ئارامتر بخوێنەوە

شۆڕشی ژینا و گۆڕانی پەیوەندییەکانی دەسەڵات

بیریار ژاوەرۆیی


شۆڕشی ژینا شۆڕشێکی هەمەلایەنە بووە بەرەو گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات (Power Relations) لە کۆمەڵگادا. بە وتەی فۆکۆ لە هەموو کۆمەڵگایەکدا پەیوەندیی دەسەڵات هەیە و «لە هەرکوێ دەسەڵات هەیە، خۆڕاگری هەیە». دیارە پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە دۆخی باندەستی و بندەستی لە نێوان دوو لایەندا پەیوەندییەکی نابەرابەرە و هەرکام لە لایەنەکان تێدەکۆشن و ستراتیژی جۆراوجۆر دەگرنە بەر، یەکەمیان بۆ پاراستنی ئەو نابەرابەریی و سەردەستییەی خۆی و دووەمیان بۆ گۆڕان و گەیشتن بە بەرابەریی. هەروەها، نابەرابەری جۆراوجۆر هەیە و لە دۆخە نابەرابەرە جیاوازەکاندا مرۆڤی چەوساوە هەردەم لە هەوڵدایە بۆ سەلماندنی خۆی؛ بۆ نموونە، لە هەندێ کاروپیشە و چالاکیدا ژنان دەیانهەوێت توانایی خۆیان لە ئاستی پیاواندا بسەلمێنن، لە هەندێ کۆمەڵگا ڕەنگینپێستەکان هەوڵ دەدەن بیسەلمێنن کە هیچ کەمیان نییە لە سپی‌پێستەکان، هەندێ لە خەڵکی نەتەوە بندەستکان دەیانەوێت بە زمانی نەتەوەی باندەست بە ڕەوانی و بێ دەرکەوتنی شێوەزاری خۆیان قسە بکەن و هتد. لەم جۆرە چەوساندنەوانەی مرۆڤ لە کۆمەڵگاکانی ئێراندا بە درێژایی مێژووی سەردەم زۆر بینراوە و دەبینرێت کە لە هەموویان گرنگتر چەوساندنەوەی جیندەریی و نەتەوەیی بووە. هەبوونی وەها دۆخێک لە نابەرابەری دەسەڵات، بەرەبەرە خۆڕاگریی لە بەرانبەر دەسەڵاتی لایەنە زاڵ و باندەستەکانی گەیاندە ئاستێ کە سەری لە شۆڕشی ژیناوە دەرهێنا کە تێیدا ئازادی لە ڕزگاری لەو پەیوەندییە نابەرابەرەی دەسەڵات لە هەموو بوارێکدا ببینرێت.

پەیوەندییەکانی دەسەڵات سەرچاوەی جۆراوجۆریان هەیە و شێوەی ئەوانە لە کردەوەدا دەردەکەوێت. لە ئێراندا هەبوونی ڕەژیمی سیاسی فاشی-شۆڤێنی، ڕەگەزپەرست و نادادپەروەر چ لە سەردەمی شا و چ ڕەژیمی ئیسلامی، هەبوونی هێزە ئیسلامیستە توندئاژۆوەکان، زاڵبوونی چاندی ئیسلامی و هەروەها چاندی نەریتیی پیاوسەروەر لە کۆمەڵگاکان کە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە بەهێزتر کراوە، سەرچاوەی نایەکسانی و نابەرابەرییەکان لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە ئاستە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا و هەروەها پانتایی سیاسی بوون. بەپێچەوانەی هەوڵەکانی سەردەم لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا لە ئاڕاستەی بەرابەری جیندەریی، چینایەتی، ڕەگەزیی، نەتەوەیی و کەلەپووری، کەشی سیاسی-ئایدیۆلۆژیک لە مێژووی مۆدێڕنی ئێران هەموو ئەو نابەرابەرییانەی قووڵتر کردەوە. بەتایبەت پاش چوار دەیە حکوومەتی تۆتالیتەری ئیسلامی، کۆمەڵگا چی تر هەڵگری ئەو دۆخە پەمخواردووە لە نابەرابەری هەمەلایەنە نەبوو و بڕسکی لێ بڕابوو و پێویستی بە هەلێک بوو کە نەترسانە داخی خۆی بە سەر دەستوپەیوەندی و ئامرازەکانی دەسەڵاتی باندەستدا هەڵڕێژێت و چاونەترسانە ڕاپەڕێت، کە ڕووداوی شەهیدبوونی ژینا ئەو هەلەی بۆ ڕەخساند. شۆڕشی ژینا گۆڕانی پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی لە زۆر بوارەوە بە شێوەی بەرچاو کردووەتە ئامانج کە لێرەدا لانیکەم دەکرێ بە چوار خاڵی گۆڕان لە پەیوەندیی جیندەریی، نەتەوەیی، چینایەتی و ئایینیی ئاماژە بکرێت:

یەکەم ئامانجی شۆڕشی ژینا لەنێوبردنی ستەمی جیندەریی و گۆڕینی پەیوەندی دەسەڵاتی نەریتیی نابەرابەری پەیوەندیدار بەوە، بەتایبەت لە نێوان ژن و پیاودایە. دیارە ڕەژیمی ئیسلامی ئێران لە ئاڕاستەی ئایدیۆلۆژی کۆنەپەرستانە و پیاوسەروەرانەی خۆیدا دەیەویست بۆ سەرکوتی ڕاپەڕینەکە لە ژێر ناوی دژایەتی لەگەڵ نەریتی کۆمەڵگا و چاندی ئیسلامی ئەوە وەک برەودانی بێ بەندوباوی و مەترسی لەسەر ژنانی کۆمەڵگا پیشان بدات و زەقی بکاتەوە. بەڵام پاش چەندین دەیە گەندەڵی بە ناوی ئایینەوە و زوڵم لە ژنان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا و برەودانی چاندی دووڕوویی و شاردنەوە و خۆنەبوون لە نەبوونی ئازادیدا، خەڵک کە بە باشی لە ماکی پیسی ئەو ڕەژیمە وەک سەرچاوە و برەودەری هەموو گەندەڵییەک تێگەیشتوون، فریوی وەها پیلانێکیان نەخوارد. لەڕاستیدا ڕەژیم و هێزە ئیسلامییەکان بۆخۆیان وەکوو هەڵگرانی ڕوانگەی زاڵی سێکسیستی لەسەر ژن، زیاتر ژن وەکوو ئامرازی سێکسی و ژێردەستە و لە خزمەتی پیاودا دەبینن و قەتیسی دەکەنەوە بە هەندێ ئیش و کارەوە و بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرهەمهێنەرەوەی هەم ڕوانگەی نەریتیی خاوەن وێژمانی «پیاو وەک نانهێنەر و ژن وەک کەیبانووی ماڵ» و هەم ڕوانگەی سەرمایەداری لەسەر ژن وەک ئامرازی جینسی بۆ بەدەستهێنانی بەهرە و قازانج، بوون. بۆیە، بەپێچەوانەی پڕۆپاگەندەی ڕەژیمی ئیسلامی، شۆڕشی ژینا وێرای ئەوەی کە دەسەڵاتی پیاوسەروەری کۆمەڵگا و هێماکانی ئەو سەردەستی و نایەکسانییەی کردە ئامانجی لێدان، و وەک بناخە بۆ دەرخستنی هەموو گەندەڵییە شاراوەکان ئازادیشی کردە ئامانجی پێگەیشتن، دەریخست کە ئەو ڕەژیمە خۆی یەکێک لە بێ‌ڕەوشتترین دەسەڵاتە سیاسییەکانی مێژوو بووە. هەرچۆنێک بێت، ژنان چی تر نایانەویت وەک ڕەگەزی دووەم و لاوازتر لە پیاوان لە کۆمەڵگادا سەیر بکرێن و پیاوبوون قان و پێگەی تایبەتی کۆمەڵایەتی هەبێت. ئەو شۆڕشە هەروەها هەلێکی ڕەخساند کە دیکەی گرووپە ڕەگەزییە چەوساوەکانیش دەرکەون و خوازیاری یەکسانی و مافەکانیان بن. لەو پەیوەندییەدا، دیارە ڕۆڵی سەرەکیی ژنان لەو شۆڕشەدا یارمەتیدەر بووە. دۆخی چەوساوەیی ژنان لە مێژوودا وای لێیان کردووە کە بە گوێرەی پیاوان زیاتر لە گرووپە چەوساوەکانی تر تێبگەن. هەستی هاوبەشی چەوسێندراوەیی جیندەریی لە نێوان ژنان و گرووپی پەلکەزێڕینەکان یارمەتیدەر بووە بۆ دەرکەوتنی زیاتری ئەو گرووپەش لە پانتایی سیاسەتی ئێرانی و کوردستانی بەتایبەت لە نێو تاراوگەنشیناندا. بە کورتی، ئەو شۆڕشە نابەرابەری جیندەریی لە پەیوەندیی دەسەڵاتدا کردە ئامانج تاکوو داهاتوویەک بخولقێنێت کە تێیدا مرۆڤەکان لە دەرەوەی ویست و ئاڕاستەی سێکسییان خاوەن ماف و رێز و پلەوپێگەی کۆمەڵایەتی یەکسان بن.

شۆڕشی ژینا لە کوردستان و بە پاڵپشتی گەلی کورد لە دروشمی بنەڕەتی «ژن، ژیان، ئازادی» سەریهەڵدا. هەبوونی ستەمی نەتەوەیی لە مێژینە لە دژی نەتەوەی کورد و بزووتنەوەیەکی بەهێزی نەتەوەیی لە کوردستاندا بواری بۆ ئەو پاڵپشتییە مەزنە ڕەخساند. لە بەرانبەردا، ئەو شۆڕشەش دەرفەتێکی ڕەخساند بۆ دەرکەوتن و زەقبوونەوەی داخوازییە نەتەوەییەکان و گرێدانی داواکارییە جیاوازەکان لە یەکتر. هەستی هاوبەشی چەوسێندراوەیی نەتەوەیی لە نێوان نەتەوە بندەستەکانی ناو ئێران، بووە هۆی پەرەسەندنی بڵێسەی ئاگری ئەو شۆڕشە لە نێو نەتەوە چەوسێندراوەکانی تریشدا. بۆیە گۆڕان لە پەیوەندیی دەسەڵاتی نێوان نەتەوە جیاوازەکان، بوو بە ئامانجێکی تری شۆڕشەکە. هەڵگرتنی دروشمێکی پێشکەوتوخوازانە و فرەچەشنی بوونی ئەم شۆڕشە لەڕاستیدا دواکەوتوویی تاقمی دەسەڵاتدار لە ناوەند، فاشیست و شۆڤێنیست بوونی گرووپی دەسەڵاتداری پێشوو و ئێستای نەتەوەی باندەست بە ڕوونی بۆ هەمووان دەردەخات. بێجگە لە دەربڕینی داخوازییە نەتەوەییەکان بە شێوەی جۆراوجۆر و درووشمەکان، باشترین نوێنگەی کردەوەیی گۆڕانی پەیوەندیی دەسەڵات لە شۆڕشی ژینا لە کردەی زماندا دەردەکەوێت. لەو شۆڕشەدا، خەڵکی نەتەوە بندەستەکان لە ئاستی بندەستی و نواندنی خۆیان وەکوو نەتەوەی باندەست تێدەپەڕن و بێ ترس لە چۆنیەتی زمان، شێوەزار و قسەکردنیان وەک خۆیان دەردەکەون. ئەگەر خەڵکی نەتەوەی باندەست و تەنانەت خەڵکە توێندراوەکان، پێشتر زمانی نەتەوە بندەستەکانیان بە هیچ نەدەزانی و گاڵتەیان بە شێوەزاری خەڵکانی بندەست دەکرد کاتێ بە زمانی داسەپاو بە سەریاندا قسەیان دەکرد، ئێستا نەتەنیا خەڵکە توێندراوەکان دەگەڕێنەوە سەر ناسێنەی سەرەکی خۆیان و شانازی دەکەن بە ڕەچەڵەکی نەتەوەیی خۆیان و دەیانەێت فێری زمانەکەیان ببنەوە، بەڵکوو خەڵکانی نەتەوەی باندەستیش هەوڵ دەدەن بە زمانی نەتەوە ئازادیخوازەکان بەتایبەت کوردی و بە شێوەزاری خۆیان دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» بڵێنەوە. لە پەیوەندیی لەگەڵ زماندا ئەمە گورزێکی قورس بوو لە بیری فاشی-شۆڤێنی نەتەوەی باندەست و گۆڕانێکی بەرچاوی لە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی زماندا پێکهێنا بۆ بەدیهاتنی دۆخێکی یەکسانیی و داهاتوویەک لە بەرابەری نەتەوەیی.

شۆڕشی ژینا نەتەنیا چینی مامناوەندی خوازیاری ئازادی و نەمانی سنووردارێتییەکانی سەپاو لەلایەن ڕەژیمێکی ئایینیی، بەڵکوو چینی کەمدەسەڵات و هەژاری کۆمەڵگایشی لە پشت بووە کە زۆرینەی خەڵکی کۆمەڵگاکانی ئێران پێکدەهێنێت و بە گرێدانی ناوەکی و دەرەکی ئەو چینانە لە یەکتر پەیوەندیی چینایەتی بردە قۆناخێکی بەرزتری ئاگایی سیاسی. دیارە دۆخی چینی سەرەوە بە هۆی هەبوونی گەندەڵی ناو سیستەمی سیاسی و هەروەها پەیوەندیی لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی لە ناو ئێراندا باشتر بووە و چۆن توانایی پەیوەندیی بیانیشی هەبووە پێویستیەکانی خۆی لە دەرەوەی ئێران مسۆگەر کردووە. لەڕاستیدا ئێران بۆ ئەم چینە وەک سەرچاوەی داهات بووە بۆ خۆشڕابواردن لە دەرەوە. ئەوانەی کە زیانمەند بوون لە دۆخی هەبوو، چینەکانی مامناوەند و خوارەوەی کۆمەڵگا بوون کە ئێرانیان لێ کرا بە بەندیخانە و توانایی هاتوچۆی دەرەوەشیان نەبووە. لە کۆمەڵگای ئێراندا چینی مامناوەند رۆژ بە رۆژ ڕووی لە کزی بووە و چینی خوارەوە گەورەتر بووە. لەلایەکەوە، ڕەژیم لە تەشەنەی نەریتیی ئایین لە ناو چینی خوارووی کۆمەڵگا کە لە سەردەمی ڕەژیمی ئیسلامیشدا وەکوو سەردەمی ڕەژیمی پاشایەتی بەڵام لە ژێر ناوی ئایدۆلۆژی ئیسلامیدا چەوساونەتەوە، بە قازانجی خۆی و بۆ سەرکوتی بزووتنەوەی چەپ وەک دەنگی چینی خوارووی کۆمەڵگا کەڵکی وەرگرتبوو و لەو ڕێگەیەوە چموچاری لە هێزە چەپەکان بڕیبوو. تەنیا شوێنێ کە هەندێ لەو هێزانە پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ خەڵک تاڕادەیەک ڕاگرتبوو، کوردستان بوو کە بەردەوامی خەباتی هێزی چەپی نەتەوەیی لەوێدا بۆخۆی کاریگەر بوو لەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی ژینا لەوێوە. بۆیە ئەو شۆڕشە کە لە خۆیدا شۆڕشی چینی چەوساوەش بوو، نە تەنیا هەلی زیاتری ڕەخساند بۆ دەرکەوتنەوەی هێزی چەپی سێکیولار و دژ بە هەر جۆرە ستەمی چینایەتی، جینسی و نەتەوەیی وەکوو هێزی خەڵکە چەوساوەکانی کۆمەڵگا، بەڵکوو ڕووی ڕاستی ڕەژیمیشی دەرخست کە بۆ ماوەی چەند دەیە خۆی بە حکوومەتی خەڵکی دەسکورت و هەژار دەناساند. لەلایەکی تریشەوە، ڕاپەڕینەکانی ئەو ساڵانەی دوایی لە ئێراندا وادەریدەخات کە ئاستی ئاگایی چینی هەژار و کەمدەسەڵات لەسەر مافی مرۆیی خۆیان گەشەی سەندووە و خوازیاری نەتەنیا دەسڕاگەیشتنی بەرابەر بە خزمەتکارییە جۆراوجۆرەکان بەڵکوو نەمانی هەرجۆرە لەمپەڕێکن بۆ خۆشبژیوی گشتیی. لەو پەیوەندییەدا، شۆڕشی ژینا لەرە دەخاتە کۆشکی ئەوانەوە کە بە تەنیا ڕادەی دەوڵەمەندییان بووەتە هۆی لووتبەرزیی، زاڵیەتی، ئاسوودەیی و رێز و پلەوپێگەی کۆمەڵایەتی زیاتری درۆیینەیان لە کاتێکدا کە ئاستی ئاگایی و تێکۆشانیان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگادا نزمترە. لەو شۆڕشەدا پەیوەندیی چینی باندەست لەگەڵ دواکەوتووترین بیر و توێژی کۆمەڵگا و پەیوەندیی چینی ژێردەست لەگەڵ پێشکەوتووترین و ڕووناکبیرترین توێژی کۆمەڵگا بۆ خەڵکی ئاساییش زیاتر دەردەکەوێت و بەوجۆرە شکۆی چینی باندەستی نائاگا دەشکێت. هەروەها، ڕەنگە چینی پارێزکاری ناو دامودەزگای دەوڵەتی زیاتر تووشی کێشە بووە کە نەتەنیا بە هۆی رانتەوە بە ئاستێکی بەرزتر لە دەوڵەمەندیی گەیشتووە، بەڵکوو پلەوپێگەی کۆمەڵایەتی خۆیشی لە کورسییەکەی و پەیوەندییە سیاسی-ئایدیۆلۆژیکییەکانی ژێربەژێر دەستەبەر دەکات. وێدەچێت شۆڕشەکە ئەو دۆخەی گۆڕیوە کە بوون لەسەر کورسی لە ناو ڕەژیمێکی سەرکوتکار، سیستەمێکی چەوسێنەر و حکوومەتێکی داگیرکەر (بۆ نەتەوە بندەستەکان) کە نە لە رووی شارەزایی بووە و نە بۆ خزمەت بە خەڵک، وەک شانازی و مایەی سەروەری و خۆبەزلزانین لە کۆمەڵگادا سەیر بکرێت. چینی دەوڵەمەند زۆربەی کات لە پێناو بەرژەوەندی خۆی و پاراستنی سەرمایەکەیدا لایەنگری پاراستنی دۆخی هەبووی سیاسی-ئابووری بووە یان لانیکەم نەیویستووە لە ئاڵوگۆڕە سیاسییەکاندا بەرژەوەندییەکانی بکەوێتە مەترسییەوە و تێچووی زۆری هەبێت، لەکاتێکدا چینی خوارەوەی کۆمەڵگا زۆرترین تێچووی گۆڕان بەرەو ئازادی لە ئەستۆ گرتووە. بۆیە، داوای بەرابەری و دادپەروەریی دەبێتە یەکێک لە دروشمە سەرەکییەکانی خەڵک، و چینی هەژاری ئاگا و خوازیاری سەربەستی لە کۆمەڵگا پلەوپێگەی بەنرختر و بەرزتر دەبێت لە دەوڵەمەندانی نائاگا و گرێدراو بە دەسەڵاتی فاشیستی و دیکتاتۆرییەوە. هەرچۆنێک بێت، پرسی چینایەتی وەک پرسی جیندەر هەوێنی یەکگرتوویی گشتیی بووە و لە شۆڕشی ژینا تێکدانی پەیوەندیی دەسەڵاتی چینایەتیش کرایە ئامانج بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی خاوەن ئاستێکی بەرزی دادپەروەریی و کەمترین مەودای چینایەتیی لە دواڕۆژدا.

شۆڕشی ژینا وەک شۆڕشێکی سێکیولار هەوێنی تێکدانی پەیوەندیی دەسەڵاتی ئایینی باندەست و بندەست پێکدەهێنێت. لەلایەکەوە، دیارە بە سەرهەڵدانی ڕەژیمی ئیسلامی-شیعە، ئایینزا ئیسلامییەکانی تر و کەمینە ئایینەکان کەوتنە ژێر گوشار و هەڵاواردن. فارسی شیعە زیاتر لە جاران هەلی بەرزبوونەوەی بۆ دەڕەخسا و دەبووە خاوەن هەموو شت و ئەوانی تر بێ بەری دەبوون لە هەموو شت. شیعەبوون بوو بە قان و تەنانەت هەندێک بۆ گەیشتن بە پلەوپێگەی حکوومەتیی و بەرێوەبەرایەتیی، ئایینی خۆیان دەگۆڕا یان دەیانشاردەوە. گەرچی خۆڕاگری لە بەرانبەر ئەو هەڵاواردنە لە ناوچە سوننەنشینەکاندا بەردەوام بوو، ئەو ڕەژیمە تۆتالیتەرە کە هەموو ئامرازەکانی لەبەردەست بوو لە ئایین و هەستی ئایینی خەڵکی ئاسایی بۆ سەرکوت، دامرکاندن و بێدەنگ‌کردنی لایەنە ئایینییە دژبەرەکان لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا کەڵکی وەردەگرت. سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی ژینا لە ناوچەیەکی سوننەنشین و بەسەریەکداکەوتنی ستەمی جیندەریی، نەتەوەیی و ئایینیی لەوێدا تین و گڕی شۆڕشەکەی زیاتر کرد و دیسانەوە ترسی لە دڵی هەندێ ڕەوتی ئایینیی پارێزکار و کەسایەتییە ئایینییە ناشیعەکانی چەوساوە ڕەواندەوە و تێکەڵی شۆڕشەکە بوون و بەپێی ئەوەش کە حکوومەت نەیدەتوانی بە ناوی دژەئایین بوونەوە بەرەڕوویان ببێتەوە، تاڕادەیەک کاریگەرییان هەبوو لە بەرینتربوونەوە و وەجووڵەخستنی خەڵکی زیاتردا. نموونەی بەرچاوی ئەوە هەوڵ و تێکۆشانی زانایانی ئایینی کوردستان و بەلووچستان بووە کە خۆیان لە ڕیزی خەڵکدا دەبیننەوە و توندتر لە جاران و بە ڕاشکاوی دەنگی ناڕەزایەتییان لە بەرانبەر چەوساندنەوەی ئایینی، نەتەوەیی و تاڕادەیەکیش جیندەریدا دەردەبڕن. لەلایەکی تریشەوە، شۆڕشی ژینا نەتەنیا تاڕادەیەکی زۆر پیرۆزیی و پێگەی ئایینیی ڕەژیم لە ناو خەڵکی ئایینی و ئاساییدا دەشکێنێت و کاڵی دەکاتەوە، بەڵکوو بە گشتیش گۆڕانی ئەو دۆخە دەکاتە ئامانج کە تێیدا ئایینیبوون بووەتە هۆی قان، پێگەی تایبەت و باندەستی خەڵکی ئایینی بە سەر خەڵکی ئاسایی یان نائایینیدا. دیارە ئەو ڕەژیمە وای نواندووە کە بە نەمانی ئەوە هەموو رەوشت و چاندی نەریتیی و ئایینیی کۆمەڵگا دەکەونە مەترسییەوە. بەڵام بەپێچەوانەوە، لەو شۆڕشەدا خەڵک بە گشتی زیاتر لە جیاوازیی ئایینی سیاسی و ئایینی ئاسایی/کەلەپووریی تێدەگەن، فاشیستی بوون و گەندەڵیی سیستەماتیکی ئەو ڕەژیمە زۆرتر بۆیان ڕوون دەبێتەوە و بەجۆرێک خەڵکی ئایینیش لە شۆڕشەکەدا جێگایەک بۆخۆیان دەبیننەوە. تەنانەت لە ناو خودی شیعەکانیشدا ڕاشکاوانە پێگەی کۆمەڵایەتی مەلا و مەداحەکان کە زۆربەیان جاڕچییانی ئەو دەسەڵاتە کۆنەپەرستەن بە شێوەی بەرچاو دادەبەزێت. لەو پەیوەندییەدا، جووڵەی فڕێدانی مەندیل و مێزەرەی «ئاخوند»ـە شیعەکان، وەک یەکێک لە هێماکانی ئەو ڕەژیمە، کە زۆر جار ئەوانە بە لەبەرکردنی جلوبەرگی بە سیاسیکراوی تایبەتی مەلایەتی لە ناو کۆمەڵگا، نەک وەک توێژەکانی تر تەنیا لە شوێنکاردا، ویستوویانە هەم گرنگایەتی سیاسی خۆیان بنوێنن و هەم خۆیان لە خەڵکی ئاسایی جیا بکەنەوە، پیشاندەری دابەزینی ئەو پێگەیە. بەوجۆرە، ڕەنگە بە گشتی کۆمەڵگا زیاتر بەرەو ئەو ئاقارەی بڕوات کە بەتەنیا ئایینی بوونی تاک وەک بەها و مایەی هەبوونی پلەوپێگەی تایبەت سەیر نەکرێت و لانیکەم لەباری سیاسییەوە پێگەی مرۆڤ لە چنگی ئایین ڕزگار ببێت. بە ڕوونی، ئەو شۆڕشە هیوا و داخوازیی بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی سێکیولاری لە داهاتوودا هێنایە ئاراوە کە وەک دامەزراوەیەکی بێلایەن بە شیوەی یەکسان و بەرابەر سەیری هەموو مرۆڤەکان و ئایین و بیروباوەڕەکان بکات.

لە پەیوەندیی لەگەڵ خاڵی سێهەمدا، پێویستە ئاماژە بکرێت کە بێجگە بزووتنەوەی نەتەوەیی گەلی کورد، لە ئاستێکی گشتیتردا بزووتنەوەی چەپ وەک پاڵپشتی مافی ژنان و نەتەوەکان، گرێدەری شۆڕشی سەرەکی ١٩٧٩ و شۆڕشی ژینایە. لەڕاستیدا، شۆڕشی گەلانی ئێران لە ١٩٧٩دا شۆڕشی چەپەکان یان لانیکەم زیاتر بەرهەمی خەباتی ئەوان بوو کە پاش ماوەیەک لایەنی فاشیست و شۆڤێنیستی فارس-ئێرانی بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی هێزی ئایین و مەلاکانی خستە خزمەتیی خۆیەوە و سواری شەپۆلی شۆڕشەکە بوو و هێزە سەرەکییە خەڵکییەکانی خستە پەڕاوێزەوە. ڕەنگە ئەگەر وا نەبایە شۆڕشی ناتەواوی ١٩٧٩ بەوڕادەیەش بەلارێدا نەچووبای. بەڵام هێزی چەپ بەتایبەت لە کوردستان درێژەی دا بە خەبات و پەیوەندیی خۆی لەگەڵ خەڵک ڕاگرت. بۆیە، دەکرێ ڕاپەڕین و شۆڕشە نوێیەکان لە ئێراندا وەکوو درێژەی ئەو شۆڕشە سەیر بکرێن بۆ گەڕاندنەوەی هێزی خەڵک و ڕاستکردنەوەی ئەو بەلاڕێدابردنەی شۆڕشی پێشوو. بە دەسەڵات گەیشتنی ڕەژیمی ئیسلامی لەڕاستیدا کۆدەتای ئیسلامیستەکان، سەرکوتی شۆڕشی ١٩٧٩ و درێژەی دەسەڵاتی ڕەژیمی پاشایەتی بوو بە ناوێکی ترەوە. ئەو ڕووداوە لەوپەڕیدا بوو بە گۆڕانی ڕەژیمی سیاسی نەک شۆڕشێکی کۆمەڵاتی-سیاسی هەمەچەشنە کە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە کۆمەڵگا پێکبهینێت. تەنیا وێنە و هێماکان گۆڕدران؛ وێنەی شا لابرا و هی خومەینی لە جێی دانرا. ئایدۆلۆژی سیاسی ڕەژیم ناوەڕۆکەکی هێشتەوە و ڕووکەشێکی ئایینی بە سەردا هێنا. ئێستا کە شۆڕشی ژینا بناخەی ئەو دەسەڵاتەی کردووەتەوە ئامانج و دەیەوێت شۆڕشە سەرەکی و بنەڕەتییەکە درێژە پێ بدات و کۆشکی هەموو ستەمێک چ هی شا بێت چ ڕێبەر تێکبدات، تاقمی فاشیست-شۆڤێنیستی فارس بە جێی مەلا و هێزی ئایین دیسانەوە پەنایان بردووەتەوە بەر مێژووسازییە زسیستەمی چەوساندنەوەی پاشایەتی و لە دەرەوەی ئێران بە یارمەتی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ڕەژیمی ئیسلامی دەستیان داوەتە گەورەکردنەوەی کوڕی کۆنە دیکتاتور بۆ بەرگیری لە زەقبوونەوەی هێزی سەرەکی ئەو شۆڕشە، واتە زۆرینەی هێزە چەپەکان. بۆیان ئاشکرا بووە کە بەهێزترین هێزی پاڵپشتی ئەو شۆڕشە لە دەرەوەی وڵات کە دەتوانێ ڕای گشتی خەڵکی جیهان و دەوڵەتەکان بەرەو لای خۆی بکێشێت هێزە سیاسییە چەپەکانی هەموو نەتەوەکانن بە فارسەکانیشەوە. لەڕاستیدا پۆتانسییەلی پێکهاتنی بــەرەیـەکی بـەهێزی ئۆپۆسیزیۆن لە شەبەنگێکی بەرین لە هێزە چەپەکاندایە کە ڕەژیمی ئیسلامی بە یارمەتی پاشایەتیخوازەکان کە دووڕووی قەرەپوووڵێکن هەوڵی بەرگیری لە لێکنزیکبوونەوە و هەروەها لێکدوورخستنەوەیانی داوە. بڕوا بە دێمۆکراسی تەواو و سێکیولاریزم ئامیانی/هەوێنی گرسانی ئەو ماسەیە، واتە بەرەیەکی دێمۆکراتیک کە دان بنێ بە هەموو مافە دیمۆکراتیکەکانی خەڵکان و نەتەوە جیاوازەکانی ناو ئێران. زەقکردنەوەی تاقمی پاشایەتیخواز ئەو ترسەیە کە ناهێڵێ ماسەکە بگرسێت. لەلایەکەوە خۆپارێزی و ئامادەنەبوونی ڕەوتە ڕاستەکانی نەتەوەی فارس بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی نەتەوەکانی تری ئێران لەسەر بنەمای دێمۆکراسی و داننان بە مافی چارەنووسی نەتەوەکان، و لەلایەکی ترەوە پێداگری لەسەر تەواوەتی و یەکپارچەیی سەرزەوینی ئێران کە بە موڵکی خۆیانی دەزانن لە جێی هی خەڵکانی سەرزەوییە جیاوازەکان، پیشان دەدات کە لایەنی چەپەکانی ئێران زۆرترین پۆتانسییەلی بۆ پێکهێنانی بەرەی سیاسی و ڕێکەوتن هەیە تاکوو لایەنی ڕاست و فاشی-شۆڤێنی. لەڕاستیدا وەها دەردەکەوێت کە ئەوە سیاسەتی ڕەژیمی ئیسلامی بۆ پرژوبڵاوە پێکردنی ئۆپۆسیزیۆن بوو کە هەوڵیدا پاشایەتیخوازان زەق بکاتەوە کە زیاتر لە جینسی خۆین. بە یارمەتی دەستوپەیوەندییەکانی لە دەرەوە و سیخوڕەکانی لە ناو ئۆپۆزیسیۆندا ئەو ڕەژیمە تێکۆشا هەندێ لایەنی کوردی لە بەرەی چەپ دوورخاتەوە و نزیکیان بکاتەوە لە پاشایەتیخوازان و هەر لەو کاتەشدا بە هێنانەگۆڕی باسی تەواوەتی و یەکپارچەیی سەرزەوینی کە باسێکی ناپێویست بوو کە پەیوەندیی بە یاسای نێودەوڵەتی هەیە نەک دۆخی ناوخۆیی، ناکۆکی بخاتە نێو لایەنی پاشایەتیخوازان و کوردیش و نەتەوەکانی تر. دیارە لە مێژووی سەردەمدا زۆرێک لەو وڵاتانەی کە دابەش کران و هەرکامیان بوون بە چەند وڵات، پێشتر ئەو یاسا نێودەوڵەتیانەی پەیوەندیدار بە هێرش و دەستێوەردانی هێزە بیانییەکانیان واژۆ کردبوو، بەڵام ئەوە بەرگیری نەکرد لە جیابوونەوەی نەتەوە و خەڵکانی بەشە جیاوازەکانی ناو ئەو وڵاتانە. تەنانەت لە ئاڕاستەی یاسا جیهانییەکانی پەیوەندیدار بە مافی مرۆڤ و دیاریکردنی مافی چارەنووس، لە هەندێ وڵاتی دێمۆکراتیکدا ڕێگەچارەی دێمۆکراتیک و ئاشتیانە بۆ جیابوونەوە و سەربەخۆیی، لە یاسای بنەڕەتیدا دیاریی کراوە. هەرچۆنێک بێت، بەوجۆرە ڕەژیم هەوڵی داوە پەیوەندییەکانی ئۆپۆسیزیۆن ئەندازیاری بکات و لە پێکهێنانی بەرەیەک کە هەوێنەکەی دەتوانێ زیاتر بزووتنەوەی چەپ بێت، بەرگیری بکات.

وەک دوایین وتە، داخوازی بۆ گۆڕانی بنەڕەتی پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە کۆمەڵگای کوردستان و ئێران کە لە پاش سەرهەڵدانی شۆڕشی ژیناوە کەوتووەتە دۆخێکی بەرینتر و شێلگیرانەتر، پیشان دەدات کە بزووتنەوەی ڕووناکبیرانەی خەڵکیی زیاتر لە ڕابردوو هەنگاوی هەڵێناوە لە دژی هەموو باندەستی و بندەستییەک لە نێوان ڕەگەز، نەتەوە، ئایین، چین و توێژە جیاوازەکاندا. لە ئاڕاستەی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی-سیاسی بنەڕەتیدا، پرسی ژنان و پرسی چینایەتی وەک پرسی هاوبەشی هەموو نەتەوەکان، پرسی نەتەوەیی نەتەوە نافارسەکان و پرسی ئایین و ئایینزا ناشیعەکان چوار فاکتۆری دیاریکەرن لە گۆڕەپانی خەباتی خەڵکانی سەرزەوییە جیاوازەکانی ناو ئێران و پێویستە وەک بنەما بن بۆ هەر جۆرە هاوپەیمانی و ڕێکەوتنی هێزە سیاسییە دێمۆکراتیکەکان. ئەو ڕەژیمە سیاسییەی کە دەتوانێ لە داهاتوودا وەڵامدەرەوەی ئەو گۆڕانەی پەیوەندییەکانی دەسەڵات بێت، سیستەمێکی سیاسی کۆماریی فێدڕاڵ-دێمۆکراتیکی سێکیولار و خاوەن دەوڵەتی خــــۆشبژیوییە (Welfare State). بەپێچەوانەوە، دیسان تا گۆڕانی پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە هەموو بوارێکەوە، دیارە کێشەکان و دوابەدوای ئەوە شۆڕش، خەبات و ناسەقامگیری لە کۆمەڵگاکانی ئێراندا بۆ چارەسەریی ئەو کێشانە بەردەوام دەبن.

داگرتنی بابەت

شۆڕشی ژینا و گۆڕانی پەیوەندییەکانی دەسەڵات

بەشکردن لەگەڵ هاوڕێیان