ئارامتر بخوێنەوە
بزووتنەوەی خوێندکاریی
شــاهۆ مەتین
بزووتنەوەی خوێندکاریی بە هۆی بەردەوامی و مانەوەی لە کاتدا ، بۆتە بەشێک لە هزری گشتی، دامەزراوەیەکی سیمبۆلیک و نادیار، کە تەنانەت لە باردۆخی زۆر سەخت دا و نەبوونی ڕێکخراوەی خوێندکاریی، لە وەچەیەک بۆ وەچەیەکی تر گوازراوەتەوە و هیچ دەسەڵاتێک لە نیو سەدی ڕابردوودا نەیتوانیوە ڕۆح و ماهییەتی بزووتنەوەی خوێندکاریی لە بەین بەرێ.
ئەوەی ئەمڕۆش لە زانکۆ و کۆمەڵگای ئێران و کوردستان دەگوزەرێت، دەرخەری ئاڵوگۆرێکی هزری و کۆمەڵناسانەیە کە لە گەڵ ڕابردووی خۆی زۆر جیاوازە.
بزووتنەوی خوێندکاریی لە شکڵی سەرەتایی خۆیدا لە کوردستان لە نێو ئەو لاوانەی کە بۆ زانست چونە زانکۆ بێچمی گرت و دەستە خوێندکارییەکان سەرەڕای ڕێژەی کەمیان، بەڵام بەشێکی گرینگ لە ئاڵوگۆری بەستێنی فەرهەنگی و سیاسی ئەو کاتی جڤاتی کوردستان بوون و کۆمەڵگای پڕ لە کڵپەکڵپی سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی و ڕۆڵی بزووتنەوەی خوێندکاریی لە ئێران دەرخەری ئەم ڕاستییەیە کە کاریگەریی بزووتنەوەی خوێندکاریی و بزووتنەوەی سیاسی و کۆمەلایەتییەکان لە ناخی کۆمەڵگا زۆر بەرجەستەیە و تاکوو ئێستاشی لە گەڵ بێت، بزووتنەوەی خوێندکاریی لە کوردستان یەکێک لەو بزووتنەوە چالاک، خۆبەش و شووناسخوازانەیە کە بە هاودەنگیی لە گەڵ بزووتنەوەکانی سیاسیی کوردستان (ئەحزاب) بە زێهنییەت و کارکردێکی ڕۆژهەڵات تەوەرانە دەیهەوێت ماف و ئازادییەکان بەدی بێنێت و کۆمەڵگایەکی سێکۆلار، ئازاد و دێموکراتیک دابمەزرێنیت.
دەیەی ١٣٤٠ی هەتاوی دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بۆ بزووتنەوەی خوێندکاریی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، بزووتنەوەی خوێندکاریی ئەم دەورەیە بە هاوپەیوەندی و هاوفکرییان لە گەڵ بزووتنەوی خوێندکاریی جیهانی و بە کوردستانی کردنی ئایدیا و ئەندێشەی ڕزگاریخوازیی جیهانی، بوونە پێشەنگانی خەبات دژی دیکتاتۆریزمی ڕێژیمی پاشایاتی ئێران کە بە حەق سمایل شەریفزادە و هاورێیانی، پێشڕەوانی ئەم هزر و تێکۆشانە پڕ لە سەروەرییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون، کە بۆ یەکەم جار بە هۆی زەبروزەنگ و مڵهوریی ڕڕژیمی پاشایاتی و داخراو بوونی کەشی گشتیی کۆمەڵگا، ناوەکی سەرەکیی چالاکیی گرووپە سیاسییەکانی (خەباتی چەکدارانە) بۆ ناو زانکۆ دەگوازرێتەوە و لە ئاکامی ئەم بەڕپرسیاریەتییەدا بزووتنەوەی خوێندکاریی کوردستان حەماسەی شۆرشی ٤٦-٤٧ دەئافرێنیت.
بنەمای هزری لێکۆلینەوەکەمان:
بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی وەک بزووتنەوەی خوێندکاران لە بنەڕەتدا دیاردەیەکی کۆمەڵگای سەردەمن .
لە کۆمەڵگای کەونارادا، بزووتنەوە کۆمەلایەتیەکان یان بوونیان نەبووە یان زۆر کەم بوونە، هەر چەند لە کۆمەڵێک جڤاتی وەرزێڕیی، سەرهەڵدان و ڕاپەرین ڕوویداوە بەڵام کاتیی و خێرا بوونە، هەرچەند لە کۆمەڵگەی شارنشینی و پیشەسازیدا، بزووتنەوە کۆمەلایەتیەکان بە سەرنجدان بە ڕێژە و جۆراوجۆرییان بەشێک لە ڕێکخراوەی کۆمەڵایەتین و لەم کۆمەڵگا سەردەمیانەدا بزووتنەوەی کۆمەلایەتی هەم هۆکار و هەم ئاکامی تۆمار کردنی مێژوون .
بەکار هێنانی چەمکی “بزووتنەوەکانی کۆمەلایەتی” لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم ،لە ئورووپای ڕۆژاوا ، جێکەوت و یەکێک لە سەرەتاییترین باسە ڕێک و پێکەکانی ئەم هزرە دەتوانین لە کتێبی ” لۆرێنس ڤۆن شتاین” بە نێوی “مێژووی بزووتنە کۆمەلایەتیەکان لە فەرانسەی ١٧٨٩ تاکوو ئەمڕۆ” ببینین کە تێیدا شۆڕش بۆ وەدەستهێنانی سەربەخۆیی زۆرتری کۆمەلایەتی، شڕۆڤە و لێکدانەوەی بۆ کراوە.
بە گشتی بزووتنەوەکانی کۆمەلایەتی بە شێوەی گشتی، هەوڵدانی گشتی بۆ بەڕەو پێشبردن یا بەربەرەکانی کردن لە بەرانبەر ئالۆگۆرەکان لە ناو جفاتدایە کە خۆیان بەشێک لەم ئالوگۆرە لە ئەژمار دێن .
لە ڕەهەندی بنەمایی و هزری، بزووتنەوەی خوێندکاریی سەنتێزێک لە سێ کۆچەمکی بزووتنەوەی کۆمەلایەتی، ڕەوتی ڕۆشنبیریی و ڕەوتی ڕابوو لە چینی مامناوەندی نوێیە ، کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەکەین.
١-بزووتنەوەی خوێندکاریی وەکوو جۆرێک لە بزووتنەوەی کۆمەلایەتی نوێ:
لە باسی زانستی سەبارەت بە بزووتنەوە کۆمەلایەتیەکان، بە تایبەت بزووتنەوە کۆمەلایەتییە نوێیەکان، یەکەم نموونە و ڕاستەقینە کە بۆ ئەم بزووتنەوە کۆمەلایەتییانە دەکرێ ئاماژەی پێ بکەین ، بزووتنەوەی خوێندکارانە .
بە خوێندنەیەکی تر لە زنجیرە بزووتنەوە کۆمەلایەتییە نوێیەکان، کە لە دەیەی ١٩٦٠ دەستی پێکرد، بزووتنەوەی کۆمەلایەتی خوێندکاران یەکەم ئەڵقەی دامەزراوەی ئەم خەباتە بوو و بە شێوەیەکی دیاریکراوتر لە مانگی مەی ١٩٦٨ بەولاوە کە بزووتنەوەی خوێندکاریی لە ئوورووپا و بە تایبەت لە فەرانسە، برووتنەوەی کۆمەلایەتی نوێ دەست پێدەکات و بە بزووتنەوەکانی تری وەک بزووتنەوی ژنان، ژینگەپارێزیی، ئاشتی، ڕاستیستی (؟) تاد. بەردەوامی پێدەدرێت .
چالاکیی و هەوڵدانی گشتی بۆ ئالۆگۆر لە بزووتنەوە کۆمەلایەتییەکاندا، تایبەتمەندی زۆری هەن کە لە جووڵانەوەکانی دیکە، بۆ ئاڵوگۆر، جیاوازی دەکات .
١- ئەم جووڵانەوە گشتییە، لە ڕایەڵە گەڵێکی پەیوەندی نافەرمی نێوان تاکەکان، گرووپەکان یان ڕێکخراوە جۆربەجۆرەکانەوە شکڵ دەگریت .
ئەم ڕایەڵەیانە بە دانانی پێشمەرجەکانی پێویست بۆ ئامادەکاریی گشتی یان کۆمەلایەتی، یارمەتی دەکەن کە “سیدنی تارو” ڕاڤەی کردووە و دەلێ؛ ” بزووتنەوە کۆمەلایەتییەکان بە شێوەی تاکیی ڕوو نادەن، بەڵکوو بەشێک لە شەپۆلێکی گشتیی ناڕەزایەتی کۆمەلایەتین کە تێکرا بە هۆی کۆمەڵێک ڕووداوی پێشبینی نەکراو خێرایی وەردەگرن و لە رێگەی ئاڵوگۆر لە پێکهاتە، دەرفەتە سیاسییەکان هاسان دەکەن “
٢- لە سەر کۆمەڵێک هاوبەشیی لە باوەڕمەندی و ئینتیماکان بنیات نراون.
ئەو بابەتە هۆکاری شکڵ گرتنی شووناسی گشتی بۆ یاریکەرانی گشتییە و سەرجەم پێکهێنەرانی ئەم یارییە گشتییەش لە درێژماوەدا بە بزووتنەوەیەکی تەواو یەکدەست دگۆڕدرێت .
بە بڕوای “چارلز تیلی” بزووتنەوەی کۆمەلایەتی، کردارێکی ژێرمەندانە، ئامانج خوازانە و ڕێکخراوە”
٣- کرداری هەرەوەزیی لە بزووتنەوەکانی کۆمەلایەتییەکاندا لە سەر کێشەکانی سیاسی ، کومەلایەتی یا فەرهەنگی پێداگری دەکات کە ئەم هەڵوێستە بەو هۆکارەیە کە یاریکەرانی بزووتنەوە لە هەوڵی ئاڵوگۆری کۆمەلایەتیدا، چ لە ئاستی ڕێکخراوەیی و چ لە ئاستی ناڕێکخراوەیی دا بێت، هەن .
لێرەدایە کە پەیوەندی نەیارانە لە نێوان ئەوان و ئەوانیتر کە ئەوانیش لە هەوڵی کۆنترۆڵی پرسی هاوچەشن دێتە ئاراوە و تێکهەلچوونی لێدەکەویتەوە.
“مایر زاڵد و مەک کارتی” بزووتنەوە کۆمەلایەتییەکانیان بە ” کۆمەڵێک لە بڕوا و بایەخ، کە ڕەنگدانەوەی ئاوات بۆ ئاڵوگۆری کۆمەلێک لە بەشی پێکهاتەی کۆمەلایەتی یا دابەش کردنی هەڤیازی کۆمەلایەتین ” پێناسە کردووە.
٤- ئەکتەران و چاڵاکان لە بزووتنەوە کۆمەلایەتییەکان لە ناڕەزایەتی، بە تایبەت ناڕەزایەتی گشتی بۆ بەرەو پێشبردنی ئامانجەکانی خۆیان کەڵک وەردەگرن.
٥- بزووتنەوە کۆمەلایەتییەکان هەڵگری ئایدۆڵۆژی تایبەت بە خۆیانن کە بایەخ و ئامانج دیاری دەکەن و جۆرێک چەمکی یەکگرتوو بۆ ڕاڤەی ئەزموونەکان و پێشهاتەکان دابین دەکات.
٦- لە بزووتنەوە کۆمەلایەتییەکاندا بەڵێنی و ڕاکێشانی تاک بۆ ناو بزووتنەوە، مەبەست و ئایدۆڵۆژی بزووتنەوە لە ڕێگەی چاڵاکییەکان یا ئەزموونەکان وەدەست دێت و بەمجۆرەیە کە شوێنی تاک لە ڕێکخراو دیاری دەکرێت و ئەوان بە بایەخەکان، بەڵێنییەکان و کرداری نوێ ئاشنا دەبن.
٧- نەیارانی یەک بزووتنەوە ئیمکانی هەیە ڕاستەقینە یان دەستکرد بن کە بۆ بانگەشە و گەشەی بزووتنەوە پێویستن. ڕکابەرەکان هۆکاری یەکگرتوویی و یەکدەنگی و هەت بە بەرپرسیاریی و گەشە کردنی بزووتنەوە دەبن .
٨- لە شێوەی ماکرۆدا، جووڵانەوەی گشتیی سیاسی بزووتنەوە کۆمەلایەتییەکان، یان ئارام و ڕێفۆرمخوازانەن یان ڕادیکاڵ و شۆڕشگێرانە.
لە ئاکامدا دەتوانین وای دانێین کە بزووتنەوە کۆمەلایەتییەکان، ساڵانێکی زۆر بە شێوەی ڕێفۆرمخوازانە بەردەوام دەبن و هیچ کات حاڵەتی شۆرشگێریی بە خۆیان ناگرن یان بە پێچەوانە، دەتوانین بزووتنەوەی کۆمەلایەتی دیکە وێنا بکەین کە لە ماوەی ژیانی خۆیدا ڕادیکال بێت و حاڵەتی شۆرشگێریی هەبێ.
لە هەر دوو حاڵەتدا، بزووتنەوەی کۆمەلایەتی لە هەوڵی ئاڵوگۆردایە، بەڵام لە یەکیان بە شێوەی ڕێفۆرم و لەوی تریان بە شێوەی ڕادیکاڵ و شۆرشگێرانە.
٢-بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی وەک بەشێک لە ڕەوتی ڕۆشەنگەری/ڕۆشنبیری.
ئەگەر ڕۆشنبیریی وەک پێگەی کۆمەلایەتی و شکۆ ببینین کە لە ناو خۆیدا ، گرووپەکان؛ چینەکان و توێژە کۆمەلایەتییەکانی جۆراوجۆر لە خۆ دەگرێ، بەدڵنیاییەوە بزووتنەوەی خوێندکاریی یەکێک لە گرووپە کۆمەلایەتییەکان دەبێ؛ لە ئاکامی وەها گریمانەیەکدا، یاسای زاڵ بە سەر کرداری ڕۆشنبیریی و ڕۆشنبیران لە کرداری تاک یا چالاکیی گشتیی خوێندکاران گشتگیر دەبێ، لەم دۆخەدا بزووتنەوەی خوێندکاریی وەک بەشەکۆمەڵەیەک لە بزووتنەوەی ڕۆشنبیریی سەیر دەکرێ .
“ژێس پانسکی” شەست پێناسەی جۆراوجۆری لە ڕۆشنبیریی ڕاڤە کردووە، ئەم پێناسانە دەتوانین بە سەر سێ دەستەی سەرەکی دابەش بکەین.
دەستەی یەکەم ؛ بە شێوەی گشتی بەو ڕۆشنبیرانە دەوترێت کە لە داهێنانی بایەخ گەڵی تاهەتایی و نەگۆڕ لە بەستێنی ڕاستی، جوانی و دادپەروەری دا جێگایان دەبێتەوە.
دەستەی دووهەم؛ ڕۆشنبیران ،بانگەشەکارانی بڕوا و عەقیدە ، دامەزرێنەرانی ئایدۆلۆژییەکان و ڕەخنەگرانی دۆخی هەنووکەیی لە ئەژمار دێن .
لە پێناسەی دەستەی سێهەم؛ بە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی، ڕۆشنبیران چینێکی کۆمەلایەتی لە چینی مامناوەندی نوێ دێنە ئەژمار کە لە پەرەپێدان و بەڕەوپێشبردنی کولتوری کۆمەڵگادا ڕۆلیان هەیە .
ڕۆشنبیران بە شێوەی گشتی لە شوێنی ” هزری ” کۆمەڵگا بیانهەوێت یان نا لە گەڵ چوارچێوەی هێزی سیاسی ڕووبەڕوو دەبن و زۆر جار لە نێوان ئەم دووانەدا ناکۆکی دێتە ئاراوە.
هزر و ئەندێشە لە گەڵ هێزی سیاسی زۆر بە کەمی دەگونجێ، چۆن هێز ناتوانێ لە درێژماوەدا زۆر ڕێکخەری ئەندێشەی ئازاد بێ و هزر و ئەندێشەش کاتێک فەرمانبەری هێزی سیاسی بن، مانای ڕاستەقینەی خۆیان لە کیس دەدەن.
ڕۆشنبیر کەسێکە کە ” بۆ ئەندێشە و فکر ژیان دەکات، هۆگریی ئەو بۆ ژیانی هزریی، وێکچوویی زۆری لەگەڵ هۆگریی مەزهەبی هەیە” .
لە نەریتی ڕۆشنبیرییدا، ئەم ڕێسایانە دەبینرێن:
١- ڕۆشنبیری سیاسی زۆر جار لە دەرەوەی سیاسەت و دامەزراوەی هێزی سیاسی باڵادستە و، ڕۆشنبیریی خۆی بە برپرسیاریی ڕەخنە گرتن، هەڵوێست نواندن و لایەنگریی دەزانێ، بەڵام نەک لایەنگریی لە حیزب یان هێزێکی تایبەت .
٢- ڕۆشنبیر بەردەوام لە دۆخی گوماناوی و بە دەربڕینێکی ڕوونتر لە نێوان هیوا و بێ متمانەیی و دوودڵی دایە.
٣- ڕۆشنبیریی خەباتێکە کە لە گەڵ دواکەوتوویی، خورافات و نەزانیی دژایەتی دەکات و بۆ گەشە، بەرەوپێشبردن و نوێگەرایی تێدەکۆشێ.
٤-ڕۆشنبیر ڕەخنەگرە و بە ڕەخنە لە دۆخی هەنووکەیی، بەگشتی دۆخی سیاسی، فەرهەنگی، ئابووری و تاد. لە هوڵی ئاڵوگۆری ئەرێنی دایە.
٥- ڕۆشنبیر بە ناوی داهاتوو و نوێگەرایی، دژی نەریتە و نەریت شکێنە .
بەمجۆرە بزووتنەوەی خوێندکاریی بەشێک لە بزووتنەوەی ڕۆشنبیرییە کە ڕەوتی خوێندەواریی بەرزی وەدەست هێناوە و زۆر یەک لە تایبەتمەندییەکانی ئاماژە پێکراوی هەیە. بزووتنەوەی خوێندکاریی بۆ نەهێشتنی لایەنە ناڕێکەکانی دۆخی هەنووکەیی زۆر گونجاوە، بەڵام هێزی پێویستی بۆ وەدیهێنانی ئامانجە بەرزەکانی نییە، هەر بەم هۆکارە ئەوان زۆرتر دەکەونە ژێر کاریگەریی ڕەوتەکانی سەرەکی ڕۆشنبیریی و بڵاوکەرەوان و بانگەشەکارانی هزرەکانی ڕۆشنبیری و لە ئاکامدا بزووتنەوەکانی خوێندکاریی بەگشتی تەنیا بزووتنەوەیەکی سەرتاپاگیرە؟ (مەبەست سەرانسەرییە؟) کە بە گشتی ڕۆشنبیران تێیدا پلاندارێژ و ئاراستەدەرن.
٣- بزووتنەوەی خوێندکاریی وەک ڕەوتی ڕابوو لە چینی مامناوەندی نوێ:
خاوەن ڕایانی نوێگەریی وەک :
پ، جان جانسۆن، موور بێرگێر، مانفرێد هالپێرن، چارلز عیسەوی، جیمیز بێل و سامۆئێل هانتینگتۆن، چینی مامناوەندی نوێ لە وڵاتانی لە دۆخی گەشەسەندوویی بە جۆرێک داینامۆی سەرەکی و ستراتێژیکی گەشەسەندن و نوێگەرایین و لە ئاکامدا بە ئاڵوگۆڕخواز، گۆڕانخواز و تەنانەت شۆڕشگێڕ دەزانن .
بە بۆچوونی ئەوان، چینی مامناوەندی نوێ، بۆ ڕێبەریی و وەگەڕخستنی بزووتنەوەکانی سیاسی و کۆمەلایەتی لە کۆمەڵگای گەشە ئەستێندا، کاریگەر و چارەنووس سازن.
مانفرێد هاڵپێرن چینی مامناوەندی نوێ بە هۆکاری ئاڵوگۆری کۆمەلایەتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و بە تایبەت ئێران دەزانێ و چین/کاست-ی لە سەر بنەمای کاریگەرییەک کە لە کۆمەڵگادا هەیەتی پێناسە کردووە و دەلێ : هەر چینێک دەبێ لە بەستێنی ڕۆڵی سیاسی ،کۆمەڵایەتی و ئابووری کە لە پڕۆسەی گۆڕانی کۆمەڵایەتی بەرێوەی دەبات، پێناسە بکەین.
هاڵپێرن ناوچەی مەراکش تاکوو پاکستان لە ناو شۆڕشێکی قووڵدا دەبینێ و بڕوای وایە کە هەوڵی داوە هۆکار و تایبەتمەندییەکانی ئەم شۆڕشە شیی بکاتەوە، کە چینی مامناوەندی نوێ وەکوو هێزێکی شۆڕشگێڕی سەقامگیر دەزانێ کە ئەو چینە بەڕێوەبەر، مامۆستا، ئەندازیار، ڕۆژنامەوان و خوێندکاران دەگرێتەوە.
بە بۆچوونی هاڵپێرن ، ڕێبەریی لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە شێوەیەکی بەرچاو لە دەستی چینی مامناوەندی نوێ دایە.
بە بڕوای جەیمز بیل، یەکێک لە هێزە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان کە پێکهاتەی نەریتیی وڵاتانی گەشە ئەستێن بەرەو شۆرش دەگوازیتەوە، چینی مامناوەندی نوێیە و ئەندامانی ئەم چینە بە سەر چوار گرووپی: شوێنکەوتوان، داکۆکی کارانی سیستەم ، تێکنۆکراتەکان و ڕادیکاڵ یان دژبەران دابەش کردووە.
لە ڕاڤەی جەیمز بیل دا، ڕادیکاڵەکان لە ڕاستیدا هەر ڕۆشنبیرەکانن .
ڕۆشنبیران بە مانای تایبەت نە تەنیا کاربەدەستانی دامەزرێنەر یا ڕاگوێزەری بەرهەمی فەرهەنگینە، بەڵکوو کەسانێکن کە لە بەرانبەر سیستەم دەوەستنەوە و دژی ئەو شۆڕش دەکەن . بە بڕوای سامۆئێل هانتینگتۆنیش لە نێو ئەو چینەدا، ڕۆشنبیران و خوێندکاران زۆرتر لە هەموو لایەنەکانی تر هەوڵی شۆڕش و توندوتیژیی بەرانبەر دەسەڵات دەدەن. لە بنەرەتەوە ڕۆشنبیری شۆڕشگێر دیاردەیەکی تەواو سەرتاسەری لە کۆمەڵگای تووشیاری نوێگەری دێتە ئەژمار. لە بۆچوونی شۆرشی هانتینگتۆندا، “شار” ناوەندی دژایەتی لە ناو وڵات دایە و چینی مامناوەندی نوێ، ناوەندی دژایەتی لە ناو شارن و ڕۆشنبیران، چالاکترین گرووپی دژبەر لە ناو چینی مامناوەند و خوێندکارانیش ڕێکخراوترین و لێهاتووترین شۆڕشگێران لە ناو ڕۆشنبیراندان کە بەمشێوەیە خوێندکاران چالاکترین هێزی شۆڕشگێر لەناو ناوەکی سەرەکی و ناوەندی خەباتی شۆڕشگێریی لە کۆمەڵگا گەشە ئەستێنەکان دان.
بە بۆچوونی هانتینگتۆن توندترین ، ڕێکخراوترین و شۆرشگێرترین دژبەران لە گەڵ سیستەمی دەسەڵاتدار دەبێ لە زانکۆکانەوە ببینرێت. چۆن ئەگەر تەنیا کەڵێنێک لە نێو هەموو وڵاتانی تووشیاری نوێگەرایی بوونی هەبێ، ئەو کەلێنە هەمان کەڵێنی دەسەڵات و زانکۆیە .
بەمجۆرە بزووتنەوی خوێندکاری ، لە پێگەی بزووتنەوەیکی کۆمەلایەتیدا:
یەکەم، کۆمەڵێک لە خوێندکاران لە خۆ دەگرێ کە بە شێوەیەکی دڵخوازانە جموجۆڵی گشتی بۆ دروست کردنی گۆڕان لە زانکۆ و کۆمەڵگا ڕێک دەخەن، خوێندکاران لەم جموجۆڵە گشتییەی خۆیاندا ڕەنگبێ بەدوای ئاڵوگۆڕ لە جۆری فەرهەنگی، بایەخی، ئابووری، کۆمەلایەتی و سیاسییەوە بن.
دووهەم، بووتنەوەی خوێندکاریی چالاکییەکی گشتی بۆ گەیشتن بە مەبەست و ئامانجی هاوبەش دێتە ئەژمار، ئەم هەوڵە گشتییە زۆرتر لە ڕایەڵکەکانی پەیوەندییە نافەرمییەکانی نێوان خوێندکاران و گرووپەکان دادەمەزرێت .
شووناسی گشتیی خوێندکاریی، لە تەنیشت بڕوا و هۆگریەکانی هاوبەشدا، بە بزووتنەوەی خوێندکاریی یەکگرتوویی و هاودەنگی پێویست بۆ جوڵەی گشتی سیاسی کاریگەری دەبەخشیت .
چەمک و سروشتی بزووتنەوەی خوێندکاری:
لە بنەڕەتدا بزووتنەوەی خوێندکاریی، دیاردەیەکی تایبەت لە کۆمەڵگای ئەمڕۆییدایە و بە خەباتی گشتیی گرووپە زانکۆییەکان بۆ بەرەو پێشبردنی جۆرێک ئاڵوگۆڕ لە کومەڵگا پێناسە دەکرێ، هەر بۆیە ئەم بزووتنەوەیە جووڵە و بزووتنەوەیەکی کۆمەلایەتی دێتە هەژمار.
لە هەڵسەنگاندنی هۆکارە سەرەکییەکانی ئاڵوگۆری کۆمەلایەتی، سیاسی و فەرهەنگی هەر کۆمەڵگایەکدا هۆکارێک بە ناوی زانکۆ و خوێندکاران لە پلەی یەکەم جێ دەگرن، بە تایبەت لە وڵاتانی گەشە ئەستێن، زانکۆ لە پێگەی ناوەندی دابینکردنی پێویستییەکانی هزری یەک جفات بۆ پێشڤەچوون و ئاسۆیەک ڕوو بە ئازادی، گرینگی دوو قاتی هەیە.
ئەم دەورە چاڕەنووس سازەی زانکۆکان، زیاتر لە هەر شتێکی دیکە، قەرزداری حزووری خوێندکاران لەم ناوەندە و تواناکانی ئەوان دایە .
ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، زیاتر لە هەر شتێکی تر، سەرچاوەگرتوو لە تایبەتمەندییەکانی ئەم چینە کۆمەلایەتییەیە و “ئارمانجخوازی و ماڤویستی و دووری لە بەرژەوەندیخوازی” تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی نەوەی لاوی خوێندکارانە کە لە تەنیشت کەڵک وەرگرتن لە هەست و سۆزی لاوان بەرانبەر بە چینەکانی تری کۆمەڵگا، هۆی لێهاتوویی ئەم چینە گرینگە کۆمەلایەتییەیە .
چالاک بوون و بەرەوپێشچوونی بزووتنەوەی حوێندکاریی، لە بواری ناوەڕۆکەوە، پەیوەست بە گەشەی سەرتاسەری ئەم چوار هۆکارەیە.
١-بزواندنی کۆمەلایەتی ٢- هەستی گشتی ٣- دەروەستیی و یەکگرتوویی و، ٤- جیایی بنیات.
دەرەنجام:
بزووتنەوەی خوێندکاریی بە بەردەوامی لە ناوەندی گۆرانکارییەکانی ئێران و کوردستاندا ئامادەگی هەبوو ، بەڵام لە خاڵی دەستپێک و دروست کردنی ئاڵوگۆڕی سیاسیدا نەبوە، بەو مانایە کە شوێنکەوتووی کەشی گشتیی سیاسیی ڕەوتە سیاسییەکان لە کۆمەڵگادا بووە و لە هیندێک قۆناغدا بۆ کاریگەرترین کادرەکانی ئەم ڕەوت و لایەنە سیاسییانە گۆڕاوە .
لەوانەیە ئێستا لە هیچ شوێنێکی جیهان بزووتنەوەی خوێندکاریی بە مانا ڕاستەقینەکەی بوونی نەبێ و تاڕادەیەک هەموو نەریتەکانی پەیوەندیدار بە بزووتنەوەی خوێندکاریی کە تایبەت بە بزووتنەوەی ١٣٦٨ ی (مەبەست ١٩٦٨ نییە؟) ئوورووپا بەرچاو بوو، نەماوە، یان هێندێک لەم بزووتنەوانە بۆ حیزبی ڕادیکاڵ وەک حیزبە سەوزەکان لە وڵاتانی ئورووپایی گۆڕاون و بە شێوەیەک لە سیستەمی سیاسی هەبوودا جێیان گرتووە.
لە پەیوەندی دەگەڵ ئێران و کوردستانیش، زانکۆ لە ناوەندی ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەلایەتییەکاندا جێی گرتووە و ڕۆڵی خوێندکاران بە تایبەت بە هۆی پەرەسەندنی ڕێژەیی جوگرافیای فێرکاریی باڵا ، هەڤیازی و گرینگی تایبەتی بەخۆیەوە گرتووە .
ئێستا لە ئێران زیاتر لە چوار ملیۆن خوێندکار سەرقاڵی خوێندنن کە ڕێژەی سەتا پێنجی ( ٥٪) حەشیمەتی ئێران پێک دێنێ.
بزووتنەوەی خوێندکاریی لە ئێران و کوردستان هەڵگری سێ تایبەتمەندیی سەرەکییە:
١- جیلی نوێی خوێندکار وازی لە ئارمانخوازی و ئاڕەزوو بێ بنەماکان هێناوە و بە کەتوارگەرایی هەوڵی وەدیهێنانی دێموکراسی دەدا و دێموکراسی و ئاڵوگڕری دێموکڕاتیک لە کۆمەڵگا، داڵغەی سەرەکیی جمووجۆڵی خوێندکارانە.
٢- حزوور و ڕۆلی بێ وێنەی کچانی خوێندکار لە جموجۆلی خوێندکاریدا، ئەم ڕووتێکردنە ڕەنگدانەوەی ئاڵوگۆڕی فەرهەنگیی قوول لە ناو کۆمەڵگای ئێرانە
٣- سەربەخۆیی ڕۆژبەڕۆژی ئەم جووڵانەوەیە لە هێزە سیاسییەکان و گەڵاڵەی سەربەخۆیانەی مافە سیاسییەکانیان و بوون بە نوێنەری داواکاریی هەموو چین و توێژەکانی وڵات.
ئەمە وەرچەرخانێکی مانادارە لە ڕوانیین و فەرهەنگی نوێدا، کە فەرهەنگی خوێندکاریی و زانکۆ دەستەبەری کردووە.
داگرتنی بابەت