ئارامتر بخوێنەوە

 دۆخی کوردستان دوای مەرگی ژینا

بابان ئەلیاسی


دیارە خۆپێشاندانەکان لە ئاکامی تووندووتێژی و شەهید بوونی ژینا ئەمینی بوو، بەڵام هۆکاری تەقینەوەی رووداوەکان لە ئاکامی چەندین دەیە داخرانی سیاسی، نەبوونی ئازدی و دارووخانی دۆخی ئابووریە. رووداوی کوشتنی ژینا، پرسی کوردی رژهەڵاتی کوردستانی بە شێوەیەکی بێ­وێنە هێنایە سەر گۆڕەپانی سیاسیی ئێران و ناوچەکە و بگرە ئاستی نێودەوڵەتیش. بۆیە دەکرێ وەک رووداوێکی گرنگی مێژوویی، بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە قەڵەم بدرێ. پێچەوانەی شۆڕشی گەلانی ئێرانی لە ساڵی ١٩٧٩، ئەمجارە برووسکەی خۆپێشاندانەکان لە پەراوێزەوە، واتە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ شارە گەورەکانی وەک تاران و هتد دەستی پێ کرد. بۆیە گرنگی پێگەی سیاسیی گەلی کورد و شۆڕشەکەی چ لە ئاستی ئێران و چ لە ئاستی نێودەوڵەتی دەردەخا. ئەم خۆپێشاندانانە لەگەڵ ئەوانەی پێش خۆی لە ئێران جیاوازی دیکەی هەیە. بۆ وێنە جیاوازیی ئەم خۆپێشاندانانە، لە گەڵ “بزووتنەوەی سەوز”ی ساڵی ٢٠٠٩، ئەوەیە کە ئەم ناڕەزایەتییە ئامانجی گۆڕینی تەواوی سیستمە؛ بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٩دا خۆپێشاندانەکان بە شێوەیەکی سەرەکی داوای چاکسازییان دەکرد. دروشمی سێ کوچکەی ژن، ژیان، ئازادی بۆتە پاڵنەری سەرەکیی بزووتنەوە سەراسەیەکە. خۆپێشاندانەکانی پێشوو، وەک ئەوەی بزووتنەوەی سەوز، وەک شەهیدبوونی شوانە قادری، خۆپێشاندانەکانی ئەهواز، یان ئەوەی ناوچە فارسنشینەکانی ئیسفەهان و یەزد و هتد هیچیان لە سنووری ئیتنیکی تێنەدەپەڕین. ئەمجارە هاودەردی و یەکگرتووییەکی ڕێژەیی لە ناوچە غەیرە-کوردەکان لە گەڵ خەڵکی کوردستان زۆر بەربڵاو بوو.

 دەستووری ئێران، کۆمەڵێک یاسای تێدایە کە لەسەر بنەمای ڕەگەزی ڕەوایی بە هەڵاواردن دژ بە ژنان دەدات. بە حوکمی ئەوەش کە پرسی هەڵاواردن دژ بە ژنان، پرسێکی سەروو-ئیتنیکە و ژنانی سەرانسەری ئێران لە گەڵی رووبەروون. رووداوی ژینا  بوو بە هاندەری هاوبەش بۆ سەرانسەری بوونی خۆپێشاندانەکان. بەشداریی بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگای ئێران، کە  ناڕەزایەتیەكانیان دژ بە ڕژێم پەنگی خواردۆتەوە، گڕووتینی زیاتری بە خۆپێشاندانەکان دا.

بانگەوازی مانگرتن لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، وەک بۆ دەربڕینی نازەڕایەتیی دژی کوشتنی ژینا ئەمینی و، وەدەنگەوەهاتنی خەڵکی رۆژهەڵات، لە بواری پێگەی سیاسیەوە، باوەڕبەخۆبوونی هەم لای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و، هەم لای خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانی بەهێزتر کرد. ئەم رووداوە وای کرد هەموو چین و توێژەکانی خەڵکانی ئێران و  تاڕادەیەکی زۆر، کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش ئەو راستییە ببینن کە حیزبەکانی رۆژهەڵات، پێگەی جەماوەریان هەیە و بە کردەوە خەڵکی کوردستان پشتیوانیان لێ دەکەن. هەرچەند دەبێ بگووترێ کە هەمووی ئەو کەسانەی کە هاتوونەتە سەر شەقام و خۆپێشاندان دەکەن، ئەندامی حیزبەکان نین، بەڵام لە ئاکامی هۆشیاری سیاسیی  کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەمەش خۆی لەخۆیدا، پێگەیشتنی سیاسی هەم لە لایەن کۆمەڵگای  کوردستانەوە و هەم لە لای حیزبەکانی رۆژهەڵاتە دەردەخا. ئەم پێگەیشتنە سیاسییە لە هەڵوێستی حیزەبەکان رەنگی دایەوە، کاتێک  بە سەر جیاوازیە فیکری و ئیدۆلۆژیکییەکانیاندا تێپەڕین و بە بەیاننامەی هاوبەش و هاوهەڵوێست، داوایان ئاراستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کرد.

بەرجستەنەکردنی پرسی شوناس، نە لە لایەن حیزبەکانەوەو نە لە لایەن زۆربەی خەڵکی رۆژهەڵاتەوە، هەوڵدانێکی بەجێ بوو بۆ گرێدانی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان  بە بەشەکانی دیکەی ئێرانەوە. هەنگاوێکی دروستە لە ئاراستەی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی رۆژهەلاتی کوردستان. دیارە ئەم هەوڵە سەروو-ئیتنیکیە، بۆچوونێکی بەجێیە، چوونکە ئامانجی زۆربەی حیزبەکانی رۆهەڵات کە پێگەی جەماوەریان هەیە، دیاری کردنی مافی چارەنووسە لە چوارچێوەی خاکی ئێران. ئەمەیش ناتەبایی نیە، لە گەڵ گرێدانی خەباتی رووخانی کۆماری ئیسلامی، بە بەشەکانی دیکەی ئێرانەوە. سەرانسەری بوونی خۆپێشاندانەکان و بەشداریی خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێران، بە تایبەت ناوچە فارسنشینەکان، تەنها هۆکار کوژرانی ژینا ئەمینی نەبوو، بەڵکوو سەبەب پەنگخواردنەوەی ساڵەها نارەزاەیەتی لە هەمبەر سەرکووت، دۆخی خراپی ئابووری، گەندەڵی، نەبوونی ئازادی  و شکست لە مودیریەتی ئێران دایە.

 لە ماوەی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، ڕژێم هەوڵی داوە لە لایەک کۆماڵگا بە سەر خودی و ناخودی، لە لایەکی دیکەوە بۆ كۆنترۆڵی کردنی کۆمەڵگا، رژێم پشتی بەستووە بە سیاسەتی دابەش کردن بۆ ئەوەی باشتر حوكمڕانی بكات. بە جۆرێک توانی کۆمەڵگای ئێرانی ئەتۆمیزە بکات. ئەم سیاسەتە بریتی بوو لە جەمسەرگیری لە لایەکەوە دانیشتوانی پیاو لە بەرامبەر ژنان، ئایینی شیعە دژی سوننە، گروپە نەتەوەییەکان یەکێک لە بەرامبەر ئەوی تر. سەبارەت بە کورد، کۆماری ئیسلامی لە هیچ پرۆپاگەندایەک بۆ بەشەیتانکردنی گەلی کورد و حیزبەکانی خۆی نەپارستووە. بۆیە سرووشتیە ڕژێم هێرش بکاتە سەر کوردستان و، لە پیلانی جۆراو جۆر کەڵک وەربگرێ و هەست و سۆزی ئایینی و نەتەوەیی دژ بە گەلی کورد و حیزبەکانی بجووڵێنێ. ماوەی چەند دەیەیە، کوردی وەک گەلێکی دڕندەوە و، لە جنسی جنۆکە،  سەربڕ و هتد پێناسە کردووە. هەتا ئەوڕۆشی لەگەڵ بێت، کورد وەک هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی ئێران دەناسێنێت. ساڵانێکی زۆرە کوردستان وەک پرسی ئەمنییەتی و گەورەترین هەڕەشە و ترس و توندوتیژی بۆ سەر خەڵکی ئێران دەناسێنێ. فتوای جیهادی خومەینی  دژی کورد، هەتا ئەوڕۆ هەڵنەوەشاوەتەوە. بۆ تەبلیغی ئەم سیاسەتە، لە هەموو کاناڵەکان: ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، بڵاوکراوە و کتێب و بیرەوەریک کەڵک وەرگیراوە.

بەڵام رووداوەکانی ئەم جارە دەریخست کە، لە لای بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگای ئێران، هیچ لەو سیاسەتانەی سەرەوە کە کۆماری ئیسلامی لە پێشی گرتبوون، نە پرۆپاگەندا و ترساندنی خەڵک،  لە بە سوورییەیی بوونی ئێران، نە پرسی (تەجزیەتەڵەبی کورد) و هتد، برەویان نەماوە و خەڵک گوێرایەڵی ئەو دروشمانە نابن. ئەم حەرەکەتەی خەڵکانی ئێران، پێچەوانەی ئەو بانگەشانە بوو کە بەردەوام ڕژێم و ناوەندگەراکان دەیانکرد کە هەر هاودەنگی و هاوکارییەک، لە  نێو گەلانی ئێران، مەترسی بۆ یەکپارچەیی خاکی ئێران دروست دەکا.

پەلاماری ڕژێم بۆ سەر بنکەی حیزبە رۆژهەڵاتییەکان لە باشووری کوردستان، چاوەڕوانکراو بوو. هێرشەکانی ڕژێم بۆ سەر حیزبەکانی رۆژهەڵات، تەنها بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتی لە سەر خۆپێشاندانەکانی ناوخۆ نەبوو، بەڵکوو بە کردەوە حیزبەکانی رۆژهەڵات وەک مەترسی گەورە کە ببن بە چەقی دروستکردنی ئالترناتیڤ بۆ کۆماری ئیسلامی دەبینێ. بۆیە زۆر بە ئاسانیش دەستهەڵناگرێ لە هێرش کردنە سەر حیزبەکان و بۆ لاواز کردنیان هەموو کارێک دەکا. دیارە، جیا لە کۆماری ئیسلامی، زۆر لایەن و ئەوپوزیسیونی کۆماری ئیسلامیش، پێیان ناخۆش نابێت کە کورد و حیزبەکانی لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە، لاواز بکرێن، بۆ ئەوەی خۆیان مەترەح ببن. جیا لەوە، بەشێکی زۆری ئۆپۆزیسیۆن، کورد وەک مەترسی بۆ یەکپارچەیی خاکی ئێران دەبینن. نەک حیزبەکانی رۆژهەڵات، بەڵکوو، ڕژێم دەیهەوێ تا بۆی بکرێ هەرێمیش ناسەقامگیر بکات.

گۆڕانی جۆری خەبات و بەهێزبوونی بزوتنەوەی خەڵک لە رۆژهەڵاتی کوردستان، رێژیمی ئاخوندەکانی تووڕە کردووە. ڕژێم ئێستا لە گەڵ خەباتی نافەرمانی گشتی لە رۆژهەڵات رووبەڕوویە، سەرکووت کردنی زۆر زەحمەتترە تا هێرشی سەربازی بۆ سەر حیزبەکانی رژهەڵات.

پارستنی یەکڕێزی و یەکەهەڵوێستی حیزبەکانی رۆژهەڵات و خەڵکەکەی لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە. دوا خۆپێشاندانەکان نیشانیاندا کە پەیوەندیەکی ئۆرگانیکی بەهێز لە نێو خەڵکی رۆژهەڵات و حیزبەکانی هەیە و دەبێ بپارێزرێ. ئێستا تۆپەکە لە مەیدانی خەڵکی رۆژهەڵاتە، بە گووشار دروست کردنی مەدەنی دەتوانن بە کۆماری ئیسلامی نیشان بدەن کە ئیدی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ هەموو خەڵکی کوردستان تەرەفە نەک تەنها حیزبەکانی. ڕژێم کە لە گەڵ نافەرمانی مەدەنی لە رۆژهەڵات رووبەروویە، دەیەوێ شێوەی خەباتەکە بگوێزێتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەکداری. بۆیە حیزبەکانی رۆژهەڵات نابێ بکەونە ناو ئەو یارییەی ڕژێم.

کوردی رۆژهەڵات دەبێ بۆ هەموو ئیحتیمالاتەکان خۆی ئامادە بکات. لەوانە ئەگەری دووپاتبوونەوەی سیناریوی سووریە هەیە. بەو مانایە کە خۆپێشاندانەکان لە پایتەخت و دەورووبەری بەردەوام بن و، ڕژێم بۆ پاراستنی خۆی، هێزەکانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بکێشێتەوە بۆ پاراستنی پێتەخت. سناریوی دوەم دەتوانێ ئەوە بێت کە خۆپێشاندەکان بەردەوام بن و ڕژێم بەرەو ڕووخان بڕوات. بۆ ئەوەی ئەم سیناریوە سەربگرێ، دەبێ حەڕەکەتە بەرفراوانتر و قووڵتر ببێ. واتە خۆپێشاندانەکان لە حاڵەتی خۆپێشاندان بگۆڕدرێ بۆ مانگرتن لە ئیدارە دەوڵەتییەکان وەک ئەوەی ئێستا لە زانکۆکان روو دەدا. دیارە بەبێ هاتنە پاڵی مانگرتنی  کەرتی ئابووری، وەک کەرتی پیشەسازیی نەوت، کەرتی گواستنەوە … رووخانی ڕژێم هێشتا زەحمەتە. مانگرتن لە هەندێک لە کەرتە ئابووریەکان، ئەگەری رووخانی کۆماری ئیسلامی زیاتر و خێراتر دەکا. هەندێک لە شۆڕشەکان بۆ رووخانی ڕژێمێک، چەندین حەفتە دڕێژە دەکێشن، وەک ئەوەی میسر، هەندێک جاریش چەندین مانگ و ساڵ، وەک ئینقیلانی فەرەنسە. دیارە لەم سەردەمەدا، ئامرازەکانی رووخانی یەک ڕژێم، جیاوازیان هەیە لە گەڵ رابووردوو، وەک تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و هتد.

لە سیناریۆی سێیەم، ئەگەر ڕژێم سەربکەوێ لە دامرکاندنەوەی خۆپێشاندانەکان و ئەوکات تۆڵە لە گەلی رۆژهەڵات بکاتەوە. ئەم حاڵەتە لە دژی تامیلەکانی سریلنکا رووی دا و تووشی قەتڵی عام هاتن و کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی هاتن. بەڵام ئەم ئیحتیمالە بە دوور دەزانم، چوونکە تامیلەکان پەنایان بردە میتۆدی توندووتێژی و کۆمەڵگای نێودەوەتی هاوڕایان نەبوون.

لە ئەگەری سیناریۆی سێیەم، واتە تۆڵەکردنەوە لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە حوکمی ئەوەی کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە نزیکەوە چاوەدێری و بەدواداچوون بۆ دۆخی ئێران دەکا و ناڕەزایەتی لەهەمبەر تووندووتیژیەکانی کۆماری ئیسلامی بەرزبۆتەوە، حیزبە کوردستانیەکان و کۆمەڵگای مەدەنی و چالاکانی سیاسی کورد، دەکرێ کار بکەن بۆ بەنێودەوڵەتی کردنی پرسەکە و دەستێوەردانی نێودەوڵەتی. یاسای نێودەوڵەتی لە قۆناغێک لە سەرکووت، ئیجازەی دەستتێوەردانی نێودەوڵەتی دەدات.


کۆبەند:

لە ئاکامی ئەم خۆپێشاندانانە، کە هەڵاواردنی جێندەری یەکێک لە بزوێنەرە سەرەکیەکانیەتی، ئەگەری زۆری هەیە یەکێک کە لانیکەم تا چەندین نەوەی دیکە، پرسی ژن بە خێراپی وەک پێش کوژرانی ژینای لێ نەیەتەوە. ڕژیمیش هەرچەند نایهەوێت لە حاڵەتی مانەوەی، ناچارە ئەو ڕاستیە قەبووڵ بکا، کە ناتوانێ وەک لە داهاتوو دا، سیاسەتەکانی ئێستای دەرحەق بە ژنان درێژە پێ بدا و ناچارە بەسیاسەتەکانیدا بچێتەوە. خالێکی گرنگی دیکەی ئەم خۆپێشاندانانە ئەوەیە کە پرسی کورد لە رۆژهەڵات بە هۆکاری جیاجیا لەوانە بەهێزبوونی کۆماری ئیسلامی لە یەک دوو دەیەی ڕابووردوو، تووشی جۆرێک فەرامۆشی هاتبوو، بە گشتی تیشکی میدیا و لێکۆڵینەوەکان خرابووە سەر کوردی پارچەکانی دیکە، بەشێوەیەکی ئەتوانی بڵێین بێ وێنە، پرسی رۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکەکەی و هێزە سیاسیەکەی، چ لە ئاستی ئێران و چ لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەهێزەوە هاتە نێوگڕەپانی سیاسیی ئێران. سەبارەت بە کاریگەرییەکانی خۆپێشاندانەکان یەکێک لەو دەستکەوتە گرینگانەی دیکەی خۆپێشاندانەکان تا ئەم قۆناغە، شکانی هەیبەتی ڕژێم و بەرزبوونەوەی وەرەی خەڵکە بە جۆرێک تا ڕادەیەکی زۆر دیواری ترس لای خەڵکە شکاوە.

داگرتنی بابەت

 دۆخی کوردستان دوای مەرگی ژینا

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان