ئارامتر بخوێنەوە

دیوی کۆمەڵایەتیی زنجیرە خۆپیشاندانەکانی ئێران

 ئاگری ئیسماعیل نژاد



لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا زنجیره‌ای ناڕەزایەتییەکانی نێو ئێران بوونە دیاردەیەکی ڕۆژانەی کۆمەڵگای ئەو وڵاتە؛ گرینگیی ناڕەزایەتییەکان هەم لەسەر بەرینی و هەم لە ڕێژەی نارەزایەتییەکاندایە،. لە باسی بەرینیدا دەتوانین دوو باسی جوغرافیا و داخوازی، لەبەرچاو بگرین؛ لە باسی جوغرافیا ئێستا دەکرێت بڵێین نارەزایەتییەکان هەموو جوغرافیای ئێرانی تەنیوەتەوە و لەسەر داخوازییش دەکرێت بڵێین بنەمای داخوازییەکان لە دەوری ماف مرۆڤ، بە لەبەرچاوگرتنی چوار ڕەهەندی مافی ئابووری، مافی کۆمەڵایەتی، مافی فەرهەنگی و مافی سیاسیدا دەسوورێتەوە. بە مانایەکی تر دەتوانین بڵێین نارەزایەتییەکان لە بەرانبەر دەسەڵاتێکدایە کە مافی سەروەریی تاکی نەک پێشێل کردووە، بەڵکوو لە بنەڕەتدا باوەری پێی نییە. بەڕوونی باوەرمەند به  مافی سەروەریی تاک لە بەرانبەر مافی سەروەریی بان سروشتی بەرانبەری یەک ڕاوەستاون.

   له ڕواڵەتی گشتیدا وا دیاره که کۆماری ئیسلامی توانیویەتی هەموو نارەزایەتییەکان کۆنترۆڵ بکات، یان لانیکەمی بەرانبەری بێ منەت بێ،  بەڵام لە کردەوەدا دەبێت، بڵێن نارەزایەتییەکان سەرکوت کراون بۆیە بوون به دیاردەیەکی ژێرزەمینی و به هۆکاری ترس لە توندوتیژیی کۆماری ئیسلامی لە پانتایی گشتییەوە‌، خزاونە توێی نادیاری کۆمەڵگاوە. ئەوەی نارەزایەتییەکان لە توێی نادیاری کۆمەڵگادا پەنگیان خواردۆتەوە، یەکەم مانای ئەوەیە که پێگەی کۆمەڵایەتیی کۆماری ئیسلامی بنکۆڵ کراوە. کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی کوردستان پێگەی کۆمەڵایەتیی هەبووە و لە ڕاستییدا کۆماری ئیسلامی لەسەر بناغەی ڕەواییی دەسەڵاتی دینی لە ئێراندا دامەزراوە و  ئەو دەسەڵاتدارییە،  دامەزراوەکانی[1]  کۆنترین دامەزراوەی کۆمەڵگای ئێرانن.

لێرەدا پێویستە ئاماژەیەک به دامەزراوە دینییەکان بکەین؛ دامەزراوە دینییەکان لە ٥٠٠ ساڵی ڕابردوودا توانیبوویان ڕەوایی بۆچۆنی دینی لەسەر دەسەڵات لەنێو کۆمەڵگادا جێگیر بکەن. لەگەڵ ئەوەی کە ئەو ناوەندانە سەرچاوەی دەسەڵاتیان بۆ بان سروشت دەگەڕاندووە، بەڵام چون دەسەڵاتی سەرزەوی هیچ ئاواتێکی مرۆڤەکانی ژێردەسەڵاتی نەدەهێنا دی، ئەوە وای کردبوو که دەسەڵاتی دینی پێگەی لە نێوجەماوەر دا هەبێت، بە هۆکاری ئەوەی هەم  تاقی نەکرابووەوە و واشیمانە دەکرا بتوانێ ئاواتەکانی مرۆڤەکان بێنێتە دی، هەمیش پێگەی کۆمەڵایەتیی هەبوو واتە توانیبووی بەشێک لە کۆمەڵگا لەگەڵ خۆی بخات.

 ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی لە ساڵی ١٣٥٧دا ڕوانینی دینی بۆ دەسەڵاتی سیاسی زۆر بەخێرایی بتوانێ لایەنگری زۆر لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و باقی خوێندەوەکانی‌تر سەرەتا پەراوێز و دواتر سەرکوت بکات.

بەپێی ئەوەی لە مێژووی چەند سەدەی ڕابردوودا،  ئالوگۆڕی دەسەڵات لە جوغرافیای ئێران بە ڕێگای توندوتیژی و هێزی ڕەق بووە، ئەوە وای کردووە که دامەزراوەی دینی کۆنترین و جێگای باوەڕترین دامەزراوی ئێران هەتا پێش دامەزرانی کۆماری ئیسلامی بێت؛ چون باقی دامەزراوەکانی‌تر لە کاتی ئالوگۆری سیاسیدا ئاراستەی کار و کردەوەیان بە تەواوی دەگۆڕدرا و ئەوەش وای کردووە پێگەی گشتیی جەماوەریان لەکیس بدەن و هەتا کاتێک جێگای باوەر بن کە دەسەڵات سەقامگیرە نه کاتێک که دەسەڵات ناسەقامگیره!

ئەگەر بمانەوێ ڕوونتر باسی ئەو بابەتە بکەین، بە گۆڕینی دەسەڵاتداری لە ئێران هەموو دامەزراوەکانی دەسەڵات چ دامەزراوەیەکی مۆدێڕن بوبێتن و چ دامەزراوەیەکی پێش مۆدێرن تووشی جۆرێک قڵپ‌بوونەوە و سەرلەنوێ دامەزرانەوە هاتوون، بۆ وێنە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پاش دامەزرانی کۆماری ئیسلامی یەکێ لە سیاسەتەکانی کە پێوشوێنی دەگرت، دژایەتیکردنی ڕؤژئاوا بوو، بەڵام پێش دامەزرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە بلۆکی ڕۆژئاوادا دەهاتە ئەژمار، یان لەسەردەمی سەرۆکوەزیرانی محەمەد موسدیق‌دا لەنێوان ١٣٣٠ هەتا ١٣٣٢ دەوڵەت وەرەقی قەرز دەفرۆشێ پاش کوتایی ٢٨ گەڵاوێژی ١٣٣٢ دەوڵەتی نوێ بەبیانووی ئەوەی ئەو کەسانەی وەرەقی قەرزیان کڕیووە قازانجیان به موسەدیق گەیاندووه، قەرزەکان لە ئەستۆ ناگرێ و بەو شێوەیە قەرزێک کە بە دەوڵەت دراوە دەفەوتێت.[i]

   لە مێژووی ٥٠٠ ساڵی ڕابردوودی ئێراندا نمونەی هاوشێوەی ئەو دوو نمونەیە لە ڕادەبەدەرن، ئەگەر گۆڕینی لەناکاوی سیاسەتی دامەزراوەکانی دەسەڵات لە پاڵ گەندەڵییەکی پێکهاتەمەند دابنێنن بۆمان دەردەکەوێت که دامەزراوەی دەسەڵات بۆ خەڵکی ئێران زۆر کەم جێگای باوەڕ بوون، بەڵام لە شانی ئەوانە دامەزراوەی دینی کە سیاسەتێکی یەکپارچەی گرتبووەوە  و لە بەشێکی زۆر لە مێژوودا بەشێک لە ئەرکەکانی دامەزراوەی دەسەڵاتداریی لە ئەستۆ گرتووە، بۆ وێنە پێگەی دامەزراوە دینییەکان لە سەنەد نووسین و حوکم‌دا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی خەڵک ڕەواییان لە دامەزراوەی دەسەڵاتی سیاسی زیاتر بووە.

بەو پێیە دەتوانین بڵێین لە شۆرشی ساڵی ١٣٥٧دا دامەزراوەی دەسەڵاتی سیاسی قەڵپ‌بووەوە بەڵام دامەزراوەی دەسەڵاتی دینی جێگای گرتەوە واتە دەسەڵاتی دینی هەموو دەسەڵاتی نێو کۆمەڵگای پاوان کرد،  ئەو پاوانکردنە وای کردبوو که دەسەڵاتی سیاسیی نوێ، ڕەوایی خۆی لە دەسەڵاتی دینیی کۆن که جێگای باوەری خەڵک بوو وەربگرێت، بۆیەش دەکرێت بڵێن کۆماری ئیسلامی کاتی دامەزرانی، پێگەی کۆمەڵایەتی لە نێو ئێران بەدەر له کوردستانی سوننی‌ و یارسان هەبووە. ئەو ناڕەزایەتییانەی کە لە ڕەوتی مێژووی دامەزرانی کۆماری ئیسلامی سەریان هەڵداوە و گەندەڵییەکی پێکهاتەمەند که دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامیی گرتۆتەوە وای کردووە که کۆماری ئیسلامی لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە تەواو بنکۆڵ بێت و پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی لە کیس بدات.

لێرەدا پێویستە ئاماژه بە بابەتێک بکەین، دەسەڵاتی سیاسی که هێماکەی دەوڵەتە، لە سەردەمی پاش سەردەمی ڕۆشنگەری بەرو ئەو ئاقارە ڕۆیشت که ڕەوایی دەوڵەت بۆ توانایی لە وەدی هاتنی خواستی شارۆمەندان بگەرێتەوە، واتە دەوڵەتێک کە بناغەی لەسەر مافی سەروەریی مرۆڤ دامەزراوە، ڕەوایییەکەی بۆ کارکردەکەی دەگەرێتەوە و ئەگەر کارکردەکەی لە پێناو ئەو تاکە نەبێت، ئەوە ڕەواییی خۆی لە کیس دەدا، بەڵام دەسەڵاتی دینی ڕەواییی خۆی لە ئامانجە بان سروشتییەکانەوە وەردەگرێت، بۆ وێنە لە دەسەڵاتداریی ئیسلامیدا، خوڵقاندنی بەستێنێک لە کۆمەڵگا بۆ ژیانی پاش مەرگ یەکێ لە ئامانجەکانیەتی و ڕەواییی خۆشی لەو ئامانجە وەردەگرێت، نەک لەوەی چەنده توانیویەتی مافی تاکەکانی کۆمەڵگا بێنێتە دی. بۆیەش لێرەدا ڕەواییی دەسەڵاتی دینی، باسی مافی زۆرینە دێنێتە بەرباس واتە کارکردی خۆی بۆ دابین کردنی مافی زۆرینە دەگەڕێنێتەوە نەک پاراستنی مافی کەمینە، چون لە بنەڕەتدا ئامانجە بان سروشتییەکان وا دەکات بەرانبەر بە مافی کەمینە بێمنەت بێت.

ئەگەر ئەو لێکدانەوەیەی سەرەوە بکەینە بنەما دەکرێت نارەزایەتییەکان بەوشێوەیە پۆلێنبەندی بکەین:


یەکەم:

ناڕەزایەتیی مووچە‌تەوەر یان ئابووری تەوەر: لەو بەشەدا دەکرێت ئاماژە بە ناڕەزایەتیی خانه‌نشینەکان، کەمی مووچەی کادری دەرمان، نارەزایەتیی کرێکارەکان لەسەر نەدانی مووچەکەیان بۆ ماوەی چەند مانگ و … بکرێت. لێرەدا لەگەڵ دوو دیاردە بەرەوڕووین، چین و توێژێک که ژیانی ئابوورییان بە تەواوی تووشی قەیران هاتووە و دەسەڵاتی سیاسی بە سەرچاوەی ئەو قەیرانە دەزانن، دواتر چین و توێژیک کە دەسکەوتەکانیان لە ئاستی چاوەڕوانیی خۆیاندا نییە و هۆکاری ئەو شکستەش بۆ دەسەڵات دەگەڕێننەوە.


دووهەم:

ناڕەزایەتی بەرانبەر به کردەوەی دامەزراوەکان: وەک ڕوونکردنەوە لێرە دامەزراوەکان دانراوە و مەبەست کۆی ئەو ڕێکخراوانەیە کە بواری ئابووری، دەسەڵاتداری ، فەرهەنگی ، وەزشی و … بەڕێوە دەبەن. ئەو جۆرە ناڕەزایەتییە سێ تایبەتمندیی تایبەت بەخۆیان هەیە:

ئا: دیاردەی نارەزایەتیی تاکەکەسی لەو جۆرە نارەزایەتییەدا زۆره

بێ: دیاردەی سیلیبریتی تەوەری تێدا بەرچاوە

سێ: بەدەر لە چین، توێژ و ئیتنیکێکی تایبەتە

لەسەر ئەو بەشە لە نارەزایەتی دەکرێت ئاماژە به نارەزایەتیی پاش ڕووخانی بینای مێترۆپۆل، نارەزایەتیی ئەکتێرەکان لەسەر ڕێگرتن لە کارکردنیان، نارەزایەتی لەسەر ئەو کەسانەی که بانکەکان پووڵیان لێ خواردوون و … بکەین.


سێهەم: نارەزایەتیی ماف‌تەوەر

ئەو جۆرە نارەزایەتییە زیاتر بنەمای دەسەڵاتداری و چوارچێوەی یاساییی کۆماری ئیسلامی دەکاتە ئامانج و خوازیاری دابین بوونی مافی ئیتنیکی، ئایینی، مافی مرۆڤ و مافی ژیانه. لەو بوارەدا دەکرێت ئاماژه به نارەزایەتییەکانی کوردستان لەسەر کوژرانی کۆڵبەران، کوژرانی ژینا ئەمینی ، … بکرێت.

ئەگەر بمانەوەێ بە پێی ئەو دابەشکارییە، هۆکاری نارەزایەتییەکان دەستنیشان بکەین دەکرێت بڵێن سێ بنەما هۆکاری نارەزایەتییەکانی ئێرانن:

یەکەم: ئەو هەڵاواردنانەی کە دەرهاویشتەی قانوونن جا قانوون دەتوانێ دەستووری وڵات بێت یان قانوونی تایبەت بێت.

 بۆ وێنە بەپێی قانوون بەکارهێنانی زمانی جیاواز لە فارسی بۆ کاروباری ئیداری قەدەغەیە. یان تەنیا کەسێکی باوەڕمەند به شیعه‌ی دوازده ئیمامی دەتوانێ خۆی بۆ پاڵاوتنی سەرۆککۆماری هەڵبژێرێ، به‌کارهێنانی حیجاب کردەوەیەکی ناقانوونییە؛ بەو شێوەیە دەکرێ ئاماژە بە دەیان نمونەی ‌تر بکەین.

دووهەم: ئەو هەڵاواردنانەی که دەرهاویشته‌ی ئیدئۆلۆژین

بەرچاوترین دیاردەی ئەو بەشە سیاسەتی دەرەکیی کۆماری ئیسلامییە که بە پێی ئیدلۆژی هەناردەکردنی ویلایەتی فەقێ دامەزراوە و هیچ قازانجی گشتیی خەڵکی ئێرانی لەبەرچاو نییە.

هەر لەو پەیوەندییەدا دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە سەرچاوە نافەرمییەکان باسی ئەوە دەکەن ، پتر لە ٦٠٪ی ئابووریی ئێران لە ژێر دەستی چوار کۆمپانی “ستاد اجرایی فرمان امام”، “آستان قدس رضوی”، “بنیاد مستضعفین” و “قرارگاه خاتم” دایە، ئەوەش مانای ئەوەیە ئابووری بە گشتی هەم لە کەرتی دەوڵەتی و هەم لە کەرتی تایبەتدا بووەتە ئابوورییەکی بەرتیلکارانە و ڕوونه کە ئابووریی بەرتیلکارانەش دەتوانێ هەم لە ئاستی ئاسۆیی و هەم لە ئاستی ئەستوونی کۆمەڵگا تووشی هەڵاواردن بکات.

لەو بەشەدا دەکرێت ئاماژە بەوە بکەین که هەڵاواردنی ئیدئۆلۆژیک بەستێنی گشتی لە باقیی بۆچوون و خوێندنەوەکان دەگرێت، بۆ وێنە لە تاران لەگەڵ ئەوەی که پێدەچێت زیاتر لە ٢ ملوێن موسڵمانی سوننی تێدا بژی، بەڵام ئەو موسڵمانانە ڕێگای ئەوەیان نییە مزگەوتی خۆیان هەبێت، یان سەرکوتی بەردەوامی دەروێشەکانی گوناباد  و سەرکوتی سیستەماتیکی باوەرمەندان به ئایینی یارسان.

وەکوو خاڵێکی‌تر دەکرێت ئاماژه بە بودجه‌بەندیی ساڵانەی دامەزراوە ئیدلۆژییەکان بکرێت. ئەو بودجەیە هەم بە‌پێی هەڵاوسانی ڕاستی دابین دەکرێت و هەم هەموو بودجە‌کە دەدرێتە دەست دامەزراوە ئیدلۆژییەکان ئەوە لە کاتێکدایە به هۆی کورتهێنانی بودجه‌ی گشتی لە دەساڵی ڕابردوودا  بودجەی ئاوەدانکردنەوە لە زۆرساڵدا تەرخان ناکرێت، لەو شێوازە بودجەبەندییەدایە کە  دیاردەی وا سەرهەڵدەدات کە بودجەی “سازمان خدمات حوزه علمیه” زیاتر لە بودجەی سازمانی پاراستنی ژینگەی ئێران بێت. لە کاتێکدا که قەیرانی ژینگە، گەورەترین قەیرانی ئێستای نێوخۆی ئێرانە![ii]

سێهەم: ئەو هەڵاواردنانەی که دەرهاویشتەی گەندەڵیی پێکهاتەمەندن

یەكێ لە تایبەتمەندییەکانی کۆماری ئیسلامی، هەبوونی گەندەڵیی پێکهاتەمەندە. ئەو گەندەڵییە به هۆی ئەوەی هەموو چینەکانی نێو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی گرتۆتەوە، دەکرێت بڵێین گەندەڵییەکی بەرین و ڕێگەپێدراوە و ئەوەش وای کردووە گەندەڵیی پێکهاتەمەند ببێتە ماکەیەک بۆ هەڵاواردنی زیاتری چین و توێژەکانی کۆمەڵگای ژێردەسەڵاتی ئێران واتە سەرەڕای هەڵاواردنی قانوونی و ئیدئۆلۆژیک، هەبوونی گەندەڵیی پێکهاتەمەندیش خۆی ماکەیە بۆ هەڵاواردنی زیاتری کۆمەڵگای ئێران و ڕوونە گەندەڵیی پێکهاتەمەند، کۆمەڵگا لە ئاستی ئاسۆیی و ئەستوونیدا تووشی زەرەرمەندبوون و تەنانەت هەڵاواردن دەکات.

لێرەدایە که ئێمە لە ئاستی ئێراندا دیاردەی کۆمەڵگای دۆڕاومان هەیە. کۆمەڵگای دۆڕاو واتە کۆمەڵگایەک که  زۆرینەی خەڵکەکەی بە هۆکاری ئیدئۆلۆژیک، قانوونی یان گەندەڵی، تووشی خەسار هاتبێت. لە ئاستی ئێراندا چ چینی کۆمەڵایەتی، چ زایەند(ڕەگەز)  چ ئایین و چ ئێتنیک بکەیەنە پێوەر بە هەر چوار پێوەر زۆرینەی خەڵکی ئێران لە بوون و مانەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا زەرەمەند بوون و هەن.

لە کۆمەڵگا دۆڕاوەکاندا، ئێمە تووشی دیاردەیەکی‌تریش دێین، ئەویش هەڵاواردنی پلەییە. بەو مانایە که بەشێک لە کۆمەڵگا زیاتر لە بەشەکەی‌تر تووشی هەڵاواردن بووە، بۆ وێنە ژنی کوردی سوننی که لە بنەماڵەیەکی هەژاردا بێت، زیاتر لە ژنی فارسی بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند تووشی هەڵاواردن بووە. ئەوە وای کردووە که کۆمەڵگای ئێران هەڵاواردنی چەند توێیی[2] تێدا بێت. خاڵی گرینگی هەڵاواردنی چەند توێیی لە ئێران ئەوەیە که زۆرینەی خەڵکی ئێران دەکەونە نێو جەغزی هەڵاواردنی چەند توێییەوە.

لە بەرانبەر هەڵاواردنی چەند توێیی که زۆرینەی کۆمەڵگای ئێرانی گرتووەتەوە، لە ئێران دەسەڵاتێکی تۆتالیتێر هەیە. دەسەڵاتێک که نە تەنیا هەوڵی لادانی ئەو هەڵاواردنە جۆراوجۆرە نادات بەڵکوو دەرتانی گفتوگۆ، دامەزراندنی ڕێکخراوە بۆ لادانی هەڵاواردن و گۆڕینی قانوون و گوشار هێنانی قانوونی بۆسەر دامەزراوەی دەسەڵاتی سیاسی نادات.

ئەو دەسەڵاتە تۆتالیتێرە هاوکات بە دانانی قانوونی جۆراوجۆر لە ژووری خەوی خەڵکەوە هەتا پانتای گشتی دیاری دەکات، که ئەوەش خۆی دەبێتە هۆکاری ئەوەی هەڵاواردنی چەند توێیی لە زەینی تاکەکاندا ڕوونتر بێت.

دەسەڵاتی تۆتالیتێر و کۆمەڵگای دۆڕاو که تووشی هەڵاواردنی چەند توێیی بووە، وای کردووە که دۆخی ئێران هەمیشە لە دۆخی لەناکاودا بێت و جارێک بە گران بوونی بێنزین و جارێک بە کوژرانی کیژێک، نارەزایەتیی کۆمەڵگا لە توێی نادیاریدا سەردەردێنێ و دێتە سەرشەقام.

 خاڵی گرینگ لێرەدا ئەوەیە که دەسەڵاتی سیاسی به هۆکاری تۆتالیتێر بوونی و به هۆکاری چەند توێ بوونی هەڵاواردنەکان، تواناییی ئەوەی نییە، هەڵاواردن بنەبڕ بکات؛ بەڵکوو تەنیا بە هۆی هێزی ڕەق جارێکی‌تر ناڕەزایەتییەکان دەباتەوە توێی شاراوەی کۆمەڵگا، ئەوە وای کردووە لەگەڵ هەر نارەزایەتییەکدا ئاستی توندوتیژی دەچێتە سەرێ! بۆ وێنە لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٩٨ تەنیا خۆپیشاندەران کوژران، بەڵام لە خۆپیشاندانەکانی ١٤٠١ خۆپیشاندەر و سەرکوتکەر، کوژراو و برینداریان هەبوو.

ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی توانایی لادانی هەڵاواردنەکانی نییە، بەو مانایەیە که دەسەڵاتی سیاسی تواناییی ئەوەی نییە، پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی سارێژ بکاتەوە و ڕوونە نزیک‌ترین مانای ئەو قسەیەش ئەوەیە، دەسەڵاتی سیاسی لە پاش هەر خۆپیشاندانێک زیاتر پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی لە کیس دەدا و زیاتر ناچار دەبێت، پاڵ وە هێزی سەرکوتەوە بدات، کە ئەوەش بە مانای ئەوەیە گەندەڵیی پێکهاتەمەند لە نێو ڕێژیمدا زیاتر دەکات، بۆ وێنە لاوترین وەزیری ئێران بۆ ئەوە کرا بە وەزیر چون لە ساڵی ٨٨ لە سەرکوتی خەڵکدا دەستی هەبوو و حەسەن ڕەعیەت[iii] بۆ ئەوەی لە ساڵی ٨٨ دا دەستی لە سەرکوتی خەڵکدا هەبوو توانی دەستی بگاتە ڕانتی حکوومەتی.

کۆمەڵگایەک کە لە قۆناغی دۆخی لەناکاودایە و دەرەتانی دەربڕینی هیچ خواستێکی خۆی نییە، ئەو کۆمەڵگایە درەنگ یان زوو دەتۆقێتەوە  و تووشی شۆڕش دێت. هەرچەند دەسەڵاتی سیاسی بەرانبەری توندوتیژتر بێت ، ئەو شۆرشە هێندەش خوێناویتر دەبێت.

لە کۆتاییدا دەبێت بڵێین بە پێی خۆپیشاندانی خەرمانان و ڕەزبەری ١٤٠١ چین و بەشەکانی نێوکۆمەڵگای دۆڕاوی ئێران جۆرێک چوونە تەنیشتی یەک؛ بۆیەش دەبینین که کۆمەڵگای فارس بەرانبەر بە پرۆپاگەندەی رێژیم لەسەر “تجزیه‌طلب” بوونی کورد هەستیاریی پێشوو نیشان نادات، یان هاوکات باکوور و باشووری تاران که هەر کامەی سەر بە چینێکی ئابووریی تایبەتن، لە زنجیرە خۆپیشاندانێکدا بەشداری دەکەن. ئەوەی کۆمەڵگای دۆڕاوەکان پاڵی وێک داوە یان بڵێین بەرانبەر بە یەک دژایەتیی وەلا ناوە، دەتوانێ ئاماژە بەوە بکات کە کاتی تەقینەوەکە زۆر نزیک بووەتەوە!

[1] مەبەست (Organisation)

[2] Intersectionality

[i] https://bit.ly/3LtBjsd

[ii] https://lmy.de/DJaN2

[iii] https://bit.ly/3CMoC9f

داگرتنی بابەت

دیوی کۆمەڵایەتیی زنجیرە خۆپیشاندانەکانی ئێران

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان