاندنی ئووکرایینا بە ڕووسیا، نەتەنیا برینە مێژوویییەکانی کولاندەوە، بەڵکوو هێرشەکەی سپای ڕووسیا لە ساڵی ٢٠١٤ و داگیرکردنی بەشێکی زۆری ناوچەی دۆنباس و نیمچەدوورگەی کریمە، لەلایەن خەڵکی ئووکراییناوە وەک سووکایەتیکردن بە ئازادی و سەربەخۆییی وڵاتەکەیان لێک درایەوە و ناخی خەڵکی دیسان هەژاندەوە.
لە لایەکی دیکەوە لە ماوەی ٣٠ ساڵی سەربەخۆییی وڵاتەکەیاندا، خەڵکی ئووکرایینا ئەزموونێکی زۆریان وەرگرت:
پەرەپێدان بە دێمۆکراسی و ژیانی سیاسیی فرە حیزبی جیلێکی تازەی ئووکرایینایی پێ پەروەردە کرا؛
ئازادیی ڕادەڕبڕین لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ڕەنگی دایەوە؛
ژیانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بە شێوەی ڕۆژاوایی، جێگەی سیستەمی سەرەڕۆی پێشووی گرتەوە.
شەش جار هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری و پەڕلەمانی بەڕێوە چووە و شەش سەرۆککۆمار گۆڕدراون؛[14]
گرینگیی زۆرتر درا بە گەشەی زمان و کولتوور و مێژووی نەتەوەیی.
هەڵبەت لەو ماوەیەدا، خەڵکی ئووکرایینا ئەزموونی تاڵیشیان هەبووە. گەندەڵی یەکێک لە کێشە هەرە بەرچاوەکانی دەسەڵاتداریەتیی ئووکرایینا بووە و تەنانەت لەم کاتە کارەساتبارەی ئێستاشدا گەندەڵکاران خەریکی مشەخۆرین. وەک پێشتریش ئاماژەی پێکرا، ئێستا ڕوون بووەتەوە کە بەشێکی زۆری ئەو گەندەڵییانە پلان بۆ داڕێژراوی کریملین بووە؛ بۆیە خەڵک تا ڕادەیەکی یەکجار زۆر هیوایان بە حکومەتەکیان لاوز ببووەوە.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو ڕاستییە نەرێنییانە، کاتێک کۆمەڵانی خەڵکی ئووکرایینا هەستیان بە مەترسیی داگیرکردنی وڵات و لەنێوچوونی ئەزموونی ٣٠ ساڵەی سەربەخۆیی کرد، هەموو ڕەخنە و تەنانەت بێهیوایییان بە دەسەڵات، وەلا نا و لە پشتی سپا و سەرۆککۆمار یەکدەست و یەکدەنگ هەڵمەتی بەرخۆدانێکی بێوێنەی نەتەوەیییان لەپێناو بەرگری لە ئازادی و سەربەخۆییی وڵاتەکەیان پێشانی هەموو گەلانی جیهان دا کە بێگومان لە مێژووی سەدەی ٢١دا تۆمار دەکرێ.
هێشتا گشت لایەنەکانی ئەو بەرخۆدانە نەتەوەیییانە کۆ نەکراونەتەوە، بەڵام دەکرێ ئاماژە بە هێندێک نموونەی داهێنەرانەی هاوڵاتییانی ئووکرایینا بە هەموو چین و تۆێژەکانییەوە بکەین کە ئەو بەرخۆدانەیان لە بەرانبەری دووەم ئەرتەشی جیهاندا نەخشاندووە و دەکرێ وەک وانە کەڵکی لێ وەربگیرێ:
کاری بێوچانی نێوەندە خزمەتگوزارییەکانی (وەک ئاو، کارەبا، گاز، ڕێگاوبان، پاکو خاوێنکردن و …) تەنانەت لەژێر بۆردوماندا لە شار و شارۆچکە و گوندەکان بە بەشداریی هەزاران خۆبەخش شەو و ڕۆژ بەردەوامە؛
جووتیاران لەژێر هاژەی مووشەک و بۆردومانەکاندا کەرتی کشتوکاڵیان نەخەواندووە و وەک ئەرکێکی نیشتمانی بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراکی هاوڵاتییان بەردەوامن؛
لاوانی ئەو شار و شارۆچکانەی کە کەوتوونەتە ژێر بۆردومانی سپای ڕووسیا، دەستەی جۆراوجۆریان پێک هێناوە بۆ یارمەتیدانی بەساڵاچووان و ژن و منداڵان و گەیاندنی خۆراک و ئاو و دەرمان بەتایبەت بۆ ئەو بەساڵاچووانەی لە ماڵاکانیاندا دەرفەتی هاتنەدەریان نییە و یان لە ژێرزەمینەکاندا خۆیان حەشار داوە؛
لاوە خۆبەخشەکان بەردوام بۆ گواستنەوەی ژن و منداڵان لە گۆڕەپانی شەڕدا بۆ ناوچە ئارامەکانی وڵات لە هاتوچۆدان. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە سەدان کەس بەتایبەت بەساڵاچووان بە گریانەوە ناخوازن ماڵ و حاڵی خۆیان جێ بهێڵین؛
کاسبکاران و پیشەوەرانیش لەو هەڵمەتەدا بەشدارن و هەر کامیان لە ئاستی خۆیاندا یارمەتیی بەرخۆدان و بەرەکانی شەڕ دەدەن. بۆ نموونە لە کاتی نزیکبوونەوەی سپای ڕووسیا بۆ کییەڤ، ئاسینگەرێکی بەتەمەن لە شارۆچکەیەکی ئەو ناوچەیە لەسەر تێچووی خۆی سەدان بەربەستی هەمەچەشنەی لە ئاسن ساز کرد بۆ پێشگرتنی پێشڕەویی تانک و ئامێرە سەربازییەکان. پاش بڵاوبوونەوەی ئەو بابەتە لە ڕاگەیاندنەکاندا، سەدان ئاسینگەری دیکە خۆبەخشانە بە هەمان مەبەست وەکار کەوتن. لە شارە ئازادکراوەکاندا خاوەن سەرتاشخانەکان بۆ ئاساییکردنەوەی ژیانی شارەکان بێبەرانبەر خزمەت بە هاوڵاتییان دەکەن. فرۆشیارانی خۆراک، بەردەوام لە هەوڵی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتایییەکانی هاوڵاتییانن و لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە زانیاریی پێویست بە کڕیارانیان دەدەن. چێشتخانەکان بێبەرانبەر هەم خواردن بۆ بەرەکانی شەڕ ئامادە دەکەن و هەم پێشوازی لە خۆبەخشەکان دەکەن؛
بەڕێوەبەرانی شار و شارۆچکە و گوندەکان، تۆڕی کۆمەڵایەتیی سەر هێڵیان بۆ ناوچەکانی خۆیان کردووەتەوە و چرکە بە چرکە پەیوەندییان هەیە دەگەڵ هاوڵاتییانی خۆیان و زانیاری ئاڵۆگۆڕ دەکەن و لە داخوازییەکانیان و دۆخەکەیان ئاگادارن.
سەدان نوخبەی نووسەر، ڕووناکبیر، هونەرمەند و ورزشوانانی ئووکرایینایی کە ناوبانگی جیهانییان هەیە و لە دەرەوەی وڵات دەژین، گەڕاونەتەوە وڵات و هەر کامیان بەگوێرەی توانایان، یان خەریکی یارمەتیدانی ئاوارەکانن، یان لە ڕیزی سپای وڵاتەکەیان بەرگری لە نیشتمانەکەیان دەکەن، یان لە دەرەوەی وڵات بە سازدانی کەمپینی جۆراوجۆر، یارمەتی کۆ دەکەنەوە و سەرنجی وڵاتانی جیهان بۆ پاڵپشتیی هەرچی زۆرتر لە وڵاتەکەیان ڕادەکێشن. هەڵبەت هێندێک لەوانە کە لە ڕووسیا دەژین و بەهرەمەند بوون لە دابەشکردنی پارەی دەزگاکانی پڕۆپاگەندەی پووتین، مرتەقیان لێوە نەهاتووە و سەرشۆڕانە دەڵێن “ئێمە کارمان بە سیاسەت نییە!”؛
ڕۆژنامەوانانی ئووکرایینایی بە دەیان کاناڵی ڤیدیۆیییان کردووەتەوە و ڕۆژانە بابەتی نیشتمانی و هەواڵی بەرەکانی بەرگریی سپا و خۆبەخشەکان بڵاو دەکەنەوە، تەنانەت ئەوانەش کە ڕەخنەگری سەرۆککۆمار زێلێنسکی و حکومەتەکەی بوون، ئێستا بەتەواوی پاڵپشتی لە سەرۆککۆمار و حکومەتەکەی دەکەن و ورەی بەرخۆدان و بەرگری لە نیشتمان بەرز دەکەنەوە و ڕەخنەکانیان هێشتووەتەوە بۆ پاش سەرکەوتن لەو شەڕە نیشتمانییە؛
ئەو شەپۆلە لە ژن و منداڵانی ئووکرایینایی کە پەنایان بۆ وڵاتانی تر بردووە، بە یارمەتیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پەیوەندییەکی چڕوپڕیان لەنێو خۆیاندا ساز کردووە و بۆ پاڵپشتی لە سپا و بەرگریکارانی نیشتمانەکەیان ڕۆژانە کەمپەینی جۆراوجۆر پێک دێنن. هاوکات یەکەم خەمیان دانەبڕانی منداڵەکانیانە لە خوێندن بە زمانی ئووکرایینایی لەو وڵاتانەی پەنایان داون؛
کۆمەڵێک نۆخبەی ڕۆژنامەوان، هونەرمەند، نووسەر و ڕووناکبیرانی ڕووسیا کە دژی سیاسەتەکانی پووتین هەڵوێستیان گرتووە و لە دەرەوەی وڵات دەژین، ڕۆژانە هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کردنەوەی کاناڵی تەلەڤزیۆنییەوە بەرپەرچی پڕۆپاگەندە زەبەلاحەکانی تاقمی ڕاگەیاندکارانی سەر بە دەسەڵات بدەنەوە و خەڵکی ڕووسیا لەو کارەساتەی پووتین تووشی کردوون، ئاگادار دەکەنەوە.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بە هێندێک لایەنی نەرێنیش بکەین کە وەک خاڵێکی ڕەش لە کەنار ئەو هەڵمەتە نەتەوەیییەدا، بۆ مێژووی ئووکرایینا تۆمار دەکرێ.
پرۆپاگەندەی مەزنی دەسەڵاتدارانی کریملین لەدژی ئووکرایینا، کاریگەری لەسەر ئەو ئووکرایینایانەی دانیشتووی ڕووسیاش داناوە، بۆیە ژمارەیەکیان دژی بەرژەوەندیی نەتەوەییی خۆیان دەردەکەون[15].
هێندێک دەستە و تاقمی خۆفرۆشی ئووکرایینایی هەر لەسەرەتای هێرشەکەوە وەک “تابووری پێنجەم” هاوکاریی سپای داگیرکەریان کردووە و “گەرا”ی بۆردمان و مووشەکبارانی شوێنە هەستیارە ئابووری و سەربازییەکانیان بە پارە بە دوژمن گەیاندووە. بەگوێرەی زانیارییەکان هێندێکیان دەستبەسەر کراون.
ژمارەیەک بازرگانانی نیشتمانفرۆشیش بە هاوکاریی تاقمێکی دەسەڵاتدار، یارمەتییە مرۆڤی و پزیشکییەکانی وڵاتانی دەرەوەیان بۆ بەرژەوەندیی بەرتەسکی خۆیان لە “بازاڕی ڕەش”دا فرۆشتووە؛ بەگوێرەی زانیارییەکان، تا ڕادەیەک ئەوانە ناسراون و پێشیان پێ گیراوە و ڕادەستی دادگا کراون.
هێندێک لە پیاوانی تەمەن ژێر ٦٠ ساڵ خۆیان لە پەیوەستبوون بە سپا بۆ بەرگریکردن لە نیشتمان دزیوەتەوە و، بە دانی بەرتیل لەسەر سنوورەکاندا، هەوڵی هەڵاتنیان بۆ دەرەوی وڵات داوە.
لێکەوتەکانی ئەو شەڕە
ئەگەرچی هێشتا زوویە باسی هەموو لێکەوتەکانی ئەو شەڕە لە گشت بوارەکاندا بکەین، بەڵام دەکرێ ئاماژە بە هێندێکیان بکەین:
لە ئاستی نێوخۆییی ناوچەکەدا ـ
یەکێک لە شانازییەکانی نەتەوەکانی یەکێتیی سۆڤیەت و لە پێشەوەی هەموویانیش، نەتەوەی ڕووس، بریتییە لە سەرکەوتن بەسەر ئەڵمانیای فاشیستی لە شەڕی دووەمی جیهانیدا[16]، بەڵام بەو هێرشەی پووتین و دەسەڵاتدارانی کریملین بۆ داگیرکردنی وڵاتی سەربەخۆی ئووکرایینا، نەتەنیا ئەو شانازییە کەمڕەنگ دەبێتەوە، بەڵکوو وەک خاڵێکی ڕەش لە مێژووی نەتەوەی ڕووسدا تۆمار دەکرێ.
یەکێک لە لایەنەکانی پڕۆپاگەندەی پووتین و دەسەڵاتدارانی کریملین لەو شەڕەدا بریتییە لە یەکگرتنەوەی “هەموو سڵاڤیانەکان”. بەڵام ئاکامی ئەو شەڕە ڕێک بەپێچەوانە دەرکەوتووە.
هەر ئێستا یەکێک لەو لێکەوتانە، درز و قەڵشێکی مەزنی نەتەنیا سیاسی، بەڵکوو کۆمەڵایەتی و لە هەمووان گرینگتریش، دووبەرەکیی ئایینییە لەنێو “سڵاڤیانەکان”.
بۆ یەکەم جار لە مێژووی هاوچەرخدا، کلیسای ئۆڕتۆدۆکسی سڵاڤیانی دوو شەق بووە[17].
لە لایەکی دیکەوە، بۆردومان و مووشەکبارانی شار و گوندکانی ئووکرایینا و کردەوە بێبەزەیییەکانی سپای ڕووسیا لە ناوچە داگیرکراوەکاندا، چاوی دانیشتووانی ڕووسیی ئووکرایینای کردووەتەوە و بێبنەمابوونی پڕۆپاگەندەکانی دەسەڵاتدارانی کریملینیان لێ ئاشکرا بووە و دژی پووتین و هاوزمانەکانیان لە ڕووسیا کە پاساو بۆو شەڕە دێننەوە، هەڵوێست دەگرن.
ئەو شەڕە، گەندەڵیی سەدان میلیاردی ئۆلیگارشیی پووتین و تاقمەکەی بەتایبەت لە بواری پیشەسازیی سەربازیدا ئاشکرا کردووە.
زۆربەی ئەو سەربازە ئاسایییانەی ڕەوانەی بەرەکانی پێشەوەی ئەو شەڕە کراون، بریتین لە نەتەوە ناڕووسەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی فیدراسیۆنی ڕووسیا.
هێز و تاکە ئۆپۆزیسیۆنەکانی پووتین لە ڕووسیا کە زۆربەی نوخبەی ڕووسیا لە ڕووناکبیران، نووسەران، ڕۆژنامەوانان و هونەرمەندان دەگرێتەوە، ئەرگەرچی لە ترسی یاسا سەرکوتکارانەکانی ئەو دوایییانەدا ناچار بوون وڵات جێ بهێڵن، بەڵام زۆرتر بەرەو سیاسەتی ڕۆژاوا لار بوونەتەوە و وردەوردە یەکگرتووتر دەبن. بەمەش کۆمەڵگای ڕووسیا وردەوردە تووشی لێکترازان و دووبەرەکی دەبێت؛
بە لەپێشچاوگرتنی ئەو لێکەوتە نێوخۆیییانە، لە ئەگەری شکستی سەربازیی سپای ڕووسیا لەو شەڕەدا، لاوازبوونی ڕووسیا و گریمانەی پارچەبوونی فیدراسیۆنی ڕووسیای لێدەکەویتەوە.
لە ئاستی نێونەتەوەییدا ـ
بێگومان لێکەوتە نێونەتەوەیییەکانی ئەو شەڕە گشت بوارەکانی ئابووری، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ستراتێژییە سیاسییەکان و هاوبەندییە ئابووری و سەربازییەکان لە جیهاندا دەگرێتەوە و لەو بوارانەدا ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی ڕوو دەدات. لەوانەش:
دەرکەوتووە کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەموو دامودەزگا زەبەلاحەکەیەوە بەتایبەت ئەنجومەنی ئاسایشی نێونەتەوەیی، چی تر کارایییان نەماوە و بێگومان ئەو ڕێکخراوەیە تووشی ئاڵوگۆڕ دەبێ؛
هەڕەشەی چەکی ئەتۆمی (بە چەکی ئەتۆمی کەم مەودای تاکتیکیشەوە) لەلایەن وڵاتێکی خاوەن ئەو چەکەوە بۆ داسەپاندنی سیاسەتی خۆی بەسەر وڵاتێک و یان وڵاتانی دیکە، چی تر کاریگەری نامێنێ[18]؛
سیاسەتی جیهانگیری (گڵۆبالیسم)، بەتایبەت لە بواری ئابووریدا، ئەگەری پاشەکشەی هەیە. دەنگۆی ئەوە هەیە کە پێویستە سەرمایە زەبەلاحەکانی زلهێزە ڕۆژاوایییەکان بگەڕێتەوە بۆ نێوخۆی ئەو وڵاتانە (لێرەدایە پەرەگرتنی ناسیۆنالیزم لەو وڵاتانەدا مانا پەیدا دەکات) چونکە پووتین لەژێر سایەی ئەو سیاسەتەدا، توانی سیستەمی ئۆلیگارشی هێرشبەرانە لە ڕووسیا پێک بێنێ؛ هەروەها چین توانیوێتی ببێتە دووەم ئابووریی جیهان. بۆیە چین ترسی ڕێ نیشتووە ئابوورییەکەی پاشەکشە بکات و لاواز بێت (هۆکاری پاڵپشتینەکردنی چین لەو شەڕە)؛
ناتەبایی لەنێوان سیستەمی ئابووریی سەرمایەداریی چین و سیستەمی سیاسیی کۆمۆنیستی بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە پاش ئەو شەڕە هەر دێ و زەقتر دەبێتەوە (ڕەنگە کۆنگرەی داهاتووی حیزبی کۆمۆنیستی چین لە کۆتاییی ئەم ساڵدا ئاکامی چاوەڕواننەکراوی لێ بکەوێتەوە).
یەکێتیی ئەورووپا لە ئاکامی ئەو شەڕەدا هەر ئێستا تووشی دووبەرەکی بووە، باسی “ئەورووپای کۆن” و “ئەورووپای نوێ”[19] هەر دێ و پەرە دەستێنێ؛
بە لەپێشچاوگرتنی ئەو لێکەوتە نێونەتەوەیییانەی باس کران و، بەو پاڵپشتییە بەربڵاوە سەربازی و دراوییەی کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە ئووکرایینای دەکەن بۆ شکست پێهێنانی سەربازیی ڕووسیا، لە ئەگەری ئەو شکستەدا، گریمانەی جیهانێکی یەک جەمسەری بە باڵادەستبوونی هێزی “ئەنگلۆساکسوون” دەکرێ.
پەراوێزەکان
- لە نووسراوەکانی ڕۆمی کەونار و بیزانسیدا بە “سکلاوین” هاتووە. لە نووسراوەکانی عەرەبیدا بە “الصقالبة” هاتووە.
- وشەی “کراینێ” بە ڕووسی یانی “کەنار”. ئامرازی “ئۆ”، ئاماژەیە بە “لای”، واتە “لای کەنارەکان”.
- بەپێچەوانەی گەلێک پڕۆپاگەندە، هەرگیز زمانی ڕووسی لە ئووکرایینا قەدەغە نەکراوە.
- لە ٢٩/٠٥/٢٠٢٢ جێژنی ١٥٠٠ ساڵەی دامەزراندنی شاری کییەڤ بە تێلەماراسۆنێکی نێونەتەوەیی لە بێرلین و کییەڤ بۆ “پشتیوانی لە ئووکرایینا” بەڕێوە چوو و زۆربەی پایتەختەکانی جیهان (بەیروت، ئاسینا، ڕۆم، وەرشەو، ڤانکۆڤێر، …) تێیدا بەشدار بوون و نوخبەکانی تەواوی جیهان یارمەتیی دراوییان بۆ پێداویستییە پزیشکییەکانی بەرەکانی شەڕی ئووکرایینا کۆ کردەوە.
- لە باشووری پۆڵەندای ئێستا.
- ئێستا لە کتێبی مێژووی پۆلی ٦ی پەروەردەی ڕووسیادا، مێژووی “کییەڤ-ڕووس” سانسۆر کراوە. لە بەرانبەردا هەوڵ دراوە سەرهەڵدانی مێژووی ئیمپڕاتۆریای ڕووسیا نەک بە کییەڤ، بەڵکوو بە شاری پیتربوورگ ببەستنەوە. واتە ڕووداوەکانی ٣٠٠ ساڵی مێژووی ڕووسیا پاک بووەتەوە. پاش ٢٤ ی فێورییەی ساڵی ٢٠٢٢، بەگوێرەی فەرمانێکی میری بابەتگەلی مێژوویی، جوگرافیایی و ئەدەبیی پەیوەندیدار بە ئووکرایینا، لە کتێبەکانی پەروەردە و خوێندنی خوێندنگاکانی ڕووسیا سانسۆر کراوە.
- بەگوێرەی لێدوانی ئۆلێگ ژدانۆڤ، کریملین پتر لە ٥ میلیارد دۆلاری ئەمریکی بۆ ئەو مەبەستە لە ئووکرایینا خەرج کردووە (لێدوانی ناوبرا لە ڤیدیۆی ٠٥/٠٦/٢٠٢٢، خولەکی ٣٢). ڕاگەیاندنەکانی ڕۆژاوایی باسی ٥٠ میلیارد دۆڵاری ئەمریکی دەکەن کە کریملین بە هەمان مەبەست لەنێو کاربەدەستانی سیاسی و ئابووریی ئەورووپا و ئەمریکادا تەخشان پەخشان کراوە.
- سەرەنجام دوو مانگ پاش هێرشی سپای ڕووسیا، پەڕلەمانی ئووکرایینا بڕیاری نایاساییبوونی ١١ حیزبی سیاسی پەسەند کرد کە کاریان پڕۆپاگەندە بۆ سیاسەتەکانی پووتین و ساردکردنەوەی خەڵک لە هەڵمەتی بەرەنگاریی نەتەوەیی بوون.
- بلیتزکریگ (Blitzkrieg) بە زمانی ئاڵمانی بە مانای “جەنگی خێرا”. لە سەردەمی دەسەڵاتی هیتلەردا بۆ داگیرکارییە خێراکانی وڵاتانی ئەورووپا لەلایەن سپای ئەڵمانیای نازی ببووە باو.
- واتای “Хохо́л” (خاخۆڵ)، بە مانای کەسی سەروگوێلاک ئاڵۆز و پەرێشان، یەکەم جار لە ساڵی ١٦٣٠ لە بەڵگەنامەیەکی گومرگی مۆسکۆ وەک سووکایەتی بۆ کەسێکی ئووکرایینایی ئاماژەی پێکراوە؛ لە ساڵی ١٦٤٤ەوە، ئیتر بۆ سووکایەتی پێکردن بە کازاکەکانی زاپاڕۆژێی ئووکرایینا بەکار هاتووە و دواتر بۆ هەموو ئۆکڕاینییەکان بەکار هاتووە. “نیکۆلای گۆگۆل”یش، ڕۆماننووسی بەناوبانگی ئووکرایینایی سەدەی ١٨، ئاماژەی پێکردووە.
- ئامرازی “на” (“نا” یانی “لە”) بەجێگەی “в” (“ڤ”) بە هەمان مانا. ئێستا ئووکرایینایییەکان بۆ ئاماژە بە وڵاتەکەیان، “в” (“ڤ”) بەکار دێنن.
- بۆ زانیاریی زۆرتر سەبارەت بەو بیرۆکەیە، بڕوانە نووسراوەکانی “ئەلێکساندر دۆگین”.
- پاش مەرگی ستالین و لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی خروشچۆڤ کە خەڵکی ئووکرایینا بوو، هێندێک گۆڕانکاری لەو هەڵسوکەوتە و کارەساتەکانی بەڕێوە چوو؛ بەڕواڵەتیش بێ، کۆماری سۆڤیەتی سۆسیالیستیی ئووکرایینا نوێنەری تایبەتیی خۆی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا پێدرا، لە بواری پێشەسازیدا بنکەی ئابووریی مەزنی لێ دامەزرا، کەرتی کشتوکاڵ پەرەی پێدرا و ئووکرایینا بوو بە “کۆگای گەنمی یەکێتیی سۆڤیەت” و تا ڕادەیەک ڕێگە خۆش بوو بۆ گەشەی زمانی ئوکڕاینی. بەڵام هاوکات هەر بیر و بۆچوونێکی نەتەوەییی سەربەخۆییخوازانە بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرا.
- لە کاتێکدا لەو ماوەیەدا لە ڕووسیا ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەنێوان پووتین و “مێدڤیدۆف”دا وەک گاڵتەجاری هەڵبژاردنی ئازاد تەماشای دەکرا.
- ئۆلێگ ژدانۆڤ ئاماژە بە برا گەورەکەی دەکات کە لە مۆسکۆ دەژی و خانەنشینی سپای ڕووسیایە و دەڵێ:” برا گەورەکەم پشتگیریی پووتین دەکات و من و ئووکرایینایییەکان بە فاشیست دەزانێ و نێوانمان تێک چووە و وڵامی تەلەفۆنەکانم ناداتەوە”.
- بەگوێرەی ئاماری یەکێتیی سۆڤیەت نزیک ٢٠ میلیۆن کەس قوربانیی شەڕی دووەمی جیهانی بوون کە ١٢ میلیۆنیان ئوکڕاینی بوون.
- کلیسای ئۆرتۆدۆکسی ڕووس لە مۆسکۆ ئەو هێرشەی بە شەڕی پیرۆز هەڵسەنگاندووە و لاوانی ڕووسی هان داوە بۆ بەشداریکردنی، بەڵام بەپێچەوانە کلیسای ئۆرتۆدۆکسی کییەڤ، ئەو شەڕە، بە شەڕی نیشتمانی دەزانێ.
- پاش ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشداریی بە پووتین دا لە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی (بە چەکی ئەتۆمی کەم مەودای تاکتیکیشەوە)، ئەمریکا ڕاستەخۆ پەناگای ئەتۆمیی خودی پووتین و دارودەستەکەی لە ٣٠٠ مەتریی ژێر زەویدا دەکاتە ئامانج و ئاگاداربوونی پووتین کە ئامریکا مووشەکی ئەتۆمیی خاپوورکردنی پەناگای ئەتۆمی لە قووڵایی ٤٠٠٠ مەتری هەیە، پووتین و دەسەڵاتدارانی کریملین وازیان لە هەڕەشەی ئەتۆمی هێناوە.
- مەبەست “دەستپێشخەریی سێ دەریا”یە (Three Seas Initiative-TSI). لە ساڵی ٢٠١٥ سەرۆککۆمارانی پێشووی پۆڵەندا و کۆرڤاتیا پێشنیازی پێکهێنانیان کرد و لە ساڵی ٢٠١٦، ١٢ وڵاتی کەنار دەریاکانی باڵتیک، ئادریاتیک و دەریای ڕەش، واتە دە وڵاتی کەنار ئەو سێ دەریایە، ئێستۆنیا، لاتڤیا، لیتوانیا، پۆڵەندا، سلۆڤاکیا، ڕۆمانیا، بۆڵگاریا، هەنگاریا، کرواتیا، سڵۆڤێنیا دەگەڵ چیک و، ئۆتریش یەکەم کۆبوونەیان بە مەبەستی پێکهێنانی یەکێتییەکی سیاسی- ئابووری پێک هێنا. تا ئێستا دوو کۆبوونەی دیکەیان لە ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ هەبووە. ئێستاش بەریتانیا کە لە “یەکێتیی ئەورووپا” هاتووەتە دەرێ، هەوڵ دەدا دەگەڵ ئووکرایینا تێکەڵ بەو هاوبەندییە ببن تا ببێتە ئاڵترناتیڤی “یەکێتیی ئەورووپا”. گوایە بەریتانیا بەنیازە تورکیاش دەگەڵ بخات.
داگرتنی بابەت