ئارامتر بخوێنەوە
مەهسا لە بەرامبەر ژینا دا، کورتهێنانی لێکدانەوە و کردەوە لە بزاڤی ئێمە دا
ئارەش ساڵح
لە دوای شەهید بوونی ژینا ئەمینی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا سەرهڵدانێکی بەرین دەستی پێ کرد. لە ئاکامی ئەم سەرهڵدانانە دا، خەڵکی وەزاڵە هاتووی ئێرانیش رژانە سەرشەقام. هەروەها لەو سەرهڵدانانەی بەشەکانی تری ئێران دا هەندێک درووشم کە چەمکی کوردستانیان پێوە دیار بوو بیستران. ئەم دوو دیاردەیە وای کرد کە لە ناو ئێمە دا هەندێک کەس لەسەر ئەوە باوەڕە دا بن کە ئەستووندەکانی نەزمی پیشوو بە شێوەیێکی جیددی وە لەرزە کەوتوون. واتە هەندێک کەس پێیان وابوو کە نەتەنیا ووڵات یان The State لە لێواری سەراوژوور بوونە بەڵکوو کێشەی کورد توانیوەتی جێگەی خۆی لە ناو گەلی سەردەستی ئێران دا بکاتەوە و ئەگەری ئەوە هەیە کە شێوەڕوانینی گەلی سەردەست بە نیسبەت کێشەی کوردەوە گوردرا بێت. لەم ووتارە دا بە پێچەوانەی ئەو لێکدانەوانە ئیدیعا دەکرێت کە لێکدانەوەی گوتاری ئەو خۆپیشاندنانە و هەروەها چاوخشاندن بە شێوازی رۆڵگێڕانی دامەزراوەکانی ووڵات بۆمان دەردەخات کە نەتەنیا نیشانەکانی رووخانی نەزمی هەبوو لەم خۆپیشاندانە بەدی ناکرێن بەڵکوو ئێمە هەم لە لێکدانەوە و هەم و هەم لە کردەوە دا تووش کورتهێنانین و ئەگەر ئەم کورتهێنانە چارەسەر نەکرێت لەوانەیە کێشەی کورد لە رۆژهەڵات لە داهاتوودا تووشی نوشستێکی تر ببێت.
لەسەرەتای ئەم خۆپیشاندنانە دا وا دەردەکەوت کە ئیرجاع یان رێفرێنس دان بە کوردستان لە درووشمەکان دا و هەروەها بە کار هێنانی درووشمێک کە لە کوردستان سەرچاوەی گرتووە لە راستی دا پیشاندەری گۆڕانی شێوە رووانینی کۆمەڵگای فارسە بە نیسبەت کێشەی کوردەوە. بە چاوخشاندنێک بەسەر شێوازی بەکار هێنانی دوو درووشم و ئیسراری کۆمەڵگای سەردەست بۆ بەکار هێنانی ناوی مەهسا لە بەرامبەر ژینا دا دەردەکەوێت کە پێشهاتی رووداوەکان لە راستی دا بە پێچەوانەی ئەو لێکدانەوانە پیشان دەدەن. واتە ئەگەرچی کوردستان وەکوو پێشەنگی ئەم سەرهڵدانانە بوونێکی پڕ رەنگی هەیە بەڵام لە راستی دا کۆمەڵگای سەردەست لە ناوخۆ و لەدەرەوە زۆر هەوڵ دەدات کە کوردستان لە چوارچێوەی دیاردەیێکی کەلتووری لە ناو گوتاری خۆی دا بهێڵێتەوە و بە هەموو هێزیەوە ئەم کێشەیە لە خواستی سیاسی گەلی کورد جیا بکاتەوە.
ناسیوناڵیزمی ئێرانی هەوڵ دەدات کە لەم سەرهڵدانانەدا -کە لە ئاکامی کوژرانی ژینا بە دەستی لایەنێکی دیکە لە ئەجێنتەکانی خۆیەوە سەریان هەڵداوە- ئەو زوڵمە کە لەبەر کورد بوون بە ژینا دەچێت بە شێوەیێکی زیرەکانە بشارێتەوە و رێگە نەدات کە لە رێگەی دالەکانی سەرهڵدانی ژیناوە خۆی ئاشکرا بکات. ئەو ناسیوناڵیزمە بە دوو شێوە ئەو کارە دەکات: یەکەم: بە ئاماژە بە کورد وەک یەکەیێکی ئانترۆلۆپۆلۆجی یان مرۆڤناسانە لە درووشمەکانی دا و لە چەمکە سەرەکیەکانی دا هەموو رەهەندە سیاسیەکانی کێشەی کورد کە یەکێک لە هۆکارەکانی ستەم لە ژینا بوون و هەن دەسڕێتەوە و دووهەم؛ لە رێگەی سڕینەوەی ناوی ژینا و بەکار هێنانی ئەو ناوەی کە پێی تەحمیل کراوە تەواویەتی ژینا جارێکی دیکە لەناو دەبات و مەهسایێک لە جێگەی دادەنێت کە زیاتر لە گەڵ ئەو چوارچێوانە دێتەوە کە لەگەڵ ئەو ناسیوناڵیزمە سازگارە.
ژینا و بابەتی کوژرانی ژینا بە دەستی حکوومەت خاڵی یەکتربڕینی دوو کیشەی سەرەکیە، یەکەم کێشەی ژنان و دووهەم کیشەی کورد. ژنی کورد لە راستی دا هەڵگری دوو جۆرە ستەمە کە بەرامبەری دەکرێت: یەکێکیان لە بەر کورد بوون و دووهەمیان لەبەر ژن بوون. ئەم راستیە هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە شوناس کانستراکتێکی کۆمەڵایەتیە، واتە بیچم گرتن و گۆڕانکاریەکانی شوناس لە بەستێنی پێوەندیەکانی دەسەڵات روو دەدات. لە بەستێنی ئەو شەبەکەیە لە دەسەڵات ژنی کورد بۆ یەکجار لەبەر ژن بوون ئینکار دەکرێت و دەسڕدرێتەوە و بۆ جارێکی تریش لەبەر کورد بوونی. ئەو بەستێنە لە دەسەلات کە لێرە باسی دەکرێت زۆر بەربڵاو ترە لە دەسەڵاتی رژێم و حکوومەت و بە شێوەی تۆڕێک لە ناوەندەکانی دەسەلات یەک دەگرێتەوە و لە چوارچێوەی گوتاری ناسیوناڵیزمی ئێرانی دا دەکرێت کە بناسرێت. هەر بۆیە ئێستا دەبینین کە ناسیوناڵیزمی ئێرانی ژینا دەکات بە مەهسا لەبەر ئەوەی ناتوانێت ژینا وەکوو خۆی و و وەکوو ژنێکی کورد تەحەمول بکات. بەم شێوازە ناسیوناڵیزمی ئێرانی دەیەوێت رێگە نەدات کە کێشەی کورد لە ناو ئەم قیرانە دا کە تووشی بووە سەرهەڵبێنێت و ئەو کێشەیە هەتا چارەسەرکردنی قەیرانە ناوخۆییەکەی و لە دوای ئەویش دا بە سەرکوتکراوی بیهێڵێتەوە.
بەکارهێنانی ناوی مەهسا لە بەرامبەر ناوی ژینا دا هەوڵدانە بۆ پەراوێز خستننی ژینا بە هەموو توخمەکانی شوناسیەوە گٶڕاندنی بۆ ئەو مودێلەی کە ناسیومناڵیزمی سەردەست لای پەسەندە. ئەمە لەبەر ئەوەیە کە ناسیوناڵیزمی ئێرانی دەترسێت کە لە رێگەی ژیناوە و بە هۆکاری سەرهڵدانی ژیناوە کێشەی کورد وەکوو کێشەیێکی سیاسی سەرهەڵبدات و پارادۆکسە ناوخۆییەکانی ئاشکرا بکات یان لەو رێگەیەوە ئەو پێوەندیانەی زاڵبوون کە لە ئێران دا هەن لە رەهەندێکی ترەوە واتە لە رەهەندی ئیتنیکی و نەتەوەییەوە بخاتە بەردەم ئاڵنگاریەوە. ئەم ناسیوناڵیزمە بە شەرعیەت بەخشین و بەردەوام کردنی هەمان ستەمی پێکهاتەیی کە ژینای بە شێوەی فیزیکی کردە قوربانی، جارێکی ترلە ئاستێکی سسیمبۆلیکیش دا ژینا لە ناو دەبات و دەیسڕێتەوە. ئەم هەوڵەش رەنگدانەوەی راستی پەراوێز کەوتوویی شوناسی کوردی ژینا و هەروەها پەراوێز کەوتوویی رۆژهەڵاتە لە ئاستی سیاسەت و گوتاری زاڵ لە ئێران دا. ئەم کردەوەیە هەوڵێکی سیستەماتیکە بۆ ئەوەی کێشەی کورد وەکوو کێشەیێکی سیاسی نەتوانێت لە رێگەی ژیناوە بێتە رۆژەڤی سیاسی ئێرانەوە و کاریگەری لەسەری گوتاری سەردەست نەبێت. واتە لە راستی دا گوتاری سەردەست کە لە چاو کوردی پەراوێز خراوەوە نە تەنیا گوتاری رژێم کە گوتاری ناسیوناڵیزمی ئێرانیە زەرفیەتی ئەوەی نەبوو کە ژینا وەکوو خۆی قەبووڵ بکات.
درووشمی کوردستان چشم و چراغ ایران بە هەمان شێوە هەڵگری خواستی بەردەوامی ئێران بەو شێوازەویە کە ناسیوناڵیزمی سەردەسەت هەتا ئێستا ئاراستەی کردووە. واتە لە ناخی خۆی دا ئەم درووشمە هەڵگری ئەوەیە کە ئێران بەو تایبەتمەندیە پێکهاتییانە بەردەوام دەبێت. ئەم درووشمە دەڵیت کە کوردستان کە پەراوێزە وەکوو برابچووکێک بۆمان ئازیزیە مادام داوای مافەکانی خۆی نەکات و بە سەرکوتکراوی بمێنێتەوە. ئەم درووشمە دەکرێت وەک درووشمی شمال الحبیبی سەدام حسەین بە نیسبەت باشوورەوە چاو لێ بکرێت، واتە قەبوول کردنی کورد تەنیا تا ئەو جێگەیە کە لەگەڵ ئەو چوارچێوەیە دا دێتەوە کە ناسیوناڵیزمی سەردەست لە گوتاری خۆی دا بۆی پەسەندی دەکات. چشم و چراغ لە راستی دا وەکوو رووناکی ماڵ بابەتێکە کە پەراوێزی خودی ماڵەکەیە و ماڵەکە و ئەو کەسەی کە کونتروڵی ماڵ و چرای ماڵ و هەموو بابەتە سەرەکیەکانی ناو ماڵەکەی بەدەستیەوەیە لە پشتی رووناکی کوێرکەری درووشمەکە خۆی شاردۆتەوە. لە راستی دا بەکار هێنانی ئەو ووشانە بۆ پاترۆنە کردن (patronizing)و بە منداڵ کردنی کورد لە مێژووی پێوەندیەکانی زاڵ بوون لە ئێران دا زۆر بەرفراوانە. راستەیەکەی ئەوەی کە کورد نە چاو و چرا و نە رووناکی ماڵی هیچ کەسێکی ترە، کورد دەیەوێت خاوەنی ماڵی خۆی بێت و لەو رێگەیەوە کونتروڵی رووناکی ماڵی خۆی بە دەست خۆیەوە بگرێت.
لە ئاستی نێوەدەوڵەتی دا، ناسیوناڵیزمی فارسی بە بێ ئاماژە بە رەگەز و ریشەی درووشمی ژن، ژیان، ئازادی کە لە بزاڤی کورد لە باکوور سەرچاوە دەگرێت و لە ناو رۆژهەڵاتی کوردستان دا بووە بە درووشمێکی سەرەکی دەستی داوەتە بەزۆر ئاسیمیلە کردنی ئەو درووشمە. لە هەموو شوێنە نێودەوڵەتیەکان و کەسایتیە نێودەوڵەتیەکان دا ئەو درووشمە وەکوو درووشمێكی فارسی و ناوخۆی ئێران وەکوو نیشانەیێکی پێشکەوتنخوازانەی کۆمەڵگای فارس دەناسرێت. وەکوو نموونە دەتوانن چاو لە پەیامی هەندێک رۆشنبیری رۆژاوایی وەکوو ژیژەک بکەن کە چۆن لە پەیامەکەنیان دا رەگەزی ئەو درووشمە وون دەبێت. لەوانەیە ئەو پرسیارە بکرێت کە بۆچی گەلی کورد خۆی ناتوانێت ئەو درووشمە وەکوو درووشمێکی کوردی بە دنیا بناسێنێت؟ ئەو پرسیارە زۆر جوانە و بە باوەڕی من وەڵامەکەی دەرخەری ئەوەیە کە پرۆسەی ئاسیمیلە کردنی زۆرەملێ لە رێگەی هەندێک نابەرابەری پێکهاتییەوە دەچێتە پیشەوە کە تەنیا لە دەوڵەت دا کورت ناکرێنەوە. دەسەڵاتی فارس لە مێژووی هاوچەرخی ئێران دا وای کردووە کە ئەوان خاوەنی توانایی و زەرفیەتی زیاتر بن بۆ ئەو مەبەستە و هەروەها ئەوەی کە کورد رێگەی پێ نەدراوە کە کونتروڵی بەسەر هێچ کام لە رەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی-ئابووری خۆی دا هەبێت وای کردووە کە توانایی و زەرفیەتەکانی ئەو بۆ بەرنگار بوونەوە زۆر لە خوارەوە بن. هەر بۆیە ئاسیمیلەی زۆرەملێ بە تەواوەتی لە ژێر کاریگەری ئەو نابەرابەریە پێکهاتییەنانەیە کە ناسیوناڵیزمی فارس هێشتا دەتوانێت لەسەریان کار بکات و سەرمایەی کەلتووری نەتەوە بندەستەکان لێیان زەوت بکات و زیادی بکات بە سەرمایەی کەلتووری خۆی.
ئەم کورتهێنانەی ئێمە لە لێکدانەوە لە راستی دا سەرچاوەی لە هەڵە تێگەییشتن لە چەمکی ووڵات The State دایە. هەر بۆیەش رێبەرایەتی جەمعی ئێمە یان رێبەرایەتی بە کۆی ئێمەی تووشی کورتهێنان لە کردەوەش کردووە. ئەگەر رژێمی سیاسی بریتیە لە شێوازی ئیعمال و بە کردەوەیی کردنەوەی دەسەڵات، ووڵات یان The State ناوەندی سەرەکی بیچم گرتنی پێوەندیەکانی دەسەلاتە. ووڵات لە راستی دا وەکوو ئەو دامەزراوەیە پێناسە دەکرێت کە لە سەرووی هەموو دامەزراوەکانەوەیە و رەوایی بەکارهێنانی زۆر و ووزە یان تووندووتیژی لە مۆنۆپۆلی ئەو دایە. واتە ووڵات بەو دامەزراوەیە دەناسرێت کە تەنیا ئەو مافی ئەوەی هەیە کە ئامانجەکانی بە زۆر بەسەر ئەندامەکانی دا بسەپێنێت. دامەزراوە سەربازی و ئەمنیەتیاکان لە چوارچێوەی ووڵات دا جێگە دەگرنەوە نەک رژێم. واتە رووخانی رژێم ئیلزامەن بە واتای گۆڕانی ووڵات بە شێوازێک کە کورد لە ناوی دا هەست بە خاوەنماڵی یان بەرابەری بکات نیە. مانەوەی ووڵات واتە بەردەوام کردنی دامەزراوەکانی سەرکوت.
لەلایەکی ترەوە و لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو دا زۆر کەس لە لە ناوخۆ و لە دەرەوە ئەم پرسیارە هاتۆتە ئاراوە کە ئایا حیزبی دیموکرات لەم دۆخە دا لە کوێی رووداوەکان راوەستاوە؟ ئایا حیزبێک بە پێشڕەوی حیزبی دیموکرات دەتوانێت بە بەیانیە دان و رەوشەنگەری بەرپرسایەتی و مەسئوولەیەتی خۆ بەجێگە بگەیێنێت؟ تەنانەت خەڵکی راپەڕیو لە ناو خۆپیشاندەکان دا و لەناوخۆ، بە درووشمی روون داوایان لە حیزب کرد کە بە ناردنەوە پێشمەرگە رۆڵێکی راستەوخۆ بگێڕیت. ئەگەرچی دیار نەبوو کە ئەو رۆڵە چۆنە و پێویستە چۆن بێت و هەروەها ئەگەرچی وەها رۆڵ گێرانێک دەتوانێت لەسەر بنەمای کورتهێنانی لێکدانەوە بێت بەڵام خودی ئەو پرسیارە و تەنانەت ووڵامی ئەو کەسانەی کە لە درگایەکی حەکیمانەوە دەیانویست ووڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە دەرخەری یەک راستی بوو. ئەویش ئەوە بوو کە خۆمان باوەڕمان بە زەرفیەتەکانمان بۆ بەرگری لە خۆمان نیە. بە دڵنیایەوە لە کاتی ئێستا دا بەرپرسان و رێبەرایەتی حیزب دەزانن کە ئایا رێکخستن و هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەو زەرفیەت یان کەپەسیتیەیان هەیە کە رۆڵ بگێرن یان نا. دیارە پێویستە روون بکرێتەوە کە مەبەست لە زەرفیەت لێرە ناگەڕێتەوە بۆ کاری ئیزایی چوونکە لە راستی دا گرووپێکی چکۆلەی چەند کەسیش دەتوانن کاری ئیزایی بکەن بەڵام پرسیاری سەرەکی بۆ بابەتی زەرفیەت ئەوەیە کە ئایا تا چەند دەکرێت کە جووڵەیێکی واتادار بە خێرایی و قووڵایی و کاریگەریەوە بکرێت و پاشان تا چەند دەکرێت بەرگەی عەواقب یان دەرەنجامی ئەو جووڵەیە بگیردرێت؟ دیارە لە دۆخی ئێمە دا جووڵە تا گەورەتر بێت دەرئەجامی گەورەتر بە دوای خۆی دا دێنێت. مەبەست لە زیاد کردنی زەرفیەت یان توانا یان کەپەسیتی ئەوەیە کە هێزی پێشمەرگە توانایی رێکخستن، زانستی سەربازی، لۆجیستیکی و زەبر وەشاندن و بەرگری خۆی تا رادەیێک بباتە سەرەوە کە بتوانێت لە دۆخی فەرزی کە لە پڕێک دا دێتە ئاراوە بتوانێت رۆڵ بگێرێت و بتوانێت بەرگەی دەرەنجامەکنی کردەوەکان بگرێت. دیارە لە کاتی ئێستا دا تەنیا بەرپرسانی هێزی پێشمەرگە و بەرپرسە باڵاکانی حیزب دەتوانن لێکدانەوەیێکی باشیان بۆ ئەو زەرفیەتانە هەبێت بەڵام شێوازی رووبەڕووبوونەوەی رێبەرایەتی حیزب لەگەڵ ئەم پرسیارە ئەو گومانە درووست دەکات کە تێگەییشتنی ئەوان لەو زەرفیەتانە زۆر لە ئاستێکی خوارەوە دایە. هەر بۆیە لە کاتی ئێستا دا یەکەم پێویستی بۆ حیزب بەرفراوانتر کردنی ئەو تواناییانەیە. دیارە ئەم تواناییانە پێویستە لە هەموو رەهەندەکانی سیاسی، نیزامی، میدیایی و دیپلۆماتیک بێت بەڵام ئەگەر ئێمە بە شێوازێکی ریالیستیانە و واقێعبێنانە چاو لە سیاسەت بکەین کەپەسیتی و توانایی سەربازی سەرەکیترین رۆڵ و گرینگترین رۆڵ بۆ بەردەوامی حیزب و گەلی کورد لە رۆژهەڵات دەگێڕن. هەر بۆیە پێویستە چالاکیەکانی شاخ چەند قات زیاد بکرێن و وزە و سەرچاوە ماڵی و ناماڵیەکانی حیزب بە شێوازێکی چەند قات بۆ شاخ تەرخان بکرێن و چالاکی پیشمەرگە بە بێ ترس زیاد بکرێت. حیزب لە کاتی ئێستا دا دەزانێت کە کۆماری ئیسلامی سڵی نەکردۆتەوە لە هەوڵ دان بۆ لەناو بردنی بە شێوەی سەربازی و دەزانێت کە توانایی بەرگری لە خۆی هەیە بۆیە لە کاتی ئێستا دا پێویستە هەوڵ بدات بۆ زیادکردنی تواناکانی کە تەنیا لە رێگەی زیادکردنی چالاکیە سەربازیەکانی ئیمکانی هەیە. زۆر روون و ئاشکرایە کە زیاد کردنی ئەو توانا سەربازیانە هەم ئەسڵێکی بەرگیریە هەم ئەسڵێکی دیپلۆماتیک و ئەمە بە واتای ئەوە نیە کە کورد دەیەوێت تێکەڵ بە شەڕێکی نەخوازراو ببێت.
داگرتنی بابەت