ئارامتر بخوێنەوە

بزووتنەوەی ژینا بەربەرەکانێی دیسکۆرسی شوناسخوازانە

بەرانبەر بە ناسیۆنالیزمی ناوەندخواز


ئازاد محەممەدیانی


دەستپێک

ئــــەگـەر بە گشتی بڕواندرێتە بەستێنە فکرییەکانی پێش سەرهەڵدانی بـــزووتنــــەوەی ژینا و بەستێنی کۆمەڵایەتیی ئەو بزووتنەوەیە، دەتوانین باس لە چەند بیچمی سەرەکیی ئەم جووڵانەوەیە لە توێی مێژووی سیاسیی کورد، خەباتی مەدەنی و لە سەرووی هەموویانەوە جموجۆڵی ژنانی کورد لەم سەدەیەدا و، بزووتنەوە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەک و، ناسیۆنالیزمی ئێرانی وەک ئەویتری گوتاری ئەم سەرهەڵدانە لە لایەکی دیکەوە کە لە درێژەی بزووتنەوەکەدا خۆی لە بەرانبەر ئەودا ڕێک خست، بکەین، کە وەک ماکە سەرەکییەکانی ئەو بزووتنەیە دێنە بەرباس.

ڕوونە کە ئەم بزووتنەوەیە لێکەوتەی حەولی بەردەوامی کۆمەڵگای کوردی بۆ گەیشتن بە ماف و داکۆکی لە شوناسە نەتەوەیی‌یەکەیەتی، بەڵام چۆن ئەم حەولە مێژوویی‌یە لە هەلومەرجێکی ئاوادا و بە هۆکاری کوشتنی کچە کوردێک بە نوقتەی تەقینەوە و سەرانسەری بوونی بزووتنەوەیەکی مافخوازانەی ژنان و بزووتنەوەیەکی گشتگیری دێموکراسیخوازی گەیشت؟ چۆن ئەو بزووتنەوە مۆدیڕنە کە لە ڕۆژەکانی یەکەمەوە توانی جەماوەرێکی بەرچاوی خەڵکی ئێران بەتایبەت ناوەند لەگەڵ خۆی هاوڕێ بکات، دواتر ڕووبەڕووی دۆخێکی جیاواز بووەوە کە نیشانەی ناهاوڕێی و تاڕادەیەکیش بەربەرەکانێی ناوەندخوازەکانی ئێرانی بوو؟

دوو واتای “شوناس” و “جیاوازی” ئەو واتایانەن کە دەتوانن لە توێی “ئێنتێرسێکشوالیتە” وەک تیۆرییەکی سیاسی بۆ لێکدانەوەی ئەم بزووتنەوەیە و تەنانەت ڕووداوەکانی دواتری کەڵکی لێ وەربگیرێ، تیۆرییەکی فێمینیستی بۆ کاریگەریی ستەمە جۆراوجۆرەکان لەسەر کەسایەتیی ئافرەتی ستەملێکراو و ڕەوتی ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان لەژێر ئەو کاریگەرییەدا. ڕاستییەکەی ئەم تیۆرییە بۆخۆی لەسەر بنەمای “فێمینیزمی ڕەش” کە باس لە “ستەمە چەندفاقەکان” دەکا، دامەزراوە، ئەو جۆرە ستەمانە کە لە کۆمەڵگای ئەمریکای دژە ڕەشی سەرمایەداری ڕوویان داوە و ژنی ڕەش جیا لە ستەمی جێندەری، لەژێر کاریگەریی دوو جۆر ستەمی ڕەچەڵەکی و چینایەتیشدا بووە و هەیە.  لە ڕوانگەی فێمینیستە ڕەشەکانەوە ئەوان: «ئەرکی ئەوەیان لەسەر شانە کە جۆرێک لە کردەوە و لێکدانەوەی گشتی بدەن بەدەستەوە کە باس لەوە دەکا پێکهاتە سەرەکییەکانی ستەم پێکەوە یەکگرتوو و لێک گرێدراون، [ ڕاستییەکەی] لێکگرێدانی ئەم ستەمانەن کە دۆخی ژیانی ئێمە پێک دێنن. ئێمە وەک ژنانی ڕەش‌پێست بۆ خەبات دژ بە لێکگرێدانی ستەمە چەندفاقەکان، “فێمینیزمی ڕەش”مان پێ بزووتنەوەیەکی سیاسیی بیرمەندانەیە»(اسمیت؛ ١٣٩٣؛ ١٤). ئەم جۆرە فێمینیزمە بۆ ڕێبەرایەتی کردن و لێکدانەوەی دۆخی خەباتی ژنانی ستەملێکراوی نەتەوە بندەستەکان یەک لەو تیۆرییە سیاسییە بەکەڵکانەیە کە بە باشترین شێوە دۆخی ئەو ژنانە و خەباتەکەیان لەژێر کاریگەریی ستەمە جۆراوجۆرەکان لێک دەداتەوە. لەسەر بنەمای ئەم جۆرە لە فێمینیزم  “کیمبێرلی کرێنشاو” پسپۆڕی مافی ڕەش‌پێستەکان داهێنەری واتای “ئینتێرسێکشناڵیتی”ە، ڕاستییەکەی «ئینتێرسێکشنالیتە وەک واتایەکی گرینگ دەیهەوێ جۆراوجۆریی “ڕەچەڵەکی” لە “ڕەگەزدا” و جۆراوجۆریی “ڕەگەزایەتی” لە “ڕەچەڵەکدا” نیشان بدات»(رستم پور؛ ١٤٠٠؛ ١٣) لە هەنگاوی یەکەمدا ئەم تیۆرییە جۆرێک ناڕەزایەتی و دژکردەوە دژ بە ژنە فێمینیستە سپی‌پێستەکان بوو، چون لە ڕوانگەی فێمینیستە ڕەش‌پێستەکانەوە ئەوان هەم لە لایەن پیاوانی ڕەش و سپییەوە و، هەم لە لایەن ژنانی سپی‌پێستەوە چەوساونەوتەوە. لێکدانەوەی بنەڕەتیی فێمینیزمی ڕەش ئەوەیە کە ژنانی سپی‌پێست ناتوانن لە کێشەکانی پێوەندیدار بە ستەمی ڕەچەڵەک‌پەرەستانە، کە دەستەویەخەی ڕەش‌پێستەکانە بگەن. بە درێژاییی خەباتی فێمینیستی، ئەوەی کە پتر لە هەر لایەنێک بووەتە هۆی کپ کردنی دەنگی ژنانی ڕەش، ژنانی فێمینیستی سپی بوون و بایەخێکیان بۆ ئازاری ژنە ڕەنگین‌پێستەکان دانەناوە.(مشیرزادە، ١٣٩٠، ٤١٤)

لە لایەکی دیکەوە ژنانی ڕەنگین‌پێست کە خۆیان لە چوارچێوەی گوتاری فێمینیزمی ڕەشدا دەبیننەوە، ئەو ڕەخنەیە ئاراستەی ڕەوتی سەرەکیی فێمینیزم دەکەن کە سەرنج ناداتە چەوساندنەوەی ژنانی ڕەچەڵەک، نەتەوە و قەومێکی جیاواز، بە دەست ژنانی ڕەچەڵەک و نەتەوەیەکی دیکەوە و ئەو پرسیارە دێننە ئاراوە کە: “ئایا زانیارییەکمان لەسەر جیاوازییەکانی ژنان هەیە”؟(ڕیتزێر، ١٣٨١، ٤٩٥)

هەروەک باس کرا “ئێنتێرسێکشوالیتە” لە ڕێی دوو واتای “شوناس” و “جیاوازی”یەوە پێداگری لەسەر جۆراوجۆریی شوناسەکان دەکا کە پێکهاتوو لە کۆی تایبەتمەندییەکانی ژنی ستەم‌لێکراوە، کە ئەوە شوناسێکی جیاواز بە هەموو تایبەتمەندییەکانی ژنێکی جیاواز لە ژنانی نەتەوەی سەردەست دەخوڵقێنێ، «جەخت کردن لەسەر ستەمێکی تایبەت لەسەر ئێمە، بەپێی بنەمای واتای “سیاسەتی شوناس” جێگیر دەبێ، ئێمە لەو باوەڕەداین ڕادیکاڵترین شێوەی سیاسەتەکان لە ناخی شوناسی تایبەتیی ئێمەوە هەڵدەقوڵێ نەک حەول بۆ سڕینەوەی ئەو ستەمانە»(اسمیت؛ ١٣٩٣؛ ٢٠).

لە ڕاستیدا شوناس هاوکات لەگەڵ جیاوازی، ئەو واتا گرینگە لەم تیۆرییەدان کە پێوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەزموونی زەینی و کۆمەڵایەتیی تاک هەیە. لەم ڕێگەیەوە نیزامە کۆمەڵایەتییەکان شکڵ دەگرن و تاکەکان خۆیانی تێدا دەبیننەوە. بەپێچەوانەی فێمینیزمی باڵادەست کە لە تیۆریی ئینتێرسێکشواڵیتەدا بە سپی‌پێست باس دەکرێ، لەم چوارچێوە فکرییەدا باس کردن لە ستەمێکی مێحوەری ناتوانێ لێکدانەوەیەکی دروست لەو دۆخە بێ کە ژنی نەتەوەی ژێردەست یا کەمینە تێیدایە.

لەسەر ئەو بنەما نەزەرییەی باس کرا ئەم وتارە دەیهەوێ لێکدانەوەیەک لەسەر شۆڕشی ژینا و ئەو ڕەوتەی دوایی پێیدا تێپەر بوو، بدا بەدەستەوە و ئەم پرسیارە گشتییە وڵام بداتەوە کە چ هۆکار یا هۆکارگەلێک بوونە هۆی سازبوونی بزووتنەوەی ژینا و سازبوونی ئەو فەزا گوفتمانییە جیاوازەی کە لە مانگەکانی دواتری بزووتنەوەکەدا ساز بوو.

“ژینا” وێنایەک لە چوار ستەم

ستەمی ڕەگەزایەتی؛ ژینا وەک هەموو کچ و ژنێکی ئێرانی نەتەنیا لەژێر باری ستەمی نیزامی پیاوسالاریی ڕۆژهەڵاتیدایە و بە شێوەیەکی مێژوویی هەڵگری هەڵاواردنی کۆمەڵگایەکی پیاوسالارە کە ژن لە نیزامە عورفییەکەیدا نیوەی پیاوە و وەک نامووسی پیاو دێتە ژمار، بەڵکوو لەژێر ستەمی گشتیی دەسەڵاتی سیاسیی تێئۆکراتیکدایە کە بنەما فکری و سەرچاوە مەعریفییەکانی نەتەنیا بە قازانجی ئافرەتان نییە، بەڵکووو بە شێوەیەکی ئاشکرا دژە ژنە، جۆرە نیزامێک کە ژن لەودا بە ئەمری پەروەردگار دەبێ داپۆشراو بێت و لە پێوەندییە کۆمەڵایەتی و یاسایی‌یەکاندا وەک نیوەی پیاو بێتە ژمار و ئەگەر لەو بەها ئایینییانە لایدا، دەبێ تاوانەکەی بدات، وەک ژینا چۆن بە تاوانی لاوازبوونی حیجاب (لە ڕوانگەی ئەم دەزگا فیکرییەوە) گیانی لێ ئەستێندرا. حیجابی زۆرەملێ ئەو بابەتەیە کە ڕاستەوخۆ پێوەندیی بە ژنەوە هەیە و کوژرانی ژینا ڕاستەوخۆ بەهای ئافرەت‌بوونی ئەو بوو، هەروەها نموونەی بەرچاوی ستەمی ڕەگەزایەتی.

ستەمی مەزهەبی؛ ژینا لە بنەماڵەیەکی کوردی سوننە مەزهەبی کوردستان لەدایک بوو، هەڵگری کلتوورێک بوو کە جیاوازی هەیە لەگەڵ کلتووری شیعەی مەزهەبی فەرمیی ئێران، ڕاستییەکەی نەتەنیا ئەو سوننی بوونە جیاوازی لەگەڵ کلتووری ناوەند ساز کردووە، بەڵکووو بۆخۆی هۆکاری هەڵاواردنێکی یاسایی و سیاسییە لە لایەن دەسەڵاتی ناوەندەوە کە بۆخۆی پێناسەی ئیسلامی سیاسیی دوازدە ئیمامی لە خۆی دەدا بەدەستەوە و وەک مەزهەبی فەرمی ناساندوویەتی، هەر لەم ڕێیەوە سوننە مەزهەبەکانی ئێرانی خستووەتە پەراوێزەوە و لەژێر ئەو ستەمەدان.

ستەمی نەتەوایەتی؛ ژینا کچە کوردێک بە کلتووری کوردانەوە بوو کە بە درێژاییی یەک سەدە لەگەڵ ناوەند بەهۆی هەڵاواردن و ستەمی نەتەوایەتی و سیاسییەوە لە شەڕدایە، ڕاستییەکەی ناوی ژینا نیشانەیەکی دیاری ستەمی نەتەوایەتییە لە ڕێی ئیستبدادی زمانییەوە، ناوی ناسنامەیی ژینا، مەهسایە، بەو هۆکارەی کە “ژینا” بەهۆی کوردی بوونییەوە یا تووشی سانسۆڕی سیستماتیکی دەزگای ئیداری بووە یا بەهۆی سانسۆری خۆویستیی بنەماڵەکەی نەچووەتە نێو ناسنامەکەیەوە، شتێک کە لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتدارێتیی ناسیۆنالیزمی فارسی و لە ڕێی ئیستبدادی زمانییەوە باوە و بنەماڵەکان بۆ پاراستنی داهاتووی منداڵەکانیان لە سیستمی ئیداریدا ناچار بە قەبووڵی ناوی ناکوردین، بەڵام وەک ناوی نافەرمی ناوی کوردی هەر بەکار دێنن. ژینا بەهۆی کوردبوونەوە لەژێر جۆرێک لە ستەمی نەتەوایەتیدا بوو کە مێژووەکەی دوو هێندەی تەمەنی کۆماری ئیسلامییە.

ستەمی ناوەند؛ یەک لە دیاردە هەرە دیارەکانی وڵاتە گەشەنەسەندووەکان یا لە حاڵی گەشەسەندندا، “گەشەی ناهاوسەنگ”ە، کە زۆر جار دەکرێ پێوەندی بە جیاوازیی ئایین، نەتەوە و مەزهەبیشەوە نەبێ. بەو مانایە کە ناوەندی دەسەڵاتدارێتی و ئابووریی وڵات لە گەشەدایە و هەموو جۆرە بەهرە و ئیمکاناتێک هەیە و ناوچەکانی دوور لە ناوەند واتە پەراوێز بە بەراورد لەگەڵ ناوەند، هەم لە باری ئاوەدانی و خزمەتگوزارییەوە، هەم لە باری ئابوورییەوە لە دۆخێکی نالەباردان. ژینا کچە سەقزییەک، واتە شارێکی چکۆلەی پارێزگایەکی پەراوێزخراوی ئێران، کە لە تارانی پایتەختی ئێران میوان بوو، نموونەی بەرچاوی ستەمی ناوەندی بەهرەمەندتر دژ بە پەراوێزی نابەهرەمەند یا کەم بەهرەمەندترە.

ئەم چوار تایبەتمەندییە پێکهێنەری شوناسی ژینا بوون، ژینا کچە کوردی سوننیی سەقزی، شوناسێک پێکهاتوو لە چوار جیاوازی کە بوونەتە هۆی شوناسێکی جیاواز، شوناسێک کە هەڵگری چوار ستەمە، چوار جۆر ستەم کە لەسەر یەک کەڵەکە بوون و لە ئاکامدا کەسایەتییەکیان پێک هێناوە کە چارەنووسەکەی لە ئاکامی ئەو دۆخە داسەپاوەدا مەرگ بوو. بە پێی نەزەرییەی “ئێتێرسێکشوالیتە” ستەمێک کە بەسەر ژینادا سەپاوە، ناتوانرێ وەک چوار ستەمی جیا باسیان بکرێ، بەڵکووو ئەم چوار ستەمە وێكڕا و بە شێوەیەکی کەڵەکەبوو قەبارەی ئەم ستەمە چەندقات دەکەن. واتە باس کردن لە کاریگەریی هەر کام لەو ستەمانە بە جیا نادروستە، چون کۆی گشتیی ئەو ستەمانە و کارتێکەرییان لەسەر یەکتر و تاکەکان بەرهەمهێنەرەوەی ستەمی زیاترن. پەراوێزبوون و بەهرەمەندنەبوون لە خزمەتگوزاری و ئیمکاناتەکانی ناوەند، وەک نەبوونی ئیمکانی یەکسانی لە ڕاهینان و پەروەردە و تەنانەت پزیشکیدا، هەڵاواردنی مەزهەبی و گوشاری مەزهەبی باڵادەست، گوشاری نەتەوەیی کە زۆرترین کاریگەرییەکەی لە ڕێی زمان و ناوی ژیناوە داناوە و قەبارەی ستەمی ڕەگەزایەتییان لەسەر ژینا وەک کچێک چەندقات کردووە، ئەوانە سەرەڕای کاریگەریی کۆمەڵایەتی، کاریگەریی دەروونیش لەسەر ژینا و کچانی هاوشێوەی ئەو دادەنێن. کەواتە بەراوردی ستەمی سەر ژینا لەسەر ژنی فارس یا ژنی تورکی شیعە هاوسەنگ نییە و ناتوانرێ بەراورد بکرێ، شتێک کە دواتر بوو بە هۆی ڕێکخستنی بزووتنەوەیەکی جەماوەری لە کوردستان و ئێراندا.

بزووتنەوەی ژینا

وەک باس کرا ژینای کچە کورد بووە قوربانیی سیاسەتی ئیسلامی سیاسی لایەنگری حیجابی زۆرەملێ، بەڵام ئەوە تەنیا بابەتی حیجاب نەبوو کە بووە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی جەماوەریی ژینا، بە چەشنێک کە بە زووترین کات دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” بووە سەردێڕی ئەو بزووتنەوەیە و وەک دروشمی ناوەندیی کورد، لە توێی بزووتنەوەکەدا جێگیر بوو، ڕاستییەکەی ئەم دروشمە لەسەر ئەساسی ویستە مێژووییەکانی کورد وێڕای دروشمەکانی دیکەی جەماوەری کوردستان هاتنە سەر شەقام و بوونە بنەما سەرەکییەکانی گوتاری سیاسیی ئەم بزووتنەوەیە. بەپێی ئازارە مێژوویی و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان ئەم دروشمە و دروشمی دیکە دەکوترانەوە، بەڵام ڕاوەستان لەسەر ئەو دروشمە هۆکارەکەی ئەوەیە کە توانی بە زووترین کات سنوورەکانی کوردستان بپێوێ و لە سەرانسەری ئێران و تەنانەت ناوەندە جیهانییەکانیشدا بۆ پشتگیریی ئەم بزووتنەوەیە بکوترێتەوە. پێویستە لێرەدا ئەو باسە بێتە ئاراوە کە چۆن مەرگی ژینا توانی شەقامی کوردی و دواتر شەقامی ئێرانی بجووڵێنێ و دروشمە سەرەکییەکەی هێژمۆن بکات؟

مەرگی ژینا بەهۆی بابەتی حیجابی زۆرەملێ لەسەر بنەمای ستەمی ڕەگەزایەتی توانی ستەمە چەندفاقەکانی دیکەی “مەزهەبی، نەتەوایەتی و پەراوێز-ناوەند” دەربخات و هەستیاریی کۆمەڵگای کوردی پێ بجووڵێنێ، مەرگی ژینا تەنیا مەرگێک نەبووە کە لە ساڵەکانی ڕابردوودا لە ئێران ڕوویان داوە، بەڵام چۆنە ئەم ڕووداوە توانی دۆخێکی وەها بخوڵقێنێ و ئایا ئەگەر ئەو ڕووداوە بۆ ئافرەتێکی فارس یا بەشەکانی دیکەی ئێران ڕوویان دابا، هەمان کاریگەریی دەبوو؟

وڵامی ئەو پرسیارانە لە ڕێی تیۆریی ئینترسێکشواڵیتەوە دەدرێتەوە؛ کاتێک ڕووداوێک بۆ ئافرەتێکی نەتەوەی ژێردەست ڕوو دەدا، بەئاسانی پیاوانی ئەو نەتەوە یا ئەو ڕەچەڵەکە لەگەڵ ژنان لەسەر بنەمای تایبەتمەندییەکانی دیکە واتە شوناسە جیاوازەکەیان هاوپەیمان و یەکگرتوو دەبن، ڕاستییەکەی لێرەدا هاوشێوەی شوناس دەبێتە سەرچاوەی یەکگرتوویی، شوناسێک کە لەسەر بنەمای چەندین جیاوازی پێک هاتووە. ژنی کوردی سوننەی ناوچە پەراوێزخراوەکان بەهۆی هەر چوار تایبەتمەندییەوە دەجووڵێن، پیاوی کوردی سوننەی ئەو ناوچەیە بەهۆی سێ تایبەتمەندیی هاوشێوە، ژنی کوردی شیعەی ناوچە پەراوێزەکانیش بەهۆی سێ تایبەتمەندی و پیاوی کوردی شیعە و یارسانی ئەو ناوچانە بەهۆی دوو تایبەتمەندی، کەواتە هۆکاری یەکگرتووییی کوردستان وێڕای هەموو جیاوازییەکان لانیکەم دوو تایبەتمەندیی هاوشێوەیە کە بەهێزترینیان تایبەتمەندیی نەتەوایەتییە کە لە هەموویاندا هەیە. ئەم دۆخە توانی کوردستان یەکگرتوو بکات و ستەمە چەندفاقەکان ببنە هۆی سازبوونی بزووتنەوەی جەماوەری، لە بەیانییەی “تاقمی ڕووباری کومباهی”دا کە مانیفێستی فێمینیستیی ڕەشە و دەلاقەیەکە بە ڕووی تیۆریی “ئینتێرسێکشواڵیتە”دا هاتووە کە: «ئێمە ئەگەرچی فێمینیزم و هاوڕەگەزخوازین، بەڵام لەگەڵ پیاوانی پێشکەوتووی ڕەش  هەست بە یەکگرتوویی دەکەین، …دۆخی ئێمە وەک ڕەش‌پێست پێویستی بە یەکگرتوویی لەسەر بنەمای ڕەچەڵەک هەیە، دیارە ژنانی سپی‌پێست پێویستییان بە یەکگرتووییی ڕەچەڵەکی نییە[چون گرفتێکیان بە ناوی ستەمی ڕەچەڵەکی نییە تا پێویستییان بە یەکگرتوویی بێ] »(اسمیت؛ ١٣٩٣؛ ٢٠). بۆیە کوشتنی ژینا لە لایەن دەسەڵاتەوە لەسەر حیجابی زۆرەملێ دەبێتە هۆی ئەو یەکگرتوویی‌یە جەماوەرییە و جیاوازییەکانی پێکهێنەری شوناسی کورد دێنێتە سەر شەقام. ئەگەر ژینا کچێکی فارس بوایە، ئەگەری ئەوەی کە بزووتنەوەیەکی وەها ساز بێ، بەپێی ئەم تیۆرییە لاواز بوو، چون لە بنەمادا شتێک جگە لە بابەتێکی ئینسانی کە ئەویش ئەوەندە بە‌هێز نییە کە کۆمەڵگا بجووڵێنێ لە ئارادا نییە و یەکگرتوویی‌یەک لەسەر ئەساسی ئەم جۆرە ستەمانە پێک نایەت. بەڵام دیتمان ناوەند بەتایبەت ئافرەتان لە ڕۆژی هەوەڵەوە هاتنە سەر شەقام. یەکەم، لەبەر ئەوەی کچێک بەهۆی حیجابی زۆرەملێوە کوژراوە و ئەو بابەتە ئەوەندە بەهیز هەیە کە ژنانی دیکەی ئێرانیش کە لەژێر ستەمی پیاوسالاریی مەزهەبیدان، بجووڵێنێ. دوو، لەبەر ئەوەی؛ تەواوی گەلانی ئێران بە نەتەوەکان و بە کوردیشەوە سەرەڕای ستەمە چوارفاقەکەی کە بەسەریدا زاڵە، لەژێر یەک ستەمی گشتیدان ئەویش دیکتاتۆڕیی کۆماری ئیسلامییە و بزووتنەوەیەکی سەرانسەریی دێموکراسیخوازی یا باشتر بڵێم دژی کۆماری ئیسلامی لە ئارادایە، کە ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە هەر بابەتێکی کۆمەڵایەتی و حقووقی بە شێوەیەکی گشتی بە زووترین کات ببێتە بابەتێکی سیاسی و ئێعتڕازی، وەک گرانبوونی بێنزین، دابەزینی نرخی ڕیاڵ، کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکڕاینی، هەڵبژاردن و زۆر بابەتی دیکە کە ڕیشەی لە نەبوونی متمانە بە دەسەڵات و کەمبوونی مەشڕووعییەتی سیاسیدایە.

هێژمۆن بوونی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” بنەمای ڕاست لەو دوو هۆکارەدایە کە بۆ هاتنە سەر شەقامی پێکهاتە جیاوازەکانی ئێران باس کران، یەکەم ئەوەیە کە؛ ژن، هەموو ژنانی ئێران دەگرێتەوە، دووهەم، لەبەر ئەوەی کە ئازادی، هەموو خەڵکی ئێران دەگرێتەوە کە لە خەباتێکی گشتی دژ بە ئێراندان و ژیانیش تەعبیر لە ژیانێکی باش دەکا دوای کۆماری ئیسلامی کە لە خەڵکی زەوت کردووە، بەڵام ئەوەی کە هێژمۆن دەبێ ڕیشەی لە دوو هۆکاردایە، یەکەم ئەوەی کە؛ ئوسوولەن بزووتنەوەی دژی کۆماری ئیسلامی بە درێژایایی ئەو دوو دەیەی کە لەسەر پێ بووە دوای بزووتنەوەی سەوز نەیتوانیوە هەڵگری دروشمێکی تایبەتی بێ کە بتوانێ هەڵقوڵاو یا پێکهێنەری گوتارێکی سیاسیی گونجاو و ڕکەبەری کۆماری ئیسلامی بێ، کە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” ئەو توانایی‌یەی دا بەو بزووتنەوە جەماوەرییە و توانی وەک پێناسەیەکی شۆڕشگێڕانە و مەدەنی دژ بە حکومەت بەکاری بێنێ. واتە ئەو دروشمە “توانایی گوتاری”، بەخشی بە بزووتنەوەی مەدەنی و سیاسی و گشتی دژ بە کۆماری ئیسلامی. دوو، ئەوەی کە؛ ڕۆحی یەکگرتووییی کوردستان و هاودەنگی تێکڕای کوردستان لە بەرەنگاری لە خوێنی ژینا و پێداگری لەسەر ئەو دروشمە ئەو جەزابییەتەی دابوو بە بزووتنەوەی کوردستان کە بتوانێ تواناییی هەناردەکردنی هەبێ، شتێک کە دۆخی سیاسیی ئێران پێویستی پێی هەبوو، بۆیە ئەو دروشمە توانی هێژمۆن بێ و وەربگێردرێتە سەر فارسی و تەنانەت زمانەکانی دیکەی جیهانی و لە ناوەندە سیاسییەکانی دنیاش بکوترێتەوە و وەک دروشمی بنەمایی بزووتنەوەی ژینا پێناسە بکرێ.

بزووتنەوەی ژینا و ڕەوتی ڕووداوەکانی دوایی لەژێر کاریگەریی دیسکۆرسێکی تاک شوناسیدا

ژینا وەک کچە کوردێک هەڵگری شوناسێکی تایبەت بوو کە لەسەر بنەمای چەند جیاوازیدا ساز ببوو، جیاوازیی ڕەگەزایەتی وەک جیاوازییەکی گشتی و جیاوازیی نەتەوەیی و مەزهەبی وەک دوو جیاوازیی تایبەتیتر کە دژ بە دوو گوتاری نەتەوەیی و مەزهەبی بووەتە گوتارێکی شوناسخوازانە، گوتاری ناسیۆنالیستی ئێرانی کە لە سەردەمی مەشرووتەوە لە ئێران لە گەشەدا بووە و لە ڕێگەی ڕەزاشای پەهلەوییەوە بووە بنەمای دەسەڵاتی سیاسیی ئێران دژ بە جیاوازییە زمانی و نەتەوەیی‌یەکان، بە چەشنێک کە ئاسیمیلاسیۆنی ئەو جیاوازییانە بووە پلانی ئەو حکومەتە و لە بەرانبەردا لە لایەن ئەو جیاوازییانە بەتایبەت کوردەوە، گوتارێکی شوناسخوازانە بۆ بەرگری لە شوناس و جیاوازییەکانی خۆی شکڵ دەگرێ کە بە درێژاییی مێژووی سەد ساڵەی ئێران بنەمای بزووتنەوە سیاسییەکانی کوردستان بووە، ئەو سیاسەتە لە دەورەی کۆماری ئیسلامیشدا بەتایبەت لە ڕێی ئیستبدادی زمانییەوە درێژەی بووە، بە ئیزافەی ئەوەی کە لەو دەورەیەدا جیاوازیی مەزهەبیش دەبێتە بنەمای شوناسی بەشێک لە جەماوەری کوردستان کە ستەمی مەزهەبی لەسەر ئەو ئەساسە بە درێژاییی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ڕووی داوە، بەڵام ئەوەی کە بۆ کورد گرینگتر بووە وەک پێکهاتەیەکی نەتەوەیی و زمانیی جیاواز، جیاوازیی نەتەوەیی بووە کە گوتاری سیاسی و تەنانەت خەباتە مەدەنییەکەشی لەسەر ئەو بنەمایە خۆی جومگەبەندی کردووە. ئەو جیاوازییە نەتەوەیی‌یە کە بەرهەمهێنی شوناسی کوردانەیە دوای ئافرەت‌بوونی ژینا بووە هۆکاری سەرەکیی ئەو بزووتنەوە سەرانسەرییە و هەر ئەو شوناسخوازییە بووە هۆی دابڕانێکی گوتاری لەنێوان کورد و نەتەوەی باڵادەستدا، تەنانەت فێمینیستەکانی فارس و تاڕادەیەکی زۆر بە کاریگەریی ئەو ڕێبەرایەتییەی بەشێک لە شەقامی فارسیش.

ڕاستییەکەی زمان وەک کەرەسەیەکی تایبەت کە گرینگترین هێمای شوناسی هەر نەتەوە و پێکهاتەیەکی نەتەوەیی و ئیتنیکیی جیاوازە، لە لایەن نەتەوەی سەردەستەوە کاریگەرترین ئامرازی سەرکوتی ژێردەستیشە لە ڕێی زاڵکردنی سوڵتەی زمانی بەسەر زمان یا زمانە ژێردەستەکاندا، وەک باس کرا خودی ناوی “ژینا” هێمای ئەو سوڵتە زمانییەیە کە لە ڕێی دەزگای سەرکوتی زمانی، دەسەڵاتەوە ئیزنی هاتنە نێو ناسنامەی پێ نەدرا. ڕاستییەکەی لە ڕوانگەی فێمینستە فارسەکانەوە شوناسی نەتەوەیی کورد وەک مەترسییەک بۆ “تەواویەتی ئەرزی” باسی دەکرێ، واتە ئەوانە تا کاتێک لەگەڵ ژنی کورد و گرفتەکانی هەن کە پێداگری لەسەر شوناسی تایبەتیی خۆیان کە لەسەر بنەمای جیاوازییەکان ساز بووە، نەکەن، “نووشین ئەحمەدی خوراسانی” لە ڕێبەرانی کەمپەینی یەک میلیۆن واژۆ، دەڵی:«ژنانی کەمینە تا کاتێک کردەوەیان جێی بەرگرییە کە لە چوارچێوەی تەواوییەتی ئەرزیدا بێ» هەروەها لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێ: «ژنانی کەمینە کە ویستەکانیان زیاتر لە داوای یەکسانی و گۆڕانی یاسا بە مەبەستی سڕینەوەی هەڵاواردن بێ، ناتوانن خاڵێکی هاوبەشیان لەگەڵ بزووتنەوەی سەرانسەریی یەکسانیخوازیدا هەبێ»(احمدی خراسانی؛ اینترنت). لە لایەکەوە ئەوە ئەو ڕوانگە پاوانخوازەیە کە لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزمی پیاوسالاریی ئێرانیدا ساز بووە و تەنیا یەک شوناس بەفەرمی دەناسێ، ئەویش شوناسی ئێرانی بە تەعبیری ئەوانە کە زمانەکەی فارسییە و حازرە بۆ تەواوییەتی ئەرزیی ئێران هەموو جیاوازییەکان نەبینێ و تەنانەت حاشایان لێ بکات یا بیانسڕێتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە، سەلماندنی ئەو ڕوانگەیەی فێمینیستە ڕەشەکانە کە پێیان وایە ژنی نەتەوەی ژێردەست سەرەڕای ستەمی پیاوانی باڵادەست لەژێر ستەمی ژنان و تەنانەت فێمینیستەکانی نەتەوەی باڵادەستدان.

بزووتنەوەی ژینا لە درێژەی ڕەوتی خۆیدا بەرەو ئاقارێک ڕۆیشتووە کە چەمکە سەرەکییەکانی ئەو بزووتنەوەیە واتە؛ “ژن، ژیان، ئازادی” لە دەلاقەی ناسیۆنالیزمی پاوانخوازیی تاک شوناسی ئێرانەوە لێک دەدرێتەوە، ژن، ژنی ئێرانییە، بێ لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی و جیاوازییەکانی، تەنانەت ناوی مەهسا کە هێمای ئیستبدادی زمانی فارسە لە جیاتی ژینا قاڵب بووە و لە لایەن ئەوانەوە ترەند دەبێ و پێداگری دەکەن لەسەر ئەو سوڵتە زمانییەی کە بەسەر ئەو قوربانییەدا هاتووە. سەرجەمی ئەوانە بە پێچەوانەی ڕوانگەی “ئینتێرسیکشواڵیتە”یە کە :«دژی لێکدانەوەی جەماوەری ستەملێکراو لەسەر بنەمای یەک ستەمی ناوەندییە، ئەو پێی وایە کە جۆرەکانی سەرکوت پێوەندییان پێکەوە هەیە و کاریگەری لەسەر یەکتر دادەنێن و لە ئاکامدا نیزامێکی سەرکوتی لێکتەندراو ساز دەکەن کە کۆی هەموو جۆرە هەڵاواردن و ستەمەکانە»(اسمیت: ١٣٩٣؛ ١٤)، شتێک کە ناوەندخوازەکان و تەنانەت فێمینیستەکانی فارس بەتایبەت لیبڕاڵ فێمینیستەکان باوەڕیان پێی نییە و هەر جۆرە پێداگرییەک لەسەر چەند فاقەبوونی ستەمەکان کە لەسەر بنەمای جیاوازییەکان و شوناسی تایبەت ساز بووە و بەهەڵە و مەترسیدار بۆسەر تەواوەتی ئەرزیی ئێران دەزانن. بزووتنەوەی ژینا لە ئێستادا بووەتە مەیدانی ململانێی بیرۆکەی تاک شوناسی ناوەندخواز و ئەندیشەی پلۆرالیستی جۆراوجۆریی شوناسەکان کە لەسەر بنەمای چەند فاقەبوونی ستەم لە ئێراندایە، ئەو بزووتنەوەیە لە خۆیدا هەڵگری هێندێک واتا و چەمکە کە ناتوانێ لەگەڵ ئەو بیرە کە ئێران بە یەک شوناسی کەلان و گشتی پێناسە دەکات و یەک جۆر ستەم بەفەرمی دەناسێ، هاوتەریب بێ، چون لە بنەمادا لەسەر ئەساسی چەند فاقەبوونی شوناس، جیاوازی و ستەم پێک هاتووە، کەواتە ئەو بزووتنەوەیە ئەگەریش بەو توانایی و ئەنجامە گەیشت کە کۆماری ئیسلامی دابەزێنێ، کاتێک دەتوانین بڵێین سەرکەوتووە کە دەسکەوتەکانی لەسەر بنجی واتا و چەمک و پێداویستییەکانی ژینگەی لەدایکبوونی ئەو بزووتنەیە شین ببن.

 دەرئەنجام

تیۆریی ئینتێرسێکشواڵیتە چەندی توانایی تەفسیری بزووتنەوەی ژینا هەیە، ئەوەندەش دەتوانێ لایەنی بەرانبەر واتە گوتاری نەتەوەی سەردەست کە خۆی بەرهەمهێنی بەشێک لە ستەمەکانە، لێک بداتەوە، ڕاستییەکەی بەپێی ئەو ڕوانگە سیاسییەوە ئێستا بەرەی بەرانبەری ژینا و بزووتنەوەکەی، تەنیا قاتڵانی ژینا نین، بەڵکوو ئەو عەقڵییەتەیە کە لەپێشدا نایهەوێ جۆراوجۆریی ستەمەکان بەفەرمی بناسێ، شوناسی جیاوازی ژینا و نەتەوەکەی لەسەر ئەساسی جیاوازییەکانی دەرک بکات و لە پلەی دووهەمدا بۆخۆی لە ڕێی گوتاری باڵادەستانە و ناسیۆنالیزمی تاک شوناسی، بەرهەمهێنی ستەمە جۆراوجۆرەکانە، بزووتنەوەی ژینا ئەو زەرفییەتەی هەیە نیزامی پیاوسالاریی ژینگەی ژنی کورد و ئێرانی لە دۆخێکی خراپەوە بۆ دۆخێکی باشتر بگۆڕێ، بەڵام پێش هەموو شتێک پێویستی بە پێناسەیەکی دروست لە سێ چەمکە سەرەکییەکەی دروشمی ئەو بزووتنەوەیە واتە “ژن، ژیان، ئازادی” هەیە، پێناسەیەک کە لەسەر ئەساسی شوناس و جیاوازییەکانی کوردستان و ئێران بە هەموو تایبەتمەندییەکانییەوە بێ.

ڕاستییەکەی ئەو دۆخە گوفتمانییەیە کە بووەتە هۆی سەرەکیی گۆڕانی ئاراستەی سەرانسەریی بزووتنەوەی ژینا کە ناوەندخوازەکان بەرەو ئاقارێکیان بردووە کە هیچ لە ڕواڵەتی سەرەتایی و بنەمایی بزووتنەوەی ژینا ناچێ.

سەرچاوەکان

احمدی خراسانی، نوشین، اینترنت؛                                                                                        (http://www.feministschool.com/spip.php?article7366)

 اسمیت، شارون و امین حصوری و نیما کوشیار. فمینیسم سیاه. 1393، بی جا، انتشارات پروسه

رستم پور، سمیە، شرح و نقدهایی بر نظریەی اینترسکشنالیتی با نگاهی بە ظرفیت این نظریه در ایران، مجلەی نقد، تیر ١٤٠٠

ریتزر، جرج.  نظریه های جامه شناسی در دوران معاصر. ترجمه ی محسن ثلاثی. 1381، تهران، انتشارات علمی.

مشیرزاده، حمیرا. از جنبش تا نظریه ی اجتماعی: تاریخ دو قرن فیمینیسم. 1390، تهران نشر و پژوهش شیرازه.

داگرتنی بابەت

بزووتنەوەی ژینا بەربەرەکانێی دیسکۆرسی شوناسخوازانە

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان