دەرچوون لە «گێڕانەوەی سەروەر» و «گوتاری زاڵ»
ڕەحیم سورخی
ڕووخانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و دواڕۆژی نەتەوەکان لە پێکهێنانی دەسەڵاتدا پێویستیی بە هاوکاریی هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و بەشداریی پێکهاتە نەتەوەیییەکانە. هەرچەند ململانێ لەسەر بەدەستهێنانی زیاتری هێز و قایم کردنی پێگەکانیش شتێکی ئاسایییە. بەتایبەتی، دروستکردنی ئەجیندای سیاسیی تایبەت و بەمیدیایی کردنیشی هەوڵێکە کە هەر لایەنێک دەیهەوێت پێگەی خۆی لە پڕۆسەی گۆڕانی سیستەمەکەدا بسەلمێنێت، بەڵام نواندنەوەی ڕۆڵ و کارایەتیی ئەوانەی دیکەش وا دەکات ئاستی بەشداریی لە گۆڕانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا کاریگەرتر و بەرچاوتر بێت. لە سەرهەڵدانی شۆڕشی ژیناوە، شێوەی نواندنەوەی کورد و کوردستان و حیزبە سیاسییەکانی لە میدیا فارسییەکاندا گۆڕانی بەسەردا هاتووە. بەڵام هەوڵیش دراوە لە چوارچێوەی «گوتاری زاڵ» و «گێڕانەوەی سەروەر»دا بخرێنە ڕوو. زۆر گرنگە کە کورد چۆن لەگەڵ بەشدارییەکەیدا، لەسەر مافە بنەڕەتییەکانی پێداگری دەکات و، تەنیا دەورێکی ئامرازییانە بۆ گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران ناگێڕێت.
زاڵکردنەوەی گوتاری ئێرانشاری وەک گوتاری زاڵ
گوتاری زاڵ چوارچێوەیەکی پەسندکراوی کۆمەڵایەتییە کە بەسەر هەموو پۆلێنبەندییەکانی دیکەدا زاڵە.
زاراوەی گوتاری زاڵ بۆ شێوەیەکی تایبەتیی هەڵسوکەوت و ئاخاوتن بەکار دێنم کە بەهۆیەوە نیشانە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵەیەکی ئاخاوتندا بایەخدار دەبن. گوتاری زاڵ ڕەنگدانەوەی ئایدۆلۆژیای ئەو تاقم و نەتەوانەیە کە لە کۆمەڵدا باڵادەستن. بۆ نموونە گوتاری «یەکپارچەییی نیشتمانی» و «زمانی فارسی» لە ئێراندا لە دەوری ئاماژەیەکی سەرەکیدا بە ناوی «نەتەوەی ئێران» بەشێوەیەک نرخێندراون کە تەواوی کردارە گوتاری و کۆمەڵایەتییەکان لە دەوری ئاماژەی «ئێرانشاری»دا باییدار دەبن و لێک دەدرێنەوە. نموونەیەک لەوە، تازەترین تویتی ڕەزا پەهلەوییە کە لەبەر کورد بوونی «محەممەد مێهدیی کەرەمی» و« محەممەدی حوسێنی» زاڵبوونی ئەو گوتارەی لە دەستەواژەی(پسران عزیز ایران )دا نواندەوە. هێنانی کوڕان (پسران)لەگەڵ ئێراندا بۆ تایبتدانی بەو دوو زیندانییە کوژراوە، زیاتر لە هاودەردییەکەی، بەستنەوەی شوناسەکەیانە بە ئاماژەکانی گوتاری باڵادەستەوە کە ئێرانی بوونە. ئەوە لە حاڵێکدا شۆڕشەکە، شۆڕشێکی ژنانەشە و ژنان و کچان تەنەنات بەر لە وەرگرتنی هەر چەشنە تۆمەتێک ڕاستەوخۆ یان لەژێڕ ئەشکەنجەدا کوژراون. ئێرانی بوون، لە گوتاری باڵادەستدا، بە واتای سەروەریی نەتەوەی فارس و ئەو دەوڵەتەیە کە ڕەزاشا دایمەزراندووە، نەک ئێرانێکی فرەنەتەوە. هەر لە سۆنگەی ئەم باڵادەستییەوەیە کە فیدرالیزم بە جیاوازیخوازی لێک دەدرێتەوە.
قەبڵاندنی پێکهاتنی سروشتییانەی دەوڵەتی ئێرانی ئێستا لە گێڕانەوەی سەروەردا
گێڕانەوەی سەروەر، سیستەمێکی تۆکمەیە لە چیرۆکی ڕێکخراو و زنجیرەیی بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و ململانێیەکان کە بە قووڵی لە کولتوورێکی تایبەتدا جێ کەوتووە. بۆ نموونە، لە مەرامنامەکەی (حزب ایران نوین)دا هاتووە کە «ئێران وڵاتێکی دێرینە و پێوەندییە نەتەوەیییەکان تێیدا بە شێوەیەکی سروشتی سەری هەڵداوە و نەتەوەی ئێران چەندین سەدە پێش لە بەدیهاتنی چەمکی نوێی نەتەوە لە ئورووپادا، زۆرترین تایبەتمەندیی نەتەوەی هەبووە». ئەمە زاڵکردنی نەتەوەی فارسە و گشتاندنی بەسەر نەتەوەکانی دیکەدا. ئەمە شاردنەوە و هەروەها زاڵکردنی ئەو هەوڵانەیە کە لە بنیاتنانی دەوڵەتی نوێی ئیران و سەرەتاکانی یاسای مەشرووتەوە سەری هەڵداوە کە چۆن زمانی فارسی بە زمانی فەرمی پێناسە دەکات، و پاشان بە هاتنە سەرکاری حەمەڕەزا شا بزوتنەوەی نەتەوەکان بەدوای یەکتردا سەرکوت دەکات و دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکەونە کار بۆ باڵادەست کردنی کولتوور، زمان و شوناسی نەتەوەیەکی تایبەت(فارس) و گشتاندن و زاڵ کردنی بەسەر هەموو نەتەوەکانی غەیری فارسدا. ئەمە وا دەکات ئەو چوارچێوەیە بچەسپێیت و گێڕانەوە ڕەخنەیی و دژە گێڕانەوەکان ئەو هێزەیان نەبێت ئالنگاری بۆ باڵادەستیی هێز و باری ئێستا کە دەستڕۆیشتووییی نەتەوەی باڵادەستە، دروست بکەن.
بەکارهێنانی ئامرازییانەی کورد و نەتەوەکانی دیکە لە چوارچێوەی گوتار و گێڕانەوەی زاڵدا
لە سەرهەڵدانی شۆڕشی ژیناوە میدیا فارسییەکان شێوازێکی گونجاوتر لە پێشوویان لە نواندنی خۆپیشاندانەکانی کوردستان و بەلووچستان گرتەبەر، بەڵام بە شێوەیەکی بژارییانە ڕووداوەکان و دروشمەکانیان دەنواندەوە. بە ئەم شێوەیە و بە بەرجەستە کردنەوەی پەیامەکانی ڕەزا پەهلەوی ئەجیندای تەلەڤزیۆنی ئێران ئینتەرنەشناڵ دەریخست کە کورد زیاتر لە دەورێکی ئامرازییانەدا دەنوێندرێت. بەر لەو خۆپیشاندانانە، لە گفتوگۆکان و دیبەتە میدیایییەکان گلەیییەک لە کورد دەکرا کە گوایە لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێران هاوئاهەنگ نییە و، نایەتە سەرشەقام. هەربۆیە لاسەنگییەک لە بەرهەڵستیی ئەو ڕژیمەدا هەیە. نموونەکەیان خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٩٨ بوو.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە شۆڕشی ژینادا، هاوئاهەنگییەکی بەهێز و ڕێکخراوی ئەوتۆ لە ئێرانییەکان نەهاتە ئاراوە، هەرچەند لە دەرەوەی ئێران خۆپیشاندان و چالاکیی بەرچاو و کاریگەر بینرا، بەڵام ڕێکخراوە سەرانسەرییەکانی ئێران کاریگەرییەکەیان بۆ هێنانی هێزی کۆمەڵایەتی لەو ئاستەدا نەبوو کە چاوەڕوان دەکرا. بەتایبەتی، لایەنگرانی ڕەزا پەهلەوی، تەنانەت دروشمەکانی خەڵک لە ناوخۆی ئێراندا بەو شێوەیە نەبوون کە بە لایەنگری لەوان لێک بدرێتەوە. هەربۆیە، لە درێژەی پڕۆژەی شووڕای گوزاردا، کەوتنە هەرەوزێک بۆ پێکهاتن لەگەڵ سلبریتی و کەسایەتییەکان، کە ناسراوییەکەیان لەپاڵ ڕەزا پەهلەویدا هێز بەرهەم بهێنێت. لەپاڵ ئەمەدا، پەردەیان لەسەر پڕۆژەیەکیشیان لادا کە پێشتر بە کردەوە بەشێکیان جێبەجێ کردبوو، بەڵام بەو شێوەیە ڕایان نەگەیاندبوو. ئەویش، ئەندامەتیی کەسانی سیاسیی حیزبیی کورد و نەتەوەکانی دیکە وەک ئەندام و هاوپەیمان لەو شووڕایەدا بوو وەک پڕۆژەیەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی حیزب و بەرجەستەکردنەوەی پلەی تاکەکەسیی ڕەزا پەهلەوی لەلایەک و، بەکارهێنانی ئەو کەسایەتییانە لەبەرانبەر هێزی دیکەی نەیاریان لەناو فارسەکاندا کە مێژوویەکی لە ڕێکخستن و پێگەیەکی ڕێکخراوەیی بەهێزی هەیە وەک ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵک، لەلایەکی دیکەوە.
ڕاستییەکەی ئەوەیە، فاکتەری کورد وەک هێزێکی کاریگەر دەرکەوتووە، بە بارستاییی ئەو کاریگەرییەش پێویستە ڕێکخراوە سیاسییەکانی کورد لە پێناو هاوپێوەندییان لەگەڵ هێزە ئێرانییەکانی دیکەدا، هەرچەند پێویستیشە، یەکێتیی نەتەوەییی کوردیش لاواز نەکەن. وەک خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان ڕۆڵ و پێگەی بکەریی خۆیان دەربخەن، نەک بکرێنە ئامراز تا بتوانن گوتاری زاڵی تاکنەتەوەیی بۆ گوتاری فرەنەتەوەیی بگۆڕن. هەروەها گێڕانەوەی سەروەر بە دژەگێڕانەوەی جێگرەوەی دیکە لاواز بکەن.
بەکورتی، هەروەک چۆن بابەتی یەکپارچەییی خاکی ئێران و زمانی فارسی لای سەڵتەنەتخوازەکان و ئیلیتی نەتەوەی باڵادەست پێداگریی لەسەر دەکرێ، ڕەوایە فرەنەتەوەبوونی ئێرانیش و هاوسەنگیی نەتەوەکانیش لە داڕشتنەوەی سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێراندا وەک ڕێگاچارەیەکی دیموکراتیک و گوتار و گێڕانەوەیەکی جێگرەوە دەبێ پێداگری لەسەر بکرێت، بە پاراستنی مافی چارەی خۆنووسینیشەوە. ئەمە گرنگە بۆ ئەوەی ڕای گشتیی ئێرانییەکان بەرەو ئەوە بچێت و داکۆکیی لێ بکات کە بەرەنگاری لەگەڵ دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی و سەرەڕۆییی مەزهەبی بەواتای ڕەوایەتی دیکتاتۆریی پاشایەتی و سەرەڕۆییی سەڵتەنەتخوازانە نییە. ڕەوایەتی شۆڕشی نەتەوەییی کورد و شۆڕش بەدژی دیکتاتۆریی پاشایەتی و ئاخوندیی ئێستا ئیتر حاشای لێ ناکرێت. هەر حیزب و کەسایەتییەکی کورد بە سەنگی کوردبوونییەوە قورساییی سیاسی هەیە کە نوێنەرایەتیی کورد بکات.