فێمێنیزمی کوردی و درووشمی
« ژن، ژیان، ئازادی»
چیا کاویان
پێشەکی:
لەو کاتەی بۆ یەکەم جار درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لەسەر گڵکۆی ژینا ئەمینی لە سەقز وترا، دوای ماوەیەکی زۆر کورت بوو بە درووشمی شۆڕشێکی سەرانسەری لە تەواوی کوردستان، ئێران و دواتر سنوورەکانی ئێرانیشی تێپەڕاند، لە زۆربەی شار و شەقامەکانی دنیا بە زۆربەی زمانەکان گوترایەوە. هاوکات لەگەڵ ئەم پەرەسەندنە کتوپڕەدا، شیکردنەوەی ئاخێزی سەرهەڵدانی و فەلسەفەی پشتی ئەم درووشمە بوو بە جێگەی باس و خواسێکی زۆر و هەمووان بەپەلە کەوتنە دوای ئاشکرا کردنی سیحر و ئەفسوونەکانییەوە. هەر لە سەرەتاوە ئەم ئەرکە قورسە کەوتە سەر شانی هەڵسووڕاوانی سیاسی و فێمێنیزمی کوردی، چونکە هەمووان لەوەدا هاوڕا بوون کە ئاخێزەکەی سەر بە جوغڕافییای کوردستانە. زۆر زوو جۆرێک لە دووبەرەکی سەری هەڵدا و، دوو لایەن هەرکام بە ئارگیۆمێنت و لۆژیکی جیاوازەوە هەوڵی ڕاڤە و شیکردنەوەی ئەم درووشمەیان دا. لایەنێک هەوڵ دەدات ئاخێزی ئەم درووشمە گرێ بدات بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕەتی دەکاتەوە کە پەیوەندی بە ڕۆژئاوای کوردستان و فەلسەفەی ئۆجەلانەوە بێت و، لایەنێکی دی ڕەتی دەکاتەوە ئاخێزی ئەم درووشمە ڕۆژهەڵات بێت، بەڵکوو دەیبەستێتەوە بە ڕۆژئاوای کوردستان و فەلسەفەی ئۆجەلانەوە. ئەم ململانێیە ئێستاشی لەگەڵ بێت هەر بەردەوامە و لەم دوایییانەدا ڕەنگێکی ئاکادمیکیانەی بەخۆیەوە گرتووە، بەتایبەت لە دوو وتاری گوڵاڵە کەمانگەر و شەهلا دەباغی-دا گەیشتە لووتکە. ئەوەی هەر لە سەرەتاوە دەرکەوت نیشاندەری بوونی دوو ستراتیژیی سەرەکی بوون بە نیسبەت ئەم درووشمە کە من وەکوو ستراتیژیی “بە هیی خۆزانین” و “بە هیی خۆکردن” ناویان دەبەم. لەم نووسراوەدا هەوڵ دراوە دوو گوتاری شەهلا دەباغی و گوڵاڵە کەمانگەر بە بنەما بگیرێت بۆ نیشاندانی ئامانجەکانی پشتی ئەم دوو ستراتیژە و دەرخستنی لایەنە نادیار و شاراوەکانی و، هەوڵدان بۆ تێپەڕاندن و ئازادکردنی درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لەم دوئالیزمە کوشندەیە.
سرووشتی ململانێی ئەم دوانەیە:
لەم دوئالیزمەدا، یەکیان بە دوای مۆنۆپۆل کردنیەتی و وەکوو دەسکەوتێکی گەوری هزرێکی تایبەت سەیری دەکات و، ئەویتریان مادام ناتوانێت نکۆڵی لە بوونی بکات، هەوڵ دەدات مۆرکی خۆی لێ بدات و بیکات بە هیی خۆی. یەکیان سرووشتێکی بان نەتەوەیی پێ دەدات و پەرەسەندن و شکۆی ئەم درووشمە دەبەستێتەوە بە یەکبوون و ئاشت دانەوەی دوانەی کورد_ئێرانی و مەهسا_ ژینا، سڵ ناکاتەوە لەوەی بیخاتە باوەشی گوتاری ئەویتری سەردەستەوە و، لە هەموو مانا و دلالەتەکانی کورد بوون دایماڵێت، ئەویدی هەوڵ دەدات مانا و دلالەتەکانی لە سنوورەکانی پارچەیەک لە کوردستاندا قەتیس بکات و بە هەڵە لە درێژەی خەباتی سەدساڵەی ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەلبەندی بکات. یەکیان، فەلسەفەی ڕێبەرێک بە بزوێنەری پشتی ئەم درووشمە دەزانیت و، ئەویدی کورتکردنەوەی لە فەلسەفەی تاکە ڕێبەرێکدا بە کارەسات ناو دەبات. ئەوەی لەم دوو ستراتیژەدا بەرچاوە، زاڵ بوونی جۆرێک لە بەمۆتڵەق کردن و بەئۆبژە کردنی ئەم درووشمەیە کە هەوڵ دەدرێت بە شێوەیەکی ئەنسترومنتاڵی کۆی درووشمەکە لە ئاخێزی سەرهەڵدانی ئەم درووشمە و ئایدۆلۆژیای پشتی داببڕن و، دواتر خۆیان لە کۆی ئەو گۆڕانە گەورەیەی کە لە گواستنەوەی ئەم درووشمە لە پارچەیەکی کوردستانەوە بۆ پارچەیەکی دی لە مانا و دلالەتەکانی ڕووی داوە، بە شێوەیەکی نائاگاهانە بدزنەوە و چاوی ئێمەش داخەن بەسەر بینینی داینامۆکانی ئەم درووشمە، هەروەها کۆی بابەتەکە دابەزێننە سەر شەڕێکی وشکی ئایدۆلۆژی، یان بەگژداچوونێکی سەلفییانە لەسەر پرسی سەرچاوە و ئاخێز کە بەردەنگ ناچار بکات یەک لەم ڕەوایەتانە هەڵبژێرێت. بۆیە هەر لە سەرەتاوە دەبێت بزانین ئەم درووشمە هەمان درووشمی ڕۆژئاوای کوردستان نییە، چونکە گۆڕانی گەورە لە مانا و دەلالەتەکانی ڕووی داوە و ئەویترەکانی جیاوازە. هەروەها نەک لە درێژەی خەباتی سەد ساڵەی ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نییە، بەڵکوو دابڕانێکی گەورەیە لە فۆڕم و میکانیزمەکانی خەباتی ژنان لەم پارچەیەی کوردستاندا. ئەم نووسراوەیە دەیهەوێ نیشانی بدات کە ئەم جۆرە باسانە بەلاڕێدا بردنی کاکڵی بابەتەکەیە و هێشتنەوەیەتی لە چوارچێوەی باسێکی ئایدۆلۆژیکی ڕووت و پەردەپۆش کردنی لایەنە مەعریفی و بوونناسانەکەی کە لە سێبەری ئەم دوئالیزمە بێکەڵک و سەرەنجامەدا کوژراوە.
ئاخێزی درووشمەکە و ئایدۆلۆژیای پشتی:
بۆ پەیدا کردنی ئاخێزی ئەم درووشمە دەبێ بگەڕێینەوە سەر نووسراوەکانی ئۆجەلان و بە تایبەت ژنۆلۆژی(زانستی ژن یان ژنناسی). ژنۆلۆژی وەکوو زانستێک هەوڵ دەدات ژن وەکوو یەکەمین کۆیلەی شارستانییەت لە کەلتووری پیاوسالاری و دەوڵەت ڕزگار بکات. ژنۆلۆژی پیاوسالاری و دەوڵەت-نەتەوەی وەکوو دوو موریدی سەرمایەداری بە هۆکاری سەرەکیی بەکۆیلە بوونی ژنان دەزانێت. درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لە هەناوی ژنۆلۆژییەوە و لە جەنگەی شەڕی داعش لە ڕۆژئاوای کوردستان لەدایک دەبێت. ناوەرۆک و دەلالەتەکانی ئەم درووشمە لە ڕۆژئاوای کوردستان بە ڕوونی دەرخەری ئەوەیە کە ئەویترەکانی ئەم درووشمە دەوڵەت-نەتەوە و کەلتووری پیاوسالارین. مۆدێلێک لە ژیان لە هەناوی ئەم درووشمەوە دێتە دەرەوە کە ژن و ژینگە بە بنەما دەگرێت، ژیانێکی خۆسەرە بەبێ بوونی دەوڵەت و کەلتووری پیاوسالاری. ئەم درووشمە مانیڤێست بوونی ئیرادەی ژنە وەکوو کۆنترین کۆیلەی شارستانییەت کە لە داڵانە تاریکەکانی مێژووەوە سەری هەڵداوە و ڕێبەرایەتیی بەدیهێنانی جیهانێکی نوێ بە نوێنەرایەتیی تەواوی ژنانی دنیا دەکات، جیهانێکە سرووشت دەکاتەوە بە ناوەند، بێبەرییە لە دەوڵەت و کەلتووری پیاوسالاری. مەشرووعییەتی خۆی لە بەرەنگاریی داعش وەکوو تاریکترین هێزی سەردەم وەردەگرێت، ژنێکی پەلکەشۆڕی چەک بەدەست کە نوێنەری خێر و ئازادییە لە بەرانبەر پیاوێکی ڕیشنی چڵکن کە نوێنەری شەڕ و تاریکییە. ئەمە ئەو وێنەیەیە کە “ژن، ژیان، ئازادی” لە خەباتی ژن لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئێمەی تەسویر دەکات. ئەو وێنەیەی کە “ژن، ژیان، ئازادی” لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بە دنیادا بڵاوی دەکردەوە، وێنەی دوڕگەیەکی دێمۆکراتیک بوو لەنێو دەریایەک لە دیکتاتۆرییەت و سەلەفییەت، بۆیە پێم وایە بە ڕووکاری دەرەوە هەوڵێکی گەورە بوو بۆ وەرگرتنی مەشرووعییەت لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وەدەست هێنانی پشتیوانیی هێزە چەپ و ئازادیخوازەکانی جیهان و بە ڕووکاری ناوەوە ئامرازێکی باش بوو بۆ جێگۆڕکێی ڕادیکاڵ لە شوێن و مەوقیفی ژن لە کۆمەڵگای کوردی و لێدان لە سیستەمی پیاوسالاری.
ئایا “ژن، ژیان، ئازادی” هەمان درووشمی ڕۆژئاوای کوردستانە؟
دەبێت بزانین کە درووشمەکان سەفەربەرن، خۆیان نابەستنەوە بە جۆغڕافییایەکی دیاریکراوەوە. کە ڕێگەی سەفەریان گرتەبەر، ڕاستە بە جەستە و فۆڕم هەمانن، بەڵام بە ڕۆح و مانا شتێکی تر، لەوێ ئامانجێکیان هەیە و لێرە ئامانجێکی تر، لەوێ دوژمنێکیان هەیە و لێرە دوژمنێکی تر. ئەم درووشمە کاتێک لە دوای کوشتنی “ژینا” گەیشتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕەنگ و سیمایەکی تازەی بەخۆوە گرت، مانا و دلالەتەکانی گۆڕدڕا و ئەویترەکانیشی گۆڕان. لەوێ ئەم درووشمە لە بەرانبەر فۆڕمی دەوڵەت-نەتەوە و کەلتووری پیاوسالاری ڕاوەستابوو، بەڵام لێرە هەروا کە شەهلا دەباغی بە دروستی ئاماژەی پێداوە، لە بەرانبەر کەلتووری پیاوسالاری و دەوڵەت-نەتەوەی سەردەست. لەوێ بە چەک کۆتایی بە خەلافەتی ئیسلامی دێنێت و، لێرە بە بەرد ئیستعمار(کۆلۆنیالیزم) ڕاو دەنێت. لەوێ حیزبێکی ڕێکخراو پشتیوانیەتی و، لێرە وزە لە خەڵکەوە وەردەگرێت و داینامۆکەی ناوخۆیییە. کەواتە پێچەوانەی ئیدعای گوڵاڵە کەمانگەر ئەم درووشمە هەمان درووشمی ڕۆژئاوای کوردستان نییە، ڕاستە لەوێ سەرچاوەی گرتووە، بەڵام لێرە بە شێوەیەکی دی ڕەگی داکوتاوە، سرووشت و ماناکانی کەوناوکەون بووە و ئەم بەستێنە خستوویە خزمەتی مانا و ئەرزشەکانی خۆیەوە. لە ڕۆژئاوا لە پێش هەموو شتێکدا کەلتووری پیاوسالاری دەکاتە نووکی نەیزەکەی خۆی، پەلاماری هەر جۆرە ڕێکخستنێکی هایرارکییانە و لە سەرەوە بۆ خوارەوە دەدات و بە شێوە ڕادیکاڵ هەوڵی گۆڕینی ژیانی پێش مودێرنی ژنان دەدات، تا ڕادەیەک لەوێ کۆمۆنی ژنانە و دێهاتی ژنان و سیستەمی ئابووریی کۆمۆناڵی ژنانە دادەمەزرێت، بەڵام لە ڕۆژهەڵات دەوڵەت-نەتەوەی سەردەست و پیاوسالاریی ڕەگ داکوتاوی کۆمەڵگای کوردی بە شێوەی هاوتەریب و هاوکات وەکوو سەرچاوەی چەوساندنەوە، ژنان دەکات بە سیبلێک بۆ تیرەکانی خۆی و، دوانەی شەڕ دژ بە دەسەڵات و شەڕ دژ بە عەقڵییەتی پیاوسالاری لە ناوخۆی هاوتەریب کردووەتەوە.
تا ئێرە باسەکە بەم شێوەیەیە، ئایدۆلۆژیای پشتی ئەم درووشمە لە باکووری کوردستانەوە سەرهەڵدەدات، دواتر بە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە بۆشاییی ژێئۆپۆلێتیک لە ئاکامی ململانێی هێزە نێودەوڵەتییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەم درووشمە لە شەڕی دژ بە داعشدا بە میانجیی حیزبێکی کوردی لەدایک دەبێت و، لە دوای کوشتنی ژینا لە تاران، لە گۆڕستانی ئایچیی سەقزەوە سەر دەردێنێت و، دەبێت بە درووشمی بزووتنەوەی ژینا. هاتنی ئەم درووشمە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشاندەری پەیوەست بوون و کارتێکەریی چەندلایەنەی خەباتی کوردە لە هەموو بەشەکانی کوردستان. هەر بەرەوپێشچوونێک لە بەشێکی کوردستان کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر پارچەکانی دی، بەڵام بە هۆی جیاوازبوونی بەستێنی سیاسی-کۆمەڵایەتی و هەروەها جیاوازیی قۆناغەکانی خەبات، ئایدیاکان و درووشمەکان لە ئەگەری گواستنەوەیان بۆ پارچەیەکی دی دەگۆڕێن و مانا و دەلالەتەکانی پێشووی خۆیان لەدەست دەدەن.
ئایا “ژن، ژیان، ئازادی” درێژەی خەباتی سەد ساڵەی ژنانە لە ڕۆژهەڵات؟
خەباتی ژنان بەر لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا لە ڕۆژهەڵات لە دوو فۆڕمی کلاسیک و نوێدا هەبوو. یەکەمیان، لە فۆڕمی حزبیدا و دووهەمیان، لە چوارچێوەی کۆمەڵگای مەدەنی کە ئەمەی دوایییان مێژوویەکی تازەی هەیە. هەردووکیان لە فۆڕم و ناوەرۆکدا لە خەباتی ژنان و لە بزووتنەوەی ژینا و لەژێر سێبەری درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی”دا جیاواز بوون. ئەم فۆڕمە لە خەباتی ژنان دابڕانە لە پێشووی خۆی، نەک درێژەدەری. بۆ سەلماندنی ئەم ئارگیۆمێنتە سەرەتا چەمکی پرسی ژن، ئەرک و مەوقیفی لەنێو گوتاری ناسیۆنالیستیدا، دواتر چۆنیەتیی بەشداریی ژنان لە سیاسەتی کوردی و، لە کۆتاییدا گوتاری بزووتنەوەی فێمێنیستی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخەینە بەرباس.
گوتاری ناسیۆنالیزم لە مێژووی خەباتی ناسیۆنالیستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی ناسیۆنالیزمێکی پریمۆردیالیستی و کەلتووریدا بووە. بەهۆی زاڵ بوونی گوتاری ناسیۆنالیزمی پریمۆردیاڵ(دێرینەخواز) و کەلتووری بەسەر خەباتی ناسیۆنالیستیدا ژنان لە چوارچێوەی ئەم گوتارەدا وەکوو یوڤال دەیویس(Yuval Davis) باسی دەکات، سێ ڕۆڵی سەرەکییان گێڕاوە و بەشداریی کاریگەریان بووە، بەڵام بەردەوام ئەم بەشدارییە لە ئاستی مەعریفیدا پشتگوێ خراوە، یانی گوتاری ناسیۆنالیستیی ڕۆڵە نوێیەکانی ژنان کە بەرهەمی هاتنی مودێرنیتە بووە، وەکوو ئەرکێکی لەمێژینە و سرووشتی بینیویەتی تا بەرهەمی گۆڕانەکانی سەردەمی مودێرن لە جێگە و پێگەی ژناندا. یەکەم، ڕۆڵی ژنان لە بەرهەم هێنانەوەی بایۆلۆژیکی نەتەوە، دووهەم، ڕۆڵی ژنان لە بەرهەم هێنانەوەی کەلتووری و سەمبۆلیکی نەتەوە و سێهەم، بەشداریی ژنان لە ساحەی سیاسی، ئابووری، نیزامی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگادا. هەر کام لەم ڕۆڵانە نزیکن لە ڕوانگەیەکی ناسیۆنالیستییەوە، بۆ نموونە ڕۆڵی ژنان لە بەرهەم هێنانەوەی بایۆلۆژیکی نەتەوەدا زیاتر لە ڕوانگەیەکی پریمۆردیاڵیستی نزیکە بە نیسبەتی ناسیۆنالیزمەوە. لەم ڕوانگەیەدا هاوپەیوەندی لەنێوان ڕۆڵی سرووشتیی ژنان لە منداڵبوون و چێکردنی نەتەوەدا هەیە. زاوزێ وەکوو ئامرازێکی گرینگ دەبینرێت بۆ چێکردن و بەهێزکردنی نەتەوە، هەڵبەت نەک هەر منداڵێک، بۆیە خوێنی پاک ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە ئەندامبوون لە نەتەوەدا. “دیدە گیان کچی کوردی ژیکەڵە، داوێنی پاکت دوور بێ لە پەڵە” (هێمن). لە ناسیۆنالیزمی کەلتووریدا بە هۆی ئەوەی کەلتوور جێگەی نەژاد دەگرێتەوە بۆ ئەندامبوون لە نەتەوەدا، ژنان وەکوو بەرهەم هێنەرەوەی کەلتووری و سەمبۆلیکی نەتەوە ڕۆڵ دەگێڕن. ژنان لە گێڕانەوەی ڕەوایەتەکان و سازکردنی شوناسی نەتەوەیی و کەلتووریدا ڕۆڵی کارا دەگێڕن. ژنان پاسەوانانی سنوورە کەلتوورییەکان و سەمبۆلیکەکانن، ئەرکی گواستنەوە و زیندوو هێشتنەوەی کەلتوور و سەمبول و ئەفسانە هاوبەشەکانی نەتەوە لەسەر شانی ئەوانە. “هەی لایە لایە ڕۆڵە لای لایە لە کزیی کوردان دەنگم دەرنایە” (قانع). هەروەها ژنان لەم ڕوانگەیەدا هەڵگرانی شەرەف و کەرامەتی نەتەوەیەکن، بۆیە لێرەدا ژن نوێنەری شەرەف و نامووسی نەتەوەیەکە و نابێت لەکەدار بێت، ئەگەر ئەمە ڕووی دا، زۆرجار ئەو ژنانە بە توندترین شێوە سزا دەدرێن. کوژرانی ژنانی کورد لە تاراوگە لە لایەن باوک و کەسوکاریانەوە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا نموونەیەکە لەم شێوە ڕوانینە. لە ناسیۆنالیزمی مەدەنیدایە کە ژنان لەپێناو ڕۆڵە کلاسیکەکانی خۆیان لە ساحەی سیاسی، ئابووری، نیزامی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگادا بەشدار دەبن. ژنان تەنیا لەم ڕوانگەیەدایە کە بەشداریی چالاکیان هەیە، بەڵام دەبێت بزانین کە هێشتاکە بەتەواوی دەستیان بە مافە مەدەنی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان ڕانەگەیشتووە. “تا ئێستا ڕووی نەداوە لە تاریخی میللەتا قەڵغانی گوللە سینگی کچان بێ لە هەڵمەتا” (پیرەمێرد). بە هۆی زاڵبوونی گوتاری ناسیۆنالیستیی پریمۆردیال و کەلتووری بەسەر ناسیۆنالیزمی کوردیدا، ژنان لە سەردەمی مودێرندا لە بەرهەم هێنانەوەی نەتەوەدا زیاتر ڕۆڵیان لە بەرهەم هێنانەوەی بایۆلۆژیکی، کەلتووری و سەمبۆلیکی نەتەوەدا گێڕاوە و، کەمتر ڕۆڵی کاریگەریان لە بەشداربوون لە ساحەی سیاسی، ئابووری، نیزامی و کۆمەڵایەتیدا گێڕاوە. پێویستە بزانین ئەم ڕۆڵانەی ژنان دەیگێڕن نیشاندەری پلە و پایە و مەوقیفی ڕاستەقینەی ژنان لە کۆمەڵگای کوردیدا نییە، جەستەی ژنانی لە جەستەیەکی بایۆلۆژیکییەوە کردووە بە جەستەیەکی ئایدۆلۆژیک.
بەشداریی ژنان و پرسی ژن لە خەباتی کوردیدا و لە چوارچێوەی هێزە سیاسییەکانی کورددا خۆی لە سێ فۆڕمدا دەبینێتەوە. یەکەم، کێشە و پرسی ژن بە تێبینییەکی ناوەخت زانراوە و چارەسەرکردنی پەیوەست کراوە بە چارەسەرکردنی کێشەی سیاسیی کوردەوە. دووهەم، بە شێوەی ویترینی کەڵکیان لێ وەرگیراوە، یانی یەک یان دوو ژنیان هێناوە و لە مەکتەب سیاسی یان کومیتەی ناوەندی دایان ناوە. سێهەم، پرسی ژن بە شێوەی ئایدۆلۆژیک لە چوارچێوەی گوتارێکی دیاریکراودا جومگەبەندی کراوە. بۆ نموونە ژنۆلۆژی یەک لەو گوتارە ئایدۆلۆژیکییانەیە کە بە شێوەی ناواقیعی چارەسەریی پرسی ژن دەبەستێتەوە بە کۆتایی هاتنی سیستەمی سەرمایەداری. بە گشتی بەشداریی ژنان لە خەباتی سیاسیدا هیچکات بە شێوەیەکی ژنانە و کوردانە نەبووە، بەڵکوو شوناس و مافەکانیان لەپێناو ئامانجە سیاسییەکاندا کراوە بە قوربانی و، حیزبایەتی و گوتاری حیزبی زاڵ بووە بەسەر ژن و پرسی ژندا، بۆ نموونە پێشمەرگە کاراکتێرێکی پیاوانەی بووە و ئێمە پێشمەرگەی ژنمان بووە، نەک ژنە پێشمەرگە.
خەباتی فێمێنیستیی ژنان لەم دوایییانەدا لە ساحەی کۆمەڵگای مەدەنی و لەم فۆڕمە نوێیەی خۆی بە هەمان شێوە جیاوازە لەگەڵ خەباتی ژنان لە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا. بۆ نموونە فێمێنیستە کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی سەرەوەی هێرەم بە گوتاری زۆرینە سەر بە فێمێنیستی ڕادیکاڵن و، لە خوارەوەی هێرەمەکە و لە قاعیدەدا زۆرینەیان فێمێنیستی لیبڕاڵن. ڕادیکاڵەکان لەژێر کاریگەریی ئەم درووشمەی هانا ئارنێتدان “بە هەر ناوێک دەچەوسێیەوە، بە هەمان ناوەوە بەرگری لە خۆت بکە”. کەواتە چون بە ناوی ژن بوونەوە دەچەوسێمەوە، بە ناوی ژنەوە بەرگری لە خۆم دەکەم. ئەم درووشمە ڕێنوێنیی خەباتی فێمێنیستە ڕادیکاڵەکانی کورد دەکات کە ئەوان دادەبڕێت لە بەستێنی کوردستان و بێبەرییان دەکات لە پشتیوانیی پیاوانی ئازادیخوازی کورد. لیبڕاڵەکانیش لەژێر کاریگەریی گوتاری فێمێنیستی سەردەستدان و، نەیانتوانیوە بە شوناسی جیاوازی خۆیانەوە دەرکەون و خواست و ویست و ئامانجەکانیان هەمان خواست و ویستی ژنێکی فارسی، ناوەندنشینی، چینی مامناوەندی، شاری، فارسیزمان بووە. فێمێنیزمی کوردی بە هۆی ئەوەی بنەمایەکی مەعریفی بەرهەم نەهێناوە، بەردەوام خۆی لە سیاسەتی کوردی بەدوور گرتووە و مافی ژنی کوردی لە کوردبوون و سیاسی بوون داماڵیوە و، کردوویەتی بە بەشێک لە جەستەی گوتاری فێمێنیستی سەردەستەوە. لە دۆخێکی وەهادایە سووژەی نائاگای فێمێنیستی کورد دەبێت بە سووژەی نائاگای ئاپاڕاتووسی داگیرکەر. هەڵبەت دەبێ ئاماژە بەوە بدەین کە چەند ساڵێکە دەنگێکی جیاوازیش لەنێو فێمێنیستی کوردی دەبیستین کە چەندفاقی بوونی شوناسی خۆیان ناسیوە و چەندلایەنە بوونی ستەمەکانی سەر شانیان دەرک پێکردووە و زۆر جار هەوڵیان داوە خۆیان لە باری گوتارییەوە داببڕن لە گوتاری فێمێنیستیی سەردەست و ستەمی نەتەوەیی و ستەمی جنسییەتی، هاوکات دەبینن، ئەمە هەر چەند سەرەتایەکی دڵخۆشکەرە، بەڵام زۆر کز و لاوازە.
ئەوەی لێرەدا باس کرا، دەریخست بزووتنەوەی ژنان لە هەموو فۆڕمەکانی خۆیدا لە ڕۆژهەڵات هەم لە ئاستی گوتاریدا، لە ئاستی بەشداریی خەباتی سیاسی و، هەمیش لە سێبەری جووڵانەوەی نوێی فێمێنیستی لەم بەشەی کوردستاندا دابڕانێکی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت لە خەباتی ژنان لە بزووتنەوەی ژینادا. ئێمە بە هیچ پێوەرێک ناتوانین “ژن، ژیان، ئازادی” لە درێژەی خەباتی سەد ساڵەی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببینین، هەروەها ناتوانین بە شێوەیەکی سەلەفییانە هاوجووتی بکەینەوە لەگەڵ خەباتی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان. لێرەدا سەنتێزێک دەبینین لەنێوان دوو فۆڕمی جیاواز لە خەباتی ژنان لە دوو پارچەی کوردستان کە هەم فێمێنیزمی کوردی، هەم خەباتی سیاسیی ژنی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵتەکاندووە و لە سەیر و ڕەوتێکی مێژووییدا ژنانی کوردی لەم بەشەی کوردستان خستووەتە سەر ڕێڕەوە ڕاستەقینەکەی خۆی. لە بزووتنەوەی ژینادا ژنان وەکوو پێشەنگی ئەم شۆڕشە بە پشتیوانیی پیاوانی ئازادیخواز هاوکات خەریکی بنبڕکردنی کەلتووری سەقەتی پیاوسالاری و بەرەنگاریی سەردەستدان، ستەمی جنسییەتی و ستەمی نەتەوەیی لەم بزووتنەوەیەدا بە شێوەی هاوکات، هاونرخ و بێ جیاوازی جومگەبەندی کراوە. ئەمە ڕووداوێکی گەورەی پیرۆزە لە مێژووی جووڵانەوەی ژنانی کوردستان، بۆیە دەبێ دەرکی بکەین و کەیلی وەدیهێنانی ئامانجەکانی بین. پێویستە بزانین ئەم ڕووداوە لە باری گوتارییەوە دابڕانە لە گوتاری ناسیۆنالیزمی کەلتووری و پریمۆردیاڵی کوردی، دابڕانە لەو فۆڕمە سەقەتەی بەشداریی ژنی کورد لە خەباتی سیاسیدا و بە هەمان شێوەش خۆی جیا دەکاتەوە لە جووڵانەوەی تەقلیدیی فێمێنیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵات کە لەناو هەژارییەکی مەعریفیی قووڵدا دەژیت.