ئارامتر بخوێنەوە
ئیسلامی سیاسی و دەوڵەتی مۆدێرن
دیلان هەردی
بەر لە دەستپێکی بابەتەکە پێویستە خوێنەر «ئایینی ئیسلام» (Islam)، «شارستانییەتی ئیسلامی» (Islam) و «ئیسلامی سیاسی» (Islamism) تێکەڵ بە یەکتر نەکا، چونکە سێ چەمکی جیاوازن و هەر کامیان پێناسەی جیاوازی هەیە.
چەمکی ئیسلامی سیاسی یان ئیسلامیزم وەکوو چەمکێکی زانستی لە دەیەکانی ١٩٧٠ و ١٩٨٠ی زایینیدا بە مەبەستی پێناسە کردنی ڕەوتی گەڕانەوەی ئایینەکان بۆ نێو سیاسەت هاتە ئاراوە. لە ماوەی ئەو چوار دەیەدا، ئیسلامی سیاسی بووە بە بەشێکی گرنگ لە ژێئۆپۆلیتیکی جیهان و وێدەچێ لە داهاتووشدا هەر وا بمێنێتەوە. ڕەوتی ئیسلامی سیاسی وەکوو دژکردەوەیەک لە بەرانبەر ڕێژیمە دەسەڵاتخوازەکان و لائیکەکان و هەروەها لە بەرانبەر کەمڕەنگ بوونەوەی بنەما ئایینییەکان لە کۆمەڵگادا، هەوڵی جێبەجێ کردنی شەریعەت و هێنانە کایەی دەوڵەتێکی ئیسلامـــی دەدات. ئیسلامی سیــاسی خۆی بەرهەمی کۆڵۆنیاڵیزمە و، بنەما ئایدۆلۆژیکییەکەی لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەهەمدا لە لایەن گۆڕانخوازە موسوڵمانەکانی وەکوو جەماڵەددین ئەسەدئابادی و محەممەد عەبدۆ هاتە ئاراوە. دژایەتیی سەرەکیی ئیسلامی سیاسی لەگەڵ جیهانی مۆدێرن و دامەزراوە سیاسییەکانییەتی کە خۆی لە دەوڵەتی مۆدێرندا دەبینێتەوە. هەروەها دژایەتیشی لەگەڵ ئەو ڕەوتە ئیسلامییە نوێخوازانە هەیە کە پێیان وایە ئیسلام لەگەڵ جیهانی مۆدێرن و پێشکەوتنەکانی سازگارە. لەو ڕوویەوە، ئیسلامی سیاسی زۆرترین دژایەتیی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی هەیە و بۆ دژایەتیی کولتووری ڕۆژئاوایی هاتووەتە مەیدان. لە ڕوانگەی ئیسلامی سیاسییەوە، ئەرکی دەوڵەتی مۆدێرن، لاواز کردنی دەسەڵاتی ئاسمانییە و بەهێز کردنی دەسەڵاتی خەڵکە کە ئەوەش ڕیشەی لە کولتووری ڕۆژئاواییدایە.
ئەو دەوڵەتە مۆدێرنەی ئیسلامی سیاسی بۆ دژایەتی کردنی هاتووەتە مەیدان، لەسەر بنەمای سەروەریی یاسا دامەزراوە و تێیدا هیچ دەسەڵاتێکی ئاسمانی لە سەرووی یاساوە ڕەوایی پێ نادرێت. یاساگەلێک کە بە شێوەی عەقڵی هاتوونەتە ئاراوە و دەسەڵات و دەسەڵاتداریش یاسایین و ئەرکی جێبەجێ کردنی یاسایان لەسەر شانە و جگە لە یاسای عەقڵی نابێ ملکەچی هیچ دەسەڵاتێکی دیکە بن. بەڵام ئیسلامی سیاسی هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی دەدات کە دژایەتیی بنەڕەتیی لەگەڵ دەوڵەتی مۆدێرندا هەیە. لە دەوڵەتی ئیسلامیدا، یاسا سەروەر نییە، بەڵکوو لە سەرووی یاسا، دەسەڵاتێکی ئاسمانی هەیە و دەوڵەت ئەرکی جێبەجێ کردنی دەسەڵاتی ئاسمانی لەسەر شانە. یاسای عەقڵی هیچ جێگەیەکی ئەوتۆی لە دەوڵەتی ئیسلامیدا نییە و لە جیاتی ئەو، شەریعەت پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ڕێک دەخات. هەڵبەت پەیوەندیی نێوان ئیسلامی سیاسی و دەوڵەتی مۆدێرن، پەیوەندییەکی ئاڵۆزە: لە لایەک ئیسلامی سیاسی خۆی لە دژی دەوڵەتی مۆدێرن و سەروەریی یاسا و دامەزراوەی سیاسیی مۆدێرن سەری هەڵداوە و وەکوو هەر ئایدۆلۆژییەکی دیکە جیهانگیرە و خۆی لەنێو سنوورە نەتەوەیییەکاندا قەتیس ناکات. لە لایەکی دیکەشەوە بەشێک لە ڕێکخراوە ئیسلامییەکان بەشدارن لە پڕۆسە سیاسییەکانی دەوڵەتی مۆدێرن و نەتەوەیی. پێویستە بە دوای وڵامی ئەوەدا بگەڕێین کە بیرۆکەی ئیسلامی سیاسی چلۆن هاتە کایەوە و دژایەتییە هزری و سیاسییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی مۆدێرن و نەتەوەیی لە چیدان؟
وڵامی ئەو پرسیارە لە پێنج بەش پێک هاتووە، لە بەشی یەکەمدا پێویستە بگەڕێینەوە بۆ مێژووی سەرهەڵدانی بیرۆکەی ئیسلامی سیاسی لە ڕووی هزرییەوە. لە بەشی دووهەمدا، باس لە شکستی مۆدێرنیتەی هاوردە کراو و لاواز بووونی ناسیۆنالیزمی دەوڵەتانی موسولمان دەکرێت کە بە هۆکاری سەرەکیی بەهێز بوونی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی دادەندرێت. لە بەشی سێهەمدا، شوناسی نەتەوەیی و شوناسی ئیسلامی و جیاوازیی نێوان ناسیۆنالیزمی عەڕەبی و ناسیۆنالیزمی ناعەڕەبی دەهێندرێتە بەرباس. بەشی چوارەم باس لەوە دەکات کە چلۆن ئیسلامی سیاسی لە ڕێگەی بەشداریی سیاسییەوە بەنەتەوەیی دەکرێت و هزری دروست کردنی دەوڵەتی ئیسلامی کەمڕەنگ دەبێتەوە. لە کۆتاییشدا لە بەشی پێنجەم، دژایەتییە بنەڕەتییەکانی نێوان ئیسلامی سیاسی و دەوڵەتی مۆدێرن دەهێندرێنە بەرباس.
هاتنە ئارای بیرۆکەی ئیسلامی سیاسی لە ڕووی هزرییەوە
ئیسلامی سیاسی لە ڕووی هزرییەوە وەکوو دژکردەوەیەکی سیاسی و کولتووری دژ بە هێژمۆنیی ڕۆژئاوا بوو کە لە نیوەی سەدەی نۆزدەهەمدا لەدایک بوو و لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە لە لایەن محەممەد ڕەشید ڕەزاوە کە قوتابیی محەممەد عەبدۆ بوو، ئاراستەکەی بەرەو پان ئیسلامیزم گۆڕدرا کە ئەویش ئایدیای دروستکردنەوەی خەلافەتی ئیسلامی بوو. پڕۆژە ئایدۆلۆژییەکەی ئیسلامی سیاسی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕێنێسانسی عەڕەبی (النهضة العربية). ئەو ئایدیایە لە لایەن ڕێکخراوی “اخوان المسلمین”ەوە کەڵکی لێ وەرگیرا کە ئەویش ساڵی ١٩٢٨ لە میسر لە لایەن حەسەن بەننا، قوتابیی محەممەد عەبدۆ دامەزرابوو و وەکوو دایکی گرووپە ئیسلامییەکانی سەدەی بیستەم دەناسرێت. درووشمی حەسەن بەننا دامەزراندنی دووبارەی خەلافەتی ئیسلامی بوو کە ساڵی ١٩٢٤ لە لایەن مستەفا کەماڵ لە تورکیا وەلا نرابوو. ئەو بیرۆکەیە لە لایەن ئەبو عەلا مەودوودی لە پاکستان و سەید قوتب لە میسر پەرەی پێ درا. مەودوودی و سەید قوتب قورئانیان لە دژایەتیی ناموسوڵمانان تەفسیر کردەوە. هەردووکیان هێژمۆنیی کۆڵۆنیاڵ و نوێکۆڵۆنیاڵی ڕۆژئاوایی وەکوو بەردەوامیی شەڕەکانی سەلیبیی سەدەکانی ناوەڕاست سەیر دەکەن. ئیسلامی سیاسی ساڵی ١٩٧٩ لە شێوەی ویلایەتی فەقیهـ لە لایەن خومەینییەوە لە ئێران بە دەسەڵات گەیشت.
لە ڕوانگەی ئیخوانەکانەوە، کۆمەڵگای ئیسلامیی سەردەم بە شێوەی کوێرکوێرانە لاسایی مۆدێلی ڕۆژئاوایی دەکاتەوە. بۆیە اخوان المسلمین هەوڵ دەدات دژەمۆدێلێک لە جیهانی ئیسلامی و لەسەر بنەمای ئایەتەکانی قورئان بنیات بنێت. اخوان المسلمین لە لایەک هەوڵی دووربوون لە ڕۆژئاوای دەدا و لە لایەکیش هەوڵی دەدا دژایەتیی ڕێژیمی پاشایەتیی میسر بکات کە بە پاڵپشتیی بریتانیا هاتبووە سەر کار. هەرچەندە ساڵی ١٩٥٢ لە میسر ئیخوانەکان پشتیوانیان لە بەدەسەڵات گەیشتنی جەماڵ عەبدولناسر کرد، بەڵام دواتر لە لایەن هەمان حکوومەتەوە سەرکوت کران کە ئەوەش بوو بە هۆی ئەوەی ئەو ڕێکخراوە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بێت، بەرەی بناژۆخوازیی بەننایی (حەسەن بەننا) و بەرەی توندڕەوی قوتبی (سەید قوتب). قوتب لە ڕادەبەدەر دژی کاپیتالیزمی ماتریالیست و ناسیۆنالیزمی سێکۆلاری ڕۆژئاوایی بوو. لە ڕوانگەی سەید قوتبەوە، خەڵکی ئەو سەردەمە بەتایبەت لە وڵاتانی موسوڵمان خودا ناپەرستن، بەڵکوو ستەمکارێک دەپەرستن کە دەسەڵاتی خودای لەسەر زەوی داگیر کردووە، بۆیە پێی وابوو کە دەبێ لە دژی ئەو ڕێژیمانە جیهاد بکرێت و ئاسۆی ئەو جیهادەش دەوڵەتی ئیسلامییە .
لە پاکستانیش، سەید ئەبو عەلا مەودوودی (١٩٠٣-١٩٧٩) بیرمەندی ئایینیی پاکستانی و دامەزرێنەری جەماعەتی ئیسلامی هەوڵی دەدا پەیوەندیی نێوان خودا و مرۆڤ بکا بە پەیوەندییەکی سیاسی. مەودوودی پێی وابوو ئیسلام هەر تەنیا ئایین نییە، بەڵکوو ئایدۆلۆژیاشە و دروستکردنی دەوڵەتێکی ئیسلامیی سەردەمییانە، واتە تێئۆ-دێمۆکراسی، شەشەمین کۆڵەکەی ئیسلامە. هەروەها، نەواب سەفەوی (١٩٢٣-١٩٥٥) یەکەم کەس بوو کە بیرۆکەی دروستکردنی دەوڵەتێکی ئیسلامی لە شێوەی کۆماری هێنایـــــە ئــــاراوە. بیرۆکە سیاسییەکانی مەودوودی کاریگەرییان بەسەر سەید قوتب و ڕووحوڵڵا خومەینییەوە هەبوو. خومەینی ئایدۆلۆژیای ویلایەتی فەقیهی لێ بەرهەم هێنا. ویلایەتی فەقیهـ کە لە ئێران بە دەسەڵات گەیشت، پێشتر لە لایەن ئەحمەد نەڕاقی”یەوە لە سەدەی نۆزدەهەمدا تیۆریزە کرابوو و کەسانی دیکەش پەرەیان پێدابوو، بەڵام لەنێو مەرجەعەکانی شیعەدا دژبەری زۆری هەبوو، چونکە وەکوو داهێنان لە ئایینی شیعەدا سەیر دەکرا. لە ئێران، لە ڕێگەی خومەینییەوە ئەو بیرۆکەیە توانی لە ڕووی کردەییەوە جێبەجێ بکرێت.
شکستی مۆدێرنیتەی هاوردە کراو، لاواز بوونی ناسیۆنالیزم و بەهێزبوونی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی
ئیسلامی سیاسی وەکوو دژکردەوەیەک بە داگیرکاریی وڵاتانی ڕۆژئاوایی سەیر دەکرێت،کە ئەوەیش خۆی لە دژایەتی لە بەرانبەر حکومەتەکانی وڵاتانی موسوڵمان دەبینییەوە، چونکە ئەو دەوڵەتانە هەم لائیک بوون و هەم لایەنگری رۆژئاوا. بۆیە دەکرێ ئەو دەوڵەتە نادێموکرات، ناوەندگەرا و تاکحیزبییانەی وڵاتانی عەڕەب و موسوڵمان بە هۆکاری سەرەکیی بەهێزبوونی بزووتنەوە ئیسلامییەکان دابندرێن. ناسیۆنالیستەکان و نوخبەکانی وڵاتانی موسوڵمان بەتایبەت وڵاتانی عەڕەبی لەگەڵ ئەوەشدا کە لە سەرەتادا پشتیوانیی جەماوەرییان بەهێز بوو، بەڵام گرنگترین ڕەهەندی مۆدێرنیتەیان پشتگوێ خستبوو و مۆدێرنیتەیان تەنیا لە هەبوونی سەرمایە و چەکوچۆڵی نیزامیدا کورت کردبوویەوە. ئەوان لەوە نەگەیشتبوون کە کولتووری مۆدێرنیتە لە شێوەی ڕۆژئاوا تەنیا لەو شتانەدا نییە، بەڵکوو پێویستی بە هەبوونی کۆمەڵگای مەدەنییە. ئەوان پێیان وابوو کە ڕاکێشانی هەندێک کۆمپانیا و کارگە و کارخانە و کڕینی چەکوچۆڵی پێشکەوتوو بەسە بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی مۆدێرن و نەتەوەیی، لە حاڵێکدا فاکتەری سەرەکیی مۆدێرنیتە، کۆمەڵگای مەدەنییە کە خۆی لە ڕووی ئابوورییەوە وەکوو بازاڕ ڕێک دەخات و لە ڕووی سیاسیشەوە خۆی وەکوو دەسەڵات و دەوڵەتی یاسا ڕێک دەخات. ئەو دەوڵەتانە تەنیا دژی کۆمەڵگای مەدەنی نەبوون، بەڵکوو دژی بازاڕی ئازادیش بوون، چونکە نەیاندەویست دەسەڵاتی ئــــابووری و سەندیکایی سەرهەڵبدەن و دەسەڵاتی حکومەت سنووردار بکەن .
پێشتر تا دەیەی ١٩٧٠، ئۆپۆزسیۆن لە وڵاتانی موسوڵمان بریتی بوو لە بزووتنەوە چەپەکان. گرووپە ئیسلامییەکان لەگەڵ ئەوەشدا کە خەڵکیان لە دەوری خۆیان تەیار دەکرد، نەیاندەتوانی لە کایە سیاسییەکاندا وەکوو هێزێکی سیاسیی کاریگەر بەشدار بن. شکستی نیزامیی وڵاتانی عەڕەبی لە بەرانبەر ئیسڕائیل لە شەڕی شەش ڕۆژەی ساڵی ١٩٦٧دا شکستی ئایدۆلۆژیاشی بەدواوە بوو، چونکە ناسیۆنالیزمی عەڕەبی تووشی کێشەی جددی کرد و بووە هۆی خاڵێکی وەرچەرخان لە تەشەنە کردنی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی. ئەو شکستە سیاسییە لەگەڵ شکستی ئابووریی وڵاتانی موسوڵمان هاوکات بوو لەگەڵ بێ هێزبوونی بزووتنەوە چەپەکان لە ڕووی هزرییەوە کە نەیانتوانیبوو خۆیان لەگەڵ ڕووداو و گۆڕانکارییەکان نوێ بکەنەوە و لە نەوەی نوێی چینی خوارەوەی کۆمەڵگا دابڕابوون. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی چینی خوارەوە بەخێرایی لە لایەن بزووتنەوە ئیسلامییەکانەوە سەرنجیان ڕابکێشرێت . هەروەها، ئەو شکستانە هاوتەریب بوون لەگەڵ دوو پڕۆسەی تەیار کردنی جەماوەر لە لایەن ئیسلامی سیاسییەوە کە یەکێکیان کۆمەڵایەتی بوو و یەکێکیان سیاسی. پڕۆسەی یەکەمی ئیسلامیزاسیۆن بریتی بوو لە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی کە خۆی لە تۆڕێکی بەربەرینی چاکەکاری و بانگەشەدا ڕێک خستبوو. کاری خۆبەخشانەی ئیسلامییەکان لە بواری جۆراوجۆردا و بانگەشەکانیان بۆ هێنانە ئارای جیهانێکی باشتر، وای کردبوو پێگەی جەماوەریی بەهێز بۆخۆیان دروست بکەن. ئەوان هەوڵیان دەدا سەرنج بدەنە ئەو بوارانە کە لە لایەن حکومەتەوە پشتگوێ خرابوون . یەکێک لە گرنگترین دامەزراوەکان لەو بوارەدا، دامەزراوەی “تبلیغی جماعت” بوو کە ساڵی ١٩٢٧ لە هیندوستان لە لایەن مەولەویی محەممەد ئەلیاسەوە دامەزرا و لە دەیەی ١٩٨٠دا بوو بە گرنگترین دامەزراوەی باننەتەوەییی ئیسلام. لە ڕوانگەی ئەو دامەزراوەیەوە، ئیسلام نابێ تەنیا بابەتێکی کەسی بێ، بەڵکوو موسوڵمان دەبێ بەرانبەر بە جیهانی دەوروبەریشی هەستیار بێت. موسوڵمان نابێ بەتەنیا بۆخۆی موسوڵمان بێ، بەڵکوو بەرپرسیارەتیی لە بەرانبەر هەموو مرۆڤێک لەسەر شانە. ئەو شەپۆلە بە ئیسلامیکردنە کە لە خوارەوەی کۆمەڵگا و لە نێوخۆی خەڵکدا ڕووی دەدا، توانی خۆی بە جەماوەری بکات.
پڕۆسەی سیاسیش لە ساڵەکانی ١٩٧٠ و لە ڕێگەی چالاکیی سیاسی بزووتنەوە ئیسلامییەکانەوە لە دژی ڕێکخڕاوە چەپەکان بەڕێوە دەچوو، ئەوەش بە مەبەستی بەدەستەوەگرتنی مەیدانی ناڕەزایەتی لە دژی دەسەڵاتی سیاسی بوو کە زۆربەشیان سەرکوت کران . لە ئێران، ئیسلامی سیاسیی شیعە ساڵی ١٩٧٩ بە دەسەڵات گەیشت و یەکەم دەوڵەتی ئیسلامیی شیعی دامەزراند. یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی بەهێزبوونی ئیسلامی سیاسی لە ئێران دەسەڵاتخوازیی ڕێژیمی شا و هەوڵدان بوو بۆ کەمڕەنگ کردنەوەی ڕۆڵی ئایین لە کۆمەڵگادا. ڕێژیمی شا هەوڵی دەدا بە شێوەیەکی زۆرەملێیانە مۆدێلێکی ڕۆژئاوایییانە لە ئێران پێشان بدات و بە گوشار و سەرکوت کۆمەڵگایەکی ئایینی ناچار بکات خۆی لەگەڵ مۆدێلی ڕۆژئاوایی لە ڕواڵەتدا سازگار بکات (لاسایی کردنەوەی مۆدێلی ڕۆژئاوایی ڕێژیمی شا زیاتر ڕواڵەتی بوو و لە ناوەرۆکەوە بڕوای بە سیستەمێکی سیاسیی مۆدێرن و دێموکراتیک نەبوو)، بەڵام ئەو شێوە لە مۆدێرنیزە کردنە دژکردەوەی کۆمەڵگای مەزهەبیی ئێران و هاوکات سەرکوتی زیاتری ڕێژیمی شای بەدوای خۆیدا هێنا و بوو بە هۆی لەدەستدانی ڕەوایی زیاتری ڕێژیمی شا و پشتیوانیی زیاتری جەماوەر لە ئیسلامییەکان . ڕێژیمی پەهلەوی هەوڵی بەهێز کردنی ناسیۆنالیزمی فارسی دەدا و دەیویست کولتووری پێش ئیسلام و کولتووری ڕۆژئاوایی جێگەی کولتووری ئیسلامی بگرنەوە، کە ئەوەش بوو بەهۆی بەهێزبوونی ئیسلامی سیاسی کە خۆی لە بنەڕەتەوە دژایەتیی لەگەڵ ئەو دوو کولتوورە هەبوو. هەەروەها، لە دوای شەڕی جیهانی دووهەمەوە ڕێژەی کارگە و کارخانەکان لە ئێران لە زیادبووندا بوون، کە ئەوەش ببووە هۆی هاتنی بە لێشاوی خەڵکی گوندەکان بۆ شارەکان و تێکەڵ بوونیان بە بزووتنەوە چەپەکانەوە، بەڵام ئەو چینە سوننەتی و دێهاتییە زیاتر لەوەی گوێ بۆ بیرۆکە و ئایدیاکانی چەپ ڕابگرن، گوێیان بۆ خوتبەی مەلاکان ڕادەگرت. هەربۆیەش ئیسلامییەکان توانییان ڕاکێشی نێو بزووتنەوەکانی خۆیانیان بکەن .
شوناسی ئیسلامی و شوناسی نەتەوەیی لە ڕوانگەی ئیسلامی سیاسییەوە
پەیوەندیی نێوان ئیسلامی سیاسی و ناسیۆنالیزم پەیوەندییەکی زۆر تەبا نییە، چونکە لە بنەڕەتەوە کێشەی هزرییان لەگەڵ یەکتر هەیە. لە دوای ساڵەکانی ١٩٦٠ـەوە، دوو ئایدۆلۆژیای ڕکابەر لە وڵاتانی موسوڵمان کەوتنە ململانێ لەگەڵ یەکتر. ئەو دوو ئایدۆلۆژیایە سەدەیەک پێشتر واتە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمەوە لە دژی هێژمۆنی ئەورووپییەکان لەدایک ببوون. یەکەمیان لە لایەن چینی شارنشینی ئەو سەردەم پاڵپشتی دەکرا و دەیویست مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی ئەورووپی و دامەزراوەکانی لەگەڵ کۆمەڵگەی ئیسلامی بگونجێنێت و پەیوەندییەکی نوێ لەنێوان جیهانی سەردەم و میراتی کولتووری و ئایینی جیهانی ئیسلام دروست بکات. ئەو بیرۆکەیە لەگەڵ ڕێفۆرمەکانی محەممەد عەلی پاشا (والیی میسر) و ئایدیاکانی ڕیفاعە تەهتاوی (گۆڕانخوازی ئیسلامی) دەستیان پێ کرد و بووە هۆی دروستبوونی یەکەم حیزبی نەتەوەیی لە میسر لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەهەمدا. ناسیۆنالیزمی عەڕەبی لە لایەک لەژێر کاریگەریی بیرۆکەی ئیدەئالیزمی ئاڵمانی هێردێر و فیشتێدا بوو، لە لایەکی دیکەشەوە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ئیسلام نەپچڕاند و بۆ تەیار کردنی جەماوەر کەڵکی لێ وەردەگرت. ئەو ڕەوتە نەتەوەیییە پێداگریی لەسەر دەوڵەتی نەتەوەیی دەکرد و پێی وابوو کە بۆ گەڕاندنەوەی گەورەییی ئیسلام، دەبێ سیاسەت لە سەرووی ئایینەوە بێ. ڕەوتی ڕکابەر بە ناوی ڕەوتی کولتووری کە لە داهاتوودا دەبن بە ڕەوتی ئیسلامی سیاسی، لە لایەن چینی نەریتیی کۆمەڵگای ئەوکات پاڵپشتی دەکرا و بە هیوای گەڕانەوەی خەلافەت بوون بۆ ئەوەی ڕێ لە دابەشبوونی ئوممەتی ئیسلام بۆسەر چەندین وڵات بگیرێت. ئەو ڕەوتە پێی وابوو هۆکاری لاواز بوونی کۆمەڵگای موسوڵمانان، دوور کەوتنەوەیانە لە ئیسلامی ڕاستەقینە. هەربۆیەش گەڕانەوە بۆ بنەمای ئیسلام (سەلەف) و شەریعەت ڕێگەچارەیە بۆ بەرگری و مانەوە. محەممەد عەبدۆ بە بنەمای هەر دوو بزووتنەوە دادەندرێت. ئەو ڕەوتە بە پێچەوانەی ڕەوتی نەتەوەیی، پێی وابوو کە ئایین دەبێ لە سەرووی سیاسەتەوە بێ تا پاڵپشتی لەو ڕەسەنایەتییە بکات کە دەوڵەتی لەسەر دادەمەزرێت. هەر دوو ڕەوتەکە لە خەباتی ئایدۆلۆژیکیدا یارمەتیدەر بوون بۆ ڕزگاری و سەربەخۆییی وڵاتانی عەڕەبی. بەڵام ڕەوتی نەتەوەیی کاریگەرتر بوو، چونکە شارەزایی باشتری لە چەمک و بابەتە مۆدێرنەکاندا هەبوو و لە ڕووی نێونەتەوەییشدا دەست و هێزی سەرووتری هەبوو. هەربۆیەش دواتر دەسەڵات و دەوڵەت کەوتە دەست ڕەوتی نەتەوەیی. بەڵام چەند دەیە دواتر، دەوڵەتە نەتەوەیییەکان لە بەجێ گەیاندنی بەڵێنەکانیاندا سەرکەوتوو نەبوون. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ڕەوتە ئیسلامییەکان بە گوتاری “ڕزگاری لە کولتووری ڕۆژئاوا” نەتەوەیییەکان تووشی شکست بکەن .
ئیسلامی سیاسیی وڵاتانی عەڕەبی جیاوازە لە ئیسلامی سیاسیی وڵاتانی ناعەڕەبی. لەو ڕووەوە کە زمان و ئێتنیک و کولتووری عەڕەبی لەگەڵ ئیسلام لێک گرێ دراون. نزیکایەتیی نێوان ناسیۆنالیزمی عەڕەبی و ئیسلام لە هەندێک ڕووەوە وایکرد کە بەعسییەکان لە بەرانبەر سنوورە دەستکردەکانی نێوان وڵاتانی عەڕەبی و دروستکردنی نیشتمانێکی یەکپارچەی عەڕەبی، بیر لە بانناسیۆنالیزمی ئیسلامی بکەنەوە. بەپێچەوانەوە، ئیسلامی سیاسی لە وڵاتانی ناعەڕەب، خۆی لە دەرەوەی ناسیۆنالیزم و شوناسی نەتەوەییدا دەبینێتەوە و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئیسلام و لە دەرەوەی تایبەتمەندییە ئێتنیکی و زمانییەکاندا شوناسی نەتەوەیی دووبارە بنیات بنێتەوە. بۆ وێنە، لە ئێران و لە تورکیا، ئیسلامی سیاسی لە دژی ناسیۆنالیزمێکی لائیک و تۆخ سەری هەڵدا کە خۆی لە مێژووی پێش ئیسلام گرێ دابوو. خومەینی دژی گەڕانەوە بۆ پارسی پێش ئیسلام بوو و ئیسلامی کرد بە پێناسەی دەوڵەتی ئێران و پێگەیەکی جەماوەریی بەهێزتر لە پارسی هێنایە کایەوە، چونکە زۆرینەی خەڵکی ئێران موسوڵمانە، بەڵام لە ڕووی نەتەوەیییەوە زۆرینەی خەڵکی ئێران فارس نییە. نەجمەددین ئەربەکان سەرۆکوەزیری پێشووی تورکیا لە ساڵەکانی ١٩٩٦ و ١٩٩٧ و دامەزرێنەری کۆمەڵێک حیزب و ڕێکخراوی ئیسلامی، هەوڵی دەدا، لە ڕێگەی ئیسلامی سیاسییەوە کورد تێکەڵ بە سیاسەتی تورکیا بکاتەوە. کارێک کە ئەردۆغانیش هەوڵی بۆ دەدا. چونکە کورد بەشێکی گرنگی دانیشتووانی تورکیا پێک دێنێت، بەڵام لەژێر هێژمۆنیی زمان و شوناسی تورکیدا بەتەواوی پەراوێز خرابوو. ئەربەکان هەوڵی دەدا شوناسی ئیسلامی بدات بە وڵاتی تورکیا و بەو شێوەیە کورد و تورک بخاتە نێو یەک بازنەوە. لە پاکستان، محەممەد عەلی جەناح، دامەزرێنەری وڵاتی پاکستان سەرەتا هەوڵی دەدا شوناسی وڵاتێکی لائیک بدات بە پاکستان، بەڵام ئەبو عەلا مەودوودی دژایەتی دەکرد و پێی وابوو کە ئیسلام تاکە پێناسەی پاکستانە و دەبێ دەوڵەتەکە ئیسلامی و لەسەر بنەمای شەریعەت بێت نەک تەنیا وڵاتێکی موسوڵمان بێت و لائیک و نەتەوەیی بێت. بەفەرمی کردنی زمانی ئۆردوو کە زمانی کۆچبەرە هیندییەکانە، وڵاتی پاکستانی لە شوناسی نەتەوەیی دوور کردەوە، لە حاڵیکدا نزیکەی ٦٠ لەسەدی دانیشتووانی پاکستان بە زمانی پەنجابی دەدوێن. واتە لە جیاتی شوناسی نەتەوەیی، شوناسی ئیسلامی درا بە هەموو زمان و نەتەوەکانی پاکستان. چونکە شوناسی ئیسلامی پێگەی کۆمەڵایەتیی بەرفراوانتری هەبوو و زۆرینەی وڵاتی دەگرتەوە .
لەگەڵ ئەوەشدا کە لە هەندێک وڵاتدا ئیسلام وەکوو شوناسی نەتەوەیی دیاری کراوە، بەڵام ئایدۆلۆژیای ئیسلامی لە بنەڕەتەوە دژی ناسیۆنالیزمە و دەوڵەتی نەتەوەیی دەکاتە قوربانیی ئوممەتی ئیسلامی و هەوڵ بۆ هاتنە ئارای حکومەتێکی ئیسلامیی جیهانگیر دەدات. اخوان المسلمین خۆی بە شێوەی هەرێمی ڕێک خستووە و بە هەمان شێوەی بەعسییەکان دەوڵەتە عەڕەبییەکان وەکوو هەرێم سەیر دەکات. هەندێک لە بزووتنەوە ئیسلامییەکان بۆ باشتر دژایەتی کردنی دەوڵەتی نەتەوەیی کەڵک لە وشەی خەلافەت وەردەگرن. بۆ ئیسلامییەکان، نەتەوە گرنگ نییە، بەڵام هەموو گرنگیی خۆیان دەدەن بە دەوڵەت. هەڵبەت ئیسلامییەکان لە ئێستادا ناچارن ڕەچاوی هەندێک بابەتی مێژوویی و جیهانی و دابەشبوونە جوگرافییەکان بکەن و خۆیان لە چوارچێوەی نەتەوەیەکدا بدۆزنەوە. ئەمڕۆکە، زۆرێک لە ڕێکخراوە ئیسلامییە میانەڕەوەکان لە جیاتی ئەوەی بیر لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی بکەنەوە، نەتەوەیی بیر دەکەنەوە. بۆ نموونە لە ئێران کە حکومەتێکی ئیسلامی لە دەسەڵاتدایە،لەنێو دەسەڵاتدا باڵی جیاواز دروست بووە کە زیاتر بیری ئێرانییان زاڵە بەسەر بیری ئیسلامیدا. بەشێک لە توێژینەوەکان دەریانخستووە کە بەشداریی بزووتنەوە ئیسلامییەکان لە پرۆسەی سیاسیدا دەبێتە هۆی بەنەتەوەییبوونیان.
بە نەتەوەییبوونی ئیسلامی سیاسی لە ڕێگەی بەشداری کردن لە پرۆسەی سیاسی وڵاتدا
بە ڕای بەشێک لە توێژەران، بەشداریی سیاسی بووەتە هۆی وازهێنانی بەشێک لە ڕێکخراوە ئیسلامییەکان لە بیرۆکەی دروستکردنی دەوڵەتی ئیسلامی. واتە کاتێک ڕێکخراوە ئیسلامییەکان بەشدارن لە سیستەمی سیاسیدا، خۆیان لەگەڵ ڕەفتارێکی پڕاگماتیک و دێموکڕاتییانە دەگونجێنن. هەرچەندە ئەو بۆچوونە تۆزێک ئاڵۆزە و هێشتا لە بواری ئاکادێمیکدا بەتەواوی بەهێز نییە. لە لایەکی دیکەوە، دەوڵەتان بۆ ڕەواییدان بە سەرکوتی ڕێکخراوە ئیسلامییەکان پێیان وایە ئەو ڕێکخراوانە هەڕەشەن و هەوڵ دەدەن تەنانەت لە ڕێگەی بەشداریی سیاسیش بێ، دەوڵەتێکی ئیسلامی بهێننە سەر دەسەڵات. بۆیە دەیانخەنە دەرەوەی سیستەمی سیاسییەوە، کە ئەوەش لە لایەن ڕێکخراوە ئیسلامییەکانەوە وەک ڕەواییدان بە توندوتیژی و گۆڕینی دەوڵەت کەڵکی لێ وەردەگیرێت. لە میسر، ڕێگە نەدانی ئیخوانەکان بۆ چوونە نێو سیاسەت و سەرکوت کردنیان بووەتە هۆی بەهێزبوونی بەرەی توندڕەوی قوتب و جیهادییەکانی اخوان المسلمین. بەرەی بناژۆخواز میانەڕەوترن و بەرەی توندڕەو بەتایبەت دوای کودەتای ٢٠١٣ی میسر لە دژی محەممەد مورسی توندڕەوتر بوونەتەوە. لە وڵاتی تونس، بەشداریی حیزبی النهضە لە پڕۆسەی سیاسیدا بووە هۆی ئەوەی حیزبەکە لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە بەرەو میانەڕەوی بڕوات. حیزبەکە خۆی وەکوو حیزبێکی دێموکرات موسوڵمان نیشان دەدات و نایهەوێ بگەڕێتەوە بەرەو شەریعەتتەوەری. لە هەندێک لە شانشیینە عەڕەبییەکان، لقەکانی اخوان المسلمین لە پڕۆسەی سیاسیدا بەشدارن، ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە نەتەوەیی بیر دەکەنەوە. بەڵام هیچ کام لە گرووپە توندڕەوە جیهادییەکان لە پڕۆسەی سیاسیدا بەشدار نین و تەنانەت قەدەغە کراون، چونکە هیچ کامیان بڕوایان بە سنوورە نەتەوەیییەکان نییە. بزووتنەوە ئیسلامییە هەرێمییەکان، واتە ئەوانەی لە چوارچێوەی وڵاتێکدا خۆیان ڕێک خستووە، زیاتر نەتەوەیین تا ئایدۆلۆژیک، چونکە ئایدۆلۆژی خۆی جیهانگیرە و سنوورە نەتەوەیییەکان تێپەڕ دەکات، بەڵام ئەو بزووتنەوە هەرێمییانە زۆر سەرنج نادەنە دەرەوەی سنوورەکان و زیاتر سەرقاڵی ناوەوەن.
بەنەتەوەییبوونی بزووتنەوە ئیسلامییەکان بەهۆی پڕاکتیزە کردنی دەسەڵاتەوەیە کە لەسەر ئاستی نێوخۆیی پێویستی بە کرانەوەی سیاسی، یاسای عەقڵانی، هەڵبژاردن و پێکهێنانی هاوپەیمانێتییە لەگەڵ حیزبە نەتەوەیییەکان. هەروەها، لە ئاستی نێونەتەوەییش پێویستیی بە شوناسی نەتەوەیی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی و پڕاگماتیزم و ڕیاڵیزمە. ئەگەر سیستەمی سیاسی کەمتر کراوە بێ، ئیسلامییەکان لە کایە سیاسییەکانی ناوخۆدا ئاستی نەتەوەیییان دادەبەزێت؛ لەگەڵ ئەوەیکە لە سیاسەتی دەرەوەدا نەتەوەییتر دەبن، لە سیاسەتی نێوخۆییدا کاردانەوەیان بە نیسبەت هەندێک بابەت توندتر دەبێت، بەتایبەت بەرانبەر بە هەندێک پرس کە پەیوەندییان بە شەریعەتەوە هەیە، وەکوو مافی ژنان. لە کۆتایییەکانی دەیەی ١٩٩٠دا، زۆرینەی بزووتنەوە ئیسلامییەکان بیری نەتەوەیییان بەهێز بوو و مەیدانی چالاکییان نێوخۆی وڵاتەکەیان بوو. ئەو بەنەتەوەییبوونە هاوتەریب بوو لەگەڵ کەمڕەنگ بوونەوەی دەستێوەردانی دین لە سیاسەتدا کە هۆکارەکەشی پلۆڕالیزم و بەشداریی فرەڕەنگە .
سەبارەت بە بەشداریی ئیسلامییەکان لە سیستەمێکی دێموکراتیکدا، دوو بۆچوونی جیاواز هەیە: بۆچوونێکی “زاتگەرا” کە پێی وایە لەبەر ئەوەی ڕێکخراوە ئیسلامییەکان لە بنەڕەتەوە ئایدۆلۆژیکن، ناتوانن دێموکراسی پەسند بکەن و بەشداری کردنیان لە سیستەمێکی دێموکراتیکدا، تەنیا تاکتیکێکی هەلپەرستانەیە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و هێنانە ئارای حکومەتێکی ئیسلامی. بۆچوونێکی “بەستێنگەرا” کە پێی وایە ژینگەی سیاسی و چوارچێوەی سیاسی گرنگتر و دیاریکەرترن و دەتوانن ڕەفتاری سیاسیی ڕێکخراوە ئیسلامییەکان بگۆڕن .
دژایەتیی ئایدۆلۆژیی ئیسلامی سیاسی و دەوڵەتی مۆدێرن لە ڕووی تیۆری و دامەزراوەیییەوە
ئیسلامی سیاسی وەکوو جۆرێک لێکدانەوەی بنەماکانی شەریعەتی ئیسلامە. شەریعەت لە ڕوانگەی عولەماکانی ئیسلامەوە بریتییە لە پاکەتێک نووسراوەی سەر داخراو کە دەبێ هەوڵ بدرێت بە باشترین شێوە لێک بدرێنەوە. بەڵام لە ڕوانگەی ئیسلامیستەکانەوە شەریعەت خۆی لە خۆیدا بریتییە لە پڕۆژەیەکی سیاسی بۆ حکومەت کردن کە تەنیا لە کۆمەڵگایەکی ئیسلامیدا جێبەجێ دەکرێت. عولەماکانی ئیسلام پێیان وایە کە ئەرکی ئەوان چاودێریی دەوڵەتە تا خۆی لەگەڵ یاسا و ڕێساکانی شەریعەت بگونجێنێ و بەلاڕێدا نەچێت و نەکەوێتە دژایەتیی بنەماکانی ئیسلام، بەڵام ئیسلامیستەکان پێیان وایە کە ئەوان دەبێ چاودێریی کۆمەڵگا و تاکەکانی کۆمەڵگا بکەن تا لە ڕووی ئەخلاقییەوە خۆیان لەگەڵ شەریعەت ڕێک بخەن و ڕێگە نەدرێ بەلاڕێدا بچن. ئەگەر لە دەوڵەتی مۆدێرندا، یاسا وەکوو مێکانیزمێکە بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگا و پەیوەندیی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا، لە ڕوانگەی ئیسلامیستەکانەوە، تەنیا شەریعەتە کە ڕەفتاری تاکەکان و پەیوەندیی نێوانیان ڕێک دەخات، بۆیە پێیان وایە ناتوانرێ بە شێوەی مێکانیکی و دامەزراوەیییەوە ڕێز لە شەریعەت بگیرێت، بەڵکوو دەبێ بە شێوەی ڕەفتاری بێت. واتە بابەتی شەریعەت، بابەتی یاسا و دامەزراوەکان نییە، بەڵکوو پرسێکی ئەخلاقییە (O. Roy, p.90). کێشەکە لێرەوەیە کاتێک شەریعەت لە دەرەوەی یاسای دەوڵەت و بە شێوەی هاوتەریب هەوڵی کۆنتڕۆڵی ئەخلاقی کۆمەڵگا بدات، چونکە لە پێناسەی دەوڵەتی مۆدێرندا، یاسا دەبێ سەروەر بێت و تاکە سەرچاوەش بێت. شەریعەت دامەزراوەیەکی هزریی جیا لە دەوڵەت و دژە دەوڵەتە، واتە کۆمەڵێک حوکمی نەگۆڕن کە هەموو کردەوەیەکی مرۆڤ دەکەنە ئامانج و ڕێگرن لە هاتنە ئارای هەر جۆرە پێکهاتەیەکی دامەزراوەیی. لە ڕاستیدا، باس لەسەر فۆڕم و گرنگیی دامەزراوە سیاسییەکان جێگەی خۆی دەدات بە باس لەسەر ئەخلاق و ڕەوشتی ئیسلامی. واتە لە ڕوانگەی ئیسلامیستەکانەوە، ڕەوشتی باشی تاکەکان بەسە بۆ هاتنە ئارای کۆمەڵگای ئیدەئال، وە پێویستیش بە دامەزراوەی دیکە ناکات. ئیدەئالی سیاسیی ئیسلامی، کۆمەڵگایەکی بڕوادارە کە تێیدا ڕەوشتی تاکەکانی کۆمەڵگا هەموو پەیمانێکی سیاسی بێ سوود دەکات. لە ڕوانگەی ئیسلامییەکانەوە، هاتنە ئارای کۆمەڵگایەکی ئیسلامیی ڕاستەقینە دەبێتە هۆی لاوازبوون و هەڵوەشانەوەی دەوڵەت، لەبەر ئەوەی سەروەری تەنیا بۆ خوا دەبێ نەک بۆ یاسا. هەروەها پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەرەنجامی ڕەوشتی تاکەکان دەبێت و پێویستی بە نێوەندیگەری دامەزراوەکان نییە (O. ROY pp. 87-88). بەو پێیە، ئیسلامی سیاسی ئایدۆلۆژیایەکی دژە دەوڵەتە، کە جیاوازە لە تێئۆکراسی، بەڵکوو جۆرێک ئاناڕشیزمە کە پێویستی بەوەیە هەر تاکێکی کۆمەڵگا بەڕەوشت بێ. ئەو ئیدەئالیزمە تاکگەرا و بە شێوەیەکی پاڕادۆکسیکاڵ مۆدێڕنە، ناکردەوەیی و ئەستەمبوونی دەوڵەتی ئیسلامی دەردەخات، لەبەر ئەوەی ئەگەر شەریعەت سەرچاوەی حکوومەتکردن بێ، واتە دەوڵەت نابێ هەبێ، هەروەها ئەگەر دەوڵەت هەبێ، شەریعەت ناتوانێ سەرچاوەی حکومەتکردن بێت.
دەوڵەتی مۆدێرن دەوڵەتێکی سانتڕاڵیزە و ناوەندگەرایە. بەو واتایە کە دامودەزگای یاسایی دەوڵەت لە هەموو دامەزراوە و پێکهاتەیەکی دیکە بەهێزترە. دەوڵەتە پێش مۆدێرن و کلاسیکەکانی وەکوو خەلافەتە ئیسلامییەکان کە ئیسلامی سیاسی بانگەشەیان بۆ دەکات، ناوەندێکی بەهێزیان هەیە، بەڵام سانتڕالیزە نین، بەڵکوو دەسەڵاتی خەلیفە بە هاوبەشیی لەگەڵ خەڵکی نزیک لە خۆی و کۆمەڵێک شێخ و سەرۆک هۆزی ناوچەیی بەڕێوە دەچێت. دەوڵەتی مۆدێرن بەو شێوەیە نییە و پێکهاتە و دامەزراوە دەوڵەتییەکانی ناوەند زۆر لە دەسەڵاتە نادەوڵەتییەکانی وەکوو شێخ و سەرۆک هۆز و بنەماڵەیی بەهێزترن. بیرۆکەی سیاسیی مۆدێرن سێ خاڵی گرنگ لەخۆ دەگرێت: یەکەمیان سنووردار کردنی یاسایی دەسەڵاتی دەوڵەتە کە ناسراوترین ئامرازیش بۆ ئەوە دێموکراسییە. دووهەمیان، ئەوەیە کە حکومەت دژایەتیی لەگەڵ کولتووری شارۆمەندەکانی نییە و خۆی بەرهەمی دەنگی خەڵکە. سێهەمیان، ئەوەیە کە دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ هێنانە ئارای ژیانێکی باشترە بۆ هاوڵاتییانی . ئەگەر ئەو سێ تایبەتمەندییەی دەوڵەتی مۆدێرن لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی ئەو دەوڵەتە ئیسلامییەی کە لە لایەن ئیسلامی سیاسییەوە هەوڵی بۆ دەدرێت بەراورد بکرێن، دەردەکەوێت کە ناتەبایییەکی زۆریان لەگەڵ یەکتر هەیە: یەکەمیان، بەپێچەوانەی دەوڵەتی مۆدێرن، دەوڵەتی ئیسلامی دەسەڵاتێکی ئاسمانییە و سنووردار کردنی لە لایەن شارۆمەندان و یاسا و دەستوورەوە ڕێگەی پێ نادرێت. دووهەمیان، دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ کۆمەڵگای ئیسلامی هاتووەتە ئاراوە و پێکهاتە و ئایینەکانی دیکەی بۆ گرنگ نییە. ئەو دەسەڵاتە بەرهەمی دەنگی خەڵک نییە و ڕەوایی خۆی لە خەڵک وەرناگرێت، بەڵکوو لە شەریعەتی وەردەگرێت. سەبارەت بە سێهەم خاڵ، هێنانە ئارای ژیانێکی باش لە سیستەمێکدا کە یاسای عەقڵانی هیچ بەهایەکی نەبێت و مافی مرۆڤ و ئازادیی تاک لە کۆمەڵگادا هیچ گەرەنتییەکی نەبێت، ئەستەمە.
ئەنجام
بە پێی زۆربەی ئەو توێژینەوانەی لەسەر ئیسلامی سیاسی کراون، ئیسلامی سیاسی دژایەتی لەگەڵ مۆدێرنیتە هەیە و لە دژی ئەویش سەری هەڵداوە، تەنیا لەو ڕوویەوە مۆدێرنە کە جەماوەر ڕادەکێشێت بۆ نێو سیاسەت، بەڵام بە ڕەتکردنەوەی چەمکی سەروەری بۆ مرۆڤەکان و بەئاسمانی کردنی یاسا، هەر خۆی دژایەتیی ئەو ڕوویە مۆدێرنە دەکاتەوە. ئیسلامی سیاسی بە تێنەگەیشتن یان ڕەتکردنەوەی ئەوەیکە سەرچاوەی یاسا و دەسەڵات کۆمەڵگا بێت، وا خۆی دەردەخات کە ئایدۆلۆژیایەکی لە ڕووی هزرییەوە هەژارە. هەژاریی هزری وایکردووە لەگەڵ ئەوەشدا کە لە هەر کام لە وڵاتانی موسوڵمان زۆرینەی کۆمەڵگا لە موسوڵمان پێک هاتووە، بەڵام بزووتنەوە ئیسلامییەکان نەتوانن بە دەسەڵات بگەن یان ئەگەر بە دەسەڵاتیش بگەن (وەکوو ئێران)، نەتوانن ئەو دەوڵەت و کۆمەڵگە ئیدەئالە دروست بکەن کە بانگەشەیان بۆ دەکرد ، بەڵکوو هەمان مۆدێلی دیکتاتۆری بهێننە ئاراوە کە تێیدا تاکەکانی کۆمەڵگا نەک مافێکی ئەوتۆیان نییە، بەڵکوو تەنیا کەرەستەن.
ئەگەرچی ئیسلامی سیاسی ئایدۆلۆژییەکی جیهانگیرە و هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامیی جیهانی دەدات و ڕێز لە سنوورە نەتەوەیییەکان ناگرێت و یاسا بە سەروەر نازانێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بەشێک لە بزووتنەوە سیاسییەکان ئەگەرچی بە دەسەڵات نەگەیشتوون، کەچی بەشداریی لە پڕۆسەی سیاسی دەوڵەتە نەتەوەیییەکاندا دەکەن کە تێیاندا یاسا سەروەرە نەک شەریعەت. بەشداریی سیاسیی ئەو بزووتنەوانە دەبێتە هۆی بەنەتەوەیی بوونیان و کەمڕەنگ بوونەوەی بیرۆکەی پێکهێنانی دەوڵەتی ئیسلامی لە ڕووی هزرییەوە. بەشداریی ئیسلامییەکان لە پرۆسە سیاسییەکان و پەسند کردنی سەروەریی یاسا و کەمڕەنگ بوونەوەی شەریعەتتەوەری، بە ڕای هەندێک لە توێژەرانی ئەو بوارە، وەکوو شکستی ئیسلامی سیاسی سەیر دەکرێت و لە بنەڕەتدا پاشەکشەی هزریی ئیسلامی سیاسی دەگەیەنێت.
سەرچاوەکان:
- ALCAUD David (dir.), Dictionnaire de sciences politiques, Paris : SIREY, 2010, 2ème édition.
- ANQUEZ Matthieu, Géopolitique de l’Iran, Paris : Argos, 2014.
- BLANC Théo, « Islam politique (1) : qu’est-ce que l’islam politique ? », , 28/11/2017,
- ESPOSITO John L., The Islamic Threat : Myth or Reality ?, Oxford University Press, 1992.
- FONTAINE Jacques, « L’échec des nationalismes arabes et l’essor de l’islamisme », Cause commune, n° 24, juillet/août 2021.
- HARDY Dylan, Régime politique iranien : entre autoritarisme et totalitarisme, Paris, 2019.
- KEPEL Gilles, Le prophète et le pharaon, Paris, La découverte, 1984.
- Lahouari Addi, « Nationalisme et islamisme : histoire d’un double échec », OASIS, , 02/02/2021.
- ROY Olivier, “Political Islam after the Arab Spring. Between Jihad and Democracy”, Foreign Affairs, November/December 2017.
- ROY, Olivier. « Islamisme et nationalisme », Pouvoirs, vol. 104, no. 1, 2003.
- SEDGWICK Mark, « Les musulmans et l’État moderne : quel est le problème ? », Middle East Eye, , 9/11/2018.