ئارامتر بخوێنەوە
ناوەند لەچی دەترسێت؟
ئارام کەیخوسرەوی
لە ماوەی 43 ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەی زۆرجار بەرگوێمان کەوتووە، بانگەشەی ڕووخان و نەمانی ئەو ڕێژیمە بووە. زۆرجار ئەم بانگەشەیە لە ژێر هێژمونیی هەست و دژایەتی لەگەڵ ئەو ڕێژیمەدا بووە. دیارە ئەمەیش ڕەوتێکی ئاسایی و سرووشتییە، چونکە لە ململانێ و دژایەتی لە گەڵ ڕێژیمێکی ملهۆر و دیکتاتۆر نابێ تووی بێ هیوایی بچێندرێت و خەبات بە هەر شێوەیەک کە دەکرێت دەبێ بەردەوام بێت. هەر لایەنێک کە لە خەبات دژی دیکتاتۆریدایە، ئەگەر تووشی بێ هیوایی بێت مەحکووم بە نەمان و دۆڕانە. بەڵام لەگەڵ ئەمەیش دەبێ ئەوەی بزانین زۆرێک لەم بانگەشانە خاوەنی بنەمایەکی زانستی و لە ئاکامی لێکدانەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا نەبوون.
بەدەر لەو بانگەشانەی کە بەردەوام لە بەستێنی سیاسیی ئێراندا مژدەی نەمانی کۆماری ئیسلامییان دەدا، دەکرێ بڵێین لە چەند ساڵی ڕابردوودا و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕووداوانەی کە لە جوگرافیای ئێراندا هاتوونەتە ئاراوە، ڕەوتی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی خێراترە یان بە زمانێکی تر دەکرێ بڵێین ئەگەری ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی زیاتر لە هەموو کاتەکانی ترە.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا مەودای نێوان حاکمیەت و خەڵک (دیارە لێرە مەبەست لە خەڵک، خەڵکی کوردستان نییه، چونکە کۆماری ئیسلامیی هیچکات لە کوردستان ڕەوایی نەبووە) زیاد و زیاتر بووە. خۆپیشاندانەکان وبزووتنەوەکانی ساڵەکانی 96 و 98 ـی هەتاوی، و بزووتنەوەی ژینا ئەمینی کە لە کوردستان دەستی پێکرد و ئێرانیشی گرتەوە، دەرخەری کەلێن و مەودایەکە کە لە نێوان خەڵک و حاکمیەتدا چێ بووە. مەودایەک کە بە ڕق و تووڕەیی و کینە پڕکراوەتەوە و ئەستەمە جارێکی تر دۆخەکە وەک پێش ئەم ڕووداوانەی لێ بێتەوە.
خاڵێکی گرنگی ئەم سەردەمە تەنیا قووڵ بوونەوەی کەلێن و مەودای نێوان خەڵک و دەسەڵات نییە، بەڵکوو خاڵی هەرە گرنگ کەلێن و ململانێی دەستەبژێری دەسەڵاتدارە لە کۆماری ئیسلامیدا. ئەم کەلێن و ململانێیە لە ئاکامی دۆخێکدا چێ بووە، کە دەکرێ نێوی دۆخی ئاوارتەی لێ بنێین. دۆخێک کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ جێگرەوەی عەلی خامنەیی. ئەم دۆخە ئاوارتەیە لۆژیکی سیاسەت و ئۆلگووی ڕەفتاریی کۆماری ئیسلامیی تێکداوە. بەو مانایە کە حاکمیەت چیدیکە ناتوانێ یا نایهەوێ فرموولی “خراپ” و “خراپتر” درێژە بدات. ئەوە فرموولێک بوو کە لە هەفتاکانی هەتاوییەوە تا چەند ساڵی ڕابردوو کۆماری ئیسلامی توانیبووی گرێی کۆمەڵگای پێ بکاتەوە و بەستێنی سیاسیی ناوەند دیسیپلین بکات. بەڵام ئەم دۆخە ئەو فرموولەی تێکداوە. خاڵێکی گرنگی دیکە کە دەکرێ باس بکرێت ئەوەیە کە ئیتر لە دوای چوار دەیە لە تەمەنی کۆماری ئیسلامی، ئەوە ئیدئۆلۆژی نییە کە چییەتیی کۆماری ئسلامی پێناسە دەکات و ئەوە ئیدئولۆژی نییە کە باڵباڵێنی نێوان دەستەبژێری دەسەڵاتدار دیاری دەکات، بەڵکوو ئێستا دوای چوار دەیە، کۆماری ئیسلامی بریتییە لە کۆمەڵێک مافیای ئابووری کە لەسەر دەسەڵات لە شەڕێکی تەواو لەگەڵ یەکتریدان کە لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم شەڕە بۆتە هۆکاری سڕینەوە و وەدەرخستنی یەکتری لە بازنەی دەسەڵات.
هاوکات بوونی کەلێنی نێوان خەڵک و حاکمیەت و کەلێنی نێوان دەستەبژێری دەسەڵاتدار، ئەگەری لاوازی و ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی بەرواوەرد بە پێشوو زیاتر کردووە. ئەگەر ڕووخانی کۆماری ئیسلامی وەک پرۆسەیەک چاو لێبکەین، دەکرێ بڵێین ئەم پرۆسەیە دەستی پێکردووە. بەڵام پرسیاری گرنگ و جەوهەری کە دێتە ئاراوە ئەوەیە، ئایا ڕووخان لە تاران و لە کوردستان یەک مانای هەیە؟ بۆچی لە جوگرافیای ئێراندا هیچ یەکیەتییەک بۆ خێراترکردنی ئەم پرۆسەیە ساز نابێت؟
ڕەنگە وەڵامی ئەم پرسیارانە لە جیاوازیی مانای ڕووخانەوە بتوانین بدۆزینەوە.
پێناسەکان بۆ ڕووخان
لە ساڵی 1925 زایینیەوە هەتاکوو ئێستا ئێمە لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتێکی نەتەوەیی لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزمی فارس/ئێرانی و تێکۆشان بۆ ناوەندێکی زاڵ و بەهێز ڕووبەرووین. زاڵ بوونێک کە لەسەر بناغەی سڕینەوە و سەرکوتی نەتەوە بندەستەکانی نێو جوگرافیای ئێران چێ بووە. لە بنەڕەتدا دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی ڕوویەکی دیکەی سڕینەوە و سەرکوتی نەتەوە بندەستەکانە.
لێرە لەگەڵ ڕێژیم-حەقیقەتێک بەرەوڕووین، کە مێژوو، زانکۆ، میدیا، ئاکادمیسین و …هتد لەبەرهەم هێنانی ئەم حەقیقەتە ڕۆڵی سەرەکییان هەیە. حەقێقەتێک کە گێڕانەوەیەکی ئەزەلی و هەتاهەتاییە لە چییەتیی ئێران و لەبەرژەوەندیی ناوەند و مرۆڤی فارسدایە.
ئەو حکوومەتانەی کە حوکمی تاران ئەکەن، بەڕێوەبەری ئەم حەقیقەتەن. بۆیە ئەوە حکومەتەکان نین کە دارێژەری دیسکۆرسن، بەڵکوو حکومەتەکان بۆ خۆیان درێژەدەر یان بەشێک لەو دیسکۆرسە و ڕێژیم-حەقیقتەن. واتە بە ڕووخانی حکوومەتەکان ئەو دیسکۆرسە ناڕووخێت. کەوابوو پەهلەوی و خومەینی، خاتەمی و شەریعەتمەداری لەسەر دیسکۆرسی ئێرانییەت یان حاکمیەتی ئێرانی هیچ کێشە و گرفتێکیان نییە، ئەوان تەنیا لەسەر شێوازی بەرێوەبەریی وڵات لە کێشەو ململانێدان.
لە ڕوانگەی بەشێکی بەرچاو لە ڕووناکبیرانی ئێرانییەوە، ڕەوتێک کە کۆماری ئیسلامی گرتوویەتەبەر، واتە ئەو دۆخە ئاوارتەیە ناتوانێ زۆر درێژە بکێشێت. لەهەمان کاتدا ئەم ڕەوتە لە بەرژەوەندیی ناوەند کە سەدساڵە هەموو دەنگێکی جیاواز و هەموونەتەوە بندەستەکانی سەرکوت کردووە نییه. بۆیە بەشێک لە دژایەتیی ڕوناکبیرانی ئێرانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هۆکارێکی زۆر تایبەتی هەیە، ئەویش بەرگری و مانەوەی گوتاری ئێرانیەت و زالێتیی ناوەندە. کەوابوو ژێرخانی دژایەتیی ئەوان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، مانەوەی دیسکۆرسی ئێرانیەتە، بەڵام ئەم ژێرخانەیان بە سەرخانی دێموکراسی و مافی مرۆڤ ڕازاندووەتەوە و ڕەنگیان کردووە. ئەو دژایەتییە لە ترسێکەوە بیچم دەگرێت، ترسی لاواز بوونی ناوەند و سەرهەڵدانی نەتەوە بندەستەکان. بۆیە بڕێک جار لە گۆشەنیگای مووچیاری کردنی دەسەڵاتدارانیشەوە قسە دەکەن..
وەک نموونە حاتەم قادری، مامۆستای پێشووی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تەربیەت مودەڕێسی تاران لەم چەند ساڵەی دواییدا چەندین وتووێژی گرنگی لەگەڵ میدیا فارسەکان بووە. پوختەی قسەکانی قادری لەم وتووێژانە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بەرەو ڕووخان دەچێت، بەڵام لەگەڵ ڕووخانی خۆیدا زۆر شتی تریش دەرووخێنێ. قادری پێی وایە درێژەکێشانی ئەم ڕەوتەی کۆماری ئیسلامی، ئێران بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەبات یان زاڵێتیی ناوەند تووشی گێچەڵی جددی دەکات. ئەمە ئەو ڕستانەن کە قادری دەریاندەبڕێ: «داهاتوویەکی تۆقێنەر چاوەڕوانی ئێران دەکات.» «لە داهاتوودا نە ئێرانێک دەمێنێ، نە دینێک و …» بەڵام قادری بۆ دەرباز بوون لەم دۆخە باس لە “ناسیۆنالیزمێکی مێهرەبانانە” دەکات، تاکوو بتوانێ ئێران لەم قەیرانە ڕزگار بکات. بە وتەی ناوبراو گەر نەتوانین ئەم کارە بکەین قەومیەتەکان بە ڕێگای خۆیاندا دەچن[1].
ئەوەی قادری دەترسێنێ ڕووخانی گشتیەتی ئێرانە، واتە ڕووخانی زاڵێتیی ناوەند، بۆیە دژایەتیی ئەو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەبەر چەوساندنەوەی نەتەوە بندەستەکان نییە، بەڵکوو دژایەتییەکە لە ترسێکەوە دێت کە کۆی ڕێژیم حەقیقەتی ئێرانی دەباتە ژێر پرسیار. بۆیە ڕووخان بۆ ئەوان تەنیا کاتێک ئەمرێکی قەبووڵکراوە کە دیسکۆرسی ئێرانی، ڕێژیم-حەقیقەتی ئێرانی تووشی قەیران نەکات.
داریووش هومایۆنیش کە بۆ خۆی یەکێک لە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی پێشوویە، چەند ساڵ پێش لە وتووێژێکدا بە ڕوونی دەڵێت کە: نیگرانی ئاکامەکانی ڕووخانی کۆماری ئیسلامیم بە نیسبەتی ئێرانەوە. ئەولەویەتی من هێشتنەوەی ئێرانە… پێم باشترە ئێران لەهەر دۆخێک کە هەیە بمێنێتەوە، تا ئەوەی ئێران هەڵبوەشێتەوە[2].”
سەنتێزی هەردووی ئەم ڕوانگانە لە چەمکی “گوزار” کە لەم یەک دووساڵە ئۆپۆزیسیونی ئێرانی زۆر لەسەری مانۆڕ دەدا دەردەکەوێت.گوزار بەو مانا کە دامەزراوەکانی ئێرانی، ئەو دامەزراوانەی کە توانایی سەرکوتی نەتەوە بندەستەکانیان هەیە لە جێی خۆیاندا بمێنێن و تەنیا دەستەبژێری دەسەڵاتدار بگۆڕدرێن. دیارە مانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتی ئێران بە مانای زاڵێتی و دەسەڵاتداریەتیی ناوەندە و ناوەندیش بە هیچ شێوەیەک نایهەوێ ئەو زاڵبوونەی خۆی لە دەست بدات. حەسەن شەریعەتمەداری کە بۆ خۆی سەرۆکایەتیی “شۆرای مودیریەتی گوزار” دەکات. پێشتر لە وتووێژێکدا لە کلاپ هاوس بە ڕوونی ئاشکرای کرد کە ئێمە تۆپ و ئەرتەشمان هەیە و بڕنەوەکان ناتوانن لە بەرانبەر ئێمەدا بوەستن. دیارە تۆپ و ئەرتەشی شەریعەتمەداری گوزارشتە لەو دامەزراوە ئێرانیانە کە ئۆپۆزیسیۆن نایهەوێ بە تەواوی تێک بچن و بڕنەویش ئاماژەیە بۆ نەتەوە بندەستەکان و لە سەرووی هەموویانەوە نەتەوەی کورد.
لە هەمان کاتد پەیتا پەیتا پەیامی ڕەزا پەهلەوی بۆ هێزە چەکدارەکانی ئێران و بە تایبەت ئەرتەش، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ناوەند نایهەوێ دامەزراوەکانی ئێرانی بە تەواوی تێک بچن.
کەوابوو ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگر ئەوەیە کە ناوەند بە دووی ڕووخانێکدا نییە کە ژێرخان و دامەزراوەکانی ئیرانی تێیدا تێک بچن. ئەوان گوزار بە باشترین ڕێگاچارە بۆ پاراستنی ئێران دەزانن. ڕەنگە ئەمەیش یەکێک لەو هۆکارانە بێت کە ناوەندی ئێران لە چاو نەتەوە بندەستەکان کەمتر لە شەقامەکاندا ئامادەن. بۆیە گوزاری ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندی بەرهەمی دەبێتە دروشمدان لە پشت پەنجەرەوە، ئەویش لە شارێکی 15ملیۆن کەسیی وەک تاران. کەوابوو ڕووخان لە ناوەندا واتا گوزار لە کۆماری ئیسلامی بە مەرجی مانەوەی ناوەندخوازی و ئێرانشاری.
بەڵام مانای ڕووخان لە لای نەتەوە بندەستەکان ڕێک پێچەوانەی ڕووخانێکە کە ناوەند بە دوایدا دەگەڕێ. لەبەر ئەوەی پرسی نەتەوە بندەستەکان زۆر گەورەتر لە تەمەنی کۆماری ئیسلامییه. بۆیە بزووتنەوەی ژینا لە لای نەتەوە بندەستەکان نەک تەنیا بۆ دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەڵکوو بۆ دژایەتیی ناوەندخوازی و سەد ساڵ چەوساندنەوە بیچم دەگرێت. واتە ئەم بزووتنەوەیە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیک تێهەڵکیشی دۆخی بندەستی و کەلێنی نەتەوەیی لە جوگرافیای ئێراندا دەبێت.
کەواتە ڕووخان لەلای نەتەوە بندەستەکان نەک تەنیا گوزار نییه، بەڵکوو ڕووخان و لاوازیی دامەزراوە ئێرانییەکانە.
نەتەوە بندەستەکان چ بەدوای سەربەخۆییدا بن یا فێدرالیسم، یا کۆنفێدرالیسم، مەرجی سەرەکی بۆ گەیشتن بەم ئاواتانە هەڵوەشانەوەی ناوەندە، ناوەندیش تەنیا کاتێک هەڵدەوەشێ کە دامەزراوەکانی تێک بچن.
[1] محکومیت ایران در شورای حکام به چه معناست؟ ۶۰ دقیقه ۱۸ خرداد – YouTube
[2] با فرامز فروزنده، مصاحبه با داریوش همایون – YouTube
داگرتنی بابەت