مێــــژووی خـــەونی بینــــاکــردنی (Construction) یەکەیەکی سیاسیی یەکپارچەی بەهێز لە جوگرافییای بەناو ئێران بۆ کۆتایییەکانی قۆناغی قاجار و سەرهەڵدانی نوخبەی ناسیۆنالیستی فارسی، واتە ئاخوندزادە و کرمانی، دەگەڕێتەوە. لەگەڵ سەرهەڵدانی نوخبەی ناسیۆنالیستی فارسی لە کۆتایییەکانی قاجار و پەرەپێدانی بۆچوونە ناسیۆنالیستییە ڕەگەزپەرەستانەکەیان لەلایەن بازنەی بەرلین و پاشان دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی فارسی لە ساڵی ١٩٢٥ –پاشان بە فەرمانێکی ڕەزا پاڵەوی لە ساڵی ١٩٣٦دا ناوەکەی گۆڕدرا بۆ ئێران – هەموو هەوڵەکانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی فارسی بیناکردنی دەوڵەتێکی یەکپارچەی بەهێز لەسەر بنەمای ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی شوناسی فارسی بووە. دامەزراندنی دەوڵەتی نوێ لە جوگرافییای سیاسیی ئێران دەرفەتێکی زێڕینی دا بە “باوکانی” ناسیۆنالیزمی ڕەگەزپەرەستانەی ئێرانی فارسی بۆ ئەوەی هەموو دامەزراوە دەوڵەتییەکان بخرێنە خزمەت جێبەجێکردن و وەدیهێنانی خەونی یەکەیەکی سیاسیی وەها – واتە یەک دەوڵەت و یەک نەتەوە. هەر لە سەرەتاوە دامەزراوەگەلێکی وەک “سازمان پرورش افکار”، “سپاە دانش”، و “پەروەردەی گشتی” بە ئاشکرا ئەرکی وەدیهێنانی لایەنی نەرم و ئایدیۆلۆژیکی پڕۆژەیەکی وەهایان وەئەستۆ گرت؛ دواتر ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن و ئینجا میدیای دیجیتاڵیش هاتنە مەیدان و بەشدارییەکی گرینگیان لە ڕاپەڕاندنی پڕۆژەکەدا کرد. بەشی ڕەقی پڕۆژەکەیش لەلایەن ئەرتەش، دامەزراوە چەکدارییەکان، و دامەزراوە ئابوورییەکان جێبەجێ دەکرا. ئەم هەوڵانە تا ئێستایش لە ڕێگەی هەموو دامەزراوە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان، و تەنانەت لە ڕێگەی ژیانی ڕۆژانەی ئەکتەرە کۆمەڵایەتییە ئێرانییەکانیشەوە، بەردەوامە.
یەکێک لە بنەڕەتیترین لایەنەکانی وەدیهێنانی ئەم دۆخە کۆمەڵایەتییە خوازراوە، زمانی فارسیییە. هەر لە سەرەتاوە، زمانی فارسی لەلایەن ڕووناکبیران و کاربەدەستانی ئێرانی وەک کۆڵەکەی شوناسی ئێرانی پێناسە کرا و هەوڵی سەپاندنی بەسەر هەموو نەتەوە و ئەتنیکەکانی جوگرافییای سیاسیی ژێردەستی فارسدا درا. لەم پڕۆسەیەدا ڕۆژهەڵاتناسەکانیش ڕۆڵێکی سەرەکییان بینی و تەنانەت پێش سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی فارسی کەسانی وەک گۆبینۆ بەستێنە ئایدیۆلۆژیکییەکانی خەونێکی وەهایان دابین کردبوو.
گرینگیی ڕۆڵی زمانی فارسی لە پڕۆژەی دەوڵەتسازی و نەتەوەسازیی ناسیۆنالیزمی فارسی ئێرانیدا کاتێک دەردەکەوێ کە لە بەستێنی بۆچوونەکانی بیرمەندی دژەکۆلۆنیالیستی کێنیایی نگووگی (Ngũgĩ )دا سەیری ڕۆڵی زمان لە پەیوەندیی نێوان کۆلۆنیالیست و کۆلۆنیکراودا بکەین. نگووگی پێی وایە کە زمانی کۆلۆنیالیستی گرینگترین ئامرازی گواستنەوەی ئایدیۆلۆژیای کۆلۆنیالیستییە. زمانی کۆلۆنیالیستی نەک هەر کاریگەریی قووڵ لە شێوەی بیرکردنەوەی کۆلۆنیکراو لەبارەی کۆلۆنیالیست و کۆلۆنیالیزمەوە دادەنێت، بەڵکوو کاریگەریی لەسەر شێوازی بیرکردنەوەی کۆلۆنیکراو لە خۆی وەک تاک و نەتەوە و لە کۆلۆنیکاریشدا هەیە. جگە لەم کاریگەرییە قووڵەی نگووگی باسی دەکات، بەشێکی گرینگی واقیعی کۆمەڵایەتیش لە زماندا ڕوو دەدات و بونیاد دەندرێت.
زمانی فارسی، وەک یەکێک لە گرینگترین ئامراز و ئامانجەکانی کۆلۆنیالیزمی فارس، توانیویەتی لە مێژووی نزیک سەت ساڵەی دەوڵەتی فارسدا کاریگەریی قووڵ لەسەر تێگەیشتن، جوانیناسی، چێژ، و کەسایەتیی کۆلۆنیکراوی کورد دابنێ. بەشێکی بەرچاوی سووژەی کۆلۆنیکراوی کورد لە ڕێگەی زمانی کۆلۆنیالیستیی فارسییەوە بەشداریی لە پەرەپێدان، بەهێزکردن، و گواستنەوەی میراتی کۆلۆنیالیستیی ئێرانی فارسیدا هەبووە و هەیە. ئەم بەشدارییە لە باری ئاست و شێوازەکانی جیاواز و فرەچەشنە.
لەم نووسینەدا خاڵی گرینگ ڕۆڵی زمانە لە بیناکردنی پڕۆژەی دەوڵەتسازی و نەتەوەسازیی ئێرانی؛ پڕۆژەیەک کە لە بنەڕەتدا کۆلۆنیالیستی و فاشیستییە و لەسەر نکۆڵی و تواندنەوە، و ڕووتاندنەوەی ئەوانیتری نافارس دامەزراوە. زمانی فارسی لە ئەدەبیاتەوە هەتا فەلسەفە و زانستە سرووشتییەکان، لە ژیانی ڕۆژانەڕا هەتا موسیقا و بیاڤی ڕووناکبیری کاریگەریی قووڵی لەسەر هەست و نەستی کورد داناوە، تا ئەو جێگایەی زۆر کات بیستوومانە کوردێک کوتوویەتی خەونی دیتووە و خەونەکەی بە زمانی فارسی بووە. ئەم کاریگەرییە قووڵ، فرەڕەهەند، درێژخایەن، و فرەچەشنانە بەشێکن لە ئەرکی زمان و ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمی فارسی بۆ نەتەوەسازی و دەوڵەتسازیی ئێرانی.