ئارامتر بخوێنەوە

ژن لە جەستەوە بۆ ڕۆح

(دەرکەوتەناسیی بزاڤی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئێران)

شاهۆ حوسێنی


پێشەکی:

بێگومان کۆماری ئیسلامی وەک پێکهاتەیەکی سیاسیی هەڵقوڵاو و بەرهەمهاتووی شێوازێک و فۆڕمێک خوێندنەوەی فۆندامێنتاڵ لە ئایینە کە دەشێ وەک ئایدۆلۆژی پێناسە بکرێت، واتە ئایین لە فۆڕمێک دەستووری نەزمدەر بە ژیانی تاک و کۆمەڵگا دەکرێتە ژێرخانی هزری و ئایدۆلۆژیکی ڕووخانی سیاسەت، ئابووری، کلتووری و کۆمەڵایەتی. بە واتایەکی تر جوغرافیای ئایین لە ئاستی مەدەنیڕا دەگوازرێتەوە ئاستی سیاسی و فۆرم دەداتە دەسەڵاتی سیاسی و پاساوکەری حاکمییەت و هێژمۆن دەبێت. ئەم دەسەڵاتە لە ڕێی باوەڕ بە حەقیقەتێکی موتڵەق و بان زەوینی، فۆڕم دەبەخشێت بە هەموو دیاردەکانی تاکی، کۆمەڵایەتی، کلتووری، کردەوەیی، زەینی و ڕواڵەتی تاک و کۆمەڵگا، مانا دەبەخشێت بە تاک و کۆمەڵگا و لەڕیی شەرعییەتی بانزەوینی، تاک و کۆمەڵگا ناچار بە ملکەچبوون، گوێڕایەڵبوون و ڕەچاوکردنی بێ ئەملاوئەولای دەستوور و یاساکانی دەکات.


مرۆڤ لە ئاییندا

یەکەم دیاردەی مرۆڤ لە ئاییندا دەرکەوتنی وەک مەخلووق، داهێنراو و بەرهەمهاتووە. ئەم دەرکەوتنە یەکەم لێکەوتەی دابەزاندنی پێگە و ئاستی بوونی مرۆڤە لە هەمبەر بوونێکی داهێنەر، بکەر و بەرهەمهێنەر بەناوی خوا. دووهەم دیاردەی مرۆڤ لەپاش مەخلووق و داهێنراو ئەوەیە کە دەستوور و یاسا و ڕیسای بۆ داهێنراوە و پێویستە گوێڕایەڵ، ملکەچ و دەروەستی ئەو خالەقە بێت کە ئەوی بەرهەم هێناوە. سێهەم دیاردە بەندە بوونی مرۆڤە لەڕێی گوێڕایەڵی و دەروەست بوونی بە دەستوور و ڕیساکانی خوا. چوارەم دیاردە جەسته بوونی مرۆڤە، واتە مرۆڤ تەنیا وەک جەستەیەک پێناسە دەکرێت، جەستەیەکی گوناهکار، گوناه دیاردەیەکی جەستەیی مرۆڤە کە دەستپێکەکەی خواردن لە داری نەهی لێکراوە و بەم هۆکارەشەوە فڕێ داروەتە سەر زەوی، هەر بۆیەش پێویستە دایم لە عەزاب و نزا و پاڕانەوەدا بێت بۆ پاک بوونەوە و گەڕانەوە بۆ ئەو بەهەشتە خەیاڵی و مەوعوودەی کە بەڵێنی پێ دراوە و هەموو بەڵێنەکانیش لە خواردن و خواردنەوە و عەیش و نۆش هەر جەستەیین.  لەڕاستیدا جەستە سەرەتای ئاسوودەیی و هەمیش قەیرانە بۆ مرۆڤ، جەستە لە بەهەشتدا لە خۆشی و ڕابواردندا بووە و هەمیش بەهۆی هەڵەیەکی جەستەیی دەکەوێتە عەزابێکی جەستەییەوە، واتە تۆڵەی هەڵەی جەستەیی هەم دیسان هەر لە جەستە دەکرێتەوە. لە دەقی ئایینیدا هیچ دیاردەیەک جگە لە جەستە بۆ مرۆڤ فەڕز نەکراوە و عیبادەتەکانیش هەر جەستەیین. مرۆڤ بوونیکی دەروەست بە یەکە؛ بوونێکی بان زەوینییە کە هیچ سەربەخۆیییەک و ئیرادەیەکی لەخۆوە نییە، هەرچی دەیکات هەر بە ئیرادە و ئەمری ئەوە و هەرچی ڕوو دەدات هەر بە ئەمری ئەو و قەزایەکە لەلایەن ئەوەوە. مرۆڤ وەک جەستە بەگشتی بوونیکی تاوانبارە و پێویستە لە گوناە پاک بکرێتەوە و ئەم پاک کردنەوەیەش لەڕێی تۆڵە ئەستاندنەوە بە شێوەی تەعزیب، نەهی و نەفیی جەستەیە.


مرۆڤ لە دەسەڵاتی ئایینیدا

ئایینی سیاسی وەک فۆڕمێک خویندنەوەی ڕادیکاڵ لە بەرامبەر ئیسلامی نەریتیدا بە مەبەستی جێ خستنی ڕوانگە ئایینییەکان لەڕیی دەسەڵات و کەڵک وەرگرتن لە هێزی حکوومی دەرکەوت. ئەم خوێندنەوەیە دژکردەوەیەک بوو بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بە دژی ڕەوتی چەپ، سێکۆلاریزم و شێوەی مۆدیڕنیتەی پاش شەڕی یەکەمی جیهانی و دەرکەوتنی ڕۆژهەڵاتی ناوینی نوێ. شێوەمۆدێڕنیتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، ڕوانگەیەکی جەستە تەوەر و ڕواڵەت تەوەری دژبەری ڕوانگەی جەستە تەوەر و ڕواڵەت تەوەری ئایینی بوو. واتە لەگەڵ ئەوەدا بە هیچ شێوەیەک هیچ پەیوەندییەک و نیسبەتێکی لەگەڵ کاکڵ و ڕوانگەی مۆدێڕنیتە بە نیسبەت مرۆڤ وەک بکەری ناسکار، بوونێکی سەربەخۆی داهێنەر و خۆمانابەخشی خاوەن عەقڵێکی سەربەخۆ نەبوو، بەڵام بە تەواوی ڕوانگەیەکی ڕواڵەت تەوەرە بوو بەرانبەر جەستەی مرۆڤ و کەڵکی کەرەسەیی وەرگرتن لە جەستەی مرۆڤ. لەوەها دۆخێکا ئایین بە هەموو هێزەوە وەک دژکردەوەیەک بەرانبەر ئەم ڕەوتە دەردەکەوێت، لە میسر ئیخوان وەک بزاڤێکی سیاسی- ئایینی دەردەکەوێت و لەئێران شیعەی ویلایەتی فەقیهی دەردەکەوێت. وێکچوونی گشتیی ئەم ڕەوتانە وەک دژبەری شێوە مۆدێڕنیتەی حاکم لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، بە ئایینی کردنی جەستەی مرۆڤ بوو لە ڕێی جێ خستن و هێژمۆن کردنی ڕوانگە ئایینییەکان لەمەڕ مرۆڤ.


ژن لە ئاییندا

ئەزموونی ژنان لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا ئەگەرچی بەهۆی جیاوازیی کلتووری دەکرا جیاواز بێت، بەڵام تایبەتمەندیی ئیسلامی وەک کلتووری هێژمۆن و هاوبەش، دیاردەیەکی هاوبەش بوو کە توانی ژیان و ئەزموونی ژنان لەو کۆمەڵگا جیاوازانەدا بخاتە ژێر کارتێکەریی خۆی، بە جۆرێک کە دەقی ئایینی وەک ڕوانگە و ڕوانینێکی بان کۆمەڵگایی شووناسێکی هاوبەشی بە ژنان بەخشی، واتە کلتووری ئایینی توانی بە سەر جیاوازیی بەربڵاوی کلتووری، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیی کۆمەڵگەکاندا پردێک لێ بدات. لەم ناوەدا زۆرترین کارتێکەری لە سەر جێگە و پێگەی ژن لەلایەن قورئان وەک دەقی پیرۆز و بان زەوینی، حەدیس و گێڕانەوەکانی پێوەندیدار بەو، کردار و کردەوەکانی پێغەمبەر و یاردیدەدەرانی، ئیجماعی عولەمای ئیسلامی، قیاس، نەریتی و عورفی ئایینی بوە.

ژن لە دەقی ئایینیدا بە هەموو ڕوانگەکانەوە چەند تایبەتمەندی لەخۆ دەگرێت: یەکەم ئەوە کە ڕوانگەکان لەمەر ژن کورت دەکرێنەوە و قەتیس دەکرێنەوە لەناو جەستەدا، واتە بە جەستەکردنی ژن لە هەنگاوی یەکەمدایە لەڕیی بە ئایینی کردنی مرۆڤ، دووهەم ئەوە کە جەستەیەکی گوناهکار و تاوانبارە، سێهەم ئەوە کە سەرچاوەی تاوانە، چوارەم ئەوە کە پاڵنەری تاوانە لە ڕیی ئیغوای جەستەیی. جەستەی ژن وەک دیاردەیەکی ورووژێنەر بۆ پیاو و کەرەسەیەک بۆ سەلماندنی پیاوەتیی پیاو لە ئیسلامدا گرینگایەتییەکی تایبەتی هەیە، بەجۆرێ کە بوونی ژن بە شێوەیەکی گشتی قەتیس کراوەتەوە لەناو ئەو تایبەتمەندییە جەستەییەدا. ئیبنی عەڕەبی لەسەر ئەو باوەڕەیە کە سێکس کردەیەکی موتەعالییە کە دەتوانێ بکەرانی لە خوا نزیکتر بکاتەوە. زەماوەند لە ئیسلامدا بڕیارێکی ئایینییە کە بە پێی شەریعەت، شەرعییەت دەدات بە پێوەندیی سێکسی و قەتیس کردنەوە ژن لەناو بازنەی پیاوسالاری و جەستەدا. دەوری جەستەی ژن لە سەلماندنی پیاوەتی و خزمەت بە ئارەزوو و حەزی جەستەییی پیاوانەش لە ئاییندا گرینگایەتییەکی تایبەتی هەیە. ڕوقەیە واریس، نووسەری موسوڵمانی بەریتانی لە پەڕتووکی ڕێنوێنییەکانی زەماوەندی موسوڵماناندا دەنووسێت: لەناو موسوڵمانانی سەرەتای ئیسلام، هێزی سێکسیی ژن و توانای ڕازی کردنی پیاوان یەکێک لە بنەڕەتیترین تایبەتمەندییەکان بووە بۆ ژن، ئەو بەسەرهاتێکیش دەگێڕێتەوە کە عایشەی کچی تەڵحە لەگەڵ عومەری کوڕی عوبەیدوڵڵا زەماوەندی کردووە و لە شەوی زەماوەندا حەوت جار نزیکایەتییان کردووە، کاتی بەیانی عایشە بە عومەری گوتووە: تۆ پیاوێکی کامڵی.

لە دەقی ئایینیدا هەر وەک ئاماژەی پێ کرا، ژن وەک جەستە هەم سەرچاوەی تاوانە و هەم پاڵنەری تاوانە؛ ئەمەش سەرچاوەکەی جەستەیە، هەر بۆیەش بە چوار شیوە پێویستە لەگەڵ ئەم جەستەیە دژکردەوە بنوێندرێت: یەکەم لە ڕیی زەماوەند و بەستنەوەی ژن بە جەستەیەکی ترەوە، دووهەم قەتیس کردنەوەی ژن لەناو چوارچێوەی ماڵدا، سێهەم لە ڕێی نەفی کردنی جەستەی ژن وەک سەرچاوەی تاوان و چوارەم لە ڕێی نەهی جەستەی ژن لەڕێی داپۆشین و حیجاب.


ژن لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا

دەرکەوتنی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆمەڵانی خەڵک بە گشتی و بۆ ژنان بە تایبەتی کارەساتبار بوو. بەهۆی ئەوە کە کۆماری ئیسلامی، سەرخانی ئایدۆلۆژیی حکوومەتی ئیسلامی (وەک ژێرخان) بوو بە مەبەستی جێخستن، پەرە و هێژمۆن کردنی یاساگەلی ئایینی و بە ئیسلامی کردنی کۆمەڵگا. ڕوانگەکان لە کۆماری ئیسلامی و پێگەی ژن لە کۆماری ئیسلامیدا ڕەنگدانەوەی ڕوانگە ئیسلامییەکان بوون. ژن لە کۆماری ئیسلامیدا گرینگترین و سەرەکیترین ئەرکی زا و زێ و منداڵبوون و ماڵدارییە، درێژەی قەتیسکردنی ژن لە جەستەدا و بە ئایینیکردنی جستەی ژن لەم حکوومەتەشدا وەک بنەمای ڕوانین لەمەڕ ژن، پەرەی ئەستاند. هەر ئەمەش بوو بە سەرچاوەی هەڵاواردنی جێندەری لە ئێران. بەپێی داتاکانی مەجمەعی جیهانیی ئابووری لە ساڵی ٢٠٠٩ ئێران لەڕووی هاڵاواردنی جێندەری لەنێوان ١٣٤ وڵاتدا پێگەی ١٢٨ی هەبووە، هەروەها لە نوێترین بەراوردی ئەم ڕیکخراوەیەدا ئێران لە ڕووی کەلێنی جێندەری لەنێوان ١٥٦ وڵاتدا، پێگەی ١٥٠ی هەیە. بە کورتی دەشێ بگوترێ کە کۆماری ئیسلامی، ڕێگا و شوێنی پێشینیانی ئایینیی خۆی ڕەچاو کرد بۆ داماڵین و داپڵۆساندنی ژنان لە کۆمەڵگا وەک جەستەیەکی کە هەم سەرچاوەی تاوانە و هەمیش پاڵنەری تاوانە. کۆماری ئیسلامی نەفی و نەهی ژنی وەک جەستە بەهۆی هێزی حکوومەت بە یاسایی کردووە. نەفیی ژنان لە ساڵی ١٣٥٨ڕا دەستی پێ کرد، بەجۆرێ کە بە پێی داتاکان تا ساڵی ١٣٦٢ ڕێژی لەکارلادانی ژنان گەیشتە ٣٥ لەسەد، واتە نەفیی ژنان لە کۆمەڵگا لە ڕیی پێشگرتن بە دەرکەوتنی ژن وەک تاکێکی ئەکتیڤ و دەورگێڕ لە کۆمەڵگا. هەروەها نەهی کردنی ژن لە ڕیی داپۆشین و حیجاب یاسایی کرا، بۆ وێنە بە پێی یاسای سزادانی ئیسلامی، ئەو ژنانەی کە چوارچێوەی شەرعیی پاراستنی حیجاب لەبەرچاو ناگرن و ناپارێزن، لەلایەن دادگا و دادوەرەوە دەشێ بە حەفتا لێدانی قەمچی یان شێست ڕۆژ زیندان سزا بدرێن.


ژن لە جەستەوە بۆ ڕۆح

ڕۆح له فەلسەفەدا بە گشتی و لە فەلسەفەی هێگلدا بەپێچەوانەی ئایین دیاردەیەکی بان زەوینی و بارمتە نییە کە بەخشرابێت و وەربگیرێتەوە، بەڵکوو دیاردەیەکی بان جەستەیی و مرۆییە. ڕۆح لە فەلسەفەی هێگلدا ئاماژە بە دوو دیاردەیە: یەکەم دیاردە ئاماژە بە ڕەوتێکە کە گنخان، ڕاوەستان و سکوونی بۆ نییە بەڵکوو گەڕیانێکی دائیمی و سەیروورەتە لە حاڵەتێک بۆ حاڵەتێکی تر. دووهەم دیاردە ئاماژە بە دەرکەوتەیەکە کە بەرهەمهێنی ئەم سەیروورەتەیە کە ئەویش ئەندێشە، فام و تێگەیشتوویییە. لەڕاستیدا ڕۆح سوبژەیەکی سەربەخۆ و ڕەخسیوە لە واقعییەتێکی بۆ دیاری کراو و فۆڕمێکی لەپێشدا بۆ داڕێژراو لەلایەن ئەویترە. بە کورتی دەشێ بگوترێ ڕۆح تێگەیشتن، ئاگایی و فامە، چون بەباوەڕی هێگل، جیهان، خوا و سروشت، بوونێکن لەناو جەغزی تێگەیشتن و ئاگاییی منی مرۆڤدا. ئەم بۆچوونە لەمەر ڕۆح و لەمەر مرۆڤ لە ڕاستیدا درێژەی سوبژێکتیسمی دێکارتییە، دێکارت سوبژکتیویسم لە تاکدا بەجێ دێڵێت و هێگل بە داهێنانی چەمکی ڕۆحی نەتەوەیی(Volksgeist)، سوبژێکتیویسم دەگوازێتەوە فۆڕمێکی بان تاکی. فێمێنیستەکان ڕۆح دەگوازنەوە بۆ ناو بازنەی جێندەری و بەکەڵک وەرگرتن لە سوبژێکتیویسم، کێشە و قەیرانی جێندەری تێئۆریزە دەکەن و مۆدێڕنیتە دەوڵەمەندتر دەکەن. لەڕاستیدا ڕۆحی جێندەری واتە سووژەیەکی سەربەخۆ، خۆپێناسەکەر و ناسکار کە مانا دەبەخشێت بە خۆی و جیهانی ڕواڵەتی وەک جێندەرێکی ئەویتری نێر.

دیارە مێژووی ڕاپەڕینەکانی کۆمەڵانی خەڵک لە ئێران هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیڕا بە گشتی دەچنە بازنەی سیاسی، سینفی و ئابورییەوە. لە بازنەی سیاسیدا یان وەک کورد خەباتیان کردووە بۆ دابینکردنی مافی نەتەوەیی، یان وەک حیزب و ڕێکخراوەکانی تر خەباتیان کردووە بۆ بەشدار بوون لە دەسەڵات. لە بازنەی سینفیدا خواستەکان دیاردەی سینفییان لەخۆگرتووە وەک ناڕەزایەتیی مامۆستایان، پەرەستاران، شۆفیر پاسەکان و …. لە بازنەی ئابوورییشدا خواستەکان ئابووری بوون، بۆ وێنە ناڕەزایەتی بە دژی گرانی، ئاوسان و دزرانی پارەی پاشەکەوتی خەڵک لە بانکەکان و مۆئەسسەساتی ئابووری. بەڵام ئەمجارە و لە ڕاپەڕینی نوێی ڕۆژهەڵات و دواییش ئێراندا، دیاردەیەکی تر بە دیاردەکانی بەرخۆدان و ڕاسان بە دژ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی زیادکرا، ئەویش خەباتی جێندەری بوو کە بە دژی حیجاب وەک هێما و سیمبۆلی ژنی ئۆبژە، دەستەمۆ، داهێنراو، گوێڕایەڵ و موستەحیل لەناو ئەو فۆڕمەدا کە ئایین بۆی داڕشتووە سەری هەڵدا. دیارە یەکەم دەرکەوتنی خەباتی ژنان مانگێک پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئیران لە ڕەشەممەی ساڵی ٥٧ بوو کە سازمانی نەتەوەیی پەرەستاران، یەکێتیی ژنانی دادوەر و جەمعییەتی ژنانی خەباتکار وەک دژکردەوەیەک بە لێدوانەکانی خومەینی لەمەر زەروورەتی پاراستنی حیجاب لەلایەن ژنان لە ئیدارات، ڕاگەیاندراوێکان بڵاو کردەوە بۆ گردبوونەوە بە دژی ئەم لێدوانە و بە دروشمی بەرابەری بەرابەری نە چارشێو و نە ڕووسەری کەوتنە بەر هێرشی لایەنگرانی توندئاژۆێ خومەینی و هێرشیان کرایە سەر. ئیتر ئەمە کۆتا دەرکەوتنی بزاڤی ژنان بوو لە ئێران تا کارەساتی شەهید بوونی ژینا.

لەڕاستیدا ژینا وەک شەهیدی ڕوانگەیەکی نەریتی و پاشکەوتوو لەمەر ژن، وەک جەستەیەکی تاوانبار و پاڵنەری تاوان، کە بە تاوانی نەبوونی حیجاب دەکەوێتە ژێر ڕکێفی لێدان و ئەشکەنجە و لە ئاکامدا گیان دەسپێرێت، دەبێتە هێمای هەستانەوە و بەرخۆدانی ژنی کورد و لەپاشان ژنی ئێرانی بەگشتی بۆ دەرچوون لەم ڕوانگە نەریتییە و دەرکەوتن وەک بوونێکی ڕەخسیو و ئازاد. ئەمجارە قەڵش و کەلێنی جێندەری وەک قەڵشێکی کۆمەڵایەتی ئەکتیڤ دەبێت و لەسەر لێواری ئەم کەلێنە خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی پەرە دەستێنێت.

ژینا دەلاقە و ڕەوتێک بوو کە لە ڕێی ئەوڕا ژنی کورد و ئێران بە زەروورەتی ئازادیی خۆی و بەکردە گەیاندنی ئازادیی خۆی ئاگا دەبێت. لێرەدا ئازادی چەمکێکی تەواو فەلسەفییە بە مانای ڕەخسیو لە ژێر ڕکێفی ئەویتر، ئازاد لە خۆبنیادنان و دەرخستن، چونکە ئازادی ئامانجێکە کە لەودا ژن دەتوانێ بوونی خۆی مسۆگەر بکات. ژن بە ژینا، حەڕەکەت لە جەستەوە و دەرچوون لە جەستەوە دەست پێ دەکات بۆ گەیشتن بە ڕۆح؛ ڕۆح بە مانای گەیشتن بە ئازادی لە ڕیی تێگەیشتن لە خۆ و بنیادنانی سەربەخۆیانەی خۆدێکی نوێ. ژن بە لادانی حیجاب و سووتاندنی حیجاب لەم شۆڕشەدا وەک دوو هێما و سیمبۆلی ژنی دەستەمۆ و داهێنراو، حەڕەکەت بەڕەو ئازادیی دەست پێ کرد.

گرینگترین تایبەتمەندیی شۆڕشی ژن بۆ ئازادی لەم ڕاپەڕینە تازەیەدا ئەوەیە کە ئەگەر شۆڕشەکانی تر شۆڕش بە دژی لێکەوتەکانی سەرخانی وەک سیاسەت، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کلتووریی ئایدۆلۆژیی ئایینیی کۆماری ئیسلامی وەک ژیر خان بوون، ئەوا شۆڕشی ژنان ڕێک شۆڕشێک بە دژی ژێرخانی ئایدۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامییە، ئەوان حەول دەدەن لەڕێی ڕووخاندن و بەربەرەکانی لەگەڵ ژێرخانی ئایدۆلۆژیکی و پاشەکشە کردن بەو ژێرخانە، ئاڵوگۆڕ بەسەر سەرخانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتووریدا بێنن.

 لەڕاستیدا ئەم خەباتە خەباتێک بە دژی گێڕانەوەی مۆنۆلۆگانەی حاکمییەت لەمەڕ هەموو دیاردەکانی ناو کۆمەڵگا و بە مانای تێکشکان، داڕمان و تێکقرمانی هەموو ئەو بینا خەیاڵی و ئایدۆلۆژیکییانەیە کە بە دوور لە واقعییەتەکانی ناو کۆمەڵگا، کۆماری ئیسلامی لەڕیی هێزی ئایدۆلۆژیک و نیزامی حەولی بنیادنان، مسۆگەرکردن و پەرەپێدانیان دەدات. دەشێ بگوترێ کە ئەم شۆڕشە شۆڕشێکە بە دژی ئەساس و بنەمای ئیسلامی، فەقاهەتی و ویلایەتی فەقیهی وەک خوێندنەوەیەکی ئایدۆلۆژیکی لە ئیسلام بە مەبەستی پەرەی شەریعەت لەڕێی حکوومەت و دەسەڵات. ئەگەرچی ئەساس و بنەمای شەریعەتی ئیسلامی لەسەر جیاوازیی ژن و پیاو و هێژمۆنی پیاو واتە پیاوسالاری دامەزراوە، بەڵام لە ئیسلامی فەقاهەتیدا بەهۆی کەڵک وەرگرتن لە زۆر، توندوتیژی و یاساکانی کەیفەریی ژنسڕینەوە، دژایەتیی ژن و پێشگرتن بە دەرکەوتنی ئازادانە و سەربەخۆیانەی ژن، دیاردەیەکی دزێو و کارەساتبارە.

بێگومان ئەمڕۆکە کوردستان بەهۆی مێژوویەکی دوور و درێژ لە خەبات بەدژی دیکتاتۆڕییەتی کۆماری ئیسلامی، ئاڵاهەڵگری خەبات بۆ ئازادی، دێمۆکراسی و بەرابەرییە. عەقڵی سیاسی لە کوردستان و کردەوەی سیاسی لە کوردستان لەگەڵ ئەوەدا بە هەموو هێزەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەژێر گوشاری سەرکوتدا بووە، بەڵام پەرە ئەستاندوو و پێشڕەوە. ئەوەیە کە کوردستان لە شۆڕشی نوێی ژنان بە دژی دەسەڵاتی کۆنەپەرەستانەی ئاخوندیسم، هەم هەناردەکەری شۆڕشە، هەم هەناردەکەری دروشمە و هەم پاڵنەر و هیوابەخشی شۆڕش بە دژی کۆماری ئیسلامییە. خەباتی چەکداریی کورد بە دژی کۆماری ئیسلامی، ئەگەر ڕۆژگارێک وەک حەڕەکەتێکی جیایی خوازانە، نامۆدێڕن و بەرگر بە خەباتی مەدەنی پێناسە دەکرا، ئەمڕۆکە بەشێکی زۆری کۆمەڵانی خەڵک چاویان بڕێوەتە خەباتی ئەم بەشی کوردستان و چاوەڕێن چەخماخەی ئازادیی ئێران و ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستانڕا لێبدرێت. ئەوان بە سەرسوڕمانەوە باسی حەماسەت و ئازادبوونی شنۆ دەکەن، باسی خەباتی کورد، ئازایەتی و بوێریی کورد دەکەن. ژنی کورد زێدە لە چل ساڵە لە بەرەی پێشەوەی بەرەنگاری لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدایە و بۆ دوو باڵی خەبات بۆ دابینکردنی مافی نەتەوەیی و خەبات بۆ دابینکردنی مافی بەرابەر لەگەڵ پیاو، پێشەنگی ژنانی ئێرانە. ژن لە کوردستان زۆر دەمێکە دەرچوون لە جەستەی دەست پێ کردووە و بەرەو ڕۆحێکی نەتەوەیی و جێندەری وەڕێ کەوتوە. بۆ ژنی کورد بەرابەریی نەتەوەیی و جێندەری، نە تەنیا دژبەر و لە بەرابەر یەکدا نین، بەڵکوو هاوتەریب لەگەڵ یەکترن و بەبێ بەرابەریی نەتەوەیی بۆ ژنی کورد مافی جێندەری و بەرابەریی جێندەری مانایەک نادات.

 سەربەخۆ بوون و ئازادی بۆ ژنی کورد لەخۆگری دوو دیاردەیە: یەکەم بوونی ئازادانەی وەک کورد بە مانای ئازاد لە خۆ دەرخستن و پێناسەکردن وەک نەتەوەیەک و دووهەم بوونی وەک ژن بە مانای ئازاد لە خۆدەرخستن و خۆپێناسەکردن وەک ژنێک لەناو جەغزی نەتەوەیەک و کلتوورێکی نەتەوەییدا کە جیاوازە لە فارس، تورک، عەڕەب و بەگشتی هەر ئەویترێکی کورد. ژنی کورد بە دوو هۆکار لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەکەوێتە بەر هەڕەشە و هێرش: یەکەم کورد بوونی بە مانای جیاواز بوون لەو بوونە مانایی و ڕواڵەتییەی کە فارس هەیەتی، دووهەم بەهۆی ژن بوونی بە مانای جەستەیەکی جیاواز لەو جەستەیەی پیاوی ئایینیی ناو بازنەی دەسەڵات پێناسەی دەکات. هەر ئەمەشە کە کورد بوون و ژن بوون بۆ ژنی کورد دەکاتە چوارچێوەیەک بۆ خۆداڕشتن؛ واتە ژنێکی سەربەخۆی خوداڕێژەری سەر بەنەتەوەیەکی سەربەخۆی خۆداڕێژەر. ئەمە بەو مانایە دێت کە ژنی کورد دوو جار لە سەربەخۆییدا دەور دەگێڕێت، جارێک وەک بوونێکی سوبژێکتیڤ وەک ژن، جارێکیش وەک بوونێکی ناو بازنەی کۆگشتییەک بە ناوی نەتەوە کە هاوتەریب لەگەڵ پیاو وەک بوونێکی سەربەخۆ بنیادنەری نەتەوەن و ئەم بوونە جیاوازە سەربەخۆیانەش نەتەنیا بەستێن و هۆکارێک نین بۆ لەبەریەک ڕەواندنەوەی فۆرماسیۆنی نەتەوەیی کە ئەساسەن جیاوازییەکان و دژبەرەکان لە ڕیی قەبووڵی شەرعییەتی جیاواز بوون و ڕێز لە جیاوازییەکان، مەجالی قەوام و پەرەی فۆرماسیۆنی نەتەوەیی دەڕەخسێنن.

 بەم هۆکارانەشە کە گرینگایەتیی خەباتی ئەمجارەی ژنان وەهای کردووە کە وەک یەک شۆڕش و تەواوکەری شۆڕشەکانی پێشووتر پێناسە بکرێت، هەم کۆمەڵگای مەدەنیی جیهانی پشتیوانیی لێ دەکات و ئەم پشتیوانییەش ڕۆژ دەگەڵ ڕۆژ لە پەرەئەستاندندایە و هەمیش ترس و دڵەڕاوکێی زۆری خستووەتە حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی و وەک هەڕەشەیەکی جیددی پێناسەی دەکەن. هەر چەند حاکمییەت بە دوو شێوە حەولی لەناوبردنی دەدات: بناژوخوازەکان حەول دەدەن بە ئینکاری ئەم بزاڤە سەرکوتی بکەن و شێوە ڕێفۆرمخوازەکان حەول دەدەن لەڕێی دابەزاندن و تەقلیلدانی بە چەند خواست و داوکارییەکی ڕواڵەتی وەک لابردنی گەشتی ئیرشاد و حیجابی زۆرە ملی بە لاڕێیدا ببەن.

داگرتنی بابەت

ژن لە جەستەوە بۆ ڕۆح

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان