ئارامتر بخوێنەوە

میرنشینی سۆران : (١٣٩٩-١٨٤٧ز)

عەلی سرێشمە


پێشەکی:

هەڵدانەوەی لاپەڕە مێژوویی‌یەکانی نەتەوەکەمان بە ئەرکێکی گرنگی هەر توێژەرێکی بواری مێژوو دادەنرێت، ماوەی فەرمانڕەوایەتیی میرنشینی سۆرانیش وەک بەشێکی گرنگی مێژووی میرایەتی دادەنرێت لە کوردستاندا، کە بۆ ماوەیەکی درێژ فەرمانڕەوایەتی بەسەر پانتایی‌یەکی پان و بەرینی خاکی کوردستاندا دەکەن، لەوانەیە باسکردنی مێژووی میرنشینی سۆران لە ماوەی فەرمانڕەوایەتیی بیست و چوار میر لە سەرەتای سەدەی پانزە تا ناوەڕاستەکانی سەدەی نۆزدەهەم شتێکی ئاسان نەبێت و قەبارەی توێژینەوەکە بشێوێنێت، بۆیە هەوڵ دەدەم بە پوختی شیکردنەوە و شرۆڤەکردنی بابەتەکان بخەمە ڕوو ، تیشک خستنەسەر لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکان ، خاڵە بەهێز و لاوازەکان چۆنیەتیی ڕووخان و سەرهەڵدانی ، گرنگترین پاشماوەکانی ئەو میرنشینە کە تا ئەمڕۆ ماون لە ناوچەکەدا .

گرنگترین فاکتەری گرنگیدان بە مێژوو پەندوەرگرتنە لە ڕابردوو، لە ماوەی دەسەڵاتی میرنشینی سۆران کۆمەڵێک بەربەستی بەردەم پێشکەوتنی میرنشینەکە هەبوون کە تا ئەمڕۆش کاریگەرییان هەر ماوە. هەوڵ دەدەم لە ماوەی نووسینی توێژینەوەکە لە دوو تەوەری سەرەکی باسیان لێوە بکەم، هەروەها گرنگترین خاڵە ئیجابییەکان دەستنیشان بکەم و وەک لاپەڕەیەکی جوانی مێژووی کورد بیانهێنمە بەرچاویان، ئەم هەوڵەم لە ئەنجامی هەستکردنە بە کەمیی بایەخدان بە مێژووی سەردەمی میرنشینە کوردییەکان کە بەشێکی گرنگی مێژووی کوردستان پێک دەهێنن .


هێڵکاریی ژمارە یەک،
نەخشەی کوردستان لە سەردەمی میرنشینی سۆراندا:



تەوەری یەکەم:  گرنگترین میرەکانی ئەو میرنشینە تا سەردەمی میر محەممەد

میر کەلۆس بەگ بە دامەزرێنەری ڕاستەقینەی میرنشینی سۆران دادەنرێت، میر کەلۆس سێ کوڕی هەبوون؛ یەکێک لە کوڕەکانی ناوی عیسا بوو، کەسایەتییەکی خۆشەویستی ناوچەکە بوو، دانیشتووی گوندی هاودیانی ئێستا[1] بوون، دوای ئەوەی لە سەرەتاکانی سەدەی پانزە توانی هێرشی هێزێکی دەرەکی[2] تێک بشکێنێت و بە سەریاندا سەربکەوێت، لە لایەن خەلکی ناوچەکەوە نازناوی میری[3] پێ بەخشرا، دواتر ئەماڕەتی بۆ دادەمەزرێنن، بە هێزی سەربازی دەست دەگرن بەسەر قەڵای “ئاوان” کە ئەمڕۆ بە ناوچەی دۆلەمەر ناو دەبرێت، لەو ناوچەیە کۆمەڵەی بەردی سووری زۆر تێدا بوون، عیسا و دەوروبەرەکەی لەناو ئەو بەردە سوورانە دامەزرابوون، لێرەدا شەڕەفنامە دەڵێت: ” چونکە دەوروبەری ئەو قەڵایە بەردی سووری زۆر تێدا بوون، عیسا و خەڵکەکەی لەناو ئەو بەردانە دامەزرابوون و بە کۆمەڵەی بەردە سوور ناویان دەرکرد. بەردە سۆران لەسەر زاری خەڵک زۆر بووە و دواجار بێژەی سۆرانی دروست کردووە” ،  هەروەها محەممەد ئەمین زەکی بەگ دەڵێت : لە بەرانبەر قەڵای ئاوان تاشەبەردی سوور هەبوون، لەنێو ئەو بەردە سوورانە دەستی کردووە بە شەڕ و دوژمنی چاوترسێن کردووە، بۆیە خەڵکی قەڵای ئاوان ناویان نا سوورەبەرد، تا دواتر نەتەوەی ئەمیر عیسا بە سۆران نازناویان دەرکرد ” ( شەڕەفنامە : 2006 ، ل 337-338 ) ؛ (حوزنی : 2007 ، ل 11-12 )؛ (محەممەدئەمین زەکی بەگ : ۲۰۱۸ ) .

هەڵبەت دژایەتیکردنی دەرباری عوسمانی وەک کۆسپ و تەگەرەی بەردەم پێشکەوتنی میرانی کورد بووە بە درێژاییی قۆناغی میرایەتی، ئەو دژایەتیکردنەش زۆر جار لە ڕێگەی دروستکردنی کێشە و ئالۆزی بووە تا ڕێگر بن لە بیری یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد و دروستکردنی ئاڵۆزی و کێشە و جەنگ لە ناوچەکەدا ، لە نموونەی سەردەمی سوڵتان سلێمان قانوونی کاتێک دۆسیەیەکی تاوان بۆ میری میرنشینی سۆران دروست دەکات کە ناوی میرعیزەدین شێر بوو ، بە هەندێک هۆکار میرعیزەدین دەکوژرێت و کاروباری میرنشینەکەش بە میری میرنشینی داسنی میرحوسێن بەگی داسنی دەسپێردرێت کە میرێکی یەزیدی بوو، سەرچاوەکان بە جیا باس لە هۆکاری کوشتنی میرعیزەدین لە لایەن عوسمانییەکانەوە دەکەن. بۆ نموونە شەرەفخانی بەدلیسی دەڵێت: ” کاتێک سوڵتان سلێمان قانوونی لە سالی ۱٥۳٤ز دەستی بە سەر بەغدادا گرت، زستانەکەی له هەولێر بەسەر برد و، لەو ماوەیە گوایە میرعیزەدین هەندێک کاری ناڕەوای دەرحەق بە نۆکەرانی سوڵتان کردووە و هەربۆیە کوژراوە ” ( شەڕەفنامە : 2006 ، ل 340-341) ؛ (محەممەد ئەمین زەکی بەگ : ۲۰۱۸ ). ڕاستییەکەی، ئەو کارەی عوسمانییەکان بێ خواست و ویستی هاوڵاتییانی میرنشینەکە بوو[4] ، هەربۆیە ئەو کێشەیە دەبێتە سەرەتای دروستبوونی کێشە و ئاڵۆزییەکی گەورە لەنێوان بنەماڵەی میرانی سۆران و داسنی کە هاوسنوور و هاونەتەوە بوون، کاربەدەستانی عوسمانیش وەک زەمینە خۆشکەرێکی باشی دروستبوونی ئەو ململانێیە بە دیار کێشەکانەوە دادەنیشتن و لێی ڕادەمان ، بنەماڵەی میرعیزەدین شێر لە خاکی سۆران هاتبوونە دەرەوە تا سەردەمی میرسەیفەدینی میری سۆران کاتێک ئەو میرە دەسەڵاتی کەوتە دەست لە ئەنجامی کۆکردنەوەی خێڵەکانی ناوچەکە یەکەم کارێک کە بە ئەنجامی گەیاند، پەلاماردانی میرنشینی داسنی بوو، چونکە کوشتنی میرعیزەدین و پێدانی دەسەڵاتی میرنشینی سۆران بە میرحوسێن بەگ دەستپێکی دوژمندارییەکی گەورە بوو کە چەند جارێک میرسەیفەدین هەوڵی تۆڵەکردنەوەی دەدا لە میرحوسێن و هەوڵێکی جیددیشی دا تا هەموو دەسەڵاتی میرایەتییەکەی بە هێز گەڕاندەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی، لەم پێناوەشدا نزیک لە پێنج سەد کوردی داسنی کوژران و بۆ ماوەیەکی کەم توانی دەسەڵاتی میرنشینی سۆران بگەڕێنێتەوە، بەڵام دواتر ڕووبەڕووی دژایەتیی سەڵتەنەت دەبێتەوە و، لەم پێناوەشدا میرسەیفەدین گیانی خۆی بەخشی ( باقی: 2002 ، ل 144 ) .

شەڕەفخانی بەدلیسی دەڵێت : دوای ئەوەی خاکی سۆران بە حوسێن بەگی داسنی بەخشرا، چەند جارێک شەڕ و پێکدادان لەنێوان حوسێن بەگ و میر سەیفەدین دروست بوو، سەرەتا میر سەیفەدین نەیتوانی سەرکەوتوو بێت بەسەر یەزیدییەکان ، تەنانەت خاکی سۆرانی جێهێشت و پەنای بردە بەر میرنشینی ئەردەلان، بۆلای بێگە بەگی حاکمی ئەردەلان، بەلام بێگە بەگ نە ڕووی لە میر سەیفەدین کرد و نە یارمەتیی دا، لە ترسی دارودەستەی سەڵتەنەت، بۆیه میر سەیفەدین بە دڵساردییەوە گەڕایەوە خاکی سۆران و لەوێ کۆمەڵێک خەڵکی نزیک لە خۆی کۆ کردنەوە تا ژمارەیان زۆر بوو. دوای ئەوە شەڕێکی خوێناوی لەنێوانیان ڕوو دەدات و بەسەر یەزیدییەکاندا سەر دەکەون و لەوێ نزیک لە پێنج سەد پیاوی ئێزیدی دەکوژرێن و میرسەیفەدین دەبێتەوە بە میری سەربەخۆی سۆران، تەنانەت کە هەواڵی شکانی حوسێن‌بەگی داسنی گەیشتەوە ئەستانەی پایتەختی عوسمانییەکان، ناردیان بە دوای حوسێن بەگ و هەر لەوێ فەرمانی کوشتنی بۆ دەرچوو، تەنانەت بە ئەشکەنجە و ئازارەوە کوژرا، دوای ئەوە سوڵتان فەرمانێکی بۆ میرحوسێنی فەرمانڕەوای ئامێدی دا کە هەموو میرە کوردەکان لەگەڵ خۆیدا بەرێت و بچنە سەر میرسەیفەدین، بەڵام لێرەشدا بە شکستەوە گەڕانەوە، ئەمە وایکرد کە میرسەیفەدین دەسەڵاتی خۆی بەتەواوەتی بچەسپێنێت و زیاتر بەهێز بێت (شەڕەفنامە : 2006 ، ل341-342 ) .

دروستکردنی ئەو کێشەیە لەنێوان میرنشینە کوردییەکان جیا لەوەی کە دەرخستنی ناهۆشیاریی کۆمەڵگەی کوردی بوو، سیاسەتێکی سەرکەوتووانەی دارودەستەی کۆشکی عوسمانی بوو ، کە شەڕی کوردی بە کورد دەکردەوە ، دەوڵەتی عوسمانی فاکتەری دیوی پشتەوەی دروستبوونی خوێنڕێژی بوو لە کوردستاندا، ڕەگ و ڕیشەی کێشەیەکیان هێنایە ناوچەکە کە تەنیا خوێنڕشتن و دوژمنداری خاڵی یەکلایی‌کەرەوەی ئەو کێشەیە بوون، چونکە بەخشینی میرنشینی سۆران بە میری داسنی لە لایەن عوسمانییەکانەوە بە سیاسەتێکی پلان بۆ داڕێژراو بووە، تەنانەت میرحوسێن بەگی داسنییان کوشت، کاتێک نەیتوانی بەسەر میرنشینی سۆراندا سەر بکەوێت، جیا لەوەی کێشەیەکی عەشیرەگەرییان دروست دەکرد، فاکتەری سەرەکیش بوو بۆ نەهێشتنی گیانی هاوکاریی کوردان لەنێوانیان، چونکە میرسەیفەدین کە دەچێتە لای ئەردەلانییەکان لە ترسی عوسمانییەکان ناتوانن یارمەتی پێشکەش بە یەکتر بکەن، کاتێک دەرباری عوسمانی فەرمان دەداتە فەرمانڕەوای ئامێدی کە هەموو هۆز و میرە کوردەکان ببات بۆ لێدانی میرسەیفەدین، دەرخستی ترسێکی گەورەیە لە دەولەتی عوسمانیەوە ، کۆبوونەوەی بنەماڵە کوردەکان لە دەوری میر سەیفەدینیان بە مەترسییەکی گەورە بینیوە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان، بۆیە ویستوویانە بە زووترین کات میرسەیفەدین وەک کۆسپێکی مەترسیدار لەسەر ڕێی خۆیان لابدەن .

ڕاستییەکەی، بە فیتی دوژمنانی دەرەوە بەشێکی زۆری میر و فەرمانڕەواکانی کوردستان لە دژی میرسەیفەدین بەشەڕ دەهاتن، دواتر بەڵێنی لێخۆشبوون بۆ میرسەیفەدین دەردەکەن، بەتایبەتی لە لایەن کەسایەتییەکی کورد بە ناوی یوسف ‌بەگی برادۆست کە نازناوی “غازی قڕان ” بوو، میرسەیفەدین هان دەدرێت تا بچێتە لای سوڵتان سلێمان قانوونی، بەڵام لە گەڕانەوەدا بە فێڵێک لە ئەستانە بانگهێشت کرا و لەوێ کوژرا، کاروباری میرنشینەکەش بە میرقولی بەگ دەسپێردرێت کە کەسایەتییەکی دیاری میرنشی سۆران بوو ( شەڕەفنامە : 2006 ، ل343 ) ؛ (حوزنی : 2007 ، ل 14-15) .

دروستبوونی ئەو ئالۆزییە نەک لە سەردەمی میرایەتیدا، بەڵکوو بە درێژاییی قۆناغە مێژوویی‌یەکان بەردەوامی هەبووە، لە هەر سەردەمێکدا بە جۆرێک لە جۆرەکان بە پلانی بەرنامە بۆ داڕێژراو لەنێو بنەماڵە کوردەکان ناکۆکییەکی درێژخایەن سەری هەڵداوە کە هەموو بیر و هۆشی کورد کەوتووەتە سەر سەرهەڵدانی کێشەکە و لایەنەکانی تریان لەبیر بردووەتەوە، ئەو جۆرە پلانانە تا ئەمڕۆش بەردەوامییان هەیە، گەر دەوڵەتی عوسمانی بێت، ئەمڕۆ شوێنگرەوەکانی بە فیکرەیەکی بەهێزتر و بە هێزێکی زیاترەوە فۆکۆس دەخەنە سەر دروستکردنی کێشە و ئاڵۆزی و، بیری کورد لە ڕێچکەی گەیشتن بە خواستە نەتەوەیی‌یەکان لادەدەن ، گەر لە سەردەمی میرنشینە کوردەکان پەلکێشی هێز کرابێت بۆ دامرکانەوەی خواستە نەتەوەیی‌یەکان، لە مێژووی هاوچەرخ هەمان فیکر و ئایدۆلۆژیای سەدەکانی ناوەڕاست و نوێ بۆ سەرکوتکردنی هەر هێزێکی ناوچەیی بەکار هاتووە کە خواستی گەیشتن بە سەرەکیترین مافی خۆی هەبووە ، بە هەمان شێوە لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، کاتێک شێخ مەحموود هەوڵی دروستکردنی حکومەتێکی کوردی دەدات، هەمان ڕێگەی سەربازییان لە دژی بە کارهێنا. دوای ئەویش شێخ سەعیدی پیران و ئیحسان نوری پاشا و شۆڕشەکانی بارزان  و کۆماری کوردی و باقیی شۆڕشەکانی تر لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیست بە هێز دامرکێنرانەوە، تەنانەت شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم و ئێستاش لە سەدەی بیست و یەک و سەردەمی پۆست مۆدێرن لە کاتی ڕاگەیاندنی ڕیفراندۆمی کوردستان هەمان فیکرە و هەمان کردەی سەربازییان دژ بە کورد بەکار هێنا کە بە درێژاییی قۆناغی سەدەکانی ناوەڕاست و نوێ و هاوچەرخدا بەکاریان دەهێنا، کاتێک پەلاماری شاری کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان درا و، %51ی خاکی کوردستان داگیر کرا.

میرقوڵی بەگ بە فەرمانی سوڵتان لە ‌پاش میرسەیفەدین ناوچەی حەریری پێ دەدرێت، بەڵام گرنگییەکی باش بە شاری شەقڵاوە دەدات، تەنانەت لە سەردەمی کوڕەکەی کە ناوی میربوداغ بەگ کوڕی میرقوڵی بەگ بوو، ئاڵای سەربەخۆی میرنشینەکە لە شەقڵاوە هەڵدەدرێت ، تا دووبەرەکییەکی گەورە دروست دەبێت لەنێوان میربوداغ بەگ و براکەی سلێمان بەگی برای کوشتارێکی زۆر لە ئەنجامی کێشەی نێوانیان دروست دەبێت و میرسلێمان بەگ سەرکەوت بە سەریدا و لە شاری حەریر نیشتەجێ دەبێت، ئەوە لەنێوان سەرانی میرنشینەکە هەر بەردەوامی هەبووە تا دواتر خۆی کۆتایی پێ دەهێنێت (حوزنی : 2007 ، ل15-16 ) .

لە دوای میرسلێمان خوشکەکەی بە ناوی خانزادی سۆران دەسەڵات وەردەگرێت، خانزاد خاتوونی میری سۆران کە هاتە سەر دەسەڵات، پایتەختەکەی حەریر بوو، هەروەها شەقڵاوە لە سەردەمی ئەو میرە گەشەیەکی باشی بەخۆیەوە بینیوە ( شەڕەفنامە : 2006 ، ل355 ). ئاسەواری بەجێماوی خانزاد خاتوون بریتین لە قەڵای بانەمان لە هەریر تا ئێستاش دیوارەکانی لە شوێنی خۆی ماون، قەڵایەکی دیکەی لە ناحیەی باڵەک و ڕۆژهەڵاتی ڕایات هەر ماوە (حوزنی : 2007 ، ل 17 ). پێم وایە گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن خانزاد خاتوونی میری سۆران شکاندنی ئەو ڕێچکە لەمێژینەیە بوو کە لە ناوچەکەدا ڕێگەی بە ئافرەت نەدەدا جگە لە کاروباری ماڵ ئەرکێکی دیکە بگرێتە ئەستۆ، چونکە دەگمەن بوو لەو سەردەمەدا ئافرەتێک کایەیەکی گرنگی بەڕێوەبردن بگرێتە ئەستۆ، ڕاستییەکەی ئەوە کرانەوەی ئافرەتان بوو بە ڕووی کایەکانی بەڕێوەبردن و گرتنە ئەستۆی بەرپرسیاریەتییەکان، هەربۆیە دەبینین لە دوای ڕووخانی میرنشینی سۆران تا ئەمڕۆش ئافرەت ڕۆڵێکی گرینگی لە کایەی بەڕێوەبردن و لایەنی ڕۆشنبیری و کاری سیاسی و هۆشیارکردنەوە لە هەمووی پارچەکانی کوردستان بینیوە، له نموونەی وەکوو عادیلە خانم و قەدەم خێر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حەپسەخان لە باشووری کوردستان یان لەیلا قاسم و مینا خانم و زۆرانی تر .

میرعەلی بەگ کۆمەڵێک کاری بە ئەنجام گەیاندن، وەک شەڕەفخانی بەدلیسی باسی دەکات و دەڵێت : ” لە ساڵی ( ۱٦۰۱ز ) عەلی بەگ پردێکی بەرینی بەردینی لە دواوەی باڵەکیان و ڕواندوز لە سەر زێ هەڵبەست و ڕێگای گەلی بۆ کاروانچییەکان خۆش کرد، لەوکاتەوە تا ئێستاش ئەو ناوچەیە بە گەلیی عەلی بەگ ناسراوە، تەنانەت قەڵا و سەنگەری لە زارگەلی دروست کرد و قەڵاکانی سەر دەریا و سرێشمە و قەڵای کلاسووی چیای حەریریش هەر ئەو کردوونی ” ، دوایی کوڕەکەی بە ناوی میرئۆغوز کوڕی علی بەگ دەسەڵات وەردەگرێت و بۆ یەکەمین جار شاری ڕواندوز دەکاتە پایتەختی میرنشینی سۆران ( شەڕەفنامە : 2006 ، ل 349(  ؛  (محەممەد ئەمین زەکی بەگ : ۲۰۱۸ ) .

میر مستەفا بەگ دوای ئەوەی وەک میری میرنشینی سۆران دەستنیشان دەکرێت، ڕووبەڕووی کێشەیەکی ناوخۆیی دەبێتەوە لەگەڵ براکانی، ئەو کێشەیەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر میرنشینی سۆران هەبوو، وەک کەلێنێک وا بوو تا نەیارانی ئەو میرنشینە لێیەوە دزە بکەنە ناو میرنشینەکە و ئاسایشی ئەو میرنشینە بشێوێنن، ڕاستییەکەی، ئەوە لە بەرژەوەندیی نەیارانی ئەو میرنشینە تەواو دەبوو، چونکە براکانی کە دەسەلاتی ڕکابەرایەتییان هەبوو، مەترسییەکی گەورە بوون بۆ تەختی میرایەتیی میرمستەفا بەگ .

براکانی میر جیا لەوەی کۆسپێکی گەورەی بەردەم میرمستەفا بوون لە ڕاپەڕاندنی ئەرکی میرایەتی، وەک دوژمنێکی مەترسیداری میرمستەفاش هەڵسوکەوتیان دەکرد، هەروەک لە شەڕەفنامە باسی دەکات ” لە سالی ۱۷۸٤ز براکانی میرمستەفا لە دژی میر لەگەڵ بابانییەکان بوونە دۆست ” لە ئەنجامی هەڵگەڕانەوەی براکانی، بابانییەکان توانییان ناوچەی حەریر و ڕانیە لە سۆران داببڕێنن ، تەیموورخانی برای هەودیان و شەمزینان تا سنووری زەرزا و موکریانی داگیر کرد. بایزبەگی برای دەستی بەسەر دەشتەکانی ڕواندوز و ناوچەی ڕۆستیدا گرت. کەواتە تەنیا شاری ڕواندوز و دەوروبەری سەرچیا و دۆڵی گەرەوان و جۆلەمێرگ بۆ میرمستەفا مابوونەوە ، بابانییەکان کە پێشڕەویان زیاتر بوو، گەیشتنە دەرەوەی دۆڵی گەرەوان میرمستەفا هەوڵی دا بە ڕێگەی ئاشتی لەگەڵیان ڕێک بکەوێت ، لەگەڵ بابانییەکان ڕێک کەوت و تەنانەت بەشێک لە سەرچاوەکان دەڵێن پەیوەندیی ژن و ژنخوازی دێتە ئاراوە. نموونە محەممەدئەمین زکی دەڵێت : ”  مستەفا بەگ بۆ بڕینەوەی ئەم شەڕە فاتمە خانمی کچی دا بە حوسێن بەگی کوڕی مەحموود پاشای بەبە” ، هەرچەندە دوای ئەوەش کردەی فراوانخوازیی بابانییەکان بۆ سەر میری سۆران بە پاڵپشتیی براکانی میر مستەفا تا ماوەیەکی زۆر درێژەی کێشا (حوزنی : 2007 ، ل22-23 ) .

ڕاستییەکەی، دووبەرەکی و ناکۆکییە ناوخۆیی‌یەکان بەشێکی جیانەکراوەی مێژووی سەردەمی ئەمارەتە کوردییەکانن. لە ماوەی حوکمی زۆر لە میرە کوردییەکان ناکۆکیی ناوخۆیی دروست دەبێت، بەرئەنجامی ئەو ناکۆکییانەش بە ڕوون و ئاشکرایی دیار بوون کە لاوازیی میرنشینەکەی ئاشکرا دەکرد، لە لایەکی ترەوە کەلێنێکی دەدۆزییەوە تا نەیارانی ئەو میرنشینە لێیەوە دزە بکەنە نێو کاروباری بەڕێوەبردن، خوێنڕشتن و بەفیڕۆدانی داهاتی میرنشینەکە ، لە سەرووی هەموو ئەمانەش تێکدانی ئاسایشی میرنشینەکە و دواکەوتنی کۆمەڵگە دەهێنێتە ئاراوە لە لایەنی ڕۆشنبیری و هۆشیاری و زانستی و پێشکەوتنە سەرەکییەکانەوە .

لە زۆرێک لە شەڕ و پێکدادانەکاندا میرمستەفا سەرکەوتنی بەدەست هێنا، کۆمەڵێک فاکتەر یارمەتیدەری میرمستەفا بوون لە سەرکەوتنەکانی، جیا لەوەی کۆمەڵێک قەڵای پتەو و سەختی لە چوارچێوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا هەبوون، لە هەمان کاتدا پشت‌ئەستووریش بوو بە هەڵکەوتەی جوگرافیی ناوچەکە، چونکە بوونی دۆڵ و ناوچەیەکی سەختی وەک خەرەند و ناوچە تەنگ و سەختەکانی گەلیی عەلی بەگ وایانکردبوو هێرشکردنە سەر میرنشینەکە له بەرژەوەندیی سوپای میرنشینەکە تەواو بێت، بەتایبەتی لە سەردەمی میرمستەفا بەگ کە شەڕ و کوشتارێکی زۆر بەرۆکی ئەو ناوچەیە دەگرێت، جا ئەو شەڕانەش بەشێکیان هیی ناوخۆی میرنشینەکە و بەشێکی دیکەشیان لە دەرەوەی سنووری میرنشینەکەوە هێزیان دەهێنایە سەر ناوچەکە (حوزنی : 2007 ، ل 23-24 ) .

بێزاربوونی میرمستەفا لە تەختی میرایەتی وایکردبوو کە ویستی ئەوەی بۆ دروست بکات یەکێک لە براکانی بکاتە میری میرنشینەکە و خۆی لە بەڕێوبردنی کاروباری میرنشینەکە بکشێتەوە، بەڵام کاریگەریی خێزانەکەی کە ناوی “بووک شازەمان” بوو، وایکرد لەوە پەشیمان بێتەوە و کوڕەکەی میرمحەممەدیان بە شیاوتر بینی بۆ بوون بە میر، ئەوە بوو لە سالی ۱۸۱۰ز دوای بێزاربوونی تەواوی میرمستەفا لەسەر دەستی گەورە و پیاوماقووڵانی ئەو میرنشینە بڕیاری هاتنە سەر تەختی میرایەتی بۆ میرمحەممەدی کوڕە گەورەی دەردەکات ( شەڕەفنامە : 2006 ، ل 350-351 ) ؛ (حوزنی : 2007 ، ل 25 ) .

لام وایە گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن میرمحەممەد کاریگەریی ئەرێنی و نەرێنیی لەسەر میرنشینەکە دروست کرد، لە کاریگەرییە ئەرێنییەکان زیرەکیی میرمحەممەد بوو کە میرنشینەکەی زیاتر بەرەوپێش دەبرد و دەستی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی دەبرد و، خوێندەوارێکی ناو کۆمەڵگەی کوردی بوو. کۆمەڵێک کاری کرد کە سەلمێنەری خاڵە ئەرێنییەکانن، بۆ نموونە دانانی لیژنەیەک بۆ سەرپەرەستیی کاروباری ئەو میرنشینەی خۆی سەرکردایەتی دەکرد، دواتر لیژنەیەکی لە زانایان بۆ سەرپەرەستی کردنی حوکمە شەرعییەکان پێک هێنا، بە حوکمی ئەوەی میرنشینی سۆران لە ناوچەیەکی ژێردەستی عوسمانییەکان بوو، بوونی لیژنەیەکی لەم جۆرە بۆ ئەوکات زۆر پێویست بوو. گرنگیدان بە لایەنی سەربازی، لیژنەی بنیاتنان بۆ بنیاتنانی پرد و شورە و سەنگەر، دواتر هەموو کردەیەکی بازرگانی و بازاڕی ناوچەکەی کۆنتڕۆڵ کرد، بەڵام له کاریگەرییە نەرێنییەکانیش ئەنجامدانی کوشتارێکی گەورە بوو لە کەسە نزیکەکانی خۆی و هەموو ئەوانەی دژایەتیی تەختی میرایەتییان دەکرد کە ئەمەش دووبەرەکیی ناوخۆی زیاتر بووژاندەوە و بۆ ماوەیەک خەریکی کردەی لەناوبردنی هەموو ئەوانە بوو کە نەیاری خۆی بوون و، خوێنێکی زۆریش ڕژا.


تەوەری دووەم: میر محەممەد ( پاشای گەورە یان کۆرە )

وەکوو کەسایەتییەکی خوێندەواری نێو کۆمەڵگای کوردی بوو کە سەرەتا لە ناوچەی باڵەک لای مەلا ئەحمەدی ئیبنو ئادەمی خوێندووە. شەڕەفنامە دەڵێت ” ناوچەی جۆلەمێرگ و دۆلی گەرەوان و دۆڵی هەروتیان و سەرچیا و سرێشمە و بیاویان پێ سپاردبوو ” ، دوای ئەوەی لە لایەن باوکییەوە وەک میری میرنشینەکە دەستنیشان دەکرێت، دەست دەکات بە دژایەتیکردنی هەموو ئەوانەی مەترسی بوون بۆ سەر تەختی دەسەڵات، لەم پێناوەشدا ئامادەی هەموو شێوازێکی سەرکوتکردنی نەیارەکانی بوو، سەرەتا نەیارەکانی خۆی لە ناوەوەی میرنشینەکە لەناو بردن و له قۆناغی داهاتووشدا له دەرەوەی میرنشینەکەوە قۆناغی سەرکوتکردنی دوژمنەکانی جێبەجێ دەکرد ( شەڕەفنامە : 2006 ، ل 351) .

لە لایەنی سەربازییەوە، میرمحەممەد توانی لە هۆز و خێڵە کوردەکانی ناوچەی ژێر سنووری فەرمانڕەوایەتییەکەی، هێزێکی گەورەی سەربازی دروست بکات و بودجەی تایبەتییان بۆ تەرخان بکات، هەر بۆ مەبەستی بەهێزکردنی سوپاکەی ساڵی ١٨١۷ بۆ یەکەم جار لەنێو هەموو میرنشینە کوردییەکان کارخانەیەکی چەکی لە کاولان، نزیکی ڕواندوز دروست کرد. لەو کارخانەیەدا، شمشێر، دەمانچە، تفەنگ و گوللە و تۆپ و باڕووت و… ھتد دروست دەکران، ئێستاش نموونەی بەشێک لەو چەکانە وەک پاشماوەی میرنشینەکە هەر ماون.

کاتێک میرمحەممەد دەسەڵاتی وەرگرت، هەوڵی ئەوەی دا کە قالبی بەڕێوەبردنی میرنشینەکەی لە شێوەی حکومەتێکی زۆر باش دابڕێژێت ، میر لە سەردەمی دەسەڵاتی باوکیدا بینیبووی کە مامەکانی زۆر بە توندی دژایەتیی دەکەن، بۆیە ویستی هەموو ئەوانەی مەترسییان بۆسەر تەختی میرایەتییەکەی هەیە، لەناویان ببات. بێ‌گومان کەسە نزیکەکانی خۆی کە زیاتر مامەکانی بوون، گەورەترین بەربەستی بەردەم پاشای گەورە بوون لە جێبەجێکردنی مەرامە سیاسی و سەربازیەکانیدا، کەسایەتییەکی نزیک و دڵسۆز لە بنەماڵەی میر هەبوو بە ناوی عبداللە ئاغای خەزێنەدار، تەنها لەبەرئەوەی سەردانی مامی دەکرد(تەمەر خان)لە هەودیان ئەو کەسایەتییە دڵسۆزەی کوشت و وایکرد میرمحەممەد لای خەڵک و مامەکانیشی کە دژی بوون وەک میرێکی بەسام و بەهەیبەت و خوێنڕێژ وێنا بکرێت  (حوزنی : 2007 ، ل 28 ) .

نزیک لە دوو هەزار سەرباز دەباتە سەر هاودیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەمەرخانی مامی کە هێزێکی ناوچەیی هەبوو، لەو ناوچەیە کوشتارێکی زۆر کرا، دوای چەندین ڕۆژ مام و ئامۆزایەکی دەگرێت و لەداری دەدات، دواتر لە سیدەکان ڕووبەڕووی هێزی میریەحیا بەگی مامی دەبێتەوە، ئەویش دەکوژێت و، دواتر بەرەو برادۆست و قەڵای” هەرکیلا ” دەڕوات و بەرانبەر مەحموود بەگ کوشتارێکی گەورەی دروست کرد، دواتر بەرەو قەڵای “سارداو” کە حەسەن بەگی برادۆستی لێ نیشتەجێ بوو، هەموو خاکی برادۆست بە زەبری هێز داگیر دەکات و لە ئەنجامی کوشتارێکی گەورە، دواتر پەلاماری هەولێری دا تا سەر زێی بچووک، ساڵی ۱۸۳۲ز بە هێزێکی زۆرەوە ڕووەو ئاکرێ و ئامێدی بەڕێ دەکەوێت و سەعید پاشای میری بادینان بەدیل دەگرێت، دواتر بەرەو بەعشیقا دەڕوات و میری ئێزدییەکان بەدیل دەگرێت ( شەڕەفنامە : 2006 ، ل 351 ) ؛ (حوزنی : 2007 ، ل 29 -31 ) .

لە ڕووی فراوانخوازییەوە سنووری میرنشینەکە تا بەرلە هاتنی میرمحەممەد بریتی بوو لە ناوچەکانی نێوان زێی گەورە و زێی بچووک کە لە سەرێکەوە لەگەڵ میرنشینی بابان و لە لایەکی تریشەوە لەگەڵ میرنشینی بادینان هاوسنوور بوو، بەڵام دوای ساڵی ۱۸۱۸ بیری فراوانخوازی دێتە کایەوە، بێ‌گومان ئەو فراوانخوازییەی میرمحەممەد جۆرێک لە ئاژاوە لە ناوچەکە دروست دەکات، چونکە ئەوە تێکگیرکردنی بەرژەوەندییەکانی میر و دەسەڵاتی سوڵتان بوو لە ئەستەنبوڵ، بەڵام میر هەموو ناوچەکانی شێروان و برادۆست، سوورچی، خۆشناوەتی، هەریر، هەولێر، پردێ، کۆیە و ڕانیەیان ڕزگار کرد و پاشان ناوچەی بادینان و شەنگال و دەوروبەری موسڵ و جزیرەی خستە سەر میرنشینەکەی، ئەوەش لە ڕوانگەی عوسمانییەکان و کاربەدەستانی دەرباری عوسمانی تێکدانی ئاسایشی ناوخۆی عێراق بوو ( باقی: 2002 ، ل 146) .

ئەو فراوانخوازییەی میرنشینی سۆران لەسەر حیسابی میرنشینە کوردەکانی دراوسێیان بوون، هەموو میرنشینە کوردەکان دەیانویست مەوقعی جوگرافیی میرنشینەکەیان فراوان بکەن، لە دوای ساڵی ۱۸۱۸ میری سۆران کاتێک هەنگاوی هاویشت بۆ جێبەجێ کردنی ویستە فراوانخوازییەکانی ئەوا تێکگیرکردنێک ڕوو دەدات لەگەڵ میرنشینە دراوسێیەکانی وەکوو ( بادینان ـ بابان ) بەشێکی خاکی ژێر دەسەڵاتی قاجارییەکان داگیر دەکات، وەکوو ئازەربایجان و موکریان و، بەشێکی تری خاکی ژێردەستی عوسمانییەکان داگیر دەکات، وەکوو حەڵەب ، لێرەدا پاشای گەورە دەکەوێتە هەڵەیەکی سیاسیی گەورەوە، چونکە جیا لە دژایەتییەکانی میرانی بادینان و بابان، هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و قاجاری دەکاتە دوژمنی خۆی.

دەوڵەتی قاجاری لە ئێران و ئیمپڕاتۆری عوسمانی لە تورکیای ئەوڕۆ پێیان وابوو ئەو فراوانخوازییانەی میری سۆران بۆ دەرەوەی مەوقیعی جوگرافیی میرنشینەکە لێدانە لە بەرژەوەندییەکانیان و حیساب نەکردنە بۆ بەرژەوەندیی دەوڵەتەکانیان، هاوکات لەگەڵ ڕووداوەکە محەممەد عەلی پاشای میسر لە دەسەڵاتی سوڵتان هەڵگەڕابوویەوە، ئەوەش گورزێکی کوشندە بوو لە دەسەڵاتی عوسمانییەکان، هێزێکی زۆریان کۆ کردبوویەوە بۆ دامرکاندنەوەی ئەو هێزە و، نێردرابوونە ئەنادۆل و شام. مەترسیی ڕووداوەکە زیاتر بەرەو هەڵکشان دەچێت، کاتێک میر محەممەدی سۆران دەیەوێت پەیوەندی بە محەممەد عەلییەوە بکات لە میسر، ئەمە عوسمانییەکانی سوور کرد لەسەر پچڕاندنی ئەو پەیوەندییه. ( باقی: 2002 ، ل 147) .

سوڵتان مەحموودی عوسمانی فەرمانی ناردنی هێزی دەرکرد، ئەوە بوو محەممەد ڕەشید پاشای سەرۆک وەزیرانی عوسمانی بە هێزێکی زۆرەوە  بەرەو ناوچەکانی ڕواندوز وەڕێ کەوت، لە لایەکی تریشەوە فەرمانی بە عەلی ڕەزای والیی موسل کرد بە هێزێکی ترەوە بچێتە میرنشینی سۆران، قاجاریەکانیش هێزەکانی خۆیان بەرەو ناوچەکانی لاجان بەڕێدەکەن، ئەو هێزە زەبەلاحەی نەیارانی دەوڵەتەکە لە کاتێکدا بوو کە شپرزەیی باڵی کێشابوو بەسەر میرنشینەکەدا، لێرەدا میر ناچار دەکرێت خۆی بدات بەدەستەوە و بەرەو ئەستەنبۆڵ ناردرا ( شەڕەفنامە : 2006 ، ل 351 ) ؛ ( باقی: 2002 ، ل 147 ) .

کاربەدەستی والیی بەغدا ناوی عەلیڕەزا بوو، دوژمندارییەکی لەمێژینە لەنێوان میرمحەممەد و عەلیڕەزا دروست ببوو، دوای ئەوەی میرمحەممەد داوای لێخۆشبوون لە سوڵتانی عوسمانی دەکات لەهەمبەر کردە فراوانخوازییەکانی و دەرچوونی لە فەرمانەکانی سوڵتان، لێخۆشبوونی بۆ دەردەکرێت و بڕیاری گەڕانەوەی دەدرێت بۆ میرنشینەکەی، لە هاتنەوە بە میرمحەممەد ڕاگەیەندرا کە دەبێت داوای لێبووردن لە کاربەدەستی یەکەمی عوسمانی بکرێت لە بەغدا کە عەلیڕەزا بوو، دوای دوو نامە بۆ میرمحەممەد ئامادە نەبوو داوای لێخۆشبوونی لێ بکات، ئەوە بوو لە سیواس لە لایەن حاکمی ئەو شارە بە بڕیاری سوڵتان کۆتایی بە ژیانی میری ڕواندوز دەهێندرێت ( باقی: 2002 ، ل 148) .

وەک خوێنەرێک دژایەتیی میر بۆ دارودەستەی سوڵتان بە هەڵەیەکی سیاسی دەبینم، پاشای گەورە لە کاتێکدا دژایەتیی دەوڵەتی عوسمانی دەکات کە دەوڵەتی عوسمانی هێزێکی گەورە لە سەربازی مەشقپێکراوی لەژێر دەست بوو، هێشتا خۆی وەکوو ئیمپڕاتۆریەتێک دەبینی لە ناوچەکەدا و فەرمانڕەوایەتی بەسەر بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەوڕۆدا دەکرد ، میرمحەممەد هەڵەیەکی گەورە دەکات له دژایەتیی دەوڵەتی عوسمانی، چونکە لە ناهاوسەنگیی هێز ـ جۆری چەک ـ پاڵپشتیی وڵاتان ـ داهات ـ بوونی ڕاوێژکاری بەتوانا لە بواری سەربازی و سیاسی، تەنانەت یەکگرتووی …هتد دەوڵەتی عوسمانی لەپێشتر بوو، لە هەموو بوارێکەوە عوسمانییەکان دەوڵەتێکی پڕ لە سەربازی مەشڤپێکراو و خاوەنی پێشکەوتووترین چەکی سەردەم بوون، لە کاتێکدا کورد وەک میرنشینێکی ژێردەستەی عوسمانییەکان لە ئەیالەتی عێراق دەبینرا، بەرلە دەستپێکی ئەو ئاڵۆزی و هەڵگەڕانەوانەی کوردانی نێو میرنشینەکه ئەنجامی ئەو ناکۆکییە بە ڕوون و ئاشکرایی دەبینرا.

بەڵام لە لایەکی تریشەوە پێم وایە ئەو هەڵگەڕانەوەیەی میرمحەممەد هۆشیارکردنەوەیەکی باشی کۆمەڵگای کوردی لەو قۆناغەدا بوو، کاتێک میرنشینەکە بە چەک و هێزەوە دژ بە دەوڵەتی عوسمانی دەوەستێت، ئەوا دەرخستی نەمانی ئەو شکۆ گەورەیە بوو کە کورد بۆ سوڵتانی عوسمانی وێنای کردبوو، بە هۆی پێدانی بەرگێکی ئایینی شکۆی سوڵتان زیاد لە ئاستی خۆی گەورە کرابوو، کە کاریگەرییەکی نێگەتیڤی لەسەر لایەنە نەتەوەیی‌یەکە بەجێ هێشتبوو، بەشێکی کۆمەڵگەی کوردی ئامادەی جیهاد کردن بوون بۆ دەوڵەتی عوسمانی و سوڵتانی ئەو دەوڵەتە، لێرەدا دژایەتیکردنی میر بۆ سوڵتان تێکشکاندنی ئەو بیرە کەڵەکەبووەی نێو کۆمەڵگای کوردی بوو کە موقەدەساتێکی گەورەی بە سوڵتان بەخشیبوو[5] .

ڕاستییەکەی، ‌ئەوە جۆرێک گۆڕانکاری لەو داب و نەریتە ئایینی و کۆمەڵایەتییانە بوو کە دەیان ساڵ بوو لە لایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە بەسەر ناوچەکەدا سەپێنرابوو، بە گوێرەی ئەو پلانە درێژخایەنەی بۆ بەپیرۆزکردنی سوڵتان و دەوڵەتەکەی کاری بۆ دەکرا، لێرەدا بەشێکی کۆمەڵگە لە دەوری سەرکردەیەکی ناوچەیی دژایەتیی ئەو شێوازە حوکم و کارەکتەرەکانی ناو ئەو دەوڵەتەن، بۆیە ناوی لێ دەنێم قۆناغی هۆشیاربوونەوەی خەڵک و پردی پەڕینەوە لە عەقڵییەتێکی سەپێنراو بۆ دەسەڵاتی خۆبەڕێوبەری و ڕزگاربوون لەو کۆتوبەندانەی ماوەیەکی درێژ بوو بە بەر کوردا کرابوون و باکگراوەندێکی دوور و درێژی مێژوویی‌یان لەپشت بوو.

دیوێکی گرنگی کارەکانی محەممەد پاشا بریتی بوو لەو چاکسازییانەی کە ئەنجامی دەدان لە زۆرێک لە لایەنەکان لەپێناو بەرەوپێشچوون و دەستەبەرکردنی ئاسایش و بەرزکردنەوەی ئاستی ئابوری و سەربازی …هتد، هەربۆیە دەوترێت ماوەی فەرمانڕەوایەتیی میرمحەممەد بەگ ـ میری گەورە ( پاشای کۆرە) بە سەردەمی ڕووناکی و گەشاوەییی ئەو میرنشینە دادەنرێت، چونکە لەگەڵ گرتنە دەستی جڵەوی فەرمانڕەوایەتیی میری سۆران دەستپێکی پلانەکانی بۆ چاکسازیی میرنشینەکەی دەست پێدەکات و کار لەم پێناوەدا دەکات .

لە ڕووی سەربازییەوە دەست دەکات بە ڕازاندنەوەی سوپا بە چەک و جبەخانە و ئەسپ و جلوبەرگی سەربازی، پێداویستییەکانی سوپای دابین کرد و ( کارخانەی شیر و خەنجەر و تفەنگ و لوولە تۆپ و گوللە)ی دروست کرد کە هەموو ئەمانە بەرزکردنەوە و بەهێزکردنی لایەنی سەربازی بوون، ئەمە جیا لە ڕێکخستنی مووچەی سەربازی و لێدانی سکەی تایبەت. کاتێک سەیری لایەنە سەربازییەکەی دەکەین، دەبینین کە میر پێویستی بەو سوپا و کەلوپەلە جەنگییە هەبوو لە داهاتوودا بۆ دوو مەبەستی سەرەکی کە یەکیان سەرکوتکردنی هەموو هێزێکی ناوخۆیی بوو لە ناوخۆی میرنشینەکە، دووەمیان بۆ پارێزگاری لە سنووری میرنشینەکە و جێبەجێ کردنی ویستە فراوانخوازییەکانی (حوزنی : 2007 ، ل 37 ) .

تەنانەت تۆپەکەی وەستا ڕەجەب کە تا ئەمڕۆش وەک پاشماوەیەکی گرینگ و ڕەمزێکی سەردەمی میرنشینی سۆران هەر ماوە، هەڵبەت جگە لە وەستا ڕەجەب لە کوردستان بە درێژاییی قۆناغە مێژوویی‌یەکان کەسانی کارامە و پیشەوەری بەتوانا بوونیان هەبوو لە هەموو بوارێکدا، ئەو پیشەوەرانە هەندێک جار توانا و بەهرەکانیان دەپووکایەوە لەبەر نەبوونی پاڵپشتییەکی باش و فراوانکردنی ئەو بیرۆکانەی هەیانە، بەشێکیشیان دەرفەتی بە دەرخستنی بەهرە و تواناکانیان بۆ دەڕەخسێنرا، لە میرنشینی سۆران نموونەی پیشەوەرێکی کارامە و بەتوانا وەستا ڕەجەبە کە کەسایەتییەکی دیار و بەرچاوی نێو لاپەڕە مێژوویی‌یەکانی سەردەمی میرنشینی سۆرانە و لوولەی تۆپ و گوللەی دروست کردووە تا ئەمڕۆش لە ڕواندوز وەک پاشماوەی میرنشینی سۆران هەر ماوە. (حوزنی : 2007 ، ل 36 ) .

ڕاستییەکەی، ناکرێت شکستی میرمحەممەد پاشای گەورە بە فاکتەری لاوازی و ڕووخانی میرنشینەکه دابنێین، چونکە پێشتر زەمینە خۆش کرابوو بۆ لاوازکردنی میرنشینی سۆران، جیا لەوانە هۆکاری ڕووخانی میرنشینەکە هەر هەبوون، وەکوو فراوانخوازییەکانی میرمحەممەد و خیانەتی ناوخۆیی و ناهاوسەنگیی هێز و نەبوونی چەکی پێویست، تەنانەت نەبوونی هاوکاری لەنێوان میرنشینە کوردییەکان، پاڵپشتیی وڵاتانی دەرەوە وەکوو بەریتانیا بۆ دەوڵەتی عوسمانی، نەبوونی پاڵپشتی بۆ میرنشینی سۆران …هتد. بە شێوەیەکی گشتی فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکی پاڵنەری ڕووخانی میرنشینەکە بوون، بەڵام میرمحەممەد وەکوو کەسایەتییەکی زیرەک و لێهاتوو توانی کاریگەریی میرنشینی سۆران لەگەڵ وڵاتانی نەیار گەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت، ئاشکرا بکات و دەرخستی تواناکانی بێت .

لە ڕووی ئاوەدانکردنەوەوە پرد، مزگەوت، قەڵا، بنکەی بەهێزی جەنگی لە شوێنە قایم و ستراتیژییەکانی سنووری میرنشینەکەیدروست کرد، بۆ نموونە لە بەرانبەر ڕواندوز لەسەر گردێک کە لە باکووری شارە، قەڵایەکی گەورە و بەهێز دروست دەکات بەناوی ” ئێچ قەلا ” تا ئەمڕۆش ئەو قەڵایە هەر ماوە، جگە لە قەڵا، هەروەها مزگەوت، قوتابخانە و پردی سەر چۆمی باڵەکیانی دروست کرد، لەسەر چۆمی خەلیفان لە زارگەلیی عەلیی بەگ و لە چۆمی ڕۆست دوو پردی دروست کردن، لە سمێلان و ناوچەکانی دیکە هەروا، ئەو پردانە تا ئەمڕۆش هەر ماون، بەڵام بە شێوازێکی سەردەمییانە دووبارە دروست کراونەتەوە، لە ڕووی ئابورییەوە باج و زەوییانەی بڕییەوە، تەنانەت گرنگیدانی میر بە ئاسایشی میرنشینەکەی لە بەرژەوەندیی لایەنە ئابورییەکەی بوو، بەرلە لایەنەکانی تر، چونکە هێمنی و ئاسایشی ناوچەکە زەمینەخۆشکەر بوو تا کاروانە بازرگانییەکان زیاتر ڕوو لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بکەن.

لەوانەیە بەراوردی سەردەمی میرایەتی بۆ ئەوڕۆ شتێکی کۆن بێت، بەڵام ڕاستییەکەی، ئەو چاکسازییانەی ئەوکات دەکران، لە لایەن میرانی سۆران و لە سەرووی هەموویانەوە میرمحەممەد لە هەموو چاکسازییەکانی دەرخستی ئەوەیە کە کورد لە زووەوە درکی بەوە کردووە کە چاکسازی پێویستییەکی بایەخدارە بۆ بەرەوپێشچوون و بەهێزبوونی میرنشینەکە، گەر ئەوکاتە هەنگاوی چاکسازییەکان بۆ پتەوکردنی بناغەی ئەمارەتی سۆران بوون، ئەوا ئەمڕۆ بۆ ئەوە دەکرێن تا بناغەی دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی زیاتر پتەو بکرێت، نمونە کارەکانی میرمحەممەد تا چەند بۆ ئەوڕۆ گرنگییان هەیە؟ لە لایەنی سەربازی ـ ئاوەدانکردنەوە ـ گرنگیدان بە لایەنی ئابووری ـ فەراهەمکردنی ئاسایشی دەوڵەت و، ئەو چاکسازییانەی بۆ ئەوڕۆش گرنگییان هەر ماوە، بەڵام لە هەندێ لایەنەوە پێویستە هاوسەردەم لەگەڵ ڕووداوەکان بڕۆین، بۆ نموونە لە ڕووی ئابوورییەوە ئەوکات پێویستی بە ڕێکخستی باج و دروستکردنی قەڵای سەربازی بوو لەسەر ڕێگە بازرگانییەکان، تا وەرگرتنی باج لە کاروانە بازرگانییەکان زیاتر کۆنتڕۆل بکرێت. هەربۆیە پێویستە ئەمڕۆ گرنگی بە خاڵە سنوورییەکان یان پێشخستن و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بدرێت، تەنانەت هاندانی زیاتری کەرتی تایبەت لە پێناو وەبەرهێنانی زیاتر و بووژانەوەی باشتر. لە هەمان کاتدا، گرنگیدان بە شوێنە گەشتیارییەکان و هاندانی لاوان و هاوڵاتییانی ناوچەکە تا زیاتر گرنگی بە کشتوکاڵ بدەن و سوود لە خاکەکە ببینن، تەنانەت دامەزراندنی کارگەی زیاتر لە لایەن کەرتی تایبەتی و گشتی …هتد. دەرئەنجامی ئەو کارانەش لە ڕەخساندنی دەرفەتی کار و فەراهەمکردنی ژیانێکی باشتر لە هەر ناوچەیەکدا خۆی دەبینێتەوە، گەر چاکسازییەکانی میرنشینی سۆران بۆ ئەوکات دروستکردنی قەڵا و شورا بن، ئەوا ئەمڕۆ پێویستیمان بە گرینگیدانی زیاتر بە قوتابخانە ـ نەخۆشخانە یان باشترکردنی ڕێگاوبان …هتد له پێناو فەراهەمکردنی ژیانێکی ئاسوودەتردا.

نموونەیەکی دیکەی بەراوردکاریی نێوان ئێستا و سەردەمی میرایەتی لەو ڕێگرییانەدا خۆی دەبینێتەوە کە وەک کۆسپ و تەگەرەی بەردەم بەرەوپێشچوونی کورد بە هەموو قۆناغە مێژوویی‌یەکانییەوە دادەنرێت، لە سەردەمی میرانی سۆران گەر دەوڵەتی عوسمانی ڕێگریی بەردەم بەرەوپێشچوونی خواستە نەتەوەیی‌یەکان بێت، ئەوا ئەمڕۆ تورکیا کۆسپێکی گەورەی بەردەم بەرەوپێشچوونی خواستە نەتەوەیی‌یەکانە، دەوڵەتی ئێران و تورکیا یەک هەڵوێستن دژی هەر بەرژەوەندییەکی نەتەوەیی، نموونەی ئەمەش شەڕی چالدێرانە و، بە درێژاییی قۆناغە مێژوویی‌یەکان تا پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بە ڕوونی دەبینرێت ، تەنانەت میرنشینەکانی دیکەی سەردەمی عەباسیش بۆ قۆناغی ئەمڕۆ عێراقیان وەک میراتگر بۆ ڕێگری لە خواستە نەتەوەیی‌یەکانمان بەجێ هێشتووە، کەواتە ئەو ڕێگرییانەی کە دەوڵەتانی دراوسێ (تورک ـ عەرەب ـ فارس ) دەیهێننە بەردەم خواستە نەتەوەیی‌یەکانمان، باکگراوەندێکی دوور و درێژی مێژوویی لەپشتەوەیە و، وایکردوە کورد لەنێوان بەرداشی داگیرکەراندا بمێنێتەوە .

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی میرنشینی سۆران لەگەڵ میرنشینەکانی تر لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر و لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر جیاواز بووە، زیاتر بەهێزبوون و لاوازبوونی، دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندیی میرنشینەکە لەگەڵ میرنشینەکانی دراوسێ، بۆ سیاسەتی میری میرنشینەکە، شێوازی حوکمڕانی و ئەو هەلومەرجە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی دەهاتنە بەردەمیان. ڕاستییەکەی، بەشێک لە میرەکان چونکە ویستی فراوانخوازییان نەبووە، پەیوەندییەکی ئاسایی‌یان هەبوو لەگەڵ دەوروبەریاندا، بەڵام مەوقعی جوگرافیی میرنشینەکە کە لە هەندێ سەردەم بەرفراوان و لە هەندێ سەردەمیش بەرتەسک دەبوویەوە، کاریگەریی گەورەی لەسەر پەیوەندیی میرنشینەکە لەگەڵ دەوروبەری هەبووە، ئەگەر میرنشینی سۆران سنووری دەسەڵاتی خۆی بەرفراوان کردبا، بێ‌گومان تێکگیرکردنێک لەنێوان هێزی میرنشینە کوردەکان ڕووی دەدا و بۆ چەندین ساڵ ئەو ویستە فراوانخوازییە دەبووە بەربەستی باشبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میرنشینەکانی تر. لە نموونەی سەردەمی میرمستەفادا ئالۆزی و خراپیی پەیوەندیی میرنشینەکە لەگەڵ میرنشینی بابان دەبینرێت، جیا لە خیانەتی ناوخۆیی و زۆربوونی نەیارەکانی کە له ئەنجامی تێکگیرکردنی بەرژەوەندییەکانیان سەری هەڵدابوو. هەمان خراپیی بارودۆخ له سەردەمی میرمحەممەددا ڕوو دەدات، چونکە هەردوو میرنشینی بادینان و بابان هاوسنووری ئەو میرنشینە بوون و دەبووە زەمینەخۆشکەرێک بۆ سەرهەڵدانی کێشە و ئاڵۆزی لەگەڵ ئەو دوو میرنشینە. لە لایەکی دیکەوە، ئێزدییەکان دوژمندارییەکی دوورو درێژیان لەگەڵی هەبوو، بەتایبەتی لە دوای کوشتنی میرعیزەدین و، لە هەمووی خراپتریش لەگەڵ دەسەڵاتی عوسمانی و قاجارییەکان کە هیچکات نەیاندەویست کورد دەسەڵاتێکی سەربەخۆی لە ناوچەکەدا هەبێت، دوژمنایەتیی کوردیان کردووە. میرمحەممەد وەک کەسایەتییەکی کاریزما لە میرنشینی سۆران هەوڵی ڕزگارکردنی کوردانی ناوچە لە دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی دەدات.



سەرچاوەکان:

ـ شەڕەفنامە : میرشەرەفخانی بەدلیسی ، وەرگێرانی م.هەژار ، چاپی سێیەم ، هەولێر ۲۰۰٦

ـ خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢) : محەممەد ئەمین زەکی بەگ ، بانە ۲۰۱۸

ـ باقی / محەمەد حەمە باقی : میرنشینی ئەردەلان بابان سۆران لە بەڵگەنامەی قاجاریدا ـ چاپی یەکەم ـ هەولێر ۲۰۰۲

ـ حوزنی/سەرجەمی بەرهەمی حوسێن حوزنی : بەرگی دووەم ـ چاپی یەکەم ـ هەولێر ۲۰۰۷


هێلکاریی ژمارە دوو، ڕەمزی میرنشینی سۆڕان لە ڕواندوز:


هێلکاریی ژمارە، سێ قەڵای بانەمان وەک پاشماوەی میرنشینی سۆران:


[1]
هاودیان (خەفتیان ) لە باکووری شاری ڕواندوز، لە قەد کێوی باڵەکیانە .

[2] سەرچاوەکانی بەردەستم زانیاری دەربارەی ئەو هێزە دەرەکییەیان نەداوەتە دەست، کێ بوون و لە کوێ هاتبوون، هۆکاری هێرشەکەیان چی بوو، تەنیا باس لە سەرکەوتنی میرعیسا دەکرێت بە سەرهێزێکی دەرەکی کە سەرکەوتنەکانی سەرەتای دەرکەوتنی میر عیسا بوو له ناوچەکەدا.

[3] زیاتر نازناوەکە بەو کەسانە دەگوترا کە وەک سەردارێک وابوون بۆ خەڵک بە مانای گەورە یان سەرۆک دێت، کۆمەڵێک هۆز و بنەماڵە لە دەوری کۆ دەبوونەوە و گوێڕایەڵی بوون، زیاتر بەوانە دەبەخشرا کە لە بنەماڵەی میر بوون، توانای سەرکردایەتی و ڕێبەرایەتییان هەبوو.

[4]بێ خواست و ویستی هاوڵاتییانی میرنشینەکە بوو، هاوڵاتییانی ناوچەکە نەیاندەویست  بەڕێوەبردنی میرنشینی سۆران بدرێتە دەستی میری داسنی ، چونکە میرحوسێن بیروباوەڕەکانی هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەی سۆران نەبوو، گەورەبوون و بیرکردنەوە و بیروباوەڕەکانی لەگەڵ هاوڵاتییان نەدەگونجا ، هەربۆیە دەبینین هاوڵاتییانی میرنشینەکە لە دەوری میرسەیفەدین کۆ دەبنەوە، کاتێک ویستی یەزیدییەکان لە سۆران وەدەر بنێت، لە لایەکی تریش بێزاریی خەڵک لە دەستوەردانی دەوڵەتی عوسمانی لە کاروباری میرنشینەکە و لە سەرووی هەموو ئەمانەش تووڕەییی خەڵکەکە لە کوشتنی میرعیزەدین شێر و، بەخشینی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی میرنشینی سۆران بە میری داسنی بوو.

[5] کورد پێشتر لە ئەنجامی بە موقەدەس بینینی سوڵتانی عوسمانی پاڵپشتیی خۆی بۆ دەوڵەتی عوسمانی دووپات دەکردەوە، چونکە لایان وابوو سوڵتان لە سەرووی هەموو پیرۆزییەکانەوەیە، کاتێک فەتوایەکی دەردەکرد، بەشێکی زۆری خەڵکی ناوچەکە بە بیر فەتواکەوە دەچوون، باشترین بەڵگەش لە جەنگی چالدێرانەوە دەبینرێت لە ساڵی ۱٥۱٤، کاتێک بە فەتوای مەلای خەتێ ڕێژەیەکی زۆری کورد ئامادەی شەڕی عوسمانییەکان بوون دژ بە سەفەوییەکان، بەڵام لێرە دژ بە دارودەستەی سوڵتان دەوەستن و دەیانەوێت بەرپەچی دەسەڵاتی چەوسێنەری عوسمانییەکان بدەنەوە لە ناوچەکەدا، ئەمەش لە ئەنجامی سیاسەتی توندی عوسمانییەکان و چەوسانەوەی خەڵک و دروستکردنی کێشە و سەپاندنی باج و دەستوەردانی دەوڵەتی عوسمانی لە کاروباری ناوخۆییی میرنشینەکە بوو .

داگرتنی بابەت

میرنشینی سۆران :(۱۳۹۹-۱۸٤۷ز)

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان